نووسەر: کامیل ئەحمەدی
ڕێکەوت: 14/02/2006
ڕۆژی ڤاڵنتاین له کوردستان (Dil do dil regayia heye,s) تەنانەت لە ئێستادا، سەرەڕای بوونی هەموو نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکان و نەبوونی پانتای کراوه ئەوه دەگەیێنێ که دوو دڵ هەمیشه سادەترین ڕێگه بۆ پێکەوه بوون نادۆزنەوه.
شەوێکی پاییزیی زۆر تاریک و کەمێک سارد بوو. سەگەکان دەوەڕین. کەریم کاماڵ له پشت دیوارەکانی گەوڕ خۆی حەشار دابوو، ئێره هی یەکێک له دەوڵەمەندترین بنەماڵەکانی ناو گوند بوو. سەروێنه کوردییەکەی له سەر کردبوو که تایبەت به ناوچەی موکریان له کوردستانی ڕۆژهەڵات (کوردستانی ئێران)ـه و به ئارامی و دان به خۆداگرییەوه چاوەڕێ بوو، جگەرەیەکی دەستپێچی به دەستەوه بوو. کەریم تەمەنی 18 ساڵانه مێرمنداڵێکی تەمەن 18 ساڵه له ساڵی 1960 زایینی.
پاش کەمێک ئامین له ناو دڵی تاریکییەوه دەرکەوت و بەرەو گەوڕ وەرێکەوت. ئامین کۆڵەی پێ بوو (جۆرێک نان که بۆ سەگ ئاماده دەکرێ) سەگەکان له خۆشیان دەستیان کرد به کلکه سووتێ، ئەوان تێدەکۆشان نانەکە له دەست ئەم کچه کەمتەمەنەکه بستێنن. کچه دەگریا، له ڕاستیدا ئەو شتێکی له ژێر قۆڵی حەشار دابوو. دیار بوو هەوڵی دەدا که نەبینرێ، بەردەوام سەیری پشت سەری خۆی دەکرد، له کەریم نزیک بووەوه و به ئەسپایی چرپاندی:
لێرەی؟ من خۆراکم به سەگەکان دا، ئەوان بۆ ماوەیەک له وەڕین دەکەون، وەرە با ڕا بکەین. ئامینه تەمەنی 17 ساڵان بوو. ئەوا بەرەو چیاکان ملیان پێوه نا و له دەرەوەی گوند چاویان به چاوساغەکەیان کەوت، ئەم کەسە یەکێک له خزمەکانی کەریم بوو. ناوبراو به تووڕەییەوه وتی: دەبێ هەر لێرەوە هەتا پەسوێ ڕا بکەین و ئینجا ئۆتۆمبێلێک بگرین و بەرەو شاری نەغەده بچین. هەر سێ هەڵاتووەکە له تاریکی شەودا ون بوون. پاش چەند کاتژمێر گوێیان له دەنگی سمی ئەسپەکان بوو، پیاوان به تووڕەییەوه دەیانگوڕاند، ئەم سێ کەسە باش دەیانزانی ئەم پیاوانه کێن و له چی دەگەڕن. باوکی ئامین کۆمەڵێ پیاوی له گوند کۆ کردبووەوه و لەگەڵ دوو کوڕەکەی خۆی به شوێن ئەم دوو دڵداره گەنجەدا دەگەڕان. هەر دووکیان بێوچان ڕایان دەکرد و ئینجا له پشت چەند تاشەبەرد خۆیان حەشار دا. ئەوان تفەنگه چێکراوەکانی بریتانیا که له سەر شانی پیاوان دەبینی. به بێ ئەوەی ئەم سێ کەسە ببینن به لایاندا تێپەڕین.
ڕۆژی دوایی بنەماڵەی کەریم به خۆشحاڵییەوه خۆیان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری ئاماده دەکرد، ئەوان پێوشوێنی ئەنجامی ئەم ڕووداوه بوون، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئامینەی کەم تەمەن. هەڵبەت هەتا ئەو کاتەی ڕاسپاردەکان نەنێردرابان بۆ ماڵی ئامینە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ئاشتی ئەم دو بنەماڵه بکەن ئەم ڕووداوه ڕووی نەدەدا. بنەماڵەکانی کەریم و ئامینە یەکتریان باش دەناسی. کەریم سێ جار داوای له بنەماڵەی ئامینە کردبوو کە ئیزنی پێ بدەن هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەیان بکا و هەر جارەو به هۆی ئەوەی کەریم منداڵی گوند نەبوو و له شارەوه هاتبوو ئەم داخوازییەیان ڕەت دەکردەوە. ڕەنگه ئەوان دەیانویست ئەرخایەن بن که کچه نازدارەکەیان له خۆیانەوه نزیک بێت. له کۆتاییدا کەریم به پێداگری ئامین بڕیاری دا خۆی کاروبارەکه بگرێته ئەستۆ، بەڵام دەبا نێوان ناخۆشی نێوان بنەماڵەکان خۆش ببایەتەوه.
ڕیش سپی و مەلا جیپێکیان به کرێ گرت بۆ ئەوەی بچنه ماڵی ئامین و لەگەڵیان ڕێک بکەون. دیسانیش پاش سێ جار هەوڵدان گەورەترەکانی ئامینە ڕێک نەکەوتن، ئەوە ئاشکرا بوو که تاکه یەک ڕێگه بۆ چارەسەری ئەم کێشه بوونی هەیه، ڕێگەیەک که مافی بنەماڵەی ئامینه قەرەبوو دەکاتەوه و داپەڕی بووێرانەی ئەم دوو گەنجه دڵدارەی کاڵ دەکردەوه. ڕێگه چاره ئەوه بوو که خوشکی کەریم، واتە کولسووم، هاوسەرگیری لەگەڵ برا گەورەترەکەی ئامین بکات. کولسووم خۆی کچێکی گەنجی خاوەن ئارەزووی ڕۆمانسی تایبەت به خۆی بوو بەڵام نەدەبا لەم بارەوه بۆچوونی خۆی دەرببڕیبایه، نێوکی ئەویان بۆ ئامۆزاکەی بڕیبوو و ماوەیەک بوو له شاری خۆیاندا دڵی چووبوو له پیاوێک، بەڵام ورده ورده ناچار بوو نه تەنیا لەبەر کەریم و ئامین، بەڵکوو بۆ باشتربوونی بارودۆخی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو بنەماڵه خۆشییەکانی خۆی فیدا بکات.
هەموو شتێک ئاسایی بووەوه، هاوسەرگیری وابەسته به گوند بوو، ڕێز و حەیای دوو لایەنەی هەر دوو بنەماڵەکە چووبووە ژێر پرسیار و ڕیش سپییەکان لەم بارەوه ڕێک کەوتن. کولسوومیان ناچار کرد شوو بکا به قادری برا گەورەی ئامین، کەسێک که هەتا هەنووکه نەیبینیبوو. دەزگیراندارێتی کولسووم و قادر به تێپەڕاندنی هەموو قۆناغە یاساییەکان له نووسینگەیەک له شاری مەهاباد ئەنجام درا و هاوسەرگیری کەریم و ئامینیش هەر لەو ڕۆژەدا ئەنجام درا. ئامین به خۆشی و شادییەوه شووی به پیاوێک کرد بوو که خۆی هەڵیبژاردبوو بەڵام کولسووم کچێک بوو که لەم بەینەدا ئەسرینی دەڕشت. ناوبراو به درێژایی ئەو شەوه بۆ ئەو عەشقەی که لێیان زەوت کردبوو فرمێسکی هەڵوەراند.
ڕیش سپییەکان که لەم ڕووداوه قازانجیان پێ گەیشتبوو دڵخۆش بوون که چوار کەس بەم شێوه پێکەوه هاوسەرگیریان کردبوو و بەم شێوه ئەم هاوسەرگیرییه توانیبووی ببێته هۆی دروستبوونی بنەماڵەیەکی گەورەتر. کولسووم هیچکات به هۆی ئەم بابەتە گەورەترەکان و مام و ئامۆزاکانی نەبەخشی. و له درێژەی ژیانی دا لەم بارەوه بێدەنگی هەڵبژارد و تەنیا هەندێ جار سەبارەت به پرسگەلی وەکوو عەشق و ژیان هەندێ قسەی به گوێی ژنانی دیکەی خزم و کەسدا دەچرپاند. ئەو باش دەیزانی که ئەو تەنیا کەسێک نییه که تووشی ئەم چارەنووسه هاتووه. ئامین وەها هاوسەری خۆی خۆش دەویست که نازناوی لەیلیان (کە له چیڕۆکی ڕۆمانسی و عاشقانەی کوردی لەیلی و مەجنوون هەڵگیرابوو) پێ بەخشیبوو. ئەوان بوون به خاوەنی شەش منداڵی جوان و ژیکەڵە و هەتا کاتی کۆچی دوایی ئامین له 2005 پێکەوه ژیانیان به سەر برد.
کەریم باوکم و ئامین دایکم بوو
له پڕ ئەم چیرۆکه ڕایچڵەکاندم و من بڕیارم دا هەستی خۆم بخەمه پاڵ بەسەرهاتی ڕاستەقینەی ژیانی بنەماڵەکەم. دڵنیام بۆ هەندێ کەس ئەم بەسەرهاته وەبیرهێنەرەوەی بیرەوەرییەکانی ڕابردووه که ئەوان لێی بێئاگان و ڕەنگه له مێژووی بنەماڵەیی ئێوەشدا به جۆرێک له جۆرەکان وەها حاڵەتگەلێک بوونی هەبێت. شادیی ژیانی جوانی کولسووم له بار چوو له بەر ئەوەی له دنیایەکدا که ئەو کات ئەوی تێدا دەژیا ژنان هاوشێوەی کاڵا بوون و لەو بڕیارانەی که سەبارەت به ژیانی ئەوان دەدرا، هیچ دەورێکیان نەبوو.
به هۆی نەبوونی کوالێتی گونجاوی نێوان پیاو و ئافرەت، هیچ پانتایەکی کراوه لەم کۆمەڵگایەدا بۆ دەربڕینی هۆگریی عاشقانه و عەشقی ڕاستەقینه بوونی نییه و ناتوانرێ ئەم هەستانه به ئاسوودەیی پیشان بدرێت. له حاڵێکدا که ڕۆژی ڤاڵنتاین بۆته بیانوویەک بۆ کۆمپانیاکانی ئاماده کردنی کارت و گوڵ بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوه له بریتانیا داهات دەست بخەن، بیانوویەکی زۆر باشه بۆ ئێمەش بۆ ئەوەی بەو کەسانەی وا لێمان نزیکن بڵێین من عاشقی تۆم و من تۆم هەڵبژاردووه.
هەڵبەت چەندین دەیه له بەسەرهاتی ئامینه و کەریم و بەسەرهاتی دڵهەژێنی کولسووم تێپەڕ دەبێ و هێشتاش دەبینین که لەم چەشنه داپەڕانه هەر باون. جیا له ڕێژەی زۆری ئێن جی ئۆ و دامەزراوەی مافەکانی ژنان و ئەندامانی نەوەی گەنجتر، ئەوان هێشتاش له هەمبەر وەها داپەڕگەلێکدا دەسەڵاتی دژایەتیان نییه. ئەرکی سەر شانی ئێمه ئەوەیه به شێوەی چالاک خۆمان ڕابهێنین و له بارەی ئەم بابەتانه شت بنووسین و تێبکۆشین ئاستی وشیاری خۆمان سەبارەت بە داپەڕه کەلتوورییەکان بەرز بکەینەوه.
ئەم وتاره پێشکەش به یاد و بیرەوەری ئامین ئینفرادییە که ڕۆحه سەربەستەکەی و ئەو عەشقەی که بووی ئەوی کرد به شەڕڤانێکی شاراوه بۆ ئازادی ژنان، تەنانەت بەر لەوەی کەسێک له کۆمەڵگای کوردستان لەم بارەوه قسه بکات. ناوبراو بەم کارەی کوڕێکی پەروەرده کرد که ئیشەکەی بردنه ژێر پرسیاری هاوڕەگەزەکانی خۆیەتی و هەمیشه هەستی خۆی به دەنگی بەرز دەردەبڕێت.
کامیل ئەحمەدی / بڵاو کراو له ڕۆژنامەی گاڕدییەنی ئینگلیزی / 2007
سەبارەت به نووسەر
کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:
– ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)
– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛
– زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛
– ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛
– ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛
– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛
– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.
توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com