C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

ماوەی دیاریکراو، بڕی مارەیی دیاریکراو بەراوردکردنی کاریگەریی کۆمەڵایەتی – ئابووریی هاوسەرگیریی کاتی (سیغه) لە ئێران

ماوەی دیاریکراو، بڕی مارەیی دیاریکراو

بەراوردکردنی کاریگەریی کۆمەڵایەتی – ئابووریی هاوسەرگیریی کاتی (سیغه) لە ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

بە پێچەوانەی گوماناوی نەبوونی لە ڕوانگەی فیقهی شێعەوه، هاوسەرگیریی کاتی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە پرسە چالنج‌بزوێنە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکان بووه. کۆمەڵێ لە شارەزایان، باوبوونی هاوسەرگیریی کاتی بە هۆکاری تەشەنەسەندنی زیاتری گەندەڵی لە سەر ئاستی کۆمەڵگا دەزانن؛ لە حاڵێکدا هەندێکی دیکە لەو بڕوایەدان کە بانگەشە و هاندان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، تاکە ڕێگەی ڕێگری لە گەندەڵی ڕوو لە زیادبووی کۆمەڵگای ئێستایه. ئەم دیاردە هۆکار و لێکەوتەی جیاواز لە خۆ دەگرێ کە دەبێ بە دوور لە ڕوانگەی لاگرانە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. هەر بەم پێیە لەم لێکۆڵینەوەدا بۆ یەکەمین جار، بنەمای مێژوویی، ئایینی، یاسایی و کۆمەڵایەتی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی تاوتوێ دەکرێت.

هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە ئاراستەی چۆنایەتی و چەندایەتی و بە کارهێنانی شێوازی زەمینەدۆزی، ئەم دیاردە بە شێوەی گشتگیر لە سەر ئاستی سێ کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان لە ساڵی 1396 – 1395ـی هەتاوی تاوتوێ کرا. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە پیشان دەدا کە خۆشڕابوێری‌خوازی و ئاسانبوونی هەلومەرجی منداڵ‌هاوسەری دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتین کە ئاسەواری وەکوو بەدناوی بەتایبەت بۆ ئافرەتان و بێچمگرتنی زەینییەتی نەرێنی لە ناو پیاوان سەبارەت بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی لێ دەکەوێتەوه. لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە دیوە ئاشکرا و شاراوەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە بێ ڕوانگەی لاگرانە و بە شێوەی زانستی تاوتوێ بکرێ بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی ڕوون و ورد سەبارەت بەم دیاردە کۆمەڵایەتییە بێتە ئاراوە و ڕیگە چارەی سەرەکی و واقیع‌بینانە بدرێت بە بەرپرسانی جێبەجێکار و یاسادانەر. هیوادارین بە پێی ئەم ڕیگەچارانه، بنیاتی هاوسەرگیریی کاتی لە ئێراندا لە سۆنگەی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە ڕێک بخرێ، بە جۆرێک کە مافەکانی ئافرەتان و منداڵانی تێدا پێشێل نەکرێ، بنیاتی بنەماڵە و پێگەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بپارێزرێت.

وشە کلیلییەکان: هاوسەرگیریی کاتی، بڕیاری مەحرەمێتی، ژنان، منداڵان، یاسا، فیقهـ

1. پێشەکی

ڕفتارە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی خواست و ئەنگێزە مرۆییەکان بەرهەم دێن کە لە سەر بنەمای کەلتوور یان شێواز و ستایلی ژیان ئاراستە دەکرێن. پەیوەندییەکانی ژن و پیاو ئارەزوویەکی سرووشتیی مرۆییە و بە پێی پێویستییەکانی هەر کەلتوورێک، ئەم ئارەزووە بە شێوەی جۆراوجۆر و لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا تێر دەکرێت. ئامانج لە پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر دابینکردن و هێنانە دی خواستگەلی وەکوو ئارەزووی سێکسی، سۆزداری، خۆشویستن و خۆشەویستبوون، خواست بۆ ڕێز لێگیران و لەو چەشنانەیە و ئەم خواستانە سەرچاوەی بایۆلۆجییان هەیە و لە هەموو مرۆڤ و کەلتوورەکاندا بەدی دەکرێن. شێوازی تێرکردنی ئارەزووی سێکسی لە زۆربەی کەلتوورە مرۆییەکاندا لە چوارچێوەی هاوسەرگیریدا خۆی دەنوێنێت. هاوسەرگیری یەکێک لە نەریتە گرینگ و پەسندکراوە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەتوانین بڵێین لە هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکاندا بە فەرمی ناسراوه. هاوسەرگیری گرێبەستێک لە نێوان ژن و پیاوە کە بە پێی پەیوەندییەکی یاسایی کە بە گوێرەی ئایین و یاسا جیاوازه، بە سەریان دەسەپێنرێت (فضل الله، 1383). لە پێناسەیەکی تری هاوسەرگیری، ئاماژە بە یەکگرتوویی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی پیاو و ژن دەکرێ کە دەکەونە بەر دەم یەکسانی و تێکەڵبوون لە هەمبەر کۆمەڵگادا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پرسانە لە لایەن هەر کام لە لایەنانە، بە شێوەی زۆر نزیکانە وابەستە بە چۆنیەتی تێگەیشتنی ئەوان لە جیاوازیی ژن و پیاو هەیه. (دانینو، 1383). هەروەها بە پێی پێناسەی کۆمەڵناسی و خەڵک‌ناسی هاوسەرگیری کردەوەیەکە کە پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزی بەرامبەر لە سەر بنەمای پەیوەندیی هەمیشەیی سێکسی مومکین دەبێت. (ساروخانی، 1385: 25)

ئەوەی لە سەر بنەمای بنیاتی هاوسەرگیری بێچم دەگرێ، بنەماڵەیه. بنەماڵه، یەکەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای مرۆییه. خەڵک‌ناسان، وەک بنەما و کۆڵەکەی کۆمەڵگا و خانەی سازێنەری ژیان و پەناگەی ئەندامەکان لە هاوسەرگیری دەڕوانن. یەکەم ئەزموونی مرۆڤ بۆ به‌کۆمەڵایەتی‌بوون لەم پەناگەدا ڕوو دەدات. بنەماڵە گرووپێک لەو کەسانەیە کە بە پەیوەندیی خۆیی ڕاستەوخۆ پێکەوە دەلکێن و ئەندامانی گەورەساڵ، بەرپرسایەتی ڕاگرتنی منداڵەکانیان لە ئەستۆیە (گیدنز، 1389: 252). بێڕگێس و لاک (1953) بنەماڵە بە گرووپێک دەزانن کە لە کۆمەڵێ کەس پێک هاتووە کە لە ڕێگەی پەیوەندیی سێکسییەوه، هاوخوێنی و یان قبووڵکران (وەک ڕۆڵە) لەگەڵ یەکتر وەک مێرد، ژن، دایک، باوک، برا و خوشک لە پەیوەندییەکی دوو لایەنەدان و کەلتوورێکی هاوبەش پێک دێنن و لە یەکەیەکی تایبەتدا ژیان بە سەر دەبەن (بهرامی، 1385). بنەماڵە لە ڕیزی گشتیترین ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە پێی هاوسەرگیریی دوو ڕەگەزی بەرامبەر بێچم دەگرێ و تێیدا، پەیوەندیی خوێنیی ڕاستەقینە یان بەڵگەدار بەدی دەکرێت.

بنەماڵە زیاتر جۆرێک هاوبەشیی شوێنی لە خۆ دەگرێ و کارکردی جۆراوجۆری تایبەتی، جەستەیی، ئابووری و پەروەردەیی لە ئەستۆدایه. بەم شێوه، بنەماڵە یەکەیەکی کۆمەڵایەتییە کە هەڵگری ڕەهەندی جۆراوجۆری بایۆلۆجی، ئابووری، یاسایی، دەروونی و کۆمەڵناسییە؛ بنەماڵە یەکەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە لایەکی دیکەشەوە لە فاکتەرە گرینگە کاریگەرەکانی سەر کۆمەڵگایە (ساروخانی، 1385: 136). لە هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکاندا، بنەماڵە بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەیە و خەڵک‌ناسان و کۆمەڵناسان بێچمەکانی بنەماڵەیان لێک داوەتەوە و پۆلێنبەندییان کردووه. هەندێ لە بێچمەکانی بنەماڵە لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا بەدی دەکرێن و هەندێکی دیکە بۆ کۆمەڵگا تایبەتەکان سنووردار دەبنەوه. بنەماڵەی ناوکی / بەربڵاو؛ بنەماڵەی باوکسالار / دایکسالار؛ بنەماڵەی باوک شوێن / دایک شوێن؛ بنەماڵەی تاکهاوسەری / فرەهاوسەری؛ بنەماڵەی ناتەواو / تاکهاوسەری و بنەماڵەی زەڕ، هاوسەرگیریی هاوبەشی و هاوماڵی لەو پۆلێنبەندییانەن کە بنەماڵە لە سەر بنەمای ڕێژەی ئەندامان و دەسەڵات و شوێن و جۆرە نوێکانی بنەماڵە باسی کراوە (باقری، 1389

هاوسەرگیری و پێکهێنانی بنەماڵه، لە حاڵەتێکدا کارکردی ئەرێنی بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتیی گشتی هەیە کە لە کاتی گونجاو و لەگەڵ کەسێکی شیاودا بکرێ؛ واتە ئەگەر هاوسەرەکان لە تەمەنی گونجاودا نەبن، هاوسەرگیریی پاشوەختە یان هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕوو دەدات. لە ئەنجامدا، هەم هاوسەرەکان لە سۆنگەی تاکایەتییەوە خەسارەت دەبینن و هەم کاریگەریی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆری وەکوو نەخۆشی جەستەیی و دەروونی و ناڕەزامەندی لە ژیانی هاوسەرگیرییەوە بگرە تا دەگاتە ڕێژەی کەمی بەشداری کۆمەڵایەتی و قبووڵکردنی کۆمەڵایەتیی ناتەواو لە بنەماڵە (کە خۆی ئاسەواری تاکایەتی و کۆمەڵایەتی زۆری لێ دەکەوێتەوه) بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێت.

خاوەن تیۆرییە جۆراوجۆرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان، هاوسەرگیرییان وەک بگۆڕێکی وابەستە لێک داوەتەوه. تەمەنی هاوسەرگیری لە هەموو کۆمەڵگایەکدا تا ڕادەیەک پیشاندەری شێوازی ڕێکخستنی ژیانی بنەماڵەیی و هەروەها دەرخەری ئەو دەرفەتانەیە کە ژنان و پیاوان لە کاتی هاوسەرگیریدا لێی سوودمەندن. هاوسەرگیریی پاشوەختە دەتوانێ ببێتە هۆی زیان و ئاسەواری جیدی بۆ گەنجان، بۆ وێنە لەم زیان و خەسارەتانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە لە ئەستۆنەگرتنی بەرپرسایەتی، هۆگریی بۆ پەیوەندیی نەشیاوی کچ و کوڕ، هاوسەرگیریی سپی یان هاوماڵی کە لە ناو چینی گەنج و خوێندەوار لە گەورە شارەکاندا پەرەی سەندووه و بە فیڕۆچوونی تەمەنی گەنجێتی و گەشاوەیی، بەدخوویی لە ژیان بە هۆی تێرنەبوونی خواستە تاکایەتییەکان، پەرۆشییەکانی دایک و باوک بۆ هۆی درەنگ هاوسەرگیریکردنی ڕۆڵەکانیان، خەمۆکی، کێشەی سێکسی، پەنا بردنە بەر مادەی هۆشبەر و … (پورنقی، 1394). لە لایەکی دیکەشەوه، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵ یان منداڵ‌هاوسەریش دەتوانێ کێشەی زۆری لێ بکەوێتەوه. هاوسەرگیریی پێشوەختە یان منداڵ‌هاوسەری، بە هەر چەشنە هاوسەرگیرییەک دەوترێ کە لە خوار تەمەنی 18 ساڵان کرا بێت.

بە پێی ناوەڕۆکی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، منداڵ بە کەسێک دەوترێ کە تەمەنی لە نێوان ڕێکەوتی لە دایکبوونەوە هەتا 18 ساڵانه. بەڵام لە هەندێ لە وڵاتان ئەم تەمەنە بە پێی یاساکان و هەلومەرجی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە گۆڕانی بە سەردا دێت. سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە هەر چەشنە هاوسەرگیرییەکی ژێر تەمەنی 18 ساڵان، بەر لەوەی کچ یان کوڕ لە سۆنگەی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەی قبووڵکردنی بەرپرسایەتی هاوسەرێتی و منداڵداری بن، دەڵێ هاوسەرگیریی منداڵان. یەکێک لە باوەڕە نەریتی و کەلتوورییەکان لە وڵاتی ئێران خەتەنەی کچانە کە دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی پێشوەختە. لە ناو ئەهلی سوننەی لقی ئاینزا شافێعییەکان لە هەندێ لە ناوچەکانی پارێزگای هورمزگان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە دێرزەمانەوە نەریتی خەتەنەی کچان / ژنان لە ناویاندا باو بووە کە بە خۆشحاڵییەوە لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.

گرینگترین هۆکاری کاریگەر لە هاوسەرگیریی پێشوەختە، هەژاری، ئاستی خوێندەواریی نزم و کەم‌خوێندەواری، پشتیوانیی یاسایی، زەختی کۆمەڵایەتی و ڕوانینی پیاوساڵارانە و باوەڕە نەریتی و ئایینییەکانه. هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ هەر دوو ڕەگەزەکە جێی نیگەرانییه؛ بەڵام ئەم دیاردە بۆ کچان زیانبەخشتره. لە ئاسەوارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەتوانین ئاماژە بکەین بە: هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق، منداڵ‌بێوەیی، پەروەردەبوونی منداڵانی بێ‌سەرپەرشت و بەدسەرپەرشت، کەڵکاوەژوویی سێکسی بۆ سەر کچان، بەردەوامیی پرۆسەی هەژاری و لەشفرۆشی، زۆربوونی نەخۆشییە جەستەیی و سێکسی و ڕۆحییەکانی کچان.

هاوسەرگیری، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و دەستەبەری مانەوەی نەوەی مرۆڤ دەکا و لە ئەنجامی هاوسەرگیریی تەندروست و لە کاتی گونجاو کە کارکردە ئەرێنییەکانی بۆ بنیاتی بنەماڵە بەردەوام بێ ئەوە ئاسوودەیی و ئاسایشی کۆمەڵگا وەدەست دێت.

لە درێژایی مێژوودا، ئایینە یەکتاپەرستییەکان هەوڵیان داوە ئەم ئارەزووە سرووشتییە بە یاسایی بکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر، شوێنکەوتووانی خۆیان لە بێ‌ڕەوشتی و ترازان لە ڕیگەچارەکانی خۆیان قەدەغە دەکرد. لەم نێوانەدا، ئایینی ئیسلام سەرنجێکی تایبەتی پرژاندووەتە سەر خستنەڕووی سەرچەشنی ڕفتارێکی سێکسیی پارێزراو و گرینگییەکی تایبەتی بە ڕێگری، چاکسازی و چارەسەری نانۆڕمی، بە لاڕێداچوون و کێشە سێکسییەکان داوە، چوونکە گەشە، پێشکەوتن، بەختەوەری و کەماڵی مرۆڤ، چاکسازی و پەروەردەی نەوه، درێژەدان و پاراستنی ڕەچەڵەک لە ڕێگەی شیاو، بەردەوامی و تۆکمەبوونی سیستەمی بنەماڵە و بە دوایدا پاکیی کۆمەڵگا، لە پارێزراوی و پاکبوونەوە لە جۆرەکانی ئەم بە لاڕێداچوونە و نەبوونی ئەم کێشانەدا دەبینێت. مۆدێلی ئیسلامی پاراستنی ڕفتاری سێکسی لە دوو ڕەهەندی پاکداوێنی و خۆپارێزی سێکسی و نیکاح (تێرکردنی شیاو و ڕەزامەندانەی ئارەزووە سێکسییەکان لە ڕێگەی هاوسەربژێری) پێک دێت. ئەم دوو ڕەهەنده، سنوورێکی بەربڵاو لە بنەما و بەرناوەکان لە قۆناغەکانی گهۆڕینی مرۆیی لە کاتی لە دایکبوونەوە هەتا دواساتی ژیان (چاودێری، کۆنتڕۆڵ، ڕێنوێنی و پەروەردەی سێکسی، ئامادەکردن و ڕاهێنانی سێکسی لە کاتی هاوسەرگیری، ڕاهێنانی سێکسی و شێوازی هاوباخەڵی و چاکسازی و چارەسەری نانۆڕمییە سێکسییەکان) لە خۆ دەگرێت (نورعلیزاده، 1388). ئایینی ئیسلام، تێرکردنی ئارەزووی سێکسی لە سیستەمی بنەماڵە و لە سای هاوسەرگیری، وەک بابەتێکی پەسندکراو دێنێتە هەژمار و داکۆکی لە سەر دەکا و ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدا کە ئارەزووی سێکسی خۆیان لە ڕێگەی تێکەڵبوون لەگەڵ هاوسەرەکانی خۆیان تێر بکەن (کجباف، 1384).

لە وڵاتی ئێران هاوسەرگیری بە پێی ئایینی ئیسلام و بەها ئایینییەکانه. بەم پێیە یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکسان لەگەڵ فیقهی ئەهلی شێعه، دوو چەشن هاوسەرگیریی هەمیشەیی و کاتی (سیغه) بە فەرمی ناسیوە. لە هاوسەرگیریی هەمیشەییدا، هاوسەرەکان بە بێ سنوورداریی کاتی و دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو، بە پێی ئایینی ئیسلام و یاساکانی ئێران (مادەکانی 1062 هەتا 1070 یاسای مەدەنی بە گوێرەی هەلومەرجی شیاوی هاوسەرگیری) پەیمانی هاوسەرگیری دەدەن؛ بەڵام لە هاوسەرگیریی کاتی کە لە گوتاری ئیسلامی و کۆمەڵایەتی زۆر بۆچوونی جیاوازی لە سەرە، هاوسەرەکان بە گوێرەی ئایینزای شێعە و مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی ئێران پێکەوە پەیمانێک دەدەن کە ماوەیەک پێکەوە مەحرەم بن بۆ ئەوەی پەیوەندیی سێکسییان هەبێت. پاش تێپەڕینی کاتی دیاریکراو، هاوسەرگیرییەکە خۆ بە خۆ هەڵدەوەشێتەوە و پێویست بە تەڵاق ناکات.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو شەرعە پەیوەندییەکی بەر لە هاوسەرگیریی بوونی هەبێ ئەوە بڕیاری مەحرەمێتە (صیغەی محرمیت). لە ڕوانگەی ئایینییەوە بڕیاری مەحرەمێتی هەمان هاوسەرگیریی کاتی ە کە لە نێوان کچان و کوڕان ئەنجام دەدرێ و دەتوانێ هۆکارێکی وەکوو دەرفەتێک بۆ ئاشنابوون و هاوسەرگیری بێ و یان ئەوەی کە لەو شوێنانەی کە پێکەوە بوونی کچان و کوڕان نەخوازراوانە ڕوو دەدا بە مەبەستی ڕێگری لە کەوتنەوەی گوناح لێکیان مارە دەکەن. بڕیاری مەحرەمێتی بە مەبەستی ئاشنابوون، تا ڕادەیەک هاوشێوەی هەمان قۆناغی دەزگیراندارییە و لە ناو گەنجانی گەورەساڵی ژوور تەمەن 18 ساڵ باوە کە کە دایک و باوکەکان خۆیان و گەورەکانی خزم و کەس و یان ئەوەی کە لە لایەن زانایەکی ئایینی لێک مارە دەکرێن بەڵام بڕیاری مەحرەمێتی بۆ ڕێگری لە تاوان لە شوێنە گشتییەکانی وەکوو ئۆردوو، گەڕەک و … نێوان کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵ لە لایەن بنەماڵەکان و بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدرێت. بنەماڵە ئایین‌پەروەرەکان هاوسەرگیری بە هۆکاری ڕێگری لە ڕوودانی تاوان و گەندەڵی دەزانن.

بڕیاری مەحرەمێتی چ لە کاتی ئاشنابوون و چ لە کاتی منداڵی و مێرمنداڵی هەمیشە بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی و فەرمی کۆتایی پێ نایە و لەو ڕووەوەی کە تەواو نهێنییە چاودێرییەکی یاسایی لە سەر ئاکارەکانی ناکرێت. پەیوەندیی کچان و کوڕان لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی لایەنی پیرۆزیەتی دەگرێتە خۆی و لە چوارچێوەی پیرۆزبووندا لێکەوتە و دەرکەوتەکانی ڕەچاو ناکرێت. ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی هیچ جیاوازییەکان پێکەوە نییە و پەیوەندیی سێکسی لە ماوەی بڕیاری مەحرەمێتی لە ڕوانگەی شەرعییەوە، بە ڕێگەپێدراو سەیر کراوه. تەمەنی ئەو کەسانەی کە مارە دەکرێن گرینگییەکی تایبەتی هەیه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 1. لێکبڵاویی ڕێژەی فرەیی تەمەنی وڵامدەران لە کاتی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی

لە کۆمەڵگای ڕوو لە تێپەڕینی ئێران کە لە ژێر کاریگەری مۆدێڕنیتە، هەڵبەت ناتەواوه، سەرچەشنی هاوسەرگیری گۆڕانی بە سەردا هاتووه. بەڵگەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ڕێژەی هاوسەرگیری کەمبوونەوەی بەرچاو بە خۆوە بینیوە و ڕێژەی تەڵاقیش ڕووی لە هەڵکشانه. سەرەڕای زۆربوونی ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە لە تەمەنی هاوسەرگیریدان ژمارەیەکی نزیک لە 11.5 ملیۆن کەسی لە خۆ دەگرێ، ڕێژەی هاوسەرگیری لە وڵات دابەزیوە. ئامارەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ڕێژەی هاوسەرگیری هاوڕێژە لەگەڵ حەشیمەتی خەڵک بەرز نەبۆتەوە و بە وتەی شارەزایان، درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە دەتوانێ سەرچاوەی زۆرێک لە خەسارەت و نیگەرانییەکان لە کۆمەڵگا بێت. بەدەر لە ئاخێزگەی ئایینیی هاوسەرگیریی کاتی، بە هۆی ڕاستییەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، هاوسەرگیریی کاتی لە کۆمەڵگای ئێران وەک چارەسەری کێشە خراوەتە ڕوو. بە واتایەکی دیکه، بە هۆی بوونی ڕاستیگەلی وەکوو سەرچەشنە تەمەنییەکانی هەڵبژاردنی هاوسەر، ئەستەمی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بە هۆی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، و هەروەها دڵخوازبوونی هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە نۆڕم و زەختە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنگێزە تاکایەتییەکان، مەودایەکی زۆری لە نێوان باڵقبوونی جەستەیی و باڵقبوونی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەنجان بەدی هێناوە و تەندروستیی سێکسیی ئەوانی خستۆتە مەترسییەوه.

بەم شێوه، لە بارودۆخێکدا کە بواری هاوسەرگیریی هەمیشەیی و بوونی هاوسەر مومکین نییه، هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگەچارە خراوەتە ڕوو. ڕێگری لە تاوان و گەندەڵی، تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکان، وەدەستهێنانی زانیاری بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی، گەیشتن بە ئاسوودەیی ڕۆحی و هزری و نەبوونی ئیمکانیاتی پێویست بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خستنە ڕووی ئەم ڕیگە چارەیه. بە پێی ئەم بەڵگانه، دەوڵەت و سیاسەتدانەرانی ڕژیم لەم ساڵانەی دواییدا بە بانگەشەی میدیایی، پێدانی مۆڵەت بۆ دامەزراندنی نووسینگەی تۆمارکردنی هاوسەرگیریی کاتی و دانانی ماڵپەڕی جۆراوجۆری ئەنتەرنێتی، وەک چارەسەری کێشەی هاوسەرگیریی گەنجان، بانگەشە بۆ ئەم شێوازە هاوسەرگیرییە دەکەن و پەرەیان پێداوە.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە پێگەی جۆراوجۆردا هەوڵی دا داکۆکی و بەرگری لە هاوسەرگیریی کاتی بکات. ناوبراو بۆ یەکەم جار لە خوتبەی نوێژی هەینی سێیەمی مانگی بەفرانباری ساڵی 1364ـی هەتاوی هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕیگە چارەی ڕێگری لە گەندەڵی ئەخلاقی لە کۆمەڵگا لە قەڵەم دا و وتی: «حکوومەتێک کە داوای پاکداوێنی لە گەنجان دەکا، هەلی پاکداوێنبوونیش دەبێ دابین بکات.» ڕەفسەنجانی وێڕای ئاماژە بەوەی کە هەندێ کەس لە سەردەمی ڕژێمی ڕابردوو تووشی تاوان هاتوون، شیاوی چاکسازیین، وتی: «ئەگەر ڕێگرییان لە سیغە نەکردایە و بیانهێشتبا خەڵکی هەژار، هاوسەرگیریی کاتی بکەن، هیچ کەس تووشی زینا نەدەبوو. کەلتووری کۆمەڵگای پێشوو بە لاساییکردنەوە لە ڕۆژاواییەکان زینای بە ڕێگەپێدراو دەزانی؛ بەڵام هاوسەرگیریی کاتی حەرام کردبوو.» هاشمی ڕەفسەنجانی لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیویەتی: «… کۆمەڵگای ئێمە وەک حەقیقەتێکی پیرۆز هاوسەرگیریی هەمیشەیی قبووڵ کردووه؛ بەڵام وێنایەکی ناشیرین و نەخوازراوی لە هاوسەرگیریی کاتی هەیه.» من وتم ئافرەتانی بێ‌مێردیش بۆیان هەیە بە کاری بێنن و ژیانی یەک ساڵە و دوو ساڵە و پێنج ساڵە و کەمتر یان زیاتر پێک بێنن و ئەگەر ئەمە پەرەی نەسێنێ، کۆمەڵگاکەمان تێک دەشکێت. سەبارەت بە کچانی کەم تەمەنیش ئەم بابەتە دەبێ بە ڕەزامەندیی باوکیان بێ و هاوسەرگیریی کاتی هەموو مەرجەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە خۆ گرتووە و دەبێ لە نووسینگەکاندا تۆمار بکرێ و دیار و ڕوون بکرێتەوه» (هاشمی بهرمانی، 1392: 411). هەروەها نووسینگەی خوێندنەوەی یاسایی ناوەندی توێژینەوەکانی پاڕلەمان، لێکۆڵینەوەیەکی لە ژێر ناوی «هاوسەرگیریی کاتی و کاریگەرییەکەی لە سەر کەمکردنەوەی پەیوەندییە ناشەرعییە سێکسییەکان» بڵاو کردەوە کە بە ئاماژە بە هەندێ پێشنیار، چۆنیەتی و بۆچییەتی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی کاتی لە کۆمەڵگای ڕوون کردۆتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکا کە «ناوەندەکانی هاوسەرگیریی کاتی» لە ئێران دابمەزرێ و «ئەم دامەزراوە شەرعییە وەک نۆڕمێکی کەلتووری دەبێ بە شێوەی کردەیی پەرەی پێ بدرێت.»

C:\Users\USER\Desktop\آیت-الله-هاشمی-رفسنجانی-1024x676.jpg

وێنەی 1. هاشمی ڕەفسەنجانی لە دەستڕۆشتووترین کەسایەتییە سیاسییەکانی بوو کە 1395 کۆچی دوایی کرد.

لەم نێوەندەدا جیا لە کەسایەتییە کاریگەرە سیاسییەکان، کەسانی خاوەن قەڵەم و دەستڕۆیشتووش هەستان بە داکۆکیکردن لە سەر هاوسەرگیریی کاتی. مورتەزا موتەهەری لە کتێبەکەی خۆیدا لە ژێر ناوی «نظام حقوقی زن در اسلام» بەم شێوە فەلسەفەی هاوسەرگیریی کاتی ڕوون کردەوه: «بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە هاوسەرگیریی هەمیشەیی بەرپرسایەتی و ئەرکێکی زێدەتر دەخاتە ئەستۆی هاوسەرەکان، هەر بۆیە ناتوانی کچ یان کوڕێک شک ببەی کە لە یەکەم ساتەوەختی باڵقبوونی سرووشتی کە لە ژێر زەختە سرووشتییەکاندایە، ئامادەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی هەبێت.

تایبەتمەندیی سەردەمی نوێ لەوەدایە کە مەودای باڵقبوونی سرووشتی لەگەڵ باڵقبوونی کۆمەڵایەتی و توانای پێکهێنانی خێزانی دوور کردووه. لە سەردەمی ساکاری کۆن کوڕێکی کەم‌تەمەن لە سەرەتاکانی تافی باڵقبوونی سرووشتیدا توانای ئەنجامدانی پیشەیەکی دەگرتە ئەستۆ کە هەتا دواساتی تەمەن لە ئەنجامی دەدا، بەڵام لە سەردەمی نوێدا ئەمە ناوومیکنه. کوڕێک سەرکەوتووانە قۆناغەکانی خوێندنی لە سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆ بێ‌وچان و بێ‌ڕەتبوونەوە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ و یان لە کونکووری زانکۆ تێدەپەڕێنێ، لە تەمەنی 25 ساڵاندا خوێندنی تەواو دەبێ و لەمەو بە دوا دەتوانێ داهاتێکی ببێت. بێگومان سێ بۆ چواری ساڵی پێ دەچێ بۆ ئەوەی بتوانێ ژیانێکی ساکار بۆ خۆی پێک بێنێ و ئامادەی هاوسەرگیری بێت. هەروەها کچێکی سەرکەوتوو کە بە نیازە قۆناغەکانی خوێندن ببڕێت لێتان دەپرسێ: چی لە سرووشت و ئارەزووی سێکسی بکەین؟ ئایا سرووشت ئامادەیە لەبەر ئەوەی بارودۆخی ژیانی ئێمە لە سەردەمی ئێستادا ئێزن نادا لە تەمەنی شازدە و هەژدە ساڵاندا هاوسەرگیریی بکەین، کاتی باڵقبوون بخاتە دواوە هەتا ئەو کاتەی ئێمە کۆتایی بە خوێندنمان دێنین، ئارەزووی سێکسی وازمان لێ دێنێت؟! ئایا گەنجان ئامادەن قۆناغێکی تەرکە دنیایی تێپەڕ بکەن و خۆیان بخەنە ژێر زەخت و خۆپارێزی هەتا ئەو کاتەی هەلی هاوسەرگیریی هەمیشەییان بۆ دەڕەخسێت؟! گریمان گەنجێک ئامادەیە بە شێوەی کاتی ڕەبەنایەتی خۆی قبووڵ بکا، ئایا سرووشت ئامادەیە خۆی لە زیانی قورس و مەترسیدار کە بە هۆی ڕێگری لە تێرکردنی ئارەزووی سێکسی دروست دەبێ و دەروون‌توێژی ئێستاکە ئاشکرای کردووە، پاشگەز ببێتەوه؟! دوو ڕێگە زیاتر ناوێنێتەوە یان ئەوەتا واز لە گەنجەکە بێنین و خەمی لێ نەخۆین، ڕێگە بە کوڕێک بدەین لەگەڵ سەدان کچ ڕابووێرێ و ئیزن بە کچێک بدەین لەگەڵ دەیان کوڕ پەیوەندیی سێکسیی ناشەرعی هەبێ و چەندین جار کۆرپەلە لە بار ببات؛ واتە بە شێوەی کردەیی کۆمۆنیزمی سێکسی قبووڵ بکەین و بە هۆی ئەوەی بە شێوەی یەکسان ڕێگەمان بە کچ و کوڕ داوه، ڕۆحی جاڕناوەی مافەکانی مرۆڤمان لە خۆمان شاد کردووه.

ڕێگەی دووهەم هاوسەرگیریی کاتی ه. هاوسەرگیریی کاتی لە پلەی یەکەمدا ئافرەت سنووردار دەکاتەوە کە لە یەک کاتدا، ژنی دوو پیاو نەبێت. دیارە سنوورداربوونی ئافرەت پێویستی بە سنووردارکردنی پیاویش دەبێت. بەم شێوە کوڕ و کچ خەریکی تێپەڕاندنی قۆناغەکانی خوێندنن بە بێ ئەوەی تابشتی ڕەبەنایەتی و تەرکە دنیایی کاتی و زیانەکانی بێنن و بە بێ ئەوەی نوقمی کۆمۆنیزمی سێکسی ببنەوه.» (مطهری، 1376: 51 – 50). عەلی شەریعەتیش لەم بارەوە دەڵێ: «هاوسەرگیریی کاتی، نە لە بێچمی ئێستاکەی، پێشکەوتووترین نەریتێکە کە دانراوه. بە ڕای من شیکاریی زانستی و کۆمەڵناسی و بەتایبەت دەروونناسیی هاوسەرگیریی جیهانی ئەوڕۆ پێویسته. لە گەڵاڵەی هاوسەرگیریی کاتی، یەکەم دەبێ بەرگری لێ بکرێ و ئەو پێشینە زۆر ناشیرن و خراپە بشۆینەوە و ئینجا بیکەین بە پێشکەوتووترین پرس لە چارەسەرکردنی کێشەی ئەوڕۆیی گەنجانی دنیا و ئاماژە بە فەلسەفەکەی بکرێ و بە شێوەی دروست و زانستی شی بکرێتەوه. هاوسەرگیریی کاتی لە بێچمە هەنووکەییەکەیدا، نموونەی ئەو نەریتانەیە کە تێیاندا ئەوەی بە ئەنجام دەدرێ، دژی حەقیقەت و ڕۆحی ئەم یاسا و نەریتەیه. واتە ئەو هەڵسەنگاندنەی کە ڕووناکبیر، بەرامبەر بە شێوازی ئەوڕۆیی هاوسەرگیریی کاتی هەیەتی، دزێو و قێزەونه.» (کریمی نیا. 1390). هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی تەنیا لە ناو شێعەدا باوە و لە ناو ئایینزا چوارییەکان حەرامە و شەرعییەت و ڕەواداری نییە هەڵبەت ئەوەش نەشارینەوە هەندێ لە ڕێبەران وەکوو ئایەتوڵا سانعی تەنیا لە حاڵەتەکانی جەنگ لە سەرەتای ئیسلام سیغە بە پێویست دەزانێ و لە ژیانی ئەوڕۆییدا وەک یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی بنەماڵە پێناسەی دەکات.

لە سیاسەتداڕێژییە کەڵانەکان لە بارەی هاوسەرگیریی کاتی زۆرێک لە پرسەکان پشتگوێ خراون کە چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی و بەتایبەت ژنان لە دژی ناڕەزایەتییان دەربڕیوه. هەر ئەم سەرنج‌نەدان بە هەندێ لە ڕەهەندە پشتگوێخراوەکانی هاوسەرگیریی کاتی ە کە وای کردووە گوتاری هاوسەرگیریی کاتی، نە وەک نۆڕمی کۆمەڵایەتی لە لایەن خەڵکەوە قبووڵ کراوە و نە زۆرینەی بلیمەتە هزرییەکان لە کۆمەڵگادا لەگەڵین. لە پەرەدان بە هاوسەرگیریی کاتی ئاوڕ لە پرسەکانی ئافرەت نەدراوەتەوە و ئاراستەی زاڵ لەم بوارەدا تەواو پیاوانەیە کە دژی گوتاری دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی ڕەگەزێتی لە بنەماڵەی مۆدیڕنی ناوکییە. ئامانجی یەکەمی هاوسەرگیریی کاتی بۆ زۆربەی پیاوان، چێژ و سوودمەندی سێکسییە (سیغە یان سێکس کردن)؛ لە حاڵێکدا کە بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوە لە ئێران، ژنان ئەم هاوسەرگیرییە یان وەک سەرچاوەی داهات دەزانن یان بە هۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی هاوسەرگیریی ڕابردوو و بۆ دابینکردنی خواستە سۆزداری و سێکسییەکانیان پەنای بۆ دەبەن. کەواتە ئامانجی ئافرەتان و پیاوان تەواو لێک جیاوازه؛ بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا لەوانەیە هاوبەش بێت. لە ڕاستیدا ڕەنگە بنەمای هاوسەرگیریی کاتی لەگەڵ بنەمای بنەماڵەی ناوکی کە لە ڕوانگەی کۆمەڵگا بە پێی وابەستەیی و هۆگریی بێچم دەگرێ، جیاواز بێ.

هەروەها چالاکڤانانی مافەکانی ژنان هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە هۆکاری بەرهەمهاتنەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و هەڵاواردنە ڕەگەزێتییەکان لە دژی ئافرەتان، لەقبوونی بنیاتی بنەماڵە و پەرەسەندنی فرەژنی، منداڵ‌هاوسەری، نەخۆشی نزیکی و باوبوونی لەشفرۆشی دەزانن و لە دژی وەستاون.

بڕیاری مەحرەمێتی کە لە ڕاستیدا هەمان هاوسەرگیریی کاتی ە هەرگیز لە کۆمەڵگە زانستی و زانکۆییەکان یان لە قۆناغەکاندا یاساییەکاندا نەخراوەتە بەر تیشکی باس و لێکدانەوه. چوونکە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە و پەیوەندیی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بە تەواوەتی بە شێوەی شاراوە و لە چوارچێوەیەکی ئایینیدایە و ئەو ژن و مێردانەی کە بەم کارە هەڵدەستن باش دەزانن کە لە ئەگەری کۆتایی هاتنی کاتی بڕیاری مەحرەمێتی لە هەر چەشنە پابەندیی و بەرپرسایەتییەک بێبەرین. ئاشنابوون و ناسینی زیاتری بڕیاری مەحرەمێتی دەتوانێ پاساوی عەقڵانی هەبێ بەڵام دەبێ ئاماژەش بەم خاڵە بکرێ کە بە هۆی زەختی بنەماڵە لە ئەگەری نەبوونی لێکتێگەیشتن ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە بە هاوسەرگیریی کۆتایی پێ بێ و ئەم نەبوونی لێکتێگەیشتنە دەتوانێ لە داهاتوودا داڕمانی بنەماڵەی لێ بکەوێتەوه. لە لایەکی تریشەوە لە کاتی بڕیاری مەحرەمێتی و دڕانی پەردەی کچێتی لە ئەگەری کۆتایی نەهاتن بە هاوسەرگیریی خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ سەر ژنانی لێ دەکەوێتەوە و لەو ڕووەوەی کە هیچ چەشنە تۆمارکردنێکی یاسایی نییە ناتوانێ بۆ سەندنەوەی مافی خۆی داپەڕێک ئەنجام بدات.

بەڵام لە بڕیاری مەحرەمێتی کە لە ناو منداڵان و مێرمنداڵان بۆ ڕێگری لە تاوان ئەنجام دەدرێ لێکەوتەی جیاوازتری لێ دەکەوێتەوه. پەیوەندییەکانی نێوان کچان و کوڕانی مێرمنداڵ کە نزیک تافی باڵقبوونن زیاتر لایەنی سێکسی دەگرێتە خۆی ئەوە لە حاڵێکدا کە هیچ چەشنە ئامادەیی هزری و ئابووری و کۆمەڵایەتییان بۆ هاوسەرگیریی نییه. لە تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵی پەیوەندیی هاوسەرێتی بە پەیوەندیی سێکسی کۆتایی پێ دێ کە بە هۆی زەختە کۆمەڵایەتییەکان، بنەماڵەکان بە شوێن بە تۆمارکردنی هاوسەرگیریی هاوسەرەکانن و لە ئەگەری قبووڵکران لە لایەن پیاو ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی ئاسانبوونی هاوسەرگیریی منداڵەکان و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لێکەوتەی وەکوو وازهێنان لە خوێندن، خەسارەتی جەستەیی و سێکسی بەتایبەت بۆ سەر کچان، خەساری ڕۆحی و لە کۆتاییدا منداڵ‌بێوەیی لێ دەکەوێتەوه. بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا ئەم چەشنە پەیوەندییانە بە کۆتاییهاتنی بڕیاری مەحرەمێتی و قبووڵ نەکردنی هاوسەرگیری لە لایەن پیاو دەبێتە هۆی لێکەوتەی جیدیتر و منداڵ یان مێرمنداڵی کچ تووشی زیانی قەرەبوونەکراوی ڕۆحی دەبێتەوه. لێکدانەوەی ڕەخنەییانەی هەندێ لە داب و نەریتە ئایینییەکان لەو تابۆیانەیە کە زۆر کەس بە هۆکاری جیاواز خۆی لێ دەبوێرێ بەڵام کاتێ هەندێ لە داب و نەریتەکان بە هۆی پێویستیی کاتی و شوێنی دەتوانێ خەساری دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ تاک و کۆمەڵگای لێ بکەوێتەوە دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە و لە دەلاقەی یاساوە چاودێری بکرێ کە ئەمە بنەما و ئامانجی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیه.

2. شێوازی توێژینەوه

ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەخوازی و ئاراستەی شێوازناسیی چۆنایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی تیۆریی زەمینەیی لە سەر ئاستی سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوە بە سوودوەرگرتن لە تەکنیکی دیمانەی ئازاد و قووڵ کۆ کراوەتەوه. بە هۆی هەستیاریی کەلتووری و ئایینیی بابەتی لێکۆڵینەوە و دژواری دەستگەیشتن بە نموونەکان، شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار بە کار هێنرا. دڵنیابوونی تیۆری پاش ئەنجامی 100 لێدوان وەدەست هات و بۆ متمانەی زێدەتر، دیمانەی زیاتر ئەنجام درا. پاش ئەنجامدانی دیمانە لەگەڵ 216 کەس، لە مەڕ دڵنیابوونی تیۆریی گشتگیری توێژینەوە ڕازی بووین. هەڵبەت لێرەدا چاودێری و ڕێنوێنیی پسپۆڕانی شێوازی چۆنایەتیشمان بە کار هێنا. لە کۆی 216 کەس توێژینەوە لە سەر کراو، 35 لە سەد پیاو و 65 لە سەد ئافرەت بوون. هەروەها بە مەبەستی دەوڵەمەندتر کردنی توێژینەوه، کارناسانی ئایینی و فەقێکان، کارناسانی یاسایی و پارێزەران و نووسینگەی تۆمارکردنی هاوسەرگیریی و تەڵاقیشمان دواند.

3. ئەنجامەکانی توێژینەوه

بەدەر لە گرینگایەتی تایبەتی خواستە مادییەکان وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی ملدانی ئافرەتان بە هاوسەرگیریی کاتی، هۆکارەکانی سۆزداری و دەروونیش لە فاکتەرە گرینگەکانی هاوسەرگیریی کاتین. لە توێژینەوەیەکدا کە تەلعەت ڕافعی و هاوکارەکان ئەنجامیان داوه، 2/13 لە سەدی ژنانی سیغە کراو، هۆکاری هاوسەرگیریی کاتی خۆیان گەڕاندۆتەوە بۆ سێکس، 28 لە سەد ئابووری و 8/58 لە سەد هۆکاری سۆزداری، دەروونی، تەنیایی و خێزانی (ڕافعی، 1382: 50). ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەریدەخا کە پێویستیی ئابووری، دەروونی و سێکسی لە هۆکارە سەرەکییەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی کاتی ە بەڵام بە پێی ڕەگەزێتی لە ناو ژنان و پیاوان جیاوازه.

زیاترین هۆکاری هۆگریی پیاوان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، ئارەزووی سێکسییه. ئارەزووە سێکسییەکان بە 61 لە سەد، خواستە سۆزدارییەکان بە 1/31 لە سەد و خواستی مادی 9/8 لە سەد. یەکەمایەتی یەکەم هەتا سێیەمی خواستەکانی کۆمەڵگەی ئاماری پیاوانن. بەڵام گرینگترین هۆکارێک کە ژنان ناچار بە هاوسەرگیریی کاتی دەکا، خواستی ئابووری بە 50 لە سەدە و خواستی سۆزداری و سێکسی بە 35 و 15 لە سەد لە هۆکارەکانی دووهەم و سێیەمی ملکەجێتی ئافرەتان بۆ هاوسەرگیریی کاتی ه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 2. ڕێژەی فرەیی هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی کاتی بە پێی ڕەگەز

بە ئاوڕدانەوە لە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، خواستی سۆزداری و ئابووری لە ناو ژنان و ئارەزووی سێکسی لە ناو پیاوان گرینگترین هۆکارەکانی ڕووکردنە هاوسەرگیریی کاتی ه. هەروەها ئەزموونی هەست بە تەنهایی و نەبوونی شادومانی لە ناو ئافرەتان و ئەزموونی هاوسەرگیریی ناسەرکەوتووی ڕابردوو، ناڕەزایەتی لە هاوسەر و نەبوونی لێکتێگەیتشن لە هۆکارەکانی دیکەی هاوسەرگیریی کاتی پیاوانه.

دابینکردنی بژێوی لە کۆمەڵگا نەریتییەکان لە سەر ئەستۆی پیاوی بنەماڵەیه. بەڵام لە نەبوونی مێرد، برا یان باوک یان باپیری باوکی، ژنان دەبێ خۆیان بژێوییان دابین بکەن. بەم ژنانە دەڵێن ژنانی بێ‌سەرپەرشت یان خۆسەرپەرشت. بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی ئاماری ئێران، ئافرەتانی بێ‌سەرپەرشت یان خۆسەرپەرشت، ئەو بنەماڵانەن کە بە هۆکاری جیاواز (تەڵاق، کۆچکردن و مەرگی هاوسەر) وەک سەرپەرشت پیاوێکی تێدا نییە یان ئەو بنەماڵانەی کە پیاوان بە هۆی (نەخۆشی، ئالودە بوون بە مادەی هۆشبەر و …) لە دابینکردنی داهاتی بنەماڵە بێبەشن. سەرەڕای ئەوەی بارودۆخ بۆ بەشداریی زێدەتری ئافرەتان لە بەستێنی بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری و پەروەردە لە کۆمەڵگای ڕوو لە تێپەڕینی ئێران پتر لە جاران هەموار کراوە و ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆن، ئەم ژنانە بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتی گشتیی کۆمەڵگا لە کەمینەدان و دۆخی هەنووکەیی ئەوان بە هۆی بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئەوانه.

بە ئاوڕدانەوە لە هەلومەرجی چەتوونی ئابووری لە ئێران و خواست بۆ دابینکردنی بژێوی، هەندێ لە ژنان سیغە وەک ڕیگە چارەیەک بۆ دابینکردنی خواستە ئابوورییەکانی خۆیان سەیر دەکەن و لە پێناو دابینکردنی خواستە مادییەکانی خۆیان دەست دەدەنە هاوسەرگیریی کاتی. دەبێ ئاماژە بەم خاڵە بکرێ کە ڕێژەی هەژاریی مادی ئەو ژنانەی کە بە هۆی خواستی ئابووری سیغە دەبن، زۆر زیاتر لەو خەرجانەیە کە پیاوان وەک بڕی مارەیی دیاریکراو و لە کاتی دیاریکراو، بە بێ پێدانی نەفەقە و تێچووەکانی دیکە دەیدەن بە ژن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشنیاری هاوسەرگیریی کاتی بەو پیاوە کەم‌داهاتانە دەکرێ کە توانای هاوسەرگیریی هەمیشەییان نییه. بە گشتی ڕەنگە لایەنی کاتیبوونی سیغە ڕێگە چارەی خواستە مادییەکانی ژنان نەبێت.

“ژنی 38 ساڵه، دانیشتووی تاران. تەڵاقدراو، خاوەن دوو ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتی”

تێچووی ژیان قورسه. یارمەتیم دەدات. پاش ئەوەی سیغەی یەکەم کۆتایی هات، دۆخی ئابوورییم زۆر نالەبار ببوو. بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەم پیاوە باش بووه. ئەو کات تەنانەت نەمدەتوانی برنج بکڕم؛ بەڵام ئێستا هەموو شتێکم هەیه. مریشکم هەیه. ساردینگەکەم هەمیشە پڕه. تەنانەت هاوڕێکانیشم ئەوەم پێ دەڵێن. هەڵبەت ئەو هاوڕێیانەی کە زۆر لەگەڵیان تێکەڵم و دێنە ماڵەکەم.”

جیا لە سەرچاوەی کاتی بۆ ژنان لە هاوسەرگیریی کاتیدا، جۆرێک ئابووری لەم چەشنە پەیوەندییەدا بێچمی گرتووە ئاسانبوونی پەیوەندیی سێکسی لە ڕێگەی هاوسەرگیریی کاتی بۆتە هۆی ڕاکێشانی ئەو مسافرانەی کە دەچنە شارە ئایینییەکانی وەکوو مەشهەد و لە هۆتێل و ئاپاڕتماندا ژنانی سیغەیی لە خۆیان مارە دەکەن کە هەندێ جار ماوەی عەدە و مەرجە شەرعییەکەشی ڕەچاو ناکرێت. دابەزینی نرخی ڕیاڵ بۆتە هۆی ئەوەی دیکەی وڵاتانی دراوسێ بە تێچووی زۆر کەم لە ئێران چێژی سێکسی بە ئەزموون بکەن. ئاشنایەتی بۆ تووریست و گەشتیارەکان لە ڕێگەی هۆتێل، شۆفێری تاکسییەکان و هۆتێلی ئاپاڕتمانەکان لە باکوور، مەشهەد و تاران زۆر بە ئاسانی وەدەست دێت. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕ و وێبلاگەکان داهاتێکی زۆری هەیه یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئاسانبوونی ئاشنایەتی لە هاوسەرگیریی کاتی ە.

“پیاوێکی تەمەن 30 ساڵان دانیشتووی مەشهەد

من نزیکەی یەک دوو مانگ لەمەوبەر یەکێک لە هاوڕێکانم پێی ناساندم هاتمە ناو ئەم ماڵپەڕە تەنیا هاتم و ئیشم نەدەکرد. نەدەچوومە ناو ماڵپەڕ جارێکیان هاتم بینیم 7 ، 8 ناوە و سەردان. سەیرم کرد، هێدی هێدی سەرقاڵ بووم. هاتمە ناوی و دەستم پێکرد.”

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

گەنجانێک کە بە هۆی بڕی مارەیی قورس و بارودۆخی مەندی ئابووری و هەڵاوسان و نەبوونی ئاسایشی پیشە وەک ڕیگە چارەیەک هاوسەرگیریی کاتی بۆ خۆیان دەستنیشان دەکەن، ژنانی بەدسەرپەرشت کە بە هۆی دابین نەبوونی هەلی کار لە پێکهاتەی ئابووریی ئێراندا هاوسەرگیریی کاتی وەک بژاردەیەکی باشتر بۆ دابینکردنی دارایی خۆیان دەستنیشان دەکەن. بەدەر لە خواستە مادییەکان، خواستە سۆزدارییەکان لە هۆکارەکانی دیکەی هاوسەرگیریی کاتین.

“ژن. 38 ساڵان. دانیشتووی ئیسفەهان. تەڵاقدراو. خاوەن ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتی

بێوەژن تەنهایه. بۆ ئەوەی تەنهایی خۆی قەرەبوو بکاتەوه، پێی خۆشە کەسێک لەگەڵی بێت. لە لایەکی دیکەشەوە زۆر ئاستەنگی لە بەر دەم نییه، خۆ دەزانی مەبەستم چییە (ئاماژە بە نەبوونی پەردەی کچێتی) ئاسوودەتری. بە خودا گوناحیش نییه.”

لەم توێژینەوەدا ئەزموونی هەستی تەنهایی و نەبوونی شادومانی لە ڕوانگەی ژنان و ئەزموونی هاوسەرگیریی ناسەرکەوتوو لە ڕابردوودا، ناڕەزایەتی هاوسەرەکان و نەبوونی لێکتێگەیشتن لە ڕوانگەی پیاوانەوه، وەک هۆکاری سەرەکی هاوسەرگیریی کاتی ناسێنراوه. تەڵاقی سۆزداریش یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان و پیاوان خواستەکانی خۆیان بۆ وێنە خواستی سۆزداری و سێکسی لە دەرەوەی ماڵ دابین بکەن. نەبوونی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوسەر و تەڵاقی سۆزداری لە ناو پیاوان وای کردووە ئەوان هاوتەریب لەگەڵ هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە دەرەوەی ماڵ درێژە بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری بدەن. شێوازی هاوسەرگیریی نەریتی و نەبوونی ئازادی لە هەڵبژاردنی هاوسەریش دەبێتە هۆی ئەوەی پاش ماوەیەک پەیوەندیی هاوسەرەکان ڕوو لە ساردبوونەوە بکا و پیاوان لە دەرەوەی ماڵ ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیان تێر بکەن.

ڕافێعی دەڵێ نەبوونی پەیوەندی و تێگەیشتنی دوو لایەنەی هاوسەرەکان لە یەکتر، قەیرانەکانی بەساڵاچوویی یان فرەڕەنگخوازی پیاوان و هۆگریی بۆ فرەژنی لەو هۆکارە دەروونناسییانەن کە پیاوان بەرەو هاوسەرگیریی کاتی هان دەدات. ناتوانین بڵێین هاوسەرگیریی کاتی، شێوازی هەڵبژاردنی هەمیشەیی کەسەکەیه، بەڵکوو کەسەکان هاوسەرگیریی کاتی وەک بڕگەیی یان وەک پەیوەندییەکی هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ دیکەی پەیوەندییەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەو کەسانەی کە تووشی قەیرانی بەساڵاچوویی دەبن، هۆگرییەکی زۆریان بۆ وازهێنان لە پەیوەندیی فەرمی و ئەزموونی پەیوەندیی هاوتەریب هەیه. ئەوان بۆ ڕێز لێگیران، سۆز و سەرنج بۆ کەسێکی نوێ دەگەڕن و ئەوەی لە پەیوەندییدا هەیانە بە ناتەواو، بێ‌هیواکەرەوە و هەڵە دەزانن. لە لایەکی تریشەوه، ژنانی خۆسەرپەرشت، بێوەژن و تەڵاقدراو و ئەو ئافرەتانەی کە لە ڕابردوودا ئەزموونی توندوتیژیی خێزانی یان هاوسەرگیریی ناسەرکەوتوویان هەبووه، بۆ دەربازبوون لە تەنهایی پاش لە دەستدانی هاوسەر و بە هۆی نەڕەخسانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و نەبوونی خوازبێن یان بوونی منداڵ و ڕوانگەی نەرێنی بەرامبەر بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی بێوەژن و تەڵاقدراو، بەرەو پەیوەندیی کاتی و تیژتێپەر ڕاکێش دەبن.

لە گرینگترین هۆکارەکانی هاوسەرگیریی کاتی دەتوانێ زەوقی بنەماڵەیی بێت. شێوازی ژیانی بنەماڵەیی و جۆری پەروەردەی کۆمەڵایەتیی منداڵەکان لە فاکتەرە بنەڕەتییەکانی قبووڵکردنی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی ه. ئەو بنەماڵانەی کە پێشینەی بڕیاری مەحرەمێتی و نیکاحی کاتی ان هەبووه، ئەم ڕفتارەیان لە نەوەکانی دوایی خۆیاندا چەسپاندووە و نەوەی دواتریان ئەمە وەک ڕفتارێکی کۆمەڵایەتی پەسندکراو ئەنجام دەدەن. لەم توێژینەوەدا، 18/61 لە سەدی وڵامدەران وتوویانە کە لە بنەماڵەی ئەواندا پێشینەی ئەنجامدانی بڕیاری مەحرەمێتی بوونی نەبووە و 18/31 لە سەد وتوویانە کە لە بنەماڵەکانی ئەواندا ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە لە ڕابردوودا بووه.

سێیەمین هۆکارێک کە وەک هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی کاتی ناسێنرا، ئارەزووی سێکسی بوو. ئارەزووی سێکسی یەکێک لە ڕاکێشەرییەکان و هۆگرییە سەرەکییەکانی مرۆڤە کە دەبێ لە ڕێگەی شەرعی و یاسایی تێر بکرێت. بە جۆرێک کە ئەگەر ئەم ئارەزووە لە تێرکردندا تووشی لادان یان کێشە ببێ، کەسەکە لە حاڵەتی هاوسەنگی دەترازێنێ و نەخۆشی ڕۆحی، دەروونی و تەنانەت جەستەیشی لێ دەکەوێتەوه. هەر بۆیە مرۆڤ هاوشێوەی دیکەی ڕەهەندەکانی ژیانی خۆی، بۆ ڕفتاری سێکسی دروست و گونجاو، هەمیشە پێویستی بە سەرچەشن و شێوازی ڕفتاره. ئەگەر هەلومەرجەکە بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی ئامادە نەبێ، تاکەکان بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیان هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕیگە چارەیەک لە قەڵەم دەدەن.

“پیاوی تەمەن 42 ساڵه، خاوەن ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتی

پیاوێک کە پێویستی نەبێ، کاری لەم چەشنە ناکا، ڕەنگە حیزیەتی بکا، پیاو حیزیەتی خۆی هەیه. بەڵام ئەگەر تێر نەبی، دەچێت. ڕەنگە یەکێک ژنەکەی نەخۆش بێ، یان ببوورە ئەمەش دەڵێم، لەگەڵی ناخەوێ، یان لە ڕووی جەستەوە پێی ناخوا و تێری ناکا، ئەوانە هۆکارن.”

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 3. لێکبڵاوی ڕێژەی فرەیی پێشینەی بنەماڵەیی وڵامدەران لە بواری هاوسەرگیریی کاتی

بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوه، ئەو پیاوانەی کە ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی کاتی، تێر نەبوونی سێکسی، بێهێزی یان بێ‌ئارەزوویی هاوسەر لە سازکردنی پەیوەندیی سێکسی، نەخۆشی جەستەیی، لە زک وێستان، کەمبوونەوەی خواست و ئارەزووی سێکسی و … ـی هاوسەرەکانیان بە هۆکاری هاوسەرگیریی کاتی دەزانن. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەریدەخا کە بە شێوەی گشتی یەکێک لە هۆکارەکانی هاوسەرگیریی کاتی، تێرکردنی ئارەزووی سێکسییه. ئەم پرسە ژنانیش دەگرێتەوه. ژنان بۆ ئەوەی بە شێوەی دڵخواز ئارەزووی سێکسییان تێر بکەن و ئارەزووەکەیان دابمرکێنن، هاوسەرگیریی کاتی بە ڕیگە چارەیەکی گونجاو دەزانن.

پێکهاتەی یاسایی ئێران لە سەر بنەمای فیقهی شێعە ئامادە کراوه. بە گوێرەی ڕوانگەی شێعه، بە پێی ئایەتی 24 سووڕەتی نیساء (…فَمَا اسْتَمْتَعْتُم بِە مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِیضۀً وَلاَ جُنَاحَ عَلَیْکُمْ فِیمَا تَرَاضیْتُم بِە مِن بَعْدِ الْفَرِیضۀِ … و جا لەگەڵ هەر ئافرەتێک هاوسەریتان گرت ئەوە فەڕزە کە مارەییەکەیان بدەنێ و هیچ گوناهیش نییە لە سەرتان لە کەم کردەنەوی ئەو مارەییە کە لە سەری ڕێکەوتبوون …) سیغە یان هاوسەرگیریی کاتی لە لایەن خوداوە بۆ مرۆڤ بە ڕێگەپێدراو ناسراوه. هەروەها ئیمامانی پاک وەک ئامرازێک بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی و زینا لە کۆمەڵگا ئەم چەشنە نیکاحەیان بە شێعەکان پێشنیار داوه. بە گوێرەی پێشنیاری ئیمامانی شێعه، هاوسەرگیریی کاتی خێری دنیا و قیامەتی بۆ کەسەکە هەیه.

“زانای ئایینی لە حەرەمی ئیمام ڕەزا

حەزرەتی عەلی (س.خ) فەرموویەتی: ئەگەر عومەر سیغەی قەدەغە نەکردبا، زینایان نەدەکرد، مەگەر خراپترین کەسەکان. لە گێڕانەوەکانی ئێمەدا زۆر سفارشی کراوه. تەنانەت پیاوان و زانایانی ئێمە پێشتر هاوسەرەکانی خۆیان سیغە کردووه. هاوسەرەکان هەمیشەییەکانیان چەند ڕۆژ جارێک سیغە دەکرد، ئینجا مارەی هەمیشەییان دەکردن و ئەوە موستەحەبە کە کەسێک – بەڵام بە هۆی ڕابواردنی سێکسیش نەبێ – کەسێک سیغە بکات. ڕێگەپێدراوە و کێشە نییه.”

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 4. لێکبڵاویی ڕێژەی فرەیی پابەندێتی ئایینزایی وڵامدەران لە ڕوونکردنەوەی هاوسەرگیریی کاتی

زانایانی ئایینی و ڕەخنەگرانی سیاسی هاوسەرگیریی کاتی بە مەبەستی ڕێگری لە کۆمۆنیزم و ڕەبەنایەتی بۆ پیاوان و ئافرەتان تەڵاقدراو یان بێ‌سەرپەشت پێشنیار دەکەن و بنەمای ئایینی بۆ دەهێننەوه. لە مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی، هاوسەرگیریی کاتی لە یاساکانی ئێراندا بە فەرمی ناسراوه. مەرج و بنەمای بنەڕەتی نیکاحی قۆناغی (هاوسەرگیری کاتی) هەمان بارودۆخی دروستی نیکاحی هەمیشەییە لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی دیاریکراو و دیاریکردنی بڕی مارەیی دیاریکراو بۆ ئافرەت. ئاستەنگەکانی بەر دەم هاوسەرگیریی کاتیش هەمان ئاستەنگەکانی بەر دەم هاوسەرگیریی هەمیشەییه. لەو ڕووەوەی کە هاوسەرگیریی کاتی لە یاسای مەدەنی و پشتیوانی لە بنەماڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە یاسایی و ڕەوا ناسراوه، دەتوانین ئەم یاسایانە وەک هۆکاری کاریگەری هاوسەرگیریی کاتی بێنینە هەژمار. سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕوانگەی جۆراوجۆری یاساییەوە باس لە بنەما و ڕێساکانی هاوسەرگیریی کاتی کراوه؛ دیمانەکان ئەوە پیشان دەدەن کە بەشداربووان و تەنانەت زانایانی ئایینی لە ناوەڕۆکی یاسایی هاوسەرگیریی کاتی زانیاری وردیان نییه.

هەڵبەت لە هەندێ لە بەشەکان، یاسادانەر بە هۆی کێشەی کارگێڕی، بێدەنگی هەڵبژاردووە و بۆتە هۆی سەرلێشێواوی ئەو کەسانەی کە ئامادەی هاوسەرگیریی کاتین. بەڵام بەم وەسفانه، بەشداربووان لە ناوەڕۆکی یاسایی هاوسەرگیریی کاتی زانیاری وردیان نەبوو. لە لایەکی دیکەشەوه، ناوەڕۆکی یاسایی هاوسەرگیریی کاتی بوار بۆ بەردەوامیی ئەم چەشنە نیکاحە لە کۆمەڵگادا خۆش دەکات. بۆ وێنە لە یاسادا هاتووە کە ماوەی سیغە بە شێوەی کاتی و دیاریکراوە (مادەی 1076 یاسای مەدەنی). هەروەها لە باسی میرات وەرگرتن، یاسادانەر میرات بە مافی ژنی هەمیشەیی دەزانێ و بۆ ژنی سیغە میرات ڕەچاو ناکات (مادەی 940 یاسای مەدەنی). ژن مافی نەفەقەشی نییە و لە هەڵوەشانەوەی نیکاحی سیغە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوە یان بەخشینی ماوە لە لایەن پیاو یان مردنی پیاو نیکاح کۆتایی پێ دێت، واتە بە پێچەوانەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، تەڵاق بوونی نییە (مادەی 1139 یاسای مەدەنی).

“پیاو. 35 ساڵان. دانیشتووی تاران. ژن بەجێهێشتوو

هەرچییەک بێ، دەتوانین لێک جیا ببینەوه. بەرپرسایەتیت لە گەردن نییه. ناچار نیت بۆی بمری، ژیانت بفەوتێت. ئەمە باش نییه؛ بەڵام بۆ ئێمەمانان زۆریش خراپ نییه. زەخت لە خۆت ناکەی. من بریندارم، هەر ئەوەم بەسە کە هیوام لە سەر کەس هەڵناچنم.”

بێ‌گومان یاساکان وەک لانیکەمییە ئەخلاقییەکان کە بە دواداچوونی یاساییان هەیه، دەتوانن وەک کارتی فشار یان ئاسانکەرەوە بە کار بهێنرێن. سنوورە یاساییەکان دیاری دەکەن کە کارکردی تاکەکان بە بەراورد لەگەڵ سنوورەکان چ پێگەیەکیان هەیە و دەشێ و ناشێکان بە پێی چ بنەماگەلێک دەبێ ئەنجام بدرێ و چ سزاگەلێک بۆ لادان لەم بنەمایانە بوونی هەیه. وەک بینرا، هاوسەرگیریی کورت‌خایەن و ئاسان و ماوە دیاریکراو، تەڵاقی ئاسان و نەدانی نەفەقە و میرات بارودۆخێک دێنێتە ئاراوە کە تاکەکان، بەتایبەت پیاوان، هاوسەرگیریی کاتییان لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی پێ باشتر بێت. بەڵام لە بەرامبەردا، پرۆسەی تەڵاق لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، درێژخایەنە و بە دواداچوون بۆ مارەیی و سەرپەرشتی منداڵەکان و … کاتگر و تاقەتپڕووکێنه.

بەدەر لەو بابەتانەی کە وترا، نەبوونی شەفافییەتی ئایینی و یاسایی لە دیاریکردنی لانیکەمە تەمەنییەکان بۆ ئەنجامدانی سیغەی کاتی دەبێتە هۆی ئاسانبوونی هاوسەرگیریی پێشوەخته. بە گوێرەی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی، نیکاحی کچ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵی تەواو و کوڕ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵی تەواوی هەتاوی، پەیوەست بە ئیزنی سەرپەرشت بە مەرجی ڕەچاوکردنی مەسڵەحەت بە لێکدانەوەی دادگایەکی شیاوە. بنەماڵە نەریتی و ئایین‌پەروەرەکان بە مەبەستی ئاشنابوون بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، دووری لە تاوان و زەختی کۆمەڵایەتی، بڕیاری مەحرەمێتی کە هەمان هاوسەرگیریی کاتییە و لە ڕووی ڕەهەندی شەرعی و یاساییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەتعە نییه، تەنانەت لە تەمەنی کەمتر لە تەمەنی یاسایی ڕۆڵەکانیان سیغە دەکەن. لەم ماوەی دواییدا لە شاری مەشهەد بە هاتنی دادستێن ڕێگری لە هاوسەرگیریی کچۆڵەیەکی تەمەن 9 ساڵە لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەن کرا. بەستێنی یاسایی و ئایینی کە لەم پەیوەندییەدا بوونی هەیە بەستێن بۆ منداڵ‌هاوسەری و خۆشڕابێری‌خوازی دەڕەخسێنێت.

“خانمێکی 22 ساڵه، هاوسەردار، دانیشتووی مەشهەد

لە تەمەنی 12 ساڵاندا لە مێردەکەی مارە کراوە دەڵێ: تۆ بڵێ مرۆڤ لەم تەمەنەدا چی لێ حاڵییه؟ ڕۆژێکیان لە قوتابخانە دەهاتمەوە وتیان دەبێ شوو بەم پیاوە بکەی. چیتر نەگەڕامەوە بۆ قوتابخانه. من دەڵێم کەمێک گەورە بی. زمانی پیاوان بە لاتەوە درێژه. هەتا منداڵی چی وت دەبێ بە گوێی بکەیت.”

بڕیاری مەحرەمێتی چ لە ڕوانگەی یاساییەوە بە دیاریکردنی تەمەنی لانیکەمی ژێر 13 ساڵ و چ لە ڕەهەندی ئایینییەکەیەوە ئەوەی کە لە لایەن بنەماڵە نەریتییەکانەوە ئەنجام دەدرێ، منداڵ‌هاوسەری لێ دەکەوێتەوه. بنەماڵە نەریتییەکان بە گوێرەی پێگەی ئایینیی خۆیان لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا ڕۆڵە منداڵ و مێرمنداڵەکانی خۆیان مارە دەکەن، بە بێ ئەوەی تۆماری بکەن و یان ئەوەی کە دەستەبەرییەک لە گۆڕدا بێت. کاتێک کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵ لە ژێر ناوی بڕیاری مەحرەمێتی لێک مارە دەکرێن ئەوە دەبنە ژن و مێرد. لە ئەگەری پەیوەندیی سێکسی، پاش ماوەیەک بە شێوەی هەمیشەیی هاوسەرگیری دەکەن. واتە بڕیاری مەحرەمێتی لە چوارچێوەی شەرعیدا پەیوەندیی سێکسی مومکین دەکا و هەر ئەمە هاوسەرگیریی منداڵان ئاسان دەکاتەوه. منداڵان و مێرمنداڵان لەم تەمەنەدا لە هەموو چەشنە باڵقبوونی هزری، ئابووری و کۆمەڵایەتی بێبەریین و دەبێ لە لایەن بنەماڵەکانەوە کۆنتڕۆڵ و چاودێری بکرێن کە ئەمە خۆی ناکۆکی و شەڕ و هەندێ کێشەی بنەماڵەیی لێ دەکەوێتەوه.

نەبوونی توانای بەڕێوەبردنی ماڵ و بەڕێوە بردنی ژیانی بنەماڵەیی، تێکهەڵچوون و کێشە و ئاریشەی بنەماڵەیی تەنیا دەرهاویشتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی لە تەمەنی منداڵیدا نییه. کۆنتڕۆڵی توند لە لایەن بنەماڵە و پێشێل کردنی ئازادییە تاکایەتییەکان، دووگیان بوونی نەخوازراو و زیانی جەستەیی، وازهێنان لە خوێندن لە سەرەکیترین دەرکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی پێشوەختەی ژێر تەمەنی 18 ساڵانە کە لە ناو شیکارییە وردەکانی دیمانەدا بە ڕوونی بەر چاو دەکەوێت.

“ئافرەت. دانیشتووی مەشهەد، هاوسەردار کە لە تەمەنی 11 ساڵاندا بڕیاری مەحرەمێتی بە تاقی کردۆتەوه.

ئێمە خۆمان کێشەمان نەبوو؛ بەڵام گەورەکان بە شەڕیان دەداین. کاتێک هاتمە سەر ماڵ، بە هۆی ئەوەی تەمەنم کەم بوو، زۆر گوێڕایەڵی مێردەکەم نەبووم، پاشان بە ئامۆژگاری دایکم و کەسانی تر باشتر بووم.”

وەک بینیتان پەیوەندیی هاوسەردارێتی و هاوسەرگیریی پێشوەختە لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتیی منداڵان و مێرمنداڵان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی ڕفتاری سێکسییان لە لایەن بنەماڵەوە ئەنجام دەدرێ و لێکەوتەی وەکوو ناکۆکیی خێزانی، تێکهەڵچوون، خەسارەتی جەستەیی، ڕۆحی و وازهێنان لە خوێندنی لێ دەکەوێتەوە و ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە بڕیاری مەحرەمێتی بووەتە هۆی هاوسەرگیری. بەڵام لە حاڵەتێکدا کە بڕیاری مەحرەمێتی ببێتە هۆی دڕانی پەردەی کچێتی و بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی کۆتایی پێ نەیەت ئەوە خەسارەتی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتیی خراپتری بە دواوەیه.

لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ڕەهەندی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت. بە پێی شیکاریی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە دەتوانین ئاماژە بکەین بە فاکتەرگەلی وەکوو هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، ناو و ناتۆره، گومانخوازی بەرامبەر بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، داڕمانی بنەماڵەکان، توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و … . سەردەمانێک منداڵان لە تەمەنی کەمدا لێک مارە دەکران تەنانەت سەرباری ڕەزامەندیی منداڵ لێکەوتەی تایبەتی وەکوو منداڵخستنەوەی پێشوەختە و یان وازهێنان لە خوێندنی بە دواوە بوو.

لە هاوسەرگیریی کاتی جۆرێک هەڵاواردنی ناڕەوا لە دژی ئافرەتان بوونی هەیه. باجی تاراندنی کۆمەڵایەتی لە نیکاحی کاتی بۆ ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان زیاترە و ئافرەتان بە هۆی قێزەون بوونی سیغە زیاتر دەبنە قوربانی ڕوانگەی نەرێنی. هەر بۆیە لەو کاتانەیدا کە پیاوان، ژنانی سیغە ئازار دەدەن؛ ژنان ئامادە نین بە دواداچوونی بۆ بکەن. لە ڕاستیدا ژنان وایان پێ باشترە تابشتی ئازاری جەستەیی و دەروونی بێنن؛ بەڵام سکاڵا تۆمار نەکەن بۆ ئەوەی ناو و نیتکەی سیغەییان لێ نەدرێت. ئەم ڕاستییه، بەڵگەیەکی ترە بۆ هەڵاواردن لە دژی ژنان کە لە کاتی دیمانە لەگەڵ کارناس و ڕاوێژکاری بنەماڵە ئەم بابەتە پشتڕاست کرایەوه:

“کارناسی یاسایی، دانیشتووی مەشهەد

پرۆسەکە ئەوەندە کاتگرە کە لێخۆشبوون دەردەکرێت. سزاکان بۆ وەها کردەوەیەک شیاو نییه. بە هۆی ئەوەی من بۆ خۆم بینیومە کە ئەم لێدان و بریندارکردنانە بووەتە هۆی کەمئەندامبوونی ژن .”

هەروەها سزا یاساییەکانی پەیوەست بە ناکۆکی و ئەو توندوتیژییانەی کە لە هاوسەرگیریی کاتیدا دژ بە ژنان دەسەپێنرێ بە هۆی درێژخایەنبوونی پرۆسەی بە دواداچوونی یاسایی، بە شێوەی کردەیی پێناسە نەکراوه. کارناسانی یاسایی لە دیمانەکاندا ڕایانگەیاندووە کە زۆرێک لە ژنانی سیغەکراو بە هۆی زیانی ئابووری و هەروەها ئازاری جەستەیی سەردانی ناوەندە یاساییەکان و پارێزەرانیان کردووه؛ بەڵام وەک وترا بە هۆی درێژخایەنبوونی پرۆسەی یاسایی سەلماندنی ئیدعا و سزا کەمەکانی، ژنان لە سکاڵای خۆیان پاشگەز دەبنەوە و لە سەندنەوەی مافی خۆیان چاوپۆشیان کردووه.

تاکایەتی، مەلەوەربوونی پەیوەندییەکان و بێ‌متمانەیی لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مۆدێڕنه. کردەوەی کۆمەڵایەتی وەکوو هاوسەرگیریی کاتی لەگەڵ ئەم چەشنە ڕفتارانەی کۆمەڵگای مۆدێڕن یەک دەگرنەوە. تاکەکان بە ئەستەم دەتوانن متمانە بە یەکتر بکەن و لە ئاراستەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی هەنگاو بنێن. لە پەیوەندیی بێ‌ژومار لەگەڵ ژنانی سیغە و سیغەی پەیتا پەیتا جۆرێک لەبەرچاوکەوتن و بێ‌متمانەیی و گومانخوازی بەرامبەر بە ژنان بەدی دەکرێ و ئەگەر خواستێک بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی بوونی هەبێ، بە هۆی بێژووماربوونی پەیوەندییەکان ئەم خواستە ناوێنێت. جیا لەوه، هەندێ لە کەسەکان، ڕوانگەیەکی ئەرێنیان بەرامبەر بە هاوسەرگیریی کاتی هەبوو، مەتعەیان بە جۆرێک هاوسەرگیریی تاقیکاری و دەرفەتێک بۆ وەدەستهێنانی ئامادەیی بۆ ژیانی هەمیشەیی لە قەڵەم دەدا. ناڕەزایەتی لە ژیانی هاوسەرێتی وای کردووە کە هەندێ لە پیاوان لە بری چارەسەرکردنی کێشە لە ناو بنەماڵە ڕوو لە دەرەوەی ماڵ بکەن و هاوسەرگیریی کاتی هەڵبژێرن کە کۆڵەکەی بنەماڵە لەق دەکا، کارکردە سەرەکییەکەی پەک دەخا و تەندروستیی تاک، خانەوادە و کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوه. ئەم بێ‌متمانەیی و لەقبوونی بنیاتی بنەماڵە و شک و گومانانە ئەگەرچی لە تایبەتمەندییە حاشاهەڵنەگرەکانی سەردەمی مۆدێڕنن بەڵام کردەوەگەلی وەکوو هاوسەرگیریی کاتی بۆتە هۆی ئاسانبوونی ئەم چەشنە خەسارەتانه.

هاوسەرگیریی کاتی، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ئایینی و یاساییە کە ڕەواداری و قبووڵکرانی لە سەردەمە جیاجیاکانی مێژوودا جێی کێشمەکێش بووه. لایەنگرانی، هاوسەرگیریی کاتی وک هۆکارێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە هەمبەر لەشفرۆشی و پەیوەندیی سێکسیی ناشەرعی دەزانن و هەندێکیش بە هۆکاری فرەڕەنگ‌خوازی پیاوانە و تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی و گەندەڵی لە کۆمەڵگا سەیری دەکەن. لەگەڵ هەموو بیر و ڕا جیاوازەکان کە سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی بوونی هەیه، ئەوەی لەم توێژینەوە دەتوانین وەدەستی بێنین ئەوەیە کە بە ئاوڕدانەوە لە پاساوی ئایینی و یاساییەکەی لە کۆمەڵگای ڕوو لە تێپەڕینی ئێرانی دیاردەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ڕووی لە هەڵکشانە و ئەمە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوورییەکانی ئەم قۆناغە زەمەنییەی کۆمەڵگای ئێران. دواخستنی تەمەنی هاوسەرگیری هەموو ساڵێک زیاتر دەبێ و هەموو ساڵێ ڕێژەی ئەو ژن و پیاوانەی کە لە دەکەونە سەڵتیی هەمیشەیی، زیاد دەبێت.

هۆکاری ئەم دواخستنی تەمەنی هاوسەرگیرییە و هەڵکشانی ڕێژەی سەڵتیی هەمیشەییە دەگەڕێتەوە بۆ: هەلومەرجی دژواری ئابووری و مەندیی ئابووری، گەشەکردنی تاکایەتی و سەربەخۆخوازی و هەڵنەگرتنی بەرپرسایەتی گشتی و پێ باشتربوونی پەیوەندیی کورتخایەن، بێ‌متمانەیی و ئینتمای کۆمەڵایەتی و هەڵکشانی ئاستی خوێندەواریی ژنان و چوونیان بۆ بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بەرزبوونەوەی ڕادەی چاوەڕوانی. کەواتە ڕەوتی ڕوو لە پەرەسەندنی ڕێژەی هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕیگەچارەیەک بۆ تێرکردنی ئارەزووی سێکسی کە بمانهەوێ یان نەمانهەوێ لەگەڵ بارودۆخی لە حاڵی تێپەڕینی ئێران یەکسانە و لە ڕووی ئایینی و یاساییەوە ڕەوایە، بە لای هەندێک کەسەوە پاساوداره. بەڵام هەلومەرجی ئاڵۆزی یاسایی و ئایینییەکەی و کێشە یاساییەکانی وەکوو مەرجەکانی تۆمارکردنی نیکاح، نەفەقه، هەڵوەشانەوەی نیکاح، عەدە و هەروەها لێکەوتە نەرێنییەکانی دەبێتە هۆی لەقبوونی بنیاتی بنەماڵه، تەشەنەسەندنی گەندەڵی و لەشفرۆشی، نەخۆشی نزیکی، منداڵ‌هاوسەری و …، پێویستی بە ڕێکخستنی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییەیه. کەواتە دەبێ دەزگای یاسادانان، دەزگای جێبەجێکار و دەزگای داد و هەروەها ڕێبەرانی مەزنی تەقلید بە هاوکاری مامۆستایانی زانکۆ، ڕاوێژکارانی بنەماڵە و کارناسانی یاسا و چالاکڤانانی مافە مرۆییەکان ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن و ئامادەکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی کەمایەسییەکانی لە سۆنگەی یاسایی، ئایینی و کۆمەڵایەتی گەڵاڵە و جێبەجێ بکەن. بۆ ئەم مەبەسته، بە ئاوڕدانەوە لە لێکۆڵینەوەی گشتگیر و مەیدانی و دیمانە بێ‌ژومارەکان لەگەڵ ئەو بەشداربووانەی کە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییەیان تاقی کردۆتەوە و هەروەها بە پێی ڕاوێژکاری و وتووێژ کردن لەگەڵ کارناسانی ئایینی، یاسا و بنەماڵه، بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە ڕیگە چارەکانی ژێرەوە پێشنیار دەکرێ:

1) یاسادانان بۆ زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی بۆ تەمەنی 15 ساڵان

مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی لە مەڕ تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی دەڵێ: «نیکاحی کچان بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵی تەواوی هەتاوی (لە نۆ ساڵان) و کوڕان بەر لە تەمەنی 15 ساڵی تەواوی هەتاوی پەیوەستە بە ئیزنی سەرپەرشت بە مەرجی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی بە لێکدانەوەی دادگای شیاو. ئەم یاسایە هاوسەرگیریی کاتیش دەگرێتەوه. بەڵام بڕیاری مەحرەمێتی لە تەمەنی کەمتر لەو تەمەنەی کە باس کرا لە یاساشدا ئەنجام دەدرێت؛ چوونکە لە چوارچێوەی ئایینی و بە نهێنی و بە بێ تۆمارکردنی فەرمی ئەنجام دەدرێت. بەو پێیەی هەوڵی چالاکڤانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی چاکسازی لە یاسای هاوسەرگیریی کچان، بۆ تەمەنی 15 ساڵانە پێشنیار دەکرێ یاسای تەمەنی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی بۆ تەمەنی 15 ساڵان بەرز بکەنەوه.»

2) تۆمار کردنی فەرمی و یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی لە نووسینگەکانی تەڵاق و هاوسەرگیری

لە ئێستادا مادەی 645 یاسای سزای ئیسلامی، تۆمارنەکرانی نیکاحی هەمیشەیی، بۆ ژن و مێرد وەک تاوان لە قەڵەم دەدات. هەوەها بە پێی مادەی 21ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵە پەسندکراوی 1391، لە ئەگەری دووگیانی و ڕێککەوتنی لایەنەکان، هاوسەرگیری تۆمار دەکرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بۆ بڕیاری مەحرەمێتی، هیچ یاسایەک دانەبەزێنراوه. واتە ئەگەر هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی کە ناوەڕۆکی جیاوازییان هەیه، بە یەکسان بزانین هاوسەرگیریی منداڵان و مێرمنداڵان تەنیا لە حاڵەتی دووگیان‌بوونیان تۆمار دەکرێت! نووسەر کە بە بێ ڕوانگەی لاگرانە و تەنیا بە ئاراستەی زانستی و خەڵک‌ناسی بابەتەکانی لێک داوەتەوه، لەو بڕوایەدایە کە تۆمارکردنی یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی دەبێتە هۆی دەستپێگەیشتن بە خزمەتگوزاریی مافە سەرەتاییەکان و مافی لایەنەکان لەم پەیوەندییە هاوسەرێتییەدا زێدەتر دەپارێزرێ؛ چوونکە تۆمارنەبوونی دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە مافەکانی هەر دوو هاوسەرەکان بەتایبەت ژنان پێشێل بکرێت. خوتبەی مارە بڕینی کاتی یان بڕیاری مەحرەمێتی بە جۆرێکە کە بە شێوەی نهێنیش دەتوانرێ ئەنجام دەدرێ، کەواتە پێشنیار دەکرێ لە نووسینگەکاندا تۆمار بکرێ و لانیکەم بە بەشداریی دوو شایەتحاڵ مارە بکرێن و پیاو نەتوانێ لە یەک کاتدا زیاتر لە سیغەیەک ئەنجام بدات بۆ ئەوەی لە سۆنگەی یاساییەوە بتوانرێ بە دواداچوون بۆ لێکەوتەکانی بکرێت.

3) ناچاری و بێبەرامبەر بوونی خوێندن

لە بڕیاری مەحرەمێتی کە بنەماڵە نەریتی و ئایینییەکان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجام دەدەن، مەرجی نەبوونی پەیوەندیی سێکسی یەکێک لە بنەما پەسندکراوەکانه. ئەگەرچی لە ڕوانگەی شەرعی هیچ پێگەیەکی نییە و لەگەڵ ئەنجامدانی سیغەی مەحرەمێتی، پەیوەندیی سێکسی ڕێگەپێدراوه. ئەو مێرمنداڵ و منداڵانەی کە لێک مارە دەکرێن لە ئەگەری دووگیانبوون و پەیوەندیی سێکسی، پاش کەمێک مارەی هەمیشەیی دەکرێن. لە گرینگترین لێکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی، بێ‌هۆگریی بۆ خوێندن و وازهێنان لە خوێندنه. ناوەندە یاساییەکان و پەروەردە و ڕاهێنان بە پێویستکردنی خوێندنی زۆرەملێ هەتا تەمەنی 18 ساڵان و قۆناغی دیپڵۆم و لە هەمان کاتدا بەو ڕاهێنانەی کە لە قوتابخانەکاندا بە قوتابیان و بنەماڵەکانیان دەدرێ دەتوانن بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی بخەنە دواوه.

4) ڕاوێژی یاسایی و تەندروستی لە بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن کە زانیاری یاسایی ئەو کەسانەی کە ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان بووه، زۆر کەمە و ئەم بابەتە ژنان تووشی کێشەگەلی وەکوو بە جێهێشتنی هاوسەر (ژن) بەر لە کۆتایی هاتنی ماوەی سیغە بە بێ پێدانی ماوە دەکات. بەڵام ئەگەر هاوسەرگیریی کاتی لە نوسینگەکاندا تۆمار بکرێ، ڕاوێژکاریی یاساییش پێشکەش بکرێ لایەنەکان لە هاوسەرگیریی کاتیدا بە تەواوەتی لە مافەکانی خۆیان ئاگادار دەبن و بواری پێشێلکردنی مافی تاکەکان سنوردارتر دەبێتەوه. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە هاوسەرگیریی کاتی مەرجێکی وەکوو ڕاگرتنی عەدەی هەیه. واتە ژن دەبێ چاوەڕێ بکا بۆ ئەوەی ماوەی عەدەکەی کۆتایی پێ بێ (کە 45 ڕۆژه) و پاش ئەوە ببێتە سیغەی پیاوێکی دیکه. بەڵام لە ئێستادا شایەتی جۆرەکانی هاوسەرگیریی کاتین کە پیاوانی دەوڵەمەند و زەنگین، ژنانی خوازیاری سیغە بە بێ ڕەچاوکردنی عەده، بۆ چەندین جار سیغە دەکەن و ئەم نەریتە بووەتە جۆرێک سەرچاوەی داهات بۆ ژنان و ڕابواردن بۆ پیاوە هەوەسبازەکان. لێرەدا دووگیانبوونی نەخوازراو، لە باربردنی کۆرپەلە، نەخۆشی نزیکی بەدی دێ کە ئەوەش بە هۆی ناوشیاری سەبارەت بە پرسە تەندروستییە سێکسییەکانه. کەواتە ئەو هاوسەرانەی کە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەکەن دەبێ سەردانی ناوەندەکانی تەندروستی بکەن و لە بنەماکانی پێشگیری و تەندروستیی سێکسی بە ئاگا بن و بۆ ئەو ژن و پیاوانەی کە پێشینەی هاوسەرگیریی کاتیان هەیە کارتی تەندروستی دەربکرێت.

5) مەرجدارکردن و سنووردارکردنی یاسایی سیغە / هاوسەرگیریی کاتی

بەو پێیەی کە بە گوێرەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە بە گشتی هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕیگەچارەیەک بۆ تێرکردنی هەمەچەشن‌خوازیی پیاوان و ڕێگەی بەکارهێنانی کاڵایانەی ژنان بووه؛ پیاوانێک کە خێزاندارن و بۆ تێرکردنی هەمەچەشنخوازیی خۆیان ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی کاتی. پێشنیاری دەکرێ هاوسەرگیریی کاتیش پەیوەست بکرێتەوە بە ڕەزامەندیی هاوسەرەکان و پیاو (هاوسەردار و سەڵت) نەتوانێ لە یەک کاتدا پتر لە ژنێک سیغە بکا. ئەم مەرجدارکردنی یاسایە دەبێتە هۆی ڕێگری لە کەڵکاوەژوویی شەرعی لەم یاسایه. لە لایەکی تریشەوە هاوسەرگیرییە کاتییەکان لە ڕووی زەمەنییەوە بۆ سەر کورت‌ماوە، ناوەندماوە و درێژماوە دابەش دەبێت. پێشنیار دەکرێ کاتی هاوسەرگیریی کاتی بە شێوەی یاسایی، مامناوەندماوە ڕەچاو بکرێ و ئەگەر داوا کرا درێژ بکرێتەوه. چوونکە لە حاڵەتی کورتخایەندا جۆرێک تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی و بێڕەوشتییە و لە حاڵەتی درێژماوەدا لە ئەگەری نەبوونی لێک‌تێگەیشتن، بۆ ژنان کە مافی هەڵوەشاندنەوەیان نییه، ئازاربەخشه.

6) یاسادانان لە بواری نەفەقە و مافی هەڵوەشانەوە بە قازانجی ژنان لە هاوسەرگیریی کاتیدا

بەو پێیەی کە لە هاوسەرگیریی کاتیدا جۆرێک نایەکسانیی یاسایی بوونی هەیە و ژنان لە هاوسەرگیریی کاتیدا لە چاو هاوسەرگیریی هەمیشەیی ڕووبەڕووی نایەکسانی زێدەتر دەبنەوه، پێشنیار دەکرێ کۆمەڵێ یاسا ئامادە و ڕێک بخرێ کە ئافرەتان لە هاوسەرگیریی کاتیدا لە مافی نەفەقە سوودمەند بن؛ چوونکە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە دەریدەخا کە زۆر ژن بە مەبەستی ڕەواندنەوەی خواستە مادییەکان مل بە هاوسەرگیریی کاتی دەدەن؛ لە حاڵێکدا کە یاسا، نەفەقە لە هاوسەرگیریی کاتی بە مافی ژنان نازانێت. هەروەها مافی هەڵوەشانەوەش دەبێ وەکوو هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە ئەگەری زەخت و تەنگانە بدرێ بە ئافرەتان بۆ ئەوەی لەو حاڵەتانەی کە ژنان ڕووبەڕووی زیان یان توندوتیژی دەبنەوە و درێژەدان بە ژیان لەگەڵ هاوسەرەکەیان بە ناوومکین دەزانن بتوانن بە شێوەی تاکلایەنانە هاوسەرگیریی کاتی هەڵبووەشێنێتەوه.

7) باشتر کردنی بارودۆخی ئابووری، هەلی کار و کارخولقێنی

لە شیکاریی دیمانەکاندا، حاڵەتی بێژومار لەو ژن و پیاوانەی کە ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتیان بووە هۆکاری ملدان بە هاوسەرگیریی کاتیان لە نەبوونی کار و بارودۆخی ئابووریی لاواز دەزانی. بەدەر لەوه، لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێرانیدا ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان کەمترە و ئەم دۆخه، هەژاری و بارودۆخی خراپی ئابووریی ژنان تۆختر دەکات. کەواتە پێشنیار دەکرێ ڕێکخراوەگەلی وەکوو وەزارەتی کار و هەرەوەرزی، شارەوانییەکان، وەزارەتی پیشە و کانزا و … بە دابینکردنی هەلی کار و لە ڕێگەی کارخولقێنی هەلی کار بڕەخسێنن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئابووریی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی دابین ببێ و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان بەتایبەت ژنانی خۆسەرپەرشت زیاد بکرێ بۆ ئەوەی لە ملدان بۆ هاوسەرگیریی کاتی بە هۆی هەژاریی ئابووری و بێکاری پاشگەز ببنەوه.

7) دەوری زانایانی ئایینی وەک فاکتەری گۆڕینی بێچمی هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران

زانایانی ئایینی وەک یەکێک لە گرینگترین فاکتەرەکانی گۆڕینی کۆمەڵایەتی لە ئێران دەتوانن بە دەرکردنی فتوایەکی شەرعی و شرۆڤەی فەلسەفەی ڕاستەقینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، خەسارەتەکانی ئەم چەشنە پەیوەندییە کەم بکەنەوه. هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە مەبەستی ڕێگری لە لەشفرۆشی و بێ‌ئەخلاقی ئامادە کراوه؛ بەڵام لە کۆمەڵگای ئەوڕۆیی بە هۆکارگەلی جیاواز وەکوو بێدەنگیی یاسا، هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی کە بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدرێ لێکەوتەگەلی وەکوو لەدایکبوونی منداڵی نەخوازراو، لە باربردنی کۆرپەلە بە شێوەی نایاسایی و ناتەندروست، تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی، ئاسانکاری بۆ منداڵ‌هاوسەری، سستکردنی بنیاتی بنەماڵە و …ـی لێ دەکەوێتەوه. کەواتە بێچم و ڕەواڵەتی هاوسەرگیریی کاتی لە ناوەڕۆک و ئامانجەکەی دوور کەوتۆتەوه. بەو پێیە فتوای شەرعی زانایانی ئایینی لە سەر بنەمای تۆمارکردنی فەرمی هەر هەموو هاوسەرگیرییە کاتییەکان لە نووسینگە یاساییەکانی تۆمارکردنی هاوسەرگیریی و تەڵاق لە گرینگترین فاکتەرەکانی هەرچی کەمترکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتییە.

8) بەستێنسازیی کەلتووری و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی میدیا گشتییەکان و ئێن‌جی‌ئۆکان

وشیارکردنەوە و ڕاهێنان یەکێک لە کاریگەرترین فاکتەرەکان لە بواری ڕێگری لە خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانه. میدیا گشتییەکانی وەکوو میدیای نیشتمانی، هەواڵدەرییەکان، گۆڤارەکان و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی پیشاندانەوەی خەسارەتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتیی بێ‌تۆمارکردنی یاسایی و هەروەها زیانیاری‌بەخشین مەرجە یاساییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەتوانن لێکەوتەی نەرێنی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی کەم بکەنەوه. هەروەها ئێن جی ئۆکانی وەکوو ئەنجومەنەکانی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان و ژنان دەتوانن لە بواری ئاگادارکردنەوە و ڕاهێنانی بنەماڵەکان دەورێکی بەرچاویان هەبێ کە هەڵبەت ئەمە پێویستی بە هاوکاری ناوەندە دەوڵەتییەکانه. لە لایەکی تریشەوە لەم ساڵانەی دواییدا سینەماکاران و سلێبریتییەکانیش لە کاروباری کۆمەڵایەتی دەورێکی بەرچاویان هەبووە و لە حاڵەتگەلێکی وەکوو ئازاراندنی سێکسی منداڵان و ژینگە توانیویانە لە ڕێگەی فیلمسازی، لاپەڕەی ئەنتەرنێتی (ئینستاگرام و توویتەر) لە بواری ئاگادارکردنەوە و زانیاریبەخشین داپەڕی کاریگەریان هەبێت. لەم بوارەدا، هونەرمەندان بە بەرهەمی هونەری و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بە بابەتێتی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی لە ئێن‌جی‌ئۆکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە کەمکردنەوەی هەندێ لە لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەورێکی تۆختریان هەبێت.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

سەرچاوه کان:

بهرامی، محمد (1385). «درآمدی بر جامعه‌شناسی خانوادە در قرآن»، پژوهش‌های قرآنی، دورۀ دوازدهم، شمارۀ 48، ص 72-47.

پورنقی، شهلا (1394). «بررسی جامعه‌شناختی عوامل مرتبط با ازدواج دیررس جوانان ازدواج‌کردۀ بالای 30 سال شهر بناب»، فصلناوۀ مطالعات جامعه‌شناسی دانشگاە آزاد تبریز، سال هفتم، شمارۀ 27، ص 80-63.

دانینو، آندرە (1383). جامعه‌شناسی روابط جنسی، ترجمه حسن پویان، تهران: توس

رافعی، طلعت (1382). تحلیل بر روان‌شناسی زن در ازدواج موقت، تهران: دانژه.

ساروخانی، باقر (1385). مقدمه‌ای بر جامعه‌شناسی خانواده، تهران: سروش.

فضل الله، سید محمدحسین (1383). دنیای زن، تهران: دفتر پژوهش و نشر مهدوی.

کجباف، محمدباقر (1384). «رفتارشناسی جنسی در اندیشۀ دینی»، فصلناوۀ مطالعات راهبردی زنان، سال هفتم، شمارۀ 27، ص 144-133.

کریمی‌نیا، محمدمهدی (1390). «بررسی ازدواج موقت در دایره‌المعارف لیدن»، ترجمۀ شهلا حائری، مجلۀ تخصصی قرآن‌پژوهی خاورشناسان، شمارۀ 10، ص 73 تا 96.

گیدنز، آنتونی (1389). جامعه‌شناسی، ترجمۀ حسن چاوشیان، تهران: نی.

نورعلیزادە میانجی، مسعود (1388). «مدل اسلامی مصون‌سازی رفتار جنسی با تأکید بر پیشگیری و درمان انحراف‌ها و مشکلات جنسی»، فصلناوۀ علمی تخصصی اسلام و روان‌شناسی، سال سوم، شمارۀ 5، ص 142-107.

هاشمی بهرمانی، عماد (1392). اعتدال و پیروزی (هاشمی رفسنجانی کارناوە و خاطرات 1369). تهران: دفتر نشر معارف انقلاب.

 

 دابەزاندن PDFی وتار