هاوژینی له کوردستان

هاوژینی له کوردستان

هاوسەرگیریی تۆمارکراو کۆنترین جۆری هاوسەرگیرییە کە لە نێوان ژنێک و پیاوێک بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکان و دابینکردنی خواستە ئابووری و سۆزدارییەکان ئەنجام دراوە و هەتا هەنووکەش بەردەوامە. ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە دواتر لایەنی سیاسی و ئایینی و ئابووری و … بە خۆوە گرت واتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای شارستانییەت، هاوسەرگیری میکانیزمێکی ڕێکخراو بووە کە تەنانەت ئامرازی دامرکاندنی شەڕ و ناکۆکی بوو و ڕێگری لە کارەسات گرتووە و هەندێ جاریش لە سازدانی ئاشتی و تەبایی نێوان چەند دەسەڵاتدار و چەند وڵاتدا دەوری سەرەکی بووە.

بەڵام لە سایەی جیهانی دیجیتاڵیدا پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان مانایەکی تەواو جیاوازی گرتە خۆی کە هاوسەرگیریش کەوتە بەر شاڵاوی ئەم گۆڕانکارییە بەرفراوانە. بە جۆرێک کە لە ساڵانی شەستەکانی زایینیدا شۆڕشێکی سێکسی ڕووی دا.

ئەم شۆڕشە سێکسییە له وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕووی دا و بە هۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و لێکەوته ئابورییەکانی تەڵاق، ژیانی هاوماڵی بە بێ‌هاوسەرگیریی فەرمی دروست بوو، ژیانێک کە دواتر ناوی نرا هاوسەرگیریی سپی.

“هاوژینی ” چییە؟

دەستەواژەی “هاوسەرگیریی سپی” چەند ساڵ لەمەوبەر بۆ وەسفکردنی پەیوەندیی ژن و پیاوێک کە لە ژێر یەک سەقفدا پێکەوە دەژین، هاتە ناو ئەدەبیاتی هاوسەرگیرییەوە. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەمریکا زیاتر لە هەزار هاوسەر ژیانی هاوماڵییان هەڵبژارد و ئەم ژمارەش لە ساڵی ٢٠١٠دا گەیشتە حەوت ملیۆن کەسی هاوماڵ.

شەپۆلی هاوسەرگیریی سپی وردە وردە بەرەو کیشوەری ئاسیا بڵاو بووەوە، هەرچەندە لە ئاسیا سەرەتا بۆچوونی دژبەر لە ئارادا بوو، بەڵام ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە ئێستا 20 لە سەدی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاوی پێک هێناوە.

لەم ساڵانەی دواییدا دامەزراوەی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگایەکی نەریتخوازی وەکوو کوردستانیش گۆڕانکارییەکی خێرای لە پێناسە و نۆرم و کارداکاندا بە خۆوە بینی. قبووڵکردنی بەهاکانی مۆدێرنیتە سەبارەت بە هاوسەرگیری، بووە هۆی ململانێی دژ بە بەها نەریتییەکان. ئەم ململانێ و چالنجانە ڕەنگە قورس و دژوار بێ چونکە لە کوردستانی هاوچەرخدا هێشتا پەیوەندییە سێکسییەکان لە ژێر کاریگەریی عەقیدەی ئایینی و ئامۆژەکانیەتی. ئایین یەکێک لەو چەمکە هەرە سەرەکییانەیە کە ساڵانێکی زۆر کاریگەری لە سەر تێڕوانینی پەیوەندییە سێکسییەکان داناوە. لە ئایینە ئیبراهیمییەکانی وەکوو ئیسلام، مەسیحییەت و جەهوودییەت لە خۆرهەڵاتی ناڤین ژیانی هاوبەش بە بێ هاوسەرگیری گوناحه.

پێشکەوتن وای کردووە کە مۆدێرنیتە و نەریت تووشی بەریەککەوتن ببن کەواتە هەر وا بە ئاسانی نەریتە سادە و کۆنەکان بە تەواوەتی فڕێ نادرێن. لە کوردستاندا جگە لە ئایین، نەریتیش باڵادەستە. دیاردەی “هاوسەرگیریی سپی” فۆرمی نوێی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوە کە لەم دواییانەدا لە ناو گەنجانی کوردستاندا برەوی پەیدا کردووە. بەڵام ئەم دیارده له کورستاندا بابەتێکی تازەیه و تەمەنی ئەم دیارده نزیکەی ده ساڵه. به گشتی له فەرهەنگی نەریتی و ئایینیی کوردستاندا وەک دیاردەیەکی هاوردەیی و نەشیاو سەیری هاوماڵی دەکرێت. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان له باشووری کوردستان به هۆی هەستیارییه ئایینی و فەرهەنگییەکانەوە هەتا ئەوڕۆ به وردی ئەم دیارده کۆمەڵایەتییەیان تاوتوێ نەکردووه.

کوردستان وڵاتێکە کە لە نێوان چوار دەوڵەتی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا دابەش کراوە. هەر بۆیە هۆکاری دەرکەوتن و بیچمگرتنی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی (هاوماڵی) لە پارچەیەکەوە بۆ پارچەیەکی دیکە جیاوازە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە سنووری ئێران. هەندێک له گەنجانی کوردستان خوێندنیان هەڵبژارد و بە نیازی درێژەدان بە خوێندن چوون بۆ کەڵەشارەکانی دیکە بەڵام لە پاش دەرچوون لە خوێندن بە هۆی ئەوەی کوردستان بۆ ئەو بواری خوێندنەی ئەوان هەلی کاری تێدا نەبوو یان هەر هەلی کاری ئەوتۆی تێدا نەبوو هەندێکیان لە کەڵەشارەکاندا مانەوە و بە هۆی تێپەڕینی زەمەن و بە هۆی ئەوەی نەوەیەکی خوێندەوار و وشیار بوون و نەریت و ئایین و فەرهەنگ لە ژیانی ئەواندا کاریگەری و ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوو و لە چاوی کەس و کاریان دوور بوون کەوتنە بەر ئەم شەپۆڵی گۆڕانکارییە جیهانییە و بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان هاوماڵیان هەڵبژارد، ئێستاش لە شاری سنە و کرماشان زیاتریان ڕێژەی هاوماڵی لە ناو جەوانان و گەنجاندا دەبینرێت.

هەرێمی کوردستان کە بەهەشتی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ناوچەکانی دەوروبەریەتی لە هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو (بەتایبەت لە سێ پارچەکەی دیکە) بە نیازی کارکردن ڕووی تێدەکەن کەواتە هاوماڵی لە ناو کرێکارەکان بەتایبەت لە هەر دوو شاری سلێمانی و هەولێر بەدی دەکرێ و هەروەها ئەو نەوەی کە لە ئەوڕووپا لەدایک بووە یان گەورە بووە و گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان ڕوانگەیەکی مۆدێڕنتریان بۆ بابەتەکە هەیە و بە هۆی هاتوچۆیان لە نێوان هەرێم و ئەوڕووپا لەوانەیە هەندێکیان ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە هەڵبژێرن.

کوردستانی باکوور بە هۆی نزیکایەتییان لە ئەوڕووپاوە و بەئەزموونکردنی مۆدێڕنیتە و ئەو شەڕە ناوخۆییانەی کە لە دەیەی نەوەدەکاندا لە نێوان کورد و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا هەڵگیرسا و ئەو ڕاگواستنە زۆرەملێیەی کە بە سەر کوردستانی باکووردا سەپا و هەروەها بە نیازی پەیداکردنی کار کۆمەڵێکیان چوونە ئەورووپا و کۆمەڵێکیان چوونە شارە گەورەترەکانی وەکوو ئەستەنبووڵ و ئەنقەرە و هەندێکیان چوونە هەرێمی کوردستان کە ئەمە دیاردەی هاوماڵی یان هاوسەرگیریی سپی لە باکووری کوردستانی لێ کەوتەوە بەتایبەت لە گەورە شارەکانی وەکوو ئامەد، ئێزمیر و ئانتالیا و …

ڕۆژاوای کوردستانیش لە ژێر کاریگەریی فەزای مەحافزەکارانەی کۆمەڵگای عەرەبیدان و هەروەها هەندێکیان ناسنامەیان نییە کەواتە هەم بە هۆی فەزا و هەمیش نەخوێندەوارییەوە ئاستی بەرکەوتنیان لەگەڵ مۆدێڕنیتە و بەرهەمەکانی مۆدێڕنیتە کەمە بەڵام لەم چەند ساڵە دواییدا بە هۆی ئاوارەیی کە لە دوای شەڕی ناوخۆیی سوریا ساز بوو و دەستخستنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان گەنجان ڕەنگە ئەم جۆرە ژیانە بەئەزموون بکەن.

کەواتە هەلومەرجی نالەباری ئابووری و مەندیی ئابووری و بێکاری له لایەک و دەرکەوتنی مۆدێڕنیته و گۆڕانی بەها – نۆڕم له لایەکی ترەوه وای کردووه که گەنجان ژیانی هاوماڵی یان هەمان هاوسەرگیریی سپی وەک ڕێکارێکی لۆژیکی بۆ دابینکردنی خواسته تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە قەڵەم بدەن چونکه بەرپرسایەتیی یاسایی و کۆمەڵایەتی و باری قورسی خەرجه ئابوورییەکانی هاوسەرگیرییان لە کۆڵ دەکاتەوە. دیاردەی هاوسەگیریی سپی زیاتر له ناو گەنجانی خوێندەوار و زانکۆییدا زیاتر باوه، کەسانێک که به هۆکاری وەکوو دۆزینەوەی هەلی کار و درێژەدان بە خوێندن بەرەو کەڵانشارەکان کۆچیان کردووه. گۆڕینی شێوازی ژیان و ڕوانگەی گەنجان بەرامبەر بە ژیان و هاوسەرگیری، مافی ئازادیی هەڵبژاردن و مافی جەسته، کێشه و ئاستەنگەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بۆ ژنان، تەنگژە ئابوورییەکان، نەبوونی پیشەی گونجاو و ئایین‌بێزی و هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری (کە دەبێته هۆی سەربەخۆیی تاکایەتی)، هزر و ئازادیی زێدەتر له هەڵبژاردنی جۆری ژیان و سەربەخۆیی ئابووری، نوێگەرێتی و دەست و پاگیربوونی هاوسەرگیرییه نەریتی و نیمچه نەریتییەکان بۆ هەندێ له گەنجان و هەروەها تێرکردنی ئارەزووه سێکسییەکان به شێوەی بەردەوام سەرەکیترین هۆکارەکانی دەرکەوتن هاوسەرگیریی سپی لە کوردستانە.

هاوسەرگیریی سپی که ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر لە لایەن نەوەی نوێوە ڕووی تێدەکرێ، له کوردستان به پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ژێر چاودێریی یاسادا نییه.

نەناسراوبوونی پەیوەندییە هاوماڵییەکان له سەر ئاستی کۆمەڵگا و هەروەها له سەر ئاستی کارناسی و کەمتەرخەمیی سیاسەتمەداران و نەبوونی بنەمای یاسایی و شیاو، دەبێته هۆی گەشەکردنی کارگئاسایانه و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیادی ئەم چەشنه پەیوەندییانه و جیا له سوودەکانی بۆ چینێکی تایبەت له گەنجان یان ئەوانەی وا باوەڕیان به یەکسانیی ڕەگەزێتییه، لەوانەیه بۆ هەندێ کەس زیانی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی هەبێ که ئەمەش زیاتر ژنان دەگرێتەوه.

لە کوردستاندا وەکوو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات ناڤین زەرەرمەندی سەرەکیی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە منداڵانن؛ چوونکه ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه له هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێ و پاش له دایکبوونیان چارەنووسیان نادیاره و له هەندێ مافی کۆمەڵایەتی وەکوو خوێندن و بوونی ناسنامه بێبەشن و یان تووشی کێشه دەبن و له ئەگەری دیارنەبوونی دایک و باوکیان له دایک و باوکی سروشتیی خۆیان میراتیان ناکەوێت.

هاوماڵی بەرهەمی ژیانی مۆدێڕنە و بمانهەوێ و نەمانهەوێ داوێنگیری کۆمەڵگا بووە و دەبێ زانایانی ئایینی لە چەقبەستوویی ئایینی و کۆمەڵگاش لە چەقبەستوویی نەریتی و فەرهەنگی بێتە دەرەوە و ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە بە فەرمی بناسن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *