بەختی ڕەش بە جلی سپییەوە

تاوتوێ هاوسه‌رگیریی منداڵانی له‌ ئێران

کامیل ئەحمەدی

پوختە

ساڵانە بە دەیان هەزار کچ و کوڕی خوار تەمەن 15 ساڵ لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە بە ناچاری هاوسەرگیرییان پێ  دەکرێت. لە ڕاستیدا ژمارەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانە زیاتر لەم ئامارانەیە.

زۆرێک لە بنەماڵەکان لە ئێران لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری تۆمار ناکەن یان بە شێوەیەکی نافەرمی تۆماری دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی پاڵپشتی لە مافەکانی منداڵان لە ئێران، ژمارەی ئەو کچانەی کە لە خوار تەمەنی ١۵ ساڵەوە هاوسەرگیریان کردووە لە ٣٣ هەزار و ٣٨٣ کەسەوە لە ساڵی ١٣٨۵ بۆ ۴٣ هەزار و ۴۵٩ کەس لە ساڵی ١٣٨٨ هەتاوی زیادی کردووە. واتە لە ماوەی سێ ساڵدا لە سەدا ٣٠ زیادی کردووە.

لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ هاوسه‌رگیریی منداڵان یا خود هاوسه‌رگیریی پێشوه‌ختەی منداڵانی له‌ ئێران تاوتوێ کردووه‌. کۆمەڵگەی ئاماریی ئەم توێژینەوە بە پێی دوایین ئاماری بەردەست، بۆ ئەو حەوت پارێزگایەی ئێران تەرخان کراوە کە زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵانیان لە خۆ گرتووە و لەو پارێزگایانەشدا نموونەی ئاماری بە پێی پلەی هەر پارێزگایەک بە بەکارهێنانی نموونەی هێشوویی، پۆلێنبەندی و هەڕەمەکی هەڵبژێردرا و بە ئامرازەکانی پرسیارناوە دیمانەیان لەگەڵ کرا و شی کرانەوە. ئه‌نجام و ده‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌م ڕاپرسییه‌ له‌ کتێبێکدا کۆ کراوه‌ته‌وه‌ و به‌م زووانه‌ له‌ لایه‌ن چاپەمەنی شیرازه‌وه‌ بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.

 

پێشەکی

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر جۆرە هاوسەرگیرییەک لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە پێش ئەوەی کچ لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەی قبوڵکردنی بەرپرسیارێتیی هاوسەرگیری و منداڵداری بێ، وەک هاوسەرگیریی منداڵان پێناسە دەکات.

لە سەر ئەم بنەمایە، لەو حاڵەتانەی کە منداڵ لە خوار ئەم تەمەنەوە هاوسەرگیری بکا، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ڕووی داوە؛ هاوسەرگیرییەک کە لە لایەن باوک یان باپیری منداڵەوە ئەنجام دەدرێ و تێیدا گرینگی بە کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری نادرێت.

هاوسەرگیریی منداڵان جۆرێک هاوسەرگیرییە کە تێیدا لانیکەم یەکێک لە لایەنەکان تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوە کچە کە هێشتا منداڵه. وەک پێشتریش باس کرا، لە وڵاتی ئێران گەیشتن بە سەرەتای بایۆلۆژی و جەستەیی بە بێ ڕەچاوگرتنی تەمەن، بە تەمەنی شیاوی هاوسەرگیری لە قەڵەم دەدرێت (لویزا و ڤانگ، 1391).

لە ڕوانگەی سێکسی و مافەکانی مرۆڤەوە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لێکەوتەی ئاشکراوی سەرکوت‌کردنی ڕەگەزی و ئاکارە ڕووخێنەرە نەریتییەکانە کە دەبێتە هۆی نایەکسانیی ڕەگەزێتی و سەرکوت‌کردنی زیاتر.

 لە جیهانی ڕوو لە گەشەدا، پرسی ئاڵۆزی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بە هۆی هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەتی گەنجان ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و هۆکاری سەرەکیی ئەم پرسە هەڵکشانی ئاستی هەژاری، نەبوونی زانست و خوێندەواری و ملکەج‌بوون بە پێویستییەکانی فەرهەنگی پیاوسالاری و ئەو باوەڕانەیە کە بە هەڵە وا دەزانن ناچار‌کردنی کچان بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ بۆ پشتیوانی و پاراستنی خۆیانە.

مەخابن سەرباری ئەوەی کچان لە بەردەم لێکەوتەی جەستەیی و هەڵاواردنی بەردەوامدان، لە پێناو کۆتایی‌هێنان بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران هەنگاوی کەم هاوێژراوه.

ئەو توێژینەوە گشتگیر و متمانەپێکراوانەی کە سەبارەت بە لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ سەر پیاوان ئەنجام دراون، کەمن، شرۆڤەی ڕەهەند و کاریگەرییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە سەر کوڕە منداڵەکان، تەنانەت لە لایەن کارناسانی نێودەوڵەتی کە لە دژی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ئیش دەکەن پشتگوێ خراوە.

کەمیی ئەم داتا ئەزموونییانە بۆتە هۆی ئەوەی سەبارەت بە تەنگژەکانی هاوسەرگیری بۆ کوڕە منداڵەکان هیچ زانستێک لە ئارادا نەبێت. ئەوان زۆر جار ناچار بە وازهێنان لە خوێندن و گرتنە بەری پیشەیەکی ئاست نزم دەکرێن، بۆ ئەوەی تێچووی ئەم بنەماڵە نوێیە وەدەست بێنن. هاوسەرگیری و ژن و مێردایەتیی بەر لە باڵقبوون درێژەپێدەری پرۆسەی هەژارییە کە لە سەرەتاوە خۆی هۆکاری بیچم‌گرتنی هاوسەرگیری بووه.

منداڵ‌هاوسەری پرسێکی جیهانییە کە لە هەر سووچێکی ئەم جیهانەدا، لە خۆرهەڵاتی ناڤینەوە بگرە تا دەگاتە ئەمریکای لاتین،  باشووری ئاسیا و ئەورووپا بەدی دەکرێت.

توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان نەک هەر لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوونی هەیه، بەڵکوو سەپێنەرەکانی، بە ڕووگەشی و بە دڵەوە ئەم کارە دەکەن، چونکە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەم داب‌ونەریتە پەسند کراوە (گافنی ریس، 1389 هەتاوی).

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی «کچ، نە بووک [2]»، ئەگەر ڕەوتی هاوسەرگیریی منداڵ دانەبەزێ، لە ساڵی 2050 ئاماری جیهانی هاوسەرگیریی منداڵان دەگاتە 2.1 ملیاڕد. بەم حاڵەوە لە باری ڕێژەوە، زیاترین ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە باشووری بیابانی ئەفریقا و باشووری ئاسیا چڕ بۆتەوه. ئەم دوو ناوچە وەک ناوەند و تەوەری هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەستنیشان کراون.

لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە، ڕەوتی هاوسەرگیریی مێرمنداڵان باوە و تا دێ زیاتریش دەبێت. نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و چەمکی قبووڵ‌کراو لە ناو دۆخی خوازراودا وای کردووە ژنانی گەورەساڵتر بۆ هاوسەرگیریی دڵخواز و پەسندکراو نەبن. بە پێی سەرژمێریی ساڵی 1369 هەتاوی لە هیندستان، نزیکەی 5 لە سەدی کچان لە نێوان 10 – 14 ساڵان و پتر لە 35 لە سەدی کچان لە تەمەنی 15 – 19 ساڵان هاوسەرگیرییان کردووه.

بە گوێرەی سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان، 51 لە سەدی ژنان لە بەنگلادش و 74 لە سەدی ژنان لە نەیجر بەر لە تەمەنی 18 ساڵان شوویان کردبوو. لە هەندێ بەشی تایبەتی ڕۆژاوای ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئاسیای باشووری هاوسەرگیریی بەر لە باڵقبوون پرسێکی نائاسایی نییە.

لە باکووری ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ناڤین و دیکەی ناوچەکانی کیشوەری ئاسیا هاوسەرگیریی دەستبەجێی پاش باڵقبوون بەشێک لە نەریتە و تا ڕادەیەکی زۆر لە ناو دڵی فەرهەنگ و کەلتووردا خۆی حەشار داوه.

ئەمریکای لاتین و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتییش لەم نەریتە بەدەر نین و لەوێ کچانی مێرمنداڵ لە تەمەنی 16 بۆ 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە زیاتر وەک هاوسەرگیریی زۆرەملێ سەیر دەکرێن، چونکە ئەم مێرمنداڵانە بە بێ دەربڕینی ڕەزامەندی‌ لە سەر هەڵبژاردنی هاوژینی ژیانیان ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن. هەر بۆیه، هاوسەرگیریی پێشوەختە بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و سەپێنراو ناوزەد دەکرێت.

 

لە وڵاتانی کوێت و لیبیا تەمەنێک کە تێیدا کچان هاوسەرگیری دەکەن بە شێوەی زۆر بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوه. نزیکەی 40 لە سەدی ئافرەتانی 15 بۆ 19 ساڵە لە وڵاتانی لیبیا و کوێت لە دەیەی 1350 هەتاوی هاوسەرگیرییان کردبوو، بەڵام هەتا نیوەی دەیەی 90 هەتاوی ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوە بوون کە فرەیی  ئەم هاوسەرگیرییانە گەیشتووە بە 1 و 5 لە سەد (رشاد و هاوکاران، 1384 هەتاوی).

زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمان وەک ئەلجەزایر، عومان و توونس تەمەنی 18 ساڵیان وەک لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری دیاری کردووە (هرمانسم، 1391). وڵاتی عەرەبستانی سعوودی یەکێک لەو 74 چوار وڵاتەیە کە لانیکەمی تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری دیاری نەکردووه، چونکە لەم چەشنە وڵاتانەدا باڵقبوونی فیزیایی بە هێمای پردی نێوان منداڵی و گەورەساڵی لە قەڵەم دەدرێت (الحکم و مک لالین، 1395 هەتاوی).

لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی هەندێ لە چالاکڤانان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ خوازیاری دەستێوەردانی دەوڵەت بۆ دیاری‌کردنی لانیکەمی هاوسەرگیری بۆ وەستاندنی منداڵ‌هاوسەری و ڕێگری لە ئارازدانی منداڵان بوون.

دیاری‌کردنی وەها سنوورێکی یاسایی لە تەمەنێک کە کەسێک بتوانێ هاوسەرگیری بکا لە زۆرێک لە وڵاتاندا باوە (تەنانەت ئەگەر ئەو تەمەنە تایبەتە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاواز بێ (هەمان). لەو ڕووەوەی کە هیچ لانیکەمێکی تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی بوونی نییه، باڵقبوونی جەستەیی دەبێتە فاکتەرێکی دیاریکەرەوە بۆ بڕیاریدان سەبارەت بە تەمەنی گەورەساڵیی ژنان و ئامادەییان بۆ هاوسەرگیری.

بە گشتی گریمانەکە ئەوەیە کە ئەگەر کچێک باڵق بوو، ئامادەیی پێویستی بۆ هاوسەرگیری هەیه. بەم حاڵەوە بە دەگمەن هەڵدەکەوێ کە کوڕێک بەر لە کۆتایی هاتنی‌خوێندن و ئاسایشی کار هاوسەرگیری بکات.

بە پێچەوانەی کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان کە تێیدا تەمەن دەوری ڕێگرانەی لە پەیوەندییە سێکسییەکاندا هەیه، لە کۆمەڵگا ئیسلامی و عەرەبییەکاندا، لە حاڵەتێکدا کە تاکەکان پێکەوە هاوسەرگیرییان کردووە ئەم سنووردارییە بەدی ناکرێت. لە ئەنجامدا پەیوەندیی سێکسی لە سۆنگە یاسایی و فەرهەنگییەوە لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا قبووڵ کراوه، بەڵام لە کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکاندا بە نایاسایی و نائەخلاقی پێناسە کراوه (هەمان).

سەرەڕای ئەم یاسا تازە پەسندکراوانە و ڕەوتە دڵگەرم‌کەرەوەکان، هێشتا پاشماوەی زیندووی نکۆڵی‌کردن و غافڵ‌بوون لە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بوونی هەیه. لە وڵاتی تورکیا کە وڵاتی دراوسێی ئێرانە، پارلەمان یاسای بنەڕەتیی ئەم فەرمانەی دەرکرد کە بە پێی ئەم فەرمانە هەموو ئەو ئاکارە سێکسییانەی کە لەگەڵ منداڵانی ژێر تەمەن 15 ساڵه ئەنجام دەدرێ، دەستڕێژی یان کەڵکاوەژوویی سێکسی نین.

بە گوێرەی ئەم گەڵاڵە پەسندکراوه، منداڵان لە تەمەنی 12، 13 و 14 ساڵان وەک جڤاکێکی کەمینە پشتیوانیی یاسایان لە دەست داوە، چونکە بە پێی یاسا ڕەزامەندیی ئەوان بۆ سێکس‌کردن پشتگوێ دەخرێت.

بە دەگمەن لە دەق و پەیڕەوناوە یاساییەکان چەمکی تەمەنی ڕەزامەندی بەدی دەکرێت (ویتس، 1384). لە بەرانبەردا، یاسا تەمەنێکی تایبەتی پەسند کرد کە بە پێی ئەو تێوەگلان بە پەیوەندیی سێکسی بۆ تاک قەدەغەیە. ئەم بابەتە زۆر جار لەگەڵ واتاکانی دیکەشدا قۆزراوەتەوە، بۆ وێنە تەمەنێک کە تێیدا تاک دەتوانێ ڕازی بە هاوسەرگیری بێت.

زۆربەی سیستەمەکانی داد تەمەنی ڕەزامەندیی بۆ پەیوەندی سێکسییان لە نێوان تەمەنی 14 بۆ 18 ساڵان دیاری کردووه. بۆ پاراستنی منداڵان لە هەمبەر کەڵکاوەژوویی سێکسی زۆرێک لە وڵاتان تەمەنێکی لانیکەمیان بۆ پەیوەندیی سێکسی دیاری کردووە، سەرباری ئەمە زەمینە و بواری وەها ئەندازەگەلێک لە ناو کەلتوورە ئیسلامییەکاندا نابیندرێ، چونکە بەدەر لە هاوسەرگیری هەموو پەیوەندییە سێکسییەکان هەمیشە نایاسایی بوون (دهامی و شیخ، 1379).

شایانی باسه‌ لێکدانەوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌رگیری، پیشاندەری ناکۆکییه‌کی به‌رچاو له‌ نێوان یاسا نیشتمانییەکان و پابەندییە نێوده‌وڵه‌تییه‌کانە. بە پشتبەستن بە قسەی یەکەمین و باڵاترین ڕێبەری ئێران، ئایەتوڵا خومەینی، پەیوەندیی سێکسیی جگە لە حاڵەتی دووگیان‌کردن، لەگەڵ هەموو کچان لە هەر تەمەنێکدا ڕێگەپێدراوە.

بەر لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە پێی مادەی 23ـی یاسای پشتیوانیی لە خانەوادە (ساڵی 1353 هەتوای) هاوسەرگیریی ژنان بەر لە تەمەنی 18 ساڵان و هاوسەرگیریی پیاوانیش بەر لە کۆتایی تەمەنی 20 ساڵان قەدەغە بوو. ئەم تەمەنە پاش شۆڕش لە ئێراندا گۆڕا. گۆڕانکارییە سەرەتاییەکان لە دەوڵەتی کاتیدا بیچمی گرت و ئەم مادە بە مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی گۆڕدرا. بە پێی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی وڵاتی ئێران تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان 13 ساڵ و بۆ کوڕان 15 ساڵان ڕاگەیێنرا.

هەر ئەم یاسایە ڕێگە بە کچان دەدا کە خوار تەمەنی 13 ساڵان و کوڕان خوار تەمەنی 15 ساڵان بە مەرجی ڕەزامەندیی باوک یان ئیزنی دادگا هاوسەرگیری بکەن.[3] هەروەها ئەگەر سەرپەرشتی منداڵ (باپیر یان نەنک) وەها داواکارییەکی هەبێ و دادگا بەم ئەنجامە بگا کە بە ڕادەی پێویست باڵق بووە کە بتوانێ هاوسەرگیری بکا، منداڵ دەتوانێ تەنانەت لە تەمەنی خوارتریش هاوسەرگیری بکات.

بە پێی مادەی هەموارکراوی 1041 لە ساڵانی 1360 و 1369 هەتاوی، پەیوەندیی سێکسی بەر لە گەیشتن بە گەورەساڵی قەدەغەیه. مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی لە ساڵی 1313 هەتاوی ڕایگەیاند کە لە وڵاتی ئێران بە پێی یاسای بنەڕەتی و ڕەواداریی یاسایی، نابێ هیچ هاوسەرگیرییەک لە نێوان کچێکی ژێر تەمەنی 15 ساڵ و کوڕێکی ژێر تەمەنی 18 ساڵ ڕوو بدا، مەگەر ئەوەی کە هەلومەرجێکی تایبەتی ڕەچاو  بکرێ کە تێیدا بایەخی هاوسەرگیری لە لایەن دادخوازێکی گشتی ڕابگەیێندرێت.

ئەم ئاوارتە ئەو حاڵەتانەی نەدەگرتەوە کە کچ ژێر تەمەنی 15 ساڵان و کوڕ خوار تەمەنی 18 ساڵان بوو. واتە ئەوان نەیاندەتوانی بە هیچ چەشنێک هاوسەرگیری بکەن.

یاسایەکی نوێ لە ساڵی 1361 هەتاوی جێبەجێ کرا کە بە پێی ئەوە تەمەنی هاوسەرگیری یان تەمەنی باڵقبوون بۆ کچان 9 ساڵ و بۆ کوڕان 15 ساڵ ڕەچاو کرا کە بە پێی ئەو هەر چەشنە هەنگاوێک بۆ هاوسەرگیریی کەمتر لەم تەمەنە سەرەتاییە نایاسایی بوو. دواترین گۆڕانکاری لە یاسای مەدەنی لە ساڵی 1381 پەسند کرا کە بە گوێرەی ئەم یاسایە ڕەواداریی هاوسەرگیری لە نێوان کچان و کوڕانی خوار تەمەنی پێناسەکراوی باڵقبوون (13 و 15) لە سەر ڕەزامەندیی دادوەرێکی چاکخواز وەک مەرج قبووڵ کرا.

ئاماری منداڵانی بەخت‌ڕەش بەڵام بە جلی ‌سپیی بووکێنییەوە

ئاراستەی شێوازناسیی بەکارهێنراو لەم توێژینەوەدا شێوازی چۆنایەتی لە سەر پێوەری کەڵان بوو. بەو پێیەی کە لەم بارەوە پێشتر توێژینەوەیەکمان نەبووە کە بتوانین بچینەوە سەری یان ئەوەی کە شێوازێکی ناسراو لە وڵاتی ئێران وەک شیکارییەکی بەراوردانە بە کار نەهێنرا بوو، هەر بۆیە لە کاتی ڕوونووێنی لە توێژینەوەی زایەڵەی بێدەنگی لە کتێبخانەی نیشتمانی، شێوازناسییەک کە لەگەڵ دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان گونجاو و یەکسان  بێ، بوونی نەبوو.

کە ئەمە وای کرد کە لەو ناوچانەی وڵاتی ئێران کە هەڵگری زیاترین ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵانە توێژینەوەی بەراوردانە پێویست بێ کە بۆ تێگەیشتن لە لێکچوون و لێکنەچوونەکاندا هاوکاریمانی بکات. قەبارەی کۆمەڵگا، قەبارەی نموونه، شێوازی نموونەگیری، ڕێژەی لێدوانە دیاریکەرەوەکان بۆ هەر بەش و ناوچەیەک ، تەنانەت کاتی تەرخانکراو بۆ هەر پارێزگایەکی تایبەت ڕەنگدانەوەیەک لە باوبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەو ناوچانەدا بووە.

سەرەڕای ئەوەی پرسیارناوە بەکارهێنراوەکانی هەر ناوچەیەک، خۆماڵی‌کراوی پرسیارناوەی ئەندازەیی حەشیمەتی و تەندروستی [4] بوو، بەڵام زۆربەی بەشەکانی ئەم پرسیارناوە توێژەرساز بوون.

پارێزگاکان بە گوێرەی شیکاریی داتا حەشیمەتناسییەکانی پەیوەست بە ئامارەکانی هاوسەرگیری لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا دەستنیشان کران. شایەنی ئاماژە پێدانە کە ڕیزبەندیی جێگیربوونی ئەم پارێزگایانە لە لیستی ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەگەڵ ئەو پێڕستانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بڵاو کراوەتەوه، یەکسان نییە چونکە پێڕستی بەکارهێنراو بۆ ئەم توێژینەوە بە هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایانە ئەنجام دراوە کە زیاترین ئاماری منداڵهاوسەرییان لە خۆ گرتبوو و لە درێژەی ئەم دە ساڵەدا پتر لە دیکەی پارێزگاکان دووپات بوونەتەوه. بەم پێیە ئەم حەوت پارێزگایە بریتیین له:

  1. خوراسانی ڕەزەوی
  2. 2. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات
  3. 3. خووزستان
  4. 4. سیستان و بەلووچستان
  5. 5. ئازەربایجانی ڕۆژاوا
  6. 6. هورمزگان
  7. 7. ئیسفەهان

پرسیارە پێکهاتووەکانی پرسیارناوەکان بەم بابەتانەی ژێرەوە هاتوون: پێش‌زەمینەی وڵامدەر، هاوسەرگیری، بڕیارەکانی هاوسەرگیری، زک‌وزای ژنان، بە باوکبوونی پیاوان، ڕوانگەی ڕەگەزێتی، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەیامی ڕێگرانەی هاوسەرگیریی منداڵان، توندوتیژیی سێکسیی ژنان، توندوتیژیی خێزانیی پیاوان.

فوکووسی پرسیارناوە لە سەر ڕێژەی باوبوون و هۆکاری هاوسەرگیریی منداڵان لە ناوچە ڕووماڵکراوەکان بوو. ئەم پرسیارناوه، تەنیا بۆ دواندنی کەسانی خۆجێیی بە کار هێنرا. هەروەها لێکۆڵینەوەکە بریتی بوو لە دواندنی بەرپرسان، کەسایەتییە دەوڵەتی و ئایینی و ڕێبەرە خۆجێییەکان.

پرسیارە داڕێژراوەکان بە پێی ئەوەی کە کەسی دیمانە لەگەڵکراو لە چ بوارێکدا دەستڕۆیشتوو و ئاگادار بووه، لە سەر بواری تایبەت چڕ دەبۆوە و لە سۆنگەی پێکهاتەییەوە ڕەوتی لێدوانەکان جیاواز بوون.

ئەنجام و ڕێکارەکان

هەتا ئێستا ئێران له‌ بەرانبەر ئاسەوارە زانستییه‌کانی هاوسه‌رگیریی منداڵان بێده‌نگ بووه‌. بۆ شیکاریی منداڵ‌هاوسەری لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتیدا پرسیارناوەکان وەک ئامرازی شیکاری بۆ بوارە کۆمەڵایەتییەکانی ژێرەوە بە کار هێنرا: پێش‌زەمینەی تاکایەتی، ڕەهەندی بنەماڵە و بارودۆخیان، باوەڕە ئایینییەکان، ئاستی وابەستەبوون بە هاوسەرگیریی منداڵان، بارودۆخی ئایینیی دایک و باوک، ئاستی خوێندەواری، زانیاریی بەرەوەری و زک‌وزای وڵامدەرە ژن و پیاوەکان، نۆڕمەکانی هاوسەرگیری، تۆمارکردنی هاوسەرگیری، داب‌ونەریتی ژن و مێردێتی، ئاستی کەوتنە بەر پەیامەکانی ڕێگری لە منداڵ‌هاوسەری، ڕوانگەی ڕەگەزێتییانەی بنەماڵە و بڕیارە تاکەکەسییەکان، ئەزموونی توندوتیژیی ژنان و ئەزموونی پیاوان لە توندوتیژیی خێزانی.

لەم ڕوانگەوە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە سەر بارودۆخی کۆمەڵگا بۆتە وێنەیەک کە بوار بۆ چالاکیی چاکسازانە و خستنە ڕووی پێشنیاری یەکدەست دەڕەخسێنێت. هاوسەرگیریی منداڵان تەنها لە داڕشتەی فەرهەنگە تایبەتەکانی خۆیدا بە لۆژیک و عەقڵانییەت دەگات. بە بێ ڕەچاوکردنی هەموو ئەو بوارە کۆمەڵایەتییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەر هەوڵێک لە پێناو باشتربوون و پێشکەوتن، بەفیڕۆدانی سەرچاوە و کات و سەرمایەیە.

پێگەی باڵادەستی هاوسەرگیریی منداڵان هێشتا بە سەر زنجیرەی نایەکسانیی ڕەگەزێتی لە ژێر کاریگەریی هەژاری، چاوەڕوانیی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی کەلتووری و فەرهەنگی و سێکسی، نۆڕمە سێکسییە لاوەکییەکان، کلیشە سێکسییەکان، زەختی کۆمەڵایەتی و گووشارەکانی بنەماڵە بەردەوامە. گۆڕینی ئەم بارودۆخە پێویستی بە سیاسەتدانانی نوێ و دۆزینەوەی ڕێکار و قبووڵ‌کردنی ئەو نۆڕمانەیە وا ڕەنگدانەوەی یەکسانیی ڕەگەزێتین.

هاوسەرگیریی پێشوەختە و وازهێنان لە خوێندن دوو ڕووداوی جووتن کە دەرفەتی پێشکەوتن لە ژیانی کچۆڵەکان زەوت دەکەن. ئەنجامەکانی توێژینەوە لەم بارەوە جێگەی سەرسوڕمانن. لەم بوارەدا هۆکاری فرەچەشنی دیکە بە پێی بارودۆخی هەر پارێزگایەک ئاماژەی پێ کراوه. بۆ وێنە هەژاری و نەتوانین لە پێدانی تێچوو سەرەکیترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای هورمزگان بوو. لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات مەودای دووری نێوان قوتابخانەکان و گوندەکان هۆکاری سەرەکیی وازهێنان لە خوێندن بوو.

هۆکاری بنچینەیی ئەوەی کە بۆچی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە کۆمەڵگای نەریتخوازی ئێران درێژەی جیهانبینیی پیاوسالارانەیه. ئەمە هەر ئەو هۆکارەیە کە منداڵ‌هاوسەری بۆ چەندین نەوەیە لە کەلتوور و فەرهەنگی ئێراندا ماوەتەوە.

بە پێچەوانەی ئەوەی زۆربەی وڵامدەران (48 لە سەد) پێیان وا بوو کە منداڵ‌هاوسەری دەبێ بووەستێنرێ، هێشتاش زۆرێک لە خەڵک پێداگرانە دەیانسەپاند. تەنانەت لە ناو ئەو کەسانەی وا ڕەتیان دەکردەوه. بە ڕای ئەوان دەرکەوتەی زیانبەخشی هاوسەرگیریی منداڵان باجێکی کەمە کە بەرهەمی لاسایی‌کردنەوەی نۆڕمەکانی کۆمەڵگای نەریتخوازە. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە ناو کێشمەکێش و توندوتیژیی کۆمەڵایەتیدایە وەک میکانیزمێکی بەرگری سەیر دەکرێت. کاتێک کە نائارامی یان کارەساتی سروشتی کاریگەری لە سەر وڵاتێک دادەنێ، کچان یەکەمین کەسانێکن کە زەرەرمەند دەبن. دایک و باوکەکان وەک میکانیزمێک بۆ دەست و پەنجە نەرم‌کردن لەگەڵ ئەم نەهامەتییانە پەنا دەبەنە بەر هاوسەرگیریی منداڵان بۆ ئەوەی ڕادەیەک لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ کچەکانیان دەستەبەر بکەن بەتایبەت ئەو کاتەی کە ڕێژەی مەترسیی توندوتیژیی سێکسی بەرز دەبێتەوه.

چینایەتیی کۆمەڵایەتی خۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوسەرگیریی منداڵان. لەو گوندانەی کە دانیشتووانەکەی لە چینی ئابووریی بەرزتردا بوون، ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان تا دەهات زیادی دەکرد. ئەم جیاکارییە ئابوورییەی کە بۆ منداڵهاوسەری هەیە وەک ئامرازێک پەرە بە چینایەتیی کۆمەڵایەتی دەدات. خێزانەکان وایان پێ باشە منداڵەکانیان هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانێکی بکەن کە لە ڕووێ ئابوورییەوە هاوچینی خۆیان بن بۆ ئەوەی زنجیرەی دیسیپلین و دەسەڵات و خۆشگوزەرانی بپارێزن.

 

ڕێکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەختی ڕەش بە جلی سپی

کاتێک لە نێوان نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان و تێگەیشتنە ئایینییەکاندا لێکدژی لە ئارادا بێ، ئەوە دووهەمەکەیە کە خۆی لەگەڵ ئەوەی یەکەم ڕێک دەخات. سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختە، ناوناتۆرەی کۆمەڵایەتی، لەدەستچوونی ئابڕوو لە ناو کۆمەڵگا و ترس لە تاراندن بە هۆی ملکەج‌نەبوون بە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارەکانی باوبوونی منداڵ‌هاوسەرییه.

داب‌ونەریتی نەشیاو و باو، ئەو نۆڕمە جێندەری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمەڵگاکانی ئێراندا هەیە، درێژەپێدەری نەریتی منداڵ‌هاوسەرییە. لە کۆمەڵگایەکی نەریتخواز کە تێیدا لەدەستدانی پەردەی کچێتی هێشتا تابۆیه، ڕێوڕەسم بۆ ڕێگری لە گۆڕینی ئەم تابۆیانە بیچم دەگرێت.

لادان لە نۆرمەکان بابەتێکی دەگمەنە. هەر کە کچێک گەیشتە تەمەنێکی دیاری‌کراو کە سەرەتای هەرزەکارییە وەک هەڕەشەیەک دادەنرێ و پێویستە زوو هاوسەرگیری بکات.

ژنان بە کەم‌خوێندەواری و دەرفەتی کەمی بەشداری‌کردنی کۆمەڵایەتییانەوە، هەمان پێگەی سەرکوتکەرانە بۆ کچەکانیان دەگوازنەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە دەیانتوانی بە شێوەی پەنگراو گۆڕانکاری لە ژیانی کچەکانیاندا بەدی بێنن، قوربانیانی منداڵ‌هاوسەری کە ئێستا پاشماوەکانی ئەون، ڕاست هەمان ئەو ئاستەنگانە هەر بەو شێوەی کە خۆیان بە ئەزموونیان کردووه، بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆیان دووپاتی دەکەنەوه.

ئاڵۆزیی هاوسەرگیریی پێشوەختە منداڵان وای کردووە کە بەرناوە هاواهەنگە سیاسییەکان و یاساییە کاریگەرەکان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا ببێتە بابەتێکی حاشاهەڵنەگر. کۆمەڵێک ئاراستە سەبارەت بە هاوسەرگیری منداڵان بوونی هەیە. هەموو کەسێک بە شێوەی چارەنووس‌ساز ڕۆڵی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بۆ بنبڕکردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە، دەستێوەردانە بەردەوام کە پێکەوە هەماهەنگن و ڕەنگدانەوەی بەهێزکردنی کچانن، و هەروەها چالاکیی خێزانەکان و کۆمەڵگاکان، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و دانانی یاسا و سیاسەتی گونجاون، پێویست و زەروورییە.

سیاسەت‌دانەران و بەرپرسانی حکومەت هەتا ئێستاش ئەم حاڵەتە نائاساییە پشتگوێ دەخەن. وازهێنان لەم نکۆڵیکردنە بەکۆمەڵە و ڕووکردنە ڕاستییە بینراوەییەکان، دەبێتە هۆی بنبڕبوونی هاوسەرگیریی منداڵان.

سەبارەت بە نووسەر

کامیل ئەحمەدی، توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوە و خاوەن بڕواناوەی ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا هه یه و براوەی خەڵاتی «ناوووس» لە زانکۆی یاسای لەندەن لە بنیاتی ماف (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی»ـی بنیاتی جیهانیی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵانه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی لەژێر ئەم ناوانە چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب‌و‌نەریتی مێزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران) کە لە لایەن Uncut Voices Press-Oxford و چاپخانەی شیرازە چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  بڵاو بۆتەوە؛

ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە/ هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران) کە دەقە فارسییەکەی لە لایەن چاپخانەی شیرازە بڵاو بۆتەوە و چاپخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کردووە؛

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران)؛

– توێژینەوەیەکی دیکە بە ناوی تاڵانی منداڵی کە لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان ئەنجام درا کە بابەتی زبڵگەڕیی منداڵانی لە تاران تاوتوێ کردووە و لە ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسیی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران) کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

– توێژینەوەیەکی ناوبراو لەژێر ناوی لە سنوورەوە هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران) کە 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان  که لە لەندەن چاپ کرا.

سەرچاوەکان:

الحکم. حسین و مک لالین، کنث(1395)، ازدواج های قابل بحث: ازدواج و کودک‌همسری در عربستان صعودی، مجله مروری بر خانواده و ازدواج

کامیل ئەحمەدی، زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  و چاپخانەی شیرازە له تاران

دهامی. س و شیخ. الف(1379)، خانواده ی مسلمان: تنگنا و تعهد. مجله ی پزشکی غرب، 173: 352

رشاد. ه، عثمان. م و رودی فهیمی، ف(1384)، ازدواج در جهان عرب. واشنگتن دی سی

گافنی ریس، ار (1390)، قانون بین المللی به عنوان ابزاری جهت مبارزه با ازدواج کودکان. مجله بین المللی  حقوق بشر، 15(3): 359-373.

لویزا، اس و وانگ، اس (1391)، بسیار زود ازدواج کردن، پایان کودک‌همسری.

http://www.unfpa.org/sites/default/files/pub-pdf/MarryingTooYoung.pdf

ویتش، متیو(1384)، سن رضایت: جوانان، میل جنسی و شهروندی. نشر پالگریو مک میلان

هرمنسم. م(1391)، جوانی مسلمان و هویت مذهبی: رویکردهای سنتی و چالش های معاصر. به ویراستاری بانگ. م، کودکان، بزرگسالان و مسدولیت های مشترک: رویکردهای یهودی، مسیحی و مسلمان، انتشارات کمبریج: 119-134.

 

 دابەزاندن PDFی وتار