داخوازییه ئێتنیکییەکان له ئێران لە سەر ڕەوتی دادپەروەری و گەشە

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

فرەڕەنگی شوناسی / ئێتنیکییەکانی ئێرانی هاوچەرخ لەگەڵ پەرەسەندنی پرۆسەکانی به جیهانیبوون هاوکات بوو و گەنگەشەی نێوان‌ ئێتنیکەکانی هێناوەتە کایەوه که بە مەبەستی نەهێشتنی هەڵاواردن و نایەکسانییەکان بۆ گەیشتن به گەشەی کۆمەڵایەتی به لای شوناس‌خوازی و دادپەروەرخوازیدا دەشکێتەوه، بابەتێک که بۆته زەمینەی ئەم توێژینەوه له ناو فارس، تورک، کورد، عەرەب و بەلووچەکانی ئێران. شوناسه کۆمەڵایەتییه ئێرانییەکان له باڵادەستبوونی توخمەکانی شوناسی فارسی به سەر ئەرکانی خۆیان ڕازی نین و بارودۆخی سنووردارکراوەی شوناسی مێژوویی ئێرانیی به دادپەروەرانه و له ئاراستەی گەشەی شوناسه گشتییەکان نازانن.ئەم توێژینەوه له سەر ئاستی 13 پارێزگای ئێران به شێوازی چۆنایەتی ئاوێتەیی (GT و ئەندازه گرتن) و ئامرازی دیمانەی قووڵ، دێکۆمێنتی کتێبخانەیی و پرسیارناوەی کراوه داتاکانی له بوارەکانی «شوناسی ئاینی و شوناسی نەتەوەیی (سازان یان دژایەتی)»، «سنووره کەلتوورییە نێوان‌ئێتنیکییەکان»، «لەمپەرەکانی بەر دەم بزووتنەوەی ئێتنیکی و نەتەوەیی»، «سڕینەوەی کەلتوورەکان»، «ئاراستەی ئاشتییانە بۆ تێپەڕین له قەیران»، هەڵێنجاندووه و پۆلێنبەندی کردووه و مۆدێلێکی چەمکیی وەدەست هێناوه که تێیدا، فاکتەرە سەرەکییەکان (ئابووریی و ئایدۆلۆژیایی)، فاکتەرە کاریگەرەکان (میدیا و شێوازی ژیان) و فاکتەرە پێش‌زەمینەییەکان (پارامەتره یاسایی، کەلتووریی و بەدیبەڕێوەبەراییەکان) دیاردەتەوەری (داخوازی دادپەروەری / لێکپسانی کۆمەڵایەتی) بێچمی گرتووه و کردەوەی ستراتیژی (کردەوەی ئاشتییانه، قبووڵ کردنی بارودۆخ و پەیوەندیی دەوڵەت و نەتەوه) و لێکەوتەکانی (سەقامگیری و لە ناوچوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی) خراوەتە ڕوو.

وشە کلیلییەکان: ئێران، شوناسی ئێتنیکی، شوناسی نەتەوەیی ئێرانیی، فارس، تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ، گەشە، دادپەروەری

پێشەکی و بەراییەکان

ئێران وڵاتێکی فرەشوناسه و لاوازیی دەوڵەتە هاوچەرخەکانی له بەدی هێنانی گەشەی کۆمەڵایەتی و داڕشتنی دادپەروەرانەی سیاسەتی کۆمەڵایەتی، یەکگرتن یان لێکبڵاوی ئێتنیکیی سەبارەت بە یەکدەستی کۆمەڵایەتی و تەبایی کۆمەڵایەتی گشتێتی ئێرانی زەق کردووەتەوه. بابەتێک که پاش شۆڕشی 1357 هەتاوی، کۆمەڵێ دیو و لایەنی جیاوازی له چاو ڕابردوو گرته خۆی و ئاریشەیەکی زۆری دروست کردووە.

گرژییەکانی نێوان شوناسه گشتییەکان له ئێرانی هاوچەرخ له سەر تەوەری ڕێزگرتن له فرەڕەنگیی و جیاوازییە شوناسییەکاندایه. له ڕاستیدا له نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمی زایینی، پرۆسەکانی به جیهانیبوون (گەشە و پەرەسەندنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی میدیاکان، گەشە کردنی وشیارییە شوناسییەکان و هەلی دووبارە نواندنەوەیان) له پاڵ سەرچاوه نەریتییەکانی شوناسی کۆمەڵایەتی (نەتەوه، ئاین، ئاینزا و نەتەوایەتی)، شوناس‌خوازییە نوێکان له سەر بنەمای ڕەگەزێتی، هۆگرییه سێکسییەکان، شێوازی ژیان، گرووپه نیمچه ئاینییەکان و دیکەی فاکتەرەکان داوایان کردووه که به فەرمی بناسرێن.

سەرەڕای ئەم فرەیی و بێژوماربوونی شوناسە، گوتاری زاڵی شوناسی هاوچەرخ له خزمەت یەکدەستکردنی شوناسیدایه که توانای پەژراندن و قبووڵکردنی فرەڕەنگییەکانی له دەست داوه، بابەتێک که به بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی و ئاسایشی نیشتمانیی و یەکپارچەیی سیاسیی وڵات، خۆی بۆته هۆکاری قووڵتربوونەوەی کەلێنی نێوان‌ئێتنیکی و نێوان‌ئێتنیکایەتی و دەسەڵات و ئەمەش دەرکەوتنی بزووتنەوه و گرووپه شوناسخوازە سیاسییەکانی لێ کەوتۆتەوه. ئەم توێژینەوه به فوکووسکردنە سەر پێنج شوناسی گشتگیری ئێرانی و به کارهێنانی شێوازی چۆنایەتی و ئاوێتەیی له نێوان کەسانی بلیمەت و کەسانی ئاسایی گرووپه ئێتنیکییەکان دیوە جۆراوجۆرەکانی بابەتەکەی تاوتوێ کردووە و شانەی موزاییکی کۆمەڵگای ئێران، له پاڵ گرنگایەتی ڕوو له هەڵکشان و بەردەوامی کۆمەڵگە ئێتنیکییەکان له هێنانه دی و پتەو کردنی یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی بۆتە هۆی تۆختربوونی سەرنج خستنه سەر چەمکه سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوه کە دادپەروەری و گەشەیە و ئەم بابەته لەگەڵ چۆنیەتی و بۆچییەتی شوناسی گشتی ئێتنیکەکان له وڵات لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایه.

ڕۆحی زاڵ به سەر کۆمەڵگا مرۆییەکانی هاوچەرخ دیموکڕاسیخوازی و گەشەخوازییه و ئەم تایبەتمەندییانه له کۆمەڵگا فرەکەلتوورییەکاندا تۆختره، به جۆرێک که جیا له پێویستییە جیهانییەکانی، له باسە نێوان‌ئێتنیکییەکان و پەیوەندیی ئەم گرووپه کۆمەڵایەتییانه لەگەڵ دەوڵەت بۆتە زەروورەت.

مەیدانی لێکۆڵینەوه

لقێک له ئێتنیکه ئاریاییەکان که بەرەو ئێران کۆچیان کرد، یەکەم جار له باشووری ڕووسیا، له کۆتاییەکانی نیوەی دووهەمی هەزارەی دووهەمی بەر له زایین و سەرەتای هەزارەی یەکەمی بەر له زایین، ورده ورده هاتنه ناو پێ‍‍دەشتی ئێران (صنیع اجلال، 1384، ل 55) و لەو کاتەوه، پێدەشتی ئێران هەمیشه شوێنی هێرش و پەلاماری ئێتنیکه جۆراوجۆرەکان بووه. هەندێ له بیرمەندانی ناسیۆنالیست عەرەبەکانیش به هۆی ئەو کاولکارییانەی که پاش هێرش کردنه سەر ئێران به سەر ئێرانیان هێنا سەرکۆنه دەکەن (بیگدلو، 1380)، بەڵام له ڕوانگەی هەندێ له توێژەران و مێژوونووسان، توخمەکانی شوناسی ئێرانیی خاوەن وەها هێزێکی کەلتووری بووە که سەرەڕای فرەڕەنگیی و فرە شوناسیی – کەلتووریی ناوخۆیی و هێرشی دەرەکی‌شوناسیی، توانیویەتی زیندوو و بەردەوام بێ و شوناسی ئێرانیی هێشتا ئاماژه بەو فرەڕەنگیی و فرەییە دەکا که پەیوەست به هەموو جۆرە گۆتارەکانی ژێر ئەم شوناسەیه. لێکدانەوەی چل پاژە لەو لێکدانەوه ڕاستانەیه که بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخی شوناسی ئێرانی ئەوڕۆیی دەتوانین به کاری ببەین (شایگان، 1381 و 1378). چەمکی مێژوویی شوناسی ئێرانی له بزووتنەوه ئێتنیکی، سیاسی و ئاینییەکانی سەردەمی ساسانییەکاندا بێچمی گرت و له سەردەمی ئیسلامیدا، وێڕای هەوراز و نشێوێکی زۆر بەردەوام مایەوه و له سەردەمی سەفەوییەدا دیسان له دایک بوویەوه و له سەردەمی نوێدا، به شێوەی شوناسی نیشتمانیی ئێران خۆی نواند (اشرف، 1378) و هەروەها دەتوانین بڵێین که ئەوڕۆ له ژێر کاریگەری سێ بواری شارستانییەتی ئێرانی، ئیسلامی و ڕۆژاواییدایە (کچوئیان، 1387).

ئەوڕۆ له ئێران، شوناسه گرووپییە جۆراوجۆرەکانی وەکوو لوڕ، بەلووچ، تورکەمەن، تورک، عەرەب، کورد و فارس نیشتەجێن و دەتوانین دانی پێدا بنێین که تا ڕادەیەک زۆربەی ئەم ئێتنیکانه له ناوچه سنوورییەکاندا نیشتەجێن و لەگەڵ ئێتنیکی وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیی کەلتووریی و ئاینییان هەیە که ئەمە بۆته هۆی نایەکدەستیی جۆراوجۆری ئێتنیکی، نەتەوەیی، زمانیی و ئاینیی که ئەوڕۆکە بوونەتە چەقی قەیرانی شوناسی نیشتمانیی و گرووپه ئێتنیکییەکان له وڵاتانی دراوسێ وەکوو عەرەب و کورد له عێراق، ئازەرییەکان له کۆماری ئازەربایجان و بەلووچەکان له پاکستان دەتوانن وەک چەقی دروستکردنی گرژیی و قەیران بێنه بەر باس (فولر، 1372).

لەگەڵ به فەرمی ناسینی زمانی فارسی، هەر کام له شوناسه گرووپییەکانی ئێرانیش زمان و زاراوه و بن زاراوەی جۆراوجۆریان له خۆ گرتووه و له ڕووی ئاینییشەوه لەگەڵ به فەرمی ناسینی مەزهەبی شێعه، له پاڵ لێکچوونه هاوشێوەکان لەم بوارانەدا له ناو ئێتنیکەکان ئاین، جڤاک و ئاینزاکان بوونی هەیه (یوسفی، 1380، ل 17)

هەر بەم پێیه، یاسادانەر، بۆ ئاسانکاری بەردەوامبوونی ژیانی نێوان‌کەلتووریی، هەندێ یاسای له پێناو قبووڵکردنی جیاوازییه کەلتوورییەکان له یاسای بنەڕەتیدا گونجاندووه، وەک چۆن مادەی پازدەهەمی یاسای بنەڕەتی جەخت له سەر هەلی به کارهێنانی زمانه خۆجێیی و ئێتنیکەکان له پاڵ زمانی فارسی دەکاتەوه و مادەکانی هەوتەم و شەست و چوارەم هەتا سەد و شەشەم به شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژه به مافەکانی ئێتنیکەکان و کەمینەکان دەکات. هەروەها له مادەی بیست و چوارەم و بیست و شەشەمیش ئاماژه به ئازادی دامەزراندنی «حیزب و کۆمەڵگەکان» و ئازادی گۆڤار و ڕۆژناوەکان کراوه.

گرووپه کۆمەڵایەتییەکان له ئێران له درێژایی مێژوودا زیاتر ژیانێکی ئاشتیانه و کەم‌ئاڵۆزیان له پاڵ یەکتر بە سەر بردووە، بەڵام پاش دەرکەوتنی دەوڵەت – نەتەوه و پەرەسەندنی بزووتنەوه شوناس‌خوازەکان له جیهان له لایەک و کەوتنه پەراوێز و دەرکەوتنی هەڵاواردنی ئێتنیکیی له لایەن ئێتنیکه دەسەڵاتدارەکان له لایەکی ترەوە، بۆتە هۆی دەرکەوتنی ناکۆکی و گرژییەکانی نێوانیان.

لەم توێژینەوەدا، پێنج شوناسی گشتی فارس، تورک، کورد، عەرەب و بەلووچ تاوتوێ کراون.

بەلووچ

بەلووچەکان موسڵمانی سوننه مەزهەب (حەنەفی)ـن و کەمینەی شێعەی دوازده ئیمامیان له خۆ گرتووه که له باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران نیشتەجێن و به ڕەچەڵەک ئاریایین؛ لەگەڵ زیاتربوونی ڕکابەری نێوان ئینگلتەرا و ڕووسیا، شوێنی نیشتەجێبوونیان له نێوان هیندستان، پاکستان و ئەڤغانستان دابەش کراوه (عبداللهی و حسین بر، 1381).

پەیوەندیی بەلووچەکان لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان هەمیشه تێکەڵ به گرژی بووه و له ڕاستیدا سیاسەتەکانی دەوڵەته جیاوازەکان بۆته هۆی پەراوێز خستنیان. یەکێک له هۆکاره گرژی‌هێنەرەکانیان لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان لێکچوونی کەلتووریی ئەوان لەگەڵ دانیشتووانی وڵاتی دراوسێیه که دەفرایەتی سەربەخۆیی‌خوازییانی تێدا بەدی هێناوه (مظفری، 1391).

بەو پێیەی که زمانی بەلووچی له وڵاتانی جۆراوجۆردا باوه، هەر له سەرەتای پۆلێنبەندی ئەم زمانه، له ناو زمانناسان ڕێککەوتنێک بوونی نییه. کەواته پۆلێنبەندی جۆراوجۆر هەیه. بۆ وێنه، هەندێ وتوویانه “بەلووچی باکووری و بەلووچی باشووری” و هەندێکی دیکه وتوویانە ‘‘بەلووچی ڕۆژهەڵاتی و بەلووچی ڕۆژاوایی’‘ و هەندێکیش – که لەم دواییانەدا ئەم بۆچوونەیان خستۆته ڕوو – دەڵێن زمانی بەلووچی بۆ سەر سێ زمانی ڕۆژهەڵاتی، ڕۆژاوایی و باشووری دابەش دەبێت. بەڵام ئەگەر بمانهەوێ ئەم دابەشکارییه نیمچه ئاڵۆزه وەلا بنێین و ئاماژه به ناسراوترین زاراوە بەلووچییەکان بکەین، دەبێ ئاماژه به زاراوەی ڕەخشانی بکەین که پڕبێژەرترین زاراوەی بەلووچییه و له ئێران، پاکستان، ئەڤغانستان و تورکەمەنستان ئاخافتنی پێوه دەکەن (طامه، 1396).

هەر هەموو خەڵکی بەلووچ موسڵمان یان سەر به زۆرینه موسڵمانی سوننەی حەنەفی یان کەمینەی شێعەی دوازده ئیمامین و تاقم و ئاینزا و ئاینێکی دیکه له ناویاندا بوونی نییه. جلوبەرگی دەرزی‌دووری لە ئاسەواری کەلتووریی و بەرهەمی هونەری ئافرەتانی بەلووچه که ناوبانگێکی زۆری هەیه.

تورک / ئازەری

ئەم گرووپه له دراوسێتی کۆماری ئازەربایجانە و بنچینەی زمانی هاوبەشیان لەگەڵ تورکیا هەیه و له سەردەمی سۆڤییەتەوه ئیدعای یەکگرتنی هەر دوو ئازەربایجانەکە و یەکگرتنی قەڵەمڕەوی هەر دوو بەری ڕووباری ئەرەس هاوشێوەی خەونێکی نەتەوەیی بۆ پان تورکیزم بۆته باو. زۆربەی ئاخێوەرانی زمانی تورکی ئازەربایجان له باکووری ڕۆژاوای وڵات و له پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی، ئەردەبیل، زەنجان و قەزوێن نیشتەجێن. زۆربەی خەڵکی تورک‌زمانی دانیشتووی ئێران به زاراوەی تورکی ئازەربایجانی ئاخافتن دەکەن و هەڵبەت تورکی خوراسانیش له ئێراندا قسەکەری هەیه. زۆربەی خەڵکی ئازەری / تورک له ئێران موسڵمان و ئەهلی شێعەن. هەڵبەت له ناو ئازەرییەکانیشدا شوێنکەوتەی ئاینی یارسان بەدی دەکرێت.

ئازەرییەکان / تورکەکان جیا له پابەندبوون به ڕێوڕەسمه نەتەوەیی و ئاینییەکان، له زۆر ڕووەوه داب و نەریتی تایبەت به خۆیانیان پاراستووه و له هەندێ حاڵەتدا، ڕێوڕەسم و داب و نەریتی باویان بۆته باسی نیشتمانیی، به جۆرێک که ڕیزەکانی ماتەم‌گێڕانی حسێنییەی مەزنی زەنجان، تەورێز، ورمێ و ئەردەبیل وەک به ناوبانگترین ڕیزەکانی ماتەمینی ئەهلی بەیت له ناو ئێرانییه ئازەرییەکان له مانگی موحەڕەمدا دێته هەژمار. هەروەها ڕێوڕەسمگەلی وەکوو تەشتدانان، تازیەخوێنی، شاهـ‌حسێن‌خوێنی، سینگ کوتان و زنجیر لێدان له داب و نەریتە باوەکانی ئەوانه و شینگێڕی و دولکه و لاواندنەوەکان به زمانی تورکی دەخوێنرێتەوه. ڕێوڕەسمەکانی ماتەمگێڕانی بازاڕی مێژوویی تەورێزیش تۆماری نیشتمانیی کراوه. هەروەها، مۆسیقای ئازەربایجانیش وەک بەشێکی گرنگ له شوناسی کەلتووریی ئەم ئێتنیکه دێته هەژمار و هونەرمەندانی ئازەربایجانی به داهێنەرایەتی خۆیان مۆسیقایەکی ناوازەیان داهێناوه و ئەوانەی ئەم چەشنه مۆسیقایه لەگەڵ شێعرەکانی خۆیان به زمانی تورکی ئازەربایجانی دەچڕن پێیان دەڵێن عاشیق. عاشیقەکان له وەسفکردنی ئازەربایجان و جوامێری گەورەکانیان، له بۆنەی ئاهەنگ و ماتەمین، شێعری زۆر خۆش لەگەڵ مۆسیقای ئازەربایجانی دەچڕن و جێی سەرنجی هەمووانن. جلوبەرگی نەریتیی ئازەربایجانی له سیمبۆله تایبەتەکانی ئازەرییەکانه و له دوای پرۆسەگەلی دوور و درێژی کەلتوور و ئاین و دیکەی فاکتەرەکانی خەڵکی ئازەری بەدی هاتوون.

فارس (فارس زمانەکان)

فارسەکان گەورەترین ئێتنیکی ئێرانن که زۆریان دانیشتووی شارەکانی ناوەندی ئێرانن و له ڕووی سیاسییەوه له ئێران باڵادەستن و به واتایەک به هۆی توخمە شوناسییەکانی خۆیان وەکوو زمان (فارسی)، ئاین (شێعه) و دیکەی توخمەکان به سەر دیکەی ئێتنیکەکاندا باڵادەستن. زۆربەی فارس زمانەکانی ئێران شوێنکەوتەی مەزهەبی شێعەی دوازده ئیمامین، بەڵام له هەندێ له ناوچە سنوورییەکانی ئێران، شوێنکەوتووانی سوننەی فارسی زمانیش نیشتەجێن.

فارسەکان زیاتر نیشتەجێی شارە گەورەکانی ئێرانن و له ڕوانگەی کەلتوورییەوە، هەلی زۆر زیاتر له ئێرانییەکانیان هەیه. زمانی فارسی له زمانه هیندوئورووپاییەکانه و خەڵک له وڵاتانی ئێران، ئەڤغانستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان ئاخافتنی پێوە دەکەن و له ڕاستیدا زمانی فەرمی وڵاتانی ئێران و تاجیکستانە و یەکێکه له دوو زمانی فەرمی ئەڤغانستان (له پاڵ پەشتۆ) و زمانی فەرمی وڵاتی هیندستان (هەتا بەر له هاتنی کلۆنیاڵی بریتانیا)ـە.

کورد

کورد پاش عەرەب، فارس و تورک وەک گەورەترین بلووکی ئێتنیکی له خۆرهەڵاتی ناڤین دێته هەژمار (Olson, 2003, p. 6). کوردەکان به گشتی له سنووری نێوان چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا نیشتەجێن.

زمانی کوردی یەکێک لە لقەکانی زمانی هیندوئووروپاییه که لەگەڵ زمانەکانی وەکوو ئاستی، ئەڤغانی، فارسی، تاجیکی، تاتی و تالشی و … و لەگەڵ زمانە کۆنەکان، ئاڤێستایی، سۆغدی، خاڕەزمی، ئێسکیتی و زۆر زمانی دیکه هاوبنچینەیه (دیاکونف، 1383، ل 439). ئەم زمانه ئێرانییه و سەر به گرووپه زمانییەکانی باکووری ڕۆژاوایی یان باشووری ڕۆژاوایی ئەم بنچینەیه (برویین سن، 1383، ل 35) و بنزاراوەکانی کرمانجی باکووری، کرمانجی ناوەڕاستی و کرمانجی باشووری، گۆرانی و زازایی له سنووری جوگرافیایی ئەواندا بەدی دەکرێت.

عەباس وەلی و دیتران (1398) ڕوونی دەکەنەوه که شوناسی کوردی لەو جیاوازییانەدا دەردەکەوێ که شوناسی دەسەڵات پێناسە دەکات. ئەم شوناسه بەوەی کە هیچ شتیک دلالەت ناکا، لە سەر شتەکان دلالەت دەکا، واتە لە گەڵ نەبوونە کە بوونی هەیە و ئەوە بە جۆریک سووژەمەندیی دەزانێ به بی ئەوەی بارودۆخی ئیمکانی نواندنەوە / دلالەتی لە میژوو و سیاسەتدا هەبێت. له ناو کوردەکان، هەر دوو ئاینزای شێعه و سوننه بەدی دەکرێ و ئەگەر ناوچه کوردنشینەکانی ئێران بۆ سەر دوو بەستێنی ئاینزایی دابەش بکەین، دەتوانین بڵێین زۆربەی کورده سوننه مەزهەبەکان له نیوەی باکووریی نیشتەجێن. هەڵبەت کۆمەڵێکی دیکەی کوردەکانیش هەن که پێیان دەڵێن یارسانەکان (کاکەیی / ئەهلی حەق) و زۆربەی شوێنکەوتووانی ئەم ئاینه له هەندێ له شار و گوندەکانی پارێزگای کرماشاندا ژیان به سەڕ دەبەن.

کوردەکان له سەر بەڕێوه بردنی ڕێوڕەسمه نەتەوەیی و ئاینییەکان سوورن و لەو پەڕی شکۆمەندیدا نەورۆز بەڕێوه دەبەن و بایەخێکی زۆر دەدەن به ڕێوڕەسم و جەژنه ئاینییەکانی وەکوو جەژنی قوربان و جەژن ڕەمەزان و بەتایبەت جەژنی له دایکبوونی پێغەمبەر و لە بۆنە ئاینییەکاندا له هەندێ ناوچەکان خۆراکی نەزری وەکوو جۆری ئاشی تایبەت لێدەنن و له ناو خەڵکدا دابەشی دەکەن و لەگەڵ ئەوه، ڕێوڕەسمی زیکری دەروێشەکان و ژەنینی دەف و زیکرخوێنی بەتایبەت مەولوودی‌خوێنی، حەمد و ستایشی پێغەمبەری ئیسلام و پاڕانەوه له بەر قاپی خوداش بەڕێوه دەچێت. له ناوچه کوردنشینەکان، جلوبەرگی جۆراوجۆر لەوانه جلوبەرگی کوردی بەدی دەکەین به جۆرێک که به کەمێک گۆڕانی له چاو یەکتر، هەر کام فۆڕم و دیمەنی جوانی خۆیانیان هەیه. جلوبەرگی نەریتیی پیاوان و ئافرەتانی کورد بریتییه له باڵاپۆش، سەرپۆش و پێڵاو. پێکهاته و کارکردی هەر کام لەمانه به پێی وەرز و جۆری ئیش و بژێوی و بۆنه و جەژنەکان له یەکتر جیاوازه. ئەگەرچی جلوبەرگی ناوچه جیاجیاکانی کوردستان وەکوو هەورامان، سەقز، بانه گووگولاو، گەڕووس، سنه، مەریوان، مەهاباد و دیکەی شوێنەکان جیاوازه، بەڵام له ڕووی جلوبەرگی تەواوی لەش هەمووان هاوشێوەن.

عەرەب

کۆمەڵگای عەرەب زمان، له سەرتاسەری دنیادا، قەڵەمڕەوێکی بەربڵاویان له کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە خۆ گرتووە و له ئێرانیش له باشوور و باشووری ڕۆژاوا، له بەشگەلێک له پارێزگای خووزستان نیشتەجێن (میراحمدی، 1377، ل 32). دەبێ بڵێین که عەرەبەکانی ئێرانیش، هاوشێوەی تورکەکان لەگەڵ ناوەند هاوبەشێتی ئاینزاییان هەیه و ئەمه شوناسی ئێتنیکی ئەوپەڕ سنوورییان لاواز دەکات.

عەرەبەکانی دانیشتووی ئێران زیاتر به زاراوەی عەرەبی خووزستانی که بنزاراوەیەکه له عەرەبی مزۆپۆتامیایی ئاخافتن دەکەن. عەرەبەکانی ئێران له چوار پارێزگای خووزستان و بەندەر عەباس و بووشێر و ناوچه باشوورییەکانی پارێزگای ئیلام بڵاو بوونەتەوه، بەڵام زۆربەیان له پارێزگای خووزستان نیشتەجێن و زیاتر شێعەی دوازده ئیمامین. هەڵبەت عەرەبە سوننه مەزهەبەکانیش له ئێران هەن، بەڵام ڕێژەیەکی کەمتر پێک دێنن.

عەرەبەکانی خووزستانیش هاوشێوەی دیکەی خەڵکی ئێران خاوەن کەلتووری تایبەت به خۆیانن و به لاساییکردنەوەی عەرەبەکانی وڵاتانی دراوسێ، جیژنی ڕەمەزان پێگه و بایەخێکی زۆر زیاتری له چاو کەلتووره گشتییەکانی ئەوان هەیه و به نۆڕم، ڕفتار و داب و نەریتی زۆرەوه ڕێزی لێ دەگرن. یەکێکی دیکه له نەریته کۆنه باوەکانی عەرەبەکانی خووزستان ڕێوڕەسمی گۆرگیعانه که هەموو ساڵێک له پازدەی مانگی ڕەمەزان له ئەهواز بەڕێوه دەچێت. یەکێکی دیکه له ڕێوڕەسم و بۆنه هەرە گرنگ و باوەکانی نەتەوەی عەرەب، دەتوانین ئاماژه به ڕێوڕەسمی قاوەخۆری و دەلەخۆری بکەین که به داب و نەریتێکی زۆرەوه بەڕێوه دەچێت.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Capture.JPG

وێنەی ژمارەی 1: خەریتەی لێکبڵاوێتی ئێتنیک و ئاینەکان له ئێران

شوناس‌خوازی ئێتنیکه ئێرانییەکان

پیناسەی پاوانەکراوی شوناسی ئیتنیکی فارس لە ئاستی شوناسی نەتەوەیی ئیرانیی بووەتە هۆی دابەزاندنی ئەم شوناسە بۆ شوناسی فارسی و زمان، ئاین، ئاینزا، کەلتوور و دیکەی توخمەکانی شوناسی ئێتنیکی فارسی له ژێر ناوی شوناسی فەرمی ئێرانی ناساندووه و بەم شێوه داخوازی شوناسخوازانەی ئێرانیی له قۆناغه جۆراوجۆرەکاندا خۆی نواندووه. توێژینەوەی جۆراوجۆر لەم بارەوه گوزارشته لەوەی که لاوازی دەوڵەت و بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ قەیرانه سیاسی، ئابووریی، و کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکی بۆ شێلگیری ئامانجی شوناسخوازانەی ئێتنیکەکان هێناوەته ئاراوه و بووەتە هۆی کێشمەکێشی ئێتنیکەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی (Amirahmadi, 1987, p. 363-391). له ڕاستیدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ له نێوان کەمبوونەوەی توانای کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و قەیرانه دەوڵەتی و ئێتنیکەکاندا بوونی هەیه (رمضان زاده، 1377).

زیاترین گروپی ئێتنیکی له ئێران فارسەکانن که بێچمی توندڕەوانەی دیکەی ئێتنیکه ئێرانییەکان به سەرەتایی، عەشیرەیی و پەراوێزخراو دەناسێنن و کەلتووری فارسی بۆ دیکەی ئێتنیکەکان وەک هێمای باڵادەستیی و پێشکەوتوو پیشان دەدەن.

پاش فارسەکان، تورکەکان پڕحەشیمەتترین ئێتنیکن و زۆرینەی داخوازییه ئێتنیکییەکانیان دەگەڕێتەوه بۆ کەمتر له سەدەیەک و زەقترین نموونەکەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کۆماری ئازەربایجان به ڕێبەرایەتی جەعفەر پیشەوەری بوو. ڕادیکاڵترین هۆگریی تورکەکان / ئازەرییەکان خواستی پانتورکیستانەیه که له ئێتنیکه به ڕەچەڵەک تورکەکانی ئێمپڕاتۆری سۆڤییەتەوە سەرچاوه دەگرێت. هەڵبەت زۆرینەی داخوازیی شوناس‌خوازانەی تورکەکانی ئێران داخوازی کۆمەڵایەتی و دادپەروەرتەوەرە و له ڕێگەی داخوازی مەدەنییەوه دەخرێتە ڕوو، بەڵام حیزبه ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەرەوەی وڵاتی ئێران زیاتر درێژە به ئامانجی سەربەخۆیی‌خوازانه دەدەن که هەڵبەت کاریگەریشی له سەر ناوەوەی ئێران و بەتایبەت له سەر کۆمەڵێ گرووپ له تەورێز داناوه.

کوردەکان که سوننەی شافێعی مەزهەبن ئەوانیش لایەنی جۆراوجۆریان له شوناس‌خوازی له خۆ پیشان داوه. ڕەوتی باڵادەست ناسیۆنالیستی کورد ڕەوتێکی نەتەوەخوازییه. به باوەڕی ئەوان نەتەوەی کورد بوونێکی سەرەتایی هەیه، بناغەیەکی سرووشتی که ڕیشەکەی دەچێتەوه سەر جەوهەری کوردەکان (وەلی، 1397). له ئێرانیشدا پێشینەی سەرەکی داخوازییه ئێتنیک‌خوازانەی کوردەکان دەگەڕێتەوه بۆ کەمتر له سەدەیەک و ڕەوته مێژووسازەکەی له ساڵی 1324ـی هەتاوی و لەگەڵ دامەزرانی کۆماری سەربەخۆی کوردستان (به ناوەندێتی مەهاباد و ڕێبەرایەتی قازی محەمەد) دروست بوو. لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان و بێچمگرتنی بڵێسەی شۆڕشی 1357ـی هەتاوی، حیزبی دیموکڕات سەر له نوێ خۆی ڕێک خستەوه و حیزبگەلی دیکەی وەکوو کۆمەڵە، ڕێکخراوی خەبات و … دروست بوون، شوناس‌خوازی ئەوڕۆیی کوردەکان فۆڕمی ڕێکخراوی مەدەنی و چالاکییه کەلتووری و هونەرییەکانی گرتۆته خۆی، ئەگەرچی حیزبه سیاسییە چەکدارە شوناسخوازەکان له دەرەوەی وڵات هێشتا چالاکن و هەڵبەت لێکدابڕانیش کەوتۆته نێوانیان.

پێشینەی داخوازی سیستماتیکی شوناس‌خوازانەی عەرەبەکانی ئێران دەگەڕێتەوه بۆ نزیکەی 70 ساڵ بەر له ئێستا. ئەم گرووپانه پاش شۆڕشی 1357، هەستان به بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا و ئامانج و تەنانەت داپەڕە سەربازییەکانیان و ئەوڕۆش دوو ئاستی جیاواز له داخوازێتی له ناو عەرەبەکاندا بوونی هەیه که گرووپێک خوازیاری سەربەخۆیی تەواوی خووزستان له ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەب زمانن، بەڵام له هەندێ له ڕێکخراو و حیزبەکانی دیکه خوازیاری پێکهێنانی سیستەمێکی فیدڕالی له ئێرانن که ئیالەتی خووزستان یەکێک له ئیالەته پێشنیارییەکانی ئەوانه (ئەحمەدی، 1383).

بەلووچەکان خاوەن زمانی بەلووچی و ئاینزای سوننەی حەنەفین. دابەشبوونی بەلووچستان له ساڵی 1879 زایینی له نێوان ئێران و هیندستان (پاکستانی ئەوڕۆیی) له نێوان ئەم ئێتنیکه یەکپارچەی سنوورێکی سیاسی بەدی هێنا. بوونی هەڵاواردنی ئێتنیکانه له له لایەن هەر دوو وڵاتی ئێران و پاکستانەوە بۆته هۆی ورووژانی هەستی ئێتنیک‌خوازانه و خستنه ڕووی داخوازیی ئێتنیکیی له لایەن بەلووچەکانەوە. ئەوڕۆکه بە هۆی بوونی گرووپەکانی تالیبان و ئەلقاعیده له ئەڤغانستان و پاکستان بزووتنەوەی شوناس‌خوازانەی بەلووچەکانی له دوو ڕووی ئاینی و ئێتنیکییەوه تۆختر کردووه. هەڵبەت ئێستا داخوازییه ئێتنیکییەکان له بێچمی چالاکی مەدەنی، کەلتووریی و کۆمەڵایەتیدا خۆی دەنوێنێ، بەڵام کەلێنی ئاینی، هەڵاواردنی ئابووریی و بوونی پەیوەندیی ناوەند – دەورووبەر بۆتە هۆی ئەوەی داخوازیی بەلووچەکانی زیاتر ببێت.

ئامانج و گرنگایەتی توێژینەوه

کۆمەڵگای ئێران له دێرزەمانەوه لەگەڵ ژیانی فرەشوناسی ڕاهاتووه و هەندێ له خاوەن تیۆرییەکان لەو باوەڕەدان که هەر چەشنه ڕوونکردنەوەیەکی گشتییانە سەبارەت بە کۆمەڵگا فرەئێتنیکەکان به بێ گرنگیدان و لێکدانەوەی فاکتەری ئێتنیکایەتی ناتەواو و نووقسانه. بەو پێیه و به پێی گرنگیی ڕوو له هەڵکشان و بەردەوامی کۆمەڵگە ئێتنیکییەکان له پێکهێنان و پتەوکردنی یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی، تاوتوێکردنی زانستییانەی ئێتنیکەکان پتر له جاران سەرنجڕاکێش بووە. هەر لەم بوارەدا، زۆرێک له خاوەن بیرۆکەکان لەو بۆچوونەدان که هاوپەیوەندیی و شوناسی نەتەوەیی ڕەگی لە کۆمەڵگە ئێتنیکییەکان و هەستی زۆر کۆنی ئێتنیکایەتی وەک نەتەوەخوازی سەرەتاییەکاندایە. هاوپەیوەندیی ئێتنیکی و یەکپارچە بوونی شوناسەکان له کۆمەڵگە فرەئێتنیک و فرەکەلتوورەکان دەتوانێ ئاشتی لێ بکەوێتەوه و کەلێنە ئێتنیکییەکان پڕ بکاتەوه. گرنگیی بابەت و پرسی سەرەکی لێرەدا چۆنیەتی و بۆچییەتی شوناسی گشتی ئێتنیکەکان له وڵاتی ئێرانه. شوناسی گشتی یان کۆمەڵایەتی هێمای ئەو مەڵبەندە و قەڵەمڕەوێک له ژیانی کۆمەڵایەتییه که کەسێک به ڕاناوی ئاماژەی «ئێمه» خۆی دەروەست و پێبەستراو و قەرزدار بەو دەزانێ و له ئاستی ئەو هەست به پابەندیی و ئەرک دەکات.

کارامەیی دەوڵەتە ئەوڕۆییەکان وابەستە بە توانای ئەوان له گەشەپێدانە و له کۆمەڵگا فرەشوناسەکانیشدا بەدەر له گەشە، چەمکی دادپەروەری نێوان‌ئێتنیکیش گرنگییەکی زۆری هەیه که ئەم توێژینەوه فوکووسی لە سەر کردووە، به جۆرێک که سازدان و پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی هەمەلایەنه له بارەی ئێتنیک و شوناسەکانی دیکه ببێته ڕێخۆشکەری هاوپەیوەندیی کۆمەڵایەتی و یەکپارچەیی نەتەوەیی، بابەتێک که دژی هەموو جۆرەکانی دووفاقێتی‌سازیی شوناسییە و کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕووناکبیران، چالاکڤانانی بواری شوناس و کەلتوور و هەموو ئەو کەسانەی که هۆگری ئاشتی و ئاشتەوایین ڕاکێشی گۆڕەپانێکی چالاک دەکا و له بری سڕینەوەی کەلتوورەکان، له پێناو بەهێز کردنی کەلتوورە زۆرەکاندایە.

ئەدەبیاتی توێژینەوه

شوناسی کەسێک یان گرووپێک پێویستی به «شوناسی ئەویتری»ـیه و له قۆناغی یەکەمدا، ئەم «شوناسی ئەویتری»ـیەیه که بوونی هەیه و لایەنی تۆکمەبەخش یان پێکهاتەیی هەیه (Grossberg, 1996, p. 93-96). لەم توێژینەوەدا، شوناس به واتای ئاگادار بوون له کێیەتی تاکایەتی و ئینتما کۆمەڵایەتییەکانی به کار هێنراوه که بێچمی دەرەکی و گشتی دەگرێته خۆی و دەبێته بناغەیەک بۆ پەیوەندیی و کردەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی (Jenkins, 2014, p. 6-20) بەڵام زیاتر له ڕێگەی هاوبەراوردی و جیاکردنەوەی ناوگرووپەکان له دەرەوەگروپەکان دەڕەخسێت (Brown, 1996, p. 9). له خشتەکەی ژێرەوه چوارچێوەی گشتی ڕوانگەکانی زانستی مرۆیی بۆ شوناس له پرۆسەی نەریت، مۆدێڕنیته و پاشمۆدێڕندا ڕەنگی داوەتەوه.

ئاراسته کات شوێن و پانتا سەرچاوەکانی شوناس جۆری شوناس سووژه قوتابخانه هزرییەکان
نەریتی ڕابردوو – شوناسی شوێندار

– وڵات‌تەوەر

– جیانەبوونەوەی پانتا شوێن

– داب و نەریت و ئاین و پێکهاتەکان

– پێویستیی ناسراوبوون

– جەوهەری نەگۆڕ و بەردەوام و پەیوەست به دەسەڵات

– پێشتر دیاریکراو

– کەسێکی سەرەتاخواز

– ئەوپەڕمێژوویی

– ئەوپەڕزەمەنی

– جەوهەری نەگۆڕ

– باوەڕە گشتییەکان

– نازانستی

ئاینی و متافیزیایی

مۆدێڕن ئێستا – دەرکەوتنی دەوڵەت – نەتەوەکان

– وڵاتگەلێک به سنووری فەرمییەوه

– سووژه (بکەری ناسێنەر)

– عەقڵی دوورئەندێش

– چاکسازی ئایین

– شۆڕشه زانستییەکان

  • پێکهاتەدار، پەیوەست
  • هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، کەلتووری
  • شوناسی گشتی (نەتەوەیی و ..). و تاکایەتی
– دانوستان و واتادۆزی سووژه لەگەڵ پێکهاته کۆمەڵایەتییەکان – کردەوەی دوولایەنە

– سیمبۆلیک

– پێکهاتەخوازان

– مارکسیزم

پۆستمۆدێڕن داهاتوو – لێکپسانی شوێن، پانتا – کردەوەکان و کەلتووره ورد، خۆجییەکان

– دەستکەوتی گوتار

– شوناسه کراوەکان

– لێکدژ و تایبەت‌خواز

– پارچه پارچه و مەلەوەر

– هەمەجۆر و بێ‌ژومار

– پەیوەست به گوتار

– نواندنەوه جۆراوجۆرەکان

– شیکارییه پەیتا پەیتا و بێ‌ژومارەکان

-پاش‌پێکهاتەیی

– ڕخنەیی

– دەروون‌توێژی پاش‌فڕۆیدی

خشتەی ژماره ١: چوارچێوەی گشتی ئاراستەکان (نەریتیی، مۆدێڕن و شوناس) بۆ شوناس (گیدنز، 1994، ل 125؛ Eriksen,1993 ؛ توسلی، 1398، ل 268؛ 382 – 375. Turner, 1998, p ؛ گیدنز، 1385، ل 41؛ ذکایی، 1381، ل 3؛ رشیدی، 1387 و کاستلز، 1389)

به ئاوڕدانەوه له گۆهەرینی کۆمەڵگاکان بەرەو سیستەمه بەڕێوەبەرییه هاوبەشییەکان و ئەو سەرنجانەی که ڕەچاو کردنی بنەماکانی هاووڵاتیی و دروستکردنی ڕێکخراوه مەدەنییەکان زەرووری دەکا (Faulks, 2000, p. 197) دەتوانین دانی پێدا بنێین که گرنگیی گۆهەرینی کۆمەڵگاکان بەرەو سیستەمی هاوبەشانە و بنەماکانی هاووڵاتیی له دوو دیوه زەق بوونەتەوه: 1. پیشاندەری وێنای تاک له خۆی و شێوازی وێنای دیتران لەوه؛ 2. بەرهەمی پەیوەندیی شوناسێکی چالاک له نێوان دەوڵەت و نەتەوەیە (Oldfield, 1990).

ئێتنیکایەتی / نەتەوایەتی

ئێتنیکایەتی و گرووپی ئێتنیکیی پێکهاتەیەکی چالاک له ڕەچەڵەکی هاوبەشی ڕاستەقینه یان گریمانەیی (یادی هاوبەشی مێژوویی)، وشیاریی هاوبەشی ئێتنیکی، توخمه سیمبۆلیکەکان، پەیوەندییه سیاسی – وڵاتییەکان له ناو گرووپێکی کۆمەڵایەتیدایه که دەبێته بنەمای ئەزموونی ئێتنیکی (Tiffin & Griffths & Ashcreft, 1998, p. 84). ئانتۆنی سمیت بۆ شوناسی ئێتنیکی ئاماژە بەم هێمایانەی ژێرەوه دەکات:

هێماکانی شوناسی ئێتنیکی له ڕوانگەی سمیت

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

کۆمەڵە وشەی نەتەوەیی و نەتەوایەتی پاش شۆڕشی پیشەسازی و پەرەسەندنی هەستی ناسیۆنالیستی هاته ناو وشەگەلی زانسته کۆمەڵایەتییەکانەوە و شوناسی نەتەوەیی له وڵاتێکی یەکگرتووی ناسراو و دەوڵەت (سەربازیی سیاسیی) سەرچاوه دەگرێ که ئێرنێست ڕەنان دوو تایبەتمەندی بۆ دێنێته هەژمار:

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

هەندێ له بیرمەندان وەک توخمی پێکهێنەری نەتەوە سەیری دوو گرووپی توخمی ئۆبژەیی (وڵاتی) و زەینی (ئوستوورەیی، بیرەوەرییەکان، باوەڕەکان و کەلتوورەکان) دەکەن و دوو تایبەتمەندی و لایەنی سەرەکی بۆ لە قەڵەم دەدەن (علمداری، 1383). ئەحمەد ئەشرەفیش پێی وایە ڕێکخراوی سیاسی، ئاین، زمان و دیکەی فاکتەرەکانی وەکوو ئابووریی، شارەکان، تاقمەکان و … فاکتەری بێچمگرتنی شوناسی نەتەوەیین. (اشرف، 1378).

گیدنێز (1385، ل 41) بارودۆخی شوناسه جیهانیی و خۆجێییە ئەوڕۆییەکان بەم شێوەی ژێرەوه ڕوون دەکاتەوه:

جۆری شوناس ئاستی پەیوەندیی کات شوێن فاکتەرە کاریگەرەکان پەیوەندییەکانی شوێن و پانتا
شوناسی خۆجێیی خۆجێیی بەر له نوێبوونەوه تایبەتخوازی شوێنی داب و نەریت، دابو نەریته خۆجێییەکان یەکسانی پانتا لەگەڵ شوێن
شوناسی جیهانیی جیهانیی دوای نوێبوونەوه ئەوپەڕخۆجێیی ئەندێشە بەرهەمهاتووەکانی مۆدێڕنیته جیابوونەوەی شوێن و پانتا

خشتەی ژماره 2: جۆرەکانی شوناس له ڕوانگەی گیدنێز

ئەوڕۆکه پەیوەندییەکانی نێوان ئاستەکانی شوناسی گشتی له هەمبەر ڕوانگه بلیمەتخوازییە ئێتنیکییەکان جێی باسه و دووبارە نواندنەوه میدیاییەکان ئەوانەی کردووه به حەقیقەتی ڕۆژەڤ (Hall, 1997, p. 2002). زۆر توێژینەوه ئەم ئیدعایەیان پشتڕاست کردووەتەوه که وێنەی نەرێنی له گرووپه ئێتنیکییەکان یارمەتی بڵاوبوونەوەی ڕوانگەی جیاکارانه، وێنای چوارچێوەیی و ئەفسانە جیاوازبوون و خۆ بە سەرترزانین دەدا (بۆ وێنه بڕوانه: Entman, R. & Rojecki, 2000; Graves, 1999). سەرەکیترین بەدیلی سازکردنی مانا (شوناس‌سازی) له کۆمەڵگای ئێمەدا جڤاکە کلتورییەکانه که له سەر بناغه ئاینی، نەتەوەیی یان ناوچەییەکانن و ڕەنگە که ئێتنیکایەتی به هۆی ئاین، نەتەوە و ناوچەوە گۆڕانی به سەردا دێت (کاستلز، 1389، ل 87).

خوێندنەوەی ئێتنیکایەتی و پەیوەندییه ئێتنیکییکان له ئەندێشەی خاوەن تیۆرییه کلاسیکەکاندا هیچ پێگەیەکی نییه و گرنگیدان به پەیوەندییه ئێتنیکییەکان له ئەندێشەی کۆمەڵناسانێکی وەکوو مارکس، دۆرکهایم، وێبێر و زیمێل به شێوەی ڕاشکاوانه بوونی نییە.

سێ پڕەسپێکتیڤی تیۆریی ڕکابەر له بارەی بێچمگرتنی شوناسه ئێتنیکی و نەتەوەییەکان بەم شێوەی ژێرەوەیه:

ئاراستەی یەکەم گرێ دراوە به ناوی ئانتۆنی سمیتەوە و له ژێر ناوی دێرینەناسی، شوناسی نەتەوەیی به بابەتێکی سروشتی و نەتەوەکان به خاوەن ناوکی ئێتنیکی دەزانێ (Barrington, 2006, p. 13). بۆ دێرینەناسەکان، دەروونناسی تەکاموولی (گووران) هێمای خۆگوونجاندنی سەرکەوتووانەی مرۆڤ لەگەڵ هەلومەرجی بەدیهاتوو له درێژەی سەردەمانی بەر له مێژوو بووه (Kaufmann, 2015, p. 194). لەم ئاراستەدا، بێچمێکی کەلتووریی نەگۆڕاو وێنا دەکرێ که ئەکتیڤە ئێتنیکییەکان پێکیان هێناوه و مانابەخشی بەردەوام له درێژەی نەوەکاندا مومکین بووه.

ئامرازخوازی دووهەمین ئاراستەیه و به پێی ئەو ئێتنیکایەتی سەرچاوەیەکه که له لایەن بلیمەتەکانەوه بۆ پێناسەی شوناسی گرووپیی، ڕێکخستنی ئەندامێتی و سنوورەکانی گرووپ و دروستکردنی سکاڵا و هەڵێنجاندنی سەرچاوەکان به کار دەهێنرێت (Brown & Langer, 2010, p. 413).

دوایین ئاراسته بەرسازەگەری که دژی دێرینەخوازییه و پێداگری له سەر ئەو پرۆسانه دەکا که له ڕێگەی ئەوانەوه، گرووپه ئێتنیکییەکان سەر هەڵدەدەن و توخمگەلێک له هەر دوو ئاراستەی دێرینەخوازی و ئامرازخوازی له خۆ دەگرێت (Brown & Langet, 2010, p. 413). ئاراستەی سازەخواز بەڵگه دێنێتەوه که شوناسی نەتەوەیی هاوشێوەی شوناسی گرووپەکانی دیکه، واتە ئەو دێرینەخوازانەی که وەک سیمبۆڵەکانی شوناسی نەتەوەیی هەڵیاندەسەنگێنن، سازەیەکی کۆمەڵایەتی یە.

ئێتنیک‌خوازی سیاسی (ماتیل، 1383)، شوناس‌خوازی ئێتنیکی، به سیاسیبوونی ئێتنکایەتی لە پەیوەندیی لەگەڵ کۆلۆنیاڵی ناوخۆیی و دابەشکردنی کەلتووریی کار (Hechter, 1975) و ڕۆڵی میدیاکان له خولقاندنی وشیاریی ئێتنیکی (سید امامی، 1379) لەو باسانەن که سەبارەت بە ئێتنکەکان خراونەتە ڕوو و تیۆریسییەنگەلێکی وەکوو هانس کۆهێن و به شێوەیەکی ڕێکوپێکتر ئانتۆنی سمیت ڕۆڵی بلیمەتەکانیان له بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکاندا شی کردۆتەوه و پەرەسەندنی پانتای کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و داشکانی زیاتر بۆ لای ناوەندخوازیی به هۆکاری دروستبوونی بارودۆخی گونجاو بۆ ئاماده کردنی ئایدۆلۆژیا له لایەن «ڕووناکبیرانی زانستی» دەزانن. جان ویرویلی ـیش ناسیۆنالیزم به بێچمێکی تایبەت و سەرکەوتوو له سیاسەتە مۆدێڕنەکان دەزانێ که بلیمەتەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت له بندەستی چینی دەسەڵاتدار به کاری دەبەن (احمدی، 1397).

گەشە

هەمەچەشنی تیۆریزەکردنەکانی سەبارەت بە گۆڕانکارییه مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هاوچەرخ چەمکگەلێکی وەکوو کوالێتی ژیان، گەشەی هاوبەشانە، گەشەی بەدیل و … هێنایه ناو ئەدەبیاتی زانسته مرۆییەکان که گەشەی کۆمەڵایەتی هەڵگری باری کوالێتی و ناوەڕۆکییە. «سەن» گەشە به «پرۆسەی پەرەسەندنی ئازادی ڕاستەقینه» پێناسه دەکا و گەشە به هاوواتای «ئامانج و ئامرازی ئازادی» له قەڵەم دەدا (سەن، 1382؛ 1383؛ Sen) و مایکڵ تودارو (1366) به ڕەوتێکی فرەڕەهەندی دەزانی که پێویستی به گۆڕانکاری بنەڕەتی له داڕشتەی کۆمەڵایەتی، شێوازی ڕوانینی گشتی خەڵک و ڕێکخراوه نیشتمانییەکان و هەروەها خێراکردنی گەشەی ئابووریی، کەمبوونەوەی نایەکسانی و بنەبڕکردنی هەژاریی ڕەهایه (ازکیا، 1379). له ڕوانگەی پیتەر دۆناڵدسۆنیش گەشە «بەدیهاتنی گۆڕانکاری بنەڕەتی له داڕشتەی کۆمەڵایەتی، هۆگریی و هیمەکان بۆ وەدیهاتنی تەواوی ئامانجەکانی کۆمەڵگایه» (غفاری و نیازی، 1386، ل 8) و میسرا له پێناسەی گەشە پێداگری له سەر ڕەهەنده کەلتوورییەکان کردووه (ازکیا و غفاری، 1389). له ڕوانگەی برێنشتاین، «تامەزرۆیی بۆ زاڵبوون به سەر بەدخۆراکی، هەژاری و نەخۆشی له ئامانجەکانی گەشەیه» و له ڕوانگەی ئایزنشتا ، «گەشە دەلالەت له سەر پرۆسەکانی هەڵگری گواستنەوە له حکوومەتە نادیموکراتییەکان بەرەو حکومەتە دیموکراتییەکان دەکات». به بۆچوونی هانتینگتۆن، «هەرچی ڕژیمێکی سیاسی له ساکارییەوه بۆ ئاڵۆزیی، له وابەستەبوونەوه بۆ سەربەخۆیی، له نەرمی‌نەنوێنییەوە بەرەو نەرمی‌نوێنی و له لێکبڵاوییەوە بەرەو یەکێتیدا بشکێتەوه، به هەمان ڕادە ئاستی گەشەی سیاسییەکەی زیاد دەکات» (قوام، 1379، ل 86) و بەم شێوەیه که ڕەهەندە پشتگوێخراوەکانی گەشە سەرنجیان پێ دەدرێ و کوالێتی ئەو چەمکەی که تێیدایه تۆختر دەبێتەوه که به پێی ئەوه پێشکەوتن، باشتربوون و چەمکه هاوماناکانی سەرنجڕاکێش دەبێ و پێداگری له سەر کەلتووره خۆجێییەکان دەکرێت (هابرماس، 1380؛ باومەن، 1380؛ ماهرویان، 1385). هەروەها گەشە به واتای کەمبوونەوەی نایەکسانی، هەژاری و بێکاری و هەڵکشانی بەشداریی و دیموکڕاسییه که پێویستی به هەلومەرجێکی باش و باشتربوونی کوالێتی ژیانه.

دادپەروەریی کۆمەڵایەتی

دەتوانین دانی پێدا بنێین که گرنگترین هیوای مرۆڤ له درێژەی مێژوودا دادپەروەریی کۆمەڵایەتییه. نادادپەروەری، نایەکسانییەکی بێژوماری لێ دەکەوێتەوە و کەلێنە چینایەتییەکان دەبنە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتر. بەم پێیه، له زانسته مرۆییەکاندا، دیوه جۆراوجۆرەکانی دادپەروەری تاوتوێ کراون و زۆر تیۆری بێژومار دروست بوون، به جۆرێک که دەتوانین لە گوتارە لیبرالیستی، نیۆلیبرالیستی، سووسیالیستی، کۆمەڵگاخوازی و ئاینییەکان (ئیسلامی، مەسیحی و ..) ئاماژەی پێ بکەین و به پێی تیۆری ئەختەری و زوولفەقاری (1396، ل 116 – 119)، گوتارناسی ژێرەوه جێی ئاماژەیه:

چەمکەکان و گوتار لیبرالیستی نیۆلیبرالیستی سووسیالیستی ڕاوێڵزی کۆمەڵگاخوازی ئیسلامی
مەودای چینایەتی بوونی مەودای چینایەتی بۆ پێشکەوتن به تاوانبارزانینی هەژاران بۆ هەژارییەکەیان دژی بوونی مەودای چینایەتی مەودای چینایەتی تا ڕادەیەک که بۆ پێشکەوتن پێویست بێت. دژی بوونی مەودای چینایەتی دژی بوونی هەر چەشنه لێکدژییەکی چینایەتی
دەستێوەردانی دەوڵەت دەستێوەرنەدانی دەوڵەت له ئابووریی کەمبوونەوەی ڕۆڵی دەوڵەت له ئابووری دەستێوەردانی دەوڵەت له هەموو کاروبارەکان سنوورداربوونی دەستێوەردانی دەوڵەت هەتا ڕادەی کەمبوونەوەی کەلێنی چینایەتی دەستێوەردانی بەربڵاوی دەوڵەت کارکردی مامناوەندی دەوڵەت گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی زەمەن
چینه بێبەشەکان گرنگینەدان گرنگینەدان گرنگیدان گرنگیدان گرنگیدان گرنگیدان
هەبوون‌ناسی تاکخوازی تاکخوازی کۆمەڵخوازی تاکخوازی و کۆمەڵخوازی کۆمەڵخوازی تاکخوازی و کۆمەڵخوازی
فەلسەفەی ئەخلاقی قازانج‌خوازی قازانج‌خوازی ئەرک‌خوازی ئەرک‌خوازی چاکی تەوەر ئەرکخوازی چاکیتەوەر
خاوەندارێتی تایبەتی تایبەتی گشتی گەیشتن به دادپەروەری دابەشکردن به بێ هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتی گشتی (خێره کۆمەڵایەتییەکان) تایبەتی و گشتی
ئیمکانیات سوودمەندبوونی نایەکسان سوودمەندبوونی نایەکسان سوودمەندبوونی یەکسان دابەشکردنی یەکسان دابەشکردنی یەکسان سوودمەندبوونی یەکسان
جیاوازی داهات پێویستیی هەبوون پێویستیی هەبوون دابەشکردنەوەی داهات بۆ کەمداهاتەکان جیاوازی داهات هەتا ڕادەیەک که بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا پێویست بێت. دابەشکردنەوەی داهات بۆ کەمداهاتەکان جیاوازی داهات نەبێته هۆی کەلێنی چینایەتی.
ڕکابەری ئابووری دەرفەتی یەکسانی ڕکابەری ئابووریی ئازادیی کارخولقێنانه و لێهاتوویی تاکایەتی ناپێویستی ڕکابەری ئابووریی ئازاد هەلومەرجی یەکسانی ڕکابەری به هەندێ ئاستەنگەوه ڕکابەری ئابووریی ئازاد ڕکابەری ئابووریی ئازاد
یەکسانی یاسایی پێشکەوتن به مافه بنەڕەتییەکان و ئازادییه سیاسییه کۆمەڵایەتییەکان گرنگیدانی له ڕادەبەدەر به چالاکییه ئابوورییەکان و کەمکردنەوەی مافەکان یەکسانی له هەموو مافه سیاسییه کۆمەڵایەتییەکان یەکسانی له ئازادییه سیاسییه کۆمەڵایەتییەکان به پێی بنەمای یەکەم دابەشینی دادپەروەرانەی دەسەڵاتی سیاسی به واتای دابەش کردنی دادپەروەرانەی دیکەی نێعمەتەکان نییه. مافی یاسایی یەکسان و جیاوازی له مافی وەدەستهاتوو گونجاو لە کار و ئەنجامدانی ئەرک

خشتەی ژماره 3: گوتارناسی له ڕوانگەی قوتابخانه کۆمەڵناسییەکانەوە

کاتێک باس له کارێکی دادپەروەرانه دەکەین واته کارێک که ستەمکارانه نییه. دوا بە دوای ئەمە کاتێک دادپەروەری به ئاوەڵناوی کۆمەڵایەتی وەسفکراو دەکەین، واته له دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا دەبێ بۆ ئەم ناوەڕۆکه بگەڕین که یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دەبێ به جۆرێک داببەزێنرێن که ستەمی لێ نەکەوێتەوه و دادپەروەری دابین ببێت. به واتایەک، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی به واتای پاراستنی یەکسانی له ساختەکاری یاسا و جێبەجێ کردنەکەیەتی؛ واته ئەوەی که یاسا دەبێ بۆ هەمووان، جیازاتی یەکسان بۆ پێشکەوتن و به کارهێنانی جیازاتی خۆشگوزەرانی و بڕینی قۆناغەکانی سەرکەوتن ڕەچاو بکات. دادپەروەریی کۆمەڵایەتی له سۆنگەی جێبەجێکردن و ئاکارەوە ئەرکی دەوڵەتەکانه. هەر بۆیه دەوڵەت دەبێ له کردەوەدا، لە ئاست تاکەکان جیاوازی و جیاکاری نەنوێنێ و هەلی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتییان بۆ دابین بکات (مطهری، 1382، ل 253). دەتوانین بگۆڕەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی به دابەزینی هەژاری و بەشخوراوی، کار، دابینکردنی خواسته سەرەکییەکان (وەکوو خانوبەره، تەندروستی و پەروەرده)، سەقامگیری نرخەکان هاوڕێژە لەگەڵ حەقدەستەکان، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و سامان، سازدانی ئاسایش و دیسیپلین، دابینکردنی مافی هەمەلایەنەی تاکەکان، دابینکردنی کۆمەڵایەتی، و خزمەتگوزاریی خۆشگوزەرانی سەیر بکەین.

بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەتوانین ئاماژه به ڕەهەندەکانی ژێرەوه بکەین: یەکسانی، بەشداری سیاسی، دادپەروەریی ئابووریی، دادپەروەریی کەلتووریی، دادپەروەریی یاسایی، دادپەروەریی دابەشکردن (پورسعید و همکاران، 1391، ل 61). لەم سۆنگەوه، بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بریتیین له: 1- دابینکردنی پێداویستییه سەرەتاییەکانی هەر هەموو تاکەکان کۆمەڵگا؛ 2- مافی ئازادییه یەکسانەکان بۆ هەموو کەس؛ 3- هەلی دەستپێڕاگەیشتنی یەکسانی هەمووان به دەرفەته ئابوورییەکان؛ 4- نایەکسانییه ئابوورییەکان له ئەگەری دەرفەتی به ئەوپەڕ گەیشتنی سامانی هەژارترین چینەکان (همتی، 1386).

تیۆریی دادپەروەری جان ڕاوێڵز دوو بنەمای گرنگ و کلیلی له خۆ دەگرێ: یەکەم مافی یەکسانی هەر کەسێک بە نیسبەتی بەربڵاوترین ئازادی له دامەزراوە یان جڤاکی کۆمەڵایەتی و دووهەم ناڕەواڵەتی نایەکسانییەکان، مەگەر ئەوەی که نایەکسانییەکان به قازانجی هەمووان بێت.

ئەنجام و دەستکەوتەکان

به پێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، چەمکی شوناس / ئێتنیکایەتی دادپەروەریتەوەر و گەشەییانە هەلومەرجی بۆشایی کارکردیی دەوڵەت پیشان دەدا، ئەنجامێک که تەبایی نەتەوەیی دەگەڕێنێتەوە سەر گەیشتن به دادپەروەریی نێوان‌ئێتنیکی که له ژێرەوه دیوەکانی تاوتوێ کراون.

ئابووریی خۆجێیی ئێتنیکەکان

له کۆنەوه، بژێوی زۆرینەی خەڵکی ئێران له ڕێگەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوه دابین بووە و تێپەڕینی جادەی هاوڕێشم له ئێران برەوی به پیشەی بازرگانی له شارەکانی ئێران دا.

له ئێستادا ناوچە ناوەندییەکانی ئێران، که شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکانی فارس زمانه، له کەرتی پیشەسازیدا خاوەن زیاترین پشکن. هەروەها بەدەر له کەرتی پیشەسازی، له ناوچەکانی ناوەندی ئێرانیش، کشتوکاڵی بەروبوومی پڕداهاتی وەکوو فستق و زافەران برەوی هەیه و هەر بابەتەش وای کردووه ئەم ناوچانه له بەرهەمی پوختنەکراو ببنە خاوەن پشکێکی زۆر.

ئابووریی ناوچه کوردنشینەکان له سەر بنەمای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و باغدارییه، بەڵام به هۆی سەرسنووربوونی ئەم ناوچانه، بازرگانی سنووریی (له حاڵەتی یاساییەکەی) و کۆڵبەری (له حاڵەتی نایاساییەکەی) لەوێ پەرەی سەندووه.

ئابووریی ناوچه تورکنشینەکان له سەر بنەمای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و کارخانه و پیشەسازیگەلی وەکوو تراکتۆرسازیی، پێترۆکیمیا، ئۆتۆمبێلسازی، پۆڵا، و … ـه.

ناوچه عەرەبنشینەکان خاوەن پێگەی پەیوەندیی و سنووریی دەریایین که بۆته هۆی پەرەسەندنی بازرگانی نێودەوڵەتیی بەندەر و تڕانزێتی دەریایی لەم ناوچانه. بەدەر لەوه، لەم ناوچانەدا سەرچاوەی نەوتداری زۆر بەدی دەکرێت.

له ناوچەی بەلووچستان، میوەی ئوستووایی و گەرمیانی وەکوو خورما، مۆز، مزرەمەنی، ئەنبه، پاپایا، چیکۆ، فستق و ترێ دەکێڵدرێ و بازاڕی تایبەتی خۆی هەیه. هەروەها پیشەی عەشایرەکان سارەوانییه و له هەندێ ناوچەش پیشەی گهۆڕین بێچمی گرتووه.

دەبێ بڵێین به گوێرەی داتاکانی ئەم لێکۆڵینەوه، بەشی سەرەکی داخوازییه سیاسییەکانی ئێتنیکه ئێرانییەکان دەگەڕێتەوه بۆ سیاسەتی چڕبووی ئابوورییەک که بۆته هۆی بێچمگرتنی ناوەند – دەوروبەر و له لێدوانەکاندا جۆرێک ناڕەزایەتی له دژی ئەو کەلێنە ئابووریی و بژێوییانە خرایه ڕوو کە بەرهەمی سیاسەته ئابوورییەکانی ناوەندە و پشکی ئابووریی پەراوێزی ئێران (ئێتنیکه ئێرانییەکان)ـیان به دادپەروەرانه نەدەزانی.

دادپەروەریی شوناسیی (نەتەوەیی – ئاینی)

سەرەڕای بوونی دوو حاڵەتی نەتەوەیی یان ئاینی، ئاراستەی دادپەروەرتەوەر پێداگری له سەر پابەندی ئێتنیکه جیاوازەکان بە چەمکی نەتەوه و چوارچێوەی شوناسی نەتەوەیی ئێرانیی دەکات.

ئێمه ئێرانییەکان زمانمان یەک بنچینەی هەیه هەڵبەت جگە له زمانی عەرەبی. هەموویان بنچینەی پەهلەوییان هەیه. پەهلەوی ئاڤێستایی، یەکێ پەهلەوی ئەشکانییه، یەکیان پەهلەوییه؛ کۆن یان ئاڤێستایی.

عەزیز نێعمەتی، شاعیر و زمانناس له ورمێ

 

هۆگرییه ئاینییەکان دژی پرسە نەتەوەییەکان نین. بەڵام ئەگەر له هەندێ جێدا تووشی ناکۆکی هاتن، خەسارهەڵگری پرسه ئاینییەکان له پرسه ئێتنیکی و شوناسییەکان زیاتره.

جەواد حەساری، ڕۆژناوەوان و چالاکڤانی سیاسی – کۆمەڵایەتی له مەشهەد

 

وەک له چارتەکانی ژێرەوەدا هاتووه، توێژەر ڕادەی پەیوەندیی ئێتنیکییەکانی ئەندازه گرتووه و به پێی ئەنجامی لێدوانەکان، 53.9 له سەدی بلیمەتەکان ڕایانگەیاند که پەیوەندییەکی زۆریان لەگەڵ ئێتنیکەکانی دیکه هەیه و 28.9 له سەدیشیان وتیان که پەیوەندییەکی کەمتریان هەبووه. له ناو خەڵکی ئاساییدا، پەیوەندیی ئێتنیکی کەمتر بوونی هەیه و 55.4 له سەد وتیان که هیچ پەیوەندییەکیان نەبووه و 37.3 له سەدیان پەیوەندییەکی کەمیان بووه.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژماره 1: پەیوەندییه ئێتنیکییەکان – بلیمەتەکان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژماره 2: پەیوەندییه ئێتنیکییەکان – خەڵکی ئاسایی

به گوێرەی بۆچوونی زۆرێک له بەشداربووان، شوناسی نەتەوەیی له ئێران دوو لایەنی بنەڕەتی ئێرانێتی و مەعنەوێتی (ئاین) له خۆ دەگرێ که به وتەی یەکێک له دیمانه لەگەڵکراوان، «هەر دوو دەبێ بپارێزرێن و ئەگەر ئێمه پاش شۆڕش جۆرێک له خۆدۆڕاوی کەلتووریی یان ناوۆیی کەلتووریمان هەیه هەر ئەوەیه که ئێمه ئیسلامێتیمان خراپ به منداڵی دوای شۆڕش فێر کردووه و له ئێرانێتی هیچ فێر نەبووین.»

بەشێک له ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه پەیوەست به سیمبۆله شوناسییەکانه. لەم بارەوه دەبێ بڵێین سێ ڕیزی سیمبۆلی یەکپارچەبەخشی ئێرانی نێوان‌ئێتنیکی بوونی هەیه؛ بەشێک لەم سیمبۆلانه وەکوو نەورۆز، چوارشەمه سووره، مێهرەگان، یەلدا و … کۆنن. بەشی دووهەمی سیمبۆلەکان وەکوو جەژنه ئاینییەکان، قوربان و غەدیر خووم، له دایکبوونی پێغەمبەر و شەهید بوونی ئیمامانی ئەهلی شێعه ئاینیین و بەشی سێیەم سیمبۆلگەلی وەکوو ساڵوەگەڕی ڕۆژانی دەیەی فەجر، سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، 13ـی ئابان، ڕۆژی قودس، ئاڵا و ماڕشی کۆماری ئیسلامی و … حکوومەتین و پەیوەستن به سەردەمی کۆماری ئیسلامییەوه.

داتاکان گوزارشتن له پێویستیی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکان، جەژنەکان و بۆنه کۆنه ئێرانییەکان (کۆرش، ئاهەنگەکانی مێهرەگان، سەده و ..). و هەروەها دیکەی ڕێوڕەسمه ئاینییەکان و ئاینزا ناشێعە ئێرانییەکان. دیمانه لەگەڵکراوان له سەر بەڕێوه بردنی ئەم ڕێوڕەسمانه پێداگری دەنوێنن، به جۆرێک که بەڕێوه بردنی ئەم ڕێوڕەسمانه هاوتا لەگەڵ ڕێوڕەسمه ئاینییەکانی ئەهلی شێعه (موحەڕەم، سەفەر، جەژنه شەعبانییەکان و ..). ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی وێنای ئایدۆلۆژیکبوونی سیاسەت و زاڵێتی ڕوانگه ئاینییەکان (شێعه) و سڕینەوەی کەمینه ئاینی – ئاینزاییەکان له سەر سیمای کۆمەڵگا نەمێنێت.

بەداخەوه به هۆی ئەوەی حکوومەت له دەستی یەک ئاینزایە و تێدەکۆشێ که ئەم ئاینزایه له هەموو داب و نەریت و ڕێوڕەسم و کۆبوونەوه و ڕێکخراو و ئۆڕگانه دەوڵەتی و حکوومەتییەکان داببەزێنرێ، ئەوەیە که کوردەکان لەم ڕووەوه هەست به هەڵاواردن دەکەن و ئەم کەلێنە ئاینییه وای کردووه که زۆرێک لە بەهرەکانی ئەهلی سوننه له ڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئێران له ناو بچێ و من پێم وایه ئەم کەلێنە ئاینییه گەورەترین بەربەستی بەر دەم گەشەی ئێران بەتایبەت له گەشە و پێشکەوتنی کوردانی ئەهلی سوننەیه.

جەلال جەلالی زاده، چالاکی ئاینی – سیاسی له سنه (کوردستان)

 

چارتی ژماره 3 و چارتی ژماره 4 کەلێن و هەڵاواردنی ئاینی له ڕوانگەی بەشداربووانی بلیمەت و کەسانی ئاسایی پیشان دەدەن.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژماره 3: کەلێن و هەڵاواردنی ئاینی – بلیمەتەکان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژماره 4: کەلێن و هەڵاواردنی ئاینی – خەڵکی ئاسایی

لایەنه کەلتوورییەکانی دادپەروەریی نێوان‌ئێتنیکی

به پێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه، فارس‌زمانان بە مەبەستی پێناسەی بنەمای شوناسیی خۆیان زیاتر ڕوانگەی جیهانیی و ئەوپەڕخۆجێییان هەیه و زۆربەی تایبەتمەندییه نەریتییەکانیان دیسان دروست کردووەتەوه و تەنانەت گۆڕیویانه، بەڵام دیکەی گرووپه ئێتنیکییه توێژینەوە له سەرکراوەکان، واته کوردەکان، ئازەرییەکان / تورکەکان، بەلووچەکان و عەرەبەکان لەم بارەوه ئاستی قبووڵ کردنیان زیاتره.

بنەمای هەر نەتەوەیەک ئەوەیه که هەموو داب و نەریتی ئێتنیکەکەی بپارێزێ و بەم شێوه درێژە به ژیانی بدا و خۆی به نەتەوەکانی دیکه بناسێنێت … بۆچی نابێ من جلوبەرگ و داب و نەریتی ئێتنیکی خۆم بپارێزم؟

مەلا ئەحمەد بارامی، چالاکی ئاینی – کۆمەڵایەتی له جوانڕۆ (کرماشان)

دیمانه لەگەڵکراوانی گرووپه ئێتنیکییەکان پێیان وایه که دەوڵەتە ناوەندییەکانی ئێران له سەردەمی مەشرووتە به دواوه سەبارەت بە زمانی دایکی ئێتنیکەکان ئاراستەیەکی دادپەروەرانەیان نەگرتۆته بەر و به فەرمی ناسینی زمانی فارسی، ڕێخۆشکەرییان بۆ بێبەشبوون له فێربوونی زمانی دایکی کردووه.

له مافی خوێندن به زمانی دایکی بێبەشین … و ئەمه له یاسای بنەڕەتی وڵاتیشدا هاتووە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

سەعدوون مازووچی، چالاکی مەدەنی و سیاسی له مەهاباد (ئازەربایجانی ڕۆژاوا)

بەم پێیه، 85.9 له سەدی بلیمەتەکان، و 63.9 له سەدی بەشداربووانی ئاسایی توێژینەوه له سەرکراو پێیان وایه پەروەرده به زمانی دایکی مافێکی ڕەوا و یاساییه. هەروەها 14.1 له سەدی بەشداربووانی بلیمەت و 15.7 له سەدی بەشداربووانی ئاسایی دژی ڕەوادارکردنی پەروەرده به زمانی دایکی بوون.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژماره 5: ڕەواداری خوێندن به زمانی دایکی – کەسانی تایبەت

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژماره 6: ڕەواداری خوێندن به زمانی دایکی – کەسانی ئاسایی

ئەگەر ئێتنیکه جۆراوجۆرەکان و ئێتنیکه ئاینییەکان له گرنگترین بواری ستراتیژی و سنووریی هەر وڵاتێک نیشتەجێ ببن و ڕێگەی چەتوونی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئەوان لەو دیو سنوور و له دەرەوەی قەڵەمڕەوی کاریگەری و دەسەڵاتی نەتەوەیی بێ، له سۆنگەی پەیوەندیی ئەم ئێتنیکانه بۆ دەرەوەی سنوورەکان، هەر چەشنه چالنج و قەیرانی دەرەکی زۆر به ساکاری ئاودیوی سنوورەکانی ناوەوە دەبێ و توانای چاودێری دەوڵەت به سەر ئەم ناوچانەدا زۆر کەم دەبێتەوه. ئەنجامه وەدەستهاتووەکانی ئەم توێژینەوەش گوزارشتە لەوەی کە گرووپه ئێتنیکییەکان بەردەوام چاویان لە سنوورەکانی دەرەوە و گرووپه هاوئێتنیکییەکانی خۆیان لەو دیو سنوورەکانە.

شێوازی تونداژۆیانە و سەرکووتکارانەی دەسەڵاتداران له ئێران له دژی بزاڤی شوناس‌خوازانەی ئێتنیکەکان هۆکاری شۆڕش و سەرکێشییه کۆمەڵایەتییەکان بووه و دەبێت. هەر بەم پێیه، جێی خۆی بوو که دەسەڵاتداران پاش کۆتاییهاتنی پرۆسەیەکی ناڕەزایەتییانه، گوێیان بۆ داخوازی گرووپه شوناسییەکان، که له ناخی کۆمەڵگاوه هەڵدەقووڵن، ڕاگرتبا و به وتووێژ و دانوستان، زۆرێک لەم داخوازییانەیان چارەسەر کردبا، ئەوە هەر کارەیە که بۆ ئەوەی بگەینه تەبایی و یەکپارچەیی نیشتمانیی دەبێ بچێته بواری جێبەجێ کردنەوە.

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و گەشەییەکان

ناوەندخوازی زۆری دەوڵەتە هاوچەرخەکان، جگه له هاوئاراستەیی ڕێکخراو و ناوەند و ئێن جی ئۆکان لەگەڵ بەرژەوەندییە دەوڵەتییەکان، ڕێگەی بۆ هیچ کارکردی دیکە خۆش نەکردووه و له کۆتاییدا بۆتە هۆی ناکارامەیی گشتی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی وڵات و گرووپه ئێتنیکییەکان.

له ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ڕێکخراوه خۆجێیی / دەوڵەتی / نیمچه دەوڵەتییەکان له ئێران هێشتا نەیانتوانیوه هاوئاراستە لەگەڵ کارکرده پێناسه کراوەکان بچەسپێنرێن. ناوەندێتی و سەرترسالاری له ئاستەکانی ناوەند، پارێزگا، و شار و له دەقی یاسا و هەڵبژاردن و به کارهێنانی بەڕێوەبەران و … ، دەوری خەڵک و فرەڕەنگیی کەلتووریی و هزریی ئەوانی ڕۆژ له دوای ڕۆژ کاڵتر کردووەتەوه و له ئەنجامدا شایەدی ناوشیاریی و لاوازیی له چارەسەرکردنی کێشه یان ئیمکانی بەرناوەڕێژییه کارامەکاندا دەبین و دەبینین که به پێی ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم پێکهاته لاوازکەرانه، گرنگترین پڕۆژەی گەشەی سیاسی دەوڵەتی چاکسازییەکان (ئەنجوومەنی ئیسلامی شار و گوند، 1377ـی هەتاوی) گەیشتۆته لەمپەر و له جیات ئەوەی ئەم ئەنجوومەنانه شوێنی داخوازی جەماوەری و هێزه ڕاوێژکاری و بەرناوەڕێژی بن بوونەتە شوێنێک بۆ ڕانت، گەندەڵی، پشک‌خوازی و … که له کەلتووری ئێستای کۆمەڵایەتی / سیاسی / ئابووریی و … چەسپێنراوه.

ڕێکخراوه ئێن جی ئۆکانیش که دەتوانن ڕێژەی بەشداری خەڵک بەرز بکەنەوه، خەریکه له دنیای ئەوڕۆدا دەبنه بەشێک له پاڕادایمی نوێی گەشە یان دیسیپلینی نوێی جیهانیی (Gosh, 2009). بەشداری ڕێکخراوه ئێن جی ئۆکان له گەشەی خۆجێیی وەک ڕێکخراوی خۆبەخشانه و نابەرژەوەندییانه پیشاندەری ناوەند‌سڕینەوه، پێڕاسپاردنی دەسەڵات له بڕیاردان و بەڕێوەبەریی خۆجێییە و بارودۆخێکی ناچالاک و بێهیواکەرەوەی پێداون.

هەر ئەم ئابوورییه هەڵگری بەڕێوەبەرییەکی دووسەره؛ لایەنێکی 65 بۆ 70 له سەدی دەسەڵاتی پێیه و زۆربەی ئەم دەسته درێژانە هی ئەوه و وڵامی کەس ناداتەوه. بەشێکی تری، واته، 30 بۆ 35 له سەدی دەسته درێژەکان، له ڕێگەی خەڵکەوه دەستنیشان دەکرێن و ئەویش تەواو شیاوی کۆنتڕۆڵ نییە. ئەو کاته جێی داخه که ئەو 35 له سەدەش بچێته پاڵ 65 له سەدەکه، بۆ وێنه گەندەڵی شارەوانی.

ئامۆلی، ڕۆژناوەوان له مەشهەد (خوراسانی ڕەزەوی)

 

جیا له ئیداره و ڕێکخراوه دەوڵەتییەکان (هێزی جێبەجێکار)، ڕێکخراوەکانی ئەنجوومەنی شار و شارەوانیش به باوەڕی خەڵک نه تەنیا کارکردێکی ئەرێنییان نییه، بەڵکوو تەنانەت له هەندێ حاڵەتدا، ئاستەنگی بەر دەم گەشە بوون و هەر خۆیان بوونەتە هۆکارێک بۆ گەندەڵی ئابووریی و ئیداریی، به چەشنێک که ئاستی متمانەی گشتی خەڵک بەوان زۆر دابەزیوه و له ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکی خۆیان لایان داوه.

له ئێران، چڕبوونەوەی حەشیمەتیی له سەر ئاستی چەند شاری وڵات و له سەروویانەوه تاران پیشاندەری ناهاوسەنگیی ناوچەیی و چڕبوونەوەی خەستی حەشیمەت له چەند شوێنه. تاران به تەنیا پتر له 20 له سەدی حەشیمەتی کۆی خەڵکی له خۆ گرتووه. بەم چەشنه دیارده دەڵێن ماکڕۆسفالیزه بوون، بابەتێک که نایەکسانی لێ دەکەوێتەوه و دابەشنەبوونی گونجاوی ئیمکانیاتی به دواوەیه و فۆکووسکردنی هێزی مرۆیی و سەرمایه ئابوورییەکان لەم ناوچانه دەبێتە هۆی بێبەشبوونی دیکەی ناوچەکان له سەرمایەکان و تا دێت پەرە به کەلێنی نێوان شارەکان دەدا، بابەتێک که پاش تاران، ناوەندی پارێزگاکان و گەورە شارەکانی ئێران دەگرێتەوه.

 

دابەشکردنی پیشە، بەرهەمهێنان و سامان له ئێران دادپەروەرانه نییه، بەڵکوو زۆر ستەمکارانەیه. کەسێک ئابووریی گرتۆته دەست که نەزانه. ئەمانه به ئەنقەستانه و زانایانه ئەم کاره دەکەن. ئێوه، به بینین، ئابووریی ئەم ناوەچەتان بۆ دەردەکەوێ که له هەموو لایەکەوه، شێعه و ناکوردەکان بەڕێوەی دەبەن و کوردەکانیان له ئاستە نزمەکاندا ڕاگرتووه.

محەمەد حسێنی، چالاکی ئاینی و کەلتووریی له سنه (کوردستان)

 

دەتوانین له داتاکانی بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوه، چوار وتەزای گشتی له مەڕ هۆکارەکانی گەشە نەکردنی ناوچه جۆراوجۆرە ئێتنیکییەکان و تەنانەت گشتێتی کۆمەڵگای ئێرانی هەڵێنجێنین که بریتییه له: «بێ‌یاسایی و گەشەنەکردوویی»، «گەشەنەکردوویی و خوو و خدەی ئێرانییەکان»، «شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی و گەشە نەکردوویی ئێران»، و «عەقڵانییەت و گەشە نەکردوویی».

دەبێ بڵێین زۆربەی پڕۆژە تازه دروستکراوەکانی سەدەی ڕابردوو تووشی شکست هاتوون و ئەوڕۆکه دەرکەوتووه که گەشەیەک بەردەوام دەبێ که له سەر بنەمای کاروباری خۆجێیی و خۆماڵی بنیات نرا بێت. هەر بەم پێیه، بوونی ڕێکخراوی خۆجێیی بۆ دەرچوون له ناوەندخوازیی دەوڵەتیی، دەبێتە هۆی زەروورییەتی بێچمگرتنی هەرەوەرزییە خۆجێیی و ناوچەییەکان و پاراستنی ورەی هەرەوەرزی له کەلتووری نەریتیی بۆ گەیشتن بەم پرسه گرنگه.

 

دادپەروەریی میدیایی

حەقیقەتی میدیای نیشتمانی له پێناو پاوانەی کەلتوورییه و دەتوانین له ژێر ناوی میدیای دەسەڵات سەیری بکەین. ئەو ئەنجامانەی که لەم بەشەدا وەدەست هاتوون نەشیاویی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و ئێتنیکەکان دەردەخا و یەکێک له ناڕەزایەتییەکانی ئێتنیکەکان و بەتایبەت کۆمەڵگەی ئەهلی سوننه، وەک گەورەترین کەمینەی ئایینیی وڵات، نەبوونی ناوەندی ئاینی له ناوەندی پارێزگاکان و بەتایبەت شاری تارانه که بەرناوه میدیاییەکان له پێناو داکۆکی کردن لە سەر کارکردی حکوومەت لەم بوارەدا بووه.

به باوەڕی دیمانه لەگەڵکراوان تاوتوێکردن و شیکاریی ناوەڕۆکی بەرناوه میدیاییەکان پیشاندەری جۆرێک ناڕەزایەتی ئاشکرا و شاراوەی گرووپه ئێتنیکییەکان بەرامبەر به کارکردی میدیا چالاکەکانی وڵاته، چوونکه به باوەڕی ئەم گرووپه، میدیا دەنگی و ڕەنگییە ناوخۆییەکان له پێناو هاوڕەنگ و یەکدەستکردنی ئێتنیکه ئێرانییەکان هەنگاو دەنن و فارس زمانان ڕەزامەندییەکی زیاتریان له کارکردی ناوەندی دەنگ و ڕەنگ هەیه. هەڵبەت به باوەڕی دیمانه لەگەڵ کراوان، کەناڵه دەنگی و ڕەنگییە پارێزگارییەکانیش له چاو دەنگ و ڕەنگی نیشتمانی کارکردێکی باشتریان نییه.

چارتی ژماره 7 و چارتی ژماره 8 ئاستی ڕەزامەندی له بەرناوەکانی دەنگ و ڕەنگ له بەشی پارێزگایی و نیشتمانیی پیشان دەدەن.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژماره 7: ئاستی ڕەزامەندی له دەنگ و ڕەنگ – کەسانی بلیمەت

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژماره 8: ئاستی ڕەزامەندی له دەنگ و ڕەنگ – خەڵکی ئاسایی

بێگومان له هەلومەرجی سەنسۆڕ و کۆنتڕۆڵی میدیاکاندا، بەردەنگەکان ئەکتیڤ دەبن و به گەڕان به دوای دیکەی میدیا هاوئاراستەکان بۆ بەدیل دەگەڕن. ئەنجامه وەدەستهاتووەکانی دیمانەی گرووپه جیاوازە ئێتنیکییەکانیش ئەم بابەته پشتڕاست دەکاتەوه.

سوود له بەرهەمی کەلتووریی سایبری و میدیایی جیهانی عەرەب وەردەگرین و کاریگەری له سەر ژیانمان بووه، له پرۆسەی ناولێنانەوه هەتا تیپ و جلوبەرگ و مۆسیقا و قسەی سەر زار.

قاسم ئال کەسیر، توێژەر و چالاکی ئێتنیکی له خووزستان

 

دادپەروەریی ئابووریی

له ئێران، ئێتنیکەکان، پشکی ناهاوسەنگ و نادادپەروەرانەیان له ئابووریی وڵاتدا بەر کەوتووە. بەشی سەرەکی پیشە قورسەکانی وەکوو کۆمپانیای پۆڵا، ئۆتۆمۆبێلسازی، پترۆکیمیا، و … زیاتر له ناوەندی وڵات و له پارێزگا فارس زمانەکاندا چڕ بووەتەوه. زیاترین پشکی کەرتی پیشەسازی تەرخانی پارێزگاکانی ئیسفەهان (41.4 له سەد)، ئەلبورز (44 له سەد)، تاران (37.3 له سەد)، چوارمەحاڵ و بەختیاری (39.6 له سەد)، قووم (43.4 له سەد)، مەرکەزی (40.3 له سەد)، و یەزد (47.8 له سەد) کراوه. بەدەر له کەرتی پیشەسازی له ناوچه ناوەندییەکانی وڵات، له کەرتی کشتوکاڵیشدا، لەم ناوچانه، بەروبوومی پڕداهاتی وەکوو فستق و زافەران دەکێڵدرێ و هەر ئەمەش وای کردووه که ناوچه فارس نشینەکان له بەرهەمهێنانی ناپوخته پشکێکی زۆریان بەرکەوێت.

ئێمه له پارێزگاکەماندا دوو دەسەڵاتمان هەیه؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی کۆماری سیستانی. بەڵێنیان لێ وەرگرتووم چیتر ئەم کۆماری سیستانییه نەڵێمەوه، بەڵام دەیڵێم. چینێک له پارێزگا به زۆرینەی 2 له سەدەوه کۆمارێکی پێکهاتوو لەم ڕێژه ڕوودارە یەکپارچەخوازەیه که به هۆی ئاینیی بوونەوه لەگەڵ هەلومەرجی تایبەتی پاش شۆڕش دەسەڵاتی سیاسی، ئابووریی، ئیداریی و هەموو شتێک لەم پارێزگایه کەوته دەستیان. ئێمەی بەلووچ لێیان بێزارین. بۆچی دەڵێم کۆماری سیستانی، چوونکه هەموویان کۆ بوونەتەوه بۆ ئەوەی ئەو 98 له سەدەی دیکه بکەنە ژێر چەپۆکی خۆیان، ناکۆکی بنێنەوه، بەلووچی داماو وەک دژەحکوومەت بخەنه پەراوێزەوه و سەرمایەدارەکانیان له ئیدارەکاندا که له بندەست خۆیانه دڵسارد بکەنەوه و وڵامیان سڵاویان نەدەنەوه.

عەبدولسەلام بوزورگ زاده، بەرناوەسازی ڕادیۆیی و تەلەڤیزیۆنی له زاهیدان (سیستان و بەلووچستان)

 

بارودۆخی ئابووریی ئێتنیکەکان له ناو پارێزگا فرەئێتنیکەکانی وەکوو سیستان و بەلووچستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا ناهاوسەنگتر و نادادپەروەرانەتریشه. بۆ وێنه، پشکی هەرە زۆری ئابووریی وڵات بۆ سیستانی و ئازەرییەکان / تورکەکان له چاو بەلووچ و کوردەکان تەواوکەری پێگە نایەکسانەکانیان له بوارە سیاسی و ئابوورییەکانه.

ناوچه کوردنشینەکانی ئێران به هۆی بارودۆخی جوگرافیایی سنووریی و ئەو ڕوانگەی ئەمنییەی کە بەرامبەریان دەکرێ له سۆنگەی پیشەسازیی پێشکەوتووەوە گەشەیەکی ئەوتۆیان نییه. ئەم ناوچانه بارودۆخی ئابووریی گونجاویان نییه و به هۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووریی و نەبوونی کارخانه و سەرمایەگوزاری له کەرتی پیشەسازی، ئاماری بێکاری بۆ حەشیمەتی چالاکی ئەم ناوچانه زۆره و زۆربەی پیاوان بۆ دابین کردنی بژێوی ناچارن دەست بدەنە ئیشی ساختەکارانەی وەکوو قاچاخ و کۆڵبەری.

به گوێرەی ئەنجامی داتای بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوه، 89.8 له سەدی بلیمەتەکان و 81.9 له سەدی خەڵکی ئاسایی لەو باوەڕەدان که هەلی پیشەیی له ناو ئێتنیکەکاندا به ڕێژەی یەکسان دابەش نەبووه و تەنیا 10.2 له سەدی بلیمەتەکان و 8.4 له سەدی گشتی لەو بۆچوونەدان که ئێتنیکەکان هەلی یەکسانیان له بواری پیشەدا هەیه.

ئامارەکان گوزارشتن لەوەی کە بارودۆخی ئابووریی، پیشەیی و خۆشگوزەرانی ئێتنیکی ئازەری / تورک باشترە و ئەم ناوچه له ڕووی بەرهەم هێنانی بەروبوومی شیرەمەنی و پڕۆتینی پشکی هەرە زۆری بۆ خۆی تەرخان کردووه. هەڵبەت پشکی کارخانەکان و پیشەسازییه گەورەکانی وەکوو تراکتۆرسازی، پترۆکیمیا، ئۆتۆمبێلسازی، پیشەسازی پۆڵا و دیکەی پیشەسازییەکان لەم ناوچانەدا زۆره.

پێگەی تڕانزێتی و سنووری دەریایی شاره عەرەبنشینەکانی پارێزگای خووزستان و هورمزگان بۆته هۆی پەرەسەندنی بازرگانی نێودەڵەتی. هەروەها نەوتدار بوونی ناوچه عەرەبنشینەکان و بوونی پیشەسازی گەوره بووەتە هۆی ڕاکێشانی هێزی کار له سەرتاسەری ئاستی وڵات. ئەم بارودۆخه تا ڕادەیەک دیمۆگڕافیای ئێتنیکی ئەم ناوچەشی تێک داوه و ئێتنیکه جۆراوجۆره ئێرانییەکان بۆ دەستخستنی هەلی کار لەم ناوچانەدا گیرساونەتەوه، بەڵام بارودۆخی گشتی خەڵکی عەرەبی خۆجێیی ئەم ناوچانه له سۆنگەی ئابوورییەوه له ئاستێکی نزمدایه.

 

لە پارێزگایەکدام که ئاو و نەوت و گازی هەیه. لێرەدا نابێ باسی بێکاری واتای هەبێت، هەژاری دەبێ زۆر کەم بێ، بەڵام دەبینین که بەشخوراوی و هەژاری له گوند و پەراوێزی شارەکان زۆر ترسناکه. ڕەنگه له دیکەی پارێزگاکانیش هەر ئەوە بێ، بەڵام ڕوانگەی ئێمە ئەوەیه که له سەر سامان و نەوت خەوتووین، بەڵام هەژارین.

باسم حمادی، چالاکی سیاسی – کۆمەڵایەتی، چالاکی مافەکانی کرێکار و نووسەر له ئەهواز (خووزستان)

 

بارودۆخی ئابووریی بەلووچستان زۆر لاوازه و لەم ساڵانەی دواییدا، دانانی کارخانه و سەرمایەگوزاری لەم پارێزگایەدا بەدی نەکراوه، له لایەکی دیکەشەوه، سنووریان داخستووه و مامەڵەی ئابووریی و کەلتووریی لەگەڵ ئەو دیو سنوور ئەنجام نادرێت. هەر بۆیه لەم پارێزگایەدا قاچاغی کاڵا و هەژاری هەمەگیر بووه. سەرەڕای ئەوەی له ڕابردوودا سیستان و بەلووچستان وەک کۆگای دەغڵ و دانی ئێران دەهاته هەژمار، بەڵام ئێستا زەوییە کشتوکاڵەکانیان ڕووتەن و وشکه.

ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و پیشەسازی ئابووریی دروست دەکەن، بەڵام ئێمه لەم پارێزگایەدا شتێکمان نییه کە ناوی پیشەسازی بێت. بڕیار وا بوو زابۆل بکرێ به ناوەندی کشتوکاڵ، بەلووچستان بکرێ به ناوەندی پیشەسازی و زاهیدان ببێته ناوەندی زانکۆیی. زابۆل ئێستا هیچی نییه. ئێستا ئێوه بڵێن له ماوەی ئەم چل ساڵەدا کارخانەیەک بۆ زابۆل دانرا بێ، ئەوه من بێدەنگی هەڵدەبژێرم. خەڵک له ڕێگەی گازواییل و بەنزینەوه بڕه پارەیەکیان دەست دەخست. دیواری سنووریی دانراوه و ناتوانن ئەو کارەش بکەن. ئێستا ئێمه لەم دیو دیوارەکەین نه دەتوانین بچینه ئەو دیو و نه ئەم دیو.

محەمەد بەهاری، مامۆستای زانکۆ له زاهیدان (سیستان و بەلووچستان)

 

چارتی ژماره 9 و چارتی ژماره 10 ئاستی هەستی نایەکسانی له ناو ئێتنیکەکان پیشان دەدەن. 90.6 له سەدی بلیمەتەکان و 88 له سەدی خەڵکی ئاسایی پێیان وایه ئێتنیکەکان له ئێران به هۆی نایەکسانی ئابوورییەوه دەناڵێنن.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژماره 9: ئاستی هەست کردن به کەلێن و هەڵاواردنی ئابووریی – بلیمەتەکان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژماره 10: ئاستی هەست کردن به کەلێن و هەڵاواردنی ئابووریی – خەلکی ئاسایی

له دیمانەی بەشداربووانی ئەم توێژینەوه وا دەردەکەوێ که سەرەڕای پتانسییەله سرووشتی و مرۆییەکان هەر کام له ناوچه ڕووماڵکراوەکان و سەرچاوه و کانزا دەگمەنە جیهانییەکان، دەوری دەوڵەت له دەستپێکردن و درێژەدان به چالاکییه گەشەییەکان له ئاستێکی ئەوتۆدا نەبووه.

میلیتاریزمی سیاسی له سەردەمی پەهلەوی یەکەم و دووهەم له ئێراندا بنجی داکووتاوه و له سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا درێژەی کێشاوه.

خوێندکاری دکتۆرام هەیه به هۆی ئەوەی له ئۆڕگانێکەوه هاتووه خۆی دانی پێدادەنێ که هیچ نازانێ و منیش ناچارم دەرەجەی پێ بدەم.

مێهری پاکزاد، ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی ئازاد له مەهاباد (ئازەربایجان ڕۆژاوا)

 

ئەو بەڵگانەی که له سەر بنەمای سوودمەندبوونی میلیشیاکان له ڕانته جۆراوجۆرەکانن گوزارشت لەوه دەکەن که میلیتاریزم دزەی کردووەته ناو بەرسازە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و بیانوگەلی وەکوو کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، دیسیپلینی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و … بۆته هۆی پەرەسەندنی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی ئیداریی و ئابووریی.

سڕینەوەی کەلتوورەکان

له هەلومەرجی فرەڕەنگیی ئێتنیکیی و کەلتووریی، ئەوه جۆری بەڕێوەبردنی فرەڕەنگیی ئێتنیکی – کەلتوورییەکانە که مەترسیداریی یان دەرفەتداربوونی دیاری دەکا، بەڵام زۆر جار بەرژەوەندیی ڕەوتێکی تایبەت له ناو حکوومەتەکان و لاوازییان له بەڕێوە بردن، فرەڕەنگییە ئێتنیکی – کەلتوورییەکان بەرەو سڕینەوه دەبات.

بەشێک له داتای بەشداربووانی ئەم توێژینەوه پاوانەی کەلتووری ئێتیکی فارس لەقاو دەدا که له پێناو یەکدەستکردنی کەلتووریی بۆته هۆی له ناوچوونی سەرمایەی کلتوریی ئێرانیی و هەروەها لاوازبوونی فرەیی کەلتووریی. ئەم بابەته له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا له لایەن ئازەرییەکان / تورکەکان به شێوەی دووقات به سەر کورد و دیکەی گرووپه کۆمەڵایەتییەکاندا دەسەپێنرێ، به جۆرێک که هەندێ له بەشداربووانی لێکۆڵینەوه دێڕی کلۆنیاڵی ناو کۆلۆنیاڵ بۆ ئەم بابەته به کار دەبەن.

به باوەڕی دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان (توێژەر، مامۆستای زانکۆ و چالاکی مەدەنی له سنه)، ‘‘سیاسەتی ڕەزاشایی له ساڵی 1304 و 1316 بووه هۆی ئەوەی له قوتابخانەکانی کوردستان تابلۆی به فارسی قسه بکەن هەڵبوواسرێ’‘ و لەو کاتەوه، زاڵبوونی کەلتووری فارس و لاوازبوونی دیکەی کەلتوورەکان به شێوەی فەرمی بەردەوامە و لەم نێوەندەدا، گۆڤارەکانی ئیرانشەهر، فەرەنگستان و ئاینده به شێوەی فەرمی بانگەشە بۆ ئەم سیاسەتە دەکەن، به جۆرێک که ئیرانشەهر له وتارێکدا سەبارەت به ئاین و نەتەوایەتی وتوویەتی: «پرسی ئێتنیکایەتی وەها جیدییه که هەر کات ئێرانییەک که سەردانی دەرەوەی وڵاتی بکا له نەتەوەی بپرسن، له باتی ناوی شانازیبەخشی وڵاتەکەی ناوی زێدەکەی دێنێت. ئێمه دەبێ تاقمە خۆجێیی، زاراوەی خۆجێیی، جلوبەرگی خۆجێیی، داب و نەریتی خۆجێیی و هەستیارییه خۆجێییەکان لە ناو ببەین …»

له ساڵی 1307، پەڕلەمان جلوبەرگی کۆنی ئێتنیکه ئێرانییەکانی به نافەرمی ڕاگەیاند و هەموو پیاوانیشی بەدەر له زانایانی ئاینی ناونووسکراو، ناچار به له بەرکردنی جلوبەرگی ڕۆژاوایی و له سەرکردنی «کڵاوی پەهلەوی» کرد. پاش هەشت ساڵ، کڵاوی شاپۆی ئورووپایی بووه بەدیلی ئەم کڵاوه. ڕەزاشا ئەم کڵاوەی نه تەنیا بۆ سڕینەوەی شوناسه ئێتنیکییەکان دەستنیشان کرد بەڵکوو هەروەها بۆ دەستێوەردان له ڕێوڕەسمی نوێژ له ئیسلام، که پێویستی به سوواندنی نێوچاوان له سەر عەرزه. بەدەر لەمه، ناوبراو ناوی زۆرێک له شارەکانیشی گۆڕی.

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی 1357ـی هەتاوی، به پێچەوانەی بنەماکانی یاسای بنەڕەتی که ڕێز لە مافی خوێندن و نووسین به زمانی دایکی له هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بۆ هەموو گرووپه جیاوازه ئێتننیکییەکان دەگرێ، له کردەوه و به ئەنجامدانی ڕفتاره سەلیقەییەکانی بەرپرسانی پەیوەندیداری بابەتەکه، ئەم مافه بەو شێوەی که شیاو و پەسندکراوی گرووپه ئێتنیکیییەکان بێ نەچووەته بواری جێبەجێ کردنەوە.

منداڵەکەمان له ماڵەوه به عەرەبی ئاخافتن دەکا، بەڵام دەچێته قووتابخانه لەگەڵی به فارسی قسه دەکەن و ئەمه غەدره. ئەگەر بەهرەی کە دەبێ بڵێم له سەدا سەده، 50 له سەدی به کار بهێنرێ، ئەمه دەبێته هۆی دواکەوتنی ئاستی زانستی قوتابییەکه. وەک دەبینین ڕۆڵەکانمان سەرەڕای ئەوەی زمانیان نییه، دەدرەوشەنەوه و سەر دەکەون؛ واته ئەگەر به زمانی خۆیان بخوێنن پێموا نییه لەم ئاستەی ئێستادا بین و سەرکەوتووتر دەبین.

حەمید حمادی، مامۆستای زانکۆ له خووزستان

 

له ئەنجامی توێژینەوه لەم بارەوه، زاڵبوونی سێ وتەزای دژایەتی، سڕینەوه و گاڵته کردن به هێما کەلتوورییەکانی ئێتنیکەکان له زۆربەی مێژووی ئێراندا پۆلێنبەندی دەکرێ که جۆرێک لەم سڕینەوه له لایەن میدیای نیشتمانییەوه ئەنجام دەدرێت. بۆ وێنه بەرناوەکانی دەنگ و ڕەنگ ئەم فرەڕەنگییانه پیشان نادا و ڕاشکاوانه یەکیان زەقتر و شانازیبەخشتر دەناسێنێت. جۆرێکی دیکەی سڕینەوه له پێنەدانی مۆڵەتی بەڕێوه بردنی ڕێوڕەسم و بۆنەی ئێتنیکیی و ئاینیدا خۆی دەنوێنێت. له ڕاستیدا ئەو وێنایەی کە ڕەوتێک هەیە کە ئامانجی سووکایەتیکردن به کەلتووریانە دەخرێته مێشکی گرووپه ئێتنیکییەکان که به نیازه ڕێگری له بەردەوامبوونی نێوان‌نەوەیی کەلتووریی بکا و له بەرامبەردا هۆکارگەلی وەکوو بەڕێوەبەریی ئاسانتر و لاوازیی له قبووڵکردنی نێوان‌کەلتووریی، هەڵدەستێ بە بایەخدان بە کەلتوورێکی تایبەت و یەکدەستکردنی کەلتووریی .

 

له ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ئەم پارێزگایه که 70 – 80 له سەدی بەلووچن، کەمترین بەرناوه تەرخانی زمانی بەلووچی کراوه و سەرمایەگوزاری له سەر فۆلکلۆر و کەلتووری گشتی بەلووچستان ناکرێ و بوار به چالاکڤانان نادەن.

عەبدولڕەشید تریز. مەولەوی ئاینی، توێژەری مێژوو و چالاکی سیاسی، – کۆمەڵایەتی له سیستان و بەلووچستان

 

چارتی ژماره 11 و چارتی ژماره 12 ڕوانگەی بەرامبەر به ڕێژەی سنووردارێتی له ڕێوڕەسمی ئێتنیکی و ئاینی پیشان دەدات.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\1.png

چارتی ژماره 11: سنووردارێتی له ڕێوڕەسم – بلیمەتەکان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\2.JPG

چارتی ژماره 12: سنووردارێتی له ڕێوڕەسم – خەڵکی ئاسایی

زۆرێک له بیرمەندان و خاوەن تیۆرییەکانی بواری زانسته کۆمەڵایەتییەکان لەو باوەڕەدان که هەلومەرجی ئێستای وڵات بارودۆخێکی ئانۆمیکه و باس له سستبوونی دیسیپلینی کۆمەڵایەتی و شپرزه بوونی یەکدەستی دەکەن (اباذری، 1393). به شێوەی جیدی، یەکەمین جار عەباس عەبدی (1385) له دەیەی 80ـی هەتاوی له سەر بابەتی داڕمانی کۆمەڵایەتی ئیشی کرد. مەحممود ئەحمەدی نژاد و هاوبیرەکانی یەکێکی تر لەو کەسانه بوون که لەم ماوەی کۆتاییدا، بابەتی داڕمانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێرانیان هێنایه بەر باس. به پێی بیر و بۆچوونی ئەم کەسانه، له بواره جۆراوجۆرەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووریی، ژینگەیی و … داڕمان ڕووی داوه. ئەنجامه وەدەستهاتووەکانی ئەم توێژینەوەش پشتڕاستکەرەوەی بوونی ئەم قەیرانانەن.

به باوەڕی دکتۆر مەهدی فەیزی (مامۆستای زانکۆی مەشهەد) «کۆمەڵێ قەیران و چالنج و له ڕاستیدا سەرووچالنجمان له وڵاتدا هەیه که هاوشێوەی بۆمبی کاتژمێری ئامادەی تەقینەوەن. له پرسی بانک و سندووقی خانەنشینی، قەیرانی ئاو، بێکاری و تەڵاقەوه بگره هەتا کێشەکانی دیکه. هەر کام لەمانه مەترسیدارن و کاتێک بچنه پاڵ یەکتر، مەترسیدارتر دەبن؛ تەقینەوەی یەکیان ئەوانی دیکەش دەتەقێنێتەوه، ترسناکه.»

دەوڵەتی ناوەندی له سەردەمی پەهلەوییەوه هەتا ئێستا کەمترین هەنگاوی بۆ ڕاکێشانی متمانەی گشتی لەم بوارانەدا هاویشتووه و سادەترین ستراتیژ، واته بەرەنگاربوونەوه و بەکارهێنانی هێزی تونداژۆیی کردووه به پیشەی خۆی. ئەگەر له هەندێ حاڵەتدا شاندی بۆ ناوچەگەلی وەکو کوردستان ناردبێ یان له ساڵانی پاش شۆڕش، دانووستان لەگەڵ حیزبی دیموکڕات و یان دانووستان لەگەڵ گەورەکانی ئەهلی سوننه له چوارچێوەی ئەنجوومەنی ناوەندی سوننەت (شمس) هەندێ گفتوگۆ ئەنجام درابێ، به هۆی ورەی ناوەندتەوەر، دەسەڵاتدارانه و ناپلۆرالیستی تووشی شکست هاتووه و له زۆربەی ئەم حاڵەتانەدا، دانوستانکارانی گرووپه ئێتنیکی و ئاینییەکان خراونەتە بەندیخانه یان دوور کراونەتەوه.

ڕوانگەی بلیمەتەکان و کوسانی ئاسایی سەبارەت به بارودۆخی سیاسی وڵات پیشان دەدات.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\1.png

چارتی ژماره 13: بارودۆخی سیاسی وڵات – بلیمەتەکان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\2.png

چارتی ژماره 14: بارودۆخی سیاسی وڵات – کەسانی ئاسایی

له ڕێگەی داتاکانی ئەم لێکۆڵینەوه بۆمان دەردەکەوێ که پرسه ئێتنیکییەکان له ئاڵۆزترین و له هەمان کاتدا پڕکاریگەرترین پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان له وڵاتی ئێرانن و خەستکردنەوەی شوناس و پەیجۆرییە ئێتنیکییەکان یەکێک له بەرچاوەکیترین هێماکانی دایناویزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران له داهاتوویەکی نزیکدا دەبێ و فاکتەرەکانی ئەم پرسە بریتین له: خەستبوون پسانی نێوان شوناسی نیشتمانیی و ئێتنیکیی، بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازییه کۆمەڵایەتییەکان، پێگەیی، ئابووریی، سیاسی و کەلتووریی، گەشەی ڕوو له هەڵکشانی ڕێکخراوەکان و ناوەنده ئێتنیکییەکان، دروستبوونی هەستی ئێتنیکخوازی ڕادیکاڵانه له ناو هەندێ له بلیمەت، ڕووناکبیران و حیزبه سیاسییەکان، هەڵکشانی ئاستی ناوۆیی سیاسی و نانەوەی مەودا له نێوان ئێتنیک و سیستەمە سیاسییەکان، درکاندن و سەرهەڵدانی داخوازیی ئێتنیکیی له دەرفەتی ئازادییه سیاسییەکانی وەکوو هەڵبژاردنی نیشتمانیی و خۆجێیی (کریمی مله، 1388، ل 23).

ئەنجامی کۆتایی

سەرەکیترین پرسی کۆمەڵایەتی له بارەی بابەتی ڕووماڵکراوی ئەم توێژینەوه لێکپسانی کۆمەڵایەتی و سیاسییه که بۆتە هۆیە ئەوەی داخوازییه دادپەروەریتەوەرەکان له لایەن ئێتنیک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێرانەوە بێچم بگرێت. گۆڕانکاری بژێوی و ئابووریی وڵات، که بەرهەمی بەڕێوەبەریی ئایدۆلۆژیکی دەسەڵاتداره دەتوانین وەک دیاردەیەکی تەوەری سەیر بکەین که بۆته بناغەی داخوازییە ئێتنیکییەکانی دیکە. هەروەها ئەم بارودۆخه دەرەنجامی جۆرێک بەڕێوەبردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی وڵاته که چەندین دەیەیه ڕووی له داڕمانه و بووەته سەرچاوەی دیکەی چالنجەکان.

مۆدێلی پاڕادایمی ژێرەوه له چوارچێوەی شێوازی GT فاکتەرگەلی (سەرەکی، دەستێوەردەر و زەمینەیی)، دیاردەتەوەری، کردەوەی ستراتیژی و لێکەوتەکانی تاوتوێ کردووه.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

وێنەی ژماره 2: مۆدێلی چەمکیی توێژینەوەی (GT)

به ئاوڕدانەوه لەم مۆدێله، ئابووریی نایەکسان بە پێی بگۆڕه ئێتنیکی، ناوەند – پەراوێزی و ئاینییەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێچمی گرتووه و بارودۆخی گەشەکردوویی ڕوون دەکاتەوه. بابەتێک که زۆربەی داخوازییەکانی ئاقاری دیاردەتەوەری لێکۆڵینەوە له لایەن ئێتنیکه ڕووماڵکراوەکان دیاری کردووە. هەروەها داتاکانی ئەم توێژینەوه پیشانی داوه، بەشی سەرەکی پیشە قورسەکان، وەکوو کۆمپانیای فوولاد و ئۆتۆمبێلسازی له پارێزگا فارس زمانەکانی وەکوو ئیسفەهان، ئەلبورز، سیمنان و مەرکەزی دانراوه و زیاترین قەبارەی داهاته ئابوورییەکان تەرخانی ئەم پارێزگایانه کراوه.

پاش فارسەکان، ئازەرییەکان / تورکەکان (بەتایبەت له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات) له سۆنگەی دابینکردنی داهاته ئابوورییەکان له قۆناغی دووهەمی سوودمەندیدان. سەرەڕای بوونی وەها هەلومەرجێک، ناڕەزایەتی ئازەری / تورک زمانەکان له دەسەڵات کەمتر له دیکەی گرووپه ئێتنیکییەکان نییه. هەستی نایەکسانی ئازەرییەکان / تورکەکان به دوو شێوەی ژێرەوه خراوەتە ڕوو: یەکەم ئەوەی که ئەم گرووپه بارودۆخی ئابووریی خۆیان لەگەڵ فارس زمانەکان هەڵدەسەنگێنن و لەو باوەڕەدان که پشکی پارێزگا ئازەرییەکان / تورکنشینەکان له چاو پارێزگا ناوەندییەکانی وەکوو ئیسفەهان، سیمنان، مەرکەزی، قووم، ئەلبورز و تاران زۆر کەمه و خاڵی دووهەم ناڕەزایەتییەکانی ئەم گرووپه ئێتنیکییه له دەسەڵات و باوەڕ بەم بابەتەیه که دامەزرانی زۆری پیشەکانی ئەم پارێزگایه هی سەردەمی حکومەتی ڕابردووه.

له ناوچه کوردنشینەکانی ئێران، له شاره باشورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاواوه بگره تا دەگاته پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان و ئیلام کەرتی پیشەسازی، گەشەی کارخانه و کارگه و شارۆچکەی پیشەسازی لە ئاستێکی ئەتۆدا نییه و ئاماری بێکاری لەم ناوچانه، سەرەڕای بوونی هێزی مرۆیی گەنج و خوێندکار زۆره و ئەم گەنجانه ناچارن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان بەرەو پارێزگا فارس نشینەکان بەتایبەت تاران کۆچ بکەن یان له کورەخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و دیکەی ناوچەکان ئیش بکەن. هەروەها له نەبوونی پیشەی فەرمی لەم ناوچانه، کۆڵبەری ڕێژەیەکی بەرفراوانی له خۆ گرتووه و تەنانەت گەنجانی بێکار به بڕواناوەی خوێندەواری باڵاشەوه خەریکی ئەم پیشەن.

عەرەبەکانی ئێران له پارێزگاکانی خووزستان، بووشێر و هورمزگان بڵاو بوونەتەوه. نەوتداربوونی ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەوان و بوونی بەندەری گرنگی ڕۆژاوا و باشووری وڵات لەم ناوچانەدا بۆته هۆی برەوداربوونی کەرتی بازرگانی و بازرگانی نێودەوڵەتی و جیا له هێزی کاری ناوچەیی، هێزی کاری ناوچەکانی دیکەش وەردەگرێ و بۆته شوێنی پیشەی ناعەرەبەکان که ئەمه بابەتی هەستی نایەکسانی و ناڕەزامەندیی عەرەبەکان له دەسەڵات دروست دەکات.

له کۆتاییدا دەتوانین بڵێین هەستی ناڕەزایەتی و نایەکسانی له ناو ئێتنیکەکان و وێنای ڕۆڵی دەسەڵات له بنیاتنان و درێژەدانی ئەم نایەکسانییە له ڕابردوودا بێچمی گرتووه و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گەیشتووەته ئەوپەڕی خۆی و لەم بارەوه داتاکانی توێژینەوه گوزارشتن لەوەی که بەلووچەکان خراپترین هەلومەرجی ئابووریی و زیاترین ئاستی ناڕەزایەتیان هەیه و هۆی سەرەکی ئەم بابەتەش دەگەڕێننەوە بۆ جیاوازبوونی دووانەی ئێتنیکایەتی و ئاینی خۆیان لەگەڵ دەسەڵات. گەشە نەکردنی کەرتی پیشەسازی، وشکەساڵی و کەم‌ئاوی، نەخوێندەواری و کەم‌خوێندەواری، سوودمەند نەبوون له پیشەی بەڕێوەبەریی و پۆستی ئیداری پارێزگایی و وڵاتیی، دوورکەوتوویی و له پەراوێزمانەوه وەک فاکتەرەکانی دیکەی ئەم ناڕەزایەتی و نایەکسانییه له قەڵەم دراون و بۆتە هۆی پەرەسەندنی قاچاغ، خەسارەته کۆمەڵایەتییەکان، ڕادیکاڵی ئاینی و ئێتنیکی و دیکەی پرسەکان.

ئەم توێژینەوه دوو سناریۆی سەرەکی بۆ ئێران کێشاوەتەوه: سەقامگیری کۆمەڵایەتی و له ناوچوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. له ئەگەری بەردەوامبوونی بارودۆخی ئێستا، سەرمایەی کۆمەڵایەتی له ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا تووشی له ناوچوون دەبێ و له کۆتاییدا داڕمانی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، سیاسی و کەلتووریی ڕوو دەدات. بەڵام له سناریۆی دووهەمدا، سەقامگیری کۆمەڵایەتی بەرهەم دێ و دەتوانین ئەم سناریۆیه به سناریۆیەکی باش بزانین. ئەم سناریۆیه وابەسته به چاکسازی بنەڕەتی له ژێربنەما و سەربنەما ئابووریی، کۆمەڵایەتی، کەلتووریی، پەروەرده، تەندروستی و …یەکان له پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوه دەسەڵاتدارەکان و ئێتنیکەکانی وڵات دەبێت.

له هەلومەرجی قبووڵکردنی بارودۆخ، بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی و نایەکسانی و پەرەسەندنی کەلێنە نێوان‌ئێتنیکییەکانیش بەردەوام دەبێت. ئەم سناریۆیه دەبێته هۆی تەشەنەسەندنی کەلێنی کۆمەڵایەتی، ئێتنیکی و ئاینی که ڕێگه بۆ داڕمانی سیستەمی کۆمەڵایەتی و دژومنایەتی و لێکدژی نێوان گرووپه کۆمەڵایەتییەکان خۆش دەکا و کۆچکردنی نەوەی گەنج، بەتایبەت بلیمەتەکان و بەردەوام بوونی قەیرانی هێزی مرۆیی لێ دەکەوێتەوه.

له سناریۆی دوهەم واته سناریۆی باش و داهاتووبینانه، وڵاتی ئێران له بواره کەلتووریی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییەکاندا بارودۆخێکی سەقامگیر و چالاکی دەبێت. به گەڕانەوه بۆ ئەنجامەکانی توێژینەوه، دەتوانین بڵێین له ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، ڕەوتی کۆتایی داهاتووی ئێران و بارودۆخی وەدیهاتنی ئەم دوو سناریۆیه دیاری دەبێت. به شێوەی گشتی دەتوانین ئاسۆی داهاتووی وڵات له حاڵەتی باشدا بەم شێوه ژێرەوەی بکێشینەوه:

ئێران دەبێته وڵاتێک به فرەڕەنگیی ئێتنیکی و ئاینییەوە که ئەم فرەڕەنگییە سەرچاوەی یەکیەتی و هاوپەیوەندیی نیشتمانییه. بڕیاره سیاسی و کەلتوورییەکان له پێناو گەشە کردنی پەیوەندیی نێوانئێتنیکییەکان له سەر تەوەری ئاشتیی نیشتمانی دەبێ و سیستەمی سیاسی، به قبووڵکردنی هاوسەنگایەتی شوناسی ئێتنیکی و شوناسی نیشتمانی، دەبێتە هۆی ئەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی زنجیرە پلایەتی و پۆلێنبەندی هاووڵاتیان له سیاسەتدانانی ناوخۆیی ڕەت بکاتەوه و بیفەوتێنێ و ئیرادەی نیشتمانی له پێناو نەهێشتنی کەلێن و هەڵاواردن بێچم بگرێت.

به گوێرەی ئەنجامی دیمانەی بەشداربووانی لێکۆڵینەوه ستراتیژ و ڕیگەچارەی میکانیزمی له بواره جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، کەلتووریی، سیاسی و یاساییەکان ، ئاماده و پێشنیار کراوه بۆ ئەوەی ئاسۆی سەرەوه بەدی بێت.

پێشنیارەکانی توێژینەوه و ڕیگە چارە کارگێڕییەکان

له بارودۆخی هەستکردن بە هەڵاواردن و نایەکسانی نێوان‌ئێتنیکی ڕوودراو، تۆکمەکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە پێناو وەفاداریی سیاسی بۆ یەکدەستیی نیشتمانییەکی فرەئەندێش و پلۆڕالیستی لە هەر چەشنە بەرناوەڕێژییەک سەرترە و لەو هەلومەرجانەی که زۆربەی هێزی مرۆیی به پێی پێوەرە ناپسپۆڕییەکان ڕێک خراون که توانای بەڕێوه بردنی قەیرانه جۆراوجۆرەکانی نییه و یەکدەستیی نیشتمانی و هاوپەیوەندێتی ئێتنیکی تا ئاستی دروشمی تیۆری و به دوور له ئۆبژە کۆمەڵایەتییەکان دابەزیوه، بەردەوامیی پێکەوە بوونێکی ئاشتییانه و نزیک له ئاشتی مانای خۆی له دەست داوه و ئەمه هەڵکشانی به ئەمنیبوونی کۆمەڵگا بەتایبەت لە ناوچه ئێتنیکییەکان دەگەیێنێ، کە بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئەمە بۆتە بەدیلی ورەی دابەزاندنی ئاساگەلێکی وەکوو مافەکانی هاووڵاتیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و … ـه و لەم پێناوەدا ئەم لێکۆڵینەوه بابەتەکانی ژێرەوه پێشنیار دەکا:

وەدیهاتنی دادپەروەریی ئابووریی

له کەرتی پیشەسازی، دەتوانرێ به دانانی نووسینگه، کارخانه، و دیکەی ناوەنده پەیوەندیدارەکان، چڕبوونی کەرتی پیشەسازی له پارێزگا ناوەندنشینەکان کاڵ بکرێتەوه و له قۆناغی دواییدا، یاسای گشتگیری پەیوەست به ڕێگری له قاچاغ، کۆڵبەری و ئەو پرسه کۆمەڵایەتییانەی که هۆکارەکەی دەچێتەوە سەر گرفتی ئابووریی کە ئەویش بەرهەمی فوکووسخوازی دێرینەن ئاماده بکرێ و جێبەجێکردنی ئەم یاسایانه دەستەبەر ببێت. له وەها هەلومەرجێکدا، هەم ڕێژەی دەرچوونی هێزی مرۆیی کارامه و هەم دەرچوونی پارە له بازاڕی ئابووریی وڵات کەمتر دەبێتەوه و هەروەها هەلی پیشە و سوودمەند بوون له توانای زانستی و کردەیی هەموو خەڵکی وڵات دابین دەبێت.

وەدیهاتنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی

ئەوڕۆکه توێژینەوەکان له بواره جیاجیا زانستییەکان ناکارامەیی سیاسەتەکان و ڕوانین له سەرەوه بۆ خوارەوه و ناوەندتەوەری دەسەڵاتدارن پیشان دەدەن و پێویسته له بەڕێوه بردنی زۆرێک له کاروباره خۆجێییەکان دەوری دەوڵەت کەمتر بکرێتەوه و ئەرکی بەڕێوه بردنی کاروبارەکان بخرێته ئەستۆی خەڵک. ئەم بابەته لەگەڵ سەربەخۆیی حیزبی و ئازادیی بیر و ڕا و کاریی مومکین دەبێ و بەدەر لەم حاڵەته، هەر چەشنه چالاکییەک بە چارەنووسی ناکارامەی وەکوو شۆڕا ئیسلامییەکانی شار و گوند دەچن که پاش پێنج خوول، ڕۆژ له دوای ڕۆژ لاوازتر، گەندەڵتر و ناکارامەتر بوون.

پێشنیار دەکرێ گرنگیدان به شایەنسالاری بەهێز بکرێ، ڕوانینی کۆنتڕۆڵکراو و ئەمنییەتی له سەر چالاکییه جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، کەلتووریی و سیاسییەکان هەڵبگیرێ و ڕێبەران و خەڵکانی خۆجێیی له بەڕێوەبردنی کاروباری کەلتووریی، کۆمەڵایەتی، و ئاینی خۆیاندا سەربەست بکرێن. دانانی ناوەند و پەرستگەی ئاینی تایبەت بە ئەهلی سوننه و هەر کام له ئاین و ئاینزاکان، له شاری تاران، ئازادی و بەستێنسازی پەروەرده به زمانی کوردی لەو بابەتانەیه که له پێناو وەدیهاتنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێی باسه، کاروبارێک که هەم خواستی جەوهەری خەڵک دابین دەکا و هەمیش هەلی تەندروستیی دەروونی – کۆمەڵایەتی و ئاسوودەیی تاکەکان دەڕەخسێنێ و هەروەها ئەوەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی وزەی بلیمەتە ئێتنیکییەکان، زمانه خۆجێییەکان، هونەرمەندان و دیکەی چالاکڤانه ئێتنیکییەکان له پێناو بەرهەم هێنان و تێکۆشانی نیشتمانی به کار بهێنرێت.

هەڵاواردنی ڕەگەزێتی له سەر ئاستی دەوڵەتی و هەروەها له ناو دڵی کۆمەڵگا لەو بابەته گرنگانەیه که بەشێکی زۆری، جیا له بەربەسته یاساییەکان، دەچێتەوه سەر عوڕف و بنەما و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان و بێ‌گومان بۆ هەنگاونان بەرەو گەشەی هاوسەنگ و بەردەوام کەڵکوەرگرتن له هەموو پتانسییەله شاراوەکانی کۆمەڵگا پێویستە و پشتگوێخستنی بەشێک له تاکەکانی کۆمەڵگا (ئافرەتان) به واتای کەمکردنەوەی توانای هێزی مرۆیی و سەرچاوه ناورۆییه نیشتمانییەکانه. زۆرێک له بەشداربووان له دیمانەکانی ئەم توێژینەوه ئاماژەیان بەم بابەتە کردووه و به باوەڕی ئەوان، ژنان و کچان له کۆمەڵگای ئێران له کاتی ڕکابەری یەکسان لەگەڵ پیاوان له تاقیکردنەوه سەراسەرییەکان، دامەزراندن، پۆستی ئیداری (وەزارەتی، پارێزگایی، شارستانی) تووشی لاگیرییەک دەبن کە بەرهەمی ئەم ڕوانگە ڕەگەزێتییانەیه.

چەمکی هاووڵاتی پلەی دوو و پلە چەندەم له بابەته باسکراوەکانی بەشداربووان بوو که دەرخەری هەستی خەڵکانی کۆمەڵگا ئێتنیکییەکانه و دەبێ وەک هۆشدارییەک به سیاسەتدانەرانی کەلتووریی سەیر بکرێت. ڕیگە چارەکانی ژێرەوه بۆ ئەم مەبەستە پێداگری له سەر کراوه:

  1. گەشەی هەمەلایەنەی ناوچه بێبەشەکان به یەکەمایەتیدانانی ئێتنیک و کەمینه ئاینییەکان؛
  2. گەشەی بەرناوەڕێژی هاوبەشانه به کەڵکوەرگرتن له پتانسییەله کەلتووریی و فرەڕەنگە ئێتنیکییەکان؛
  3. کەم بوونەوەی ناوەندێتی و دابەشکردنی دووبارەی هەلە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان؛
  4. بەرناوەڕێژی له خوارەوه و گەشەی پێچەوانه، به چەشنێک که دابەشکردنی سەرچاوەکان له ناوچه سنوورییەکانەوه دەست پێ بکا و ئینجا له ناوەنددا کۆتایی پێ بێت؛
  5. چاکسازی لە سیستەمی ئیداریی و زنجیرە پلەی بەڕێوەبەرێتی وڵات به ئەسپاردنی دەسەڵاتی زیاتر به بەڕێوەبەرانی خۆجێیی.

وەدیهاتنی دادپەروەریی سیاسی

به باوەڕی بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوه، حیزبه سیاسییەکان له ئێراندا زیاتر له کاتی هەڵبژاردنەکان و بۆ ماوەی دوو هەفته وەکوو کارگ سەر هەڵ دەدەن و پاش کۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، له ناو دەچن و به هۆی ئەوەی ڕیشەیان له بەرناوەی گرووپ یان کەسانی تایبەت بۆ وەدەستهێنانی کورسی سەرۆک کۆماری، پەرلەمان و … هەیه، له ناوچه ئێتنیکییەکان حیزبێکمان نییه که خوازیاری داخوازییه ئێتنیکییەکانی خەڵکی خۆیان بن. ڕەنگه گرنگترین هۆکاری نەمان و وازهێنانی حیزبەکان له ئێران، بوونی پانتای ئەمنییەتی، چاودێرێتی و کۆنتڕۆڵکراوی ڕێکخراوه جۆراوجۆرەکان له وڵات بێ که زۆربەیان له ڕادەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و هەروەها تۆڕه بێ‌ژومارەکانی فیلتێرینگ بەدەرن. گرنگترین کارکردێک که حیزبێک دەتوانێ بیبێ، دەربڕینی داخوازی هاوبیرەکانی خۆیان له ڕێگەی بنەما دیموکڕاتیکییەکان و پرۆسەی دانووستانه. کاتێک وەها پرۆسەیەک له کۆمەڵگادا بوونی نەبێ، دژومنایەتی و توند و تیژی دەبێته بەدیلی بنەما دیموکراتیکییەکان، و دانووستان و بێچم گرتنی وەها پانتایەک دەتوانێ ڕەواداری ڕژیم تووشی کێشه بکات. پێشنیارەکانی ئەم لێکۆڵینەوه بەرهەمی پێشنیاری بەشداربووانی توێژینەوه بووه و پێویسته دەسەڵات وێڕای وەلانانی پانتای ئەمنییەتی و میلیتاریستی، جیا له چالاک کردنی حیزبه مۆڵەتدارەکان، پانتای حیزبیی بەرەو گرووپه ئێتنیکییەکانیش بگوازێتەوه بۆ ئەوەی داخوازییەکانی ئەوان به شێوەی تەواو دیموکراتیکانه و تەنیا له ڕێگەی پرۆسەی دانووستان بخرێته ڕوو و چارەسەر بکرێت.

لەم پەیوەندییەدا، فارس زمانەکان نەبێ، هەر چوار گرووپه ئێتنیکییه ڕووماڵکراوەکە ناڕەزایەتییان هەبوو. کورد و بەلووچ و عەرەبەکان وتیان که له ماوەی تەمەنی پتر له 40 ساڵی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی له پۆسته سیاسییە پله یەکەمەکانی وەکوو سەرۆکایەتی هێزی جێبەجێکار و یاسادانەری و داد، وەزیرییە دەوڵەتییەکان، پارێزگار و باڵوێزی وڵات هیچ کەس لە هاوزمانەکانیان هەڵنەبژێردراوە.

وەدیهاتنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی

پێناسەکانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەڕوانێته سەر دابینکردنی خواسته مرۆییەکان له هەر دوو ڕەهەندی مادی و مەعنەویی. بەرهەمی داتاکانی ئەم توێژینەوه گوزارشتن لەوەی که دەستڕاگەیشتن به نەخۆشخانه و ناوەندی تەندروستی و دیکەی خزمەتگوزارییه پێویستەکان له بەشی تەندروستیی ناوچه ئێتنیکییە ڕووماڵکراوەکان زۆر نەشیاو و نادادپەروەرانه دابەش بووه. له هەندێ له ناوچەکانی کوردستان، نەخۆشخانەکان ناتوانن سادەترین نەشتەرگەری و چاودێری پزیشکی ئەنجام بدەن و کەسی نەخۆش ناچاره بۆ چارەسەر، سەردانی ناوەنده پارێزگاییەکانی (ورمێ، تەورێز، هەمەدان و ..). بکات. هەڵبەت چاودێری نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکانی شاری تاران، خۆی پیشاندەری دۆخی ئەو نەخۆشانەیه که تەنانەت سەرەڕای هەژاری، بەڵام به هۆی بەشخوراوی ناوچەکانی خۆیان، پەنا بۆ تاران دەبەن.

هێشتا له سنوورەکان و بەتایبەت گونده سنوورییەکان گازکێشی نەکراوه و له نەبوونی گاز، لەم ساڵانەی دواییدا، له قوتابخانەکانی کوردستان و بەلووچستان به هۆی کەڵکوەرگرتن له زۆپای نەوتی کارەساتی زۆر گەوره ڕووی داوه که بووه هۆی گیان له دەستدانی کۆمەڵێ منداڵ و مامۆستا و ئاسەواری سووتمان له سەر جەستەی زۆرێک له قووتابیان ماوەتەوه.

سینەما و پارک و کاتی پشوو له سنوورەکانی ئێراندا هیچ واتایەکی نییه. ژێربنەما گەشەیی و پیشەسازی و جادەییەکان له ناو ئێتنیک و سنورەکاندا زۆر نالەباره و جادەکانی ئەو ناوچانه بۆته کوشتارگەی گەنجەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار دەکرێ کە به بەڕێوەبەردنی دروست و بە بێ هەڵاواردنی ئێتنیکی – ئاینی، بەتایبەت له بواری تەندروستی و پەروەرده و به ڕەچاو گرتنی لانیکەمی سنووری ناوچەیی و ژێربنەما جادەییەکان به جیدی پێداچوونەوە بە پێوەرەکانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بکرێتەوه و بۆ ڕێگری له زیانی قەرەبوونەکراو، کەمایەسییەکانی ڕاست بکرێتەوه و بۆ ئەم مەبەسته داپەڕی گونجاو بگیرێته بەر.

دەوری ڕاگەیاندنە گرووپییەکان له هاوپەیوەندێتی نیشتمانی و دادپەروەریی میدیایی نێوان‌ئێتنیکی

ڕاگەیاندنه نیشتمانی و فەرمییەکانی ئێران ڕاشکاوانه له لایەن دەسەڵاتەوه قۆرخ کراون و کار له سەر بانگەشە و نواندنەوەی ئاین و سیاسەتێکی تایبەت دەکەن. لەم میدیایانەدا سەنسۆڕ یەکجار زۆره و گەڕانی ئازادانەی زانیارییەکان مومکین نییه. هەر ئەم بابەته له لایەن ئێتنیکه ڕووماڵکراوەکان ڕخنەی له سەره و به ڕای ئەوان وەک یەکێک له بابەتە جیاکارییەکان دێته هەژمار و پێیان وایە ئەمە دژی یەکگرتوویی ئێتنیکی و یەکپارچەیی و هاوپەیوەندیی نیشتمانییە. به بۆچوونی دیمانە لەگەڵکراوانی ئەم توێژینەوه، ئەم چەشنه نواندنەوە ئایدۆلۆژیکییە دەوڵەمەندیی کەلتووریی و پێشینەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هاوبەشی ئێرانییەکان سەنسۆڕ دەکا و درێژە بەو سیاسەتی لێکچوواندنە دەدا که دەبێتە هۆی بەسیاسیبوونی پرسە کەلتوورییەکان و بەرامبەر به نەریت و ڕفتاره کەلتوورییەکانی ئێتنیکەکان بێبەزەیێتی دەنوێنێت. ئەم ڕوانینه جیاکارییانه بابەتێکه که بووەته هۆی هۆگریی ڕوو له هەڵکشان بۆ ڕاگەیاندنه ڕۆژاوایی، ئۆنلاین و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان و لەم بوارەدا دەوری سەرەکی دەبینێت. پێشنیار دەکرێ کە به سینگ فرەوانی، ئامادەکاری بۆ چوونی کەرتی تایبەت بۆ ناو ئەم ڕاگەیاندنانه بکرێ و بۆ هەر کام له حیزبه سیاسییەکان هەلی ڕاگەیاندنێکی جیاواز بڕەخسێ که له ئەگەری دابین بوونی وەها هەلێک بوار بۆ ڕکابەرییەکی تەندروست دێته کایەوه و متمانەی گشتیش دەگەڕێتەوه بۆ باوەشی میدیا نیشتمانییەکان.

بەستێنسازی بۆ لێکنزیک‌کردنەوەی ئاینزا و ئاینەکان له ئێران

بەشێک له ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه ئاماژه به وەلانانی هزری ئاینی له سیستەمی سیاسی فەرمی و گرتنه بەری هەلومەرجی حکوومەتی سکۆلار دەکەن بۆ ئەوەی به هۆی ئەوەوه، هەر چەشنه پێباشتربوون و ئیمتیازی شوناسیی وەلا بنرێ که ئەنجامەکەی دەبێته کاڵبوونەوەی هەستی ستەمی شوناسه ئاینییە جۆراوجۆرەکان و ڕەخساوبوونی هەلی سوودمەندبوون له بەهره مرۆییەکان به زانست و پسپۆڕی بێژومارەوە.

کەڵک وەرگرتن له دەفرایەتی دیموکراتیکی یاسایی و جێبەجێکردنی مادە ڕاگیرکراوەکانی یاسای بنەڕەتی

مادە ڕاگیرکراوەکانی یاسای بنەڕەتی، که بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەش پێداگرییان له سەر کردبوو، بابەتی ئازادییه ئاینی و ئاینزایی و مرۆییەکان له پێناو یەکسانی ئێتنیک و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی وەکوو پەروەرده به زمانی دایکی (مادەکانی دوازدەهەم، سێزدەهەم، چوارەدهەم، پازدەهەم و نۆزدەهەم) و پتانسییەلە دیموکراتییەکانی یاسای وڵاتن که بەستێنی وەدیهاتنی مافەکانی کەمینه ئێتنیکی و ئاینییەکان دابین دەکەن و یەکێک له بابەتەکانی ناڕەزایەتی گرووپه ڕووماڵکراوەکانی ئەم توێژینەوه بوون. لەم بارەوه دەتوانین بڵێین که ئۆبژە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوەیان داوە کە له هەر کام لەم بەشانەدا، قەیرانگەلێک هەندێ جار جیاواز بەڵام بەهێز ڕوو دەدەن، له سەر پێشنیاری بەشداربووان، ڕیگە چارەی دەرچوون لەم لەمپەر و قەیرانانه بەهێزبوونی دەوڵەتێکه که توانا و دەستەبەرکردنی جێبەجێبوونی مادە ڕاگیراوەکانی یاسای بنەڕەتی هەبێت.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

سەرچاوەکان

ازکیا، مصطفی. (1379). جامعه‌شناسی توسعه. چاپ دوم، تهران: حکمت.

ازکیا، مصطفی و غفاری، غلامرضا. (1389). نظریه‌های اجتماعی معاصر با رویکرد توسعه. تهران: علمی.

اشرف، احمد. (1378). هویت ئێرانی در بین ئێرانیان خارج از کشور (جلد دوم سنت و تجدد). بولتن فرهنگی معاونت امور بین‌الملل وزرات فرهنگ و ارشاد اسلامی. تهران.

امیراحمدی، هوشنگ. (1377). قومیت و امنیت (ترجمۀ حسن شفیعی). فصلناوه مطالعات راهبردی، 2.

باومن، زیگموند. (1380). مدرنیته و مدرنیسم (ترجمۀ حسینعلی نوذری). تهران: نقش جهان.
پورسعید، رامین و زهیری، معصومه. (1391). عدالت اجتماعی راولز. اطلاعات حکمت و معرفت. 7 سی (8)، ص 60 – 63.

تودارو، مایکل (1366). تو سعه اقتصادی در جهان سوم (ترجمۀ غلامعلی فرجادی). چاپ اول. وزارت برناوه و بودجه.

توسلی، غلامعباس. (1398). نظریه‌های جامعه‌شناسی. تهران: سمت.

دیاکونف، میخائیل. (1383). تاریخ ئێران باستان (ترجمۀ روحی ارباب). تهران: علمی و فرهنگی.

ذکایی، محمدسعید. (1380). اخلاق شهروندی، رابطه هویت‌یابی جمعی و ارزشهای دیگرخواهانه. ناوه انجمن جامعه‌شناسی ئێران، 3 (5)، ص 61 – 63.

رشیدی، حسن. (1387). بررسی رابطه عوامل اجتماعی با هویت جمعی (قومی، ملی و جهانی) در بین دانشجویان دانشگاه زاد اسلامی واحد مهاباد (پایانناوه کارشناسی ارشد) دانشگاه زاد اسلامی واحد تبریز.

رمضانزاده، عبدالله. (1376). توسعه و چالشهای قومی، توسعه و امنیت عمومی. ج 2، تهران: همایش توسعه و امنیت عمومی.

سن، مارتیا (1382). توسعه به مثابه آزادی. (ترجمۀ وحید محمودی). تهران: دانشکده مدیریت دانشگاه تهران.

شایگان، داریوش. (1384). افسونزدگی جدید: هویت چهل‌تکه و تفکر سیار (ترجمۀ فاطمه ولیانی). چاپ چهارم، تهران: فرزان روز.

شفیعی‌نیا، عباس و احمدی، یعقوب. (1397). فرایند تبعیض سیاسی اجتماعی و هویتخواهی قومی. فصلناوه علمی – پژوهشی علوم اجتماعی دانشگاه زاد اسلامی واحد شوشتر، 12 (2).

صنیع اجلال، مریم (1384). درآمدی بر فرهنگ و هویت ئێران. تهران: تمدن ئێرانی. طامه، مجید. (1396). برناوۀ صبح به خیر ئێران شبکه یک صدا و سیمای جمهوری اسلامی ئێران، 21 اسفند 1396.

عبداللهی، محمد و حسین بر، محمدعثمان. (1381). گرایش دانشجویان بلوچ به هویت ملی در ئێران. مجله جامعه‌شناسی ئێران، 4 (4)، ص 101 – 126.

علمداری، کاظم. (1383). چرا ئێران عقب ماند و غرب پیش رفت؟ چاپ دهم، تهران: توسعه.

غفاری غلامرضا و نیازی، محسن. (1386). جامعه‌شناسی مشارکت. تهران: نزدیک.

فولر، گراهام. (1372). قبله عالم (ترجمۀ عباس مخبر). تهران: مرکز.

قوام، عبدالعلی (1379). چالشهای توسعه سیاسی. تهران: قومس.

کاستلز، مانوئل. (1389). عصر اطلاعات: ظهور جامعه شبکه‌ای (ترجمۀ احد علیقلیان و افشین خاکباز). تهران: طرح نو.

کچوئیان، حسین. (1387). تطورات گفتمانهای هویتی در ئێران. تهران: نی.

کریمی مله، علی. (1388). آینده‌شناسی هویتهای جمعی تهران. تهران: مؤسسه مطالعات علمی.
گیدنز، آنتونی. (1398). تجدد و تشخص (ترجمۀ ناصر موفقیان). تهران: نی.

ــــــــ. (1385). جامعه‌شناسی (ترجمۀ منوچهر صبوری). تهران: نی.

ماهرویان، هوشنگ (1385). مدرنیته و بحران ما. چاپ دوم. تهران: اختران.

مطهری، مرتضی. (1382). مجموعه یادداشتها. قم: صدرا.

مظفری، آرزو. (1391). قومیت و امنیت اجتماعی؛ مطالعه موردی قوم بلوچ ساکن استان سیستان و بلوچستان. همایش ملی شهرهای مرزی و امنیت؛ چالشها و رهیافتها.

هابرماس، یورگن. (1380). مدرنیته پروژه‌ای ناتمام، مدرنیته و مدرنیستم (ترجمۀ حسینعلی نوذری). چاپ دوم، تهران: نقش‌جهان.

همتی، مجتبی. (1386). حق‌های اقتصادی _ اجتماعی و نسبت آن با حقوق شهروندی در پرتو نظریه عدالت راولز. مجله حقوقی دادگستری، 58، ص 65 – 92 .

سەرچاوە ئینگلیزییەکان

Amirahmadi, Hoshang. (1987). A Theory of collective Movements and its Application to Iran. Ethnic and Racial Studies, 10(4).
Ashcreft, B.; Griffths, G. & Tiffin H. (1998). Key Concepts in post colonial studies. London: Routledge.
Brown, Graham K. & Arnim, Langer. (2010), Conceptualizing
and Measuring Ethnicity. Oxford Development Studies, 38 (4).
Brown, R. (1996). Social Identity) In A. Kuper and J. Kuper. The Social Science Encyclopedia, New York: Rouledge.
Entman, R. & Rojecki, A. (2000). The Black Image in the White Mind: Media and Race in America. Chicago: Chicago University PressBarrington.
Eriksen, Thomas H. (1993). Ethincity and nationalisim. London: Pluto press.
Faulks. K. (2000). Citizenship. New York: Routedge

Gosh, Biswajit. (2009). NGOs, Civil Society and Social Reconstruction in Contemporary India. Journal of Developing
Societies
, 25, p. 22.
Graves, S. (1999). Television and Prejudice Reduction: When
Does Television as a Vicarious Experience Make a Difference?. In Journal of Social Issues, 55 (4), p.707-725.
Grossberg, Lawrence. )1996). Identity and Cultural StudiesIs That All There Is? (Stuart Hall and Paul Du Gay, eds).. Questions of Cultural Identity, London: Sage, pp. 87-107.
Hall, S. 1997. The local and the global: Globalization and ethnicity. Cultural Politics, 11, 173–187.
Hechter, M. (1975). Internal Colonialism: The Celtic Fringe in
British Nional Development, 1536-1966
. London and Henley:
Routledge & Kegan Paul.
Jenkins, R. (1997). Rethinking Ethnicity. London: Sage.
Kaufmann, Eric. (2015), Land, History or Modernization?
Explaining Ethnic Fractionalization. Ethnic and Racial Studies, 38 )2(, pp. 193-210.
Oldfield. A. (1990). Citizenship and Community: Civic Rebublicanism and the Modern World. London: Routledge
Olson, Eric T. (2002). Personal Identity, In the Stanford
Encyclopedia of Philosophy
(Edward N. Zalta ed)..
Olzak, Susan. (1985). Ethnicity and Theories of Ethnic Collective Bahavioue. Research in Social Movements.
Conflicts and Change, 8, pp. 65-85.
Sen, Amarty. (1983). Development: Which Way Now? The
Economic Journal, 93 (372).
Turner, Jonathan, H. (1998). The Structure of sociological theory. Sixth edition, Belmont: Hadsworth publication.

دابەزاندن PDFی وتار