هۆکار و زەمینەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە ناو بنەماڵه

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-05 065247.png

 دانلود PDF

کامیل ئەحمەدی[1]

توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازی توێژینەوە و ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا

پوختە

بە پێی تیۆریی پێکهاتەخوازی لە بواری خەڵک‌ناسیدا، سیستەمی کۆمەڵایەتیی خێزان تەکووزییەکی ناوەکی هەیە کە بناغەکەی لە سەر بنەمای یاسای سێکسیی “زینانە‌کردن لەگەڵ مەحارم” دامەزراوە، بەڵام لە پرۆسەی گووران و گۆڕانکاریدا ئەم تەکوزییە فەرهەنگییە دەبێ بە دژبەری خۆی، و لە هەندێ حاڵەتدا، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نامووس و مەحارم دەبێتە هۆی سەرکوت‌کردنی تونداژۆیانەی تاکایەتی، تاراندن و گۆشەگیری، ئازاردان و دەستدرێژیی سێکسی، قەتڵی نامووسی و هتد. لە وڵاتی ئێراندا بە هۆکاری وەکوو تابۆ و بڤەبوونی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن کەسانی مەحرەم و ئەو ناوناتۆرە کۆمەڵایەتییەی کە بە دوایدا دێ و ترس لە سزادان و تاراندنی کەسی قوربانی، تۆمارنە‌کران و ڕانەگەیاندنی توندوتیژیی سێکسی لە دژی منداڵان هیچ ئامار و بەڵگەیەکی متمانەپێکراومان لە بەردەستدا نییە، بەڵام هەندێک لە توێژینەوەکان بوونی ئەم دیاردە لە ناو کۆمەڵگادا پیشان دەدەن. ئەم لێکدانەوە بە مەبەستی گەڕان بە دوای هۆکار و زەمینەکانی ڕوودانی دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر منداڵان لە لایەن مەحرەمەکانیان بە شێوازی داتابنیات (GT) لە ڕێگەی تەکنیکی دیمانەی نیمچە پێکهاتوو لە جڤاکێکدا کە لە کەسانێک پێک هاتبوو کە لە سەردەمی منداڵیدا لە لایەن مەحرەمەکانیانەوە دەستدرێژیی سێکسییان بەئەزموون کردبوو و بە نموونەی قەبارەیەک کە ڕێژەکەی 452 کەس بوو، و شێوازی نمونەگیریی تۆپەڵەبەفری و ئامانجدار بە پرۆسەی کۆد‌ینگی شتراوس و کۆربین ئەنجام درا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن کەسانی مەحرەمەوە لە کەشێکی لەباردا بەدی دێ و کەسانی دەستدرێژیکراو دەکا بە مژاری بەر دەستی ئازاردەران و دەستدرێژیکاران. بەشێک لە هۆکار و بوارە وەدەستهاتووەکانی مەیدانی لێکدانەوەی ئەم توێژینەوە لە سەر ئاستی فراوان، مامناوەند و کەمن کە بریتین لە: گەشەکردنی نایەکسان، هەژاری و بێبەشیی ئابووری، فەرهەنگی باڵادەستی پیاوسالاری، ناکارامەیی دامەزراوەکان لە بواری خستنە ڕووی ڕاهێنانە سێکسییەکان، پشتیوانی‌نە‌کردنی کۆمەڵگا و یاسا لە قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی، ناکۆکی و ناتەباییە شاراوەکانی ناو یاسا، نەبوونی دەستەبەریی بۆ جێبەجێ‌کردنی یاساکان، خێزانی شێواو و ڕێکارە پەروەردەییە ناکارامەکانیان بەشێک لە تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانی قوربانییەکان و دەستدرێژیکارانی سێکسین کە هەر یەکەیان ژێرکۆمای لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییان هەیە بۆ نموونە: لێکەوتەی پێکهاتەیی و دامەزراوەیی وەکوو لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان، لێکەوتە تاکەکەسییەکانی وەکوو هاوسەرگیریی پێشوەختە و دواکەوتنی هاوسەرگیری، دەرکەوتنی گرژی و ناکۆکی لە پەیوەندیی نێوان تاکەکان و هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق، تێکچوونی کاردا و هەستی ناخۆش و ئەویتر‌بوون و …

وشەی کلیکییەکان: بەرسازەی زینا لەگەڵ مەحارم، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، پێکهاتەی قەیران‌زا، خانەوادەی چەوت‌کاردا، تابۆی ڕاهێنانی سێکسی لە ئێران.

  1. داڕشتنی بابەت

بە درێژایی مێژوو، خانەوادە وەک یەکێک لە دامەزراوە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکان، بە فۆرمە جۆراوجۆرەکانیەوە، بۆ ئەندامەکانی، بەتایبەت منداڵان، شوێنێکی ئارام بووه، بەڵام لە هەمان کاتدا، زۆر جار لە ناو بنەماڵەدا ڕووداوی ناخۆش بینراوە کە باوترینیان توندوتیژی لە دژی منداڵان بە شێوەی جۆراوجۆر بووە. یەکێک لە توندوتیژییە هەرەجەرگبڕەکان، توندوتیژیی سێکسییە. بەڵگەکانی پەیوەست بە توندوتیژیی خێزانی بە لایەنێکی بەربڵاوی توندوتیژییە سێکسییەکانەوە پیشان دەدا کە توندوتیژی لە دژی منداڵان لە سەر ئاستی جیهاندا دیاردەیەکی باوە. بە پێی ڕاپۆرتی یونیسێف[2]، ساڵانە نزیکەی ٢٥٧-١٣٣ ملیۆن منداڵ لە ناو خێزانەکانیاندا شاهیدی توندوتیژیی خێزانی بوون (دال[3]، 2008) لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا هاتووە کە ساڵی ڕابردوو (2015) زیاتر لە یەک ملیارد منداڵی تەمەن 1 بۆ 17 ساڵ توندوتیژیی جەستەیی، سۆزداری و سێکسییان بەئەزموون کردووە (هیلیس و دیتران[4]، 2016).

توندوتیژیی سێکسی لە دژی منداڵان لایەنێکی بەربڵاو لە کردەوەگەلی وەکوو لێک‌کەوتنی جەستەیی/فیزیکی وەکوو تێخزاندن (دەستدرێژی‌ یان سێکسی دەمی) یان کردەوەی ناتێخزاندنانەی وەکوو خۆڕەحەت‌کردن، ماچ‌کردن، ماڵین و دەستدان لە جەستەی منداڵ لە خۆ دەگرێت. هەروەها توندوتیژی لە دژی منداڵان چالاکیگەلی نالێککەوتنانەی وەکوو بەشداری‌پێکردنی منداڵ لە بەرهەمهێنان یان بینینی وێنەی سێکسی، تەماشاکردنی چالاکیی سێکسی، دنەدانی منداڵ بۆ ڕەفتاری نەشیاوی سێکسی و ڕازاندنەوەی منداڵان بۆ دەستدرێژی‌پێکردن (پرتال رویە آنلاین[5]) لە خۆ دەگرێت. ئەنجامی توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەگەری ئەوەی کە منداڵان لە ناو بنەماڵە و لە لایەن ئەندامانی خێزانەوە ببنە قوربانیی توندوتیژی دووقات زیاتر لە کەسانی نەناسیاوه. (هانتینگ[6]، 1978). بە پێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 13 لە سەدی ئەو کەسانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر لە هەڕەتی منداڵی و لە ناو ژینگەی خێزاندا بوون (استولتنبورگ و دیتران[7]، 2015).

دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی لە دەیەی 1980 زایینی سەرنجی هۆگرانی ئەم بوارەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بە هۆی پەرەسەندن و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی ئەم دیاردە، سەرنجی زۆرێک لە توێژەرانیشی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە (گراب و ترنر[8]، 2012). توندوتیژییە سێکسییەکان لە هەر کاتێکدا ڕوو بدەن بە هۆی ئەو زیانە توندەی کە بە قوربانییەکەی دەگەیەنن، لە توندوتیژییەکانی دیکە سەرنج‌ڕاکێشترن بەڵام کاتێک ئەم زیانە لە ناو خێزان و لە لایەن ئەو کەسانەوە ڕوو دەدا کە هاوخوێن و مەحرەمی کەسەکەن، زیانەکانی ئەم دەستدرێژییە سێکسییە دووقات دەبێتەوه. ئەم کردارە نەشیاو و نانۆرمە زۆر جار کپ دەکرێ و نادرکێنرێت. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر لەقاو بدرێ ئەوە بڕواپێکردن و سەلماندنی چەتوونە چونکە ویژدانی گشتیی کۆمەڵگا، خانەوادە بە ناوەندێکی گەرم دەزانێ کە لەم چەشنە زیانانە بێبەرییە (زارعی، 2016).

هەبوونی ئەزموونی ئازاربەخشی وەکوو دەستدرێژی و کەڵکاوەژۆیی سێکسی لە هەڕەتی منداڵیدا لێکەوتەی خراپی دەروونی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەن لە کەسەکەدا دروست دەکات (WHO، 2016)، وەکوو کێشەی یادگه، نەخۆشیی ڕەفتاریی وەکوو توندوتیژی بەرامبەر بە هاوبەشی سێکسی (دوب و دیتران[9]، 2005) و خەمۆکی (Chen et al, 2010). خاوەن‌ تیۆرییەکی ناسراو لەبارەی کەڵکاوەژۆیی سێکسی لە سەر منداڵان دەڵێ ئەوانەی کە لە تافی منداڵیدا دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەریان، ئەگەری ئەوەی کە لە داهاتوودا دەستدرێژیی سێکسی بکەنە سەر منداڵەکانی خۆیان، زیاترە (گلاسر و دیتران[10]، 2001). هەروەها چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە دەستدرێژیی سێکسی لە هەڕەتی منداڵی، فاکتەرێکی گرینگ بۆ سەپاندنی توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژیی سێکسی لە هەڕەتی مێرمنداڵی و گەورەساڵییە (بابچیشین و دیتران[11]، 2011).

لە ئێرانیشدا بە هۆکارگەلێکی وەکوو تابۆبوونی توندوتیژییە سێکسییەکان بەتایبەت لە ناو ژینگەی بنەماڵە، ناوناتۆرەی کۆمەڵایەتی، ترس لە سزای توند و تۆمار‌نەکران و ڕانەگەیاندنی توندوتیژیی سێکسی لە دژی منداڵان، هیچ بەڵگە و ئامارێکی ورد و دروستمان سەبارەت بەم دیاردە بەتایبەت لە ناو ژینگەی خێزاندا لە بەردەستدا نییە، بەڵام نەبوونی بەڵگە و ئاماری متمانەپێکراو بە مانای نەبوونی ئەم دیاردە لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا نییە. هەندێک لە بەڵگەی توێژینەوەکان بوونی ئەم دیاردە لە ناو کۆمەڵگادا پیشان دەدەن. بۆ نموونە “ئاماری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کەسانی مەحرەم لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە لەشفرۆشی شتێک لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٥ لەسەد بووە و لە توێژینەوەکانی پەیوەست بە کچە هەڵهاتووەکاندا، ئەم بابەتە لە نێوان ١٢ بۆ ٣٦ لەسەده” کە ڕێژەیەکی زۆره. (مالجو، 1389: 85). توێژەران پێیان وایە بە هۆی ترس و شەرمەوە زۆرێک لە کەسانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی، دەستدرێژییە سێکسییەکە نادرکێنن، کەواتە ئەو ئامارانەی کە لەم بارەوە خراونەتە ڕوو کەمتر لە ڕێژەی واقیعیی ئەم دیاردەیە (آسپلمایر و دیتران[12]، 2007). هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئامارێک سەبارەت بە کەیسەکانی زینا لەگەڵ مەحارم لە ئێراندا بڵاو نەبۆتەوه، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان (انجمن آسیبهای اجتماعی) لە دوایین لێدوانیدا لە سەر ئەم بابەتە ڕایگەیاند کە پێنج هەزار و ٢٠٠ دۆسیەی دادگا لە ئێراندا دروست بووە کە پەیوەست بە پەیوەندیی سێکسیی برا لەگەڵ خوشک و باوک لەگەڵ کچە کە هەڵبەت ئەم ئامارە جیا لە ئاماری دەستدرێژیی سێکسیی مەحارمەکانی دیکەی وەکوو خالۆ، مام، خەزووره، و زۆرێک لە دەستدرێژییە سێکسییەکان لە بنەڕەتدا ڕاناگەیێنرێن (باشگاە خبرنگاران جوان، 1395).

کۆمەڵگای ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا بە هۆی شێوازی ڕێکخستن و پرسەکان و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان بۆتە بەستێنی هەموو جۆرە کێشەیەک بە گشتی و دیاردە خەسارەتبەخشەکان بەتایبەتی. یەکێک لە پرسە هەرەگرینگەکان پرسی توندوتیژی دژی منداڵان و منداڵ‌‌ئازاری بەتایبەت دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵانە. سەبارەت بە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای ئێستای ئێران دەتوانین باسی بابەتگەلێکی وەکوو نایەکسانی و هەژاریی دووقات، ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ڕوانگەی فەرهەنگیی پیاوسالارانە و بوونی حکومەتێکی ئایدۆلۆژیک و ناکارامە بکەین. ئەو پرسانەی وا باس کران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا هۆکاری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی زۆر بوون. بۆ نموونە نایەکسانی بە بێبەش‌کردنی زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەم کۆمەڵگایە لە دەرفەت و سەرچاوەکان بە شێوازی جیاواز بووەتە هۆی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان. یان پەرەسەندنی خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو تەڵاق، پەراوێزنشینی و ئالوودەبوون یەکێک لەو بەستێنانەیە کە ئەگەری پەیوەندیی سێکسیی لە ناو خێزان و مەحارم و ئازاری سێکسی زیاتر دەکات. سەرەڕای ئەوەی تەڵاق خۆی لە خۆیدا خەسارەتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵام دەتوانێ لێکەوتەی زیانبەخشی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا بێنێ و خەسارەتی ئەم دیاردە زیاتر ئاوقانی منداڵانی تەڵاق و ژنان دەبێت. دروستبوونی خێزانی دیکە لە ئەنجامی تەڵاق و جیابوونەوە، واتە خێزانی ژن‌سەرپەرشت، تاک‌سەرپەرشت، ئەو خێزانانەی کە منداڵان لەگەڵ زەڕباوک یان زەڕدایک یان چاودێرەکانی دیکە دەژین دەتوانێ ژینگەیەکی جیدی بۆ زیان و ئازاردانی منداڵان دابین بکات. تێکەڵبوونی هەژاری و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەگەڵ ئەم خێزانانە دۆخەکەی دوو هێندە قەیراناوی کردووە.

بە هۆی هەژاریی ڕەها، نزیکەی یەک لە سەر چواری خانەوادە ئێرانییەکان لە ناوچە و گەڕەکە پەراوێزییەکاندا دەژین. ئەو ناوچانە یەکێک لە ناوەندەکانی کەڵەکەبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکانن بەڵام ئێمە باوەڕمان وا نییە کە کێشەکان پەیوەندی بە دانیشتوانیانەوە هەیە. بێبەشبوون لە زۆرێک لە ئیمکانیات و خزمەتگوزارییە شارییەکانی وەکوو قوتابخانە، سیستەمی فڕێدانی ئاوەڕۆ، خانووبەرەی نەشیاو، بوونی فەزای جۆراوجۆری بێ‌بەرگری، ناسەقامگیریی نیشتەجێبوون، چڕبوونەوەی هەژاری و هتد تایبەتمەندیی ئەم ناوچانەن. بە هۆی بیچم‌نەگرتن یان لاوازیی توانا ڕێکخستنییەکانی ئەم گەڕەکانه منداڵان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئازار و دەستدرێژییەک دەبنەوە. ئەگەر توخمی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان بەوانەی سەرەوە زیاد بکەین، بارودۆخەکە ئەوەندی دیکە ئاڵۆزتر دەبێت. تێکەڵبوونی هەژاری و ژیان لە ناوچە پەراوێزییەکان و گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستدرێژی‌کردنە سەر منداڵانه. ئێمە باوەڕمان وا نییە کە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان تەنیا لە ناو خانەوادە هەژارەکاندا ڕوو دەدا، بەڵام بەستێنەکانی دەستدرێژی‌کردن لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی دیکە دەتوانێ جیاواز بێ و ڕەنگە لە ناو چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگادا بە ڕێژەی جیاوازەوە ببینرێت.

لە کۆمەڵگایەکی وەکوو ئێران کە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ژنان لە پێگەیەکی نزمتردایە، ئەوان بەرەوڕووی هەموو جۆرە ناوەنیتکەی ئەخلاقیی نەرێنی دەبنەوە. وا دیارە کۆمەڵگا کەسی قوربانیی دەستدرێژی نەک وەک کەسێکی ئاسایی یان تەنانەت وەک قوربانییەک، بەڵکوو وەک لادەر و تاوانبارێک دەناسێ و بە ناونیتکەلێنانی دیسان زوڵمی لێ دەکاتەوە. تاراندنی کەسی قوربانی، قوربانی لە داپەڕ و ڕێوشوێنی پشتیوانیی خۆبەخشانە و چارەسەر‌ و هەروەها خزمەتگوزاریی پەروەراندنەوەی حکومی و ناحکومی بێبەش دەکات. ئەو ڕوانگەی کە قوربانیی سێکسی بە مرۆڤێکی چەوت و بێ‌ڕەوشت سەیر دەکا، ناهێڵێ داپەڕی هەمەلایەنەی مەدەنی بیچم بگرێ و مرۆڤ ناتوانێ چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی لە خزمەتگوزارییە پاڵپشتییەکانی حکومەت هەبێت (ایروانیان، ٢٠١٠). لە هەمان کاتدا حکومەتی ئێران بە هۆی سروشتی ئایدۆلۆژییەوە ئامادە نییە لە قوتابخانەکان و دام‌ودەزگا پەروەردەییەکانی دیکە ڕاهێنانی سێکسی پێشکەش بکات. ئەمەش پێچەوانەی ئەو شێوازەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا بوونی هەیە و لە لایەن بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانەوە دانیان پێدا نراوه. ڕاهێنانی سێکسی، وێڕای بەرز‌کردنەوەی ئاستی هۆشیاریی منداڵان سەبارەت بە بابەتی سێکس، فێری شێواز و تەکنیکەکانی پاراستنی خۆیان دەکات؛ بەڵام بە هۆی دەستڕانەگەیشتنی سیستماتیکانەی منداڵان بەو ڕاهێنانانە لە ئێران و لە ئەنجامدا دەست‌نەخستنی شارەزایی و ئاگاداری، منداڵان زیاتر تووشی دەستدرێژی و توندوتیژی دەبنەوە. لە لایەک زەمینە بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان بەتایبەت توندوتیژیی سێکسی گونجاوە و لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی پشتیوانیی کاریگەرانه، نەبوونی ڕاهێنانی سێکسی لە ناو قوتابخانەکان و ڕێکخراوەکانی دیکە و ئەو ناوناتۆرە کۆمەڵایەتییانەی کە بە هۆی ئەم دیاردەوە لە کۆمەڵگادا بەدی دێ، بە جۆرێک کە لە زۆر حاڵەتدا قوربانییەکان ناوێرن ڕایبگەیێنن، کە ئەمە زەروورەت و تاوتوێکردنی ئەم پرسە دووقات دەکاتەوه.

لە سەر ئاستی کەڵان، سیاسەتدانان و ئامادەکردن و دەر‌کردنی یاسا بۆ ڕێگری‌کردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە زۆر پێویستە. پێویستە سیاسەت و یاساکان لە سەر بنەمای توێژینەوە و زانست و مەعریفەی بەرهەمهاتووی ئەم بوارە بن بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەر بن.

بە پێی زۆربوونی ئەزموونی توندوتیژیی سێکسی لە ناو ژینگەی بنەماڵە و بە پێی ئەو لێکەوتانەی کە ئەم دیاردە بۆ سەر ئەو کەسانەی هەیە کە بەئەزموونیان کردووە بەتایبەت منداڵان، زەروورەتی تاوتوێکردنی ئەم پرسە تا دێ گرینگتر دەبێت. چەندین لێکۆڵینەوە لەمەڕ جۆرەکانی توندوتیژی و گروپەکانی بەرکەوتووی توندوتیژی ئەنجام دراوە، لێکۆڵینەوە لە سەر منداڵان بەتایبەت ئەو کچانەی کە ئەزموونی ڕاستەوخۆیان لەبارەی توندوتیژیی سێکسیی خێزانیدا هەبوو، دەتوانێ لە تێگەیشتن لەم دیاردە کاریگەر بێت. هەر بۆیە ئامانج لەم لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە پرسی توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان لە ناو ئەو ژینگەی کە هەمیشە تێدا دەژین واتە بنەماڵە تاوتوێ بکرێت. ئەم توندوتیژییانە کۆمەڵێک کردەوەی بەرفراوان وەکوو لێک‌کەوتنی جەستەیی، دەستدرێژی‌کردن و ناچار‌کردنی منداڵان بۆ تەماشاکردنی وێنەی سێکسی لە خۆ دەگرن. ناسینی ئەم دیاردە لە ڕووی هۆکارەکان و ئەزموونە ژیاوەکان و لێکەوتەکانیەوە، وا لە داڕێژەرانی سیاسەت و پسپۆڕانی ئەم بوارە دەکا کە سیاسەتێکی گونجاو بۆ ڕێگری‌کردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە بخەنە ڕوو و دەستێوەردانی باشتریان هەبێت.

توێژینەوەی لەم چەشنە لە پاڵ توێژینەوە ئەنجامدراوەکانی دیکە، خاڵی دەستپێک بۆ تێڕامان و ناسین و لە کۆتاییدا داڕشتنی سیاسەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئازاردانی سێکسییە. پێویستە حکومەتەکان گرنگییەکی جددی بەم بابەتە بدەن، چونکە دەستدرێژیی سێکسی، جگە لەوەی ڕێز، کەرامەت و متمانە بە خۆیی منداڵان، نەک تەنها لە تەمەنی منداڵیدا، بەڵکوو لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانیاندا پێشێل دەکا بەڵکوو زیانیان پێدەگەیەنێ و دەتوانێ بەردەوامیی ئەم پرۆسە بەهێز بکات. بۆیە پێویستە لە سەر بنەمای دۆزینەوە زانستییەکان و بۆچوونی پسپۆڕان و شارەزایان و تەنانەت کەسانی دەستدرێژیکراویش سیاسەتێکی دروست دابنرێ، ئەگینا شاهیدی پەرەسەندن و بەردەوامبوونی هەرچی زیاتری ئازاردانی سێکسی و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا سزادانی قوربانیان و کەسانی دەستدرێژیکراو دەبین. هەڵبەت ئەرکی ڕێگری‌کردن لە ئازاردانی سێکسی تەنها لە سەر شانی حکومەتەکان نییە، چونکە لە زۆر حاڵەتدا توانای پێویستیان لەم بوارەدا نییە. پێویستە بە ڕاهێنان و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا و ڕەخساندنی بەستێنێکی گونجاو بەتایبەت بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان، ئەوانیش بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم پرسە زیانبەخشە تێوە بگلێنین، چونکە بەشێکی زۆریان لە نزیکەوە تووشی ئەم دەستدرێژییانە و کەسانی دەستدێژیکراو و خێزانەکانیان و تەنانەت دەستدێژیکارەکانیش دەبنەوه. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەم وتارەدا کە خۆی لە دوو بەشدا دەبینێتەوه، بڕیارمان دا کە لە بەشی یەکەمدا بەدواداچوون بۆ هۆکار و زەمینەکانی توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر بە منداڵانی ناو خێزان بکەین و لە بەشی دووهەمدا هەوڵ بدەین کە لێکەوتە پێکهاتەیی و دامەزراوەیی و تاکەکەسییەکان لە سەر ئاستی بەرفراوان، مامناوەند و بچووکدا بخەینە ڕوو. بۆیە بۆ بەدیهێنانی ئەم بابەتە، ئەم پرسیارەی خوارەوە بە کەڵک‌وەرگرتن لە شێوازی چۆنایەتی و توێژینەوەی مەیدانی شرۆڤە کرا: ئازاردان و توندوتیژیی سێکسی لە دژی منداڵان لە ناو پێکهاتەی بنەماڵەی ئێرانیدا لە سەر چ بەستێنێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاساییدا ڕوو دەدات؟

2- شێوازی توێژینەوە

ئازاردانی سێکسی لە ناو کۆمەڵگا مرۆییەکاندا کێشەیەکی لەمێژینە و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەوەش، لە لێکدانەوە زانستییەکاندا ئاوڕێکی ئەوتۆ لەم دیاردە نەدراوەتەوه. ئەم ئاوڕلێنەدانەوە بە هۆی لاوازیی زانست لە تاوتوێکردنی پرسەکە نییە بەڵکوو بە هۆی سەختیی دەستڕاگەیشتن بەو نموونەیانە کە ئامادە نین کۆمەک و هاوکاری توێژەرانی ئەم بوارە بکەن. ئەم پرسە تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی ئەوەیە کە ئازاری سێکسی دەکا بە “لای کەس مەیدرکێنه” کە لەقاودانەکەی کەسی ئازاربینراو (دەستدرێژیکراو) تووشی گیر و گرفت دەکات. وا دیارە پرسی ئازاردانی سێکسی ناوکێکی سەخت و پتەوی هەیە و بۆ تاوتوێی بنج و بناوانی ئەم پرسە دەبێ شێوازە باوەکانی لێکدانەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان تێپەڕێنین. نهێنی‌بوونی ئەم دیاردە لە ناو کۆمەڵگایەکی نەریت‌خوازی وەکوو ئێران زۆر بەرچاوترە و هەر لەبەر ئەمەش لێکدانەوەی ئەم پرسە پێویستی بە ڕێوشوێنی شێوازناسیی ئاڵۆزترە. زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کە لەم بارەوە ئەنجام دراون، بە هۆی ئەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێ کرا، نەیانتوانیوە دەلاقەیەک بەرەو دنیای دەستدرێژی‌کراوان و دەستدرێژیکاران (ئازاربینراوان و ئازاردەران) بکەنەوه. بەڵام ڕادە و قووڵایی ئەو زیانانەی کە دەرەنجامی ئازاردانی سێکسین، لە ئاستێکدایە کە ناتوانین هەر وا خەمساردانە بە لایاندا تێپەڕین. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە ئازاربەخشە جۆرە سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی گەرەکە کە لە لایەک بەرامبەر بە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی ئەم دیاردە هەستیاریی پێویستی هەبێ و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێکاری کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە دەستەبەر بکات.

ئەمەش پێویستی بە داڕشتنی تیۆرییەکە کە لە سەر بنەمای بەڵگە و داتا ڕاستەقینە و ئەزموونییەکان بێت. ناسینی ئەم دیاردە لە لایەک پێویستی بە بەدەستهێنانی متمانەی دەستدرێژیکراوان و دەستدرێژیکارانە و لە لایەکی دیکەوە پێویستی بە ئاشنابوون بەو تێگەیشتن و واتایانەیە کە لە ئەزموونی ئەم کەسانەدا هەیە. ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە لە شێوازی چۆنایەتی و بەتایبەت لە شێوازی توێژینەوەیی گڕەندد تیۆرییە کە بە تیۆریی زەمینەیی ناسراوە هەیە و بە کورتی پێی دەوترێ GT. ئەم توێژینەوە لە سەر ئەم شێوازە دامەزراوە. چونکە ئەم شێوازە بەو تەکنیک و ئامرازانەی کە بۆ توێژەری دابین دەکا، دەتوانێ زۆر بە باشی لێکۆڵینەوە لە سەر بەستێن و بارودۆخی هۆکارێتی، هۆکار، ئەزموون، ڕێکارەکان و لێکەوتەکانی ئەم دیاردە لەم توێژینەوە “توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر بە منداڵان” لێک بداتەوە و لە کۆتاییدا، تیۆری و یان مۆدێلێکی زەمینەیی لەم دیاردە بخاتە ڕوو.

کۆمەڵگەی بەرسەرنجی ئەم توێژینەوە هەموو ئەو کەسانەن کە لە سەردمی منداڵیدا جۆرەکانی دەستدرێژیی سێکسییان بەئەزموون کردبوو؛ واتە ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵی تووشی دەستدرێژیی سێکسی هاتبوون. قەبارەی نموونە یان ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم لێکۆڵینەوەدا دیمانەیان لەگەڵ کرا 452 کەس بوو. شێوازی نموونەگیریی بە شێوازی تۆپەڵە بەفری و ئامانجدار بوو. بە بەکارهێنانی شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار، هەندێک لەو حاڵەتانەی کە ئەزموونی تایبەت یان زانستی تایبەتیان هەبوو کەڵکیان لێ وەرگیرا. بۆ کۆ‌کردنەوەی داتاکانی توێژینەوە سوودمان لە تەکنیکی دیمانەی نیمچە پێکهاتوو وەرگرت و بۆ شرۆڤە و شیکاریی داتاکان، پرۆسەی کۆدینگی شتراوس و کۆربین بە کار هێنرا.

4- پێداچوونەوەیەک بە هەندێک لە توێژینەوە ئەنجامدراوەکان

دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی لە دەیەی 1980 زایینی سەرنجی هۆگرانی ئەم بوارەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بە هۆی پەرەسەندن و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی ئەم دیاردە، سەرنجی زۆرێک لە توێژەرانیشی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە (گراب و ترنر[13]، 2012). توندوتیژییە سێکسییەکان لە هەر کاتێکدا ڕوو بدەن بە هۆی ئەو زیانە خەستەی کە بە قوربانییەکەی دەگەیەنن، لە توندوتیژییەکانی دیکە سەرنج‌ڕاکێشترن بەڵام کاتێک ئەم زیانە لە ناو خێزان و لە لایەن ئەو کەسانەدا ڕوو دەدا کە هاوخوێن و مەحرەمی کەسەکەن، زیانەکانی ئەم دەستدرێژییە سێکسییە دووقات دەبێتەوه. ئەم کردارە نەشیاو و نانۆرمە زۆر جار بێدەنگی لێ دەهێنرێ و نادرکێنرێت. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر لەقاو بدرێ ئەوە بڕواپێکردن و سەلماندنی چەتوونە چونکە ویژدانی گشتیی کۆمەڵگا، خانەوادە بە ناوەندێکی گەرم دەزانێ کە لەم چەشنە زیانانە بێبەرییە (زارعی، 2016).

توندوتیژیی سێکسی لە دژی منداڵان لایەنێکی بەربڵاو لە کردەوەی وەکوو لێک‌کەوتنی جەستەیی/فیزیکی بۆ وێنە تێخزاندن (دەستدرێژی‌ یان سێکسی دەمی) یان کردەوەی ناتێخزاندنانەی وەکوو خۆڕەحەت‌کردن، ماچ‌کردن، ماڵین و دەست‌دان لە جەستەی منداڵ لە خۆ دەگرێت. هەروەها توندوتیژی لە دژی منداڵان چالاکیگەلی نالێککەوتنانەی وەکوو بەشداری‌پێکردنی منداڵ لە بەرهەمهێنان یان بینینی وێنەی سێکسی، تەماشاکردنی چالاکیی سێکسی، دنەدانی منداڵ بۆ ڕەفتاری نەشیاوی سێکسی و ڕازاندنەوەی منداڵان بۆ دەستدرێژی‌پێکردن (پرتال رویە آنلاین[14]). ئەنجامەکانی توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەگەری ئەوەی کە منداڵان لە ناو بنەماڵە و لە لایەن ئەندامانی خێزانەوە ببنە قوربانیی توندوتیژی دوو هێندە زیاتر لە کەسانی نەناسیاوه. (هانتینگ[15]، 1978). بە پێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 13 لە سەدی ئەو کەسانەی دەستدرێژی کراوەتە سەریان لە هەڕەتی منداڵی و لە ناو ژینگەی خێزاندا بوون (استولتنبورگ و دیتران[16]، 2015). توندوتیژیی سێکسی لە هەڕەتی منداڵیدا لێکەوتەی خراپی دەروونی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەن لە کەسەکەدا دروست دەکات (WHO، 2016)، وەکوو کێشەی یادگه، نەخۆشیی ڕەفتاریی وەکوو توندوتیژی بەرامبەر بە هاوبەشی سێکسی (دوب و دیتران[17]، 2005) و خەمۆکی (Chen et al, 2010). خاوەن‌تیۆرییەکی ناسراو لەبارەی کەڵکاوەژۆیی سێکسی لە منداڵان دەڵێ ئەوانەی کە لە تافی منداڵیدا دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، ئەگەری ئەوەی کە لە داهاتوودا دەستدرێژیی سێکسی بکەنە سەر منداڵەکانی خۆیان، زیاترە (گلاسر و دیتران[18]، 2001). هەروەها چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە دەستدرێژیی سێکسی لە هەڕەتی منداڵی، فاکتەرێکی گرینگ بۆ سەپاندنی توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژیی سێکسی لە هەڕەتی مێرمنداڵی و گەورەساڵییە (بابچیشین و دیتران[19]، 2011).

5- پێشینە و هۆکارە کاریگەرەکانی سەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن مەحارمەکانەوە لە ناو خێزاندا[20]

زەمینە، فاکتەر و لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پرۆسەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و یاساییدا کار دەکەن. زەمینە دەستێوەردەرەکان، فاکتەرەکانی ئەم دیاردە بەرساز دەکەن و هەلی بیچم‌گرتنی منداڵ‌ئازاری سێکسی دەڕەخەسێنن و پاش بیچم‌گرتنی پرسەکە، میکانیزمەکانی بەردەوامی و توندتربوون و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دیاردە و لێکەوتەکانی ئاشکرا دەبن. بێبەشی، بەستێن بۆ توندوتیژی خۆش دەکا و توندوتیژیش دەبێتە هۆکاری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، لە دوای دەستدرێژیی سێکسی و لە سەر بنەمای پێکهاتە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، میکانیزمگەلی وەکوو ترس، تارێنران، تاوانبار‌کردنی قوربانی و هتد دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی قوربانی نکۆڵی لەوە بکا کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری کە لێکەوتەی ئاشکرای نکۆڵی‌کردن و نەدرکاندنی دەستدرێژی‌کاری هەڵدەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەت‌دانان و نەبوونی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی و … لە کەسانی قوربانی کە بۆتە هۆی تۆخ‌تربوون و بەرهەمهێنانەوەی پرۆسەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان. ئەم پەیوەندییە دیالکتیکییەی نێوان پانتای دام‌ودەزگا کۆمەڵایەتییەکانی سەر ئاستی بەرفراوان، مامناوەند و کەمی کۆمەڵگا بە کاریگەری و کارتێکراویی یەکتر جۆرە قەیرانە جۆراوجۆرەکان لە ناو خۆیاندا بەرهەم دەهێننەوە و بۆ یەکتری دەگوازنەوە. لە درێژەدا گرینگترین هۆکار و زەمینەکانی ئەم پرسە ڕوون دەکرێتەوه.

5-1- زەمینە و فاکتەرە ئابوورییەکان

بە پێی ئەنجامی توێژینەوە ئەنجامدراوەکانی ئەم بواره، فاکتەری ئابووری یەکێک لە فاکتەرە کاریگەرەکانی دەرکەوتن و بەردەوامیی ئازاری سێکسیی بۆ سەر منداڵانه. زەمینەی ئابووری لە چوارچێوەگەلی وەکوو هەژاری، بێکاری، جۆری پیشە و خانووبەرە گڕی توندوتیژی و ئازاری سێکسی دەگەشێنێتەوە. ڕەهەندی بژێوی پەیوەستە بە دابین‌کردنی پێداویستییەکانی خێزان و پێداویستییە ئابوورییەکانیەوە. لەم بوارەدا هەر پشێوییەک بۆ وێنە کەمیی داهات و لە ئەنجامدا دابین‌نە‌کردنی پێداویستییە ئابوورییەکان، خانەوادە تووشی کێشە دەکات.

لە زۆر حاڵەتدا هەژاری دەبێتە هۆی منداڵ‌ئازاری لە جۆرە پشتگوێخستنەکەی؛ واتە خێزانەکان لە بواری دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵ و گەشەدان بە تواناکانیان، توانای ئەوتۆیان نییه. لەم پڕۆسەدا تواناکانی منداڵ بە باشی گەشە ناکا و کاتێک گەورە دەبن بە هۆی نەبوونی توانای پەیوەندیی گونجاو لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ناتوانن پەیوەندی ساز بکەن و بەو پێیەی کە هەژاریشن، توانای هاوسەرگیری یان دۆزینەوەی کاناڵی شەرعیی دیکەیان بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیان نییه، هەر بۆیە لەوانەیە بە پەنابردنە بەر توندوتیژی ئەم کارە بکەن. هەروەها هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەی کە دایک و باوکەکان توانای باش‌بەخێوکردنی منداڵەکانیان نەبێت.

هەروەها هەژاری دەبێتە هۆی نیشتەجێبوون لە گەڕەک و ناوچە ناجێگیرەکان. ئەم ناوچانە بە تایبەتمەندیگەلێکی وەکوو چڕیی شوێن، ناسەقامگیریی نیشتەجێبوون، فەزای مەترسیدار و داڕمانی میکانیزمی پتانسێڵی کۆمەڵایەتیی دانیشتووان بۆ ڕێکخستنی ژینگەکەیان دیاری دەکرێن. لەم دۆخەدا هەلی تاوانی جۆراوجۆری وەکوو توندوتیژی و دەستدرێژی زیاد دەکات.[21] لە کۆمەڵگاگەلێکی وەکوو ئێران کە هەژاری پەیوەستە بە دیاردە نەخوازراوەکانی دیکەی وەکوو نایەکسانی، ناکارامەیی و ئالوودەبوون؛ زەمینەی پێکهاتەیی لەبار بۆ ڕوودانی دەستدرێژیی سێکسی دابین دەبێت.

هەژاری لە ڕێگەی جۆری خانووبەرەوە دەتوانێ کاریگەری لە سەر منداڵ‌ئازاریی سێکسی دابنێت. بنەماڵە هەژارەکان زیاتر لەو خانووانەدا دەژین کە ڕووبەرێکی بچووکی هەیه. ڕووبەری کەمی ماڵ دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان دەنگی سێکس‌کردنی دایک و باوکیان ببیستن یان هەموو ئەندامانی خێزانەکە شەوانە لە پاڵ یەکتر بخەون، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەستدرێژی و پەلاماردان.

هەروەها ڕەهەندی ئابووریی بێبەشی کاریگەری لە سەر خۆوشیاریی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دادەنێت. لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوو لە کۆمەڵگای ئێراندا بە پارەبوونی سیستەمی پەروەردە خێراییەکی بێ‌وچانی بووە، بە هۆی گرژبوونی کێشە و ناسەقامگیرییە ئابوورییەکان، لە ناو کۆمەڵگادا گروپگەلێکی زیاتر لە پەروەردە و ئیمکانیاتی فەرهەنگی و هونەری دوور خراونەتەوە و دەرکران کە یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم دوورخران و دەرکردنە لاوازی لە خۆچاودێری و بێ‌توانایی لە چاودێری‌کردنی منداڵان و مێرمنداڵان لە لایەن خۆیان و ناوەندی خێزانەوە بووه.

ئەنجامە مەیدانییەکان بە پێی ئاستی خوێندن و پیشەی دایک و باوکی وەڵامدەرەکان کە پێوەری پیشاندەری پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، دەریدەخەن کە هەموویان خاوەن پیشەی نزم و ئاستی خوێندەواریی کەمن. ئەمە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بێبەشیی، ئابووری زەمینە و بناغەی جۆرەکانی دیکەی بێبەشییە؛ بێبەشیی ئابووری کاریگەری لە سەر ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پانتای کارلێکی دوولایەنەی کۆمەڵایەتی دادەنێت.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-03 111621.png

چارتی ژمارە 1: لێکبڵاویی وەڵامدەرەکان بە پێی ئاستی خوێندەواریی دایک و باوک

چارتی ژمارە ٢: لێکبڵاویی وەڵامدەرەکان بە پێی پیشەی باوک

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-03 230900.png

چارتی ژمارە ٣: لێک‌بڵاویی وەڵامدەرەکان بە پێی پیشەی دایک

هەروەها هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەی دایکی تەڵاق‌وەرگرتوو شووی نابەدڵ بکا، بەڵام بۆ هەبوونی سەرپەرشتیار و دابینکردنی خەرجییەکان مل بەم هاوسەرگیرییە دەدات. لە ناو ئەم خانەوادانەدا بواری ئازاردانی سێکسیی منداڵانیش لە ئارادایه. هەستی نەرێنی وەکوو ترس و تاوانباری، بیروباوەڕی وەکوو وەج، ئابڕوو و داکۆکیی کۆمەڵایەتی، هەروەها سەرکوت‌کردنی ئارەزووە سێکسییەکان و سیستەمی پاداشت و سزادان لە ناو ئەو خێزانانەی کە لە ڕووی ڕەهەندی ئابووری و نائابوورییەوە بە دەست بێبەشییەوە دەناڵێنن، جێی تێڕامانه. ئەوان تەنانەت هەندێ جار لە پێناو لەدەستنەدانی وەج و ئابڕوو ڕەنگە کەسی قوربانیی دەستدرێژی لە کەسی دەستدرێژیکار مارە بکەن.

5-2- زەمینە و فاکتەرە کۆمەڵایەتی – فەرهەنگییەکان

زەمینەی فەرهەنگیی تاکەکان ڕۆڵێکی گرینگی لە ڕەخساندنی هەلومەرجی ڕوودانی دیاردەیەکی وەکوو توندوتیژیی سێکسیدا هەیه. وردەفەرهەنگی پیاوسالاری لە لایەک ئەو جەسارەت و دەسەڵاتەی بە پیاوان بەخشیوە کە لە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە دەست بدەنە توندوتیژیی سێکسی و لە لایەکی ترەوە بە بیانووی ڕێز و شەرەف و شەرم و هتد، لە وەها هەلومەرجێکدا دەستەوەستان دەمێننەوە. لە کۆمەڵگای ئێراندا کە دەزگاکانی کۆمەڵگاگری و بەکۆمەڵایەتی‌کردن بە میکانیزمی نکۆڵی‌کردن و ناشەفافیەتەوە تێوەگلاون، قسەکردن لە سەر بابەتی سێکسی بە توندی ڕەت دەکرێتەوە و وەک بابەتێکی ناپیرۆز و بڤە و تابۆ لێی دەڕوانرێ کە لە ڕێگەی گوتاری ئایینییەوە شەرعییەتی پێ دراوە.

ڕاهێنانی بابەتی سێکسی پێویستی بە پەیوەندی نێوان دامەزراوەکانە. لە لایەک خێزان و قوتابخانە و ڕاگەیاندن وەک دامەزراوەی کۆمەڵگاگری و لە لایەکی دیکەوە ناوەندە ئایینی، حکومی و ئەو دامودەزگایانەی کە پەیوەندییان بە داڕشتنی سیاسەت و دیاری‌کردنی بودجە بۆ پلاندانان هەیە هەموویان لە شەرعییەت‌دان بەو جۆرە ڕاهێنانە بەشدارن و هەماهەنگیی نێوان ئەمانە لە کاریگەربوون و ئامادەکردنی فرەڕەهەندانەی ئەم پلانانە یەک‌لاکەرەوە دەبێت. بەو پێیەی کە لە کۆمەڵگای ئێراندا پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکان هەمیشە بە هۆی بەریەککەوتنی ئەرکەکان، هاوتەریب‌بوونیان لە چەند حاڵەتێکدا و بۆچوونە ڕەت‌کەرەوەکانیان بەرامبەر بە یەکتر هەمیشە ڕووبەڕووی چالنج بووەتەوە، راهێنانی بابەتی سێکسی پەراوێز خراوە. ناکۆکیی بیر و ڕا لە نێوان لایەنگران و نەیاران و دووانەزانینەکان جگە لەوەی کە نەیهێشتووە ڕاهێنانی سێکسی لە کۆمەڵگای ئێراندا سەر بگرێ، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووه.

لە کۆسپە جیددیەکانی دیکەی بەردەم ڕاهێنانی سێکسی لە کۆمەڵگای ئێران، هەستە کۆمەڵایەتییە باوەکانە کە ڕەگ و ڕیشەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ شێوازی کۆمەڵگاگری و ڕەوتی پەروەردەی کۆمەڵایەتی. بوونی هەستگەلی وەکوو شەرم، حەیاچوون، ترس و هتد لە فەرهەنگی ئێرانیدا یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەر دەم گفتوگۆ سەبارەت بە بابەتی سێکسییە کە هەمیشە وەکوو بڤە و تابۆ لێی دەڕوانرێ و ڕەت دەکرێتەوە. بۆیە قوربانیانی دەستدرێژیی سكێسی، ئەم ڕووداوە وەک نهێنییەک دەشارنەوە و بەم شێوە ڕێگای دەستدرێژی‌کردن بۆ دەستدرێژیکاران خۆش دەکەن.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-05 072918.png

چارتی ژمارە ٥: لێکبڵاویی وەڵامدەرەکان بە پێی هۆکاری نهێنی‌پارێزی

یەکەم هەنگاو بۆ پلاندانان و داڕشتنی سیاسەت بۆ ڕاهێنانی بابەتی سێکسی، قبوڵ‌کردنی بوونی کێشەیه. نەبوونی باوەڕ بە ڕاهێنانی سێکسی لە ژینگەی پەروەردەیی ئێران بۆ دایکان و باوکان، ڕاهێنەران و مامۆستایان و هەروەها فێرنە‌کردنی بابەتەکانی خۆچاودێری بە منداڵان، ڕووداوی ناخۆشی لێکەوتووەتەوە. لە سەر ئاستی پێکهاتەیی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ڕاهێنانی سێکسیی منداڵان، سروشتی کۆنەپەرستانە و ئایدۆلۆژیکی‌بوونی دامەزراوە سیاسەت‌داڕێژەکانه. لە کۆمەڵگای ئێراندا بواری ئایین باڵادەستییەکی قوڵی بە سەر دامەزراوە سیاسەتدانەرەکاندا هەیە. بەرپرسان و سیاسەتدانەرانی ئێران لە زۆر حاڵەتدا پیاوانی ئایینین. ڕوانگەی ئایینی ئیسلام سەبارەت بە سێکسوالیته، نەرێنییە. هەر ئەم گوتارە ئایینییه، بە زاڵبوون بە سەر پانتای پێکهاتەی یاسایی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، شەرعییەتی بە سەرکوت‌کردنی بابەتی سێکسی و نەهێنانە بەر گفتگو و ڕانەهێنانی بابەتی سێکسی داوه. هەر بۆیە نەک هەر ڕاهێنانە سێکسییەکان بە شێوەی سیستماتیک لە کۆمەڵگادا بوونیان نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا دامەزراوە بەرپرسیارەکان ڕێگری لە هەوڵی ئەو کەسانە دەکەن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم بوارەدا هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن.

جگە لە ڕاهێنان، بابەتێکی گرینگی دیکە پاڵپشتی لە قوربانییەکانە. کاتێک منداڵێک دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەر، پێویستە دامەزراوە پاڵپشتییەکان بە شێوازی جیاواز پشتگیری لێ بکەن. بەڵام پشتیوانیی کاریگەر لە ناوەندەکانی قەیراندا ڕووبەڕووی چالنچی جددی دەبێتەوە و بەو پێیەی کە پانتای ئەم کێشە گەورەیە، و دامەزراوە دەستێوەردەر و پشتیوانییەکانیش ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کۆسپی سیستماتیکیی زۆر دەبنەوە؛ ئیتر دەستێوەردانەکانیش کاردایەکی گونجاویان نابێت.

لە فەرهەنگی جێندەریدا، جۆر و ئاستی دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی لە ژێر کاریگەریی ڕەگەزی تاکەکاندایه. بە جۆرێک کە فرەیی ئازاردانی سێکسی لە لایەن مەحارمەوە لە ژناندا زیاترە وەک لە پیاوان کە ئەمە جیاوازی و هەڵاواردنە پەروەردەیی و کۆمەڵگا‌گرییەکان بە پێی لاگیریی نەریتی، و ڕێباز و کلشیە ڕەگەزێتییەکان (جێندەری) نیشان دەدات.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-04 080328.png

چارتی ژمارە ٦: لێکبڵاویی وەڵامدەرەکان بە پێی ڕێژەی ڕاگەیاندنی ڕاپۆڕتی ئازاردانی سێکسی بە دەزگا حکومییەکان

5-3- زەمینە و هۆکارە یاساییەکان

کێشە یاساییەکان بریتین لە: لاوازییەکانی سیستەمی دادوەریی سزادان، نەبوونی سیاسەت و بەرنامە و نەبوونی گەرەنتیی جێبەجێ‌کردنی داپەڕ و ڕێوشوێنی پاڵپشتانە بۆ قوربانیانی توندوتیژیی سێکسی. هەتا بەر لە پەسەند‌کردنی یاسای پشتیوانی لە منداڵان و مێرمنداڵان لە ڕێکەوتی 23/02/1399 هەتاوی، هیچ یاسایەکی دیاریکراو سەبارەت بە پاڵپشتی لە منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی و سزادانی کەسانی دەستدرێژیکار و تەنانەت پشتیوانی لێکردنیان بۆ ئەوەی دیسان تاوانی دەستدرێژییان لێ نەوەشێتەوه، بوونی نەبوو و بنەمای مامەڵەی یاسا سزادانی ئیسلامی بوو بەڵام پەسەند‌کردنی ئەم یاسایە هەندێک لە بۆشاییەکانی ئەم بوارەی لە خۆ گرتووە.

ئەوەی شەرعیەت بە پێکهاتەی یاسایی بۆ سزانەدانی کەسی دەستدرێژکار لەگەڵ مەحارم دەدا ئەو گوتارەیە کە لە سەر بنەمای جیاکاریی جێندەرییە کە لەو فەرهەنگە پیاوسالارییەوە هەڵدەقوڵێ کە باڵی بە سەر کۆمەڵگادا کێشاوه. هەروەها گوتاری ئابووری لە ڕێگەی گۆڕینی ئەم سزایە بۆ سزای نەختی لە هاودەستی لەگەڵ ئەم گوتارە فەرهەنگییە، دەبنە هۆی ئەوەی کە گوتاری یاسایی سزاکە هەڵپەسێرێ و کەسی دەستدرێژکار ئازاد بکات. ئەم هەڵپەساردنە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی پەیتا پەیتای دەستدرێژیی سێکسی (زینا‌ لەگەڵ مەحارم).

بە پێداچوونەوە بە ڕا و بۆچوونی بەشداربووانی توێژینەوەکە، سێ تەوەری سەرەکی لەم بوارەدا دەستنیشان کران کە بریتین لە: نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی، جێبەجێنە‌کردنی بڕگە یاساکان و پێگەی پیاوسالاری لە یاساکاندا. هەندێک لە بەشداربووان پێیان وایە هیچ یاسایەکی دیاریکراو لە بواری داکۆکی لە منداڵانی ئازاربینراوی سێکسی و یان یاسای دەستدرێژیی سێکسی بوونی نییە.[22] لە کردەوەشدا ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێ‌کردنی یاساکان گەڵاڵە و پەسەند نەکراون بۆ ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان جێبەجێ بکرێن. هەڵبەت لە زۆر حاڵەتدا یاساکانیش جێبەجێ ناکرێن.

یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی یاسای ئێران تەمەنی منداڵییە. لە یاسای ئێراندا شایەدی دیاری‌کردنی تەمەنی جۆراوجۆرین، وەکوو تەمەنی هاوسەرگیری، تەمەنی دەستپێکی کار، تەمەنی باڵقبوون، تەمەنی لە ئەستۆگرتنی تاوان؛ هەروەها سێ وشەی ساوا، منداڵ و مێرمنداڵ بۆ ناونانی قۆناغی منداڵی بە کار دەبرێ کە ئەمەش نیشانەی نەبوونی یەکدەنگی لە نێوان یاسادانەرانی ئەم بوارەیه. نەبوونی سنوورێکی ڕوون لە نێوان ئەم قۆناغانە وای کردووە کە لە پرسی ئازاردانی سێکسیی زینا لەگەڵ مەحارم پرس و کێشەی نوێ و ڕەهەندی تازە دروست ببێت.

لە یاسای سزادانی ئیسلامیی ئێراندا، تەمەنی منداڵ بە ١٥ ساڵ دیاری کراوە. لە مادەی ٢٢١دا هاتووە کە “زینا بریتییە لە پەیوەندیی سێکسی نێوان ژن و پیاوێک کە هاوسەرگیرییان نەکردووە و گومانیان لێ نەکرێت”. لە تێبینیی 2ی هەمان مادەدا هاتووە “کاتێک هەر دوو لایەن یان یەکێکیان منداڵی پێنەگەیشتوو و ناباڵق بێ، ئەوە زینا ڕووی داوە بەڵام کەسی ناباڵق سزا نادرێ و بە ڕێوشوێنی دابینکردنانە و پەروەردەییانە کە لە کتێبی یەکەمی ئەم بابەتەدا دیاری کراون حوکم دەدرێت”. لە مادەی ٢٢٤دا سزای زینادا لە هەندێک حاڵەتدا سێدارەیه، وەکوو زینا‌کردن لەگەڵ مەحرەمە خوێنییەکان. هەروەها لە مادەی ٩١ی یاساکەدا هاتووە کە “زینا بە شایەتیی چوار پیاوی دادپەرەوەر یان سێ پیاوی دادپەروەر لەگەڵ دوو ژنی دادپەروەر دەسەلمێنرێت. جا چ ببێتە هۆی حەدی لێدان یان حەدی بەردبارانکردن” ئەم یاسایە گیر و گرفتی زۆرە بۆ وێنە تەمەنی منداڵی بە 15 ساڵ دیاری کردووە لە کاتێکدا بە پێی زۆرێک لە بەڵگە نێودەوڵەنییەکان کە ئێرانیش ئەندامی هەندێکیانه، تەمەنی منداڵی 18 ساڵانه. دووەم ئەوەی کە سەپاندنی سزای سێدارە لەم حاڵەتانەدا نەک هەر نەبۆتە هۆی پێشگیری، بەڵکوو دژی کەرامەتی مرۆییشە و پێویستە دادپەروەریی چاکسازی ببێتە بەدیلی ئەم یاسایه. پرسە گرینگترەکە سەلماندنی پرسی زینا لەگەڵ مەحارمە. بەڵگە مێژووییەکان دەریدەخەن کە هەندێک جار ئەوە کچۆڵە قوربانییەکانی دەستدرێژین کە بە تاوانبار دەناسرێن.

لە یاسای پاڵپشتی لە مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵاندا، ئەم بابەتە لە شێوەی زینادا باس نەکراوە، بەڵکوو لە بابەتگەلێکی وەکوو دەستدرێژیی سێکسی، لەشفرۆشی، سووکی، ورووژێنەری سێکسی، مەترسیی زۆر و نزیکەو ڕوودان و پۆرنۆگرافی باس کراوە، بە جۆرێک کە هەر چەشنە دەستدرێژی‌کردنە سەر منداڵ لەم حاڵەتانەی سەرەوەدا دەبێتە هۆی دەستێوەردان. لە دەستپێکی ئەم یاسایەدا چەمکگەلێکی زۆر ناڕوون لە بواری تافی منداڵیدا بەدی دەکەین. بۆ نموونە لە پێناسەی منداڵدا هاتووە کە “هەر کەسێک کە نەگەیشتبێتە تەمەنی باڵقبوونی شەرعی”. ئەگەر مەبەست لە تەمەنی شەرعی، تەمەنی ٩ ساڵ بۆ کچان و ١٥ ساڵ بۆ کوڕان بێ، ئەوا شاهیدی هەڵاواردنی ڕەگەزێتین (جێندەری). پێناسەی مێرمنداڵیش بەم شێوەیە: “هەر کەسێک کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵی هەتاوی بە تەمەنی باڵقبوونی شەرعی گەیشتبێت”. ئەوەی کە یاسا لە سەر بنەمای ئەم شەرعە دامەزراوە کێشەی بنەڕەتی هەیە. هەروەها لە مادەی 2دا هاتووە “هەموو ئەو کەسانەی کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە هەژدە ساڵانی هەتاوی، ئەم یاسایە دەیانگرێتەوه” بەڵام تەمەنی منداڵی بە وردی پێناسە نەکراوە و لەم بوارەدا چەندین ناوی ناڕوون هەیە.

5-4- زەمینە و هۆکارە خێزانییەکان

لە سەر ئاستی خێزانی، هۆکارگەلی وەکوو خێزانە شێواوەکان، خێزانە خۆسەپێنەکان، خێزانە گۆشەگیرەکان، ئەو خێزانانەی کە ڕوانگەی هاوسەرێتیی ناتەواویان هەیە توندوتیژیی سێکسی یان دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان خێراتر دەکەن. ئەم توندوتیژییانە هەم لە ناو خێزان و هەم لە دەرەوەی خێزاندا ڕوو دەدەن. خێزانە شێواو و ناکارامەکان فۆڕمی جۆراوجۆریان هەیە. لە ڕووی پێکهاتەوە، فۆرمە سەرەکییەکانی خێزانە شێواوەکان کە لەم لێکۆڵینەوەدا دەستنیشان کراون بریتی بوون لە خێزانە پیاوسالاری و ئایینییەکان، خێزانە تەڵاقەکان، نەبوونی یەکێک لە سەرپەرشتیارەکان بە هۆی مردن یان جیابوونەوە، زیندانی‌کرانی سەرپەرشتیار، خێزانە پڕحەشیمەت و گەورەکان، نەبوونی سەرپەرشتیارێکی شیاو، دووبارە هاوسەرگیریکردنەوەی باوک یان دایک و ژیانی منداڵ لەگەڵ زەڕباوک و زەڕدایک و منداڵەکانیان، مردنی دایک و ژیان لەگەڵ زەڕباوک، فرەژنیی باوک و ژیانی لەگەڵ زەڕبرا و زەڕخوشکەکان و مەودای زۆری تەمەن لەگەڵ دایک و باوک.[23]

هەندێک جار ناوەندی خانەوادە نەک هەر پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەندامەکانی بەتایبەت منداڵان نییه، بەڵکوو بە هۆی توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسییەوە ئاسایشی منداڵانیش دەخاتە مەترسییەوە. دەستدرێژیی سێکسی دەتوانێ لە هەموو جۆرە بنەماڵەیەکدا بۆ وێنە خێزانە ئایین‌پەروەرەکانیش ڕوو بدات. یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەتوانێ ببێتە هۆی زینا‌کردن لەگەڵ مەحارم و دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن خێزانە ئایینییەکانەوە ئەوەیە کە زۆر سنووردار دەکرێنەوە، زۆر جار ڕووبەڕووی سەرکوت‌کردنی هەست و ئارەزووەکانیان دەبنەوە. سەرکوت‌کردنی سێکسوالیتە دەتوانێ ڕادەیەک لە ورووژان بۆ بەئەزموون‌کردنی سێکس وەک لێکەوتە و بابەتێکی بەگشتی‌کراو لەم پێکهاتەی لێ بکەوێتەوه. بەو پێیەی کە کەسانی ناو خێزانە ئایینییەکان هەستگەلی وەکوو گوناح و شەرم‌کردن بەدەروونی دەکەن، تەنانەت دوای ئازار و دەستدرێژیی سێکسی تووشی هەستی شەرم‌کردن و گوناح و ئازاری ویژدان دەبنەوە و لە بارەگای قوربانییەک خۆیان دێننە ئاستی تاوانبارێک. لە بواری ئاییندا ئێمە ڕووبەڕووی دابەش‌کردنی ڕۆڵ و ئەرکەکان بە پێی ڕەگەز دەبینەوە، پیاو یان باوک خاوەنی هەموو شتێکە، بۆ وێنە ئەندامانی خێزان و داژدەکانی دیکە و منداڵان و ئەندامانی تری خێزانیش مافی ئەوەیان نییە لە دژی باوک یان پیاو ناڕەزایەتی دەرببڕن و لە ئەگەری ناڕەزایەتیدا سزا دەدرێن.

ناوەندی بنەماڵە دەتوانێ لە خەسارەتە باسکراوەکانی دیکە وەکوو (ئاڵوودەبوون، جیابوونەوە، بەدسەرپەرشتی و …) بێبەری بێ بەڵام ئەمە بە مانای ئاسایی‌بوونی خانەوادە نییه. زۆر خانەوادە هەن کە لە ڕووی پێکهاتەوە یان شێلگیرن یان لە جۆری کەمتەرخەمن و جێهێڵراون کە لە هەر یەکێکیاندا هەست و پێداویستییەکانیان بە شێوەی سەرکوت‌کراو یان نائاسایی وڵامی دراوەتەوه، یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی ئەم ناهاوسەنگییە دەتوانێ ڕوودانی دەستدرێژیی سێکسی یان زینا لەگەڵ مەحارم بێت.

خێزانە پڕحەشیمەت و گەورەکانیش دەتوانن ببنە بەستێنێک بۆ ڕوودانی دەستدرێژیی سێکسی. یەکێک لەو هۆکارانەی کە دایک و باوکی هەژار منداڵی زیاتر دەخەنەوە ئەوەیە کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە تەمەنی پیریدا ببنە دارەدەست و پاڵپشتیان. ئەم بنەماڵانە نەک هەر سەرچاوەی پێویستیان بۆ دابین‌کردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانیان نییه، بەڵکوو ژمارەی زۆری منداڵ دەتوانێ سەرچاوەی بنەماڵە کەم بکاتەوە. لە زۆر حاڵەتدا ئەم دەستە بنەماڵانە ستراتیژێکی دیاریکراویان بۆ پەروەردە‌کردنی منداڵەکانیان نییه و منداڵان بەڕەڵا دەکرێن و ئەگەری ئەوەی کە دەستدرێژیی سێکسی بکرێتە سەریان یەکجار زۆرە. هەڵبەت ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی خێزان هەم دەتوانێ ببێتە بەستێنی دەستدرێژی و هەمیش دەتوانێ دەوری پارێزەرێکی بەهێز بگێڕێت.

ئەوەی کە کەسی دەستدرێژیکار و منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی چی یەکن و چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە ئەوە لە ناو خێزانەکەدا جێی سەرنجە. کەسانی دەستدرێژیکار لە خێزاندا لایەنێکی هەمەجۆری مەحارمیان هەیە. تاقمی یەکەم مەحارمی پلە یەکی کەسی دەستدرێژیکراون. لەم تاقمەدا پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان منداڵ و کەسی دەستدرێژیکاردا هەیە و ئەمەش دەتوانێ کاریگەرییەکی زۆر قووڵ لە سەر جۆری دەستدرێژی و لێکەوتەکانی دەستدرێژی دابنێت. ئەم تاقمە کەسانە باوک و دایک و برا و خوشکن کە ئەندامی خێزانی ئەون. بەو پێیەی کە منداڵ لەگەڵ ئەم کۆمەڵە کەسانەدا دەژی و ئەوان سەرچاوەی داکۆکی و ئاسایشی ئەون، ئەزموونی دەستدرێژی لە لایەن ئەوانەوە دەتوانێ پتر لە هەمووان زیان بە منداڵەکە بگەیەنێ و ئاسایشی وجودیی ئەو بخاتە مەترسییەوە. هەروەها بەو پێیەی کە ئەم کەسانە نزیکترین و تەنانەت دواسەرچاوەی داکۆکی و پشتیوانیی ئەون، ئەوا منداڵەکە لە ئاست دەستدرێژییەکانی ئەو ئیتر هیچ کەس یان هیچ شوێنێک شک نابا کە پەنای بۆ ببات. لە هەندێک حاڵەتدا کاتێک باوک یان زەڕباوک دەستدرێژی دەکاتە سەر منداڵ و دایکی منداڵەکەش بەمە دەزانێ، ناتوانێ پشتیوانی لە منداڵەکە بکا، چونکە دایکیش لەوە دەترسێ کە مێردەکەی بە جێی بهێڵێ و بێ‌پشتیوان بمێنێتەوه. لەم جۆرە پەیوەندییەدا ئەگەری ئەوەی کە دەستدرێژیی سێکسییەکە زیاتر بەردەوام بێ، زۆرتره. پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵەکان پەیوەندییەکی قووڵە کە لە سەر بنەمای هەستی وابەستەیی دامەزراوه. منداڵان دایک و باوک وەک پشتیوان و پاڵەوانی ژیانی خۆیان سەیر دەکەن و بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بە وابەستە بەوان دەزانن. کاتێک لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیدا ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ پەیوەندی تێک دەچێ قەڵای وێناکانی منداڵان سەبارەت بە دایک و باوکیان تێک دەڕووخێ و تووشی هەستی هەمەجۆر و هەندێ جار لێکدژ دەبنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​منداڵان تووشی زیانێکی دەروونیی گەورە دەبنەوە بۆ وێنە هەستکردن بە ترسی تێکەڵ بە تووڕەیی و گوناح. دەرەنجامی وەها پەیوەندییەک دەبێتە دەرکەوتنی کەسانی وابەستە و ناپێگەیشتوو و بێبەری لە کەسایەتیی سەربەخۆیه.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-05 065247.png

چارتی ژمارە ٤: لێکبڵاویی وەڵامدەرەکان بە پێی ژمارە و ڕێژەی دەستدرێژیی سێکسی

تاقمی دووهەمی دەستدرێژیکاران مەحارمی پلە دوون، وەکوو باوکی خوێنراو، دایکی خوێنراو، زەڕخوشک و زەڕبرا، خاڵۆ، مامه، باپیر، نەنک و هاوشێوەکانی. ئەم گروپە بەرپرسیارێتییەکی ئەوتۆیان بەرامبەر بە منداڵ نییە و هەروەها ئاستی پەیوەندیی نێوان منداڵ و ئەوان لە ئاستێکی قوڵدا نییە. بە هۆی ئەو پەیوەندییانەی کە منداڵان لەگەڵ ئەم کۆمەڵە کەسانەدا هەیانە، ئەگەری ئەوەی کە لە لایەن ئەوانەوە دەستدرێژی بکرێتە سەریان، زۆره. هەروەها ئەم تاقمە بە هۆی ئەوەی کە منداڵان بە ئەندامی پلە یەکی خێزانەکەیان نازانن و لە ئاست ئەم منداڵانە خۆیان وەک بەرپرسیار نابینن، ئەگەری ئازاردانی سێکسییان زیاتره، چونکە لە لێکەوتەکانی نیگەران نین.

تاقمی سێیەمی دەستدرێژیکاران خزم و کەسی نامەحرەمی وەکوو مێردی پوور (ئامێ یان زاوای باوک)، مێردی پوور (مێردی خالێ یان زاوای دایک)، خاڵۆزا (کوڕەخاڵ)، ئامۆزا (کوڕەمام) و …ـن. هەروەها ئەم تاقمە کەسانە بە هۆی پەیوەندیی نزیک و دەستڕاگەیشتنیان بە منداڵ، ئەگەری ئەوەی کە دەستدرێژی بکەنە سەر منداڵ زیاتره. لە هەندێک حاڵەتدا دایک و باوک، منداڵەکە لای خێزانەکەیان بە جێدەهێڵن بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن. یان لە هەندێ حاڵەتدا کەسی دەستدرێژیکار لەوانەیە بە هۆی پەیوەندیی خزمایەتییەوە بچێتە ماڵی قوربانی و دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەری.

لایەنێکی دیکەش، کەسانی نەناسیاو و نامۆن کە نە منداڵەکە دەیانناسێ و نە هەستی وابەستەیی و پەیوەندی لەگەڵ ئەواندا هەیه. ئەو دەستدرێژی و ئازار سێکسییانەی کە لەم جۆرە پەیوەندییەدا ڕوو دەدەن زیاتر لە شێوەی هێرشە و زۆر لە ژێر کاریگەریی ژینگەدایە. بۆ نموونە کاتێک کەسی دەستدرێژیکار بۆی دەردەکەوێ کەس ئاگاداری منداڵەکە نییە و منداڵەکە لە ژینگەیەکی تایبەتدا لەبەر دەستە لەوانەیە پەلاماری بدات.

C:\Users\HI\Desktop\Screenshot 2023-03-07 031746.png

وێنەی ژمارە 1: لایەنە دەستدرێژیکارەکان

هەروەها شێوازی خانەوادە یانی ئەوەی کە چۆن بنەماڵەکان منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، ڕۆڵێکی گەورەی لە دەستدرێژیی سێکسیدا هەیە. گرینگترین بژێرەی شێوازە ناکارامە پەروەردەییەکانی خێزانەکان کە ئەم توێژینەوە بۆی دەرکەوتووە بریتین لە: کەمی یان نەبوونی سۆز و خۆشەویستی لە ناو پانتای خێزان، کەڵکاوەژۆیی لە منداڵان لە لایەن خێزانەوە، چاودێری نە‌کردنی منداڵان، کەمتەرخەمیی لە ئاست دابین‌کردنی پێداویستیەکانیان، نەبوونی سانسۆڕی قسەکردن لە ناو ئەندامانی خێزان، نەبوونی سەرپەرشتێکی شیاو، ئالوودەبوونی باوک و کێشەی دەروونیی دایک و بەدیلی دایک (چاودێری سەرەکی)، ئاستەنگی زۆری خێزانی، نەبوونی کۆنتڕۆڵ لە ژینگەی ژیانی منداڵ، ئەسپاردنی منداڵ بە کەسانی دیکه، نەبوونی پارێزەرێکی کاریگەر، ڕانەگەیاندنی دەستدرێژی، سنووردار‌کردنی منداڵان لە ڕووی ئابوورییەوه، لۆمە‌کردن و ئیراد‌گرتن لە منداڵ لە لایەن خێزانەوە، ئەزموونی ژیان لەگەڵ داپیرەیەکی دەسەڵاتخواز، بیر و باوەڕی هەڵەی دایک، نەبوونی توانای پەروەردە‌کردن و ڕانەهێنان لە لایەن خێزانەوە.

هەروەها ئالوودەبوونی دایک و باوک بە شێوازی جیاواز بەستێنێکی لەبار بۆ دەستدرێژی‌کردنە سەر منداڵان ئامادە دەکات. کاتێک دایک و باوک یان یەکێکیان ئالوودە بە مادەی هۆشبەر بن، کەمتر دەیانپەرژێتە سەر منداڵەکان و کەمتر توانای گرنگیدان و خۆشویستنی منداڵەکانیان هەیە، چونکە هەموو یان بەشێکی کەڵکەڵەکانیان ئامادە‌کردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانه. ئالوودەبوون لە ڕێگەی گۆڕینی ئەرک یان نەهێشتنی ڕۆڵ و ئەرکەکان لە ناو بنەماڵەدا، هەروەها تێکدانی سیستەمی دابەش‌کردنی کار و نەمانی هاوسەنگیی ڕەهەندی سۆزداریی خانەوادە دەتوانێ خێزان بکاتە ناوەندی ململانێ و توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی.

خێزانە تاک‌سەرپەرشتەکانیش بەستێنێکی لەبار بۆ دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن مەحارمەکانەوە دەڕەخسێنن. ئەم جۆرە بنەماڵانە لە شێوازی ژیانی مۆدێڕندا لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەن و لە کۆمەڵگای ئێرانیشدا بە پێی هەلومەرج و کۆمەڵگەی جیهانی ڕووبەڕووی زۆربوونی ڕێژەی ئەم جۆرە بنەماڵە دەبینەوە. بەڵام بەو جیاوازییەی کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا دامەزراوە کۆمەڵایەتییە تەواوکەر و پشتیوانییەکانی ئەم جۆرە خێزانانە بە هۆی ئاستی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و سیاسەتداڕشتنە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە چاو کۆمەڵگایەکی وەکوو ئێران کە ڕووبەڕووی کێشەی گەشەسەندن و چالنجگەلێکی وەکوو ناسەقامگیریی ئابووری و شێوازی ئابووریی سیاسیی باڵادەست بۆتەوە کاراتر و چاکتر ئیش دەکەن.

5-5- زەمینە و فاکتەرە تاکەکەسییەکان

هەندێک تایبەتمەندیی دەستدرێژیکراوان و دەستدرێژیکاران، ئازاردانی سێکسی خێراتر دەکەنەوه. بەڵام ناتوانین هەر وا بە ئاسانی بڵێین کە کام یەک لە بوارەکان ڕۆڵێکی بەرچاوتریان لە ڕوودانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان هەبووە. لە درێژەدا ئەم بابەتە زیاتر باس دەکرێت.

5-5-1 – تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانی قوربانییەکان (دەستدرێژی‌کراوان)

هەبوونی هەندێک تایبەتمەندیی تاکەکەسی ئەگەری “بوونە قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی” پتر دەکات. ئەم توێژینەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی کەسانی قوربانیی دەستدرێژی دۆزیوەتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان وای کردووە زیاتر بکەونە بەر مەترسیی ئازار و دەستدرێژیی بەردەوام بۆ وێنه: کەمئەندامیی منداڵ لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوه، کەمیی ئاستی زیرەکی، جیاوازی لە ئەندامە جەستەییەکان، جوانی و قەشەنگی، هێمن‌بوون و نەتوانین لە ناڕەزایەتی دەربڕین، جوانبوون و جیاوازبوون لە فەرهەنگی ناوچەکە، منداڵی کۆچبەر، منداڵێکی ئالوودە بە مادەی هۆشبەر، فرەچالاکی و ملهوڕی. خستنە ڕووی ئەم تایبەتمەندییانە بەو مانا نییە کە منداڵانی ئاسایی دەستدرێژی ناکرێتە سەریان، بەڵکوو تەنیا ئەو گریمانەیە دێتە ئاراوە کە ئەم دەستە منداڵانە زیاتر تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوه. بەگشتی ئەو منداڵانەی کە سیفەتی کەسایەتییان ناکارامەیە، زیاتر لە لایەن کەسانی دیکەوە بەتایبەت کەسانی نزیکی خۆیان تووشی ئازاری سێکسی دەبنەوە و ئەمەش وایان لێ دەکا کە نەتوانن کاردانەوەیەکی گونجاویان بۆ ڕێگری‌کردن لەم دەستدرێژییە هەبێت.

لە ناو ئەم تایبەتمەندییانەدا دوو خاڵی بەرجەستە دەردەکەوێ کە بریتییە لە: یەکەمیان نەبوونی توانای بەرگری‌کردن لە خۆیان و نەبوونی توانای ڕاگەیاندنی دەستدرێژی و دووەمیان جیاوازبوونی ئەم گرووپە لە منداڵانی دیکه. ئەو منداڵانەی کە بە هەر هۆکارێک وەکوو کەمئەندامی جەستەیی و زەینی ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، دەبنە نێچیری کەسانی دەستدرێژیکار. لە گوتارە مەیدانییەکاندا جیاوازبوونی تایبەتمەندییەکانی منداڵ، وەک زەمینە و فاکتەرێک بۆ دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیەوە باس کرا.

هەروەها لە گێڕانەوەکانی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەو منداڵانە کراوە کە توانای قسە‌کردن و پەیوەندیی شیاویان نییه. ئەم نەبوونی توانا و لێهاتووییە زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی دەڕەخسێنێت. تاقمێکی دیکە ئەو منداڵانەن کە بیرکۆڵ، کەڕ و لاڵ و منداڵانی کەمئەندام و حاڵەتی لەو جەشنەن کە دەبنە ئامانجی دەستدرێژیکاران. هەندێک جار لەوانەیە دایک و باوک و ئەندامانی تری خێزان ئەو جۆرە منداڵانە بە سەرچاوەی کێشەکانی خێزان بزانن و بەو هۆیەوە ئازاریان بدەن، چونکە باش دەزانن توانای بەرگری‌کردن لە خۆیانیان نییە. ئەم تایبەتمەندییانە وا دەکا کە منداڵ نەتوانێ ئەو ئازار و دەستدرێژییانە لای کەسانی دیکە ڕابگەیەنێ، هەر بۆیە دەستدرێژکاران بە خەیاڵێکی ئاسوودەترەوە دەستدرێژی دەکەنە سەریان. هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم کۆمەڵە منداڵانە بە پێی ئاستی گەشە‌کردن و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەر کۆمەڵگایەک لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە.

بەڵام زۆرێک لە منداڵان کە هیچ حاڵەتێکی تایبەتیان نییە یان منداڵی ئاسایین بە هەمان شێوە تووشی جۆرەها دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە و تەنانەت ئەم دەستدرێژییە سێکسییەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ناو منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی هەندێ حاڵەتی وەکوو گۆشەگیری و دوورەپەرێزی سەر هەڵبدات. لاوازی لە وتنی نەخێر و بیر‌کردنەوەی ڕەخنەگرانە، تایبەتمەندیی کەسایەتیی ناکارامەی وەکوو خۆبەکەم‌زانین، دژەکۆمەڵایەتی‌بوون و گۆشەگیری، هەستە نەرێنییەکانی وەکوو تووڕەیی، ترس، گوناح و تاوانباری، شەرم و هتد، ڕێخۆشکەری ئازاردانی سێکسین کە لە پاڵ تایبەتمەندییەکانی کەسی دەستدرێژیکار دەتوانێ هاندەری دەستدرێژیی سێکسی بێ و بوار بۆ بەردەوامبوونی ئەم دەستدرێژی‌کردنە بڕەخسێنێت.

5-5-2- تایبەتمەندیی تاکەکەسیی دەستدرێژکاران

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کەسی دەستدرێژکار دەتوانین ئاماژە بەم مژارانەی خوارەوە بکەین: بەرگەگرتنی کەم لە ئاست شکست، نەتوانین لە کۆنترۆڵ‌کردنی تووڕەیی، لاوازیی لە سازکردنی هاودڵی لەگەڵ ئەندامانی خێزان، شەڕەنگێزیی زارەکی و جەستەیی، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و کحۆل، هەست‌کردن بە دڵەڕاوکێ لە کاتی سێکس‌کردن لەگەڵ گەورەساڵان، پێدۆفێلیا (منداڵبازی)، پێشینەی ئازاری سێکسی لە تافی منداڵی، بەدگومانییەکی زۆر بەرامبەر بە ئەندامانی خێزان، بوونی هۆگریی دژە کۆمەڵایەتی (ASPD) و کێشەی کەسایەتیی سنووری (BPD)، دەروون‌نەخۆش‌، ئیمپاڵسیڤی سێکسی، تەنیایی و کلیشەسازیی ڕۆڵە ڕەگەزێتییەکان، کەمیی متمانە بە خۆیی، تێکەڵبوونی سۆزداری، کێشەی خۆڕێکخستن، کێشەی تەندروستی … ؛ و لە ئاخاقتنی دیمانەلەگەڵکراوانیشدا هەست بە شەرم‌کردن، سەرزەنشت، هەست کردن بە تاوان و گوناح، ئازاری ویژدان، ترس و هەستی خاوەندارێتی هەستی زۆرینەی دەستدرێژیکاران بوو.

ئازاردانی سێکسی بەر لەوەی وەک ئاراستەیەکی ئەخلاقی سەیر بکرێ، جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ جیهانی زیندووه. بۆ ئەو دەستدرێژیکارەی کە کەسایەتییەکی دژەکۆمەڵایەتی هەیە، ژیانە کۆمەڵایەتییەکەی نەیهێشتووە بە شێوەیەکی بەرسازانە و لە ڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە هاوسەنگەکانەوە ئارەزووەکانی تێر بکات. هەڵبەت دەسەڵاتخوازی و ملهوڕبوونی کەسی دەستدرێژیکار وەک یەکێک لە سیفەتەکانی کەسایەتییەکەی پێویستە بە شێوەی بارودۆخی شی بکرێتەوە، چونکە ئەم کەسە لە بەرامبەر کەسی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی و لە سەردەمی ئێستادا لە پێگەی دەستدرێژکارە و ڕەنگە لە دۆخێکی دیکەدا وەک کەسێکی دەستدرێژیکراو چەوسابێتەوە.

6- پێشنیارەکان

پێشنیار و ڕێکارەکان لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە وەرگیراون: ئـ) ئەزموونی ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی کراوەتە سەریان. ا) پێشنیاری پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە کە دیمانەیان لەگەڵ کرا. ب) ئەدەبیاتی بواری منداڵ‌ئازاری کە لە سێ ئاستی بەرفراوان، مامناوەند و بچووکدا دەخرێنە ڕوو:

١. لە سەر ئاستی بەرفراوان و پێکهاتەییدا:

سیاسەتدانانی خۆشگوزەرانی – ڕاهێنانی بە تەرکیزکردنە سەر بنەماڵەی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە پشتیوانییەکان بۆ ئەوەی بێبەشییە فرەڕەهەندەکان کەم ببێتەوه.

– داڕشتنی سیاسەتی ناوچەیی و گەڕەکی سەبارەت بە هەژاری‌سڕینەوە و چاودێری‌کردنی شوێنە بێ‌بەرگرییەکان

– بەهێز‌کردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان

– دەستەبەر‌کردنی شوێنە گشتییەکان لە سەر ئاستی کۆمەڵگادا

– هەماهەنگیی ئۆرگانیکیی کاریگەرتر لە نێوان دامەزراوە پەروەردەیی، یاسایی، پزیشکی و یارمەتیدەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئامادەکردنی بەرنامەی ڕاهێنان بۆ ئەم دامەزراوانە بۆ ئەوەی وێڕای نهێنی‌پارێزی و مسۆگەرکردنی ئاسایشیان، منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی دەستنیشان بکەن و کۆمەک و هاوکاریان پێ بگەیێنن.

لە سەر ئاستی مامناوەند و دامەزراوەیی:

– دروست‌کردنی ناوەڕۆک بۆ کۆمەڵگا لە بواری ڕاهێنان لەبارەی سێکس

– بەهێز‌کردنی کاردای ڕاهێنان لە دامەزراوەی قوتابخانە

– ڕاهێنانی مامۆستا و ڕاهێنەر و بەرپرسانی قوتابخانە لە سەر چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە دەبنە قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی.

– فشارخستنە سەر حکومەت و یاسادانەران لە ڕێگەی دام‌ودەزگا مەدەنییەکانەوە بۆ ئەوەی یاساکان هەموار بکرێنەوە و کەلێنی نێوان یاسا فیقهییەکان و یاساکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ کەم ببێتەوە و بە شێوەی کاریگەر جێبەجێ‌ بکرێن.

– نەهێشتن و کەم‌کردنەوەی ڕوانگەی جێندەرییانە لە پرۆگرامی خوێندن و میدیادا.

– دروست‌کردنی ناوەندی دەستێوەردان و چارەسەر‌کردن بە جەخت‌کردنەوە لە سەر ناوچە مەترسیدارەکان

– پلاندانان بۆ دەستدرێژیکاران بۆ ئەوەی ڕێگری‌ لە ئازار و دەستدرێژییەکانی دیکەیان بکرێت.

– ڕاهێنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی بە منداڵان لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە بۆ ئەوەی چالاکانە لە ژینگەی ماڵ و کۆمەڵگادا بەرەنگاری ئازاردانی سێکسی ببنەوە.

لە سەر ئاستی بچووک و خێزان:

– زیاد‌کردنی زانیاری و لێهاتوویی خێزان و منداڵ لە ڕێگەی ڕاهێنان و ئاگادار‌کردنەوەیان بە پێی تەمەن.

– ڕەخنە و پێداچوونەوە بە شێوازی کۆمەڵگاگری و پەروەردەی منداڵ.

– هۆشیاریی سەبارەت بە ناکارامەیی و زیانبەخشبوونی شاردنەوەی ئازاردانی سێکسی و شەرعییەت‌سڕینەوە لە بەرسازی شەرم، حەیا و ئابڕوو و شەرەف.

– فێر‌کردنی خۆڕاگری بەرامبەر بە داخوازییە سێکسییەکان و بەهێز‌کردنی توانای وتنی “نا” بە منداڵ.

7- ئەنجام‌گرتن

بابەتی سێکسی پێش ئەوەی ڕەفتارێکی بایۆلۆژی و غەریزەیی بێ، بەرسازێکی ناسێکسییە و کاریگەریی نۆرم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فەرهەنگی کۆمەڵگای لە سەرە کە دەتوانین بە ڕاهێنانێکی کاریگەر بەڕێوەبەرایەتی بکەین. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێراندا زاڵبوونی گوتاری ئەخلاقی و عورفی، وەها پانتای پەیوەندییە سێکسییە ناباوە باڵادەست و زاڵەکانی سنووردار کردووە کە لێکدانەوەی لۆژیکی و بەڵگەدارانەی دیاردەی ئازاردانی سێکسی و ڕەهەندەکانی هەر وا بە ئاسانی مومکین نابێت. لە وەها پێکهاتەیەکی سیاسی – چینایەتیدا، یاسا ئەخلاقییەکان بە شێوەی زەینی و بە بێ گرێ‌دران بە خواستە ئۆبژەییەکانی خەڵک، مانەوە و پاساوداربوونی ئەو پێکهاتە بەرهەم دەهێنرێتەوە و پێشنیاری بۆ دەکرێ و ئەم گوتارە ئەخلاقییە باڵادەستە، ئازاردانی سێکسی وەک حەیاتکان و کەسی دەستدرێژیکراویش بە تاوانبار و گوناحبار سەیر دەکا و بە میکانیزمی تاراندن، سەرزەنشت‌کردن و سزادانی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی شەرعییەت بە باڵادەستبوونی خۆی دەدات. ئەوەی لەم توێژینەوەدا بە گوێرەی قسەی دیمانەلەگەڵ کراوان وەدەست هات، نیشان دەدا کە بە هۆی کێشە و قەیرانە پێکهاتەیی و کارداییەکانەوە دامەزراوە کۆمەڵگاگری و پشتیوانییەکانی کۆمەڵگای ئێران، لە بری ئەوەی لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە ناو بنەماڵەدا چارەسەر و ڕێگرییان لێ بکەن و کەمیان بکەنەوە لە ڕێگەی سیاسەتداڕشتن و پلانی ڕێک خراو، بە شێوەی سیستماتیک زەمینە بۆ خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەکوو ڕا‌کردن لە ماڵ و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هتد خۆش دەکەن. لە کۆمەڵگا ئایین‌پەروەر و ئایدیۆلۆژیکییەکانی وەکوو ئێران، ڕوانگەی سەرپەرشتانە بە سەر هەموو بوارەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی و پانتای تاکەکسیدا زاڵە و بە گوێرەی ئەو گوتار و نۆرمانەی کە شەرعیەتیان پێ دەدا، پاساوی پاراستن و بە تاوان و گوناحەوە پیسنەبوون، بۆتە بیانووی باڵادەستی و سەرکوت. لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت منداڵان کە لە قۆناغی کۆمەڵگا‌گری و گەشە‌کردندان، ئەم نۆرمانە بە شێوەیەک بەدەڕوونی بوون کە بۆ ڕێگری‌کردن لە دەستدرێژیی سێکسی یان حاڵەتی پاکانەکردن بۆ ئازار و دەستدرێژی، ئەم نۆرمە ناکارامانە دەقۆزنەوه. دیارە کاتێک کەسی قوربانی کە لە لایەن مەحرەمەکانیەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر و کۆمەڵگا پاڵپشتی لێ ناکا، ناچار بە هەندێ کاردانەوە دەبێ کە گڕی کێشە و خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانی هەمان ئەو کۆمەڵگایە خۆشتر دەکا و ئەم پرۆسەش لە سووڕێکی سەقەت و خراپدا بەردەوام دەبێت. ئەگەر ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگری‌کردن و کەمکردنەوەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان نەگیرێتەبەر ئەمە خۆی دەبێتە بەستێنێک بۆ دروستبوون و زیاتربوونی کێشە و خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە‌ و دەبێتە کۆسپی بەر دەم گەشە‌کردنی کۆمەڵگا. پڕۆسەی لۆژیکیی ئەنجامە سەرەکییەکانی توێژینەوە دەریدەخا کە گرنگترین هۆکارەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بریتین لە هەژاری و بێبەشی، خێزانە شێواوەکان، ناکارامەیی ڕێکخراوەکان لە بواری دابین‌کردنی ڕاهێنانی سێکسی و پاڵپشتی‌کردن، نەبوونی یاسایەکی ڕوون و شەفاف و ناکۆکی و لێکدژیی یاساکان.

ئەنجام ئەوەیە: سیاسەتی ئابووریی ناکارامە و منداڵ‌شاردنەوە لە فەرهەنگی ئایینیی هەژموونی‌خوازانه، بۆتە هۆی ئەوەی کە تێهەڵکێشبوونی سێکسوالیتە و توندوتیژی ببێ بە شتێکی ئاسایی و سروشتی و ببێتە بابەتێکی دەروونی؛ کە هەر ئەم پرسە زەمینەخۆشکەری توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و سێکسی بەرامبەر بە ئەندامانی بندەست و بێدەسەڵاتی خێزان و کۆمەڵگا دەبێ و دامەزراوە کۆنەپەرەستە یاسایی و ئایینییەکانیش پشتگیری لێ دەکەن.

سەرچاوە کوردییەکان:

ئەحمەدی، کامیل و هاوکاران (2023)، تابۆ و نهێنی‌پارێزی: توێژینەوەیەک سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە جەخت کردنە سەر زینا لەگەڵ مەحارم لە ئێران، دانیمارک: ئاڤای بوف.

ئەحمەدی، کامیل و هاوکاران (2017). زایەڵەی بێدەنگی: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران. تاران: چاپخانەی شیرازه.

سەرچاوە فارسییەکان:

ایروانیان، امیر. (1389). باز آسیب‌دیدگی قربانيان جنسي در بستر پاسخ‌های اجتماع و نظام عدالت كيفري. پژوهش حقوق. 12 (29): 24-1.

زارعی، محمد حسین(1396)،مطالعه تطبیقی حمایت از حریم خصوصی در فضای مجازی با تاکید بر مقررات جدید اتحادیه اروپا ارائه شده در همایش بین المللی جنبه های حقوقی فناوری اطلاعات و ارتباطات. 

مالجو، محسن(1389). تجاوز به محارم: زمینه‌ها، استراتژی‌های متجاوز و واکنش‌های بزه دیده. رفاه اجتماعی. 9 (34): 113-83.

وامقی، مروئه؛ فیض زاده، علی؛ میراب زاده، آرش و فیض زاده، گلناز (1386). مواجهه با خشونت خانگی در دانش آموزان دبیرستانی شهر تهران. فصل‌نامه علمی پژوهشی رفاه اجتماعی، 6 (24): 305-325.

سەرچاوە ئینگلیزییەکان:

Aspelmeier, J. E., Elliott, A. N., & Smith, C. H. (2007). Childhood sexual abuse, attachment, and trauma symptoms in college females: The moderating role of attachment. Child abuse & neglect, 31(5), 549-566.

Babchishin, K. M., Karl Hanson, R., & Hermann, C. A. (2011). The characteristics of online sex offenders: A meta-analysis. Sexual Abuse, 23(1), 92-123.

Chen et al, )2010(.

Dalal, K (2008). Causes and Consequences of Violence Against Child Labourand Women in Developing Countries. Karolinska Institutet: 1- 41.

Dube, S. R, Anda, R. F., Whitfield, C. L., Brown, D. W., Felitti, V. J., Dong, M., & Giles, W. H. (2005). Long-term consequences of childhood sexual abuse by gender of victim. American journal of preventive medicine, 28(5), 430-438.

Edleson, J.L. (1999), Children’s Witnessing of Adult Domestic Violence, Journal of Interpersonal Violence, 14 (8): 839-870. conformity and substance use on victim blaming. Aggression and violent behavior, 17(5), 443-452.

Glasser, M, Kolvin, I., Campbell, D., Glasser, A., Leitch, I., & Farrelly, S. (2001). Cycle of child sexual abuse: Links between being a victim and becoming a perpetrator. The British Journal of Psychiatry, 179(6), 482-494.

Grubb, A, & Turner, E. (2012). Attribution of blame in rape cases: A review of the impact of rape myth acceptance, gender role conformity and substance use on victim blaming. Aggression and violent behavior, 17(5), 443-452.

Hillis S, Mercy J, Amobi A, Kress H. Pediatrics. (2016). Global prevalence of past-year violence against children: a systematic review and minimum estimates. 137(3): e20154079.

Henting.A.b (1978). “The crimical and his victim”.See Ais.California commission on the statuses of women. Domestic violence fact sheet 1948.

Margolin, G. Gordis, E. B. (2004), Children’s exposure to violence in the family and community, Current Directions in Psychological Science, 13(4): 152-155.

Stoltenborgh, M, Bakermans‐Kranenburg, M. J., Alink, L. R., & van IJzendoorn, M. H. (2015). The prevalence of child maltreatment across the globe: Review of a series of meta‐analyses. Child Abuse Review, 24(1), 37-50.

Turner, D, & Rettenberger, M. (2020). Neuropsychological functioning in child sexual abusers: A systematic review. Aggression and violent behavior, 54, 101405.

ماڵپەڕەکان

ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی

باشگاە خبرنگاران جوان 1395

پرتال رویە آنلاین

https://www.who.int/health-topics/violence-against-women#tab=tab_1

https://www.who.int/mediacentre/factsheets/violence-against-children/en/

http://qavanin.ir/

  1. . محقق و مردم شناس : https://kameelahmady.com & [email protected]
  2. . Unicef
  3. . Dalal
  4. . Dalal and et al
  5. . proceduresonline
  6. . Henting
  7. . Stoltenborgh et al
  8. . Grubb & Turner
  9. . Dube et al
  10. . Glasser et al
  11. . Babchishin et al
  12. . Aspelmeier and et al
  13. . Grubb & Turner
  14. . proceduresonline
  15. . Henting
  16. . Stoltenborgh et al
  17. . Dube et al
  18. . Glasser et al
  19. . Babchishin et al
  20. – بۆ زانیاریی زیاتر لەم بوارەدا و دەستڕاگەیشتن بە ناوەڕۆکی گێڕانەوەی دیمانەکان، بڕوانە: ئەحمەدی، کامیل (٢٠٢٣)، تابۆ و نهێنی‌پارێزی: توێژینەوەیەک سەبارەت دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە جەختکردنەوە لە سەر زینا لەگەڵ مەحارم له ئێران، لەندەن: ئاڤای بۆڤ.
  21. – هەڵبەت توندوتیژیی سێکسی تەنیا لای چینی خوارەوە باو نییە، بەڵکوو لە ناو هەموو چین و توێژە ئابوورییەکاندا دەبینرێ، بەڵام ئەزموون و گێڕانەوەکەی لە ناو هەژاراندا زیاتر بەدی دەکرێت.
  22. – پێویستە بگوترێ بەو پێیەی لەم دواییانەدا یاسای داکۆکی له منداڵان و مێرمنداڵان پەسەند کراوه، ئەوه سروشتییە که کەسانی بەردیمانه که له ساڵی 1399 هەتاوی دیمانەیان لەگەڵ کرا، لە بوونی ئەو جۆرە یاسایانە ئاگادار نەبن.
  23. – هەڵبەت هەموو ئەم جۆرە ماڵانە شێواو نین، بەڵکوو لە ڕووی پێکهاتەوە جیاوازن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە مەرج نییە ئەم جۆرە خێزانانە هەمیشه بەستێێک بۆ دەستدرێژیی سێکسی بن بەڵام ئەگەری دەستدرێژیی سێکسی له ناو ئەم خێزانانەدا زیاتره. ئەم فۆرمەی خانەواده تەنیا لە چینێکی کۆمەڵایەتی – ئابووریی تایبەتدا سنووردار نابێتەوه و لە ناو هەموو چینەکاندا بوونی هەیە، چونکە پەیوەندییه مرۆییەکان و سروشته مانادار و کاریگەرەکەی لە یەک فاکتەردا تەسک نابێتەوه. خێزانی شێواو و ئەو خێزانانەی که توانای پەروەردەکردنی منداڵیان نییە لە ناو هەموو چینەکاندا هەن.