Description: C:\Users\USER\Desktop\outpute1\photo_۲۰۱۸-۰۲-۲۶_۲۳-۵۹-۱۸.jpg

ماڵێک لە سەر ئاو

ماڵێک لە سەر ئاو

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران

Description: C:\Users\USER\Desktop\outpute1\photo_۲۰۱۸-۰۲-۲۶_۲۳-۵۹-۱۸.jpg

توێژینەوەیەک له: کامیل ئەحمەدی

“دووگیانی کەوتە کاتی مارەبڕین. ئێستا منداڵەکەم 7 مانگانه. پەیوەندیی سێکسیمان بوو. ئەگەر منداڵەکە لە دایک بێ، ڕەنگە درێژە بە خوێندنم بدەم. مێردەکەم دەڵێ کێشەمان نییه. کێشەمان لە ئێستادا ئەوەیە لە ماڵی خەسوومین. هەرچییان وت دەبێ بڵێین بەسەرچاو. مێردەکەم کار دەکا. بەڵام بە هۆی ئەوەی تەمەنی کەمە وتیان دەبێ چەند ساڵ لەگەڵ خۆمان بن.”

مێرمنداڵ 16 ساڵان دانیشتووی تاران

سپاس و دەستخۆشی

لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو، زیاتر کاتی خۆم تەرخانی ئەم لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی کڵوکۆی ناخم بۆ گەیشتن بە زانستێکی قووڵتر سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی و فاکتەرە زیادکەرەوە و ئاسانکەرەوەکانی لە ئێراندا دابمرکێنم. ئەم قۆناغە سەفەرێکی سەیر و سەمەر و پڕ لە ئامۆژە و وانە بۆ من لە هەر دوو بواری تاکایەتی و کاریدا بووه. نیگەرانی جیدی لە مەڕ بابەتی ئەم توێژینەوه، بزوێنەرێکی بەهێز بوو کە لە تەواوکردن و ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوە هاوکاری کردم. ئەم دەقە 40 لاپەڕەییە کورتکراوەی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرە کە لەگەڵ تیمێکی تێکۆشەر و بەهرەمەند لە بارەی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی لە ئێران ئەنجامم داوه. دەقی تەواوی ئەم لێکۆڵینەوەم کە هەڵگری هەموو قۆناغەکانی توێژینەوەی کتێبخانەیی و مەیدانی، بەڕۆژترین ئامارەکان، شیکاریی چەندی و چۆنی و ڕێکارەکانه، ئێستاش لە قۆناغی چاپدایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە لایەن چاپخانەی شیرازە دەکەوێتە دەستی خوێنەران.

توێزینەوەکانی پێشووم سەبارەت بە هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان و خەتەنەی ژنان کە بە هەر سێ زمانی فارسی و ئینگلیزی چاپ کراوه، بوو بە ئەنگێزەی سەرەکی توێژینەوەی سەبارەت بە سیغە و بڕیاری مەحرەمێتی لە ئێران. بیرۆکەی سەرەکیی ئەم توێژینەوە لە درێژەی ساڵانی لێکۆڵینەوەم لە سەر هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە هەندێ لە ناوچە گوندییەکانی ئێراندا بێچمی گرت. لەوێ شایەدی هاوسەرگیریی منداڵان بووم و بۆم دەرکەوت کە هەر دوو پرسی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و خەتەنەی ژنان لە ئێراندا پێکەوە گرێ دراون و نموونەی ئەو توندوتیژییانەن کە هەندێ جار پێکەوە دژ بە ژنان دەسەپێنرێن. لە کاتی کاری مەیدانی لە مەڕ خەتەنەی ژنان لە ئێران کە لە سەر ئاستی چوار پارێزگای (ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و هورمزەگان) بە زیاترین ڕێژەی خەتەنەی ژنان ئەنجام درا، بۆم دەرکەوت کە ڕێژەیەکی زۆری بەشداربووانی دیمانە لەگەڵکراو ئەو کەسانەن کە لە تەمەنی زۆر کەمدا هاوسەرگیرییان کردووه. ڕێژەیەکی زۆری کچان و کوڕانی کەم تەمەنم بەی کرد کە دایک / باوک و ژن / مێرد بوون.

دۆزینەوەی ئەم دیارده، هانی دام کە سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان زیاتر بکۆڵمەوە و وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە ئایا لە نێوان ئەم دوو دیاردە پەیوەندییەک هەیە یان نا. کۆمەڵێکی زۆری داتای وەدەستهاتوو لە بارەی هاوسەرگیریی منداڵان و شیکارییان سەرنجی منی بۆ لای بابەتێکی تر بە ناوی بڕیاری مەحرەمێتی و بێچمێکی دیکەی هاوسەرگیری بە ناوی هاوسەرگیریی کاتی یان سیغە ڕاکێشا. لە میانەی لێکۆڵینەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان کە لە سەر ئاستی هەوت پارێزگای وڵات ئەنجام درا هەستم کرد هەندێ لە نموونەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕێگەی سیغەی مەحرەمێتی (بڕیاری مەحرەمێتی) بەڵام بە شێوەی “نافەرمییانه” لە تەمەنی کەمدا لە هاوسەرەکانی خۆیان مارە کراون. لە ڕاستیدا بۆم دەرکەوت منداڵ‌هاوسەری یەکێک لە ئەنجامەکانی نەریتێکە بە ناوی بڕیاری مەحرەمێتی کە لە ناو هەندێ لە بنەماڵە ئێرانییەکاندا باوه. چاودێریی ڕفتاری سێکسیی منداڵان و ڕێگری لە کەوتنە گوناحیان، نەهێشتنی زەختی کۆمەڵایەتی و کەلتووری پەیوەست بە هاموشۆی نێوان کچان و کوڕان کە لە شوێنە بچووکەکاندا تۆخترتره، ترس لە بە قەیرەیی مانەوەی کچان لە تەمەنی سەرتر و ئاسانبوونی پەیوەندییەکانی کچ و کوڕ، گرنگترین فاکتەرن کە زۆر جار دەبنە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکان لە سەرەتاکانی تەمەنی باڵقبوونەوە و تەنانەت هەندێ جار لە تەمەنی بەر لە پێگەیشتن و باڵقبوون، کچان و کوڕانی خۆیان سیغە بکەن.

یەکەمین لێکەوتەی لێک سیغەکردنی منداڵان ئەوەی کە کچان و کوڕانی لێک سیغەکراو کە هێشتا بە تەواوەتی خۆیان ناناسن و لە هاوسەرگیری و ئەرکی هاوسەرێتی و پێوەرەکانی هاوسەربژێری باش تێناگەن، لە مافی هەڵبژاردنی هاوسەر لە تەمەنی گەورەساڵی بێبەش دەبن. هەروەها ئەگەرچی نەبوونی پەیوەندیی سێکسی یان لانیکەم نەبوونی پەیوەندیی سێکسیی تەواو لە مەرجە نەنووسراوەکانی بڕیاری (سیغه) مەحرەمێتییه، ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەو منداڵانەی کە لە ڕێگەی سیغەوە دەبنە مەحرەمی یەکتر، بە پێی هەلومەرجی تەمەنی باڵقبوونی، پەیوەندیی سێکسی ساز دەکەن. پەیوەندیی سێکسی لەم چەشنە هاوسەرگیرییانەدا زۆر جار خەسارەتی جیدی بەتایبەت بۆ کچانی لێ دەکەوێتەوه؛ چوونکە یەکەم لەبەر ئەوەی لە تەمەنی زۆر کەمدا ڕوو دەدا و دووهەم بە هۆی نافەرمیبوون و تۆمارنەکرانی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییه، هاوسەرەکان لە ڕاهێنانی لانیکەم و سنوورداری ناوەندە تەندروستیییەکانیش بێبەش دەبن.

دووگیانبوونی نەخوازراو و پێشوەختە و لە باربردنی کۆرپەلە لە زیانە گرنگ و بینراوەکانی ئەم شێوازی هاوسەرگیرییەیه. هەروەها لە هەندێ حاڵەتی دیکەدا، بڕیارە مەحرەمێتییەکان جیابوونەوەیان لێ دەبێتەوە کە لەم حاڵەتەدا لێکەوتەی جیدیتری وەکوو لە دەستدانی هەلی هاوسەربژێری لە داهاتوو و منداڵبێوەیی بەتایبەت ئاوقانی کچان دەبێت. جیا لەم زیانانه، بۆشایی یاسایی جیدی لە بواری بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی و کەمتەرخەمی ناوەندە بەرپرسەکان لە بواری یاسادانان، کەلتووسازی و ڕاهێنان، ئەنگێزە سەرەکییەکانی من بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە بوون. ئومێد دەکەم ئەم ئەنجامانە و ڕێکارەکانی ئەم لێکۆڵینەوه، ببێتە پێشەکییەک بۆ لێکۆڵینەوەی زێدەتر و هەڵکشاندنی ئاستی هەستیاری و داخوازێتی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها دامەزراوە سەرپەرشتیارەکان بەتایبەت یاسادانەران سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەم بواره.

هەواڵێکی زۆر خۆش ئەوەی کە ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە زۆرێک لە وڵاتان بۆ وێنە ئێران ڕووی لە کەمبوونەوەیه. سەرەڕای ئەمە، هێشتا بۆ هەڵکشاندنی تەمەنی هاوسەرگیری، دابەزاندنی ڕێژەی منداڵهاوسەری و کەمکردنەوەی خەسارەتە داوێنگیرەکانی منداڵان و ژنان دەبێ داپەڕی زیاتر ئەنجام بدرێت. من و دیکەی توێژەرە هاوبیرەکانم دەستی هاوکاریی خۆمان بەرەو لای دەوڵەت درێژ دەکەینەوە و ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی هەوڵی نیشتمانی لە پێناو وشیاری لە بارەی هاوسەرگیریی پێشوەختە، منداڵهاوسەری، منداڵ‎بێوەیی، مافەکانی منداڵان و … دیاری بکەین.

پێویستە ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە و لەم ماوەدا پشتیوانیان لێکردم، دەستخۆشی خۆم ئاراستە بکەم. سپاسی شەفەق ڕەحمانی و دیکەی ئەندامانی بنەماڵەکەم دەکەم کە هیچکات پشتیوانی خۆیان لە من درێغ نەکرد و لە هەموو قۆناغە دژوارەکانی ئەم کارەدا لەگەڵم بوون و هەروەها سەری ڕێز نەوی دەکەم بۆ ئەو دۆست و هاوڕێ نزیکانەی کە لەم پرۆسە توێژینەوەییەدا هانیان دام.

سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کۆ بوونەوە و گێڕانەوەکانی ئەم کارەیان کۆ کردەوە و ئینجا شرۆڤەیان کرد بۆ ئەوەی ڕاپۆڕتێکی گشتگیر وەدەست بهێنرێت، سپاسی تایبەتیم هەیە بۆ یاریدەدەران و هاوکارەکانم، خاتوو عائیشە شیلان عەلی یار و بەڕێز محەمەد (جەماڵ) حسێنی کە لە قۆناغەکانی توێژینەوەدا لەگەڵم بوون و لە کۆکردنەوەی بابەت و سەرچاوە و شیکارییەکاندا یارمەتییان دام و بۆ پێداچوونەوە و هاوکاریی وردتری ئەم بەرهەمە سپاسی خاتوو زێنەبی پزیشکیان دەکەم. هەروەها ئەو کەسانەی کە پێیان خۆش نەبوو کە لەم بەرهەمەدا ناویان بهێنرێ، بۆ هاوکاری و پیاوەتییان بۆ جێبەجێکردنی ئەم توێژینەوە سپاسیان دەکەم.

زۆر کەس و ناوەند بۆ تەواوکردنی ئەم توێژینەوە هاوکارییان نواند. ئەم توێژینەوە بەتایبەت بەشە مەیدانییەکەی، تەنیا بە لێکۆڵینەوەی وەدۆزینەوه، ڕاهێنانی مەیدانی، پشتیوانی و هاریکاری ئەوان هاتە دی. لەم بوارەدا، سپاسی ئەندامانی تیمە مەیدانییەکەم بە سەرپەرشتیاری خاتوونەکان فەریبا ئەڵماسی و عائیشە عەلی یار و دیکەی ئەندامانی تیمی مەیدانی و شیکاریی حەکیمە پاشازاده، موسلیم نازمی، فەتانە سادقی موقەدەم، ژیلا سادقی، سەباح وەتەنی و ڤیدا زەفەری دەکەم. دەستی ماندووبوونی بەڕێز ئەیووب محەمەدپوور بۆ دیزاینی ڕووبەرگ و بەڕێز محەمەد (جەماڵ) حسێنی دەگووشم کە لە ئامادە کردنی پوختە و ئەنجامدانی شیکاریی چەندایەتی یارمەتی دام.

خۆم بە قەرزداری پشتیوانی، میوانگری، ڕا و بۆچوونی هزرمەندانە و پێشنیارەکانی ئەم بەڕێزانە و هاوکارەکانم لە هەر سێ شاری کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان دەزانم: لە پارێزگای تاران خاتوو دکتۆر مەعسوومە مەعاف‎وەند بۆ ڕاوێژ و یارمەتیدانم لە ڕێکخستنی پرسیارەکان؛ لە پارێزگای ئیسفەهان خاتوو گۆلیتا حسێن پوور و خاتوو جەمیلە هاشمیان؛ لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بەڕێز سپێهری ئێستیری، ناوەندی “ژنانی مافناسی سورا” بەتایبەت خاتوو مەرزییە موحێبی و ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی.

هەروەها بۆ پشتیوانی کردنم لە ڕوونوێنی ئەم لێکۆڵینەوە ئەوپەڕی دەستخۆشی لە “ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان” دەکەم.

سپاسی جڤاکی زانایانی ئایینی، دامەزراوە ئایینییەکان و دیکەی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم کە لەم توێژینەوەدا هاوکارییان نواند. بەتایبەتی سپاسی وەزارەتخانەکان و نوێنەران بۆ وێنە کەسانی بەرپرس لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکان، ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور دەکەم؛ چوونکە بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە ئێمەیان لە زانست و زانیارییەکانی خۆیان بێبەش نەکرد. بەو هیوایەی کە بە زانستێکی تەواوتر و گشتگیرتر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە سەر تەوەری بڕیاری مەحرەمێتی و هاوکات هاوسەرگیریی کاتی ڕێنوێنی دەوڵەت بکەین و گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی ئەم بابەتە گرنگەیان وەبیر بهێنینەوه.

کامیل ئەحمەدی

هەشتی مانگی ڕەشەمەی 1396ـی هەتاوی

kameelahmady.com

پوخته

لە یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران و فیقهی شێعەی ئیمامییه، هاوسەرگیریی هەمیشەیی و کاتی، تاکە ڕێگەی یاسایی و شەرعی پەیوەندیی سێکسیی ژن و پیاوه. بەڵام بە پێچەوانەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، هاوسەرگیریی کاتی لە کەلتووری ئێرانی و نۆڕمە قبووڵکراوەکاندا پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێ و هەمیشە دژبەر و لایەنگری خۆی هەیه. لایەنگران، هاوسەرگیریی کاتی بە هۆکاری ڕێگری لە داوێنپیسی و داڕمانی ئەخلاقیی کۆمەڵگا دەزانن؛ لە حاڵێکدا دژبەران، هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگەیەک بۆ هەوەسبازی و ڕابواردنخوازی پیاوان و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان دەزانن. لە لایەکی تریشەوە بەشی ئایین‌پەروەر و نەریتخوازی کۆمەڵگای ئێران، لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی نیکاحی کاتی قبووڵ کردووە و پێی پابەنده. بە ئاوڕدانەوە لە ئاڵۆزێتی یاسایی و ئایینیی ئەم دوو دیاردە و تاوتوێنەکرانی هۆکار و لێکەوتە ئاشکرا و شاراوەکانی، وێنەیەکی گشتگیر و ڕوونمان سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی لەبەر دەستدا نییه. هەروەها ئەم دیاردە بۆ ڕێکخراوە کارگێڕییەکان و یاسادانەرانی وڵات نەبۆتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی. یاسا سەبارەت بە بڕیاری مەحرەمێتی کە ڕێخۆشکەری هاوسەرگیریی پێشوەختەیە و لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و دەروونیی بەربڵاوی بەتایبەت بۆ ژنان بە دواوەیه، بێدەنگی هەڵبژاردوە و چاودێری بە سەردا ناکات. ئەو لێکۆڵینەوانەشی کە هەتا ئێستا ئەنجام دراون، زیاتر داکۆکیکردن لە سەر هاوسەرگیریی کاتی بووە و هیچیان بە شێوەی هەمەگیر ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییەیان تاوتوێ نەکردووه. لەم توێژینەوەدا بۆ یەکەم جار، بنەما مێژوویی، ئایینی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی تاوتوێ کراوه. هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە ئاراستەی چۆنایەتی و چەندایەتی و بە کارهێنانی شێوازی زەمینەدۆزی، ئەم دیاردە بە شێوەی گشتگیر لە سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان لە ساڵی 1395 – 13996ـی هەتاوی خوێندنەوەی بۆ کراوه. ئەنجامەکانی توێژینەوە ئەوە پیشان دەدا کە دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، ڕابواردنخوازی و ئاسانبوونی هەلومەرجی منداڵ‌هاوسەری وای کردووە کە ئاسەواری وەکوو بەدناوی بەتایبەت بۆ ئافرەتان و بێچمگرتنی زەینییەتی نەرێنی لە ناو پیاوان سەبارەت بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی دروست ببێت. لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە دیوە ئاشکرا و شاراوەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە بێ ڕوانگەی لاگرانە و بە شێوەی زانستی تاوتوێ بکرێ بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی ڕوون و ورد سەبارەت بەم دیاردە کۆمەڵایەتییە دروست ببێ و ڕیگە چارەی سەرەکی و واقیع‌بینانە بدرێ بە بەرپرسانی جێبەجێکار و یاسادانەر. هیوادارین بە پێی ئەم ڕیگەچارانه، بنیاتی هاوسەرگیریی کاتی لە ئێراندا لە سۆنگەی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە ڕێک بخرێ، بە جۆرێک کە مافەکانی ئافرەتان و منداڵانی تێدا پێشێل نەکرێ و هەروەها بنیاتی بنەماڵە و پێگەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بپارێزرێت.

وشە کلیلییەکان: هاوسەرگیریی کاتی، بڕیاری مەحرەمێتی، هاوسەرگیریی پێشوەختە، منداڵان، ژنان

پێشەکی

نووسەر لە توێژینەوەکانیدا هەوڵی داوە لە بواری خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵان و ژنان بە ئامانجی بەتواناکردن و خستنە ڕووی ڕێکاری کردەیی و یاسایی توێژینەوە ئەنجام بدا و ساڵانێکە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات خوێندنەوەی لە سەر دەکات. لە ناو دڵی توێژینەوەی خەتەنەی ئافرەتان لە ئێران کە بۆ یەکەم جار لە سەر ئاستی بەربڵاو ئەنجام درا، کێشەی کۆمەڵایەتیی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانم بۆ دەرکەوت کە ڕێخۆشکەری خەسارەتە جەستەیی و ڕۆحییەکان بەتایبەت بۆ کچانە و دەرهاویشتەی کۆمەڵایەتیی وەکوو منداڵ‎بێوەیی، دابەزینی ئاستی خوێندەواری، بەردەوامبوونی پرۆسەی هەژاری و پەرەسەندنی داوێنپیسی لێ دەکەوێتەوه. هەر بۆیه، توێژینەوەیەکی گشتگیرم سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختە لە سەر ئاستی هەوت پارێزگای وڵات ئەنجام دا. لە کاتی لێکۆڵینەوە لە سەر هاوسەرگیریی پێشوەختە، بۆم دەرکەوت کە نەریتێکی ئایینی بە ناوی بڕیاری مەحرەمێتی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی منداڵ‌هاوسەری و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێرانه.

بە گوێرەی مادەی 1075 و 1076ـی یاسای مەدەنیی کۆماری ئیسلامی ئێران، مەتعە یان هاوسەرگیریی کاتی، هاوسەرگیرییەکی بە ماوەی دیاریکراو و بڕی مارەیی دیاریکراوه. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە ئەوەیە کە یاسا لە زۆرێک لە پرسەکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی کاتی وەکوو نەفەقه، میرات و هەڵوەشانەوە بێدەنگی نواندووە و ئەم بۆشاییە یاساییە بارودۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە هاوسەرگیریی کاتیدا مافەکانی ژنان پێشێل بکڕیت. هەروەها هەندێ لە منداڵان لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی لێک مارە دەکرێن و لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی هەلومەرجی منداڵهاوسەری ئاسان دەبێتەوە کە گرینگترین دەرهاویشتەکەی وازهێنان لە خوێندن لە لایەن قوتابیان بەتایبەت قوتابیانی کچه. بۆشاییە یاساییەکان و دەستەبەربوونی زەمینەکانی ڕابواردنخوازی و کەڵکاوەژوویی دەڵاڵانی شاوەت وای کردووە بەرهەڵستکاران وەکوو “کڵاوی شەرعی” لە هاوسەرگیریی کاتی بڕوانن.

بەڵام لایەنگران، هاوسەرگیریی کاتی بە هۆکاری تەندروستیی کۆمەڵگا دەزانن. لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە دیاردەی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی بە بێ ڕوانگەی لاگرانە و لە گۆشە نیگای خەڵکناسی و بە ڕەچاو کردنی بنەمای بێلایەنانەی بەهایی، بە شێوەی گشتگیر و بە ئاراستەیەکی زانستی لە چوار بەش (بەشی یەکەم: گشتێتی توێژینەوه؛ بەشی دووهەم: تاوتوێی مێژوویی ئاینی و یاسایی کۆمەڵایەتی سیغە؛ بەشی سێیەم: ئەنجامە مەیدانییەکان و بەشی چوارەم: ئەنجامگرتن و خستنە ڕووی ڕێکارەکان) لێک بدرێتەوه. هەروەها هۆکار و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە ڕوانگەی زانستی ڕوون دەکرێتەوە و لە سەر بنەمای دەرهاویشتە یاسایی کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دیارده، هەندێ ڕێکار خراوەتە ڕوو. ناوەندە کارگێڕی و یاسادانەرەکان دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لەم ڕێکارانه، بونیادی هاوسەرگیریی کاتی ڕێک بخەن.

بەشی یەکەم:

گشتێتی توێژینەوه

پێشەکی

ڕفتارە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی خواست و ئەنگێزە مرۆییەکان بەرهەم دێن کە لە سەر بنەمای کەلتوور یان شێواز و ستایلی ژیان ئاراستە دەکرێن. پەیوەندییە سێکسییەکانی ژن و پیاو ئارەزوویەکی سرووشتیی مرۆییە و بە پێی پێویستییەکانی هەر کەلتوورێک، ئەم ئارەزووە بە شێوەی جۆراوجۆر و لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا تێر دەکرێت. لە کەلتووری ئێرانی، پەیوەندیی ژن و مێرد بە هەر دوو شێوەی هاوسەرگیریی فەرمیی هەمیشەیی و هاوسەرگیریی کاتی ڕەوایە و بێچمەکانی دیکەی پەیوەندیی دۆستایەتی، هاوماڵی یان پێکەوەبوون ناشەرعییە و وەکوو پەیوەندیی ناعوڕفی، نەشیاو و ناشەرعی لێی دەڕوانرێت. کەلتووری ئێرانیش لە سەر بنەمای ڕێوڕەسمە نەریتی و ئاینییەکانی خۆی وەکوو دیکەی کۆمەڵگاکان دەجووڵێتەوە و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ڕفتارە سێکسییەکانی مرۆڤەکان ڕێک دەخات. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەندێ لە دابونەریتە کەلتوورییەکانی وەکوو هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی کە لە بنەماڵە نەریتییەکاندا بە مەبەستی ئاشنابوون لە قۆناغی دۆستایەتی، لێک مەحرەمکردنی کچان و کوڕان ئەنجام دەدرێ، پێویستیان بە پێداچوونەوە و یاساداربوونه؛ چوونکە ئەم پەیوەندییانە بە تۆمارنەکران و نایەکسانبوونەوه، ئاسەوار و دەرهاویشتەی وەکوو ئاسانبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە و پێشێلکرانی مافەکانی ژنان و کچانی لێ دەوەشێتەوه. لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە دیوە شاراوەکانی ئەم پەیوەندییانە بە بێ داوەرییکردنی بەهایی بە مەبەستی چاکسازی و نەهێشتنی کەمایەسییەکانی پیشان بدرێتەوه.

    1. ڕفتارە سێکسییەکان لە کەلتووری ڕۆژاوایی و ئیسلامیدا

ئارەزووی سێکسی یەکێک لە ئارەزووە سەرەکییەکانی مرۆڤە کە دەبێ بە دروستی و بە دوور لە کەمڕەوی و توندڕەوی تێر بکرێت. ئەگەر ئەم خواستە بە تەواوەتی سەرکوت بکرێ یان تێرکردنی بە لاڕێدا ببرێ و تووشی کێشە بێ، ئەوە کەسەکە لە حاڵەتی هاوسەنگی و گووران دەترازێ کە ئەمە لە ژیانیدا کۆمەڵێ کێشەی بۆ ساز دەکا و دەبێتە هۆی نەخۆشی ڕۆحی و دەروونی و تەنانەت جەستەیی. نۆڕمە سێکسییەکان لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەن و ئەم نۆڕمانە داکۆکی لە هەندێ کارکردی پەیوەندیی سێکسی دەکەن و هەندێکی دیکە ڕەت دەکەنەوە. ڕفتاری سێکسیی مرۆڤ هەمیشە مانادارە و ئەندامانی کۆمەڵگا لە ڕەوتی بە کۆمەڵایەتیبوونیاندا فێری ئەم نۆڕمانە دەبن. بەم پێیە ڕفتارە سێکسییە قبووڵکراوەکان لە کەلتوورێکدا لەگەڵ ڕفتارە سێکسییە قبووڵکراوەکانی کەلتوورێکی دیکە فەرقی هەیە. و ئەمە ئەوە پیشان دەدا کە مرۆڤ لە کەلتووری خۆیدا فێری کاردانەوەی سێکسی دەبێت.

لە مێژووی دوو هەزار ساڵەی ڕۆژاوا، پاڕادایمگەلی جۆراوجۆر بە سەر کەلتووری سێکسیدا زاڵ بووه. کۆنترینیان گومانی ئایینیی / ئەخلاقییە کە لە وانەکانی ئایینی مەسیحییەوە سەرچاوەی گرتووە و لە بنەڕەتەوە لە سەر بناغەی بە تاوان‌زانینی دامرکاندنی ئارەزووی سێکسی لە دەرەوەی چوارچێوەی باو (هاوسەرگیری) و هەوڵ بۆ ڕەتکردنەوە یان کۆنتڕۆڵی توندی ئارەزووی سێکسی ڕەگی داکوتاوە. هەتا سەرهەڵدانی سەردەمی ڕۆشنگەری، واتە سەدەی هەژدەهەم، بەردەوام گومانی ئایینی – ئەخلاقی بە سەر پەیوەندییە سێکسییەکاندا باڵادەست بوو. بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەم بەم لاوه، لەگەڵ سەرهەڵدانی سەردەمی مۆدێڕن، عەشقی ئێحساسی وەک بێچمێکی مۆدێڕن و تاکخوازانەی ڕفتاری سێکسی وردە وردە بوو بە بەدیلی سەرچەشنی پێشمۆدێڕن.

بە پێی ئەم گهۆڕینە، هەندێ لە لێکۆڵەران، عەشق لە سەردەمی مۆدێڕندا بە بەرهەمی سکۆلاری ڕۆژاوا دەزانن. لەگەڵ ڕەوشە نەریتییەکان، زۆر ڕەوشی لیبرالتر لە پەیوەندیی لەگەڵ هۆگرییە سێکسییەکان بەدی هاتن کە بە شێوەی تایبەت لە دەیەی 60ـی زایینی بەهێز بوون. هەندێ لە خەڵک بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە ژێر کاریگەریی ئامۆژە مەسیحییەکان لە کەلتووری ڕۆژاواییدان، پێیان وایە پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری شیاو نییه، ئەگەرچی زۆر کەس باوەڕیان وایە کە چێژی سێکسی لایەنی باش و گرنگی ژیانه. لە بەرامبەردا هەندێ داکۆکی لە سەر پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری دەکەن و لە هەمبەر چالاکییە سێکسییە جیاوازەکان (ڕفتاری سێکسی لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیریی فەرمی و زک و زا) نەرمی‌نوێنن. لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕەوشە سێکسییەکان ئازادتر و کراوەتر بوون. لە فیلم و نواندنەکاندا دیمەنگەلێک پیشان دەدرێن کە پێشتر قبووڵنەکراو بوو و بابەتەکانی پۆڕنۆگڕافی بۆ زۆربەی گەورەساڵان کە خوازیارین زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێت

ئایینە یەکتاپەرستییەکان هەوڵیان داوە ئەم ئارەزووە سرووشتییە بەیاسایی بکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر، شوێنکەوتووانی خۆیان لە ترازان لەم ڕێکارانە قەدەغە دەکرد. لەم نێوانەدا، ئایینی ئیسلام سەرنجێکی تایبەتی پرژاندووەتە سەر خستنە ڕووی سەرچەشنی ڕفتارێکی سێکسی، و گرنگییەکی تایبەتی داوە بە ڕێگری، چاکسازی و چارەسەری نەشیاوییەکان، بە لاڕێداچوون و کێشە سێکسییەکان؛ چوونکە گەشە، پێشکەوتن، بەختەوەری و کەماڵی مرۆڤ، چاکسازی و پەروەردەی نەوه، درێژە دان و پاراستنی ڕەچەڵەک لە ڕێگەی دروست، درێژە دان و تۆکمە بوونی سیستەمی بنەماڵە و بە دوایدا پاکیی کۆمەڵگا، لە پارێزراوی و پاکبوونەوە لە جۆرەکانی ئەم بە لاڕێداچوونە و هەروەها نەبوونی ئەم کێشانەدا دەبینێت. مۆدێلی ئیسلامییانەی پاراستنی ڕفتاری سێکسی لە دوو ڕەهەندی پاکداوێنی و خۆپارێزی سێکسی و هاوسەرگیری (تێرکردنی شیاو و ڕەزامەندانەی ئارەزووی سێکسییەکان لە ڕێگەی هاوسەربژێری) پێک دێت. ئەم دوو ڕەهەنده، سنوورێکی بەربڵاو لە بنەما و بەرناوەکان لە درێژەی گۆڕانی مرۆیی لە کاتی لە دایکبوونەوە هەتا دواساتی ژیان (چاودێری، کۆنتڕۆڵ، ڕێنوێنی و پەروەردەی سێکسی، ئامادە کردن و ڕاهێنانی سێکسی لە کاتی هاوسەرگیری، ڕاهێنانی سێکسی و شێوازی هاوباخەڵی و چاکسازی و چارەسەری نەشیاوییە سێکسییەکان) لە خۆ دەگرێت.

ئایینی ئیسلام، تێرکردنی ئارەزووی سێکسی لە سیستەمی بنەماڵە و لە سای هاوسەرگیری، وەک بابەتێکی پەسندکراو دێنێتە هەژمار و داکۆکی لە سەر دەکا و ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدا کە ئارەزووی سێکسی خۆیان لە ڕێگەی تێکەڵبوون لەگەڵ هاوسەرەکانی خۆیان تێر بکەن. بە پێی پێناسەی کۆمەڵناسی، هاوسەرگیری کردەوەیەکە کە دەبێتە هۆی بەردەوامیی پەیوەندیی سێکسی نێوان دوو ڕەگەزی بەرامبەر. هاوسەرگیری و پێکهێنانی بنەماڵە لە حاڵەتێکدا بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتیی گشتی، کارکردی ئەرێنی هەیە کە لە کات و لە بارودۆخی گونجاودا ئەنجام بدرێ، دەنا لێکەوتە و خەسارەتی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی بێ‌ژوماری لێ دەکەوێتەوه.

2-1. هاوسەرگیری لە ئێران

هاوسەرگیری لە ئێران بە پێی ئایینی ئیسلام و بەها ئایینییەکانه. بە پێی یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرچاوەگرتوو لە فیقهە دوو چەشنی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و هاوسەرگیریی کاتی (سیغە یان کاتی)، شەرعی و یاساییه. لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، هەر دوو هاوسەرەکە بە بێ سنوورداریی زەمەنی و دیاریکردنی ماوەیەکی دیاریکراو، بە پێی ئایینی ئیسلام و یاساکانی ئێران پەیمانی ژن و مێردی دەبەستن؛ بەڵام لە بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی کە لە گوتاری ئیسلامی و کۆمەڵایەتیدا ڕا و بۆچوونی جیاوازی زۆر لە سەره، هاوسەرەکان بە پێی ئایینزای شێعە و مادەی 1075ـی یاسای مەدەنیی ئێران پێکەوە پەیمان دەبەستن کە ماوەیەک پێکەوە مەحرەم بن و یان پەیوەندیی سێکسییان هەبێت. پاش تێپەڕینی ماوەی دیاریکراو، هاوسەرگیرییەکە خۆ بە خۆ هەڵدەوەشێتەوە و پێویست بە تەڵاق ناکات.

لە ڕوانگەی کارناسانی ئایینییەوە بڕیاری مەحرەمێتی هەمان هاوسەرگیریی کاتییە کە لە نێوان کچان و کوڕان ئەنجام دەدرێ؛ و بە هۆکارگەلێکی وەکوو دەرفەتێک بۆ ئاشنابوونی بەر لە هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێ یان ئەوەی کە لەو شوێنانەی کە پێکەوەبوونی کچان و کوڕان زۆره، بە مەبەستی ڕێگری لە کەوتنەوەی گوناح، کۆنتڕۆڵی ڕفتاری سێکسی و کەمکردنەوەی زەختە کۆمەڵایەتییەکان لێکیان مارە دەکەن. بڕیاری مەحرەمێتی بە مەبەستی ئاشنایەتی، تا ڕادەیەک هاوشێوەی هەمان قۆناغی دەزگیراندارییە و لە نێو گەنجانی گەورەساڵی ژوور تەمەن 18 ساڵ باوە و دەتوانرێ لە لایەن دایک و باوکەکان خۆیان و گەورەکانی خزم و کەس و یان ئەوەی کە لە لایەن زانایەکی ئایینییەوە لێک مارە بکرێن؛ بە مەبەستی ڕێگری لە کەوتنەوەی تاوان لە شوێنە گشتییەکان، کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵ لە لایەن بنەماڵەکان و بە شێوەی نهێنی لێک مارە دەکرێن. بەم کاره، پەیوەندیی کچان و کوڕان لە بازنەی بڕیاری مەحرەمێتی لایەنی پەسندکراو دەگرێتە خۆی، بە بێ ئەوەی ئاسەواری یاسایی دیاریکراوی بۆ هەبێت. شایەنی ئاماژەیە کە بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە و پەیوەندیی سێکسی لە کاتی بڕیاری مەحرەمێتی لە ڕوانگەی شەرعییەوە ڕێگەپێدراوه.

بە ئاوڕدانەوە لە فاکتەرە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها دۆخی نالەباری ئابووری لە ئێران، مەودای نێوان باڵقبوونی سێکسی و هاوسەرگیری زیاتر بووه. بەم شێوه، لەو حاڵەتانەی کە هەلی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و بوونی ژن ناوومکینه، بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگە چارە خراوەتە ڕوو. ڕێگری لە گوناهـ و گەندەڵی، تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکان، وەدەستهێنانی زانیاری بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی، دەستخستنی ئاسوودەیی ڕۆحی و هزری و نەبوونی ئیمکانیاتی پێویست بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خستنە ڕووی ئەم ڕێگە چارەیه. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە پێگەی جۆراوجۆردا هەوڵی دا داکۆکی و بەرگری لە هاوسەرگیریی کاتی بکات. ناوبراو بۆ یەکەم جار لە خوتبەی نوێژی هەینی سێیەمی مانگی بەفرانباری ساڵی 1364ـی هەتاوی وەک ڕێکاری ڕێگری لە گەندەڵیی ئەخلاقی لە کۆمەڵگا ئاماژەی بە هاوسەرگیریی کاتی کرد و وتی: «حکوومەتێک کە داوای پاکداوێنی لە گەنجان دەکا، دەبێ هەلی پاکداوێنبوونیش بڕەخسێنێت.»

ڕەفسەنجانی وێڕای ئاماژە بەوەی کە هەندێ کەس لە ڕژێمی ڕابردوودا تووشی تاوان هاتوون، شیاوی ڕێنوومایین، وتی: «ئەگەر ڕێگرییان لە سیغە نەکردایە و بیانهێشتبا خەڵکی هەژار، هاوسەرگیریی کاتی بکەن، هیچ کەس تووشی زینا نەدەبوو. کەلتووری کۆمەڵگای پێشوو بە لاساییکردنەوەی ڕۆژاواییەکان زینای بە ڕێگەپێدراو دەزانی؛ بەڵام هاوسەرگیریی کاتی حەرام کردبوو.» هاشمی ڕەفسنجانی لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیویەتی: «… کۆمەڵگای ئێمە وەک حەقیقەتێکی پیرۆز هاوسەرگیریی هەمیشەیی قبووڵ کردووه؛ بەڵام وێنەیەکی ناشیرین و نەخوازراوی لە هاوسەرگیریی کاتی هەیه. من وتم ئافرەتانی بێ‌مێردیش بۆیان هەیە بە کاری بێنن و ژیانی یەک ساڵە و دوو ساڵە و پێنج ساڵە و کەمتر یان زیاتر پێک بێنن و ئەگەر ئەمە پەرەی نەسێنێ، کۆمەڵگاکەمان تێک دەشکێت. سەبارەت بە کچانی کەم تەمەنیش ئەم بابەتە دەبێ بە ڕەزامەندیی باوکیان بێ و هەروەها هاوسەرگیریی کاتی هەموو مەرجەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە خۆ گرتووە و دەبێ لە نووسینگەکاندا تۆمار بکرێ و ڕوون بکرێتەوه»

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

وێنەی 1. پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری لە ئێران و بێچمە جۆراوجۆرەکانی. سەرچاوه: هەواڵدەریی مهرخانە

بڕیاری مەحەرەمێتی لە کۆبوونەوە زانستی و زانکۆییەکان لە ڕوانگەی یاساییەوە تاوتوێ نەکراوه. چوونکە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە و پەیوەندیی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بە تەواوەتی بە شێوەی شاراوە و لە چوارچێوەی ئایینی ئەنجام دەدرێ و ئەو هاوسەرانەی کە لە ڕێگەی سیغەی مەحرەمێتی لێک مارە دەکرێن، لەم بابەتە ئاگادارن کە لە ئەگەری کۆتایی هاتنی ماوەی بڕیاری مەحرەمێتی لە هەر چەشنە پابەندێتی و بەرپرسایەتییەک بێبەریین. بڕیاری مەحرەمێتی بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئاشنایی و ناسینی زیاتری بەر لە هاوسەرگیری تا ڕادەیەک پاساودار و عەقڵانییه؛ بەڵام ئەم خاڵە دەبێ ڕەچاو بگیرێ کە لە ئەگەری نەبوونی لێکتێگەیشتن، ئەگەر بە هۆی زەختی بنەماڵە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی کۆتایی پێ بێ، لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی داڕمانی بنەماڵه. لە لایەکی تریشەوە لە کاتی بڕیاری مەحرەمێتی، پەیوەندیی سێکسی و دڕانی پەردەی کچێتی لە ئارادایە کە لە ئەگەری کۆتایی نەهاتن بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی دەبێتە هۆی خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و بەو پێیەی کە لە هیچ کوێ تۆماری یاسایی نەکراوه، ناتوانێ بۆ سەندنەی مافی تەواوی خۆی هیچ داپەڕێک ئەنجام بدات. بڕیاری مەحرەمێتی کە لە نێو منداڵان و مێرمنداڵان بە مەبەستی ڕێگری لە گوناهـ ئەنجام دەدرێ، لێکەوتەی جیاوازتری لێ دەکەوێتەوه. پەیوەندییەکانی نێوان کچان و کوڕانی مێرمنداڵ کە لە تەمەنی باڵقبووندان، زیاتری لایەنی سێکسی هەیه ئەوە لە حاڵێکدا کە هیچ چەشنە ئامادەییەکی هزری و ئابوورییان بۆ هاوسەرگیری نییه. پەیوەندیی هاوسەرێتی لە تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵی دەبێتە هۆی پەیوەندیی سێکسی و بە هۆی زەختە کۆمەڵایەتییەکان، بنەماڵەکان هەڵوەدای بە فەرمیکردنی هاوسەرگیریی هاوسەرەکانن و لە ئەگەری قبووڵکردنی هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە لایەن پیاو ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی ئاسانبوونی هاوسەرگیریی منداڵان کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لێکەوتەگەلی وەکوو وازهێنان لە خوێندن، خەسارەتی جەستەیی و سێکسی بەتایبەت بۆ کچان، خەسارەتی ڕۆحی و لە کۆتاییدا منداڵ‌بێوەیی لێ دەکەوێتەوه.[9] بەڵام لە ئەگەری کۆتایی هاتنی بڕیاری مەحرەمێتی و ڕێکنەکەوتنی پیاو بۆ گۆڕینی هاوسەرگیری کاتی بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، دەرکەوتەی جیدیتر دروست دەکا و منداڵ یان مێرمنداڵی کچ تووشی زیانی قەرەبوونەکراوی ڕۆحی دەبێت. لێکدانەوەی ڕەخنەیی هەندێ لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەو تابۆیانەن کە زۆر کەس لە بەر چەند هۆکاری جیاواز خۆ لە قەرەی نادەن، بەڵام کاتێک هەندێ لە داب و نەریتەکان بە هۆی پێویستیی زەمەنی و شوێنی دەبنە هۆی خەسارەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ تاک و کۆمەڵگا، دەبێ پێداچوونەوەیان پێدا بکرێ و لە ڕێگەی یاساوە چاودێری بکرێن.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

وێنەی 2. کاری مەیدانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بۆ توێژینەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە ئێران. وێنه: کامیل ئەحمەدی.

بەشی دووهەم:

چوارچێوەی تیۆریی هاوسەرگیریی کاتی

1-2. پێشینەی مێژوویی سیغه

لە ئێرانی کۆن هێماکانی هاوسەرگیریی کاتی بەدی دەکرێت. بە گوێرەی بەڵگەکان لە مادیانی هەزاردەستان، بۆمان دەردەکەوێ کە لە ئایینی زەردەشتدا، هاوسەرگیری بۆ ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراو و سنووردار ئەنجام دەدرا. لە مادیانی هەزاردەستان هاتووه: ئەگەر کچێک لە سەر ئیزنی باوکی ئەم گرێبەستە واژۆ بکا کە “من بۆ ماوەی دە ساڵ دەبمە هاوسەری تۆ” و ئەگەر بەر لە کۆتایی هاتنی دە ساڵەکە، باوک بمرێ، پێویستە بەر لە کۆتایی هاتنی دە ساڵەکە ئەمینێک (ستوور) ببێتە بەدیلی باوک. بەڵام لە کۆتایی دە ساڵەکەدا، چیتر ئەو کچە هاوسەری ئەو پیاوە نییە و ئایۆگین دەبێتە باوکی.

کەتایۆن مەزداپووریش لەم بارەوە دەڵێ کە ئەم بڕگە ئاماژە بە هاوسەرگیریی کاتی دەکا و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم کچە تاکە بەجێماوی باوک بێ و پێویستە ببێتە ئایۆگینی باوکی بۆ ئەوەی جێگرەوە بۆ باوکی دیاری بکات. کەواتە ئەم مادە پیشان دەدا کە هاوسەرگیری دەیتوانی بۆ وێنە بۆ ماوەی دە ساڵ ببەسترێ و لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی پەیوەندیی سێکسی کۆتایی پێ دەهات و پێویست بە تەڵاق نەبوو.

لە ناو عەرەبەکانی بەر لە پێغەمبەری ئیسلام، نەریتی هاوسەرگیریی کاتی یان هەمان سیغه، بابەتێکی ئاسایی بووه. مەتعە هاوسەرگیرییەکی باو بووە و بەتایبەت لە شاری مەکە بە هۆی هاتوچۆی مسافران (بۆ بازرگانی) باو بووه؛ بە جۆرێک کە تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە ژنان دەهاتنە مەکه.

چاوخشاندنێک بە مێژووی نەتەوەکانی دیکە پیشان دەدا کە مەتعە یان هاوسەرگیریی کاتیش هەر بەم ناوە یان ناوی هاوشێوە بوونی هەبووه. کەواتە سیغە بەر لە ئیسلام لە دابونەریتەکانی عەرەب بووە کە پاش دەرکەوتنی ئیسلامیش لە ناو هەندێ لە موسڵماناندا بەردەوام بووە و هەر بۆیە دەبێ لە چوارچێوەی ئایینیدا تاوتوێی بکەین.

2-2. لێکدانەوەی ئایینی و فیقهیی سیغه

لە ئیسلام لە ئەنجامی هاوسەرگیری، ژن بۆ پیاو و پیاو بۆ ژن حەڵاڵ دەبێ و گرێبەستی هاوسەرگیری دوو بەشە: هەمیشەیی (دائم) و کاتی (غیردائم) (هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی). هاوسەرگیریی هەمیشەیی ئەوەیە کە ماوەی هاوسەرگیری تێدا دیاری نەکراوە و هەمیشەییە و ژنێک کە بەم شێوە مارە کرابێ پێی دەڵێن هەمیشەیی (دائمه). و هاوسەرگیریی کاتی ئەوەیە کە ماوەی هاوسەرگیری تێدا دیاری بکرێ؛ بۆ وێنە ژن بۆ ماوەی کاتژمێرێک یان ڕۆژێک یا مانگ یان ساڵێک یان زیاتر مارە بکرێت؛ بەڵام دەبێ ماوەی هاوسەرگیری لە تەمەنی ژن و مێرد یان یەکیان زیاتر نەبێت کە لە ئەگەری ئەم حاڵەتەدا مارەییەکە هەڵدەوەشێتەوە و ژنێک کە بەم شێوازە مارە دەکرێ پێی دەڵێن “مەتعه” یان “سیغه”.

کەواتە هاوسەرگیریی کاتی یان بڕیاری مەحرەمێتی یان هاوسەرگیری ناهەمیشەیی کە لەم توێژینەوەدا بابەتی لێکدانەوەیه، یەکێک لە شێوازەکانی هاوسەرگیرییە کە فەقێیان ئەهلی شێعە داکۆکی لە سەر دەکەن؛ بەڵا لە ناو ئەهلی سوننەدا ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە لە ڕیزبەندی هاوسەرگیرییە ناشەرعییەکانە. هەر کام لە فەقێیانی ئەهلی شێعە و ئەهلی سوننە سەبارەت بە ناشەرعێتی و شەرعێتی مەتعە پشت بە بەڵگە قوڕئانییەکان، سونەت و گێڕانەوەکان دەبەستن.

1-2-2. ڕەواداری لە ڕوانگەی ئەهلی شێعەوه

وشەی مۆتێعه، ناوێک بۆ سوود بینین و چێژ بردنه؛ سوودێک کە هەمیشەیی نییە و زۆر زوو کۆتایی پێ دێت. مۆتێعە لە وشەدا، مارەییەکی تایبەتە کە بە هۆی ئەوەوە پەیوەندیی هاوسەرێتی هەتا ماوەیەکی دیاریکراو و لە هەمبەر بڕە مارەییەکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت.

فەقێکانی ئەهلی شێعە بە گوێرەی ئایەتی 24 سووڕەتی نیساء بۆ شەرعییەتدان بە هاوسەرگیریی کاتی بەڵگەی قوڕئانی دەهێننەوه: (…فَمَا اسْتَمْتَعْتُم بِە مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِیضۀً وَلاَ جُنَاحَ عَلَیْکُمْ فِیمَا تَرَاضیْتُم بِە مِن بَعْدِ الْفَرِیضۀِ … إِنَّ اللَّە کَانَ عَلِیمًا حَکِیمًا … و جا لەگەڵ هەر ئافرەتێک هاوسەریتان گرت ئەوە فەڕزە کە مارەییەکەیان بدەنێ و هیچ گوناهیش نییە لە سەرتان لە کەم کردنەوی ئەو مارەییە کە لە سەری ڕێکەوتبوون لە دوای دیاریکردنی بە ڕاستی خودا هەمیشە و بەردەوام دانا و زانایە … ) هەروەها بۆ شەرعییەتدان بە سیغە پشت بە گێڕانەوی ئیمامان و شوێنکەوتووان دەبەستن. لە ئیمام سادق (س.خ) دەگێڕنەوه: موستەحەبە کە پیاو سیغە بکا و بۆ پیاوەکانی ئێوه، پێم خۆش نییە بمرێ بە بێ ئەوەی لانیکەم جارێک سیغەی کردبێت.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

وێنەی 3. نوێژی بە جەماعەت لە حەرەمی ڕەزەوی. مەشهەد، وێنە له: کامیل ئەحمەدی

2-2-2. بایکۆتکردنی سیغە لە ڕوانگەی ئەهلی سوننەوه

ئەهلی سوننە باوەڕیان وایە کە بە گوێرەی ئایەتی تەڵاق و عەدە لە سووڕەتی تەڵاق، فەرمانی مەتعە و ئایەتی یەکەمی (نساء: 24) هەڵوەشێنراوەتەوه.

چوونکە ئەم ئایەتە دەفەرمووێ: یَا أَیُّهَا النَّبِیُّ إِذا طلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ وَأَحْصوا الْعِدَّهَ وَاتَّقُوا … واتە ئەی پێغەمبەر (بە ئوممەتت ڕابگەیەنه) کاتێک ژنانتان تەڵاق دەدەن لە کاتی دیاریکراویاندا تەڵاقیان بدەن (کە بریتییە لەو کاتەی کە ئافرەت لە عادەی مانگانە پاک بۆتەوه)، حسابی ئەو کاتەش بە وردی ڕابگرن، لە پەروەردگاریشتان بترسن … .) بە پێی ئەم ئایەته، جیابوونەوەی ژن و مێرد بە مەرجی تەڵاقە و پاش ئەوەش ڕاگرتنی عەدە پێویستە. چوونکە لە مەتعه، تەڵاق بوونی نییه، کەواتە ئەم ئایەتە دژی مەتعەیه. گرووپێکی دیکە لە ئەهلی سوننە بایکۆتی مەتعە دەخەنە پاڵ خەلیفەی دووهەم؛ لە خەلیفەی دووهەم هاتووه: من ئەم دووانەم (مەتعەی حەج و مەتعەی ژن)ـم لێ حەرام کردوون.

ئەوەی لە ڕوانگەی ئەهلی سوننەدا هاتووە ئەوەیە کە هاوسەرگیریی کاتی لە سەرەتاکانی ئیسلام و لە حاڵەتە تایبەتەکانی وەکوو جەنگ ڕێگەپێدراو بووه؛ بەڵام پێغەمبەر لە سەرەتای ئیسلامدا حەرام و ڕەتی کردۆتەوه. هەندێکی دیکەش بۆ ڕەتکردنەوە و حەرامکردنی پشت بە خەلیفەی دووهەم دەبەستن و ئەوە بە ڕێگە پێدراو نازانن. کەواتە هەڵوەشانەوەی بە پێی ئایەت و حەرامکردنی لە لایەن پێغمبەر و فەرمانی خەلیفەی دووهەم، بەڵگەکانی ئەهلی سوننە بۆ بە حەرامکردنی سیغەیه.

3-2. لێکدانەوەی یاسایی سیغه

لە ڕوانگەی یاساییەوە، نیکاح و ئاسەوارەکانی نیکاح جۆرێک ناوەندی یاسایی و کۆمەڵایەتییه. لە یاسای وڵاتانی بیانی ناوەندی یاسایی هاوسەرگیریی کاتی بوونی نییه. تەنانەت یاساکانی هەندێ لە وڵاتانی ئیسلامی وەکوو مادەی 55ـی یاسای (حقوق العائلە البنانی) جەخت لە سەر گەندەڵی سیغە دەکاتەوە. بەڵام یاساداڕێژی ئێرانی لە یاسای مەدەنی و یاسای پشتیوانی لە بنەماڵە پەسندکراوی 1391ـی هەتاوی بە کورتی باس لە ناوەندی یاسای نیکاحی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەکات.

1-3-2. بنەماکانی مەتعە

بنەماکانی مەتعە بریتییە لە مارە کردن (وشەی تایبەت)ـی مارە کردن، شوێن و لایەنەکانی مارە کردن (مێرد و ژن). ماوە و بڕی مارەیی. گرێبەستی مەتعە هاوشێوەی گرێبەستەکانی دیکە لەگەڵ “پێویستکردن و قبووڵکردن”ـە (ایجاب و قبول) کە ڕاشکاوانە دەلالەت لە سەر خواستی لایەنەکان دەکات. مادەی 1062ـی یاسای مەدەنیی ئێران دیاری کردووە “نیکاح ڕوو دەدا بە پێویستکردن و قبووڵکردن بەو وشانەی کە ڕاشکاوانە دەلالەت لە سەر هاوسەرگیری دەکات.” لە سیغە هاوشێوەی نیکاحی هەمیشەیی، پێویستکردن لە لایەن ئافرەتە و قبووڵکردن لە لایەن پیاوه. لە مەتعە ئەگەر ژن موسڵمان بێ، نیکاحی ئەو لەگەڵ پیاوی ناووسڵمان ڕێگە پێدراو نییه. مادەی 1059ـی یاسای مەدەنیی ئێران لەم بارەوە دەڵێ: “نیکاحی ئافرەتی موسڵمان لەگەڵ پیاوی ناووسڵمان ڕێگەپێدراو نییه.” ئەم فەرمانه، ڕەهایە و بۆ هەر کام لە هەر دوو چەشنی نیکاحی هەمیشەیی و کاتی پێویسته. یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی نیکاحی کاتی، ئاماژە بە ماوەیه. چوونکە مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی دەڵێ: “نیکاح کاتێک کاتییە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەنجام درابێت.” لە لایەکی تریشەوه، بە گوێرەی مادەی 1076ـی یاسای مەدەنی “ماوەی نیکاحی کاتی دەبێ بە تەواوەتی دیاریکراو بێت.” بەڵام ئەگەر ماوەی نیکاح ڕوون نەبێ، بە پێی فتوای ئایەتوڵا خومەینی لە (تحریرالوسیله)، هاوسەرگیریی کاتی دەبێتە هاوسەرگیریی هەمیشەیی.

هەڵبەت کۆمەڵێ فەقێی وەکوو شێخ مورتەزا ئەنساری لە “متاجر” و شەهید سانی لە “شرح لعمە و مسالک الافهام” لەو باوەڕەدان کە ئەگەر ماوە دیاری نەکرێ، نیکاحی کاتی سەر ناگرێ و نیکاح هەڵوەشاوەیه.

بە پێچەوانەی نیکاحی هەمیشەیی لە هاوسەرگیریی کاتیدا دیاریکردنی بڕی مارەیی مەرجی بنەڕەتی هاوسەرگیریی کاتییه. بە پێی مادەی 1095ـی یاسای مەدەنی لە نیکاحی کاتیدا بڕی مارەیی لە مارە کردن ڕوون نەبێ، ئەوە هەڵدەوەشێتەوه. هەروەها بە پێی مادەی 1097 ئەگەر دخوول (تێکەڵبوونی سێکسی) ئەنجام نەدرابێ و پیاوەکە لە ماوەی نیکاحەکە ببوورێ، دەبێ نیوەی مارەییەکە بدات.

2-3-2. ڕێساکانی مەتعه

لە بەشی ڕێساکانی مەتعە باس لە میرات، نەفەقه، هەڵوەشانەوەی مەتعە و عەدە دەکرێت. مادەی 1077ـی یاسای مەدەنی لەم بارەوە دەڵێ “لە نیکاحی کاتی، ڕیساکانی گرێدراو بە میراتگریی ژن و مارەیی هەر ئەوەیە وا سەبارەت بە میرات و لە بەشی داهاتوودا دیاری کراوه.” مادەی 940ـی یاسای مەدەنیش دەڵێ: “ئەو ژن و مێردانەی کە هاوسەرێتیان هەمیشەییە و بێبەش لە میرات نەبن، میراتیان لە یەکتر دەکەوێت.” کەواتە هەمیشەیی‌بوون، مەرجی میراتگرتنه. لەم مادەدا، یاسادانەر سەبارەت بە میراتگریی نیکاحی کاتی بێدەنگی هەڵبژاردووه؛ بەڵام بە پێی وتەیەکی بەناوبانگ و بێدەنگیی یاسادانەر، دەردەکەوێ کە میراتگری لە نیکاحی کاتی لە سۆنگەی یاسایی و شەرعییەوە هیچ پێگەیەکی نییه. هەروەها بە پێی مادەی 1113ـی یاسای مەدەنی لە هاوسەرگیریی کاتی، ژن مافی نەفەقەی نییه؛ مەگەر ئەوەی کە مەرج کرا بێ یان مارەبڕینەکە بە پێی ئەو بێت.

سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی مەتعە دەتوانین ئاماژە بە حاڵەتگەلی وەکوو هەڵوەشانەوه، بەخشینی ماوە و مردن بکەین:

ئەلف) هەڵوەشانەوەی نیکاح: یاسای مەدەنی لە مادەی 1152 دیاری کردووە “عەدەی هەڵوشاندنەوەی نیکاح، بەخشینی ماوە و بەسەرچوونی بۆ نیکاحی کاتی لە نادووگیاندا دوو جار پاکبوونەوەیه (دوو جار کەوتنە سووڕی مانگانە)؛ مەگەر ئەوەی کە ژن بە هۆی تەمەنیەوە سووڕی مانگانەی نەبێ کە لەم حاڵەتەدا چل و پێنج ڕۆژه.” ئەم مادە هەڵوەشانەوەی نیکاحی کاتی پشتڕاست دەکاتەوه. لە حاڵەتێکدا کە درێژەدان بە نیکاحی کاتی زیان بە بنیاتی بنەماڵەی پیاو بگەیێنێ و بۆ ژن ببێتە هۆی دەستەنگی لە ماڵگرتندا، ئەوە یاسادانەر لە سەر هەڵوەشاندنەوەی نیکاح و بەخشینی ماوەی مەتعە و بەسەرچوواندنەوەی ڕێک کەوتووه.

ب) بەسەرچوونی ماوه: لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی مەتعه، ژن و مێردەکان لێک بێبەری دەبن و نیکاح خۆ بە خۆ هەڵدەوەشێتەوه. لەم حاڵەتەدا ئەگەر ژن و مێردەکان بیانهەوێ درێژە بە پەیوەندییە ژن و مێردییەکەیان بدەن، دەبێ بە بەستنی نیکاحی هەمیشەیی یان کاتی، دیسان پەیوەندیی ژن و مێردییەکەیان ساز بکەنەوه.

پ) بەخشینی ماوه: پیاو هەر کاتێ بیهەوێ بۆی هەیە بە بەخشینی درێژەی ماوە کۆتایی بە پەیوەندیی هاوسەرێتی بێنێ کە لەم حاڵەتەدا نیکاحی کاتی هەڵدەوەشێتەوه.

د) مردن: مردنی یەکێک لە هاوسەرەکان خۆ بە خۆ کۆتایی بە پەیوەندیی هاوسەرێتی ژن و مێردەکان دێنێ (مادەی 1139). مادەی 1152 یاسای مەدەنی دیاری کردووە “عەدەی هەڵوشاندنەوەی نیکاح، بەخشینی ماوە و بەسەرچوونی نیکاحی کاتی لە نادووگیاندا، دوو جار پاکبوونەوەیه؛ مەگەر ئەوەی کە ژن بە هۆی تەمەنیەوە سووڕی مانگانەی نەبێ کە لەم حاڵەتەدا چل و پێنج ڕۆژه.” واتە کاتێک کە بە هەڵوەشانەوە یان بەسەرچوونی ماوە یان بەخشینی ماوه، نیکاحی کاتی کۆتایی پێ هات، ژن دەبێ عەدە ڕابگرێ و پاش کۆتایی هاتنی عەدە بۆی هەیە دیسان هاوسەرگیری بکاتەوه.

بۆ ئافرەتی نادووگیان ڕادەی عەدە، دوو جار پاکبوونەوەیە (تێپەڕاندنی دوو دانە سووڕی مانگانه). ئەگەر ژن لە تەمەنێکدا بێ کە سووڕی مانگانەی نەبێ، دەبێ هەتا چل و پێنج ڕۆژ ڕاوەستێ. بەڵام لە حاڵەتێکدا کە ژن دووگیان بێ، بە پێی مادەی 1153ـی یاسای مەدەنی دەبێ هەتا کاتی منداڵبوونەکەی ڕاەوستێ: “عەدەی تەڵاق و هەڵوەشاندنەوەی نیکاح و بەخشینی ماوە و بەسەرچوواندنی بۆ ژنی دووگیان هەتا کاتی منداڵخستنەوەیه.” هەروەها بە گوێرەی مادەی 1154 عەدەی مردنی پیاو لە هاوسەرگیریی کاتیدا هاوشێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەییه: “عەدەی مردن چە لە هەمیشەیی و چ لە کاتیدا، لە هەر حاڵەتێکدا چوار مانگ و دە ڕۆژه؛ مەگەر ئەوەی ژن دووگیان بێ کە لەم حاڵەتدا عەدەی مردن هەتا کاتی خستنەوەی منداڵه، بەو مەرجەی مەودای نێوان مردنی مێرد و خستنەوەی منداڵ لە چوار مانگ و دە ڕۆژ زیاتر بێ ئەگینا ماوەی عەدە هەمان چوار مانگ و دە ڕۆژه.” سەبارەت بە تۆمارکردنی سیغە بە کورتی، مادەی 21ـی یاسای پشتیوانی لە بنەماڵە دەڵێ: “سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاراستەی تەوەرێتی و تۆکمەیی پەیوەندییەکانی بنەماڵه، پشتیوانی لە نیکاحی هەمیشەیی کە لە سەر بنەمای پێکهێنانی بنەماڵەیه، دەکات. نیکاحی کاتیش بە پێی ڕێسا شەرعییەکان و یاساکانی مەدەنییە و تۆمارکردنی لەم حاڵەتانەدا پێویسته: 1. دووگیانبوونی ژن؛ 2. ڕێککەوتنی لایەنەکان.”

3-3-2. تەمەنی کچ و ئیزنی سەرپەرشت لە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی

تەمەنی نیکاح بۆ کچ لە هاوسەرگیریی کاتیدا هاوشێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، 13 ساڵانه. مادەی 1041ـی یاسایی مەدەنی دەڵێ: “مارەکردنی کچ، بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵانی تەواوی هەتاوی و کوڕ، بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵانی تەواوی هەتاوی، پەیوەستە بە ئیزنی سەرپەرشت بە مەرجی مەسڵەحەت بە پێی لێکدانەوەی دادگای شیاو” ( پەسندکراوی 27/9/1379). بەڵام زۆرێک لە ناوەندە مافە مرۆییەکان و چالاکڤانانی یاسایی و کۆمەڵایەتی بە شێوەی جیدی ڕەخنەیان لەم لانیکەمی تەمەنە گرتووه؛ چوونکە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی دیاردەی منداڵهاوسەری. بە پێی یاسا لە نیکاحی کچی پاکیزە چ هاوسەرگیریی کاتی و چ هاوسەرگیریی هەمیشەیی، ئیزنی باوک یان باپیر (باوکی باوک) پێویسته. لە ئەگەری ئیزننەدانی ناپاساوانەی باوک، ئامادە نەبوونی باوک لە شوێن و ناوومکین بوونی ئیزندان، کچ دەتوانێ بە ناساندنی پیاوی دڵخواز و مەرجەکانی نیکاح، داوای ئیزنی هاوسەرگیری لە دادگای مەدەنیی تایبەت بکات (مادەکانی 1043 و 1044). لە بارەی تەمەنی بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی هیچ چەشنە زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییه. بەو پێیەی کە لە ڕێوڕەسمە نهێنی و خێزانییەکاندا بە بێ تۆمارکردنی یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی ئەنجام دەدرێ، زۆر حاڵەتی بێ‌ژومار بینراوە کە تەنانەت ژێر تەمەنی سێزدە ساڵانیش هاوسەرگیری کراوە و ئەمە بە هۆی لاوازیی یاسا لە تۆمارکردن، چاودێری و دیاریکردنی وردی تەمەن لە بێچمە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییەکانی هاوسەرێتییە.

4-2. ڕوونکردنەوەی کۆمەڵایەتیی مەتعه

بە پێی ڕا و بۆچوونی زۆرێک لە کۆمەڵناسان وەکوو نوێسازی، ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، هەڵبژاردنی عەقڵانی، عەشقی مەلەوەر و فیمینیزم دەتوانین هاوسەرگیریی کاتی ڕوون بکەینەوه. مەک دۆناڵد لە تیۆریی نوێسازیی دووبارەبیرکردنەوانەی خۆی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەگەرچی نوێسازی، ئازادی و سەربەخۆییەکی زێدەتری بۆ تاکەکان بە دیاری هێناوه؛ بەڵام بۆتە هۆی ئەوەی ئاستی متمانەیان بە داهاتوو کەم ببێتەوه. کەواتە هەتا ئەو کاتەی تاکەکان پیشەی هەمیشەیی و سەقامگیر و توانای لە ئەستۆگرتنی بەرپرسایەتییەکانی بنەماڵەیان نەبێ، هاوسەرگیری ناکەن و بنەماڵە پێک ناهێنن و بۆ چارەسەری خواستەکانی خۆیان ڕێکارگەلی وەکوو هاوسەرگیریی کاتی یان هاوسەرگیریی سپی دەگرنە بەر. بە پێی تیۆریی زنجیرە خواستەکانی مازلۆ، بەو پێیەی کە لە هاوسەرگیریی کاتی و سیغەدا، خواستە بنەڕەتییەکانی وەکوو خواستی سۆزداری و ئارەزووی سێکسی چارەسەر دەبێ، ڕووی لێ دەکەن.

ئانتۆنی گیدنێز باس لەو گۆڕانکارییانە دەکا کە لە بواری سەرچەشنی پەیوەندییە سێکسییەکان لە درێژەی دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم بێچمی گرتووه. بە پێی ئەم پۆلێنبەندییه، لە سەدەی بیستەم سەرچەشنێکی نوێ بە ناوی “عەشقی مەلەوەر” لە نێوان ژن و مێرد دروست بوو کە تێیدا پەیوەندییەکان دۆستانه، کورتخایەن و ئازادانە بوو. دەتوانین تایبەتمەندییە کورتخایەن و ئازادبوونەکەی لە هاوسەرگیریی کاتیدا بەدی بکەین. ئەوەی گیدنێز لە ژێر ناوی قۆناغی سێیەم لە سەرچەشنی پەیوەندییەکان ژن و پیاو دەیناسێنێ، سیگمۆند باومەن لە بەرهەمێکدا لە ژێر ناوی عەشقی مەلەوەر (2003) خوێندنەوەی لە سەر کردووه. باومەن پێی وایە کە لە بارودۆخی مەلەوەری ژیانی مۆدێڕن، باوترین، ئەستەمترین، هەستیارترین و کێشەسازترین نموونەی نایەکسانی و فرەچەشنیی پەیوەندییەکان هەمان (پەیوەندییەکانی گیرفانی بڵووز)ە کە دەتوانرێ لە کاتی پێویستدا بگەشێنرێتەوە و پاش هاوسەرگیری و چارەسەرکردنی بە تەواوەتی لە گیرفاندا بشاردرێتەوه. هاوسەرگیریی کاتی لە ئەگەری حاڵەتی فرەپەیوەندی دەتوانێ نموونەیەک لەم پەیوەندییانە بێت. هەروەها نیگەرانی فیمینیزم پیشاندانەوەی پێگەی ژنان لە بەستێنی گشتی و بەستێنی تایبەتی و هەروەها هەوڵ لە پێناو یەکسانیی ژن و پیاو لەم بەستێنانەدایه، هەندێ لە فیمینیستان باڵادەستیی پیاوان بە سەر ژنان لە بنەماڵەدا بە هۆکاری بندەستبوونی ئافرەتان دەزانن.

کەواتە یەکێ لە باسە گرنگەکان لە باسی تیۆرییە فیمینیستییەکان هاوسەرگیری و پێگەی ئەو لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی ئەم ئاراستەیه. فیمینیزمی لیبڕاڵ، خوازیاری یەکسانیی تەواوی ژن و پیاو و سوودمەندبوونی ژنان لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانه. فیمینیستە ڕادیکاڵ / شۆڕشییەکان لەو باوەڕەدان کە نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکان بەرهەمی سیستەمێکی دەسەڵاتدار و پیاوسالارە و گرنگترین بێچمی نایەکسانیی کۆمەڵایەتییه. بە پێی ئەو یاسایانەی کە لە ئێران بە سەر هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتیدا زاڵه، نایەکسانییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی زۆر زیاتر لە هاوسەرگیریی هەمیشەییە و مافەکانی ژنان لە مژارەکانی نەفەقە، میرات، هەڵوەشاندنەوەدا پێشێل دەکرێت. هەروەها باڵادەستیی دارایی و یاسایی بە قازانجی پیاوانە و هەر لەبەر ئەوەش چالاکڤانانی مافەکانی ژنان لە ئێران بە توندی دژی بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی دەوەستنەوه.

هەڵبەت هەندێ لە فیمینیستە پۆست‌مۆدێڕنەکان جەوهەری هاوسەرگیری بە هۆکاری بندەستی نازانن، بەڵکوو جۆری پێناسەی ژن و پیاو و کلێشە ڕەگەزێتییەکان بە هۆکاری دروستبوونی پەیوەندیی نایەکسان لە مژارگەلی وەکوو هاوسەرگیری (هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی) دەزانن. ئەوان پێناسە کردنەوەی ژن و پیاو بە بێ ڕوانگەی کلێشەیی ڕەگەزێتی و لێکچوونی مافەکانی ژنان و پیاوان بە فاکتەرێک بۆ لە ناوبردنی نایەکسانی لە بەستێنە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان دەزانن.

بەشی سێیەم:

ئەنجامە مەیدانییەکانی توێژینەوه

ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەخوازی و ئاراستەی شێوازناسیی چۆنایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی تیۆریی زەمینەیی لە سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوە بە سوودوەرگرتن لە تەکنیکی دیمانەی نیوە پێکهاتوو و قووڵ (GT) کۆ کراوەتەوه. بە هۆی هەستیاریی کەلتووری و ئایینیی بابەتی لێکۆڵینەوە و دژواریی دەستگەیشتن بە نموونەکان، شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار بە کار هێنرا. دڵنیابوونی تیۆریک پاش ئەنجام دانی 100 لێدوان وەدەست هات و بۆ متمانەی زێدەتر، دیمانەی زیاتر ئەنجام درا. پاش ئەنجامدانی دیمانە لەگەڵ 216 کەس، لە دڵنیابوونی تیۆریی گشتگیری توێژینەوە ڕازی بووین. هەڵبەت لێرەدا چاودێری و ڕێنوێنی پسپۆڕانی شێوازی چۆنایەتیشمان بە کار هێنا. لە کۆی 216 کەس توێژینەوە لە سەر کراو، 35 لە سەد پیاو و 65 لە سەد ئافرەت بوون. هەروەها بە مەبەستی دەوڵەمەندتر کردنی توێژینەوه، کارناسانی ئایینی و فەقێکان، کارناسانی یاسایی و پارێزەران و نووسینگەی تۆمارکردنی هاوسەرگیری و تڵاقیشمان دواند.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Capture.PNG

وێنەی 2. کارە مەیدانییەکان لە لێکۆڵینەوەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی لە مەشهەد

2-3. ئەنجامە مەیدانییەکان

بەو پێیەی کە پەیوەندییەکانی ژن و مێرد لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بە پێی نۆڕمە ئایینی و یاساییەکانه، لە ئێرانیش ئەم پەیوەندییانە بەم پێیە لە چوارچێوەی مەحرەم و ناوەحرەم بە یاسایی کراوه. لە بنەماڵە نەریتی / ئایینییەکاندا پەیوەندییەکان بە پێی ئەو نۆڕمانەیە کە لەوانەیە یاسا سەبارەت بە هەندێ لەم نۆڕمانە بێدەنگی نواندبێت.

یەکێک لەو نۆڕمە ئایینییانەی کە باسی لێ ناکرێ و زیاتر بە شێوەی نهێنی لە نێوان کچان و کوڕانی مێرمنداڵ بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی ڕفتاری سێکسی و یان گەنجانی ژوور تەمەنی 18 ساڵ بۆ ئاشنابوونی بەر لە هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێ، “بڕیاری مەحرەمێتییه”. دیمانە لەگەڵ زانایانی ئایینی، بەتایبەت لە حەرەمی ڕەزەوی پیشان دەدا کە ڕێککەوتن لە سەر ئەوەیە کە بڕیاری مەحرەمێتی هەمان مەتعەیە کە ئامانجەکەی لێک تێگەیشتنی کەسەکان و ئاشنا بوونی زیاتر لەگەڵ یەکتره.

کەواتە بڕیاری مەحرەمێتی جۆرێک مەتعە یان هاوسەرگیریی کاتییە کە بە ئامانجی بوونە هاوسەرگیریی هەمیشەیی ئەنجام دەدرێت؛ بەڵام ئەم ڕفتارە ئایینییە بە ڕەچاوگرتنی ڕەهەندە یاساییەکانی دەتوانێ ببێتە ڕفتارێکی مەترسیدار و زیانبەخش. لە بڕیاری مەحرەمێتی ئەگەر پەیوەندیی سێکسی و دڕانی پەردەی کچێتی ڕوو بدا و پیاو ئامادەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی نەبێ، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی بڕیاری مەحرەمێتی، ژن لە سۆنگەی کۆمەڵایەتی، یاسایی و دەروونییەوە زیانی پێ دەگا و لەو ڕوەووەی کە ئەم ڕفتارە لە سۆنگەی شەرعییەوە ڕێگە پێدراوه، لە ڕووی یاساییەوە ناتوانرێ بە دواداچوونی بۆ بکرێت. لە وەها دۆخێکدا کچان خەسارهەڵگرترن.

زانای ئایینیی پیاو لە حەرەمی ڕەزەوی:

ئێمە شتێکمان بە ناوی بڕیاری مەحرەمێتی نییه، هەر مارەکردنی کاتییە کە دەتوانی ماوەکەی ببەخشی و بیکەی بە مارەکردنی هەمیشەیی. دەتوانم بڵێم نزیکەی 90 لە سەدی ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیری دەکەن، هاوسەرگیریی کاتییان هەیه.

جۆرێکی دیکەی ڕفتاری نەریتانە کە لە شێوازی ژیانی هەندێ لە بنەماڵە ئایینییەکاندا بوونی هەیه، لێک سیغەکردنی کچان و کوڕانی مێرمنداڵه. بنەماڵە نەریتییەکان پێیان خۆشە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی ڕفتاری سێکسی و هەروەها بۆ ئاسانبوونی هاتوچۆی بنەماڵەیی و ڕێگری لە زەختە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ڕوانینی سەرکۆنانەی دەوروبەرییەکان بە بوونی مێرمنداڵان لە شوێنە گشتییەکان، کچ یان کوڕە مێرمنداڵەکەیان لە ڕێگەی بڕیاری مەحرەمێتییەوە لەگەڵ کچ یان کوڕێک مەحرەم دەکەن. لەو بنەماڵانەی کە سیستەمی قبووڵکردنی کۆمەڵایەتیی داخراویان هەیە و تاکە ڕێگەی ڕێگری لە ئاریشە و کێشە سێکسییەکان لە “لێک سیغە کردنی” ڕۆڵەکانیان دەزانن، بڕیاری مەحرەمێتی لە تەمەنی ژێر 18 ساڵاندا ئەنجام دەدرێت. هەندێ جار منداڵان و مێرمنداڵان خۆیان کە قازانجی ئەم کارە لە تێرکردنی ئاسوودەتری ئارەزووە سێکسییەکانیان دەزانن ڕەزامەندی بۆ ئەم مەحرەمێتییە دەردەبڕن؛ بەڵام لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا بەرهەڵستی منداڵەکانی لێ دەکەوێتەوه. ئەم ڕفتارە نەریتییە (بڕیاری مەحرەمێتی) لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی منداڵەکان.

مێرمنداڵی تەمەن 16 ساڵان، دانیشتووی تاران: لە قۆناغی بڕیاری مەحرەمێتی:

بنەماڵە خۆیان پێشنیاریان دا. من خۆم پێم خۆش بوو شوو بکەم. ئێستا دواتر دەرس دەخوێنم بەڵام کوڕەم خۆش دەوێت.

ژن، تەمەن 22 ساڵان، دانیشتووی مەشهەد

لە تەمەنی 12 ساڵاندا لە هاوسەرەکەی مارە کراوه: باشە مرۆڤ لەم تەمەنەدا چی دەزانێ؟! ڕۆژێکیان لە قوتابخانەوە هاتمەوە بۆ ماڵەوە وتیان دەبێ شوو بکەیت. چیتر نەگەڕامەوە بۆ قوتابخانه. من دەڵێم کەمێک چاو و دڵ کراوە بیت. ئەگینا زمانی پیاو درێژه. هەتا منداڵی هەر چییەکی وت دەبێ گوێڕایەڵی بیت.

کاتێ کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵ لە ژێر ناوی بڕیاری مەحرەمێتی لێک مارە دەکرێن، ماوەیەک بە هۆی پەیوەندیی سێکسی یان بە هۆی “بە ناوی یەکترکردن” کچ و کوڕ لەگەڵ کەسانی نزیکیان بە شێوەی هەمیشەیی هاوسەرگیری دەکەن. کەواتە بڕیاری مەحرەمێتی، لە چوارچێوەیەکی شەرعیدا هاوسەرگیریی منداڵان ئاسان دەکاتەوه. منداڵان و مێرمنداڵان لەم تەمەنەدا، لە ڕووی هزری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە باڵق نین و دەبێ لە لایەن بنەماڵەکان کۆنتڕۆڵ و ئیدارە بکرێن کە ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی ناکۆکی و شەڕ و هەندێ گرفت و ئاریشەی خێزانی.

مێرمنداڵ 16 ساڵان دانیشتووی تاران

“دووگیانی کەوتە کاتی مارەبڕین. ئێستا منداڵەکەم 7 مانگانه. پەیوەندیی سێکسیمان بوو. ئەگەر منداڵەکە لە دایک بێ، ڕەنگە درێژە بە خوێندنم بدەم. مێردەکەم دەڵێ کێشەمان نییه. کێشەمان لە ئێستادا ئەوەیە لە ماڵی خەسوومین. هەرچییان وت دەبێ بڵێین بەسەرچاو. مێردەکەم کار دەکا. بەڵام بە هۆی ئەوەی تەمەنی کەمە وتیان دەبێ چەند ساڵ لەگەڵ خۆمان بن.”

ژن. 19 ساڵان. دانیشتووی مەشهەد. هاوسەردار.

لە تەمەنی 11 ساڵاندا بڕیاری مەحرەمێتی بە ئەزموون کردووه: خۆمان کێشەمان نەبوو، بەڵام گەورەکان بە شەڕیان دەداین. کاتێ هاتمە سەر ماڵی خۆمان، تەمەنم کەم بوو، زۆر گوێڕایەڵی مێردەکەم نەبووم، دواتر بە ئامۆژگاری دایکم و ئەوان باشتر بووم.

بێدەسەڵاتی لە بەڕێوەبردنی ماڵ و ژیانی بنەماڵەیی و کێشە تایبەتەکانی ژیانی هاوسەرێتی، تاکە ئاسەوارەکانی بڕیاری مەحرەمێتی لە تەمەنی کەمدا نین. دووگیانبوونی نەخوازراو و خەسارەتی جەستەیی و وازهێنان لە خوێندن لە زەقترین دەرکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی پێشوەختەیە کە لە دیمانەکاندا ڕاشکاوانە بەدی دەکرێت.

دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەگەر بڕیاری مەحرەمێتی بە هاوسەرگیری کۆتایی پێ دێ ئەوە ئەم لێکەوتە ئاماژەپێکراوانە دواتر داوێنی هەر دوو لایەنی بڕیاری مەحرەمێتییەکە (کچ و کوڕ) دەگرێ، بەڵام ئەگەر بڕیاری مەحرەمێتی بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی کۆتایی پێ نەیەت، خەسارەتی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی خراپتری لێ دەکەوێتەوه. سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیی کچ لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر (بە سێکسی و ناسێکسییەوە) لە کاتی بڕیاری مەحرەمێتی لە چوارچێوەی نەریتی و ئایینیدایه، بنەماڵەکان پێیان خۆش نییە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکرێ کە پێشتر مەحرەمکراوی کەسێکی دیکە بووه، بەتایبەت ئەگەر کچە پاکیزەیی خۆی لە دەست دابێت. ئەمانە لە حاڵێکدایە کە یاسای مەدەنیی وڵاتی ئێمە لە ئاست بڕیاری مەحرەمێتی و جیاوازییەکەی لەگەڵ مەتعە یان هاوسەرگیریی کاتی بێدەنگی هەڵبژاردووە و هەر هەموو بابەتە یاساییەکانی بۆ وێنە تەمەنی هاوسەرگیری، میراتگری، نەفەقە و هەڵوەشانەوەی هاوشێوەی هاوسەرگیریی کاتی ڕەچاو کردووە. بە ئاوڕدانەوە لە ئاسەوار و لێکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی بۆ منداڵان ئەم بابەتە دەبێ ببێتە چەقی سەرنجی سیاسەتداڕێژەرانی کەلانی وڵات. بەو پێیەی کە بە گوێرەی یاسا بڕیاری مەحرەمێتی جۆرێک هاوسەرگیریی کاتییه، لە درێژەدا لە پاڵ بڕیاری مەحرەمێتی، هاوسەرگیریی کاتی و هۆکار و لێکەوتەکانیش لێک دەدرێنەوه.

بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوه، فاکتەرە ئابووری، دەروونی و سێکسییەکان لە هۆکارە سەرەکی و زەمینەییەکانی هاوسەرگیریی کاتین. هەڵبەت ئەم هۆکارانە لە نێو ژنان و پیاواندا جیاوازه. زۆرترین هۆکاری هۆگریی پیاوان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، ئارەزووە سێکسییەکانه. ئارەزووە سێکسییەکان بە 61 لە سەد، خواستە سۆزدارییەکان بە 1/31 لە سەد و خواستە مادییەکان بە 9/8 لە سەد، یەکەمایەتی یەکەم هەتا سێیەمی خواستەکانی کۆمەڵگای ئاماریی پیاوانه. بەڵام لە گرنگترین هۆکارەکانی ناچاربوونی ئافرەتان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، خواستی ئابووری بە 50 لە سەد و خواستی سۆزداری و سێکسی بە 35 و 15 لە سەد لە هۆکارەکانی دووهەم و سێیەمی ملکەجێتی ژنان بۆ هاوسەرگیریی کاتییه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژمارە 1.لێکبڵاویی ڕێژەی فرەیی خواستی وڵامدەران لە ڕوونکردنەوەی هاوسەرگیریی کاتی

بە ئاوڕدانەوە لە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، خواستی سۆزداری و ئابووری لە ناو ژنان و ئارەزووی سێکسی لە ناو پیاوان گرنگترین هۆکاری ڕووکردنە هاوسەرگیریی کاتییه. هەروەها ئەزموونی هەست بە بێکەسی و ناشادمانی لە ناو ئافرەتان و ئەزموونی هاوسەرگیریی ناسەرکەوتوو لە ڕابردوو، ناڕەزایەتی لە هاوسەر و نەبوونی لێکتێگەیشتن لە دیکەی فاکتەرەکانی هاوسەرگیریی کاتیی پیاوانه.

“ژن. 38 ساڵان. دانیشتووی ئیسفەهان. تەڵاقدراو. خاوەن ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتی

بێوەژن تەنهایه. بۆ ئەوەی تەنهایی خۆی قەرەبوو بکاتەوه، پێی خۆشە کەسێک لەگەڵی بێت. لە لایەکی دیکەشەوە زۆر ئاستەنگی لە بەر دەم نییه، خۆ دەزانی مەبەستم چییە (ئاماژە بە نەبوونی پەردەی کچێتی) ئاسوودەتری. بە خودا گوناحیش نییه.”

“ژنی 38 ساڵه، دانیشتووی تاران. تەڵاقدراو، خاوەن دوو ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتی”

تێچووی ژیان قورسه. یارمەتیم دەدات. پاش ئەوەی سیغەی یەکەم کۆتایی هات، دۆخی ئابووریم زۆر نالەبار ببوو. بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەم پیاوە باش بووه. ئەو کات تەنانەت نەمدەتوانی برنج بکڕم؛ بەڵام ئێستا هەموو شتێکم هەیه. مریشکم هەیه. ساردینگەکەم هەمیشە پڕه. تەنانەت هاوڕێکانیشم ئەوەم پێ دەڵێن. هەڵبەت ئەو هاوڕێیانەی کە زۆر لەگەڵیان تێکەڵم و دێنە ماڵەکەم.”

بە گوێرەی ئاراستەی زنجیرە پلەکانی مازلۆ، خواستە بایۆلۆژییەکان (ئاستی سەرەتایی خواستەکان) و خواستی سۆزداری (ئاستی سێیەمی خواستەکان) لە خواستە سەرەتاییە مرۆییەکانن و هەتا ئەو کاتەی ئەم خواستە بنەڕەتییانە چارەسەر نەکرێن، گەشە و سەرکەوتن نایەتە دی. ئەو پیاوانەی وا لە چوارچێوەی ژیانی خێزانیدا ئارەزووە سێکسییەکانیان تێر ناکرێ، ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی کاتی. هۆکارگەلی وەکوو فەرەڕەنگخوازی پیاوان، خۆشنەویستنی ژن یان نەخۆشی و کێشە سێکسییەکانی هاوسەر و کێشە خێزانییەکان دەتوانێ پیاوان بەرەو ئەو ئاقارە ببا کە ئارەزووە سێکسییەکانیان لە دەرەوەی ماڵ تێر بکەن کە هاوسەرگیریی کاتی بە هۆی ئاسان دەستپێڕاگەیشتن و نەبوونی بەرپرسایەتی یاسایی و ڕەواداریی ئایینی، زۆر بە ئاسانی ئەمە بۆ پیاوان دابیین دەکات. لە لایەکی تریشەوە ئەو ژنانەی کە بە هۆی مردنی هاوسەر یان تەڵاق، دەبنە بێوەژن، بە هۆی تەنهایی و کێشە سۆزدارییەکان، خواستە ئابوورییەکان و ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵ و ناسەرەکەوتووەکانی ڕابردوو، سەرەڕای ئاگاداری لە ناشیرینی کۆمەڵایەتیی هاوسەرگیریی کاتی، بۆ چارەسەری خواستەکانی خویان، ئەوەیان لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی پێ باشتره.

لە هۆکارە کاریگەرەکانی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی دەتوانین ئاماژە بکەین بە فاکتەرە ئایینی، بنەماڵەییەکان و هەروەها ڕوانگەی کۆمەڵگا. ڕوانگەی بنەماڵە بەرامبەر بە هاوسەرگیریی کاتی بەستەگی بە پێکهاتەی بنەماڵەوە هەیه. لە بنەماڵانەی کە ڕوانگەی نەریتیان هەیە، هاوسەرگیریی کاتی وەک فاکتەرێکی شەرعی قبووڵ دەکرێ و مێرمنداڵان لە تەمەنی کەمدا بە شێوەی نهێنی لێک سیغە دەکرێن.

هەروەها بە پێی دیمانەکانی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە لەو بنەماڵانەی کە پێشینەی هاوسەرگیریی کاتییان نەبووه، ئەو پیاوانەی کە ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان هەیه، ڕووبەڕووی ڕوانگەی نەرێنی بنەماڵەکان و لێکەوتەگەلی وەکوو “دەرکردن لە ماڵ” بوونەتەوه. بەڵام لەو بنەماڵانەی کە پێشینەی هاوسەرگیریی کاتییان بووه، هۆکاری ڕووکردنی دیمانە لەگەڵکراوان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، بوونی پێشینەی ئەم کارە لە بنەماڵەدا بووه.

پیاو، تەمەن 26 ساڵان، خاوەن هاوسەرێکی هەمیشەیی و ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتیی بێ‌ژومار:

“باوکم دوو ژنی بوو. مامەکانیشم سمێڵیان دەبزوا. بە گشتی لە نێو بنەماڵەدا ئەم [نەریت]ـە هەیه. وا نەبوو کە من یەکەم کەس بم. هەروەها براکەشم ژنێکی هەر لە سەر ئەم سیغە و بەزمانە تەڵاق دا.”

پیاو. 29 ساڵان، دانیشتووی تاران. خاوەن پێشینەی سیغەی کورتخایەنی پەیتا پەیتا. سەبارەت بە هەڵسووکەوتی بنەماڵەکەی پاش ئاگادار بوون لە هاوسەرگیریی کاتی دەڵێ:

“ئیتر پاش ئەوەی زانیان، باوکم لە ماڵەوە دەریکردم. ئێستا لێرەم. بە گشتی دۆخەکە باش نییه. بەڵام لە ئێستادا کێ باشە کە بچی لەگەڵی بیت. ئێستا لەم سووپەرمارکێتە بژێوی ژیانم دابین دەکەم. باشه.”

پێشینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی لە بنەماڵەدا یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی بەردەوام بوونیەتی. لە هەندێ لە بنەماڵەکاندا کە دینداریش نین، ئەگەر ئەم ڕفتارە لە نێو ئەندامانی بنەماڵەدا بەدی بکرێ، وەک نۆڕمێکی قبووڵکراو لە نێو ئەندامانی دیکەی بنەماڵەدا دووپات دەبێتەوه. بە پێی تیۆریی فێربوونی کۆمەڵایەتی، ئەندامانی بنەماڵە لە ڕێگەی فێربوون و قبووڵکردنی سەرچەشن ئەم چەشنە پەیوەندییە هاوسەرێتییە (هاوسەرگیری کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی)، بە بێ سەرنج خستنە سەر ئاسەوار و لێکەوتەکانی، وەک ڕێکارێک بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیان بە لۆژیکی و شیاوی دەزانن. لەو دیمانانەی کە ئەنجام درا بوو، 81/38 لە سەدی دیمانە لەگەڵکراوان لە بنەماڵەی خۆیاندا پێشینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتییان بووه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 3. لێکبڵاویی ڕێژەی فرەیی پێشینەی بنەماڵەیی وڵامدەران لە بواری هاوسەرگیریی کاتی

لەم توێژینەوەدا ڕابواردنخوازی و ئاسانبوونی منداڵهاوسەری وەک دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ناسێنرا. وەک ڕوون بۆوە، پیاوانی دەوڵەمەند و زەنگین بۆ ژیانی هاوتەریب و بە هۆی هەمەچەنشخوازی و ڕابواردنخوازی و تێرکردنی ئارەزووی سێکسی هاوسەرگیریی کاتی ئەنجام دەدەن. هەروەها لە بنەماڵە نەریتی و ئایینییەکاندا بە مەبەستی ڕێک و پێککردنی ڕفتاری سێکسیی ڕۆڵەکانیان، بڕیاری مەحرەمێتی بۆ کچان و کوڕانی مێرمنداڵ و منداڵ وەک ڕێکارێکی شەرعی و یاسایی دەستنیشان دەکرێت. جیا لەمانە بە پێی بەڵگە مەیدانییەکان و هەروەها دیمانەکان ڕوون بۆوە کە هەندێ لە گەنجان کە هەندێ جار تەنانەت لە ڕووی مادییەوە سەربەخۆیی نین، بە مەبەستی ڕزگاربوون لە کێشە یاساییەکانی پەیوەندیی کچ و کوڕی ناوەحرەم لە شوێنە گشتییەکانی کۆمەڵگای ئێران، سادەتربوونی دابینکردنی شوێنی ڕێزێرڤی هۆتێل، و … سیغە بە کار دەبەن، لە حاڵێکدا باوەڕیان پێی نییە و پێویستییەکانی وەکوو ڕاگرتنی عەدە ڕەچاو ناکەن.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 3. لێکبڵاویی ڕێژەی فرەیی تەمەنی وڵامدەران لە کاتی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی

ئەنجامە چەندایەتییەکانی توێژینەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە 84/36 لە سەدی وڵامدەران ژێر تەمەنی 18 ساڵان، 15/38 لە سەدیان لە مەودای تەمەنی 18 بۆ 30 ساڵان، 68/23 لە سەدیان لە مەودای تەمەنی 31 بۆ 49 ساڵان و 31/1 لە سەدی ئەم کەسانە لە تەمەنی ژوور 50 ساڵان هاوسەرگیریی کاتییان بە ئەزموون کردووه. ئەم ئامارانە پیشان دەدەن کە ڕێژەیەک‍‍ی بەرچاوی ئەم بڕیارە مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتییانە ژێر تەمەنی 18 ساڵان ئەنجام دراوە و هەلی بۆ منداڵ‍‌‌‌‌‍‍‍‍هاوسەری ئاسان کردووه. بە پێی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی مارە کردنی کچ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵی تەواو و کوڕ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵانی تەواوی هەتاوی پەیوەستە بە ئیزنی سەرپەرشتیار بە مەرجی ڕەچاوکردنی لێکدانەوەی دادگای شیاو. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بڕیاری مەحرەمێتی کە هەمان هاوسەرگیریی کاتییە و لە ڕەهەندی شەرعی و یاساییەوە هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییه، تەنانەت ژێر تەمەنی یاسایی ئەنجام دەدرێت.

بە پێی شیکاریی وردی دیمانەکان، کردەوەی ستراتیژی لە هاوسەرگیریی کاتیدا سوودوبەینین لە پەیوەندیی نایەکسانی ئابووری، یاسایی و کۆمەڵایەتی بە پێی پاساوە یاسایی و شەرعییەکەیەتی. ناوەڕۆکی یاسا فەرمییەکان لە ئێران بە پێی یاسا شەرعی و ئایینییەکان و فیقهی ئەهلی شێعەی دوازدە ئیمامییەیه. بە پێی مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی هاوسەرگیریی کاتی لە یاساکانی ئێراندا بە فەرمی ناسراوه. ماوەی مەتعە بە شێوەی کاتی و دیاریکراوە (مادەی 1076ـی یاسای مەدەنی). هەروەها لە پرسی میرات، یاساداڕێژ میرات بە مافی ژنی هەمیشەیی دەزانێ و بۆ ژنی مەتعە میرات ڕەچاو ناکات (مادەی 940ـی یاسای مەدەنی). بە پێی مادەی 1113 ژنی مەتعە مافی نەفەقەی نییە و لە هەڵوەشانەوەی نیکاحی مەتعە بە کۆتاییهاتنی ماوە یان بەخشینی ماوە لە لایەن پیاو و یان مردن و هەڵوەشانەوه، نیکاح کۆتایی پێ دێت. واتە هاوشێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی تەڵاق بوونی نییە (مادەی 1139ـی یاسای مەدەنی). هەر هەموو ئەم بابەتە یاساییانە مافەکانی ئافرەت لەم چەشنە پەیوەندییە پشتگوێ دەخات. لە میرات و لە هەڵوەشانەوەی نیکاح، ژن هیچ مافێکی نییە و پەیوەندییەکی نایەکسانانەی یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا ساز دەبێ کە بە قازانجی پیاوانە و فەوتێنەری مافەکانی ژنانه. لەم نێوەندەدا، ماڵپەڕ و کەناڵە تێلگرامییەکان، هۆتێلەکان و گەشتە مسافرەتییەکان، وەک ڕێگەیەک بۆ قازانج دەستخستن و ئابووریی چێژ، کەڵک لە بازاڕی ئابووریی دروستبووی بە هۆی ژنانی سیغەیی کە هەڵوەدای وەدەستهێنانی داهاتن وەردەگرن و وەک کاڵا کڕین و فرۆشتن بە ژنانەوە دەکەن.

“پیاوێکی تەمەن 30 ساڵان دانیشتووی مەشهەد، هاوسەر بە جێهێشتوو

من نزیکەی یەک دوو مانگ لەمەوبەر یەکێک لە هاوڕێکانم پێی ناساندم هاتمە ناو ئەم ماڵپەڕە تەنیا هاتم و ئیشم نەدەکرد. نەدەچوومە ناو ماڵپەڕ جارێکیان هاتم بینیم 7 ، 8 ناوە و سەردان. سەیرم کرد، هێدی هێدی سەرقاڵ بووم. هاتمە ناوی و دەستم پێکرد.”

دابەشبوونی نایەکسانانەی باڵادەستی لە پرسی ئابووری و یاسا، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانێکی وەکوو داڕێند ڕۆف پاساوداره. ئابووریی ئێران پیاوانەیه. کەواتە ژنانی خاوەن دۆخی تایبەت، بۆ دابینکردنی خواستە ئابوورییەکانی خۆیان، سیغە دەستنیشان دەکەن. لە لایەکی تریشەوە لە پێکهاتەی یاساییدا، بە تەواوەتی باڵادەستیی پیاوانە بەدی دەکرێت.

لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ڕەهەندی جیاواز لە خۆ دەگرێت. بە پێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، ناو و ناتۆره، دوودڵی لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، داڕمانی بنەماڵەکان، توندوتیژی دژ بە ژنان و … لێکەوتەکانی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییەن. کاتێک کە منداڵان لە سەرەتاکانی تەمەندا لێک مارە دەکرێن، تەناتەت سەرەڕای بوونی ئامادەیی زەینیی منداڵ، ئاسەواری تایبەتی وەکوو منداڵخستنەوەی پێشوەختە یان وازهێنان لە خوێندن بەرۆکیان دەگرێت.

پیاو. 30 ساڵه. دانیشتووی تاران. خاوەن ئەزموونی پەیتا پەیتای سیغەی چەند مانگه:

“بە گشتی دژی هاوسەرگیریی هەمیشەییم و ئامادە نیم ئیتر هاوسەرگیریی هەمیشەییم هەبێت. من پەیمان لەگەڵ کەس نابەستم و لای خۆشیان ئەوە دەڵێم. هەهەهە (پێدەکەنێ) هیچ حەزم لێی نییه.”

مێرمنداڵی 16 ساڵان. دانیشتووی تاران. خەریکی بڕیاری مەحرەمێتییه:

“بنەماڵە خۆیان پێشنیاریان دا. خۆم حەزم لێ بوو هاوسەرگیری بکەم. دواتر درێژە بە خوێندن دەدەم. بەڵام حەزم لە کوڕەیه.”

هاوسەرگیری کاتی لە عوڕفی کۆمەڵایەتی و کەلتووری گشتیدا هیچ پێگەیەکی نییە و ئەو کەسانەی کە ئەنجامی دەدەن، کەسانێکی فرەڕەنگخواز و هەوەسبازن کە بنیاتی بنەماڵە تێک دەڕووخێنن و نازناوی بێڕەوشیتان لێ دەدرێت. بە پێی تیۆریی ناو و ناتۆرەی ئێرڤین گافمەن دەتوانین بڵێین هەموو کەس بە نیازە لە کۆمەڵگادا وێنەیەکی دڵخواز لە خۆی پیشان بدا، تەنانەت لە حاڵەتێکدا کە بەرکەوتووی توندوتیژی و ئازارن، پێیان خۆش نییە بە دواداچوونی یاسایی بکەن بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگادا ناو و ناتۆرەیان لێ نەدرێت. هەروەها کاتێک هاوسەرگیریی کاتی بە بێ تۆمارکردنی یاسایی و بە ئاسانی ئەنجام دەدرێ و لە چاو هاوسەرگیریی هەمیشەیی تێچوویەکی کەمتری دەوێ، ڕێژەی خواست بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی کەم دەبێتەوە و ئەم بنیاتە گرنگە دەکەوێتە مەترسییەوه.

بە پێی شیکارییە وردەکانی دیمانە و کۆدینگ‌کردنی وتەزا و چەمکەکان، مۆدێلێکی شیکاریی لە هۆکارەکان، دیاردەی تەوەری، کردەوەی ستراتیژی و لێکەوتەی هاوسەرگیریی کاتی وەدەست هات کە بەم شێوەیه:

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

بەشی چوارەم:

ڕێکارەکان

1-4. کۆبەندی

هاوسەرگیری ناوەندێکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا ژن و پیاو لە ڕێگەی گرێبەستێکی یاسایی، ئایینی و ئەخلاقی وەک ژن و مێرد پێکەوە دەژین. هاوسەرگیری لە ڕێگەی دابین کردنی بەستێنێک بۆ تێرکردنی خواستە سۆزداری، ئابووری و دەروونییەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا دەورێکی گرنگی لە کاردکردی کۆمەڵگادا هەیه. هاوسەرگیری و شێوازی هاوسەربژێری هەمیشە پەیوەست بە بەها و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانه. وەک وترا لە وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوسەرگیری، بە پێی فیقهی شێعەی ئیمامییەیە و فیقهیش بنەمای مادە یاساییەکانه. بە پێی بنەما یاسایی و فیقهییەکان لە ئێران، دوو جۆری هاوسەرگیریی هەمیشەیی و کاتی (بڕیاری مەحرەمێتی) بە فەرمی دەناسرێ کە لە سۆنگەی فیقهی و یاساییەوە شەرعییەتی هەیه. کەسانێکی وەکوو مورتەزا موتەهەری بۆ ڕێگری لە ڕەبەنایەتی گەنجان یان پێشگری لە کۆمۆنیستی سێکسی، پێشنیاری مەتعەیان داوه. هەروەها کەسانێکی وەکوو ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، مستەفا پوورمحەمەدی، قەڕائەتی و دیکەی سیاسەتداڕێژەرانی ئایینی و حکومەتی لە میدیا و تریبۆنە فەرمی و نافەرمییەکانەوە وەک ڕێگە چارەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی پاکداوێنی کۆمەڵگا پێداگرییان لە سەر پێویستیی هاوسەرگیریی کاتی کردووه. لە بەرامبەردا، هەندێ لە فەقێکان بۆ وێنە ئایەتوڵا سانعی مەتعە تەنیا گرێ دەداتەوە بە بارودۆخی جەنگ لە سەرەتاکانی ئیسلام و لە کۆمەڵگای ئەوڕۆییدا وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی داڕمانی بنەماڵە پێناسەی دەکات. هەروەها چالاکڤانانی مافەکانی ژنان هاوسەرگیریی کاتی بە فاکتەری بەرهەمهێنانەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزێتی لە دژی ژنان، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، سست بوونی بنیاتی بنەماڵە و پەرەسەندنی فرەهاوسەری و نەخۆشیی نزیکی و تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی دەزانن و لە دژی دەوەستنەوه.

بڕیاری مەحرەمێتی کە لە ڕوانگەی ئایینی و یاساییەوە لەگەڵ هاوسەرگیریی کاتی بە یەکسان دادەنرێ، لە ناو کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵی لە بنەماڵە نەریتخواز و ئایینییەکان ڕوو دەدا بۆ ئەوەی بنەماڵەکان لەم ڕێگەوه، ڕفتاری سێکسیی ڕۆڵەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن. هەروەها هەندێ لە گەنجانی ژوور تەمەنی 18 ساڵان لە بنەماڵە نەریتی و ئایینییەکان بە مەبەستی ئاشنابوونی زێدەتری بەر لە هاوسەرگیری، بڕیاری مەحرەمێتی بۆ خۆیان بە شەرعی و شیاو دەزانن. تۆمارکردنی هاوسەرگیریی کاتی یان سیغە، لە ئەگەری دووگیانی یان مەرجی گرێدراو بە مارەکردنە کە مادەی 21ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵە پەسندکراوی 1391ـی هەتاوی پێداگری لە سەر کردووه. سەرەڕای جیاوازیی ناوەڕۆک لە بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی، هیچ چەشنە یاسایەک بۆ بڕیاری مەحرەمێتی بوونی نییه. کارکردی ئەرێنیی بڕیاری مەحرەمێتی بۆ گەورەساڵانی ژوور 18 ساڵ ئاشنایی پتری بەر لە هاوسەرگیرییه؛ بەڵام هەندێ لە کارکردە نەرێنییەکانی وەکوو زەختی کۆمەڵگا لە سەر کچ یان کوڕ بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ هەمان کەس دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە هۆی داڕمانی بنەماڵه. لە لایەکی تریشەوە ئەگەر پەیوەندیی سێکسی لە ئارادا بێ، لێکەوتەی نەرێنیی بڕیاری مەحرەمێتی بۆ ژن زیاتر دەبێ و بەو پێیەی کە ئەم هاوسەرگیرییە لە هیچ کوێ تۆماری یاسایی و سیستەمی نەبووە و مارە بڕین بە پێی عوڕف و ڕێوڕەسمی نەریتی ئەنجام دراوه، پیاو هیچ چەشنە بەرپرسایەتی و پابەندییەکی بەرامبەر بەم دۆخە نییه. هەروەها ئەگەر بڕیاری مەحرەمێتی لە تافی منداڵی و مێرمنداڵی بێ، بە هۆی هەلومەرجی تایبەتیی تەمەنی باڵقبوونەوە، ئەگەری پەیوەندیی سێکسی لە ئارادایە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبێتە هۆی هاوسەرگیری و منداڵهاوسەری. لە گرینگترین ئاسەوارەکانی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە وازهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە خوێندن، دووگیانبوونی نەخوازراو و پێشوەخته، نەخۆشی دەروونی و جەستەیی و منداڵ‌بێوەیی. بەم پێیه، نووسەر بە پێی هەلومەرجی کەلتووری، ئایینی و یاسایی کۆمەڵگا، ڕێکارگەلێک دەخاتە ڕوو کە زیانەکانی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییانە و بڕیاری مەحرەمێتی کەم دەکاتەوه.

2-4. ڕێکارەکان

1) یاسادانان بۆ زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی بۆ تەمەنی 15 ساڵان

مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی لە مەڕ تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی دەڵێ: «نیکاحی کچان بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵی تەواوی هەتاوی و کوڕان بەر لە تەمەنی 15 ساڵی تەواوی هەتاوی بەستراوەتەوە بە ئیزنی سەرپەرشت بە مەرجی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی بە پێی لێکدانەوەی دادگای شیاو. ئەم یاسایە هاوسەرگیریی کاتیش دەگرێتەوه. بەڵام بڕیاری مەحرەمێتی لە تەمەنی کەمتر لەو تەمەنەی کە باس کرا لە یاساشدا ئەنجام دەدرێ؛ چوونکە لە چوارچێوەی ئایینی و بە نهێنی و بە بێ تۆمارکردنی فەرمی ئەنجام دەدرێت. بەو پێیەی کە هەوڵی چالاکڤانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پێناو چاکسازی لە یاسای هاوسەرگیری بۆ تەمەنی 15 ساڵان بۆ کچانه، پێشنیار دەکرێ یاسای تەمەنی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی بۆ تەمەنی 15 ساڵان بەرز بکەنەوه.»

2) تۆمارکردنی فەرمی و یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی لە نووسینگەکانی تەڵاق و هاوسەرگیری

لە ئێستادا مادەی 645 یاسای سزای ئیسلامی، تۆمارنەکرانی نیکاحی هەمیشەیی، بۆ ژن و مێرد وەک تاوان لە قەڵەم دەدات. هەروەها بە پێی مادەی 21ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵە پەسندکراوی 1391، لە ئەگەری دووگیانی و ڕێککەوتنی لایەنەکان، هاوسەرگیری تۆمار دەکرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بۆ بڕیاری مەحرەمێتی، هیچ یاسایەک دانەبەزێنراوه. واتە ئەگەر هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی کە ناوەڕۆکەکەیان جیاوازە، بە یەکسان بزانین هاوسەرگیریی منداڵان و مێرمنداڵان تەنیا لە حاڵەتی دووگیان‌بوونیاندا تۆمار دەکرێت! نووسەر کە بە بێ ڕوانگەی لاگرانە و تەنیا بە ئاراستەی زانستی و خەڵک‌ناسی بابەتەکانی لێک داوەتەوه، لەو بڕوایەدایە کە تۆمارکردنی یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی دەبێتە هۆی دەستپێگەیشتن بە خزمەتگوزارییە یاساییە سەرەتاییەکان و پاراستنی زێدەتری مافی لایەنەکان لەم پەیوەندییە هاوسەرێتییەدا؛ چوونکە تۆمارنەبوونی دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە مافەکانی هەر دوو هاوسەرەکان بەتایبەت ژنان پێشێل بکرێت. خوتبەی مارە بڕینی کاتی یان بڕیاری مەحرەمێتی بە جۆرێکە کە بە شێوەی نهێنیش ئەنجام دەدرێ، کەواتە پێشنیار دەکرێ لە نووسینگەکاندا تۆمار بکرێ و لانیکەم بە بەشداریی دوو شایەد مارە بکرێن بۆ ئەوەی لە سۆنگەی یاساییەوە بتوانرێ بە دواداچوون لێکەوتەکانی بکرێت.

3) بە ناچاریکردن و بێبەرامبەربوونی خوێندن

لە بڕیاری مەحرەمێتی کە بنەماڵە نەریتی و ئایینییەکان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجام دەدەن، مەرجی نەبوونی پەیوەندیی سێکسی یەکێک لە بنەما قبووڵکراوەکانه. ئەگەرچی لە ڕوانگەی شەرعییەوە هیچ پێگەیەکی نییە و لەگەڵ یەکەم ساتەوەختی مەحرەمبوون، پەیوەندیی سێکسی ڕێگەپێدراوه. ئەو مێرمنداڵ و منداڵانەی کە بە شێوەی لێک مارە دەکرێن لە ئەگەری دووگیانبوون و پەیوەندیی سێکسی پاش کەمێک مارەی هەمیشەیی دەکرێن. لە گرنگترین لێکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی، بێ‌هۆگریی بۆ خوێندن و وازهێنان لە خوێندنه. ناوەندە یاساییەکان و پەروەردە لە ڕێگەی بە ناچاریکردنی خوێندن هەتا تەمەنی 18 ساڵان و قۆناغی دیپڵۆم و لە هەمان کاتدا بەو ڕاهێنانەی کە لە قوتابخانەکاندا بە قوتابیان و بنەماڵەکانیان دەدرێ دەتوانن کاتی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی بخەنە دواوه.

4) پێدانی ڕاوێژی یاسایی و تەندروستی لە بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن کە زانیاریی یاسایی ئەو کەسانەی کە ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان بووه، زۆر کەمە و ئەم بابەتە ژنان تووشی کێشەگەلی وەکوو بە جێهێشتنی ژن بەر لە کۆتایی هاتنی ماوەی سیغە بە بێ بەخشینی ماوە دەکات. بەڵام ئەگەر هاوسەرگیریی کاتی لە نوسینگەکاندا تۆمار بکرێ، ڕاوێژی یاساییش پێشکەش بکرێ ئەوە لایەنەکان لە هاوسەرگیریی کاتیدا بە تەواوەتی لە مافەکانی خۆیان ئاگادار دەبن و زەمینەی پێشێلکردنی مافی تاکەکان سنوردارتر دەبێتەوه. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە هاوسەرگیریی کاتی مەرجێکی وەکوو ڕاگرتنی عەدەی هەیه. واتە ژن دەبێ چاوەڕێ بێ بۆ ئەوەی ماوەی عەدەکەی کۆتایی پێ بێ و پاش ئەوە ببێتە سیغەکراوی پیاوێکی دیکه. بەڵام لە ئێستادا شایەدی جۆرەکانی هاوسەرگیریی کاتین کە پیاوانی دەوڵەمەند و خوداپێداو، ژنانی خوازیاری سیغە بە بێ ڕەچاوکردنی عەده، بۆ چەندین جار سیغە دەکەن و ئەم نەریتە بووەتە جۆرێک سەرچاوەی داهات بۆ ژنان و ڕابواردن بۆ پیاوە هەوەسبازەکان. لێرەدا دووگیانبوونی نەخوازراو، لە باربردنی کۆرپەلە و نەخۆشیی نزیکی بەدی دێ کە ئەوەش بە هۆی ناوشیاری سەبارەت بە پرسە تەندروستییە سێکسییەکانه. کەواتە ئەو هاوسەرانەی کە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ئەنجام دەدەن دەبێ سەردانی ناوەندەکانی تەندروستی بکەن و لە تێبینیەکانی پێشگری و تەندروستیی سێکسی بە ئاگا بن و بۆ ئەو ژن و پیاوانەی کە پێشینەی هاوسەرگیریی کاتییان هەیە کارتی تەندروستی دەربکرێت.

5) مەرجدار و سنووردارکردنی یاسای سیغە / هاوسەرگیریی کاتی

بە گوێرەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە بە گشتی هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕیگە چارەیەک بۆ تێرکردنی فرەڕەنگ‌خوازی پیاوان و ڕێگەی بە کارهێنانی کاڵائاسایانەی ژنان بووه؛ پیاوانی خێزاندار بۆ تێرکردنی فرەڕەنگخوازی خۆیان ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی کاتی. پێشنیار دەکرێ کە هاوسەرگیریی کاتیش پەیوەست بکرێتەوە بە ڕەزامەندیی هاوسەرەکان. ئەم مەرجدارکردنی یاسایە ڕێگری لە کەڵکاوەژوویی شەرعی لەم یاسایە دەکات. لە لایەکی تریشەوە هاوسەرگیرییە کاتییەکان لە ڕووی زەمەنییەوە بۆ سەر کورت‌ماوە، ناوەندماوە و درێژماوە دابەش دەبێت. پێشنیاری دەکرێ ماوەی هاوسەرگیریی کاتی بە شێوەی یاسایی، مامناوەندماوە ڕەچاو بکرێ و ئەگەر داوا کرا درێژ بکرێتەوه. چوونکە لە حاڵەتی کورتخایەندا جۆرێک تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی و بێڕەوشتییە و لە حاڵەتی درێژماوەدا لە ئەگەری نەبوونی لێک‌تێگەیشتن، بە هۆی ئەوەی مافی هەڵوەشاندنەوەیان نییە بۆ ژنان ئازاربەخشه.

6) یاساداڕێژی لە بواری نەفەقە و مافی هەڵوەشانەوە بە قازانجی ژنان لە هاوسەرگیریی کاتیدا

بەو پێیەی کە لە هاوسەرگیریی کاتیدا جۆرێک نایەکسانیی یاسایی بەدی دەکرێ و ژنان لە هاوسەرگیریی کاتی لە چاو هاوسەرگیریی هەمیشەیی ڕووبەڕووی نایەکسانی زێدەتر دەبنەوه، پێشنیار دەکرێ کۆمەڵێ یاسا ئامادە و ڕێک بخرێ بۆ ئەوەی ئافرەتان لە هاوسەرگیریی کاتیدا لە مافی نەفەقە سوودمەند بن؛ چوونکە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە دەریدەخا کە زۆرێک لە ژنان بە مەبەستی دابینکردنی خواستە مادییەکان مل بە هاوسەرگیریی کاتی دەدەن؛ لە حاڵێکدا یاسا، لە هاوسەرگیریی کاتیدا نەفەقە بە مافی ژنان نازانێت. هەروەها لە ئەگەری زەخت و تەنگانە مافی هەڵوەشانەوەش دەبێ وەکوو هاوسەرگیریی هەمیشەیی بدرێ بە ئافرەتان بۆ ئەوەی لەو حاڵەتانەی کە ژنان ڕووبەڕووی زیان یان توندوتیژی دەبنەوە و درێژەدان بە ژیان لەگەڵ هاوسەرەکەیان بە ناوومکین دەزانن بتوانن بە شێوەی تاکلایەنانە هاوسەرگیریی کاتی هەڵبووەشێنێتەوه.

7) باشتر کردنی بارودۆخی ئابووری، هەلی کار و کارخولقێنی

لە شیکاریی دیمانەکان، حاڵەتی بێژومار لەو ژن و پیاوانەی کە ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان هەبوو، هۆکاری ملدان بە هاوسەرگیریی کاتیان بە نەبوونی کار و بارودۆخی لاوازی ئابووری دەزانی. بەدەر لەوه، لە پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێرانی ڕێژەی بەشداری ئابووریی ژنان کەمترە و ئەم دۆخه، هەژاری و بارودۆخی خراپی ئابووریی ژنان تۆختر دەکات. کەواتە پێشنیار دەکرێ ڕێکخراوەگەلی وەکوو وەزارەتی کار و هەرەوەرزی، شارەوانییەکان، وەزارەتی پیشە و کانزا و … بە دابینکردنی هەلی کار و لە ڕێگەی کارخولقێنییەوە هەلی کار بڕەخسێنن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئابووریی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی دابین ببێ و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژەی بەشداری ئابووریی ژنان بەتایبەت ژنانی خۆسەرپەرشت زیاد بکرێ بۆ ئەوەی چیتر بە هۆی هەژاری ئابووری و بێکاری مل بە هاوسەرگیریی کاتی نەدەن.

8) دەوری زانایانی ئایینی وەک هۆکاری گۆڕینی بێچمی هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران

زانایانی ئایینی وەک یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی گۆڕینی کۆمەڵایەتی لە ئێران دەتوانن بە دەرکردنی فتوایەکی شەرعی و شرۆڤەی فەلسەفەی ڕاستەقینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، خەسارەتەکانی ئەم چەشنە پەیوەندییە کەم بکەنەوه. هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە مەبەستی ڕێگری لە لەشفرۆشی و بێ‌ئەخلاقی ئامادە کراوه؛ بەڵام لە کۆمەڵگای ئەوڕۆیی بە هۆکارگەلی جیاواز وەکوو بێدەنگی یاسا هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی کە بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدرێ کە دەبێتە هۆی لە دایکبوونی منداڵی نەخوازراو، لە باربردنی کۆرپەلە بە شێوەی نایاسایی و ناتەندروست، تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی، ئاسانبوونی منداڵهاوسەری و سستبوونی بنیاتی بنەماڵە و … . کەواتە بێچم و ڕەواڵەتی هاوسەرگیریی کاتی لە ناوەڕۆک و ئامانجەکەی دوور کەوتۆتەوه. بەو پێیە فتوای شەرعی زانایانی ئایینی لە سەر بنەمای تۆمارکردنی فەرمیی هاوسەرگیریی کاتی لە تەمەنی زیاتر لە 15 ساڵان لە نووسینگە یاساییەکانی تۆمارکردنی هاوسەرگیری و تەڵاق گرنگترین فاکتەرە بۆ هەرچی زیاتر کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی.

9) بەستێنسازیی کەلتووری و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی میدیا گشتییەکان و ئێن‌جی‌ئۆکان

وشیارکردنەوە و ڕاهێنان یەکێک لە کاریگەرترین فاکتەرەکان لە بواری ڕێگری لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانه. میدیا گشتییەکانی وەکوو میدیای نیشتمانی، هەواڵدەرییەکان، گۆڤارەکان و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی پیشاندانەوەی خەسارەتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتیی بێ تۆمارکردنی یاسایی و هەروەها زیانیاری بەخشین سەبارەت بە مەرجە یاساییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەتوانن لێکەوتەی نەرێنیی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی کەم بکەنەوه. هەروەها ئێن‌جی‌ئۆگەلی وەکوو ئەنجومەنەکانی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان و ژنان دەتوانن لە بواری ئاگادارکردنەوە و ڕاهێنانی بنەماڵەکان دەورێکی بەرچاویان هەبێ کە هەڵبەت ئەمە پێویستی بە هاوکاری ناوەندە دەوڵەتییەکانه.

لە لایەکی تریشەوە لەم ساڵانەی دواییدا سینەماکاران و سلێبریتییەکانیش لە کاروباری کۆمەڵایەتی دەورێکی بەرچاویان هەبووه. پووران درەخشەنده، هەدیە تێهرانی، میترا حەجار و ڕەزا کیانیان و دیکەی ئەکتەرەکان لە حاڵەتگەلێکی وەکوو ئازاراندنی سێکسیی منداڵان و ژینگە توانیویانە لە ڕێگەی فیلمسازی، لاپەڕەی ئەنتەرنێتی (ئینستاگرام و توویتەر) لە بواری ئاگادارکردنەوە و زانیاریبەخشین داپەڕی کاریگەریان هەبێت. لەم بوارەدا، هونەرمەندان بە بەرهەمی هونەری و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بە بابەتێتی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی لە ئێن‌جی‌ئۆکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە کەمکردنەوەی هەندێ لە لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەورێکی تۆختریان هەبێت.

لە کۆمەڵگای ئێران ڕوانگەی لێکدژ سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی بوونی هەیه. لایەنگران هاوسەرگیریی کاتی بە هۆکاری ڕێگری لە داوێنپیسی و داڕمانی ئەخلاقیی کۆمەڵگا دەزانن؛ لە حاڵێکدا دژبەران، هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگەیەک بۆ هەوەسبازی و ڕابواردنخوازی پیاوان و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان دەزانن. لە لایەکی تریشەوە بەشی ئاین‌پەروەر و نەریتخوازی کۆمەڵگای ئێران، لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی نیکاحی کاتی قبووڵ کردووە و پێی پابەنده. لە فیقهـ و یاسای فەرمیی وڵات، هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی سەرەڕای ناوەڕۆکە جیاوازەکەیان هاوشێوە سەیر دەکرێن و هەتا هەنووکە وەک بابەتێکی جیا و سەربەخۆ ئاوڕ لەم بابەتە نەدراوەتەوه. ئاڵۆزیی یاسایی و ئایینی سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، بە بێ ڕەچاوکردنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئێران دەرهاویشتەگەلێکی ناخۆشی وەکوو منداڵ‌هاوسەری، وازهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە خوێندن، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و خەسارەتە جەستەیی و دەروونییەکان بەتایبەت بۆ کچان و ژنانی لێ کەوتۆتەوه. پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی دەتوانێ بە مەبەستی کەمترکردنەوەی دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ڕێکارێکی بنەڕەتی بێت.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

سه رچاوه کان:

ابن کثیر دمشقی، تفسیر ابن کثیر، چاپ دارالمعرفه، 2/561 – 562.

  1. ابن منظور، محمد ابن مکرم (1414ق). لسان العرب، جلد هشتم، بیروت: دارصار.

احمد بن محمد بن حنبل، المسند، 2/87

احمدی، خدابخش. براری، مصطفی. سید اسماعیلی، فتح‌الله (1390). «نگرش مردم به ازدواج موقت»، فصلناوۀ علمی‌پژوهشی رفاه اجتماعی، سال یازدهم، شمارۀ 43، ص 135-156.

احمدی، کامیل (1395). طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ئێران، تهران: شیرازه.

احمدی، کامیل(1396). «ضرورت بازنگری و افزایش سن ازدواج کودکان در قوانین ئێران»، مطالعات حقوق، 233 تا 251.

  1. احمدی،کامیل (1396). «بررسی میزان شیوع ازدواج و طلاق کودکان در ئێران»، تحقیقات جدید در علوم انسانی، تابستان 1396، شمارۀ 23، ‏ص 125 تا 140.
  2. استرواس، آنسلم و کوربین، جولیت (1390). اصول روش تحقیق کیفی: نظریه مبنایی، رویه‌ها و شیوه‌ها، ترجمۀ بیوک محمدی، تهران: پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی.

اسماعیلی، هادی (1393). دورنمای حقوقی ازدواج موقت، تهران: فرهنگ.

اشمى، على (1960 م). المرأه فى الشعر الجاهلى، بغداد: مطبعه المعارف.

  1. افراسیابی، حسین و براتی، انیسه (1394). «بررسی احساس امنیت در فضای عمومی با تأکید بر سبک زندگی مخاطره‌آمیز»، فصلناوۀ جامعه‌شناسی سبک زندگی، دورۀ اول، شمارۀ 1، ص 28-1.

آبوت، پاملا و والاس، کلر (1387). جامعه‌شناسی زنان، ترجمه منیژه نجم عراقی، تهران: نی.

آذرگشسب، اردشیر (1358). مراسم مذهبی و آداب زرتشتیان، تهران: فروهر.

  1. آرمسترانگ، جان (1393). شرایط عشق: فلسفۀ صمیمیت، ترجمۀ مسعود علیا، تهران: ققنوس.
  2. آزاد ارمکی، تقی (1386). جامعه شناسی خانوادۀ ئێرانی، تهران: انتشارات سمت.

آموزگار، ژاله (1387). زبان، فرهنگ و اسطوره، تهران: معین.

بادامچی، حسین. غضنفری، کلثوم. داوری، پروین (1394). «ازدواج موقت در دین زردشتی و در اسلام»، فصلناوۀ زن در فرهنگ و هنر، دورۀ هفتم، شماره 4، ص 535-521.

  1. باقری، شهلا (1389). «راهبرد نظریه‌پردازی در جامعه‌شناسی جنسیت و جامعه‌شناسی خانواده»، فصلناوۀ مطالعات راهبردی زنان، دورۀ سیزدهم، شمارۀ 50، ص 259-222.

بحرانی، یوسف (بی‌تا). الحدائق الناضره فی احکام العتره الطاهره، تحقیق محمدتقی ایروانی، قم: مؤسسه النشر الاسلامی.

بخاری، محمد بن اسماعیل(256 هـ ق). صحیح البخاری، ترجمه عبدالعلی نور احراری(1391)، تربت جام: انتشارات شیخ‌الاسلام احمد جام.

  1. بزرگیان، مهدی (1384). «بررسی جامعه‌شناختی ساختار حقوقی ازدواج موقت در ئێران»، پایان‌ناوۀ کارشناسی ارشد، تهران: دانشگاه تربیت مدرس.
  2. بهرامی، محمد (1385). «درآمدی بر جامعه‌شناسی خانواده در قرآن»، پژوهش‌های قرآنی، دورۀ دوازدهم، شمارۀ 48، ص 72-47.

بیهقی، احمد بن الحسین (بی‌تا). السنن الکبری، قم: دارالفکر.

  1. پرویزی، سرور (1393). اصول و روش‌های پژوهش‌های کیفی، تهران: جامعه‌نگر.
  2. پریشی، معصومه (1387). «بررسی زمینه‌ها و پیامدهای ازدواج موقت برای زنان»، پایان‌ناوۀ کارشناسی ارشد، تهران: دانشگاه علامه طباطبایی.
  3. پورنقی، شهلا (1394). «بررسی جامعه‌شناختی عوامل مرتبط با ازدواج دیررس جوانان ازدواج‌کردۀ بالای 30 سال شهر بناب»، فصلناوۀ مطالعات جامعه‌شناسی دانشگاه آزاد تبریز، سال هفتم، شمارۀ 27، ص 80-63.

تانگ، رزمری (1387). درآمدی جامع بر نظریه‌های فمینیستی، ترجمۀ منیژه نجم عراقی، تهران: نی.

  1. التجائی، ابراهیم و عزیززاده، مینا (1395). «بررسی عوامل اقتصادی و فرهنگی مؤثر بر سن ازدواج در ئێران: یک مطالعۀ میان‌استانی»، فصلناوه جامعه‌پژوهی فرهنگی، دوره 7، شماره 3، صص 19-1.

ترمانینى، (بی‌تا). الزواج عند العرب فى الجاهلیه والاسلام، دمشق: طلاس.

  1. ثلاثی، محسن (1376). «نقش مردم‌نگاری در تحقیقات اجتماعی»، جامعه‌شناسی ئێران، شمارۀ 2، ص176.

جوادعلى، (1413 ق / 1993 م). المفصل فى تاریخ العرب قبل الاسلام، بى‌جا: بى‌نا.

  1. جهانی، سمانه (1391). «جامعه‌شناسی خانواده در قرآن کریم»، فصلناوۀ پژوهش‌های میان‌رشته‌ای قرآن کریم، دورۀ سوم، شمارۀ 1، ص 100-81.

حاجی اسماعیلی، محمدرضا (1391). «ازدواج موقت و پیامدهای آن»، فصلناوۀ فقه مدنی، شماره 6، ص 87-65

حرّ عاملی، محمد بن الحسن (بی‌تا). وسائل الشیعه الی تحصیل مسائل الشریعه، بیروت: دار احیاء التراث العربی.

حسینی بهارنچی، سید محمد (1383). آیین همسرداری و آداب زندگی در اسلام، قم: انتشارات اجر.

  1. حلی، نجم الدین جعفر بن حسن (1370). الرسائل التسع، قم: کتابخانۀ آیت الله مرعشی.

خمینی، سید روح‌الله (1379). تحریر الوسیله، قم: دارالعلم، 2/285.

  1. دانینو، آندره (1383). جامعه‌شناسی روابط جنسی، ترجمه حسن پویان، تهران: توس.
  2. دوستخواه، جلیل (1388). اوستا، تهران: مروارید.
  3. دهخدا، علی اکبر (1371). لغت‌ناوه، تهران: سخن‌گستر.
  4. ذاکرمن، فیل (1384). درآمدی بر جامعه‌شناسی دین، ترجمۀ: خشایار دیهیمی، نشر وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی.
  5. راغفر، حسین. کردبچه، حمید. پاک‌نیت، مرضیه (1390). «تله‌های فقر در اقتصاد متکی به منابع طبیعی ئێران»، فصلناوۀ پژوهشناوۀ اقتصادی (رویکرد اسلامی-ئێرانی)، سال دوازدهم، شمارۀ 45، ص 143-171.

رافعی، طلعت (1382). تحلیل بر روان‌شناسی زن در ازدواج موقت، تهران: دانژه.

  1. رضادوست، کریم (1391). «بررسی جامعه‌شناسی برخی از عوامل مؤثر بر میزان دینداری (مورد مطالعه: دانشجویان دانشگاه شهید چمران اهواز)»، برناوه‌ریزی رفاه و توسعۀ اجتماعی، دورۀ سوم، شمارۀ 10، ص 38-1.
  2. رمضان بوطبی، محمدسعید (2010). المرأه بین طغیان النظام الغربی ولطائف التشریع الربانی، دمشق: دارالفکر.

رودگر، نرجس (1388). تاریخچه، نظریات، گرایش‌ها و نقد فمینیسم، تهران: دفتر مطالعات و تحقیقات زنان.

ریاحی، محمداسماعیل (1391). شناسایی همبسته‌های اجتماعی میزان و دلایل موافقت یا مخالفت با ازدواج موقت، خانواده‌پژوهی، سال هشتم، شماره 32، صص 509-490.

  1. زاهدپور، سید سعید. خیری، بهناز (1390). «بررسی نگرش زنان سرپرست خانواد تحت پوشش کمیتۀ امداد امام خمینی شهر شیراز به ازدواج موقت»، پژوهشناوۀ زنان، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، سال دوم، شمارۀ 2، ص 66-43.
  2. ساروخانی، باقر (1385). مقدمه‌ای بر جامعه‌شناسی خانواده، تهران: سروش.

ساناساریان، الیز (1384). جنبش حقوق زنان در ئێران، طغیان، افول و سرکوب از ۱۲۸۰ تا انقلاب 1357، ترجمۀ نوشین احمدی خراسانی، تهران: اختران.

  1. ستوده، هدایت‌الله (1389). «خانواده و خویشاوندی در گذر زمان»، فصلناوۀ پژوهش اجتماعی، دورۀ سوم، شمارۀ 9، ص 211-191.
  2. سلیمی، علی و داوری، محمد (1385). جامعه‌شناسی کجروی، قم: پژوهشگاه حوزه و دانشگاه.

سیستانی، سید علی (1392). توضیح المسائل، نشر نورالمبین.

شهریکندی، عبدالکریم (1368). احوال شخصیه و حقوق زوجین، بی‌جا:محمد صمدی.

شیخ صدوق (1413 هـ ق). من لا یحضره الفقیه، ج 3، قم: انتشارات جامعه مدرسین.

صفای اصفهانی، نزهت ( 1377 ). روایت امید اشوهیشتان، تهران: مرکز.

  1. طبرسی، بن فضل حسن (1365). مکارم الاخلاق، ترجمۀ سید ابراهیم میرباقری، تهران: فراهانی.
  2. عاشور، احمدعیسی (1386). فقه آسان، ترجمۀ محمد ابراهیمی، تهران: احسان.

عباسی شوازی، جلال و صادقی، رسول (1384). «قومیت و الگوهای ازدواج کردن در ئێران»، پژوهش زنان، مرکز مطالعات و تحقیقات زنان دانشگاه تهران، دورۀ سوم، شمارۀ اول.

عبدالرحمن المبارکفوری، تحفه الأحوذی شرح جامع الترمذی: 4/269

علوی، هدایتﺍلله (1377). زن در ئێران باستان، تهران: هیرمند.

  1. غزالی، محمد (1377). مختصر احیاء العلوم الدین، ترجمۀ محمدصالح سعیدی، سنندج: کردستان.
  2. فاضلی، نعمت‌الله (1383). «پیامدهای مدرنیته، تحلیلی بر تحولات خانواده و رفتار جنسی در بریتانیا»، فصلناوۀ مطالعات جوانان، شمارۀ 6، ص 171-145.

فخر رازی، محمد (بی‌تا). التفسیر الکبیر، بی‌نا.

  1. فضل الله، سید محمدحسین (1383). دنیای زن، تهران: دفتر پژوهش و نشر مهدوی.
  2. فقیهی، علی‌نقی. خدایاری فرد، محمد. غباری بناب باقر، شکوهی یکتا، محسن (1392). «بررسی الگوی دینداری از منظر قرآن و سنت». فصلناوۀ اندیشه دینی دانشگاه شیراز، شمارۀ 6(19)، ص41-70.
  3. قرشی، سید علی‌اکبر (1371). قاموس قرآن، جلد ششم، تهران: دارالکتب اسلامیه.

کاتوزیان، ناصر (1378). حقوق خانواده، تهران: شرکت سهامی انتشار.

  1. کجباف، محمدباقر (1384). «رفتارشناسی جنسی در اندیشۀ دینی»، فصلناوۀ مطالعات راهبردی زنان، سال هفتم، شمارۀ 27، ص 144-133.
  2. کریمی‌نیا، محمدمهدی (1390). «بررسی ازدواج موقت در دایره‌المعارف لیدن»، ترجمۀ شهلا حائری، مجلۀ تخصصی قرآن‌پژوهی خاورشناسان، شمارۀ 10، ص 73 تا 96.
  3. کلانتری، عبدالحسین. صادقی فسایی، سهیلا. رضانیا، صدیقه (1393). «مطالعۀ کیفی شرایط و زمینه‌های شکل‌گیری ازدواج موقت زنان»، زن در توسعه و سیاست، شمارۀ 47.
  4. گی روشه (1372). تغییرات اجتماعی، ترجمۀ منصور وثوقی، تهران: نی.
  5. گیدنز، آنتونی (1389). جامعه‌شناسی، ترجمۀ حسن چاوشیان، تهران: نی.
  6. متقی هندی، علاء‌الدین علی(977 ق)، کنزالعمال، انتشارات دارالحدیث ،ج16، ص279
  7. محبی، محمدعارف (1390). «خانواده و شاخص‌های تنظیم روابط جنسی»، فصلناوۀ معرفت، سال بیستم، شمارۀ 171، ص 73-57.

محمد بن احمد انصاری قرطبی، تفسیر قرطبی، 5/403.

مزداپور، کتایون (1393). خانواده در ئێران باستان، تهران: مرکز دایره المعارف بزرگ اسلامی.

  1. مطلبی، مرتضی (1344). «ترجمۀ رسالۀ عدالت از کتاب متاجر مرحوم شیخ‌ مرتضی انصاری» پایان‌ناوۀ کارشناسی ارشد، تهران: دانشکده حقوق و علوم سیاسی و اقتصادی.
  2. مطهری، مرتضی (1376). حقوق زن در اسلام، تهران: انتشارات صدرا.

مظاهری، حسین (1364). خانواده در اسلام، تهران: شفق.

منتظری مقدم، حامد (1384). «گونه‌هاى ازدواج در عصر جاهلیت»، فصلناوۀ تاریخ اسلام در آینۀ پژوهش، سال دوم، شمارۀ چهارم.

  1. مهدوی، محمدصادق (1377). بررسی تطبیقی تغییرات ازدواج، تهران: دانشگاه شهید بهشتی.

میرخانی، عزت السادات (1379). «مرزشناسی در ازدواج موقت»، مطالعات راهبردی زنان، شمارۀ 9.

  1. نازک‌تبار، حسین. جلودار، شهرام. حسینی، سیده زهرا (1394). «تحلیلی بر نوسازی و کارکرد خانواده در استان مازندران»، مطالعات زن و خانواده، دورۀ سوم، شمارۀ 2، صص 149-121.

نجفی، محمدحسن. جواهر الکلام (تلخیص)،‌ ج 30.

  1. نورعلیزاده میانجی، مسعود (1388). «مدل اسلامی مصون‌سازی رفتار جنسی با تأکید بر پیشگیری و درمان انحراف‌ها و مشکلات جنسی»، فصلناوۀ علمی تخصصی اسلام و روان‌شناسی، سال سوم، شمارۀ 5، ص 142-107.
  2. واگو، استیون (1373). درآمدی بر تئوری‌ها و تغییرات اجتماعی، ترجمۀ احمدرضا غروی‌زاد، قم: جهاد دانشگاهی ماجد.
  3. وثوقی، منصور و نیک‌خلق، علی‌اکبر (1374). مبانی جامعه‌شناسی، تهران: خردمند.

ولوجردی، محمد (1371). ازدواج موقت از ڕوانگه حقوقی، اجتماعی و اهل سنت، تهران: سارمان تبلیغات کشور.

  1. هاشمی بهرمانی، عماد (1392). اعتدال و پیروزی (هاشمی رفسنجانی کارناوه و خاطرات 1369). تهران: دفتر نشر معارف انقلاب.

هاشمی رفسنجانی، علی اکبر (1377). ازدواج دائم و ازدواج موقت از نظر اسلام، تهران: موجودی.

  1. یاری‌نسب، فاطمه. توحیدی، افسانه. حیدری، عفیفه. عسکری، زهرا (1394). «نگرش دانشجویان نسبت به ازدواج موقت (مورد مطالعه: دانشگاه شهید باهنر کرمان)»، فصلناوۀ فرهنگ در دانشگاه اسلامی، دورۀ پنجم، شمارۀ 16، ص 364-347.
  2. Arnet, J.J. (1995), “Broad and Narrow Socialization: The Family In The Context Of A Cultural Theory”, Journal of Marriage and the Family, Vol, 57.
  3. Baumrind, D. (1967). “Child care practices anteceding three patterns of preschool behavior”. Genetic Psychology monographs, 75.
  4. Beck, G. (1995). The Normal Chaos of Love. London: Polity Press.
  5. Butler, T (1998). Gender Truble, Feminism and The Subversion of Identity, London: Routledge.
  6. Davies, P. T., Myers, R. L. & Cummings, M. E. (1996) Responses of children and adolescents to marital conflict scenarios as a function of the emotionality of conflict endings. Merrill-Palmer Quarterly, 42, 1– 21. Review of the literature. Clinical Child and Family Psychology Review, 5(4), 255–271.
  7. Elbedour, S., Onwuegbuzie, A. J., CarIdine, C. & Abu-Saad, H. (2002). The effect of polygamous marital structure on behavioral, emotional, and academic adjustment in children: a comprehensive review of the literature. Clinical Child and Family Psychology Review, 5(4), 255–257.
  8. Foucault, M. (1993). Power and Knowledge, London
  9. Hall, S. (2005). A Postmodern View of Feminism, London
  10. Horrocks, R. (1997). An Introduction to the Study of Sexuality. London: Mcmillan Press LTD
  11. Jaggar, A. (1998): Gender, Body, Knowledge: Feminist Reconstractions of Being and Inowing, Rutgers University Press, New York.
  12. Jones, A. (1996). Feminism Reclaimed, New York.
  13. MacDonald, P. (2006). “Low Fertility and the State: The Efficacy of Policy”. Population and Development Review, 32 (3).
  14. MacDonald, P. (2006). “Low Fertility and the State: The Efficacy of Policy”, Population and Development Review, 32 (3).
  15. Mackinnon, Catharine, (1987). Feminism Unmodified: Discourses on life and Law, Harvard University Press.
  16. Macuch, M. (2003). ”The function of Temporary Marriage in the context of Sasanian Family Law”, Proceeding of the fifth conference of the societas Iranologica Europaea held in Ravenna, October 6-11, vol.I: Ancient and Middle Iranian studies, ed.by A.panaino/ A. Piras, pp.585-597.
  17. Perikhanian. A. (1980). The Book of a Thousand Judgments (A Sasanian Law Book) (MHD): Costa Mesa.
  18. Stark, R., & Glock, C.Y., (1968). American Piety: The Nature of Religious Commitment. Berkeley: University of California Press.
  19. Weeks, J. R. (2002). Population: An Introduction to Concepts and Issues, Eighth Edition, Wadworth.

لە کۆمەڵگای ئێران ڕوانگەی لێکدژ سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی بوونی هەیه. لایەنگران هاوسەرگیریی کاتی بە هۆکاری ڕێگری لە داوێنپیسی و داڕمانی ئەخلاقیی کۆمەڵگا دەزانن؛ لە حاڵێکدا دژبەران، هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگەیەک بۆ هەوەسبازی و ڕابواردنخوازیی پیاوان و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان دەزانن. لە لایەکی تریشەوە بەشی ئاین‌پەروەر و نەریتخوازی کۆمەڵگای ئێران، لە چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی نیکاحی کاتی قبووڵ کردووە و پێی پابەنده. لە فیقهـ و یاسای فەرمیی وڵات، هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی سەرەڕای ناوەڕۆکە جیاوازەکەیان هاوشێوە سەیر دەکرێن و هەتا هەنووکە وەک بابەتێکی جیا و سەربەخۆ ئاوڕ لەم بابەتە نەدراوەتەوه. ئاڵۆزیی یاسایی و ئایینی سەبارەت بە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، بە بێ ڕەچاوکردنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئێران دەرهاویشتەگەلێکی ناخۆشی وەکوو منداڵ‌هاوسەری، وازهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە خوێندن، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و خەسارەتە جەستەیی و دەروونییەکان بەتایبەت بۆ کچان و ژنانی لێ کەوتۆتەوه. پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی دەتوانێ بە مەبەستی کەمترکردنەوەی دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ڕێکارێکی بنەڕەتی بێت.

 

 دابەزاندن PDFی وتار