بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە هاوکات لەگەڵ شەشەمی فێبریوێری لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە (شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان) لە ئێران بلاو بۆتەوە ، ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنان له وڵاتی ئێران “ڕووی له دابەزینه”.
به گوێرەی ئەم ڕاپۆرته هۆگرنەبوونی نەوەی نوێ به خەتەنەکردنی ژنان، کۆچکردن بەرەو شارەکان، خوێندەواری، ژیانی مۆدێڕن و تێپەڕینی زەمەن له هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنانه. بەڵام سەرباری ئەمەش ئەم نەریته هەتا هەنووکه له ئێراندا بوونی هەیه.
به وتەی کامیل ئەحمەدی مرۆڤناس و بەرپرسی ئامادەکردنی ڕاپۆڕتەکە، ئەم توێژینەوه نزیکەی دەیەیەکی کاتی خایاندووه و سێ هەزار کەسی تاوتوێ کردووه.
لەم لێکۆڵینەوەدا گێڕانەوەی ژنێکی خەڵکی هەورامان تەختی مەریوان هاتووه کە وتوویەتی: “لێرە ژنێک هەبوو که له تەمەنی 20 ساڵاندا هاوسەرگیری کرد و کاتێک زانیان که خەتەنە نەکراوه، به زۆر خەتەنەیان کرد. خەڵک دەیانوت کچێکی بێئابڕوو و ناپاکه، چونکه خەتەنە نەکراوە. هەفتەیەک له جێگادا خەواندیان هەتا برینەکەی خۆش بووەوە.”
کردەوەی خەتەنە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر تەندروستیی ژنان هەیه و له هەندێ حاڵەتدا به هۆی خوێنبەربوون و هەوکردنی زۆرەوه بۆته هۆی مەرگی کەسەکه.
لە بەشێکی ئەم ڕاپۆڕتەدا هاتووه: “هەر سێ پارێزگای ڕۆژاوای ئێران لەم بوارەدا پێشکەوتنی باشیان به خۆوه بینیوه بەڵام له هەندێ دەڤەری هەورامان (نێوان سنووری پارێزگای کوردستان و پارێزگای کرماشان) و هەروەها هەندێ له دێهاتەکانی کامیاران، ڕەوانسەر و پاوه له پارێزگای کرماشان ئاماده نین واز لەم نەریته بێنن.”
له درێژەی ئەم لێکۆڵینەوەدا وێڕای ئاماژه بەوەی که پەروەرده گرینگترین ڕێکاری بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنانه، هاتووه: “له هەندێ لەم ناوچانەدا کچان له تەمەنی 3 بۆ 6 ساڵان به تیغی ڕیشتاشین یان چەقۆ خەتەنە دەکرێن و پاشان سەر ئەندامی زاوزێیان کە بریندارە خۆڵەمێشی گوێی تەندوور یان ئاوی ساردی پێدا دەکەن (له ئێستادا مادەی دژەهەوکردنی وەکوو بیتادین و کەرەسەی تەندروستیی وەکوو گاز ستریل و شتی لەم چەشنه به کار دەهێنن.)”.
به گوێرەی ئەم ڕاپۆڕته خەتەنەکردنی ژنان زیاتر له لایەن “کەمینەی سوننە مەزهەب له هەندێ له گوندەکانی پارێزگانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا،کوردستان، کرماشان و هورمزگان” ئەنجام دەدرێت.
ئەم لێکۆڵینەوه پیشان دەدا که خەتەنەکردنی کچان له ئێران بەتایبەت له ناو ئەهلی سوننەی شافێعیدا پێیشنەیەکی دوور و درێژی هەیه.
ژنێک له گوندی گۆری له پارێزگای هورمزگان به ئامادەکارانی ئەم ڕاپۆڕتەی وت: ئەگەر ئێمه بمانزانیبا خەتەنەکردنی کچەکانمان زیانی هەیه، بێگومان نەماندەکرد. ئەوان به ئێمەیان وت ئەم کاره مەکەن، بەڵام نەیانوت بۆچی. هیچ کەس لەمەڕ زیان و زەرەرەکانی خەتەنە ئێمەی ئاگادار نەکردەوه، ئێستا به حاڵ دەیڕووشێنین. له ڕابردوودا زۆریان دەبڕی بەڵام ئێستا ئێمه تەنیا به حاڵ تیغێکی لێ دەدەین.”
له بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژه بەوەی که دەوڵەتی ئێران هەتا ئێستا بەرامبەر بەم بابەتە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووه، هاتووه: “پێدەچێ دەوڵەت پێی وا بێ ئەمە پرسێکی تایبەت به ئەهلی سوننەیه و هەر لەبەر ئەوەش دەوڵەتی ناوەندی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە پرسی خەتەنەی ژنان هیچ هەوڵێکی فەرمی و نافەرمی نادا و ڕەنگه لەوەش نیگەران بێ که ئەگەر دەستوەردان لەم بابەتەدا بکا ئەوا ئەو کەمە متمانەی که له نێوان ئەو و ئەهلی سوننەدا هەیه، ئەوەش نامێنێت.”
ژنێکی گەنجی کرماشانی که لەم لێکۆڵینەوەدا بەشداری نواند وتی: “من خۆم خەتەنە کراوم، بەڵام ڕێگه نادەم کچەکانم خەتەنە بکرێن. پێشتر خاتوونێک بۆ خەتەنەکردنی کچان دەهاته ئێره، بەڵام ئێستا مردووه و تەنیا بۆ ڕێزگرتن لەم نەریته تەنیا تیغێک له ژێر تەنوورەی کچان دەدەن (نایبڕن) و دەڵێن: خەتەنە کرا. ”
سەرچاوه: ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک: ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان له وڵاتی ئێران ڕووی له دابەزینه.