زایەڵەی بێدەنگی – کورته

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

دەستخۆشی و پێزانین

بەو پێیەی ئەم لێکۆڵینەوه دەگەڕێتەوه بۆ دوو ساڵ بەر له ئێستا، ماوەیەکی زۆرم تەرخانی ئەم لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی کڵوکۆی ناخم بۆ گەیشتن بە زانستێکی قووڵتر سەبارەت هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له ئێران دابمرکێنم. ئەم قۆناغە سەفەرێکی سەیر و سەمەر و پڕ لە ئامۆژە و وانە بۆ من لە هەر دوو بواری تاکایەتی و کاریدا بوو. من ئەم توێژینەوه به سەفەرێک دەزانم که تێیدا هەڵچوونی هەستم له هەڵبژاردنی ناوەڕۆکی کار وەک بزوێنەرێک بۆ تەواوکردن و ئەنجامدانی ئەم توێژینەوه یارمەتی دام.

توێژینەوە سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ڕیشەیەکی زۆری قووڵی له لێکۆڵینەوەکانی ڕابردووم سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێراندا هەیه؛ له ساڵانی ڕابردوو و پاش تێپەڕینی  ساڵانێکی زۆر، له ئورووپا گەڕامەوه بۆ زێدەکەم واته کوردستانی ئێران. وەک له بەرهەمەکەی پێشووم له ساڵی 1394، سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران بەدی دەکرێ کاری مەیدانی و پەیوەندی لەگەڵ خەڵک کلیلی ڕاستەقینەی تێگەیشتنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگایه.

ئایدیای سەرەکیی ئەم توێژینەوه له درێژەی ساڵانی توێژینەوەم سەبارەت به لێکۆڵینەوەی خەتەنەی ژنان له ئێراندا بێچمی گرت.

من له هەندێ له ناوچه گوندییەکانی ئێراندا هاوسەرگیریی منداڵانم بەدی کردبوو و بۆم دەرکەوتبوو کە هەر دوو پرسی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و خەتەنەی ژنان لە ئێراندا پێکەوە له پەیوەندیدان و هەندێ جار هاوکات پێکەوه وەکوو توندوتیژیی دژ بە ژنان دەسەپێنرێن. خەتەنەی ژنان و هاوسەرگیریی منداڵان له ناوچەی کوردستان و تەنانەت لە ناو هەندێ له خزم و بنەماڵەکەمدا بابەتێکی ناوۆ و نەناسراو نەبوو. له کاتی کاری مەیدانی لە مەڕ خەتەنەی ژنان لە ئێران کە لە سەر ئاستی چوار پارێزگای (ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و هورمزەگان) بە زیاترین ڕێژەی خەتەنەی ژنان ئەنجام درا، بۆم دەرکەوت کە ڕێژەیەکی زۆری بەشداربووانی دیمانە لەگەڵکراو ئەو مێرمنداڵانەن کە لە تەمەنی زۆر کەمدا هاوسەرگیرییان کردبوو. نه تەنیا ئەم کچه کەم تەمەنانه ئێستا هاوسەر و دایک بوون، بەڵکوو ڕێژەیەکی زۆری کوڕانیش دەوری باوکی و مێردییان دەبینی. ئەم بابەته، هانی دام کە سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان زیاتر بزانم و وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە ئایا لە نێوان ئەم دوو دیاردە پەیوەندییەک هەیە یان نا و خۆم بۆ توێژینەوەیەکی دیکه – که ئێستا به شانازییەوه پێشکەشتانی دەکەم – ئاماده بکەم. قەبارەیەکی زۆری زانیاری لەم بارەوه کۆ کراوه و هەتا ئێستا شیکاریی تەواویان بەردەوامه و له کۆتاییدا تێکۆشاوم که ئەم ئەنجامانه له دووتوێی کتێبێکدا به هەر سێ زمانەکانی فارسی و کوردی و ئینگلیزی بڵاو بکەمەوه.

هەواڵێکی زۆر خۆش ئەوەی کە ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە زۆرێک لە وڵاتان بۆ وێنە ئێران ڕووی لە کەمبوونەوەیه. سەرەڕای ئەمە، هێشتا بۆ هەڵکشاندنی تەمەنی هاوسەرگیری، دابەزاندنی ڕێژەی منداڵهاوسەری و کەمکردنەوەی خەسارەتە داوێنگیرەکانی منداڵان و ژنان دەبێ داپەڕی زیاتر ئەنجام  بدرێت.

من و دیکەی توێژەرە هاوبیرەکانم دەستی هاوکاریی خۆمان بەرەو لای دەوڵەت درێژ دەکەینەوە و ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی هەوڵی نیشتمانی لە پێناو وشیاری لە بارەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دیاری بکەین و هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی بنەبڕکردنی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیری بچێته ئاستی جێبەجێکردن، و له نێوان فاکتەرانی پەیوەندیدار بەو گوتارێک ساز ببێ و هەر داپەڕێک لەگەڵ پەیمانناوەکانی مافەکانی مرۆڤ هاوئاهەنگ بکرێت.

دەڵەوتی ئێران یەکێک لە وڵاتان واژۆکاری ڕێککەوتنه نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی منداڵه و دەبێ پەیمانناوه وەدواکەوتووەکانی دیکه لەم بارەوه پەسند بکا و هەروەها ڕێبازێکی کردەیی و گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان گەڵاڵه بکات. وەها بەرناوەیەک دەبێ گشتگیر بێ و تەنیا لەم بابەتانەی ژێرەوه سنووردار نەبێتەوه:

1) بەڵێن و و بەشداری پێکردنی کەسایەتییه کاریگەره کلیلی، ناوچەیی و ئایینی (بە پێی سرووشتی هەستیار و کەلتووریی ئەم بابەته).

2) گەڵاڵه و جێبەجێ کردنی بەرناوەیەکی پەروەردەیی نیشتمانی که پتر له هەر شتێکی دیکه بەرزکەرەوەی ئاستی  وشیاری سەبارەت به مەترسییەکانی منداڵهاوسەری بێ.

3) یاسای نوێ بۆ زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیری و تەنانەت به تاوان ناساندنی دەبێ پەسند بکرێت (بۆ زانینی ڕێکاری زیاتر بەشی چواری کتێب بخوێنەوه).

دەوڵەت دەتوانێ له ڕێگەی ئەزموونه نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکان و سەرکەوتنەکانی بەرەنگاربوونەوەی منداڵهاوسەری له ڕێگەی بەرناوەکانی یوونیسێف و هەروەها له ڕێگەی توانا پەنگراوەکانی ئەنجومەنەکانی وەکوو NGO و ڕێکخراوه خۆجێییەکان له ئێران خەباتی خۆیان له دژی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەست پێ بکات.

بە پێویستی دەزانم ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە و لەم ماوەدا پشتیوانیان کردم، دەستخۆشی خۆمیان ئاراستە بکەم. پێم خۆشه لێرەدا سپاسی شەفەق ڕەحمانی بکەم که هیچکات پشتیوانی خۆی لە من درێخی نەکرد و لە هەموو قۆناغە دژوارەکانی ئەم کارەدا لەگەڵم بوو و هەروەها سەری ڕێز نەوی دەکەم بۆ ئەو دۆست و هاوڕێ نزیکانەی کە لەم پڕۆژه توێژینەوەییەدا هانیان دام.

سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کۆ بوونەوە و گێڕانەوەکانی ئەم کارەیان کۆ کردەوە و ئینجا شرۆڤەیان کرد بۆ ئەوەی ڕاپۆڕتێکی گشتگیر وەدەست بێنم. سپاسی ئیدیتۆره ئینگلیزی زمانەکەم لۆرێن کانس دەکەم بۆ ئەوەی لە ئیدیت و پێداچوونەوەی کۆتایی پاڵپشتی کردم. سپاسی تایبەتیم هەیە بۆ یاریدەدەران و هاوکارەکانم، فەریبا ئەڵماسی و حومێڕا ناز له وڵاتی پاکستان که له هەموو قۆناغەکانی ئەم توێژینەوه لەگەڵم بوون و نه تەنیا وەک یاریدەدەر بەڵکوو وەک وەرگێڕ، توێژەری بەشی مەیدانی و ڕاوێژکار یارمەتی دام. هەروەها ئەو کەسانەی کە پێیان خۆش نەبوو کە لەم بەرهەمەدا ناویان بهێنرێ، بۆ هاوکاری و پیاوەتییان بۆ جێبەجێکردنی ئەم توێژینەوە سپاسیان دەکەم.

زۆر کەس و ناوەند بۆ تەواوکردنی ئەم توێژینەوە هاوکارییان نواند. ئەم توێژینەوە بەتایبەت بەشە مەیدانییەکەی، تەنیا بە لێکۆڵینەوەی وەدۆزینەوه، ڕاهێنانی مەیدانی، پشتیوانی و هاریکاری ئەوان هاتە دی. لەم بوارەدا، سپاسی ئەندامانی تیمە مەیدانییەکەم بە سەرپەرشتیاری خاتوونەکان فەریبا ئەڵماسی و حومێڕا ناز دەکەم.

هەموو خزم و دۆستان له سەر ئاستی ئەو هەر هەوت پارێزگایەی که کاری مەیدانی لێکۆڵینەوەی تێدا ئەنجام درا، به هۆی پشتیوانی، میوانگری، ڕا و بۆچوونی هزرمەندانە و پێشنیارەکانیان سپاسیان دەکەم.

له پارێزگای هورمزگان: شیرین تەلنده، مەولەوی ئامینه ڕەستگار، ئەحمەد بەساکی و خوڕەم حافزی.

به دڵ سپاسی ئەو کەسانه دەکەم که له پارێزگای ئیسفەهان لەم توێژینەوەدا پشتیوانیان نواند بەتایبەت خاتوو گۆلیتا حسێن‎پوور ئیسفەهانی، جەمیلە هاشمیان؛ سادق هومافەر، عەبدولقادر ئەحمەدی، مەهتاب ئەحمەدپوور.

لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی سپاسی یارمەتی دۆستانه و بەتینی فاتمه بوونەسیری، مەولەوی عەلیڕەزا ئیلخانی فەرەحابادی، فەرهاد ئەسڵانی، نەسرین ساڵحی و پەریسا ئەرغیانی دەکەم.

ئەم توێژینەوه قەرزداری هاوکاری و کۆمەکی کەسانێکی وەکوو سەدیقه عاشقی، سەید میرئیبراهیم حسێنی، داریۆش دووچانی و هاوسەرەکەی، پۆیا ڕەستگار و ئومێد ڕەحمانی له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاته. له پارێزگای خووزستان مەنسوور ئەسکەندەری، سیرووس خانزاده، لەیلا خۆشکام، موجتەبا گەهستۆنی، نەرگس نازمی نیا، ئەمیر هۆشەنگ عارفیان، عیزەتوڵا جەعفەری، کەریم ئەبووخانی، مەرزییە لۆرکی، سەمەندەر ئەبوودەوله، زەهرا خزاعیل و فەریبا زەنگەنە پشتیوانانی پایەبەرزی ئەم توێژینەوە بوون.

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە نووسینگەی مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی، حاج فەیزوڵا ڕیگی، مەولەوی عەبدولسەمەد محەمەدی جزینکی، عەبدولباقی ئەحمەدی، ڕەسوول ناو، مەولوود ئیسماعیل زێهی و فریشتە سەربازی و لە پارێزگای ئارەزبایجانی ڕۆژاوا مەلا حەسەن واژی، شلێر فەتاحی، محەمەد ڕەسوول ئازین، کەریم ڕەحمان پوور، ژینا تەبەسووم، پەروین عەبدوڵاهی و نازدار حسێنی لە بەر پشتیوانییە بێ‌وێنەکەیان دەستخۆشیان لێ دەکەم.

هەروەها بۆ پشتیوانی کردنیان بۆ ڕونوێنی‌کردنی ئەم توێژینەوه ئەوپەڕی پێزانینم هەیە بۆ لوتفوڵا موحسێنی، کازم عەلیزاده، مەنسوور تەوەکولی، مینا پووری، شەیما قۆشه، زیبا جەلالی، مەهتاب مەردفەرد، نوورهیم ئادلیس، فابین متیۆ، جان چووا، غەزەل ئاریان، کەسرا پاڵەوانی، محەمەد حسێنی و پێدرام وەرشۆیی.

هەروەها دەستخۆشی لە هەموو زانایانی ئایینی، ناوەندە ئایینییەکان و دیکەی ئەو کەسایەتییە ناسراوانە دەکەم کە لەم توێژینەوەدا هاوکارم بوون. بەتایبەتی سپاسی مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی و هاوکارەکانی، حاجی مەلا محەمەد حەسەن واژی، مەولەوی عەلیڕەزا ئیلخانی فەرەحابادی و هاوسەرەکەی مەولەوی فاتمە بوونەسیری، مەلا ڕەحمەتوڵا، مەولەوی عەبولسەمەد محەمەد جزینکی، حاجی ئەحمەد پەناهی، شێخ محەمەد تنۆ، عەلیڕەزا نووری و حاجی نوور محەمەد محەمەدی دەکەم بۆ ئەو پشتیوانییە مەزنەی کە لەم توێژینەوە کردوویانە. هەروەها سپاسی مەولەوی ئامینە ڕەستگار و قوتابخانەی حەوزەی عیلمییەی مەشهەد و زانایانی ناوەندەکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ئیسفەهان دەکەم.

دەستی ماندووبوونی بەڕێزان سیرووس خانزاد و مەلا محەمەد ڕەسووڵ ئازین دەگووشم کە وەک ڕێبەرانی ئایینی / ئێتنیکی و هۆزی زانیاریی بەسوودیان پێ بەخشین. بەتایبەت سپاسی وەزارەتخانەکان و نوێنەران بۆ وێنە کەسانی بەرپرس لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، تەندروستی و زانکۆیی زانستە پزیشکییەکان دەکەم چوونکە زانست و زانیارییەکانی خۆیان بۆ تەواو‌کردنی ئەم پڕۆژە لە ئێمە درێغی نەکرد، بەو هیوایەی دەوڵەت بۆ زانستێکی تەواوتر و گشتگیرتر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان هان بدا و گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە گرنگەیان وەبیر بهێنینەوه.

کامیل ئەحمەدی

11ـی ئاکتەوبەری 2016 هاوڕێکەوت لەگەڵ 2ـی مانگی ڕەزبەر 1395ـی هەتاوی

ڕۆژی جیهانی کچۆڵەکان و ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان

بەشی یەکەم: 

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، پێناسه و چەمکەکان

«لێرە هەموو زوو هاوسەرگیری دەکەن، بووکەکانمان دووگیان دەبن و سنۆگڕافی دەکەن،

ئەگەر کۆرپەلە کچ بێ لە زکی دایکیدا مارە / ناوکبڕی دەکەین»

وڵامی پیاوێکی تەمەن 40 ساڵە    گوندی گەیلەکاوا (سەراب) ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

 

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، پێناسه و چەمکەکان

له ڕوانگەی زۆر کەس، منداڵهاوسەری یان هاوسەرگیریی پێشوەختە کاریگەری له سەر ژیانی منداڵان دادەنێ و به لێکەوتەی خەسارەتبەخشی تەندروستی، ئاڵۆزتری دەکا و له سەر هەر ئاستێکدا گەشە و سەرکەوتنی تاکەکەسی دەخاته ژێر کاریگەریی خۆیەوه. هاوسەرگیریی یان منداڵهاوسەری، به هەر چەشنە هاوسەرگیرییەک دەوترێ که له تەمەنی کەمتر لە 18 ساڵ ئەنجام درا بێت.

ئەم دیارده له نۆڕمه نەریتی و باوەکانەوه هەڵقووڵاوه و له هەر دوو ناوچەی شاری و گوندی برەوی هەیه. سەرنجی جیهانی بۆ ئەم دیارده و هەوڵه ئەنجامدراوەکان لەم بوارەدا وای کردووه که ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە بە شێوەی گشتی ڕووی لە دابەزین بکا، ئەگەرچی ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵان هێشتا لە خوار تەمەنی یاسایی کۆمەڵگای خۆیان هاوسەرگیری دەکەن. نموونەیەکی ڕوون و زەقی ئەم دیارده، کۆمەڵگای ئێرانه.

توێژینەوەی سەربەخۆ و بایەخداری ئەوتۆ سەبارەت به منداڵهاوسەری له ئێراندا ئەنجام نەدراوه و زانیارییەکی زۆر کەم لەم بارەوه له بەردەسته. ئاماری فەرمی و دەوڵەتیی ئێران گوزارشته لەوەی که ساڵانه به دەیان هەزار کچ و کوڕی ژێر تەمەنی 15 ساڵان له لایەن بنەماڵەکانیانەوه ناچار به هاوسەرگیری دەکرێن. ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانه له حەقیقەتدا زۆر زیاتر لەم ئامارانەیه. زۆرێک له بنەماڵەکان له ئێران هاوسەرگیری له تەمەنی کەمدا تۆمار ناکەن و یان به شێوەی نافەرمی تۆماری دەکەن. به پێی ڕاپۆڕتی ئەنجومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان له ئێران ئەو کچانەی که خوار تەمەنی 15 ساڵان هاوسەرگیرییان کردووه له 33383 کەس له ساڵی 1385ـی هەتاوی بۆ 43459 کەس له ساڵی 1388ـی هەتاوی بەرزبوونەوەی به خۆوه بینیوه؛ واته له ماوەی ساڵێکدا 30 له سەد هەڵکشاوه. وەها هەڵکشانێک له ئەنجامی ڕوانگەی نەریتی، زەختی کۆمەڵایەتی و کەلتووری، پشتیوانی دەوڵەتی و شەرعی، ڕەگداکوتانی هەژاری و خواستی دایک و باوکەکان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی پەیوەندیی سێکسیی کچەکانیان بەدی هاتووه.

ئەم توێژینەوه بۆ یەکەم جار به نیازه برەوی  منداڵهاوسەری له ئێران به پێداگری نواندن له سەر فاکتەرە زاڵه کۆمەڵایەتی – کەلتووری شی  بکاتەوه؛ ئەو فاکتەرانەی که نایەکسانییه قووڵه ڕەگەزێتییەکان کە له سەر بەردەوامبوونی ئەم دیارده کاریگەری دادەنن پیشان دەدات. ئەم توێژینەوه ئەو کۆمەڵە منداڵ و کەسانه دەکاته ئامانج که ناتوانن به شێوەی تەواو و ئازادانە سەبارەت بەوەی که هاوسەرگیری لەگەڵ کێ بکەن ڕەزامەندی خۆیان دەرببڕن چوونکه پێویستییەکانی کۆمەڵگای پیاوسالارانه دژی ئەمەیان فێر دەکات.

ڕێکخراوی نەتەوەکان به هەر چەشنە هاوسەرگیرییەکی ژێر تەمەن 18 ساڵ بەر لەوەی کچ لە سۆنگەی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەی قبووڵ‌کردنی ئەرکەکانی ژن و مێردی و منداڵداری بێ، دەڵێ هاوسەرگیریی منداڵان. هەر بەم پێیە لە حاڵەتێکدا کە منداڵ لە خوار ئەم تەمەنە هاوسەرگیری بکا، ئەوە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ڕووی داوه؛ هاوسەرگیرییەک کە لە لایەن باوک یان باپیرییەوە سەری گرتووە و تێیدا سەرنج بە لانیکەمی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەدراوه. بۆ هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتە دەتوانین ئاماژە بکەین بە هەڵکشانی ئاستی هەژاری، نەبوونی زانست و خوێندن و ملکەجێتی بۆ زەروورەتەکانی کەلتووری پیاوسالارانە و ئەو باوەڕانەی کە بە هەڵە پێی وایە ناچار‌کردنی کچان بە هاوسەرگیریی نەخوازراو و پێشوەخته، هۆکارێک بۆ پشتیوانی و پاراستنی ئەوانە. بەداخەوە سەرەڕای بوونی لێکەوتەی جەستەیی و هەڵاواردن لە دژی کچانی کەم‌تەمەن، هەنگاوی کەم بۆ کۆتایی‌هێنان بە کردەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران هاوێژراوه.

توێژینەوەی گشتگیر و پشت پێبەستراوی زۆر کەم له سەر کاریگەرییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە له سەر پیاوان، ئەنجام دراوه و ڕەهەند و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە له کوڕه منداڵەکان، تەنانەت له لایەن ئەو کارناسه نێونەتەوەییانەی که لە سەر بەرەنگاربوونەوەی هاسەرگیریی منداڵان ئیش دەکەن پشتگوێ خراوه. کەمیی ئەم داتا ئەزموونییانه بۆته هۆی ئەوەی کە سەبارەت به تەنگوچڵەمەکانی  هاوسەرگیری بۆ کوڕانی کەم تەمەن هیچ زانستێک لە بەر دەستدا نەبێت. ئەوان زۆر جار ناچار به وازهێنان له خوێندن و دەستدانه پیشەی ئاست نزم دەبن بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسایەتییەکانی ئەم بنەماڵه نوێیەیان جێبەجێ بکەن. هاوسەرگیری بەر له باڵقبوون درێژە به پرۆسەی هەژاری دەدا ئەوە لە حاڵێکدایە که هەژاری له دەستپێکدا هۆکاری بێچمگرتنی هاوسەرگیری بووه.

 

منداڵانی بەلووچی خێوەتنشین له نزیک سنووری پاکستان که له تەمەنی ساواییەوه ماره کراون.

وێنه: م. مەعارف وەند.

خەتەنە / شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان و هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان

ئەوەی  به شێوەی  بەردەوام قسەی له سەر کراوه، پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و دیکەی ئاکاره ژندژەکانی وەکوو شێواندی کۆئەندامی زاوزێیه. ئەنجامەکانی توێژینەوەی پێشووی نووسەر سەبارەت به برەوی خەتەنەی ژنان له ئێران پیشاندەری هاوپەیوەندێتی نێوان برەوی ئەم دیارده له سەر ئاستی چوار پارێزگای ئێرانه که له توێژینەوەی ڕابردوودا له سەر هەندێ لەم پارێزگایانەدا چڕ بۆتەوه. ئەم توێژینەوه له سەر ئاستی هەوت پارێزگا ئەنجام دراوه که زیاترین فرەیی هاوسەرگیریی پێشوەختەیان له خۆ گرتووه؛ خۆراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان و ئیسفەهان. لەم نێوانەدا له سەر ئاستی هەر دوو پارێزگای هورمزگان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا ڕێژەیەکی یەکجار زۆری خەتەنەی ژنان ڕوو دەدات.

ڕێژەی ژنانی وتووێژ لەگەڵکراو که خەتەنە کراون

له وڵاتانی پێشنەکەوتوو و هەژارنشین، زەقترین کردەوەی خەسارەتبەخشی نەریتی و کەلتووری که زیان به مافەکانی ژنان و کچان بۆ بوونی ژیانێکی ئازادانه دەگەیەنێ، شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان و هاوسەرگیریی پێشوەختەیه. هەر کام لەم نەریتانه به تەنیایی ڕووخێنەرن، بەڵام کاتێ پێکەوه له زەمینەیەکدا بن، ئاستی ڕووخێنەری و وێرانکارییەکەیان جێی نیگەرانییه. له سەرتاسەری دنیادا ژنان و کچان ناچار به ژیانێکی تێکەڵ به لێکەوتەی ڕووخێنەری هەر دوو دیاردەی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێ و هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکرێن. هەر دووکیان له نۆڕمه بەهێزەکانن. هەر دووکیان له لایەن چەمکەکانی زەمەن و نەریتەوه پشتیوانی دەکرێن. هەر دووکیان ئاکاری ڕەگداکوتاوی نەریتیین. هەر دووکیان لادان له مافەکانی ژنان و کچانن و هەر دووکیان به پێچەوانەی خواست و هەڵبژاردەی تاکایەتی به سەر کەسەکەدا سەپێنراون.

یەکێک له بنەما عەقڵانییە سەرەکییەکان له شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان له کۆمەڵگا نەریتییەکاندا ئەوەیه که بۆ هاوسەرگیری ئامادەیان دەکا چوونکه دەستەبەرییەکه بۆ پاکیزەیی کچان. ڕاستیی تاڵ ئەوەیه که پیاوانیش خوازیاری دیاردەی خەتەنەی ژنانن و لەوانەیه ئاماده نەبن کچێک بێنن که له ڕێگەی خەتەنە کردنەوه پاکیزییەکەی دەستەبەر نەکرا بێ یان مارەییەکەی نادەن. لێرەدا خەتەنەکران گەواهییەکه بۆ پاکیزه بوونی بووکی داهاتوو که دەستەبەری دەکا که ئەم کچه بەر له هاوسەرگیری هەرگیز لەگەڵ هیچ کەس پەیوەندیی سێکسی نەبووه. بە بوونی ئەم دەستەبەری و متمانەیه، پیاوان تامەزرۆی هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ئەون و پێیان خۆشه بۆ ئەو کچه پارەیەکی زێدەتر بدەن به بنەماڵەکەی.

ڕەزامەندی له هاوسەرگیری پێشتر جێبەجێکراوی پێشوەختەش جێی گومانه،  چوونکه دەتوانین بڵێین هەمیشه بابەتی کێشەسازی ڕەزامەندیی تەواو و ئازادانه و ئەوەی که ئایا ئەو کچۆڵانه سەبارەت به هاوسەرگیری هەموو حەقیقەت و زانیارییه پێویستەکانیان وەرگرتووه یان نا، جێی مشتومڕ بووه. له وڵاتانی ڕوو له پێشکەوتن یەک له سەر سێی کچان له ژێر تەمەنی 18 ساڵان و له کۆی هەر نۆ کچ یەکیان بەر له گەیشتن به تەمەنی 15 ساڵان هاوسەرگیری دەکات.ئەوان به مانای وشه دەبنه کۆیلەی سێکسیی منداڵ.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان به پێی عوڕف له لایەن بنەماڵەی منداڵەوه جێبەجێ دەکرێ و زۆر جار قەرار و بڕێی ڕێککەوتووانەی نێوان بنەماڵەکان له کاتێکدایه که منداڵان خۆیان کەم تەمەنتر لەوەن که سەبارەت بەم هاوسەرگیرییانه بڕیار بدەن. له هەر دوو دیاردەی خەتەنەی ژنان و هاوسەرگیریی پێشوەختە، له بری کەسەکه دیتران ڕەزامەندڕییان دەربڕیوه. له هەندێ له وڵاتاندا شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان. له هەندێ له حاڵەتەکان له کۆمەڵگا نەریتییەکاندا پاش ڕووداوی خەتەنە هاوسەرگیریی منداڵان ڕوو دەدات.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان له هەرمانترین نەیارانی پێگه و ئاسایشی ئافرەتن که هاوکات دوو هێزی پاراستنی باڵدەستیی پیاوانه و ڕاگرتنی سەرکوتکەرانەی ژنان له خۆ دەگرێت. هەر دووکیان له ژێر دەمامکی ئەو نەریتانەی که له درێژایی مێژوودا له ناو کەلتوورێکی پیاوسالارانەدا بێچمیان گرتووه توندوتیژی به پێی ڕەگەزێتی پتەو دەکەن. به ڕەچاوکردنی ئەوەی که کچان له پێشدا خەتەنە کراون و پاشان هاوسەرگیرییان کردووه، تێگەیشتن لە مژارە دڵتەزێنه که خەتەنەی کچان ڕێخۆشکەری هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانه، بابەتێکی حاشاهەڵنەگره.

هاوسەرگیریی پێشوەختە و فرەهاوسەری

“یەکهاوسەری” به پەیوەندیی ژن و مێردی نێوان تەنیا دوو کەس دەوترێ که له هەمبەر “فرەهاوسەری”دایه که تێیدا لەگەڵ چەندین هاوسەر هاوسەرگیری دەکرێت. ئەم چەشنه وەسڵەتانه زیاتر له ناو ژنانی 20 له سەد هەژاری کۆمەڵگا ڕوو دەدا تا 20 سەد چینی دەوڵەمەندی کۆمەڵگا. کەم‌خوێندەواری به توندی لەگەڵ فرەهاوسەری هاوپەیوەنده.


فرەهاوسەری له هەندێ له پارێزگاکاندا باوه.  وێنه: کامیل ئەحمەدی

کاتێک له ڕوانگەی هاوسەرگیریی منداڵانەوه له فرەهاوسەری دەڕوانین، ئەم نەریته وەک مۆڵەتێک بۆ بەڕەڵایی سێکسی و لادانی توند له مافەکانی ژنان خۆی دەنوێنێت. فرەهاوسەری و هاوسەرگیریی پێشوەختە به واتای ژیانێکی پڕ له ملکەجیی سێکسی، کۆیلایەتی ئابووری و ئەنجامدانی قەبارەیەکی زۆری کاری قورسی ناو ماڵه. کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی منداڵهاوسەری و فرەهاوسەری سەرەڕای حەقیقەتە زیانبەخشەکەی پشتگوێ خراوه. پانتای لێکەوته نەرێنییەکانی بریتییە لە دەستهەڵگرتن له خوێندنەوه و له کیسچوونی هەر چەشنه دەرفەتێکەوه بگره تا دەگاته وەدەستهێنانی تواناکانی ژیان و پیشه، له دەستدانی تەندروستیی باشتر و کۆتاییهاتنی قۆناغێک له ژیانە که به پێی تەمەنی دۆستایەتی و سۆزی ژن و مێردی دەیتوانی ڕوو بدات.

مەترسیی زۆری کەڵکاوەژوویی سێکسی زۆر جار لەو حاڵەتانەدا بەدی دەکرێ که کچ هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک دەکا که ئەویش وەکوو خۆی منداڵه. به ئاوڕداەوه به منداڵبوونی زاوا، دیاره کچ له پارێزراوی پێویست سوودمەند نییه، و ئەمه به توندی کچ دەخاته بەر خەسارەتی توندوتیژی، کەڵکاوەژوویی سێکسی و بێڕێزی له لایەن پیاوانی گەورەتری بنەماڵه وەکوو خەزوور، هێوەر و مامەکان.

زۆرێک له کچان ڕووبەڕووی بڕیاردانی ناچاری، چانسه نزمکراوەکانی ژیان و گۆڕانکارییه خێراکان دەبنەوه که له کچۆڵەیەک که ئێستاش هاوسەرێکی منداڵه دەیکا بە دایکێکی منداڵ. کردەوەی هەمەگیری فرەهاوسەریی کچۆڵەکان لایەنێکی نزمی فرەهاوسەرییه. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ڕێگه بۆ چیرۆکی فرەهاوسەری خۆش دەکات.

منداڵهاوسەری مەسەلەیەکی جیهانییه که دەتوانێ له هەر سووچێکی دنیادا، له خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوه بگره هەتا دەگاته ئەمریکای لاتین، ئاسیای باشووری و ئورووپا ڕوو بدات. توێژینەوەکان پیشان دەدەن ئەم بابەته نه تەنیا له زۆرێک له ناوچەکاندا ڕوو دەدا، بەڵکوو ئەوانەی وا دەیسەپێنن به ڕووخۆشی و له کانگای دڵەوه بەم کاره هەڵدەستن چوونکه وەها نەریتێ له ڕووی کۆمەڵایەتییەوه پێگەیەکی قبووڵکراوی هەیه.

بە پێی ڕاپۆڕتێک له ڕێکخراوی «کچ نە بووک»، ئەگەر ڕەوتی هاوسەرگیریی منداڵ دانەبەزێ، لە ساڵی 2050 (1429ـی هەتاوی) ئاماری جیهانیی هاوسەرگیریی منداڵان دەگاتە 1.2 ملیاڕد.به پێی ڕاپۆڕتی سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان، له وڵاتانی له حاڵی پێشکەوتن له کۆی هەر سێ کچ یەکیان له هەڕەتی مێرمنداڵیدا هاوسەرگیری دەکا، که دەبێته 34 له سەدی کۆی حەشیمەتی ئەم گرووپه تەمەنییه. بۆ ڕەچاوگرتنی ئەوەی که ئەم ڕەوته وا خەمڵێنراوه که هەتا ساڵی 1399ـی هەتاوی 140 ملوێن کچی خوار تەمەن 18 ساڵ و 15 ملوێنیان خوار تەمەنی 15 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. ساڵانه ڕێژەی 14 ملوێن و ڕۆژانه 39 هەزار کچ شوو دەکەن. له وڵاتانی ڕوو له پێشکەوتن له کۆی هەر 9 کچ، کچێک بەر له گەیشتن به تەمەنی 15 ساڵان هاوسەردار دەبێت. ساڵانە 7.3 ملیۆن کچی ژێر 18 ساڵ منداڵ دەخەنەوە و لە ناویاندا 2 ملیۆن کەسیان تەمەنیان ژێر 14 ساڵه. لە سۆنگەی ئامارییەوە مەرگی دایکان لە کاتی زاوزێدا لە چاو ئەو ژنانەی کە خوارتر لە تەمەنی 20 ساڵاندا منداڵیان بووه، 50 لە سەد پتره. ساڵانە 70 هەزار کەس لەم ساوایانە کەمێک پاش لە دایکبوون دەمرن و 3.2 ملیۆن منداڵ ناچارن کۆرتاژ بکەن.

ڕاپۆڕتی یوونیسێفیش گوتاری توندوتیژیی ناو ماڵ پشتڕاست دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە بارودۆخی نالەباری ناو ماڵ وا دەکا کچان لە دەست مێردەکانیان ڕا بکەن. ئەمە وەک کارێکی زۆر قێزەون لێی دەروانرێ، و لە باشووری ئاسیا، بەتایبەت لە وڵاتانی موسڵمان‌نشین، وەک تاوانێکی گەورە دێتە هەژمار. زۆرێک لەم کچانە کاتێک کە هەوڵ دەدەن لەم هاوسەرگیرییە نەخوازراو و زۆرەملێیە ڕا بکەن، دەکەونە بەر توندوتیژیی ئابڕووتەوەرانە چوونکە بە بۆچوونی خەڵک ئابڕوو و گەورەیی بنەماڵەی خۆیانیان بەزاندووه. بنەماڵەکان لە ناو کەلتوورە تایبەتەکانی خۆیاندا ئەم چەشنە ڕفتارە ناشیرینانە بە نواندنی هەڵسووکەوتی خراپ لە دژی کچەکانیان و لە کۆتاییدا بە «قەتڵی ناوووسی» وڵام دەدەنەوە.

کاملا سارۆپ، ڕۆژناوەوانی نیپاڵی، باس لە ئاسەواری زیانبەخشی ئەزموونی کچێکی مێرمنداڵ لە هاوسەرگیریی پێشوەختەدا دەکات. بە ڕای ناوبراو، کەم‌خوێندەواری، دووگیانبوونی پێشوەخته، کێشەی تەندروستی، پەیوەندیی سێکسیی زۆرەملێ، قبووڵنەکردنی ئازادی و گەشەی تاکایەتی، تەڵاقی پێشوەختە و دەرکراوی، زیاتر تووشی کچان دەبێ چوونکە ئەوان هێشتا منداڵ و خەسارهەڵگر و کۆڵدەرن.

لێرەدا سەرنجدان بە لێکدژی ڕەوتەکانی هاوسەرگیری لە ئێران سەرنجڕاکێشه، ڕەوتی هاوسەرگیری لە وڵاتی ئێراندا پێوەرێکی دوو جەمسەرییه. لە جەمسەرێکی، حەشیمەتی گەنج و چالاک و زیاتر شارنشین بەدی دەکرێن کە هاوسەرگیری دەخەنە تەمەنی پیری و جەمسەرەکەی دیکه، کچان و کوڕانی کەم تەمەنن کە ئامانج یان قوربانیانی منداڵ‌هاوسەرین. فاکتەرگەلی وەک گەشەی ڕێژەیی و هێدییانه، وەدەستهێنانی شێوازی ژیانی مۆدێڕن و بوونی پەیوەندیی نهێنی و کێشە ئابوورییەکان نەوەی نوێ ناچار دەکا هاوسەرگیری بخاتە تەمەنی سەرتر. یاسای سەختگیرانە له ئێران سەبارەت به مافی تاکایەتی، ئابڕووی بنەماڵە و ئارەزووی سێکسی وای کردووە کە هاوسەرگیری تاکە شێوازی پەسندکراوی پەیوەندیی سێکسی بێت. بوونی پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرێتی کێشەسازه، بەتایبەت لەم سۆنگەوە کە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ تێرکردنی ئەم ئارەزووە بۆ زۆر کەس بوونی نییه. تاکەکان هان دەدرێن بۆ ئەوەی لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن بۆ ئەوەی دیسیپلینی کۆمەڵایەتی و سیستەمی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی ڕابگرن.

بانگەشەی هاوسەرگیری و سیاسەتەکانی ئەم دواییەی گەشەی حەشیمەت- وێنه: کامیل ئەحمەدی

پاش شۆڕشی ئیسلامی لە وڵاتی ئێران، کۆمەڵێ یاسا کە ڕێگری لە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەکرد، گۆڕدران و بە دژی شەریعەتی ئایینی ئیسلام لە قەڵەم دران. لە زۆرێک لە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیری کۆمەڵێ پێداچوونەوە کرا و هاوسەرگیریی منداڵان مۆڵەتی پێ درا.

ڕێژەی تەڵاق لە ئێران لە گرووپی تەمەنیی 10 بۆ 18 ساڵ بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو هەڵکشانی بە خۆوە بینیوه. بە پێی دوائامارەکانی حەشیمەتناسی 21.149 کچ و کوڕی ژێر تەمەن 18 ساڵ لە ساڵی 1393 لێک جیا بوونەتەوه.

ڕیشە مێژووییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە وڵاتی ئێران

ئێران وەک وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناڤینی بەردەوام بەشێک لە ژیانی هاوشێوەی کەلتووری دیکەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناڤین و جیهانی عەرەب بووە. وڵاتانی عەرەبی کەوتوونەتە ناوچە ئوستوواییەکان، شوێنێک کە پلەی بەرزی گەرما یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی باڵقبوونی پێشوەختەی کچان و کوڕانە و ئەمە بەڵگەیەکی تەواوە بۆ بوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتیی پەسندکراو کە لە لایەن زانایانی ئایینی و ڕێبەرانی ئایینی جەختی لە سەر دەکرێت. هاوسەرگیریی پێشوەختە لە هەرێمە گەرمەسێرەکاندا لەم ڕووەوە پاساودارە کە گەشەی لەش خێراترە و تەنانەت ئارەزووی سێکسیش زیاترە. سەرەڕای ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی عەرەبی نییه، بەڵام هاوبەشیی دێرین و قووڵی لەگەڵ جیهانی عەرەبی ئیسلامی هەیه. یاسای ئێران له سەر بنەمای یاسا کۆن و نەگۆڕەکانی ئیسلام نووسراوه و به پێچەوانەی ئێتنکەکانی دیکەی وەکوو کورد، تورک، بەلووچ، لوڕ و هتد له ئێران که هێشتا نەیانتوانیوه وەکوو مادەیەکی دەرسی مافی خوێندن به زمانی زکماکی وەربگرن عەرەبی زمانێکه که له قوتابخانەکاندا دەوترێتەوه. کەواته بۆ تێگەیشتن له ڕیشه مێژووییەکانی منداڵهاوسەری، گرنگیدان به هەستیاری و ئاڵۆزێتی جیهانی ڕۆژاوا پێویسته.

 

بەشی دووهەم:

فاکتەرە کۆمەڵناسییەکان

 

«لە کاروون زۆربەی هاوسەرگیرییەکان عەشیرەتی و خزمایەتین. زێنەب ناچار بوو زوو شوو بکا بۆ ئەوەی نەیدەن بە ئامۆزا بیرکۆڵەکەی. ئێمە دەبێ داب و نەریتی کۆنی خۆمانمان هەبێ لە بەر ئەوەی لە خوێن و دەمارماندایە و دەبێ ببێت. خەسووی کچەکەم، خوشکمه. ڕاستە کچەکەم منداڵە بەڵام دەبێ دوو و سێ منداڵ بخاتەوە بۆ ئەوەی لە ژیان تێبگات.»

مەڵێ «ناچارم»! بڵێ «ئەرکی سەر شانمه»!

دایکی زێنەب،  تەمەن 42 ساڵ. کاروون. پارێزگای خووزستان

فاکتەرە کۆمەڵناسییەکان

هاوسەرگیری پەیمانێکی فەرمی و کۆمەڵایەتیی قبووڵکراوە یان گرێبەستێکی یاسایی نێوان ژن و مێردە کە ماف و پابەندییەکانی نێوانیان، منداڵ و بنەماڵەکانیان دەورووژێنێت. سەرەڕای ئەوەی پێناسەی هاوسەرگیری لە کەلتوورێکەوە بۆ کلتوورێکی جیاوازه، بەڵام لە بنەڕەتدا وەک بنیاتێکی کەلتووریی جیهانی پێناسە کراوە کە تێیدا پەیوەندیی نێوان تاکەکان دانی پێدا دەنرێت.

لە کۆمەڵگا کۆنەکان و سەدەکانی ناوەڕاستدا هاوسەرگیریی کچان یان دەزگیرانداربوونیان بەر لە باڵقبوون باو بووە. لە وڵاتی ئیسڕائیلی کۆن ڕێککەوتنی گرێبەستانە لە سەر کچە عازەبەکان، وەک ئیمتیازێکی جەماوەرپەسند بۆ باوکی کچە سەیر دەکرا. ئەوان بەر لە تەمەنی 15 ساڵان و زۆر جار دەستبەجێ پاش باڵقبوون بە شوو دەدران . توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە لە سەدەی شازدەهەمدا زۆر گەڕاونەتەوە سەر ئەدەبیاتی منداڵ‌هاوسەری و دیکەی سەرچاوەکان، واتە هاوسەرگیریی منداڵان تا ئەو ڕاده باو بووە کە وەک نۆڕمێکی لێ هاتبوو و لە چاوی خەڵک کچێکی تەمەن دوازدە ساڵە لە هەموو لایەنێکەوە وەک گەورەساڵ دەبینرا.لە یۆنان، هاوسەرگیریی پێشوەختە و دایکبوونی کچە مێرمنداڵەکان ستایش دەکرا. لە ڕۆمای کۆن چاوەڕوانی ئەوە لە کوڕان دەکرا کە لە مێرمنداڵیدا ژن بێنن، واتە کچان لە تەمەنی 12 ساڵ بەرەو  ژوور و کوڕان لە تەمەنی 14 ساڵ بەرەو سەرەوە هاوسەردار دەبوون.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، لە ژێر دەسەڵاتی یاسای مەدەنیی ئینگلتەرا هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 16 ساڵان باو بوو. هەروەها لە ئیمپڕاتۆریی چینیش هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕووی دەدا. تەنیا لە سەدەی بیستەم بەم لاوە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵ چووە ژێر پرسیار. مامناوەند تەمەنی یەکەمین هاوسەرگیریی خەڵک لە زۆربەی وڵاتان هەڵکشا و زۆرێک لە وڵاتان لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیرییان بەرز کردەوه.

تەمەن

زۆرێک لە دەزگاکانی داد، لانیکەمی تەمەن بۆ هاوسەرگیری دیاری دەکەن، واتە تاک دەبێ بگاتە تەمەنێکی تایبەت (تەمەنی 18 ساڵ) بۆ ئەوەی لە ڕوی یاساییەوە مۆڵەتی هاوسەرگیری پێ بدرێت. تەمەنێک کە تێیدا تاک لە سۆنگەی یاساییەوە دەتوانێ هاوسەرگیری بکا، لەگەڵ تەمەنی ڕەزامەندی جیاوازه. لەو دەزگا دادانەی وا تەمەنی شیاوی هاوسەرگیری لە تەمەنی ڕەزامەندی بۆ هاوسەرگیری کەمتره، یاساکان لەو حاڵەتەدا یەکێک لە هاوسەرەکان کە لە ژێر تەمەنی ڕەزامەندیدایە بە هەندی وەرناگرێ و یاسای تەمەنی هاوسەرگیری لە یاسای تەمەنی ڕەزامەندی بە باشتر دەزانرێت. دیکەی سیستەمە دادەکانی دیکەش شێوازەکانی پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی هاوسەرگیری بە بێ ڕەچاو‌کردنی تەمەن ڕەت دەکەنەوە و قەدەغەی دەکەن.

هاوسەرگیریی منداڵان ڕاستییەکی ترسناکی جیهانی بۆ زۆرێک لە کچە کەم تەمەنەکانە کە لە ئەنجامی فاکتەرگەلی وەکوو چەمکی ئابڕوو و سەربەرزی، ڕوانگەی لادەرانە بەرامبەر بە ڕەگەزێتی، هەژاری لە ڕادە بەدەر، داڕمانی ژێرخانی بنەماڵەیی، کەم‌خوێندەواری، دەرفەتی ئیشی کەم، جەنگ و کێشمەکێش درێژە بە مانەوەی دەدا. ژێرخانی لاواز و توندوتیژی و هێرشی سێکسی کە خۆی لە خۆیدا هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بەهێز دەکا، لە کاتی شەڕ و پێکدادانی چەکداریدا زۆرتر دەبێت. دەستێوەردانی مرۆڤ‌دۆستانە و داهێنەرانەی هاوکارییەکان لە کاتی جەنگ و پشێویدا، مەترسیی هاوسەرگیریی کچۆڵەکان پشتگوێ دەخەن. لە وەها هەلومەرجێکدا، منداڵ‌هاوسەری حەقیقەته.

ژنان و کچانی کەم‌تەمەن کە خۆیان لە سەروبەندی شەڕی چەکداری و لە بەردەم میلیشیای گرووپە تونداژۆکانی وەکوو بۆکۆحەرام و دەوڵەتی ئیسلامیدا دەبیننەوه، ڕووبەڕووی زاڵبوونی دڕندانەی توندوتیژی بە پێی ڕەگەزێتی دەبنەوە کە لە لایەن گرووپە توندڕەوەکان وەک تاکتیکی تیرۆر دەقۆزرێتەوه. میدیاکان ڕاپۆڕتی جەرگبڕیان سەبارەت بە دەستدرێژی، کۆیلایەتی سێکسی و هاوسەرگیریی منداڵان بڵاو دەکردەوه کە لە لایەن توندڕەوەکانەوە دەسەپێنرا، بۆ وێنە پێشکەش‌کردنی کچە کەم تەمەنەکان وەک هاوسەر بە شەڕکەرە سەربازییەکان. بە چوونە سەرەوەی ئاستی توندوتیژی بە پێی ڕەگەزێتی لە کاتی جەنگ و نائارامیدا، بنەماڵەکان وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە هەمبەر ئەو کێشەی که میلیشیاکان به سەر کچان و ژناندا دەیسەپێنن پەنا دەبەنە بەر هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵەکانیان.

– ناوچە بەرجەنگکەوتووەکانی وەکوو وڵاتانی ئەڤغانستان، بڕۆندی، ئۆگاندای باکووری یان سۆمالی، کچ لەوانەیە ببێتە ژنی شەڕکەرێک یان ژنی کەسایەتییەکی خاوەن دەسەڵاتی دیکە کە دەتوانێ دەستەبەری ئەوە بکا کە ئەو و بنەماڵەکەی لە ماوەی جەنگدا پاێرزراو بن.

– لە وڵاتی سووریا پتر لە نیوەی 2.5 ملیۆن سووریی پەنابەر مەزەندە کراوه، کە لە ژێر تەمەنی 18 ساڵاندان، به گێڕانەوه له ژنان و کچانی پەنابەر، ترس له دەستدرێژی یەکێک له هۆکاره سەرەکییەکان کۆچ کردن له سووریایه.

زۆر حاڵەت هەن که له پێناو دابینکردنی داهاته بنەماڵه هەژاره پەنابەرەکەیان کچانی سووری هاوسەرگیرییان کردووه.

– یەکێک له ئەنجامەکانی توێژینەوه گوزارشت بوو لەوەی که بەر له جەنگ لە ساڵی 1376 هەتا ساڵی 1382، ڕێژەی زک‌وزای مێرمنداڵان لە وڵاتی عێڕاق بە ڕێژەی 70 زاوزێ بۆ هەر هەزار کچ لە مەودای تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵ سەلمێنرا. بەم حاڵەوە دەستبەجێ پاش دەستپێکی جەنگ ڕێژەی زک‌وزای مێرمنداڵان بۆ پتر لە 30 لە سەد بەرز بووەوە و لە ساڵی 1389 ئەم ڕێژە بۆ هەر هەزار کچ 95 زاوزێ بەرز بووەوه. بە گوێرەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی کێتۆرلی، هۆی شاراوەی بەرزبونەوەی ڕێژەی زک‌وزا، هەڵکشانی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە ناو کەم‌خوێندەوارترین چینی کچان بوو.

– ڕاپۆتەکان هەواڵی ئەوه دەدەن که له کەمپی پەنابەران له ئۆردۆن، ئەگەری هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن لەگەڵ پیاوانێک که زۆر له خۆیان بەتەمەنترن ڕوو لە هەڵکشانە. ئەوان لەو باوەڕەدان که ئەم پیاوانه دەتوانن پشتیوانی و سەقامگیرییان بۆ دابین بکەن.

دڵهەژێنتر ئەوەیە کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بۆ پەنابەران قازانجێکی هەیه. زۆرێک لە کچە مێرمنداڵەکان بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ مێردە ئۆردۆنییەکانیان پشتیوانییەکی پارێزراو بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن؛ پشتیوانییەک کە ڕێگە بە کچ و بنەماڵەکانیان دەدا کە بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی کەمپەکان.

– ملیشیاکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش یەکێ له ترسناکترین جینایەتەکانی لە دژی کوردە ئێزدییەکانی عێراق ئەنجام دا کە بەسەرهاتی بە موسڵمان‌کردنی زۆرەملێ و هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەگێڕێتەوه.

لە سەرەتادا داعش دیلە ئێزدییەکانیان پێکەوە ڕاگرتبوو؛ بەڵام لە کۆتاییدا داعش بە شێوەی سیستماتیک ژنە گەنج و کچە مێرمنداڵەکانی لە بنەماڵەکانیان جیا کردەوه. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان خێرا ڕووی دەدا. بە جۆرێک کە زۆرێک لە کچان بە زۆرەملێ دەدران بە شەڕکەر و میلیشیاکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش. وەک لە جەنگ و کێشمەکێشدا شتێکی باوه؛ ئەم ژنە دیلانە وەک کۆیلەی سێکسی و خەنیمەتی جەنگی لێیان دەڕوانرا. ئەو ژن و کچانەی کە بە ناچاری موسڵمان کرا بوون وەک بووک دەفرۆشران و ئەگەر ئافرەتێک سەرپێچی بکردایە دەکەوتە بەر ئەشکەنجە و دەستڕێژی و لە کۆتاییدا دەکوژرا.

تەمەنی هاوسەرگیری له چوارچێوەی جیهانی

زۆربەی سیستەمەکانی داد بۆ تەمەنی هاوسەرگیری لانیکەمێ ڕەچاو دەکەن بەو مانایەی که کەسەکه دەتوانێ بەم لانیکەمی تەمەنی 18 ساڵانه بگا بۆ ئەوەی که له ڕووی یاساییەوه ئیزنی هاوسەرگیری هەبێت. تەمەنێک کە تێیدا تاک دەتوانێ به شێوەی یاسایی هاوسەرگیری بکا دەتوانێ لەگەڵ تەمەن ڕەزامەندی بۆ پەیوەندیی سێکسی فەرقی هەبێت. لەو دەزگا دادانەی که تەمەنی هاوسەرگیری له تەمەنی ڕەزامەندی بۆ پەیوەندیی سێکسی کەمتره، یاسای هاوسەرگیری هەمیشه یاساکانی تەمەنی ڕەزامەندی بۆ پەیوەندیی سێکسی دەخاته ژێر کاریگەریی خۆیەوه. هەندێ له سیستەمە یاساییەکان هەر هەموو پەیوەندییه سێکسییەکانی دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیرییان به بێ ڕەچاوکردنی تەمەن قەدەغە کردووه.

ڕاپۆڕتی یوونسکۆ گوزارشت لەوه دەکا کە لە نێوان هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و زاوزێی پێشوەختە لەو وڵاتانەی وا ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە باوه، پەیوەندییەکی زۆر توند و تۆڵ لە ئارادایه. بۆ وێنە تەنیا لە کیشوەری ئاسیا و ناوچەکانی ئوقیانووسییە ساڵانە نزیکەی شەش ملیۆن ساوا لە دایکانی مێرمنداڵەوە لە دایک دەبن.

لە وڵاتانی یەکگرتووی بریتانیا هاوسەرگیریی ژن و پیاوێک کە هەر دووکیان ژوور تەمەنی 16 ساڵانن، یان سەڵتن، یان بێوە یان تەڵاقدراون، یاساییه. کەسانی گەنج کە تەمەنیان 16 یان 17 ساڵانه، دەبێ بۆ ئەم کارە ڕەزامەندیی دایک و باوکیان وەدەست بێنن.

لانیکەمی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی نێوان 16 ساڵ بۆ 18 ساڵه. سەرەڕای ئەوەی دەزگیرانێتی لە حاڵەتی ڕێککەوتنانەدا، لە تەمەنی خوارتریشدا بەدی کراوە.

سەرباری ئەوەی تەمەنی دروستی هاوسەرگیری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازه، بەڵام لە ڕۆژاوا ئەوە تەمەنە کە ڕێگر و سنووردارکەرەوەی پەیوەندیی سێکسییە و لانیکەمی تەمەنی یاسایی بۆ ڕەزامەندی نواندن بەرامبەر به پەیوەندیی سێکسی دێتە هەژمار. پاش گەیشتن بەم لانیکەمی تەمەنە یاساییه، پەیوەندیی سێکسی ڕێگە پێدراوه. ئێسیۆپی لە ساڵی 2000 لە یاسای بنەماڵەییدا لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵ گۆڕی و ڕەزامەندیی تەواو و ئاگادارانەی هەر دوو هاوسەرەکەی زەرووری کرد.

لە وڵاتانی کوێت و لیبی تەمەنێک کە تێیدا کچان هاوسەرگیری دەکەن بە شێوەی مانادار و زۆر بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوه. نزیکەی 40 لە سەدی ئافرەتانی 15 بۆ 19 ساڵە لە وڵاتانی لیبی و کوێت لە دەیەی 1340 هاوسەرگیرییان کردبوو بەڵام هەتا نیوەی دەیەی 90 ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوە بوون کە فرەیی  ئەم هاوسەرگیرییانە گەیشتووە بە 1 و 5 لە سەد.

زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمان وەکوو ئەلجەزایر، عوممان و توونس تەمەنی 18 ساڵیان وەک لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری دیاری کردووە. وڵاتی عەرەبستانی سعوودی یەکێک لەو 74 چوار وڵاتەیە کە لانیکەمی تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری دیاری نەکردووه، چوونکە لەم چەشنە وڵاتانەدا باڵقبوونی فیزیایی بە هێمای پردی نێوان منداڵی و گەورەساڵی لە قەڵەم دەدرێت. بۆ وێنە لە ساڵی 1395 پارلەمانی گوواتمالا زیادکردنی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵان پەسند کرد. لە ساڵی 1391 وڵاتی مالاوی ئەم تەمەنەی هەم بۆ کچان و هەمیش بۆ کوڕان گەیاندە تەمەنی 18 ساڵان. لە ساڵی 1393 بەرپرسانی بەنگلادشی ڕایانگەیاند کە هەر کەس هاوسەرگیری لەگەڵ کچۆڵەیەکی ژێر تەمەن 18 ساڵان بکا بۆ 2 ساڵ زیندان حوکم دەدرێت. لە مانگی جوونی ساڵی 1395 هەر دوو وڵاتی گامبیا و تانزانیا کۆتایی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانیان بە سزای گرتنی ئەو کەسانەی کە درێژە بەم کارە دەدەن، ڕاگەیاند.

له پاڵ ڕەوتی دڵگەرم‎کەرەوه و هیوابەخش له بواری پەسندکردنی ئەم یاسا باسکراوانەی سەرەوه له دژی ئەم شێوازانه هەندێ کێشمەکێش هەبووه که خۆ به خۆ کێشەساز بوون. لە وڵاتی تورکیا وڵاتی دراوسێی ئێران، پارلەمان یاسای بنەڕەتی ئەم فەرمانەی دەرکرد کە هەر هەموو ئاکارە سێکسییەکان سەبارەت بە منداڵانی ژێر تەمەن 15 ساڵه، دەستڕێژی یان کەڵکاوەژوویی سێکسی نین. بە گوێرەی ئەم گەڵاڵە پەسندکراوه، منداڵان لە تەمەنی 12، 13 و 14 ساڵان وەک جڤاکێکی کەمینە پشتیوانی یاسایان لە دەست دا چوونکە بە پێی یاسا ڕەزامەندیی ئەوان بۆ چالاکیی سێکسی پشتگوێ خرا.

دەسەڵاتی ئایین

زۆرێک لە ئایینەکان دەستیان لە دیاری‌کردنی تەمەنی هاوسەرگیریدا هەیه. ئایین بە دەسەڵاتە زاڵەکەی بۆ کۆنتڕۆڵی نۆڕم و بێچمدان بە کەلتوور فاکتەرێکی کاریگەر و بەرچاوە بۆ ئەو خەڵکانەی کە بۆ بڕیارە سەرەکییەکانیان وەک سەرچەشن پشت بە ئایین دەبەستن. دەسەڵاتی ئایین وەها کاری کردووەتە سەر دەوری دایک و باوک کە بۆتە هۆی ئەوەی دایک و باوک ببنه خاوەنی منداڵەکانیان. بۆ وێنه له ئایینی ئیسلامدا تەنانەت کچێکی ساواش دەتوانێ له سەر ئیزن و ڕەزامەندیی باوکی شوو به هەر پیاوێک بکات.

بە پێی شەریعەتی قوتابخانەی حەنبەلی، باوک بۆی هەیە پێشنیاری خوازبێنی کچەکەی لە لایەن پیاوێکەوە قبووڵ بکا تەنانەت ئەگەر کچەکەی باڵقیش نەبوو بێت. بەم حاڵەوە کچ هەتا کاتی پێگەیشتن و باڵق بوون لەگەڵ دایک و باوکی دەژی و لە کاتی باڵقبووندا دەتوانێ هاوسەرگرییەکە قبووڵ بکا یان ڕەتی بکاتەوه. ئەگەر کچە هاوسەرگیرییەکەی قبووڵ نەکرد تەڵاق وەردەگرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە که باش دەزانین کە لە کردەوەدا ئەم کارە به دەگمەن ڕوو دەدات. دیارە بنەماڵە گیرۆدەکانی ئەم باس و زەختە کۆمەڵایەتییه بۆ قبووڵ‌کردنی هاوسەرگیری و گوێڕایەڵی بۆ دایک و باوک لە هەموو کار و بارەکاندا، سەرپێچی‌کردنی کچێک لە وەها هەلومەرجێکدا زۆر ئەستەم دەکات.

«دەبێ بۆ پرسی هاوسەرگیری پەلە بکرێ و کچ و کوڕ دەبێ هاوسەرگیری بکەن. هەڵبەت من دژی هاوسەرگیریی زانکۆییم، بەڵکوو هاوسەرگیری دەبێ لە قۆناغی ئامادەییدا بکرێ چوونکە کچان لە تەمەنی 13 ساڵاندا مێردیان دەوێ و ئەو کەسەی وا ئەوی ئافراندووە باش دەزانێ کە چی بۆ ئەو باشتره. لە هەندێ حاڵەتدا دەبێ پەلە بکرێت و یەکێک لەو حاڵەتانە هاوسەرگیریی ڕۆڵەکانمانه. کاتێک وەختی هاوسەرگیریی کچەکانمانه، دەبێ پەلەی بۆ بکرێ نەک ئەوەی کە بڵێین با خوێندنەکەی تەواو بێ ئینجا. بۆ کوڕیش هەر وایه، کەواتە بۆ هاوسەرگیری و کاروباری خێر دەبێ پەلە بکرێ، چوونکە شەیتان دەکات.»

حوجەتولئیسلامی وەلموسلمین موحسین قەڕائەتی-26ـی گەلاوێژی ساڵی 1395

لە کۆمەڵگا مەسیحییەکاندا پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری قەدەغە کراوه. هەتا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم سەبارەت بە چەمکی منداڵ تێگەیشتنێکی زۆر کەم لە ئارادا بوو و منداڵان تەنیا وەک گەورەساڵی بچووک سەیر دەکران. لە کۆتاییەکانی سەدەی دوازدەهەم و بەتایبەت له نۆزدەهەم، ڕوانگەکان گۆڕانیان بە سەردا هات. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم سەرنجێکی زۆر پرژایە سەر کەڵکاوەژوویی سێکسیی منداڵان.

سیاسەتی گۆڵمەزبزوێنی کلیسای کاسۆلیکی ڕۆما و ئینجا دیکەی کلیساکانی پڕۆتستان، داکۆکیکردن له سەر هاوسەرگیریی نهێنییانە یان هاوسەرگیری بە بێ ڕەزامەندی دایک و باوک بوو.

لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی باکووری ڕۆژاوای ئەورووپا، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەگمەن بوو. کلیسا فەرمانی دا بوو کە بووک و زاوا دەبێ لانیکەم تەمەنیان 21 ساڵ بێ بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ ڕەزامەندیی دایک و باوک هاوسەرگیری بکەن. به بەراورد لەگەڵ ئیسلام تەنانەت کاتێک کە لە بارودۆخی جوگرافیایی و زەمەنییەوە ڕەچاو بکرێن، یاساکانی ژیان بۆ هەر هەموو موسڵمانانی دنیا چ ژن و چ پیاو دیاری کراوە بۆ ئەوەی ملکەجی بن که ئەم یاسایانە تەمەنی باڵقبوون و تەمەنی هاوسەرگیریش دەگرێتەوه.

سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکانی تەمەن و جۆرەکانی باڵق بوون، چالاکیی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی تەمەنێکی تایبەتی دەوێت. لە کۆمەڵگا ئەوڕۆییەکاندا کە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاو و جیهانین و بەشداری ڕوو لە زیادبووی تاکەکانی دەوێ، پێوەرێکی تایبەت بۆ پێناسەی منداڵی و گەورەساڵی پێویسته.

کاتێک تەمەنی شیاوی هاوسەرگیری بۆ کەسێک بە پێی یاسای ئایینی خوارتر لە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە وڵاتێکدا بێ، یاسای دەوڵەتی باڵادەسته.

قبووڵکراوی و پەسەندێتی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هاوسەرگیریی پێشوەختە لەوانەیە لەم نێوەندەدا دەوری کلیلی هەبێت. بۆ وێنە ئەو منداڵانەی کە زوو هاوسەرگیرییان کردووە لەوانەیە وا بیر بکەنەوە کە ئەزموونەکەیان تەنیا دووپاتەیەکی کۆمەڵایەتیی بێ‌بڕ و بیانووی ئەو شتەیە کە دایک و خوشکەکانیان لە درێژەی نەوەکاندا بە تاقیان کردووەتەوە کەواتە کەلتوورێکی چەسپاو جێبەجێ دەکرێت.

ئەم ڕاستییانە ئەوەمان پیشان دەدەن کە لەو وڵاتانەی وا کچان بە شێوەی دادپەروەرانە دەستیان بە خوێندن، بەهێزکردنەوەی بەهرە و هەلی کار دەگا، هاوسەرگیریی پێشوەختە زۆر دەگمەنە. سوویتمەن (1382) لە کتێبەکەیدا ئەوە دێنێتە بەر باس کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا 4 لە سەدی کچان خوار تەمەنی 19 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. لە وڵاتی کەنەدا ئەم ئامارە دەگاتە 1 لە سەد و لە وڵاتی بریتانیا 2 لە سەدە.

جۆرەکانی هاوسەرگیری

ڕەدووکەوتن:

لە هەندێ لە ناوچەکاندا ڕاکردنی مێرمنداڵان و منداڵان لە ماڵەوە حاڵەتێکی باوه، بۆ وێنە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا (موکریان) ئەم حاڵەتە لەم ناوچانەدا ڕوو دەدا کە دەسەڵاتی بنەماڵە و زنجیرەی یەک لە دوای یەکی دەسەڵات و ملکەجبوونی ڕەها بەدی دەکرێ و ژن و مێردەکان نەیانتوانیوە بڕیار بۆ خۆیان بدەن. ڕاکردن لە ماڵەوە (هەڵگیران یان ڕەدووکەوتن) و شێوازێک کە بنەماڵەکان لەگەڵ ئەم کارە قبووڵ نەکراوە ڕادێن، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە و دیکەی پارێزگاکان جیاوازه. لە هەندێ لە ناوچەکاندا (بەتایبەت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات) باوکی کچە لە بەرامبەر بڕە پارەیەک لە زاوا و یان بنەماڵەی زاوا دیسان کچەکەی دەیهێنێتەوە ناو بنەماڵە و ئەم بڕە پارە تەرخانی کڕینی جیاز و یان کەرەسەی ژیانی ژن و مێردەکە دەکرێت. لە هەندێ ناوچەی وەک باکووری ڕۆژاوای پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، هەر دوو بنەماڵەکان نە تەنیا ژن و مێردەکە وەردەگرنەوە بەڵکوو ماڵ و کەرەسەی پێویستی ژیانیان بۆ دابین دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ یەکتر بژین. باوبوون و برەوی ئەم حاڵەتە لە بابلاوا (لە نزیک شاری خۆی کە دەکەوێتە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا) ئێستا بۆتە نەریت و نۆڕمێکی کۆمەڵایەتی کە درێژەکێشانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانی لێ دەکەوێتەوه و له هەمان کاتدا ڕاکردن له ماڵ ڕەنگه جۆرێ خۆڕاگری و ملنەدان به دەسەڵاتداریی پیاواسالارانه به سەر ژنان بێ، زۆر ژن بۆ ڕاکردن له هاوسەرگیریی سەپێنراو و یان ڕەتکردنەوەی خوازبێنەکانیان ڕوویان کردۆته ئەم بژارده.

لە دێرزەمانەوە لە کاتی کۆچ‌نشینییەوە ئاڵوگۆڕی ژنان (ژن بە ژن) وەک ئامرازی کڕین و فرۆشتن لە ناو بنەماڵە نەریت‌خوازەکاندا کارێکی باوە بووە.

لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا چەمکی هاوسەرگیریی زۆرەملێ یان هاوسەرگیریی جێبەجێکراو پەرەی سەندووە و به هۆی ئەوەی زۆربەی هاوسەرگیرییەکانی منداڵان لە ناو بنەماڵەدا بێچمی گرتووە، ئامانجی زۆرێک لە بەرناوە و ڕێکارە پێشگرییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە ئەو کەسانەن کە لە بنەماڵەکاندا بە سەر منداڵان و مێرمنداڵاندا دەسەڵاتدارن، بەم شێوە ئەم بەرناوە و ڕێکارانە بەتایبەت دایک و باوکەکان، سەرپەرشت و ئەندامانی کۆمەڵگای خۆجێییان دەخەنە بەر تیشکی سەرنج.

«لە کاروون زۆربەی هاوسەرگیرییەکان عەشیرەتی و خزمایەتین. زێنەب ناچار بوو زوو شوو بکات بۆ ئەوەی نەیدەن بە ئامۆزا بیرکۆڵەکەی. ئێمە دەبێ داب و نەریتی کۆنی خۆمانمان هەبێ لە بەر ئەوەی لە خوێن و دەمارماندایە و دەبێ ببێت. خەسووی کچەکەم، خوشکمه. ڕاستە کچەکەم منداڵە بەڵام دەبێ دوو و سێ منداڵی هەبێ بۆ ئەوەی لە ژیان تێبگات. مەڵێ «ناچارم»! بڵێ «ئەرکی سەر شانمه»!

دایکی زێنەب،  تەمەن 42 ساڵ- کاروون، پارێزگای خووزستان.

 

ژن بە ژن: ئاڵوگۆڕی ژنان یەکێک لە شێوازە باوەکانی هاوسەرگیری بەتایبەت لە وڵاتی پاکستانە و له وڵاتی ئێراندا به شێوەی بەرچاو کەم بۆتەوه. لەم نەریتە کۆمەڵایەتییەدا دوو کچ وەک بەشێک لە ڕیککەوتنی بازرگانی لە نێوان دوو بنەماڵەدا ئاڵوگۆڕ دەبن. ئاڵوگۆڕی نەریتیی ژنان ستراتیژ و ڕێکاری چارەسەری کێشمەکێشەکان بووه. هاوسەرگیریی جێبەجێکراو بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی و ئارامی لە نێوان دوو هۆزی دژ بە یەک به شێوەی گشتی قبووڵکراو بووه. لەم شێوازەدا ڕەزامەندیی ژنان و پیاوان بوونی نییه[6] و حاڵەتی زۆر کەم هەیە کە لایەنە گیرۆدەکان لە هاوسەرگیریدا توانیبێتیان سەرپێچی بنوێنن.

هاوسەرگیریی ناچاری و هاوسەرگیریی جێبەجێکراو

لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم زۆرێک لە کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان، یاسای یەکسانیی ژن و مێردیان لە یاسای بنەماڵەدا گونجاند. هاوسەرگیریی ناچاری ئەو کاتە دێتە دی کە یەکێک لە هاوسەرەکان یان هەر دووکیان بەم پێک گەیشتنە ڕازی نەبن و لانیکەم دژ بە یەکێکیان هاوسەرگیریی زۆرەملێ سەپێنرا بێت. ئەمە کارێکی قێزەون و بەرگری‌نەخوازە و لە وڵاتی بریتانیا وەک شێوەیەک لە توندوتیژی دژ بە ژنان، کەڵکاوەژوویی و توندوتیژی لە دژی منداڵان و بەزاندنی مافەکانی مرۆڤ پێناسە کراوه.

بە بۆچوونی هەندێ کەس، هاوسەرگیریی جێبەجێکراو جۆرێک هاوسەرگیریی ناچارییه. لە هاوسەرگیریی ناچاری و زۆرەملێ یەکێک لە لایەنەکان یان هەر دووکیان بە هۆی ترس، تۆقاندن و زەخت ناچارن بە پێچەوانەی خواستی خۆیان هاوسەرگیری بکەن. بەڵام لە هاوسەرگیریی جێبەجێکراو هەر دوو لایەنەکە بە ڕەزامەندیی تەواو و ئاگادارانە هاوسەرگیری دەکەن.

هاوسەرگیریی جێبەجێکراو بە واتای هاوسەرگیریی زۆرەملێ نییە چوونکە لە یەکەمدا هاوسەرەکان دەرفەتی قبووڵ نەکردنی پێشنیاری هاوسەرگیرییان هەیە بەڵام لە هی دووهەمدا نا.

سەرەڕای ئەمە جیاوازیی وردی نێوان هاوسەرگیریی جێبەجێکراو و هاوسەرگیریی زۆرەملێ زۆر چەتوونە و هەندێ جار ناتوانین لێکیان جیا بکەینەوە چوونکە لە ڕاستیدا ئەم دوو حاڵەتە زۆر لێک نزیکن. ناتوانین بڵێین ڕەزامەندیی کچ لە هاوسەرگیریی جێبەجێکراو ڕەزامەندییەکی لێبڕاو و تەواو و بە پێی بژاردەی خۆی بووه. چوونکە ئەم هاوسەرگیرییە لە ڕێگەی زەختی کۆمەڵایەتی و ئێحساسی لە لایەن دایک و باوک و براکانییەوە بە سەریدا سەپاوه. ئەگەر ژن یان کچێکی کەم‌تەمەن هەوڵ بدا لە هەمبەر هاوسەرگیریی زۆرەملێ یان جێبەجێکراو بەرهەڵستی بکا ڕووبەڕووی کاردانەوەی زۆر توند دەبێتەوە کە لە هەندێ لە ناوچەکانی دنیادا دەبێتە هۆی قەتڵی ناوووسی.

ملکەجی نواندن بۆ داب و نەریت و باوەڕە بنەماڵەیی، ئێتنیکی و هۆزییەکان دەتوانێ تاک ناچار بە خۆگوونجێنی بکات. لەم سۆنگەوە جیاوازیی نێوان ئەم دوو جۆرە هاوسەرگیرییە هەرگیز ئاسان نەبووه، چوونکە جۆری دووهەمیان وەک شێوەیەک لە توندوتیژیی ناو ماڵ بەدی دەکرێ کە دەتوانێ داوێنگیری هەم منداڵان و هەمیش گەورەکان ببێت.

«لێرە ژوور تەمەنی 18 ساڵان بە بۆچوونی خەڵک پیرەکچه. لە مشکان ئەگەر کوڕێک بە ڕاستی کچێکی بووێ دەتوانێ تەنانەت سەرەڕای دژایەتی، کچە لەگەڵ خۆی ببات. من تەمەنم 15 ساڵان بوو بە زۆرەملی و بە هەڵبژاردنی ماڵی باوکم شووم کرد. هیچ لە هەڵسووکەوتی مێردەکەم و ژیانم ڕازی نیم. گەیشتنە هەر کەس تکام وایە پێی بڵێن زوو شوو نەکات. تەنانەت ئەگەر سەریشیان بڕی زوو شوو نەکات»

وڵامدەر ژن. 16 ساڵه- مشکان، سەبزەوار

 

ڕەهەندی تەندروستی

هەر ئەم زانیارییە کەمە سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان دەریدەخا کە زۆربەی کچان لە هاوسەرگیرییەکی سەپێنراودا، زۆر غەمگین و گۆشەگیرن. پەیوەندییان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان پچڕاوه. بۆ هاوپەیڤین کەسیان نییە چوونکە هەموو ئەو کەسانەی وا لە دەوروبەریانن خۆیان لە داکۆکیکاران و هۆکارەکانی بارودۆخی ئەوانن. کێشەکانیان لە لایەن کۆمەڵگاکەیانەوە بە نەناسراوی و نکۆڵی لێکراوی دەمێنێتەوە و دەیانکا بە قوربانیانی نەبینراو. قبوولکردنی کۆمەڵایەتیی نەشیاو و نەبوونی بواری درێژەدان بە خوێندن و خەسارەتی دەروونی و جەستەیی ڕووخێنەر بە هۆی زاوزێی یەک لە دوای یەک لەواندا زۆر ورووژێنەره. کێشە دەروونییەکانیان دڵڕەقانە وەک بەشی دانەبڕاوی ژیانیان سەیر دەکرێت. ئامارەکانی پەیوەست بە خۆکووژی لە ناو ئەو کچانەی که ڕووبەڕووی پێشنیاری هاوسەرگیری بونەتەوه، دووقاتی ئەو کچانەیە کە لە دۆخێکی بەدەرە لەوەن.

ڕەهەندی خوێندەواری

پەیوەندیی دەروونی لە نێوان هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و کەم‌ خوێندەواری و ئاستی خوێندنی نزم، هۆکارێکی زەمینەیی بۆ تەندروستی و کەمیی متمانە بە خۆیی و گۆشەگیریی تاکایەتییه. بێ‌گومان هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان خاڵی کۆتایی هاتنی خوێندنی کچانه، بەتایبەت لەو وڵاتە هەژارنشینانەی کە تێیدا هاوسەرگیریی منداڵان باوە.

وێدەچێ کورتکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بەشێک لە سەرچەشنی چاوەڕوانی نەریتیی کۆمەڵایەتی سەبارەت بەو کچانە بێ کە دەدرێن بە شوو. کچ لەگەڵ ئەوەی هەلومەرجی هاوسەرگیریی گونجاوی بۆ هەڵکەوێ، واز لە خوێندن دێنێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەوە زۆربەی ئەم کچە مێرمنداڵانە پێگەیەنراون بۆ ئەوەی زوو هاوسەرگیری بکەن و هەر هەموو تەمەنیان تەرخانی ئیشی ناو ماڵ بکەن

. زۆرێک لە بنەماڵەکان لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا لەو باوەڕەدان کە سەرمایەگوزاری لە سەر خوێندنی کچان جۆرێک بە فیڕۆدانی پارەیە چوونکە لە کۆتاییدا هاوسەرگیری دەکا و لە ماڵێکی دیکەدا درێژە بە ئیشەکانی دەدات. هەروەها تێچووی قورسی خوێندن هاندەر و ئەنگێزەیەکە بۆ وازهێنان لە خوێندن لە لایەن کچانەوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان پێداگری‌کردنی لە ڕادەبەدەر لە سەر پاکیزەیی و پاکداوێنی ئافرەتان و خواستی کۆمەڵگا و کۆنتڕۆڵی ئارەزووی سێکسییانه. ئارەزووی سێکسیی منداڵانی مێینە نە تەنیا پەیوەستە بە ڕێز و سەربەرزیی بنەماڵەوه، بەڵکوو گرێ دەدرێتەوە بە تایفه، چین و ڕەچەڵەک و گرووپی ئێتنیکییەوه. نەریتی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان کە دەستەبەری کۆنتڕۆڵی ئارەزووی سێکسیی منداڵانه، لە درێژایی نەوەکاندا بەردەوام بووە و لە بنەماڵەیەکی پیاوسالارەوە گوازراوەتەوە بۆ بنەماڵەیەکی دیکە.

تەڵاقی منداڵان

هاوسەرگیریی منداڵان بە ڕیشە قووڵەکانیانەوە لە نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکاندا کاتێک کە تەمەنی مێرد دوو قاتی تەمەنی ژنه، کاریگەرییەکی زیاتر لە سەر کچان دادەنێت. ‌هاوسەرگیریی منداڵان پەیوەندی لەگەڵ بە جێهێشتنی هاوسەر هەیە.

تەڵاق یان بە جێهێشتنی هاوسەر ئەم کچانە زیاتر تووشی هەژاری دەکا، چوونکە دەبێ بە تەنیایی شان بداتە بەر بەرپرسایەتی منداڵەکانی. بەو پێیەی زۆرینەی کچان لە تەمەنی زۆر کەمدا و لە کاتێکدا کە هیچ خوێندنێکیان نەبووه، هاوسەرگیرییان کردووە توانای دەست خستنی داهاتی زۆریان زۆر کەمە (ئەگەر نا هیچ) و لە ئەنجامدا ئەمە هەژاری پتری لێ دەبێتەوه.

لەو ڕووەوەی کە لە منداڵ‌هاوسەریدا تەمەنی کچان زۆر لە تەمەنی مێردەکانیان کەمتره، ئەوان لە تەمەنی زۆر کەمدا تەڵاق دەدرێن، کەواتە لە چاو ئەوانەی وا لە تەمەنی سەرتردا شوو دەکەن، لەوانەیە لە ڕەهەندێکی قووڵتر و بەربڵاوتردا تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ببنەوە. لەو کۆمەڵگایانەی کە هاوسەرگیریی منداڵان باوە زیاتر تەڵاقی پێشوەختە و منداڵانی تەڵاقدراو بەدی دەکرێت.

مەلەک شاهی سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادی پارلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە 70 لە سەدی تەڵاقەکان ڕێککەوتنی و هی هاوسەرگیریی پێشوەختە بووه. زۆرێک لەو کەسانەی کە دەچنە دادگا و سکاڵا تۆمار دەکەن ئەوانەن وا زۆر زوو هاوسەرگیرییان کردووه، لە کاتێکدا کە هیچ زەینییەتێکیان سەبارەت بە هاوسەرگیری نەبووە ئێستا خوازیاری تەڵاقن. زیاترین ئاماری تەڵاق لە ناو ئەو کچ و ژنانەدایه که نێوان لە 10 بۆ 19 ساڵاندان و ئەم بابەتە تێماندەگەیێنێ کە له ئێراندا تەڵاق زیاتر به هۆی هاوسەرگیریی پێشوەختەیه.

و ئەوەی له هەمووی خراپتره ئەوەیه که ئامارەکانی تەڵاق له ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو هەتا 74 له سەد هەڵکشانی به خۆوه بینیوه. ئەوەی جێی سەرنجه ئەوەیە که عەلی ئەکبەر مەحزوون بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی زانیارییەکان، ئامار و کۆچی ڕێکخراوی سەبت و ئەحواڵ له ساڵی 1395ـی هەتاوی ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکخراوە چیتر بە شێوەی مانگانە ئاماری پەیوەست بە تەڵاق بڵاو ناکاتەوە و ئەم ئامارە زیاتر ئامانجدارانە ڕادەگەیەنرێت. ناوبراو ڕایگەیاند کە چوار ئاماری سەرەکی (لەدایکبوون، مەرگ، هاوسەرگیری و تەڵاق)، لەمەو بە دوا بۆ سێ ئاماری گرنگ گۆڕانی بە سەردا دێ و ئامارەکانی پەیوەست بە تەڵاق لە ناویاندا دەقرتێنرێت.

یاساکانی هاوسەرگیریی منداڵان لە وڵاتی ئێران

لایەنەکانی یاسای بنەڕەتی، باوەڕی ئایینی، ڕەهەندە سێکسییەکان و هەروەها نۆڕم و ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە هاوسەرگیریی پێشوەختە لە کۆمەڵگای ئێراندا هەیه.

له بەرامبەردا یاسا، تەمەنێکی تایبەت پەسند دەکا که به پێی ئەوە چوونه ناو پەیوەندیی سێکسی بۆ تاکەکان به نایاسایی ڕاگەیەندرا. ئەم بابەته هەندێ جار به واتای دیکەش به کار هێنراوه، بۆ وێنه تەمەنێک که که تێیدا تاک دەتوانێ ڕازی به هاوسەرگیری بێت.

زۆربەی دەزگاکانی داد تەمەنی ڕەزامەندی بۆ هاوسەرگیرییان نێوان 14 بۆ 18 ساڵانیان دیاری کردووه. بۆ پاراستنی منداڵان له هەمبەر کەڵکاوەژوویی سێکسی زۆرێک له وڵاتان تەمەنێکی لانیکەمییان بۆ ڕەزامەندی بۆ پەیوەندیی سێکسی دیاری کردووه، سەرەڕای ئەمه زەمینه بۆ وەها ئەندازه گەلێک له کەلتووره ئیسلامییەکاندا بەدی ناکرێ چوونکه هەر هەمووه پەیوەندییه سێکسییەکان بەدەر له هاوسەرگیری نایاسایی بوون.

بەر لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی مادەی 23ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵە هاوسەرگیریی کچان بەر لە تەمەنی 18 ساڵان و هاوسەرگیریی کوڕانیش بەر لە کۆتایی تەمەنی 20 ساڵان قەدەغە بوو.

گۆڕینی ئەم تەمەنە پاش شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا ڕووی دا. گۆڕانکارییە سەرەتاییەکان لە دەوڵەتی کاتیدا بێچمی گرت و ئەم مادە بە مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی گۆڕدرا. بە پێی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنیی وڵاتی ئێران تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان 13 ساڵ و بۆ کوڕان 15 ساڵان ڕاگەیەنرا. هەر ئەم یاسایە ڕێگە بە کچان دەدا کە خوار تەمەنی 13 ساڵان و کوڕان خوار تەمەنی 15 ساڵان بە مەرجی ڕەزامەندیی باوک یان ئیزنی دادگا هاوسەرگیری بکەن.

بەدەر لەوەی کە ئەگەر سەرپەرشتی منداڵ (باوک یان باپیر) وەها داواکارییەکی هەبێ و دادگا بەم ئەنجامە بگا کە بە ڕادەی پێویست باڵق بووە کە بتوانێ هاوسەرگیری بکا، منداڵ دەتوانێ تەنانەت لە تەمەنی خوارتریش هاوسەرگیری بکات.

مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی لە ساڵی 1313 ڕایدەگەیاند کە لە وڵاتی ئێران بە پێی یاسای بنەڕەتی و ڕەواداریی یاسایی، لە نێوان کچێکی ژێر تەمەنی 15 ساڵ و کوڕێکی ژێر تەمەنی 18 ساڵ هیچ هاوسەرگیرییەک نابێ ڕوو بدا، مەگەر ئەوەی کە هەلومەرجێکی تایبەتی ڕەچاو بکرێ کە تێیدا بایەخی هاوسەرگیری لە لایەن دادخوازێکی گشتی ڕابگەیەندرێت. ئەم ئاوارتەیە بۆ ئەو حاڵەتانە نەبوو وا کچ ژێر تەمەنی 15 ساڵان و کوڕ خوار تەمەنی 18 ساڵان بوو، واتە ئەوان نەیاندەتوانی بە هیچ چەشنێک هاوسەرگیری بکەن. یاسایەکی نوێ لە ساڵی 1361 جێبەجێ کرا کە بە پێی ئەو تەمەنی هاوسەرگیری یان تەمەنی باڵقبوون بۆ کچان 9 ساڵ و بۆ کوڕان 15 ساڵ ڕەچاو کرا کە بە پێی ئەو هەر چەشنە هەنگاوێک بۆ هاوسەرگیریی کەمتر لەم تەمەنە سەرەتاییە نایاسایی بوو. دواترین گۆڕانکاری لە یاسای مەدەنی لە ساڵی 1381 پەسند کرا  کە بە گوێرەی ئەو ڕەواداریی هاوسەرگیری لە نێوان کچان و کوڕانی خوار تەمەنی پێناسە کراوی باڵقبوون (13 و 15) بە مەرج ڕەزامەندی دادوەرێکی چاکخواز قبووڵ کرا.

ڕێژەی گشتیی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان زۆر سەرسامهێنەرانە لە ڕاستییەکان زیاترن چوونکە زۆرێک لەم هاوسەرگیرییانە لە گوندە بچووکەکان و ناوچە لادێ‌نشینەکاندا بە شێوەی فەرمی تۆمار ناکرێن و نانووسرێن. لانیکەم چل و هەشت هەزار و 580 (48.580) کچ لە نێوان تەمەنی 10 بۆ 14 ساڵان لە ساڵی 1390 هاوسەرگیرییان کرد. چل و هەشت هەزار و 567 (48.567) کەسیان بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵان لانیکەم منداڵێکیان بووه. باوەڕی بەهێز بە هاوسەرگیریی پێشوەختە لە وڵاتی ئێران بەڵگەیە بۆ سەر ئەوەی نۆڕمه کۆمەڵایەتییەکان لە یاساکان بەهێزترن و هەر ئەمەش درێژە پێدەر و ژیاندنەوەی منداڵ‌هاوسەری و پەرەپێدانیەتی. یاسای دژی هاوسەرگیریی خوار تەمەنی 13 ساڵان و سزای یاسایی بۆ ئەو دایک و باوکانەی وا لە تەمەنی کەمتر لە لانیکەمی تەمەنی، هاوسەرگیری بە ڕۆڵەکانیان دەکەن، دەرەقەتی منداڵ‌هاوسەری نەهاتووە و نایەت. ئاسانترین ڕێگە بۆ خۆبوواردن لە سزای یاسایی، وەدوا خستنی تۆمار‌کردنی فەرمیی هاوسەرگیرییه. ئەوەی ڕاستی بێ کاتێک نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها زەخت خەڵک بۆ هاوسەرگیری پێکردنی ڕۆڵەکانیان لە تەمەنی کەمدا ناچار دەکەن، ئەوه پابەندێتیی کۆمەڵایەتی و نافەرمی، دەور لێدان و بە هەند وەرنەگرتنی یاسا ئاسانتر دەکاتەوه.

لە کۆمەڵگای زێڕخوازی ئێران، بە گوێرەی پێناسەی کۆمەڵگا، لەوانەیە کڕینی زێڕ یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ژیانی ئافرەتان بێت. ژنان لە ئایینی ئیسلامدا پێگەیەکی گرنگیان هەبووه. ڕوانگەی کەسایەتییە ئیسلامییەکان سەبارەت بە ژن ئەوە بووە کە بۆیان هەیە زێڕ بە خۆیانەوە هەڵبوواسن. به پێی بابەتە ئاماژه پێکراوەکانی سەرەوه سەبارەت به بوونی مەرجی ڕەزامەندیی دادوەرێکی چاکخواز بۆ هاوسەرگیری، دانیشتنێک بۆ دیاریکردنی باڵقبوونی زەینیی کچ بەڕێوه دەبرێت. به پێی لێکدانەوەکانی ئەم توێژینەوه بۆ وێنه له پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لەم دانیشتنەدا چەند پرسیار ئاراستەی کچۆڵه دەکرێ بۆ ئەوەی باڵقبوونی زەینیی ئەو منداڵه دەربکەوێت. یەکێک له پرسیارەکان سەبارەت به نرخی ڕۆژی زێڕ و ئەوەی دیکه لێکدانەوەی زێڕی ڕاستەقینه له زێڕی ساختەی جوتێ گوارەیه. ئەنجامێک که لەم پرسیارانه بەرهەم دێ ئەوەیه که پێوەری قبووڵکراو بۆ مەزەندە کردنی باڵقبوونی دەروونیی ژن نرخی زێڕ یان ئەو شتانەیە کە ژنانەیه. له یەکەم ڕوانیندا وەها دادگایەک بایەخ و کوالێتی پێویستی بۆ وەها بڕیارێک نییه چوونکه قازییەک به تەنهایی بۆ وەها بابەتێک شیاویی ئەوتۆی نییه. پێویسته کۆمەڵێ کەسی خوێندەوار له بواری دەروونناسی، یاریدەدەرانی کۆمەڵایەتی و دیکەی کەسایەتییەکان بەشدار بن. دووهەم ئەوەی که پرۆسەی هەڵسەنگاندنی باڵقبوونی زەینیی مرۆڤێک کە تەنیا لە ماوەی چەند خولەکدا درێژە دەکێشێ زیاتر لە ڕەوتێکی  سەلیقەیی و تاکەکەسی دەچێ نە بڕیارێکی پڕۆفیشناڵ و یاسایی.

سەرەڕای ئەمه فتوای ئەنجومەنە ئایینییەکان و ڕێبەرانی ئایینی لە گێڕاندنەوەی وتەی ڕێبەرانی ناوچەیی و لە ناو کۆمەڵگا زاڵە عەرەبییەکانی پارێزگاکانی باشووری وڵاتی ئێران دەستڕۆیشتوویی و کاریگەری بەرچاویان هەیه. بۆ وێنە پارێزگای خووزستان سێیەمین پێگەی باوبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانی لە خۆ گرتووه.

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕێبەرانی ئایینیی خۆجێیی زیاترین کاریگەرییان لە سەر خەڵکی ناوچەکە هەیه، بەتایبەت لە گەورەترین کەسایەتی ئایینی مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی کە نە تەنیا بەرجەستەترین ئیمام و ڕێبەری ئایینییە لە پارێزگادا بەڵکوو بە جۆرێک وەک سەرۆکی ڕێبەرە ئایینییەکانی کەمینەی سوننە مەزهەبی ئێران لە باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای وڵاتی ئێران دەناسرێت.

دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی بۆ پشتیوانی و وتاردانه ئایینییەکانی  سەبارەت بە زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی – وێنه: نووسینگەی مەولانا عەبدولحەمید

ناکرێ کاریگەریی ڕێبەرانی ئایینی بە کەم بزانین. ئەم پڕۆژەی دەستێوەردەرانە لە کاتی کاری مەیدانیدا، تیمی توێژینەوەی بۆ سازکردنی دانیشتن لەگەڵ ڕێبەرانی ئایینی لە ناوچەکەدا هان دا. بەم پێیە لە هەڤدەهەمی مانگی گەلاوێژی ساڵی 1395 دانیشتنێکی سەرکەوتووانەمان لەگەڵ مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕێک خست. دوو ڕۆژ پاش ئەم دانیشتنە سەرکوتووانەی مەولەوی عەبدولحەمید، لە وتاردانی ڕۆژی هەینیدا کە تێیدا بە هەزاران کەس لە شارەکانی پارێزگا لە شاری زاهیدان کۆ ببوونەوه. سەبارەت بەوەی کە هاوسەرگیری دەبێ لە نزیک تەمەنی 18 ساڵان ئەنجام بدرێ وتاری دا. بەدەر لەوە زیادیشی کرد کە دایک و باوکەکان دەبێ ڕێگە بدەن گەنجەکان خۆیان هاوبەشی ژیانیان دەست نیشان بکەن و ئەوان دەتوانن لە بواری خوێندن، دۆزینەوەی هەلی کار و پلەی سەرتری تەندروستیی دەرونی و جەستەیی هەڵبژاردنی باشتریان هەبێت.

بەشی سێیەم:

ئەنجامه ناوچەییەکان و دەرەنجامی ئەندازه گرتنەکان

«فاتمەی کچم تەمەنی 14 ساڵانه، لە تەمەنی 13 ساڵاندا شووی کرد. زۆر کچی چاکه. باوکی بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە ماوەی دە ساڵە لە زیندانه. فاتمەم بە خۆڕایی بەخشی. چوونکە کوڕە وتی کرێکارێکی سادەم. وتم باشە بیگوێزەوه. پێم خۆش بوو نرخەکەی زۆر بێ. لێرە هەرچی کچ تەمەنی کەمتر بێ نرخیشی زیاتره. زۆرەکەی ملیۆنێک دەدەن. هەندێ کەسیش سەد هەزار تمەن، دووسەد هەزار تمەن دەدەن. بەڵام من بە بەلاش دام.»

وڵامدەری ژن – تایباد    پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی

 

ئەنجامه ناوچەییەکان و دەرەنجامی ئەندازه گرتنەکان

ڕێکخراوی سەبت و ئەحواڵی وڵاتی ئێران بە پێی سەرژمێری حەشیمەتی ساڵانە کۆمەڵێ داتا لە مەڕ چوار ڕووداوی حەشیمەتناسی دابین دەکات: لەدایکبوون، مەرگ، هاوسەرگیری و تەڵاق. ئەم زانیارییانە هەمیشە لە بەر دەستی کۆمەڵانی خەڵک بوون، بەڵام ئەوەی لێرەدا بە نەوتراوی ماوەتەوە ئاماری شاراوەی پشت ئەم داتایانەیە و لە زانیاری و داتا گشتییەکان زیاتره، ئەوەیه که به ڕێکاره کردییەکان کۆتایی پێ دێت.

هەوڵە زانکۆیی و ئاکادیمکییەکان زۆرینەیان ڕووبەڕووی ڕەت‌‌کردنەوە و نکۆڵی لێ کران هاتوون و بە پێچەوانەی پەرەسەندن و بەربڵاویی ئەم دیاردە نەیانتوانیوه سەرنج و هۆگریی بەرپرسانی دەوڵەت – کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێداگرییان لە سەر هەڵکشانی ڕێژەی حەشیمەت دەکرد و بۆ هەرچی خێراتر‌کردنی هاوسەرگیری و منداڵخستنەوە ئەنگێزەی گەنجانیان زۆرتر دەکرد – بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن.

هاوشێوەی دیکەی شێوازەکانی کۆ کردنەوەی داتا ئەم توێژینەوەش کەمایەسی تایبەت بە خۆی هەیه. هاوشێوەی لێکۆڵینەوە چۆنایەتییەکانی دیکه ئۆبژەبوون بابەتێکی گرنگه و هەندێ جار لە لایەن توێژەرەوە بە شێوەی حاشاهەڵنەگر هەندێ دەمارگرژی بە کار دەبرێت. سنووردارێتی زەمەنی و داراییش دەبێته هۆی بچووکبوونی قەبارەی نموونە که ئەمه ئەوه دەگەیێنێ که ئەنجامەکان لەوانەیە پیشاندەری بارودۆخی حەشیمەتی گەورەتری ئێران نەبێت. سەرەڕای ئەمە هەموو هەوڵەکان لە سەر ئەوەیە کە ئەوەندەی دەکرێ ڕێگری لە دەمارگرژی بکرێت. شێوازی ورد و هاوبەشانە کە بە هۆی ئەوەوە پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە گەڵاڵە کرا دەرخەری ئەم بابەتەیه که کۆکردنەوەی داتاکان دەوڵەمەند و به ڕادەی پێویست ڕاهێنەر و وشیارکەرەوەن. بەشداربووان لە نهێنی بوونی ئەو زانیارییانەی کە دەیانخستە ڕوو دڵنیا دەکرانەوە و و له کاتی پڕکردنەوەی پرسیارناوەکان شوێنێکی پارێزراویان بۆ دابین کرا کە تێیدا ئەزموونی تایبەتی و نهێنی و ڕوانگەکانیان لای ئێمە بخەنە ڕوو.

بۆ دڵنیابوون له تێگەیشتنی دروستی وشەکانی وڵامدەران گرووپی توێژینەوه به ڕەچاوگرتنی نهێنیپارێزی سوودی له ڕاوێژی کەسانی خۆجێیی دەبینی. بۆ کۆکردنەوەی داتا پرسیارناوەیەک بە کۆمەڵێ پرسیار بە کۆتاییەکی کراوە ئامادە کرا بۆ ئەوەی وڵامدەرەکان بۆ دەربڕینی ئەوەی بە لایانەوە گرنگ بوو ئازاد بن.

بەو کە پێیەی ئاستێک له متمانه و نهێنی‌بوونی زانیارییەکان زەرووری بوو، پرسیارکارانی ئەم توێژینەوه زۆر به باشی ڕاهێنرا بوون کە ئەم بابەتە لە شوێنێکی ئاسوودە و دۆستانەدا بۆ وڵامدەران بەدی بێنن. داتا چۆنایەتییەکانیش لە ڕێگەی کۆمەڵێک کەسی ئاگادار و دەستڕۆیشتووی خۆجێیی به لێدوانی نیوە پێکهاتوو کۆ کراوه. وڵامدەران لە وڵامدانەوەی پرسیارەکان، لە درێژەدان یان وەستاندنی لێدوان سەرپشک بوون. هەندێ لە وڵامدەران وایان پێ باش بوو که ناویان نەهێنرێ و هەندێ تەنیا ناوی بچووکیان هێنا. گێڕانەوانەی وتە یان بۆچوونە گشتی و پێشتر بڵاوکراوەکانی سەرۆک کۆمارەکان، ڕێبەران، کەسایەتییە خۆجێییەکان، دەسەڵاتداری ئایینی و دیکەی کەسایەتییە دەوڵەتییەکانیش لە کارەکەدا هاتوون کە هێنانی ناویان لێرەدا لادان له ئەخلاقیاتی توێژینەوە نییه.

ئاراستەی شێوازناسیی بەکارهێنراو لەم توێژینەوەدا شێوازی چۆنایەتی لە سەر پێوەری کەڵان بوو. بەو پێیەی لەم بارەوە پێشتر توێژینەوەیەکمان نەبووە کە بتوانین بچێنەوە سەری یان ئەوەی کە شێوازێکی ناسراو لە وڵاتی ئێران وەک شیکارییەکی یەکسانسازی بە کار نەهێنرا بوو، شێوازناسییەکی سازگار و یەکسان لەگەڵ ئەم دیاردە لە ئارادا نەبوو کە ئەمە لەو ناوچانەی وڵاتی ئێران کە هەڵگری زیاترین ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵانە توێژینەوەیەکی یەکسانسازی زەرووری بوو بۆ ئەوەی لە تێگەیشتنی لێکچوون و لێکنەچوونەکاندا هاوکاریمان بکات. قەبارەی کۆمەڵگا، قەبارەی نموونه، شێوازی نموونەگیری، ڕێژەی لێدوانە دیاریکەرەوەکان بۆ هەر بەش و ناوچەیەک تەنانەت کاتی تەرخانکراو بۆ هەر پارێزگایەکی تایبەتی ڕەنگدانەوەیەک بووە لە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەو ناوچەدا.

سەرەڕای ئەوەی پرسیارناوە بەکارهێنراوەکان لە هەر ناوچەیەکدا پرسیارناوەیەکی خۆجێیی کراو و خۆماڵیی لە پرسیارناوەی ئەندازەیی حەشیمەتی و تەندروستیبوو، بەڵام زۆربەی بەشەکانی توێژەر خۆی دایهێنا بوو.

پارێزگاکان بە شیکاریی داتاکانی حەشیمەتناسی سەبارەت به ئامارەکانی هاوسەرگیری لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا دەستنیشان کران. شایەنی ئاماژە پێدانە کە ڕێزبەندیی جێگیربوونی ئەم پارێزگایانە لە لیستی مەبەستی ئەم توێژینەوە لەگەڵ ئەو پێڕستانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بڵاو کراوەتەوه، یەکسان نییە چوونکە پێڕستی بە کار هێنراو بۆ ئەم توێژینەوە بە هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایانە ئەنجام دراوە کە زیاترین ئاماری منداڵهاوسەریان لە خۆ گرتووه و لە درێژەی ئەم دە ساڵەدا پتر لە دیکەی پارێزگاکان دووپات بوونەتەوه. بەم پێیە ئەم هەوت پارێزگایە بریتین له:

دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەران و سەرۆک عەشیرەتەکان سەبارەت به زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیری

وێنه: کامیل ئەحمەدی

پرسیارە پێکهاتووەکان لە پرسیارناوه بەم بابەتانەی ژێرەوە هاتوون: پێش زەمینەی وڵامدەر، هاوسەرگیری، بڕیاردانەکانی هاوسەرگیری، زک‌وزای ژنان، بە باوکبوونی پیاوان، ڕوانگەی ڕەگەزێتی، ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پەیامی پێشگرانەی هاوسەرگیریی منداڵان، توندوتیژیی سێکسیی بۆ سەر ژنان، توندوتیژیی خێزانی پیاوان.

فوکووسی پرسیارناوە لە سەر ڕێژەی باوبوون و هۆکاری هاوسەرگیریی منداڵان لە ناوچە ڕووماڵکراوەکان بوو. ئەم پرسیارناوه، تەنیا لە دیمانه کردن لەگەڵ کەسانی خۆجێیی بە کار هێنرا. لێکۆڵینەوەکە هەروەها بریتی بوو لە دیمانە کردن لەگەڵ بەرپرسان، کەسایەتییە دەوڵەتی و ئایینی و ڕێبەرە خۆجێییەکان. پرسیارە داڕێژراوەکان بە پێی ئەوەی کە کەسی دیمانە لەگەڵکراو لە چ بوارێکدا کاریگەر و ئاگادار بووه، لە سەر بواری تایبەت چڕ دەبۆوە و لە سۆنگەی پێکهاتەییەوە ڕەوتی لێدوانەکان جیاواز بوون،

«فاتمەی کچم تەمەنی 14 ساڵانه، لە تەمەنی 13 ساڵاندا شووی کرد. زۆر کچی چاکه. باوکی بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە ماوەی دە ساڵە لە زیندانه. فاتمەم بە خۆڕایی بەخشی. چوونکە کوڕە وتی کرێکارێکی سادەم. وتم باشە بیگوێزەوه. پێم خۆش بوو نرخەکەی زۆر بێ. لێرە هەرچی کچ تەمەنی کەمتر بێ نرخیشی زیاتره. زۆرەکەی ملیۆنێک دەدەن. هەندێ کەسیش سەد هەزار تمەن، دووسەد هەزار تمەن دەدەن. بەڵام من بە بەلاش دام.»   وڵامدەری ژن – تایباد   پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی.

 

خۆراسانی ڕەزەوی

پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئێران کە شەش ملیۆن و 262 هەزار (6262000) کەس لە خۆ دەگرێت.

زۆرینەی حەشیمەتەکەی ئێتنیکی فارس و فارس زمانن. خۆراسانی ڕەزەوی جەمسەرێکی ڕاکێشانی ئایینییە لە وڵاتی ئێراندا و پێتەختی مەعنەوی شێعەکانه. شێعەتەوەرێتی لەم ناوچەدا بە هۆی بوونی مەزارگەی ئیمام ڕەزا (س.خ) له مەشهەده.

ئەم پارێزگایە یەکەمین پلەی لە هاوسەرگیریی پێشوەختە لە ناو کوڕانی تەمەن 10 بۆ 14 ساڵ و بۆ کچان له نێوان تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵی له خۆ گرتووه. پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی یەکەمین ئامانجی تاوتوێی ئەم توێژینەوه بوو.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان کردەوەیەکی بنەماڵەییه که له ناو تایفه و بنەماڵەدا ئەنجا دەدرێت. خەڵک حەزیان لەو هاوسەرگیرییانەیه که تێیدا دایک و باوکەکان یەکتر دەناسن. بەم پێیه هەندێ داب و نەریتی وەکوو بڕی مارەیی دەتوانێ کەمتر بێت. مارەیی بابەتێکی گرنگ لە کاتبەندیی هاوسەرگیریی منداڵانە. منداڵێتی و گەنجێتی وەک هۆکارێک دیاری دەکرێ کە ڕێزی بووک زیاد دەکات. کچێکی کەم‌تەمەن کاتێکی زێدەتر بۆ تەرخان‌کردن و منداڵخستنەوە بۆ بنەماڵە نوێکەی هەیه.

یەکێکی دیکە لە فاکتەرە کاریگەرەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە لەم ناوچه خاوەندارێتی ئاوه. لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی به ناوچە گەرم و وشکەکەیەوه کەم ئاوی گەشەی کشتوکاڵی تووشی گرفت کردووە. دەستڕاگەیشتن بەو زەوییانەی وا کارێزی ئاوییان هەیه، ئیمتیازێکی تایبەتە. ئەم ئیمتیازه ژینگەییە دەورێکی گرنگی لە بێچمگرتنی نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیه. بۆ وێنە لە خێراباد، ئەو شوێنەی کە زۆربەی دانیشتوانی کارێزی ئاویان هەیه، هاوسەرگیریی پێشوەختە لەگەڵ کەسانی ناو تایفە برەوێکی زۆرێ هەیە بۆ ئەوەی بەم شێوە زنجیرەی پلەداریی ڕابردوو وەک خۆی بپارێزرێت. دیمانه لەگەڵ دانیشتووانی ئەوێ ئەوەی پیشان داین که بڕی مارەیی لەوانەیه به پێی تەمەنی بووک جیاواز بێت. واته هەرچی بووک کەم تەمەنتر بێ، بڕی مارەییەکەشی زیاتره.

ئەم وێنە برەوی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە ماوەی ئەم دە ساڵەی ڕابردوو لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی پیشان دەدات. وەک دیاری کرا هاوسەرگیریی منداڵان هێشتا لەو ناوچەدا باوە بەڵام خواست بۆ ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە ڕووی لە کز بوونەوەیه. مامناوەندی هاوسەرگیریی منداڵان لە ناو کچان لە هی کوڕان زیاتره.

وێنەی 2. چارتی هاوسەرگیریی پێشوەختەی کچان و کوڕانی خوار تەمەنی هەژده ساڵان له پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی.

سەرەڕای دابەزینی کەمی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، نرخی تەڵاق لەم پارێزگایەدا لە چاو دەیەی ڕابردوو بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوه.

وێنەی 1. چارتی ڕێژەی تەڵاقی کچان و کوڕانی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی

ئەو کچانەی وا لە هەڕەتی کچۆڵەییدا هاوسەرگیری دەکەن، زیاتر ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە تەمەنی کەمیشدا تەڵاق بدرێن. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە 27 لە سەدی قوربانیانی هاوسەرگیریی پێشوەختە هێشتا دەخوێنن و هاوسەرگیری هۆکاری سەرەکیی وازهێنان لە قوتابخانە  (45 لە سەد) کەسەکان بوو بۆ ئەوەی بتوانن کاری کابانێتی و ئەرکی منداڵ بە خێو‌کردن ڕابپەڕێنن. زۆرینەی وڵامدەران خوێندنیان تەنیا هەتا ئاستی سەرەتایی بوو و تەنیا 10 لە سەدیان چانسی ئەوەیان بووە کە هەتا پۆلی دوازدەهەم (کۆتایی قۆناغی ئامادەیی) خوێندنەکەیان تەواو بکەن. لە 57.1 لە سەد لە حاڵەتەکاندا کچ بەر لە هاوسەرگیری چووەتە قوتابخانە و لە 74.1 لە سەدی حاڵەتەکاندا بەڵێنی درێژەدان بە خوێندنیان پاش هاوسەرگیری پێ دراوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بەڵێنە نەچووە سەر.

هاوسەرگیریی منداڵان زیاترین کاریگەری لە سەر تەندروستیی سێکسی و زک‌وزای کچۆڵەکان دادەنێت. جەستەی کچۆڵەکان لە ڕووی فیزیاییەوە بۆ منداڵخستنەوە و زاوزێ گونجاو نییە و کچە هێندەی پێویست باڵق نییە و لەبەر ئەمەش هەم تەندروستیی دایک و هەمیش تەندروستیی منداڵ دەکەوێتە بەر مەترسی. هاوسەرگیریی منداڵان نە تەنیا تەندروستیی دایک بەڵکوو تەندروستیی نەوەی دواییش دەخاتە مەترسییەوه. توێژینەوە ئەوە پیشان دەدا کە 97 لە سەدی ژنان کە جارێک زاوزێیان کردووه، لە لایەن بنەماڵەی خۆیان و دایکیانەوە لە کاتی زەیستاندا چاودێری کراون. ڕێژەیەکی بەر چاوی وڵامدەران (45 لە سەد) ڕایانگەیاند کە لە کاتی زاوزێدا هیچ کێشەیەکیان نەبوو و 27 لە سەدیان وتیان ژانێکی تاقەتپڕووکێن و خوێنڕێژییەکی زۆریان هەبووە. زانستی سەبارەت بە کێشەی گشتیی زاوزێ و پرسەکانی تەندروستیی ژنان لە ناو ژناندا زۆر کەم بووه. زۆرینەی وڵامدەران (36 لە سەد) سەبارەت بەم کێشانە هیچ زانیارییەکیان نەبوو. ئەو کچانەی بەر لە تەمەنی 15 ساڵان زاوزێیان کردووە هەتا ڕادەی 88 لە سەد ڕیسکی برینی هەڵدڕانی زاوزێیان (هەر برینێکی واژەنی کە لە کاتی زاوزێدا ڕوو دەدا و زیاتر لە شەش تەقەڵ هەڵبگرێ) هەبوو کە ئەوانی لە هەمبەر هەو کردنەکاندا خەسارهەڵگر دەکرد. ئێش و هەوکردنێک کە بە درێژایی ژیانیان لەگەڵیانه.

ژنان سەبارەت بە برینی دڕانی زاوزێ زانستێکی زۆر کەمیان لە بەر دەستە. تەنانەت کاتێک بە کەڵکوەرگرتن لە مانا خۆجێییەکان، ڕوونکردنەوەی زیاتریان پێ درا زۆرینەی ژنان تەنانەت ئەوانەی کە لە کاتی زاوزێدا پتر لە 15 تەقەڵیان هەڵگرتبوو، نەیاندەزانی کە برینی هەڵدڕانی زاوزێیان به ئەزموون کردووه.

توێژینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە 42 لە سەدی پیاوە وڵامدەرەکان کاتی لە دایکبوونی یەکەم منداڵ تەمەنیان 17 ساڵان بووە و لە کاتی توێژینەوەدا خاوەنی دوو منداڵ بوون. کاتی توێژینەوه ئەوان خاوەن دوو منداڵ بوون.

لەو ناوچانەی وا هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانی تێدا باوه، دایک و باوکەکان لە جیاتی کەسەکان بڕیاری پەیوەست بە هاوسەرگیری دەدەن. نزیکەی 76.2 لە سەد لە کەسانی هاوسەردار لە کاتی هاوسەرگیریدا، لە پرۆسەی هاوسەرگیریی خۆیان ئاگادار بوون بەڵام 23 لە سەدیان سەبارەت بەوەی لەگەڵ کێ هاوسەرگیری دەکەن هیچ زانیارییەکیان نەبوو. 52.4 لە سەد لە لایەن دایک و باوک یان دیکەی ئەندامانی بنەماڵە بەدەر لە خۆیان بڕیاری هاوسەرگیری دراوه. لە کاتی ڕێکخستنی ئاهەنگی هاوسەرگیری، 42.9 لە سەدیان خوازیاری هاسەرگیری نەبوون.

سەرەڕای دژایەتی کەسەکە بۆ هاوسەرگیری، کاتێک زەماوەندەکە بەڕێوە دەچوو، تەنیا 15 لە سەدی ئەو کەسانەی نەیاندەویست هاوسەرگیری بکەن، لەم بارەوە بنەماڵەکانیان دواندبوو. ئەوانی دیکە دڵنیا بوون کە هاوسەرگیرییەکە بە دڵی ئەوان هەڵناوەشێتەوە و سەر دەگرێت.

زانیاری ورد سەبارەت بە تەندروستیی سێکسی و زک‌وزا و هەروەها پشتیوانی و تەکنیکی پێویست بۆ ئاسوودە بوون و متمانە بەخۆبوون بۆ لەش و ئارەزووی سێکسیی تاکەکان یەکجار کەمه. ڕاهێنانی سێکسی لە قوتابخانەکاندا نەبوو و یان لە ئاستێکی زۆر کەمدا بوو و بە کەمترین ئاستی کوالێتی دەخرایە ڕوو. بە گشتی 60 لە سەدی وڵامدەران لەو بۆچوونەدا بوون کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەبێ بووەستێنرێ و نەمێنێ و 32.5 لە سەد پێیان وا بوو کە ئەمە پەیوەستە بە حاڵەتی لەش و ڕفتاری کەسەکە خۆی. هیچ کام لە وڵامدەران زانیارییان لە سەر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەبوو. لە کاتی وڵامدانەوە بەم پرسیارانە لەوان وا بوو تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵ بەرەو ژووره. زۆرینەی خەڵکەکە بۆچوونیان وا بوو کە تەمەنی 15 ساڵان بۆ هاوسەرگیریی کچان و 20 ساڵان بۆ هاوسەرگیریی کوڕان زووە و باوەڕیان وا بوو تەمەنی ئایدیال و هەرە باش بۆ هاوسەرگیریی ڕۆڵەکانیان 20 ساڵانه.

21.2 لە سەدی ژنانی هاوسەردار دەیانوت ناچارن لەگەڵ مێردەکانیان پەیوندیی سێکسی ساز بکەن و ڕێژەیەکی کەمیان دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو کە سەبارەت بە بێ‌ئارەزوویی بۆ پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ مێردەکانیان قسە بکەن چوونکە بە باوەڕی ئەوان پەیوەندیی سێکسی بە شێوەی حاشاهەڵنەگر بەشێکە لە ئەرکەکانی هاوسەرێتی. باوترین کاردانەوەی بنەڕەتی بۆ پەیوەندیی زۆرەملێ ناڕەحەتبوون (42.9 لە سەد)، بێزاری (28.6 لە سەد) و تووڕەیی (28.6 لە سەد) بوو.

وێنەی 3 – چارتی ڕێژەی هاودەنگی لەگەڵ ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

دوا سەرژمێری لە ساڵی 1393 حەشیمەتی سێ ملیۆن و 807 هەزار (3807000) کەسی بۆ ئەم پارێزگایە تۆمار کردووە (ساڵناوەی ئاماری، 1393). ناوەندی ئەم پارێزگایە – تەورێز –لە وڵاتی ئێران لە ماوەی چەندین دەیەی یەک لە دوای یەک وەک پێتەختی ئیسلامی و هونەری ناسراوە و بریتییە لە 12 شاری تورکنشین. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان وەک کارکردێک سەیر کراوه و هێشتاش له لایەن بنەماڵەکانەوه دەسەپێنرێت. سەرەڕای ئەمه له ناوچه گوندیی و هەژارنشینەکاندا زۆر باوه. به شێوەی زۆر شەفاف هاوپەیوەندییەکی مانادار و دڵتەزێن له نێوان کێشەی ئابووری و پەسندبوونی هاوسەرگیریی منداڵاندا بەدی دەکرێت.

لە هەندێ لە گوندەکانی شاری سەراب، منداڵان له ساواییەوه نێوکیان دەبڕن و و هەندێ له تەمەنی 10 ساڵاندا هاوسەرگیری دەکەن – وێنه: کامیل ئەحمەدی

بۆ نموونه بینراوەکانی گوندی گیلەکاباد پیشانی دا کچان لە تەمەنی 1 بۆ 2 ساڵان مارە دەکران و لە ناو گونددا هیچ منداڵێکی ژوور تەمەن 5 ساڵان سەڵت نەبوو. زۆر باوبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەو لێدوانە خۆجێییانەدا زیاتر خۆی دەنواند کە پێداگرییەکی زۆر لە سەر گرنگیی نۆڕمە خۆماڵی و داب و نەریتەکان دەکرا. لە گیلەکاباد منداڵی ساوای تەمەن 6 مانگان مارە دەکرێت. بە گێڕانەوه له وڵامدەرێکی پیاو له کاتی دیمانەکردندا، کۆرپەلەی کچ لە زکی دایکی و بەر لە لەدایکبوونی مارە دەکرێت.

«لە گونددا هیچ منداڵێکی ژوور تەمەن 13 ساڵان سەڵت نییه. هەر هەموویان ژێر تەمەن 12 ساڵان هاوسەرگیرییان کردووه. بووکەکەمان کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ براکەم کرد تەمەنی 1 ساڵان بوو. من خۆم تەمەنم 12 ساڵان بوو. نیوە شەو بوو و من خەوتبووم کاتێک دراوسێکەمان لە درگای دا و ئەڵقەیەکی پێدام.»      لەیلا، تەمەن 23 ساڵه   گیلەکاباد – سەراب – ئازەبایجانی ڕۆژهەڵات

 

چارتی 3 – 11 بەراوردی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

70.8 لە سەدی وڵامدەران لە کاتی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەدا هاوسەرگیرییان کردبوو و کەمتر لە 20 لە سەدیان لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی خۆیاندا بەشدارییان نەکردووه. لە 75 لە سەدی حاڵەتەکاندا مارەبڕینێکی فەرمی لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە ئامادە کاری بۆ کرا بوو. کۆی 18.6 لە سەدی وڵامدەران سەڵت بوون و لە ناو هاوسەردارەکاندا 70.8 لە سەدی هاوسەرگیرییەکان دەستبەجێ پاش هاوسەرگیری تۆمار کراو بوون.

وێنەی 5. چارتی برەوی جۆرەکانی هاوسەرگیری لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

پارێزگای خووزستان

پارێزگای خووزستان سێیەمین پارێزگای ئامانج لەم توێژینەوە بوو. ئەم پارێزگایە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای وڵاتی ئێران و لە ساڵی 1393 ڕێژەی حەشیمەتەکەی 4 ملیۆن و 724 هەزار (4724000) کەس بوو. بە پێچەوانەی هەمەجۆریی ئێتنیک و زمان لەم ناوچەدا ئەوەی بەدی کرا کۆمەڵێ لێکچوونی کەلتووریی نەگۆڕ و باو لە ناوچە گوندییەکان بوو. بەڵگەی عەقڵانی سەرنجڕاکێش لەم بارەوە سەرچەشنە جوگرافییەکانه. هێما جوگرافییەکان ناوچە و ڕووناکی لە کۆمەڵگایەک کە هەڵگری هەمە جۆریی کاتی باڵقبوونە سەرنجڕاکێشه. پلەی گەرما و خێرایی ڕووناکی – تاریکی کاریگەری لە سەر جوگرافیا دادەنێت. لەوانەیە وەرزەکان پێوەر و هاوخشتی زک‌وزا بەم پێیە ڕێک بکەن. ناوچەی گەرمیان لەم دەڤەرەدا هۆکاری باڵقبوونی پێشوەختەی کچان و کوڕانه؛ واتە منداڵان سەرەڕای تەمەنی بایۆلۆجیکییان لەوانەیە وەک گەورەساڵێک دەربکەون کە ئامادەی هاوسەرگیریین. لە ناو دڵی ئەم حاڵەتەدا ڕیشەی هاوسەرگیریی منداڵان لە نایەکسانی ڕەگەزی و ئەم باوەڕەدایە کە ژنان و کچان خوارتر و نزمتر لە پیاوان و کوڕانن.

«ئێمە خوشکە تەمەن 13 ساڵانەکەمان بە کوڕە مامم دا کە ئەو کات تەمەنی 19 ساڵان بوو. ئەو شووی کرد و ئێمە 4 ملیۆن تمەنمان وەرگرت.»          

وڵامدەر پیاو 21ساڵ – کەعبە عەبوود     ئەهواز – خووزستان

هاوسەرگیریی خزمایەتی لە ڕووی داب و نەریتەوە لە بنەماڵە عەرەبەکاندا زۆر جیاواز نییه. بە پێچەوانەی ئەوەی لە ناو دیکەی ئێتنیکەکاندا بەدی دەکرێ، لە بنەماڵە عەرەبەکاندا زاوا بە تەواوەتی بەرپرسی کڕینی جیازه. جیاز لە وەها کەلتوورێکدا هێمای تەواوی ڕێز و ئابڕووه. مارەییش لە ژێر کاریگەریی خزمبوونی زاوایه. واتە ئەگەر زاوا، ئامۆزا، پوورزا یان دیکەی خزمەکان بێ، بڕە مارەییەکەی کەمتر لە زاوایەکی نەناسیاوه.

بە گێڕانەوە لە کەسانی شارەزای ناوچەکە لە دەڤەرەکانی دەورووبەری ئابادان کارێکی باو هەیە کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن «کڕینی تەمەن». بە پێی ئەزموون و ئیدعای ئەوان ئەو بنەماڵانەی وا خاوەن کچی کەم تەمەنن و بە هۆی تەمەنی کەمەوە هاوسەرگیرییەکەیان تۆمار ناکرێ، سەردانی دادگای بنەماڵە دەکەن و بۆ تۆمار‌کردنی هاوسەرگیرییەکەی تەمەنی پێویست دەکڕن (له ڕێگەی ئەو دەڵاڵانەی که لەگەڵ کارمەندانی دادگا له پەیوەندیدان). نرخی هەر حاڵەتێک بەستەگی بە ڕێژەی ئەو ساڵانە هەیە کە هەتا گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵان کەمیان هەیه. بە گوێرەی وتەی شارەزایانی ناوچەکە، ئەم بڕە پارە لە نێوان 100 هەتا 500 هەزار تمەنه.

کۆی 75 لە سەدی پیاوانی دیمانه لەگەڵکراو خاوەن دوو منداڵ بوون و 25 لە سەدیان کاتی لە دایکبوونی یەکەم منداڵ تەمەنیان 16 ساڵان بووه.

لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا کچان شوویان بە پیاوانێک کردبوو کە زۆر لە خۆیان بەتەمەنتر بوون و سەبارەت بە هەڵبژاردنی هاوژینی خۆیان هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو. بەڵگەکانمان ئەوە دەردەخەن کە پتر لە نیوەی ژنان مێردەکانیان لانیکەم پتر لە 10 ساڵ لە خۆیان بەتەمەنتر بوون.

وێنەی 6. چارتی ڕەزامەندی له هاوسەرگیری له پارێزگای خووزستان

29 لە سەدی وڵامدەران وتبوویان قازانجێکی ئەوتۆ لە هاوسەرگیریی پێشوەختەدا نییە و 22 لە سەدیان لەو باوەڕەدا بوو کە پێشگری لە پەیوەندیی سێکسیی بەر لە هاوسەرگیری قازانج و خاڵی بەهێزی هاوسەرگیریی منداڵانه. زۆرێک لە وڵامدەران سەبارەت بە تەمەنی یاسایی هیچ زانیارییەکیان نەبوو و ئەم کەمی زانیارییە سەبارەت بە یاسا و هاوسەرگیریی منداڵان کۆسپی بەر دەم کۆتایی هاتنی دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵانە.

«لە بارچوونی کۆرپەلە لێرەدا زۆر باوه. هەموو ئەو کچانەی کە لێرەدا هاوسەرگیری دەکەن ڕووبەڕووی ئەم گرفتە دەبنەوه. بووکەکەمان تەمەنی 13 ساڵانە و هەتا ئێستا دوو جار منداڵی لە بار چووه. هەتا تەمەنی 13 ساڵان 4 جار زاوزێی کردووە. لێرە پاش هاوسەرگیری دەبێ دوای 9 مانگ منداڵ بخەنەوە چوونکە خەڵک ناچاریان دەکەن. هەر لەبەر ئەمە لێرە لە بارچوونی منداڵ زۆره.»

وڵامدەری ژنی تەمەن 37 ساڵه    عەلەوان، شووش – پارێزگای خووزستان

 

سیستان و بەلووچستان

ئەم پارێزگایە بە ناوچەیەکی بیابانی و وشکەوە یەکێکه له هەژارترین و بێبەشترین ناوچەکانی ئێرانه. دواسەرژمێری لە ساڵی 1393 پیشانی دا کە حەشیمەتی ئەم پارێزگایە دوو ملیۆن و 724 هەزار (2724000) کەسە. باوبوونی هاوسەرگیریی منداڵان لە هەر دوو ناوچەی نیشتەجێ بوونی گوندیی و شاریی لە ئاستێکی بەرزدایە و جیاوازییەکان لەم ناوچانەدا زۆر کەمه. پاڕادۆکس و لێکدژی هاوسەرگیریی درەنگ‌وەخت کە لە زۆربەی شارە ناوەندەکانی پارێزگا و ناوچە شارییەکاندا بوونی هەیه، لە ناوچەی سیستان و بەلووچستان زۆر نییه.

خەڵکی ئەم پارێزگایە لە سیستەمێکی هۆزی و تایفیدا دەژین کە تێیدا ڕەزامەندی بۆ هاوسەرگیریی منداڵان بە تەنیا لە ژێر کاریگەریی کەلتووردا نییه. کەم‌وشیاری، هەژاری، هەڵاواردنی بەربڵاوی ڕەگەزی لە سەر کچان لەو هۆکارە سەرەکییانەیە کە دایک و باوکەکان ناچار دەکا بەر لە تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری بە کچ و کوڕەکانیان بکەن. بەدەر لەوە دایک و باوکەکان دەرەقەتی خەرج و تێچووی قوتابخانە یان زانکۆی ڕۆڵەکانیان نایەن. هەر بۆیە ناچار بە هاوسەرگیرییان دەکەن.

زیانی لاوەکی دووگیانی و زاوزێ هۆکاری سەرەکیی مەرگی ئافرەتانی تەمەن 15 بۆ 19 ساڵانه لەم پارێزگایەیه. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 1389 ڕایگەیاندووە کە لە هەندێ لە پارێزگاکاندا ڕێژەی مردنی دایکان لە ڕێژەی لە دایکبوون زیاترە، واتە لە هەندێ پارێزگای وەک پارێزگای سیستان و بەلووچستان دایکان زیاتر بە هۆی زاوزێوە دەمرن. به ڕەچاوکردنی ئەوەی که لە سەر ئاستی کۆی گشتیی وڵات ڕێژەی منداڵخستنەوە لەم پارێزگایەدا 5.64 لە سەده و مەرگی دایکان 12 لە سەده. ڕێژەی مەرگی دایکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان زۆر لە دیکەی ناوچەکان زیاتره. پارێزگاکانی تری وەک ئازەربایجانی ڕۆژاوا، خووزستان، کرمان، لوڕستان و ئیسفەهان ڕێژەیەکی کەمتری مەرگی دایک لە خۆ دەگرن.

لە ساڵی 1394 سیستان و بەلووچستان زیاترین ڕێژەی زاوزێ لە ناو دایکانی ژێر تەمەنی 15 ساڵانە (462 حاڵەت).

لە چاو دیکەی ناوچەکان هێزی زەختی کۆمەڵایەتی لە سەر هاوسەرگیری‌کردن بە منداڵان کەم بوو. سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان بزاڤێکی بەرگریکارانەی بەهێز لەم پارێزگایەدا بەدی نەکرا، چوونکە ئەم بابەتە وەها برەوی هەبوو کە بە تەواوەتی قبووڵ کراوە و وەک دۆخێکی ئاسایی لێی دەڕوانرێت. بەو پێیەی کە ئەم دیاردە ڕووبەڕووی هیچ بەرهەڵستییەک نەبووەوە، هیچ چەشنە کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتی وەک پشتیوانی لە هاوسەرگیریی منداڵان بێچمی نەگرتووە.

هەموو وڵامدەران لەم توێژینەوەدا وتبوویان کە نەریتی هاوسەرگیریی ناوک بڕین یان بۆ خۆیان، یان بۆ خزم و کەس یان بۆ یەکێک لەو کەسانەی دەیانناسی، ئەنجام دراوه. وەک کەسانی شارەزای ناوچەکە وتیان کەسەکە دەتوانێ لە گەورەساڵیدا ئەم پێکگەیشتنە نەنووسراوە هەڵبووشێنێتەوە و بڕیار بدا لەگەڵ کەسێکی دیکە هاوسەرگیری بکات. بە گوێرەی ئەو وڵامانەی وا لە وڵامدەرانمان دەبیست، ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری شتێکە کە هەندێ جار ڕوو دەدات. لە لایەن کۆمەڵگاوە مافی هەڵوەشانەوەی ئەم پەیمانە بە کەسەکە دراوە بەڵام بە شێوەی گشتی کارێکی دزێو و ناشیرینه، چوونکە پابەندبوون بە پەیمانی بنەماڵەیی و هۆزی زۆر گرنگه. ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە کۆی ڕێژەکانی تەڵاق لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان هەرگیز لە 40 لە سەد کەمتر نەبووه.

هیچ کام لە وڵامدەران لە کاتی وتووێژدا نەیاندەخوێند، و هۆی سەرەکیی وازهێنان لە خوێندنیان هاوسەرگیری‌کردن بوو. هاوسەرگیریی 77.6 لە سەدی وڵامدەران لە لایەن کەسێکی ناوبژیوانەوە ئامادەکاری بۆ کرا بوو. 51.1 لە سەدیان وتبوویان لە لایەن بنەماڵەکەیانەوە ئاهەنگی دەزگیرانداری فەرمییان بۆ گیرا بوو. 51.5 لە سەدی ژنان، مێردەکانیان 10 ساڵ لە خۆیان گەورەتر بوون و 37.5 لە سەدی پیاوان لەگەڵ ژنانێک هاوسەرگیرییان کرد بوو کە 10 ساڵ لە خۆیان بچووکتر بوو.

زۆربەی وڵامدەران (42.9 لە سەدیان) هەرگیز پەیامی پێشگیرانەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان یان ڕاهێنانی سێکسییان نەب‍ینی‎بوو. هەر هەموو وڵامدەران له تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بێ‎ئاگا بوون.

وێنەی 7. چارتی بڕیاردانەکانی ناو ماڵ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

بیلوار (خۆی) هەڵگری زیاترین ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانە  وێنه: کامیل ئەحمەدی.

 

بە پێی دواسەرژمێری لە ساڵی 1393 حەشیمەتی ئەم پارێزگایە سێ ملیۆن و 201 هەزار (3201000) کەسە که دەتوانین بڵێین نیوەی پارێزگاکه کورد و نیوەکەی دیکەی تورکی ئازەرین. تاوتوێ‌کردنی گشتی لە یەکەمین قۆناغ لە توێژینەوەی ئەم ناوچە ئەوەی پیشان دا کە داب و نەریتی هاوسەرگیری و نۆڕمەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم پارێزگایە جیاوازن و بەم شێوە تیمی توێژینەوە لە هەر ناوچەیەکی ڕووماڵکراو و لێکۆڵینەوە لە سەرکراو ڕووبەڕووی کۆمەڵێ جیاوازی و هەمەجۆری بێ‌ژوماری کەلتووری و وردەکاری جیاواز دەبوونەوه. لە هەندێ لە ناوچەکانی وەک بابلاباد (خۆی) باوترین و پەسندکراوترین شێوازی هاوسەرگیری ڕەدووکەوتن بوو.

لە هەندێ لە ناوچەکاندا بە ئاوڕدانەوە لە گرنگایەتی باوەڕی مەزهەبی بۆ وێنە (شێعە و سوننە بوون) له هەر ناوچەیەک وەک لە دەڤەری گوندی زەنگۆڵان (ورمێ) بینرا، هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی بەدەر لەم دوو ئایینزایە باو نەبوو. بە پێچەوانەی ئەم عوڕف و نەریتە زۆربەی گوندەکان وەک گوندی تورکان (ورمێ)، بوونی باوەڕی ئایینیی یەکسان بۆ هاوسەرگیری بابەتێکی گرنگ نەبوو. لە تورکان ئەوەی زۆر و فرەوان بوو، باوبوونی سەرنجڕاکێشی نەریتی ژن بە ژن و ڕەدووکەوتن بوو. زەختی کۆمەڵایەتی بۆ هاوسەرگیریی پێشوەختە سەرەکیترین هۆکارێک بوو کە نەیدەهێشت دایک و باوکەکان منداڵە کەم تەمەنەکانیان بە سەڵتی بمێننەوه. له هەندێ حاڵەتدا هۆکاری پەسندکراوی ئەم هاوسەرگیرییه له لایەن پیاوان و هەروەها ژنان بوو. زۆر جار ئەوە باوک، برا یان دیکەی ئەندامانی پیاوی بنەماڵەن کە خوێندن وەک لادانێکی کۆمەڵایەتی دەبینن کە له کۆتاییدا حەڕەشە لە پاکیزەیی و پاکداوێنی کچان دەکات. سەیر لەوەدایە ئەو دایکە گەنجانەی وا خۆیان پاشماوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانن، بە ڕێگە نەدان بە درێژەدان بە خوێندن و دیکەی بژاردەکانی ژیانیان ئەم میراتەیان بۆ کچەکانیان دەگواستەوه.

«من لەم لێدوانانەدا ناچمەوە سەر کتێب و وانە ئایینییەکان. ئاشکرایە ئایینی ئیسلام گەنجان هان دەدا کە لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن و سوورە لە سەر ئەوەی کە بنەماڵەکان ئاسانکاری بۆ هاوسەرگیریی ڕۆڵەکانیان بکەن. من وەکوو خۆم لەو بڕوایەدام کە بە ئاوڕدانەوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە و بە ڕەچاو‌کردنی هەلومەرجێک کە کۆمەڵگای ئەوڕۆ تێیدا دەژی، هاوسەرگیریی پێشوەختە زیانی جەستەیی، سێکسی و دەروونی بۆ منداڵان ساز دەکات. هەر بۆیە بەندە لەو بۆچوونەدام کە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم تەنیا لە حاڵەتێکدا که ئەگەر زەرووری و تاکە ڕێگە چارە بێ، حاشاهەڵنەگره. من هەمیشە بە کوڕەکانم (کچم نییه) دەڵێم بچن دڵداری بکەن. عەشق جوانه، مرۆییه. بەڵام وریا بن کەڵکاوەژوویی نەکەن و سنوورەکان نەبەزێنن چوونکە ئاسەواری زیانبەخشی کەلتووری و کۆمەڵایەتی بۆ کچان دەنێتەوه.»

مەلا حاجی سەید حەسەن واژی – مەلای پێشنوێژی مزگەوتی عەشەرەی موبەشره                پیرانشار، ئازەربایجانی ڕۆژاوا

 

بە گوێرەی وێنەکەی ژێرەوە ئاماری تەڵاق لە هەر دوو ڕەگەزی سەر ئاستی پارێزگا ڕووی لە هەڵکشانە بەڵام ئاستی ئەم هەڵکشانە لە نێوان کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵان لە چاو کوڕان زێدەتره. ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری منداڵان بێوە دەبن. ئەم حاڵەتە بەتایبەت ئەو کاتە زۆر بەدی دەکرێ وا کچۆڵەیەک هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک دەکا کە تەمەنی زۆر لە خۆی زیاتره. لەقەمی کۆمەڵایەتی و حەیاتکانێک کە بەرهەمی تەڵاقە و ئەو پێگەی وا ژنان لە کۆمەڵگادا هەیانه، زۆرێک لە کچان ناچار دەکا کە تەنیا ژیان بە سەر ببەن و منداڵەکانیان بە بێ پشتیوان گەورە بکەن.

وێنەی 8. چارتی فرەیی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

 

8/61 لە ئافرەتان لانیکەم دوو جار زاوزێیان بە ئەزموون کردووه و مامناوەندی تەمەنی ئەم دایکانە 17 ساڵان بوو (20.6). زۆرێک له پیاوانیش (74.4) لانیکەم دوو منداڵیان هەبوو و زۆریان له کاتی لەدایک بوونی یەکەم منداڵیان 17 ساڵان بوون (45.7).

پارێزگای هورمزگان

حەشیمەتی ئەم پارێزگایە ملیۆنێک و 676 هەزار کەس (1676000) ئێتنیکەکانی فارس، عەرەب و بەلووچ دانیشتووانی ئەم پارێزگایە پێک دێنن که ئاوێتەیەکه له حەشیمەتی شێعه و سوننە. باوەڕێکی باو لە پارێزگای هورمزگان هاوشێوەی دیکەی ناوچە ئوستوواییەکان ئەمەیە کە گەرما و پلەی گەرما گەشە و باڵقبوونی کەسەکان خێراتر دەکاتەوه. هەر بەم پێیە کچان خێراتر گەشە دەکەن و لە ڕووی جەستەییەوە هێندەی پێویست باڵق دەبن کە لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن. ئەم حاڵەتە تەنانەت ئەو کاتەش دەگرێتەوە کە تەمەنی کەسەکە فاکتەری دیاریکەرەوەی هاوسەرگیری نییه. پاساوی ئیسلامیی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ئەوەیە کە دەبێ کەسەکە هەرچی زووترە لەم دۆخەدا هاوسەرگیری بکات. بە پێچەوانەی کەم پێداگری‌کردن لە سەر بڕی مارەیی، ئەم تێچووە زیاتر تەرخانی ئاهەنگی هاوسەرگیری و دابین‌کردنی ژووری پەردە (ژوورێک کە ژن و مێرد شەوی یەکەمی هاوسەرگیرییان لەوێ دەبن) دەبێت. بەشێکی زۆری ئەم بڕە پارە تەرخانی دیزاین و ڕازاندنەوەی پڕخەرجی ژووری پەردە لە ماڵی باوکی بووک دەبێت. بە گوێرەی داب و نۆڕمی کۆمەڵایەتی ژن و مێرد لەم ژوورەدا ماوەی 40 ڕۆژ دەمێننەوه.

ژووری پەردە لە دووڕگەی قیشم، پارێزگای هورمزگان – وێنه: م. مەعارف وەند

29.4 لە سەدیان نەیاندەزانی لەگەڵ کێ هاوسەرگیری دەکەن. 51 لە سەدیان وتیان لە کاتی هاوسەرگیری دڵخۆش بوون. 19.6 لە سەدیان کەمتەرخەم و 19.6 لە سەدی بە هۆی وازهێنانی ناچاری لە قوتابخانە ناڕەحەت بوون. 56.9 لە سەدی وڵامدەران دەیانویست ڕۆڵەکانیان بە پێی هەمان داب و نەریت کە خۆیان هاوسەرگیرییان کردبوو، زەماوەند بکەن. کۆی 66.4 لە سەدی هاوسەرگیرییەکان بریتی بوو لە جیاز و 90.2 لە سەد مارەیی لە خۆ دەگرت و لە 39.2 له سەدی حاڵەتەکاندا، هیچ کام لەم تێچووە بۆ بووک خەرج نەکرا بوو.

زۆربەی وڵامدەران (37.3 لە سەد) لەو باوەڕەدا بوون کە قازانجێکی ئەوتۆ لە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا نییه. لە حاڵێکدا 19.6 لە سەدی وڵامدەران ئەم بابەتەیان بە هۆکاری پتەوکەرەوەی پەیوەندییە بنەماڵەییەکان دەزانی. بە گشتی 39.2 لە سەدی کەسەکان وتیان کە هاوسەرگیری درەنگ وەخت دەبێتە هۆی ئاستێکی بەرزتر لە ڕاهێنان و تێگەیشتنی نێوان ژن و مێرد و 11.8 لە سەدیان کەم بوونەوەی دووگیانبوونەکانی تافی مێرمنداڵیان وەک قازانجی هاوسەرگیری درەنگ‎وەخت دەزانی.

پارێزگای ئیسفەهان

بە پێی دواسەرژمێری لە ساڵی لە ساڵی 1393 حەشیمەتی ئەم پارێزگایە 5 ملیۆن و 7 هەزار کەسە (5007000). 71.4 لە سەدی وڵامدەرانی پیاو لانیکەم خاوەن 2 منداڵ بوون و 28.6 لە سەدیان لە تەمەنی 16 ساڵاندا ببوون بە باوک، 84.1 لە سەدی کەسانی هاوسەردار لە هاوسەرگیرییەکەیان ئاگادار بوون و 15 لە سەدیان لە کاتی هاوسەرگیریدا نەیاندەزانی هاوسەرگیری لەگەڵ کێ دەکەن. 47.7 لە سەدی بڕیارەکانی هاوسەرگیری لە لایەن دایک و باوک و دیکەی ئەندامانی بنەماڵە لە بری کەسەکە خۆی درابوو.

جیاوازیی تەمەنی نێوان ژن و مێرد لە 10.8 لە سەدی حاڵەتەکان پتر لە 10 ساڵ بوو و لە 29.7 لە سەد کەمتر لە دە ساڵ. بەدەر لەمە 57.1 لە سەدی پیاوان هاوسەرانێکیان بوو کە هاوتەمەنی خۆیان بوو.

40.9 لە سەدی وڵامدەران لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنەوە پەیامی پێشگیرانەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانیان وەرگرتبوو، 29.5 لە سەدیان لە ڕێگەی هاوڕێ و دۆستان و 15.9 لە سەدیان هەرگیز ئەم پەیامە پێشگیریانەیان پێ نەگەیشتبوو. بە گشتی 20 لە سەدی وڵامدەران ڕایان وا بوو کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەبێ کۆتایی پێ بێ 29.5 لە سەدیان باوەڕیان وا بوو کە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە دەبێ بەردەوام بێ و 50 لە سەدیان بەردەوام بوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەیان بە تایبەتمەندی تاکەکەسی، ئەندازەی لەش و هەڵسووکەوتی کەسەکە گرێ دەداوە. زۆرێک لە وڵامدەران وتوویانە لە تافی منداڵیدا توندوتیژی ناو ماڵیان بینیوە.

 

بەشی چوارەم:

ڕێکاره کردەییەکان

«هەموو کچان لە تەمەنێکەوە بیر لە هاوسەرگیری دەکەنەوه، دایکی نەوەی نوێ بیر لە زانکۆی ڕۆڵەکەی دەکاتەوه. بەڵام دایکانی ڕابردوو بەردەوام دەڵێن کچی فڵان کەس شووی کرد. ئەمە شێوازی بیرکردنەوەی دایکە کە کاریگەری هەیە تەنانەت ئەگەر باوکیش بەرهەڵستی بکات. ئەگەر دایک سیاسەتی هەبێ ڕازی دەکات. ئەگەر دایک لە ماڵدا باڵادەست بێ دەتوانێت.»

زەهرا، 32 ساڵه  هاوژینی شۆڕای شاری عەلەوان، شووش – پارێزگای خووزستان

 

ڕێکاره کردەییەکان

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرناوەی گەشەی بەردەوامی هەزارەی بۆ وەدواخستنی ئاسەواره زیانبەخشەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان به کاریگەر زانیوه. له پێکهاتەی ئامانجەکانی گەشەی هەزاره (MDGs) پەسندکراوی ساڵی 1382 ئامانجی گۆڕینی جیهانەکەمان: میکانیزمی ساڵی 1409 بۆ گەشەی بەردەوام له ساڵی 1394 لە لایەن ڕێگەی ڕێکخراوی نەتەوەکان خرایه ڕوو بۆ ئەوەی هەتا ساڵی 1409 یارمەتی نەهێشتن و بنەبڕ‌کردنی هەژاری و گەیشتن بە گەشەی بەردەوام بدەن. لە نێوان 17 ئامانجی گەشەی بەردەوام و 169 ئامانجی ژێری ئەو 5-3 “نەهێشتنی هەموو ئاکارە نەریتییە زیانبەخشەکانی وەکوو هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و نووقسانکردنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان”، ئامانجی ژێرلقی 5 گەیشتن به یەکسانیی ڕەگەزێتی و بەتوانا‌کردنی هەر هەموو ژنان و کچان” له خۆ دەگرێت.

ئێران هەتا هەنووکه سەبارەت به بەرهەمه زانستییەکانی پەیوەندیدار به هاوسەرگیریی منداڵان بێدەنگی هەڵبژاردووه. بۆ شیکاریی منداڵهاوسەری له بواری ژیانی کۆمەڵایەتی پرسیارناوه وەک ئامرازی شیکاری سەبارەت به بوارە کۆمەڵایەتییەکان به کار هێنرا: پێش زەمینەی وڵامدەر، ڕەهەندی بنەماڵه و بارودۆخەکەی، باوەڕە ئایینییەکان، ئاستی وابەسته بوون به هاوسەرگیریی منداڵان، بارودۆخی ئایینیی دایک و باوکەکان، ئاستی خوێندەواری، زانیاریی زک‌وزای ژنان و بە باوکبوونی پیاوان، نۆڕمەکانی هاوسەرگیری، تۆمارکردنی، داب و نەریتی هاوسەرێتی، ئاستی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پەیامی پێشگیرانەی هاوسەرگیریی منداڵان، ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان و بڕیاره تاکایەتییەکان، به ئەزموونکردنی توندوتیژی سێکسیی ژنان و ئەزموونی پیاوان له توندوتیژیی خێزانی.

لەم ڕوانگەوه ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه سەبارەت به ئاسەوارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان به سەر هەلومەرجه کۆمەڵایەتییەکان وەکوو وێنەیەکی لێ هاتووه که بوار بۆ خستنه ڕووی پێشنیاری یەکدەست و چالاکیی چاکسازی دابین دەکات.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان تەنیا له داڕشتەی کەلتووری تایبەتی خۆیدایه که بە لۆژیک و عەقڵانییەت دەگا. بە بێ ڕەچاو‌کردنی هەموو بواره کۆمەڵایەتییە باسکراوەکانی سەرەوه هەر چەشنه جووڵەیەک بەرەو باشترکردن و پێشکەوتن بەفیڕۆدانی سەرچاوه، کات و سەرمایەیه.

پێگەی زاڵی هاوسەرگیریی منداڵان لە زنجیرەی نایەکسانیی ڕەگەزێتی لە ژێر کاریگەریی هەژاری، چاوەڕوانی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی کەلتووری و سێکسی، نۆڕمه سێکسییە لاوەکییەکان، کلیشە سێکسییەکان، زەختی کۆمەڵایەتی و گووشارەکانی بنەماڵە بەردەوام درێژەی هەیه. گۆڕینی ئەم بارودۆخە پێویستی بە سیاسەتداڕشتنی نوێ و دۆزینەوەی ڕێکار و قبووڵ‌کردنی ئەو نۆڕمانەیە وا ڕەنگدانەوەیەکن یەکسانیی ڕەگەزێتین.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانین بە شێوازێکی یەکسان هەموو نەخۆشییەکان ساڕێژ و چارەسەر بکەین. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان هەم هۆکار و هەم هۆداری توندوتیژی دژی منداڵانه. دەسەڵاتی زاڵی پیاوانە کە ئارەزووی سێکسی، زک‌وزا و بێچم گرتنی منداڵ‌هاوسەری وەک بژاردەیەک بۆ دەرباز بوون لە هەژاری و توندوتیژی بە پێی ڕەگەز بە کار دەبا، دەبێ ڕەچاو بکرێت. ڕێکاری ئەم دیاردە خەسارەتبەخش و ڕووخێنەرە دەبێ ئەوەندە نەرمی‌نوێن بێ کە بتوانێ جیاوازیی ورد و ئەوەی کە چۆن لە قەڵەمڕەوی جوگرافیایی هەر دەڤەرێک کاریگەر بێ، بخاتە ژێر تیشکی سەرنج. داتا چەندی و چۆنییەکانی سەبارەت به هاوسەرگیریی منداڵان کۆ کراوەتەوە و شرۆڤه کراوه و بە پێی ڕەگەزێتی، شوێنی جوگرافیایی و پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیکەی فاکتەرە کلیلییەکانی دیکە شی کراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسە پیشان بداتەوه. بنەبڕ‌کردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە کاتێک دێتە دی کە زانیاریی بەڕۆژ بدرێ بە ئۆڕگانە حکومییەکان و ئەو بەرپرسانەی کە دەتوانن بڕیاری ژیرانە و گرنگ بۆ ڕێگری لە هاوسەرگیریی پێشوەختە دەربکەن. مەخابن ئەوەی نەبوونی لە سۆنگەی مێژووییەوە لێرەدا بەدی دەکرێ لێکۆڵینەوەی زانکۆیی و ئەو لێکۆڵینەوانەیە وا دەدرێ بە سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی.

هاوسەرگیریی پێشوەختە و وازهێنان لە خوێندن دوو ڕووداوی دووانەن کە خاڵی کۆتایی هاتنی دەرفەتی پێشکەوتن لە ژیانی کچۆڵەکانن. ئەنجامەکانی توێژینەوە لەم بارەوە سەرسام هێنەرن. لەم بوارەدا هۆکاری فرەچەشنی دیکە بە پێی بارودۆخی هەر پارێزگایەک ئاماژەی پێ کراوه. بۆ وێنە هەژاری و نەتوانین لە پێدانی خەرج سەرەکیترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای هورمزگان بوو. لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات مەودای دووری نێوان قوتابخانەکان و گوندەکان هۆکاری سەرەکیی وازهێنان لە خوێندن بوو.

هۆکاری بنیاتی ئەوەی کە بۆچی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە کۆمەڵگای نەریتخوازی ئێران درێژەی هەیە جیهانبینیی پیاوسالارانەیه. ئەمە هەر ئەو هۆکارەیە کە منداڵ‌هاوسەری چەندین نەوەیە لە کەلتووری ئێراندا بەردەوامه. بە پێچەوانەی ئەوەی زۆربەی وڵامدەران (48 لە سەد) پێیان وا بوو کە منداڵ‌هاوسەری دەبێ بووەستێنرێ، هێشتاش زۆرێک لە خەڵک پێداگرانە دەیانسەپاند تەنانەت لە ناو ئەو کەسانەی وا ڕەتیان دەکردەوه. بە ڕای ئەوان دەرکەوتەی زیانبەخشی هاوسەرگیریی منداڵان تێچوویەکی کەمە کە دەبێ بۆ ملکەجێتی نۆڕمەکانی کۆمەڵگای نەریتخواز تەرخان بکرێت.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە ناو کێشمەکێش و توندوتیژیی کۆمەڵایەتیدایە وەک میکانیزمێکی بەرگری سەیری دەکرێت. کاتێک کە نائارامی یان کارەساتی سرووشتی کاریگەری لە سەر وڵاتێک دادەنێ، کچان یەکەمین کەسانێکن کە زەرەرمەند دەبن. دایک و باوکەکان وەک میکانیزمێک بۆ دەست و پەنجە نەرم‌کردن لەگەڵ ئەم نەهامەتییانە پەنا دەبەنە بەر هاوسەرگیریی منداڵان بۆ ئەوەی ڕادەیەک لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ کچەکانیان بەتایبەت ئەو کاتەی کە ئاستی مەترسیی توندوتیژیی سێکسی بەرز دەبێتەوه، دەستەبەر بکەن.

توێژبەندیی کۆمەڵایەتی خۆی بێچم بە هاوسەرگیریی منداڵان دەدات. لەو گوندانەی وا دانیشتووانی لە توێژی سەرتری ئابووریدا بوون، ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان تا دەهات زیاتر دەبوو. ئەم جیاوازییە ئابوورییە وەک ئامرازی پۆلێنبەندیی کۆمەڵایەتی پەرە بە منداڵ‌هاوسەری دەدات. بنەماڵەکان وایان پێ باشە ڕۆڵەکانیان هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانێک بکەن کە هاوچینی ئابووریی خۆیان بێ بۆ ئەوەی زنجیرە پلەی دیسیپلین، دەسەڵات و خۆشگوزەرانی بپارێزن.

کاتێک لە نێوان نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان و تێگەیشتنە ئایینییەکان لێکدژی لە ئارادا بێ، ئەوە دووهەمەییەکەیە کە خۆی لەگەڵ ئەوەی یەکەم ڕێک دەخات. سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختە، لەقەمی کۆمەڵایەتیی لە دەستچوونی ئابڕوو لە کۆمەڵگا و ترس لە تارێنراوی بە هۆی ملکەج نەبوون بە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارەکانی باوبوونی منداڵ‌هاوسەرییه.

داب و نەریتی نەشیاو و باو و نۆڕمە ڕەگەزی، کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمەڵگاکانی ئێراندا بەدی دەکرێ، هاوکاریی بەردەوامبوونی نەریتی منداڵ‌هاوسەری دەکات. لە کۆمەڵگای نەریتخواز کە تێیدا لە دەستدانی پەردەی کچێتی هێشتا تابۆیه، بۆ ڕێگری لە گۆڕینی ئەم تابۆیانە داب و نەریتی پەیوەست بە هاوسەرگیری و دەزگیرانداری بێچمی گرتووه. لە 45.9 لە سەدی حاڵەتەکان بڕیاری هەڵبژاردنی هاوژین لە لایەن بنەماڵە و لە 15.7 لە سەد لە لایەن خزم و کەس یان ئاشنا و ناسیاوەکان دەرکرا بوو. لادان لە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان دەگمەنه. هەر کات کچۆڵە دەگاتە تەمەنێکی تایبەت واته لە سەرەتاکانی تافی مێرمنداڵی وەک حەڕەشەیەک لێی دەڕوانرێ کە دەبێ خێرا هاوسەرگیری بکات.

ژنان بە کەم‌خوێندەواری و دەرفەتی کەمی بەشداریی کۆمەڵایەتی پێگەیەکی سەرکووتکەرانەی یەکسان دەگوازنەوە بۆ کچەکانی خۆیان. بە خافڵبوون لەو گۆڕانەی کە دەیانتوانی بە شێوەی پەنگراو لە ژیانی کچەکانیاندا بەدی بێنن، قوربانیانی منداڵ‌هاوسەری کە ئێستا پاشماوەکانی ئەون، ڕاست هەمان ئاستەنگ هەر بەو شێوەی خۆیان بە ئەزموونیان کردووه، بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆیان دووپاتی دەکەنەوه.

«هەموو کچان لە تەمەنێکەوە بیر لە هاوسەرگیری دەکەنەوه، دایکی نەوەی نوێ بیر لە زانکۆی ڕۆڵەکەی دەکاتەوه. بەڵام دایکانی ڕابردوو بەردەوام دەڵێن کچی فڵان کەس شووی کرد. ئەمە شێوازی بیرکردنەوەی دایکە کە کاریگەریی هەیە تەنانەت ئەگەر باوکیش بەرهەڵستی بکات. ئەگەر دایک سیاسەتی هەبێ ڕازی دەکات. ئەگەر دایک لە ماڵدا باڵادەست بێ دەتوانێت.»

زەهرا، 32 ساڵه هاوژینی شۆڕای شاری عەلەوان، شووش – پارێزگای خووزستان

ئاڵۆزێتی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەبێته هۆی ئەوەی بەرناوەی هاوئاهەنگی سیاسی و یاسایی کاریگەر لە سەر ئاستی ناوچەیی، نیشتمانی و نێودەوڵەتی حاشاهەڵنەگر بێت. کۆمەڵێ ئاراستە سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان لە ئارادایه. هەموو کەس بە شێوەی چارەنووس‎ساز دەورێکی بۆ ئەنجامدان هەیه. ئەمە بەو مانایە کە بۆ بنەبڕ‌کردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەستێوەردانی بەردەوامی درێژماوە کە لەگەڵ یەکتر لە هاوئاهەنگیدان و ڕەنگدانەوەیەکن لە بەتوانا‌کردنی کچان، ئەکتیڤ بوونی بنەماڵە و کۆمەڵگاکان، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و جێگیر‌کردنی یاسا و سیاسەتە شیاوەکان، پێویسته.

سیاسەتدانەران و بەرپرسانی دەوڵەتی هێشتاش ئەم بارودۆخە نائاساییەیان پشتگوێ خستووه. وازهێنان له نکۆڵی گشتی و ڕووکردنه ڕاستییه ئۆبژەییەکان دەبێته هۆی بنەبڕبوونی هاوسەرگیریی منداڵان.

 

تەمەنی یاسایی پێناسه کراو بۆ خوێندنی ناچاری دەبێ هاوئاراستە لەگەڵ تەمەنی لانیکەمی پێناسه کراو بۆ هاوسەرگیری بێت. گۆڕینی یاسا بۆ تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری که له ئێستادا بۆ کچان 13 ساڵ و (9 ساڵ له سەر ئیزنی دادگا) و 15 ساڵ بۆ کوڕانه، پێویستی به زیاد کردن بۆ تەمەنی 18 ساڵانه. تۆمارکردنی فەرمی هەر هەموو ڕێکەوتی له دایکبوونەکان و هەر هەموو هاوسەرگیرییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی هاوسەرگیریی منداڵان پێویسته. تۆمارکردنی فەرمیی هاوسەرگیری هەنگاوێکی بنەڕەتییه بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان.

دەوڵەت دەبێ بوون و شووناسی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بە فەرمی بناسێ و خوازیاری بنەبڕ‌کردنی بێت. دەوری حکومەت و ناوەندەکانی کۆمەڵگای مەدەنی گەشەپێدان و قۆستنەوەی سیستەمی بەردەوام بۆ ڕێگری‌کردن لە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانه. بەم حاڵەوە بە تەنیا هۆگریی دەوڵەتەکان بۆ بەرەنگار بوونەوەی منداڵ‌هاوسەری بەس نییه. وەک چۆن نۆڕمە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان بە سەر نۆڕمە یاساییەکاندا زاڵ دەبن، پابەندییەکی ڕاشکاوانەی دەوڵەتی بۆ دەستەبەریی ئەوەی کە یاسا بەم شێوەی کە پێویستە جێبەجێ بکرێ، زەروورییە. حکومەتەکان بە لە یەکەمایەتی دانانی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و دابین‌کردنی سەرچاوەی دارایی پێویست لە ڕێگەی وەزارەتخانەکان بۆ سازان لەگەڵ ئەم دیاردە مێژووییه، دەبێ چاودێرییەکی سیاسیی بەهێز بۆ ئەم پرسە پیشان بدەن. بەدەر لەمە ئەم حکومەتە دەتوانێ سیاسەتە ڕێکخراوەییەکان پێکەوە هاوئاهەنگ بکا و هەروەها بۆ لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و پڕۆژە هاوبەشەکانی دیکە بوودجە و گووژمەی پێویست دابین بکات. ئەم بابەتە گرنگە پێویستی به ڕێکاری درێژماوەیه نەک چارەسەری خێرا و و کورتخایەن.

بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، وڵامدەران سەبارەت بە ئاسەواری ڕووخێنەر و زیانبەخشی هاوسەرگیریی منداڵان نائاگا بوون یان زانستێکی کەمیان لەم بارەوە بوو. هاوسەرگیریی منداڵان هەم هۆکار و هەمیش هۆداری کەم خوێندەوارییه. گەرچی ئەنجامەکان دەرخەری ئەوە بوون کە هیچ کام لە وڵامدەران کەمترین زانیارییان لە مەڕ تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەبوو، بەڵام بردنە سەرەوەی ئەم لانیکەمی تەمەنییە لە 13 و 15ـوە بۆ 18 ساڵ و گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختە بە خەڵک و ڕاهێنانیان ئەو شتەیە کە چاوەڕوانییەکەی لە دەسەڵات دەکرێت.

دەبێ دەزگای داد بۆ سزادانی ئەو کەسانەی وا دەست دەدەنە کاری منداڵ‌هاوسەری و سزادانی ئەو دایک و باوکانەی کە ڕۆڵەکانیان ناچار بە هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکەن، هەوڵێکی جیدیتر بدات.

کردنە ئامانجی باوکان، دایکان، برایان و مێردەکان لە دەستێوەردانەکانی بابەتی بنەبڕکردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوان بتوانن لە بارودۆخی سێکسی و سوودەکانی پشتیوانی و گرنگیدان به ژنان و کچان بە ئاستێک لە تێگەیشتنی دروست بگەن.

ڕێبەرانی ئایینی فاکتەری کلیلی و بنیاتی گۆڕانن. ئەوان کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سەر باوڕی گشتی هەیە و بەو متمانەی وا لە ناو کۆمەڵگادا وەدەستیان هێناوه، دەتوانن پەسەندبوونی کەلتووری وەدوا خستنی هاوسەرگیری بچەسپێنن. ڕێبەرانی ئایینی بە شێوەی پەنگراو ئەم توانایەیان هەیە کە لە دژی منداڵ‌هاوسەری و گۆڕینی ڕوانگەی کۆمەڵگا هەنگاو بنێن. دەبێ یارمەتی کچانی کەم تەمەن بدرێ بۆ ئەوەی له هەمبەر گەورەساڵان تەنانەت دایک و باوکەکان که ناچار به هاوسەرگیریی بەر له باڵقبوونیان دەکەن بتوانن بەرگری له خۆیان بکەن. کۆمەڵگای زانکۆیی، توێژەران و بلیمەتەکانی لێکۆڵینەوە دەبێ توێژینەوەی بەربڵاو و قووڵتر لە سەر ئاستی نیشتمانی سەبارەت بە شوناس، بڕەو و زیانەکانی توندوتیژیی سێکسی و منداڵ‌هاوسەری ئەنجام بدەن. لە جیهانێک کە لە دژی منداڵ‌هاوسەری ڕاپەڕیوه، هاوسەرگیریی منداڵان لە وڵاتی ئێران هێشتا لە بەر دەم کەمتەرخەمی و نکۆڵیدایه. بە واتایەکی دیکه، نەوەی نوێی بەئاگا و چالاک دەبێ بۆ بەرگری لە خۆی پشتیوانیی کەسانی دەستڕۆیشتوو لە کۆمەڵگاکەی خۆی بە کار بێنێ بۆ ئەوەی بە شێوەی بەرەو پێشچوو هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، بکەن بە دەنگدانەوە و زایەڵەیەک لە داب و نەریتێک کە چیتر باوی نەماوە.

سەبارەت به نووسەر : 

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

 توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:   www.kameelahmady.com

بە ئاوڕدانەوە لە پێکهاتەی ئایینیی زاڵ بە سەر ئێراندا، باڵقبوون و دەستپێکی یەکەم سووڕی مانگانە وەک سەرەتای بازدان لە تافی منداڵییەوە بۆ گەورەساڵی ڕەچاو دەکرێت. گەیشتن بەم سەرەتا فیزیایی و بایۆلۆجیکییە (بە بێ ڕەچاوگرتنی تەمەنی ڕاستەقینەی ئەو کەسە) بە واتای شیاوبوونی تاک بۆ هاوسەرگیرییە. سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە هەر دوو ڕەگەزی کچ و کوڕ دەگرێتەوە، بەڵام ڕاستییەکی تاڵی کۆمەڵگا، دەرخەری ئەوەیە کە لێکەوتە و ئاسەواری دیاردەی منداڵ‌هاوسەری بۆ کچۆڵەکان جیدیتر و مەترسیدارتره. بێگومان سەرمایەگوزاریی کۆمەڵایەتی لە سەر کچان، پەرەپێدانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەوان و دەستەبەر‌کردنی تەندروستی و ڕاهێنان بۆ کچان هێمایەکی ڕوون لە یەکسانی ڕەگەزێتییە کە بوار بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگا بەهێزترەکان دەڕەخسێنێت. ئەگەرچی لە نەبوونی توێژینەوەی سەربەخۆ و پڕبایەخ سەبارەت بە منداڵ‌هاوسەری لە وڵاتی ئێران، زانیارییەکی کەم لەم بارەوە هەیه، ئاماری فەرمی و دەوڵەتیی ئێران گوزارشتە لەوەی کە ساڵانە دەیان هەزار کچ و کوڕی ژێر تەمەن 15 ساڵ لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن. لە ڕاستیدا ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانە زیاتر لەمەیه. لە وڵاتی ئێراندا زۆرێک لە بنەماڵەکان و ئەو پیاوانەی وا زیاتر له ژنێکیان هەیه هاوسەرگیریی خۆیان و هاوسەرگیرییەکانی له تەمەنی کەمدا  تۆمار ناکەن و یان بە شێوەی تۆمارنەکراو دەیشارنەوه.

ئەم توێژینەوه، بە نیازە بۆ یەکەم جار بە پێداگری‌کردن لە سەر فاکتەرە زاڵە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکان باوبوونی منداڵ‌هاوسەری شرۆڤە بکا؛ ئەو فاکتەرانەی وا ڕەنگدانەوەی ئەو نایەکسانییه قووڵ و ڕەگداکوتراوەن که درێژەپێدەری منداڵهاوسەری له ئێرانن. هۆکاری عەقڵانیی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوه، ڕوونکردنەوەی بەڵگە و پەرەسەندنی ئەم ڕفتارە زیانبەخشە لە ئێران و یارمەتیدانی بڕیاردەرانی دەوڵەتییە بۆ ئەوەی لە سەر پشتیوانی داهاتوو لە مافە مرۆییەکانی کچان فوکووس بکەن. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ دەرخستن و زەقکردنەوەی قووڵی پرسی منداڵ‌هاوسەری لە ئێران.

kameelahmady.com

 

 

 دابەزاندن PDFی وتار