جیاوازییە جێندەرییەکانی کاری منداڵان

پێداچوونەوەیەکی سیستماتیک بە هۆکار، جۆر، تایبەتمەندی و لێکەوتەکان

کامیل ئەحمەدی

ڕوون‌کردنەوەی بابەت

بابەتی کاری منداڵان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا جێگەی سەرنج بووە؛ بەڵام توێژینەوە و سیاسەت و بەرناوەی پەیوەست بە کاری منداڵان زیاتر سەرنجیان لە سەر کوڕان چڕ کردووەتەوە، بەو گریمانەی کە پێداویستی و خواستی کچان هاوشێوەی پێداویستی و خواستی کوڕانە. لە ئەنجامدا، کچانی منداڵی کار زۆر جار “نابینرێن”، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کچان بەشێکی زۆر گەورەی حەشیمەتی منداڵانی کار پێک دەهێنن. خەمڵاندنێکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەریدەخا کە لە ڕووی ڕێژەی بەشداری‌‌کردن لە چالاکییە ئابوورییەکاندا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان کچان و کوڕاندا ‌بوونی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، کچان و ژنان بە شێوەیەکی جیاواز کە تێکەڵ بە سووکایەتییە سەیر دەکرێن؛ بۆیە پێگەیان لە هاوتا پیاوەکانیان کەمترە. هەم کچ و هەمیش کوڕ لە هەمبەر چەوساندنەوە‌ی کاری منداڵان خەسارهەڵگرن، هەڵبەت بە شێوازی جۆراوجۆر. کچان و کوڕان ستراتیژی ڕووبەڕوو‌‌بوونەوەیان جیاوازە و بە شێوەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کێشە زۆرەکانی کاری منداڵان دەکەن (کولومیتس و موری، 2004).

پێویستە بگوترێ کە ژینگەی پێش لەدایک‌‌بوون و ژینگەی سەرەتای هەڕەتی منداڵی و باری تەندروستیی منداڵان لە سەر گەشەی هزری و سەرکەوتنی قوتابخانە و تەندروستیی داهاتوویان دەورێکی بەهێزی هەیە. کاری منداڵان بە شێوازی جۆراوجۆر تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان و هەروەها پەروەردە و گەشە‌‌کردن و پێشکەوتنیان دەخاتە مەترسییەوە (ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، ٢٠٠۴). ئەم حاڵەتانەی کاری منداڵان بەش بە حاڵی خۆیان لە داهاتوودا کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سەر تەندروستی و سەرکەوتنی باوکان و بەتایبەتی دایکان هەیە و هەروەها هەڕەشە لەو دەفرایەتییانە دەکا کە هی نەوەکانی داهاتوون.

هەر چەندە کچان لە بەر دەم زۆرێک لە جۆرەکانی کار، هاوشێوەی کوڕانن، بەڵام بە هۆی ڕوانگەکانی کۆمەڵگا لە سەر ئەو ئەرک و ڕۆڵانەی کە دەبێ کوڕان و کچان بیگێڕن، زۆر جار کچان بەرگەی سەختیی زیاتر دەگرن و زیاتر دەچەوسێنەوە. ‌‌بوونی کچانە وای کردووە کە دەبێ ئاوڕ لە جیاوازیی جێندەری (ڕەگەزێتی) لە کاری منداڵاندا بدرێتەوە. کۆمەڵگا سەپێنەری ئەو ئەرکانەیە کە کچان و کوڕان دەتوانن ئەنجامی بدەن و ڕەگەزێتی هۆکاری سەرەکیی ڕێکخستنی کارە. دەور و ڕۆڵە ڕەگەزێتییەکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی دیاریکەرەوەی کەلتووری، و هەروەها بارودۆخی خێزانی و نەریتەکان، ڕۆڵێکی گرینگیان لە جۆری ئەو چالاکییەی کە کوڕان و کچان دەیکەن، هەیە.

لێکدانەوەی پرسی کاری منداڵان بە جەخت‌‌کردنە سەر جێندەر گرینگە چونکە لەوانەیە ئەو هۆکار و فاکتەرانەی کە دەبنە هۆی کاری منداڵان لە نێوان کچان و کوڕاندا جیاواز بن، ئەوان ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز کار‌‌کردن بەئەزموون بکەن و لێکەوتەکانی کار‌‌کردن بۆیان جیاواز بێت. بۆیە ڕەچاو‌کردنی پرسی جێندەر وەک یەکێک لە بژێرە گرینگەکانی لێکدانەوەی کاری منداڵان، گرینگە. ئەگەر دەربارەی ئەو منداڵانەی کە لە چالاکییەکی تایبەتی کاری منداڵاندا ئیش دەکەن، زانیاریی زێدەتر وەدەست بێنین، بۆ زاڵ‌‌بوون بە سەر کێشەی کاری منداڵاندا دەتوانین باشتر پلان دابنێین. هەروەها دەتوانین هەوڵ بدەین لە هۆکارەکانی پەیوەست بە جێندەری (ڕەگەزێتی) لەو دیو ئیش‌‌کردنی منداڵان تێبگەین و بۆ ڕێگری‌‌کردن لە کاری منداڵان و هەروەها چۆنیەتیی ناردنەوەی منداڵان بۆ هۆڵەکانی قوتابخانە پلانڕێژی بکەین. بۆ وێنە، ڕەنگە پێداویستییەکانی بەتوانا‌کردنی منداڵانی سەر شەقامەکان بۆ گروپە ڕەگەزییە تێکەڵاوەکان گونجاو نەبێ؛

بۆیە “ئاراستەی جێندەری” بۆ ناسین و لە ئەنجامدا بۆ ڕێگری‌‌کردن و چارەسەر‌‌کردنی کێشەکانی کاری منداڵان بەسوودە. سوودی هە‌‌بوونی ئاراستەی جێندەری بۆ کاری منداڵان ئەو کاتە گرینگترە کە پێناسە ستانداردەکانی کاری منداڵان بە لای بە کەم سەیر‌کردنی کاری کچاندا دەشکێتەوە، چالاکییە ئابوورییەکانی کچان و کوڕان و لێکەوتەکانی بە پێی کار دەتوانێ جیاواز بێت. بۆیە ئامانجی ئەم توێژینەوە زەق‌‌کردنەوەی لایەنی جێندەریی کاری منداڵان لە ڕێگەی پێداچوونەوەی سیستەماتیکانەی لێکۆڵینەوەی بواری کاری منداڵان و وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە: جیاوازیی جێندەری لە کاری منداڵاندا لە ڕووی ڕادە، هۆکار، جۆر و سروشت و جێبەجێ‌‌کردنی کار چییە؟

پێداچوونەوەیەکی تیۆرییانە

لەم بەشەدا بە جەخت‌‌کردنە سەر دوو چەمکی کاری منداڵان و جێندەری پێداچوونەوە بە وێژەی تیۆری دەکرێت. کار‌‌کردن هەمیشە بۆ منداڵان خراپ نییە و دەتوانێ باش بێ، بەڵام هەندێک کار کە بە “کاری منداڵان” ناو دەبرێن، دەتوانن بە شێوەیەکی جیدی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتی‌‌بوونی کاریگەرانەی منداڵان تێک بدات. بە مەبەستی بڕیاردان لە سەر بەسوود‌بوون یان زیانبەخش‌‌بوونی چالاکییە ئابوورییەکانی منداڵان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم پێوەرانەی دیاری کردووە: “چالاکیی منداڵ” بە تایبەتمەندیگەلێکی وەکوو

١) کاری سووک (کەمتر لە ١۴ کاتژمێر لە حەفتەیەکدا) بۆ منداڵانی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ،

2) بۆ تەندروستی و گەشەی منداڵ زیانبەخش نەبێ،

3) ڕێگری لە پەروەردە یان ڕاهێنانی پیشەیی منداڵان نەکا،

و 4) نابێ سروشتێکی مەترسیداری هەبێت.

“کاری منداڵ” بە تایبەتمەندیگەلێکی وەکوو 1) کار‌‌کردنی بەردەوام و تەکووز (14 بۆ 43 کاتژمێر لە حەفتەیەکدا)،

2) زیان بە جەستە یان دەروونی منداڵ بگەیێنێ،

3) ڕێگری‌ لە پەروەردە یان گەشە‌‌کردنی دەروونی یان جەستەیی منداڵ بکا،

4) منداڵ لە خوار لانیکەمی تەمەنی دیاری‌کراوی ڕێککەوتنناوەی ژمارە 138ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بێ،

و 5) کاری مەترسیدار بە پێی بڕگەکانی ڕێککەوتنناوەی ژمارە 182ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (هاسپلز و سوریاسرن، 2003).

بە بڕوای هۆمەر فۆلک، سەرۆکی لێژنەی نیشتمانیی کاری منداڵان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، زاراوەی “کاری منداڵ” بۆ ئاماژە‌‌کردن بەو کارانە بە کار دەبرێ کە گەشەی تەواوی جەستەیی و دەروونی، دەرفەتی لانیکەمی خوێندنی باش و کات بەسەربردنی پێویستی منداڵ تێک دەدات (بات، 2010). بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، کاری منداڵان “زۆر جار بەو کارانە دەوترێ کە منداڵان لە هەڕەتی منداڵی و توانا و شان و شکۆیان بێبەش دەکا و زیان بە گەشەی جەستەیی و دەروونییان دەگەیەنێت” و ئاماژە بەو کارانە دەکا کە ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیه: لە ڕووی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە مەترسیدارن و زیانیان بۆ منداڵان هەیه. لە حاڵەتەکانی ژێرەوەدا ڕێگری لە خوێندنی منداڵان دەکەن: ئ) لە هەلی چوونە قوتابخانە بێبەشیان دەکات. بەر لە کۆتاییهاتنی خوێندن ناچار بە وازهێنان لە خوێندنیان دەکات. یان ناچاریان دەکا وێڕای چوونە قوتابخانه، کاری درێژخایەن و قورس ئەنجام بدەن. (وامقی و یەزدانی، 1398 هەتاوی: 97).

تا دێ لایەنی جێندەریی کاری منداڵان لە کۆ‌‌بوونەوە جۆراوجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا زیاتر سەرنجی پێ دەدرێت. دوای چوارەمین لوتکەی جیهانیی ژنان لە پەکین لە ساڵی ١٩٩۵، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆی دەرکەوت کە وەک پێویست ئاوڕێکی ئەوتۆ لە مافی منداڵانی کچ نادرێتەوە. چەندین بڕیارناوە لە چوارچێوەی گروپی مافەکانی مرۆڤ، لێژنەی سێیەمی نەتەوە یەکگرتووەکان، گروپی دۆخی ژنان پەسەند کراون کە داوای گرینگیی زیاتر بە مافەکانی کچان دەکات. لەم دواییانەدا پەسەند‌‌کردنی ڕێککەوتنناوەی ژمارە ١٨٢ سەبارەت بە نەهێشتنی خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵان و پێشنیارناوەی ژمارە ١٩٠ لە ڕووی پشتگوێخستن و کەڵکاوەژۆیی لە مافەکانی کچان و چەوساندنەوەیان لە شوێنی کاردا سەرنجی زیاتری پرژاندۆتە سەر کچۆڵەکان.

تەنانەت لە کاری منداڵانیشدا جیاوازیی جێندری زۆرە بە جۆرێک کە کچان و کوڕان بە پێی ئەرکەکان ڕووبەڕووی دەرفەت و ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە. لە کاتی ئاوڕدانەوە لە پرسی جێندەریدا دەبێ “ڕەگەز” و”ڕەگەزێتی” تێکەڵ نەکرێت. ڕەگەز ئاماژە بە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ژن و پیاو دەکا کە شیاوی گۆڕین نین. ڕەگەزی منداڵان کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ژیانیان هەیە. کاتێک منداڵان دەگەنە تەمەنی باڵق‌‌بوون، هۆکارە بایۆلۆژییەکان زۆر گرینگ دەبن، لە یەکەم ساتەوەختی لەدایک‌‌بوونەوە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ کچان و کوڕاندا دەکرێت.

شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان و کچان و ئەوەی لێیان چاوەڕوان دەکرێ کە ئەوان ڕەفتار بکەن، بە گوێرەی جیاوازییە جێندەرییەکانە. ئەو چالاکییانەی کە چاوەڕوان دەکرێ کچان و کوڕان ئەنجامی بدەن پێیان دەوترێ ڕۆڵە جێندەرییەکان (هاسپلز و سوریاسرن، 2001، جەخت‌‌کردن زیاد کراوە). کەواتە دەتوانین بڵێین ڕەگەزێتی (جێندەری) ئاماژە بە جیاوازییە فێربووەکان، جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و جیاوازیی پەیوەندییەکانی نێوان کچان و کوڕان دەکات. پرۆسەی بەکۆمەڵایەتی‌‌بوون – کە منداڵان لە ڕێگەی ئەوەوە فێر دەبن چۆن ڕەفتار و هەڵسوکەوت بکەن – لە ڕووی جێندەرییەوە بێ‌کاریگەر نییە، بەڵکوو ئەو ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییە جیاوازانەی کە بە پێی ڕەگەزیان بە کوڕان و کچان دەسپێردرێ، بیچم بە ڕەفتاریان دەدات. منداڵان کە گەورە دەبن لاسایی ڕەفتاری کەسانی دەوروبەریان دەکەنەوە و جیاوازی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ژن و پیاو بەرهەم دەهێننەوە. بۆ وێنە زۆر جار کچ بە شێوەیەک ڕەفتار دەکا کە لەگەڵ ئەو ڕەفتارەی کە لە کچان و ژنانی دیکەی دەوروبەری بینیویەتی، یەکسانە.

بە هەمان شێوە ڕەنگە کوڕێک سەرچەشن‌گری لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی باوکی، خزمە پیاوەکانی یان دیکەی سەرچەشنە پیاوانەکانی دیکە بکات. ئەم ڕۆڵە جێندەرییانە بە هۆی ئەو بەها و نۆرم و کلیشە جێندەرییانەی کە لە هەر کۆمەڵگایەکدا باون، بەهێزتر دەبن (ئاموریم و هاوکاران، 2004).

تاقمێک لە توێژینەوەکان، بە بێ گوێدانە ڕەگەزێتی (جێندەر)، بۆیان دەرکەوتووە کە گرینگترین هۆکارەکانی کاری منداڵان بریتییە لە: هەژاری و کەمیی داهاتی خێزان، کار‌‌کردن لەو پیشانەی کە داهاتیان کەمە، کەم‌خوێندەواری یان نەخوێندەواریی دایک و باوک، نەخۆشی، لاکەوتەیی، بەند‌کرانی سەرپەرشتی بنەماڵە، ئالوودە‌‌بوون بە مادەی هۆشبەر، مردنی سەرپەرشتی بنەماڵە، وازهێنان لە خێزان لە لایەن سەرپەرشتی بنەماڵە یان باوکی خێزان، وەرزانە‌بوونی کاری سەرپەرشتی بنەماڵە، زەختی خێزان، هاوکاری‌‌کردنی بژێویی خێزان، بەدسەرپەرشتی، بارودۆخی نالەباری خێزانی وەکوو تەڵاق و دابڕان، توندوتیژی، قەدەغە‌‌کردنی یاسایی خوێندن، فشارە ئابوورییەکانی ئەم دواییە بە هۆی توندتر‌بوونی سزا ئابوورییەکانی دژ بە ئێران، بڵاو‌‌بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەرزدار‌‌بوونی بنەماڵە، ڕا‌‌کردن لە ژینگەی ناتەندروستی خێزان، ژمارەی زۆری ئەندامانی خێزان، زیاد‌‌بوونی تێچووی پەروەردە، فەرهەنگ و کەلتووری هەندێک لە کۆمەڵگاکان و بیروباوەڕەکانیان سەبارەت بە منداڵان، کۆچ‌‌کردن و دابین‌‌کردنی تێچووی کۆچ. ڕەنگە هەندێک جار منداڵەکە خۆی بە هۆکاری وەکوو کۆچ‌‌کردن، شوناس‌دۆزی، ئەو سەرچەشنە ڕۆڵییانەی کە خەونی پێوە دەبینێ، فێر‌‌بوونی کارامەیی و پێشکەوتن لە ژیان، کڕینی هەندێک پێداویستی وەکوو جلوبەرگ، موبایل، یان سەلماندنی پێگەی خۆی لە ناو بنەماڵە و پیشاندانی دەسەڵاتی خۆی، بچێتە ناو سووڕی کارەوە.

(خان و هسکت، 2010؛ سالمون، 2005؛ سنسوی بهار، 2014 و 2016؛ کاظیم، 2012؛ ئەحمەدی، 1400؛ زارع شاه‌‌آبادی و هاوکاران، 1388 هەتاوی؛ وامقی و هاوکاران، 1394 هەتاوی الف و ب و هتد).

لە ڕوانگەی داخوازییەوە، خێزانەکان یەکێک لە مشتەرییە سەرەکییەکانی کاری منداڵانن. ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان، کرێکاری بێ‌حەقدەستی بنەماڵەکانن. هەروەها زۆرێک لە خاوەنکارەکان بۆ هەندێک کار منداڵان بە نرخی هەرزان دادەمەزرێن؛ بەڵام وا دیارە زیاتر لە سوودی ئابووری، ئەوە کۆنترۆڵ‌‌کردنی ئاسانتر و نە‌‌بوونی وشیاریی منداڵان سەبارەت بە مافەکانی خۆیانە کە وا دەکا خاوەنکارەکان زیاتر هۆگری دامەزراندنی منداڵان بن تا گەورەساڵان (وامقی و هاوکاران، 1394ب).

بەشێک لە منداڵەکان لەگەڵ تۆڕی خێزانەکانیان دەچنە ناو سووڕی کارەوە؛ کە ئەمە گرینگیی بنەماڵە بۆ چوونی منداڵان بۆ ناو ڕەوتی کار نیشان دەدات. تاقمێکی زۆری منداڵان بۆ یەکەم جار لە لایەن ئەندامێکی خێزان یان هاوڕێیەکانەوە دەچنە ناو سووڕی کارەوە. لە هەندێک کاردا، وەکوو کاری سەر شەقامەکان، منداڵان باشتر توانای ئەوەیان هەیە کە هەستی بەزەیی دیتران ببزوێنن و پارەی زیاتر بە دەست بهێنن؛ ئەمەش دەبێتە ئەنگێزە و هاندەرێک بۆ دایک و باوک کە زیاتر کەڵک لە منداڵەکانیان وەربگرن. لە لایەکی دیکەوە، دەتوانین بڵێین لە هەموو توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی چوونی منداڵانی کار بۆ ناو سووڕی کار، هاوکاریی دابین‌‌کردنی تێچووەکانی ژیانی خێزانەکەیانە، بۆ وێنە، لە ئێران منداڵانی ئەڤغانی هەمیشە بەشێکی زۆری داهاتەکەیان دەنێرن بۆ خێزانەکانیان لە وڵاتی ئەڤغانستان (ئەحمەدی، 1400؛ ایمانی و نرسیسیانس، 1390 هەتاوی؛ انجمن حمایت از حقوق کودکان، 1398 هەتاوی).

لە توێژینەوەیەکدا کە پرسی کاری کچانی تاوتوێ کردبوو، گرینگترین هۆکارەکانی کار‌‌کردنی کچانی دەستنیشان کردبوو کە بریتی بوو لە: ژیان لە ناو خێزانە لێک‌هەڵوەشاوەکان، پاڵپشتی لە خێزان، بندەستی و داماوی وەکوو هەژاری و کۆنتڕۆڵی لە ڕادەبەدەری کچان و چەوساندنەوەی دووقاتی کچەکان (‌میرحسینی و قربانی، 1398 هەتاوی).

سەبارەت بە ڕەگەزێتی و هۆکارەکانی کاری منداڵان، ئەدەبیاتی ئەم بوارە جەخت لە سەر جیاکاریی جێندەری (ڕەگەزێتی)، پێ‌باشییەکانی دایک و باوک و چاوەڕوانییە جێندەرییەکان دەکاتەوە. لە ڕووی خۆشگوزەرانییەوە لە سەر ئاستی خانەوادە، بەڵگەکان پیشان دەدەن کە زیاد‌‌کردنی ئاستی خۆشگوزەرانیی خانەوادە ڕەنگە بۆ کەم‌‌کردنەوەی ڕێژەی کاری منداڵان بەس نەبێ و سەرمایەدانان لە ژێرخانەکانی وەکوو ئاوی خواردنەوە و تەندروستی و چاودێریی منداڵان پێویستە (بانکی جیهانی، ٢٠٠۵). بەڵگە توێژینەوەییەکان دەریدەخەن کە لە ناوچە شارییەکانی یەمەن، دابین‌‌کردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە ئەگەری بەشداری‌‌کردنی کچان بە ڕێژەی 2 لە سەد لە کار‌کردندا کەم دەکاتەوە و ئەگەری ئامادە‌‌بوونیان لە قوتابخانە بە ڕێژەی 16 لە سەد زیاد دەکات.

ئەم کاریگەرییانە بۆ کوڕان کەمتر ‌بوو کە ئەمەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە کچان ڕۆڵێکی گرینگیان لە کۆ‌‌کردنەوەی ئاودا هەبووە (گوارچلولیون، 2003) .هەروەها، ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە کەم‌‌کردنەوەی تێچووی چاودێری‌‌کردنی منداڵان بۆ بنەماڵەکان، ڕێژەی ئامادە‌‌بوونی کچان لە قوتابخانە زیاد دەکات. بۆ وێنە، گلینسکایا و هاوکارانی (2000) بۆیان دەرکەوت کە لە وڵاتی کینیا، هەڵکشانی 10 لە سەدیی تێچووی حکومەت بۆ چاودێری منداڵان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی ناونووسینی کچانی بەتەمەن‌تر لە قوتابخانەکان بە ڕێژەی 3 لە سەد زیاد بکا، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر کوڕان نەبووە. ئەم بەڵگانە پیشان دەدەن کە توانای چاودێری‌‌کردنی منداڵان بە تێچووی کەم دەتوانێ کاری ماڵەوەی کچان کەم بکاتەوە و کاریگەریی ئەرێنی لە سەر پەروەردەیان دابنێت.

هەروەها تووشی شۆک‌‌بوونی خێزان کاریگەری لە سەر کاری منداڵان دادەنێت. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە تەرخان‌‌کردنی کات بۆ نەخۆشەکان لە نێوان کچان و کوڕاندا جیاوازە. ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک لە وڵاتی پیرۆ پیشان دەدا کە نەخۆشی لە ناو منداڵانی بچووکدا، ڕێژەی کاری ماڵی کچانی گەورەساڵ‌تر زیاد دەکات (الهی، 2001). بە بەکارهێنانی داتاکانی وڵاتی ئەندەنۆسیا، پیت و ڕۆزنزڤایگ (1990) بۆیان دەرکەوت کە زیاد‌‌بوونی 29 لە سەدیی ڕوودانی نەخۆشیی منداڵان، بەشداریی ئابووریی خوشکە گەورەساڵەکان لە بازاڕی کاردا بۆ ڕێژەی 25 لە سەد کەم دەکاتەوە و ئەگەری چوونیان بۆ قوتابخانە بە ڕێژەی 15 لە سەد و ئەگەری بەشداری‌‌کردنیان لە چاودێریی ناو ماڵ بە ڕێژەی 53 لە سەد زیاد دەکات. پرسەکەی دیکە بابەتی ئیش‌‌کردنی گەورەساڵەکانە.

کاتێک دایک و باوک هەر دوو لە دەرەوەی ماڵەوە بەشداری لە چالاکییە ئابوورییەکاندا دەکەن، زۆر جار کاری منداڵان، بە تایبەت سەرقاڵ‌بوونی کچان بە کاری کابانێتیی بێ‌حەقدەست جێگەی کاری ئەوان دەگرێتەوە. ئیلاهی (2001) لە کۆمەڵگە شارییەکانی پیرۆدا بەو ئەنجامە گەیشت کە کاتێک ڕێژەی ئیش‌‌کردنی دایکان لە دەرەوەی ماڵەوە هەڵدەکشێ، هەم کچان و هەمیش کوڕان زیاتر سەرقاڵی کارەکانی ماڵەوە دەبن، بەڵام ئەم ڕێژە بۆ کچان زیاتر لە کوڕانە. هەروەها هۆکاری دیکەی وەکوو شەڕی خێزانی، ڕووخانی خانوو، ئازاردانی جەستەیی یان سۆزداری، بارودۆخی سیاسی و کارەساتی سروشتیش منداڵان بۆ کار‌‌کردن دنە دەدا. هەروەها ئەنجامی توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کوڕان زیاتر لە لایەن هاوتەمەنەکانیانەوە بۆ کار‌‌کردن زەختیان لە سەرە، لە کاتێکدا کچان لە ژێر کاریگەریی فشاری خێزان و هاوڕێیانیاندان (ویل، 2002). لە ڕووی داخوازییەوە ژنان و کچان زیاتر لە پیاوان و کوڕان دڵخوازترن، چونکە زۆر جار ئامادەن لە بارودۆخێکی خراپدا بە خەستی کار بکەن. ئەوان بەکۆمەڵایەتی کراون بۆ ئەوەی کرێکارانێکی گوێڕایەڵ بن و بە خەستی کار بکەن، ناڕەزایەتی دەرنەبڕن و داوای هیچ نەکەن (هاسپلز و سوریاسرن، 2003).

لە کۆتاییدا، کاری منداڵان بە زیانگەیاندن بە ئیشی ژنان، کەلێنی جێندەری تۆخ‌تر دەکات. لەوانەیە چەند میکانیزمێک لە پشت ئەم نایەکسانییە جێندەرییەوە هەبن. یەکێک لە میکانیزمەکان لە ڕێگەی پێباشییەکانی دایک و باوکەوە کە لە سەر بنەمای ڕەگەزێتییە (جێندەری) بە هۆی نۆرم و ئایین و نەریتە فەرهەنگییەکانەوە کاریگەری دادەنێت. پێباشیی لاگیرانە دەتوانێ کاریگەری لە سەر تەرخان‌‌کردنی کات لە ناو خێزان و کەڵەکە‌‌بوونی سەرمایەی مرۆیی کچان دابنێ، بە شێوەیەک کە دەرفەتەکانی کچان لە بازاڕی کاردا بخاتە مەترسییەوە. ڕەنگە میکانیزمێکی دیکە لە ڕێگەی پەروەردەوە کاریگەری دابنێت. تەنانەت ئەگەر پێباشییەکان لە ڕووی ڕەگەزێتییەوە بێ‌کاریگەر بن، بارودۆخی نالەباری بازاڕی کار بۆ کچان لە ڕووی دەستڕاگەیشتن بە کاری حەقدەستدارانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەرمایەی کەم تەرخانی پەروەدەی کچان بکرێ و ئەمەش لێکەوتەی نەرێنیی هاوشێوەی لێ دەکەوێتەوە. ڕەنگە دوا میکانیزم لە ڕێگەی بەشداری‌‌کردنی بەرفراوان لە مەزرا و کێڵگە خێزانییەکان و لە کاری ماڵەوەدا کاریگەر بێ، کە بە ئەگەری زۆر زانستێکی تایبەت دروست دەکا کە گواستنەوەی بۆ چالاکییەکانی تر ئەستەمە. بە شێوەی تایبەت کاری منداڵان دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان بچنە ناو پرۆسەیەک کە ئاستی لێهاتوویی ژنان کەم دەکاتەوە و بە بەراورد لەگەڵ پیاوان لە بازاڕی کاردا داهاتێکی کەمتر وەدەست بێنن (هاسپلز و سوریاسرن، 2003).

 

شێواز

شێوازی توێژینەوە لەم لێکۆڵینەوەدا لە جۆری پێداچوونەوەیە. ئەم جۆرە توێژینەوانە هەڵوەدای گەڕانێکی سیستەماتیکانە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی توێژینەوەکانی پەیوەست بە پرس یان بابەتێکی تایبەتن یان ئەم جۆرە پێداچوونەوە هەوڵ دەدا ئەو دەرەنجام و بەڵگانە تێکەڵ بکا کە لە سەر پرسیارە تایبەتەکان چڕ ‌بوونەتەوە. ئەم کارە بە پەنابردن بۆ ڕێکار و پرۆسە ڕێک‌و‌پێک و تەکووزەکان ئەنجام دەدرێت. لەم جۆرە توێژینەوەدا، بۆ دەستنیشان‌‌کردن و هەڵبژاردن و لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەی توێژینەوە سەرەتاییەکان سەبارەت بە بابەتەکە شێوازی ڕێک‌وپێک و دیاریکراو بەکار دەهێنرێ و داتاکانی ئەم توێژینەوانە دەردەکێشرێن و شیکارییان بۆ دەکرێت (قاضی طباطبائی و ودادهیر، 1389 هەتاوی: 63). بەم پێیە، ئەم توێژینەوە بە ئامانجی لێکدانەوەی ئەو توێژینەوانەی کە لە مەڕ کاری منداڵان بە جەخت‌‌کردنە سەر پرسی ڕەگەزێتی و پەیوەندیی نێوان ئەم توێژینەوانە بە بەکارهێنانی پێویستییەکانی شێوازی پێداچوونەوەی سیستەماتیک (گەڕانی ئامانجدار، هەڵبژاردنی توێژینەوەی گونجاو بە جەخت‌‌کردنە سەر بابەتی توێژینەوە، ئاماری دەرەنجامەکانیان و بەکارهێنانیان لە پێناو وەڵامی پرسیارەکانی توێژینەو) تەواو بووە. لەم لێکۆڵینەوەدا، کەڵکمان لە پرۆسەیەکی حەوت قۆناغی وەرگرت کە لە توێژینەوەکانی پێداچوونەوەی سیستەماتیکدا بە کار هاتوون. قۆناغەکانی ئەم پرۆسە بریتین لە:

١) داڕشتنی پرسیار

٢) گەڕان لە بنکەی داتا زانستییەکان

٣) هەڵبژاردنی توێژینەوە گونجاوەکان لە پێناو بابەت و ئامانجەکانی توێژینەوە

۴) هەڵسەنگاندنی کوالێتی و چۆنایەتیی ئەم توێژینەوانە

۵) ئاماری زانیارییەکانیان

۶) خستنە ڕووی ئەنجامەکان و

7) باس و ئەنجام‌گرتن سەبارەت بە دەرەنجامەکان. کۆمەڵگەی ئاماریی ئەم توێژینەوە هەموو ئەو لێکۆڵینەوانە دەگرێتەوە کە سەبارەت بە کاری منداڵانن کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێران ئەنجام دراون و چاپ کراون. دوای هەژماردنی ئەم توێژینەوانە و هەڵسەنگاندنی ئاستی کوالێتییان، ٣٧ توێژینەوە (٢۶ توێژینەوەی بیانی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٢٠ و ١١ توێژینەوەی ناوخۆیی لە نێوان ساڵانی ١٣٨٨ بۆ ١۴٠٠ هەتاوی) هەڵبژێردران.

پێداچوونەوەیەک بە ئامارەکان

خەمڵاندنە جیهانییەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١۶٠ ملیۆن منداڵ – ۶٣ ملیۆن کچ و ٩٧ ملیۆن کوڕ – لە سەرانسەری جیهاندا سەرقاڵی کاری منداڵان ‌‌بوون، کە دەتوانین بڵێین لە کۆی هەر ١٠ منداڵ یەکێکیان منداڵی کارە. حەفتا و نۆ ملیۆن منداڵ – دەتوانین بڵێین نیوەی منداڵانی کار – لە کارێکی مەترسیداردا ‌‌بوون کە ڕاستەوخۆ تەندروستی و پارێزراوی و گەشە‌‌کردنی ئەخلاقییان دەخاتە مەترسییەوە. ڕێژەی بەشداریی کوڕان لە کاری منداڵان لە هەموو تەمەنەکاندا لە کچان زیاترە. ڕێژەی کار‌‌کردنی کوڕان 11.2 لە سەد و ڕێژەی کار‌‌کردنی کچان 7.8 لە سەدە. کاتێک پێناسەی کاری منداڵان بەرفراوانتر دەبێ و کاری ماڵ بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر یان زیاتر لە حەفتەیەکدا لە خۆ بگرێ، کەلێنی ڕەگەزێتی لە نێوان کچان و کوڕانی تەمەن ۵ بۆ ١۴ ساڵ بۆ نیوە دادەبەزێت.

ڕێژەی کاری منداڵان لە گوندەکان زیاترە. ڕێژەی 122.7 ملیۆن منداڵی گوندنشین لە بەرانبەر ڕێژەی 37.3 ملیۆن منداڵی شاری ‌بوونیان هەیە. برەوی کاری منداڵان لە لادێکان (13.9 لە سەد) نزیکەی سێ هێندە زیاتر لە ناوچە شارییەکانە (4.7 لە سەد). زۆربەی کاری منداڵان (لە سەدا ٧٠ واتە ١١٢ ملیۆن کەس) – بۆ کوڕان و کچان بە شێوەی یەکسانە – هێشتا لە کشتوکاڵدا ڕوو دەدات. زۆربەیان منداڵی بچووکن. ئاماری ناوچەیی کاری منداڵان بەم شێوەیە: باشووری بیاوانی ئەفریقا 23.9 لە سەد (86.6 ملیۆن کەس)، ئاسیای ناوەندی و باشووری 5،5 لە سەد (26.3 ملیۆن کەس)، ئاسیای ڕۆژهەڵاتی و باشووری ڕۆژهەڵاتی 6.2 لە سەد (23.4 ملیۆن کەس)، باکوری ئەفریقا و ڕۆژاوای ئاسیا 7.8 لە سەد (10.1 ملیۆن کەس)، ئەمریکای لاتین و دەریای کاراییب 6 لە سەد (8.2 ملیۆن کەس) و ئەورووپا و ئەمریکای باکووری 2.3 لە سەد (3.8 ملیۆن کەس). ڕێژەی منداڵانی کار بە پێی تەمەن و جێندەری بەم شێوەیە: لە کۆی ڕێژەی منداڵان 10.9 لە سەد کوڕان و 8.4 لە سەد کچان لە تەمەنی 5 بۆ 11 ساڵان، 11 لە سەد کوڕان و 7.5 لە سەد کچان لە تەمەنی 12 بۆ 14 ساڵ، 12،2 لە سەد کوڕان و 6،6 لە سەد کچان لە تەمەنی 15 بۆ 17 ساڵان خەریکی کار‌کردنن. (ڕێکخراوی جیهانیی کار و سندووقی منداڵانی کاری ڕێکخراوی نەتەوەکان، 2020).

لە ئێراندا ئامارێکی وردمان سەبارەت بە ڕێژەی کاری منداڵان نییە. وامقی و یەزدانی (1398 هەتاوی) بە بەکارهێنانی داتای سەرژمێری لە چەند قۆناغێکدا (سێ قۆناغ لە سەرژمێریی ساڵانی 1375 و 1385 و 1390 هەتاوی) نیشان دەدەن کە کاری منداڵان بەو مانا کردەییەی کە پرۆسەی “بەتوانا‌کردن و کۆمەڵگاگری”ی منداڵان تێک بدا، لانیکەم 7.5 لە سەد و بە منداڵانی کابانیشەوە 15 لە سەدی منداڵانی تەمەن 10 بۆ 18 ساڵ لە وڵاتی ئێراندا هەن، دەرەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی 1390 هەتاوی دەریدەخەن کە ژمارەی منداڵانی کار، واتە منداڵانی چالاک (٧٩٢ هەزار و ٨٣٣ کەس) جگە لە منداڵانی کابانی ماڵ، گەیشتووەتە ١.۶٢ ملیۆن کەس. بە گشتی، دەرەنجامی توێژینەوەکەیان دەریدەخا کە ڕێژەی کاری منداڵان لە گوندەکان زیاتر لە ڕێژەی کاری منداڵانی شارە؛ لەگەڵ زیاد‌‌بوونی تەمەن، ئەگەری کار‌‌کردنی منداڵان بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەم ئەگەرە بۆ کوڕان زیاتر لە هی کچانە. هەروەها دەرەنجامی توێژینەوەکانی دیکەش دەریدەخەن کە کوڕان زیاتر لە کچان کار دەکەن. ڕێژەی کچانی کار لە نێوان ٨ لە سەد بۆ ۵۴ لە سەد لە توێژینەوە جیاوازەکاندا ئاماژەی پێ کراوە (وامقی و یزدانی، 1398 هەتاوی؛

وامقی و هاوکاران، 1394 هەتاوی). لە توێژینەوەیەکدا لە سەر زیاتر لە ٢٧ هەزار منداڵی کار لە شار و گوندەکانی ئێران لە ساڵی 1387 هەتاویدا، ٨٠ لە سەدی منداڵانی کار کوڕ ‌‌بوون (کشاورز حداد و هاوکاران، 1393). لە هەموو توێژینەوەکانی منداڵانی کاری شار و لادێکاندا دەبینرێ کە کوڕان زیاتر لە کچان ئیش دەکەن، بەڵام پێدەچێ کەلێنی نێوان ڕێژەی دامەزراندنی کچان و کوڕان لە گوندەکان کەمتر بێ، بە جۆرێک کە لە توێژینەوەکانی کەشاوەرز حەداد و ئەوانی دیکەدا (1393 هەتاوی) ڕێژەی کاری کچان لە چاو ڕێژەی کاری کوڕان لە شاردا 8 لە سەد لە بەرانبەر 92 لە سەد و لە گوندەکان 23 لە سەد لە بەرانبەر 77 لە سەد بوو و لە کۆی نموونەکەدا 20 لە سەدی منداڵانی کار کچ ‌‌بوون. هەروەها توێژینەوەکە لە سەر ئەو منداڵانەی کە لە گوندەکانی کاشان و جەهرۆم کار دەکەن ڕێژەی کار‌‌کردنی کچان زیاتر نیشان دەدات (وامقی و یزدانی، 1398 هەتاوی).

ئاماری کاری منداڵان بە باشی ڕاستیەکانی کاری پشتبستوو بە جێندەری پیشان نادا و لەم چوارچێوەدا پێویستە گرینگی بە چەند پرسێک بدرێت. بەشداریی کچان لە کار بە بەراورد لەگەڵ کوڕانی گەورەساڵ کەم دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ کەم‌‌بوونەوەی بەشداری‌‌کردنیان لە چالاکییە ئابوورییەکاندا، بەشداری‌‌کردنیان لە خزمەتگوزاریی کاری ناوماڵی بێ‌حەقدەست بەرز دەبێتەوە. کاری کچان بە هۆکاری وەکوو هەژمارنە‌‌کردنیان لە چالاکیگەلی وەکوو کارگەی خێزانی و ئیشی ماڵ بە کار نازانرێت. کاری ناوماڵ بە شێوەیەکی نەریتی وەک کارێکی ئاسان و پارێزراو بۆ منداڵان، بە تایبەت کچان سەیر دەکرێت. بەڵام دەرکەوتووە کە کاری ناوماڵ دەتوانێ بۆ منداڵان زۆر مەترسیدار بێ و وەک یەکێک لە خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵان ناسراوە (آموریم و دیگران، 2004).

هەروەها زۆر کەس لە برەوی کاری منداڵان بە هۆی سروشتە نەبینراوەکەی ‌ئاگادار نین. لە ڕاپرسییەکاندا کچان لە کوڕان زیاتر بە “بێکار” ناوبردە دەکرێن، واتە نە لە قوتابخانەدان و نە کار دەکەن. لەوانەیە منداڵانی “بێکار” لە ڕاستیدا هیچ کارێک ئەنجام نەدەن، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە دایک و باوک ئەو ئەرکانەی کە کچەکانیان ئەنجامی دەدەن وەک کارێکی “ڕاستەقینە” سەیر نەکەن (سیگنو و هاوکاران، 2002).  ئەمە پرسە بەتایبەت بۆ کچان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا گرینگە، چونکە پێیان خۆشە زیاتر لە کوڕان ئیشی ماڵەوە بکەن (بانکی جیهانی، ٢٠٠۵).

هەروەها تێگەیشتنی دایک و باوکیش هۆکاری بەکەم سەیر‌‌کردنی کاری منداڵی کچە. بۆ وێنە، کچان لەوانەیە لە کاری چاندن، بژار و دروێنە‌‌کردنی بەروبوومی کشتوکاڵ بەشداری بنوێنن، بەڵام لە بری ئەوەی ئیش بکەن، لەوانەیە وەک یارمەتیدەری دایک و باوک / خاوەنکاران سەیر بکرێن (بات، 2010). پاشان ئەم کچانە لە کۆی گشتیی کرێکارانی کشتوکاڵدا هەژمار ناکرێن، بەتایبەت ئەگەر حەقدەستیان پێ نەدرێ و حەقدەستی ناوادی وەربگرن، یان ئەگەر دایک و باوک / خاوەنکاران کچەکانی خۆیان بە کارکەر نەزانن. زۆر جار کچان وەک “یارمەتیدەر” سەیر دەکرێن، تەنانەت ئەگەر ئەم هاوکاری‌‌کردنە چەندین کاتژمێری ڕۆژ بخایەنێ و کاریگەری لە سەر خوێندنیان دابنێت.

بە هەمان شێوە زۆر جار ئیشی ماڵەوە بە کار نازانرێ، بەڵکوو وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشی ناوماڵ لە داهاتوو، یان وەک نانەخۆرەیەکی کەمتر، کاتێک کچەکە لە شوێنێکی دیکە دەژی، سەیر دەکرێت. بەشێکی دیکەی ئەو کچانە لە کاری نهێنی وەکوو لەشفرۆشی کار دەکەن. بەو پێیەی کە زۆربەی ئەم جۆرە کارانە لە کەرتی نافەرمی و نایاساییدا ئەنجام دەدرێن، پێواندنی ڕێژەکە دروستەکەی ئەستەمە و دیاری‌کردنی جیدییانەی کاریگەرییەکەی لە سەر منداڵان دژوارە. هەر بەم ئاراستە دەتوانین ئەو ژمارە کەمەی کوڕانە ڕوون بکەینەوە کە لە کاری شاراوەدا چالاکن. بۆ وێنە زۆر جار وا دەزانرێ کە لەشفرۆشی کاری کچانە، بەڵام هەڵسەنگاندنە خێراکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا دەریدەخەن کە کوڕانیش سەرقاڵی لەشفرۆشین، هەرچەندە لە هی کچان شاراوەترە (کولومیتس و موری، 2004).

جۆرەکانی کار

هەندێک کار زیاتر لە لایەن کوڕانەوە ئەنجام دەدرێ، وەکوو کاری بیناسازی، هەندێکی تر زیاتر لە لایەن کچانەوە ئەنجام دەدرێ، وەکوو کارەکانی ماڵان، هەندێکی دیکەش لە لایەن هەر دوو ڕەگەزی کوڕ و کچەوە ئەنجام دەدرێن؛ وەکوو کارەکانی سەر شەقام. دەتوانین بڵێین جۆری کار لە کاری کچان و کوڕاندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە. لەم خشتەی خوارەوەدا، بە پشتبەستن بەو توێژینەوەی کە لە بەردەستانە، نیشان دراوە کە کچان و کوڕان لە کام جۆری کاردا زیاتر ئیش دەکەن. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە جۆری کار‌‌کردن لە سەر بنەمای جێندەری لە ناوچە جیا جیاکانی جیهاندا دەتوانێ جیاواز بێت.

 

خشتەی ژمارە 1. جۆری کار بە پێی ڕەگەزێتی (جێندەر)

جۆری کار جێندەر جۆری کار جێندەر
کشتوکاڵ کچ و کوڕ زبڵگەڕی زیاتر کوڕان
کار ماڵ زیاتر کچان قوڕەکاری و بیناسازی کوڕ
فیتەری کوڕ وشکەمەنی‌فرۆشی و دوکان کوڕ
کاری سەر شەقام کچ و کوڕ ڕیستورانت و میوانخانە کچ و کوڕ
لەشفرۆشی کچ و کوڕ بە ڕێژەی زیاتری کچ کۆڵ‌کێشی و هەڵگرتن و گواستنەوە کوڕ
کار‌کردن لە کانگا کچ و کوڕ

 

بەشێکی زۆری کچان و کوڕان لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەن، هەر چەندە هەندێک بەڵگە ئەوە دەردەخەن کە کوڕان زیاتر لە کچان لەم کەرتەدا ئیش دەکەن. هۆکارەکانی ئەمەش بریتییە لە کۆمەڵێک ئەرکی قورس و تاقەت‌پڕووکێن و پێویستیی کار‌‌کردن بە ئامرازە کشتوکاڵییەکان و ئازاردانی سێکسیی ئەو کچانەی کە بە تەنیا کار دەکەن (کولومیتس و موری، 2004). کار‌‌کردن لەم کەرتەدا چەندین ئەرکی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت. سەرەڕای ئیش‌‌کردنی کچان و کوڕان لەم کەرتەدا، دەتوانین بڵێین لەم کارەشدا، دابەش‌‌کردنی کار لە ئارادایە. کوڕان زیاتر سەرقاڵی دارستان، ڕاو‌‌کردن، ماسیگرتن و چاندنی دانەوێڵەن، کچانیش زیاتر سەرقاڵی چاندنی سەوزە و کێڵگەی پەلەوەرن (شولتز و اشتراوس، 2008).

کاری ناوماڵ جۆرێکی دیکەی کاری منداڵانە کە لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا ‌‌بوونی هەیە. ئەم کارە چەندین ئەرکی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێ، وەکوو کاری ڕۆژانەی ماڵەوە، چێشت‌لێنان، پاک‌‌کردنەوە و شۆردن، چاودێری‌‌کردنی منداڵەکانی خاوەنکار، چاودێری‌‌کردنی بەساڵاچووان و لاکەوتەکان، باخداری، یارمەتیدانی خاوەنکارەکان بۆ بەڕێوەبردنی کارگە بچووکەکان. لە ناوچە گوندنشینەکاندا، ئەم ئەرکانە دەتوانن بریتی بن لە بەخێو‌‌کردنی ئاژەڵەکان، پاک‌‌کردنەوەی گەوڕەکانیان، کاری کشتوکاڵی و هەندێک کاری بچووکی وەکوو تەون‌‌کردن (بلاگ‌برو، ٢٠٠٨). لەم جۆرە کار‌‌کردنەدا خێزان پێی وایە خاوەنکار خێزانێکی دیکەیە و بەو هۆیەوە پارێزەر و چاودێرێکی دیکەی منداڵەکەیانە. ئەوان ئەو تێڕوانینە هەڵەیان هەیە کە کاری ناوماڵ دەرفەتێک بۆ پەروەردە‌‌کردنی منداڵەکانیان دەڕەخسێنێ و کار‌‌کردن زیانیان پێ ناگەیەنێ، هەروەها کچان بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی جێندەرییانە ئامادە دەکات.

لەم جۆرە کار‌‌کردنەدا منداڵان چەندین کاتژمێر ئیش دەکەن، دەبێ هەمیشە لە بەر دەستی خاوەنکارەکان بن، لە زۆر حاڵەتدا حەقدەستیان پێ نادرێ، منداڵەکە دەبێ بۆ ماوەیەکی زۆر کار بکا و دوور لە خێزانی خۆی بژی، هەروەها لەگەڵ خاوەنکار کار بکا و بژیێ، و کار و ژیان لە لای خاوەنکار تێکەڵ بە ئازاری جەستەیی و گێچەڵی سێکسی و سووکایەتی پێ‌‌کردنە (ئەحمەدی، ١۴٠٠ هەتاوی). لە زۆر شوێنی جیهاندا کچان زیاتر لەم جۆرە کار‌کردنەدا ‌بوونیان هەیە، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا وەکوو نیپاڵ کوڕان زیاتر لەم کارەدا ئیش دەکەن. هەروەها پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان منداڵان لە کاری ناوماڵ و بازرگانی‌‌کردن بە منداڵان بۆ چەوسانەوەیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتاندا ‌بوونی هەیە. نموونەیەکی بەرچاو کاری نایاسایی (و نەبینراو)ی منداڵان و سێکسی بازرگانییە. هەر چەندە قاچاغ‌‌کردن بە مەبەستی لەشفرۆشی لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگا و میدیاوە گرینگییەکی زۆری پێ دراوە، بەڵام بەقاچاغ‌‌کردنی منداڵانی بچووک بۆ کاری ناوماڵ تەنیا لەم دواییانەدا ناسێنراوە (هاسپلز و سوریاسرن، 2003).

هەروەها کار‌‌کردن لە سەر شەقام بە شێوە جۆراوجۆرەکانی (دەستفرۆشی، سووتاندنی قانگ، کێشاندن، فرۆشتنی سەوزە، شوشتنی پەنجەرەی ئۆتۆمبێل، سواڵ‌‌کردن، فاڵ‌فرۆشی، فرۆشتنی کلینیکس، چەسپی برین، هەندێ خواردەمەنی، گوڵفرۆشی و هتد) لە جۆرەکانی دیکەی کار‌ن کە هەم کچان و هەم کوڕانیش تێیدا ئامادەن. منداڵان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا دەچنە ناو ئەم جۆرە کارەوە، چونکە لەم تەمەنەدا دەتوانن بە ورووژاندنی بەزەیی کەسانی تر داهاتێکی باشتر بە دەست بهێنن. لە شاری تاران یەکێک لە دووانەکانی توێژینەوە لەم بوارەدا دووانەی بنەماڵە ئەڤغانی و قەرەج/کۆچەرەکانە.

بەگشتی لە ناو بنەماڵە ئەڤغانییەکاندا کار‌کردنی کچان لە دەرەوەی ماڵەوە قبوڵ ناکرێ، بەڵام بە هۆی هەژارییەوە لە ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا ڕێگە بە کچەکانیان دەدەن کە بچنە سەر شەقام ئیش بکەن. بەڵام خێزانەکان لە تەمەنێکی دیاریکراو بە دواوە، بەتایبەت لە تەمەنی باڵق‌‌بووندا کە شێوەی ڕوواڵەتیی کچان دەگۆڕێ، کەمتر ڕێگە بە کچەکانیان دەدەن لانیکەم لە هەندێک کاری وەکوو کاری سەر شەقامەکان ئیش بکەن، هۆکارەکانی ئەمەش دەتوانێ جیاواز بێت. بێ‌گومان ئەو مەترسییەی کە خێزانەکان لەم بارەوە هەستی پێ دەکەن، واتە زیانگەیشتن بە پاکیزەیی کچەکانیان، یەکێک لە هۆکارەکانە. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە لە ڕوانگەی ئەم گرووپە خێزانانەوە پێویستە منداڵان لە دوای قۆناغی پێگەیشتن و باڵق‌بوونی جەستەییەوە وردە وردە خۆیان بۆ هاوسەرگیری ئامادە بکەن. کاری کچان لەگەڵ بەها و بیر و باوەڕی بنەماڵە و کۆمەڵگاکانیاندا کە کچ دەبێ شوو بکا و کابانی ماڵ بێ، ناکۆکە (ئەحمەدی، ١۴٠٠ هەتاوی؛ وامقی و ئەوانی دیکە، 1394 هەتاوی).

بە پێچەوانەوە لە ناو قەرەجەکاندا کاری کچان قبوڵ کراوە و تەنانەت وەک هەڤیازی و ئیمتیازێک بۆیان ڕەچاو دەکرێت. لەم جڤاکەدا کار‌کردنی کچان جۆرێک نەریت و شێوازی ژیانە. لە ناویاندا زۆرێک لە پیاوان لە تەمەنی کەمدا واز لە کار‌‌کردن دێنن و کاری کچان و ژنانیش سەرچاوەی داهات و بژێویی خێزانە. ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە قەرەجەکان ناسناوەیان نییە، هەر بۆیە بۆ خوێندن و دامەزراندن لە پیشەیەکدا لە ڕووی یاساییەوە تووشی ئاستەنگ دەبن، هەر بۆیەش لە ڕووی یاساییەوە تارێنراون و هەر ئەمەش بۆتە بنەمایەک بۆ کار‌کردنی کچان، چونکە پیاوە گەورەساڵەکانیان ناتوانن بچنە ناو بازاڕی کارەوە و نەڕەخسانی هەلی چوونە قوتابخانە بارودۆخی کار‌کردنی بۆیان لەبار دەکات. ‌‌بوونی ڕێژەی زۆری منداڵ بۆ وێنە کچان، بۆ ئەم چەشنە بنەماڵانە بە واتای سەرچاوەی داهاتی زیاترە. هەروەها ئەم کچانە ئەو پاشەکەوت و سەروەت و سامانەی کە دەتوانن لە ڕێگەی کارەوە وەدەستی بێنن، بۆ هاوسەرگیری‌‌کردنیان دەبێتە هەڤیازییەکی ئابووری. ئەم کچانە ڕووبەڕووی کاری هەتاهەتایی و هەمیشەیی دەبنەوە.

ئەم کچانە هەتا ئەو کاتەی لەگەڵ دایک و باوکیان دەژین، شان بە شانی دایک و خوشک و کچەکانی دیکە، دەبێ بۆ بژێویی خێزان کار بکەن. لە دوای شوو‌کردنیش کە هاوسەرگیریی ئەم کچانە، کە زۆرتر لە تەمەنێکی کەمدا ڕوو دەدا، دیسانیش هەر ئەم ژنە گەنجانە دەبنەوە بە هێزی کاری بنەماڵەکەیان، هەر بۆیە لە ناو ئەم جڤاکەدا بینەری کچۆڵەی خاوەن‌ مێردین.) ئەحمەدی، 1400؛ ‌میرحسین و قربانی، 1398 هەتاوی؛ وامقی و هاوکاران، 1394 هەتاوی(

یەکێک لە بابەتەکانی دیکە، کاری کچان لە ناو جڤاکە گوندنشینەکانە، کە ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی کاری کچان لە ناویاندا زۆرە؛ بە شێوەیەک کە کچان لە گوندەکاندا بە ڕێژەیەکی زیاتر ئیش دەکەن. بەڵگەکانی توێژینەوەیەک دەریدەخەن کە ٧١ لە سەدی کچان لە گوندەکان کار دەکەن. کارەکانیان زیاتر لە چوارچێوەی تۆڕی خزمایەتیدا ئەنجام دەدرێت. ئەوان کاتژمێرێکی زۆر خەریکی ئەنجامدانی کارەکانی ناوماڵ و کار‌‌کردن لە مەزرا و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵدارین و هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا بۆ کەسانی دیکەش ئیش دەکەن. لە هەندێک حاڵەتدا چەندین کاتژمێر و تەنانەت ساڵانێکی زۆر خەریکی تەون‌‌کردن دەبن. لەم جڤاکانەشدا کاری کچان قبوڵکراوە و بەشێک لە ژیانیانە. لە ڕوانگەی خێزانەکانیانەوە کار‌‌کردن نە تەنها بۆ ئەنجامدانی هەندێک کار و سەرچاوەی داهاتە، بەڵکوو ئامادەیان دەکا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن دەور و ڕۆڵە جێندەرییەکەیان لە ئەستۆ بگرن (فیروزآبادی و رضانیاکان، 1393 هەتاوی، وامقی و یزدانی، 1398 هەتاوی).

خەمڵاندنە جیهانییەکانی کاری منداڵان دەریدەخا کە بە ملیۆنان منداڵ تووشی داوی “چەوساندنەوەی سێکسی بازرگانی” ‌بوون. کچان زیاتر بەرکەوتەی چەوساندنەوە‌ی سێکسی بازرگانی دەبن، بەڵام زۆر جار داتاکان زانیارییان لە سەر کوڕان نییە. لە ڕاستیدا تا دێ زیاتر دەردەکەوێ کە کوڕانیش لەم کارەدا بەشدارن، و هەندێک جاریش بە لە هی کچان شاراوەترە. بە هۆی دژواریی دەستڕاگەیشتن بەو کچ و کوڕانەی کە بە چەوساندنەوە‌ی سێکسی بازرگانییەوە تێوەگلاون، وێنەی ڕەگەزێتی لاگیرانەیە و ڕەنگدانەوەی حەقیقەت نییە. لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکارەکانی ئەم جۆرە کارە بریتییە لە هەژاری و شەڕ و بەد ڕەفتاری، لاوازی لە جێبەجێ‌کردنی یاساکان و نە‌‌بوونی ئیرادەی سیاسی و نە‌بوونی سەرچاوەی ڕاگرتنی ئەم کارە، خێزانی لێک‌هەڵوەشاو و کێشەی خێزانی، نە‌‌بوون یان کەمیی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی، ژیان لەگەڵ دایکانی سەڵت، یارمەتیدانی بنەماڵە، زەختی دایک و باوک، ڕا‌کردن لە گرفتی خێزانی، سەربەخۆیی ئابووری، کاریگەریی هاوتەمەنەکان، هۆگریی بۆ وەدەست‌هێنانی داهاتی “ئاسان”، نە‌بوونی هەلی کاری دیکە، جەنگ، هەڵاواردنی جێندەری و شێوازە نەریتییەکانی هاوسەرگیری. لە ناو کچاندا حاڵەتەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووک، تەڵاق و جیا‌‌بوونەوە و هەژاری بەرەو لەش‌فرۆشی و سۆزانێتی پەلکێشیان دەکات. لە هەندێک کۆمەڵگەی وەکوو جاماییکا، سریلانکا و تانزانیا، پیشەسازیی گەشتیاری کاریگەری لە سەر داخوازی بۆ ئەم چەشنە پیشە داناوە. کوڕان زیاتر وەک کرێکاری سێکسی لە سەر شەقامەکان و کچان زیاتر وەک لەشفرۆشی چەسپاو کار دەکەن.

هەروەها دەرئەنجامەکان دەریدەخەن کە زۆربەی کچەکان ناچنە قوتابخانە و ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ناویاندا زۆر بەرزە، ئەوان بە تەواوەتی دەوام دەکەن و کاتی پشوویان نییە. لەم جۆرە کار‌‌کردنەدا کچان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە کە ئەم کێشانە بریتین لە: ئازاردانی توندی دەروونی و جەستەیی، دەستدرێژیی سێکسی، ڕفێنران، تووش‌‌بوون بە نەخۆشیی ئایدز و نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەییەکان، بەشداری‌‌کردنی نەخوازراو بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و وێنەی پۆرنۆگرافی (ورووژێنەر)، ناچار‌‌کردن بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و هەراسان‌‌کردن لە لایەن ناوەندە حکومییەکانەوە وەکوو پۆلیس. بە هۆی ئەو ناوناتۆرە کۆمەڵایەتییەی کە دەخرێتە پاڵ لەشفرۆشەکان، دووبارە هێنانەوەی کچان بۆ ناو “کۆمەڵگەی ئاسایی” پرۆسەیەکی ئاڵۆزە.

هەندێک جار ئەوان پێیان باشە لە بری ئەوەی ڕەوانەی ناوەندەکانی چاکسازی بکرێن هەر لە قەحبەخانەکاندا بمێننەوە. لە کاتێکدا ئەو کوڕانەی کە واز لە لەشفرۆشی دێنن بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی‌تر دەست پێ بکەنەوە دەتوانن ئەم تێپەڕینە ئاسانتر ئەنجام بدەن، بەڵام کچان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەتارێنرێن و لە لایەن کۆمەڵگاوە وەک کچانێک سەیر دەکرێن کە پێشتر “دەستیان لێ دراوە” (کولومیتس و موری، 2004). لە ئێران توێژینەوەکان بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەیان لە سەر ئەم جۆرە کارە نەکردووە، بەڵام لە تەنیشت ئەوانەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ژمارەیەک لە منداڵانیش خەریکی ئەم جۆرە کارەن (وامقی و هاوکاران، 1394 هەتاوی).

لە هەندێک کاردا کچان ‌بوونیان نیە. یەکێک لەوانە زبڵگەڕی لە شاری تارانە کە زیاتر لە لایەن ئەڤغانییەکانەوە ئەنجام دەدرێت (ئەنجومەنی پاراستنی مافەکانی منداڵان، 1398 هەتاوی؛ وامقی و هاوکارانی، 1394 هەتاوی). ئەوەی کە بۆچی کچان لەم کارە و کارەکانی تری وەکوو کاری بیناسازی و گواستنەوەی بار و هتد ‌بوونیان نییە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە؛

یەکەم: کۆمەڵگا ئەم جۆرە کارانەی بە کاری پیاوانە پێناسە کردووە و بە هۆی چاوەڕوانیی ڕەگەزێتییەوە کچان ناتوانن ئەم کارانە ئەنجام بدەن. هۆکاری دووەم کە گرینگترە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ڕێکخستن و سروشت و شێوازی ئەنجامدانی ئەم کارانە. لە ڕووی ڕێکخستنەوە کاری وەکوو زبڵگەڕی پێویستی بە پەیوەندیی کارە و لە چوارچێوەی گرێبەستی نێوان بەڵێندەر و خاوەنکار ئەنجام دەدرێ کە ئەم بەشەی کار لە لایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێ و لە ڕووی سروشتی کارەکەشەوە پێویستی بە ئیشی فیزیایی و تاقەت‌پڕووکێنە. لایەنی گرینگتر شێوازی ئەنجامدانی کارە کە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە ڕێگە بە ‌‌بوونی کچ و ژن نادات. یەکەم ئەوەی کە ئەم کارە زیاتر لە لایەن کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەڤغانستانەوە ئەنجام دەدرێ کە ئەمەش بۆ زۆرێک لە کچان نەگونجاوە.

دووەم ئەوەی کە ئیشی زبڵگەڕی پێویستی بە کار‌کردن لە کاتژمێرە نائاساییەکانی ڕۆژ و نیشتەجێ‌‌بوون لە شوێنی کارە. منداڵان ماوەیەکی زۆر خەریکی کۆ‌کردنەوەی زبڵ دەبن. هەروەها بەشێک لە کارەکان لە کاتە نائاساییەکانی وەکوو شەو ئەنجام دەدرێت. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە کاری زبڵگەڕی پێویستی بە خەوتن لە زبڵخانە (شوێنەکانی بەکارهێنانەوەی پاشماوە) و چاڵەکانی زبڵە و هەلی ئامادە‌بوون بۆ کچان نەگونجاو دەکا چونکە لە ڕووی فەرهەنگی و کەلتوورییەوە ئەمە قبوڵ ناکرێت. بەگشتی ئەو کارانەی کە بەم شێوە ئەنجام دەدرێن وا دەکا کە کچان کەمتر بەشداری تێدا بکەن. ئەمە بەو مانایە نییە کە کچان سەرقاڵی کۆ‌‌کردنەوەی زبڵ و خاشاک نین، لە هەندێک حاڵەتدا، لە هەندێک ناوچەی پەراوێزی شارەکانی تاران و کەرەج، لەوانەیە لەگەڵ بنەماڵەکەیان یان ئەندامێکی خێزانەکەیاندا سەرقاڵی کۆ‌‌کردنەوەی زبڵ بن (انجمن حمایت از حقوق کودکان، 1398 هەتاوی)

هەروەها کچان و کوڕان لە کارەکانی وەکوو پیشەسازی و کانگادا ‌بوونیان هەیە. ئەو منداڵانەی کە لە پیشەسازیی ڕێستن و بەرگدووری و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی ناو ماڵدا کار دەکەن دەتوانین بڵێین هەر هەموویان کچن، لە کاتێکدا کوڕان زیاتر لە بەرهەمهێنانی مۆبیلیاتی چێوی، ئامادە‌‌کردنی شوێنی بیناسازی، وردەفرۆشی و وشکەمەنی‌فرۆشی و فرۆشگا گشتییەکاندا خەریکی کار‌کردنن. لە هیندستان زیاتر کچان لە پیشەسازییەکانی وەکوو جلوبەرگ، دروست‌‌کردنی شقارتە، یارییە ئاگرینەکان و جگەرەسازی لە تامیلنادو یان لە پیشەسازیی بازنە لە فیرۆزاباد کار دەکەن (بات، ٢٠١٠). لە هەندێک حاڵەتدا، ژنانی کەم‌تەمەن لەگەڵ منداڵانی لادێیی بە مەبەستی ئیش‌‌کردن لە کارگەکان یان کارگای بەرهەمهێنانی کاڵا کۆچ دەکەن (هاسپلز و سوریاسرن، 2003). کچانیش وەکوو کوڕان لە کەرتی کانگاکاندا ئیش دەکەن.

لە غینا و نیجەر و پیرۆ، ئیش‌‌کردن لە کانگا بچووکەکان بە شێوەی خێزانییە، هەر چەندە کچان لە ژێر زەوی کار ناکەن، بەڵام ئەوان لە بەشی دەرهێنانەوە بگرە تا دەگاتە بەرهەمهێنان و وردەفرۆشی لەگەڵ خزمەتگوزاریی پشتیوانی کار دەکەن. هەروەها ئەوان لە دەرهێنانی بەردی بەنرخ، تراشکاری، هەڵگرتنی داروپەردووی ناو چاڵەکان، ڕیز‌‌کردنی بەردە کانزاییەکان و هاڕینی بەرد چالاکی دەنوێنن (ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، ٢٠٠٧). له‌ که‌رتی پیشه‌سازیشی له‌ وڵاتی ئێراندا له‌ کارە جۆراوجۆرەکاندا ئیش ده‌که‌ن. کوڕان لە کارگەی وەکوو بەرهەمهێنان (جانتا، پێڵاو، جل و بەرگ و هتد)، لەحیمکاری و کار‌‌کردن لە مادە خەسارچووەکان، کار‌‌کردن لە کارگەی دارتاشی و بلوورسازی، فیتەری و سافکاری و کارگای بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی گوڵ کار دەکەن. هەروەها کچان لە پیشەسازییەکانی وەکوو بلوورسازی و بەرگدووری و لە ماڵەوە کاری وەکوو خشر و خاڵ و کەپس‌‌کردنی کەلوپەل کار دەکەن. ئامانجی کوڕان لە چوونە ناو ئەم کارانە زیاتر شارەزا‌بوون بۆ داهاتووە، لە کاتێکدا ئامانجی کچان لە ئیش‌‌کردن لە کارگەلی وەکوو بلوورسازی و خشر و خاڵ و کەپس‌‌کردنی کەلوپەل بەدەستهێنانی پارە بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەیانە (ئەحمەدی، 1400 هەتاوی).

کار و داهات

جیاوازییە جێندەری و ڕەگەزێتییەکان لە چالاکییەکاندا دەتوانێ لە هەندێک وڵاتدا بەرچاو بێت. بە بەراورد لەگەڵ کچان، کوڕان بەگشتی ڕێژەی بەشداری‌‌کردنیان لە کاری بازاڕدا زیاترە و ڕێژەی بەشداری‌‌کردنیان لە کاری ناوماڵدا کەمترە. بۆ وێنە، لە وڵاتانی MICS کچان بە ڕێژەی 18 لە سەد زیاتر بەشداری لە کاری ناوماڵدا دەکەن و نزیکەی 30 لە سەد کەمتر لە کاری بازاڕی حەقدەستدار بەشداری دەنوێنن (آموریم و هاوکاران، 2004).

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا کاری حەقدەستدار بۆ ژنان لە ئاستی جیهانیدا بەرز‌بوونەوەی بە خۆوە بینیوە، پرۆسەیەک کە پێی دەوترێ بە ژنانە‌بوونی پیشە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم کارانە ئاستی چۆنایەتی و کوالێتییان تا ڕادەیەک نزمە. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی وەکوو لوبنان، سۆماڵی و میسر، کوڕان لە کاری “حەقدەستدار” و کچان لە “کارە بێ حەقدەستەکان”دا سەرترن. لە وتەزای “کاری ماڵ”دا کچان زیاتر لە کوڕان لەم کەرتەدا ئیش دەکەن. ئەم پرسە لەو وڵاتانەشی کە ئابوورییەکەیان پێشکەوتووترە وەکوو تورکیا و پورتوگالدا بەدی دەکرێت. بە شێوەی مامناوەند، ژنان دوو لە سەر سێی داهاتی پیاوان بەدەست دەهێنن و ژنان هێشتا لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا داهاتیان لە پیاوان کەمترە. تەنیا بەشێک لەم کەلێنی داهاتە دەتوانین بە جیاوازی لە بواری پەروەردە و ئەزموونی پیشە ڕوون بکەینەوە کە ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ کە جیاکاریی ڕەگەزێتی لە وەرگرتنی حەقدەستی یەکسان بۆ کارێک کە بایەخەکەی یەکسانە هێشتا بەرفراوانە.

پێدەچێ بۆ کچانیش هەمان شت بێت. بە شێوەی مامناوەند کچان بۆ یەک کاری هاوشێوە بڕی حەقدەستیان لە کوڕان کەمترە. بۆ وێنە نیوەی ئەو کچانەی کە لە بەنگلادش وەک کابان کار دەکەن، تەنیا 28 لە سەدی بڕی حەقدەستی کوڕان بۆ کاری کابانێتی وەردەگرن )کولومیتس و موری، 2004(.

زۆرێک لە توێژینەوەکان دەریدەخەن کە منداڵان بۆ یارمەتیدانی خێزان کار دەکەن، بۆیە کۆنترۆڵێکی ئەوتۆیان بەسەر داهاتەکەیاندا نییە. لە زۆر حاڵەتدا بنەماڵەکان منداڵەکانیان بە کچەکانیشیانەوە دەهێننە ناو سووڕی کارەوە و کۆنترۆڵیان دەکەن، هەر بۆیە دەست بە سەر داهاتەکەیاندا دەگرن (ئەحمەدی، ١۴٠٠ هەتاوی؛ وامقی و هاوکارانی، 1394 هەتاوی الف و ب؛ وامقی و یەزدانی، 1398 هەتاوی). هەروەها جۆری کاریش کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ئەم بابەتە هەیە. لە هەندێک کاردا، وەکوو ئەوانەی کە بۆ خاوەنکاری ئەنجامی دەدەن یان لە بەستێنی کارگەییدان، بەو پێیەی کە دایک و باوک منداڵەکە، بە تایبەت کچەکە دەهێننە ناو کارەوە و لە سەر بڕی داهاتەکەی لەگەڵ خاوەنکارە ڕێک دەکەون، هەروەها بەو پێیەی کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان منداڵ و خاوەنکاردا نییە، داهاتی منداڵەکە ڕاستەوخۆ دەدرێ بە دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵەکە. لە هەندێک حاڵەتدا سەرپەرشتی خێزان بەشێک لە داهاتەکە دەدا بۆ ئەوەی منداڵەکە دڵخۆش بێ و لە کار‌‌کردن بەردەوام بێت (ئەحمەدی، 1400 هەتاوی).

کچان زیاتر کاری ماڵان دەکەن، زۆر جار منداڵان بۆ ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدەن ڕاستەوخۆ پارە وەرناگرن. هەندێکیان بۆ شوێنی نیشتەجێ‌‌بوون و چاودێری و خۆراک کار دەکەن و هەندێکی دیکەشیان بۆ حەقدەست کار دەکەن. لەوانەیە حەقدەستەکەیان بدرێ بە دایک و باوکیان یان دایک و باوکیان بە هۆی قەرزەکانیانەوە بیاننێرن بۆ ماڵی خاوەنکار. ڕەنگە خاوەنکار حەقدەستی منداڵەکە لای خۆی گل بداتەوە، بە پەڵپ و بیانووی جۆراوجۆری وەکوو نەگەیشتن بە تەمەنی یاسایی منداڵەکە ڕەنگە پارەی پێ نەدا و ڕێگە نەدا منداڵەکە دەستی بە پارەکەی بگات. لەوانەیە ئەو منداڵانە کار بۆ کەس‌وکاریان یان کەسە ناوۆکان بکەن. (یونیسێف، ١٩٩٩). لە هەندێک ئیشدا، وەکوو کار‌‌کردن لە کارگەکان، حەقدەستی کچان زۆر کەمە و کچان کەمتر کۆنترۆڵیان بە سەر داهاتەکەیاندا هەیە؛

لە کاتێکدا لە کاری سەر شەقامدا، داهاتی منداڵەکە زیاترە و زیاتر کۆنترۆڵی بە سەر پارەی خۆیدا هەیە. لە هەندێک حاڵەتدا، بەتایبەت لە کاری سەر شەقامدا، کچان بە مەبەستی دابین‌‌کردنی بەشێک لە پێداویستییەکانیان وەکوو کڕینی جلوبەرگ و خۆراک یان دابین‌‌کردنی تێچووی خوێندن کار دەکەن (ئەحمەدی، 1400 هەتاوی؛ ‌میرحسین و قوربانی، 1398 هەتاوی). بەگشتی زۆر جار کچان بە سەر ئەو داهاتەی کە بە دەستی دەهێنن کۆنترۆڵێکی ئەوتۆیان نییە، چونکە دەبێ ڕادەستی باوک و دایک یان مێردەکەیانی بکەن. لە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا زۆرێک لە ژنان بەرپرسی دابین‌‌کردنی بژێویی بنەماڵەن. لەم جۆرە حاڵەتانەدا ژنان کۆنترۆڵیان بە سەر خەرجییەکانی ڕۆژانەیاندا هەیە، بەڵام زۆر جار بەرپرسی بەدەستهێنانی بژێویی ژیانن. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوەکان بەردەوام ئەوە پشت‌راست دەکەنەوە کە لەو حاڵەتانەی کە کچان و ژنان داهاتی خۆیان لە ژێر ڕکێفی خۆیاندایە، ئەوان لە کوڕان و پیاوان زیاتر ئەم داهاتە تەرخانی دابین‌‌کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکانیان دەکەن. (هاسپلز و سوریاسرن، 2003).

 

 مەترسی و خەسارەتەکان

کاری منداڵان بە خەسارەتەکانی پێناسە دەکرێ، بە جۆرێک کە “منداڵان لە هەڕەتی منداڵی و توانا و شان و شکۆ بێبەش دەکا و زیان بە گەشەی جەستەیی و دەروونییان دەگەیەنێ” و ڕێگری لە خوێندنیان دەکات (ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار). جیا لە بابەتی جێندەری (ڕەگەزێتی)، جۆرە جیاوازەکانی کاری منداڵان بە ڕادەی جیاواز لێکەوتەی زیانبەخشی بۆ سەر منداڵان هەیە، هەندێک مەترسی و خەسارەت لە ناو هەموو کارەکاندا هاوبەشن و هەندێکی دیکەش تایبەتی هەندێک کارن. ئەو کارانەی کە پێیان دەوترێ “خراپترین جۆری کاری منداڵان”، زیاترین مەترسی و خەسارەتیان لێ دەکەوێتەوە.

وەک وترا بەشێکی بەرچاوی منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵ و لە ئیشی ماڵدا کار دەکەن. گرینگترین مەترسی و خەسارەتەکانی کار‌‌کردن لە کەرتی کشتوکاڵدا بریتین لە، کار‌‌کردن لە بەر سەرما و گەرما و بەر خۆر، بریندار‌‌بوون، کەوتنە بەر مادە ژەهراوییەکان و پیسایی‌ڕۆ، ماوەی زۆری کار‌‌کردن، کاری جەستەیی تاقەت‌پڕوکێن، پشت‌ئێشە و ئازارەکانی دیکە، کار‌‌کردن لە بەر تەپ و تۆز و هەندێک جار تێکەڵ بە قوڕ و چڵپاو، هەتاوگەستن، هەراسان‌کران لە لایەن مێروو، ڕوو‌‌بوونەوەی هەندێک ئاژەڵی مەترسیدار، گواستنەوەی باری قورس و دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری و ناوندە تەندروستییەکان (آرنولد و هاوکاران، 2020؛ هرست، 2007؛ مول و دیتران؛ 2005؛ میرک‌زاده و هاوکاران، 1400 هەتاوی). زۆر جار کاری کشتوکاڵی لە ناوچە گوندنشینەکان و لە پەراوێزی شارەکاندا هەڵکەوتووە، هەر بۆیە ئەم ناوچانە بە هۆی ئەوەی کە بێبەشترن کاریگەریی لە سەر کاری منداڵان دادەنێن و نایەکسانییەکان تۆخ‌تر دەکەنەوە. دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچان لە کاری کشتوکاڵیدا باوە کە ئەمەش وا دەکا کچ کەمتر لەم کارەدا بۆ حەقدەست ئیش بکات. لە ناوچە گوندییەکاندا زۆر جار کچان بۆ ئەوەی لە مەزرا و کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا کار بکەن دەبێ کەسێکیان لەگەڵ بێ و لە کێڵگەکاندا بە تەنیا کار ناکەن (کولومیتس و موری، 2004).

کاری ناوماڵ بە شێوەی نەریتی وەک کارێکی ئاسان و پارێزراو بۆ منداڵان، بە تایبەت بۆ کچان سەیر دەکرێت. بەڵام تا دێ زیاتر دەردەکەوێ کە کاری ناوماڵ دەتوانێ بۆ منداڵان زۆر مەترسیدار بێ و وەک یەکێک لە خراپترین جۆرەکانی کاری منداڵان ناسراوە. هەروەها زۆر کەس بە هۆی سروشتی نەبینراوی کاری منداڵانەوە ئاگاداری بڵاو‌‌بوونەوەی نیەن (یونیسێف، ١٩٩٩). زیانە سەرەکییەکانی کاری ناوماڵ بریتییە لە ئەنجامدانی کاری زۆر، تەنیایی، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ڕۆژانی کار‌‌کردنی زۆر و وەڕەزکەر، هەڵگرتنی باری قورس، دەست‌دانە ئامێرە مەترسیدارەکانی وەکوو چەقۆ، مەنجەڵی گەرم، تەور و داس، شوێنی ژیانی ناتەندروست و خواردنی کەم و ناتەندروست، هەڵسوکەوتی سووکایەتی‌بەخش و بێ‌ڕێزییانە، وەکوو ئازاردانی جەستەیی و زارەکی و گێچەڵی سێکسی.

لە هەندێک حاڵەتدا دایک و باوکەکان بیرۆکەیەکی هەڵەیان سەبارەت بە کار هەیە و پێیان وایە کار نەک هەر زیان بە کچەکانیان ناگەیەنێ، بەڵکوو ئەو کارانە ئاسانن و ئەو کچانە بە ڕاپەڕاندنی ئەم کارانە خورت و ئامادە دەبن (تێگەیشتنە هەڵەکان)، یاخود خاوەنکارانی منداڵانی کرێکاری ناوماڵ، بە هیچ شێوەیەک کارلێکێشانی خۆیان بە چەوساندنەوەی منداڵان نازانن، بەڵکوو وای دەبینن کە ئەوە هاوکاریی منداڵان و خێزانەکانیان دەکەن (بلک، ٢٠٠۵). ڕادەی ئەو پشتگیرییەی کە منداڵی کرێکاری ناوماڵ هەیەتی، بەندە بە خاوەنکارەوە. ئەگەر منداڵێک حەقدەستی پێ نەدرابێ، یان زۆر کاری پێ کرابێ یان بەتوندوتیژییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێ، جگە لە جێهێشتنی شوێنی کار نەبێ، هیچ ڕێگەچارەیەکی پارێزەرانەمان نیە (یونیسێف، ١٩٩٩).

برۆن و کلۆدیا جیانلی (2020) بە کەڵک‌وەرگرتن لە داتای زنجیرە زەمەنییەکانی منداڵانی تەمەن 7 بۆ 15 ساڵ نیشانیان دا کە کاری منداڵان خەسارهەڵگریان دەکا و کچان بزوێنەری ئەو کارەن. هەروەها تەمەنیش کاریگەرییەکی دیاریکەرەوەی هەیە، بە جۆرێک کە کار‌‌کردن تەنیا کاریگەریی نەرێنی لە سەر منداڵانی خوار ١٠ ساڵ هەبوو. کاریگەرییە نەرێنییەکانی کاری ناوماڵ ئەوەندە زۆر بوو کە ئەگەری خەسارهەڵگریی کچانی خوار تەمەنی ١٣ ساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی دەکرد. کاری منداڵان لە مەزرا خێزانییەکان خەسارەتی زیاتر بوو. ئەم ئەنجامانە ڕۆڵی گرینگی کاری منداڵانیان لە دیاری‌‌کردنی کەلێنی ڕەگەزێتی لە ئیش‌‌کردندا تۆخ دەکردەوە.

هەروەها کار‌‌کردن لە سەر شەقام لایەنێکی بەرفراوانی لێکەوتە و زیانی لە خۆدا هەڵگرتووە، وەکوو پیاسەی دوور و بە پاوە وەستان و بەو هۆیەوە ماندووێتی لە ڕادەبەدەر، بەئەزموون‌‌کردنی توندوتیژی، ململانێ لەگەڵ منداڵان و شارۆمەندانی دیکە، ڕووداوی هاتوچۆ و بریندار‌‌بوون، بەدخۆراکی و خۆراکی ناتەندروست، فێر‌‌بوونی ڕەفتارە مەترسیدارەکان و بینینی کاری بێ‌ڕەوشتانە، دەستبەسەرداگرتنی کاڵا و کۆ‌‌کردنەوەیان، کار‌‌کردن لە کەش‌وهەوای گەرم و سارد، هەڵمژینی هەوای پیس، ‌‌بوونە قوربانیی تاوان، هەست‌‌کردن بە سەرشۆڕی و سووکایەتی. لەم جۆرە کارەدا، کچۆڵەکان تووشی دەستدرێژیی سێکسیی زۆر دەبنەوە (ئەحمەدی، ١۴٠٠ هەتاوی؛ وامقی و هاوکارانی، 1394 هەتاوی). ئەم تاقمی منداڵانە لە لایەن ڕێکخراوە حکومییەکانەوە وەبەر گەڵاڵەی کۆ‌‌کردنەوە دەکەون، هەر بۆیە لە لایەن ئەوانیشەوە توندوتیژی بەئەزموون دەکەن. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم گەڵاڵەی کۆ‌‌کردنەوانە بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکان منداڵەکانیان لە شەقامەوە بگوازنەوە بۆ کاری کارگەیی کە ئیش‌‌کردن لە کارگە زیانی زیاتری لێ کەوتۆتەوە (ئەحمەدی، ١۴٠٠ هەتاوی).

ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە هەر دوو ڕەگەزی کچ و کوڕ لە خراپترین جۆری کاری منداڵاندا بەشداری دەکەن. بەڵام تێگەیشتن لەم خاڵە گرینگە کە بە هۆی هەندێک چاوەڕوانی و ئەرک و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییەوە کە دەخرێنە ئەستۆی کچان، زۆر جار کچان زیاتر تووشی مەترسی و خەسارەتەکانی کار دەبن و دەچەوسێنەوە. ئەو توێژینەوانەی کە لە غینا و تانزانیا و نیجەر لە کەرتی کانگاکان ئەنجام دراوە دەریانخستووە کە کچان زیاتر بە بێ ئامێری خۆپارێزی ئیش دەکەن، هەروەها ئاماژەیان بەم پرسانە کردبوو: ماوەی زۆری کار‌‌کردن، ماندوێتی، ئازاری سک، بڕین، کۆکە، سەرئێشە و سەرگێژە، کێشەی هەناسەدان، کزانەوە و سووتمان، بەرکەوتن لەگەڵ تەپ و تۆزی ورد و مادە ژەهراوییەکان بە بێ بەکارهێنانی ئامێری خۆپارێزی، مەترسیی زۆری ڕووداوی هاتوچۆ، چالاکیی توندی جەستەیی، نەخۆشییەکان، خەسارەتی جیدی هەمیشەیی و تەنانەت مەرگ. یەکێک لەو پرسە جیدییانەی کە کچان لە تانزانیا بەئەزموونیان کردووە، ڕادەیەکی دیاریکراوی ئازاردانی سێکسی، چەوساندنەوە‌ و زێڕاندنی سێکسی بازرگانی بوو (ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، ٢٠٠٧). هەروەها ئەنجامەکان دەریدەخەن کە کچان لە هیندستان لە کارەکانی وەکوو جلوبەرگ، دروست‌‌کردنی شقارتە، یارییە ئاگرینەکان و جگەرەسازی لە سەدا پەنجا بۆ هەشتای هەڕەتی منداڵیی خۆیان – بە پێوەرەکانی وەکوو پەروەردە، یاری و شادی – لە دەست داوە.

کچۆڵەکان لە زۆرێک لە پیشەسازییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە دەچەوسێنرانەوە. هەروەها هەندێک جار گێچەڵی سێکسیشیان بەئەزموون کرد‌بوو. لەم وڵاتەدا، پێباشییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی نێر دەبێتە هۆی ئەوەی کچان کەمتر بایەخیان پێ بدرێ، کەمتر خۆراکیان پێ بدرێ، کەمتر بخوێنن، بەڵام زیاتر ئیش بکەن و لە هەر دەرفەتێک بۆ فراوان‌‌کردنی ئاسۆی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و هزرییان بێبەش بکرێن (بات، ٢٠١٠).

وازهێنان لە خوێندن یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی کاری منداڵانە. له‌ جیهاندا زیاتر له‌ 70 ملیۆن منداڵ له‌ ئاستی سه‌ره‌تاییدا و ڕێژەیەکی زۆرتریشیان له‌ ئاستی ئاماده‌ییدا ناویان له‌ قوتابخانه‌دا تۆمار نه‌کراوه‌. ژمارەیەکی زۆری منداڵان لە قوتابخانە ناویان تۆمار کراوە بەڵام بە بەردەوامی ناچنە قوتابخانە. زۆربەی ئەو منداڵانە منداڵانی کارن. لە زۆرێک لە وڵاتان ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ناو کچان لە هی کوڕان زیاترە و کاری منداڵ یەکێک لە هۆکارەکانی بووە. ناردنە بەر خوێندنی کچان بە بەراورد لەگەڵ کوڕان بۆ زۆرێک لە دایک و باوکان سەرمایەدانانێکی لاوازە. زۆر جار دایک و باوک کاتێک ڕووبەڕووی سەرچاوەی سنووردار و داخوازیی دارایی زۆر دەبنەوە، پێیان باشە لە سەر خوێندنی کوڕەکانیان سەرمایە بخەوێنن و پشکی یەکجار گرینگی کچان لە ئابووریی خێزاندا لە کیس نەدەن (بات، 2010؛ کولومیتس و موری، 2004).

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ بەو پێیەی کە کچان و کوڕان بەشداری لە جۆرە جیاوازەکانی کاردا دەکەن، چ لە قۆناغی سەرەتایی و چ لە قۆناغی دواتری ژیانیاندا، کاریگەریی ئەم ئیش‌‌کردنە لە سەر ئەنجامی داهاتووی کارەکانیان لە بازاڕدا جیاوازە. توێژینەوەکان لە مەکسیک و بەرازیل دەریدەخەن کە سزای بەشداری‌‌کردن لە بازاڕی کار لە داهاتوودا بۆ کچان خراپتر لە کوڕانە. لە مەکسیک، گەڕانەوە بۆ ئەزموونی سەرەتای کار دەتوانێ سزای داهات بۆ پیاوان قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئەمە ژنان ناگرێتەوە. ئەم ئەنجامانە ڕەنگە پیشاندەری توانای کوڕان بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی کار‌ێک بێ کە بتوانن لە بازاڕدا بیکەن و دەتوانن لە پیشەکانی داهاتوویاندا بە کاری بێنن، لە کاتێکدا کچان وەک کرێکاری ناوماڵ ئەزموونێک بەدەست دەهێنن کە شیاوی گواستنەوە بۆ پیشەکانی دیکە نییە (کنال، 2001؛ گوستافسون رایت و پاین، 2002).

 

پوختە و ئەنجام

ئەمڕۆ جێندەر لە ژێر کاریگەریی داب‌ونەریت و نۆرم و دەرفەتەکان بووەتە یەکێک لە گرینگترین دیاریکەرە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەری لە سەر زۆر لایەنی ژیان داناوە، بۆ وێنە چانس و هەڵبژاردنەکان. یەکێک لەو دیاردە گرینگانەی کە ئەمڕۆ بووەتە پرسێکی کۆمەڵایەتی و کارتێکراوی جێندەرییە کاری منداڵانە. سەرەڕای هەندێک لێکچوون، کچان و کوڕان بە شێوەیەکی جیاواز کاری منداڵان لە سۆنگەی هۆکار و جۆری کار‌‌کردن و شێوازی ئەنجامدان و لێکەوتەکانیەوە بەئەزموون دەکەن. کچان شان بە شانی کوڕان کار دەکەن، بەڵام سەرژمێرییەکان لە سەر بنەمای هۆکارگەلێکی وەکوو نەبینراو‌بوونی کاری کچان، گرینگی‌نەدان بە کاری کچان لە لایەن دایک و باوکەوە بە هۆی تێڕوانینی هەڵە، وەرنەگرتنی حەقدەست و شاراوە‌‌بوونی هەندێک لە کارەکان – ئەم مژارە هەندێک لە جۆرەکانی کاری کوڕانیش دەگرێتەوە – ئەوان کەم هەژمار دەکرێن. بۆ وێنە هەندێک لە ڕاپرسییەکان کچان بە “بێکار” ئەژمار دەکەن، واتە نە لە قوتابخانەن و نە کار دەکەن، بەڵام لەوانەیە ئەو کچانە کار بکەن.

لاگیریی جێندەری و پێباشیی کۆمەڵایەتی بۆ کوڕان وا دەکا دایک و باوک زیاتر گرینگی بە کوڕان بدەن، سەرمایە بۆ گەشە‌‌کردن و سەرکەوتنیان تەرخان بکەن، کچان بکەنە قوربانیی کوڕان و لە گەشە‌‌کردن و پێشکەوتندا سنووردار‌یان بکەنەوە. ئەمەش هەلی چوونە ناو کاری کچان خۆش دەکا، لە کاتێکدا کارەکانیان هەژمار ناکرێت. چاوەڕوانی و جیاکاریی جێندەری، پێباشییەکانی دایک و باوک لەگەڵ هەندێک هۆکاری تایبەتی وەکوو ‌بوونی نەخۆشێک لە ناو خێزان و ئیش‌‌کردنی دایک و باوک (هەر دووکیان) لە دەرەوەی ماڵ لە هۆکارە سەرەکییەکانی کاری کچانن، کە ئەمە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی کچان لە شوێنی کاردا دوو هێندە بچەوسێنەوە. بە هەمان شێوە هۆگری بۆ ئەنجامدانی کاری قورس لە بارودۆخی خراپ و ملکەچ‌‌بوون وای کردووە کە داخوازیی بۆ کاری کچان زیاتر بێت. هەر چەندە کوڕان و کچان بە هۆی هەژاری و بارودۆخی نالەباری دیکەوە ناچارن کار بکەن، بەڵام ژمارەیەک لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە ئەم هۆکارانە زیاتر کاریگەرییان لە سەر کچان داناوە تا کوڕان و لە هەندێک حاڵەتدا کوڕان بۆ سەربەخۆیی ئابووری کار دەکەن (ویل، 2002).

بە هۆی گریمانە فەرهەنگییەکان و چاوەڕوانییە جێندەرییەکان و دەرفەتە بەردەستەکان و شێوازی ڕێکخستنی کار، کچان و کوڕان لە جۆرە جیاوازەکانی کاردا ئیش دەکەن. ئەو کارانەی کە پێویستیان بە کاری جەستەیی قورس، کۆچ‌‌کردن، کار‌‌کردنی دوور لە شوێنی ژیان و نیشتەجێ‌‌بوون لە شوێنی ئیش وەکوو  زبڵگەڕی، کاری بیناسازی زیاتر کوڕانەیە. ئەم جۆرە کارانە زیاتر لە لایەن کوڕانی ئەڤغانی لە ئێران ئەنجام دەدرێ (ئەنجومەنی پاراستنی مافەکانی منداڵان، 1398). کچان زیاتر لە کاری ناوماڵ و کشتوکاڵیدا بەشداری دەنوێنن. بە پێچەوانەی باوەڕی باو، کاری ناوماڵ کچان تووشی زیانێکی گەورە دەکات (بلاگ‌برو، 2008؛ یونیسێف، 1999). لە کاری شەقامیشدا، بەو پێیەی کچان باشتر توانای ڕاکێشانی بەزەیی شارۆمەندانیان هەیە و پارە پەیدا دەکەن، بەشدارییەکی چالاکانەیان هەیە (ئەحمەدی، ١۴٠٠ هەتاوی).

بە پێی پۆلێنبەندییەکی دیکە، کوڕان زیاتر لە بازاڕدا ‌بوونیان هەیە و ئەو ئیشانە ئەنجام دەدەن وا حەقدەستیان هەیە، لە حاڵێکدا کچان زیاتر لە کاری ماڵەوە و خزمەتگوزاریی کابانی کە بێ‌حەقدەستە ئیش دەکەن. لەو شوێنانەی کە کچان حەقدەستیان پێ دەدرێ، لە هەلومەرجێکی یەکسانیشدا، حەقدەستکەیان لە هی کوڕەکان کەمترە و کەمتر حەقدەستەکەیان لە ژێر ڕکێفی خۆیاندایە و دەیدەن بە باوک، دایک یان مێردەکەیان. ئەو ئەزموون و لێهاتووییانەی کە کوڕان لە شوێنی کاردا بەدەستی دەهێنن دەتوانن لە داهاتوودا بۆ کارەکانی دیکە بە کاری بهێنن، لە حاڵێکدا ئەمە بۆ کچان کەمترە.

کاری منداڵان زیانێکی گەورە بە هەر دوو ڕەگەزی کوڕ و کچ دەگەیەنێ و بە هۆی هەندێک چاوەڕوانیی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی منداڵان، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی کار بۆ کچان خراپترە. گێچەڵی سێکسی یەکێک لە لێکەوتەکانی کار‌‌کردنە کە زیاتر کچان دەگرێتەوە. تەنانەت ترس لە هەراسان‌‌کردن و لەدەستدانی پاکیزەیی و شەرەفی کچان لە ناو هەندێک لە نەتەوەکاندا لە تەمەنێکی دیاریکراو بە دواوە – تەمەنی باڵق‌‌بوون – هۆگریی کچان بۆ کار‌‌کردن لە دەرەوەی ماڵ، بەتایبەت لە سەر شەقام یان لە کاری کشتوکاڵی، کەم دەکاتەوە.

بە پێداچوونەوە بە توێژینەوەکانی بواری کار بە جەخت‌‌کردنە سەر ڕەگەزێتی (جێندەر)، جیاوازییەکی بەرچاوی جێندەری لە کاری منداڵاندا دەبینین. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، ئەم بابەتە لە لایەن لێکۆڵەران، یاسادانەران و داڕێژەرانی سیاسەت و چالاکانی مافەکانی منداڵان، بە تایبەت لە ئێران کەمتر سەرنجی پێ دراوە. بۆیە پێویستە ئەم بابەتە لە پلەی یەکەمدا لە لایەن توێژەرانەوە ئاوڕی لێ بدرێتەوە بۆ ئەوەی بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەم بوارەدا زانیاریی تەواو ئامادە بکەن. بە بێ پێدانی زانیاری و ناسینی تەواو، سیاسەت و دەستێوەردانی لاواز ئەنجام دەدرێ کە لە نەهێشتنی کاری منداڵان و کەم‌‌کردنەوەی خەسارەت و زیانەکانی کار هیچ ‌کاریگەرییەکی نابێت.

سەبارەت بە نووسەر

کامیل ئەحمەدی، توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوە و خاوەن بڕواناوەی ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا هه یه و براوەی خەڵاتی «ناوووس» لە زانکۆی یاسای لەندەن لە بنیاتی ماف (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی»ـی بنیاتی جیهانیی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵانه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی لەژێر ئەم ناوانە چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب‌و‌نەریتی مێزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران) کە لە لایەن Uncut Voices Press-Oxford و چاپخانەی شیرازە چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  بڵاو بۆتەوە؛

ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە/ هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران) کە دەقە فارسییەکەی لە لایەن چاپخانەی شیرازە بڵاو بۆتەوە و چاپخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کردووە؛

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران)؛

– توێژینەوەیەکی دیکە بە ناوی تاڵانی منداڵی کە لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان ئەنجام درا کە بابەتی زبڵگەڕیی منداڵانی لە تاران تاوتوێ کردووە و لە ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسیی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران) کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

– توێژینەوەیەکی ناوبراو لەژێر ناوی لە سنوورەوە هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران) کە 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان  که لە لەندەن چاپ کرا.

 توێژینەوەکان لە ماڵپەڕی خۆی دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com/kurdi

سەرچاوەی کوردی:

ئەحمەدی، کامیل. (۲۰۲۱). ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵی. توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە جۆر، هۆکار و لێکەوتەکانی کاری منداڵان. دانیمارک، ئاڤای بووف.

سەرچاوە فارسییەکان:

انجمن حمایت از حقوق کودکان. (1398). یغمایی کودکی: پژوهشی درباب شناخت، پیش‌گیری و کنترل پدیدۀ زباله‌گردی کودکان در تهران. تهران: روز.

ایمانی، نفیسه؛ نرسیسیانس، ایملیا. (1390). مطالعه انسان‌شناسانه پدیده کودکان کار خیابانی در شهر کرج. مسائل اجتماعی ئێران، 3 (1)، 7-32.

پروین، ستار و درویش‌فرد، علی‌اصغر. (1394). خرده‌فرهنگ فقر و آسیب‌های اجتماعی در محلات شهری (مطالعه موردی محله هرندی). برناوه‌ریزی و رفاه اجتماعی. 23: 89-51.

زارع، شاآبادی اکبر؛ حاجی‌زاده میمندی، مسعود و اکبری قورتانی، صدیقه. (1388). نقش خانواده نابسامان بر پدیده کودکان کار (مطالعه موردی استان یزد). انتظام اجتماعی. 1 (3): 52-30.

صفی‌خانی، ثمره؛ موسوی، سید یعقوب؛ رجبلو، قنبرعلی. (1395). هویت در آستانه کولی‌های ساکن شهر تهران. تحقیقات فرهنگی ئێران. 9 (3): 29-1.

کشاورز حداد، غلام‌رضا، نظرپور، محمدنقی و سیفی کفش‌گری، محسن. (1393). کودکان کار در خانوارهای ئێران. مطالعات و سیاست‌های اقتصادی. (10) 1. 74-49.

فیروزآبادی، سید احمد و رضانیاکان، زهرا. (1393). مطالعه عوامل اجتماعی مؤثر بر کار کودکان و پیامدهای آموزشی ناشی از آن (موردمطالعه روستا کراده، شهرستان جهرم). بررسی مسائل اجتماعی ئێران. 4 (1): 69-92.

قاضی طباطبائی، محمود و ابوعلی، ودادهیر. (1389). فراتحلیل پژوهش‌های اجتماعی و رفتاری. تهران: جامعه شناسان.

میرحسینی، زهرا و قربانی، الهه. (1398). تجربه زیسته دختران کار خیابانی؛ در بستر ملاحظات جنسیتی و تفاوت‌های قومیتی. فصل‌ناوه علوم اجتماعی. 26 (84): 46-119.

میرک‌زاده؛ علی‌اصغر؛ زرافشانی، کیومرث و کرمیان، فرانک. (1395). شناسایی آسیب‌های پیش روی کودکان کار روستایی در فعالیت‌های کشاورزی دهستان ماهیدشت. پژوهش‌های روستایی. 7 (3): 25-516.

وامقی، مروئه؛ دژمان، معصومه و دیگران. (1392). ارزیابی سریع وضعیت کودکان خیابانی در شهر تهران، 1392 (علل و خطرهای کار کودکان در خیابان). مطالعات و تحقیقات اجتماعی در ئێران. 4 (1): 33-51.

وامقی، مروئه؛ روشنفکر، پیام و دیگران. (1394). بررسی ترکیبی و ارزیابی سریع وضعیت کودکان خیابانی و ویژگی‌های کار آنان در تهران. بررسی مسائل اجتماعی. 6 (2): 416-391.

وامقی، مروئه و یزدانی، فرشید. (1398). گزارش وضعیت کار کودکان در ئێران. در آسیب‌های اجتماعی و نابرابری: دومین گزارش وضعیت اجتماعی ئێران 1396-1388. (ج 2، ص 150-95). تهران: آگاه.

 

سەرچاوە ئینگلیزییەکان

Amorim, A., Badrinath, S., Samouiller, S., & Murray, N. (2004). Gender Equality and Child Labour: A participatory tool for Facilitators. International Labour Organization.

Arnold, T. J., Arcury, T. A., Sandberg, J. C., Quandt, S. A., Talton, J. W., Mora, D. C., … & Daniel, S. S. (2020). Heat-related illness among Latinx child farmworkers in North Carolina: a mixed-methods study. New solutions: a journal of environmental and occupational health policy, 30(2), 111-126.

Bhat, B. A. (2010). Gender, education and child labour: A sociological perspective. Educational Research and Reviews, 5(6), 323-328.

Black, M. (2005). Child Domestic Workers: A handbook on good practice in programme interventions.

Blagbrough, J. (2008). ‘They Respect Their Animals More’Voices of child domestic workers.

 Burrone, S., & Giannelli, G. C. (2020). Child labour, gender and vulnerable employment in adulthood. Evidence for Tanzania. The Journal of Development Studies, 56(12), 2235-2250.

Cigno, A., Rosati, F. C., & Tzannatos, Z. (2002). Child labor handbook. Washington: The World Bank.

Haspels, N., & Suriyasarn, B. (2003). Promotion of Gender Equality in Action Against Child Labour and Trafficking: A Practical Guide for Organisations. International Labour Office, International Programme for the Elimination of Child Labour, Subregional Office for East Asia.

Hurst, P. (2007). Health and child labor in agriculture. Food and nutrition bulletin, 28(2_suppl2), S364-S371.

Glinskayai, E., Lokshin, M., & Garcia, M. (2000). The Effect of Early Childhood Development Programs on Women’s Labor Force Participation and Older Children’s Schooling in Kenya. Available at SSRN 630746.

Guarcello, L., & Lyon, S. (2003). Children’s work and water access in Yemen. International Labour Organization (ILO).

Gustafsson-Wright, E., and H. H. Pyne. 2002. Gender Dimensions of Child Labor and Street Children in Brazil. Policy Research Working Paper 2897. World Bank, Washington, D.C.

Ilahi, N. (2001). Children’s work and schooling: does gender matter? Evidence from the Peru LSMS. Evidence from the Peru Lsms (December 2001).

International Labour Organization. (2004). Helping Hands or Shackled Lives? Understanding Child Domestic Labour and Responses to It. Geneva.

———. (2007). Girls in Mining: Research Findings from Ghana, Niger, Peru, and United Republic of Tanzania. ILO Working paper.

———. (2007). Child domestic labour information resources. Geneva: International Labour Organization Geneva.

International Labour Office and United Nations Children’s Fund. (2020). Trends and the Road Forward. New York. License: CC BY 4.0.

Kazeem, A. (2012). Children’s Work in Nigeria: Exploring the Implications of Gender, Urban–Rural Residence, and Household Socioeconomic Status. The Review of Black Political Economy, 39(2), 187-201.

Khan, S., & Hesketh, T. (2010). Deteriorating situation for street children in Pakistan: a consequence of war. Archives of disease in childhood, 95(8), 655-657.

Knaul, F. M. (2001). The Impact of Child Labor and School Dropout on Human Capital: Gender Differences in Mexico. In E. Katz and M. Correia, eds., The Economics of Gender in Mexico—Work, Family, State and Market. Washington, D.C.: World Bank.

Kolomiyets, T., & Murray, U. (2004). Global child labour data review: A gender perspective. International Labour Office.

Mull, L. D., & Kirkhorn, S. R. (2005). Child labor in Ghana cocoa production: focus upon agricultural tasks, ergonomic exposures, and associated injuries and illnesses. Public Health Reports, 120(6), 649-655.

Pitt, M. M., & Rosenzweig, M. R. (1990). Estimating the intrahousehold incidence of illness: Child health and gender-inequality in the allocation of time. International Economic Review, 969-989.

Salmon, C. (2005). Child labor in Bangladesh: Are children the last economic resource of the household?. Journal of Developing Societies, 21(1-2), 33-54.

Schultz, T. P., & Strauss, J. (Eds.). (2008). Handbook of development economics. Elsevier.

Sensoy Bahar, O. (2014). An overview of the risk factors that contribute to child labor in Turkey: Implications for research, policy, and practice. International Social Work, 57(6), 688-697.

Sensoy Bahar, O. (2016). How do low-income Kurdish migrant families in Turkey negotiate child/adolescent characteristics in child labor decisions? Insights from Kurdish mothers. Qualitative Social Work, 15(1), 11-34.

UNICEF, I. (1999). Child domestic work. Innocenti Digest, 5, 20.

Wille, C. (2001). Trafficking in children into the worst forms of child labour: a rapid assessment. Geneva: International Labour Office.

World Bank. (2005). Gender issues in child labor.

 

 دابەزاندن PDFی وتار