روونکردنەوەی کۆمەڵایەتی هۆکار و لێکەوتەکانی خەتەنەی ژنان له ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

خەتەنەی کچان بریتییە لە هەموو ئەو داپەڕانەی کە دەبێتە هۆی بڕینی بەشێک یان هەر هەموو بەشە دەرەکییەکانی کۆئەندامی زاوزێی ژنان و یان بە واتایەکی دیکه، هەر چەشنە زیان‌گەیاندنێک بە هۆکاری ناپزیشکی بۆ سەر ئەم بەشە. خەتەنە نموونەی ئاشکرای توندوتیژی دژ بە ژنان بەتایبەت منداڵان و کچانە کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا بەدی دەکرێت.

لە ئێرانیش خەتەنەی کچان دیاردەیەکی نائاسایی نییە بەڵام لە لایەن دەوڵەت، وەزارەتخانە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە پشتگوێ خراوه. ئامانج لەم توێژینەوە لێکدانەوەی گشتگیری خەتەنەی ژنان لە ئێران بوو کە بۆ یەکەمین جار لە ئێران لە مەودای زەمەنی 1384 بۆ 1394ـی هەتاوی ئەنجام درا. شێوازی ئەم توێژینەوە پێناسەیی – ئەندازەیی و مەیدانییە و لە سەر ئاستی کەلان بوو. هەروەها ئامراز و تەکنیکەکانی توێژینەوە پرسیارناوه، دیمانە و بینینی هاوبەشانە بوو.

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ڕوونی دەکاتەوە کە خەتەنەی کچان لە ناو ئەهلی سوننەی لقی شافێعی مەزهەبەکان لە هەندێ لە بەشەکانی هەر چوار پارێزگای هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە دێرزەمانەوە باو بووە و بە خۆشحاڵییەوە لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە دابەزین کردووە. ئەنجامەکانی توێژینەوە ئەوە دەردەخا کە لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەنجامدانی خەتەنە لەم ناوچانە پاساوی ئایینی، بێ‌ئاگایی، ئاستی خوێندەواریی نزم و نەخوێندەواری، کەلتووری پیاوسالارانە و باوەڕگەلی سەبارەت بە پاکداوێنی و تەندروستی و جوانییه. هەروەها ڕێکارگەلێک بە مەبەستی پێشگیری و دژایەتی خەتەنەی ژنان پێشنیار کراوە کە بریتییە له:

قبووڵکردنی بوونی خەتەنە و بابەتێتییەکەی لە لایەن دەوڵەت و وەزارەتخانە پەیوەندیدارەکانەوە، گرتنەبەری داپەڕی یاسایی و زەرووری بۆ ڕێگری و بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان لە لایەن دەوڵەت و بەستێنسازیی کەلتووریی، هێنانی ئەم زەروورەتانە بۆ ناو دەزگای داد، تەندروستی و پەروەردە، هەروەها تەرخانکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی نیشتمانی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی لەم ناوچانە بۆ ئەوەی متمانە لە نێوان دەوڵەت و خەڵک بێچم بگرێت.

پشتیوانیی زانایانی ئایینی و دەستڕۆیشتووانی ئایینی لە بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان و دەرکردنی فتوای شەرعی لە سەر بنەمای ناشەرعیەتی و زیانبەخشبوونی خەتەنەی کچان و ژنان، بەرناوەڕێژی کردەیی بە مەبەستی سوودوبەینین لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری بەرەنگار بوونەوەی خەتەنەی ئافرەتان و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیارییە تەندروستی و دەروونناسییەکان، بەهێزکردنی ئێن‌جی‌ئۆ و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان لە پێناو بەستێنسازیی کەلتووریی و زانیاریبەخشی لە بواری خەتەنەی کچان.

وشە کلیلییەکان: توندوتیژی دژ بە ژنان، خەتەنەی کچان، باوەڕە کەلتوورییەکان، ئایین

پێشەکی

بە گوێرەی کۆنوانسیۆنەکان و یاسای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان، خەتەنەی کچان یان بڕینی کۆئەندامی زاوزێی ژنان نەریتێکی کۆنە کە هەندێ لە لایەنە بنەڕەتییەکانی مافە سێکسیییەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات. بە گوێرەی پێناسەی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی (1997) خەتەنەی ئافرەتان بریتییە لە هەموو ئەو شێوازانەی کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن یان بڕینی هەموو یان بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی ژنان بە پێی ئامانجی کەلتووریی یان هۆکارەکانی دیکە کە ناپزیشکین (تیلور، 2003) لە پێناسەیەکی دیکەدا بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنان، بریتییە لە هەموو شێوازەکانی بڕینی کەم یان هەموو بەشی دەرەکی کۆئەندامی زاوزێی ژنان بە بێ هۆکاری پزیشکی (جێنێت و هاوکاران، 2009).

ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی لە دابەشکارییەکدا، خەتەنەی کچانی لە چوار جۆر، پۆلێنبەندی کردووه. جۆری یەکەم بڕینی هەموو یان کەمی بەلووکەیە (کلیتۆڕیدکتۆمی)، جۆری دووهەم بڕینی هەموو یان کەمی بەلووکە و لچە بچووکەکانی شەرمگه، لەگەڵ یان بە بێ بڕینی لچە گەورەکانی شەرمگەیه، جۆری سێیەم کە پێی دەڵێن جۆری فێڕعەونی، هەر چەشنە تەنگکردنەوەی بۆریچەی کۆئەندامی زاوزێ بە دروستکردنی مۆر و مۆمی داپۆشەر بە قرتاندن و گۆڕینی شوێنی لچە بچوکەکانی شەرمگە و یان لچە گەورەکانی شەرمگه، لەگەڵ یان بە بێ بڕینی بەلووکەیە (کلیتۆریس) و جۆری چوارەم ئەنجامدانی هەر چەشنە کردەوەیەکی مەترسیدار لە سەر کۆئەندامی زاوزێی ژنان بۆ مەبەستێکی ناپزیشکی.

وەکوو کونکردن، دەرزی لێدان، هەڵقڵیشاندن و هتد. لەم چەشنە خەتەنەدا هیچ چەشنە شانە و پێکهاتەیەک نابڕدرێت. زیاتر خەتەنە لە لایەن ژنانی بەساڵاچوو، ماماکان و تەنانەت ئارایشتکاران ئەنجام دەدرێت. (منیرو و همکاران،2000؛ ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستیی، 2008).

خەتەنەکردنی کچان لێکەوتەی نەخوازراوی لە سەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی کچان هەیه؛ ئەم کردەوە هەندێ جار قوربانییەکان خۆی دەکووژێ و هەندێ جار هەتا دواساتی تەمەن دەرکەوتەکانی بەرۆکیان دەگرێت. بەو پێیەی کە خەتەنەی کچان بە بێ بێهۆش کردن و بە بێ ڕەزامەندیی ئەوان ئەنجام دەدرێ زۆر ئێش و ئازاری هەیه.

ئەم کردەوە زیاتر لە ژینگەیەکی ناتەندروست لە ئەو سەر کچۆڵانە ئەنجام دەدرێ کە تەمەنیان زیاتر لە نێوان 4 بۆ 12 ساڵانه. ئەم کردەوە زیاتر لە لایەن خەتەنەچییە نەریتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت. زۆربەیان ئافرەتانێکن کە هیچ چەشنە ڕاهێنانێکی پزیشکییان لەم بارەوە نەبینیوە و تاکە پشتیوانیان بۆ ئەم ئیشە ئەو ئەزموونەیە وا لە ماوەی چەند ساڵ وەدەستیان هێناوه.

ئەوان بۆ بڕین کەڵک لە کەرەسەی وەک تیغی ڕیش‌تاشین، مقەست یان چەقۆ وەردەگرن و پاش نەشتەرگەریش شوێنی برینەکە بە پەت و هەندێ جار بە سیم دەدوورنەوه.  ئەم کردەوە نە تەنیا هیچ چەشنە پاساوێکی پزیشکی نییه، بەڵکوو بە پێی جۆر و ڕێژەکەی، زیان بە هەندێ لە کارکردە سەرەکییەکانی لەش دەگەیێنێت و لە درێژەی ژیاندا لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر تەندروستیی جەستە و دەروونیان هەیه، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە ئازاری زۆر، هەوکردن، ئاسەواری خراپ لە سەر خستنەوەی منداڵ، دژواربوونی میز کردن، دژواربوونی کاری سێکسی، دابەزینی بەرچاوی چێژی سێکسی و خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی بێ‌ژومار بکەین. خەتەنەی کچان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا ئەنجام دەدرێ و ناتوانین بڵێین کە تایبەت بە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست یان ئەفریقا، یان تەنیا لە ناو موسڵمانان، جوولەکەکان یان مەسیحییەکاندا هەیه.

خەتەنەی کچان لە ناو کۆمەڵگای موسڵمانانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لە وڵاتانێکی وەکوو ئێران پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە و ئەم کردەوە لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژاوای وڵاتی ئێران  باوە (ئەحمەدی، 2016).

لە ئێران خەتەنەی کچان هێشتا نەبۆتە بابەتێکی باس‌بزوێنی گشتی و بە دەگمەن قسەی لە سەر دەکرێت. سەرەڕای ڕوونکردنەوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی، خەتەنەی کچان لە ئێراندا هەم بەر لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئێران لە لیستی جیهانی ئەو وڵاتاتەدا جێی ببێتەوە کە کچان خەتەنە دەکەن و هەمیش پاش ئەو، بابەتێکی شاراوە و نهێنییه.

وەزارەتخانە پەیوەندیدارەکان لە دەوڵەتی ئێراندا نکۆڵی لە بوونی دەکەن یان دەیشارنەوه. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نوێنەرانی فەرمی یان کەسانی خۆجێیی حاشای لێ دەکەن، چوونکە خەتەنەی  کچان پەیوەست بە ئەهلی سوننە دەزانن و ئامادە نین خۆ لە قەرەی بدەن. هەروەها، پرسی خەتەنەی کچان هەتا ئێستا نەیتوانیوە سەرنجی وەزارەتخانەکان یان دیکەی ناوەندە دەوڵەتی و ئێن‌جی‌ئۆکانی وەکوو وزارەتی تەندروستی، ڕێکخراوی بێهزیستی یان زانکۆکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت.

کاری زانکۆیی و یان کاری کردەیی لەم بوارەدا زۆر سنووردارە و پەیوەستە بە قۆناغێکی زەمەنیی سنووردار و شوێنێکی تایبەت کە زیاتر ڕاپۆڕتانە و لە چەشنی تێزی زانکۆیی بووه. ئاوڕ لێنەدانەوەی بەرپرسانی دەوڵەتی و ئەنجومەنە لێکۆڵینەوەیی و زانکۆییەکان بەم ڕاستییە ئۆبژەییە کە هۆکاری پێشێلکردنی مافەکانی کچان و منداڵانە، لە هۆکارەکانی گرنگیدان و سەرنجی تایبەت بەم لێکۆڵینەوانەیه. نووسەر بە پێی لێکۆڵینەوە و توێزینەوەی و مەیدانی لەم بوارەدا هەڵوەدای وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیە کە ڕێژەی پەرەسەندنی خەتەنەی کچان لە ئێران بە چ شێوەیەکە و چ فاکتەرگەلێک بۆتە هۆی بەردەوام بوونی ئەم داپەڕە دژە مافە مرۆییە و لە کۆتاییدا چ ڕێکارگەلێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە بوونی هەیه.

ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوه

سەرچاوەی مێژوویی خەتەنەی کچان ڕوون نییه. توێژەران ئاخێزگەی جوگرافیایی ئەم کردەوە دەگەڕێننەوە بۆ دەورووبەری ڕووباری نیل لە میسری کۆن کە بە مەبەستی ڕێگری لە دووگیانبوونی ژنان بەتایبەت کۆیلەکان بە کار دەهێنرا و مێژووەکەشی دەبەنەوە بۆ 2 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا. شارستانییەتەکانی ڕۆما و عەرەب ئەم کردەوە گرێ دەدەنەوە بە پاکداوێنی و پەردەی کچێتی. جیا لە سەرچاوەی مێژوویی خەتەنە، ئەم کردەوە لە سەردەمی هاوچەرخیشدا لە ناو وڵاتانی جۆراوجۆردا بەدی دەکرێت.

بە پێی ڕاپۆڕتی یوونیسێف، خەتەنەی کچان لە سەر ئاستی 29 وڵات لە کیشوەری ئەفریقا، هەندێ لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە ناو هەندێ لە گرووپە پەنابەرەکانی دانیشتووی ئەمریکای باکووری، ئوستڕالیا، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا باوه. ڕاپۆڕتەکانی ئەم دواییەی یوونیسێف گوزارشتن لەوەی کە ئەوڕۆکە نزیکەی 130 ملوێن کچ و ژن لە سەرتاسەری دنیادا دەژین کە قوربانی یەکێک لە جۆرەکانی خەتەنەی کچانن و ساڵانە نزیکەی دوو ملوێن کچ بەم ڕێژە زیاد دەبێت (یوونیسێف، 2014). بۆچییەتی خەتەنە بە تەواوەتی وابەستە بەو کۆمەڵگایانەیە کە ئەم کردەوەی تێدا باوه. لەم کۆمەڵگایانەدا بە مەبەستی پاکانەکردن بۆ بڕینی بەشێک لە لەشی کچان هەموو جۆرە هۆکارێک هەیه.

ئەم پاکانانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مێژوو و ئایدۆلۆژیای ئەم کۆمەڵگایانە هەیە و هەندێکیان لە سەر بنەمای نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی ژنان بێچمیان گرتووه. خاوەن تیۆرییەکان، کۆنتڕۆڵی ئارەزووی سێکسی ژنان لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکان بە ئەنگێزەی سەرەکی خەتەنەکردنی کچان دەزانن.

لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا وەک ڕێوڕەسمی چوونە ناو تافی گەورەساڵی و چوونە پاڵ ژنانی پێگەیشتوو لێی دەڕوانن. ئەم کردەوە بە هۆی باوەڕی کەلتووریی و ئایینی ئەنجام دەدرێ و تاکەکان بۆ ئەم کردەوە ناچار دەکا کە گرینگترینەکەیان بریتییە له: پاکداوێنی و پاراستنی پەردەی کچێتی، پاراستنی حەیا و ئابڕووی بنەماڵه، ملکەجێتی بۆ فەرمانە ئایینییەکان، تەندروستی و جوانی و ئەنگێزە ئابوورییەکانی هاوسەرگیری بۆ وێنە وەرگرتنی شیربایی (لیندورفر 2007).

ئەو باوەڕە هەیە کە ئەو کچانەی کە خەتەنە دەکرێن ئەوە لە تافی منداڵییەوە گوازراونەتەوە بۆ تافی گەورەساڵی. هەر بەم پێیە ئەوان زووتر هاوسەرگیری دەکەن. ئەو منداڵانەی کە هێشتا گەورە نەبوون لە دەوری منداڵ‌هاوسەردا دەکەونە بەر خەسارەتە جەستەیی و دەروونییە ڕوو لە هەڵکشانەکان (ئەحمەدی، 1395).

خەتەنەی کچان نەریتێکی دێرینە کە بەر لە ئیسلام یان مەسیحییەت باو بووه. سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆرێک لە گوتارەکان خەتەنەی ئافرەتان پەیوەست دەکەنەوە بە ئایین و بە یەکێک لە پێویستییەکانی ئایینی ئیسلامی دەزانن. ڕاستە خەتەنەی ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەی موسڵمان باوه، بەڵام دەبێ جەخت بکەمەوە کە نە لە کتێبی پیرۆز و قوڕئان باسی خەتەنەی مێینە هاتووە و نە لە هیچ یەک لە دەقە پڕبایەخەکانی مەسیحی و ئیسلامی (روزی، 2013) ئاماژەی پێ کراو.

لە هەندێ لە ناوچەکانی ئێران کە خەتەنەی کچان ئەنجام دەدرێ، ئایین و نەریت فاکتەری سەرەکی پشتیوانی لەم دیاردەن. شایەنی ئاماژەیە کە لە ناو زۆربەی موسڵماناندا خەتەنەی کچان ئەنجام نادرێت. بەڵام هەندێ لە ئاینزا ئیسلامییەکانی وەکوو شافێعی مەزهەبەکان لە ئێران ئەم دیاردە وەکو کردەوەیەکی شەرعی لە قەڵەم دەدن. بەر لە گشتگیربوونی ئیسلام لە نیمچە دووڕگەی عەرەبستان، ئەم نەریتە لە ناو عەرەبەکاندا باو بووه. کەواتە بەر لە ئیسلام خەتەنەی کچان باو بووە و بێگومان حەزرەتی محەمەد پرسی خەتەنەی کچانی نەهێناوەتە ئاراوە.

ڕا و بۆچوونی شافێعی مەزهەبەکان بۆ شەرعی و سونەت بوونی خەتەنەی کچان، گێڕانەوەیەکە لە کتێبی سنن ابوداود کە لە فەرموودە لاوازەکانه.

و ئەوان بە پشتبەستن بەم گێڕانەوە کە متمانە پێکراویش نییە ئەم داپەڕە ئەنجام دەدەن. سەید سابق زانای بە ناوبانگ و نووسەری “فقە السنه” لەو باوەڕەدایە کە هەموو ئەو فەرموودانەی کە پەیوەستن بە خەتەنەی کچانەوە بێ‌بایەخن و متمانە پێکراو نین. (ئەحمەدی، 2016). سەبارەت بەم پرسە باس زۆرە و زۆرێک لە زانایانی ئیسلامی هۆکار و بەڵگەیان بۆ ئیدانە و ناشیرین‌کردنی خەتەنەی کچان خستۆتە ڕوو. لە ساڵی 2006، لە زانکۆی ئەلئەزهەڕی قاهیرە لە وڵاتی میسر کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو کە زۆرێک لە زانایانی ناسراوی ئایینی تێیدا بەشدار بوون.

لەم کۆنفڕانسەدا فتوایەک دەرچوو کە خەتەنەی کچان دەبێ قەدەغە بکرێ چوونکە کردەوەیەکی نائیسلامییە. پڕۆفیسۆر عەلی جومعه، موفتی مەزنی میسر لە کۆنفڕانسدا فتوای دەرکرد و وتی: “خەتەنەی کچان چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی جەستەییەوە زیان بە ئافرەتان دەگەیێنێت. بۆ پشتیوانی لە باڵاترین بەها ئیسلامییەکان، کە هەمان زیان نەگەیاندن بە دیترانە بە گوێرەی پێغەمبەری ئیسلام، زەرەر و زیان گەیاندن بە خۆ و دیتران ڕێگە پێدراو نییە و دەبێ خەتەنەی ژنان نەمێنێت. ئەو کات ئەم کردەوە دەتوانین وەک پێشێلکردنی مرۆڤایەتی کە شیاوی سزادانە سەیری بکەین.” کەواتە دەتوانین بەڵگە بێنینەوە کە ئەم دیاردە نە پاڵپشتیی ئایینیی متمانەپێکراوی هەیە و نە لە سۆنگەی مافەکانی مرۆڤەوە داکۆکی لە سەر کراوە.

خەتەنەی کچان لەم ساڵانەی دوایدا ڕەوتی ڕوو لە داکشانی بە خۆوە بینیوه. هەڵکشاندنی ئاستی وشیاری و ئاشنابوون لەگەڵ دنیای مۆدێڕن گۆڕانێکی زۆری لە ڕوانگەی خەڵک سەبارەت بە خەتەنەی کچان بەدی هێناوە و ڕفتاری ئەوانی زۆر گۆڕیوه. ڕێکخراوە چالاکەکان لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەشەی جیهانی، خەتەنەی کچان بە نموونەیەک لە توندوتیژی دژ بە منداڵان و کچان دەزانن. لە ماوەی دەیەی ڕابردووشدا هەم لە سەر ئاستی ناوچەیی و هەم لە سەر ئاستی جیهانی داپەڕی گرنگ لەم بوارەدا ئەنجام دراوه. لەگەڵ بە فەرمی ناسینی هێورانەی خەتەنەی کچان وەک پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ، کەمپەینێکی جیهانی بێچمی گرت کە ئامانجەکەی خستنە ڕوو و دابەزاندنی یاسا لە دژی ئەم کردەوە بوو. زۆرێک لە وڵاتان ئێستا بە واژۆکردنی هەندێ پەیمانناوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کە بێچمە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن و توندوتیژی لە خۆ دەگرن بوونەتە داکۆکاری  مافەکانی ژنان و منداڵان. بۆ وێنه، لە کۆی 29 وڵاتی ئەفریقایی کە کچان خەتەنە دەکەن، نزیکەی 17 وڵات کۆمەڵێ یاسا لە خۆ دەگرن کە بە شێوەی تایبەت خەتەنەی کچان قەدەغە دەکەن.

زۆربەی وڵاتانی وەرگری پەنابەرانی ئەو وڵاتانەشی کە کچان خەتەنە دەکەن یاسای تایبەتیان بۆ خەتەنەی کچان داناوە. لە هەندێ لە وڵاتانی ئورووپایی وەک بریتانیا، سووید، نۆڕوێژ و بەلژیک کۆمەڵێ یاسای تایبەتیان داناوە کە بە پێی ئەم یاسایانە ئەم کارە بە تاوان دەناسرێت. لە حاڵێکدا، وڵاتانێکی دیکەی وەک فەڕەنسە بە پێی هەندێ مادەی یاسایی گشتیتری یاسا سزادانەکان بە دواداچوون بۆ پرسی خەتەنەی کچان دەکات. لە ساڵی 2011 دەوڵەتی ئیسپانیا لە دژی ئەو بنەماڵە پەنابەرانەی وا کچەکانیان بە نیازی خەتەنە کردن دەبەن بۆ وڵاتانی دیکه، هەندێ هەڵمەتی دەست پێکرد. لە سەرەتاکانی 2015 پزیشکانی ئیسپانیا گەڵاڵەیەکیان پێشنیار دا کە بە پێی ئەو هەموو کچانی بنەماڵە پەنابەرەکان دەبێ پشکینیان بۆ بکرێ و بنەماڵەکانیان بەڵێنناوەی ئەوە واژۆ بکەن کە کچەکانیان خەتەنە نەکەن (ئەحمەدی، 1394).

بەڵام لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆی لاوازی یاساکانی قەدەغەی خەتەنه، هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم داپەڕە نەیتوانیوە بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگات. ئەم بابەتە لە لایەن بەرپرسانەوە بە تەواوەتی پشتگوێ خراوە و لە لایەن ئەوانەوە نکۆڵی لێکراوە و دەڵێن بە هۆی سنووردار بوونی ئەم دیاردە هیچ داپەڕێک ئەنجام نادرێ و وتوویانە کە ناوەندی ئەم پرسانە لە کیشوەری ئەفریقا و وڵاتانی دیکەیە (دیمانەی سەرۆکی ئەنجومەنی زانستی یارمەتیدەرانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هەواڵنێری جیهان‌نیووز، 1388). لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست خەتەنەی کچان بابەتێکە کە لە ڕیزبەندیی نهێنییەکان یان تابۆکاندایە و بە شێوەی فەرمی دان بە بوونی ئەم کردەوە دانانرێت. کەواتە پەسندکردن و جێبەجێکردنی یاسا لە دژی شتێک کە بوونی بە فەرمی ناناسرێ، بابەتێتی نییه. سەرەڕای هەموو ئەمانه، هەندێ لە دەوڵەتەکان لە دژی خەتەنەی کچان کۆمەڵێ داپەڕیان ئەنجام داوه.

لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی دەوڵەتی و نەبوونی گرووپی نادەوڵەتی سیستماتیک بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان لەوەش ئەستەمتره. لە یاساکانی ئێران بە شێوەی دیاریکراو ئاماژە بە خەتەنەی کچان نەکراوه. یاساکانی ئێران لە هەمبەر خەتەنە پشتیوانی لە ئافرەتان ناکات. هیچ چەشنە یاسایەک بۆ سزادانی خەتەنە دیاری نەکراوە بەڵام لە ناو هەندێ لە یاساکاندا دەتوانین بە شێوەی یاسایی بە دواداچوون بۆ بڕینی ئەندامانی لەش بکەین و سزای بۆ دیاری بکەین و دەتوانین ئاماژە بکەین بە جاڕناوەی ماف و بەرپرسایەتییەکانی ئافرەتان کە بریتییە لە مافی ژیان، یەکپارچەیی جەستەیی، پشتیوانی لە ژنان لە هەمبەر قوربانی بوون، مافی تەندروستیی زەینی و جەستەیی و پشتیوانی لە ژنان لە هەمبەر توندوتیژی خێزانی. سەرەڕای هەر هەموو ئەمانە بەو پێیەی کە زۆرینەی ئەم یاسایانە پرش و بڵاوانە جێبەجێ دەبێ، ئەستەمە حاڵەتێک شک ببەین کە سکاڵای قوربانیانی خەتەنە لە دادگا بە ئەنجام گەیشتبێت (علوی، 2015).

ڕوانگەی ئیسلام سەبارەت بە خەتەنەی ژنان

  1. ڕوانگەی فیقهی ئیمامییه

1 – 1 – باسی ڕیوایی

ئەوەی لە گێڕانەوە سەحیحەکاندا دەردەکەوێ ئەوەیە کە خەتەنەی ژنان بە پێچەوانەی خەتەنەی پیاوان واجب نییه. لە ژێرەوە ئاماژە بە دوو جۆر لەم گێڕانەوانە (صحیحه) دەکەین:

لە ئوسوولی کافی بەرگی 6 کتێبی النکاح باب العقیقە هاتووه:

  1. محمد بن یحیی عن احمد بن محمد عن محبوب عن ابن رئاب عن ابی بصیر قال سالت ابا جعفر عن الجاریە تسبی من ارض الشرک فتسلم فتصلب لها من یخفضها فلانقدر علی امراە فقال: اما السنه فی الختان علی الرجال و لیس علی النساء (برزگر بفروی، ب 1، 1382 : 853)

وەرگێڕان: محەمەد کوڕی یەحیا لە ئەحمەد کوڕی مەحبووب لە کوڕی ڕووئاب لە ئەبی نەسیر لە ئیمام باقر سەبارەت بە کەنیزێک لە وڵاتی هاوەڵدانەران بە دیلێتی گیرا بوو و ببوو بە موسڵمان. پرسیارم لێکرد. بۆ کەسێک دەگەڕاین کە خەتەنەی بکا بەڵام کەسمان نەدۆزییەوه. ئیمام لە وڵامدا وتی خەتەنە بۆ پیاوە و لە سەر ئافرەتان واجب نییه.

  1. محمدبن یحیی عن احمد بن محمد بن عیسی عن محمد بن عیسی عن عبداللە بن سنان عن ابی عبداللّە قال: ختان الغلام من السنە و خفض الجواری لیس من السنه» (هەمان).

وەرگێڕان: محەمەد کوڕی یەحیا لە ئەحمەد کوڕی محەمەد کوڕی عیسا لە محەمەد کوڕی عیسا لە عەبدوڵای کوڕی سەنان لە ئیمام سادقیان کە فەرموویەتی: خەتەنەی کوڕ سونەتە و خەتەنەی کچ سونەت نییه.

لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا لە ئوسوولی کافی کە دەتوانین بە ڕوانگەی ڕیجالیی سەختگیرانە ڕەخنە لە بەڵگەکەی بگرین و بە لاوازی بزانین، بەڵام بە پێی بنەمای ڕیجالییه، هاتووه: “عدە من اصحابنا عن سهل بن زیاد عن علی بن اسباط عن خلف بن حماد عن عمرو بن ثابت عن ابی عبداللە قال کانت امراە یقال لها ام طیبە تخفض الجواری فدعاها رسول اللە فقال لها یا ام طیبە اذا انت خفضت امراە فاشمی و لاتجفی فانە اصفی للون و احظی عندالبعل” (هەمان).

وەرگێڕان:  “کۆمەڵێ لە هەواڵان لە سەهل کوڕی زیاد لە عەلی کوڕی ئیسبات لە خەلەفی کوڕی حیماد لە عەمرۆی کوڕی سابت لە  ئیمام سادق دەگێڕنەوە کم فەرمووی: ئافرەتێک بە ناوی ئوممە تەیبە کچانی خەتەنە دەکرد و پێغەمبەر بانگی کرد و پێی فەرموو ئوممە تەیبە کاتێ ژنان خەتەنە دەکەی کەمێکی ببڕە و هەمووی مەبڕە ئەم کارە ڕووخسار دەگەشێنێتەوە و بۆ مێردیش چێژبەخشتره.”

لە کتێبی تهذیب الاحکام بەرگی 7 کتێبی نیکاح، کۆمەڵێ گێڕانەوە لە بارەی ژنان هاتووە کە بەم شرۆڤەیه:

  1. «عنە عن علی بن ابراهیم عن ابیە عن هارون بن مسلم عن مسعدە بن صدقە عن ابی عبداللە قال: خفض الجواری مکرمە و لیست من السنە و لاشیئا واجباً وای شی افضل من المکرمه» (برزگر بفرویی، ب 2، 1382: 2162)

وەڕگێڕان: لە عەلی کوڕی ئیبراهیم لە باوکی لە هاڕوونی کوڕی موسلیم لە مەسعەدەی کوڕی سەدەقە لە ئیمام سادق هاتووە کە فەرمووی: خەتەنەی ژنان مەکڕەمەتە بەڵام سونەت و نەریت نییە و واجب نییه. بەڵام شتێکی چاکتر لە مەکڕەمەته.

  1. “و عنە عن عدە من اصحابنا عن احمد بن محمد بن ابی نصر عن هارون بن لجهم عن محمدبن مسلم عن ابی عبداللە قال: لما هاجرت النساء الی رسول اللە هاجرت فیهن امراە یقال لها ام حبیب و کانت خافضە تخفض الجواری فلما راها رسول اللە قال لها یا ام حبیب العمل الذی کان فی یدک هوفی یدک الیوم قالت نعم یا رسول اللە الا ان یکون حراماً فتنهانی عنە قال لا، بل حلال فادنی منی حتی اعلمک قال فدنت منە قال یا ام حبیب اذا انت فعلت فلاتنهکی ای لاتستاصلی واشمی فانە اشرق للوجە واحظی عندالزوج” (هەمان).

وەرگێڕان: “کۆمەڵێ لە هەواڵان لە ئەحمەد کوڕی محەمەد کوڕی ئەبی نەسیر لە هاڕوون کوڕی ئەلەهجم لە محەمەد کوڕی موسلیم لە ئیمام سادق کە فەرمووی: کاتێ ژنان لەگەڵ پێغەمبەر کۆچیان کرد لە ناویاندا ئافرەتێک بوو کە پێیان دەوت ئوممە حەبیب خەتەنەچییەک کە ئافرەتانی خەتەنە دەکرد کاتێک کە نێردراوی خودا پێی وت: ئەی ئوممە حەبیب هێشتا خەریکی ئەو کارەی کە لە ڕابردوودا ئەنجامت دەدا، وڵامی داوە بەڵێ ئەی نێردراوی خودا، مەگەر ئەوەی حەرام بێ و ئیزنم پێ نەدەی. پێغەمبەر وتی نا، بەڵکوو حەڵاڵه؛ وەرە پێشترەوە با فێرت بکەم. وتم چوومە نزیکترەوه. ئینجا پێغەمبەر فەرمووی: ئەی ئوممە حەبیب کاتێ ئەم کارە دەکەی زەێدەڕۆیی مەنوێنه؛ واتە هەتا کۆتایی مەیبڕە و کەمێکی هەڵگرە کە ئەمە ڕووخسار ڕوون دەکاتەوە و بۆ مێرد چێژبەخشتره.”

لە کتێبی من لایحضر الفقیە بەرگی 3 باب العقیقە لە شێخ سدووقیش هاتووه: “و روی غیاث بن ابراهیم عن جعفر بن محمد عن ابیە  قال، قال علی: لاباس ان لا تختتن المراە فاما الرجل فلابد منه» (هەمان، ج 1:  1446).”

وەرگێڕان: غەیاس کوڕی ئیبراهیم لە ئیمام سادق کە ئیمام باقر دەگێڕنەوە کە عەلی فەرموویانه: کێشە نییە ئافرەت خەتەنە نەکرێ بەڵام پیاو دەبێ خەتەنە بکات.

ئەوەی لە گێڕانەوەکای سەرەوە دەردەکەوێ ئەوەیە کە یەکەم ئەوەی کە خەتەنەی ژنان کردەوەیەکی حەرام نییه. دووهەم، واجب نییه. سێیەم ئەوەی کە بۆ ژنان مەکڕەمەیە و وەک هاتووە مەکڕەمەت زانینی خەتەنەی کچانە، لە ڕوانگەی زۆربەی فەقێیان ڕابردوو بە موستەحەب زانراوه. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە کەلامی فەقێکان لەم بارەوە دێنینە بەر تیشکی لێکدانەوه.

2 – 1 – بۆچوونی فەقێکان

1 – 2 – 1 – فەقێیان ڕابردوو

موحیق حیلی دەفەرمووێ: “و الختان واجب و خفض الجواری مستحب”

وەرگێڕان: خەتەنەی کوڕان واجبە و خەتەنەی کچان موستەحەبه. (ب 1ـ2، 1386، 666).

عەلامە حیلی دەفەرمووێ: ” و خفض الجواری مستحب ….” (1374 :  559)

شەهیدی یەکەم دەفەرمووێ: “و یستحب خفض النساء و ان بلغن”: (ب 1، 1389: 93)

شەهیدی دووهەم: “و یستحب خفض النساء و ان بلغن ، قال الصادق (ع) خفض النساء مکرمە وای شی افضل من المکرمه” (ب 1، 1389: 340)”

عەلامە مەجلیسیش خەتەنەی ژنان بە موستەحەب دەزانێت. (ب 1، 1389: 106)

ساحێب جەواهێر لە بارەی خەتەنەی ژنان سەبارەت بە موستەحەب بوونی بە کۆدەنگی ڕازی بووە و گێڕانەوە سەبارەت بەم بابەتە بە قازانجدار و بێ‌پسانەوە زانیوه. “اما فی الاناث المعبر عنە فی کلام الاصحاب بخفض الجواری فمستحب بلاخلاف، بل الاجماع بقسیمە علیه، و لنصوص مستفیضە فیە او متواترە ….” ( ب 31، 1386:  262)

بە ئاوڕدانەوە لە بابەتەکانی سەرەوە دەردەکەوێ کە پرسی خەتەنەی ژنان پێشتر لای فەقێیان ڕابردوو بە شێوەی کۆدەنگ بە موستەحەب زانراوه.

2 – 2 – 1 – فەقێیانی هاوچەرخ

ئایەتوڵای خۆیی

ئایەتوڵا ئەبووەلقاسم خۆیی لە منهاج الصالحین دەفەرمووێ: موستەحەبە کچیش خەتەنە بکرێ، ئەگەرچی باڵقیش بێ و باشتر وایە کچ لە تەمەنی هەوت ساڵاندا خەتەنە بکرێت (فەلاح زادە، 1383: 13).

ئایەتوڵا مەکارم شیرازی

خەتەنەکردنی کچان و ژنان لای زانایانی شێعە بە کۆدەنگی و هاودەنگی واجب نییه؛ بەڵام فەرمانی موستەحەب بوونیان داوه. سەبارەت بە شێوازەکەی لە گێڕانەوەکاندا جەختی لە سەر کراوە کە ئەو ئەندامە تایبەتە لە بنەوە نەقرتێنرێ، بەڵکوو تەنیا بەشی سەرەوەی ببڕدرێ؛ بۆ ڕوونکردنەوە ئەوەی کە لە سەر شەرمگە پاچە گۆشتێکی بچووک هەیە کە ئەوە خەتەنە بکرێت. لە ئێستاشدا لە جیهانی ئیسلامدا ئەمە ڕەچاو ناکرێ؛ چوونکە بە هاودەنگی زانایانی شێعە لە واجبات نییە و پێویست ناکا داپەڕێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت (ب 2، 1387: 357).

ئایەتوڵا سانعی

خەتەنەی کچان، موستەحەب نییە و نابێت. و بابەتێکی ئاپۆڕەیی و خواستی خەڵک لە زەمەن و شوێنەکانە و ئامانجەکەشی پاکی و جوانی و کەرامەت لای مێرده. تەنانەت لە ڕووی فیقهی و فەرمانی بەرزبوونی، لە خۆیدا شیاوی سەلمان بێ، ئەگەر ببێتە هۆی دەرکەوتنی نەشیاویی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی و زیان و هەروەها هۆکار و سوودێکی بۆ نەبێ، و … چ بگا بە هەموویان، لەبەر ئەو بابەتانە و ئەو هەلومەرجە دەبێ لەم کاتانەدا حەرام بکرێ و مۆڵەتی پێ نەدرێت. (بەرگی 2، 1384)

ئایەتوڵا محەمەد حسێن فەزوڵا

خەتەنەی ژنان چێکراو و دروستکراوی ئایینی ئیسلام نییە و سونەت و موستەحەب نییه. بەڵکوو ئیسلام وەک بابەتێکی پەسندکراوی کۆمەڵایەتی لە قەڵەمی داوە کە دەتوانین وەک داب و نەریتی ئەوان کاتی (جاهیلی) بیهێنینە هەژمار. لە درێژەدا ئایەتوڵا فەزوڵا گێڕانەوەیەکی پەیوەست بە ئوممە تەیبە کە پێشتر باسمان کرد دێنێتە بەر باس و دەفەرموێ: پێغەمبەر) تاوتوێ کردنی بابەتی خەتەنە بە موباح نەدەزانی، بەڵکوو جۆرێک بێزاری تێدا بەدی دەکرد. تەنانەت لە فەرموودەی (فلا تنهکی ولاتستاصلی) دەتوانین حەرامبوونی شەرعی خەتەنە بەدی بکەین. چوونکە بنەماییەکان پێیان وایە ڕەواڵەتی ئیزن نەدان هەمان حەرامبوونه، مەگەر ئەوەی کە هۆکارێک بۆ نەبوونی هەبێت. (ماڵپەڕی زانیاریبەخشی ئایەتوڵا محەمەد حسێن فەزوڵا www.bayynat.ir)

  1. 2. فیقهی گشتی

لای زانایانی بەناوبانگی ئەهلی سوونەش خەتەنەی ژنان و کچان ناواجبه. ئیبنی قودامە لە مغنی جەختی کردۆتەوە کە وتەی زۆرینەی ئەهلی زانست ناواجب بوونە (ئیبنی قودامه، بەرگی 1: 70). لە کتێبە گشتییە فەرمودەکاندا لە مەسنەدی ئەحمەد حەنبەلیش ناواجبی سەبارەت بە خەتەنەی ئافرەتان بەم شرۆڤە گێڕدراوەتەوه: “حدثنا عبدالە حدثنی ابی ثنا سریج ثنا عباد یعنی ابن العوام عن الحجاج عن ابی الملیح بن اسامە عن ابیە ان النبی صلی اللە علیە وسلم قال: الختان سنە للرجال مکرمە للنساء” (احمد حنبل، ب 5: 75). لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا وا هاتووە: ” ما اخبرنا ابوالقاسم الشحامی انا ابوسعد محمد بن عبدالرحمان انا ابو احمد محمد بن محمد بن احمد بن اسحاق الحافظ انا ابواللیث سلم بن معاذ التمیمی بدمشق نا علی بن حرب نا ابن فضیل عن الحجاج بن ارطاە عن ابی الملیح عن شداد بن اوس قال قال نبی الختان سنە للرجال مکرمە للنساء» (ناسراو بە ابن عساکر، ب 22 :  156).”

لە فیقهی شافێعی ناودار، خەتەنەی ژنان واجبه. لە مغنی المحتاج هاتووه: “ویجب الختان المراە بجزء ای قطعە من اللحمە الکائنە باعلی الفرج وهی فوق تقبە البول تشبە عرف الدیل فاذا قطعت بقی اصلها کالنواه، ویکفی قطع مایقع علیە الاسم”  (ئەلشریینی، ب 4: 202).

لە کتێبی اعانە الطالبین لە نووسینی سەید البکری لە فەقێیانی شافێعیش هاتووە “لخر ابی داوود وغیرە انە قال: للختانە اشمی ولاتنهکی فانە احظی للمراە واحب للبعل. ای لزیادە فی لذە جماع و فی روایه اسری للوجە ای اکثر لمائە و دمه” (ئەلبەکری، ب 4: 175).

دکتۆر یووسف قەرزاوی لە موفتیانی ئەهلی سوننە لە کتێبی ڕوانگە فیقهییەکانی هاوچەرخدا (ب 1، 1380) لە وڵامی ئەم پرسیارەدا که: فەرمانی ئیسلام لە بارەی خەتەنە کردنی کچان چیه؟ دەڵێ: سەبارەت بەم بابەتە لە ناو زانایا و پزیشکاندا ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە و ساڵانێکە کە باس و ناکۆکی سەبارەت بەم بابەتە لە میسر لە ئارادایه. هەندێ لە پزیشکان داکۆکی لە سەر دەکەن و هەندێ دژین و هەندێ لە زانایانی ئیسلامی داکۆکی لە سەر دەکەن و هەندێ دژین. مامناوەندترین و نزیکترین وتەکان لە حەقیقەت، هەمان خەتەنەی سووکه، وەک لە هەندێ لە فەرموودەکانیشدا – تەنانەت ئەگەر نەگەیشتبێتنە ئاستی سەحیح – لەم بارەوە هاتووە کە اشمی و لا تنهکی فانە انضر للوجە و احظی عند الزوج: “پێغەمبەر بە ئافرەتێک کە دەیویست ئەم کارە بکا فەرمووی: خەتەنە لە ڕێژەیەکی کەمدا ئەنجام بدە کە دەبێتە هۆی جوانی ڕووخسار و چێژ بردنی مێرد.” هەروەها وڵاتانی ئیسلامی لە بارەی ئەم بابەتە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن، هەندێ خەتەنە ئەنجام دەدەن و هەندێ ئەنجامی نادەن، بە کورتی ئەوەی خەتەنە بە شیاوی کچەکانی دەزانێ، ئەنجامی دەدا. منیش لەم سەردەمەدا داکۆکی لە سەر ئەم تیۆرییە دەکەم و هەر کەس نەیکا، گوناهبار نییه؛ چوونکە لە چاکە و مکارمەکانی ژن نییه. (ل 552)

شێوازی لێکۆڵینەوه

شێوازی لێکۆڵینەوە پێناسەیی – ئەندازەیی و لە سەر ئاستی کەلان و بە پێی شێوازی کۆ کردنەوەی داتا، لێکۆڵینەوە لە چەشنی چۆنایەتی و چەندایەتی بوو. شێوازی کۆ کردنەوە بە شێوەی مەیدانی، و ئامرازی کۆ کردنەوەی داتا پرسیارناوە بوو کە بە پێی پرسیارناوەی ستانداڕدی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ئامادە کرا بوو. تەکنیکی لێکۆڵینەوە هاوبەشانە و بە شێوەی دیمانە بوو. مەودای زەمەنیی ئەم توێژینەوە لە ساڵانی 11384 – 1394 بوو. بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی گشتگیر لە سەرتاسەری وڵات، دەرکەوت کە خەتەنەی ژنان لە باکووری ڕۆژاوا، ڕۆژاوا، و باشووری ئێران لە ناو ئەهلی سوننەی شافێعی مەزهەب باوه. پاش لێکدانەوە گشتگیرەکان، ژنان و کچان لە چوار پارێزگای هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا وەک کۆمەڵگای ئاماری دەستنیشان کران. لەم پارێزگایانەدا. ئەو شار و گوندانەی کە خەتەنەی کچانی تێدا باوە ناسێنران و وەک مەیدانی لێکۆڵینەوە دەستنیشان کران و کەسانی خۆجێیی کە ڕاهێنرا بوون لە دیمانە و تەواو کردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوە بە کار هێنران و بۆ یەکەمین جار 1000 دیمانە بۆ لێکدانەوەی ورد و ڕاهێنانی خەڵک لە بارەی خەتەنەی کچان، لە سەر ئاستی چوار پارێزگای هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا ئەنجام درا. شێوازی شیکاریی زانیارییەکان لە سەر ئاستی پێناسەیی بە کەڵکوەرگرتن لە چارت و فرەیی و ڕێژەکان بووە و هەروەها شیکاریی ئەنجامەکان تێگەیشتنی و شرۆڤانە بوو.

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه

لێکدانەوە مەیدانییەکان پیشانی دا کە لە پارێزگاکانی هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا خەتەنەی کچان لە بەشە شافێعی مەزهەبەکاندا باوه. ئەنجام و بەڵگەکان ئەوە پیشان دەدەن کە جۆرری یەکەمی خەتەنە واتە لابردنی بەلووکە کە هەمان پێستی جیڕ و داپۆشەری کلیتۆریسه، لەم پارێزگایانەدا برەوی هەیە. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە پیشان دەدا کە هۆکارگەلی وەکوو تەمەن، خوێندەواری، ئایین، دۆخی ئابووریی بنەماڵه، ڕوانگەی پیاوان سەبارەت بە خەتەنە، بوونی خەتەنەچییەکان کاریگەری لە سەر خەتەنەی کچان دادەنێ کە هەر کام لەم فاکتەرانە بە شێوەی جیا بەراورد و شی دەکرێتەوه. هەروەها لە پێناو ئەم ئامانجانە لێکۆڵینەوەی دەستێوەردەرانەی تاقیگەیی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان ئەنجام درا کە ئەنجامەکەی دەخرێتە ڕوو.

1– کاریگەریی تەمەن لە سەر خەتەنەی کچان

چارتەکانی سەرەوە پیشان دەدا کە ڕێژەی کچانی خەتەنەکراو لە هەندێ لە گوندەکانی پارێزگای هورمزگان زیاتره، بە جۆرێک کە لە هەندێ لە گوندەکانی دووڕگەکانی قیشم و هورمز ڕێژەکەی دەگاتە 60 لە سەده  و ئەم ڕێژە لە گوندەکانی پارسیان لە کەمترین ئاستدایە واتە 31 لە سەده . لە بەشە باکوورییەکانی ئەم پارێزگایە خەتەنە بوونی نییه. پارێزگای کرماشان لە پلەی دووهەمدایه. لە هەندێ لە گوندەکانی پاوه، ڕێژەی خەتەنەی ئافرەتان 51 لە سەدە.

لە پارێزگاکانی کوردستان و ئازەبایجانی ڕۆژاوا ئەم ڕێژە تا ڕادەیەک کەمتره. شرۆڤەکان پیشاندەری ئەوەن کە ڕێژەی ژنانی خەتەنە کراو لە نێوان تەمەنی 30 – 49 ساڵ زیاتر لە ژنانی خەتەنە کراوی 15 بۆ 29 ساڵه. لە هەندێ لە گوندەکانی پارێزگای هورمزگان و دووڕگەی قیشم 60 لە سەده ی ژنان 29 بۆ 49 ساڵە خەتەنە کراون؛ لە لایەکی تریشەوه، لەوە دەچێ ئەم کارە لە دەڤەری لەکستانی کرماشان نەمابێت. لەوێ هیچ حاڵەتێکی خەتەنە لە ناو کچانی نێوان 15 ساڵ بۆ 29 ساڵ بەدی نەکرا. بەم شێوە ئەنجامە وەدەستهاتووەکان مزگێنی ڕەوتی ڕوو لە دابەزینمان پێ دەدەن، واتە ڕێژەی خەتەنەی کچان لە سەر ئاستی هەر چوار پارێزگاکە ڕووی لە دابەزینه. بۆ وێنە لە پیرانشار کە دەکەوێتە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ئەم ڕێژەی لە ناو نەوەی گەنجدا کەمتر لە 10 لە سەده. هەر بەم شێوە لە جوانڕۆ کە دەکەوێتە پارێزگا کرماشان، دەبینین ئەم ڕێژە لە 41 لە سەده ی ژنانی بەتەمەنەوە بۆ 9 لە سەده ی کچ و ژنە گەنجەکاندا دابەزینی بە خۆوە بینیوه.

لە هەندێ لە گوندەکانی ڕەوانسەریش ئەم دابەزینە زۆرە و لە 43 لە سەده ەوە بۆ 17 لە سەده. پەیوەندیی پێچەوانەی نێوان تەمەن و پەرەسەندنی خەتەنەی کچان پیشان دەدا ئەو ژنانەی کە خەتەنە کراون لە خەسارەتەکانی ئەم کردەوە بە ئاگان. ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئەوە دەرخا کە نەوەی نوێ نەوەیەکی ئاگادارترە و بۆ بەرەو پێشبردنی ژیانی خۆی بیر و باوەڕی خۆی هەیه. بەم شێوه، کاتێ ژن و پیاوێ پێکەوە هاوسەرگیری دەکەن وایان پێ باشترە کچەکەیان بەرکەوتووی ئەو خەسارەتانە نەبێ کە ژنانی نەوەی ڕابردوو بە هۆیەوە دەیانناڵاند.

ئەنجامەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە بوونی دایکێکی خوێندەوار کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ئەم بڕیارە هەیە کە کچەکەی خەتەنە بکرێ یان نا. بە پێی دەرەنجامەکان خوێندەواربوونی ئافرەت یەکێکە لەو فاکتەرە گرنگانەی کە لە سەر بڕیاری خەتەنەکردنی کچەکەی کاریگەری دادەنێت. توێژینەوە و هەروەها گفتوگۆکان دەریدەخەن کە ژنانی خاوەن ئاستی باڵای خوێندن پێیان باشە کچەکانی خۆیان نەکەنە قوربانی ئەم کارە و هەرچی ئاستی خوێندنی دایک کەمتر بێت، ئەگەری ئەوەی کە کوێرانە ملکەجی نەریتە زیانبەخشەکان بێ و ئەم کارە بە بەهایەکی کۆمەڵایەتی یان ئەرکێکی ئایینی لە قەڵەم بدات زیاترە. بەڵام لە ناو هەندێ لەو ئافرەتانەشی وا خاوەن بڕواناوەی خوێندنی باڵا بوون هەندێ جار دەبینرا یەکێک لە کچەکانی خۆیانیان خەتەنە کردووه، ئەگەرچی ڕێژەی ئەم حاڵەتە لەم چوار پارێزگایە زۆر کەم بوو و لە هەندێکیاندا هیچ حاڵەتێکی وا بەدی نەکرا.

داتا کۆکراوەکانی ناوچە کوردنشینەکان ئەوە دەردەخەن کە بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن ئەم ڕەوتە ڕووی لە دابەزین کردووه. هەروەها ئەنجامەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئەو ژنانەی وا بڕواناوەی خوێندنی باڵایان هەیه، بە گشتی ئەگەری زۆر کەمە کە پشتیوانی لە خەتەنەکردنی کچەکانیان بکەن و لە ناو کەسانی وتووێژ لەگەڵکراو کەمتر لە 20 لە سەده  هۆگری ئەم کارە بوون. بەو حاڵەشەوە بۆ ئەوەی وەها ڕوانگەگەلێک لە کردەوەدا ببنە سەرچاوەی کاریگەری، ژنانیش دەبێ بەتواناتر بن.

3-کاریگەریی ئایین لە سەر خەتەنەی کچان

شێعەکان کە زۆرینەی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن ئەم کردەوە دەخەنە پاڵ ئەهلی سوننە و ئەوە بە واجباتی ئایینی خۆیان لە قەڵەم نادەن. دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە سەبارەت بە بوونی ئەم نەریتە لە ناو ئەهلی شێعەدا پیشاندەری ئەوەیە کە کوردە شێعەکان، کچان خەتەنە ناکەن و لە ئازەربایجانی ڕۆژاواش لە گوندەکانی سایین قەڵا، تەنیا 2 لە سەده ی شێعەکان ئەم کارە دەکەن. لە گوندەکان لەکستان و سەرپێل زەهاویش ڕێژەی ئەنجامدانی ئەم کارە لە ناو شێعەکاندا بە ڕیز 4 لە سەده  و 5 لە سەده. لە پارێزگای هورمزگانیش لە گوندە هەڵبژێردراوەکاندا، ڕێژەیەکی کەم لە خەتەنەی کچان لە ناو شێعەکان تۆمار کراوە کە دەریدەخا سەرەڕای کەمبوونی بەڵام لە ناو شێعەکانی پارێزگای هورمزگان خەتەنەی کچان بەدی دەکرێت.

4-کاریگەریی دۆخی ئابووریی بنەماڵە لە سەر خەتەنەی کچان

وەک لە چارتەکاندا دەبینرێ، ڕێژەی خەتەنەی کچان لە ناو ئەو ژنانەی سەر بە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندن، بە گشتی کەم دەبێتەوه. بەڵام لە نێوان دۆخی ئابووریی بنەماڵە و خەتەنەی کچان هەمیشە پەیوەندییەکە یەکسان نییه. برەوی خەتەنە لە ناو ژنانی دەوڵەمەندی ئەم چوار پارێزگایه، کەمتر لە 15 لە سەده  بوو. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە لەم چوار پارێزگا ڕووماڵکراوەدا، باوبوونی خەتەنەی کچان لە بنەماڵە دەوڵەمەندەکاندا یەکسانه. تەنیا لە گوندەکانی مەریوان لە پارێزگای کوردستان و گوندەکانی پاوە لە پارێزگای کرماشان ئەم ڕێژە لە ناو بنەماڵە دەوڵەمەندەکاندا، زۆرە و بە ڕیز 23 لە سەده  و 19 لە سەده. لە حاڵێکدا لە دیکەی ناوچەکان ئەم ڕێژە کەمتر لە 15 لە سەده  بوو. دۆخی ئابووریی باش، دەبێتە هۆی ئاسان دەستپێڕاگەیشتنی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان بە نیعمەتەکانی ژیان، خوێندەواری، پێگە و دۆخی زانستیی باشتر و هەر لەبەر ئەمەش زەینییەتیان سەبارەت بە ژیان جیاوازه. سەرەڕای ئەمە لە ناو ئەو بنەماڵانەی وا دەوڵەمەندن کەسانێک هەن کە هێشتا پێداگری لە سەر خەتەنەکردنی کچان دەنوێنن.

5-ڕۆڵی ڕوانگەی پیاوان و ئافرەتان بۆ خەتەنەی کچان

داتاکان پیشاندەری ئەوەن کە ئەوە ژنانن کە بڕیاری خەتەنە کردنی کچان دەدەن؛ زیاتر دایک یان نەنکی ئەو کچە و لە هەندێ حاڵەتی دیکەشدا ژنانی خزم و کەس. بۆچوونی پیاوانیش کاریگەره، بەڵام زاڵ نییه. ژمارەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژەی پشتیوانی ژنان لە خەتەنەی کچان، لە هورمزگان و دووڕگەکانی قیشم، هورمز و لارک لەو پەڕی ڕێژەی خۆی واتە 44 لە سەده. لە حاڵێکدا ئەم ژمارە لای پیاوان 33 لە سەده. لە پاوە و جوانڕۆی کرماشان پشتیوانی لە خەتەنەی کچان کەمترە و ڕێژەکەی لە ناو ژنان 21 لە سەده  و لە ناو پیاوان کەمتر لە 10 لە سەده. ئەنجامەکان دەرخەری ئەوەن کە سەرەڕای شوناسی پیاوسالارانەی کۆمەڵگا، خەتەنەی ئافرەتان کردەوەیەکی ژن لە سەر ژن و شاراوەیە و پیاوان بە شێوەی شاراوە هیچ دەستێوەردانێکیان لە جێبەجێکردنیدا نییه. سەرەڕای ئەمە ژنان لە ژێر زەختی نەبینراوی پیاوسالاریدان و ناچارن درێژە بەم نەریتە بدەن.

6-کاریگەریی بوونی جۆری خەتەنەچی

یەکێکی دیکە لەو هۆکارە کاریگەرانەی کە درێژەپێدەری خەتەنەی کچانە داهاتی ئەو خەتەنەچییانەیە کە لەم کۆمەڵگایانەدا بوونیان هەیە و لە هەمبەر ئەم ئیشە حەقدەستێ وەردەگرن، ئەم بڕێ پارە تاکە سەرچاوەی داهاتی ژیانیانه. هەندێ لەم خەتەنەچییانە بە بێ حەقدەست و لە بەر خێر و باوەڕە ئایینییەکانیان ئەم کارە دەکەن. لە ئێران سێ تاقم هەن کە کچان خەتەنە دەکەن: قەرەجەکان، بی‌بییە‌کان (ماماکان) و ئەندامانی بنەماڵە واتە ژنە بەتەمەنەکانی خێزان. جۆری خەتەنە کردنی کچان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازه. لە هورمزگان خەتەنەچییە خۆماڵییەکان بۆ وێنە بی‌بییەکان ئەم کارە ئەنجام دەدەن و لە هەندێ ناوچە بە پێی هەلومەرجەکان، ئەندامانی بنەماڵەش لەوانەیە لەم کارەدا بەشداری بنوێنن. لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، خەتەنەچییەکان زیاتر ئەو قەرەجانەن کە بە شێوەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستانی ئێراقەوە دێنە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و هەر لەوێش دەمێننەوه. ئەم گرووپانە بە هۆی خەتەنەی کچانەوە داهاتێکی باشیان هەیه. ئەمانە زۆر جار ڕێنماییە تەندروستییەکان ڕەچاو ناکەن و شێوازی کارەکەیان دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هەموو جۆرە نەخۆشییەک. شان بە شانی گرووپە قەرەجەکان، بە شێوەی لێکبڵاو خەتەنەچییە خۆماڵییەکان و ئەندامانی بنەماڵەش ئەم کارە دەکەن. لە گوندەکانی کرماشان و کوردستان زیاتر خەتەنەچییە نەریتییەکان ئەم کارە دەکەن؛ لە هەندێ لە گوندەکاندا قەرەج و بی‌بییەکانیش بەم کارە خەریکن. لەم ناوچانەدا خەتەنە بە کەرەسەگەلی وەک تیغ، دەرزی یان چەقۆ و بە بێ بێهۆشکردن و سڕکردن ئەنجام دەدرێ و هیچ چەشن و شێوازێک لە خەتەنەی پزیشکی و تەندروستی بوونی نییه.

دەستێوەردانە تاقیکارییەکان

پاش کۆکردنەوەی داتا سەرەتاییەکان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی خەتەنەی کچان لە ناوچە فارس‌زمانەکانی وڵات و ناوچە کوردشینەکانی ڕۆژاوای ئێران پلانە تاقیکارییەکان لە پێناو بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی خەتەنەی کچان چووە بواری جێبەجێکردن. ئەم داپەڕانە لە سەر دوو ئاست بوو. لە ئاستی یەکەمدا یاریدەدەرانی ڕاهێنراو کە خەڵکی ناوچەکانی ئامانج بوون بە شێوەی چاو بە چاو لە ماڵەکانیاندا و لە ڕێوەڕسمگەلی وەکوو خوولی قوڕئان، ئاهەنگی هاوسەرگیری و پرسە و سەرەخۆشی و لەم چەشنە کۆ بوونەوانە پەیوەندییان لەگەڵ ئافرەتان ساز دەکرد و کاتێک کە متمانەی دوو لایەنە بێچمی دەگرت، سەبارەت بە خەتەنە قسەیان دەکرد و سەبارەت بە لێکەوتە جەستەیی و دەروونییەکانی خەتەنە ئاگاداریان دەکردنەوه. لە سەر ئاستی دووهەم چەقی سەرنجی کار لە دابینکردنی چاودێریی پزیشکی و دەروونی گۆڕدرا بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە کێشەکانی خەتەنەی کچان و بەشێک لە کار تەرخانی پەیوەندیی سازکردن لەگەڵ سەرپەرشتان و ڕێبەرانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و وەدەستهێنانی پشتیوانی ئەوان کرا. پاش لێکدانەوەی دەستێوەردەرە تاقیکارییەکان سەردانی ئەو ناوچانە کرا کە ئەم دوو ئاستی داپەڕانەی تێدا ئەنجام درابوو. بەڵگە و دیمانەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئاستی وشیاریی ژنان لەم بارەوە زیاتر بووە و ئامادە نەبوون کچەکانیان خەتەنە بکەن و هەروەها زانایانی ئایینی و دەستڕۆیشتووانی خۆجێیی بۆ ئەم بابەتە ڕازی کران و لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا پێداگرییان لە سەر ناشەرعیی بوونی ئەم کردەوە دەکردەوه. لەو هێمایانەی کە دەتوانین وەک هێمای کەمبوونەوەی ڕێژەی خەتەنە لەم ناوچانە سەیری بکەین، کەمبوونەوەی ڕێژەی کەسانی خەتەنەچی بوو. هەندێکیان وازیان لەم کارە هێنابوو یان لە ژیاندا نەما بوون و کەس نەببوو بە بەدیلیان.

باس و کۆبەندیی

بە باوەڕی زۆر کەس خەتەنەی کچان کردەوەیەکە کە لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی دنیادا بە مەبەستی ملکەجکردنی ژنان و کچان بە ناوی ئایین و کەلتوور ئەنجام دەدرێت. سەرەڕای ئەوەی ئەم کردەوە لە لایەن ئایینی ئیسلامەوە نەسەپێنراوە و لە ئایینەکانی دیکەی وەکوو مەسیحییەت، جەهوودییەت و ئایینە خۆجێییەکانی ئافریقاش بوونی هەیه، بەڵام هەندێ کەس بە ڕەپاڵدانی ئیسلام بە خەتەنە، بەتایبەت لە وڵاتانی موسڵمان، هەوڵ بۆ بە ناچاریکردنی ئەنجامدانی ئەم کارە دەدەن. بە کارهێنانی ئایین بۆ ئەنجامدانی خەتەنەی کچان، ئامانجێکی دیکەش بەدی دێنێ کە ئەویش دامرکاندنی ئارەزوووی سێکسی ژنانه. بە شێوەی تەوساوییانە ژنان خۆیان دەورێکی گرنگ لە بەردەوامیەتی ئەم کردەوە دەگێڕن. سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر ئەفریقا وەک ناوەندی خەتەنەی کچان لە قەڵەم دەدرێ، بەڵام زۆر توێژینەوە پیشانی داوە کە خەتەنەی کچان تەنیا لە ئەفریقادا سنووردار نابێتەوە و لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، کۆچبەرانی ئوستڕالیا، نیووزیلەند، کەنەدا، ئورووپا و ئەمریکاش باوه. بە واتایەکی دیکە وڵاتان دیکە ناتوانن لە هەمبەر ئەم کێشە کەمتەرخەم بن. چوونکە لەگەڵ چوونی کۆچبەران بۆ پێکهێنانی ژیانێکی نوێ لە سەرتاسەری جیهان، ئەم کردەوەش بڵاو دەبێتەوه. لە ئێران خەتەنەی کچان شتێکی تازە نییه. سەرەڕای ئەمە نەبوونی زانیاری، بۆتە هۆی نەبینراوبوونی ئەم کردەوه. هەروەها ئەم دیاردە لە لایەن دەوڵەتەوە نکۆڵی لێکراوە و پشتگوێ خراوە و لە لایەن وەزارەتخانە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە پشتگوێ دەخرێ و بابەتێتی نییه، کەواتە هیچ چەشنە پشتیوانییەکی ڕاشکاوانەی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کردەوە بوونی نییه. هەروەها بە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە تابۆیه، چالاکڤانانیش لەم بارەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووه.

ئەم لێکۆڵینەوە بۆ یەکەمجار بە شێوەی توێژینەوەیی و ورد هەستاوە بە لێکدانەوەی خەتەنە و ڕێژەی برەوی لە ئێران و سووچە دیار و نادیارەکانی. داتاکانی ئەم توێژینەوە پیشان دەدا کە زیاترین ڕێژەی خەتەنەی کچان لە پارێزگای هورمزگانە و لە پارێزگاکانی ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران واتە کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە سەر بە ئاینزای شافێعین، بوونی هەیه. خەتەنەی کچان دەورێکی سەرەکی لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی کەلتووریی و کۆمەڵایەتیدا هەیە و خۆڕاگری لە هەمبەر جێبەجێبوونیان پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیر و بەردەوامه.

لە ئێرانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە شایەدی ڕەوتی ڕوو لە دابەزینی ئەم دیاردەین. هەڵکشاندنی ئاستی وشیاری و ئاشنابوون لەگەڵ دنیای مۆدێڕن، دەستڕاگەیشتن بە ئەنتەرنێت، مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاپۆڕتە هەواڵییەکان، ڕاهێنانە دروستە نافەرمییە خۆجێییەکان، چاپی کتێب، وتار، دیمانه، پلان و ئاماژە بەم بابەتە لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان لەو فاکتەرانەن کە ڕێگەی بۆ دابەزینی ڕێژەی ئەم دیاردە خۆش کردووە. نەوەی گەنجتر، ئاستی خوێندەوارییان زیاترە و لە چاو ڕابردوو ئاگادارترن و پێیان خۆش نییە ڕۆڵەکانیان خەتەنە بکەن. بۆ یەکەمین جار ڕوانگەی پیاوانە بەراورد کرا. ئەم کردەوە لە لایەن ئافرەتان بە سەر ژنان دەسەپێنرێ بەڵام کەلتووری پیاوسالارانە لە بەردەوامبوونی ئەم نەریتە خەسارەتبەخشە دەورێکی تایبەتی هەیه.

ئایین لە فاکتەرە سەرەکییەکانی شەرعییەتبەخشین و لە ئەنجامدا پەرەسەندنی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییەیه. خەتەنە گرێ دراوەتەوە بە ئیسلام لە حاڵێکدا سەرچاوەی مێژوویی خەتەنە دەگەڕێتەوە بۆ میسر و شارستانییەتە کۆنەکان و لە کتێبی قوڕئان و کتێبی پیرۆز ئاماژەی پێ نەکراوه. ئەنجامەکان ئەوە پیشان دەدا کە بە پێی گێڕانەوەیەکی دەستە دوو، ئەم کردەوە پاڵپشتیی شەرعی و ئایینی وەدەست هێناوه. بەم پێیە ئایین لە فاکتەرەکانی بەردەوامبوونی خەتەنەی کچانه. سەبارەت بەم پرسە باس زۆرە بەڵام زۆربەیان لەو بۆچوونەدان کە ئەم کردەوە لە سەر بنەمای لاضرر نابێ جێبەجێ ببێت. کەواتە زانایانی ئایینی و دەستڕۆیشتووانی ئایینی لە گرنگترین فاکتەرگەلێکن کە دەتوانن بە ناشەرعی لە قەڵەم دانی خەتەنەی کچان، بەرەنگاری ئەم دیاردە ببنەوە.

خەتەنەچییەکان کە زۆریان ژنانی پیرن لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی ئەم کردەوەن. خەتەنەچییەکان زیاتر نە لە سەر بنەمای شەرعی بەڵکوو بە مەبەستی وەدەستهێنانی داهات بەم کارە هەڵدەستن. پلانی دەستێوەردانی تاقیکاریش ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو کە لە ڕێگەی ڕازیکردن و وتووێژ و ئاگادارکردنەوە و هەروەها پشتیوانیی دەستڕۆیشتووانی ئایینی و خۆجێیی دەتوانرێ ڕێژەی برەوی ئەم نەریتە زیانبەخشە و توندوتیژی دژ بە ژنان کەم بکرێتەوه.

بۆ خەبات و بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە کە بە پێی کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان نموونەی ڕوونی توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان و بەتایبەت کچان و منداڵانە دەبێ داپەڕی جیدی بگیرێتە بەر.

ئەم داپەڕانە پێویستی بە هاوکاری هەمە لایەنە و بە کارهێنانی ئەزموونی جیهانییه. بوونی گیانی گۆڕان لە ناو کۆمەڵگا و ئاراستەی گەشەی کۆمەڵایەتیی هەمەلایەنە، لە کاریگەرترین فاکتەرەکانی بێچمگرتنی گۆڕانکارییە هەمیشەییەکانن. هەر هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، پیاوان، ژنان، گەنجان، چالاکڤانانی بواری تەندروستی، ڕێبەرانی ئایینی و نائایینی و بەرپرسانی خۆجێیی، هەر هەمووان بە تێکڕایی لە نەهێشتنی کردەوەی خەتەنەی کچان دەوریان هەیه. کارکردن لە پاڵ یەکتر، وەکوو خاوەن قازانجی هاوبەرژەوەند، کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە شتە گەورەکان بەهێز دەکات. ئاراستەیەکی هەمەلایەنە کە هاوکات لەگەڵ بەدیهێنانی پێداویستییە بنیاتییەکان و نیگەرانییە سەرەکییەکان، فوکووس لە سەر بابەتە پەیوەستەکانی تەندروستی و یاساش بکا کە ڕەنگە باوترین چەک بێت. هەروەها دەفرایەتی کۆمەڵگا دەبێ بەهێز ببێ بۆ ئەوەی لە پاڵ قبووڵکرانی گۆڕان، لە ناویشەوە بەتوانا بێت. بە مەبەستی دژایەتی و پێشگیری لە خەتەنە پێشنیار دەکرێ کە دەوڵەت دان بە بوونی خەتەنەی کچان لە ئێراندا بنێ و وەک نموونەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی بکاتەوە و بەرناوەیەکی کارامە بە پێی یاسا و داپەڕە پێویستەکان بخاتە ڕوو.

داپەڕەکانی دەوڵەت دەبێ بێتە ناو بواری پەروەردە و تەندروستی ئەویش بە نیازی پاراستنی کچان و بڵاوکردنەوەی زانیاری لە بارەی ئەم کردەوه. هەروەها پێویستە دەوڵەت پەیمانناوە نێودەوڵەتییەکان کە گونجاوی بارودۆخەکەن پەسند بکا و ئەو پەیمانناوانەی کە پێشتر واژۆی کردووه، بباتە بواری جێبەجێکردن. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ڕێگەی بنکەی تەندروستی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بۆ شارەدێ و ئەو گوندانەی کە دەستیان بە شار ناگا یان کەمتر دەستیان بە شار دەگا سەرچاوەی تایبەتیان بۆ ئامادە بکات. ڕۆڵی ڕێبەرانی ئایینی بۆ وەستاندنی خەتەنەی کچان، لە فاکتەرە هەرە  گرنگەکانه. کەواتە پێویستە ئەوان ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی خەتەنەی کچان قەدەغە بکەن و هەلی بەردەوامبوونی خەباتی ئەم گرووپانە بۆ کۆتاییهێنان بە خەتەنەی کچان بڕەخسێنن. بەتواناکردنی دەروونناسانەی ژنانی خەتەنەکراو لە لایەن ڕاوێژکارانی پڕۆفیشناڵ و ڕاهێنراو لە فاکتەرەکانی دیکەی بەرەنگاربوونەوەیه.

میدیاکان لە ڕێگەکانی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی ژنانن. بە بە کارهێنانی پتانسێلی میدیاکان بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێکان دەتوانین لە پێناو وشیارکردنەوەی خەڵک و پێشگیری هەنگاوی کاریگەر بهاوێژین. ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و ئەو ڕێکخراوانەی وا لە سەر بنەمای کۆمەڵگا خۆجێییەکانن دەبێ لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەی کاریگەر وەک فاکتەرەکان گۆڕان، دەوری خۆیان بگێڕن. بە هۆی ئەوەی خەتەنەی کچان لە ناو ئەهلی سوننە ئەنجام دەدرێ و ئایینزای فەرمی وڵات شێعەیه، جۆرێ ناوتمانەیی و نەبوونی هاریکاری لە ناوچە سوننەنشینەکان بەرامبەر بە دەوڵەت بەدی دەکرێت. نەبوونی هاوکاری و متمانە کۆسپی بەر دەم پێکهاتنی کەمپەینێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچانه.

چالاکڤانانی ئەم ناوچانە و بەرپرسانی دەوڵەتی ئەرکی سەر شانیانە کە ئەم جیاوازییانە و هاوکاری لەگەڵ یەکتر ڕوون بکەنەوە. دەوڵەت دەبێ بیرێک بکاتەوە و پتانسێلە خۆجێیی و خۆماڵییەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی متمانەی بەرپرسان و ڕێبەرانی خۆجێیی بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ و بەم شێوه، ئەوانیش هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ کۆتایی‌هێنان بە خەتەنەی کچان بەرز بنرخێنن.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

 توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:   www.kameelahmady.com

سەرچاوە  کان:

ئەحمەدی، کامیل (1394). زایەڵەی بێدەنگی: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران، تاران: چاپخانەی شیرازه.

ئەحمەدی، کامیل (1395). بە ناوی نەریت: توێژینەوەی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران، تاران: چاپخانەی شیرازه.

رئیس انجمن علمی مددکار اجتماعی ئێران (1388). آمار ختنە دختران در ئێران جدی نیست.

برزگر بفرویی، صادق  (1382). الکتب الاربعه، الجزء الاول و الثانی، الطبعە الاولی، قم، الناشر موسسە انصاریان

المحقق الحلی (1386). شرائع الاسلام ج 4ـ3، الطبعە الاولی، قم، انتشارات رشید.

مجلسی، محمدباقر  (1375)، حلیە المتقین، چاپ اول، انتشارات بهزاد.

علامە حلی (1374). تبصرە المتعلمین، (ترجمه: ابوالحسن شعرانی)، چاپ چهارم، ناشر کتابفروشی اسلامیه

شهید اول  (1389). لمعە دمشقیه، (ترجمه: علی شیروانی)، چاپ چهلم، قم، انتشارات دارالفکر

نجفی ، محمدحسن (1386). جواهر الکلام، ج 31، چاپ پنجم، ناشر اسلامیه.

مکارم شیرازی، ناصر  (1378)، استفتائات جدید، ج 2.

صانعی، یوسف  ( 1384)، مجمع المسائل ،ج 2، چاپ دوم، انتشارات میثم تمار.

ابن قدامه، عبداللە ـ المغنی، ج 1، المطعبە دارالکتاب العربی، الناشر دار الکتاب العربی، بیروت

حنبل، احمدبن  مسند احمد، ج 5، الطبعە دار صار، بیروت، الناشر دار صار، بیروت

الشربینی، محمد  (1377.ق.). مغنی المحتاج، ج 4، المطبعە داراحیاء التراث العربی، الطبعه

عساکر، معروف بابن (1415.ق.)، تاریخ مدینە دمشق، ج 22 ، تحقیق: علی شیری، المطبە دار الفکر، الناشر دارالفکر.

البکری، سید ابی بکر ـ اعانە الطالبین، ج 4، الطبعە الرابع ، الناشر موسسە احیاء التراث العربی، ،بیروت، لبنان

قرضاوی ، یوسف  (1380). ڕوانگه‌های فقهی معاصر، ج 1، ترجمه: احمد نعمتی، چاپ اول، نشر احسان

 

Ahmady.K. In the Name of Tradition: Female Genital Mutilation in Iran. UN CUT / VOICES Press

Ahmady, K (2017). An Echo of Silence: A Comprehensive Research Study on Early Child Marriage in Iran.

World Health organization, 1997: female Genital Mutilation Geneva, Switzerland: world Health organization

Taylor V. Female genital mutilation: cultural practice or child abuse? Pediatric Nursing 2003 Feb; 15(1):31-3

Getnet M,wakgariD, 2009: prevalence and associated factors of female genital sectional study: BMC public Health,g:264mutilation among Somali refugees in eastern E Ethiopia: a cross

World Health organization, 2008 Eliminating female genital mutilation: an interageney statement UNAIDS, UNDP, UNECA, UNESCO,UNFPA,UNHCHR,UNICEF,UNIFEM,WHO. Geneva, Switzerland.

Meniro G, Medsci M, Hecht B, Hopkins M. Female circumcision: at our doorsteps and beyond. Primery Care Update Ob/Gyn 2000; 7:231- 7

UNICEF 2014a. Female Genital Mutilation & Cutting [Online]

Lindorfer, S. 2007. Sharing the pain of the bitter hearts: Liberation psychology and gender-related violence in Eastern Africa, LIT Verlag Münster.

Rouzi, A. A. 2013. Facts and controversies on female genital mutilation and Islam. European Journal of Contraception & Reproductive Health Care, 18, 10-14.

Alawi, I. & Schwartz, S. 2015. Female Genital Mutilation a Growing Problem in Iran.

دابەزاندن PDFی وتار