توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە ناهاوسانان لە وڵاتی ئێران
نووسەر: کامیل ئەحمەدی
دەستخۆشی و پێزانین
بەشی
گوتاری هۆگریی سێکسی – پێناسه، ڕوونکردنەوە و کورتە مێژوو
بابەتەکان:
- پێناسه، ڕوونکردنەوە و کورتە مێژوو
- ناهاوسان: وشە گشتییەکان
- هاوڕەگەزخواز
- دیترڕەگەزخواز یان straight
- هیچڕەگەزخواز
- سێ هێمای دەمارگرژی ڕەگەزی
- گێڕانەوەی مێژوویی ناهاوسانی و هەوڵەکانی
- ناهاوسانی لە ئەدەبیات
- تیۆرییەکانی ناهاوسانی
پێڕستی بابەتەکان
وشە کورت کراوەکان
پێزانین
وشەنامه
پوخته
بەشی 1
- ئەدەبیاتی هۆگریی سێکسی و پێناسەکان، ڕوونکردنەوە و تیۆریی ناهاوسانی
- LGBT – دێڕی گشتی
- سێ هێمای دەمارگرژی ڕەگەزی
- گێڕانەوەی مێژوویی ناهاوسانی
- ناهاوسانی لە ئەدەبیات
بەشی 2
- ڕوانگە جیهانییەکان – ناهاوسانی
- هۆگریی سێکسی وەک مافێکی مرۆیی
- ناهاوسانی لە داڕشتە یاساییەکاندا
- بڕیارە یاساییەکان لە مەڕ ناهاوسانی
بەشی 3
- ناهاوسانی و هێما دەروونییەکانی
- ناهاوسانی و بنەماڵه
- ناهاوسانی و گێچەلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
- شیکردنەوەی ئایین و سەرچەشنی کێشە دەروونییەکان
- هۆگریی سێکسی بۆ منداڵان
بەشی 4
- ناهاوسانی لە وڵاتی ئێران – پاژە ونبووەکان
- ئەو ئێرانییانەی وا شووناسی ڕەگەزیی خۆیان نەدرکاندووە و لە شاراوەییدا دەمێننەوە.
- ڕوانگەی یاسایی بۆ ناهاوسانی لە وڵاتی ئێران
- ڕوانگەی ئایینی
بەشی 5
- خوێندنەوەی ئێستای ژیانە نەبینراوەییەکان
- پێشینەی لێکۆڵینەوه
- شێوازی بە کارهێنراو لە لێکۆڵینەوەی ڕابردوو
- ڕێکخستنی شێوازی لێکۆڵینەوه
- شوێنی جوگرافیایی و حەشیمەتی لێکۆڵینەوە
تاران
مەشهەد
ئیسفەهان
- بواری دڵخواز و نموونەگیری
- شێوازی لێکۆڵینەوەی ئاوێتەیی
شێوازی نموونەگیریی تۆپەڵە بەفری
ئەندازەگرتنە چەندایەتییەکان
لێکۆڵینەوەی چەندایەتی
تیۆریی داتابنیات
- ئاستەنگەکان
- تێبینییە ئەخلاقییەکان
- کێشەکانی پەیوەست بە شێوازی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوه
- لێکۆڵینەوەی پارێزگایی
بەشی 6
سەرچەشنە ڕوو لە گۆڕانەکان و ڕێگەی داهاتوو
وشەناسی – وشەنامه
پێڕستی ژێرەوە بریتییە لە پێناسەی ئەو وشانەی کە چەندین جار لەم کتێبەدا ناویان دەهێنرێ و ئەو دامەزراوانەی کە ناو دەقەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت.
هیچڕەگەزخواز (asexual)
کەسێک کە هیچ هۆگرییەکی بۆ هاوڕەگەز یان ڕەگەزی بەرامبەری خۆی نییه.
دووڕەگەزخواز
کەسێک کە لە ڕووی سۆزداری، فیزیایی و / یان سێکسییەوە هۆگریی هەم بۆ پیاو و هەمیش بۆ ئافرەت هەیه. پێویست ناکا ئەم هۆگرییە یەکسان بێ یان پیشاندەری هۆگریی یەکسان بۆ ئەو ڕەگەز یان ڕەگەزانە بێ کە کەسەکە هۆگریی بۆیان هەیه.
هاوئاراستەڕەگەزخواز
کەسێک کە لەگەڵ ڕەگەزی خۆی لە کاتی لەدایکبوونیدا هاوئاراستەیه.
درکاندنی هۆگریی سێکسی
ئەم دێڕە ئاماژە بە کەسێک دەکا کە ڕاشکاوانە پیشانی دەدا کە دووڕەگەزخواز، گەی، لزباین یان تڕەنسە. درکاندنی هۆگریی سێکسی پرۆسەیەکی هەمیشەییە لە قبووڵکردنی سێکسی یان شووناسی ڕەگەزیی.
گەی
پیاوێک کە زۆر جار لە ڕووی سۆزداری، فیزیایی و / یا سێکسییەوە هۆگری کەسانی هاوڕەگەز و / یان ڕەگەزی هاوشێوەیه. ئەم وشە زیاتر دەڕوانێتە ئەو پیاوانەی کە ڕاکێشی پیاوان دەبن؛ بەڵام دەتوانین ئەمە بۆ ئافرەتانیش بە کار ببەین. ئەم وشە گشتییە زۆر جار بۆ ئاماژەکردن بە جڤاکی ناهاوسانان بە گشتی یان وەک شووناسێکی یەکسان بۆ کەسێک بە کار دەبرێ کە خۆی بە دیترڕەگەزخواز نازانێت. شیاوی وتنە وشەی گەی یەکەمین جار لە فیلمێکدا بۆ ئاماژە بە هاوڕەگەزخوازی کەڵکی لێ وەرگیرا.
ڕەگەزێتی
ئەم وشە ئاماژە بەو جیاوازییە کۆمەڵایەتی یان کەلتوورییانە دەکا کە لە سەبارەت بە ڕەگەزێک بێچم دەگرن. بە گشتی، ڕەگەزێتی چەمکێکی چێکراوی کۆمەڵایەتییه. ئەم کۆمەڵە ستانداڕدە چێکراوە کۆمەڵایەتییانە بۆ کۆمەڵگا، شووناس و ڕفتاری دیار و نادیار بە پێی پێکهاتەی بایۆلۆژیکی ڕەواڵەتی کەسەکان دەخرێتە پاڵیان (گرووپی کاری ئەنجومەنی دەروونناسانی ئەمریکا لە بواری شووناسی ڕەگەزێتی و جیاوازییە ڕەگەزییەکان 2008؛ 1987 West & Ziemerman). ڕەگەزێتی ئامرازێکی کلیلیی بینراوە کە بێچم بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵات، ئیمتیاز و سەرکوت دەدا (Moradi & Yader, 2011). ڕەگەزی کەسێک ئەو جۆرەی کە بە بایۆلۆژی ئەو دیاری دەبێ، هەمیشە لەگەڵ ڕەگەزێتی ئەو یەک ناگرێت. کەواتە ناکرێ وشەکانی «ڕەگەز» و «ڕەگەزێتی» لە بری یەکتر بە کار بهێنرێت.
شووناسی ڕەگەزێتی
هەستی دەروونی و تایبەتیی هەر کەسێک لە مەڕ پیاوبوون، ئافرەتبوون یان ڕەگەزی سێیەم پێی دەوترێ شووناسی ڕەگەزێتی. بۆ تڕەنسەکان و کەسانی هەڵگری ڕەگەزی سێیەم، ڕەگەزی ڕەپاڵدراویان لە کاتی لە دایکبوون لەگەڵ هەستی دەروونیان سەبارەت شووناسی ڕەگەزییان یەک ناگرێتەوه.
دیترڕەگەزخوازنۆڕمی
کۆمەڵێ لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە کە هۆگریی سێکسی نۆڕماڵ و ڕێک دەخا و هەر شتێک کە لە دەرەوەی بازنەی ئایدیالەکانی دیترڕەگەزخوازی، یەکهاوسەری و یەکسانسازیی ڕەگەزێتی بێ دەیخاتە پەراوێزەوه.
دیترڕەگەزخواز
ئەو کەسەیە کە بەردەوام لە ڕووی فیزیایی، سۆزداری و / یان سێکسییەوە هۆگریی ڕەگەزی بەرامبەره.
هاوڕەگەزخوازتۆقێنی
بێزاری یان نفرەتێکی گشتی لە هاوڕەگەزخوازانە کە بریتییە لە دەمارگرژیی کەلتووری و تاکەکەسی لە دژی هاوڕەگەزخوازان. هاوڕەگەزخوازتۆقێنی دوو لایەنی هەیه: هاوڕەگەزخوازتۆقێنی دەروونیکراو واتە چەسپاندنی هەستی دژە هاوڕەگەزخوازیی کۆمەڵگا لە دڵ و دەروونی کەسانی گەی و لزباین و هاوڕەگەزخوازتۆقێنی دەرەکی (زیاتر لە ناو دیترڕەگەزخوازان). هاوڕەگەزخوازی دەتوانین لە لایەنێک لە دەمارگرژیی هێورانە هەتا خۆبوواردن لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی هاوڕەگەز ئەندازە بگرین (فایف، 1983).
هاوڕەگەزخواز
کەسێک کە لە ڕووی سۆزداری، فیزیایی و / یان سێکسییەوە هۆگری هاوڕەگەز / ڕەگەزێتی خۆی دەبێت. لە قۆناغێکدا ئەم وشە بە هۆی کورتە مێژوویەکی کە لە ڕیزی نەخۆشییە دەروونییەکاندا دادەنرا، وەک لەقەم لێی دەڕوانرا (بەتایبەت بە شێوەی ناو) و بە شێوەی گشتی بە کار نەدەهێنرا (وشەگەلی وەک گەی و لزباین بە دەکار دەهێنران). بە گوێرەی مەزەندەی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ساڵی 1993 جانووس، 9 لە سەدی پیاوان و 5 لە سەدی ژنان پەیوەندییگەلێکی زیاتر لە پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانەیان «هەندێ جار» هەبووه. لە ساڵی 2000ـی زایینی، ئیدارەی ئاماری ئەمریکا بۆی دەرکەوت کە هاوژینە هاوڕەگەزخوازەکان کەمتر لە 1 لە سەدی بنەماڵە ئەمریکییەکان پێک دێنن. لە ئاگێستی ساڵی 2002، مامناوەندی مەزەندەیی گالۆپ لە پیاوانی گەیدا 21 لە سەد بوو.
نێوانڕەگەز
کەسێک پێناسە دەکا کە ڕەگەزی بایۆلۆژیکەکەی دیار نییه.
لزباین
مەبەست ئەو ئافرەتانەیە کە هۆگریی ڕۆمانسی، حەشەری و / یان سۆزدارییان بۆ ژنانی دیکە هەیه. گالۆپ لە ئاگێستی ساڵی 2002، مەزەندەی ئەوەی کرد کە بە شێوەی مامناوەند 21 لە سەدی پیاوان گەی و 22 لە سەدی ئافرەتانیش لزباینن.
ناهاوسان
کەسانێک کە لە نێوان هەر دوو سەری لایەندان، زۆر جار بە دووڕەگەزخواز دادەنرێن و توێژەران وەک گرووپێکی یەکدەست لێیان دەڕوانن.
ڕەگەز
ئاماژە بە جیاوازیی فیزیایی یان فیزیۆلۆجیکی نێوان پیاوان، ژنان و لەشی نێوانڕەگەزەکان دەکا کە هەم تایبەتمەندیی سەرەتایی (سیستەمی زک و زا) و هەم تایبەتمەندی دووهەم (مەمک و مووی دەموچاو) لە خۆ دەگرێت. ڕەگەز واتە بارودۆخی فیزیایی و بایۆلۆجیکی شوێنی کۆئەندامی زاوزێ کەسەکە کە ئەو بۆ بوونە (پیاو یان ئافرەت یان …) شیاو دەکات.
هۆگریی سێکسی
هۆگریی سۆزداری، ڕۆمانسی، سێکسی و / یان خۆشەویستانەی بەردەوام بۆ کەسێکی دیکەیە. هۆگریی سێکسی لەگەڵ دیکەی ڕەهەندە ڕەگەزییەکانی وەک ڕەگەزی بایۆلۆجی، شووناسی ڕەگەزێتی (هەستی دەروونی پیاو یان ئافرەت بوون) و ڕۆڵە ڕەگەزێتییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەچاوکردنی بەها کەلتوورییەکانی ڕفتاری ئافرەتانە و پیاوانە فەرقی هەیە (هەڵاواردنی هۆگریی سێکسی، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ، www.equalityhumanrights.com/en/advice). هۆگریی سێکسی تایبەتمەندی ئەو کەسەیە کە بەشێک لەو شتەی کە کەسەکە هەیه. پێک دێنێت. ئەم چەمکە لایەنێک لە هۆگرییە سێکسییەوە مرۆییەکان لە لزباین و گەیەوە بگرە تا دەگاتە دووڕەگەزخواز و دیترڕەگەزخواز دەگرێتەوه.
تامەزرۆیی سێکسی
ئەو هۆگرییانەی وا مرۆڤەکان بۆ یەکتریان هەیه، هۆگریی و ڕاکێشانیان بۆ دیتران و پتانسییەلی ئەزموونی حەشەری و وڵامدانەوەی خواستی زکوزا و بە خستنە ڕووی هەستی دەروونی دڵخوازه. هۆگریی سیکسی لە ڕەگەز و ڕەگەزێتییە جیاوازەکاندا وەک یەک نییە و دەتوانێ بە لای هاوڕەگەز یان ڕەگەزی بەرامبەردا بشکێتەوە. هاڵپرین (1990) بە ئاماژەکردن بە سەرچەشنی پێکهاتە خوازی کۆمەڵایەتی دەڵێ هۆگریی سێکسی بابەتێکی داهێنراوە و بەر لەم داهێنانه، بە پێی ئاکاری سێکسی کەسەکە هەڵسەنگاندنی ڕەگەزیی بۆ دەکرا و نە بە پێی هۆگریی سێکسی ئەو کەسە. هۆگریی سێکسی دەتوانێ بۆ هاوڕەگەز یان ڕەگەزی بەرامبەر بێت. زۆربەی لێکۆڵەرانی بواری هۆگرییە سێکسییەکان لەو باوەڕەدان کە پێباشییە سێکسییەکان لە یەکەم ساڵەکانی ژیاندا دەرکەون.
تڕەنس تۆقێنی
ترس یان نفرەت لە کەسانی تڕەنسە کە هەندێ جار خۆی لە چوارچێوەی هەڵاواردن، گۆشەگیری، ئازار یان توندوتیژی دەنوێنێت. (بڕوانە فووبیا (ترس) و هاوڕەگەزخوازتۆقێنی).
تڕەنسێتی
پێناسەیەکی گشتییە بۆ وەسفی ڕێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کە شووناسی ڕەگەزیی یان ڕۆڵی ڕەگەزییان لەگەڵ ڕەگەزی ڕەپاڵخراویان لە کاتی لە دایکبووندا یەک نییه. ڕەگەز و ڕەگەزێتی هەمیشە لەگەڵ یەکتر هاوئاراستە / یەکسان نین. لە کاتێکدا کە وشەی «تڕەنس» بە شێوەی گشتی پەسند کراوه، هەموو کەسانی تڕەنس / ناهاوئاهەنگیی ڕەگەزێتی (TGNC) خۆیان بە تڕەنس نازانن. لەوانەیە ئەو کەسانەی وا لەم ڕیزبەندییەدا جێگیر کراون، وا هەست بکەن لە ڕەگەزێکی هەڵەدا دانراون؛ وەها تێگەیشتنێک لەوانەیە هۆگربوون بۆ نەشتەرگەری یان دەرمانی هۆرمۆنی لێ بکەوێتەوە یان نەکەوێتەوە (مییێر و لابۆسکی، 2013، پێناسەکانی هۆگریی ڕەگەزێتی و هەمەجۆری ڕەگەزێتی لە بەڵگەکانی APA، وشەنامەی دەروونناسی 2115 ،APA).
گوێڕایەڵی (تەمکین)
چەمکێکی یاساییە لە یاسای ئێراندا کە ئاماژە بە ملکەجبوونی ژن (هاوسەر) بۆ خواستی مێردەکەی دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ئەم وشە پێڕستکراوانە هاوکاریی لێکجیاکردنەوەی پلە جیاوازەکانی هۆگری سێکسی دەکەن، بەردەوام ئایدیای هۆگریی سێکسی، هاوشێوەی ئەوەی لە لایەنێک لە هاوڕەگەزخوازی هەتا دیترڕەگەزخوازیدا پێناسە دەکرێ، بەهێز دەکەن. توێژینەوەکانی ئەم دواییانە دەیانویست خاڵەکانی نێوان ئەم دوو سەری لایەنی هۆگریی سێکسییە لەوەش ئاڵۆزتر بکەن و ناوگەلی وەک دیترڕەگەزخواز – دووانه، دووڕەگەزخواز – دووانه، لزباین – دووانه، کونجکۆڵ – دووانه زیاتر دیترڕەگەزخواز و زیاتر هاوڕەگەزخوازیان بە کار هێناوه. هەروەها ئەم ناوانە دووڕەگەزخواز و ئەزموونەکانی دیکەی فرەڕەگەزخواز بە ئاوێتەیەک لە هۆگریی هاوڕەگەزخوازانە و دیترڕەگەزخوازانە دەزانن و لە ڕوانگەی زمانناسی بە لابردنی ناوە شووناسییەکانی دیکە، پۆلێنبەندی دیاریکراوی دیترڕەگەزخواز، لزباین / گەی و دووڕەگەزخواز ڕاست دەکەنەوه.
سپاس و پێزانین
بابەتی ڕەگەز و بەتواناکردنی منداڵان و ئافرەتان لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا یەکێک بووە لە پەرۆشییە جیدییە توێژینەوەکانی بەنده. توێژینەوەم لە مەڕ هاوسەرگیریی سپی لە وڵاتی ئێران لە لێکۆڵینەوەکانی ڕابردووم سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و خەتەنەی ژنان لە ئێران، کە بۆ سەر هەر دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاو کراونەتەوه، سەرچاوەی گرتووه.
لە کاتی ئیشکردن لە سەر هاوسەرگیریی سپی و هاوسەرگیریی کاتی / مەتعە لە ئێراندا تووشی کۆمەڵێک هاتم کە شووناسی ڕەگەزێتیان لە ئێراندا قبووڵ کراو نەبوو. ئەم کەسانە بە وشەی کورتکراوەی ئێڵ جی بی (LGB) ناوزەد دەکرێن کە بریتییە لە لزباینەکان، گەیەکان و دووڕەگەزخوازەکان. ئێڵ جی بی گرووپێکی بەربڵاوە لەو کەسانەی کە بە ئاوڕدانەوە لە ڕەگەزێتی، هۆگریی سێکسی، نەتەوە / ئێتنیک و بارودۆخی کۆمەڵایەتی – ئابووریی زۆر جۆراوجۆرن. بە گشتی ئەم بابەتە بەتایبەت بۆ ئەو گەنجانەی کە لەوانەیە بە هۆی هۆگریی سێکسی خۆیان بێڕێزیان پێ بکرێ یان لە ناو ترسی هەڵاواردن و ناو و نیتکە دەژین، دەتوانێ بابەتێکی هەستیار بێت. لە ئێران ئەندامەتی لەم گرووپە مەترسی زۆری لێ دەکەوێتەوە. نە کۆمەڵگا و نە هیچ ڕێکخراوێکی یاسایی پشتیوانی لە ئێوە ناکا و ئێوە هەمیشە لە ترسی بە دواداچوون و ڕاوەدوونانی یاساییدا دەژین. بڕیارم دا لەم بوارەدا دەست بدەمە لێکۆڵینەوه؛ چوونکە پێم خۆش بوو توێژینەوەیەکی نوێی خەڵکناسی هاوکات لەگەڵ گێڕانەوەی بەسەرهاتی هەوڵ، ترس و هیوای ئەم کەسانە ئەنجام بدەم کە ڕەنگە لە ژیانیاندا گۆڕانێکی باش و ئەرێنی بەدی بێنم. ئەمە بەر یەککەوتنە ساتەوەختییە لە ژیانی من گۆڕانی بەدی هێان و من بووێری تاوتوێکردنی ژیانە شاراوەکانم وەدەست هێنا کە بۆ زۆرمان نەناسراوه. کاتێک بڕیارم دا توێژینەوەیەک لە سەر ژیانی ناهاوسانان لە ئێراندا ئەنجام بدەم، دەستبەجێ بۆم ڕوون بۆوە کە بە مەبەستی ئاشکراکردنی کێشە زۆرەکانیان، دەبێ خۆم لە وڵات بم بۆ ئەوەی لە هێمنایەتی جیهانی نەزۆک، لە هەمبەر بچووکترین هێمای حەڕەشە و خەسارهەڵگرییەکدا ببمە قەڵغان. ئەم توێژینەوە لە ناو سەرکوتی باڵادەستدا خۆی بە پابەندی ڕوونکردنەوە دەزانێ، گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەم کەسانە بۆ هەموو جیهان لە ڕێگەی پیشان دانی ژیانی ڕاستەقینە لە وڵاتێکدا بە پێویستی زانی کە نکۆڵی لە بوونی ناهاوسانان و نەهامەتییەکانیان لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بنەماڵه، کەس و کار و کۆی کۆمەڵگادا دەکات. قۆناغی چۆنایەتی توێژینەوە بریتی بوو لە گرووپە فوکووسەکان و دیمانەی نیوە قووڵ لەگەڵ ناهاوسانان و دیترڕەگەزان کە لە لایەن گرووپی کاری مەیدانی ئەنجام درا. بۆ یەکەم جار ئەم توێژینەوە بڕیاری دا ڕا و هەستی ئەو کەسانە تۆمار بکا کە لە ناوخۆی وڵاتدان و پاش بە کارهێنانی تیۆریی داتابنیات، ئەنجامەکان وەدەست بێنێت. تیۆریی داتابنیات لە سێ گۆشەکردنی سۆزی وڵامدەران هاوکاری کردین و چالاکانە گێڕانەوەکانی ئەوانی گۆڕی.
من ئاوا بووێرانە ئیشم کرد؛ چوونکە دەمویست ئەوەی لە ئێراندا بۆ کۆمەڵەی ناهاوسانان ڕوو دەدا، ڕاستبوونەکەی تاقی بکەمەوه، هەستی کەسەکان بزانم و ئەوەی کۆمەڵگا خوازیاری سەرکوتکردن یان حەشاردانیەتی، بیخەمە ڕوو. هیوادارم بە بەشداریم لەوێ بۆ بە دیکۆمێنت سازی دەستە یەکی ئەم بابەتە حەقیقەت دەربکەوێ و ببێتە هۆی گۆڕانێکی ئەرێنی.
لە تەواوکردنی شرۆڤەکەی خۆم، لەم توێژینەوەدا لەگەڵ نوێنەرانی گرووپە شاراوەکانی ناهاوسانان لە سەر ئاستی هەر سێ شاری گەورەی ئێران وتووێژ کرا. بۆ توێژەر و خەڵکناسێک، ئەمە ڕێگەیەک بوو بۆ ناسینی ڕا و بۆچوونی جڤاکی ناهاوسانان لە چەندین ڕەهەندی بەربڵاوتردا. ئەوانەی وا بۆ وتووێژ سەردانمان کردن، زۆر گەرم و گوڕبوون و لەوەی کە ببوونە بەشێک لە کاری ئێمه، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەم توێژینەوە پوختەیەک لە ئەنجامەکان دەخاتە ڕوو و ئەنجامەکان بە هەمان شێوە دەخرێتە بەردەستی بەرپرسی پلان و ئیدیتۆرەکان و بەردەوام پێشکەوتنی توێژینەوە تاوتوێ دەکرێتەوە.
حەقیقەتی ژیانی ناهاوسانان پێویستی بە شایەتحاڵه. بوونی ئەوان بە شێوەیەکی هەمەگیر و سیستماتیک نکۆڵی لێ دەکرێت. نووسینی ئەم یادداشتی سوپاسگوزارییە بەشی کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیه. ئەم قۆناغە بۆ من قۆناغی فێرکاریی، نە تەنیا بە شێوەی زانستی بەڵکوو لە سەر ئاستی تاکەکەسی بووه. ئەم توێژینەوە کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر من دانا. پێم خۆشە سپاسی ئەو کەسانە بکەم وا پشتیوانیان لێ کردم و لەم ماوەدا هاوکارییان کردووم. لە کانگای دڵەوە سپاسی تیمی کاری مەیدانی و ئەو ڕۆحە بەجەرگ و بووێرانە دەکەم وا ڕێگەیان دا هەستیان تۆمار بکرێت. لە ڕاستیدا قسەکردنی ئازادانەی ئەوان ژیانی ئەوان خستۆتە بەر مەترسی.
بەتایبەتی سپاسی ڕاوێژکارەکەم، حومێڕا ناز دەکەم کە بۆ کۆکردنەوه، شرۆڤە و ئامادەکردنی ئەم گێڕانەوە لە کارە ئینگلیزییەکەدا هاریکاری کردم. ناوبراو پێشنیاری باشی هەبوو و بە هاندانەکانی لە هاوئاهەنگی ئەم پلانە بەتایبەت نووسینی ئەم ڕاپۆڕتە هاوکاری کردم. ئەگەرچی لەوانەیە لەگەڵ هەموو شیکارییەکانی ئەم توێژینەوە هاوڕا نەبێت.
پێم خۆشە بۆ هەڵەچنی و ڕاستکردنەوەی دەقی ئینگلیزی و خستنە ڕووی بۆچوونی کارناسانە سپاسی لۆرێن کۆنس و کەتایوون ئێحسانی بکەم.
سپاسی حەشیمەتی ناهاوسانان، پزیشکان و ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکان دەکەم کە بۆ ئەم توێژینەوە زانیاری بە نرخیان پێدام و بۆ ڕا و بۆچوون و ڕوانگەی بەسوودیان سەبارەت بە بەرگی یەکەمی ئەم دەقە سپاسی هاوکارە «بێناو»ـەکانم دەکەم. بەرپرسایەتی هەر هەڵەیەک لە سەر ئەستۆی خۆمە و بە هیچ شێوەیەک کەسایەتی ئەم بەڕێزە هێژایانە ناڕووشێنێت.
سوپاسی هەر هەموو ئەو کەسانە دەکەم وا شانازی ئەوەم بووە کە لەم پلان و پلانە پەیوەندیدارەکاندا ئیشیان لەگەڵ کردووم. هەر کام لە ئەندامانی تیمی کاری مەیدانی ڕێنومایی تاکەکەسی و پڕۆفیشناڵی بێژوماری خۆیان بۆ من خستە ڕوو و چ لە بواری توێژینەوە و چ لە ژیاندا بە گشتی زۆر شتیان فێر کردم. ئەم توێژینەوە تەنیا بە گەڕان بۆ وردەکارییەکان، ڕاهێنانی مەیدانی، پشتیوانی و هاوکاریی هەمووان ئەنجام دەدرا. هەر بۆیە پێم خۆشە سپاسی یاریدەدەری یەکەمم فەریبا ئەڵماسی، بە هۆی کارە بێوێنەکەی لە شیکاری و ڕێنومایی چالاکیی مەیدانی بکەم. سپاسی هاریکارییەکانی عائیشە شیلان عەلی یار بۆ کۆ کردنەوەی داتاکان و شرۆڤەکانی تیۆریی داتابنیات لەگەڵ حەکیمە پاشازاده، ژیلا سەدیقی، سەبا وەتەنی، ڤیدا زەفەری، فەتانە سادقی و گۆلیتا حسێن پوور دەکەم. دەستخۆشی لە خاتوو سەمانە مەداح دەکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم توێژینەوە لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. بەڕێزیان بە هۆی زاڵبوون بە سەر هەر دوو زمانەکەدا هاوکاریی کوالێتی و پێکهاتەبەندبوونی ڕستە و واتاکانی کرد. هەروەها سپاسی زێنەب پزیشکیان دەکەم کە هەندێ لە بەشەکانی دەقی فارسی ئەم بەرهەمەی ئیدیت و پێکهاتەبەندیی کرد و دەستخۆشی لە خاتوو سارا سەحرانەوەرد دەکەم بە هۆی پێداهەڵچوونەوەی دووبارەی دەق و دووبارە خوێندنەوەی وردی ئەم بەرهەمه. دەستی ماندوو نەبوونی موسلیم نازمی دەگووشم بە هۆی ڕێنومایی، ڕنوێنی و ڕاوێژکارییەکانی بەتایبەت لە شیکاری و ڕاهێنانی گڕاند تیۆری بۆ گرووپی شیکاریی ئەم توێژینەوه. پێم خۆشە سپاسی محەمەد حسێنیش بکەم کە بۆ ئامادەکردنی خشتە و شیکاریی داتاکان یارمەتی دام.
ئەو پەڕی سوپاس و دەستخۆشیم هەیە بۆ هەموو دۆستان و ئەندامانی جڤاکی ناهاوسانان کە لە درێژەی کاری مەیدانی لە شاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پشتیوانیان کردم و میوانگرانە ڕا و پێشنیاری خۆیان خستە ڕوو.
بەڵام گرنگترین یارمەتی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم پلانە و نووسینی ئەم کتێبە ئەندامانی بنەماڵەکەم بوون. سپاسی یەک بە یەکیان دەکەم کە عەشق و ڕێنوێی ئەوانە کە گەیشتوومەتە ئەم ئاستە.
کامیل ئەحمەدی
17ـی ڕێبەندانی 1397 هەتاوی
وتەیەک لەگەڵ خوێنەر
کاتێک بڕیارم دا سەبارەت بە ژیانی ناهاوسانان لە وڵاتی ئێراندا توێژینەوەیەک ئەنجام بدەم، دەستبەجێ بۆم دەرکەوت کە بە مەبەستی ئاشکراکردنی ترس و سەرکوتی بەردەوام کە باڵی کێشاوە بە سەر ژیانی ناهاوساناندا، بۆ خۆم لە ئێران بم. بێشک ناهاوسانان لە ئێراندا ئەو مافەیان هەیە کە بەشێک بن لە حەشیمەتێکی گەورەتر و دەبێ بوونیان بە فەرمی بناسرێت.
لە «چیرۆکی قەدەغە کراو» ئەو پەڕی هەوڵی خۆمم دا بۆ ئەوەی شاراوەترین ئاستەنگە سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکان کە لە وڵاتی ئێراندا لە بەر دەم ناهاوسانانه، لە ڕێگەی ئەنجامی کۆمەڵایەتی، گێڕانەوەی بێناوبژیوانانه، دیمانە و کاردانەوەی ناهاوسانان پیشان بدەم. ئەم لێکۆڵینەوە لێکدانەوەی ڕاستگۆیانەی بابەتێکی نەوتراوه. هەروەها گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی لە خۆدا هەڵگرتووە کە خوێنەر بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت.
ئەم توێژینەوە کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان، خۆی بە پابەندی ڕوونکردنەوە دەزانێ، گێڕانەوەی چیرۆکی کەسانی ناهاوسانی بە پێویست زانی و ئەمەی بە پیشاندانی شتێک مومکین کرد کە واتای ژیان لە وڵاتێکدایە کە نکۆڵی لە بوونی ئەوان دەکات. پێم خۆش بوو ڕا و بیر و بۆچوونی کەسانی ناو وڵات تۆمار بکەم و وەک خەڵکناسێک بڕیارم دا بۆ ئەوەی ئەم بابەتە ڕوون بکەمەوە و بیخەمە ڕوو.
تیمی بچووکی کاری مەیدانی پێکهاتوو لە کەسانێکی گەنج و دەروەست بوو کە لە ئەنجامدانی دیمانەکاندا هاریکاریان کردم و لە مەترسییەکان نەک تەنیا بۆ سەر کەسی دیمانە لەگەڵکراو بەڵکوو بۆ خۆشیان ئاگادار بوون. بە ئاشکرا قسەکردن دەیتوانی ژیانیان بخاتە مەترسییەوه. بە ئاگاداری لەم بابەتە ئەوان بە جەسارتەوە هاتنە ناو بوارەکەوە و لە ڕوانگەیەکی یەکگرتووەوە وەک مافێکی مرۆیی پشتیوانیان لە شووناس و هۆگریی سێکسی دەکرد. لە وڵاتی ئێران ئاشکراکردنی شووناسی ڕەگەزیی ناهاوسانان یان بە شێوەی گشتی و سیستماتیک لە لایەن کۆمەڵگا و حکومەتەوە ڕەت دەکرێتەوە یان لەوانەیە ببێتە ئامارێکی نگریس.
ئەوەی هەر لە دەستپێکی ئەم پلانە توێژینەوەییە دیار بوو ئەو ترسە هەمیشەییە بوو کە ناهاوسانان لەگەڵی دەژیان. ناڕەحەتی و نیگەرانی ئەوان لە ئاشکرابوونی شووناسیان تەواو ڕاستەقینە بوو. هەروەها زۆریان ژیانێکی دووانەیان بوو: لە درێژایی ڕۆژدا دیترڕەگەزخواز و ئەو ساتەوەختانەی وا بەختیار بوون، لە شەودا دەبوونە هاوڕەگەزخواز. ئەوان بە دەنگی نزم قسە دەکەن؛ چوونکە بەردەوام ترسی ئەوەیان هەیە کە هاوڕێ و بنەماڵەکانیان لەوانەیە بە شووناسی ڕەگەزییان بزانن. دەربڕینی ڕا و بۆچوون بۆ ئەوان بە هۆی نیگەرانی ئەمنی مەترسیدار بوو. ئەوان لە داوی پۆلیس بە ئاگابوون و هەر لەبەر ئەوەش لە چاوپێکەوتنەکاندا وردبین بوون. هەر بۆیە من بۆ پاراستنی سەرچاوەی وتەکان ناوەکانم گۆڕیون.
توێژەرانی تیمەکەش مەترسییەکانی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیان قبووڵ کردبوو؛ چوونکە بە نیاز بووین ئەوەی لە حەشیمەتی ناهاوسانانی ئێراندا ڕوو دەدا پشتڕاستی بکەینەوە و ئاماژە بە هەستیان بکەین و ئەوەی کۆمەڵگا هەڵوەدای سەرکوتکردن یان نکۆڵی لێ کردنیەتی ئاشکرا بکەین. هیوامان وایە بە دیکۆمێنت و بەڵگەکردنی دەستی یەکی ئەم بابەته، حەقیقت ڕوون ببێتەوە و بتوانین کۆمەک بەخشی گۆڕانی ئەرێنی هەم لە سەر ئاستی کۆمەڵگا و هەمیش لە حکومەتدا بین.
خۆم بە پێزانی توێژەران و ئەو گیانە بوێرانە دەکەم وا ئیزنیان پێدام هەست و ئەزموونیان تۆمار بکەم.