ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵان

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە جۆر، هۆکار و لێکەوتەکانی کاری منداڵان

 

کامیل ئەحمەدی

پوختە

هەندێ لە توێژینەوەکان هەندێ چەشنی کاری منداڵانیان بۆ وێنە کار لە سەر شەقامیان تاوتوێ کردووه، بەڵام هیچ توێژینەوەیەک نییە کە بە شێوەی سیستەماتیک ئیش لە سەر جۆرە جیاوازەکانی کاری منداڵان، زەمینەکان، تایبەتمەندییەکان و لێکەوتەکانی ئەم دیاردە لە شاری تاران بکات. ئەم توێژینەوە بە پێی تیۆری بەستێنی ئەنجام دراوە و بۆ کۆکردنەوەی داتاکان تەکنیکەکانی دیمانە و بینین لە سەر بنەمای شێوازی نموونەگیری ئامانج­دار، تۆپەڵەبەفری و تیۆری بە کار هێنراوه. کۆمەڵگەی توێژینەوە سێ تاقمی منداڵان، خاوەنکارەکانیان و پسپۆڕانی بواری منداڵانن. بە مەبەستی شیکاری داتاکان شێوازی کۆدینگی سێ‌ قۆناغی بۆ دروست­کردنی تیۆری کاری منداڵان بە کار هێنرا. ئەنجامەکان ئەوە پیشان دەدەن کە منداڵان لە شاری تاران خەریکی ئەنجامدانی جۆرە جیاوازەکانی کار بۆ وێنە خەریکی ئەنجامدانی خراپترین کارەکانن. پەیوەندی ئەم کارانە لە سەر ئاستی هەر سێ تاقمی خزمایەتی، خاوەنکاری و ڕێکخراوەییه.

بەستێنە  سەرەکییەکانی کاری منداڵان کەلێنی گەشەکردن لە سەر ئاستی وڵات، شه­ڕ و هەژاری لە وڵاتی ئەڤغانستان، هەژاری بنەماڵەکان، فەرهەنگی هەندێ لە جڤاکەکان سەبارەت بە منداڵ  و کاری منداڵ، بازاڕی کاری نافەرمی و بەستێنە یاساییەکان و جێبەجێ­کردنی یاسایه. هەروەها مەبەستی منداڵان و بنەماڵەکانیان لە کار دابین­کردنی بەشێک لە تێچووەکان، شارەزابوون لە بوشایی نێوان خوێندن و پیشە و نەڕەخساوبوونی چوون بۆ قوتابخانەیە. ڕێکارە سەرەکییەکانی منداڵان و خێزانەکانیان هەندێ کرده­وه­یه بۆ ئەوەی ئاستی خۆیان بەرز بکەنەوە و داهاتی زیاتر وەدەست بێنن و  مەترسییەکانی کار کەم بکەنەوە. منداڵان لە کاتی کاردا جیا لەوەی دەچەوسێنەوه، جۆرە جیاوازەکانی کار بە پێی هەل­ومەرج و تایبەتمەندییەکانیان زیان بە تەندروستی لەش و دەروونیان دەگەیەنێت و کاریگەری ڕووخێنەری لە سەر بە‌کۆمەڵایەتی­بوونیان هەیە.

 

بەراییەکان

کاری منداڵان لە جیهاندا بەتایبەت لە سەر ئاستی وڵاتانی ڕوو لە گەشە بە شێوەی قبووڵ نەکراو باوه. لە سەرەتای ساڵی 2020 زایینی، واتە بەر لە تەشەنەسەندنی پەتای  کۆڤیدی 19، 160 ملیۆن منداڵ – 97 ملیۆن کوڕ و 63 ملیۆن کچ – خەریکی کارکردن بوون؛ واتە لە کۆی هەر دە منداڵ منداڵێک لە سەر ئاستی جیهاندا ئیش دەکات. ئەم ڕێژە لە ناو وڵاتانی جیهاندا واتە وڵاتانی پێشکەوتوو و ڕوو لە پێشکەوتن بە شێوەی نابەرانبەر بڵاو بۆتەوه. کارکردنی منداڵان لە هەندێ ناوچەی وەکوو باشووری بیاوانی ئەفریقا (86.6 ملیۆن)، ئاسیای ناوەندی و باشووری (26.3 ملیۆن)، ئاسیای ڕۆژهەڵاتی و باشووری ڕۆژهەڵاتی (23.4 ملیۆن)، باکوری ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئاسیا (10.1 ملیۆن)، ئەمریکای لاتین و دەریای کاراییب(8.2 ملیۆن) و ئه­ورووپا و ئەمریکای باکووری (3.8 ملیۆن) باوە (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و یوونیسێف، 2021).

بە پێی بەراوردەکان لە ئێرانیش کاری منداڵان بەو منداڵانەی کە کاری ماڵانیش دەکەن، 15 لە سەدی منداڵانی تەمەن 10 بۆ 18 ساڵانی وڵات لە خۆ دەگرێ و حەشیمەتی منداڵانی ئیشکەر 1.62 ملیۆن کەسە (وامقی و یزدانی، 1398 هەتاوی).

یوونیسێف بە پێی “کارێک کە لە لانیکەمی کاتژمێرەکان زیاتره، بە پێی تەمەنی منداڵ و جۆری کار” وەک کاری منداڵ پێناسەی دەکات. ئەم چەشنە کارانە بە زیان­بەخش سەیر دەکرێن و پێویستە لا ببرێن (یوونیسێف، 2007). لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا کاری منداڵ وەک پێشێل­کەری مافەکانی منداڵ لێی دەڕوانرێ (ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 1990). منداڵانی کار لە لایەن خاوەنکار و ئەندامانی بنەماڵەوە هەمیشە لەبەر دەم مەترسی چەوسانەوه، کەڵکاوەژۆیی و توندوتیژی­دان (جها، 2009).

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بابەتی کاری منداڵ لە ئێران خوێندنەوەی لە سەر کراوە بە جۆرێک کە لە مەڕ هەندێ لە جۆرەکانی کار، بۆ وێنە کاری سەر شەقام تا ڕادەیەک توێژینەوەی باش ئەنجام دراون لە حاڵێکدا هەندێ کاری وەکوو ئیش­کردن لە کارگه، کەرتی نافەرمی، کاری ماڵان و کاری منداڵان لە گوند کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوه. پەرەسەندنی کاری نافەرمی بوەتە هۆی تۆختربوونی هەژاری، نابەرانبەری، چەوسانەوەی زیاتری هەژاران بە جۆرێک کە چینە لاوازترەکان لە سۆنگەی ڕەگەز و تەمەنەوە واتە ژنان و منداڵان، زیاترین ڕێژەی کرێکارانی کەرتی ئابووری نافەرمییان لە خۆ گرتووه. هەندێ لەم پیشانە لە ئابووری نافەرمی­دا دەرهاویشتەی جەستەیی و دەروونی بۆ سەر منداڵانی لێ دەکەوێتەوه. کاری شاراوەی منداڵ لە ژینگە داخراوەکانی وەکوو کارگەش جۆرێک لە پیشە مەترسی­دارەکانه؛ چونکە نابینرێت. کارکردن لە کارگە بچووکەکان، کارگە ماڵییەکان و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کارگەی نافەرمی لە کەرتە نافەرمییەکاندا زیانی زۆری بە دواوەیه؛

منداڵان لە ژینگە داخراوە کارییەکاندا کەمتر ئازادی کار بەئەزموون دەکەن و توانای چاودێری و بەرگری­کردن لە خۆیانیان کەمتره. پانتای تاقەت­پڕووکێن و داگیراو و مەترسی­داری کارگە ژێرزەوینییەکان ئەگەری چەوساندنەوە و ئازاردانی منداڵ زیاتر دەکات. سەبارەت بە کارگە جۆراوجۆرەکان و هەل­ومەرجی کاری منداڵان لەم ژینگانەدا کەمترین زانیاری لەبەردەستە چونکە نازانرێ لە ماوەی ڕۆژدا چەند کاتژمێر ئیش بەو منداڵانە دەکەن، چەندەیان حەقدەست پێ دەدەن، چۆن پارەکەیان پێ دەدەن و لەم چەشنه. جیا لە کاری منداڵ لە سەر شەقام و کەرتی نافەرمی و کارگەکان، منداڵان لە هەندێ بواری دیکەی وەکوو کشت­وکاڵ و کاری ماڵانیش­دا ئیش دەکەن. بەڵگەکان پیشان دەدەن لایەنێکی بەربڵاوی منداڵان لەم کارە ئاماژە پێکراوانەدا ئیش دەکەن کە ئەمە مەترسی زۆری بە دواوەیە (یوونیسێف، 2007). هەر بۆیە پێویستە جۆرەکانی کاری منداڵ و تایبەتمەندییەکانی بناسرێ و لە سۆنگەی ناوەڕۆک، هەل­ومەرج و مەترسییەکانی کار خوێندنەوەی لە سەر بکرێت. هەر بۆیە ئەم توێژینەوە بە نیازە بە کەڵک­وەرگرتن لە شێوازی تیۆری بەستێنی جۆرە جیاوازەکانی کاری منداڵان و تایبەتمەندییەکانی لە شاری تاران تاوتوێ بکات.

پرسیارەکانی توێژینەوه

جۆرە سەرەکییەکانی کاری منداڵان لە شاری تاران و تایبەتمەندییەکانی چین؟ بەستێنەکانی چین و چی دەرهاویشتەیەکی بۆ سەر منداڵان هەیە؟

پێداچوونەوەیەک بە ئەدەب، ئەدەبی تیۆری

کاری منداڵان “زۆر جار بەو کارانە پێناسە دەکرێ کە منداڵان لە تافی منداڵی، په­ستان و شان و شکۆ بێبەش دەکا و بۆ گەشەی جه­سته­یی و دەروونییان زیان­بەخشه” و ئاماژە بەو کارانە دەکا کە ئەم تایبەتمەندییانەیان لە خۆ گرتووه: ئەو منداڵانە لە هەلی چوونە قوتابخانە بێبەش دەکا، بەر لە کۆتایی­هاتنی خوێندن ناچار بە وازهێنان لە خوێندنیان دەکات. یان ناچاریان دەکا بەشداری لە هۆڵەکانی خوێندن تێکەڵ بە کاری لە ڕادەبەدەر دوور  و درێژ و قورس بکەن (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار؛ بە گێڕانەوە له: وامقی و یزدانی، 1398: 97).

یەکێتی کرێکارانی نێودەوڵەتی ئاماژە بە پێڕستێک لە کاری منداڵان دەکا کە بەربڵاوترین و خراپترین جۆرەکانی کار لە خۆ دەگرن، ئەگەرچی ئەم لیستە هەموو جۆرەکانی کاری منداڵی تێدا نییه. جۆرەکانی کاری منداڵ بریتین له:

(1) کاری ماڵ: جۆرێکە لە کاری منداڵان کە زۆر باوە و هەندێ جار پەسەندکراویشه؛ ئەم جۆرە کارە یان لە ناو ماڵ ئەنجام دەدرێ یان لە دەرەوەی ماڵ.

(2) کاری کشتوکاڵی: زۆرێک لە منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵدا خەریکی ئیشن. ئەوان لە مەزرای خێزانی لەگەڵ بنەماڵەکانی خۆیان وەک یەکەیەکی بەرهەم­هێنان یان بۆ خاوەن­کارێکی دیکە ئیش دەکەن.

3) کار لە کەرتی پیشەسازی: ئەم کارە لە کەرتی پیشەسازییەکان دەتوانێ بە شێوەی ڕێک­وپێک یان بەهەڵکەوت، یاسایی یان نایاسایی و وەک بەشێک لە کاری بنەماڵە یان بۆ خاوەن­کار ئەنجام بدرێت. ئەم کارە منداڵان دەخاتە بەر دەم مادە کیمیاییەکان کە لەوانەیە زیانی وەکوو ژاراوی­بوون، نەخۆشی سی و پێستی، ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوه، خەسارەتی بینایی و بیستنی، سووتمان و تەنانەت مەرگی لێ بکەوێتەوه.

4) کارکردن لە کانزاکان: لە زۆربەی وڵاتاندا منداڵان لە کەرتی کانزادا بە کار دەبرێن.

5) کۆیلەداری و کاری زۆرەملی: ئەم جۆرە کارە زیاتر لە ناو گوندەکاندا بوونی هەیە و بە ستەم­کردن لە کەمینەی ئێتنیکی و خەڵکی خۆجێیی ئەم کارە دەکرێت.

6) لەش­فرۆشی و قاچاغی منداڵان:

مەترسییەکانی ئەم جۆرە کارانە کە ئاوقانی منداڵان دەبێتەوە زۆر زیاترە و لایەنێکی بەربڵاوی لە خەسارەتەکان لە بەدڕەوشتی ئەخلاقییەوە بگرە تا دەگاتە گواستنەوەی نەخۆشییە سێکسییەکان و مەرگی لە خۆدا گرتووه.

7: کار لە کەرتی ئابووری نافەرمی: کارکردن لەم کەرتەشدا لایەنێکی بەربڵاوی لە ئیش و کار لە خۆ گرتووە کە بریتییە لە واکس‌کردنی پێڵاو، سواڵ­کردن، فرۆشتنی ڕۆژناوە یان زبڵ­گەڕی کە هەندێ لەم ئیشانە چاوی جەماوەر نایانبینێ و هەندێکیش دەبینرێن. ژینگەی کاری ئەم بەشە زیاتر سەر شەقامە (دیالۆ و کەسانی دیکە، 2013).

هەندێ لە جۆرەکانی کاری منداڵ کە وەک خراپترین کاری منداڵان ناسراون، دەبنە هۆی ئەوەی منداڵان بەرەو کۆیلایەتی ڕاپێچ بکرێن، لە بنەماڵەکانیان داببڕێن، بکەونە بەر دەم چەندین جۆری مەترسی و نەخۆشی جیدی یان دەبنە هۆی ئەوەی ئەم منداڵانە بەتایبەت لە تەمەنی کەمدا بهێنرێنە سەر شەقامەکانی گەورە شارەکان. ئەم چەشنە کارانە بریتین له:

1) هەموو جۆرەکانی کۆیلایەتی یان نیمچە کۆیلایەتی، وەکوو فرۆشتن و قاچاغی منداڵان، کۆیلایەتی و بەدیل­گرتنیان یان بەکارهێنانی زۆرەملی ئەو منداڵانە لە شەڕی چەکداری؛

2) بەکارهێنان، ئامادەکردنی منداڵان بۆ لەش­فرۆشی، بەرهەم­هێنانی بەرناوەی پۆڕنۆگرافی یان نمایشی پۆڕنۆگرافی؛

3) بەکارهێنان و تەیارکردنی منداڵان بۆ کاری نایاسایی بەتایبەت بۆ بەرهەم­هێنان و قاچاغی مادەی هۆشبەر و

4) ئەو کارانەی کە بە پێی ناوەڕۆکەکەیان یان بارودۆخەکەیان بۆ تەندروستی و ئاسایش و پایە ئەخلاقییەکانی منداڵ زیانبەخشن (هەمان).

چەندین تیۆری و توێژینەوە هەڵوەدای ڕوونکردنەوەی کاری منداڵان بوون. بۆ ناسینی کاری منداڵ دەبێ فاکتەرە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و یاساییەکان ڕچاو بکرێن، ئەم فاکتەرانە پێکەوە پەیوەندییان هەیە و تێکەڵی ژینگە نزیکەکان (وەکوو بنەماڵە و قوتابخانه) و ژینگە دوورەکان (سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی) منداڵان بوون.

لێرەدا بۆ ڕوون­کردنەوەی کاری منداڵ کەڵک لە تیۆری سیستەمە ژینگەییەکانی بڕۆنفێنبرێنێر (1994) وەردەگرین چونکە ئەم تیۆرییە چوارچێوەیەکی یەکدەست بۆ تێگەیشتن لە فاکتەرە فرەئاستە کاریگەرەکانی سەر کاری منداڵان دابین دەکات. ئەم تیۆرییە وەک ئامرازی ڕێک­خستنی بیر ئیش دەکا و دەتوانین بەشە جیاوازەکانی بە خوێندنەوەی بواری منداڵان تەواو بکەین. بە پێی چوارچێوەی ئێکۆلۆژیکی پێشنیارکراو، فاکتەرە بەستێنییەکان بریتین لە ئاستە زەمەنی، بەربڵاو، دەرەکی، مام­ناوەند و وردەکان کە پێکەوە لە پەیوەندیدان. توێژەکانی سەرتر بیچم بە توێژەکانی خوارەوه دەدەن، کەواتە دەبنە هۆی ڕژان بەرەو خوارەوە کە پرسی کاری منداڵانی لێ دەکەوێتەوه.

 

وێنەی ژمارە 1. فاکتەرە بەستێنییە کاریگەرەکانی کاری منداڵ، بە پێی چوارچێوەی ئێکۆلۆژیکی بڕۆنفێنبرێنێر (لیاو  و هوونگ، 2011: 568).

برۆنفێنبێرنێر سیستەمی زەمەن وەک تێپەڕینی کات پێناسە دەکا کە وەک ناوجیگەرێک بۆ گۆڕان یان پاوەجێی لە درێژەی زەمەن لە تایبەتمەندیگەلی تاکەکەسی یان بەستێنێک کە تاکی لە خۆ گرتووە، ئیش دەکات. لە بواری کاری منداڵان ئەم سیستەمە ئاماژە بە گۆڕان و وەرچەرخانەکانی کاری منداڵان لە درێژەی زەمەن دەکات.

سیستەمی بەربڵاو: وەک گەڵاڵەیەکی فەرهەنگی بۆ پێکهاتە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لە دیکەی ئاستەکانی سیستەمدا ڕچاو کراوه. ئاستی بەربڵاوی سیستەم بریتییە لە باوەڕە کەلتووریەکان، دەرفەت و مەترسییە پێکهاتەییەکان کە بیچم بە بارودۆخ و پرۆسەکانی سیستەمی ورد دەدات. ئەم فاکتەرانە بریتین لە سیستەمی ڕامیاری – ئابووری، یاساکانی کاری منداڵ و بەها کەلتووری و فەرهەنگییەکان. لە سیستەمی سیاسی و ئابووری­دا نابەرانبەری و هەژاری لە فاکتەرە دیاری­کەرەوەکانی کاری منداڵانن. نابەرانبەری دەبێتە هۆی دابەش­کرانی چەوتانەی سامان لە ناو چینەکانی کۆمەڵگادا و ئەمە پەرە بە هەژاری چینە نزمەکان دەدا، بنەماڵەکانی ئەم چینەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی تێچووەکانیان منداڵەکانیان دەنێرنە ناو پرۆسەی کار.

ڕانجان پیشانی داوە کە نابەرانبەری داهات پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کاری منداڵان هەیه، چونکە ئەو کرێکارانەی کە توانای کەمتر و لە ئەنجامدا داهاتی کەمتریان هەیە، کەمتر دەتوانن لە سەر بواری خوێندنی منداڵەکانیاندا سەرمایە دابنێن (وایت، 2009). تەنانەت ئەگەر لە کۆمەڵگادا دەرفەتی گونجاو لەگەڵ خوێندن بوونی نەبێ، دایک و باوکەکان ئامادە نین چیتر بە منداڵەکانیان بخوێنن یان ڕێگری لە درێژەدانی خوێندنی منداڵەکان دەکەن، چونکە پێیان وایە خوێندن کاتی فێربوونی توانای پیشە و پیشەداربوونی منداڵان بە فیڕۆ دەدا و هیچی دیکە (امرسون و ناب، 2006). هەروەها نابەرانبەری پەرە بە کۆچ کردن لە ناوچە گوندییەکانەوە بەرەو شار دەدا و ئەمە دەرکەوتنی هەژاری لە شاری لێ دەکەوێتەوە (سنسوی بهار، 2014). تەنانەت کۆچ کردن لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەتوانێ ڕوو بدات. بەستێنە یاساییەکان ئاماژە بەو یاسایانە دەکا کە ڕێگری لە کاری منداڵان ناکا و یان ئەگەریش ڕێگری لێ بکا لە دابەزاندنی یاساکانی ڕێگری لە کاری منداڵان میکانیزمەکانی جێبەجێ ناکات.

چۆنیەتی پێناسەی کۆمەڵگا لە تافی منداڵان کاریگەری لە سەر شێوازەکانی کاری منداڵان دادەنێت. ئەندامانی هەندێ لە کۆمەڵگەکان لەو باوەڕەدان کارکردنی منداڵان دەبێتە هۆی بە‌کۆمەڵایەتی­بوونی تەندروستی ئەوان لە دنیای کار و گەورەساڵیدا (فایف، 1989). بۆ وێنە بەر لە شۆڕشی پیشەسازی کارکردنی منداڵان ئاسایی بوو و ئەوان لەگەڵ دایک و باوکیان لە کێڵگەی کشتوکاڵ یان ماڵدا ئیشیان دەکرد.

تەنانەت کاتێک کە کاری منداڵ پەیوەندی لەگەڵ ژینگەی خێزان هەیە و هەروەها باو نییه، بەسووده، چونکە هاوکاری داهاتی بنەماڵە دەکا و بۆ چوونە ناو بازاڕی کار ئامادەیان دەکا، هەروەها هاوکارییان دەکا کە نەکەونە ناو داوی کاری سەرشەقامی مەترسیدار وەکوو تاوان و داوێن­پیسی (ولف و دیکسون، 2002).

سیستەمی دەرەکی: ئەم سیستەمە لە پەیوەندی نێوان دوو یان چەند وردە سیستەم پێک هاتووه، بەڵام تاک ڕاستەوخۆ گیرۆدەی یەکیان دەبێت. بۆ وێنە ئەگەرچی سیاسەتە دەوڵەتییەکان و ڕای گشتی سەبارەت بە مافەکانی منداڵان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر کاری منداڵان دانانێ بەڵام دەتوانێ بیچم بە ژینگەی بنەماڵە و قوتابخانەی منداڵان بدا، یان بە فەرمی‌نەناسینی گشتی کاری منداڵ وەک پێشێل­کردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتەوە دەبێتە هۆی ناهۆگربوون و قبووڵ­کردنی کاری منداڵان (لیاو  و هوونگ، 2011).

سیستەمی مام­ناوەند: پەیوەندی دوولایەنەی نێوان دوو یان چەند وردەسیستەمە کە تاکەکان لە خۆ دەگرێت. پەیوەندی لە ناو وردەسیستەمێک (بۆ وێنە بنه­ماڵه) لەوانەیە کاریگەری لە سەر وردەسیستەمەکانی دیکە دابنێ (وەکوو قوتابخانه). دەست­ڕانەگەیشتن بە خوێندن یەکێک لە فاکتەرەکانی دیاری­کردنی کاری منداڵانە. لەوانەیە منداڵان بەتایبەت لە ناوچە گوندییەکاندا بە هۆی ژینگەی خراپی قوتابخانەوە دەست لە خوێندن هەڵبگرن. کەمی سەرچاوەی پەروەردە، مامۆستای نەشیاو و پێداویستی نالەبار وردە وردە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان واز لە خوێندن بێنن. ئەو گەنجانەی کە دەستیان بە سەرچاوەی پەروەردەیی پێویست ناگا یان  هەر سەرچاوەی پەروەردەیان نییە، جگە لەوەی کە ببنە منداڵی کار بژاردەی کەمیان لەبەر دەسته. لەم وردەسیستەمانەدا یەکێکی دیکە لە فاکتەرەکانی کارکردنی منداڵ بەشداری­نەکردنی دایک و باوکه. نەبوونی بەشداری دایک و باوک لە پەروەردەی منداڵەکان و هەروەها خوێندەواری ناتەواو، ئەگەری کارکردنی منداڵ زیاد دەکات. ئاستی خوێندەواری دایک و باوک و تێگەیشتنیان سەبارەت بە گرنگی پەروەرده، هۆکاری سەرەکی چوون یان نەچوونی منداڵان بۆ قوتابخانەیە (لیاو و هوونگ، 2011).

سیستەمی ورد: ئەم سیستەمە هەڵگری ئەو کاریگەرییە ڕاستە­وخۆیانەیە کە تاکەکان یان کۆمەڵێک لە تاکەکان لە خۆ دەگرێت. ئەم ئاستە وەک سەرچەشنێکی کاری، ئەو ڕۆڵ و دەورە کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە نێوان‌تاکایەتییانە پیشان دەدا کە تاک لە ژینگەیەکدا بەئەزموونی دەکات (برۆنفێنێربێر).

ژینگەی بنەماڵه: هەژاری یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کارکردنی منداڵانه. بۆ زۆرێک لە بنەماڵە هەژارەکان ژیانیان بەوە بەستراوەتەوە کە هەموو ئەندامانی بنەماڵە لە دابین­کردنی پێداویستییەکاندا بەشداری بنوێنن. کاری منداڵ وەک هەڵسوکەوت لۆژیکییە کە بەشێک لە سەرچاوەی داهاتی بنەماڵە دابین دەکات. بۆ وێنە لە زۆرێک لە وڵاتاندا وەکوو وڵاتی چین بە هۆی ئەوەی پەروەردەی سەرەتایی بێ­بەرانبەر نییە بنەماڵە هەژارەکان ناتوانن ئەم تێچووی خوێندنە دابین بکەن و جگە لە کار نەبێ بژاردەی زۆر کەم بۆ منداڵان دەمێنێتەوە (لیاو  و هوونگ، 2011). هەروەها ئاستی خوێندنی بنەماڵە (کەم‌خوێندەواری)، ڕێژەیان (بنەماڵە پڕحەشیمەتەکان) و بیر و باوەڕی دایک و باوکەکان دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان بچنە ناو دنیای کارەوه. ئەوەی کە وێنای ئەم دایک و باوکانە سەبارەت بە تافی منداڵی و کاری منداڵ چۆنه، کاریگەری لە سەر پرۆسەی بڕیاردان و شێوازەکانی پەروەردەی منداڵ دادەنێت (سنسوی بهار،  2014).

تایبەتمەندییەکانی منداڵ: هەندێ تایبەتمەندی وەکوو تەمەن، ڕەگەز، پێگەی جوگرافیایی شوێنی ژیان و پەروەردە دەتوانێ کاری منداڵ و جۆری کار دیاری بکات. ئەو بنەماڵانەی کە خاوەن چەندین منداڵن، منداڵە گەورەترەکان بە هۆی توانای جه­سته­یی، توانای کۆمەڵایەتی یان پێگه­یشتن، زیاتر سەرقاڵی کار دەبن (گروتارت و کانبور، 1995) یان کاری منداڵان لە ناوچە گوندییەکاندا زیاترە و کچان لەم ناوچانەدا زیاتر لە ناوچە شارییەکان ئیش دەکەن (وامقی و یزدانی، 1398). تەمەن و ڕەگەز هەروەها بیچمی کاری منداڵ دیاری دەکات. بۆ وێنە کاری منداڵان لە شەقام لە پاش تەمەنی 15 ساڵانەوە کەم دەبێتەوە چونکە ئەم تاقمە منداڵانە بە شێوەی پەنگراو ڕاکێشەرییان بۆ ورووژاندنی هەستی هاودڵی لە ناو کڕیاره­کان کەم دەبێتەوە و لەوانەیە ڕوو بکەنە پیشەی دیکە (سنسوی بهار،  2014).

ئەدەبی ئەزموونی     

زۆرێک لە توێژینەوەکان لە جیهاندا کاری منداڵ بە دەرهاویشتەی هەژاری بنه­ماڵه­کان لە قەڵەم دەدەن بە جۆرێک کە بنەماڵە هەژارەکان بەشێک یان لە هەندێ حاڵەتدا هەموو پێداویستی ژیانی خۆیان لە ڕێگەی کاری منداڵانەوە وەدەست دێنن )خان و هسکت، 2010 ؛ کانگراجل و نیلسن، 2001؛ سالمون، 2005؛ سنسوی بهار، 2014 و 2016؛ کاظیم، 2012؛ ماکوناچی و هیلسونگ، 2016)، توێژینەوە ناوخۆییەکانیش هەژاری بنەماڵەکانیان بە یەکێک لە پاڵنەرەکانی کاری منداڵ ناساندووه. هەژاری بنەماڵەکان چەندین جۆر لە خۆی دەگرێ کە گرینگەکانی بریتییە لە نەخوێندەواری یان کەم‌خوێندەواری دایک و باوک، بێکاری، کاری وەرزانە و ڕۆژمز، نەبوونی داهاتی پێویست، ژن­بوونی سەرپەرشتیاری بنەماڵە و زۆربوونی ڕێژەی ئەندامانی بنەماڵه. هەندێ فاکتەری وەکوو گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و لەش­فرۆشی کە لە هێماکانی هەژارین دەبنە هۆی دەرچوونی منداڵ لە بنەماڵه بە نیازی کار، یان منداڵانی ئەو بنەماڵانەی کە گیرۆدەی مادەی هۆشبەرن لە پاڵ دابین­کردنی تێچووی بنەماڵه، لە هەندێ حاڵەتدا تێچووی مادەی هۆشبەریش دابین دەکەن (افراسیابی و دیگران، 1400؛ حسینی، 1384؛ زارع شاه‌آبادی و دیگران، 1388؛ قاسمی و دیگران، 1397؛ وامقی و دیگران، 1390 و 1394). ڕەئیس دانا (1382) سیاسەتی بازاڕخوازی و هاوسەنگ­کردنی پێکهاتەیی – ڕادیکاڵی بە هۆکاری هەژاری بەشێک لە بنەماڵەکان و کاری منداڵان دەزانێ، لە پاڵ ئەم هۆکارانه، ناوبراو ئاماژە بە هەندێ فاکتەری دیکەی وەکوو نادادپەروەری، نەبوونی چاودێری دەوڵەتی بۆ بەرگری لە مافەکانی منداڵ و نەبوونی چاودێری دەستەبەرانە دەکات.

هەڵکشانی تێچووی خوێندن یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی هەژارییه. هەندێ لە لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی کارکردنی منداڵان دابین­کردنی تێچووی خوێندنه. هەروەها کێشەی دابین­کردنی تێچووی خوێندن دەبێتە هۆی دەرچوون لە پرۆسەی خوێندن و کارکردن. نەبوونی بەڵگەی شارۆمەندی وەکوو ناسناوەش وا دەکا کە منداڵان نەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن هەر بۆیە کارکردن نەبێ هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە بەردەمدا نییە (افراسیابی، 1400؛ وامقی و دیگران، 1392). هەندێ لە لێکۆڵینەوەکان پیشانی داوە ناکارامەیی خوێندن وای کردووە کە بنه­ماڵه­کان منداڵەکانیان لە خوێندن بگێڕنەوە و بیانهێننە ناو پرۆسەی کارەوه، چونکە لەو بۆچوونەدان کە خوێندن کار و پیشەی لێ ناکەوێتەوە (کریمیان و دۆستان، 1395).

سەنسۆی بەهار (2016) بە لێکدانەوەی ڕوانگەی دایکانی کورد لە تورکیا پیشانی داوە ڕیزبەندی لەدایک­بوون، ڕەگەز و سەرکەوتن یان درێژەدان بە خوێندن لە فاکتەرە گرینگەکانی پرۆسەی بڕیاردان بۆ کاری منداڵانە بە جۆرێک کە منداڵانێک که ته­مه­نیان زۆرتره زیاتر کار دەکەن و ڕیزبەندی لەدایک­بوون لەگەڵ ئاسۆی خوێندنی منداڵان هاوسەنگ دەبێت. ڕەگەز هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ئەوەی کە ئایا منداڵان کار بکەن یان نا نەبوو بەڵام لە دیاری­کردنی شوێنی کاری منداڵان کاریگەر بووه. ئەنجامەکان لە نێوان کاری منداڵان و خوێندن دوو لایەنە بوو، بە جۆرێک کە کاری منداڵ کاریگەری لە سەر خوێندنیان دانابوو بەڵام سەرکەوتن و بەشداری لە قوتابخانە بیچمی بە بڕیارەکانی کاری منداڵان داوه.

کۆچی ناوخۆیی و کۆچ کردن بۆ هەندەران کە بە هۆی نابەرانبەری و شەڕ بۆتە هۆی ئەوەی حەشیمەتێکی بەربڵاوی هەژاران و جەنگ‌بێزراوەکان لە شارە گەورەکاندا نیشتەجێ بکرێن. زۆرێک لەم کۆچبەرانە ناتوانن خۆیان لەگەڵ شێوازەکانی ژیانی کۆمەڵگای شاری بگونجێنن، بەم شێوە کاری منداڵەکان بۆ ئەوان دەبێتە بەدیل (خان و هسکت، 2010؛ زارع شاه‌آبادی 1388 و وامقی و دیگران، 1390).

ڕوانگەی کەلتووری سەبارەت بە کارکردنی منداڵان لەم سۆنگەوە کە کارکردن منداڵان بۆ ژیانی داهاتوو تەیار دەکا، یەکێکی دیکە لە فاکتەرەکانه. هەڵبەت ئەم ڕوانگە و هۆکارەکانیان لە ناو کۆمەڵگە جیاوازەکانی وەکوو قەرەج و گوندییەکاندا جیاوازە (وامقی و دیگران، 1392؛ ایمانی و نرسیسیانس، 1390 هەتاوی). هەندێ فاکتەری دیکەی وەکوو ناسەقامگیری خێزانی وەکوو جیابوونه­وه، ناسەرپەرشتی یان بەدسەرپەرشتی، ژیان لەگەڵ زەڕدایک یان زەڕباوک (باوەپیاره)، ئێتنیکایەتی (منداڵانی گرووپە ئێتنیکییەکان زیاتر ئیش دەکەن)، ڕەگەز (کوڕان زیاتر لە کچان ئیش دەکەن)، تەمەن (منداڵانی گەورەساڵتر زیاتر کار دەکەن)، تێوەگلان بە خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی کارکردنی منداڵان. هەندێ لە توێژینەوەکان پیشانی داوە ئەو منداڵانەی کە لە ناو بنه­ماڵه توندوتیژی بەئەزموون دەکەن بۆ  دوورکەوتنەوە لە پانتای بنەماڵە ڕوو لە شەقام دەکەن و لەوێ ئیش دەکەن (قاسمی و دیگران، 1397 و وامقی و دیگران، 1390 هەتاوی). لە سۆنگەی داخوازیشەوە لێکۆڵینەوەکان پیشانی دا منداڵانی کار بۆ خاوەن­کارەکانیان هێزێکی هەرزان، مل­کەچ بێ‌چاوەڕوان و بێ‌ئاگا لە مافەکانیانن، هەر بۆیە وایان پێ باشە منداڵان بە کار بێنن (کریمیان، 1395 هەتاوی).

کار لێکەوتەی زۆری بە دواوەیه، ناسینی لێکەوتەکانی کاری منداڵانی سەرشەقام هەمیشە بەرسرنجی لێکۆڵینەوەکان بووە، بە جۆرێک هەندێ حاڵەتی وەکوو درێژماوەبوونی کار، خۆراکی ناتەواو، برسێتی، تابشت­هێنانی سەرما و گەرما، ڕووداوی هاتوچۆ، نەخۆش­کەوتن، ئەزموونی توندوتیژی، بوون بە قوربانی تاوان، گرتن و دەستبەسەرداگرتنی کەل­وپەل، هەست­کردن بە شەرمەزاری و سووکایەتی، بێبەش­بوون لە شوێنە پارێزراوەکانی وەکوو قوتابخانه و داکۆکی بنەماڵه، یەک­کەوتن لەگەڵ تاقم و گرووپە شەقامییەکان، فێربوونی هه­ڵسوکه­وتی مەترسیدارانەی وەکوو گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و تاوانباری، نەخۆشی (هەناوی، ئێسک و ماسوولکەیی، پێستی وەکوو سالەک “لیشمانیا” و کەڕووی پێست، ڤایرۆسی وەکوو هپاتیت) و ڕفێنران بەتایبەت کچان ناسراون (قاسمی و دیگران 1397؛ وامقی و دیگران، 1390 و 1392).

ئەو منداڵانەی کە لە کەرتی کشتوکاڵ ئیش دەکەن بەتایبەت منداڵانی لادێیی لەبەر دەم مەترسی تەندروستی­دان، بەڵام بە هۆی ڕێژەی زۆری ئەو کەسانەی کە لەم کەرتەدا ئیش دەکەن، تەمەنی کەمی دەست بە کاربوون، شوناسی مەترسیداری کار، نەبوونی ڕێسا، نەبینرانی کار، بێبەش­بوون لە خوێندن، کاریگەرییەکانی هەژاری و ڕوانگەکان و بیر و باوەڕە نەریتییەکانی سەبارەت بە کاری منداڵان لە ناوچە گوندییەکان وای کردووە کە بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان ئەستەم بێت. پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستی ئەم کەرتە بریتین له:

ماوەی درێژخایەنی کار، دژواری و تاقەت­پڕووکێنی کار لە سۆنگەی جه­سته­ییه­وه، کارکردن لە بەر گەرمای زۆر و گەرماژۆیی، ئیش­کردن بە ئامێری بڕینی مەترسیدار، ئەستووربوون و زیانبەرکەوتن بە هۆی بەربوونەوەی کەرەستە، کێشەی ئیسکەکان، لە جێ­چوون و جەڕخواردنی ماسوولکەکان، کێشراوی، نەخۆشییە پێستییەکان، برینداربوون و  کوژران بە هۆی کەرەستەی گواستنەوه، کەوتنە بەر دەنگی بڵیند کە زیان بە بیستن بگەیێنێ، کەوتنە بەر پەتاکوژە ژاراوییەکان و تەپ و تۆز، زیانبەرکەوتن، گەستنی مێرووەکان و نەخۆشی بە هۆی ئاژەڵە ماڵی و دڕندەکانەوە (آرنولد و دیگران، 2020؛ مول و دیگران، 2005؛ هرست، 2007؛ میرک‌زادە و دیگران، 1395).

لێکەوتەکانی کارکردن لە کوورەخانەی درووس­کردنی خشت بریتین لە نالەباری شوێنی ژیان­کردن و دەست­ڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری شاری، کارکردن لەبەر گەرما، نەبوونی و بێبەش­بوون لە خزمەتگوزاری تەندروستی، خەسارەتی پێستی و جووڵەیی و برینداربوون (صفی خانی، 1395 هەتاوی). منداڵان لە کارگەکاندا ڕووبەڕووی مادەی کیمیایی و فەلەج­بوون، خەسارەتی جەستەیی و دەروونی، بەئەزموون­کردنی توندوتیژی و چەوسانەوە دەبن و لە کارگەدا سنووردار دەبنەوە (وامقی و دیگران، 1392 هەتاوی). لە کاری زبڵ­گەڕیدا منداڵانی ڕووبەڕووی هەندێ پرسی وەکوو ماوەی کاری درێژخایەن، برینداربوون بە هۆی بەرکەوتن لەگەڵ کەرەستەی تیژ و بڕێنەر لە ناو زبڵدانەکان، بەرکەوتن لەگەڵ مادە نەخۆشی­بەخشەکان، گواستنەوەی ڤایرۆسی هێپاتیت، نەخۆشییە پێستی و هەوکردنییەکان، خەسارەتە ماسوولکەییەکان، بەئەزموون­کردنی توندوتیژی و بوون بە قوربانی تاوان، چەوسانەوە  و هتد دەبنەوە (ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵ، 1398).

کاری دیکەی وەکوو کاری ماڵان، کارکردن لە کەرتی نافەرمی، بیناسازی و کانزاکانیش لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە تەندروستی منداڵان دەخەنە مەترسییەوه. هەندێ لێکەوتەی وەکوو وازهێنان لە خوێندن، ئاوێتەکردنی کار لەگەڵ خوێندن کە زەختی دووقات دەخاتە سەر منداڵان و بێبەش­بوون لە یاری و هەڕەتی منداڵی لەو لێکەوتانەن کە لە هەموو کارەکاندا هاوبەش بوو (زەند ڕەزەوی و پوورئەنارەکی، 1390 هەتاوی؛ فیروزئابادی و رەزانیاکان 1393 هەتاوی؛ قاسمی و هاوکاران 1397 هەتاوی، لیائو و سانگ هونگ، 2010 زایینی).

شێوازناسی

شێوازی ئەم لێکۆڵینەوە چۆنایەتییە کە لە ساڵی 1399 هەتاوی لە شاری تاران ئەنجام درا. ڕێکاری بەکارهێنراو تیوری به­ستێنییه. کۆمەڵگەی بەرتوێژینەوە بریتی بوو لە سێ تاقمی منداڵان (318 کەس)، خاوەن­کارەکان (17 کەس) و پسپۆڕانی بواری منداڵان واتە چالاکوانانی بواری منداڵان لە ئێن‌جی‌ئۆکان، مامۆستایان و کارناسان لە وەزارەتی خۆشگوزەرانی و ڕێکخراوی بێهزیستی (چاکژیانەوه) (20 کەس). شێوازی نموونه­هه­ڵگرتن ئاوێتەیەک لە نموونەهه­ڵگرتنی ئامانج­دار و تۆپەڵە بەفری بوو. ئامرازەکانی کۆکردنەوەی داتا بریتی بوو لە دیمانەی نیوەپێکهاتوو، قووڵ و بینین. ئەنجامی دیمانە و بینین و تەنانەت شیکاری ئەنجامەکان لە لایەن گرووپی توێژینەوە ئەنجام درا کە بایه­خی کارەکەی زیاد کردووه. بۆ شیکاری داتاکان شێوازی کۆدینگ (کراوه، تەوەری و بژاردەیی) بە کار هێنراوه. بە مەبەستی جێی‌باوەڕکردنی ئەنجامەکان، تاکەکان و شێوازی جیاواز بۆ کۆ‌کردنەوە و شیکاری داتاکان بە کار هێنراوه، داتاکان لە ناو گرووپە جیاوازەکان کۆ کراوەتەوه، وتەزا هه­ژمارکراوەکان و ئەنجامەکانی توێژینەوە لە لایەن گرووپی توێژینەوە و پسپۆڕانی بواری منداڵانەوە تاوتوێ کراوە بۆ ئەوەی هەم ئاستەکەی بەرز بێ و هەم لاگیرییە ئەگەرییەکەی کەم ببێتەوه.

ئەنجامەکان

تایبەتەمندییە حەشیمەت­ناسییەکان و هەندێ لە ئەنجامەکانی دیکه

ئەنجامەکان پیشان دەدا 84 لە سەدی  منداڵان کوڕ و 16 لە سەد کچن، 1.02 لە سەد لە گرووپی تەمەنی 3 بۆ 7 ساڵان، 44.89 لە سەد لە گرووپی تەمەنی 8 بۆ 13 ساڵان و 54.08 لە سەد لە گرووپی تەمەنی 14 بۆ 17 ساڵانن. 3 لە سەدی منداڵانی کار خۆجێیین، 3 لە سەد قەرەج یان غەریبن، 18 لە سەد کۆچبەری ناوخۆیی و 76 لە سەد کۆچبەری بیانین. 40 لە سەدی کۆچبەرانی بیانی بە شێوەی یاسایی هاتوونەتە ناو ئێران و 60 لە سەد بە شێوەی  نایاسایی هاتوون.

خوێندەواری دایک و باوکی منداڵان بە ڕیز 61 و 66 لە سەد نەخوێندەوار، 19 و 17 لە سەدیان ئاستی خوێندەوارییان هەتا  قۆناغی سەرەتایی، 12 و 9 لە سەدیان قۆناغی مام­ناوەندی، هەر دووکیان واتە 5 لە سەدی دایک و باوکەکان ئاستی خوێندەوارییان دواناوەندی و بڕواناوه­ی دوایی، 3 و 1 لە سەد ئاستی خوێندەوارییان کارناسی بوو و 2 لە سەدیان دایکیان خوێندەوارییان لە ئاستی خوێندەواری قورئانی بوو.

هەندێ هۆکاری وەکوو نەبوونی داهاتی سەرپەرشتیاری بنەماڵە بریتییە لە نیشتەجێ­بوون لە شار یان وڵاتێکی دیکه، لاکەوتەیی و خانەنشینی، مردن، نەخۆشی، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، زیندانی­بوون، جیابوونه­وه و بەجێ­هێشتن. 18 لە سەدی منداڵان 4 بۆ 8 کاتژمێر لە ڕۆژدا ئیش دەکەن، 55 لە سەد 8 بۆ 12 کاتژمێر، 22 لە سەد 12 بۆ 16 کاتژمێر و 5 لە سەد 16 کاتژمێر و زیاتر. بڕی داهاتی ڕۆژانە بریتییە لە 36 لە سەد 10 بۆ 50 هەزار تمەن، 14 لە سەد 51 بۆ 100 هەزار تمەن، 37 لە سەد 101 بۆ 200 هەزار تمەن و 13 لە سەد پتر لە 200 هەزار تمەن لە ڕۆژ. 45 لە سەدی منداڵان ئازاری جەستەیی، 49 لە سەدی ئازاری دەروونی و 6 ئازاری سێکسییان بەئەزموون کردبوو.

16 لە سەدی منداڵان وتوویانە لە درێژەی کاردا ناتوانن داوای پشوو بکەن و یان ناتوانن ئامادەی شوێنی کارەکە نەبن و شوێنی نیشتەجێ­بوونی منداڵان لەگەڵ بنەماڵە یان خزم و کەس و کاریانه، 23 لە سەد لە ماڵی تاکەکەسی لە دەرەوەی شوێنی کاردا دەمێننەوە و 9 لە سەد لە شوێنی کاردا نیشتەجێ دەبن.

جۆرەکانی کاری منداڵ: خشتەی ژێرەوە گرینگ­ترین تایبەتمەندییەکانی جۆری کاری منداڵ و لێکەوتەکانی پیشان دەدات. لە ژێرەوە سەبارەت بە هەر کام لەم کارانە بە شێوەی پۆلێن­بەندی­کراو زیاتر ڕوونکردنەوە دەکەین:

کارکردن لە کارگه: ئەم جۆرە کارگەیە هەندێ کاری جیاوازی وەکوو کارگەی بەرهەم­هێنانی جانتا و پێڵاو و پۆشاک؛ جل­وبه­رگ­دوورین، فیتەری، لەحیم­کاری و ئیش­کردن لە کارگەی شتە خەسارچووەکان، کارکردن لە کارگەی دارتاشی و کارگەی بەرهەم­هێنانی گوڵ لە خۆ دەگرێت. ئامانج لەم چەشنە کارانە فێربوونی باشتری پیشە بۆ دەس­خستنی پیشە و کار لە داهاتووه؛ سەرباری ئەوەی منداڵان چاوەڕوانی داهاتیشیان لێی هەیە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بنەماڵەکان منداڵەکانیان دەنێرن یان دەبەن بۆ ئەم کارانە کە فێری پیشە بن ئەوەیە کە خوێندن فێربوونی پیشە و دەس­خستنی کاری لێ ناکەوێتەوه. منداڵان دەگێڕنەوه، “باوکم وتی بڕۆ فێری ئیشێک به، خوێندن بە کەڵک نایه” و “پێم خۆشە فێری پیشەیەک بم، گەورە بم، ناکرێ هەمیشە لە سەر چواڕییانەکان بم”.

هەندێ لە منداڵانیش حەزیان لە فێربوونی هەندێ توانای وەکوو فیتەری بوو. پەیوەندی کار لەم چەشنە کارانەدا زیاتر لە جۆری خاوەنکاری و خزمایەتییه. لەم کارانەدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا منداڵان توندوتیژی بێژەیی و تەنانەت جه­سته­یی بە مەبەستی فێربوونی پیشە لە لایەن خاوەن­کارەکانیان بەئەزموون دەکەن. هەروەها لە زۆربەی کارەکاندا منداڵان هەموو ڕۆژانی حەفتە تەنانەت ڕۆژانی هەینی ئیش دەکەن کە ئەمە هیچ هەلێک بۆ منداڵ ناهێڵێتەوه. لەم کارگەیانەدا بوونی منداڵانی کۆچبەر لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی ئێراندا زۆر پەرەی سەندووە کە زۆر جار شەو لە ناو ئەم کارگایانەدا ڕۆژ دەکەنەوه.

بە بڕوای هەندێ لە کارناسان کارکردنی منداڵان  لە کارگەکان لە چاو کارکردن لە سەر شەقام دژوارترە و لێکەوتەی زیان­بەخشی زیاتری بە دواوەیە وەکوو نەبوونی چاودێری، ڕچاونەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، زیان­مەندبوون و کەم­ئەندام­بوون، وڵام­نەدانەوەی خاوەنکار، مووچه­ی زۆر کەم، کەڵکاوەژۆیی و چەوساندنەوه، نەبوونی مافی ناڕەزایەتی، نەبوونی ئازادی بۆ دیاری­کردنی کاتی دەستپێکی کار و کاتی کۆتایی­هێنانی کار، ماوەی درێژخایەنی کار، نەبوونی کاتی پشوو و ڕابواردن و سەرقاڵی،  بینینی کۆمەڵە هه­ڵسوکه­وتی بێڕەوشتانەی خاوەنکار و دیکەی هاوڕێکانی وەکوو گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، خواردنەوەی کحۆلەکان، پەیوەندیی سێکسی نایاسایی، قاچاغ، لاوازکردنی هەستی متمانەبەخۆیی منداڵان، ئەزموونی ئازار و دەسدرێژییەکان، نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک.

یەکێک لە چالاکوانانی بواری منداڵان لە ئێن‌جی‌ئۆکاندا وتوویەتی: “من وام پێ باشە منداڵ لە سەر چوارڕیانەکاندا ئیش بکا تا لە کارگە، لە کارگەدا ئەو منداڵانەی کە لە ئاست خاوەنکار متمانەیان بە خۆیان نییه و خاوەنکار بەمە ده­زانێ، و تەنانەت بنەماڵەکەشی کرێکاری ئەم خاوەنکارەن، کاتێک منداڵ تووشی کێشە دەبێ وادەزانێ خاوەنکار ئێستا دەچێتە لای دایک یان باوکی و دە­یگێڕێتەوە بەڵام ئەمە لە چوارڕیانەکاندا ڕوو نادات”. یەکێکی دیکە لە شارەزایان دەڵێ: “لە شەقامدا منداڵ ئازادە بۆ پارە و بۆ هاتوچۆکەی، منداڵ لە کارگەدا ژێرچەپۆک و بەستەزمانە و ئاستی متمانەبەخۆییەکەی کەمه. بەڵام لە سەر شەقام متمانەی بە خۆی زیاترە و لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندی­دایە بەڵام لە کارگە هیچی بۆ ناوترێت.”

 

جۆری کار ئەرکەکان پەیوەندیی کار کاتژمێری کار ئێتنیک ڕەگەز لێکوتەکان شوێن
کارگەی بەرهەمهێنان (جانتا و پێڵاو و پۆشاک و هتد) بەردەست، ناوەڕاستکاری، بڕین، قاڵبسازیی نەخش و نیگار، دروومان، دوگمەلێدان، بەرگدووری، چەکووچ لێدان، چەسپ لێدان ئیشکردن لە چوارچێوەی تۆڕی خزمایەتی و پەیوەندیی خاوەنکاری 12 ئێرانی و ئەڤغانی بە زۆرینە ئێرانی زیاتر کوڕ کارکردن لە کاتە نائاساییەکان، ئیشکردن بە مادەی کیمیایی و گڕگر، برینداربوونی دەست و قاچ لە کاتی ئیشکردن بە مەکینە و کەرەسەکانی کار، هەڵمژینی مادەی کیمیایی و خووگرتن بەم مادە کیمیاییانه، گواستنەوەی باری قورس، بەئەزموونکردنی ئازار، ڕفتاری مەترسیدار، بینینی ڕفتاری ناعوڕفانە لە شوێنی کار وەکوو سێکسکردن و کێشانی مادە هۆشبەرەکان. گەڕەکە ناوەندییەکانی شار
فیتەری چاککردنەوەی پارچە جۆراوجۆرەکان، شتنی پارچەکان، گۆڕینی ڕۆن، خاوێنکردنەوەی دوکان، هێنانی پارچە لە دوکانەکانی دیکە و هتد. ئیشکردن لە چوارچێوەی تۆڕی خزمایەتی و پەیوەندیی خاوەنکاری 12 ئێرانی و ئەڤغانی کوڕ کەوتنە بەر مۆنۆکسایدی کاربۆن، بەنزین، ژاوە ژاو، سووتمان، زیانبەرکەوتن، بەئەزموونکردنی توندوتیژی، کارکردن لە شوێنی سارد و گەرم، ماوەی دوور و درێژی کار و ماندووێتیی لە ڕادەبەدەر و نەبوونی ماوەی پشوو. فەرەحزاد، ئازادی، بەشی باشووریی شار
لەحیمکاری و کارکردن لە  کەرتی خەسارچووەکان لەحیمکردن، بڕینی پارچەکان، گواستنەوە و هەڵگرتنی بار، جیاکردنەوەی شتە خەسارچووەکان ئیشکردن لە چوارچێوەی تۆڕی خزمایەتی و پەیوەندیی خاوەنکاری 12 ئێرانی، ئەڤغانی بە زۆرینەی ئێرانی کوڕ کاری تاقەتپڕووکێن، زیانبەرکەوتنی چاو و گوێ، کارکردن لە شوێنی زۆر گەرم و پڕدەنگە دەنگ، ژیان و کارکردن لە شوێنە کونجڕ و پیسەکان، ئیشککردن بە مەکینه، سووتمان، زیانبەرکەوتن و شکان، کێشەی هەناسەکێشان و سییەکان بە هۆی بوونی گازی ژاراوی لە  لەحیمی ئەلیکتڕۆنی و کێشە ئارتۆپێدی لە بڕبڕەی پشت بە هۆی شێوازی دانیشتن خەلازیر، ئەتابەک و …
بارهەڵگری گواستنەوە بە داشقه پەیوەندیی خاوەنکاری و ڕێکخراو 10 ئێرانی و ئەڤغانی کوڕ گواستنەوەی باری قورس، بەئەزموونکردنی توندوتیژی، کارکردن لە شوێنە قەرەباڵغەکان، پیادەڕەوی زۆر، هەستکردن بە ئازاری ماسوولکەکان، زیانبەرکەوتنی ئێسکەکان، تێکهەڵچوونی منداڵان پێکەوه، شەڕ لەگەڵ شارۆمەندان، ئیشکردن لە گەرما و سەرما بازاڕی تاران
کوورەخانەی خشت‌پێژی بەرهەمهێنانی خشت و بەئەنبارکردنیان خزمایەتی و خاوەنکاری 11 ئێرانی و ئەڤغانستانی کوڕ و کچ کار لە بەر خۆر و ژینگەی گەرم، برینداربوونی دەست، زیانمەندبوون، ژیان لە شوێنێکی نالەبار و بێ‌خزمەتگوزاری و خۆراکی خراپ. شەمساباد و باشووری تاران
کشتوکاڵ چاندن و چنینەوەی بەروبووم، بژار، بەستەبەندی، ژارپرژێنی، ئاودێری و گواستنەوه خزمایەتی و خاوەنکاری 11 ئێرانی و ئەڤغانستانی و پاکستانی کوڕ و کچ کارکردن لە سەرما و گەرما، برینداربوون، کەوتنە بەر مادەی ژاراوی و پیساو، ماوەی دوو و درێژی کارکردن، کاری فیزیایی تاقەتپڕووکێن، پشت ئێشه، کارکردن لە ناو تەپ و تۆز  و هەندێجار تێکەڵ بە قوڕ و چڵپاو، تاوانگەستن، ئەزیەت و ئازاری مێروو، ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ هەندێ ئاژەڵی مەترسیدار، گواستنەوەی باری قورس، ئازار، دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری و ئیمکانیاتی تەندروستی. گەڕەکە  باشوورییەکان و ڕۆژاوای تاران
کارگەی بەرهەمهێنانی گوڵ گواستنەوەی بار، گواستنەوە بە داشقە لەوانە باری مشتەرییەکان، چاودێری کردنی گوڵەکان، خاوێنکردنەوەی شوێنی کار و دوکانەکان. کارکردن لە چوارچێوەی تۆڕە خزمایەتییەکان، پەیوەندیی خاوەنکاری و ڕێکخراوەیی 10 ئەڤغانستانی کوڕ کارکردن لە کاتە نائاساییەکان، کەم‌خەوی، ئیشکردن لە شوێنە قەرەباڵغەکان، ژیانکردن لە شوێنە گشتییە پڕ لە دەنگە دەنگەکان و نەبوونی پشووی پێویست مەحەلاتی و خاوەران
زبڵگەڕی جیاکردنەوەی زبڵ لە ناو زبڵدان  و جیاکردنەوەیان لە کاتی کار یان لە شوێنی زبڵ کارکردن لە چوارچێوەی تۆڕە خزمایەتییەکان، پەیوەندیی خاوەنکاری و ڕێکخراوەیی 14 زۆربەیان ئەڤغانستانی کوڕ و کچ بڕانی دەست بە هۆی زبڵە تیژ و بڕێنەرەکان، کەوتنە بەر مادەی مەترسیداری وەکوو مادە خەسارچووەکانی نەخۆشخانه، مێرووەکان، هەندێ نەخۆشیی وەکوو هێپاتیت، ئایدز، کێشەی ئێسکلێتی و ئۆڕتۆپێدی، مەرگ، بەدخۆراکی، بەئەزموونکردنی توندوتیژی، قوربانیی تاوانبوون، هەڵمژینی بۆگەنی زبڵ و زبڵدان، شوێنی نیشتەجێبوون و خەونی نائارام و ناتەندروست، نەبوونی خزمەتگوزاریی شاری و خۆراکی خراپ. هەموو ناوچە شارییەکان وەکوو ناوەندەکانی ڕیسایکڵین و قووڵکەی جیاکردنەوەی زبڵ
کار لە سەر شەقام فرۆشتنی کاڵا، خزمەتگوزاری و سواڵکردن خۆخاوەنکاری (نەبوونی پەیوەندیی کاری) 8 ئێرانی و ئەڤغانستان و پاکستانی کوڕ و کچ پیادەڕەویی دوور و درێژ و لە سەر پا ڕاوەستان و بە هۆیەوە ماندووێتیی لە ڕادەبەدەر، بەئەزموونکردنی توندوتیژی، پێکداهەڵچوون، ڕووداوی هاتوچۆ و برینداربوون، بەدخۆراکی و خۆراکی نەگونجاو، فێربوونی ڕفتاری مەترسیدار و بینینی ڕفتاری بێ‌ڕەوشتانه، گیرانی کەلوپەل و کۆکردنەوەیان، کارکردن لە بەر گەرما و سەرما، هەڵمژینی هەوای پیس، بوون بە قوربانیی تاوان، هەستکردن بە شەرمەزاری و سووکایەتی. زیاتر لە گەڕەکە باکوورییەکانی شاری تاران
کارکردن لە مەیدانەکانی میوە و  تەڕەبار داگرتنی بار، خاوێنکردنەوەی میوە و سەوزه، ڕیزکردنیان، فرۆشتنی میوە و سەوزە بە مشتەری و خاوێنکردنەوەی شوێنی کار کارکردن لە چوارچێوەی توڕە خزمایەتییەکان، پەیوەندیی خاوەنکاری و ڕێکخراو 13 ئێرانی بە زۆرینە کورد کوڕ کەمخەوی، ژیانکردن لە نووستنگەی گشتی و نەبوونی شوێنی خەو و پشووی پێویست، کەوتنە بەر ڕفتاری زیانبەخش، بێ‌ڕێزی، ژیانی بە دوور لە بنەماڵه، کارکردن لە کاتە نائاساییەکان، گواستنەوەی باری قورس، هەڵمژینی تەپ و تۆز، بڕینی دەست بە هۆی ئیشکردن بە کەرەسەکان، هەستکردن بە ماندووێتیی زۆر، فێربوونی هەندێ ڕفتاری مەترسیداری وەکوو بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و خواردنەوە کحۆلییەکان یان سێکسکردنی مەترسیداری دیتران لە شوێنی کار و بەئەزموونکردنی توندوتیژی هەموو گەڕەکەکانی شار
کاری ماڵان خاوێنکردنەوەی ماڵ، چاودێریکردنی بەساڵاچووان و منداڵان و ساوایان، کڕین، چێشتلێنان، بەستەبەندی، وردکردنی سەوزە و هتد. توڕە خزمایەتییەکان و پەیوەندیی خاوەنکاری ئێرانی و زۆرینەی ئێرانی و ئەڤغانی زیاتر کچان ئەنجامدانی کاری زۆر، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، کاری درێژخایەن و تاقەتپڕووکێنەر، هەڵگرتنی باری قورس، دەستدانە کەرەسەی مەترسیداری وەکوو چەقۆ، مەنجەڵی داغ، تەور و داس، شوێنی ژیان و خۆراکی ناتەواو و ناتەندروست، ڕفتاری سووکانە و بێڕێزیکردن وەکوو ئازاری جەستەیی، وتەیی و سێکسی. هەموو گەڕەکەکانی شار
شاگردیی سووپەر مارکێت و دیکەی دوکانەکان دانانی قەفەزەکان، هەڵگرتن و گواستنەوەی کار، پێڕاگەیشتن بە مشتەری و کارکردن وەک پەیک تۆڕی خزمایەتی و پەیوەندیی خاوەنکاری 13 ئێرانی و ئەڤغانستانی کوڕ درێژخایەنی ماوەی ئیشکردن و تاقەتپڕووکێنیی کار، نەبوونی خەو و پشووی تەواو، گواستنەوەی باری زۆر و قورس و لە هەندێ حاڵەتدا کارکردن بە دوور لە بنەماڵە و خەوتن لە ناو دوکان. هەموو گەڕەکەکانی شار
کار لە کارواش شتنی ئۆتۆمبێلەکان، خاوێنکردنەوەی کارگە و گواستنەوەی بار پەیوەندیی خاوەن‌کاری 13 ئێرانی و ئەڤغانستانی کوڕ کارکردن لە بەر سەرما و گەرما، کارکردن بە مادە پاک‌کەرەوەکان و کێشەی هەناسەدان و نەخۆشیی پێستی، بەئەزموونکردنی توندوتیژی، پێنەدانی حەقدەست، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و خەوی تەواو هەموو گەڕەکەکانی شار
کار لە کارگە دارتاشییەکان گواستنەوەی بار وەکوو ئاڵودار، بڕینی ئاڵودار، بزمار و چەسپلێدان، بردنە کۆگا، گواستنەوەی ئاڵودارەکان پەیوەندیی خاوەن‌کاری 12 ئێرانی و ئەڤغانستانی کوڕ زیانبەرکەوتن، گواستنەوەی باری قورس، هەڵمژینی خاکەمڕمەندەکان، کێشەی هەناسەدان و خۆراکی نەگونجاو. وەکوو مورتەزاگەرد، شووش و فەرەحزاد
کار لە کارگە بلوورسازییەکان بەستەبەندیی بلوورەکان و گواستنەوە و هەڵگرتنیان تۆڕی خزمایەتی و پەیوەندیی خاوەن‌کاری 10 ئێرانی و ئەڤغانستانی کوڕ کارکردن لە شوێنی گەرم، گەرماژۆیی، کێشەی هەناسەدان، ئەگەری سووتان باشووری شاری وەکوو خێراباد و ئیسلامشار و سێڕای  وەرامین

کشتوکاڵ: کارکردنی منداڵان لەم بەشەدا زیاتر بە شێوەی وەرزانەیە و بە پێی وەرز کار هەیە کە زۆربەی کارەکان دەکەوێتە هاوین، پاییز و بەهار. ئامانجی هاتنی منداڵان بۆ ناو ئەم کارە دەس­خستنی داهاته. منداڵان یان لە چوارچێوەی تاقمی هاوڕێیانه و یان خزمایەتییانە دەچنە سەر کار کە هەر ئەمانە سەرچاوەی پاڵپشتییانه. لە وەرزی کاردا شوێنی نیشتەجێ­بوونی زۆربەیان کەپرە دەستکردەکانی ناو کێڵگەکانە کە لە پێداویستی سەرەتایی و دەست­ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری بێبەرین کە ئەمە تووشی زیانی جەستەییان دەکات. کارکردن لە هەموو ڕۆژانی حەفتەدا، کاتژمێری کاری درێژخایەن لە درێژەی ڕۆژدا، کاری قورس و تاقەت­پڕووکێن وێڕای کارکردن لە بەر گەرما لە گرینگ­ترین کێشەکانی ئەم کارەیه. یەکێک لە منداڵەکان دەگێڕێتەوه: “ئیتر دژوارییەکەی ئەوەیە کە دەبێ هەر لەبەر هەتاو کار بکەی، هەوا گەرمه، مێشوولە ئازارم دەدات”. لە وەرزەکانی دیکەدا کە ڕێژەی کار و پێویستی بە هێزی کار کەم دەبێتەوە منداڵان گونجاوه بچنە ناو کاری دیکەی وەکوو زبڵگەڕییەوە. هەروەها دەبێ بڵێین بەو پێیەی کە کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە شارەوە دوورن، ئەم تاقمە منداڵانە لە ڕەوتی سەرەکی کۆمەڵگا، خوێندن، خزمەتگوزاری ئێن‌جی‌ئۆکان و زۆرێک لە پێداویستیه­کانی خۆشگوزەرانی و شاری بە دوورن.

کار لە شەقام: منداڵی سەر شەقام لایەنێکی جیاواز لە کاری وەکوو گوڵ­فرۆشی، سواڵکەری، دەسفرۆشی، قانگ‌سووتاندن، کێشاندن، ژەنیاری، خاوێن­کردنەوەی شووشەی ئۆتۆمبێل، سەوزەفرۆشی، فاڵ­گرتنەوه، بارهەڵگری و هتد ئەنجام دەدەن. منداڵان هەر لە تەمەنی زۆر کەمەوە لە هەندێ حاڵەتدا لە تەمەنی  4 ساڵانەوە دەست دەدەنە ئەم چەشنە ئیشانه. ئەوان بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان یان هاوڕێکانیانەوە کار دەکەن. بە هۆی ئەوەی منداڵان باشتر دەتوانن هەستی بەزەیی­هاتنەوەی خەڵک ببزوێنن و داهاتی زیاتر وەدەست بێنن، دایک و باوک پاڵنه­ری زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بۆ ئەم کارانە بە کار بێنن. مەبەست لە ئەنجام­دانی ئەم کارانە دەس­خستنی داهاته. لە هەندێ حاڵەتدا دایک و باوک لەوانەیە لە سەر شەقام، بە مەودای کەمەوە چاودێری لە منداڵەکانیان بکەن.

بوونی منداڵانی ئەڤغانی و قەرەجەکان لە کاری سەر شەقامدا زۆر بەرچاوه. ئەوان هەندێ لە پانتاکانی شاریان بۆ وێنە چوارڕیانێکی تایبەت وەک مەڵبەندی خۆیان دیاری دەکەن و ڕێگری لە هاتنی کەسانی دیکە بۆ ناو ئەو بازنە دەکەن هەر بۆیە بە نیازی پاراستنی ئەم مەڵبەندە زۆر جار لە نێوان منداڵەکان گرژی و ناکۆکی ساز دەبێت. لە هەندێ حاڵەتدا هاتن بۆ ناو ئەو بازنە بە مەرجی پێدانی پارەیه. یەکێک لە منداڵەکان گێڕایەوه: “… ئەمان دەڵێن ئێمە دە ساڵە لێرە ئیشمان کردووه، ئەمە چوارڕیانی ئێمەیه، من دەڵێم باشە کوا بەڵگەتان، ئیتر لەبەر ئەوە ڕۆژێک بوو بە شەڕمان”. ئەزموونی ژیاو لە سەر شەقامدا منداڵانی فێری زانستی جۆرناسی کڕیاره­کان، شێوازی ورووژاندنی هەستی بەزەیی کڕیاره­کان و لە خۆ بەرگری­کردن لە هەمبەر مەترسییەکانی کار کردووه. ئەم تاقمە منداڵانە کە وەبەر گەڵاڵەی ڕێک­خستن دەکەون زۆریان ئەزموونی گرتن و کۆکردنەوەیان بووه. لەم کارانەدا منداڵان هەر وەکوو چۆن لە تەمەنی کەمدا دێنە ناو پرۆسەی کارەوە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دەبێ لە ڕەوتی کار بچنە دەرەوە چونکە چیتر ناتوانن هەستی بەزەیی و سەرنجی شارۆمەندان بە نیازی دەس­خستنی داهات ببزوێنن.

کار لە گۆڕه­پانی میوە و تەڕەبار (عەلوه): ئەو منداڵانەی کە لەم چەشنە کارانەدا ئیش دەکەن زۆربەیان کۆچبەرانی ئێرانن و بە دوور لە بنەماڵە یان لەگەڵ یەکێکیان لەم گۆڕه­پانانەدا ئیش دەکەن. لەم گۆڕه­پانانەدا شێوازی کار بە تەواوەتی ڕێک خراوە و لە ژێر چاودێری ناوەندی گۆڕه­پانی میوە و تەڕەباری شارەوانی تاران ئەنجام دەدرێت. ئەوان ڕۆژانە بە شێوەی فەرمی دەبێ کار بکەن و نزیکەی چوار کاتژمێریش بە شێوەی نافەرمی ئیش دەکەن، بۆ وێنە شەوانە لە مەودای جیاجیادا بارەکان دادەگرن، یەکێک لە منداڵەکان گێڕایەوه: “تەڕەبار بۆ کار کاتژمێری تایبەتی نییه”، واتە دەبێ چەندین کاتژمێر ئیش بکەن. مووچه­ی منداڵەکان بە شێوەی حەفتانە دیاری دەکرێ کە زۆربەیان حەفتەیه­ک 800 هەزار تمەنه، هەڵبەت کاتێک کە بیانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان یان پێویستیان بە پارە بێ داوای ئەو بڕە پارە لە خاوەنکارەکەیان دەکەن.

لە ڕۆژانی بێکاری و پشوو مووچه­یان پێ نادرێت. کارەکانیان لە ژێر چاودێری چاودێرانی گۆڕه­پانەکانی تەڕەبار بوو و ئەگەر هەڵەیەکیان لێ بووەشێتەوه، بۆ وێنە هه­ڵسوکه­وتی شیاویان لەگەڵ کڕیار نەبێ، جل­وبەرگی فەرمی لەبەر نەکەن، میوە و دیکەی خواردەمەنییە خراپەکان لە ناو پالێتی میوەدا بەدی بکرێ، چاودێران هەڵسوکەوتی ناشیرینیان لەگەڵ دەکەن کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تێکەڵ بە سووکایەتییه. هەموو منداڵەکان بە چاوی کاری کاتییەوە لەم کارە دەڕوانن، هەڵبەت هەندێکیان لەوانەیە هەر لەم پیشەدا بمێننەوە و لە داهاتوودا هۆدەیەک بە کرێ بگرن و ببنە میوەفرۆش.

زبڵگەڕی: ئەو منداڵانەی کە زبڵگەڕی دەکەن زۆربەیان کۆچبەرە ئەڤغانییەکانن، هەڵبەت هەندێکیان منداڵانی ئێرانی ئێتنیکە جیاوازەکانن کە لەم بوارەدا ئیش دەکەن. شارەوانی تاران ئەرکی کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی زبڵە وشکەکانی گەڕەکەکانی تارانی خستۆتە ئەستۆی پەیمانکاران. پەیمانکاریش لەوانەیە خۆی چاودێری زبڵەکان بکا یان لە میکانیزمی دیکەدا بیخاتە ئەستۆی کەسانی دیکه، وەکوو خستنە ئەستۆی ئەو ئەڤغانییانەی کە پێیان دەڵێن “ئەرباب”، “سەرگوورد” یان “سەرگاراژ”. بۆ وەدەست­هێنانی قازانجی زێدەتر، خاوەن­کارەکان دابەش­کردنی زبڵەکانیان بە سەر هەر دوو تاقی بەیانی و شەو دابەش کردووه؛

لە تاقی بەیانیدا زۆرینەی ئەو کەسانە زبڵەکان کۆ دەکەنەوه کە لە بەشی پاشماوەی گەڕەکە 22ـەکانی شاردا ئیش دەکەن و لە ژێر چاودێری شارەوانی گەڕەکدان؛ کەواتە لەم تاقەدا منداڵان کەمتر بە کار دەهێنرێن. لە بەشی دوانیوەڕواندا زیاتر منداڵان خەریکی کۆکردنەوەی زبڵن، ئەوان نزیکەی کاتژمێر چواری پاش­نیوەڕۆ دەست بە کار دەبن و هەتا نزیکەی کاتژمێر دوازدەی شەو و تەنانەت زیاتر لەوە کار دەکەن، هەندێکیان بە شێوەی مانگانە بڕە پارەیەک لە ژێر ناوی “ڕسووم” دەدەن بە خاوەنکار بۆ ئەوەی ڕێگە بدا کە لە گەڕەک کار بکەن و هەندێکی دیکەیان ناچارن بە نرخێکی دیاری­کراو زبڵەکان بە خاوەنکار بفرۆشن کە ئەم نرخە یەکجار کەمه. بۆ ئەو کەسانەی کە لەم کەرتەدا کار دەکەن کارتی چالاکییان بۆ دەردەکرێ و وێنەکەیان لە سەر موبایلی پشکنەرەکانی خاوەن کار پاشەکەوت دەکرێ بۆ ئەوەی چاودێری بکرێن و کەسێک بە شێوەی بێ‌مۆڵەت بە نیازی کار نەیەتە ناو ئەم بوارەوه. یەکێک لە منداڵانی زبڵگەڕ سەبارەت بە شێوازی هاتنیان بۆ ناو ئەم گەڕەکانە وتی: “ئێمە لێرە ڕسووم دەدەین؛

مانگێ سێ ملیۆن دەدەین بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن ئیش بکەین. ئەگەر ڕسووم نەدەین، ئەوان دێن دەگەڕێن، بزانن کێ پارەی نەداوە دەیگرن و لێی دەدەن”، هەر بۆیە منداڵان لەم جۆرە کارەدا توندوتیژی زیاتر بەئەزموون دەکەن. ئامرازی کاری منداڵان لەم جۆرە کارەدا کەتفی (جۆرە تەلیسێک بۆ گواستنەوەی زبڵ) و داشقەیه. شوێنی نیشتەجێ­بوونی ئەم کەسانە لە شوێنی جیاکردنەوەی زبڵ لە ناوچە باشووری و باشووری ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی شاری تارانه. ئەوان بۆ کۆکردنەوەی زبڵ بەو کامیۆنانەی کە بە کرێیان گرتووە لەم ناوچانەوە دەچنە ناو شاری تاران و پاش کۆتایی­هاتنی کاتی کار، هەر بەو زبڵانەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێ­بوونیان.

به­رده­ستی دووکانه گه­وره­کان و دیکەی دوکانەکان: منداڵانی ئەڤغانستانی و تورک زیاتر لەم چەشنە کارانەدا بوونیان هەیه. لە دووکانه گه­وره­کاندا هەر لە بەیانییەوە هەتا نزیکەی یازدەی شەو کار بەردەوامه. هەندێ­جار شوێنی نیشتەجێ­بوونی هەندێ لەم منداڵانە ناو دووکانەکانە و هەمیشە لەبەر دەستی خاوەنکارەکانیانن کە کاریان پێ بکەن. منداڵان لە بەشێکی دیکەی دووکانەکاندا وەکوو کەرەسەی یەدەک­فرۆشی، خۆراک­فرۆشی و ڕێستورانت، قەسابی و مریشک‌فرۆشی، جل­وبەرگ­فرۆشی، کارواش و شیرینی­خانەکاندا ئیش دەکەن. کارەکەیان بە شێوەی کاتی و نیوتاق و یان تەواوە و بە پێی ئەوە پاره وەردەگرن. منداڵان لەم کارەدا هەموو ڕۆژانی حەفتە و ڕۆژانی پشوو ئیش دەکەن. لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا منداڵان هاوشێوەی کارکردن لە کارواش هیچ پاره­یه­ک وەرناگرن و خاوەنکار تەنیا شوێنی نووستنیان پێ دەدا و داهاتەکەیان لە به­رده­ستی کڕیاره­کان دابین دەبێت. منداڵێکی گێڕایەوه: “لێرە به­رده­ستیانه وەردەگرم، لێرە مووچه­م نییه.”

کوورەخانەی درووست کردنی خشت: ئەم کوورەخانانە زیاتر دەکەونە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای تاران. کارکردن لەم کورانەدا زیاتر بە شێوەی خێزانییە و منداڵەکان لە پاڵ بنه­ماڵه­کانیان ئیش دەکەن. ئەمە وای کردووە منداڵان هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەر داهاتیاندا نەبێ و خاوەنکار ڕاستەوخۆ پاره­که­یان بدا بە سەرپەرشتی بنەماڵە یان باوکیان. منداڵێک لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە مووچه­که­ی وتی: “من مووچه­ی خۆم وەرناگرم، دەدرێ بە باوکم، باوکم بۆ ماڵی خەرج دەکات.” کاتژمێری کارکردن لەم کوورەخانانەدا یەکجار زۆرە. منداڵان هەندێ جار ناچارن بەیانیان زوو لە خەو هەستن و هەتا ئێوارە لەم کوورەخانانە ئیش بکەن.

کارکردن لە کوورەخانە لە وەرزی هاوین زیاتر باوە و لە وەرزەکانی دیکەدا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە شارەکانی دیکه. هەڵبەت شوێنی مانەوەی هەندێ لە بنەماڵەکان لە ناو ئەم کوورەخانانەیه. ئەم کوورەخانانە زیاتر لە دەرەوەی شارن و ئەو کەسانەی کە لەم کوورەخانانە ئیش دەکەن پەیوەندییەکی یەکجار کەمیان لەگەڵ کۆمەڵگای شاری هەیە. هەر بۆیە ئەو مەودایەی کە ئەوان لەگەڵ شار هەیانە بۆتە هۆی تارێنراوی ئەم کەسانە. بە هۆی دەست­ڕانەگەیشتن بە قوتابخانە و نەبوونی ئێن‌جی‌ئۆ لەم ناوچانەدا، زۆربەی ئەم منداڵانە لە خوێندن بێبەش دەبن و یان هەندێ­جار بە نیازی خوێندن دەچنە گوند یان شارەکانی دەوروبەر کە بە هۆی ئەو تێچوو و دژوارییەی کە هەیەتی، ڕێژەی ئەم منداڵانە کەمه.

کارگەی بلوورسازی: زۆربەی ئەو منداڵانەی کە لەم بەشەدا کار دەکەن کۆچبەرانن کە لەگەڵ بنەماڵەکانیان ژیان دەکەن. کارکردنی کچانیش لەم بازاڕەدا باوه. بە پێی یاساکانی کار، کاری منداڵانی ژێر تەمەن 15 ساڵان لەم کارگەیانەدا قەدەغەیه، بەڵام زۆرینەی ئەم کارگایانە لە ڕێگەی کامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ دەکرێ و ئەو کاتەی کە چاودێرانی کار دێن بۆ سه­ردانی ئەم کارگایانه، کاربەدەستەکانی خاوەنکار لە ده­رگاکانی خاوەنکارەکان لە پێدانی مووچه­ی منداڵەکان خۆ دەبوێرن و منداڵانیش واز لە ئیشەکە دێنن. منداڵێک سەبارەت بە کارکردن لەم کارگەیە وتبووی: “شتەکە لە سەر تێلەکانه، من دەچم دەیخەمە ناو کوورەوه، دەیهێنم، وریام، خێرا هەڵیدەگرم کە نەکا دەستم بسووتێ، بەڵام جارێک سووتا.”

کاری ماڵان: منداڵان یان کرێکارانی کاری ماڵ ئەو منداڵانەن کە لە ماڵی خەڵکدا ئیش دەکەن. هەندێ لە منداڵان لەوانەیە لە ماڵی خۆیاندا کار بکەن. ئەو کارانەی کە منداڵ ئەنجامی دەدا بریتییە له: کاری ڕۆژانەی ناوماڵ، چێشت­لێنان، خاوێن­کردنەوە و شتن، چاودێری­کردنی منداڵانی خاوەنکار و هاوڕێیەتی­کردنیان بۆ چوونە قوتابخانه، چاودێری گەورەساڵان و کەسانی لاکەوته، باخەوانی و هاوکاری­کردنی خاوەنکارەکان لە بەڕێوبردنی کارە ئاساییەکان. ئەو کارانەی کە منداڵ لە ماڵی خۆیاندا ئەنجامی دەدەن بریتین له: وردکردنی سەوزە و خاوێن­کردنەوەی، تەون­کردن، چنینی هەندێ شتی وەکوو گۆرەوی، جوانکاری خشڵ و زەنبەر لە سەر شتەکانی دیکەی وەکوو کۆتاڵ و هتد. هەندێ لە منداڵان لەوانەیە لەگەڵ دایک و باوکی خۆیان بچن بۆ ماڵانی  دیکە و کاری وەکوو خاوێن­کردنەوەی ماڵ ئەنجام بدەن، منداڵێک لەم بارەوە دەڵێ: “لەگەڵ دایکم دەچم بۆ خاوێن­کردنەوەی ماڵان؛ دایکم زەوی خاوێن دەکاتەوه، منیش دەچم قاپ و کەوچکەکان دەشۆم”. لەو ڕووەوەی کە ئەم جۆرە کارە لە ژێر کۆنتڕۆڵی بنەماڵەکانە منداڵان بەتایبەت کچان کۆنتڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە سەر داهاتیان نییه.

مۆدێلی به­ستێنی کاری منداڵان: لە خشتەی ژێرەوە لە پێشدا پرۆسەی کۆدینگ ودواتر پێگەی وتەزاکان لە مۆدێلدا کێشراوەتەوە و پاشان لە مۆدێلدا لە پرۆسەی لۆژیکی به­ستێن و لێکەوتەکانی کاری منداڵان کێشراوەتەوه. لە سەر ئاستی پێکهاتەیی هۆکاری کاری منداڵان بریتییە لە کەلێنی گەشە، گرژی و ناکۆکی لە وڵاتی ئەڤغانستان، هەژاری بنەماڵەکان، کەلتووری هەندێ لە کۆمەڵگەکان و باوەڕەکانیان لە مەڕ منداڵ، کۆچ کردن و دابین­کردنی تێچووی کۆچ.

کەلێنی گەشە ئاماژە بەو گەشەکردنە نابەرانبەرە دەکا کە باڵی  بە سەر ئەم وڵاتەدا کێشاوه. سیاسەتەکانی گەشە لە سەرەتاکانی ئەم سەدەوە چەند پارێزگای ناوەندی وەکوو تارانی پێکاوە و زۆربەی کەرتە پیشەسازی و چالاکییە خزمەتگوزارییەکان لەم بەشەی وڵاتی ئێراندا جێگیر کراوە و دیکەی ناوچەکان، بەتایبەت ناوچە پەراوێزیه­کانی ئێران لە هەر چەشنە گەشەیەک بێ­بەش کراون. لە ئەنجامی ئەم پرۆسەدا بەشێکی زۆری کەسەکان بەتایبەت منداڵان لە ناوچە پەراوێزیەکانەوە بە نیازی دەس­خستنی هەلی کار بەرەو تاران کۆچ دەکەن. وڵاتی ئەڤغانستان وەک دراوسێی ڕۆژهەڵاتی ئێران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ناکۆکی و نائارامی زۆری بە خۆوە بینیوە کە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی نائارامییەکی بەربڵاو باڵ بە سەر ئەم کۆمەڵگایەدا بکێشێت. نائارامی و لە پاڵیەوە هەژاری تۆخی کۆمەڵگای ئەڤغانستان بەتایبەت لە دەڤەرە گوندییەکان پەرەی بە کۆچ­کردنی بەرەو ئێران داوه. هەروەها زەختی گەمارۆ و تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی گرانی و داخرانی هەندێ لە کار و کاسبییەکان هۆکاری هەژاری هەندێکی دیکەی بنەماڵەکان و کاری منداڵانه.

لە هەر دوو وڵاتی ئێران و ئەڤغانستان فەرهەنگ و کەلتووری هەندێ لە کۆمەڵگەکان بە جۆرێکە کە پێیان وایە منداڵ لە تەمەنێک بەو لاوە چیتر منداڵ نییە و دەتوانێ کار بکات. بە بۆچوونی ئەوان هەندێ لە ئیش و کارەکان وەکوو ئەوانەی کە منداڵان تێیدا فێری پیشە و توانایەک دەبن بۆ ئەوەیە کە بۆ گرتنە ئەستۆی کارێک لە داهاتوو ئامادە بن. یاریدەدەری کۆمەڵایەتی یەکێک لە  ئێن‌جی‌ئۆکانی ناوچەی غەنیاباد سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ: “تۆ بڕوانە کۆمەڵێ کەس لە ئەڤغانستان ئەگەر منداڵێک بگاتە تەمەنێک و ئیش نەکا وا دەزانێ تاوانێکی قورسی لێ وەشاوەتەوه، چوونکە ئەمە لە کەلتووریاندایه، من چەندین  حاڵەتم بینیوە کە دێتە ئێرە بۆ وێنە دەڵێ دادە ئیشم بۆ بدۆزەرەوه، منیش دەڵێم تۆ جارێ دەبێ دەرس بخوێنی، تۆ بۆ کار نابی، دەڵێ نا دادە من گەیشتوومەتە تەمەنێک کە دەبێ کار بکەم. ئەمانە هەر لەو تەمەنی منداڵییەوە بۆ وێنە دوازدە یان سێزدە ساڵان ئەگەر ئیش نەکەن نائاسایین.”

کۆچ­کردن و تێچووەکانیشی یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کارکردنی منداڵه. منداڵانی ئەڤغانستانی چی بە شێوەی تەنیا و چ ئەو کاتەی کە لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەرەو ئێران کۆچ دەکەن، – چی بە شێوەی یاسایی و چی بە شێوەی نایاسایی، تێچووی کۆچ­کردنەکەیان یەکجار زۆره. تێچووی وەکوو پاسپۆرت و نیشتەجێ­بوون وەک کۆچبەرێکی یاسایی و تێچووی هاتوچۆی ڕێگا و قاچاغچییەکان لە کۆچی نایاساییدا. هەندێ جار بۆ کۆچ­کردن بۆ ئه­ورووپا، ئێران ڕێگای نێوەڕاسته. ئەوان ماوەیەک لە ئێران نیشتەجێ دەبن و ئیش دەکەن بۆ ئەوەی تێچووی کۆچ­کردن بەرەو ئەورووپا دابین بکەن. یاریدەدەری کۆمەڵایەتی چالاکی بواری منداڵان وتوویەتی: “بنەماڵەی پەنابەرمان هەیە کە دەچنە سەردانی ماڵەکەیان دەبینن هیچیان نییه، بەڵام ئەم زەینە چیتان پێ دەڵێ، کاتێک کە بنەماڵەیەک خاوەن پێنج کوڕە کە مانگێ ملیۆنێک و 700 هەزار تمەن ئیشی بۆ دەکەن، دەی ئەم بنەماڵە نابێ دۆخیان ئاوا نالەبار بێ، لە پڕ دەبینی فڵان کەس جەژن کۆچی کرد، چوو بۆ تورکیا، دەی ئەمانە تێچووی قاچاغچییە و ئەمانە کەم نین. بۆ وێنە بنەماڵەمان هەیە بە سەد کوولەمەرگی هەتا لە ئەڤغانستانەوە هاتۆتە ئێران سی ملیۆن پارەی چووه، دەی ئێوە بزانن بۆ چوونە تورکیا دەبێ ئەم بڕە پارەیە خەرج بکاتەوه.”

خشتەی ژمارە 2 – پرۆسەی کۆدینگ و پێگەی وتەزاکان

ڕیز کۆدە کراوەکان وتەزا پێگەی وتەزا
1 نەبوونی کار و هەژاری لە شار، کۆچ کردن بە هۆی هەژاری، بێکاری هۆکاری کۆچی نێوان‌شاری، کۆچ کردنی ناوۆکان بە نیازی کار، کۆچ کردن بۆ فێربوونی پیشه، کۆچ کردن لەگەڵ بنەماڵه، کۆچ کردن بە هۆی نەبوونی کار لە وڵاتی سەرەتا، بوونی هەلی کار لە شاری تاران و داهاتی زیاتر لە تاران. کەلێنی گەشە هۆکاری
2 کۆچ کردن بە هۆی شەڕ و نائارامی، هەلومەرجی ئابووری نالەباری ئەڤغانستان، ڕووخانی قوتابخانەکان لە لایەن تاڵەبان و دابین کردنی تێچووی کۆچ کردن. شەڕ و ناکۆکی لە ئەڤغانستان
3 پەرەسەندنی بازاڕی کاری نافەرمی بە هۆی ڕاکردن لە چاودێری، بەکارهێنانی هێزی کاری هەرزان لە بازاڕەکانی کاردا، دامەزراندنی کارگە لە شێوەی خانوبەرە بە مەبەستی نەبوونی چاودێری و پێنەدانی کرێی کەمتر، نەبوونی چاودێری بە سەر کارگەکان لە ناوچە ناوەندییەکانی شار، بەشداری منداڵان و کۆچ بەران لە کەرتی نافەرمی. بازاڕی کاری نافەرمی
4 هەڵاوسان و هەژاربوونی بنەماڵە تەواونەبوونی داهاتی بنەماڵه، پڕحەشیمەتبوونی بنەماڵەی کۆچبەر، کاریگەری کۆڕۆنا لە سەر کەساسی پیشەکان، دابینکردنی تێچووی بنەماڵه، دەست بە کاربوون لە کاتی تووشبوونی باوک بە مادەی هۆشبەر، یەکەمایەتی دابینکردنی خواستەکانی بنەماڵه، نەبوونی هەتاهەتایی باوک لە ناو بنەماڵە بە هۆی گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەرەوه، پێ باشتربوونی کار لە دەرس، کەمئەندامی و لاکەوتەیی سەرپەرشتیاری بنەماڵه، لاکەوتەیی دایک و باوک، کارکردن بۆ دانەوەی قەرزی بنەماڵه، نەبوونی داهاتی هەتاهەتایی و بەردەوام لە ناو بنەماڵەدا، مردنی باوک، پێشینەی تاوان و زیندانی کرانی باوک، نەخۆشکەوتنی سەرپەرشتی بنەماڵه، کارکردنی منداڵ لە پێناو دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی بنەماڵه، لەدەستدانی سەرمایەی خێزانی بە هۆی قوماری باوکەوه، بێکاری باوک و چاوەڕوانیکردن لە کارکردنی منداڵ. هەژاری و لێکەوتەکانی
5 باوەڕداری بە کارکردن بە مەبەستی ئامادەکردنی ئەو منداڵە بۆ ژیان، پێناسەی سنووردار لە تافی منداڵی، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی و خاوەنی منداڵ بوون، کارکردن لە پێناو دابینکردنی تێچووی هاوسەرگیری، کەلتووری خانەنشینی پێشوەختەی باوک هۆکاری کارکردنی منداڵ و زۆرمانەوەی کچانی قەرەج لە سەر شەقامەکان. کەلتووری کۆمەڵگەکان  
6 هۆگریی منداڵ بۆ کاری گوڵفرۆشی، سەربەخۆیی منداڵ بۆ بیرکردنەوە و کارکردن، کاریگەری کار و داهات لە سەر هۆگری منداڵ، خواستی منداڵ بۆ پیشاندانی سەربەخۆیی ئابووری بنەماڵه، هۆگری و پاڵنەری کار
7 نزیکبوون لە شوێنی کار هۆکاری هەڵبژاردنی کارە و بوونی هەندێ کار لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شار. شوێنی نیشتەجێبوون بەستێنی
8 نەبوونی هەلی هەڵبژاردنی هەندێ لە پیشەکان بە هۆی سنوورداری تەمەن، پێباشبوونی خاوەنکار بۆ هەڵبژاردنی منداڵانی کەم‌تەمەن بە هۆی ملکەچ بوونیان، ڕۆشتنی کچانی ئەڤغانی لە سەر شەقام پاش پێگەیشتن و دەستپێکی کار لە سەر شەقام لە تەمەنی کەمەوه. تەمەن
9 بوونی زیاتری هەندێ لە ئێتنیکەکان لە هەندێ لە کارەکان و دابەشبوونی هێڵی مێترۆ و پانتا شارییەکان بە پێی ئێتنیک. ئێتنیک
10 ڕوانگەی ڕەگەزی، نەمانی کچانی ئەڤغانی لە سەر سیمای کاری سەر شەقام لە پاش پێگەیشتنیان، دابەشبوونی کار بە پێی ڕەگەز، کوڕانەبوونی هەندێ لە کارەکان بە هۆی نەمانی کچان لە تەمەنی سەرتر لە هەندێ کارەکان. بوونی کچان لە کاری ماڵان، نەبوونی کچان لە هەندێ لە ئیشەکاندا. ڕەگەز
 

11

قۆڵبەستکران لە لایەن پۆلیسەوه، گۆڕینی کار بە هۆی گەڵاڵەکانی کۆکردنەوه، گرتن و گواستنەوەیان بۆ ئەڤغانستان، چاوپۆشی کردن لە کاری منداڵ لە لایەن ناوەندە بەرپرسەکانەوه، کۆکردنەوەیان لە لایەن ناوەندی بێهزیستی (چاکژیانەوه) گۆڕینی پیشە بە هۆی سنوورداربوونی بارهەڵگرتن، ڕێگری لە بەکارهێنانی منداڵان لە کاری کشتوکاڵ، دەربازکردنی منداڵان لە کارگە لە کاتی سەردانی کردن پشکنەرانی کار، فەرمیدان بە کاری منداڵ لە ڕێگەی پێدانی یۆنیفۆڕمی کار، نەبوونی چاودێری پشکنەرانی ڕێکخراوی کار، پارێزبەندی یاسایی بۆ بەکارهێنانی منداڵی کار لە کارگەی ژێر 5 کەس و یاسایی‌بوونی کاری منداڵانی ژوور تەمەنی 15 ساڵان. شێوازی جێبەجێکردنی یاساکان و چاودێریکردنیان
12 پێشنیاری کار لە لایەن هاونیشتمانی، کۆچ کردن لەگەڵ خزم و کەس و کار، هاندانی منداڵ بۆ کۆچ کردن بۆ ئێران، کۆچ کردنی نۆرە نۆرەی ئەندامانی بنەماڵە بە نیازی دەستخستنی داهات، هاتوچۆکردن بۆ شاری نزیکی شوێنی نیشتەجێبوون و هۆگری بۆ کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئوروپایی. تۆڕی کۆچبەرەکان
 

13

دەسەڵاتی خاوەنکار لە دیاریکردنی کاتژمێری کاری و بڕی حەقدەست، بێدەسەڵاتی لە وتنی نا، پێدانی تێچوو بە شارەوانی بۆ دابین کردنی مەکینە و جلوبەرگ، دەرکران لە سەر کار بە هۆی زیانگەیاندن بە خۆ، پێویستیی ڕچاوکردنی یاساکان و پەیوەندییەکانی کار لە جۆری کارە ڕێک خراوەکان، سزادران لە لایەن پەیمانکار بە هۆی دەرچوون لە  شوێنی کار، دانانی گرێبەستی دڵخوازانە لە لایەن خاوەنکارەوه، پێدانی کۆمیسیۆن لە بارهەڵگریدا، نەبوونی گرێبەست، گرێبەستی کورت خایەن و بێدەنگی بنەماڵە لە ئاست خاوەنکار بە هۆی هێزەکەی. پەیوەندی دەسەڵات
14 کارکردن بۆ پڕکردنەوەی پشووی هاوین، گرنگی پاکوخاوێنی لە شوێنی کار بۆ منداڵ، ڕوانگەی سەبارەت بە کچان، بڕواداربوونی بە کارکردنی منداڵ لە ماڵ، هەستیاری نواندنی زۆر بۆ کاری کچان پاش پێگەیشتن. بەهاکان و ڕوانگەکان کاریگەر
15 خێزانی‌بوونی هەندێ لە کارەکان و هاتنی منداڵان بۆ ناو ئەو بەستێنه، چوونە ناو کاری نوێ بە هۆی وابەستەبوون بە بنەماڵه، کارکردن لەگەڵ باوک بە هۆی بارودۆخی گونجاو، پێ باشبوونی خاوەنکار بۆ بەکارهێنانی منداڵان و کاردۆزینەوەی هەندێ لە ئێن‌جی‌ئۆکان بۆ منداڵان. بەنۆڕمکردن و ناوبژیوانێتی
 

16

سنوورداربوونی کاری پەنابەران لە یاسای پیشەی پەنابەران، سنووردارکردنی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە سەر ئاستی هەندێ لە پارێزگاکانی ئێران، هەڵاواردن و جیاکاری بە پێی نەتەوەی منداڵ، نەبوونی هەلی کردنەوەی حسێبی بانکی بۆ منداڵانی پەنابەران، نەبوونی بەڵگەی ناسناوە لە ناو بیانییەکاندا، سنووردارکردنەوەی کچان، نواندنی جیاکاری لە نێوان پەنابەران لە لایەن هێزەکانی ئینتزامییەوه، سنوورداربوونی کار بۆ کچان لە سەر شەقام هەتا تەمەنێکی دیاریکراو، پێدانی یەکەمایەتیی دامەزراندنی کرێکارانی خۆجێیی لە چاو پەنابەران، فرەچەشنیی زیاتری پیشەکان بۆ کوڕان، بێبەشێتیی کۆچبەران لە پشتیوانیی یاسایی کار و نەتەوەپەرەستیی منداڵانی ئێرانی لە ئاست منداڵانی کۆچبەران لە کار و قوتابخانه. هەڵاواردنی ئێتنیکی و ڕەگەزی
 

 

17

پشتیوانی ئێن‌جی‌ئۆکان لە منداڵان، متمانەی منداڵ بە بنەماڵه، پەیوەندی باشی خاوەنکار لەگەڵ منداڵ، بوونی پانتای ژنانە لە شوێنی کار بۆ کچ، پەیوەندی پەیتاپەیتای تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵه، پشتیوانی خوێندن بۆ منداڵانی کار لە لایەن ئێن‌جی‌ئۆکانەوه، پشتیوانی ئێن‌جی‌ئۆکان لە منداڵانی نەخۆش و بنەماڵە نەخۆشەکەیان، هەستکردن بە ئاسایش بە هۆی بوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هەستکردن بە ئاسایش بە هۆی بوونی ئەندامانی خزم و کەس و کار لە ناو کار، چاودێری کردنی منداڵەکان لە سەر شەقام لە لایەن بنەماڵەوه، بوونی منداڵان لە کارگه، پشتیوانی خاوەنکار لە خوێندنی منداڵ، فێرکردنی مافەکانی منداڵ بە منداڵان، پێدانی خزمەتگوزاری تەندروستی بە منداڵان، بەتواناکردن، دانانی پانتای یاری بۆ منداڵان لە ئێن‌جی‌ئۆکان، پشتیوانی لە بنەماڵەی منداڵانی کار، پێدانی تێچووی خوێندن، بەڕێوەبردنی کارگەی فێرکاری بۆ منداڵان و بنەماڵەکانیان و خاوەنکارەکان، هەوڵی ئێن‌جی‌ئۆکان بۆ خوێندنی منداڵانی پەنابەر لە قوتابخانه، پەیوەندی سازکردن لەگەڵ خاوەنکار بۆ درێژەدان بە خوێندنی منداڵان و کەم کردنەوەی مەترسییەکانی کار و چاودێری کردنی منداڵ لە لایەن کرێکارانی گەورەساڵترەوه. داکۆکی، چاودێری و چاودێریکردنی منداڵان  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پەیوەندییەکان / ستراتیژیەکان

 

 

18

قبووڵکردن قەدەری خودا بۆ ڕازی‌بوون بە بارودۆخی نالەباری ژیان و کار، بێ‌دەرەتانی منداڵ لە هەمبەر ئازاردانی لە لایەن دیترانەوه، بێ هێزبوونی منداڵ بۆ دەربڕینی هەستەکانی بە هۆی تەنهایی، بێدەرەتانی لە بەدواداچوونی یاسایی بە هۆی کۆچبەربوونەوه، بێ‌پشتیوانی منداڵ لە هەمبەر ئازاردرانی لە لایەن دیتراەوه، دەرنەبڕینی ئەزموونی ئازار بە مەبەستی پاراستنی پیشه، پاکانەکردن بۆ بەدڕفتاریی خاوەنکار لە لایەن دایک و باوکەوه، ترسی منداڵی پەنابەر لە پەیوەندی سازکردن لەگەڵ کۆمەڵگای نوێ، وازهێنان لە کار بە هۆی قورس بوونی ئەرکە پێسپێردراوەکان، توانای کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی، زێدەکاری بە مەبەستی زیاترکردنی داهات، وازهێنان لە کار بە هۆی ماندووێتی پەیتاپەیتا، هاواهەنگبوونی لەگەڵ سرویسی هاتوچۆ بە مەبەستی ئاسایشی زیاتر، بە‌مەکۆکردنی شوێنی کار، زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلی گەڵاڵەی ڕێکخستن، ڕاکردن لە دەست پشکنەرانی شارەوانی، هۆگری بۆ وەرگرتنی حەقدەست بە شێوەی هەفتانە بە هۆی نەبوونی ئاسایش، داوای هاوکاریکردن لە پۆلیس و پشتیوانی لە هاوڕێیان لە تێکهەڵچوونەکاندا. کارلێکی چالاکانە و ناچالاکانه
 

19

بێبەرانبەرنەبوونی پەروەردە بۆ منداڵانی پەنابەر، جیاوازی سیستەمی پەروەردەی ئێران لەگەڵ ئەڤغانستان و وەدواکەوتنی خوێندن، وازهێنان لە خوێندن بە هۆی کار، پەک کەوتنی خوێندن بە هۆی کۆچ، وازهێنان لە خوێندن بە هۆی هەژاری، ئیزن‌نەدانی باوک بۆ خوێندنی کچ، ئاستەنگەکانی بەر دەم خوێندنی پەنابەران، چاوەڕوانی یەکسانی قوتابخانەکان لە منداڵانی ئاسایی و منداڵانی کار، ئاوێتەکردنی کار و خوێندن و بەئەزموونکردنی زەختی دووقات. بێبەشبوونی لە خوێندن
 

20

نەبوونی کاتی بێکاری، نەبوونی پشوو بە هۆی ڕۆژانەبوونی حەقدەست، زیاتربوونی داهات لە ڕۆژانی پشوو، نەبوونی ڕۆژی پشوو لە کارواش بۆ وێنە هەینی، کەمبوونی کاتی بێکاری بۆ پشوودان و خەوتن، پێنەدانی پشوو بە هۆی زەختی ئابووری، لە دەرەوە مانەوە بە بیانووی کار بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر، نەبوونی کاتی پشوو بە هۆی دووپیشەبوون، نەبوونی ئاسانکاری و ئامرازەکانی کاتی پشوو، دابینکردنی تێچووی خۆراک بە شێوەی قەرز، خۆراکی خراپ لە کاتی کارکردن، لابردنی ژەمی خۆراک لە کاتی کار، خۆراکی خراپی منداڵان لە کاری سەر شەقام، دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵانی سەرشەقام، سنوورداربوونی جۆری خۆراک و ئەنجامدانی کاری قورس و درێژخایەن لەگەڵ خواردنی خراپ. پشوو و خواردن  
21 برینداربوون، نەخۆشکەوتن، کەمئەندامبوون، لەدەستدانی بینایی لە کارواش، زیانمەندبوون بە هۆی نەبوونی ئامرازی کار، درێغی نواندنی خاوەنکار لە دابین کردنی ئامرازەکانی تەندروستی، کەمخەوی و بەئەزموونکردنی زەخت و فشار، تێچووی قورسی چارەسەر و سەردان نەکردنی پزیشک، هەلومەرجی نالەباری تەندروستی و نەبوونی هەواگۆڕکێی کارگه، شوێنی نیشتەجێبوونی ناپاک و پیس، کاریگەرییەکانی بەدخۆراکی و دابیننەکردنی کەرەسە و جیاز لە لایەن خاوەنکارەوه. کێشەی تەندروستییەکتان  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

لێکەوتەکان

 

 

22

گۆشەگیرکردنی منداڵ لە شوێنی کار بە هۆی تەمەنی کەمەوه، گاڵتەپێکردن لە لایەن هاوکاران و وازهێنان لە کار، تووڕەبوونی منداڵ بە هۆی گیرانی کەلوپەلەکەی لە لایەن شارەوانییەوه، شەڕکردنی خاوەنکار لەگەڵ منداڵ بە هۆی گیرانی کەلوپەلەکانی، بەئەزموونکردنی توندوتیژی جەستەیی و بێژەیی لە لایەن خاوەنکارەوه، ترسان لە خاوەنکار بە هۆی تووڕەیی و تۆسنییەوه، ئازاردانی منداڵانی ئەڤغانستانی لە لایەن منداڵانی ئێرانییەوه، ڕچاونەگرتنی نۆرە هۆکاری شەڕ لە کاری سەرشەقامه، شەڕکردن لە پێناو بەرژەوەندییەکان، هەڵسوکەوتی ناشیرینی شارۆمەندان، ئازاردانی کچان لە سەر شەقام، لێدران و سووکایەتی کردن بە منداڵان لە لایەن بەرپرسانی مێترۆوه، هەڕەشە لێکران لە لایەن کەسانی گیرۆدە بە مادەی هۆشبەرەوه، پێشنیاری پەیوەندی سێکسی بە منداڵ، پیشاندانی وێنەی ورووژێنەری سێکسی بە منداڵ، ناوناتۆرەنانی لەشفرۆش بە کچان، تەمبێکردنی منداڵ لە لایەن بنەماڵەکانیان لە ئەگەری دەستخستنی داهاتی کەم، عەورەتدەرخستنی شۆفێر، تێکهەڵچوونی نێوان فرۆشیارەکان لە مێترۆ، هەستکردنی ناخۆش بە هۆی چەوساندنەوە لە لایەن خاوەنکارەوه، بەئەزموونکردنی توندوتیژی لە لایەن دوکاندارانەوه، برەوی گاڵتە و جەفەنگی سێکسییانە لە ناو منداڵان، هەستکردن بە سووکایەتی لەبەر فرۆشتنی فاڵ و کەمبوونەوەی ورەبەرزی لە ناو منداڵان بە هۆی سووکایەتی پێکرانیانەوە. بەئەزموونکردنی توندوتیژییەکان
 

23

نائاسایی‌بوونی ماوەی کار، بەربوونەوە لە بەرزایی، بەئەزموونکردنی زەختی دەروونی بە هۆی قورسبوونی کار، زەختکردنە سەر منداڵ بە هۆی ئەوەی ناتوانێ تێچووی بنەماڵە دابین بکا، تەرخان کردنی بەشێک لە داهات بۆ لەشفرۆشی، کەوتنەوەی شەڕ و ناکۆکی لە شوێنی کار لە ناو منداڵان، ژیان کردنی بە کۆمەڵ لەگەڵ گەورەساڵان لە شوێنی کار، نێرگەلەکێشان، گەرمی هەوا لە هەندێ کاری وەکوو لەحیم کاری، کوورەی خشتپێژی، بلوورسازی، داشقەچێتی و زبڵگەڕی، پێشینەی زۆرداری، کەمخەوی بە هۆی زەختی کاری زۆر، تووڕەیی منداڵ بە هۆی کەم‌خەوی، ژیانی بە کۆمەڵ لە ناو کانێکس، بە کارهێنانی مادەی هۆشبەر لە شوێنی کار، پیادەڕەوی دوور و درێژ، خواردنەوەی کحۆل، هەڵگرتنی چەکی سارد لە لایەن منداڵەوه، کێشانی مادە هۆشبەرەکان لە لایەن خاوەنکار لە شوێنی کار، سێکس کردنی خاوەنکار لە شوێنی کار، ئەگەری ونبوون لە شەقام، ئەگەری چوونە ناو شوێنی نەشیاو، سووتان لە بلوورسازی و فیتەری، ڕاوەستانی درێژخایەن لە هەندێ کاری وەکوو لەحیم کاری، تەڕەبار، سووپەرمارکێت، دەستفرۆشی، ماندووێتی بە هۆی پیشەی دووهەم، شوێنی نیشتەجێبوونی نەشیاو و نائارام و دووری لە بنەماڵە و لێکەوتەکانی. هەموو جۆرەکانی مەترسی و خەسارەتەکان
24 جیاوازی زۆری نێوان حەقدەستی گەورەساڵان و منداڵان سەرەڕای یەکسانبوونی کار، پێنەدانی حەقدەست، کەمکردنەوەی حەقدەست لە ئەگەری ئەوەی منداڵ هەڵەی لێ بووشێتەوە، نەبوونی کاتی پشوو بە هۆی نیشتەجێبوون لە شوێنی کار، گۆڕانی پیشە بە هۆی زیادنەکردنی حەقدەست، نەبوونی حەقدەست لە ڕۆژانی پشوو، ناڕەزایەتی لەو بڕە حەقدەستەی کە وەردەگیرێ، سزادان بە هۆی وەدرەنگکەوتن، درێژخایەنبوونی ماوەی کار و کەم بوونی بڕی حەقدەست، کەم بوونی پشکی منداڵ لە داهاتەکەی، پێدانی داهاتی منداڵ بە سەرپەرشتیاری منداڵ، وازهێنان لە ئیش بە هۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ خاوەنکار، پێدانی ڕسووم، دیاری کردنی نرخی کڕینی کاڵای منداڵ لە لایەن خاوەنکارەوه، کارکردن لە ماوەی شەو، کاری بێ‌حەقدەست بۆ بنەماڵه، کەڵکاوەژۆیی لە منداڵانی بێ‌سەرپەرشت، نەدانی حەقدەست لە کاتی خۆی، کەم بوونی پشکی منداڵ لە داهاتەکەی و نەبوونی بیمە و دیکەی هەڤیازییەکانی کار. چەوسانەوە  
25 دابین کردنی تێچووی کرێ، دابین کردنی تێچووی دەرمان و چارەسەری بنەماڵه، ناردنەوەی داهات بۆ  ئەڤغانستان بۆ بنەماڵە دابین کردنی تێچووی قوتابخانە و تێچووە تایبەتییەکان، دابین  کردنی تێچووی ئاهەنگی هاوسەرگیری خوشک، کڕینی هەندێ کەلوپەلی ناوماڵ، پێدانی پارە بە دایک و دیکەی ئەندامانی بنەماڵه. دابین کردنی بەشێک لە پێداویستییەکنی بنەماڵه
 

26

فێربوونی پیشه، خولی ڕاهێنانی کاری بێبەرانبەرانه، گرنگی فێربوونی پیشه، کۆچ بە نیازی فێربوونی پیشه، فێربوونی پیشە لە باوک، هەڵبژاردنی کارە کارگەییەکان بە نیازی فێربوونی پیشه، گرنگی فێربوونی پیشە بۆ هەبوونی کارێکی گونجاو لە داهاتوودا، بەرزکردنەوەی ئاستی پیشه، خۆگونجاندنی منداڵ لەگەڵ بارودۆخ و ڕاهاتنی لە درێژەی زەمەن، پێشکەوتنی کەم لە کاری کرێکاری و سەرشەقام لە ڕوانگەی دایک و باکەوه، شارەزاییەک کە دیاریکەری بڕی حەقدەسته، پێویستی و فێربوونی شارەزایی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پیشه. فێرکاری پیشه، بەرزکردنەوەی ئاستی کار

بنەماڵە هەژارەکان یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی کارکردنی منداڵانن. ئاسەوارە ناسراوەکانی هەژاری لە ناو بنەماڵەکاندا بریتی بوون لە: کارکردن بە داهاتی کەمەوه، بێکاری، داهاتی کەم، نەخوێندەواری و کەم‌خوێندەواری دایک و باوکەکان، زۆربوونی ڕێژەی ئەندامانی بنەماڵه، نەخۆشی، لاکەوتەیی، زیندانی­کران و گیرۆدەبوونی باوک بە مادەی هۆشبەر، مردنی سەرپەرشتیاری بنەماڵه، بەجێ­هێشتنی بنەماڵە لە لایەن سەرپەرشت یان باوکی بنەماڵەوه، وەرزانەبوونی پیشەی سەرپەرشتیاری بنەماڵه، قەرزداربوونی بنەماڵه، ڕاکردن لە ژینگەی نالەباری بنەماڵە و دابین­کردنی تێچووی خوێندن. لەم بارودۆخەدا بنەماڵەکان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە تێچووەکانیان هێزی کاری منداڵەکانیان بە کار دەبەن. لە دیمانە لەگەڵ منداڵێک بۆی گێڕاینەوه:

“چی لە پارەکەت دەکەی؟ دەیدەین بە کرێ­ماڵ، ئێمە پارەکەمان خەرج ناکەین هەرچی دەستی دەخەین دەیدەین بە کرێ­ماڵ و شتی دیکه. ئێستا بڕی کرێ­ماڵ زۆر بووه؟ ئێستا بەڵێ زۆریان کردووه، پێشتر چەندە بوو؟ پێشتر 800 هەزار تمەن بوو بەڵام ئێستا زۆریان کردووه. بۆتە چەنده؟ نازانم. پارەکەت دەدەی بە باوکت یان دایکت؟ دەیدەین بە باوکم، کاکم دەیڕژێنێتە ناو حسێبی خاوەن­ماڵەوه، خۆشی مانگی ملوێنێک دەکەوێ و خەرجی ماڵ دەکرێت.”

هۆگری و پاڵنه­ری کارکردن یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کارکردنی منداڵانه. هەندێ لە منداڵەکان پێیان خۆشە ئیش بکەن بۆ ئەوەی داهاتێکیان هەبێ و سەربەخۆ بن و یان لە دابین­کردنی بنەماڵەدا بەشدار بن. هەڵبەت پالنه­ری منداڵان بۆ کارکردن دەرەنجامی ئەو کۆمەڵگایەیە کە تێیدا ژیان دەکەن. کاتێک کە بنەماڵەکانیان هەژارن و نەتوانن لە گەیشتن بە هەندێ لە ئاواتەکانیان داکۆکییان لێ بکەن، لەم بارودۆخەدا منداڵان خۆیان دێنە ناو پرۆسەی کارەوە بۆ ئەوەی بەو داهاتەی کە دەستی دەخەن بە بەشێک لە ئاواتەکانیان بگەن. هەندێ خۆزگە و ئاواتی وەکوو کڕینی باسکیل، دابین­کردنی تێچووی خوێندن، یارمەتی­دانی بنەماڵە و لەم چەشنه.

پەرەسەندنی ئابووری نافەرمی یەکێکی دیکە لە به­ستێنه­کانی کارکردنی منداڵانه. کرێکاران لە ئابووری نافەرمی لە ژێر یاسای کار و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی ناسراو، داکۆکییان لێ ناکرێت. هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەی ئابووری نافەرمی بریتییە لە توخمەکانی به­ستێنی ئابووری، چوارچێوەی یاسایی، چاودێری و هەندێ لە فاکتەرە دیاری­کەرەوەکانی ئاستی وردی وەکوو ئاستی کەمی خوێندەواری، هەڵاواردن، هەژاری، دەست­ڕانەگەیشتن بە سەرچاوەی ئابووری، دارایی، خزمەتگوزاری ئابووری و بازرگانی و بازاڕەکان پیشان دراوه. ئابووری نافەرمی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە چەقە سەرەکییەکانی ڕاکێشانی کاری منداڵان بووه.

کار لە ئابووری فەرمی زیاتر بە شوێنی کاری بچووک یان پێناسەنەکراو، بارودۆخی نائارام و ناتەندروست، ئاستی کەمی لێهاتوویی و سوودبەخشی، داهاتی کەم یان ناڕێک­وپێک، کاتژمێری زۆری کارکردن و دەست­ڕانەگەیشتن بە زانیارییەکان، بازاڕەکان، کاروبارە ئابوورییەکان، پەروەردە و تەکنەلۆژیا دیاری دەبێت (پۆرتاڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار). یەکێک لە خاڵە سەرنج­ڕاکێشەکان پەیوەندی قووڵی نێوان کۆچ و بازاڕی نافەرمییه. هاتنی شەپۆلی کۆچ لە وڵاتی ئەڤغانستان و چی لە دیکەی ناوچە بێبەشەکان بەرەو شاری تاران بێچم بە کاری منداڵان لەم شارە دەدا و بەهێزی دەکات. ئابووری نافەرمیش هێزی کاری هەرزانی دەوێ و کۆچبەران بەتایبەت منداڵان باشترین هێزی کاری هەرزان بۆ ئەم کەرتەن. ئەو کۆچبەرانەی کە شارەزایی و تواناییان نییە و بێ‌ناسناوەن و منداڵن هەم هەرزانترن و هەمیش ئەگەر لە کاتی کاردا مافیان پێشێل بکرێ ناتوانن لە ڕێگەی یاساییەوە دادخوازی بکەن. ئەو کەسانەی کە لەم کەرتەدا ئیش دەکەن لە خوێندن، لێهاتوویی و هەموو ئەو شتانەی کە بۆ دەس­خستنی کاری شیاو بەتوانایان دەکا بێبەشن.

یەکێک لە پسپۆڕانی بواری منداڵ دەگێڕێتەوه: “ئەم کەرتە بە هۆی ئەوەی نەریتییە و زۆرێک لە کاروبارەکان بە شێوەی دەستکرد و نەریتییه، پێویستی بە هێزی کاری هەرزانه، ئێوە سەیر بکەن کە هێزی کاری هەرزان کێن؟ دیارە کۆچبەرانی پەنابەرن، ئەو بنەماڵە ئێرانییانەی کە لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە بەرەو تاران کۆچیان کردووه.”

لە لایەکەوە دەوڵەت ناتوانێ چاودێری ئەم کەرتە بکا و هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە پەرەسەندنی ئەم نەبوونی چاودێرییە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا زیاتر بۆتە هۆی چەوسانەوەی چینی زیان­هەڵگری وەکوو ژنان، منداڵان و پەنابەرانی نایاسایی. بەو پێیەی کە لەم کەرتەدا یاسای فەرمی بۆ چاودێری بوونی نییه، هەر بۆیە یاسا و ڕێسای سەرەڕۆیانەی خاوەنکارەکان دەبێتە بەدیلی ڕێسای فەرمی. کاری منداڵان کە لەم توێژینەوەدا تاوتوێ کران دەتوانین بڵێین زۆرینەیان دەکەونە ناو ئەم کەرتەوه. گواستنەوەی بار بە داشقەی دەستی، زبڵگەڕی، کارکردن لە زۆربەی کارگە بەرهەم­هێنەرەکان، کارکردن لە سەرشەقام و کارکردن لە کوورەی درووست­کردنی خشت لەم چەشنە پیشانەن.

فاکتەرە کاریگەرەکانی کاری منداڵان بریتین لە شێوازی جێبەجێ­کردنی یاساکان و چاودێریکردنی، تۆڕی کۆچبەرەکان، هەڵاواردنی ئێتنیکی و ڕەگەزی، پەیوەندی دەسەڵات، بەها و ڕوانگەکان، بەنۆرم­کردن و ناوبژیوانێتی. بە پێی یاسای کاری ئێران بەکارهێنانی منداڵانی ژێر تەمەنی 15 ساڵان قەدەغەیه؛ بەڵام وەک دەبینین ڕێژەیەکی زۆری منداڵان لە تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵان ئیش دەکەن. زۆرێک لە پشکنەرانی وەزارەتی کار چاودێری کاری منداڵان ناکەن هەر بۆیە خاوەنکاران یاسا دەور لێ دەدەنەوە و سوود لە کاری منداڵان دەبینن. تەنانەت ئەو کاتەی کە پشکنەران بە نیازی چاودێری سەردانی ئەوێ دەکەن خاوەنکارەکان بە شێوازی جۆراوجۆر منداڵەکان دەشارنەوه. لە حاڵەتەکانی دیکەدا کە یاساکانی کۆکردنەوەی منداڵان دەچێتە بواری جێبەجێ­کردن دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان جۆری ئیشەکەیان بگۆڕن.

وێنەی ژمارە 2. مۆدێلی به­ستێنی کاری منداڵان لە ئێران

 

تۆڕی کۆچبەرانیش بە پێکەوە لکاندنی خاڵەکانی نێوان شوێنی سەرەتا و شوێنی مەبەست به­ستێن بۆ کاری منداڵان دابین دەکات. وەک دەبینین منداڵانی هەندێ لە ئێتنیکەکان لە هەندێ لە کارەکاندا چالاکن. بۆ وێنە زبڵگەڕەکان زیاتر خەڵکی هەراتن یان ئەو منداڵانەی کە لە تەڕەبار ئیش دەکەن کوردن. ئەم بەڵگانە گرنگی تۆڕەکانی کۆچ  لە چوونە ناو بەستێنی کار پیشان دەدەن. هەڵاواردنە ئێتنیکی و ڕەگەزێتییەکان یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کارکردنی منداڵانن. بەشێک لە هەڵاواردنە ئێتنیکییەکان لە ژێر کاریگەری هەمان گەشەی ناهاوسەنگه، بەڵام تەنیا لەوەدا سنووردار نابێتەوه. لە ئێراندا هەندێ لە ئێتنیکەکان و ژنان بە هۆی هەڵاواردنی پێکهاتەییەوە دەناڵێنن. بۆ وێنە دەستیان لە هەندێ هەلەکان کورت بۆتەوە. ئەنجامی هەڵاواردنە پێکهاتەییەکان دەبێتە هۆی سنوورداربوونی دەست­ڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان کە ئەمەش هەژاری لێ دەکەوێتەوه. پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیش یەکێکی دیکە لە هۆکارە کاریگەرەکانە. بە هۆی نەبوونی یاسا بۆ ڕێک­کردنی پەیوەندییەکانی نێوان خاوەنکار و کرێکار لە کەرتی نافەرمی و دەورلێدانی یاساکانی لە کەرتەکانی دیکە خاوەنکاران کەڵکاوەژۆیی لە هێزی کار دەکەن.

شوێنی نیشتەجێ­بوون، تەمەن، ڕەگەز و ئێتنیک وەک فاکتەرە به­ستێنییه­کان کاریگەری لە سەر کاری منداڵ و جۆری کاری منداڵ دادەنێن. بۆ وێنە لە سۆنگەی نیشتەجێ­بوونەوە ئەو منداڵانەی کە لە گەڕەکی فەرەحزادن زیاتر دەچنە ناو کاری فیتەری و دەچنە ناو کاری سەرشەقام لە گەڕەکە باکوورییەکان، یان هەندێ لە منداڵان لە گەڕەکە ناوەندییەکانی شاری تاران تێکەڵی کارگەی بەرهەم­هێنان دەبن و هەندێ لە منداڵان لە باشووری تاران دەچنە ناو کاری کەرتی کشتوکاڵەوه. لە زۆربەی کارەکاندا تەمەن دەوری دیاریکەرەوەی هەیە. بۆ وێنە لە کاری سەرشەقامی وەکوو دەستگێڕی، گوڵفرۆشی و سواڵکەری منداڵان لە تەمەنی کەمتردا زیاتر دەتوانن داهات وەدەست بێنن چونکە باشتر دەتوانن بەزەیی خەڵک ببزوێنن ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەندێ لەو کارانەی کە پێویستی بە هێزی جەستەیی و وردوبەینی زیاترە وەکوو کاری بیناسازی، زبڵگەڕی، فیتەری، پێویستی بە منداڵانی گەورەساڵتره. هەر بۆیە ڕەگەز و ئێتنیک دەورێکی گرینگیان لە جۆری کار هەیه.

کچان زیاتر لە کارگەلی وەکوو کاری ماڵان، بەرگ­دووری و دەس­فرۆشیدا کار دەکەن، چونکە زۆرێک لە نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دژی کارکردنی کچان لە کاری دیکەن. کچان تەنانەت ئەگەر لە کاری سەرشەقام و دەس­فرۆشیش کار بکەن، زیاتریان هەتا بەر لە تەمەنی پێگه­یشتن ڕێگەیان پێ دەدەن کار بکەن و پاش ئەوە دەبێ لە ناو ماڵ کار بکەن چونکە لە ناو هەندێ لە کۆمەڵگەکان بۆ وێنە ئەڤغانستان کارکردنی کچان لە سەر شەقام دژی وێنەی ژنی باش بۆ هاوسەرگیری و دەوری هاوسەرێتییە. فاکتەری ناوبژیوانێتیش ئاماژە بە ناوبژیوان­بوونی بنەماڵەکان، تۆڕەکانی دۆستایەتی و ئێن‌جی‌ئۆکان دەکا کە کار بۆ منداڵانی کار دەدۆزێتەوە و دەیانهێنێتە ناو پرۆسەی کارەوه. مەبەست لە ئێن‌جی‌ئۆکان ئەوانەن کە لە هەندێ حاڵەتدا ئیش بۆ منداڵانی ژێرچاودێری دەکەن.

ستراتیژەکانی کار کۆمەڵێک کرده­وه و کاردانەوەی دوولایەنەی منداڵان و تۆڕە پشتیوانییەکانیان بۆ دەس­خستنی داهاتی زیاتر، بەرزکردنەوەی ئاستی پیشه، خۆبواردن لە مەترسییەکانی کار، توندوتیژییەکان و بەرگری لە مافەکانیان و دیکەی ئەو پرسانەیە کە ڕووبەڕووی دەبنەوه. کۆی ئەم ستراتیژیانە بۆ سەر دوو بەشی گشتی دابەش دەبن، ئەوان یان ڕێکار و ستراتیژی چالاکن یان ناچالاک. هەر کام لەم ڕێکارانە دەتوانن کاریگەر بن یان نەبن. هەندێ­جار ڕێکارێکی نەشیاو دەتوانێ کاریگەر بێت. بۆ وێنە کاتێک کە منداڵێکی زبڵگەڕ بۆ ئەوەی لە لایەن شارۆمەندانەوە کەمترین ئازاری پێ بگا، بە کەمترین پەیوەندی و بەڕیەک­کەوتن لەگەڵ ئەوان ئیشەکەی بەڕێوە دەبا، یان هەڵچوون و شەڕ لەگەڵ خاوەنکار لە سەر وەرگرتنی مووچه سەرباری ئەوەی ڕێکارێکی چالاکانەیه، بەڵام خۆ هەمیشە ئەنجامی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوه.

ڕێکارەکانی منداڵان بە پێی جۆری کارەکان و ئاڵۆزی هەر کام لەم کارانە لە پێناو سەرکەوتن واتە وەدەست­هێنانی داهاتی زیاتر و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشە بریتییە له: ورووژاندن و بزواندنی هەستی بەزەیی شارۆمەندان بە شێوەی وتەیی “تۆخوا دانەیەکم لێ بکڕه” و یان نووسینەوەی دەور و دەرسی  قوتابخانە لە کاتی کارکردن لە سووچی شەقام، پاراستنی بازنەی کار، گۆڕینی شوێنی کار یان جۆری کار، جۆرناسی شارومەندان و ناسینی کڕیارەکان لە ناو شارومەندەکان و چوون بۆ لایان وەکوو ئەو کچ و کوڕە گەنجانەی وا پێکەوەن (ئەم ڕێکارانە زیاتر لە ناو کاری سەرشەقامدا دەبینرێن)، کارکردنی بێدەنگ، لە سێبەردابوون و دابەش کردنی کۆڵانەکان (لە کاری زبڵگەڕیدا)، ملکەچی، گوێڕایەڵی و ڕاکێشانی متمانەی خاوەنکار لە کاری کارگایی، ڕاکێشانی ڕەزامەندی کڕیارەکان، هەوڵ بۆ وەرگرتنی به­رده­ستییانه، بەتوانابوون و خۆدەرخستن، چەنەلێدان لەگەڵ خاوەنکار، ئەنجام­دانی کار بە شێوەی کاری کۆنتراتی بۆ وێنە چنینەوەی بەروبوومی کشتوکاڵ.

ڕێکارەکانی منداڵان و تۆڕە داکۆکی­کارەکانیان لە هەمبەر ئازار و لێدان و یان خۆپارێزی و خۆڕاگرییان لە هەمبەر چەوسانەوە بریتییە لە داواکردن لە خاوەنکار بۆ ئەوەی مووچه بە شێوەی حەفتانە بدا، هەڵچوون و شەڕکردن لە هەمبەر بەئەزموونی توندوتیژی، ڕاکردن لە دەست پشکنەرانی کۆکردنەوە و تەکووزی شار، کار بە شێوەی خزمایەتی و دۆستایەتی، یارمەتی­وەرگرتن لە تۆڕە داکۆکی­کارەکانی وەکوو بنەماڵه، هاوڕێیان، خزم و کەس و ناسیاوەکان، دروست­کردن و پەرەدان بە پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە لە شوێنی کاردان و گۆڕینی کار. هەندێ­جار لەوانەیە ئەوان ناچالاکانەترین ستراتیژی بگرنە بەر، بە جۆرێک کە داوای یارمەتی لە تۆڕە داکۆکی­کارەکانیان نەکەن و یان توندوتیژی و ئازار قبووڵ بکەن. یەکێک لە منداڵەکان لە مەڕ بەئەزموون­کردنی ئازار وتوویەتی:

“دەچمە شوێنێکی چۆڵ و خەڵوەت و لەگەڵ خۆم قسە دەکەم ئینجا لە ناو دەفتەری یادەوەرییەکانمدا دەینووسم.” پشت­بەستن بە باوەڕە ئایینییەکان یەکێکی دیکە لە ڕێکارەکانی منداڵانە کە ئەو خەم و خەفەتانەی کە دەرەنجامی بەئەزموون­کردنی توندوتیژی و چەوسانەوەیە پێی دادەمرکێنن. منداڵێک بەم شێوە بۆی گێڕاینەوه: “من کەسێکم پێم وتن دنیا ئەوە ناهێنێ، ئەگەر بە نیازی پارەکەم بخۆی بیخۆ، دنیا چەرخ و خولی زۆره، هەندێ­جاریش سڵاویان لێ دەکەم، من هیچ لە دڵمدا نییه، بە خۆم دەڵێم ڕەنگە چارەنووسم ئەمە بووه، ڕەنگ بێ خودا ئەمەی ویستبێت.”

لە چارتی به­ستێنی سەرەوە لێکەوتەکانی کار پیشان دراوە و لە خشتەی سەرەوە هەندێکیان ڕوون کراونەتەوه. لێرەدا هەندێکی دیکەیان ڕوون دەکەینەوه. یەکێکی دیکە لە دەرهاویشتەکان کە لە هەموو کارەکاندا هەیە وازهێنان لە خوێندنه. بەر لە هەر شتێک دەبێ بڵێین بۆ هەندێ لە منداڵانی ئەڤغانستانی و قەرەج چوونە قوتابخانە مەحاڵە چونکە ئەوان بەڵگەی شارومەندی وەکوو ناسناوە یان مۆڵەتی نیشتەجێ­بوونیان نییه، هەر بۆیە بە هۆی نەبوونی هەلی چوونە قوتابخانە ئەوان کار دەکەن. ئەو منداڵانەشی کە کار دەکەن بە هۆکاری جیاواز ناچارن دەست لە خوێندن هەڵبگرن. لە هەندێ حاڵەتدا خاوەنکار مل نادا کە منداڵ هاوکات ئیش بکا و بخوێنێ چونکە ڕەوتی بەشێک لە کارەکان تێک دەچێت.

لە هەندێ حاڵەتدا منداڵان بۆ چوونە قوتابخانە داوای ئیزن دەکەن خاوەنکار پاره­ی ئەو ڕۆژەیان پێ نادات. یەکێک لە خاوەنکارەکان بۆی گێڕاینەوه: “منداڵان کەم وا هەیە ئامادە نەبن، دەترسن، ترسەکەشیان لەبەر لەدەستدانی کار نییه، ترسەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی  مووچه­ی ئەو ڕۆژەیان.”

کاریش بە شێوازی جۆراوجۆر ڕەوتی خوێندنی منداڵ تێک دەدات. لەوانەیە منداڵ لە پاڵ کار بچێتە قوتابخانە بەڵام ئاوێتەکردنی کاری قورس و خوێندن، فشار و زەختی زیاتر دەخاتە سەریان. ئەوان لە هەندێ حاڵەتدا لەوانەیە چەندین کاتژمێر ئیش بکەن ئینجا بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و دیسانیش  بگەڕێنەوە سەر ئیشەکانیان. ئەم جۆرە خوێندنە وا دەکا کە منداڵان گوشار و زەختی دووقات بەئەزموون بکەن. یاریدەدەرێکی کۆمەڵایەتی دەیگێڕێتەوه: “هەندێ جار وا هەست دەکەم کە ئێمە ئاستی چاوەڕوانیمان لە منداڵان زۆره، بۆ وێنە پێی بڵێین بڕوانە ئەگەر بخوێنی ئاوایە و ئەو کاتە بۆ نانی نیوەڕۆ وەرەوە، منداڵ لە کاتژمێر هەشتی سەر لە بەیانییەوە بە ڕاکە ڕاکە دەچێتە قوتابخانه، دەی دیارە ئەمە منداڵ سارد دەکاتەوه، هەست بە زەختی چەند قات بکات.”

مژاری دوایی کە پێویستە زیاتر لە سەری چڕ ببینەوە چەوساندنەوەیه. بە کورتی چەوساندنەوە بریتییە لە دزینی بەشێک یان هەموو  ئەو زێدەباییەی کە منداڵ لە کاردا دەیخولقێنێت. چەوساندنەوە بە شێوەی کاتژمێری کاری درێژخایەن و کارکردن لە کاتی نائاسایی، کارکردن لە بارودۆخی نالەبار، پێدانی مووچه­ی کەم و یان نەدانی مووچه، نەبوونی پشتیوانی، هەڵفریواندنی منداڵان، نەدانی مووچه لەو ڕۆژانەی کە منداڵ لە پشووه، کەم­کردنەوەی مووچه لە ئەگەری زیان­گەیاندن بە کەرەستەکانی کار و کاڵاکان، پێدانی پارە بە خاوەنکار وەک “ڕسووم” لە لایەن منداڵەوە لە کاری زبڵگەڕی، پێدانی پارەی کۆمیسیۆن لەبەر ئیش­کردن بە داشقه، پێدانی پارەی جل­وبەرگ لە کاری جۆراوجۆر و پێدانی بەشێک لە داهاتی ڕۆژانەیان بە خاوەنکار وەکوو گوڵفرۆشی، لە چوارڕیانەکان یان لە کاتی ئیش­کردن بە داشقە کە کار بۆ خاوەنکار دەکەن، دیاری­کردنی نرخی فرۆشی شتومەکی منداڵ وەکوو زبڵ و کڕینیان بە نرخێکی یەکجار کەم و دابین نەکردنی پێویستییەکانی کار.

منداڵانیش بە هۆی ئاشنا نەبوون لەگەڵ یاساکان و مافەکانیان به­ستێن بۆ چەوسانەوە دەڕەخسێنن کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خاوەنکارەکان خوازیاری ئەوەن ئەم منداڵانە بە کار بێنن. یەکێک لە خاوەنکارەکان گێڕایەوه: “لە کاری منداڵەکان ڕازین؟ من پێم وایە ئەم منداڵانە هەندێ­جار لە سەد گەورەساڵیش باشترن. باشترن؟ چونکە ڕاستگۆ و گوێڕایەڵن و هەمیش زیاتر دەترسن ئەمانە لە سەد گەنجی نەفام باشترن.”

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە پاساوی وەکوو منداڵ ناندەرهێنەری بنەماڵە نییە و توانای ئەوتۆی نییە مووچه­یه­کی زۆر کەمیان پێ دەدرێت. نایاسایی‌بوونی کاری منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ و جێبەجێ­نەبوونی یاساش بواری بۆ چەوساندنەوەی منداڵانی خۆش کردووه، چونکە لە ئەگەری چەوسانەوە و دیکەی مەترسییەکانی کار هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ داکۆکی لە منداڵان ئامادە نەکراوه.

خاوەنکارەکان بە بێ ئەوەی لە یاسا و چاودێری بترسن منداڵان دەخەنە ناو دۆخێکی زۆر خراپەوە و کەمترین مووچه­یان پێ دەدەن. لە وتووێژ لەگەڵ پسپۆڕانی بواری منداڵ وتیان: “منداڵی کەمتر لە تەمەنی 15 ساڵ ئیزنی سکاڵا تۆمارکردنی نییه. دەوڵەتی ئێرانیش بە کردەیی لە بری ئەوەی پشکنین بکا و ڕێگری لە کاری منداڵ بکا بە کارکردی وەزارەتی کار نە تەنیا ڕێگری لە کاری منداڵ نەکردووە بەڵکوو هاندەریشیان بووه. گەورەترین هاندەرەکەیان ئەوەیە کە بە هەر بڕە پارەیەک و لە هەر بارودۆخێکدا دەتوانن منداڵی کرێکار ڕازی بکەن. چونکە ئەگەر گەورەساڵ سکاڵا تۆمار بکا خاوەنکار هەمیشە ترسی هەیە بەڵام منداڵ تەنانەت دادخوازییەکەشی تۆمار ناکرێت.”

باس و کۆبەندی

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە پیشان دەدا منداڵان لە شاری تاران بە شێوازی جۆراوجۆری کار وەکوو کارکردن لە سەر شەقام، زبڵگەڕی، کارگەی گوڵ، تەڕەبار، کوورەی درووست­کردنی خشت، بلوورسازی، دووکان و ڕیستورانت، کاری ماڵان و هتد ئیش دەکەن و هەر کام لەمانە ڕووبەڕوی هەندێ بارودۆخ و لێکەوتەی تایبەت دەبنەوه. لە سۆنگەی بارودۆخی هۆکارییەوە کێشە ئابوورییەکانی بنەماڵەکان و دابین­کردنی بەشێک لە تێچووەکانی بنەماڵە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کارە کە لەگەڵ ئەنجامەکانی  توێژینەوەکانی ئەم بوارە هاوئاراستەیه. ئەم تاقمە بنەماڵانە منداڵەکانیان دەنێرن بۆ کاری جۆراوجۆر کە لە ڕێگەی ئەو کارانەوە هەلی وەدەست­هێنانی داهاتیان هەیە. لە هەندێ لەم کارانەدا وەکوو کاری کارگەیی کە منداڵان هەڵوەدای فێربوونی کارن، ئامانجی سەرەکی بنەماڵە دابین­کردنی داهات لە ڕێگەی کارکردنی منداڵ نییه، بەڵکوو مەبەستی سەرەکییان فێربوونی شارەزاییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو منداڵە پیشەیەکی هەبێت. ئەم تاقمی بنەماڵانە پێیان وایە خوێندن شارەزایی و پیشەی لێ سەوز نابێت. هەندێ منداڵی دیکە کە لە مافی هاووڵاتی بێبەشن، هەلی چوونە قوتابخانە و خوێندن بۆیان نه­گونجاوه. لە هەندێ کاری دیکەدا وەکوو زبڵگەڕی کە یەکێک له خراپترین جۆرەکانی کاره تۆڕی کۆچ و خزمایەتی منداڵان دەورێکی گرنگی لە کاردا هەیه.

لە پاڵ هەژاری دەبێ ئاماژە بە دەوری یاساکان و شێوازی جێبەجێ­کردنیان وەک یەکێک لە بەستێنەکانی کاری منداڵان بکەین. لە یاسادا کاری منداڵانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵان ڕێگەپێدراوە و جێبەجێ­کاری یاسا بە جێبەجێ­نەکردنی یاسا بەتایبەت لە کارگەکان و کارە ڕێکخراوەکان وەکوو تەڕەبار و زبڵگەڕی به­ستێنی کاری منداڵانیان ڕەخساندووه. دەبینین کە زۆرێک لە منداڵانی خوار تەمەنی 15 ساڵان لە کاری جۆراوجۆردا ئیش دەکەن بە بێ ئەوەی جێبەجێ­کارانی یاسا وەکوو وەزارەتی کار ڕێگری لە کاری منداڵان بکات. پەرەسەندنی کەرتی نافەرمی دەورێکی بەرچاوی لە بەهێزکردنی ئەم پرۆسەدا هەیە چونکە لە بنەڕەتەوە ئەم کەرتە بازنەی چاودێری نایگرێتەوە و جێبەجێ­کارانیش هەوڵ بۆ بەفەرمی­کردنی نادەن. گەڵاڵەی ڕێک­خستنیش کە زیاتر منداڵانی سەرشەقام دەگرێتەوە بە بێ ئەوەی گرنگی بە بەتواناکردن و بنەماڵەی ئەو منداڵانە بدەن تەنیا لە سەر کۆکردنەوەیان چڕ بوونەتەوە و ئەنجامێکی دڵخوازی بە دواوە نییه. ئەم گەڵاڵانە لە هەندێ حاڵەتدا بوونەتە هۆی ئەوی هەندێ لە منداڵانی سەرشەقام بچنە ناو کاری پڕمەترسی کارگەوه.

ئەنجامی کاری منداڵان کۆمەڵێک خەسارەتی ورد و درشتە کە لە ڕەهەندی جۆراوجۆری جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە تەندروستی ئەو منداڵانەی خستۆتە مەترسییەوه، ڕێگری لە خوێندنیان دەکا و ڕەوتی بەتواناکردنی ئەو منداڵانەی تووشی کێشەی بنەڕەتی کردووه. هەندێ لە کارەکان وەکوو زبڵگەڕی، کارکردن لە کوورەی درووست­کردنی خشت و هەندێ کاری کارگەیی لەو کارە هەرەخراپانەی کاری منداڵن و پێویستە دەوڵەتەکان بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە بە  زووترین کات هەوڵ بدەن. لەگەڵ بەردەوامی ئەم ڕەوتەی ئێستا نە تەنیا نەهێشتنی کاری منداڵ وەک خراپترین جۆری کار بەدی ناکەین بەڵکوو لێکەوتە ناخ­هەژێنەکانی کار دەمێنێتەوە و تا دێ پەرە دەستێنێت.

پێشنیار

لە بەشی ژێرلقدا پێشنیارەکان کە ئەنجامی دیمانە لەگەڵ پسپۆڕانی ئەم بواره، بەڵگە بەردەستەکان و  ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بە مەبەستی نەهێشتنی کاری منداڵ دەخرێتە ڕوو:

  1. ئامادەکردن و جێبەجێ­کردنی بەرناوەی گەشەی هاوسەنگ لە سەر ئاستی ئێران و گرینگی­دان بە هەڵاواردنی ئەرێنی بۆ ناوچە بێبەشەکان بە مەبەستی خەبات لە دژی هەژاری و نابەرانبەری، گرینگی­دان بە پیشەی پەیوەندیدار بە بواری خوێندن لەم ناوچانەدا دەتوانێ یەکێک لە بزوێنەرەکانی هاندانی منداڵ بۆ خوێندن بێت.
  2. ناسینی منداڵانی کار و بنەماڵەکانیان لە گەڵاڵەیەکی نیشتمانیدا و داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بە مەبەستی نەهێشتنی هەژاری و بەتواناکردنی منداڵان و بنەماڵەکانیان.
  3. لە ڕێگەی پێدانی ناسناوە بە منداڵان و هاندانیان بۆ خوێندن، هەلی خوێندن بۆ منداڵانی بێ‌ناسناوە بڕەخسێنرێت.
  4. بەهێزکردنی بەستێنی یاسایی ئێن‌جی‌ئۆکان، بەتواناکردن و پشتیوانی لێکردنیان.
  5. پەرەدان بە میکانیزمی گونجاو کە لە سەر تەوەری وەزارەتی خۆشگوزەرانی و وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوی چاک­ژیانه­وه بێ بۆ ئەوەی یاسای قەدەغەکردن و داپەڕینی خێرا بۆ سڕینەوەی خراپترین جۆری کاری منداڵ و پێشنیارناوە تەواوکەرەکەی جێبەجێ بکرێت.
  6. سیاسەتی حەشیمەتی دەبێ گرینگی بە کەم­کردنەوی زکوزا لە ناو بنەماڵە هەژارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی ئەم بنەماڵانە بدات.
  7. گرینگی بە پەروەردەی ­بەرانبەر بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان بدرێ، و دابین­کردنی خۆلی ڕاهێنان بۆ منداڵان لە ناوچەکانی کار و نیشتەجێ­کردنیان لە کوورەی درووست­کردنی خشت، شوێنی جیاکردنەوەی زبڵ و شتی لەم چەشنه، قوتابخانەی گەڕۆک و کانێکس دەتوانێ بژاردەیکی باش بێت.
  8. ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان زیاترە ڕاهێنانی پڕۆفێشناڵیان بۆ بکرێ، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە ژوور تەمەنی 15 ساڵانن، ئەم خۆلی ڕاهێنانە دەبێ لەگەڵ تەمەن و بارودۆخی منداڵان گونجاو بێت.
  9. مافەکانی منداڵان دەبێ لە قوتابخانەکان و ئێن‌جی‌ئۆکاندا بە منداڵان بگوترێت.
  • بەفەرمی­ کردنی بازاڕە نافەرمییەکان بە گوێرەی پێشنیارناوەی 204 سەبارەت بە تێپەڕین لە ئابووری نافەرمییەوە بۆ ئابووری فەرمی.
  • پێویستە ئێن‌جی‌ئۆکان لەگەڵ یەکتر و ڕێکخراوە خۆجێییەکانی دیکە هاوکار بن بۆ ئەوەی لە داکۆکی­کردنی منداڵانی کار توانایان زێدەتر بێت.
  • جۆرەکانی دیکەی کاری منداڵان وەکوو کارکردن لە لادێکان، کاری ماڵان، قاچاغی منداڵان، بەکارهێنانی منداڵان بۆ ئەنجامدانی هەندێ تاوان و هتد دەبێ خوێندنەوەی لە سەر بکرێت.

سەبارەت بە نووسەر

کامیل ئەحمەدی، توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوە و خاوەن بڕواناوەی ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا هه یه و براوەی خەڵاتی «ناوووس» لە زانکۆی یاسای لەندەن لە بنیاتی ماف (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی»ـی بنیاتی جیهانیی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵانه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی لەژێر ئەم ناوانە چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب‌و‌نەریتی مێزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران) کە لە لایەن Uncut Voices Press-Oxford و چاپخانەی شیرازە چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  بڵاو بۆتەوە؛

ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە/ هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران) کە دەقە فارسییەکەی لە لایەن چاپخانەی شیرازە بڵاو بۆتەوە و چاپخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کردووە؛

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران)؛

– توێژینەوەیەکی دیکە بە ناوی تاڵانی منداڵی کە لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان ئەنجام درا کە بابەتی زبڵگەڕیی منداڵانی لە تاران تاوتوێ کردووە و لە ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسیی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران) کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

– توێژینەوەیەکی ناوبراو لەژێر ناوی لە سنوورەوە هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران) کە 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان  که لە لەندەن چاپ کرا.

 توێژینەوەکان لە ماڵپەڕی خۆی دەست دەکەوێت:  www.kameelahmady.com

سەرچاوەکان:

افراسیابی، حسین؛ کلاته ساداتی، حسین و صبور، مریم. (1400). دلایل شکل‌گیری کار کودکان از منظر فعالان این حوزه؛ مطالعه کیفی در شهر یزد. مددکاری اجتماعی. 10 (1): 67-56.

احمدی، کامیل و همکاران (1400)، ردپای استثمار در جهان کودکی، انتشارات آوی بوف، دانمارک

انجمن حمایت از حقوق کودکان. (1398). یغمایی کودکی. پژوهشی در باب شناخت، پیش‌گیری و کنترل پدیدۀ زباله گردی کودکان در تهران. تهران: روز.

ایمانی، نفیسه؛ نرسیسیانس، ایملیا. (1390). مطالعه انسان‌شناسانه پدیده کودکان کار خیابانی در شهر کرج. مسائل اجتماعی ئێران، 3 (1)، 7-32.

حسینی، سید حسن (1383). وضعیت کودکان کار و خیابان در ئێران. رفاه اجتماعی، 5 (19)، 155-173.

رئیس، دانا؛ فریبرز. (1382). واکاوی کار کودکان در ئێران. رفاه اجتماعی. 2 (7): 47-231.

زارع، شاآبادی اکبر؛ حاجی‌زاده میمندی، مسعود و اکبری قورتانی، صدیقه. (1388). نقش خانواده نابسامان بر پدیده کودکان کار (مطالعه موردی استان یزد). انتظام اجتماعی. 1 (3): 52-30.

زندرضوی، سیامک؛ رحیمی پورانارکی، ناهید (1390). مقایسه وضعیت کودکان کارگر ئێرانی و افغان در استان کرمان بر پایه چهاراصل پیمان‌ناوه حقوق کودک (سه اصل جامعه‌شناختی و دو راه‌حل). مجله مطالعات اجتماعی ئێران، 5 (1)، 72-98.

صفی‌خانی؛ ثمره. (1395). کار کودکان در کوره‌های آجرپزی تحلیل شبکه روابط و اجتماعی یک کوره. فصل‌ناوه انجمن ئێرانی مطالعات فرهنگی و ارتباطات. 13 (46): 206-178.

کرمیان، فرانک؛ میرک زاده، علی‌اصغر و زرافشانی، کیومرث. (1395). تحلیل زمینه‌ها و علل به‌کارگیری کودکان در فعالیت‌های کشاورزی در مناطق روستایی. (مطالعه موردی: دهستان ماهیدشت شهرستان کرمانشاه). پژوهش و برناوه‌ریزی روستایی. 5 (3): 78-163.

فیروزآبادی؛ سیداحمد؛ رضانیاکان؛ زهرا. (1393). مطالعه عوامل اجتماعی مؤثر بر کار کودکان و پیامد آموزشی ناشی از آن. (موردمطالعه روستای کراده، شهرستان جهرم). مسائل اجتماعی ئێران. 4 (1): 92-69.

قاسمی، افسانه؛ روشنفکر، پیام و دیگران. (1397). ویژگی‌های جمعیتی-اجتماعی کودکان خیابان و عوامل مرتبط با خیابانی شدن آن‌ها: مطالعه ارزیابی سریع وضعیت در کرمانشاه. مطالعات و تحقیقات اجتماعی در ئێران. 8 (1): 87-114.

میرک‌زاده؛ علی‌اصغر؛ زرافشانی، کیومرث و کرمیان، فرانک. (1395). شناسایی آسیب‌های پیش روی کودکان کار روستایی در فعالیت‌های کشاورزی دهستان ماهیدشت. پژوهش‌های روستایی. 7 (3): 25-516.

وامقی، مروئه؛ رفیعی، حسین و دیگران. (1390). مرور نظام‌مند مطالعات کودکان خیابانی در دهه اخیر ئێران: عوامل خانوادگی مرتبط و پیامدهای خیابانی شدن کودکان. مسائل اجتماعی ئێران. 2 (1): 66-135.

وامقی، مروئه؛ دژمان، معصومه و دیگران. (1392). ارزیابی سریع وضعیت کودکان خیابانی در شهر تهران، 1392 (علل و خطرهای کار کودکان در خیابان). مطالعات و تحقیقات اجتماعی در ئێران. 4 (1): 33-51.

وامقی، مروئه؛ روشنفکر، پیام و دیگران. (1394). بررسی ترکیبی و ارزیابی سریع وضعیت کودکان خیابانی و ویژگی‌های کار آنان در تهران. بررسی مسائل اجتماعی. 6 (2): 416-391.

وامقی، مروئه و یزدانی، فرشید. (1398). گزارش وضعیت کار کودکان در ئێران. در آسیب‌های اجتماعی و نابرابری: دومین گزارش وضعیت اجتماعی ئێران 1396-1388. (ج 2، ص 150-95). تهران: آگاه.

Arnold, T. J., Arcury, T. A., Sandberg, J. C., Quandt, S. A., Talton, J. W., Mora, D. C., … & Daniel, S. S. (2020). Heat-related illness among Latinx child farmworkers in North Carolina: a mixed-methods study. New solutions: a journal of environmental and occupational health policy, 30(2), 111-126.

Bronfenbrenner, U. (1994). Ecological Models of Human Development. in T. Husen and T.N. Postlethwaite (eds) International Encyclopedia of Education, 2nd edn, pp. 1643–7. New York: Elsevier Science.

Canagarajah, S., & Nielsen, H. S. (2001). Child labor in Africa: A comparative study. The ANNALS of the American Academy of Political and Social Science, 575(1), 71-91.

Diallo, Y., alex Etienne, & Mehran, F. (2013). Global child labour trends 2008 to 2012. ILO.

Emerson, P. M., & Knabb, S. D. (2006). Opportunity, inequality and the intergenerational transmission of child labour. Economica, 73(291), 413-434.

Fyfe, A. (1989). Child labour. Cambridge, MA: Polity Press.

Grootaert, C., & Kanbur, R. (1995). Child labor: A review. Available at SSRN 620526.

Jha, M. (2009). Child Workers in India: Context and Complexities. Human Rights Review 10: 205–18.

International Labour Organization and United Nations Children’s Fund (2021). CHILD LABOUR, GLOBAL ESTIMATES 2020, TRENDS AND THE ROAD FORWARD.. Available online at:https://www.ilo.org/ipec/Informationresources/WCMS_797515/lang–en/index.htm (accessed 17 December 2020).

Hendrickson, M.D. (2009) ‘Childhood and Child Labor in the Brazilian Amazon’, paper presented at the University of Pittsburgh Latin American Studies Association International Congress, Rio De Janeiro, Brazil.

Hurst, P. (2007). Health and child labor in agriculture. Food and nutrition bulletin, 28(2_suppl2), S364-S371.

Liao, M., & Hong, J. S. (2011). Child labor in the People’s Republic of China: An ecological systems analysis. International Social Work, 54(4), 565-579.

Karatay, A. (2000) Istanbul’un Sokaklari ve Calisan Cocuklar’, in S.U. Sayita and M.R. Sirin (eds) Istanbul Cocuk Kurultayi Arastirmalari Kitabi. pp. 453–541. Istanbul: Istanbul Cocuklari Vakfi.

Kazeem, A. (2012). Children’s Work in Nigeria: Exploring the Implications of Gender, Urban–Rural Residence, and Household Socioeconomic Status. The Review of Black Political Economy, 39(2), 187-201.

Khan, S., & Hesketh, T. (2010). Deteriorating situation for street children in Pakistan: a consequence of war. Archives of disease in childhood, 95(8), 655-657.

Maconachie, R., & Hilson, G. (2016). Re-thinking the child labor “problem” in rural sub-Saharan Africa: The case of Sierra Leone’s Half Shovels. World development, 78, 136-147.

Mull, L. D., & Kirkhorn, S. R. (2005). Child labor in Ghana cocoa production: focus upon agricultural tasks, ergonomic exposures, and associated injuries and illnesses. Public Health Reports, 120(6), 649-655.

Salmon, C. (2005). Child labor in Bangladesh: Are children the last economic resource of the household?. Journal of Developing Societies, 21(1-2), 33-54.

Sensoy Bahar, O. (2014). An overview of the risk factors that contribute to child labor in Turkey: Implications for research, policy, and practice. International Social Work, 57(6), 688-697.

Sensoy Bahar, O. (2016). How do low-income Kurdish migrant families in Turkey negotiate child/adolescent characteristics in child labor decisions? Insights from Kurdish mothers. Qualitative Social Work, 15(1), 11-34.

United Nations (UN) (1990). Convention on the Rights of the Child. Available online at: http://www2.ohchr.org/english/law/pdf/crc.pdf (accessed 17 November 2020).

United Nations Children’s Fund (UNICEF) (2007) ‘Child Protection from Violence, Exploitation and Abuse’. Available online at: http://www.unicef.org/protection/index_childlabour.html (accessed 25 December 2020).

White, B. (2009). Social science views on working children.

Wolfe, J. H., & Dickson, M. A. (2002). Apparel manufacturer and retailer efforts to reduce child labor: An ethics of virtue perspective on codes of conduct. Clothing and Textiles Research Journal, 20(4), 183-195.

پۆرتاڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار. پێداچوونەوە لە مانگی بەفرانباری 1399 هەتاوی. بڕوانە:

https://www.ilo.org/global/topics/dw4sd/themes/informal-economy/lang–en/index.htm.

 

 دابەزاندن PDFی وتار