خه ته نه یی افرتان

کامیل ئەحمەدی

پوختە

ڕەگ و ڕیشەی خەتەنەی ژنان / شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان (FGM / C) دەچێتەوە سەر فەرهەنگه پیاوسالار و نەریتخوازەکان و ئەزموونێکی هاوبەشە که گۆڕان له کچ‌بوونەوه بۆ ژنبوون پیشان دەدات. ئەمه بەشی دانەبڕاوی کۆمەڵگایەکه که هێشتا پیاوسالاری تێیدا بوونی هەیە. سەرباری ئەمه، پشکی ژنان له بەردەوامێتیی ئەم نەریته وای کردووه که بابەتی پەیوەست به FGM / C زۆر ئاڵۆز و دژوار بێت. ئەم وتاره به پێی پڕبایەخترین ئەنجامه لێکۆڵینەوەییەکان له ئێران بڵاو بۆتەوه، و داتاکانی DHS سەبارەت به ڕوانگەی ژنان و پیاوان بۆ FGM له سەر ئاستی چوار پارێزگای ئێران کۆ کراوەتەوه، ئازەربایجانی ڕۆژاوا تاکه پارێزگایەکە که زۆرینەی ژنان داکۆکی له وەستاندنی ئەم نەریته دەکەن. وڵامدەرانی DHS بۆ درێژەدان بەم نەریته پاساوی جیاوازییان خسته ڕوو، وەکوو پاراستنی پەردەی کچێتی بەر له هاوسەرگیری، وەفاداری پاش هاوسەرگیری، زیاتربوونی چێژی سێکسیی پیاو، زیاتربوونی ڕێژەی زک‌وزا، ڕێگری له مردنی کۆرپه و منداڵی ساوا، پاک‌و خاوێنی و پێویستیی شەرعی، بەڵام نەریت زیاترین هۆکارەکه بوو.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه پیشان دەدا که ئەم کاره زیاتر له لایەن ژنانی بەتەمەن و پیری وەکوو دایک / نەنکی کچه ئەنجام دەدرێ که پێیان وایه ئەم کاره دەبێته هۆی زیاتر دڵخوازبوون و توانای هاوسەرگیری له ناو ئافرەتاندا. ئەو ژنانەی که ئەم کاره دەکەن خۆیان بەرهەمی کۆمەڵگای پیاوسالارن که FGM / C له سەر کچه کەم‌تەمەنەکان ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بەو ستاندارده فەرهەنگییەیە بگەن که بۆ ژنانی ناو ئەم کۆمەڵگایه دیاری کراوه. ئەم توێژینەوه هەستاوه به لێکدانەوەی هەندێ هۆکار که بۆچی سەرەڕای ئەو ئێش و ئازارەی که خەتەنە هەیەتی، ژنان له ئێران له سەر درێژەدان بەم نەریته سوورن.

به هۆی هەستیاریی بابەتەکە، له پلەی یەکەمدا ئاراستەی مێتۆدۆلۆژیک هاوبەشانه بوو. ئەنجامەکان پیشان دەدا که FGM له ناو ژنان و کچانی هەندێ له لادێ دەستنیشان‌کراوەکاندا زۆر بەربڵاو و باوه (خەتەنە له نزیکەی 60 له سەدی ژنانی لادێکانی دوڕگەی قیشم له پارێزگای باشووریی هورموزگان، بەتایبەت گوندەکانی هەر چوار پارێزگای ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوایی، ڕۆژاوا و باشووری ئێران ئەنجام دراوه. (سەرەڕای ئەمانە لە سەر ئاستی ئەم پارێزگایانەدا، FGM له بەشە باکوورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا ناوچەیەک که خەڵکەکەی به زمانی تورکیی ئازەری و کوردیی کرمانجی ئاخافتن دەکەن و لە بەشە باشوورییەکانی کرماشان و لە بەشە باکوورییەکانی پارێزگای هورمزگان خەتەنە ئەنجام نادرێت.) ئەم توێژینەوه ناوبانگی جیهانی دەرکردووه و لە ڕێکەوتی 4ـی جوونی 2015 لە ڕێگەی ماڵپەڕەکانی گاردییەن و بی‌بی‌سی‌ بڵاو بۆتەوه.

ئەم توێژینەوەی سەرەوە هەر زۆر زوو لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ گفتوگۆ‌‌کردن لە ناو ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە 19ی حوزەیرانی (جوون) 2015 لە ژنێڤ مۆڵەتی پێدرا و کامیل ئەحمەدی لە دانیشتنێکدا سەبارەت بە نەهێشتنی نەریتی FGM/C وتاری دا. جگە لەوەش ڕۆیتەرز شیکاریی لێکۆڵینەوەکەی بڵاو کردەوە و وەک یەکێک لە ده‌گمه‌نترین لێکۆڵینەوەکان له قەڵەمی دا که هەتا ئێستا ئەنجام دراوە.

وشە کلیلییەکان: خەتەنەی کچان، یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئایینەکان، یاساکانی ئێران

 

پێشەکی

بەرەنگاربوونەوەی (FGM/C) (کە بە بڕینی کۆئەندامی زاوزێی ژنان ناسراوە) لە سەر ئاستی جیهان پرسێکی مشتومڕبزوێنە و نەهێشتنی ئەم دیاردە یەکێک لە ئامانجە پێویستەکانە کە فێمینیستەکان، چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یوونیسێف و حکوومەتە بەرپرسیارەکان لە سەر نەهێشتنی سوورن. بە گشتی لەم کارەدا بەشێک یان لە هەندێک حاڵەتی زۆر سەختدا تەواوی بەشە دەرەکییەکانی کۆئەندامی زاوزێی ژنان لا دەبرێن. لە زمانی ئینگلیزیدا زاراوەی “خەتەنە‌‌کردنی ژنان” بۆ بەراورد‌‌کردنی ئەم کارە لەگەڵ خەتەنە‌‌کردنی پیاو بە کار هێنراو. بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی چالاکیی چالاکڤانانی فێمینیست لە دژی ئەم کارە، خەتەنە‌‌کردنی ژنان / شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان (FGM) تاکە زاراوەی پەسەندکراوە.

شێوەی توندڕەوانەی FGM دەتوانێ خەسارەتی جیدی بۆ سەر تەندروستیی کچانی لێ بکەوێتەوە، ئەوەی کە زیانێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێ و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا بە هۆی خوێنبەربوونی توند و هەو‌‌کردنەوە دەبێتە هۆی مردن. FGM لە درێژخایەندا کاریگەریی خراپ لە سەر تەندروستیی ژیانی هاوسەرێتیی ژنان دادەنێت. ڕاپۆرتی ئەم دواییەی سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونیسێف) پیشان دەدا کە لە ئێستادا نزیکەی 130 ملیۆن ژن و کچ لە سەر ئاستی جیهاندا دەژین کە  FGM / FGC بە سەریاندا سەپاوە. زۆر لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە 92 ملیۆن کەس لەم کچ و ژنانەی کە خەتەنە کراون ژوور تەمەنی دە ساڵانن و زۆربەیان لە کیشوەری ئەفریقا دەژین.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە ئێستادا لە سەر ئاستی 29 وڵات کە زۆربەیان کەوتوونەتە بەشی ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و باکووری ئەفریقا و هەروەها لە هەندێ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین و ئاسیا و لە ناو هەندێ لە گرووپە پەنابەرەکانی دانیشتووی ئەورووپا، ئەمریکای باکووری و ئوسترالیاش‌دا دیاردەیFGM  ئەنجام دەدرێت. تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی خەتەنە لە سەر ئاستی چەند وڵاتێکدا زیاتر لە 80 لە سەدە. تەمەنی FGM کچان لە فەرهەنگە جیاوازەکاندا جیاوازە. بە گشتی خەتەنە لە سەر کچانی تەمەن ۴ بۆ ١٢ ساڵان ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە هەندێک فەرهەنگدا ئەم کارە لە سەر منداڵی تازە لەدایکبوو یان تەنیا بەر لە هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت. خەتەنە‌‌کردن ڕێوڕەسمێکی کۆن و دێرینە کە هەتا ئێستاش لایەنی مافە سێکسییەکانی ژنان پێشێل دەکات. ئەم کارە بە هۆی هەندێک لەو بیروباوەڕ و نۆرم و ڕوانگە و سیستەمە سیاسی و ئابوورییانەوە کە لە کۆمەڵگاکاندا زاڵن، ئەنجام دەدرێت. سەڕەڕای ئەوەی داتا لە سەر خەتەنەی ژنان لە ئێراندا بوونی هەیە، بەڵام پانتای کار‌‌کردنیان سنووردارە. ئەم توێژینەوە بۆ یەکەم جار ئەنجام دراوە و هەوڵ دەدا بڵاوبوونەوەی FGM لە هەموو ئێراندا تاوتوێ بکا و تەرکیزی ژینگەی لێکۆڵینەوەکەشی بە شێوەیەکی سەرەکی لەو ناوچانەدایە کە خەتەنەی ژنان لەوێ زۆر باوە، واتە پارێزگا ڕۆژاواییەکانی وەکوو ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کوردستان و کرماشان و هەندێ ناوچەی باشووریی پارێزگای هۆرموزگان و دووڕگەکانی.

ژینگە یان پانتای کۆمەڵایەتی

خەتەنە‌‌کردنی ئافرەتان بەشێکی دانەبڕاوی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەنجامی دەدەن، ئەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵاتی پیاوسالاری و کۆنترۆڵ‌‌کردنی ڕەگەزێتی و زک‌وزای ژنان گرینگییەکی زۆری هەیە. لەو کۆمەڵگایانەی کە پێگەی کەسێک لە ناو کۆمەڵگادا بە ملکەجێتی بۆ نەریتی ڕابردووان یان باوباپیرانی باوکی دیاری دەکرێ، خەتەنە‌‌کردنی ئافرەتان دەتوانێ بە دروست‌‌‌کردنی نائومێدی یان ڕێگری‌‌‌کردن لە چالاکیی سێکسی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ژنان، نادڵنیایی پیاوان لە باوک نەبوون کەم بکاتەوە.

خەتەنە وەک جۆرێک لە جۆرەکانی کۆنترۆڵ‌‌کردنی وەفاداریی ژنان، بەتایبەت لەو حاڵەتانەی کە پیاوان دەبێ بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە دوور بن، بەدی هات. سەلام و دی وال ئەم کارە گرێ دەده‌نه‌وه بە قبوڵ‌‌کردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان لە ناو کۆمەڵگا و گرووپەکاندا (سەلام و هاوکارانی، ٢٠٠١). ئەمە هەر ئەو کارەیە کە مێرد و کەس‌وکاریان بە هیوان کچەکانیان خەتەنە بکەن بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتریان هەبێت.

هەر چەندە ئەو کۆمەڵگایانەی کە خەتەنە لە ناویاندا باوە لە زۆر ڕووەوە لە یەکتر جیاوازن، بەڵام زۆرێک لە کچان ئاستی خوێندنیان کەمە و پێگە و ڕیزی کچان لەم کۆمەڵگایانەدا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئەوان وەک هێزی کار و پەروەردەکاری منداڵان لە داهاتوودا. لە هەندێک کۆمەڵگادا بنەماڵەی مێردی داهاتوو نرخی بووک دەدا بە بنەماڵەی بووک و مافی کار و منداڵ لە ژنەکە زەوت دەکا؛ ژنەکە خۆی هیچ ماف و کۆنترۆڵێکی بە سەر ئەوانەدا نییە.

باوەڕێک هەیە کە FGM زک‌وزا لە ناو ژناندا زیاتر دەکا، هەر چەشنە هۆگری و ئارەزوویەک بۆ هاوڕەگەزبازی کەم دەکاتەوە و وەفاداری و دڵسۆزی ژن بۆ هاوسەرە دیاریکراوەکەی زیاتر دەکات. لە زۆر حاڵەتدا توند‌‌کردنی ئەندامی زاوزێ بۆ ڕێگریی لە جووتبوون (infibulation) بە مەبەستی پاراستنی پاکیزەیی و وەفاداریی ژن بۆ مێردەکەی بە دوورینی زارەکی زێ (واژەن) ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەی لە شەوی پەردەدا تەنیا بۆ مێردەکەی بکرێتەوە. ئەمەش وەفاداریی ژن و هەروەها چێژی سێکسیی زیاتر بۆ پیاو مسۆگەر دەکا و بەم شێوە دەبێتە هۆی ئەوەی پیاو زیاتر لە سێکس‌‌‌کردن چێژ وەربگرێت (لیندۆرفێر، ٢٠٠٧). لە هەندێک کۆمەڵگادا خەتەنە وەک بەشێک لە سەرەتای هەڕەتی گەورەساڵی ئەنجام دەدرێت.

لیندۆرفێر لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە پشتڕاست‌‌کردنەوەی هەندێک بیروباوەڕ لە مەڕ تەندروستی و جوانی قسەی کردووە. لەو کۆمەڵگایانەی وا FGM تێیدا باوە کچ و ژنە خەتەنەنەکراوەکان بە پیس و گڵاو لە قەڵەم دەدرێ هەروەها بەو وێنایەوە دەژین کە ئەگەر کۆئەندامی زاوزێی ئافرەت نەبڕدرێ، قەبارەی کلیتۆریسی ژن گەشە دەکات. (لیندۆرفێر ، 2007 ، 48). جگە لەوەش پێیان وایە کۆئەندامی زاوزێی ژن ناشیرین و پیسە و بڕینی ئەم کۆئەندامی زاوزێیە کچان خاوێن دەکاتەوە؛ لەگەڵ ئەوەی هاوسەرگیری دەکا چێشت‌لێنانەکەی حەڵاڵ دەبێت.

خەتەنە‌‌کردن (FGM) ڕێی بردۆتە ناو جوانیی ناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم کارە ئەنجام دەدەن؛ ئەم کۆمەڵگایانە بۆ پاساوی لابردنی بەشێک لە جەستەی ژن چەندین هۆکاریان هەیە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم پاساوانە بە ئایدۆلۆژیا و مێژووی ئەو کۆمەڵگایانەوە گرێ دەداتەوە کە ئەو کارە دەکەن و هۆکاری سەرەکیش نایەکسانیی ڕەگەزی و کۆنترۆڵی پیاوسالارانەی ڕەگەزی ژنانە (سولتانا، ٢٠١٢).

لەم ڕووەوە لیستێکی درێژ لە هۆکارەکان وەکوو چیرۆکی خەیاڵی تا دەگاتە فاکتەرە ئابوورییەکان بوونیان هەیە. هەر چەشنە تێڕوانینێک یان هۆکارێکی جیاواز کە بۆ ئەم کارە FGM بوونی هەبێ، ڕەوتێکی هزریی هاوبەش لە ناو کۆمەڵگا نەریتییەکاندا هەیە کە دەسەڵات لە دەستی پیاودایە و سەرچاوە و دەسەڵات لە ژێر کۆنترۆڵ و هەیمەنەی پیاودایە (ئێسکات، 1999). سەرباری ئەمەش، گشتاندنی ئەوەی کە هەموو ژنان لە ژێر دەسەڵاتی پیاوانن هەڵەیە. پێویستە ئەوە بزانین کە هەندێک لە ژنان لە ڕۆڵە فەرمانبەرییەکانی کۆمەڵگادا بە پلەیەکی دیاریکراو دەسەڵاتیان هەیە و تەنانەت لە سەخت‌ترین بارودۆخەکاندا تووشی ژنانێکی زۆر بەهێز دەبین کە دژی هەموو جۆرە ستەمێک دەوەستنەوە و خەبات دەکەن (بۆتلێر، 2004).

یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی ئابووریی FGM ئەو ژنانەن کە کچان و ژنان خەتەنە دەکەن و پێیان دەوترێ خەتەنەچی. ئه‌وان له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م کارە‌ سوودی ئابووری وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگی داهاته‌که‌یانه‌. لە هەندێک حاڵەتدا لە کاتی ڕێوڕه‌سمیFGM، کچان دیاریی لە دایک و باوک و هاوڕێکانیان وەردەگرن؛ لە بەرامبەردا دایکان و باوکانیش بۆ کچەکانیان کە خەتەنە کراون “نرخی بووک” زۆر زیاتر بە بەراورد بەوانەی کە ئەم کارەیان نەکردووە وەردەگرن.

ئامانج لە توێژینەوە

ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوە سوودمەندبوونی کۆمەڵگاکان لە ئەنجام و پێشنیارەکانی ئەم توێژینەوە و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە حکوومەت و کەسەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی متمانەپێکراو و زیاتر سەبارەت بە بوونی FGM/C لە ئێرانە. دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە بۆ گەیشتن بە دوو ڕوانگەی گرینگتر هاوکاریمان دەکەن. ڕوانگەی یەکەم، دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەبێتە بنەمای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو لە ئێران کە ئەنجامدانی زەرووری و پێویستە. ڕوانگەی دووهه‌م، ئەمە بۆ دروست‌‌‌کردن و زیاد‌‌کردنی وشیاریی سەبارەت بەم پرسە کە پیاوسالاری بنەمای بیروباوەڕە فەرهەنگییەکانە و فەرهەنگ ڕۆڵێکی گرینگ لە بەردەوامبوونی خەتەنەدا (FGM) دەگێڕێ، ئالیکاریمان دەکات.

بەشداریی ژنان لە بەردەوامیی ئەم نەریتە لە بنەڕەتەوە لە سەر بنەمای پیاوسالاری و فەرهەنگە. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستییە هاوکاریی کۆمەڵگای ئێران و لایەنگرانی ڕاستەقینەی منداڵان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکا کە بۆ چارەسەر‌‌کردن و بەرەنگاربوونەوەی پرسی FGM لە ئێران گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست پێ بکەن. لەم لێکۆڵینەوەدا وێڕای دۆزینەوەی ئەو ڕاستییانەی کە پەیوەست بە FGM لە ئێرانن، سەبارەت بە بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم داب‌ونەریتە، ڕادەی ئەم کارە لە ئێران و ڕادەی پاساوهێنانەوەی کۆمەڵگا بۆ درێژەدان بەم کارەش باس کراوە.

 

شێوازەکانی توێژینەوە

زانیارییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە FGM لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ەوە لە ڕێگەی مۆدیولێکی جیاوازی بەرناوەی ڕاپرسیی حەشیمەت‌ناسی و تەندروستی (DHS) کۆ کراونەتەوە. ئەم مۆدیولە ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی لە داتا بەراوردکارییەکان لە سەر ئاستی چەند وڵاتێک بە تایبەت کیشوەری ئەفریقا خستۆتە ڕوو. بەو پێیەی کە بڵاوبوونەوەی FGM (خەتەنە ژنان) لە ئێران لە لایەن UN / UNICEF یان هەر ڕێکخراوێکی دیکەی نێودەوڵەتییەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بۆیە بۆ جێبەجێ‌‌کردنی یەکەم پڕۆژەی کۆ‌‌کردنەوەی داتاکان لە سەر ئاستی سەرتاسەری ئێران مۆدیولێکی هاوشێوەی DHS بە کار هێنرا. ئاراستەی ئەو میتۆدۆلۆژییەی کە لەم لێکۆڵینەوەدا گیراوەتە بەر بە هۆی بابەتی بەرباس زیاتر هاوبەشانە بوو. بۆچوونی ژنان و کچان، بەتایبەت بۆچوونی قوربانییە ڕاستەقینەکان لە سەر بنەمای ئەم چوارچێوە میتۆدۆلۆژییە تاوتوێ کرا، بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ڕەنگدانەوەی بۆچوونە ڕاستەقینەکانیان بن. زمانی دیمانەکان سادە و بەکارهێنەرخواز بوو بۆ ئەوەی هیچ ناڕوونی یان خراپ‌تێگەیشتنێک لە نێوان بەشداربوواندا بوونی نەبێت. بەو پێیەی کە ئەم توێژینەوە لە ماوەی دە ساڵدا ئەنجام دراوە، شێوازی کار لە درێژەی توێژینەوەدا بە بەدەستهێنانی ستراتیژی نوێ ڕێک خرا.

بۆ کۆ‌‌کردنەوەی زانیاری بە شێوازی DHS و ڕاپرسییە هێشووییەکان نیشاندەری فرەچەشنی DHS &UNICEF پرسیارناوەی ستانداردی شێوازی یونیسێف بە کار هێنرا. خاڵە گرینگەکە ئەوەیە کە پەیوەندیی و تۆڕسازیی باش ئەو هەلە بۆ توێژەران دەڕەخسێنێ کە خەڵکی ناوچەکە و بەشێک لە کۆمەڵگا و ڕێبەرانی ئایینی و ژمارەیەک لە ئاکادیمییان پاڵپشتیان بن. کەسانی ناوچەکە هەڵبژێردران و ئامانج ئەوەیە کە ئەوان بە ستانداردە ئەخلاقییەکان پابەند بن و نهێنییەکان بپارێزن.

 

وەک مای (1997) وتوویەتی، ستانداردە ئەخلاقییەکان لە توێژینەوەدا” زۆره‌ملین، بۆیە پێویستە بە بێ گوێدانە مەرجەکانی توێژینەوە پێیان پابەند بین؛ ئەم پێوەرانە بەرپرسیارێتییەکانمان بەرامبەر بە کەسانی بەرتوێژینەوە وەبیر دەهێننەوە. ناوبراو دەشڵێ بۆ بەشداربووان ئەوە ئاسانترە کە بە زانیاریی تەواو لە بارەی توێژینەوە و بە دڵنیاییه‌وه بەشداری لە توێژینەوەکەدا بکەن.

لەم توێژینەوەدا بەشداربووان ڕازی کران و بەر لە دەست‌پێکردنی توێژینەوەکە ڕوون‌‌کردنەوە لە سەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی داتاکان و ئامانجەکانی درا. لە هەندێک حاڵەتدا دیمانەکان بە بەکارهێنانی هەمان ستاندارد و لە ڕێگەی تەلەفۆن و بە شێوەی ئامادەنەبوونی ئەنجام دراون.

بەگشتی 4 هەزار دیمانە لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هورموزگان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و کوردستان ئەنجام دراوە. لە هەر پارێزگایەکدا 1000 دیمانە ئەنجام دراوە کە 750 ژن و 250 پیاو بوون. هەروەها بۆ یەکەم جار لە ئێران، بۆچوونی پیاوانیش لێک دراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئەوان لە بەردەوامیی خەتەنە‌‌کردنی ژنان (FGM) تاوتوێ بکرێت.

تێبینییە ئەخلاقییەکان

ڕەزامەندیی نووسراوی ئاگادارانە لە هەموو وەڵامدەرەکان وەرگیرا. نەناسراوی و نهێنی‌بوونی داتاکان تەنیا بە دەستنیشان‌‌‌کردنی کۆدی وەڵامدەرەکان و دوورخستنەوەی ناسێنەرە تایبەتەکان لە داتاکان، هەروەها سنووردار‌‌کردنی دەستڕاگەیشتن بە کۆمەڵە داتاکان لە لایەن توێژەرانەوە د ەستەبەر کرا.

سیاسەتەکانی فەرهەنگی FGM لە ئێران

ئه‌م توێژینەوە‌ گشتگیرە پیشان ده‌دا که‌ FGM له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کانی هەر سێ پارێزگا خۆراواییەکە و پارێزگایەکی باشووری ئێران بەربڵاو و برەودارە: ئازه‌ربایجانی رۆژاوا (باشووری پارێزگا کە کوردنشینە)، پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و هورموزگان و دووڕگه‌ نزیکەکان‌، زۆرینەیان شوێنکەوتووی ئایینی شافیعی سوننەن و پێکهاتە تایبەتە شیعەکان لە پارێزگای کوردستان دەژین.

دیکەی پارێزگاکان کە ماون تێکەڵەیەک لە ئایین‌زاکانن، لەوانە سوننە، شیعە و دانیشتووە ئایینی و ئایین‌زاییەکانی دیکە، وەکوو کەمینە گەورەکانی شیعەی ئازەری تورکیا و کەمینە بچووکەکانی تورکی ئەهلی حەق (لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لە نێوان شارەکانی مەهاباد و میاندواو) و جگە لەوەش، کۆمەڵێکی بچووک لە مەسیحییە ئەرمەنییەکان لە ورمێ و کوردانی شیعەی کەلهووڕ، هەروەها کوردانی ئەهلی حەق لە ناوچەکانی کرماشان کە ئافرەتان خەتەنە ناکەن. بەڵام لە ئێستادا هەندێک لە ژنانی شیعە کە لە نزیک ناوچە سوننەکانی پارێزگای هورموزگان دەژین، خەتەنە ئەنجام دەدەن و لە ڕابردووشدا زۆرێک لە ژنانی کوردی شیعە لە پارێزگای کرماشان و ئیلام خەتەنەیان (FGM) ئەنجام داوە.

گرینگە جەخت لەسەر ئەم خاڵە بکەینەوە کە FGM بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو کوردە سوننەکانی مەزهەبی شافیعی کە بە شێوەزاری سورانی قسە دەکەن باوە نەک لە ناو کوردانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و عێراق و تورکیا و کوردستانی سووریا کە بە زمانی کرمانجی ئاخافتن دەکەن، تەنانەت ئەگەر شافیعیش بن. بە هەمان شێوە کوردانی ئەهلی حەق، عەلەوی، ئێزدی یان کەمینەی کوردەکانی وڵاتی ئەرمینییا و هەروەها ئەو کوردانەی کە ناچار بوون بەرەو ڕۆژهەڵات و باکووری ئێران کۆچ بکەن، FGM ئەنجام نادەن.

لە ناو ناوچە کوردنشینە زاراوە کرمانجییەکاندا و یان لە ناوچە بەرفراوانەکانی نیشتمانی سەرەکیی کوردستانی ئێراندا، FGM (خەتەنەی ژنان) ئەنجام نادرێ و لە درێژەی سێ نەوەی ڕابردوودا هیچ بەڵگەیەک نەبووە کە بوونی FGM (خەتەنەی ژنان) پشتڕاست بکاتەوە. هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا جەخت‌‌‌کردنە سەر ئەم خاڵە زۆر گرینگە کە لە کوردستانی ئێراندا بە دەگمەن FGM ئەنجام دەدرێ و ئەمەش بوونی گۆڕانکاریی زۆر لە نێوان ناوچە جیاجیاکان و تەنانەت گوندە جیاوازەکاندا پیشان دەدات.

سەبارەت به ناوچەی باشووری ئێران، دیار نییه که FGM چۆن هاتۆته ناو ئەم ناوچە. بۆچوونێک هەیە کە دەڵێ  خەتەنە (FGM) لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی دەریایی لە نێوان هیندستان و سۆمالییەوە هاتۆتە ناو ئێرانەوە )موهاجر­، (2010  و لە ئێستادا هەندێک کۆمەڵگەی بچووکی ئێرانی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی لە قیشم دەژین.

جگە لە ناوچە باشوورییەکانی ئێران، لە بەشێک لە لادێکان و ناوچە گوندنشینەکانی رۆژاوای ئێران و هەروەها لە پارێزگای کوردستان و کرماشان و لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژاواش FGM (خەتەنەی ژنان) ئەنجام دەدرێت. لە هەندێک ناوچەدا، کچان لە نێوان تەمەنی سێ بۆ شەش ساڵیدا بە تیغی ڕیش‌تاشی یان چەقۆیەکی تیژ “خەتەنە دەکرێن”، دواتر هەندێک خۆڵەمێش یان ئاوی سارد دەخرێتە سەر ئەندامی زاوزێیان (هەر چەندە ئەم شێوازە تا دێ زیاتر دەگۆڕێ و زیاتر مادەی پزیشکیی وەکوو پەدی بیتادین و باند بە کار دەهێنرێت). بەشێک لە خەڵکی خۆجێی ئەو ناوچانە، لەوانە پارێزگای هورموزگان، پێیان وایە خەتەنە نەریتی حەزرەتی محەمەدە و ژنانی خەتەنەکراو کە ئەم نەریتەیان بە سەردا سەپاندوون پاک دەبن. بە بڕوای ئەم گرووپە باوەڕدارانە، FGM بە کەم‌‌کردنەوەی ئارەزووی سێکسی و پاراستنی پەردەی کچێنیی پێش هاوسەرگیری، پاکیزەیی کچان دەپارێزێ و دەیانکا بە هاوسەرانێکی ئیماندار.

یەکێکی دیکە لە داب‌ونەریتە خۆجێییەکان کە لە ناوچە سنووردارەکاندا بەناوبانگە چل تیغە (هەندێک کەس پێیان وایە کە چل تیغ پاڵنه‌ره سێکسییەکانی کچان دادەمرێنێ و بۆنیان بۆ پیاوان خۆشتر دەکا و لێرەوە ئەوان زیاتر لە ڕووی سێکسییەوە سەرنجڕاکێش دەبن. لە باشوور و ڕۆژاوای ئێران هەندێک لە خەتەنەچییەکان بۆ ئەو دایک و باوکانەی کە بەرگەی بینینی ڕەنج و ئازاری منداڵەکەیان ناگرن، بە تیغی ڕیشتاشی بە حاڵ ڕانی کچە دەڕووشێنن کە بەم کارە دەڵێن تیغی محەمەدی. )موهاجر­، 2010( .

بەشێک لە ژنانی گوندە جیاجیاکانی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان پێیان وایە پێویستە کچان خەتەنە بکرێن یان لانیکەم بە کەمێک خوێنبەربوونەوە ببڕدرێن. خوێنی پیس لەبەر هۆکاری ئایینی و تەندروستی لە منداڵەکە دەردەهێنرێت (بە زاراوەی ناوخۆیی ئەم کارە پێی دەوترێت پاژەڵە).

بەشێک لە شارۆمەندانی بەندەری کۆنگ پێیان وایە ژن بوونەوەرێکی نگریس و شەیتانییە و تەنیا بە خەتەنە‌‌کردن دەتوانرێ لە شەیتان رزگار بکرێت (جه‌لالی، 2007). بەندەری کۆنگ کەوتۆتە ۵ کیلۆمەتریی بەندەر لەنگێ لە باشووری ئێران. لە بەندەری کۆنگ ئەو کچانەی کە تەمەنیان ۴٠ ڕۆژ یان زیاترە بە تیغی ڕیشتاشین خەتەنە دەکرێن. بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە لایەن پەریسا ڕەزازادەی جەلالییەوە ئەنجام دراوە، ٧٠ لە سەدی کچانی ئەم شارە بەندەرییە خەتەنە کراون.

زۆربەی ئەو گرووپانەی کە لە ئێران ئافرەتان خەتەنە دەکەن ئایین بۆ پاساودانی ئەم کارە دەقۆزنەوە. ئەوان بە گشتی پێیان وایە لە یەکەم ساڵەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا کە ژنان و کچانی پێغەمبەر و ئیمامەکان خەتەنە دەکران، خەتەنەی ژنان باو بووە. هەندێکی دیکە زیاتر بەڵگەی ئەوە دەهێننەوە کە ئەمە ئەرکێکی ئایینی و نەریتییە و لە بەر ئەوەی دایک و داپیریان ئەو کارەیان کردووە، ئەوان درێژە بەم نەریتە دەدەن، بەڵام زۆربەیان لە لێکەوتە پزیشکییەکان و مەترسییە تەندروستییەکانی خەتەنەی ژنان بێ‌ئاگان (جه‌لالی، ٢٠٠٧) .

FGM (خەتەنەی ژنان)، تەنانەت دوای ئەوەی چووە ناو لیستی کارە FGMه‌کانەوە، هێشتا لە ئێراندا بابەتێکی تابۆیە (عه‌له‌وی و شووارتز­، 2015). وەزارەتخانە حکوومییەکان یان نکۆڵی لە بوونی خەتەنەی ژنان دەکەن یان لە خەڵک دەیشارنەوە. لە ڕاپۆرتی سەرۆکی ئەنجومەنی زانستیی یاریدەدەرانی کۆمەڵایەتیی ئێران هاتووە کە FGM کێشە و بابەتێکی پەیوەست بە کەلتووری ئەفریقایە و لە ئێراندا وەک گرفتێکی ئەوتۆ سەیر ناکرێت. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ئێران FGM تەنیا لەو چەند گوندە ئەنجام دەدرێ کە حەشیمەتی ئەو گوندانە کەمتر لە 2 هەزار کەسه.

ئەنجامەکانی توێژینەوە

دۆزینەوەی ئەوەی کە چۆن تێڕوانینی ژنان و پیاوان سەبارەت بە خەتەنەی ژنان کاریگەری لە سەر مانەوە و بەردەوامبوونی FGM دادەنێ و هەروەها دیاری‌‌کردنی ئەوەی کە کێ ڕۆڵی بەرچاوی لە بڕیاری بەردەوامبوونی خەتەنەی ژناندا هەیە زۆر گرینگە. ئەم توێژینەوە بۆ بەدەستهێنانی ڕاستییەکان پرسیارناوەیەکی بە کار هێناوەکە فوکووسی خستۆتە سەر ڕەگەزێتی. داتاکان دەریدەخەن کە دیارترین کەس لە دیاری‌‌کردنی ئەوەی کە کچێک خەتەنە بکرێ یان نەکرێ، ژنانن کە زۆربەیان دایک یان داپیرەن، بەڵام هەندێ جار ڕەنگە خزمێکی ژنیش بەشدار بێت؛ پیاوان دەستیان لەم نەریتەدا دەڕوا، بەڵام قسەی ئەوان زۆر گرینگ نییە.

سەبارەت بە پاڵپشتیی گشتی لە FGM، ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم ڕێژە لە ناو ژنانی هورموزگان، دووڕگەکانی قیشم و لاراک دەگاتە ۴۴ لە سەد ، لە کاتێکدا ئەم ڕێژە لە ناو پیاواندا ٣٣ لە سەدە. ڕادەی پاڵپشتی لە پاوە (21 لە سەدە) و لە جوانڕۆ (10 لە سەدە) لە کرماشان کەمترە. ئەنجامەکان پیشان دەدەن کە سەرەڕای سروشتی پیاوسالاری کۆمەڵگا، پیاوان بە بەراورد لەگەڵ ژنان کەمتر نیگەرانی FGMن. بەڵام ژنان هەست بە گوشاری بێدەنگی پیاوسالاری دەکەن و هەر بۆیە ناچارن درێژە بەم داب‌ونەریتە بدەن. وەک ئەم داتایانە نیشان دەدەن ژنان خۆیان لە بەردەوامبوونی خەتەنەی ژنان ڕۆڵیان هەیە. داتاکان سەبارەت بە ڕوانگەی پیاوان دەریدەخەن کە پیاوان بە بەراورد لەگەڵ ژنان کەمێک زیاتر لایەنگری وەستاندنی FGMن و ئەو پیاوانەی کە پێیان وایە پێویستە ئەو کارە بووەستێنرێ، نزیکەی دوو قات زیاتر لە ژنان باس لە زیانە لاوەکییە پزیشکییەکانی FGM و تێرنەبوونی سێکسی دەکەن.

یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە کاریگەری لە سەر بەردەوامبوونی FGM دادەنێ، بەرژەوەندیی ئەو خەتەنەچییانەیە کە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بوونیان هەیە و تاکە سەرچاوەی بژێویی ژیانیان وەرگرتنی پاداشتی دارایی ئەنجامدانی ئەم کارەیە. FGM (خەتەنە‌‌کردنی ئافرەتان) لە ئێران لە لایەن سێ تاقمەوە ئەنجام دەدرێ: گرووپە قەرەجەکان، خەتەنەچییەکان و ئەندامانی خێزان (ژنانی پیر و بەساڵاچوو).

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەریانخست کە ئەم کارە زیاتر لە لایەن ژنانی بەساڵاچوو لە ژێر چاودێریی دایک / داپیرەی کچەکە ئەنجام دەدرێ،کە پێیان وایە ئەم کارە کچان دڵخوازتر و بۆ هاوسەرگیری بەتواناتریان دەکات. ئەو ژنانەی کە ئەم کارە ئەنجام دەدەن هەر خۆیان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای پیاوسالاریین کە FGM/C لە سەر کچۆڵەکان ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بەو ستانداردە فەرهەنگییەی کە لەم کۆمەڵگایانە بۆ ژنان و کچان دیاری کراوە بگەن.

سیناریۆ لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە. لە هورموزگان، FGM زیاتر لە لایەن پزیشکە نەریت‌خوازەکان بۆ وێنە خەتەنەچییەکان ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە هەندێک ناوچە یان شوێنی دیکەدا، ڕەنگە ئەندامانی خێزان دەستێوەردان بکەن. لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، خەتەنەی ژنان بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن گرووپە قەرەجەکان ئەنجام دەدرێ کە بە شێوەی نایاسایی لە کوردستانی عێراقەوە بەرەو پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا گەشت دەکەن، لە کوردستانی ئێران لە هەمان ناوچە نیشتەجێن بەڵام لە دەستگیرکران لە لایەن پۆلیسی سەر سنووری ئێرانەوە (بە هۆی نەبوونی په‌ساپۆرت/ ڤیزا) دەترسن.

ئەم گرووپانە بە ئەنجامدانی FGM لە ناوچەکەدا داهاتێکی باش بەدەست دەهێنن. ئەوان شێوازی پارێزراو و بێ‌مەترسی بە کار ناهێنن کە ئەمە نەخۆشی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە. جگە لە گرووپە قەرەجەکان، پرۆسەیەکی جیاواز لە نێوان ئەندامانی خێزان و پزیشکە نەریتییەکانیشدا بەدی کراوە. لە گوندەکانی کرماشان و کوردستان FGM لە لایەن پزیشکانی نەریتییەوە ئەنجام دەدرێ، هەر چەندە گرووپە قەرەجەکان و خەتەنەچییەکان لە هەندێک گونددا کار دەکەن. لە هەر حاڵەتێکدا خەتەنەچی ژنە.

ئەمه بەشی دانەبڕاوی کۆمەڵگایەکه که هێشتا پیاوسالاری تێیدا بوونی هەیە. سەرباری ئەمه، پشکی ژنان له بەردەوامێتیی ئەم نەریته وای کردووه که بابەتی پەیوەست به FGM / C زۆر ئاڵۆز و دژوار بێت. لە کۆی هەر چوار پارێزگا ڕووماڵ‌کراوەکە، ئازەربایجانی ڕۆژاوا تاکه پارێزگایەکە که زۆرینەی ژنان لایەنگری وەستاندنی ئەم نەریتەن. وڵامدەرانی DHS بۆ درێژەدان بەم نەریته پاساوی جیاوازییان خسته ڕوو کە ئەم پاکانانە درێژەپێدەری نەریتی خەتەنەی ژنانە، وەکوو پاراستنی پەردەی کچێتی بەر له هاوسەرگیری، وەفاداری پاش هاوسەرگیری، زیاتربوونی چێژی سێکسیی پیاو، زیاتربوونی ڕێژەی زک‌وزا، ڕێگری له مردنی کۆرپه و منداڵی ساوا، پاک‌و خاوێنی و پێویستیی شەرعی، بەڵام نەریت زیاترین هۆکارەکه بوو. بەشی خوارەوەی ئەم وتارە بە کورتی  هۆکار و پاساوەکانی ڕوانگەی هاندەرانەی ژنان بۆ خەتەنە دەخاتە ڕوو.

باس‌‌کردنی ئەو هۆکارانەی کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن

گومان لەوەدا نییە کە لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە بە شێوەی بەرفراوان FGM ئەنجام دەدرێ، ژن و پیاو پشتگیری لێ دەکەن و ئیدانە‌‌کردن و ئازار و ئەشکەنجە و تاراندن ئەو سزایانەن کە بۆ دژبەرانی ئەم نەریتە دیاری کراوە. ئەمە هێمای نایەکسانیی جێندەرییە کە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانیی ناو ئەم جۆرە کۆمەڵگایە درێژەپێدەرین. ئەم دەقەی خوارەوە هێمای گشتیی ئەو دەورەیە کە کۆمەڵگا و دیکەی کاراکتەرە گرینگەکان لە پەرەسەندنی FGM دەیگێڕن. کەواتە ژنان دەبێ باجی خۆیان لە بەردەوامبوونی FGM بدەن.

FGM هەر وا بە ئاسانی بڵاو نەبووەتەوە. ئەم کردارە تێهەڵکێشی نهێنی و سیحر و ترس کراوە. ئەو ژنانەی کە خەتەنە دەکرێن، لە لایەن کۆمەڵگاوە پشتگیری دەکرێن و خاڵی تایبەت وەردەگرن؛ ئەوان هاوسەرگیری دەکەن و لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە دەستیان بە سەرچاوەکانی کۆمەڵگا دەگات. هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە FGM تێدا ئەنجام دەدرێ، بابەتێکی هاوشێوەیان لە چەمکی بوونە ژن و بەرز‌‌کردنەوەیان بۆ ئاستێکی بەرزتر هەیە. لە ڕووی ڕۆڵی ڕەگەزییەوە، FGM جیاوازیی نێوان ڕەگەزەکان لە ئامادەبوون بۆ ڕۆڵی داهاتووی ژیان و هاوسەرگیری دیاری دەکات. لە هەندێک کۆمەڵگادا کاتێک کەسێک ئەندامی گرووپێکی نەتەوەییە، زۆر جار ناچارە هەندێک دەروەستیی تایبەتی هەبێ بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامێکی تەواو لەو گرووپەدا.

ئەم دەروەستی و پابەندییانە زیاتر بریتییە لە پەیڕەو‌‌کردنی یاسا و ڕێساکانی هەر گرووپێک بۆ یارمەتیدان و بەرگری‌‌‌کردن لە بنکەی فەرهەنگیی گرووپەکان. لە زۆربەی بنه‌ماڵه ئەفریقییەکاندا شوناسی فەرهەنگی یان گیرۆده‌بوون بە گرووپێک یان ڕەچەڵەکێک زۆر گرینگە. بە لە بەر چاوگرتنی ئەوەی کە دایک و باوک دەیانهەوێ منداڵەکانیان ببنە بەشێک لە کۆمەڵگا و فەرهەنگەکە بگوازنەوە، FGM لە سەر قبوڵ‌‌کردن و یەکپارچەیی  تەواوی کۆمەڵایەتیی ژنانە چڕ بووه‌ته‌وه و پێگەیەکی زۆر بەنرخ بە کچەکە یان ژنەکە و هەروەها خێزانەکەی دەدات. بۆ ژنێک کە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا دەژی و هەلی دەستڕاگەیشتنی بە زەوی یان پەروەردە و هیچ پێگەیەکی دەسەڵاتی ئەوتۆی نییە، هاوسەرگیری بۆ مانەوە و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان ئامرازی سەرەکییە – و FGM پێش‌مەرجی هاوسەرگیرییە.

سەرەڕای ئەو بیروباوەڕانەی کە پەیوەندییان بە FGM هەیە و لە منداڵییەوە بە قووڵی لە مێشکی کچاندا چەسپاوە، ئەو پشتگیرییە کۆمەڵایەتییەی کە پەیوەندی بە FGMەوە هەیە و ئەو سزایەی کە ژنان لە ئەگەری ئەنجام‌نەدانی FGM ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەڤیازی و سوودەکانی ئەنجامدانی FGM بە بەراورد لەگەڵ کێشە جەستەییەکانی باشترە. کەواتە دەبێ لە ڕوانگەیەکی زۆر ئەرێنییەوە سەیری FGM بکرێ و ئەمەش دەتوانێ ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی ژنان درێژە بەم نەریتە دەدەن و خۆیان لەگەڵ خەتەنە‌‌کردنی کچەکانیان دەگونجێنن.

ڕەنگە پاکیزە‌بوونی کچێک لە توانای خێزانی کچەکە بۆ ڕێکخستنی هاوسەرگیری و وەرگرتنی نرخی بووک و هەروەها شەرەفی خێزانەکە گرینگ و پێویست بێت. لەم پانتایەدا دایک و باوک قفڵ‌‌کردنی ئەندامی زاوزێ وەک ڕێگرێک لە بەر دەم جووتبوونی سێکسی (infibulation) سەیری دەکەن و هاوسەرگیریی پێشوەختە بە ئامرازێک بۆ “پاک”مانەوەی کچەکەیان و لە ئەنجامدا شایەنی نرخ و ڕێزی بووک دەزانن.

FGM چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری و پەروەردەیی و سیاسی هەیە. دایکان ئەم شێوازانە گرێ دەدەنەوە بە بەتوانا‌‌کردن و بەهێز‌‌کردنی کچەکانیان و یارمەتی کچەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن و ڕێزی بنەماڵە بپارێزن. بیروباوەڕی فەرهەنگی لە ئەنجامدانی خەتەنە لە ڕووی ڕەگەز و ڕەگەزێتییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە FGM بەهێزتر و تۆکمەتر بێت. ئەوان ئەم کردارە بە جوانی و حەیا و پاک‌وخاوێنیی ژنان دەبەستنەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لە هەندێک لەم کۆمەڵگایانەدا، کچێک کە خەتەنە دەکرێ خوازبێنی بۆ هاوسەرگیری زیاترە.

خواستی ژنان بۆ سازگاری و خۆگونجاندن لەگەڵ نۆرمەکانی ژنانی دیکە لەوانەیە وایان لێ بکا کە تامەزرۆی خەتەنە‌‌کردنی کچەکانیان بن، چونکە ئەو ژنانەی کە کچەکانیان خەتەنە نەکراوە، ڕەنگە گاڵتەیان پێ بکرێت و پشتگوێ بخرێن. لە هەر حاڵەتێکدا زۆر جار خواستی کچ هیچ کاریگەرییەکی نییە، چونکە ئەوە بنەماڵەکەی واتە دایکی یان کەس‌وکاری گەورەتری ژنەکەیە کە بڕیاری خەتەنە‌‌کردن یان خەتەنەنە‌‌کردنی کچێک دەدات.

لە ڕاستیدا کچان بژاردەیەکی زۆر کەمیان لە بەر دەستە. ئەوان بە هۆی تەمەنیان و نەخوێندەواری و پێداویستییه‌کان، بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان پشت بە دایک و باوکیان و دواتریش بە مێردەکانیان دەبەستن. لەوانەیە ئەو کچانەی خۆڕاگری دەکەن بە زۆر ببڕدرێن. ئەگەر بە خەتەنەنەکراوی بمێننەوە و خێزانەکانیان نەتوانن هەلی هاوسەرگیرییان بۆ بڕەخسێنن، لەوانەیە بە بێ هیچ یارمه‌تیێکی بژێوی لە لایەن خێزانەکانیان دەربکرێن. زۆرێک لە کچان بە هۆی نەبوونی مافی هەڵبژاردن و کاریگەریی بەهێزی نەریتەوە، خەتەنە‌‌کردن وەک پێویستی و تەنانەت وەک بەشێکی سروشتیی ژیان قبوڵ دەکەن و گرینگی بە لۆژیکی خەتەنە دەدەن.

ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش کە لە کاتی توێژینەوەکەدا بەدی کرا ئەوەی دەرخست کە FGM بە بێ هیچ یارمەتی یان دەستێوەردانێکی پیاوان ئەنجام دەدرێت. لە زۆر ناوچەدا بە نهێنی خەتەنە ئەنجام دەدرێ، بەڵام زۆربەی پیاوان لە بوونی FGM ئاگادارن. وادیارە زۆرینەیەکی بەرچاوی پیاوان لە ناوچە کوردنشین و باشوورییەکان ئاگاداری ئەم کارە بن. تێوەنەگلانی پیاوان تەنیا لەم لایەنەدا قەتیس نابێتەوە و زۆریش لەبارەی ژنانەوە نازانن. زۆرێک لە ژنان لە بارەی سێکسەوە لەگەڵ مێردەکانیان قسە ناکەن.

زۆرێک لە توێژینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە پیاوان لەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە تەندروستیی زاوزێی ژنەوە هەیە بێ‌ئاگان؛ لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا ئەم بابەتە بە ژنان یان بە “نهێنی” دادەنرێ و پیاوان لەم بابەتەدا هیچ قسەیەکیان نییە. پیاوە کاریگەرەکانی ئەم گرووپە پیاوانی ئایینی و پێش‌نوێژەکانن کە بە هۆی سوودە زۆرەکانی بۆ ژنان و پەیوەندییەکەی بە ئایینەوە بانگەشە بۆ خەتەنە دەکەن.

ئاماژە بە ڕوانگە و پاساوەکانی هەندێک لە ژنان کە خەتەنە کراون زۆر سەرنجڕاکێشە. بە وتەی ئەوان ئەوانەی خەتەنە نەکراون “ژنێکی تەواو” نین. لە ڕوانگەی ئەوان، خەتەنەی ژنان ئەو شتەیە کە دەبێ ئەنجام بدرێ، کەرامەت و گەورەیی بۆ ژنان و کچان دێنێ و داوێنپاکیان دەکات. ژنان قه‌ت خەتەنە بە چه‌لێنج ناکێشن، چونکە بە بەشێک لە ژیانی خۆیانی دەزانن کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی‌تر دەگوازرێتەوە. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە FGM زیاتر ئەو کاتە ئەنجام دەدرێ کە کچەکە منداڵە و هیچ بژاردەیەکی نییە و زمانی دەربڕینی ناڕەزایەتی نییە. بۆ مانەوەی ئەم زنجیرە، بەرگەی هەر هەمان ئەو خەسارەتانە دەگرن کە کچەکانیان بۆ هاوسەرگیری بە ناچاری دەزانن.

ناکرێ هۆکارە ئابوورییەکان پشتگوێ بخەین؛ ئەوان یەکێک لە گرینگترین پاساوەکانی ئەم کارەن. لە هەندێک کۆمەلگادا کە ئەم کارە پەیڕەو دەکەن، بە هۆی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی ئەم فەرهەنگەوە، کچێکی خەتەنەنەکراو دەبێتە بارگرانیی ئابووریی قورس بە سەر خێزانەکەیدا و شایه‌نی هاوسەرگیری نییە. لە ئەنجامدا کچەکە ناتوانێ “نرخی بووک” بۆ دایک و باوکی وەربگرێت. جگە لەوەش هەندێک‌جار زانایانی بانگەشەکاری ئایینی (بە ژن و پیاوەوە)، سەرکردەکانی کۆمەڵگا، بەرپرسی گوند، خزمەتکاران / خەتەنەچییە نەریتییەکان، قەرەج و خەتەنەکاران لە پەرەپێدانی FGM، لە ناوچە گوندنشینەکان و خەتەنەکاران ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و دیار دەگێڕن، بۆ ئەوەی لە بوونی داهاتی تەکووزی خۆیان دڵنیا بن.

تا زیاتر خەتەنە ئەنجام بدرێ، ئەم خەتەنەچییە نەریتییانە سوودی دارایی زیاتر وەردەگرن. جگە لەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی نیازپاکییان. کەواتە هاوکارییەکانیان دەتوانێ لە ڕێگری‌‌‌کردن و نەهێشتنی خراپترین جۆرەکانی FGM ڕۆڵێکی زۆر گرینگ بگێڕێت. ڕێگری‌‌کردن لە FGM پەیوەندی بە گۆڕینی ڕوانگەی ئەم کەسانە لە ڕێگەی پێدانی داهاتی هەمیشەیی هەیە؛ هەر بۆیە کرێکارانی گەشەپێدان پەیوەەندیی نزیکیان لەگەڵ ئەم چاودێرانی منداڵ‌بوونانە هەیە بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بکەن کە ڕۆڵی خۆیان لە ڕێگری‌‌کردن لە خەتەنە‌‌دا (FGM) بگێڕن.

لە کاتێکدا کە نەریتی FGM لە بواری ژناندا ماوەتەوە و بە گشتی ژنان وەک ترازێنەر و ئەنجامدەری ئەم کارە هەژمار دەکرێن، بەڵام ناتوانین زۆر جەخت لە سەر ڕۆڵی جەوهەریی پیاوان بکەینەوە. لە سەر ئاستی جیهانیدا FGM کارێکە کە لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکان و بە دوایدا لاوازیی ژنانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم کارە ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا هەیە کە هەوڵی ملکەچ‌کردنی ژنان و سەرکوت‌کردنیان لە ڕووی جێندەرییەوە (ڕەگەزێتی) داوە. ئەو بۆچوونە هەیە کە ‌‌تەسک‌بوونی زێ (واژەن) چێژی سێکسیی مێرد زیاد دەکات. پیاو ئامادە نییە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی خەتەنەنەکراودا بکات.

 

پێشنیارەکان

ئێستا ئەوە ڕاستییەکی ناسراوە کە گۆڕینی هەمیشەیی داب‌ونەریتێکی زۆر کۆن پێویستی بە خۆوشیاری و ئامادەیی ئەو گرووپە یان کۆمەڵگەوە هەیە کە ئەو کارە ئەنجام دەدات. بەڵام نەهێشتنی  (FGM) پێویستی بە ئاراستەیەکی ئاوێتەیی و هەوڵی هاوبەشی ڕزگاربووان و قوربانییەکانە. لەم ڕووەوە دەبێ سەرەتا فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەم بوارە دەستنیشان بکەین. هەتا ئێستا دەرکەوتووە کە نەبوونی هەوڵ لە لایەن کۆمەڵگاوە، وڵاتانی زیانلێکەوتوو لە بەئەزموون‌‌کردنی پێشکەوتن لە دژی FGM بێبەش دەکات. وڵاتانێکی وەک سنێگال کە لە دابەزاندنی ڕێژەی خەتەنەی کچان سەرکەوتوو بوون، شێوازی جۆراوجۆریان بەکار هێنا: «داهێنانی ڕێوڕەسمی بەدیل بۆ هاتنە ناو جەرگەی ژنێتییەوە، ئەو کەمپەینانەی وا تێیدا بووک و زاوا پێکەوە ڕایدەگەیێنن کە نەریتی خەتەنەی کچان ڕەت دەکەنەوە و هەروەها ڕۆڵی زانایانی ئایینیی موسڵمان و قەشە مەسیحیییەکان.»

کاتێک باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکرێ، ئەوە حکوومەتەکانن کە بەرپرسیارێتیی سەرەکی لەم بوارەدا لە ئەستۆ دەگرن. بە هەمان شێوە جێبەجێ‌‌کردنی زۆرێک لە یاساکانی مافی مرۆڤ بەبێ ئەرێنی‌بیرکردنه‌وه‌ی حکوومەتی پەیوەندیدار نه‌گونجاوه. بەڵام سەرەڕای ڕوانگەی گەشبینانەی حکوومەت، ئەوە فەرهەنگ و کولتوری پیاوسالاری و نۆرمەکانی کۆمەڵگەی پەیوەندیدارن کە گڕی توخمی پێشێلکاری خۆش دەکەن. ئەم پرسە لە چوارچێوەی مافی ژنان و منداڵاندا زۆر گرینگە و زۆر جاریش پشتگوێ دەخرێت. درێژەی پراکتیزە‌‌کردن و بیر‌‌ۆکەی  FGM  لە ئێران و میسر بە ئاشکرا دیارە. سەرەڕای هەوڵەکانی حکوومەت بۆ قەدەغە‌‌کردنی ئەم کارە و سەرەڕای چەندین فه‌توا سەبارەت بە قەدەغە‌‌کردنی ئەم نەریتە لە ئیسلامدا، هێشتا خەتەنە‌‌کردن (FGM) لە پێشکەوتن و پەرەسەندندایە. جگە لە سیستەمی پیاوسالاری، پێکهاتە و سیستەمی سیاسی بە قەت یەک بەرپرسی بەردەوامبوونی خەتەنە‌‌ن (FGM).

وا دیارە بڕیاردان لە سەر ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ئەم کارە لە کچێکدا، دەرەنجامی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە چەندین هۆکار ڕۆڵی تێدا دەبینن. هەر چەندە کەم پیاو هەیە کە ڕۆڵی چالاکی لەم ڕەوتەدا هەبێ، بەڵام بە ئەگەری زۆر نیازی ئەوان بۆ ئەنجامدانی FGM/C لە سەر کچان کاریگەر دەبێت. پشتگیری لەم نەریتە زیاتر پەیوەست بە شوناسی نەتەوەییە و زیاتر لە ناو پیاوانی گرووپە نەریتییەکاندا بوونی هەیە. بەڵام زانیاری لە سەر زیانە تەندروستی و پزیشکییەکانی FGM/C و خەسارهەڵگریی ژنان کاریگەریی ئەرێنی لە سەر ئامادەیی پیاوان بۆ ڕێگری‌‌کردن لەم کارە دادەنێت. لەم ڕێبازە هزرییەدا، ستراتیژی قبوڵ‌‌کردنی پاشخانی نەتەوەیی پیاوان و گرینگیدان بە زیاد‌‌کردنی تێگەیشتنیان سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی FGM/C لە سەر تەندروستی، بۆ کاریگەری و پێشخستنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە جیهانی شاراوەی ژناندا شێوازێکی کاریگەرە.

لاوازیی سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی داب‌ونەریتی کۆنی بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنان، گوشاری هێزە دەرەکییەکان، بە تایبەت هێزە ڕۆژاواییەکانە کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە سەیری ئەم بابەتە دەکەن. لە ڕوانگەی ڕۆژاواوە ئەمه ڕەفتارێکی زیانبەخش و ئازاربەخش و ناورۆڤانەیە؛ بەڵام لە ڕوانگەی ئەم کۆمەڵگایانە و هەندێ جاریش حکوومەتەکانەوە، ئەمە نیشانەی پابەندبوون و خۆگونجانیان لەگەڵ ئایین و فەرهەنگ و نۆرم و نەریتەکانە. ئەم کارە فەرهەنگییە لاوازکەر و زیانبەخشە دەبێ لە هەموو ئاستەکاندا هێرش بکرێتە سەری: بە تاوان‌زانینی ئەم کارە، پێشکەش‌‌کردنی پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ قوربانییەکان و بەشداری‌‌کردن و هاوکاری‌نواندنی ڕێبەرانی نەریتی و ئایینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی FGM.

سەبارەت بە نووسەر

کامیل ئەحمەدی، توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوە و خاوەن بڕواناوەی ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا هه یه و براوەی خەڵاتی «ناوووس» لە زانکۆی یاسای لەندەن لە بنیاتی ماف (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی»ـی بنیاتی جیهانیی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵانه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی لەژێر ئەم ناوانە چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب‌و‌نەریتی مێزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران) کە لە لایەن Uncut Voices Press-Oxford و چاپخانەی شیرازە چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  بڵاو بۆتەوە؛

ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە/ هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران) کە دەقە فارسییەکەی لە لایەن چاپخانەی شیرازە بڵاو بۆتەوە و چاپخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کردووە؛

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران)؛

– توێژینەوەیەکی دیکە بە ناوی تاڵانی منداڵی کە لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان ئەنجام درا کە بابەتی زبڵگەڕیی منداڵانی لە تاران تاوتوێ کردووە و لە ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسیی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران) کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

– توێژینەوەیەکی ناوبراو لەژێر ناوی لە سنوورەوە هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران) کە 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان  که لە لەندەن چاپ کرا.

سەرچاوەکان:

Abiad, Nisrine. Sharia, Muslim States and International Human Rights Treaty Obligations: A Comparative Study. BIICL, 2008.

Banchoff, T., and R. Wuthnow. Religion and the Global Politics of Human Rights. Oxford University Press, 2011.

Butler, Judith. Undoing Gender. Psychology Press, 2004.

EndFGM. “Campaign, End Fgm European Campaign Run by Amnesty International.” Retrieved, 2012.

Kelly, S., and J. Breslin. Women’s Rights in the Middle East and North Africa: Progress Amid Resistance. Rowman & Littlefield Publishers, 2010.

May, Tim. Social Research: Issues, Methods and Process. McGraw-Hill Education (UK), 2011.

Momoh, C. Female Genital Mutilation. Radcliffe Pub., 2005.

Nnaemeka, O. Female Circumcision and the Politics of Knowledge: African Women in Imperialist Discourses. Praeger, 2005.

NYT. “Fighting Female Genital Mutilation.” http://www.nytimes.com/2014/11/17/opinion/fighting-female-genital-mutilation.html?

Salam, A.H.A., and A. De Waal. The Phoenix State: Civil Society and the Future of Sudan. Red Sea Press, 2001.

Scott, Joan Wallach. Gender and the Politics of History. Columbia University Press, 1999.

Sultana, Abeda. “Patriarchy and Women‟s Subordination: A Theoretical Analysis.” Arts Faculty Journal 4 (2012): 1-18.

UNICEF. “Female Genital Mutilation & Cutting.” http://data.unicef.org/child-protection/fgmc.

———. “Female Genital Mutilation/Cutting: A Statistical Overview and Exploration of the Dynamics of Change.” New York: UNICEF (2013).

WHO. “Female Genital Mutilation: Report of a Who Technical Working Group, Geneva, 17-19 July 1995.” (1996).

پێڕستی کتێبەکان:

 http://www.theguardian.com/world/2015/jun/04/female-genital-mutilation-iran-fgm

http://www.bbc.com/persian/iran/2015/06/150604_nm_fgm_iran_women

 دابەزاندن PDFی وتار