لێکدانەوەی بەراورردانەی ڕوانگەی پەیوەست به خەتەنەی کچان له سەر بنەمای مافەکانی ژنان

تاوتوێی بەراوردانەی ڕوانگەی سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە سەر بنەمای مافەکانی ژنان – منداڵان، ئایین و یاساکانی ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

خەتەنەی کچان نەریتێکە بە مێژوویەکی دوور و درێژەوە کە لە ئێستاشدا سەرەڕای پێشێلکردنی دیوە جیاوازەکانی مافە سێکسییەکانی منداڵان و ئافرەتان، هێشتاش باوه. خەتەنە بریتییە لە هەر چەشنە زیان‌گەیاندنێک بە کۆئەندامی زاوزێی ژنان بە هۆکاری ناپزیشکی، کە وەک پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان ڕاگەیەنراوە و وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەکان و پابەند بە کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان و ژنان کە ئێرانیش هەندێ لەم کۆنوانسیۆنانەی واژۆی کردووه، بە پێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە دژی ئەم دیاردە ڕاپەڕیون. بەڵام لە هەندێ لە وڵاتاندا بۆ وێنە ئێران خەتەنەی کچان لە لایەن بەرپرسانەوە نکۆڵی لێکراوە و لەم بارەوە لە یاسا و مافەکانی ئێراندا هیچ چەشنە پشتیوانییەکی یاسایی لە ژنان و منداڵان ناکرێ و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم خەسارەتە لە لایەن دەوڵەت و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە داپەڕێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت. خەتەنەی کچان نەریتێکی دێرینە کە بەر لە ئیسلام، مەسیحییەت یان یەهوودییەت باو بووه، سەرەڕای هەر هەموو ئەمانە زۆرێک لە گوتارەکان خەتەنە گرێ دەدەنەوە بە ئایین، و وەک یەکێک لە پێویستییەکانی ئایین و بەتایبەت ئایینی ئیسلامی لە قەڵەمی دەدەن.

وشە کلیلییەکان: خەتەنەی کچان، یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئایینەکان، یاساکانی ئێران

پێشەکی

خەتەنەی کچان لە سەر ئاستی هەموو جیهان بابەتێکی مشتومڕبزوێنە و هەندێ لە گرووپەکان ئەوە بە ئامانجێک سەیر دەکەن کە جێبەجێبوونی زەروورییە. بۆ وینە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو یوونیسێف و هەروەها هەندێ لەو حکوومەتانەی کە خۆیان بە پابەندیی جێبەجێکردنی پەیمانە نێودەڵەتییەکان دەزانن. بە گوێرەی کۆنوانسیۆنەکان و یاسای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان، خەتەنەی کچان یان بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنان نەریتێکی کۆنە کە هەندێ لە لایەنە بنەڕەتییەکانی مافە سێکسییەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات. بە گوێرەی پێناسەی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی (1997) خەتەنەی ئافرەتان هەموو ئەو شێوازانە دەگرێتەوە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن یان لابردنی هەموو یان بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی ژنان بە ئامانجی کەلتووری یان هۆکارەکانی دیکە کە ناپزیشکین (تیلور، 2003) لە پێناسەیەکی دیکەدا بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنان، بریتییە لە هەموو شێوازەکانی بڕینەوەی کەم یان هەموو بەشی دەرەکی کۆئەندامی زاوزێی ژنان بە بێ‌ هۆکاری پزیشکی (جێنێت و هاوکاران، 2009). خەتەنەی کچان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا بوونی هەیە و ناتوانین بڵێین کە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان ئەفریقا، یان تەنیا لە ناو موسڵمانان، جوولەکەکان یان مەسیحییەکانه.

ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی لە دابەشکارییەکدا، خەتەنەی کچان لە چوار جۆر پۆل، پۆلێنبەندی کردووه. جۆری یەکەم لابردنی هەموو یان کەمی بەلووکە (کلیتۆڕیدکتۆمی)، جۆری دووهەم لابردنی هەموو یان کەمی بەلووکە و لێوە بچووکەکانی شەرمگه، لەگەڵ یان بە بێ لابردنی لێوە گەورەکانی شەرمگەیه، جۆری سێیەم کە پێی دەڵێن جۆری فێڕعەونی، هەر چەشنە تەنگکردنەوەی بۆریچەی ئەندامی زاوزێ بە دروستکردنی مۆر و مۆمی داپۆشەری بە قرتاندن و گۆڕینی شوێنی لێوە بچووکەکانی شەرمگە و یان لێوە گەورەکانی شەرمگه، لەگەڵ یان بە بێ لابردنی بەلووکەیە (کلیتۆریس) و جۆری چوارەم بریتییە لە هەر چەشنە کردەوەیەکی مەترسیدار لە سەر کۆئەندامی زاوزێی ژنان بۆ مەبەستێکی ناپزیشکی. وەکوو کونکردن، دەرزی لێدان، هەڵقڵیشاندن و هتد. لەم چەشنە خەتەنەدا هیچ چەشنە شانە و پێکهاتەیەک هەڵناگیرێت. زیاتر خەتەنە لە لایەن ژنانی بەساڵاچوو، ماماکان و تەنانەت جوانکار و ئارایشتکاران ئەنجام دەدرێت. (منیرو و همکاران،2000؛ تەندروستیی جیهانیی تەندروستی، 2008).

بۆچییەتی خەتەنە بە تەواوەتی وابەستە بەو کۆمەڵگایانەیە کە ئەم کردەوە تێیاندا باوه. لەم کۆمەڵگایانەدا بە مەبەستی پاکانەکردن بۆ بڕێنی بەشێک لە لەشی کچان هەموو جۆرە هۆکارێک هەیه. ئەم پاساوانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ مێژوو و ئایدۆلۆژیای ئەم کۆمەڵگایانە هەیە کە هەندێکیان لە سەر بنەمای نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی ژنان بێچمیان گرتووه. خاوەن تیۆرییەکان، کۆنتڕۆڵی ئارەزووی سێکسیی ژنان لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکان بە ئەنگێزەی سەرەکیی خەتەنەکردنی کچان دەزانن. لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا وەک جۆرێک ڕێوڕەسمی چوونە ناو تافی گەورەساڵی و چوونە پاڵ ژنانی پێگەیشتوو لێی دەڕوانن. ئەم کردەوە بە هۆی باوەڕی کەلتووری و ئایینی ئەنجام دەدرێ و خەڵک بۆ ئەم کردەوە ناچار دەکا کە گرینگترینەکەیان بریتییە له:

پاکداوێنی و پاراستنی پەردەی کچێتی، پاراستنی حەیا و ئابڕووی بنەماڵه، دەست بە حەڵاڵبوونی ژن (بۆ چێشت لێنان)، ملکەجیی بۆ فەرمانە ئایینییەکان، تەندروستی و جوانی و ئەنگێزە ئابوورییەکان لە هاوسەرگیریدا بۆ وێنە وەرگرتنی شیربایی (لیندورفر، 2007). ئەو باوەڕە هەیە کە ئەو کچانەی کە خەتەنە دەکرێن لە ڕاستیدا لە تافی منداڵییەوە گوازراونەتەوە بۆ تافی گەورەساڵی. هەر بەم پێیە ئەوان زووتر هاوسەرگیری دەکەن. ئەو منداڵانەی کە هێشتا گەورە نەبوون و لە دەوری منداڵ‌هاوسەریدا دەکەونە بەر خەسارەتە جەستەیی و دەروونییە ڕوو لە هەڵکشانەکان (ئەحمەدی، 1395).

خەتەنەکردنی کچان لێکەوتەی نەخوازراوی لە سەر تەندروستیی جەستە و دەروونی کچان هەیه؛ ئەم کردەوە هەندێ جار قوربانییەکان خۆی دەکووژێ و هەندێ جار هەتا دواساتی تەمەن ئاسەوارەکانی لەگەڵیانە. بەو پێیەی کە خەتەنەی کچان بە بێ بێهۆشکردن و بە بێ‌ڕەزامەندیی ئەوان ئەنجام دەدرێ زۆر ئێش و ئازاری هەیه. ئەم کردەوە زیاتر لە ژینگەیەکی ناتەندروست لە سەر کچۆڵەکان کە زیاتر تەمەنیان لە نێوان 4 بۆ 12 ساڵانه ئەنجام دەدرێت. ئەم کردەوە زیاتر خەتەنەچییە نەریتییەکان ئەنجامی دەدەن. زۆربەیان ئافرەتانێکن کە هیچ چەشنە ڕاهێنانێکی پزیشکییان لەم بارەوە نەبینیوە و تاکە پشتیوانیان بۆ ئەم ئیشە ئەو ئەزموونەیە وا لە ماوەی چەند ساڵ وەدەستیان هێناوه. ئەوان بۆ بڕین کەڵک لە کەرەسەی وەکوو تیغی ڕیش‌تاشین، مقەست یان چەقۆ وەردەگرن و پاش نەشتەرگەریش شوێنی برینەکە بە پەت و هەندێ جار بە سیم دەدوورنەوە و بۆ دامرکاندنی ئێش و ئازارەکەی سوود لە خۆڵەمێش دەبینین. ئەم کردەوە نە تەنیا هیچ چەشنە پاساوێکی پزیشکی نییه، بەڵکوو بە پێی جۆر و ڕێژەکەی، زیان بە هەندێ لە کارکردە سەرەکییەکانی لەش دەگەیێنێت و لە درێژەی ژیاندا لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر تەندروستیی جەستە و دەروونیان هەیه، بۆ وێنە ئازاری زۆر، هەوکردن، ئاسەواری خراپ لە سەر زاوزێ، دژواری لە میز کردن، دژواربوونی سێکس کردن، دابەزینی بەرچاوی چێژی سێکسی و خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی بێ‌ژومار (ئەحمەدی، 1394).

بە پێی ڕاپۆڕتی یوونیسێف، خەتەنەی کچان لە سەر ئاستی 29 وڵات لە کیشوەری ئەفریقا، هەندێ لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە ناو هەندێ لە گرووپە پەنابەرەکانی دانیشتووی ئەمریکای باکووری، ئوستڕالیا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا باوه. ڕاپۆڕتەکانی ئەم دواییەی یوونیسێف گوزارشتن لەوەی کە ئەوڕۆکە نزیکەی 130 ملوێن کچ و ژن لە سەرتاسەری دنیادا دەژین کە قوربانی یەکێک لە جۆرەکانی خەتەنەی کچانن و ساڵانە نزیکەی دوو ملوێن کچ بەم ڕێژە زیاد دەبێت (یوونیسێف، 2014). بەو پێیەی کە خەتەنەی کچان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بوونی هەیە و لەم توێژینەوەدا ئەم دیاردە لە ژێر کاریگەریی ئایینیی و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندایه، خەتەنەی کچان بە پێی یاسا نێودەوڵەتی و ئایینییەکان و یاساکانی ئێران ڕوون و شرۆڤە دەکرێت.

باسی یەکەم: ڕوانگەی سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا

خەتەنەی کچان لە کەلتوورە زۆر جیاوازەکاندا بەدی دەکرێت. لە هۆزە خۆجێییەکانی ئوستڕالیاوە بگرە تا کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی ئەفریقا. بە پێی ڕاپۆڕتی یوونیسێف، خەتەنەی کچان لە سەر ئاستی 29 وڵاتی کیشوەری ئەفریقا، هەندێ لە وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە ناو هەندێ لە گرووپە پەنابەرەکانی دانیشتووی ئەمریکای باکوور، ئوستڕالیا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا باوە (یوونیسێف، 2013). کۆچی ڕوو لە هەڵکشانی ئەو جڤاکانەی کە کچان خەتەنە دەکەن ئەم کردەوەیان بۆ هێندێ لە وڵاتانی دیکەش گواستووەتەوه، بۆ وێنە گواستوویانەتەوە بۆ ئوستڕالیا، کەنەدا، نیووزیلەند و ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی ئورووپایی (بوییل و پروز، 2000). دەتوانین لە ڕێژەیەکی سنووردارتردا خەتەنەی کچان لە وڵاتانێکی وەکوو ئەندۆنسیا، مالێزی، پاکستان و هیند بەدی بکەین (ایساکا و یوسف، 2013). ڕێکخراوە چالاکە مرۆڤ‌دۆستەکان و گەشەی جیهانی خەتەنەی کچان بە نموونەی توندوتیژی دەزانن، بەتایبەت توندوتیژی لە دژی ژنان و منداڵان. ڕێکخراوی نەتەوەکان بەم شێوە ئەم کردەوە وەسف دەکا: “هێمایەک لە نایەکسانییە بنچینەدارە ڕەگەزێتییەکانە کە ژنان لە پێگەیەکی نزمدا دادەنێت”. خەتەنەی کچان لەم ساڵانەی دوایدا ڕەوتی ڕوو لە داکشانی بە خۆوە بینیوه. هەڵکشاندنی ئاستی وشیاری و ئاشنابوون لەگەڵ دنیای مۆدێڕن گۆڕانێکی زۆری لە ڕوانگەی خەڵک سەبارەت بە خەتەنەی کچان بەدی هێناوە و ڕفتاری ئەوانی گۆڕیوه. ڕێکخراوە چالاکەکان لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەشەی جیهانی، خەتەنەی کچان بە نموونەیەک لە توندوتیژی دژ بە منداڵان و کچان دەزانن. لە ماوەی دەیەی ڕابردووشدا هەم لە سەر ئاستی ناوچەیی و هەم لە سەر ئاستی جیهانی داپەڕی گرینگ لەم بوارەدا ئەنجام دراوه.

مێژووی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی ئافرەتان بە شێوەی دیاریکراو دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم (لەگەڵ هاتنی داگیرکەران و بانگەشەکارانی ئایینی مەسیحی لە کیشوەری ئەفریقا). ئەوان خەتەنەیان بە دژی باوەڕە مەسیحییەکان دەزانی و بە شێوەی جیددی پرسی قەدەغەکردنی خەتەنەی کچان هاتە ئاراوه. لە دەیەکانی 1970 و 1960 کەمپەینی ژنان پێک هات و ڕاشکاوانە بەرهەڵستیی خۆیان لە دژی خەتەنەی ئافرەتان ڕاگەیاند. لە ساڵی 1970 ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی یەکەم سمیناری جیهانی بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوە برد. لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە سەر ئاستی جیهان هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیارانی بابەتەکە ڕازی بکا کە کۆتایی بە خەتەنەی کچان بهێنن؛ کاتێک لە ساڵی 2012 کۆڕبەندی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە شێوەی فەرمی خەتەنەی کچانی وەک نموونەیەک لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناساند، ئەم هەوڵانە بەهێز بوونەوه.

ڕێکخراوی یوونیسێف نووقسانکردن و شێواندنی سێسکیی ژنانی بە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کچان، هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی دەستگەیشتن بە دەرفەتی یەکسان، تەندروستی، دەرباز بوون لە توندوتیژی، برینداربوون، کەڵکاوەژوویی، ئەشکەنجه، بەدڕفتاری یان ڕفتاری ناورۆڤانە و سووکایەتییانه، پاراستن لە هەمبەر نەریتە مەترسیدارەکان و مافی بڕیاردان سەبارەت بە زک‌وزا زانیوە کە هەر هەموو ئەم مافانە لە لایەن یاسای نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێن (یوونیسێف، 2009). لە ڕاگەیاندنناوەیەک کە لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و چەندین ڕێکخراوی وابەستە بە ڕێکخراوی نەتەوەکان لە دژی نووقسانکردنی ژنان لە ساڵی 2008 بڵاو کرایەوه، نووقسانکردنی ئەندامانی لەشی ژنان وەک پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ ناسێنرا. هەروەها، چەندین کۆنوانسیۆن و پەیمانناوەی جیهانی و ناوچەیی پشتیوانی لە نەهێشتنی ئەم نەریتە لە سەر ئاستی جیهان دەکەن. لە نموونەی ئەم کۆنوانسیۆنانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە کۆنوانسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کۆنوانسیۆنی یاسا ئابوورییەکان، کۆمەڵایەتی و کەلتووری، کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک لە دژی ژنان و …

لەم ساڵانەی دواییدا، بە هاوکاری کەمپەینەکانی زانیاری‌بەخشین، پەروەردەیی و پەیوەندی بوو بە چەقی داپەڕەکانی دژ بە خەتەنەی کچان. چالاکڤانان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ سازدانی پەیوەندی لەگەڵ ئاپۆرەی خەڵک هونەری وەکوو مۆسیقا، شانۆ و فیلمیشیان بە کار هێناوه. بەدەر لەوه، کەرتی تەندروستی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش زۆر چالاک بوون و لە بەرناوە پەروەردەییەکانی خۆیاندا کە تایبەت بە مافەکانی ژنانە و بۆ پارێزەران، دادوەران و خەڵکی ئاسایی بەڕێوەی دەبەن، پرسی خەتەنەی کچانیشیان گونجاندووه. لەگەڵ بە فەرمی ناسینی ئارامانەی خەتەنەی کچان وەک پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ کەمپەینێکی جیهانی بێچمی گرت کە ئامانجەکەی گەڵاڵەکردن و دابەزاندنی یاسا لە دژی ئەم کردەوە بوو. زۆرێک لە وڵاتان ئێستا بە واژۆکردنی هەندێ پەیمانناوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کە بێچمە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن و توندوتیژی لە خۆ دەگرن بوونەتە پابەندیی مافەکانی ژنان و منداڵان. بۆ وێنه، لە کۆی 29 وڵاتی ئەفریقایی کە کچان خەتەنە دەکەن، نزیکەی 17 وڵات کۆمەڵێ یاسا لە خۆ دەگرن کە بە شێوەی دیاریکراو خەتەنەی کچان قەدەغە دەکەن، لەوانە بۆرکینۆفاسۆ، سنێگال، ڕۆخی عاج، غینا، جیبۆتی، گینه، تۆگۆ، تانزانیا، کینیا، کۆماری ئەفریقای ناوەندی و میسر.

جیا لەمانه، وڵاتانی سنێگال، سوودان، میسر و ئێسیۆپی هەنگاوی باشتریان ناوە و لە یاسا سزادانانەکانیاندا خەتەنەی کچانیان وەک تاوان ناساندووه. زۆربەی وڵاتانی وەرگری پەنابەرانی ئەو وڵاتانەشی کە کچان خەتەنە دەکەن یاسای تایبەتیان بۆ خەتەنەی کچان داناوە. لە هەندێ لە وڵاتانی ئورووپایی وەک بریتانیا، سووید، نۆڕوێژ و بێلژیک کۆمەڵێ یاسای تایبەتییان داناوە کە بە پێی ئەم یاسایانە ئەم کارە بە تاوان دەناسرێت. لە حاڵێکدا، وڵاتانێکی دیکەی وەک فەڕەنسە بە پێی هەندێ مادەی یاسایی گشتیتری یاسا سزادانەکان بە دواداچوون بۆ پرسی خەتەنەی کچان دەکات. لە ساڵی 2011 دەوڵەتی ئیسپانیا لە دژی ئەو بنەماڵە پەنابەرانەی وا کچەکانیان بە نیازی خەتەنەکردن دەبەن بۆ وڵاتانی دیکه، هەندێ داپەڕی دەست پێکرد. لە سەرەتاکانی 2015 پزیشکانی ئیسپانیا گەڵاڵەیەکیان پێشنیار دا کە بە پێی ئەو هەموو کچانی بنەماڵە پەنابەرەکان دەبێ پشکینیان بۆ بکرێ و بنەماڵەکانیان بەڵێنناوەی ئەوە واژۆ بکەن کە کچەکانیان خەتەنە نەکەن (ئەحمەدی، 1394).

باسی دووهەم: ڕوانگەی بەرامبەر بە خەتەنەی کچان لە سەر بنەما ئایینییەکان

سەرچاوەی مێژوویی خەتەنەی کچان ڕوون نییه. توێژەران ئاخێزگەی جوگرافیایی ئەم کردەوە دەگەڕێننەوە بۆ دەورووبەری ڕووباری نیل لە میسری کۆن کە بە مەبەستی ڕێگری لە دووگیانبوونی ژنان بەتایبەت کۆیلەکان بە کار دەهێنرا و مێژووەکەشی دەبەنەوە بۆ 2 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا. شارستانییەتەکانی ڕۆما و عەرەب ئەم کردەوە گرێ دەدەنەوە بە پاکداوێنی و پەردەی کچێتی. ڕاستە خەتەنەی ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەی موسڵمان، مەسیحی و هەندێ گرووپی جوولەکەی وەک بەتا ئیسڕاییل و فلاشاـش باوه، بەڵام دەبێ جەخت بکەمەوە کە نە لە کتێبی پیرۆز (بەڵێنی کۆن و بەڵێنی نوێ) و قوڕئان باسی خەتەنەی ژنان هاتووە و نە لە هیچ یەک لە دەقە پڕبایەخەکانی جوولەکه، مەسیحی و ئیسلامی (روز ، 2013) ئاماژەی پێ کراو. کەواته، خەتەنەکردنی کچان لە ئایینەکانەوە نەهاتووه؛ بەڵام لە هەندێ کۆمەڵگاکاندا ئایین بوو بە مەبەستی پەرەپێدانی خەتەنەی ئافرەتان بە بنەمایەکی پاساودەر، چوونکە پەیوەستیان کردەوە بە پاکداوێنی ئافرەت.

خەتەنەی کچان نەریتێکی دێرینە کە بەر لە ئیسلام، مەسیحییەت و یەهوودییەت باو بووه. سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆرێک لە گوتارەکان خەتەنەی ئافرەتان پەیوەست دەکەنەوە بە ئایین و بە یەکێک لە پێویستییەکانی ئایینەکان و بەتایبەت ئایینی ئیسلامی دەزانن. خەتەنەی کچان واجبی شەرعی نییە و لە ڕاستیدا ئەم کردەوە لەگەڵ زۆرێک لە لایەنەکانی ئیسلام ناکۆکی هەیه. سەرەڕای ئەمە کەسانی ئاسایی کە لە مەڕ ئایینی ئیسلام زانیاریی کەمیان هەیە بە جۆرێک خەتەنەی کچان گرێ دەدەنەوە بە ئیمانی خۆیان، هەروەها موسڵمانانی دەمارگرژی شافێعی خەتەنەی کچان بە بەشێک لە شێوازی ژیانی خۆیان دەزانن و بە توندی پاڵپشتی لێ دەکەن. زۆرێک لە هۆزەکانی سەردەمی حەزرەتی محەمەد نەریتی خەتەنەی کچانیان بووه.

کەواتە خەتەنەی کچان بەر لە ئیسلام لە ناویاندا باو بووە و بێگومان حەزرەتی محەمەد پرسی خەتەنەی کچانی نەهێناوەتە ئاراوە. سارا عەلی لە کتێبەکەی خۆیدا لە ژێر ناوی “ژنێک لە بەر دەم حەڕەشە”، دەنووسێ: “قوڕئان وەک دەقێک کە ڕێنوماییە سەرەکییەکانی ئامادە کردووە (دەقێک کە هەندێ فەرمان و یاسای بە ڕوونی تێدا باس کراوه) هیچ ئاماژەیەک بە پرسی خەتەنە ناکا، نە بۆ پیاوان و نە بۆ ئافرەتان. بەڵام لە قوڕئاندا پەیوەندیی سێکسی لە هاوسەرگیریدا وەک پەیوندییەک لە سەر بنەمای تێرکردنی دوو لایەنە هاتووە و قوڕئان وەک بەخششێک لە لایەن خودا باسی دەکات.” هەندێ تێدەکۆشن بە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێ فەرموودە لە لایەن حەزرەتی محەمەد پاساو بۆ خەتەنەی کچان بهێننەوه.

لەم بوارەدا فەرموودەی زۆر هەیە کە وەک بەرگری لە خەتەنەی کچان شرۆڤە کراون. یەکێکیان فەرموودەی خەتەنەی بەناوبانگه: “اخْفِضی وَلَا تَنْهَکی فإِنَّە أنْضرُ لِلوَجْە وأحْظى عنْدَ الزَّوْجِ”. ئافرەتێک لە ئافرەتانی مەدینە خەتەنەی دەکرد، پێغەمبەر سڵاو و دروودی خوای لە سەر بێ هۆشداری پێدا “هەر کات ژنێکت خەتەنە کرد وریا بە لە بڕیندا زێدەڕۆیی نەنوێنی، چوونکە ئەمە (زێدەڕۆیی نەکردن) هەم بۆ ژن و هەمیش بۆ مێرد دڵخوازتره”. (سنن ابوداود، بەشی 179. گێڕانەوەی 1571). ڕەوشتی حەزرەتی محەمەد شانۆی ڕاستەقینەی ئامۆژەکانی قوڕئانی پیرۆزه. بەو پێیەی کە لە قوڕئانیشدا ئاماژە بە خەتەنەی کچان نەکراوه، بایەخی ئەم فەرموودە جێی گومانە و ئەبووداود خۆشی لە زومرەی فەرموودە و گێڕانەوە لاوازەکاندایه. باوەڕی زۆرینەی زانایان بۆ وێنە سەید سابق نووسەری “متاب فقە السنه” لە سەر ئەوەیە کە هەموو ئەو فەرموودانەی کە پەیوەستن بە خەتەنەی کچانەوە بێ‌بایەخن و متمانەپێکراو نین. سەبارەت بەم بابەتە باس زۆرە و زۆرێک لە زانایانی ئیسلامی هۆکار و بەڵگەیان بۆ ئیدانە و ناشیرینکردنی خەتەنەی کچان خستۆتە ڕوو.

لە ساڵی 2006، لە زانکۆی ئەلئەزهەڕی قاهیرە لە وڵاتی میسر کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو کە زۆرێک لە زانایانی ناسراوی ئایینی تێیدا بەشدار بوون. لەم کۆنفڕانسەدا وەها فتوایەک دەرچوو کە خەتەنەی کچان دەبێ قەدەغە بکرێ چوونکە کردەوەیەکی نائیسلامییە. پڕۆفیسۆر عەلی جومعه، موفتی مەزنی میسر لە کۆنفڕانسدا فتوای دەرکرد و وتی: “خەتەنەی کچان چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی جەستەییەوە زیان بە ئافرەتان دەگەیێنێت. بۆ پشتیوانی لە باڵاترین بەها ئیسلامییەکان، کە هەمان زیان نەگەیاندن بە دیترانە بە گوێرەی فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلا، زەرەر و زیانگەیاندن بە خۆ و دیتران ڕێگەپێدراو نییە و دەبێ خەتەنەی ژنان نەمێنێت. ئەوکات دەتوانین ئەم کردەوە وەک دەستدرێژی لە دژی مرۆڤایەتی سەیری بکەین کە شیاوی سزادانه.”

باسی سێیەم: ڕوانگەی بەرامبەر بە خەتەنەی کچان لە یاساکانی ئێران

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ وێنە وڵاتی ئێران بە هۆی لاوازیی یاساکانی قەدەغەی خەتەنه، هەوڵ لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی ژنان نەیتوانیوە بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگات. لە ئێران ئەم بابەتە لە لایەن بەرپرسانەوە بە تەواوەتی پشتگوێ خراوە و هەندێ جاریش نکۆڵی لێکراوە و دەڵێن بە هۆی سنوورداربوونی ئەم دیاردە هیچ داپەڕێک ئەنجام نادرێ و وتوویانە کە ناوەندی ئەم پرسانە لە کیشوەری ئەفریقا و وڵاتانی دیکەیە و لە ئێراندا بابەتێتی نییه.

بە پێچەوانەی بۆچوونی بەرپرسان سەبارەت بە سنوورداربوونی خەتەنەی کچان، نووسەر لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانی لە ساڵانی 11384 – 1394 ڕێژەی برەوی خەتەنەی لە ئێران تاوتوێ کردووە و فاکتەرە کاریگەرەکانی ڕوون کردۆتەوه. توێژینەوەکانی نووسەر پیشان دەدا کە ئەم دیاردە لە ڕۆژاوا، باکووری ڕۆژاوا و باشووری ئێران لە ناوچە شارییەکان و زیاتر لە ناوچە گوندییەکاندا باوە و لە ژێر ناوی “نەریت” ئاماژە بە خەتەنە لەم ناوچانەدا دەکا کە بە خۆشحاڵییەوە لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە دابەزین کردووە بەڵام دیسانیش ئاماری نیگەرانکەرەوە لەم بارەوە هەیه.

ئەم توێژینەوە کە بە شێوەی مەیدانی و لە سەر ئاستی کەڵان ئەنجام درا و لە ناو لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە خەتەنەی کچان لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا خاڵێکی سەرنجڕاکێشە. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە پاش لێکۆڵینەوە لە سەر 200 گوند و شار و ئەنجامدانی پتر لە هەزار دیمانە ئەوە دەردەخا کە خەتەنەی کچان لە بەشگەلێک لە پارێزگاکانی هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە هەڵگری ئایینزای شافێعی کە یەکێک لە چوار ئایینزای ئەهلی سوننەیه، باوه. زیاترین ڕێژەی خەتەنەی کچان لە پارێزگای هورمزگانە بەڵام لە ناوچە ڕۆژاواییەکانی ئێران خەتەنەی کچان بە ڕێژەی کەمتر ئەنجام دەدرێت. لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەنجامدانی خەتەنە لەم ناوچانە پاساوی ئایینی، ناوشیاری، ئاستی خوێندەواریی نزم و نەخوێندەواری، کەلتووری پیاوسالارانە و ئەو باوەڕانەی کە سەبارەت بە پاکداوێنی و تەندروستی بوونی هەیە (ئەحمەدی، 1394).

لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی یاسایی و دەوڵەتی، بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان زۆر دژواره. لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی پشتیوانیی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان و نەبوونی پشتیوانیی دەوڵەت دەتوانین ئاماژە بە ئایینی فەرمیی وڵات بکەین. بەو پێیەی کە ئایینی فەرمی ئایینزای شێعەیە و ئەم چەشنە کردەوە لە ناوچە سوننە نشینەکاندا ڕوو دەدا، یاسادانەر و دەزگای جێبەجێکار خۆ لەم بابەتانەی کە هی ئەهلی سوننەیە نادەن و نکۆڵی لەم چەشنە پرسانە دەکەن. سەرەڕای باوبوونی ئەم دیاردە لە ئێران، خەتەنەی کچان بابەتێکە کە لە ڕیزبەندیی نهێنییەکان یان تابۆکاندایە و بە شێوەی فەرمی دان بە بوونی ئەم کردەوە دانانرێت. چوونکە پشتڕاستکردنەوەی لە لایەن دەوڵەتەوە باری یاسایی نێودەوڵەتی بۆ ئێران دەنێتەوه.

کەواتە پەسندکردن و جێبەجێکردنی یاسا لە دژی شتێک کە بوونی بە فەرمی ناناسرێ، بابەتێتی نییە و هەروەها داپەڕی پێویست بە مەبەستی ڕێگری و بەرەنگاربوونەوەی لە لایەن دەوڵەت و دیکەی ناوەندەکان ئەنجام نادرێت. نووسەر لە کاتی نووسین سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران بە شێوەی دەستێوەردەرانە داپەڕگەلی وەکوو زانیاریگەیاندن بە ئافرەتان لەبارەی زیانەکانی خەتەنه، ڕاهێنانی خۆپاراستنی تەندروستی و دەروونی بە ژنان لە لایەن یاریدەدەرانی ڕاهێنراو و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ زانایانی ئایینی و دەستڕۆیشتووانی ئایینی و ڕازیکردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان ئەنجام دا. پاش سەردانی ئەو ناوچانەی کە سەبارەت بە خەتەنەی کچان زانیارییان پێ گەیشتبوو و زانایانی ئایینی لەبارەی لێکەوتە و ئاسەوارەکانی لەو ناوچانە بانگەشەیان کردبوو، دەرکەوت کە ڕێژەی خەتەنەی کچان بە شێوەی بەرچاو کەم بوونەوەی بە خۆوە بینیوه. لە یاساکانی ئێران بە شێوەی دیاریکراو ئاماژە بە خەتەنەی کچان نەکراوه، یاساکانی ئێران لە هەمبەر خەتەنە پشتیوانی لە ئافرەتان ناکات. هیچ چەشنە یاسایەک بۆ سزادانی خەتەنە دیاری نەکراوە بەڵام لە ناو هەندێ لە یاساکاندا دەتوانین بە شێوەی یاسایی بە دواداچوون بۆ بڕینی ئەندامانی لەش بکەین و سزای بۆ دیاری بکەین کە دەکرێ ئاماژە بە جاڕناوەی ماف و بەرپرسایەتییەکانی ئافرەتان کە بریتییە لە مافی ژیان، یەکپارچەیی جەستەیی، پشتیوانی لە ژنان لە هەمبەر قوربانیبوون، مافی تەندروستیی زەینی و جەستەیی و پشتیوانی لە ژنان لە هەمبەر توندوتیژیی خێزانی بکەین و داوای دییە بکرێت.

سەرەڕای هەر هەموو ئەمانە بەو پێیەی کە زۆرینەی ئەم یاسایانە پرش و بڵاوانە جێبەجێ دەبێ، ئەستەمە حاڵەتێک شک ببەین کە سکاڵای قوربانیانی خەتەنە لە دادگا بە ئەنجام گەیشتبێت (علوی، 2015). کەواتە هەتا ئەو کاتەی کە بوونی خەتەنەی ئافرەتان لە لایەن بەرپرسانەوە نکۆڵی لێ دەکرێ ناتوانین هیوادار بین کە بۆ پشتیوانی لە ژنان یاسایەک جێبەجێ بکرێ و لە لایەن دەوڵەت و دیکەی ناوەند و ئۆڕگانە پەیوەندیدارەکان داپەڕی پێشگیرانە ئەنجام بدرێت.

باس و ئاکامگرتن

خەتەنەی کچان کردەوەیەکە کە لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی دنیادا بە مەبەستی ملکەجکردنی ژنان و کچان بە ناوی ئایین و کەلتوورەوە ئەنجام دەدرێت. بە شێوەی تەوساوییانە ژنان خۆیان لە بەردەوامبوونی ئەم کردەوە دەوری گرینگ دەبینن و ئەم کردەوە لە لایەن ئافرەتان خۆیانەوە دەسەپێنرێت. سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر ئەفریقا وەک ناوەندی خەتەنەی کچان لە قەڵەم دەدرێ، بەڵام زۆر توێژینەوە پیشانی داوە کە خەتەنەی کچان تەنیا لە ئەفریقادا سنووردار نابێتەوە و لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، کۆچبەرانی ئوستڕالیا، نیووزیلەند، کەنەدا، ئورووپا و ئەمریکاش باوه. بە واتایەکی دیکە وڵاتان تر بۆیان نییە لە هەمبەر ئەم کێشە کەمتەرخەم بن. چوونکە لەگەڵ چوونی کۆچبەران بۆ پێکهێنانی ژیانێکی نوێ لە سەرتاسەری جیهان، ئەم کردەوەش بڵاو دەبێتەوه. داتاکانی یوونیسێف پیشانی داوە کە لە سەرتاسەری دنیادا، ڕێژەیەکی زۆری ئافرەتان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە هۆی خەتەنەی کچانەوە تووشی خەسارەت بوون. یوونیسێف ڕێژەی ئافرەتانی خەتەنە کراو بە 140 ملوێن کەس دەخەمڵێنێت. بۆ پاساوی لابردنی بەشێک لە لەشی کچان هەموو جۆرە هۆکارێک دەهێنرێتەوە. ئەم پاکانە و پاساوانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە مێژوو و ئایدۆلۆژیای ئەم کۆمەڵگایانە هەیە کە تێیاندا کردەوەی خەتەنەی کچان ڕوو دەدا کە هەندێکیان لە سەر بنەمای نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکان و کۆنتڕۆڵی ئارەزووە سێکسییەکانی ژنان بێچمیان گرتووه. لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەنجامدانی خەتەنە لەم ناوچانە پاساوی ئایینی و شەرعی، ناوشیاری، ئاستی خوێندەواریی نزم و نەخوێندەواری، هەژاری، کەلتووری پیاوسالارانە و ئەو باوەڕانەی کە سەبارەت بە پاکداوێنی و تەندروستی و جوانییەوە.

خەتەنەی کچان لێکەوتە و ئاسەواری وەکوو ئازاری زۆر، هەوکردن، ئاسەواری خراپ لە سەر زاوزێ، دژواری لە میزکردن، دژواری سێکس کردن، دابەزینی بەرچاوی چێژی سێکسی و خەسارەتی ڕۆحی و دەروونیی بێ‌ژومار. بە ئاوڕدانەوە لە ئاسەوار و زیانەکانی خەتەنەی کچان، بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە ڕێی بردۆتە ناو ڕیزی گرینگترین مافەکانی ژنان – منداڵان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا. ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە پابەندی مافەکانی منداڵان و ژنان دەزانن و لە سەر یاساکانی سوورن، ڕێگە چارەی جیاوازیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان گرتۆتە بەر. خەتەنەی کچان ئەگەرچی لە هیچ ئایینێکدا بوونی نییە و پێشیناری بۆ نەکراوە بەڵام جۆرێک پاساوی شەرعی و ئایینی بۆ دەهێنرێتەوە. لە ئایینی ئیسلامدا، ئایینزای ئەهلی سوننه، لە سەر بنەمای ڕیوایی کە لە لایەن فەرموودەگێڕەوانی لاوازەوە ڕاگەیەنراوە خەتەنەی کچان ئەنجام دەدەن و لە ئێران لە بەشە سوننە نشینە شافێعی مەزهەبییەکانی پارێزگای هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە سەر بە ئایینزای شافێعین، ئەم دیاردە باوە بەڵام لە لایەن دەوڵەتەوە پشتگوێ خراوە و گرینگییەگی ئەوتۆی پێ نادرێت. بەم پێیە کاتێک کە خەسارێکی کۆمەڵایەتی جێی بابەتێتی نییە لە لایەن دەزگای داد و دەزگای جێبەجێکار گرینگی پێ نادرێ و لەم بارەوە هیچ چەشنە یاسایەکی پشتیوانی لە ژنان لە یاسای ئێراندا بوونی نییه.

بۆ بەرەنگاربوونەوە و خەبات لە دژی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە کە بە پێی کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان نموونەی ڕوونی توندوتیژیی سێکسی لە دژی ژنان و بەتایبەت کچان و منداڵانە دەبێ داپەڕی جیدی بگیرێتە بەر. ئەم داپەڕانە پێویستی بە هاوکاری هەمە لایەنە و بە کارهێنانی ئەزموونی جیهانییه. بوونی گیانی گۆڕان لە ناو کۆمەڵگا و ئاراستەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە، کاریگەرترین فاکتەرەکانی بێچمگرتنی گۆڕانکاریی هەمیشەیین. لە گرینگترین ڕێکارەکانی ڕێگری و دژایەتی خەتەنە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت ئێران دەتوانین ئاماژە بکەین بە بابەتگەلێکی وەکوو قبووڵکردنی بوونی خەتەنە و بابەتێتییەکەی لە لایەن دەوڵەت و وەزارەتخانە پەیوەندیدارەکانەوە، ئەنجامدانی داپەڕی یاسایی و پێویست بۆ ڕێگری و بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان لە لایەن دەوڵەت و بەستێنسازیی کەلتووری، هێنانی ئەم پێویستییانە بۆ ناو بواری داد، تەندروستی و پەروەردە، تەرخانکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، پشتیوانیی زانایانی ئایینی و دەستڕۆیشتووانی ئایینی لە بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان و دەرکردنی فتوای شەرعی لە سەر بنەمای ناشەرعی بوون و ز یانبەخش بوونی خەتەنەی کچان و ژنان، بەرناوەڕێژی کردەیی بە مەبەستی سوود بینین لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری بەرەنگار بوونەوەی خەتەنەی ئافرەتان و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیارییە تەندروستی و دەروونناسییەکان، بەهێزکردنی ئێن‌جی‌ئۆ و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان لە پێناو بەستێنسازیی کەلتووری و زانیاریبەخشی لە بواری خەتەنەی کچان.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

 

سەرچاوە کان:

ئەحمەدی، کامیل ( 1395). زایەڵەی بێدەنگی: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی مندالان لە ئێران، تاران: چاپخانەی شیرازه

ئەحمەدی، کامیل (1394). بە ناوی نەریت: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران، تاران: چاپخانەی شیرازه

World Health organization, 1997. Femal Genital Mutilation Geneva, Switzerland: world Health organization

Taylor V. Female genital mutilation: cultural practice or child abuse?. Pediatric Nursing 2003 Feb; 15(1):31-3

Getnet M,wakgari D,2009: prevalence and associated factors of female genital sectional study: BMC public Health,g:264mutilation among Somali refugees in eastern E Ethiopia: a cross

Ahmadi.K.(2016). In the Name of Tradition: Female Genital Mutilation in Iran. Un CUT / VOICES Press

Lindorfer, S. 2007. Sharing the pain of the bitter hearts: Liberation psychology and gender-related violence in Eastern Africa, LIT Verlag Münster.

Meniro G, Medsci M, Hecht B, Hopkins M. Female circumcision: at our doorsteps and beyond. Primery Care Update Ob/Gyn 2000; 7:231- 7

World Health organization,2008 Eliminating female genital mutilation: an interageney statement UNAIDS, UNDP, UNECA, UNESCO,UNFPA,UNHCHR,UNICEF,UNIFEM,WHO.Geneva, Switzerland.

UNICEF .2014. Female Genital Mutilation & Cutting [Online].

Isiaka, B. T. & Yusuff, S. O. 2013. Perception of Women on Female Genital Mutilations and implications for health communications in Lagos State, Nigeria. American Academic & Scholarly Research Journal, 5, 8.

Boyle, E. H. & Preves, S. E. 2000. National politics as international process: the case of anti-female-genital-cutting laws. Law and Society Review, 703-737.

UNICEF 2013. Female Genital Mutilation/Cutting: A statistical overview and exploration of the dynamics of change. New York: UNICEF.

Rouzi, A. A. 2013. Facts and controversies on female genital mutilation and Islam. European Journal of Contraception & Reproductive Health Care, 18, 10-14.

Alawi, I. 2015. Female Genital Mutilation a Growing Problem in Iran.

World Health organization,2008. Eliminating female genital mutilation: an interageney statement UNAIDS, UNDP, UNECA, UNESCO,UNFPA,UNHCHR, UNICEF, UNIFEM, WHO. Geneva, Switzerland.

UNICEF. 2009. Protection against abuse, exploitation and violence: Female Genital Mutilation/Cutting.

 دابەزاندن PDFی وتار