C:\Users\USER\Desktop\photo_۲۰۱۸-۰۷-۳۰_۲۱-۴۸-۴۸.jpg

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوه

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران

توێژینەوەیەک له: کامیل ئەحمەدی

kameelahmady.com

 

C:\Users\USER\Desktop\photo_۲۰۱۸-۰۷-۳۰_۲۱-۴۸-۴۸.jpg

 

خانم، تەمەن 31 ساڵان له تاران:

“هاوسەرگیریی هەمیشەیی تاکه سوودێکی که لەم کۆمەڵگایەدا بۆ من وەک ئافرەت هەیەتی یەکەم ئەوەیە که ژیانێیک شاراوەم نابێت. ئاسوودەتر لەگەڵی دەچمه سەفەر، هاوبەشەکەم وەک کەسێک که لەگەڵی ژیان دەکەم دەتوانم لەگەڵ خۆم بیبەمە هەموو شوێنێک. ئەم شێوه ژیانه گەورەترین کێشەیەک که هەیەتی ئەو شاراوەبوون و چالنجەیه که نابێ کەس بزانێ، دەبێ درۆ بکەی؛ ئەمه زەختێکی زۆری دەروونی دەکاته سەرم …”

سپاس و دەستخۆشی

هەر کۆمەڵگایەک به پێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکەی هەمیشه ڕووبەڕووی پرسی تایبەتی دەبێتەوه. پانتای پرسه کۆمەڵایەتییەکان له ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕووی له پەرەسەندنه. هەندێ له کێشه کۆمەڵایەتییەکان به هۆی هەستیاریی کەلتووری و ئایینی کەمتر ئاوڕیان لێ دەدرێتەوه که ئەم نەناسین و ئاڵۆزییه دەتوانێ له سەر ئاسته جیاوازه کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەی نەرێنی لێ بکەوێتەوه. تێگەیشتنی دروست له دیارده و کێشه کۆمەڵایەتییەکان، ڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی و گۆڕان له ڕوانگەی پێکهاتەی ئیداری سەبارەت به پرسه کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها کەڵکوەرگرتن له توخمه کەلتووری و کۆمەڵناسییەکان دەتوانێ هاوکاریی باشتربوونی چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکات.

پێکهاتەی بنەماڵە و به تواناکردنی منداڵان و ژنان لەم ساڵانەی دواییدا یەکێک له ئامانجە جیدییه توێژینەوییەکانی من بووه. ئەنگێزەی توێژینەوەی سەبارەت به هاوسەرگیریی سپی له ئێران دەگەڕێتەوه سەر توێژینەوەکانی پێشووم سەبارەت به هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و خەتەنەی ژنان له ئێران، که به هەر دوو زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی بڵاو بوونەتەوه. له پۆلێنبەندیی گرنگترین پرسه کۆمەڵایەتییەکان له ئێران له ڕوانگەی زۆرێک له توێژەران و خەسارناسان پرسەکانی بنەماڵه، هاوسەرگیری گەنجان له سەرووی پێڕستەکەدان. لەم ساڵانەی دواییدا ڕەوتی ڕوو له دابەزینی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، ڕێژەی ڕوو له زیادبووی تەڵاق، سەڵتیی هەمیشەیی و مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری ڕووی له هەڵکشان کردووه.

سەرەڕای ئەو ڕێکارانەی که له لایەن ناوەنده کارگێڕییەکان و سیاسەتدانەریی کەلانی وڵات خراوەتە ڕوو، بەردەوام ڕەوتی هەڵکشانی مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری بەردەوامه و گۆڕانی کەلتوور و خواستەکانی چینی گەنجی وڵات، نادروستی یان لاوازیی ڕێکارە کردەییەکان و هەڵە ستراتیژییەکان پیشان دەدات. کەمبوونەوەی هاوسەرگیری به مانای کەمبوونەوەی پەیوەندیی سێکسی له نێوان ژنان و پیاوان نییه، بەڵکوو تاکەکان و زیاتر گەنجان له هەلومەرجی ڕوو له تێپەڕینی کۆمەڵگای ئێران به مەبەستی دابین کردنی خواستەکانی خۆیان و ڕزگاربوون له بارودۆخی هاوسەرگیریی فەرمی یاسایەکی بەدیلیان بۆ داناوه که پێی دەڵێن هاوسەرگیریی سپی.

هاوسەرگیریی سپی یان هاوماڵی که ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیادتر ڕووی تێدەکرێ، له وڵاتی ئێران به پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی به پێی یاسا و چاودێری نییه. له باربردنی کۆرپەلە، توندوتیژی دژ به ژنان، منداڵانی بێسەرپەشرشت یان بەدسەرپەرشت، کڕین و فرۆشتنی منداڵانی ساوا، بەردەوامبوونی پرۆسەی هەژاری و داوێنپیسی، پەرەسەندنی نەخۆشیی نزیکی و … دەرهاویشتەکانی سەرچەشنی ئازادی پەیوەندییە سێکسییەکانی ژن و مێردن که تاکەکان به هۆکاری زۆری کەلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕووی تێ دەکەن. نەناسینی پەیوەندییە هاوماڵییەکان له ناو دڵی کۆمەڵگا و هەروەها له سەر ئاستی کارناسی و سیاسەتدانانی کەلان و نەبوونی بنەمای یاسایی و شیاو، دەبێته هۆی گەشەکردنی کارگ ئاسایانه و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیادی ئەم چەشنه پەیوەندییانه و جیا له سوودەکانی بۆ چینێکی تایبەت له گەنجان یان ئەوانەی وا باوەڕیان به یەکسانیی ڕەگەزێتییه، لەوانەیه زیانی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوه که زیاتر ژنان دەگرێتەوه. به مەبەستی تێگەیشتنی دروست لە دیاردەی هاوسەرگیریی سپی له ئێران، له ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو لەگەڵ هاوکارەکانم به شێوەی گشتگیر له سەر ئاستی مەیدانی و کتێبخانەیی ئەم مەسەلەمان تاوتوێ کرد و هیوادارم ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه ببێته هۆی ناسینی زیاتری ئەم دیارده کۆمەڵایەتییە و دەرهاویشتە نەخوازراوەکەی، بەتایبەت بۆ منداڵان و ژنانی خەسارهەڵگر کەم ببێتەوه.

هەستی پێزانین داوام لێ دەکا سپاسی ئەو کەسانه بکەم که له ئەنجامدانی ئەم توێژینەوه یان لەم مەودا زەمەنییەدا هانیان دام. سپاسی ئەندامانی بنەماڵەکەم دەکەم که هیچ کات منیان له پشتیوانی خۆیان بێبەش نەکرد و له هەموو قۆناغه دژوارەکاندا لەگەڵم بوون و هەروەها دەستخۆشی لەو هاوڕێ نزیکانە دەکەم که لەم پرۆسە لێکۆڵینەوەییەدا هانیان دام.

سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کۆ بوونەوە و گێڕانەوەکانی ئەم کارەیان کۆ کردەوە و ئینجا شرۆڤەیان کرد بۆ ئەوەی ڕاپۆڕتێکی گشتگیر (که دەقە تەواوەکەی بەم زووانه له دووتوێی کتێبدا بڵاو دەبێتەوه) وەدەست بهێنرێت، سپاسی تایبەتیم هەیە بۆ یاریدەدەران و هاوکارەکانم، بەڕێز محەمەد (جەماڵ) حسێنی و خاتوو عائیشە شیلان عەلی یار کە لە قۆناغەکانی توێژینەوەدا لەگەڵم بوون و لە کۆکردنەوەی بابەت و سەرچاوەدا یارمەتییان دام. سپاسی خاتوو سارا سەحرانەوەرد دەکەم که له کاری پێداچوونەوه و هاوکاری بۆ وردتربوونی پێکهاتەی ئەم بەرهەمە دەستخۆشی لێ دەکەم. سپاسی ئەو کەسانە دەکەم وا نەیانویست لەم کتێبەدا ناویان بهێنرێت. زۆر کەس و ناوەند بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژه هاریکارییان کردم. ئەم توێژینەوه و بەتایبەت بەشە مەیدانییەکەی، تەنیا بە لێکۆڵینەوەی دۆزینەوه، ڕاهێنانی مەیدانی، پشتیوانی و هاریکاری ئەوان هاتە دی.

لەم بوارەدا، سپاسی بەڕێوەبەری یەکەمی تیمە مەیدانییەکەم واته فەریبا ئەڵماسی و عائیشە عەلی یار و دیکەی ئەندامانی تیمی مەیدانی و شیکاریی حەکیمە پاشازاده، موسلیم نازمی، فەتانە سادقی موقەدەم، ژیلا سادقی، سەباح وەتەنی و ڤیدا زەفەری دەکەم. سپاسی یەک به یەکی بەڕێز حسێنی بۆ ئەنجامدانی شیکاریی چەندایەتی و بەتایبەت یارمەتیدانی له ئاماده کردنی پوختەی ئەم توێژینەوه له ڕوونوێنی و هەروەها، سپاسی خاتوو عەلی یار بۆ پێداچوونەوەی ئەم دەقه و بەڕێز محەمەد جەماڵەدین واژی بۆ ڕاوێژی ئایینی دەکەم.

خۆم بە قەرزداری پشتیوانی، میوانگری، ڕا و بۆچوونی هزرمەندانە و پێشنیارەکانی ئەم بەڕێزانە و هاوکارەکانم لە هەر سێ شاری کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان دەزانم: لە پارێزگای تاران خاتوو دکتۆر مەعسوومە مەعاف‎وەند بۆ ڕاوێژ و یارمەتیدانم لە ڕێکخستنی پرسیارناوه سەرەتاییەکان؛ لە پارێزگای ئیسفەهان خاتوو گۆلیتا حسێن پوور و خاتوو جەمیلە هاشمیان؛ لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بەڕێز سپێهری ئێستیری، ناوەندی “ژنانی مافناسی سورا” بەتایبەت خاتوو مەرزییە موحێبی و ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی. هەروەها بۆ پشتیوانیکردنم لە ڕوونوێنی ئەم لێکۆڵینەوە ئەوپەڕی دەستخۆشی لە “ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان” دەکەم.

سپاسی جڤاکی زانایانی ئایینی، دامەزراوە ئایینییەکان و دیکەی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم کە لەم توێژینەوەدا هاوکارییان نواند. بەتایبەتی سپاسی وەزارەتخانەکان و نوێنەران بۆ وێنە کەسانی بەرپرس لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکان، ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور دەکەم؛ چوونکە بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە ئێمەیان لە زانست و زانیارییەکانی خۆیان بێبەش نەکرد. بەو هیوایەی ئەم چەشنه توێژینەوانه و گرنگیدانی بەرپرسان به ڕێکار و ئەنجامەکانی له وڵاتدا ببێته هۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیی ئەرێنی و کەمکردنەوەی زیانه کۆمەڵایەتییەکان.

کامیل ئەحمەدی

مانگی گەلاوێژ 1397ـی هەتاوی

پوخته

ژیانی هاوبەش بە بێ‌هاوسەرگیریی فەرمی و یاسایی، وەک پەیوەندیی هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو، کە پەرەسەندنەکەی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە کەلانشارەکاندا ڕووی لە زیادبوونە، بە پێی بنەمای نۆڕمە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان دیاردەیەکی نایاسایی و ناشەرعییه. بە ئاوڕدانەوە لە ئاڵۆزیی بابەتەکە و هەستیارییەکەی لە ئێران، لەم بوارەدا ئامارێکی سەرنجڕاکێش لە ئارادا نییه و تەنانەت له لایەن دەسەڵاتدارانەوه سڕ کراوە و بە جۆرێک لە دژی خۆڕاگری دەکەن. هەر بەم پێیه به مەبەستی ناسینی وردی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە و هۆکار و لێکەوتەکانی، ئەم توێژینەوە هەر سێ شاری گەورەی ئێران، واتە تاران و مەشهەد و ئیسفەهانی تاوتوێ کردووه. ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەخوازی و شێوازناسیی چۆنایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی زەمینەیی ئەنجام دراوه. بە هۆی هەستیاریی کەلتووریی بابەتی توێژینەوە و دژواری دەستڕاگەیشتن بە نموونەکان شێوازی ناهەڵکەوت به کار هێنرا. دڵنیابوونی تیۆریکی داتاکان پاش ئەنجام دانی 100 دیمانە وەدەست هات و بۆ متمانەی زیاتر، دیمانەی زیاتر ئەنجام درا بۆ ئەوەی له گشتگیری توێژینەوه قەناعەتمان پێ بێنێ و هەڵبەت لەم ڕێگەدا چاوێدیری و ڕێنوێنی پسپۆڕانی شێوازی چۆنایەتیشمان قۆستەوه. شایەنی ئاماژەیه که ئەم توێژینەوه ئاوڕی له جۆرەکانی دیکەی پێکەوەبوون بۆ وێنه پێکەوەبوونی خاتوونێکی زۆر گەنج لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەن که تەوەرایەتی پەیوەندییەکە له سەر دابینکردنی ئابووریی ژنەیه، و ئەم نموونانه به مەبەستی یەکدەستکردنی توێژینەوه له لێکۆڵینەوەکە سڕێنراوەتەوه.

زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوه به کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی دیمانەی قووڵ کۆکراوەتەوه. دیمانه و داتا کۆ کراوەکان به کەڵکوەرگرتن له کۆدینگی تیۆری (کراوه، تەوەری و هەڵبژێری) شیکاری و شرۆڤه کران و به مەبەستی کۆ کردنەوەی داتاکان، له پێشدا بۆ وەدەستهێنانی چەمک و وتەزا گرینگەکانی بەشداربووان، شێوازی دیمانەی وتووێژی نافەرمی به کار هێنرا. له قۆناغی دووهەم به کەڵک وەرگرتن له شێوازی گڕانددی تیۆری، وتەزا و چەمکە وەدەستهاتووەکانی پرۆسی دیمانه، له پێناو نموونەگیریی تیۆری کاریان له سەر کرا و پاش ئەم قۆناغه که هێڵه گشتییەکانی دیمانه له ڕێگەی چەمک و وتەزاکانەوه بێچمیان گرت، پرسیارەکانی دیمانه به کەڵک وەرگرتن له دیمانەی نیوەپێکهاتوو، بە ستانداڕد بوو و ئەم پرۆسه هەتا دڵنیابوونی تیۆریک بەردەوام بوو. له درێژەدا به ئەنجامدانی کۆدینگی کراوه، هاوکات لەگەڵ کۆ کردنەوەی داتاکان، وتەزا سەرەکییەکان، ژێروتەزاکان و چەمکەکان وەدەست هاتن. به ئەنجامدانی کۆدینگی تەوەری، ژێروتەزاکان به یەکتر و به وتەزا سەرەکییەکان گرێ دران و جۆری وتەزاکان له ڕووی هۆداری و پرۆسەیی و لێکەوتەییەوه دیاری کران.

ئەنجامەکانی توێژینەوه پیشانیان دا که هەلومەرجی ژینگەیی (ئابووری، چوارچێوەی فەرمی و یاسایی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی)؛ فاکتەرە دەستێوەردەرەکان (هەلومەرجی بنەماڵەیی، کاڵبوونەوەی چاودێری، ژیان لە کۆچ)؛ فاکتەرە زەمینەییەکان (ئەزموونی پەیوەندی و جیهانبینیی تاکایەتی) لە فاکتەرە سەرەکییەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی بوون. دیاردەی تەوەریی لەم توێژینەوە گۆڕانکاری له بەها و نۆڕمەکانی شێوازی ژیانی نەوەی گەنج بوو. کردەوەی ستراتیژی لەم توێژینەوه فرەیی و ناسەقامگیری له پەیوەندییەکان بوو و لێکەوتەکانی ئەم چەشنه پەیوەندییانه بریتییه له کاڵبوونەوەی کلێشه ڕەگەزێتییەکان و ئازادی هەڵبژاردن، بێ‌هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، ڕاونرانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس له بەدواداچوون.

1- گشتێتی توێژینەوه

پێشەکی

سەرچەشنی ڕفتاری سێکسی لە زۆربەی کەلتوورەکاندا زیاتر لە بێچمی هاوسەرگیریدا خۆی نواندووه. ڕفتاری سێکسیی مرۆڤ هەمیشە مانادارە. ئەندامانی کۆمەڵگا لە ڕەوتی بە کۆمەڵایەتیبوونیاندا فێری ئەم نۆڕمانە دەبن. هەر بەو پێیه ڕفتارە سێکسییە قبووڵکراوەکان لە هەر کەلتوورێکدا لەگەڵ ڕفتارە سێکسییە قبووڵکراوەکانی کەلتوورێکی دیکە جیاوازه و ئەمە ئەوە پیشان دەدا کە مرۆڤ لە کەلتووری خۆیدا فێری کاردانەوە سێکسییەکان دەبێت. له پاڵ هاوسەرگیریی فەرمی لەم ساڵانەی دواییدا جۆرێکی دیکەی سەرچەشنی پەیوەندییه سێکسییەکان له کەلتووره ڕۆژاواییەکاندا به شێوەی ئازاد و یاسایی و له وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا به شێوەی پەناوەکی و نیمچه یاسایی باو بووه که بەدیلێکه بۆ هاوسەرگیریی فەرمی و پێی دەڵێن هاوسەرگیریی سپی.

1-1. گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەی بنەماڵه و شۆڕشی سێکسی

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا بنیاتی بنەماڵە لە جیهاندا گۆڕانێکی بەربڵاوی بە خۆوە بینیوه. ئەو گهۆڕینەی کە دەبێ لە شۆڕشی سێکسیی کۆتاییەکانی سەدەی 1960 لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی بۆ بنچینەکانی بگەڕێین. (Carr,2011)،

ئەم شۆڕشە بە ئوستووره‌سڕینەوە لە پەیوەندیی سێکسی، ئەوی کرد بە بابەتێکی ئاسایی کە زۆر بە ئاسانی لە قۆناغی بەر لە هاوسەرگیری وەدەست دێت. لە سەرەتاکانی شۆڕشی سێکسی، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئورووپا و ئەمریکا تا دەهات زیاتر دەبوو، زۆر کەس بەردەوام هاوسەرگیرییان دەکرد؛ بەڵام بە کەمێک دواکەوتنەوه. بەڵام ئەمە کۆتایی هەموو شتێک نەبوو و شۆڕشی سێکسی بە پەرەسەندنی سەرچەشنە هاوماڵییەکان، ئەم جارەیان زەربەیەکی زۆر توندی نە تەنیا لە ئوستوورەی پەیوەندییە سێکسییەکان وەشاند بەڵکوو زەربەی لە خودی هاوسەرگیری و بنیاتی بنەماڵەش دا. سەرهەڵدانی سەرچەشنگەلێک لە پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر کە نە تەنیا پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری هەتا ئاستی سۆزداری پەرە پێدا، بەڵکوو بۆ سەر ئاستی ژیانی هاوبەشی بێ هاوسەرگیریی نێوانیان بەرزی کردەوە و بوو بە سەرچەشنێک لە پەیوەندی کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لایەنگری زیاتر دەبێت.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

وێنەی 1. شۆڕشی سێکسی و داخوازی بۆ یەکسانی مافه سێکسی و مافه مرۆییەکان

2-1. هاوسەرگیریی سپی له جیهان

یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی هاوماڵی، لاوازبوونی بنەما فەلسەفییەکانی هاوسەرگیری لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بوو. ئەوڕۆکە بە بۆچوونی گەنجانی ئەم وڵاتانه، دوو چەمکی پابەندێتی بە ژیان و پابەندێتی بە هاوسەرگیری لەگەڵ یەکتر لێک جیاوازن. لە حاڵێکدا لە دەیەی 1960، لە هەموو وڵاتاندا هاوماڵی شتێکی دەگمەن و کەم بوو، بەڵام ئێستا لە سەرتاسەری ئورووپا و ئەمریکا بەتایبەت لە ناو گەنجانی نەوەی نوێتر بە شێوەی بەرچاو ڕووی لە زیاد بوونە. بۆ وێنە لە ئەمریکا لە دەیەی 1970 نزیک بە 400 هەزار هاوسەرگیری لە چوارچێوەی سەرچەشنی هاوماڵی ژیانیان بە سەر دەبرد، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2010 پتر لە 7 ملیۆن هاوسەر لە ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوماڵیدا پێکەوە دەژین.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

وێنەی 2. له زۆربەی وڵاتانی ئەوڕووپایی و ئەمریکای باکووری بۆ هاوسەرە هاوماڵەکان یاسای کۆمەڵایەتی دیاری کراوه.

ئەوڕۆکه هاوسەرگیری بەرەو لاوازبوون دەچێ و سەرچەشنی هاوماڵی ڕووی له بەهێزبوونه. بۆ وێنه، پێوەرەکان له کەنەدا دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی هاوسەرگیری له ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو پیشان دەدا. لەم وڵاتەدا ڕێژەی هاوسەرگیریی ژنان هەتا 50 ساڵان له 95 له سەدی ساڵی 1965 بۆ کەمتر له 60 له سەد له ساڵی 2003 دابەزیوه. له بەرامبەردا، هاوماڵی له کەنەدا بۆ 300 له سەد گەشەی کردووه و له 15 له سەدی کۆتاییەکانی دەیەی 1960 بۆ نزیک 50 له سەد له ساڵی 2000 بەرز بۆتەوه.

سەرەڕای ئەوەی لە ئورووپا هاوماڵی دیاردەیەکی تازە نییە و بەر لە شۆڕشی سێکسی له دەیەی 1960ـیش بە هۆکاری جۆراوجۆر لە هەندێ لە وڵاتانی ئورووپاییدا بەدی دەکرا، لەو سەردەمەدا، کردەوەیەکی نایاسایی و هەروەها وەبەر سزا دەکەوت و هەڵبەت دەگمەن بوو. بەڵگەی توێژینەوەکانی کیێرنان (Kiernan, 2001) پیشانی دەدا کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەرکەوتنی هاوماڵی زیاتر کەسانی نەدار و هەژار کە توانای هاوسەرگیرییان نەبوو، دەهاتنە ناو ئەم چەشنە پەیوەندییانەوە و کێشە ئابوورییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی بێچمگرتنی هاوسەرگیریی سپی بوو. کۆمەڵێکی دیکەش بە هۆی گرفتی پاش جیابوونەوە یان مەرگی هاوسەرەکانیان دەهاتنە ناو ئەم پەیوەندییانەوه. بۆ وێنه، نەڤهێرتس (Nave Herz, 2000) له ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێ که پاش جەنگی جیهانیی دووهەم لەم وڵاتەدا ژنانی بەساڵاچوو پاش تەڵاق یان مەرگی هاوبەشی ژیانیان زۆر جار هاوماڵییان له هاوسەرگیریی دووباره پێ باشتر بوو؛ چوونکه نەیاندەویست مووچەی بێوەژنیان که دەوڵەت پێی دەدان، لێیان ببڕێت. بەڵام له دەیەی 1960 بەم لاوه له ئەوڕووپا، ئەم جارەیان نە تەنیا کەسانێک بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی تایبەتەوه بەڵکوو گرووپە جیاجیاکانی خەڵکیش ڕوویان کردە ئەم شێوە پەیوەندییانە و تا دەهات هاوماڵی لە ناو زۆربەی چین و گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی سەند.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

چارتی 1. ڕێژەی فرەیی ئەو هاوژینانەی خاوەن پەیوەندیی هاوماڵی بوون بە پێی تەمەن لە ئورووپا (2010)

بەڵام لە ئێستادا هاوماڵی نە تەنیا لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵکوو تەنانەت لە وڵاتانی پێشنەکەوتووش خەریکه گشتگیر دەبێت. بۆ وێنە لە بڕازیل لە ساڵی 1970 تەنیا 7 لە سەدی گەنجان پەیوەندیی هاوماڵییان بووە بەڵام لە ساڵی 2000 ئەم ڕێژە گەیشتووەتە نزیکەی 40 لە سەد. هاوماڵی له ئەرجەنتین و ڤێنزوێلا له ساڵی 2000 گەیشتووەته نزیکەی 50 له سەد و له وڵاتانی کووبا و کلۆمبیاش له ئێستادا نزیکەی 60 له سەدی گەنجان پەیوەندیی هاوماڵییان هەیه.

لەم نێوەندەدا هاوماڵی و گۆڕانکارییەکانی سەرچەشنی بنەماڵه، ئەگەرچی درەنگ بەڵام گەیشتووەتە کیشوەری ئاسیاش. پرۆسەی بەجیهانی‌بوون، پەرەسەندنی سەرمایەداری و برەودانی کەلتووریی بەهاکانی ناوچەکانی دیکە هاوماڵیشی هێناوەتە ئاسیا. ئیواسا و تێسۆیا له ساڵی 2006 لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە سەر ژنانی 20 بۆ 34 ساڵە لە ژاپۆن گەیشتنە ئەم ئەنجامەی کە نزیکەی 20 لە سەدی وڵامدەران ئێستا پەیوەندیی هاوماڵییان هەیه.

له وڵاتی تورکیا له ناوچە مۆدێڕنەکان بۆ وێنه ئەستەنبووڵ، هاوماڵی بەتایبەت له ناو گەنجاندا پەرەی سەندووه. لە یاسای تورکیا بۆ هاوژینە هاوماڵەکان سزا دیاری نەکراوه. بەڵام ئەردۆغان پاش گەیشتنە دەسەڵات نزیکەی 75 لە سەدی نووستنگە هاوبەشە خوێندکارییەکانی داخست یان جیایانی کردەوە کە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی ڕخنەگرانی ناوخۆیی وەکوو سکۆلار و فیمینیستەکانی لێ کەوتەوە و لە دەرەوەی وڵات لە لایەن یەکیەتی ئورووپا بە دەستێوەردان لە سنووری تایبەتی کەسانی گەورەساڵ تۆمەتبار کرا. سەرەڕای ئەمه، لە تورکیەش ئەم چەشنە پەیوەندییە بە هۆی نەبوونی قەدەغەی یاسایی باوه؛ بەڵام بە هۆی قێزەونییە کۆمەڵایەتییەکەی بەتایبەت لە ناوچە نەریتی و ئایینییەکان، شاراوەیە و کەمتر باسی دەکرێت. بەڵام لە بەشە مۆدێڕن و سکۆلارەکاندا سنووردار نییه. لە وڵاتی میسر لە ئەگەری بینینی وەها پەیوەندییەک 2 ساڵ زیندان بۆ ئافرەتان دیاری کراوە بەڵام سیستەم بە جۆرێ بۆ ئەم پرسە کۆڵی داوه. بە دەسەڵادارێتی ئایینە ئیبراهیمییەکانی وەکوو ئیسلام، مەسیحییەت و جەهوودییەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ژیانی هاوبەش بە بێ هاوسەرگیری گوناحه. بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لە وڵاتانێکی وەکوو توونس و لوبنان لە بەشە شارنشین و مۆدێڕنەکانی بەیرووت، لە ناو گەنجاندا ئەم چەشنە ژیانە باوه.

3-1. ئێران و سەرچەشنی پەیوەندییه هاوماڵییەکان

وڵاتی ئێرانیش لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییانەی کە لە جیهاندا ڕووی داوە پارێزراو نەبووه، بە جۆرێک کە لە بنەماڵە ئێرانییەکانیشدا له پرۆسەی بەنوێکردنەوە لە بەستێنە جیاجیاکان و بۆ وێنە پەیوەندییەکانی نێوان دوو ڕەگەز، لە پرۆسەی کێشمەکێشی کەلتووریی سەرچەشنە نەریتی و مۆدێڕنەکاندا، چوونەتە ناو قۆناغی گواستنەوە و وێڕای پاراستنی هەندێ لە توخمە نەریتییەکانی خۆیان، هەندێ تایبەتمەندیی کۆمەڵگای نوێیان وەرگرتووە. گۆڕانکارییە بەهاییەکان لە ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا کاریگەری لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و لێکەوتەی بێ‌ژوماری بۆ کۆمەڵگا هەبووه. لەم ساڵانەی دواییدا، ژیانی هاوبەشی پەناوەکی به بێ هاوسەرگیری به دوور له چاوی یاسا له وڵاتی ئێران له شارە گەورەکاندا پەرەی سەندووە. هاوسەرگیریی سپی له ئێران به ژیانی هاوبەشی دوو هاوژین دەوترێ که هیچ چەشنه گرێبەستی شەرعی و یاسایی له نێوانیاندا نییه. به پێی ئاماره نافەرمییەکان، هاوسەرگیریی سپی له شاره گەورەکانی ئێران ڕووی له پەرەسەندنه؛ بەڵام شووناسی شاراوەی ئەم چەشنه ژیانه هاوبەشە دەستڕاگەیشتن به ئاماری سەبارەت بەم کێشەی ئەستەم کردووه.

“پیاو، 26 ساڵان لە تاران

حەزم نەدەکرد کەس بزانێت. بە جۆرێک ئەوەم بە پەیوەندییەکی تایبەتی خۆم دەزانی و هەستم نەدەکرد کە کەس لەم پەیوەندییە ئاگادار بێ بەتایبەت بنەماڵه؛ پێموایە ئەمە دەبێتە هۆی تاراندنمان. بنەماڵەکەمان بزانن لەگەڵ کەسێک لە پەیوەندیدام بێگومان بێتاقەت دەبن و تێدەکۆشم هەرگیز کەس بەمە نەزانێ، چوونکە ئەم بابەتە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە کێشە ئەوە نییە کە شوورەیی بێ یان نا.”

ڕۆژناوەی (جهان صنعت) لە ڕێکەوتی 25 گەلاوێژی ساڵی 93ـی هەتاوی لە ڕاپۆڕتێکدا لە “هەڵکشانی هاوماڵیی سەڵتە ناوۆکان” و “ژیانی سپی” لە تاران هەواڵی دا و وەک “پێویستییەکی ئابووریی کاتی بۆ بژێویی ژیان” پێناسەی کردبوو. سیاوەش شەهریوەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و کەلتووریی پارێزگاری تاران لە خەرمانانی ساڵی 1393ـی هەتاوی وێڕای ڕەخنە گرتن لە “گەورە نواندن”ـی “هاوسەرگیریی سپی” وتبووی لەم بارەوە ئامارێک لە بەردەستدا نییه. ناوبراو هەروەها هەواڵی لە کۆتاییدا‌بوونی گەڵاڵەی “بەرزبوونەوەی بنەماڵەی سەقامگیر” بۆ بەرەنگاربوونەوەی “هاوسەرگیریی سپی” دا و وتبووی ئەم گەڵاڵە بە پێی سیاسەتە حەشیمەتییە ڕاگەیەنراوەکان لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کراوه.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە مورتەزا میرباقری، قائیم مەقامی پێشووی وەزیری ناوخۆ لە کاروباری کۆمەڵایەتی و کەلتووری، ئاماژەی بە گۆڕانی شێوازی ژیان و عوڕفیبوونی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە کردبوو. مورتەزا میرباقری وتبووی: “پەیوەندیی تۆمارنەکراو و بێ‌بنەمای ژن و مێرد لە کۆنەوە بەم شێوە بووه، بەڵام لە ئێستادا ئەم بابەتە بێچمێکی عوڕفی لە خۆ گرتووه. سەرەڕای ئەوەی هێشتا لە وڵاتدا هەمەگیر نەبووە.” ڕۆژناوەی ابتکار له ڕێکەوتی 16ـی مانگی گوڵانی ساڵی 1393ـی هەتاوی، له هەواڵێکدا، ئاماژەی بەوه کردبوو که کێشەی ئابووری، تاقیکردنەوەی پەیوەندی، هۆگرنەبوون به هاوسەرگیری و تێچووی زۆری خانوبەره له هۆکارەکانی به باشترزانینی “هاوسەرگیریی سپی” له هاوسەرگیریی فەرمییه.

“خانم، تەمەن 30 ساڵان له تاران:

وەکوو دوو کەسی تەمەن 30 ساڵان پێکەوه ژیانمان دەکرد، بۆمان نەدەکرا که چاوەڕوانییەکانی بنەماڵه بەدی بێنین، بۆ وێنه ئاهەنگی هاوسەرگیری به چەندین ملوێن تێچوو و زێڕ، خانوبەره و تەلاری ئاهەنگی هاوسەرگیریی چەند ملوێنی و … . ئێمه ئاوا دەژیاین هەر کاممان هەر چەندەمان پاره ببا داماندەنا، لە ماڵێکی بچووکدا ژیانمان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانین کرێکەی بدەین و به ئاسوودەیی تێیدا بژین؛ بەڵا به داخەوه بنەماڵەکەم ئەمە قبووڵ ناکەن.”

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه دەریدەخا که زۆربەی ئەو ژنانەی که دەچنه ناو ئەم چەشنه پەیوەندییانەوه له درێژماوەدا پێیان خۆشه هاوسەرگیرییەکی فەرمییان هەبێت؛ واته هاوسەرگیریی سپییان به هۆکارێک بۆ ئاسانبوونی هاوسەرگیریی فەرمی و درگایەک بەرەو ڕووی ئاشنایی بەر له هاوسەرگیریی فەرمی دەزانی و له ئێستادا به هۆی دەستەبەرنەبوونی هەلومەرجی ئابووری – کۆمەڵایەتی و یاسایی ملیان به هاوسەرگیریی سپی داوه. ئەوه له حاڵێکدایه که پیاوان کەمتر هۆگری هاوسەرگیریی فەرمیین یان ئەوەی که ئاماده نەبوون هاوسەرگیری لەگەڵ هاوماڵەکەیان بکەن. سازکردنی پەیوەندیی سێکسی و دڕانی پەردەی کچێتی به هۆی گرنگیی ئەم بابەته له عوڕف و بیر و باوەڕە ئایینییەکان دەبێته هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن لەگەڵ هەموو چینێ هاوسەرگیری بکەن یان تووشی کێشه بن (و له هەندێ حاڵەتدا ناچار دەبن پەرده کچێتییەکەیان چاک بکەنەوه) و بازنەی هەڵبژاردنیان تەنگتر و سنوردارتر ببێ و باری کەلتووری و ئایینیی پاکیزەیی وا دەکا که پەیوەندییه هاوماڵییەکان بەردەوام بێ و ڕێژەی هاوسەرگیریی فەرمی بۆ تاکەکان بەتایبەت ژنان کەم ببێتەوه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 2. هۆگریی بۆ هاوسەرگیری له ناو هاوژینه هاوماڵەکان

له پەیوەندییه هاوماڵییەکاندا به کرێگرتن یان ڕەهنی ماڵ یەکێک لەو پرسانەیه که له لایەن هەر دوو لایەنەکە ڕێککەوتنی له سەر دەکرێ که خەرجەکان به هاوبەشی له ئەستۆ بگرن. به هۆی مەندیی بازاڕی خانوبەره، گرفته ئابوورییەکان و بوونی خانوبەرەی هەرزان وەکوو خانووی مێهر لەم بوارەدا، نووسینگەکانی خانوبەره و خاوەن ماڵەکان لەم بوارەدا بێدەنگیان هەڵبژاردووه و سەرەڕای ئاگاداربوون له نائاسایی و ناشەرعێتی پەیوەندییەکانی هاوماڵی وەک کرێ یان ڕەهن ماڵ به هاوژینەکان دەدەن. له لایەکی تریشەوه، بوونی ئاپاڕتمان‌نشینی به هۆی سنوورداربوونی پەیوەندییه هاوماڵییەکان و نەناسراوبوونی کەسەکان له یەکەی بینایەکی نیشتەجێبوون به پێچەوانەی ئەو گەڕەکخوازییەی کە لە ڕابردوودا باڵادەست بوو، جۆرێک بێ‌ناوی بەدی دێنێ که پەیوەندییه فەرمی و نافەرمییەکانی هاوژینەکان بۆ دانیشتووانی بیناکە نه گرنگه و نه پێیان دەزانرێت.

له ساڵی 1396ـی هەتاوی ڕێژەی هاوسەرگیری نزیکەی 11 له سەد کەم بووەوه، له حاڵێکدا ڕێژەی تەڵاق 6 له سەد له چاو ساڵی ڕابردوو بەرز بوویەوه. یەکێک له هۆکارەکانی دابەزینی هاوسەرگیریی فەرمی هاوماڵی یان پێکەوەبوونه. به هۆکارگەلی زۆری وەکوو ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەنجان جێگرەوەکەی واته هاوسەرگیریی سپی هەڵدەبژێرن. ترس له تەڵاق له ناو گەنجان بەتایبەت له ناو ئافرەتان و دەرهاویشتەگەلی وەکوو چارەنووسی منداڵان، قەزاوەتی بەرتەسکبینانەی ئەندامانی کۆمەڵگا بەرامبەر به تەڵاق و ژنانی تەڵاقدراو، هەست به ناوۆبوون، نەبوونی پاڵپشتیی ئابووری، بڕی مارەیی و نائاسایشی و بێزاری وای کردووه که هاوسەرگیریی سپی بۆ هەندێ له گەنجان وەک ڕێکارێکی لۆژیکی سەیر بکرێت. ژنان بەتایبەت به چوونه ناو بەستێنی هاوسەرگیریی سپی له پێکهاتەی یاساییدا دەکەونه بەر هەڵاواردنه ڕەگەزێتییەکانی وەکوو نەبوونی (مەرجەکانی مارەیی) مافی یەکسانی تەڵاق، سەرپەرشتیاری منداڵان و … و هەر ئەم بابەتە هۆکاری جیدی هەڵبژاردنی هاوسەرگیریی سپی وەک بەدیلێک بۆ هاوسەرگیریی سپییه.

“خانم، 28 ساڵان لە تاران

ئێستا ئەگەر چاوێک لە ڕابردووانی خۆمان بخشێنین کۆمەڵێکیان هیچکات سۆز و پەیوەندیی تەندروستیان نەبینیوە ڕەنگە هەر واش لای یەکتر بووبێتن. بەڵام ئەم لە لای یەکتربوونەیان تەنیا لە بەر هەندێ داب و نەریتە کە تەڵاق و دیکەی پرسەکانیان بە لاوە شوورەیی بووە و لە ناو ئەم پەیوەندییانەدا تۆ ئەگەر لە هاوسەرەکەت ناڕازی بی، زۆر ڕاحەت لێی جیا دەبیتەوه.”

ئاسانبوونی پەیوەندیی سێکسی له هاوسەرگیریی سپی بۆ ئەو گەنجانه سەرنجڕاکێشه که به زۆر هۆکار نەیانتوانیوه هاوسەرگیریی فەرمییان هەبێت. لەم چەشنه پەیوەندییانەدا منداڵخستنەوه گرنگ نییه؛ بەڵام به پێی بەڵگە وەدەستهاتووەکانی ئەم توێژینەوه به هۆی ناوشیاریی سێکسی و شێوازەکانی دژەدووگیانبوون و نەبوونی کەرەسەی بەرگیری، دووگیانبوونی نەخوازراو ڕوو دەدات. هەر ئەم بابەته دەبێته هۆی پەرەسەندنی کۆرتاژی نایاسایی کۆرپەله و ئەمەش بەش به حاڵی خۆی به شێوەی جیدی حەڕەشە له تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ژنان دەکات. لە ئەگەری لە دایکبوونی کۆرپەلەکەش به دەگمەن ڕایدەگرن و ڕووداوگەلی تاڵی وەکوو فڕێدانی کۆرپەلەکان ڕوو دەدات. له لایەکی تریشەوه، به هۆی سنووردارێتی یاسایی و هەلومەرجی دژوار بۆ ژنانی دووگیان که پەیوەندیی هاوماڵییان هەیه، له باربردنی کۆرپەلە به شێوەی نایاسایی ئەنجام دەدرێ که زۆر جار له شوێنی ناتەندروستانە و شاراوه لە بار دەبرێ و هەندێ مەترسیشی بۆ ژنان هەیه و بێگومان خەرجیشی هەیه که له ئەستۆگرتنی ئەم خەرجانه تاقەتپڕووکێنه.

بەڵام ئەوەی زیاترین زیانی پێدەگا منداڵانی ئەم چەشنه هاوسەرگیرییانەن؛ چوونکه ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه له هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێ و پاش له دایکبوونیان چارەنووسیان نادیاره و له هەندێ مافی کۆمەڵایەتی وەکوو خوێندن و بوونی ڕەگەزناوه بێبەشن و یان تووشی کێشه دەبن و له ئەگەری دیارنەبوونی دایک و باوکیان له دایک و باوکی سروشتیی خۆیان میراتیان ناکەوێت. له وڵاتانی ڕۆژاوایی، گۆڕانی شێوازی ژیان و لێکەوته داراییەکانی به هۆی تەڵاق هۆکاری سەرەکی باوبوونی ژیانی هاوبەشی بێ هاوسەرگیرییه؛ بەڵام ئەم دیارده له ئێراندا تازەیه. تەمەنی ئەم دیارده له وڵاتی ئێراندا نزیکەی ده ساڵه و له کەلانشارەکانی وەکوو تاران، مەشهەد، ئیسفەهان و شیراز له ناو ئەو گەنجانەدا باوه که زۆریان دانیشتووی ئەم شارانه نین و پیشەدار و خوێندەوارن.

هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری، که دەبێته هۆی سەربەخۆیی تاکایەتی، هزری و ئازادی زێدەتر له هەڵبژاردنی جۆری ژیان و سەربەخۆبوونی دارایی له بنەماڵه، که ئەمانه هۆکارەکانی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی سپیین. نوێگەرێتی و دەست و پاگیربوونی هاوسەرگیرییه نەریتی و نیمچه نەرتییەکان بۆ هەندێ له گەنجان و هەروەها تێرکردنی ئارەزووه سێکسییەکان به شێوەی بەردەوام یەکێک تر له فاکتەرەکانی پێشوازی له هاوسەرگیریی سپی له ناو گەنجانه. به گشتی له کەلتووری نەریتی و ئایینیی ئێراندا، وەک دیاردەیەکی هاوردەیی و نەشیاو سەیری هاوسەرگیریی سپی دەکرێت.

پرسی هاوسەرگیریی سپی به هۆی تابۆبوونی بابەتەکە، کەمتر له لایەن لێکۆڵینەوه زانستی و زانکۆییەکانەوه تاوتوێ کراوه. تەنانەت لەم بارەوه به شێوەی ڕێکوپێک کتێبێک بڵاو نەبۆتەوه. سەرەڕای ئەمه لێکۆڵینەوەیەکی کەم لەم بارەوه له سەر ئاستی وتار و تێز ئەنجام دراوه.

2- شێواز و ئەنجامەکانی توێژینەوه

ئەم توێژینەوه بۆ یەکەم جار به پێداگری نواندن له سەر ڕەهەنده خەڵک‌ناسی، دەروونناسی و فیقهی و یاساییەکان و به ژمارەیەک نموونە به قەبارەی 216 هاوژین و کارناس به کەڵک وەرگرتن له شێوازی گڕاندد تیۆری له سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام درا. لەم لێکۆڵینەوەدا نەریت‌بێزی، لاوازیی ئابووری، هاوبەشیی دارایی، ڕەسەنایەتی سۆزداری و سێکسی، چێژبردن، دابڕان له بنەماڵه، خواست بۆ هاودڵی و ڕاکردن له تەنیایی، پابەندییه قورسەکانی هاوسەرگیری و یەکسانخوازیی ڕەگەزێتی، کاڵبوونەوەی باوەڕمەند بوون به فەرمانه ئایینییەکان، لێکترازانی نێوان باڵقبوونی سێکسی و باڵقبوونی ئابووری، هاوسەرگیرییه ناسەرکەوتووەکان، هۆگری بۆ شێوازی نوێی ژیان و به گشتی بوونی تێڕوانینێکی نوێ له چەمکی هاوسەرگیری وەک گرینگترین چەمکەکانی پەیوەست به هاوسەرگیریی سپی له ئێران ناسێنراوه. لەم تێوژینەوەدا به لێکدانەوەی بنەما کۆمەڵایەتی و فیقهی – یاساییەکان، لە بەشی چواردا هاوماڵی له ئێران تاوتوێ دەکرێت.

له ڕوونکردنەوەی کۆمەڵناسانەی بۆچییەتی دەرکەوتنی پەیوەندییه هاوماڵییەکان، ئاماژه به فاکتەرگەلی وەکوو گۆڕانکارییه ئابوورییەکان، هاتنی سەرمایەداری و دەرکەوتنی نائاسایشی کاری، لیبرالیزمی ئەخلاقی و دووبارەئەندێشی نەریت، هاتنی توخمی نوێساز و بێناویی شاری، لە ناوچوونی چەمک و کارکردی گەڕەک، گۆڕانکاری لە پێکهێنانی بنەماڵە و دەرکەوتنی پەیوەندیی کاتی دەکرێت.

له ڕوونکردنەوەی یاسایی – ئایینیی هاوسەرگیریی سپی، دەقە یاساییەکان بۆ پەیوەندییه ناشەرعییەکان ئاماده و جێبەجێ دەکرێت.

مادەی 645 یاسای سزای ئیسلامی دەڵێ: پیاوێک کە بە بێ تۆمارکردن هاوسەرگیری بکا، سزای زیندانی هەتا یەک ساڵی بۆ ڕچاو کراوە. گەڵاڵەی پشتیوانی لە بنەماڵە ئەم سزایەی کردووە بە سزای نەختی (20 بۆ 100 ملوێن ڕیاڵ). ئەم بڕە سزا زۆرە دەتوانێ تایبەتمەندیی ڕێگرانەش لە خۆ بگرێ؛ بەڵام بێگومان سزای زیندان لە سزای نەختی زیاترە و بە ڕاشکراوی دەقەکانی مادەی 645ـی یاسای سزای ئیسلامی، تۆمارنەکرانی هاوسەرگیری بۆ ئافرەت تاوان نییه.

لە بەشی هەژدەهەمی یاسای سزای ئیسلامی سەبارەت بە باسی تاوانی دژی داوێنپاکی و ئەخلاقی گشتی، لە مادەی 637 هاتووه: “هەر کات ژن و پیاوێک کە لە نێوانیاندا پەیوەندیی ژن و مێردی لە ئارادا نەبێ، پەیوەندیی ناشەرعی یان کردەوەیەکی داوێنپیسانەی جگە لە زینا وەکوو ماچ کردن یان هاوجێی”ـیان لێ بووەشێتەوه، بە 99 قەمچی سزا دەدرێن. هەروەها لە مادەی 225ـی یاسای سزای ئیسلامی پەسندکراوی 1/2/1392 هاتووه: “حەدی زینا بۆ زیناکاری ژندار و مێرددار ڕەجمه. لە ئەگەری نەڕەخساوبوونی جێبەجێکردنی ڕەجم لە سەر پێشنیاری دادگای فەرماندەری فەرمانی یەکلاکراوە و ڕەزامەندیی سەرۆکی دەزگای داد ئەگەر تاوان بە بەڵگەی ڕوون سەلمێنرا بێ، ئەوە دەبێتە هۆی لە سێدارەدانی پیاوی زیناکاری ژندار و ژنی زیناکاری مێرددار و بەدەر لەم حاڵەتە سزا بۆ هەر کامیان سەد قەمچییه.” و ئەمە لە مادەی 230 هەمان یاسا هاتووه: “حەدی زینا لەو حاڵەتانەی کە تاوانبار بێ‌ژن بێ، سەد قەمچییه.”

بە گوێرەی مادەی 884ـی بە پێی یاسای مەدەنی، منداڵی زۆڵ لە باوک و دایک و خزمان هیچ بە میرات نابا؛ بەڵام ئەگەر ڕێز و حورمەتی ئەو پەیوەندییەی کە منداڵەکەی لێ بەرهەم هاتووە بە نیسبەتی یەک لە لایەنەکان (باوک و دایک) بسەلمێندرێ و بە نیسبەتی ئەوی دیکەیان گومانی زینا و دوورەپەرێزی لە سەر بێت، منداڵ تەنیا لە لایەکیان و لە خزمانی ئەو لایەنەیان میرات دەبا و بە پێچەوانەوە. وەک ئاشکرایە لە ڕوانگەی یاساییەوه، ژن و مێردێک کە بە بێ هاوسەرگیریی یاسایی (هاوسەرگیریی هەمیشەیی یان هاوسەرگیریی کاتی) پێکەوە ژیان دەکەن بە هۆی تۆمارنەکردنی یاسایی، پەیوەندییەکە ناشەرعانە و زینایە و بە دواداچوونی یاسایی و سزای بە دواوەیە و ئەگەر منداڵیان ببێ لە بەش بێبەش دەبێت.

وەک لەم یاسایانەدا دەردەکەوێ دەرهاویشتەکانی ئەم جۆری پێکەوەبوونه له ئەکتیڤان زیاتره و له ئەگەری له دایکبوونی منداڵ، زۆر کێشه داوێنگیری منداڵانی ئەم جۆره هاوسەرگیرییانه دەبێتەوه.

1-2. هاوسەرگیریی سپی هەمان نیکاحی معاتاتییه؟

یەکێک لەو حاڵەتانەی کە وەک پێکەوەبوون سەیر دەکرێ، پرسی نیکاحی معاتاتییه. نیکاحی معاتاتی هاوسەرگیرییەکە کە بە مەبەستی پێکهێنانی بنەماڵە و مافی چێژبردن و پەیوەندیی سێکسی لە نێوان ژن و مێرد ساز دەبێت؛ بەڵام پێویستی و قبووڵکردنی بێژەیی نییە و لەوانەیە هەر دوو لە سەر بڕی مارەیی، نەفەقە و دیکەی مافەکانی نێوان لایەنەکان ڕێک بکەون. بە گوێرەی مادەی 193ـی یاسای مەدەنی، “لەو حاڵەتانەی کە یاسا جیاکاری کردبێ” معاتات دروسته. بۆ وێنە یەکێک لە حاڵەتە ئاوارتەکان مارە بڕینه. لە مادەی 1062ـی ئەم یاسایە هاتووه: “نیکاح جێبەجێ دەبێ بە پێویستی و قبووڵکردن بەو بێژانەی کە ڕاشکاوانە دەلالەت لە سەر نیازی هاوسەرگیری دەکات.” واتە دەبێ لە سۆنگەی یاساییەوە بڕیاری مارە بڕین بووترێ و پێویستی و قبووڵکردن دەبێ بێژەیی بێ مەگەر ئەوەی کە نەتوانێ بیڵێ.

نەدانی مۆڵەتی نیکاحی معاتاتی بە باوەڕی زۆرینەی فەقێکانی شێعە وەکوو موحەقیق بوحرانی، مورتەزا ئەنساری، ڕووحوڵا خومەینی و مەکارم شیرازی لە لایەن زانایانی شێعە و ئەهلی سوننە کۆدەنگی لە سەر کراوه. ئایینزاکانی شافێعی، مالکی، حەنبەلی و حەنەفی هەر هەموویان بڕیاری پێویستکردن و قبووڵکردن لە مەرجەکانی مارە بڕینی نیکاح دەزانن.

به وتەی ئەو کەسانەی که به هۆی هاوسەرگیریی سپی بوونەتە هاوماڵ، زۆریان ئەم پێکەوەبوونه به هاوسەرێتی نازانن، بەڵکوو به قۆناغی ئاشنایی زیاتر بۆ هاوسەرگیری له داهاتوو و یان هاوماڵێتی بۆ زگاربوون له کێشه ئابووری، دەروونی و … دەزانن. کەواته ئەم کەسانه نه باوەڕیان به هاوسەرگیریی شەرعییه و نه مەرجەکانی نیکاحیان قبووڵه، بەڵکوو تەنانەت ئەگەر خوازیاری ژیانی هاوبەش به پێی ئایینی ئیسلام بن، بۆ ئاشنایی یان به هۆی هەر چەشنه سنوودارییەکی دیکه له هاوسەرگیریی هەمیشەیی، لانیکەم دەتوانن به شێوەی کاتی مارەبڕین ئەنجام بدەن.

به پێی ئەم ڕوونکردنەوه، هاوسەرگیریی سپی تا ڕادەیەک به هیچ چەشنێک لەگەڵ نیکاحی معاتاتی له شەرعدا یەکسان نییه و هەلومەرجی هاوسەرگیری، ئیزنی باوک، تەڵاقی شەرعی، عەدە و … ـی تێدا ڕەچاو ناکرێ و گرنگتر ئەوەی که له هەموو ماربڕینێکدا ئامانجی مرۆڤ بنەما پێکهێنەرەکانیەتی، بەڵام له هاوسەرگیریی سپیدا له زۆرێک له حاڵەتەکاندا لایەنەکان نیازی هاوسەرێتییان نییه و ئەگەر نیازی هاوسەرێتییان هەبێ به هۆی ڕەچاو نەکردنی بنەماکانی هاوسەرێتی و تەڵاقی شەرعی، ژیانی هاوبەشیان هاوشێوەی سەرچەشنی باو له ڕۆژاوا، تەنیا جۆرێک پێکەوەبوونه و له ژێر ناوی هاوسەرێتی ئایینی نییه.

ئایین‌بێزی یان کەمبوونەوەی هەستیارییه ئایینییەکان و هۆگریی بۆ ژیانی سکۆلار له تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هاوژینه هاوماڵەکانه که به هۆی هۆگریی فیمینستی و یەکسان‌خوازی له ناو ژناندا زیاتره. ژنان ئایین یان لانیکەم خوێندنەوەی نەریتی له ئایینیان کە سنوورداریان دەکاتەوه، قبووڵ نییه و ئەم ژیانه به جۆرێ خۆڕاگریی له هەمبەر زەختی ئایینی دەزانن. هەڵبەت به جیهانیبوون و پەرەسەندنی کەلتووری سکۆلار و ئۆمانیزم له هۆگربوون بۆ ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه نافەرمییه بێ‌کاریگەر نەبووه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 3. ڕێژەی فرەیی ڕادەی باوەڕداریی وڵامدەران

به پێی بنەما تیۆری و فیقهی – یاساییەکانی هاوسەرگیریی کاتی و ئەندازه گرتن و دیمانه له گۆڕەپانی لێکۆڵینەوەی ورد و تاوتوێکارانەی داتا کۆکراوەکان، مۆدێلی شیکاری له ڕوونکردنەوەی هاوسەرگیریی سپی له سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان وەدەست هات:

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

وێنەی 3. مۆدێلی گڕاندد تیۆری له هاوسەرگیریی سپی له ئێران

وەک دەبینرێ، دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی سپی لە ئێراندا کۆمەڵێ گۆڕانکاری نۆڕمی و بەهایی لە شێوازی ژیانی گەنجانی ئێرانییە کە دیادەی هاوماڵی لە ناو دڵی ئەم گۆڕانی بەهاییە دەرکەوتووه.

“خانم، 27 ساڵە لە تاران

لە تەمەنی ئێمەدا ئەم شێوازی ژیانەیان قبووڵە کۆمەڵگا بۆ من شوێنێکە کە شوناسی من ئازادتره، لە شارە بچووکەکاندا قبووڵکراو نییە بەڵام لە تاران زۆرێک لە هاوڕێکانم ئاوا دەژین.”

گرنگترین لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران به پێی ڕاپۆڕت و دیمانەی ورد لەگەڵ ئەو هاوژینانەی که ئەزموونی پێکەوەبوونیان بوو، لاوازیی ئابووری بۆ هاوسەرگیری، کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان، ئازادی هەڵبژاردن، بێ‌هۆگری بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس لە بە دواداچوون بووه. ئەم فاکتەرانه له ڕۆژاواش به ئاشکرا دەبینرێت. له لێکۆڵینەوەیەکدا له ئەمریکا هۆکاری هاوسەرگیریی سپی ئازادی و ئاسوودەیی زیاتری تاکەکان و ناهۆگری بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەییه. به پێچەوانەی ڕۆژاوا که له ڕووی عوڕفی و یاساییەوه ئەم دیاردەیان به یاسایی کردووه، هەتا ئێستا له ئێراندا ئەم بابەتە ڕووی نەداوه و دەرهاویشتەگەلی وەکوو تاراندنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی پشتیوان و ترس له گرتنی لێدەکەوێتەوه. به گوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، زۆربەی ئەو کەسانەی که ئەزموونی هاوماڵییان بووه، لە مەودای تەمەنیی نێوان 25 – 30 ساڵ بوون و به پێی حەشیمەت له شارەکانی تاران (43 له سەد). مەشهەد (31 له سەد) و ئیسفەهان (26 له سەد) بوون که له دەیەکانی 75 – 65ـی هەتاوی له دایک بوون. ئەم گەنجانه زیاتر خاوەن بڕواناوەی زانکۆیین و له ڕێگەی ئاشنابوون لەگەڵ قوتابخانه هزری و کەلتوورییەکانەوه خوازیاری گۆڕان له ژیانی خۆیان بوون.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 4. فرەیی پانتای تەمەنیی وڵامدەران کە خاوەن ئەزموونی هاوماڵی بوون

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی 5. ڕێزەی فرەیی نموونە توێژینەوە له سەرکراوەکان که ئەزموونی هاوسەرگیریی سپییان هەبووه

ئەم گەنجانە بە هۆی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و سەرەدمی مەندیی ئابووری، نەیانتوانیوە لە شوێنی ژیانی خۆیان ئیشێکی گونجاو و هاوئاهەنگ لەگەڵ بڕواناوەی زانکۆیان دەست بخەن. کەلانشارەکان بە هۆی هەبوونی هەلی کاری زیاتر لە چاو دیکەی شارەکان، شوێنی ڕاکێشانی کۆچبەرە خوێندەوار و کارییە گەنجەکانن کە هەڵوەدای سەربەخۆیی دارایی و درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆن. بوونی کەرتی تایبەت و پیشەی ئازاد له کەلانشارەکان له چاو شاره بچووکەکان له سەرەکیترین هۆکارەکانی کۆچی کاریی گەنجانی خوێندکاره.

پیاو، 26 ساڵه، تاران

ئەویش فارس بوو و هەڵبەت دانیشتووی تاران نەبوو. بە هۆی هەندێ هۆکار لەبەر کار و خوێندن لە یەکێک لە شارەکانی باشوورەوە هاتبوو بۆ تاران و لە تاران نیشتەجێ ببوو. دیارە بە هۆی ئیشەکەی و قۆناغی خوێندنەکەی خەریکی خوێندنی ماستەر بوو هەر بۆیە جارێ لە تاران گیرساوینەتەوە.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی 6. ڕێژەی فرەیی ئاستی خوێندەواریی وڵامدەران

به پێی ئەم ئاماره، لێکپسانی پتر له 10 له سەدی ڕێژەی بێکاری پارێزگاکانی وڵات وای کردووه که ملوێن و 300 هەزار گەنج، بەتایبەت گەنجانی خوێندەوار، بۆ دۆزینەوەی کار بەرەو کەلانشارەکان کۆچ دەکەن. هەر بۆیه، له باکووری ئێرانەوه گەنجان بەرەو ناوچه نەوتدارەکانی باشوور دەچن و له ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای وڵات به ئومێدی دۆزینەوەی کار بەرەو تاران و کەلانشارەکان کۆچ دەکەن.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 7. ڕێژەی فرەیی جۆر و ڕادەی پیشه له کەرتە جۆراوجۆرەکاندا

له لایەکی تریشەوه، له کەلانشارەکان خەرجی ژیان بەتایبەت له بەشی خانوبەرە و هەروەها خەرجی هاوسەرگیریی فەرمی، زۆره و گەنجان دەرقەتی ئەم خەرجه قورسه نایەن. کار و خوێندن له کەلانشارەکان نەمانی چاودێری دایک و باوک به سەر منداڵەکان زیاتر دەکاتەوه. به هۆی پێکهاتەی ئابووریی گشتی له کۆمەڵگا پیاوان لە چاو ژنان له کەرته جۆراوجۆره ئابوورییەکاندا هەلی باشتریان دەست خستووه و هەر ئەمەش وا دەکا که دارابوونی له پەیوەندییە ئابوورییەکانی دوو کەس به تەواوەتی ببینرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە پێی بەڵگەکانی بەرهەمهاتوو له توێژینەوه بنەمای ئەم چەشنه پەیوەندییه به هۆی کاڵبوونەوەی کلێشه ڕەگەزێتییەکانه. پێکهاتەی گشتیی کۆمەڵگا به دابین کردنی پیشەی باشتر و داهاتی زیاتر بۆ پیاوان، له پەیوەندییه ئابوورییەکاندا ناهاوسەنگی دەسەڵات بەرهەم دێنێتەوه.

گەنجان لە شارە گەورەکان و لە ئاپارتمانەکاندا لەگەڵ هاوماڵەکەیان دەژین و بە هۆی بێناوی و ئاپارتمان‌نشینیی بەربڵاو لەم شارانە کەسەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەگەڵ هاوماڵی خۆیان بژین. هاوسەرگیریی سپی پەیوەندیی سێکسی ئاسان دەکاتەوه که ئەمه بۆ گەنجان زۆر سەرنجڕاکێشه و ئەم پەیوەندییه نافەرمییه بۆ خەرجی ژیان له شارە گەورەکان بۆ گەنجانی کۆچبەر و هەروەها دانیشتووانی کەلانشارەکان تەواوە. هەڵبەت ئەم چەشنه پەیوەندییه نزیکەی 1 – 3 ساڵه. له هاوسەرگیریی سپیدا ماوەی پەیوەندیی ڕوون نییه؛ بەڵام ئەزموونی وڵامدەران ئەوەی پیشان دەدا که پاش ساڵێک یان سێ ساڵ ئەم پەیوەندییانه لێک هەڵدەوەشێنەوه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی 8. فرەیی نموونەی توێژینەوه له سەرکراو به پێی ماوەی هاوماڵیی هاوژینەکان

پەیوەندییه سێکسییەکان و نەمانی پەردەی کچێتی به هۆی گرنگیی ئەم بابەته له عوڕف و ئایین دەبێته هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ هەموو کەس بکەن. باری کەلتووری و ئایینیی پاکیزەیی وا دەکا که پەیوەندییه هاوماڵییەکان بەردەوام بێ و ڕێژەی هاوسەرگیریی فەرمی بۆ تاکەکان کەم ببێتەوه. له ئێران سەرەڕای ئەوەی که تێکەڵبوونی سۆزداری و سێکسی بەر له هاوسەرگیری یان له دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری به پێچەوانەی نۆڕمه نەریتی، ئایینی و کەلتوورییەکانه و تەنانەت له ڕووی یاساییەوه قەدەغه کراوه، هەندێ بەڵگه له ساڵانەی دواییدا ڕەوتی ڕوو له هەڵکشانی ئەم چەشنه پەیوەندییانه له ناو گەنجاندا پیشان دەدات. زۆر جار ئەم پەیوەندییانه له بنەماڵه دەشارێتەوه و ئەگەریش ئاشکرا بێ بنەماڵەکان پێیان خۆشه وا خۆیان پیشان بدەن که له هیچ ئاگادار نین. گرنگیی پاکیزەیی له کۆمەڵگا بێگومان پاش کۆتایی هاتنی پەیوەندیی سێکسی پێگەی ژنان له پەیوەندییه نوێکاندا لاواز دەکا و میکانیزمێک که بەو هۆیەوه سەر هەڵدەدا، تاک له بێچمی پرۆسەیەکی نووفسان له پێکەوەبوونه پەیتا پەیتاکاندا ڕادەگرێ که هەندێ جار له لایەن ژنانیشەوه پەسندکراو نییه؛ بەدەر لەم حاڵەتە وەک ڕێکارێک که دڵخوازی هەندێ کەسە پەردەی کچێتییەکەی چاک دەکاتەوه. ئەم بابەتە بێگومان کاریگەری له سەر پەیوەندییه فەرمییەکانی تاک دادەنێ و دەبێته هۆی سستبوونی بنیاتی بنەماڵەیەکی تازه بنیاتنراو.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 9. فرەیی ڕێژەی ئاگاداریی دەورووبەرییەکان لە پێکەوەبوونی وڵامدەران

به پێی توێژینەوەی ئەنجامدراو، پەیوەندیی هاوماڵی پەناوەکییه یان تەنیا ئەو هاوڕێ نزیکانە لێی ئاگادارن که خۆشیان هاوسەرگیریی سپییان هەیه یان به ئەزموونیان کردووه. بەهاکانی نەوەی نوێ که به هۆی ئاشنابوون لەگەڵ هێماکانی مۆدێڕنیتەی ڕۆژاوتا بێچمی گرتووه، هەندێ له نەریت و نۆڕمەکانی نەوەی ڕابردوو به شێوەی نهێنی ڕەت دەکاتەوه. سەرەڕای ئەمه هێشتا بنەماڵەکان لەگەڵ ئەمه ڕانەهاتوون و زۆربەی وڵامدەران ڕایانگەیاند که پەیوەندیی خۆیان له بنەماڵه، خزم و کەس ئاشنا و دراوسێکان دەشارنەوه. ڕوانگەی گشتی و کۆمەڵایەتی ئەم چەشنه ژیانە پەسند ناکا و ئەمه گرنگترین هۆکاری شاردنەوەی ئەم شێوازی ژیانەیه. شاراوه بوونی پەیوەندیش خۆی له خۆیدا زۆر ئیسترێس که به سەر هاوسەرەکاندا دەسەپێنرێ دەستەبەر دەکات.

پیاو، 27 ساڵه، خوێندکاری ماستەر، کورد

ئەگەر بنەماڵە بەمە بزانن لە سەدا سەد تووشی حەڕەشەیەکی گەورە دەبین:

یەک: ئەگەری تاراندن یان ئەگەری کوشتن لە ئارادایه.

دوو: زانین لە لایەن دەوڵەتەوە کە لە کۆمەڵگای ئێران سزای بەردباران کردنی لەگەڵە.

سێ: ئەگەر کۆمەڵگا بزانێ کە هاوسەرگیریی سپیت کردووە، دەست دەکەن بە ناو و ناتۆرەنان و ئەوەندە سووکایەتیی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە کە لەوانەیە لێدان و ئازاری فیزیایی و تەنانەت پساندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ بێت.

له دیکەی لێکەوتەکان که دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین نەبوونی پشتیوانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی لەو کەسەیه که لەم پەیوەندییانەدا بەرکەوتووی توندوتیژی و ئازاره. بەتایبەت ئەم پرسه ژنان زیاتر دەگرێتەوه که له ئەگەری بەرکەوتنی توندوتیژی ناتوانن دادخوازی و پشتیوانخوازی له هیچ ئۆڕگانێکی فەرمی یان نافەرمی بکەن. ئەم بابەته ژنان زیاتر خەسارهەڵگر دەکا و وەک دەزانین بەرپرسانی یاسایی له ئەگەری سەرهەڵدانی هەر چەشنه کێشەیەک بۆ ژنان له پلەی یەکەمدا ئەوان به تاوانبار دەزانن و بەدیهاتنی مافەکانیان ناوومیکن دەبێ و تەنانەت سوودوبەینین له خزمەتگوزاریگەلی وەکوو ئۆڕژانسی کۆمەڵایەتی و …ـیش مەحاڵه.

ئەگەرچی کەسەکان به خواستی خۆیان ئەم پەیوەندییانەیان هەیه، ناتوانین نکۆڵی لەوه بکەین که زەختێکی زۆر دەکرێته سەریان و هاوسەرەکان دەخاته دۆخێکی دەروونیی نالەبارەوه. تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی پەیوەندییەکەش ئەم کەسانه دەبنه بەرکەوتووی زیانی دەروونیی هەمەجۆر که هەلی پشتیوانخوازی له هیچ ناوەندێکیان نییە و خزمەتگوزاریی شیاوی دەروونناسی یان … ئەم کەسانه ناگرێتەوه. کەواته ناتوانین ئەم ڕاستییه پشتگوێ بخەین که خەسارەتی به هۆی جیابوونەوه بەو هۆکارانەی وا لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا ئەگەرچی ژن و پیاو دەگرێتەوه بەڵام زیاتر داوێنگیری ژنان دەبێ و ژنان له پرۆسەی سازکردنەوەی دەروونی. کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆیان ڕووبەڕووی گرفتی زێدەتر دەبنەوه.

به هۆی چوارچێوه فەرمی و یاساییەکان و کێشەکانی هاوسەرگیریی فەرمی (هاوسەرگیریی هەمیشەیی)، هاوسەرگیریی کاتی دەتوانێ بۆ کەسەکان بژاردەیەکی باشتر بێت. هاوسەرگیریی کاتی هەم شێلگیری و گرفتەکانی هاوسەرگیریی فەرمی نییه و هەمیش یاسا و ئایینیی فەرمیی وڵات داکۆکی له سەر دەکا و له ئەگەری سەرهەڵدانی کێشه و دەرهاویشته نەخوازراوەکان لانیکەمێکی پشتیوانی هەیه. بەڵام نەوەی گەنجی زانکۆچوو که باوەڕی به یەکسانیی ڕەگەزێتییه هاوسەرگیریی کاتی یان سیغە بە جۆرێ کڵاوی شەرعی و داوێنپیسی دەزانێ و لەو ڕووەوەی کە ڕوانگەی گشتی لە سەر گریمانەی سێکسی بوونەکەیەتی و ڕیشەی ئایینی هەیە خۆی لە دەپارێزێ و هاوسەرگیریی سپی پێ باشتره. ئەم کەسانە ئایین و ئایینزا لە ژیانی تایبەتی خۆیان دەسڕنەوە و پێیان خۆشە باوەڕە ئایینییەکان کاریگەرییەکی کەمتری لە سەر ژیانی ئەوان هەبێ و تەنانەت دژی ئایین دەوەستنەوە و ئایین بە هۆکاری پێشێلکردنی هەندێ لە مافە تایبەتییەکانی خۆیان دەزانن.

خێر و بەرژەوەندیی تاکایەتی و مرۆڤ‌باوەڕی لە بری خوداباوەڕی لە هێما مۆدێڕنیتەکانی وڵاتانی لە حاڵی پێشکەوتنە کە لە ڕێگەی میدیای گشتی و سەتەلایت و ئەنتەرنێت و لە لایەکی دیکەشەوە لە زانکۆ بە ئاشنابوون لەگەڵ ڕێبازەکانی بیری مۆدێڕن، دزەی کردۆتە ناو ژیانی گەنجان و ئەوان بەرەو ئەوە هان دەدا کە بە پێی بەرژەوەندیی تاکایەتی و بە بێ هیچ چەشنە سنووردارییەکی ئایینی و ئایینزایی، خێر و چاکەی تایبەتی خۆیان لێک بدەنەوە و هەر چەشنە ئاستەنگێکی ئایینی ببەزێنن. نموونەکانی ئەم دۆخە دەتوانین لە پێناسەکردنی پاکداوێنی و پەردەی کچێتی بەتایبەت بۆ ئافرەتان بەدی دەکەین. پەردەی کچێتی لە کەلتووری ئایینی و عوڕفیدا پیشاندەری پاکداوێنی و نەبوونی پەیوەندیی سێکسییه. ئەو کاپڵانەی کە پەردەی کچێتی وەک بابەتێکی تایبەتی و ماف لە سەر لەش دەزانن، ناتوانن تێگەیشتنێکی ئایینییان لە پەردەی کچێتی و نەبوونی پەیوەندیی سێکسیی بەر لە هاوسەرگیری هەبێ و ئەوە بە بابەتێکی تایبەتی لە قەڵەم دەدەن، ئەگەرچی بۆ هەندێ بڕیارێکی هەر وا ئاسان نییه و هەندێ جار له پەیوەندییەکانی دواتر و هاوسەرگیری لێکەوتەی قورس بەدی دێنێت.

به گوێرەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه له بنەماڵه لێکهەڵبڕاوەکان، منداڵانی تەڵاق یان بەدسەرپەرشت به هۆکاری دەروونناسانه و کۆمەڵایەتی زیاتر هۆگری ئەم چەشنه هاوسەرگیرییەن. ئەم کەسانه هۆکاری ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه دەگەڕێننەوه بۆ نیگەرانی له چوونه ناو پەیوەندیی فەرمی، تەڵاق و منداڵخستنەوه.

وڵامدەران، بێ‌باوەڕی بە هاوسەرگیریی فەرمی بە 37/41 لە سەد فرەیی، وەک گرنگترین هۆکاری هۆگریی بۆ هاوماڵی لە قەڵەم دەدەن. ئازادی زیاتر و ماف لە سەر لەش بە 19/20 لە سەد، نەبوونی ئاسایشی کار بە 74/16 لە سەد، ئاشنایی زێدەتر بە 28/14 لە سەد و بێ‌متمانەیی 38/7 لە سەد بە ڕیز گرنگترین هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی لە ئێرانن. ماوەی درێژەی ئەم چەشنه هاوسەرگیرییانه نزیکەی 1 – 3 ساڵه. کارناسان هۆکاری هاوسەرگیری نەکردنی گەنجان و هەڵکشانی ڕێژەی سەڵتیی هەمیشەیی دەگەڕێننەوه بۆ نەبوونی داهاتی تەواو و کێشه داراییەکان که به شیکاریی نموونەکانی ئەم لێکۆڵینەوە ئەم بابەتە پشتڕاست کرایەوه. بەڵام هۆکارەکانی دیکەش که بەشێکیان ئابووریین گرینگن:

بێباوەڕی به هاوسەرگیریی هەمیشەیی به هۆی هەندێ بابەتی نەشیاوی وەکوو شیربایی، مارەیی قورس، بەردەستگیربوون و سنووردارکردنی مافە تاکایەتییەکانی ژنان لە یاساکاندا (مەرجەکانی گرێدراو بە مارەیی وەکوو مەرجی خوێندن، مەرجی کار کردن، مەرجی بریکاریی ژن بۆ دەرکردنی مۆڵەتی دەرچوون لە وڵات، مەرجی دابەشکردنی دارایی نێوان ژن و مێرد پاش جیا بوونەوه، سەرپەرشتی منداڵەکان پاش تەڵاق، مافی هەڵبژاردنی خانوبەره، مافی تەڵاق و …). ئەم نەریتانە بە هۆی ئەو کەلتوورە هەڵانەیە کە لە ناو بنەماڵەکاندا باوە کە تەنانەت دژی وانەکانی ئیسلامه. هەروەها یاساکانی تەڵاق و کلیشە ڕەگەزێتییەکان لە هاوسەرگیریی فەرمی لەو هۆکارانەیە کە وای کردووە کەسەکان هاوسەرگیریی سپییان لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی پێ باشتر بێت. ئەوەی گرنگیی دووهەمایەتی هەیە ئازادی و مافی هەڵبژاردن و ماف سەر لەشه. هەبوونی ماف لە سەر لەش بە بێ سەرنجدانە چەمکە ئایینی و یاساییەکان بۆ کۆمەڵێ کەس لە چوارچێوەی سەرکێشیی مەدەنی وەکوو هاوسەرگیریی سپی خۆی دەنوێنێت.

نەبوونی هەلی کار و داهاتی گونجاو بۆ بژێوی ژیان، هاوسەرگیریی سپی لە چوارچێوەی هاوبەشیی ئابوورییانەی دووکەسی بە بێ‌گوێدانە کلیشە ڕەگەزێتییەکان خۆی وەک ڕێکارێکی گونجاو بە گەنجان پیشان دەدات. هاوسەرگیریی سپی یان هاوماڵی لە ئێران ڕەنگە بە تەواوەتی هاوشێوەی جۆرە ڕۆژاواییەکەی نەبێت؛ لە ناو دیمانەکاندا، هەندێ لە وڵامدەران ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لە درێژەی هەفتەدا ڕەنگە دوو بۆ سێ ڕۆژ بە تەواوەتی لەگەڵ هاوبەشە سێکسییەکەیان ڕایانبواردبێت.

“نیما، 25 ساڵه له تاران:

ئاوا ئاسوودەتری. به هیچ شتێ دەروەست نیت. ساڵێ، دو ساڵ، مانگێ، دوو مانگ … هەتا دواساتی تەمەنم. هەتا ئەو کاتەی خۆتان بتانهەوێ من بمهەوێ و ئەو بیهەوێ. بەڵام هاوسەرگیریی هەمیشەیی دەبێ پابەند به هەندێ شت بیت. ئەو ڕازییه و منیش ڕازیم.”

قەیرانی متمانە لە جیهانی مۆدێڕن بەربڵاوه و زۆربەی وڵاتانی جیهانی تەنیوه. بێ‌متمانەیی و نەبوونی ڕاستگۆیی لە کاتی هاوسەرگیری، جۆرێ ترسی لە ناو تاکەکاندا دروست کردووه. لەگەڵ تۆمارکردنی هاوسەرگیری و ناسینی هاوسەر، ئیتر هیچ کارێ ناکرێ و بەرپرسایەتی یاسایی بەرۆکی کەسەکە دەگرێت. کەواتە بێ‌متمانەیی وا دەکا پەیوەندییەک بە باشتر بزانرێ کە لە ئەگەری ناپاکی و ناڕاستگۆیی بە بێ هیچ بەرپرسایەتییەکی یاسایی کۆتایی پێ بێت.

هاوسەرگیریی سپی له وڵاتی ئێران به هۆی تابۆبوونەوه کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوه و به هۆی نەناسراوبوون وێنەیەکی ئاڵۆزی له زەینی بەرپرساندا هەیه و سەبارەت به هۆکار و لێکەوتەکانی زانیاریی ئاماریی زانستی و ورد له بەر دەستدا نییه. ئەم چەشنه لێکۆڵینەوانه به ناساندنی هۆکاره سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی سپی و هۆگریی بۆ ئەو و خستنه ڕووی ڕێکاری بنەڕەتی بۆ کەمکردنەوەی خەسارەتەکانی دەتوانێ بەسوود و کاریگەر بێت.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 10. گرنگترین هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی لە ئێران

3. کۆبەندی و خستنە ڕووی پێشنیارەکان

1-3. ناسینی هەمەگیری ڕەهەند، هۆکار و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی ئایینی و پسپۆڕی

گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی چالاک و ئەکتیڤ پێویستی بە ناسینی خەسارەتەکان، گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان، لێکدانەوەی ڕێکارەکان و دەرکردنی بڕیاری کارناسانە و کاریگەره. تەرخانکردنی بودجەی لێکۆڵینەوەیی، سەرنجدانی زیاتری مامۆستایان و ڕاوێژکارانی زانکۆیی و خوێندکارانی بواری زانستە ڕفتارییەکان لە چوارچێوەی تێز و وتار، نووسینی کتێب لە لایەن نووسەران و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە ناسینی ورد و هەمە لایەنەی هاوسەرگیریی سپی و خەسارناسیی ئەم دیاردە و خستنە ڕووی پێشنیاری گونجاو بە پێی شوناسی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا لە درێژەی زەمەندا دەتوانێ بۆ ناسینی وردی ئەم دیاردە ڕێکارێکی شیاو بێت. مەخابن زانکۆ لە کۆمەڵگا جیا بووەتەوە و ئەو شوناسە زانستییەی چۆتە ژێر پرسیار. بابەتی دووپاتە و تێزی پارەیی و تایەکاری ناتوانن لە ناسینی خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان دەوریان هەبێ و بە پێداچوونە بە سیاسەتە زانکۆییەکان، بەتایبەت لە بواری توێژینەوه، دەتوانین ڕێگری لە بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی لاواز و بێ کارکرد و بەکار نەهاتوو لە کتێبخانەکان بکەین.

2-3. قبووڵ کردنی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی و ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی لە ئێران لە لایەن دەوڵەتەوە

بە هۆی شوناسی نائایینی و تابۆبوونی بابەتی هاوسەرگیریی سپی، “نکۆڵی” تاکە ڕێگە چارەیەکە کە هەتا ئەوڕۆ لە لایەن بەرپرسانەوە بینراوه. یەکێ له بەرپرسانی دەوڵەتی کاروباری گەنجان له ئێران دەڵێ هاوسەرگیریی سپی له ئێراندا بوونی نییه. مەحموود گوڵزاری، جێگری کاروباری گەنجانی وەزارەتی وەرزش و لاوان لە ساڵی 1393ـی هەتاوی، لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی فارس وتوویەتی کە لە کۆمەڵگای ئێراندا هاوسەرگیریی سپی بوونی نییه.

ناوبراو هاوسەرگیریی سپی بە دیاردەیەکی ڕۆژاوایی لە قەڵەم دا و وتی لەوانەیە هەندێ لە گەنجان بە لاساییکردنەوە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەم کارەیان کردبێ، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە پشتڕاست نەکراوەتەوه؛ بەڵام ئەم وێنا هەڵە هەیە کە بە ددان‌نان بە بوونی، ئەم دیارده زیاتر پەرە دەستێنێ، بەڵکوو بە جەسارەتەوە دەتوانین بڵێین لە ئەگەری قبووڵکردنی ئەم بابەتە و دەستپێکردنی کاری خەسارناسی و کارناسانەی سووچە ئاشکرا و شاراوەکانی هاوسەرگیریی سپی، دەتوانین ڕێگری لە خەسارەتە ئەگەرییەکانی بۆ سەر بنەماڵە و کۆمەڵگا بگرین.

3-3. بیرکردنەوە لە ئامادەکاری یاسایی و پشتیوانی

کەلتوورسازی و زانیاریگەیاندن لە پاش قبووڵکردن و خەسارناسی و خستنە ڕووی ڕێکاری کردەیی هەنگاوی دواییه. زۆرێک لە کەسەکان لە دیمانەکاندا وتیان داب و نەریت و کەلتووری هاوسەرگیری لە ئێران (مارەیی قورس، شیربایی و ئاهەنگی هاوسەرگیریی گران، جیاز، ماڵی سەربەخۆ، کلیشە ڕەگەزێتییەکان و بەردەستگیربوون و سنووردارکردنی مافە تاکایەتییەکانی ژنان لە یاساکاندا بە ناوەڕۆکی مەرجەکانی گرێدراو بە مارەیی وەکوو مەرجی خوێندن، مەرجی کار کردن، مەرجی بریکاری ژن بۆ دەرکردنی مۆڵەتی دەرچوون لە وڵات، مەرجی دابەش کردنی دارایی نێوان ژن و مێرد پاش جیا بوونەوه، سەرپەرشتی منداڵەکان پاش تەڵاق، مافی هەڵبژاردنی خانوبەره، مافی تەڵاق و …) دەبێتە هۆی بێ‌هۆگریی بەرامبەر بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی و هۆگریی بۆ ڕوو کردنە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە. لە بەشی بەستێنسازیی کەلتووری، پەرەدان و بانگەشەکردن بۆ کەلتووری هاوسەرگیریی ئاسان لە ڕێگەی میدیا گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە نادەوڵەتییەکان دەتوانین وەک ڕێکارێکی گونجاو بۆ ڕازیکردنی بنەماڵەکان لە سەختگیری نەکردن و ئاسانکردنی هاوسەرگیریی گەنجان لێی بڕوانین. ناوەندە دەوڵەتی و جێبەجێکارەکان بە بانگەشە و دابینکردنی هەلی هاوسەرگیریی ئاسان (داخوازێتی بۆ پێداچوونەوه به یاساکانی گرێدراو به هاوسەرگیری)، تەرخانی کردنی قەرزی هاوسەرگیری زیاتر، قەرزی خانوبەره و هەلی کار دەتوانن لەم بوارەدا دەورێکی کاریگەریان هەبێت.

4-3. پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی سپی بە پێداگریکردن لە سەر پشتیوانی دەزگای داد لە ژنان و منداڵان

لە کۆمەڵگای ئێران بە هۆی ناشەرعیبوون و بە پێداگریکردن لە سەر مادەی 10ـی یاسای بنەڕەتی لە سەر ئاسان‌بوونی هاوسەرگیریی ئەخلاقی و ئیسلامی، هاوسەرگیریی سپی بە تاوان‌ زانراوە. هەر بۆیە ئەو هاوسەرانەی کە هاوسەرگیریی سپییان دەستنیشان کردووه، لە ژێر ناوی پەیوەندیی ناشەرعی و تۆمارنەکردنی هاوسەرگیری، سزای زیندان و قەمچی و سزای نەختی چاوەڕێیان دەکات. – ئەگەرچی ئەم سزایە ناچێتە بواری جێبەجێ کردن و دەسەڵات بە جۆرێ تابشتی دێنێت – مافی نەفەقه، میرات، سەرپەرشتی منداڵان و … بۆ ئەم هاوسەرانە پێناسە نەکراوە و لەم نێوانەدا ئەگەر منداڵێک لە دایک بێ، بە گوێرەی مادەی 884ـی یاسای مەدەنی وەک منداڵی زینا دێتە هەژمار و لە میرات بێبەشە. پێویستە لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ بکرێت: لە هیچ بەشێکی قوڕئان ئاماژە بەم بەشە نەکراوە و تەنیا ژنان و پیاوانی زیناکار سەرکۆنە و لە هەندێ لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون.

لە یاسای ئێراندا منداڵی زینا بۆی هەیە ناسناوە وەربگرێ و ئەو کاتەی کە ناسناوە وەدەست دێنێ وەک هاووڵاتییەک لە قەڵەم دەدرێ و لە مافەکانی هاووڵاتی سوودمەند دەبێت. لە لایەکی تریشەوە لە بڕگەی بیستەمی یاسای بنەڕەتی، هەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە بە شێوەی یەکسان لە پشتیوانیی یاسا سوودمەندن و لە هەموو مافە مرۆیی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی ئیسلام سوودمەندن. منداڵی لەدایکبووی پەیوەندیی سێکسیی ناشەرعیش دەبێ وەکوو هاووڵاتییەکی ئێرانی لە پشتیوانیی یاسایی و ماف وەکوو نەفەقە و مافی میرات سوودمەند بێت. لە لایەکی تریشەوە ئێران ئەندامی کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵە و لەم ماوەدا گەڵاڵەی پشتیوانیی لە منداڵانی لە پەڕلەمان پەسند کردووە و بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک دەبێ مافەکانی منداڵان ڕەچاو بکات. کەواتە بێبەشبوونی منداڵی زینا دژی یاسای بنەڕەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێ بە شێوەی بنەڕەتی پێداچوونەوە بەم بوارەشدا بکرێتەوە. لێرەدا دوو بۆشایی لە ئارادایە:

لە هاوسەرگیریی سپیدا لە ئەگەری دەرکەوتنی تاوان لە دژی یەکێک لە هاوسەرەکان کە (زیاتر دژی ئافرەتانه) وەکوو توندوتیژیی خێزانی که لەم توێژینەوەشدا هەندێ حاڵەتی لێ بەدی کرا یاسا چ بەرناوەیەکی هەیه؟ ئەگەر ژن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار و توندوتیژی، دزینی دارایی و … ببێتەوە، ئایا دەبێ بە هۆی ترس لە سزای قەمچی بەرامبەر بەو توندوتیژییەی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت؟! هاوسەرگیریی سپی لە بەستێنێکی نهێنییانەدا ئەنجام دەدرێت. لە مادەکانی 22، 23، 25ـی یاسای بنەڕەتیش هەر چەشنە بەزاندنی سنووری تایبەتی کەسەکەکان قەدەغە کراوه. کەواتە سیخوڕی و بەزاندنی سنوور لە ڕوانگەی یاساییەوە شیاو نییە و نموونەی بەزاندنی یاسا و بنەماکانی یاسای بنەڕەتییه. بەو پێیەی کە هاوسەرگیریی سپی لە بەستێنی سنووری تایبەتی و نهێنیدا ڕوو دەدا، شایەتحاڵی نییە و نائاشکرایه، کەواتە بە پێی مادەکانی سنووری تایبەتی و بڕگەی شەشەمی جاڕناوەی هەشت مادەیی مافەکانی هاووڵاتی ناتوانرێ بە دواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت. کەواتە ژنان یان ئەو کەسانەی کە کەڵکاوەژووییان لێ دەکرێ، بە بێ گوێدانە سنووری تایبەتی دەبێ پشتیوانی یاساییان لێ بکرێت.

5-3. کارخولقێنی، کار و ئاسانکاری بارودۆخی ئابووری لە لایەن دەوڵەت و کەرتی تایبەتەوە

ئەو ئاپۆرە زۆرە خاوەن بڕواناوه بێکار و سەڵتانەی کە بە نیازی کار بەرەو گەورە شارەکان کۆچ دەکەن بۆ ئەوەی لە کەرتە ناپسپۆڕ و ناهاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندنیاندا ئیشێک دەست بخەن، لەوانەن کە ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی سپی. لەم بوارەدا ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و کەرتی تایبەت دەبێ بە هاوکاریی یەکتر ئاسایشی کار دروست بکەن. پێداچوونەوە بە سیاسەتە هەڵەکانی ناوەندگەرێتی، کارخولقێنی و دروستکردنی هەلی کاری هاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندن لەو شارانەی کە شوێنی نیشتەجێ‌بوونیانە دەتوانێ لەم بوارەدا فاکتەرێکی گرنگ بێت. هەروەها سیستەمی بانکی بە پێدانی قەرزی خانوبەره، زۆرکردنی قەرزی هاوسەرگیری، قەرزی ڕاگرتنی منداڵ بە شێوەی قەرزولحەسەنە و قیستی درێژماوە دەتوانێ لەم بوارەدا دەورێکی کاریگەر بگێڕێت. چالاکڤانانی کەرتی تایبەت بە هاوکاریی دەوڵەت دەتوانن لە شارەکاندا بە دروستکردنی یەکەی بەرهەم‌هێنان و پشتیوانی لە کاری گەنجان بەشێک لە بێکاریی گەنجان چارەسەر بکەن. خێرخوازان لە شارە جیاوازەکان دەبێ سەرنجێکی زێدەتر بپرژێننە سەر باسی کارخولقێنی و بە هاوکاریی دەوڵەت و چالاکڤانانی ئابووری لقی سێیەمی ئەم بەرە پێک بێنن و لە بواری کارخولقێنی دەورێکی تۆخ و بەرچاویان هەبێت. کەواتە کارخولقێنی لە شوێنی ژیانی گەنجان و پشتیوانیی ئابووری وەکوو خانوبەره، خەرجی منداڵ و … دەتوانێ بەشێک لە پەرۆشییە ئابوورییەکانی گەنجان بڕەوێنێتەوه.

6-3. پشتیوانیی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و ئەنجومەنەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پێدانی ڕاوێژی تەندروستی و پەروەردەیی و ڕێگری لە لێکەوتە و زیانە تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکان

تووشبووانی نەخۆشییەکانی وەکوو ئایدز و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر سەرەڕای بە تاوانزانین و بە دواداچوونی یاسایی، لە ڕێگەی هەندێ لە ڕێکخراوەکانی وەکوو بێهزیستی (چاکژیانەوە)، شارەوانی و ئەنجومەنە خۆبەخشە نادەوڵەتییەکان و کەمپەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر پشتیوانیان لێ دەکرێت. هەتا هەنووکە بە ڕاهێنانی تەندروستی و ڕاوێژکاریی ئەم ڕێکخراوانە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ دابەزاندنی ڕێژەی خەسارەت و لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوێژراوه. بمانهەوێ و نەمانهەوێ ئەم شێوازی ژیانە لە لایەن هەندێ لە گەنجانی وڵاتەوە پێشوازی لێ کراوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندندایه. هەندێ نەخۆشیی نزیکی وەکوو ئایدز، دووگیانبوونی نەخوازراو و توندوتیژی دژی ئافرەتان لەم پەیوەندییانەدا بەدی دەکرێن کە بە هۆی ناووەڕۆکی سزایی پەیوەندییە هاوماڵییەکان جەسارەتی بە دواداچوونی یاساییان نییه. لە لایەکی تریشەوە بە هۆی قبووڵنەکرانی ئەم چەشنە پەیوەندییانە لە لایەن بنەماڵەکانەوە، هاوسەرە هاوماڵەکان دەتارێنرێن کە ئەمە خەسارەتی دەروونناسی لێ دەکەوێتەوه. بە ئاوڕدانەوە لە ئەزموونگەلی وەکوو ئایدز و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر، بۆ ڕێگری لە لەبارچوونی کۆرپەلە، تووشبوون بە نەخۆشیی نزیکی و هەندێ خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی و توندوتیژی، ژنان دەتوانن لە ڕێگەی ناوەندگەلی وەکوو بێهزیستی و بنکەی تەندروستی و چارەسەر، شارەوانی و ئەنجومەنە یاساییەکانی پشتیوانی لە ژنان بە بێ ترس لە بەدوداچوونی یاسایی پشتیوانیی ڕاوێژکاری و تەندروستی وەربگرن، بە جۆرێک کە کەسەکان لە بە دواداچوونی یاسایی بۆ پەیوەندییە سێکسییەکانی خۆیان نەترسن.

پەیوەندییەکانی ژن و مێرد له ئێراندا به پێی نۆڕمه ئایینی و عوڕفییەکان پێناسه کراوه و پەیوەندیی هاوسەرێتی جگه له چوارچێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و کاتی، به ناشەرعی و تاوان له قەڵەم دەدرێت. لەم ساڵانەی دواییدا له کۆمەڵگای ئێران به هۆی بارودۆخی دژواری ئابووری وەکوو مەندیی ئابووری و بێکاری له لایەک، دەرکەوتنی مۆدێڕنیته و گۆڕانکارییه بەهایی – نۆڕمییەکان له لایەکی ترەوه هەندێ گۆڕانکاری دروست کردووە که وای کردووه گەنجان ژیانی هاوبەشی به بێ هاوسەرگیریی فەرمی یان هەمان هاوسەرگیریی سپی به ڕێکارێکی لۆژیکی بۆ وەدیهێنانی خواسته تایبەتی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان سەیر بکەن که بەرپرسایەتی یاسایی و کۆمەڵایەتی و باری قورسی خەرجی ئابووریی هاوسەرگیریی فەرمی نییه. ئەم دیارده زیاتر له ناو گەنجانی خوێندکار و زانکۆییدا دەبینرێ که به هۆکاری کاری و خوێندن بەرەو کەلانشارەکان کۆچیان کردووه. بەرپرسان به هۆی هەستیاریی کەلتووری و ئایینی هەتا ئەوڕۆ ئەم دیارده کۆمەڵایەتییەیان نەخستۆته بەر تیشکی توێژینەوه و لێکدانەوه. ئەم توێژینەوه بۆ یەکەم جار به شێوەی گشتگیر پاش تاوتوێی بنەما کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی هاوسەرگیریی سپی، فاکتەرە کاریگەرەکانی شیکاری و لێکەوتەکانی لێک داوەتەوه. له کۆتاییدا هەندێ ڕێکاری خستۆته ڕوو بۆ ئەوەی له کەمکردنەوەی لێکەوته نەرێنییەکانی ئەم دیارده کۆمەڵایەتییە هەنگاوێکی کاریگەر بێ و هەروەها ئاستی وشیاریی گشتی لەم بارەوه بەرز بکاتەوه.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

لە کۆمەڵگای ئێران ڕوانگەی لێکدژ سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی بوونی هەیه. لایەنگران هاوسەرگیریی کاتی بە هۆکاری ڕێگری لە داوێنپیسی و داڕمانی ئەخلاقیی کۆمەڵگا دەزانن؛ لە حاڵێکدا دژبەران، هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگەیەک بۆ هەوەسبازی و ڕابواردنخوازی پیاوان و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان دەزانن. لە لایەکی تریشەوە بەشی ئاین‌پەروەر و نەریتخوازی کۆمەڵگای ئێران، لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی نیکاحی کاتی قبووڵ کردووە و پێی پابەنده. لە فیقهـ و یاسای فەرمیی وڵات، هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی سەرەڕای ناوەڕۆکە جیاوازەکەیان هاوشێوە سەیر دەکرێن و هەتا هەنووکە وەک بابەتێکی جیا و سەربەخۆ ئاوڕ لەم بابەتە نەدراوەتەوه. ئاڵۆزیی یاسایی و ئایینی سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، بە بێ ڕەچاوکردنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئێران دەرهاویشتەگەلێکی ناخۆشی وەکوو منداڵ‌هاوسەری، وازهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە خوێندن، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و خەسارەتە جەستەیی و دەروونییەکان بەتایبەت بۆ کچان و ژنانی لێ کەوتۆتەوه. پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی دەتوانێ بە مەبەستی کەمترکردنەوەی دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ڕێکارێکی بنەڕەتی بێت

C:\Users\USER\Desktop\86533.jpg

 دابەزاندن PDFی وتار