C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

ناهاوسانانی ئێران هاووڵاتیانی بێ‌ماف!

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران: شیکارییەک لە سەر یاساکان و ڕێکاری یاسایی بۆ ناهاوسانان لە ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

LGB in Iran, citizens with no rights؟

A comprehensive study on LGB in Iran: Analysing current laws, discussing legal rights of LGB’s and way forward

By: Kameel Ahmady

پوخته

زۆربەی ئەو ڕاپۆڕتانەی کە هەتا ئێستا لەبارەی کۆمەڵگەی ناهاوسانان ئامادە کراوه، سەبارەت بەو کەسانەیە کە لە ئێستادا، لە ئێران نەماون و لە وڵاتێکی دیکەدا ژیان بە سەر دەبەن و هێشتا زانیارییەکی ئەوتۆ لە بارەی ئەزموونی کەسانی ناهاوسانی دانیشتووی ئێران بوونی نییه. بە شێوەی تایبەت، لە بارەی ژیان و هەستی ئەوان لە ئێران و چۆنیەتی کارتێکراویی ئەزموونەکانیان بە هۆی شوناسی ڕەگەزییان توێژینەوەیەک لە بەردەستدا نییە یان ئەگەر هەیە ئەم زانیارییانە سنووردارن. ئەم توێژینەوە بە نیازە ئەم بۆشاییە زانستییە لە بارەی بابەتێکی تا ئەم ڕادە گرنگە پڕ بکاتەوه. ئەم توێژینەوە زۆر ئاڵۆزه، چوونکە لە ڕوانگەی گشتی و سادە بۆ هۆگریی سێکسی و بیر و بۆچوونی پەیوەست بە ڕەگەزێتی لە بواری ژیانی تایبەتی و گشتی تاک سەرتر چووە. لەم توێژینەوەدا کورتە مێژووی یاسای وڵاتانی جیاواز بە ئایینی جیاواز لە بارەی ئاستەنگە سەپێنراوەکانی دژ بە مافەکانی ناهاوسان تاوتوێ دەکرێت. هەروەها تیشک دەخاتە سەر بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی ناهاوسانان لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان کە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە دژ بەم یاسایانە ئەنجا دراوە و ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە ئامادەکردنی یاساگەلی پشتیوانی لە مافەکانی ناهاوسانان تاوتوێ دەکرێ و لە کۆتاییدا یاسا ناوخۆییەکانی ئێران لەبارەی ناهاوسانان لێک دەدرێتەوە.

ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژە لێکۆڵینەوەییە تێگەیشتن لە هەست و باوەڕی سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران لە ڕێگەی شیکاریی ڕەخنەگرانە لە ڕوانگەی ئەم کەسانە خۆیان و هەروەها لێکدانەوەی ئەو چالنجانەیە کە ئەوان بە هۆی ژیان لە ناو کۆمەڵگایەکی ئایین‌پەروەر، چین‌تەوەر، نەریتخواز و باوکسالار کە – ناهاوسانی وەک شوناسێک ڕەت دەکاتەوە – بە ئەزموونی دەکەن. لە ڕاستیدا پرسیاری لێکۆڵینەوە لێرەوە دەست پێدەکات. زەروورەتی فوکووس خستنە سەر کۆمەڵگەی ناهاوسانان و خەسارهەڵگریی ئەم کەسە سەرکوتکراو و ناچار بە بێدەنگیکراوانە بوو بە ئەنگێزەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخی ئەم کەسانە کە بە ئەنقەست پشتگوێ خراون و لە لایەن کۆمەڵگاوە خراونەتە پەراوێزەوه.

فوکووسی ئەم لێکۆڵینەوە قووڵە لە سەر پتر لە 400 کەس – 60 لە سەدیان پیاو و 40 لە سەدیان ئافرەت بوو – لە سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان بوو و ئەم لێکۆڵینەوە لە ساڵانی 1395 و 1396ـی هەتاوی ئەنجام درا. لەم توێژینەوەدا بۆ هەڵبژاردنی کەسەکان شێوازی نموونەگیریی تۆپەڵە بەفر بە کار هێنرا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پانتای ئەم لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە تەنیا لە سەر ناهاوسانانی هۆگریی سێکسی چڕ بۆتەوە و کەسانی تڕەنسی (کە هەڵگری هەر دوو لایەنی ژنانە و پیاوانەی ڕەگەزێتین و ئەم دوو لایەنە هەر دووکیان بە شێوەی هاوکات چالاکن) تاوتوێ نەکردووه. کەسانی تڕەنس بە ئەنقەست نەهێنراوەنەتە ناو ئەم لێکۆڵینەوه، چوونکە لە ئێران، تا ڕادەیەک لە ڕووی یاساییەوە پێگەیان قبووڵ کراوه.

بێگومان ئەم توێژینەوە دەلاقەیەکە بەرەو ڕووی ژیانی ناهاوسانان لە ئێران کە ژیانێکی شاراوەیان هەیە و هیوادارین ئەنجام و کۆبەندییەکانی ئەم توێژینەوە ببێتە هۆی سیاسەتی و دەستێوەردانی نوێ.

وشە کلیلییەکان: ناهاوسان، هۆگریی سێکسی، مافەکانی ناهاوسانان، نموونەگیریی تۆپەڵە بەفری

پێشەکی و بەراییەکان

لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا لە یەکەم چرکەساتی دروستبوونی نوتفه، بە پێی چەمکی پیاو یان ژن ڕەگەزێتییەک بە منداڵ دەدرێ و ئەوان بە جۆرێ بە کۆمەڵایەتی دەبن کە بە پێی ئەم ڕەپاڵدانه، لەگەڵ ڕۆڵە ڕەگەزێتییە تایبەتەکانیان گونجاو بن: منداڵان لە تەمەنی نێوان دوو هەتا سێ ساڵان بە پێی جۆری کەرەسەی یاری و ئەو یارییانەی کە ئەوان پێیان باشترە و دەستنیشانی دەکەن دەست دەکەن بە هاوشێوەسازیی کلیشە ڕەگەزێتییەکان. بابەتی پێباشبوونەکانی ئەوان پۆشاک، کەرەسە و ئیشی ماڵیش دەگرێتەوه.

هەر بەم پێیە دەورە ڕەگەزێتییەکان بێچم دەگرێ و دواتر لە ڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە قبووڵ دەکرێ و دایناویکە سیاسی و ئابوورییەکان بەهێز دەبێت. هەر ڕفتارێک لە دەرەوەی ئەم نۆڕم و ڕۆڵە ڕەگەزێتییە قبووڵکراوانە کە دژی هەر چەشنە سازانێکی کۆمەڵایەتی بێ قبووڵ ناکرێت و بەرگەی هیچ لادان یان گۆڕانێک ناگرێ، چوونکە بە نیازە تەنیا ئەو گێڕانەوانە بپارێزێ کە زۆر بە لای خۆیەوە پڕبایەخن. بوونی هەر چەشنە پەیوەندی یان هۆگریی سێکسی کە لە دەرەوەی بازنەی ئەم نۆڕمە پێشنیارکراوە کۆمەڵایەتییانە (واتە پیاوان لەگەڵ ئافرەتان) بێ بە کفراوی دادەنرێت. نۆڕم و عوڕفی کۆمەڵایەتی و بەها ئایینییەکان و لە قۆناغی دواتر یاساکانی دەچنە ڕیزی ئەم زەختانەوە.

لە درێژایی مێژوودا، پۆلێنبەندیی ناهاوسانان هەر هەموو ئەم نۆڕم و سیستەمە دووجەمسەرییەی بە چالنج کێشاوه. ناهاوسان (LGBT) وشەیەکە کە بۆ ئاماژە بە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانی ژن، هاوڕەگەزخوازانی پیاو، دوو‌ڕەگەزخوازان و تڕەنسەکان بە کار دەهێنرێت. (هەر پیتێکی ئەم وشە کورتکراوە پانتایەکی بەرفراوان لە نەتەوه، ئێتنیک؛ تەمەن، پێگەی کۆمەڵایەتی – ئابووری و شوناسەکان لە خۆ دەگرێت.”

ئەم کەسانە بە هەموو جۆرەکانیانەوە و لە هەموو سەردەم و سەدەیەکدا بەشێک لە کۆمەڵگا بوون. کاتز (1995) دەڵێ «پێکهاتەخوازانی کۆمەڵایەتی دەتوانن زۆر داڕشتەی مێژوویی بدۆزنەوە کە تێیاندا کەسەکان پەیوەندییان لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیان هەبووه؛ بەڵام تەنیا لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم بوو کە وشە تایبەتەکان، ئێتیکێتیان لە سەر پۆلێنبەندییە ڕفتارە سێکسییەکان (بە شێوەی دیاریکراو یان هاوڕەگەزخواز یان دیتر‌ڕەگەزخواز) دا.»

لەو کۆمەڵگایانەی کە نۆڕم و عوڕفی کۆمەڵایەتی بێژوومار و نەریتیی و بەهای ئایینی و یاسای تایبەتی لە دژی ڕفتاری سێکسی ناهاوسانان بوونی هەیه، جۆرێک ترس و دەمارگرژی لە دژی ناهاوسانان بەدی دەکرێ کە لە چوارچێوەی وشەگەلی وەکوو هاوڕەگەزخوازتۆقێنی، دوو‌هاوڕەگەزخوازتۆقێنی و تڕەنستۆقێنی خۆی دەنوێنێت.

هاوڕەگەزخوازتۆقێنی سەرەڕای هەموو تایبەتمەندییەکانی دەبێتە هۆی تاراندن لە لایەن هاوڕێیان و بنەماڵە. بە شێوەی تایبەت، هەڵاواردن دەتوانێ ببێتە هۆی بێبەشبوون لە پیشەی پڕداهات، بیمەی تەندروستی و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی. باری سۆزداری ئەم بابەتە دەتوانێ بۆ کەسەکان قورس بێ و تەندروستیی دەروونییان تێک بدا یان داپەڕی خۆکوژی یان بیر و خەیاڵی پەیوەست بە خۆکوژی بەدی بێنێت. هەموو ئەم فاکتەرانە دەبنە هۆی ئەوەی کەسی هاوڕەگەزخواز نەتوانێ بە ئاسوودەیی هۆگریی سێکسیی خۆی دەرببڕێ و ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵکشانی ئاستی ئیسترێس و سنوورداربوونەوەی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی نەرێنی لە سەر تەندروستی دادەنێت. ئەم سۆزانە هۆکاری پرۆسەی خۆڕووخێنەری وەکوو ڕفتارگەلی هاوشێوەی خواردنەوەی کحۆل، بە کارهێنانی مادەی هۆشبەر، ڕفتاری سێکسیی مەترسیدار و زیانبەخش.

ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دوو‌ڕەگەزخواز دەزانن زۆر جار لە لایەن دیتر‌ڕەگەزخوازانەوە ئازاریان پێ دەگا کە شوناسی ئەوان بە “قۆناغێکی تیژتێپەڕ” یان بە زمانێکی سادە ناشەرعی دەزانن. دوو‌ڕەگەزخوازتۆقێنی کاریگەرییەکی ڕووخێنەری لە سەر ژیانی کەسانی دووڕەگەزخواز هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆریان بشاردرێنەوە و بۆ خۆ دوورخستنەوە لە گاڵتەجاڕی و دەرکران «لە سندووق»ـدا بمێننەوه. ئەم مەسەلە دەتوانێ کاریگەری لە سەر چاکژیانەوە و هەستی شوناسی ئەوان دابنێت. یەکێک لە خراپترین لێکەوتەکانی دووڕەگەزخوازتۆقێنی هەڵاواردنێکە کە کەسی دوو‌ڕەگەزخواز نە تەنیا لە لایەن کۆمەڵگا بەڵکوو لە لایەن هاوڕەگەزخوازانەوە تووشی دەبێت. مۆنرۆ (2015) ڕوونی دەکاتەوە کە گەیەکان و لزباینەکان ئەم کەسانە – کە پێشتر خراونەتە پەراوێزەوە – ئازار دەدەن بۆ ئەوەی سەرتری خۆیان تۆکمە بکەن.

تڕەنستۆقێنی دەتوانین ترس و بێزاری یان بێ‌متمانەیی بەرامبەر بەو کەسانە بزانین کە تڕەنسن یان کەسانێک کە ڕفتارە تڕەنسێتییەکەیان لەگەڵ دەورە ڕەگەزێتییە نەریتییەکەیان هاوئاراستە نییه. ڕایان جووێل (2009) تڕەنستۆقێنی بە ترس و بێزاریی نالۆژیکی لەو کەسانە پێناسە دەکا کە لە دووجەمسەرێتی ژنانە – پیاوانە تێپەڕیون، ڕووشاندوویانە یان بەزاندوویانە. ئایین یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی دژی قبووڵکردنی هاوڕەگەزخوازی و هاوسەرگیریی هاوڕەگەزەکانه. ئینجیل بە چیرۆکەکانی بەڵێنی کۆن ئێمە لەگەڵ هەندێ لە یەکەمین تابۆکانی ئەم بوارە ئاشنا دەکات. نموونەی ئەم چیرۆکە ژیانناوانە لە سەفەری لاڤیان هاتووه: «ئەگەر پیاوێک بەو چەشنەی کە لەگەڵ ئافرەتێک هاوجێیەتی دەکا، لەگەڵ پیاوێکی دیکە هاوجێیەتی بکا، هەر دووکیان تاوانێکی دزێویان لێ وەشاوەتەوه: بێ‌گومان ئەوان دەبێ بە مەرگ سزا بدرێن؛ ئۆباڵی خۆینیان دەبێ لە گەردنی خۆیان بێ.» هەموو قوتابخانە گەورە ئیسلامییەکان هاوڕەگەزخوازی ڕەت دەکەنەوە و هۆگریی بۆ هاوڕەگەز بە سۆسەیەکی ناسرووشتی لە قەڵەم دەدەن. ئەم پەیوەندییە سێکسییە وەک کردەوەیەکی پێچەوانەی ڕۆڵی سرووشتی و ئامانجی چالاکیی سێکسی بەدی دەکرێت. لە ئایینی جوولەکەدا، تەوڕات (پێنج کتێبی یەکەمی ئینجیل) دەڵێ: «[پیاو] وەک ئەوەی لەگەڵ ئافرەتێک دەخەوێ، بۆی نییە لەگەڵ پیاوێکی دیکە سەرجێیی بکا. ئەمە سەرشۆڕییه.»

ئەم هەست و وانە ئایینییانە زۆر جار لە چوارچێوەی یاسادا بەدی دەکرێن و کۆمەڵێ ئاستەنگیان خستۆتە بەر دەم ناهاوسانان و بە سەرکوتکردنیان لە ڕێگەی میکانیزمی پۆلیسی و یاسایی وڵامیان دەدەنەوه. نموونەگەلێک لەم سزایانە بریتییە لە دیاریکردنی سزای نەختی بۆ ڕفتاری سێکسیی ڕێککەوتووانە لەگەڵ هاوڕەگەز و زیندان یان سزای مەرگ.

لە ئێستادا یاساکانی پەیوەست بە هۆگریی سێکسی زۆر ئیدعای گشتایەتی دەکەن، چوونکە پەیوەستە بە توخمێک لە سرووشتی تاک کە لە هەموو مرۆڤەکاندا بوونی هەیه، واتە ئارەزووی سێکسی. کەواتە ئەم چەمکە پێویستی بە پێناسەی ژێرلقێکی دیاریکراو لە مرۆڤایەتی نییە کە ئەم یاسایانە بیانگرێتەوه. بە ڕوانینێکی ئەرێنی بۆ ئارەزووی سێکسی وەک ڕەهەندێکی بنیاتی لە ناخی مرۆڤ و پێوەڕێکی ناوەندی بۆ گەشەی تەواویی کەسایەتی مرۆڤ، مافە سێکسییەکان بۆ بەراوەژووکردنی نە تەنیا “کەمینەی سێکسی”، بەڵکوو “زۆرینەی سێکسی”ـی کۆمەڵگا دەفرایەتییەکی زۆر لە خۆ دەگرێت.

بابەتی هۆگریی سێکسی و مافەکانی مرۆڤ بابەتێکی بەربڵاو و سیاسییه. دەمارگرژییەکان، کلیشە نەرێنییەکان، و هەڵاواردن بە قووڵی لە ناو سیستەمی بەهاکانی کۆمەڵگا و سەرچەشنە ڕفتارییەکان و هۆگرییە سێکسییەکاندا بنجیان داکوتاوە. سەرەڕای ئەوەی تەنیا دەسەڵات تاکە کاراکتەر یان تەنانەت کاراکتەری سەرەکی مافەکانی پەیوەست بە هۆگریی سێکسی نییه، بەڵام لەم بوارەدا دەوری تەوەری دەگێڕێت. بێگومان بابەتی هۆگریی سێکسی وەک مافێکی سەرەکی بابەتێکی قووڵی سیاسییه. لە ڕاستیدا کاتێک سەرنج لە سەر ماف و یاسا فەرمییەکانه، دەسەڵات کاراکتەری سەرەکیی سیاسەتداڕێژییە؛ تەنانەت ئەگەر تێگەیشتنی گشتیتر ئەوە بێ کە هۆگریی سێکسی لە پەیوەندیی لەگەڵ زۆرێک لە سیستەمە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ناوتاکایەتی و نێوان‌تاکایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بێچم دەگرێت.

لەم توێژینەوەدا هەوڵ درا بۆ ئەوەی یاسا جۆراوجۆرە جیهانییەکان و هەروەها یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتە جیاوازەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ مافی ناهاوسانان شی بکرێتەوە و وێڕای پیشاندانی پێگەی وڵاتی ئێران لە ناو ئەم یاسایانەدا بە ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی لە سەر ئاستی هەر سێ شاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد بۆچوونی ناهاوسانان بخرێتە بەر تیشکی لێکدانەوه.

ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوه

“هاوڕەگەزخوازی” شوناسێکە کە تاک تێیدا خۆی وەک گەی یان لزباین، واتە هاوڕەگەزخوازی پیاو یان ژن دەزانێت. لەم شوناسەدا، تاکەکان لە بنەڕەتەوە ڕاکێشی کەسانی هاوڕەگەزی خۆیان دەبن و لەگەڵیان پەیوەندیی سێکسی ساز دەکەن. ڕفتاری هاوڕەگەزخوازانە زیاتر لەو پیاو و ئافرەتانە دەوەشێتەوە کە ڕاکێشیی سێکسییان بۆ کەسانی هاوڕەگەزی خۆیان هەیه. هاوڕەگەزخواز کەسێکە کە زیاتر لە ڕووی فیزیایی، سۆزداری و / یان سێکسی ڕاکێشی کەسانی هاوڕەگەزی خۆی دەبێت. لە سەردەمێکدا ئەم وشە بە هۆی کورتە مێژوویەک کە تێیدا لە ڕیزبەندیی نەخۆشییە دەروونییەکاندا جێ کرابۆوە، بە ناو و ناتۆرە سەیر دەکرا.

“گەی” پیاوێکە کە زۆر جار لە ڕووی سۆزداری، فیزیایی و / یان سێکسییەوە هۆگری کەسانی هاوڕەگەز و / یان ڕەگەزی هاوشێوەیه. ئەم وشە زیاتر دەڕوانێتە ئەو پیاوانەی کە ڕاکێشی پیاوان دەبن؛ بەڵام دەتوانین ئەمە بۆ ئافرەتانیش بە کار ببەین. ئەم وشە گشتییە زۆر جار بۆ ئاماژەکردن بە حەشیمەتی ناهاوسانان بە گشتی یان وەک شوناسێکی یەکسان بۆ کەسێک بە کار دەبرێ کە خۆی بە دیتر‌ڕەگەزخواز نازانێت. مەبەست لە لزباین ئەو ئافرەتانەیە کە توانای هۆگربوونی ڕۆمانسی، حەشەری و / یان سۆزدارییان بۆ ژنانی دیکە هەیه.

“دووڕەگەزخواز” کەسێکە کە لە ڕووی سۆزداری، فیزیایی و / یان سێکسییەوە هۆگرێتی هەم بۆ پیاو و هەمیش بۆ ئافرەت هەیه. پێویست ناکا ئەم هۆگرییە یەکسان بێ یان پیشاندەری هۆگریی یەکسان بۆ ئەو ڕەگەز یان ڕەگەزانە بێ کە کەسەکە مەیل و ئازرەزووی بۆیان هەیه. وشەی دوو‌ڕەگەزخوازی بۆ پێناسەی بوونی هەر دوو ڕەهەندی ئافرەتانە و پیاوانە لە هەموو تاکەکانی مرۆڤ بە کار دەهێنرێت. ژنان و پیاوانی دوو‌ڕەگەزخواز کەسانێکن کە نە تەنیا بۆ کەسانی هاوڕەگەزی خۆیان، بەڵکوو بۆ کەسانی ڕەگەز بەرامبەریش هۆگریی سێکسیی هاوشێوەیان هەیه. دوو‌ڕەگەزخوازی لە ژناندا باوتره.

“تڕەنس” وشەیەکی گشتییە بۆ ئاماژە بەو کەسانەی کە شوناسی ڕەگەزێتییان لەگەڵ ڕەگەزی ڕەپاڵخراویان لە کاتی لە دایکبوونیاندا یەک نییه.

تڕەنسەکانیش هاوشێوەی هاوڕەگەزخوازان هەمیشە بوونیان بووه. ئەوان فەرامۆشکراوترین گرووپ لە بزووتنەوەی ناهاوسانن و پیتی چوارەمی LGBT پیشاندەری ئەم کەسانەیە کە هەندێ جار لە لایەن کۆمەڵگەی گشتی لزباین و گەیەکان تووشی بێڕێزی و بەرهەڵستی دەبنەوه. کەواتە پێناسەی دامەزراوەی پزیشکی “زاراوەی تڕەنسێتی ئاماژە بەو حەشیمەتە جۆراوجۆرانە دەکا کە بە شێوەی دیاریکراو خۆیان لە نۆڕمە ڕەگەزێتییەکان جیا دەکەنەوه.”

“دیترڕەگەزخوازی” دژی هاوڕەگەزخوازییە و تایبەتمەندیی کەسێک پێناسە دەکا کە هۆگریی سێکسی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر هەیه. لە ڕاستیدا دیترڕەگەزخواز کەسێکە کە بەردەوام لە ڕووی فیزیایی، سۆزداری و یان سێکسییەوە هۆگریی سێکسی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر هەیه. دیترڕەگەزخوازی تاکە هۆگرییەکی سێکسییە کە تێیدا پەیوەندیی سێکسی و ژن‌ومێردێتیی کەسانی ڕەگەز بەرامبەر زیاتر ڕوو دەدات. دیترڕەگەزخوازنۆڕمی باوەڕێکە کە پشتیوانی لە دیتر‌ڕەگەزخوازی دەکا و زیاتر پەیوەستە بە دیتر‌ڕەگەزخوازسالاری و هاوڕەگەزخوازتۆقێنییەوه.لە بواری ڕفتاری مرۆیی، پرسی کۆنی سرووشت لە هەمبەر پەروەردە و کاریگەریی ژینگه، چ ژینگەی بەر لە لەدایکبوون و چ ژینگەی ژیانی تاک یان ژێنەکان لە باسە گرنگەکانی بواری هۆگریی سێکسییه. زۆربەی توێژەران باوەڕیان وایە کە فاکتەرە بایۆلۆجیک و کۆمەڵایەتییەکان لە بەدیهاتنی هۆگریی سێکسیدا کاریگەرن، هیچ چەشنە بەڵگەیەکی لێبڕاوەش بۆ سەلماندنی فاکتەرێکی دیاریکراو بۆ هاوڕەگەزخوازی بوونی نییه. خوێندنەوە جیاوازەکان ئاماژە بە فاکتەرە دیاریکەرەوە جیاوازەکان و تەنانەت لێکدژەکان دەکەن، بەڵام بیرمەندان پێداگری دەکەن کە ئاوێتەیەک لە فاکتەرە ژنێتیکی، هۆرمۆنی و کۆمەڵایەتییەکان هۆگریی سێکسی دیاری دەکەن.

زۆرێک لە تیۆرییە سەرەتاییەکان فاکتەری ژینگەیی (وەکوو پەیوەندیی لاواز لەگەڵ دایک و باوک و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازان لە تەمەنی کەم)ـیان بە هۆکاری هاوڕەگەزخوازی دەزانن. سیگمۆند فڕۆید یەکێک لە داکۆکیکارانی سەرەکیی ئەم تیۆرییە بوو. فڕۆید لە سەروبەندی ژیانی خۆیدا چوار تیۆری سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی خستە ڕوو. یەکەمین تیۆرییەکانی ئەو دەیانوت هاوڕەگەزخوازی لە گرێی ئۆدیپەوە سەرچاوەی سەندووه؛ بەو واتایەی کە کوڕێکی کەم‌تەمەن پەیوەندییەکی هەوەسانەی ئاسایی لەگەڵ دایکی خۆی ساز دەکا؛ بەڵام دایک سۆزێکی زۆر بە کوڕەکەی دەبەخشێ و لە ئەنجامدا کوڕ بە شێوەیەکی ڕاڕایی ئەندامی زاوزێ خۆی بە لاوە گرنگ دەبێت.

تیۆرییەکی دیکەی ناوبراو دەڵێ منداڵ جیاوازیی نێوان خۆی و ئەوی تری نازانێ و وا دەزانێ دایک ئاناتۆمییەکی هاوشێوەی ئەوی هەیه. لە قۆناغی خۆپەسندی، منداڵ پەی بە جیاوازبوونی خۆی لە دایکی دەبا و حەڕەشەی نێرەمۆکی دەتوانێ سزایەک بێ بۆ هەستی هەوەسبازانەی ئەو. کەواتە ئەو بە شێوەیەکی ڕاڕاییانە نوقمی ئەندامی زاوزێ خۆی دەبێت. بە گوێرەی تیۆرییەکی دیکه، کاتێک کە منداڵ بۆی دەردەکەوێ کە دایکی ئەندامی زاوزێی پیاوانەی نییه، وەحشەت دەکا و خۆشەویستی ئەو بۆ دایکی دەبێتە بێزاری. لەو کاتەوه، ناوبراو ژنێک بە ئەندامی زاوزێی پیاوانەوە دەستنیشان دەکا (کوڕێ بە پڕەنسیپی ئافرەتانەوه). تیۆریی چوارەم و دواییەکەی چەشنێکی دیکەی گرێی ئۆدیپ بوو کە دەیکوت کوڕانی هاوڕەگەزخواز عەشقێکی بەتینیان بۆ دایک و ئیرەییەکی لە ڕادە بەدەریان بەرامبەر بە باوک هەیه. ئەم ئیرەیی‌بردنە بە باوک بە شێوەی ئاوات‌خوازیی بۆ مەرگ و خەیاڵ‌پەروەرییەکی سادیستییانە لە توندوتیژیی خۆی دەنوێنێت. لە ئەنجامدا وەک کاردانەوە، منداڵ ئەم هەستانە دەکا بە هەستی عەشق بۆ هاوڕەگەز. هەندێ شارەزاش هەن کە تیۆرییە بایۆلۆجیکییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی هۆگریی سێکسی پەسند دەکەن.

تیۆرییە بایۆلۆجیکییەکان زاراوەی هۆگریی سێکسی بۆ ئاماژە بەو جینانە (ژێن) بە کار دەبەن کە لە ڕێگەی ستڕۆییدە سێکسییەکانی بەر لە لەدایکبوون هاوکاریی گەشە، ڕێکخستن و پێکهاتەی سیستەمی عەسەبی دەکەن. پێکهاتەی کیمیایی و پێکهاتەی مێشک لەم ماوەی کۆتاییدا شرۆڤە کراوە و لە توێکارییەکدا جیاوازییەکانی پیاوانی هاوڕەگەزخواز پیشان دراوه. خوێندنەوەی دەروونپزیشکیی زانکۆی بۆستۆن، ڕیچاڕد پیلاڕد و دەروون‌ناسیی زانکۆی نۆڕستێڕن، جی. مایکل بیلی، سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی و دووانە کوڕە لێکچوو و لێکنەچووەکان پیشانی داوە کە لە دوانە لێکچووەکان ئەگەر یەکیان گەی بێ، چانسی گەی‌بوونی ئەوی تر نزیکەی 50 لە سەده. سەبارەت بە دووانە لێکنەچووەکان ئەم ڕێژە نزیکەی 20 لە سەد بوو. لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە 8 بۆ 12 لە سەدی برایانی پیاوانی گەییش گەیین و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕێژە لە حەشیمەتی گشتیدا 2 بۆ 4 لە سەده.

لە بواری ئەدەبیاتی ئەزموونی دەتوانین بڵێین لە ڕوانگەی نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و هاووڵاتی و گەشەی ناهاوسانی، ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە بابەتی ناهاوسانیان تاوتوێ کردووه. چان (2002) پیشان دەدا کە چۆن لە چاو دیتر‌ڕەگەزخوازان، ناهاوسانان لە هۆنگ کۆنگ ڕووبەڕووی ڕفتاری نایەکسانی دەبنەوه.

هەر بەم شێوه، ئۆچا تێدەکۆشێ توێژینەوەیەک سەبارەت بە پیشەسازیی سێکسی لە وڵاتی تایلەند و ئەم بابەتە ئەنجام بدا کە چۆن ئاراستە و ڕفتاری نوێ لە وڵاتی تایلەند خەریکە دەردەکەوێت. یەکیەتی ئازادیی هاووڵاتیی ئەمریکا (ACLU) هەمیشە لە دادگاکاندا زۆر چالاک بووە بۆ ئەوەی دەستەبەریی مافەکانی ناهاوسانان بکات. گۆڤاری ئەو یەکیەتییە لە ژێر ناویSTAND ڕاپۆڕتێکی ترسناکی سەبارەت بە بارودۆخی مافەکانی گەی لە سەر ئاستی هەموو دنیا بڵاو کردەوه. جاڕد پۆلیس (Jared Polis) ڕێکخراوێکە کە بۆ وەستاندنی هەموو بێچم و شێوازەکانی هەڵاواردن، و هاوئاراستەکردنی یاسا لەگەڵ بەها گونجاوەکانی سەردەم، خۆی بە پابەند دەزانێت. لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2015، جارد هاریکاریی دامەزراندنی یەکەمین گرووپی کاریی یەکسانی تڕەنسەکان لە سەر ئاستی کۆنگرە کرد.

لە ئێراندا کەم توێژینەوە سەبارەت بە ناهاوسانان و بەتایبەت بارودۆخی یاسا ناوخۆییەکانی پەیوەست بەوان ئەنجام دراوە . پرۆژەی زانیاری و توێژینەوەی خۆرهەڵاتی نێوەراست (MERIP) زانیاری لەبارەی ڕێکخراوی داپەڕی ئاشکرای جیهانی (کە پێش لەمە پێی دەوترا کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی کەسانی گەی و لزباین) بڵاو کردەوه. لە مانگی ئاکتەوبەری ساڵی 2015ـی زایینی ڕێکخراوی داپەڕی ئاشکرای جیهانی بۆ وتوێژ سەبارەت بە هەندێ پرسی ئایینی، یاسایی و کۆمەڵایەتی، کە کەسانی ناهاوسانی دانیشتووی وڵاتی ئێران ڕووبەڕووی دەبنەوه، سێ کارناسی کۆ کردەوه. پێشتر لە ساڵی 2012 و 2014 زایینی، دوو خولی دانیشتن لە دۆسۆلدۆرفی ئەڵمان بەڕێوە چوو کە تێیدا داپەڕی جیهانیی ئاشکرای یاساناسان، چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و خوێندکارانی زانکۆی بۆ بەشداری لە کۆڕێک سەبارەت بە بارودۆخی ناهاوسانان لە وڵاتی ئێران کۆ کردبۆوه. ناوی ئەم کۆڕە “مافەکانی ناهاوسانان لە ئێران” بوو. ڕاپۆڕتەکان لە ژێر ناوی “مافەکانی لزباین، گەی، دوو‌ڕەگەزخوازان و تڕەنسەکان لە ئێران” پوختەیەک بوو لە ئەنجام و ئاکامگرتنی کۆنفڕانس و ئاراستەی نوێ بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی مافەکانی ناهاوسانانی ئێرانی.

لە ساڵی 2013ـی زایینی، ناوەندی دێکۆمێنتسازیی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕاپۆڕتێکی 60 لاپەڕەیی بە ناوی «شوناسی نکۆڵی لێکراو: پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی کۆمەڵگای ناهاوسانی ئێران» ئامادە کرد. سەرەڕای ئەوەی چەندین دیمانە لەگەڵ گەی، لزباین و تڕەنسە ئێرانییەکان ئەنجام دران، بە هۆکاری ئەمنی، زۆربەی دیمانە لەگەڵکراوان ئیتر لە ئێراندا نەدەژیان. ئەم توێژینەوە بریتییە لە دیمانە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەنووکە لە ئێراندا دەژین.

کورتە مێژووی یاساکانی دژ بە ناهاوسانی

یاساکانی دژ بە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕەگەز دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەم و نوێنەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگای ئینگلتەرا دەکا کە پێیان وا بوو هاوڕەگەزخوازی “خراپترین تاوان”ـه.

ئەو کات هاوڕەگەزخوازی کردەوەیەکی قبووڵنەکراو بوو کە تا ڕاەدیەک حەڕەشەی لە سەقامگیریی کۆمەڵگای ڤیکتۆریایی دەکرد و لەم سەردەمەدا شوناسێک بە ناوی شوناسی هاوڕەگەزخواز بوونی نەبوو. لە ساڵی 1952 لە ئینگلتەرا، 670 دۆسیەی بە دواداچوونی یاسایی بۆ کردەوەی نێربازی، 3 هەزار و 87 دۆسیە بۆ هەوڵدان بۆ نێربازی یان پەیوەندیی سێکسیی زۆرەملێ و هەزار و 686 دۆسیە بۆ پەیوەندیی سێکسی نێوان پیاوان (دخوول) کرا بووەوه.

لە ناو وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهانیشدا وڵاتانی ئەفریقایی ڕوانگەیەکی تونداژۆترین بەرامبەر بە ناهاوسانان هەیه. لە مانگی سێپتێمبەری ساڵی 1995، پارلەمانی زیمباوە لە جووڵەیەکی یەکدەستدا یاسای ئازاردانی پتری هاوڕەگەزخوازان و یاسایەکی بۆ قەدەغەکردنی کردەوەی هاوڕەگەزخوازانە پەسند کرد.

هەروەها دواتر سەرۆک کۆمار ئێمێرسۆن مەنانگاگوا بانگهێشتی پەیتا پەیتای وڵاتانی ئورووپاپی لە کارگرووپی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ پەسندکردنی هاوڕەگەزخوازی ڕەت کردەوه؛ سەرەڕای ئەوەی وتوویەتی زیمباوە خۆی بۆ پەرەدان و پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ بە پابەند دەزانێت.

سەرۆک کۆماری گامبیا، یەحیا جامع، داوای کرد یاسایەک لە دژی هاوڕەگەزخوازان پەسند بکرێ کە «لە یاساکانی ئێرانیش شێلگیرانەتر بێت.» لە 27ـی مانگی سێپتێمبەری 2013ـی زایینی، ناوبراو لە وتاردانی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند کە «هەندێ لە دەسەڵاتەکان هاوڕەگەزخوازی کە لە هەموو بێچم و حاڵەتەکانیدا زۆر شەیتانی، دژە مرۆیی و دژە خوداییه، بە ناوی مافەکانی مرۆڤەوە پەرەی پێ دەدەن.» ناوبراو لە درێژەدا وتی: «ئەوانەی بەم کارە هەڵدەستن، بە نیازن کۆتایی بە مرۆڤ بێنن.» سەرۆک کۆماری ئۆگاندا فەرمانی بە ئیدارەی لێکۆڵینەوەی سزا دا بۆ ئەوەی لزباین و گەیەکان قۆڵبەست بکا و بیانخاتە زیندان. میسر لە کاتی چوونە ناو هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆریزمی ئەمریکا، لە ئەنتەرنێت بە دواداچوون بۆ پیاوانی گەی دەکا و قۆڵبەستیان دەکا بۆ ئەوەی شارۆمەندان ڕازی بکا کە نە تەنیا موسڵمانانی توندڕۆ، بەڵکوو دەوڵەتیش سوورە لە سەر پاراستنی ئەخلاقیاتی خەڵک.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتەکانی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی گەی و لزباین (ILGA) لە ساڵی 2015، 34 وڵات لە کۆی 55 وڵاتێک کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان یان یەکێتی ئەفریقا یان هەر دووکیان بە فەرمی دەناسرێن، هاوڕەگەزخوازییان قەدەغە کردووه.ILGA ڕاپۆڕتی داوە کە لە ئاگێستی ساڵی 2016 کۆی 72 وڵات لە دژی کردەوەی ناهاوسانی خاوەن یاسای سزا بوون و زۆربەی ئەم وڵاتانە دەکەونە کیشوەری ئەفریقا یان ئاسیا.

ژیانی ئازادی ناهاوسانان لەو وڵاتانەی کە خاوەن حەشیمەتی زۆرینە موسڵمانه، دەگمەنه. لە ساڵی 2017ـی زایینی، لە چیچان بە مەبەستی پاکتاو کردنی گەیەکان بزووتنەوەیەکی دژ بە گەی پێک هێنرا. بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایش پیاوانی گەی و دوو‌ڕەگەزخوازیان دەگرت، دەیانخستنە بەر لێدان و ئەشکەنجە. لە کۆی وڵاتانی عەرەبی، سزای کردەوەی هاوڕەگەزخوازی لە وڵاتانی ئەلجەزیره، بەحرەین، کوێت، لوبنان، لیبیا، مەراکیش، عوممان، قەتەر، سۆمالی، توونس و سووریا زیندانه. ئەم سزایە لە بەحرەین هەتا دە ساڵ زیندانە.

لە عەرەبستانی سعوودی، یەمەن و مووریتانی سزای نێربازی مەرگه. چواردە وڵات بە حەشیمەتی زۆرینە موسڵمان، یاساگەلێک لە خۆ دەگرن کە سزای مەرگ بۆ ڕفتاری هاوڕەگەزخوازانە ڕەچاو دەکەن یان وەها لە سێدارەدانێک بە ڕێگە پێدراو دەزانن.

لە ئێرانی ئەوڕۆیی، هاوڕەگەزخوازی تاوانێکە کە سزای مەرگی لێ دەکەوێتەوه. لە کاتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران 1357 هەتاوی، دەوڵەتی ئێران پتر لە 14 هەزار کەسی بە تاوانی هاوڕەگەزخوازی لە سێدارە داوه.

هەڵبەت دەوڵەتی ئێران ئەم ڕێژەی 14 هەزار لە سێدارەدانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و زانیاری سەبارەت بە ڕێژەی وردی ئەو ناهاوسانانەی کە لە سێدارە دراون، کارێکی هەر وا ئاسان نییه؛ بەڵام بارودۆخەکە لە ئێراندا ڕووی لە گۆڕانە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی کەسانی لە سێداردراو دابەزیوە و پۆلیس ڕفتاری هاوڕەگەزخوازانە بە هەند وەرناگرێ و بە نەرمی نوێنی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکات. لە وڵاتی تورکیە لە ساڵی 1858 زایینی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕەگەز تاوان‌سڕینەوە کرا و هەڵاواردنی یاسایی سنووردارتر بوونەوه. ئەگەرچی بەشێکی مەزنی خەڵکی تورکیە دژی قبووڵکرانی هاوڕەگەزخوازی لە سەر ئاستی کۆمەڵگان. پۆلیسی سووریا بە دەگمەن گەیەکان قۆڵبەست دەکات. لە وڵاتی ئەڤغانستان، دەوڵەمەندان کوڕانی سەماکەر وەک کوڕانێک کە لەگەڵ پیاوان پەیوەندیی سێکسی ساز دەکەن، دەکڕنەوە (منداڵبازی).

لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا، ڕێژەی قبووڵکردنی هاوڕەگەزخوازی لە کۆمەڵگا لە ساڵی 2007 زایینی هەتا هەنووکه، لانیکەم هەتا 10 لە سەد بەرز بوونەوەی بە خۆوە بینیوه.

ئەوڕۆکە لە ئەمریکا، ئاراستەی زۆرێک لە ئەمریکییەکان بۆ هاوڕەگەزخوازی بە هۆی چەندین دەیە کاری بێ‌بڕانەوەی مرۆڤدۆستان، فیمینیست و ڕێکخراوەکان گۆڕانی بە خۆوە بینیوه.

ئەم گۆڕانکارییە زۆرانە ژیانی بۆ هاوڕەگەزخوازان ئاسان کردووه. لەم وڵاتەدا، بڕیاری یاسایی گرنگی گشتیش گیراوە کە وەک سەرکەوتنی مێژوویی بۆ مافی ناهاوسانان هەژمار دەکرێت. لە وڵاتی ئەمریکا ڕاپرسییە گشتییەکان ئەوەیان دەرخست کە زۆربەی ئەمریکییەکان پاڵپشتی لە مافی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان دەکەن و ئەم پاڵپشتییە تەنانەت لە ناو ئەو گرووپانەی کە لە ڕابردوودا بەرهەڵستکار بوون، وەکوو مەسیحییە ئینجیلییەکان، تا دێت زیاتر دەبێت.

لە ئوستڕالیا هەتا ساڵی 1949، کتێبە یاساییەکانی ویلایەتە باشوورییەکانی ڤیکتۆریا سزای مەرگیان بۆ هاوڕەگەزخوازان دیاری کردبوو؛ بەڵام لە کۆتاییدا لە ساڵی 1975 هەندێ گۆڕانکاری هاتە کایەوە و ئوستڕالیای باشووری ڕایگەیاند هاوڕەگەزخوازی پیاوان تاوان نییه.

لە ئەنجامدا لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2017، ئوستڕالیا هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانی خستە دەنگدانەوە و زۆرینەی کەسەکان لە بزاڤێکی مێژووییدا دەنگی ئەرێیان پێدا؛ واتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس (یەکسان لەگەڵ 61.6 لە سەدی خەڵک) دەنگیان پێدا.

لە مانگی ماڕسی ساڵی 2017ـی زایینی، بیست و دوو وڵات کە زیاتر کەوتبوونە کیشوەری ئەمریکا و ئورووپای ڕۆژاوایی (ئەرژەنتین، بێلژیک، بڕازیل، کەنەدا، کلۆمبیا، دانیمارک، فێنلەندا، فەڕەنسه، ئیسلەند، لۆکزامبۆرگ، هۆڵندا، نەرویج، پرتوگال، ئیسپانیا، سوویید، بەریتانیا، ئەمریکا و ئۆرۆگۆوا) هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانیان بە فەرمی ناساندووە و ئەگەر نە هەموو مافەکان، بەڵام ڕێز بۆ زۆربەی مافە مرۆییەکانی شارۆمەندانی ناهاوسان دادەنن.

 

بزووتنەوەی ناهاوسانان

تاوتوێی گشتی مێژوو، بێزاریی ڕاشکاوی کۆمەڵگا لە هاوڕەگەزخوازی و تاراندنی ئەوانی پیشانی داوە کە بە چ توندییەک هاوڕەگەزخوازی ڕەت کراوەتەوه. بۆ وێنه، دادگای ئۆسکار وایڵد گرتنی یاسایی سەرکەوتووانە لە ژێر بەڵگەی چاکسازیی یاسای سزا لە ساڵی 1885 بۆ «کردەوەی قێزەونانەی قورس» و دوو ساڵ ئیشی تاقەتپڕووکێن لە زیندان کۆتایی هات. بارودۆخ لە دەیەی 1900 زۆر باش نەبوو. پۆلیسی نیۆیۆرک لە ڕێکەوتی 21 فێبریوێری ساڵی 1903 یەکەمین هێرشی تۆمارکراوی لە وڵاتی ئەمریکا بۆ سەر گەرماوێکی گشتی گەیەکان لە ژێر ناوی گەرماوی هۆتێلی ئاریستۆن ئەنجام دا. لەم هێرشەدا بیست و شەش پیاو قۆڵبەست و 12 کەسیشیان بە تاوانی نێربازی دادگایی کران. 7 پیاویش بۆ 4 هەتا 20 ساڵ زیندان حوکم دران. لە کاتی مەک کارتی کاتێک جادووگەران بە دواداچوونیان بۆ دەکرا، 190 کەس لە وڵاتی ئەمریکا بە هۆی هۆگریی سێکسیی خۆیانەوە لە ئەمریکا دەرکران. ئەم کاردانەوە توندە کۆمەڵایەتییە کە بە قەدەغەبوونی خواردنەوەی کحۆڵ لە ئەمریکا دەستی پێکرد لە سەرتاسەری دەیەی 50 درێژەی کێشا. چالاکییە ژێرزەوینییەکانی ناهاوسانان هەڵوەشێنراوه، شانۆ و فیلمەکان سەنسۆڕ دەکران و کۆمەڵێ یاسا و ڕێسا دابەزێنران بۆ ئەوەی نەهێڵن هاوڕەگەزخوازان لە ڕیستۆڕانت، بار و یانەکاندا میوانداری بکرێن یان تەنانەت ئیش بکەن. هەتا ساڵی 1970، سێرڤی خواردنەوەی کحۆڵی لە شاری نیۆیۆرک بۆ کەسێک کە ئاشکرایانە هاوڕەگەزخواز بوو، نایاسایی بوو. لە ماوەی شەڕی سارد، سیاسەتە پۆلیسییەکانی دژ بە گەی توندتر بوون. پۆلیسی خۆجێی هۆشداری دا کە هاوڕەگەزخوازان حەڕەشە لە منداڵانی وڵات دەکەن. لە ئەڵمانی نازی، هاوڕەگەزخوازان ناردران بۆ کەمپەکانی مەرگ. لە کاتی هاڵۆکۆست 100 هەزار پیاوی گەی قۆڵبەست کران و 5 بۆ 15 هەزار پیاوی هاوڕەگەزخواز لە کەمپەکانی مەرگی نازییەکان مردن.

وەک لە بەشەکانی پێشتر وترا، لە ئێستادا بارودۆخ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان گۆڕانی بە خۆوە بینیوه. بێ‌گومان، سەرهەڵدانی بزووتنەوە جۆراوجۆرە ناڕەزایەتییەکانی ناهاوسانان لە گۆڕانی ئەم بارودۆخە فاکتەرێکی گرنگ بووه. ئەوڕۆکە زۆر کەس لەو بۆچوونەدان کە بزاڤی گەیەکان بە شۆڕشەکانی ستۆن واڵ (Stone Wall) لە ساڵی 1969 دەستی پێکرد. بێ‌شک شۆڕشەکانی ستۆن واڵ کە خاڵی گهۆڕینی مافەکانی ناهاوسانان بووە، چوونکە ئەم شۆڕشە بوو بە هەوێنی لەدایکبوونی بزووتنەوەی نێونەتەوەیی مافەکانی پیاوانی هاوڕەگەزخواز. لە ساڵی 1969 داخوازیی دەست پێکردنی پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانە لە نیۆیۆرک، و لە ڕاستیدا لە هەموو ناوەندە شارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردەوەیەکی نایاسایی بوو. کەواتە باری گەیەکان داڵدەگەلێک بوو بۆ پیاوانی گەی، لزباین و دیکەی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی هۆگریی سێکسیەوە گوماناوی بوون. لەو شوێنانە ئەوان دەیانتوانی بە شاراوە و لە ئارامییەکی ڕێژەیی بە دوور لە ڕەنج و ئازاری گشتی پێکەوە هەڵسووکەوت بکەن. لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی شەممەی 28ـی جوونی 1969، نۆ پۆلیس هاتنە ناو ستۆن واڵ ئین (Stone Wall Inn) و کار بە دەستانیان بە تاوانی فرۆشتنی کحۆلی بێ مۆڵەت قۆڵبەست کرد و دەستیان کرد بە لێدانی مشتەرییەکان و باریان چۆڵ کرد. ئەو کات، یاسای سزای نیۆیۆرک قۆڵبەستکردنی هەر کەس کە لانیکەم سێ دەست جلی یەکسان لەگەڵ ڕەگەزێتی خۆی لە بەر نەکردبا، بە ڕێگە پێدراو دەزانی؛ کەواتە بە پێی ئەم یاسایه، چەندین کەسیان قۆڵەبست کرد.

ڕەنگە لە کاتی ڕووداوی ستۆن واڵ ئین ئەوە یەکەمین جارێک بوو کە کەسانی ناهاوسان تێیدا بایەخی یەکگرتنیان لە پێناو ئایدیالێکی هاوبەش بۆ دەرکەوت. زۆر زوو ستۆن واڵ بوو بە هێمای خۆڕاگری لە هەمبەر هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە ماوەی دەیەکانی دواتردا بوو بە ئیلهامبەخشی یەکیەتی نێوان گرووپە هاوڕەگەزخوازەکان. ئەکتیڤیی سیستماتیک بۆ مافەکانی گەی لە سەرەتاکانی دەیەی 2000 زایینی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیش دەستی پێکرد. لە ساڵی 2002 زایینی، کۆمەڵێ لە ژنانی فەڵەستینی گرووپی «اصوات» (دەنگەکان)ـیان پێک هێنا کە دواتر گرووپێکی فەڵەستینی دیکە بە ناوی «القوس» چووە پاڵی. دەوروبەری ساڵی 2004 زایینی، گرووپێک لە ئەکتیڤانی لوبنانی «حالم»ـیان پێک هێنا کە یەکەمین ڕێکخراوی ناهاوسانان بوو و بە ئاشکرا لە وڵاتێکی عەرەبیدا چالاکییان دەکرد. کۆمەڵێ گرووپی دیکەش لە ناوچە جیاجیاکاندا سەریان هەڵدا؛ بەڵام زۆریان خێرا لە ناو چوون. گۆڤاری ئۆردنیMy Kali ، کە ئامانجەکەی «تاوتوێکردنی بابەتی هاوڕەگەزخوازتۆقێنی و تڕەنس‌تۆقێنی و بەتواناکردنی گەنجان بۆ نەهێشتنی دووجەمسەرییە ڕەگەزێتییە باوەکان لە جیهانی عەرەب»ـه، لە ساڵی 2007 زایینی بە شێوەی ڕێکوپێک بڵاو دەبێتەوه.

یاسا جیهانییەکان و مافەکانی ناهاوسانان

ڕوودانی ئەم بزاڤە ناڕەزایەتییانە بووە هۆی دەستێوەردانی ڕێکخراوە جیهانی و مافە مرۆییەکان بۆ بابەتی ناهاوسانان. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو گۆڕانکاریگەلێکی مەزن بەتایبەت لە بواری لە بە فەرمی‌ناسینی ئارەزووە سێکسییەکان و لە ئەنجامدا مافە ڕەگەزییەکانی تاکەکان ڕووی داوە. یاساکانی مافەکانی مرۆڤیش بەردەوام لە تەواویی و گووراندان، لە بە فەرمی ناسینی یاسایی لە جاڕناوە و پەیمانناوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە بگرە هەتا قۆناغی ناخۆیی دەوڵەتەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی. زۆرێک لەو پشتیوانیانەی کە زۆر بە ئاسانی لێیان تێدەپەڕین، بنچینەیان دەچێتەوە سەر یاسا ناوخۆییە نێودەوڵەتییەکان کە بوونەتە هۆی پەسندکرانی هێدییانەی بنەما گشتییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە زۆربەی سیستەمە یاساییەکاندا هاوبەشن.

ڕێکخراوی نەتەوەکان بە شێوەی تایبەت لە ڕێگەی ئەو جاڕناوانەی کە هەڵاواردنی بە پێی هۆگریی سێکسی و شوناسی ڕەگەزێتی ئیدانە دەکا، هەڵوێستی خۆی ڕوون کردۆتەوه. لە یەکەمین ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە مافەکانی کەسانی لزباین، گەی، دوو‌ڕەگەزخواز و تڕەنس لە ساڵی 2011 زایینی، کوژرانی تاکەکان لە سەرتاسەری جیهان، توندوتیژی بە هۆی بێزاری، ئەشکەنجە و بە تاوانزانین و هەڵاواردن لە بواری پیشە، تەندروستی و خوێندن و وردەکارییەکانیان بە هۆی شوناسی ڕەگەزێتی یان هۆگریی سێکسیی ڕاستەقینە یان گریمانەیی تاکەکان تاوتوێ کرا. بە پێی ئەم ڕاپۆڕته، هاوڕەگەزخوازدژی و تڕەنس‌تۆقێنی لە سەر ئاستی هەموو ناوچەکانی جیهاندا بوونی هەیه. توندوتیژی سەپێنراو بە سەر ئەم گرووپە بە شێوەی تایبەت لە چاو دیکەی تاوانە دەمارگرژی‌تەوەرەکان، نگریستر بووە. “نموونەکان ڕادەیەکی زۆری توندوتیژی و دڕندایەتی پیشان دەدەن کە تێهەڵدان، ئەشکەنجه، بڕینی ئەندامانی لەش، یەختە کردن و پەلاماری سێکسی لە خۆ دەگرن”

کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان زەید ڕەعد ئەلحسێن، سەلەف ئەو، ناوی پیلای، سکرتێری گشتی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بان کیمۆن و دیکەی بەرپرسانی پلە بەرزی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە چەند ڕاگەیەندراوی گشتیدا باسیان لە پشتیوانی لە ناهاوسانان کرد. لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (10ـی دیسەمبەر)، سکرتێری گشتی یەکەمین وتاردانی خۆی لە کۆی وتاردانە سەرەکییەکانی بواری سیاسەتدانان تەرخان کرد بە بەدیهێنانی یەکسانی بۆ ناهاوسانان، و خوازیاری تاوانسڕینەوە لە هاوڕەگەزخوازی لە سەر ئاستی جیهانی و داوای ئەو ئامادەکارییانە بوو کە کۆمەک بە وەستاندنی توندوتیژی و هەڵاواردن دەکەن. ناوبراو وتی: «ئێمە وەک پیاوان و ژنانی خاوەن ویژدان، هەڵاواردنی گشتی و هەڵاواردنی تایبەتی بە هۆی هۆگریی سێکسی و شوناسی ڕەگەزی ڕەت دەکەینەوه. لە شوێنێکدا کە دژایەتییەک لە نێوان ئاراستەی کەلتووری و مافە مرۆییە گشتییەکاندا بوونی هەیه، ئەوە مافە کە دەبێ ڕەچاو بکرێت.» لە ساڵی 2003 زایینی، کۆڕی گشتی لە ڕێگەی پەیمانناوەکانی خۆیەوە لە بواری لە سێدارەدانی سەربەخۆیانه، نایاسایی یان کەم، پەیتا پەیتا خوازیاری سەرنج خستنە سەر کوژرانی کەسانێک بە هۆی شوناسی ڕەگەزی یان هۆگریی سێکسییان بوو.

لە ساڵی 2011 زایینی، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بڕیارناوەی 17/19ـی پەسند کرد کە یەکەمین بڕیارناوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە شوناسی ڕەگەزێتی و هۆگریی سێکسی بوو و «نیگەرانییەکی زۆری» بەرامبەر بە توندوتیژی و هەڵاواردن لە دژی ئەو کەسانە ڕاگەیاند کە خاوەن شوناسی ڕەگەزی و هۆگریی سێکسی بوون. لە دوای بە فەرمی ناساندنی ناهاوسانان، ڕاپۆڕتێک لە سەر کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بڵاو بۆوە کە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی کەسانی ناهاوسان وەکوو تاوان بە هۆی بێزاری، بە تاوانزانینی هاوڕەگەزخوازی و هەڵاواردنی تێدا بە دێکۆمێنت کرد. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆڕتە بوو بە بنەمای باسێک کە لە مانگی ماڕسی ساڵی 2012 زایینی لە ئەنجومەن خرایە ڕوو. ئەمە یەکەم جارێک بوو کە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە شێوەی فەرمی سەبارەت بە ئەم بابەتە قسەی کرد و هەر ئەم کارە ئاسانکاری بۆ یەکەمین ڕاپۆڕتی فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بەم بابەتە کرد. هەر بەم شێوه، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەموو جۆرە بڕیارناوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ، هۆگریی سێکسی و شوناسی ڕەگەزێتی پەسند کرد کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەکەین.

لە ساڵی 2014ـی زایینی، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان جاڕناوەیەکی نوێی (27 / 32) پەسند کرد کە دیسان بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای لە کۆمیسێری باڵا کرد ڕاپۆڕتێکی نوێ (A/HRC/19/41) بە ئامانجی گشتاندنی قۆناغ و شێوازە گونجاوەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە بەکارهێنانی یاسا و ستانداڕەکانی مافەکانی مرۆڤ ئامادە بکا و لە بیست و نۆیەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بیخاتە ڕوو.

ئێران و یاساکانی ناهاوسانان

ئێران کۆمەڵگایەکی نەریتییە کە هاوڕەگەزخوازی بە جۆرێ نانۆڕمی دەزانێت. لە ئێران کاتێک پرسیار لە ڕەگەزێتی کەسێک دەکرێ، ئەو ناتوانێ بژاردەی سێیەم ڕەچاو بکات. هەموو کەس یان پیاوە یان ئافرەته. ئەم بابەتە ئەوەندە ڕوونە کە شوێنێکی بۆ گومان نەهێشتۆتەوه. هەر چەشنە جیاوازییەک لەگەڵ ئەم سیستەمە سێکسییە دووانەییە لە ئێراندا لە ڕیزبەندیی کێشە ڕفتاری و دەروونییەکاندا جێی دەبێتەوه. هەر بەم پێیه، یاسای سزای ئێران بە هیچ چەشنێک بە موداراوە هەڵسووکەوت لەگەڵ کەسانی ناهاوسان ناکات. لە ئێران پەیوەندییەکی ئاشکرای هاوڕەگەزخوازانە لێکەوتەی وەکوو بە دواداچوونی یاسایی، ئازار، سەد قەمچی هەتا لە سێدارەدانی لێ دەکەوێتەوه. هاوڕەگەزخوازی نهێنییەکی سەر ئاوەڵایە و دەربڕینی ئەستەمە و کارێکە کە تەنیا کۆمەڵێکی کەم تەنانەت لە شارێکی گەورەی وەکوو تاران خۆ لە قەرەی دەدەن. زۆرێک لەم کەسانە لە ترسی هەمیشەیی ئاشکرابوونی شوناسی ڕەگەزییان و ڕاونران لە لایەن کۆمەڵگا و بنەماڵە بە سەر دەبەن.

مادەی 233ـی یاسای سزای ئیسلامی “نێربازی بریتییە لە تێخزانی ئەندامی زاوزێی پیاوان بارتەقای شوێنی خەتەنە بۆ ناو کۆمی مرۆڤێکی نێر (دخوول). مادەی 234، سزای حەدی نێربازی بۆ کەسێک کە دخوول ئەنجام دەدا ئەگەر ئەم کارە بە زۆرداریی یان زۆرەملێیەتی ئەنجام درا یان لە هەلومەرجێکدا کە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بێ، سزای سێدارە ڕەچاو کراوه؛ بەدەر لەم حاڵەتە، بە سەد قەمچی سزا دەدرێت. سزای حەد بۆ بەرکاری پەیوەندی لە هەر حاڵەتێکدا (چ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بێ و چ نەبێ) سێدارەیه. ئەگەر بکەر ناووسڵمان بێ و بەرکار موسڵمان، سزای حەد بۆ بکەر سێدارەیه.

بە پێی مادەی 235ـی سزای ئیسلامی، تەفخیز بریتییە لە دانان ئەندامی زاوزێی پیاو لە نێوان ڕان یان قوونی مرۆڤێکی پیاو. مادەی 236 سەبارەت بە تەفخیز، حەدی بکەر و بەرکار سەد قەمچییە و لەم حاڵەتەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژندار و بێ‌ژن و زۆرداری و نازۆرداریدا نییه. مادەی 237، هاوڕەگەزخوازی مرۆڤی نێر بەدەر لە نێربازی و تەفخیز وەکوو ڕامووسان و دەستلێدانی بە هەوەس، سزای سی و یەک هەتا هەفتا و چوار قەمچی تەمبێی دەرەجە شەشی لێ دەکەوێتەوە. مادەی 238ـی یاسای سزای ئیسلامی، مووساحەقە واتە مرۆڤێکی مێینە ئەندامی زاوزێی خۆی لە سەر ئەندامی زاوزێی هاوڕەگەزی خۆی دابنێت و بە پێی مادەی 239، حەدی مووساحەقە سەد قەمچییه. مادەی 240، هیچ جیاوازییەک لە نێوان بکەر و بەرکار و موسڵمان و ناووسڵمان و هاوسەردار (مێرددار و خێزاندار) و سەڵت و زۆرەملێیەتی و نازۆرەملێیەتیدا نییه.

لەو حاڵەتانەی سەرەوە دەتوانین تێبگەین کە یاساکانی ئێران پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانە بە تاوان دەزانێ و لایەنێک لە سزاکان لە 100 قەمچی بۆ پەیوەندیی سێکسی ڕێککەوتووانە لە نێوان دوو ئافرەت (مادەی 239) هەتا سێدارە بۆ دخوولی سێکسی بە پێی ڕەزامەندیی نێوان هەر دوو پیاو (مادەی 234) دەگرێتەوه. هەروەها ئەم یاسایە دیکەی ڕفتارەکانی هاوشێوەی نێوان دوو هاوڕەگەز وەکوو لێککەوتن و ماچ کردن بە تاوان دەزانێ و نزیکەی 74 قەمچی وەک سزای بۆیان ڕەچاو کردووه. مادەکانی 232 و 233 سزای مەرگیان بۆ «بەرکار»ی پەیوەندییەکی سێکسی ڕەزامەندانەی نێوان دوو پیاو داناوە، لە حاڵێکدا یاسا «بکەر» بۆ 100 قەمچی (ئەگەر موسڵمان و سەڵت بێت) سزا دەدات.

ڕاستە ئێران بەڵێنناوە و پەیمانناوە جۆراوجۆرەکانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووه، بەڵام نەبوونی هاوئاراستەیی لە نێوان ستانداڕدە نێوەدوڵەتی و ئیسلامییەکان بابەتێکی ڕوونه. یاسای سزای ئێران کە بەردباران کردن، قرتاندنی ئەندامانی لەش و قەمچی لە خۆ دەگرێ، نموونەی پێناسەی یاسای نێودەوڵەتی لە ئەشکەنجەیه. پەیمانناوەی قەدەغەی ئەشکەنجە و دیکەی ڕفتار یان سزا بێبەزەیی، ناورۆیی یان سووکایەتییەکان، وردترین و بەڵگەمەندترین پێناسەی ئەشکەنجە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەخاتە ڕوو کە بەم شێوەیه: «هەر کردەوەیەکی بە ئەنقەست کە بە هۆیەوە ئێش یان ئازارێکی زۆری جەستەیی یان دەروونی لە دژی کەسێک بە مەبەستی وەدەستهێنانی زانیاری یان دانپێدانان لەو یان کەسی سێیەم بسەپێنرێ، ئەوە پێ دەڵێن ئەشکەنجە. (هەروەها) سزادانی کەسێک وەک کردەوەیەک کە ئەو یان کەسی سێیەم ئەنجامی داوە یان ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەنجامی بدا، بە حەڕەشە و زۆرەملێی و لە سەر بنەمای هەڵاواردن بە هەر شێوەیەک و کاتێک بە گەیاندنی ئێش و ئازار یان هاندان و بزواندن یان بە ڕەزامەندی و بەرهەڵستی نەکردنی کاربەدەستی دەوڵەتی یان هەر خاوەن پلەیەکی دیکە ئەنجام بدرێ، وەک ئەشکەنجە لێی دەڕوانرێت. ئێش و ڕەنجێک کە بە شێوەی سرووشتی یان بە شێوەی لاساییانە زەروورەتی سزای یاساییه، وەبەر ئەم (کۆنوانسیۆن)ـە ناکەوێت.»

لە مانگی ئاگێستی ساڵی 2017 زایینی، سەد و شەست و دوو وڵات ئەندامی ئەم پەیمانناوە بوون؛ بەڵام ئێران هێشتا واژۆی نەکردووه. سەرەڕای ئەمه، ئێران ئەندامی پەیمانناوەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانه. بە گوێرەی مادەی 7ـی ئەم پەیمانناوه: «هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە یان ڕفتار یان سزای توندوتیژ، ناورۆڤانە و بێ‌ڕێزییانەی بە سەردا بسەپێنرێت.» ئێران بەو ئیدعایە پاکانە بۆ ڕەچاو نەکردنی ئەم مژارانە دەکا کە لە هەندێ مژاردا کە پەیمانناوە «دژی فیقهی ئیسلامییه» مافی فەرمانێکی نوێ بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێت.

بە پێچەوانەی هاوڕەگەزخوازان، کەسانی تڕەنس بە یاسای ئاسوودەترەوە لە ئێران ژیان بە سەر دەبەن و دەوڵەت بۆ نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەز پشتیوانیی داراییان لێ دەکات. فتوای ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ڕوونی ڕایگەیاند کە نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەز «ڕێگە چارەیەک» بۆ کێشەی شوناسی ڕەگەزێتییە و لە ڕاستیدا پاش جێگیربوونی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەم فتوا ئایینییەوە ئیزنی بە دەوڵەت دا کە چاودێری نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەزێتی بکات. ئەگەرچی نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەز سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت بۆ ناچارکردنی ژنان و پیاوانی ناهاوسان بۆ ئەنجام دانی ئەم نەشتەرگەرییە نییه، بەڵام زەختێکی زۆریان لە سەرە و ئەنجامەکەی دەبێتە ئەوەی کە ئەم کەسانە ئێستا ناچار بە ژیانێکی تێکەڵ بە دەرد و برینی سۆزداریین. وێناکردنی ئەم بابەتە کێشە نییە کە زۆریان بە ڕاستی پێیان خۆش نییە نەشتەرگەری بکەن. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵەکان کەمتر لە چوار ساڵ لە 2006 هەتا 2010 زایینی ڕێژەی هەزار و 360 نەشتەرگەری گۆڕانی ڕەگەز لە ئێران ئەنجام دراوه.

شێوازی لێکۆڵینەوه

لەم توێژینەوەدا شێوازی لێکۆڵینەوەی ئاوێتەیی بە کار هێنرا بۆ ئەوەی هەموو تەکنیک، چەمک و زمانە چەندایەتی و چۆنایەتییەکان لە توێژینەوەیەکی یەگرتوودا ڕەچاو بگیرێت. بە کارهێنانی شێوازی ئاوێتەیی، لێکۆڵینەوە دەوڵەمەند دەکا، چوونکە هەر تەکنیکێک لایەنگر و دژبەری خۆی هەیه.

ئەم لێکۆڵینەوە 400 گێڕانەوەی تایبەتی لە دەمارگرژی و بێچمە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن لە خۆ دەگرێ کە بەشداربووانی ناهاوسان لە سەر ئاستی هەر سێ شاری گەورەی ئێران، واتە تاران و مەشهەد و ئیسفەهان ئاماژەیان پێدا. بە پێچەوانەی دیکەی توێژینەوەکانی ئەم بواره، ئەم لێکۆڵینەوە هۆکارە ڕیشەییەکانی ترس و سەرکوتی کۆمەڵگەی ناهاوسانان لە پاڵ دیکەی فاکتەرەکان لە ئێران لێک دەداتەوه. لەم شارانەدا، مەکۆ و پارکی ناسراو بوونی هەیە کە ناهاوسانان بە شێوەی شاراوە لە گرووپی بچووکدا کۆ دەبنەوە یان بۆ ئاشنابوون، لەوێ چاویان بە یەکتر دەکەوێت. بۆ دەستنیشانکردنی وڵامدەران و دیمانە لەگەڵکراوان شێوازی تۆپەڵەی بەفری بە کار هێنرا. نموونەگیریی تۆپەڵە بەفری تەکنیکی باوی بیرمەندان و توێژەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە نیازی ئیشکردن لەگەڵ ئەو حەشیمەتانەن کە ناسین یان دۆزینەوەیان ئەستەمه. ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوو دەدا کە ئەم حەشیمەتانە بە جۆررێ پەراوێز خراون یان بێ‌ماڵ و حاڵن یان لەو کەسانەن کە پێشینەی زیندانیان هەیە یان لە چالاکیی نایاساییدا بەشدارییان بووه. هەڵبەت بە کارهێنانی تەکنیکی نموونە گیری بۆ ئەو کەسانەی کە ئەندامەتییان لە گرووپێکی تایبەتدا بە ئەستەم دەناسرێتەوه، هاوشێوەی ناهاوسانانی ئێرانی، باوه. کاری مەیدانیی ئەم لێکۆڵینەوە لە مەودای زەمەنیی مانگی خەرمانان هەتا سەرماوەزی 1396ـی هەتاوی ئەنجام درا و پرۆسەی ئەنجامدانی دیمانە سەرەڕای گەیشتن بە دڵنیابوونی تیۆریک بە هۆکاری ئاڵۆز و بەربڵاویی جوگرافیایی درێژەی کێشا کە بووە هۆی ڕوون بوونەوەی خاڵی گرنگ و وردەکاریی زۆر سەرنجڕاکێش و ناوازه.

بەو پێیەی کە دابەزاندنی دروستی ئەنجامی لێکۆڵینەوه، لە هەموو حاڵەتەکاندا گرنگه، ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی شێوازی چۆنایەتی تیۆریی داتابنیات (GT) بە کار بهێنرێت. لە شێوازی تیۆریی داتابنیات، پاش کۆ کردنەوەی داتاکان، پرۆسەی شیکردنەوە دەست پێ دەکا و هەتا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە کۆتایی پێ نەهاتووە دەبێ بەردەوام بێت. کاتێک داتای تەواو کۆکراوە و دابەزێنرا، بۆمان هەیە بچینە قۆناغی دووهەم، واتە دروستکردنی سیستەمێکی ئاشکرای بۆ داتاکان. شێوازی تیۆریی داتابنیات، ئەو جۆرەی کە ستراوس و کۆبێرن (1998) وەسفیان کردووە، “تیۆرییەکە کە لە داتایەک وەدەست دێ کە بە شێوەی سیستماتیک لە ڕێگەی پرۆسەی توێژینەوە کۆ کراوەتەوە و شی کراوەتەوه.

کەواتە لەم لێکۆڵینەوەدا بە هۆکاری زۆر تیۆریی داتابنیات دەست نیشان کراوه.

یەکەم، ئەم تیۆرییە نەرمی نوێنییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی ئیزن بە بەشداربووان بدا کە لە ڕێگەی بابەتە ناسراوەکان هەندێ ئەزموون وەدەست بێنن. دووهەم، بەو پێیەی کە لە بارەی بوونی ناهاوسانان لە ئێراندا زانیاری زۆر لەبەر دەستدا نییه، پێویستە توێژەر لە پرۆسەکانی کۆ‌کردنەوە و شیکاریی، کە هاوکات ڕوو دەدەن و هەر کامیان ئەوی دیکەی لێ دەکەوێتەوه، نەرمی‌نوێن و کراوە بێت. ئینجا ئەنجامەکانی توێژینەوە کۆکراوە و تاوتوێ کرا و بە هاوکاری GT سییانەسازی بوو بۆ ئەوەی دۆخی ڕاستەقینە بۆ زۆربەی خوێنەران لە ڕێگەی چارت و گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ ڕوون بێتەوه. ئەم ئەنجامانە شرۆڤەیەکی تەواو لەو شتە پیشان دەدەن کە توێژینەوە لە ڕێگەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەیی گشتگیر لە سەر ئاستی هەر سێ شاری گەورە و گرنگ وەدەستی هێناوه.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

مۆدێلی چەمکیی ئەزموونی ژیاوی کەمینە سێکسییەکان لە کەلانشارەکانی ئێران (96 – 1397)

ئەنجامەکانی توێژینەوه

ئەلف) ئەنجامە چەندایەتییەکان

  1. هۆگریی سێکسیی وڵامدەران

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 1. لێکبڵاویی هۆگریی سێکسی ناهاوسانان

داتاکانی چارتی ژمارە (1) پیشاندەری باوبوونی لزباین، گەی و دووڕەگەزخوازەکان لە حەشیمەتە نموونەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهانه. لە شاری تاران برەوی بە پێی ئەم ڕیزبەندییەیه: لزباینەکان 35 لە سەد، گەیەکان 37.5 لە سەد و دووڕەگەزخوازان 27.5 لە سەد. ئەم ڕێژانە لە شاری مەشهەد بەم شێوەیه: 22.7 لە سەد، گەیەکان 45.5 لە سەد و دوو‌ڕەگەزخوازان 31.9 لە سەد و لە ئیسفەهان بریتییە له: لزباینەکان 20 لە سەد، گەیەکان 55 لە سەد و دوو‌ڕەگەزخوازان 25 لە سەد. ئەم چارتە پیشان دەدا کە لە سەر ئاستی هەر سێ شارەکە ڕێژەی گەیەکان لە لزباین و دوو‌ڕەگەزخوازەکان زیاتره. ڕێژەی 35 لە سەدی لزباینەکان لە تاران ئاستی ئازادیی ڕێژەیی ئەوان لە چاو مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات.

2. تەمەنی وڵامدەران

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 2. لێکبڵاویی تەمەنی ناهاوسانان

چارتی ژمارە (2) لێکبڵاویی تەمەنی هاوڕەگەزخوازان لە شاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات. بە پێی ئەم چارتە لە تاران 30 لە سەد هاوڕەگەزخوازانی ژێر تەمەنی 20 ساڵ و 60 لە سەدیان نێوان 20 بۆ 31 ساڵ و 10 لە سەد ژوور 31 ساڵن. لە شاری مەشهەد 27.4 لە سەد ژێر تەمەنی 20 ساڵ و 54.5 لە سەدیان نێوان 20 بۆ 31 ساڵ و 18.1 لە سەد ژوور 31 ساڵن. لە شاری ئیسفەهان ئەم ڕێژانە بە ڕیز بریتییە لە 30 لە سەد، 50 لە سەد و 7 لە سەد. ئەنجامەکان دەلالەت لە سەر ئەوە دەکەن کە هاوڕەگەزخوازان لەم حەشیمەتە نموونەیەدا زیاتر لە گرووپی تەمەنی نێوان 20 بۆ 31 ساڵن. دەتوانین لە گرووپی سی ساڵەکان دابەزینی بەرچاو بەدی بکەین.

3 – بارودۆخی هاوسەردارێتیی ناهاوسانان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 3 : بارودۆخی هاوسەردارێتیی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 3 دۆخی هاوسەرداریی وڵامدەران ڕوون دەکاتەوه. لە سەدا سەدی حەشیمەتی نموونە سەڵتن. بە زۆر هۆکار، پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزخواز لەوانەیە لەگەڵ کەسێک لە ڕەگەزی بەرامبەر پەیوەندی ساز بکەن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پێکهێنانی بنەماڵه، بەها نەریتی و زەختی کۆمەڵایەتییەکەیەتی. بە پێی ئەم چارتە، هەر ئەم حەشیمەتە هیچ هۆکارێک بۆ چوونە ناو بازنەی هاوسەرگیری و ژیانی بنەماڵەیی بە شێوەی نەریتی، ئایینی و یاسایی نابینن. لە ئەگەری ڕازیکردن و گوێڕایەڵی بۆ داوای بنەماڵە و کۆمەڵگا، بە هۆی زەختی سێکسی و شوناسی کە دەکرێتە سەر هاوبەشی هاوڕەگەزخواز هەر هاوسەرگیرییەک بەم شوناسە تێک دەدات. تەنیا ڕێژەیەکی زۆر کەم لەم هاوسەرگیرییانە بەردەوام دەبێت.

4. ئاستی خوێندەواری ناهاوسانان

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 4: دۆخی خوێندەواریی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 4 ئاستی خوێندەواریی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات. لە تاران 12.5 لە سەد هاوڕەگەزخوازان دیپڵۆمیان نەبوو. 7.5 لە سەدیان پیش دانیشگاهیان تەواو کردبوو (دواناوەندی)، 30 لە سەد بڕواناوەی بکالۆریۆسیان هەبوو و 7.5 لە سەدیان هەڵگری بڕواناوەی باڵا بوون. لە مەشهەد ئەم ڕێژە بە ڕیز 36.5 لە سەد، 9 لە سەد، 36.5 لە سەد و 18 لە سەدە و لە ئیسفەهان 45 لە سەد دیپڵۆمیان نییه. 40 لە سەد هەڵگری بڕواناوەی دیپڵۆمن و 15 لە سەد خوێندنی زانکۆییان هەیه. بە گوێرەی چارت، دەتوانین بڵێین کە هۆگریی سێکسیی کەسێک پەیوەندی بە ئاستی خوێندەواریی ئەو نەبوو. دەتوانین هاوڕەگەزخوازی لە کەسانی نەخوێندەوار، کەسێک بە ئاستی خوێندەواریی کەم و کەسێک بە بڕواناوەی باڵای خوێندەوە بەدی بکەین. چارت پیشان دەدا کە زۆربەی هاوڕەگەزخوازان، بەتایبەت لە ئیسفەهان، خاوەن بڕواناوەی دیپڵۆم و بڕواناوەی بکالۆریۆسن.

5. پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 5: پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 5 ئاماژە بە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان دەکات. لە تاران 80 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە چینی مامناوەند و 20 لە سەدیان لە چینی دەوڵەمەنددان. لە مەشهەد ئەم ڕێژە 50 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە چینی مامناوەند و 50 لە سەد لە چینی دەوڵەمەنددان. لە ئیسفەهان ئەم ڕێژە 20 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە پێگەی ئابووریی نزمتر، و 55 لە سەد لە چینی مامناوەند و 25 لە سەد لە چینی بەرزدان.

ب) ئەنجامە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوه

لەم بەشەدا ئەو ئەنجامە سەرەکییانە دەهێنرێ وا لە دیمانەی قووڵ لەگەڵ ناهاوسانان وەدەست هاتووه.

1. درکاندنی شوناس و قبووڵکردنی هۆگریی سێکسی

پاش پەی بردن بە هۆگریی سێکسی، ئەوەی گرنگە کاردانەوەی کەسەکە و شێوازی تێکەڵبوون و قبووڵکردنی ئەم ڕاستییەیه. بە گوێرەی مۆدێلی فاسینجێر لە پێکهاتنی شوناسی لزباین / گەی، هاوڕەگەزخوازان شوناسی خۆیان بە پێی دوو ئاستی تاکایەتی و گرووپی لە چوار قۆناغدا پێک دێنن: (1) وشیاری (2) دۆزینەوە (3) دەروونی‌سازی (4) سەنتێز.

ئەم چوار قۆناغە پرۆسەیەکی هێڵیی شیاوی پێشبینی نین، بەڵکوو کۆمەڵەیەکن لە چوار قۆناغی باو کە دەتوانن بە هەر ڕیزایەتییەک ڕوو بدەن. سەرەڕای ئەمه، دەتوانین بڵێین هەر هەموو هاوڕەگەزخوازان ئەم چوار قۆناغە بە هەندێ جیاوازیی تاکایەتی تێپەڕ دەکەن.

لەو ساتەوەختەی وا تاکی ناهاوسان پەی بە شوناسی ڕەگەزیی خۆی دەبا هەتا ئەو کاتەی کە دەگاتە قۆناغی قبووڵکردن، لەوانەیە هەوراز و نشێوێکی زۆر بە ئەزموون بکات. زۆریان نەیاندەتوانی بە وردی بڵێن کە چ کاتێک هەستیان بە هۆگریی سێکسیی خۆیان کردووه. ئەمە بابەتێکە کە لەوانەیە بە هۆی هەستی ئازاربەخشی بەردەوامی جیاوازیی لەگەڵ دیتران بێت؛ چوونکە ئەوان لە هەڕەتی منداڵییەوە هۆگری هاوڕەگەزی خۆیان بوون. بۆ زۆرێک لەم کەسانە ئەم دیاردە ئاشکرایەی مێرمنداڵی لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییە هۆرمۆنی و فیزیۆلۆجیکی و باڵقبوونە سێکسییەکان بوو. زۆرێک لە کەسەکان کاتێ بەمەیان زانی بێدەنگییان هەڵبژارد کە هۆگری هاوڕەگەزی خۆیانن و لە ڕێگەی نکۆڵی و تەقەلا هەوڵی گۆڕینی هۆگریی سێکسییان خۆیانیان دەدا. زۆریان دەیانزانی کە هێماکانی گەورەساڵێکی دیترڕەگەرخواز و هۆگریی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر لەواندا بوونی نییه.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 6. قبووڵ کردنی هۆگریی سێکسیی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 6 ڕێژەی هاوڕەگەزخوازانێک پیشان دەدا کە لە ماوەی باڵقبووندا پەیان بە هۆگریی سێکسییان بردووە و وەک شوناسی ڕەگەزیی خۆیان قبووڵیان کردووه؛ هەروەها پیشان دەدا کە بنەماڵەکان لە سەر ئاستی هەر سێ شاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان لە هاوڕەگەزخوازیی ئەم کەسانە ئاگادار بوون و قبووڵیان کرد. لە شاری تاران 78.6 لە سەد، لە شاری مەشهەد 66.6 لە سەد و لە ئیسفەهان 100 لە سەدی وڵامدەران دانیان پێدا نا کە لە ماوەی باڵق بوونیاندا لە هۆگریی سێکسیی خۆیان ئاگادار بوون. لە ڕووی قبووڵکردنی هۆگریی سێکسیی خۆیان، 92.8 لە سەدی وڵامدەران لە تاران و 100 لە سەدیان لە شاری مەشهەد و ئیسفەهان وتیان هاوڕەگەزخوازییان وەک هۆگریی سێکسیی خۆیان قبووڵ کردووه. بە گوێرەی چارتی سەرەوه، لە تاران 42.9 لە سەد، لە مەشهەد 50 لە سەد و لە ئیسفەهان 40 لە سەدی تاکەکان وتیان بنەماڵەکانیان لە هۆگریی سێکسییان ئاگادار بوون و 14.28 لە سەدیان لە تاران و 16.6 لە سەدیان لە ئیسفەهان شوناسی ڕەگەزیی ڕۆڵەکانی خۆیانیان قبووڵ کردووه. زۆربەی وڵامدەران سازدانی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکیان بە گرفتێکی جیدی پێناسە کرد. وەک لە چارتدا دەرکەوت، لە نێوان 40 لە سەد هەتا 50 لە سەدی کەسەکان باسیان لە ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکیان لە هۆگریی سێکسیی خۆیان کرد. سەرەڕای ئەمه، ڕێژەی قبووڵکردن تا ڕادەیەک کەم و لە نێوان 14 لە سەد بۆ 16 لە سەد لە شاری تاران و مەشهەد بوو و لە ئیسفەهان ئەم ڕێژە ژێر 2 لە سەد بوو. زۆرینەی بنەماڵە ئێرانییەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆنسێرواتیڤن و ئەستەمە بەم باوەڕە وەفادار بن. ئەوان تەنانەت ئەگەر لە هۆگریی سێکسیی منداڵەکەیان بە ئاگا بن، هەمیشە داوایان لێ دەکەن بەشێک لە شوناسی خۆیان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی بنەماڵە و ئەندامانی کۆمەڵگا نەخەنە بەر باس.

2. ڕیشەکانی هۆگریی سێکسی

دوو تیۆریی سەرەکی لەبارەی هۆکارە سەرەکییەکانی هۆگریی بۆ هاوڕەگەز بوونی هەیه؛ یەکیان ئەوەی کە هۆگریی بۆ هاوڕەگەز لە بنەڕەتدا لە ژێر کاریگەری فاکتەری ژنێتیکی و بایۆلۆجیدایە و هاوڕەگەزخوازی بە زکماکی دەزانێت. بە واتایەکی سادەتر کەسەکان “گەی” لە دایک دەبن. تیۆرییەکی دیکە دەڵێ هۆگریی هاوڕەگەزخوازانە لە بنەڕەتدا لە ئەنجامی کاریگەریی دەروونی و ژینگە و ئەزموونە سەرەتاییەکان بەدی دێت. لە کۆتاییدا، لەوانەیە چەند فاکتەر هەبن کە بێنە پاڵ یەکتر و ببنە هۆی هاوڕەگەزخوازی. شیکاریی دیمانەکان پیشان دەدا کە هەندێ لە کەمینە سێکسییەکان تەنیا وەک هەستێک لێی دەڕوانن کە لەگەڵی لە دایک بوون. ئەگەر وا بێ، ئەم ڕوونکردنەوانە ئەم تیۆرییە پشتڕاست دەکاتەوە کە فاکتەرە ژنێتیکی و بایۆلۆجییەکان کاریگەرن. زۆر کەس هاوڕەگەزخوازیی خۆیان بە دیاردەیەکی سرووشتی لە پارامەترەکانی هۆگرییە سێکسییەکان دەزانی.

دایکم دەگێڕێتەوە کە بە منداڵی حەزم لێ بوو کوڕ بوایەم. تەنانەت بۆ منیش سەیره. پێیانم دەوت بە فەڕشاد بانگم لێ بکەن. جل‌وبەرگم لە بەر نەدەکرد. زۆرێک لە کچان وێنەیەکیان لە ڕۆژی بووکێنی و ئەم چەشنە شتانە هەیه، ئەو کات من وامدەزانی لەگەڵ بووکێک هاوسەرگیری دەکەم. هاوڕێ کچەکانمم خۆش دەویست؛ عاشقی کچی دراوسێکەمان بووم. دواتر شەیدای کچە مامەکەم بووم. چوونکە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان پێت دەڵێن دیتر‌ڕەگەزخوازی ئاساییه، پێم وا بوو دەبێ هەر وا بێت. وامدەزانی کاری دروست هاوسەرگیریکردن لەگەڵ پیاوه.

تەمەن 28 ساڵان، دوو‌ڕەگەزخواز، تاران

3. چۆنیەتی دەست پێکردنی پەیوندیی هاوڕەگەزخوازانه؟

یەکەمین پەیوەندیی سێکسی لە قۆناغی خوێندنی ئامادەییدا ڕوو دەدا، سەرەڕای ئەوە لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییشدا بەدی کراوه. وەها هەڵسوکەوتگەلێک پەیوەندیی سێکسیی جیدیتریان لێ دەبێتەوه. لە تافی مێرمنداڵیدا، کەسەکان هێشتا پاکیی منداڵییان هەر هەیه. ئاگاداربوون لە هۆگریی سێکسی لە تافی باڵقبووندا خۆی دەنوێنێ و ئەمە هەمان ساتەوەختێکە کە هۆرمۆنەکان دەست دەکەن بە چالاکی. گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان کە لە دەستپێکی قۆناغی باڵقبووندا دەست پێ دەکەن، دەبنە هۆی هەستی توند و هۆگری و ورووژانی سێکسی.

لە ناو بەشداربووانی ئەم توێژینەوە لە تاران، زۆربەیان کەسانی خوێندکار یان پیشەدارانی گەنج بوون و هەندێکیان بە ڕەچەڵەک خەڵکی تاران نەبوون. شێوازی ژیانی سەربەخۆی ئەوان بە جۆرێ ئەوانی لە چاوی کونجکۆڵی بنەماڵە دوور کردۆتەوە و پەرۆشی و زەختی ئابووریی بۆتە هۆی ئەوەی پێکەوەبوون ببێتە بژاردەیەکی باشتر بۆ ئەوان. هەروەها لە کۆمەڵگای نیمچە نەریتیی گەنج، زانکۆ پانتایەکی هاوبەشی ئاسایی و قبووڵکراوە. کەواتە لە کاتێکدا کە دوو کەس لە دوو ڕەگەزی بەرامبەر لە ڕووی یاسایی و عوڕفەوە بۆ پێکەوەبوون هان نادرێن، پێکەوەژیانی دوو پیاو یان دوو ئافرەت بە شاردنەوەی ئارەزووە سێکسییەکانیان، وەک بابەتێکی نانۆڕم لێی ناڕوانرێت. هەندێ ئەم هەلەیان لە بەر دەستە کە بە دوور لە چاوی هاوڕێ و خزم و کەس درێژە بە ژیانە هاوتەریبەکان بدەن. دیوە سێکسی و سۆزدارییەکانی کەمینە سێکسییەکان بەشی گرنگی ئەو بۆچوونانە بوو کە کەسەکان ئامادەی ئاشکرا کردنی بوون.

لە سەردەمی زانکۆ ئەزموونی زۆر چەتوون هاتە پێشەوە کە هەموو ژیانمی گۆڕی. کەسێک لە زانکۆ بوو و ئێمە زۆر هۆگری یەکتر بووین. من هۆگریی خۆمم بۆ ئەو دەربڕی و ئەویش پێموا کێشەی نەبوو. بەڵام ئەو دیتر‌ڕەگەزخواز بوو. بە هەر حاڵ ئێمە دوو ساڵ لە پەیوەندیدا بووین کە ساڵ و نیوێک زۆر بە لامەوە دژوار بوو. پێی وابەستە بووم. ژیانم لە دەست چوو. ستۆدیۆیەکم هەبوو کە تێیدا گۆرانیم دەچڕی. وازم لە هەموو شتێک هێنا. دەستم لە شێعر هۆنینەوە هەڵگرت و دەستم کرد بە خواردنەوەی شەراب، زیاتر لە بەر ئەوەی پەیوەندییەکی هەڵەم دەست پێ کردبوو.

گەی 26 سالان لە مەشهەد

لەم خوێندنەوەدا دەرکەوت کە جۆری ئەزموونە سۆزداری و سێکسییەکان لە سەر ئاستی هەر سێ شاری مەبەست گرێدراو بە جۆری داڕشتەی سێکسیی شارەکەوە هەیە و ئەوەی کە جیاوازییەکان پەیوەستە بە کلتووری تایبەتی زاڵ لە هەر گەڕەکێکدا. ناهاوسانان لە شاری تاران لە چاو ناهاوسانانی ئیسفەهان و مەشهەد ئازادییەکی زیاتریان بۆ وادەی دیدار لە پارک یان دەستگەیشتن بە هەندێ مەکۆ و میوانییەکانی کۆتایی هەفتە (بە ناوی Life) هەیە کە دەتوانن چاویان بە یەکتر بکەوێ یان پێکەوە ژوان دابنێن. ئەگەرچی ئەم شوێنە دەگمەن و تا ڕادەیەک ئارامانە ئیزنی دەربڕینی خێرای سۆزەکانیان پێ دەدا، ترس لە بەرپرسان هەمیشە باڵی بە سەریاندا کێشاوه. ئەوان هەمیشە حەڕەشەی ئەم مەترسییەیان لە سەره.

بە هۆی ناوەڕۆکی تابۆی ئەم بابەتە کە لە ئایدۆلۆژیای ئایینی و بێ‌ئاگایی کۆمەڵگا لە بوونی ناهاوسانان شاردراوەتەوه، شوێن‌دۆزیی کەسانی تامەزرۆ بۆ بەشداری لەم خوێندنەوە توێژینەوەییه، مەترسیدار بوو. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشە ئاستی بەرزی بێ‌متمانەیی بوو. ئەم ناوتمانەییە لە لایەکەوە ئەوان لە هەڵبژاردنی هاوبەشی سێکسی وازوازی دەکا و لە لایەکی تریشەوە بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر ماوەی پەیوەندییان کەم دەکاتەوه. بە ئاوڕدانەوە لە تەمەنی کورتی پەیوەندییەکان، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخست کە دیمانە لەگەڵکراوان باسیان لە ئەستەمبوونی دۆزینەوەی هاوبەش دەکرد. گیر و گرفتی دۆزینەوەی هاوبەشێکی هەمیشەیی باری قورسی سەر شانی گەیە ئێرانییەکان بوو. لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا، ئەوان لەگەڵ دۆستە هاوبەشەکانیان پەیوەندییەکیان دەست پێکردبوو و پاش ماوەیەکی کورتی پەیوەندیی سێکسی، پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ هاتبوو.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 7. پەیوەندیی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 7 پەرەسەندنی پەیوەندییە دیاریکراو، هەمیشەیی یان کاتییەکان لە ناو ناهاوسانان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدا و بە گوێرەی ئەم چارتە، 14.3 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، 50 لە سەدیان لە مەشهەد و 40 لە سەدیان لە ئیسفەهان پەیوەندیی سێکسیی ناڕوونی بێژووماریان هەیه. بەڵام 42.85 لە سەدیان لە تاران، 50 لە سەدیان لە مەشهەد و 40 لە سەدیان لە ئیسفەهانیش پەیوەندیی هەمیشەییان هەبوو. هەروەها 50 لە سەدی ئەوان لە تاران، 66.6 لە سەدی ئەوان لە مەشهەد و 80 لە سەدیان لە سەر هەندێ لە پەیوەندییەکانی خۆیان پابەند بوون.

4. کاریگەریی هاوڕەگەزخوازی لە سەر بنەماڵه

ڕۆڵی بنەماڵە هەمیشە بەستراوەتەوە بە زەختێک کە زانراو یان نەزانراوانە بە سەر هەر کام لە ئەندامانی بنەماڵە بە هۆی ڕۆڵی گریمانەیی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، دەروونی و سیاسی دەوری واجب دەسەپێنێت. هاوڕەگەزخوازی لە ناو بنەماڵەدا کێشەیە؛ چوونکە ژیانی کۆمەڵایەتی زۆر جار لە ناو چوارچێوەی ئەو ئەزموونە کۆمەڵایەتییانەدا دروست دەبێ کە تایبەتمەندیی پیاوانەیان هەیه. هۆگریی سێکسی لە دەرەوەی دووانەی پیاوانە – ژنانە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکی ژنانە – پیاوانەی باوکسالار و سەرکوتکەر تێک دەدات. هەر هێمایەک لە گەی‌بوون دەتوانێ کاریگەرییەکی جیدی لە سەر ئەو بنەماڵانە دابنێ کە دژی قبووڵکردنی هاوڕەگەزخوازیی منداڵەکەیانن. ئەم کێشانە تایبەت بە وڵاتی ئێران نین. هەموو ساڵێ، هەزاران مێرمنداڵی ناهاوسانی ئەمریکی کە شوناسی خۆیان ئاشکرا کردووه، لە ماڵەوە دەردەکرێن و ڕێژەی یەک لە سەر چواری بێ‌ماڵەکان لە وڵاتی ئینگلتەرا، ناهاوسانن.

بۆچوونی کەسەکان لە درێژەی لێکۆڵینەوە پیشاندەری دەرد و ئازارێک بوو کە ئەوان لە کاتی پەی بردن بە هۆگریی جیاوازی خۆیان و بڕیاردان بۆ شاردنەوەی ئەم هۆگرییانە تاقییان کردۆتەوه. بەشداربووان ئاماژەیان بە هەڵسووکەوتەکانی بنەماڵە کرد کە ئازاربەخشترین ئەزموونی ئەوان لە ژیان و هەروەها چالنجێکی مەزن بوو. لە کۆمەڵگە و گرووپە بنەماڵەییەکان، هاوڕەگەزخوازی بە دیاردەیەک دەزانرێ کە دەبێتە هۆی شەرمەزاری کەسەکە خۆی و بنەماڵە و لێکەوتەی خراپی بۆ هەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە و هاوڕێیان هەیه. یەکێک لە باوترین لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ئەوەیە کە ئەندامانی مێینە بە هۆی نەبوونی خوازبێنی تامەزرۆ ناتوانن هاوسەرگیری بکەن و ئەندامە نێرینەکانیش لەوانەیە لە سەر ئیش دەربکرێن و بە گشتی پێگەی کۆمەڵایەتی بنەماڵە بچێتە ژێر پرسیار. لە حاڵەتەکانی تردا، کەسی هاوڕەگەزخواز – بە پێچەوانەی ڕاکێشبوونی ئاشکرای بۆ کەسی هاوڕەگەز – کۆڵ بۆ پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەگەڵ کەسی ڕەگەز بەرامبەر دەدا تەنیا بۆ ئەوەی بنەماڵە و هاوڕێیان لێی ڕازی بن. ڕەنج و ناڕەزایەتی بە هۆی هاوسەرگیریی زۆرەملێ زەبرێکی دیکەیە کە لە شوناسی شکێنەری کەسەکە دەدرێ و توێژێکی دیکەی زیانی دەروونی بە برینە قووڵەکانیان زیاد دەکات. سەبارەت بە کەمینە سێکسییە لزباینەکان، توندی کاردانەوەی بنەماڵە و کۆمەڵگا وای کردووە کە پێگەی پێشتر نایەکسانی زەختی دەروونی، جەستەیی و سێکسیی ئەوان چەند قات ببێت.

گەی 35 ساڵان، تاران

دەزانی چۆنە پێم خۆش نەبوو ئەم هۆگرییانەم هەبایە و هەر لە بەر ئەوەشە کە بیرم کردەوە لەگەڵ کەسێکی ڕەگەز بەرامبەری خۆم هاوسەرگیری بکەم. پێم وا بوو ئەم هۆگرییانەم کز دەکاتەوه. سەرەتاکان خراپ نەبوو بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە بە ڕاستی ناتوانم.

ئەگەر دیسان لە دایک ببمەوە حەزم نەدەکرد هاوڕەگەزخواز بوایەم. ئەوەی پێویست بوو کردم؛ پەیوەندیم لەگەڵ ماڵە پارێزراوەکان گرت بۆ ئەوەی درگام لێ بکەنەوە و ئەوان دەستیان کرد بە وتاردان. پێیان وتم دیارە کچێکی باش نیت. کچی چاک بە با تێهەڵدان نەخۆیت.

دووڕەگەزخواز، 27 ساڵه، مەشهەد

5. کاریگەریی ئایین و باوەڕە ئایینییەکان

لە کاتێکدا کە ئاراستەکان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ناهاوسانان لە سەرتاسەری جیهان لەم ماوەی دواییدا نەرمی‌نوێنییەکی زێدەتری لەگەڵ بووه، ئێران هێشتا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە هەمبەر ئەم گۆڕانە خۆڕاگری دەنوێنێت. لە هەندێ لە ناوچەکانی ئێراندا، تەنانەت هاوڕەگەزخوازی وەک بابەتی گفتوگۆ ڕەت دەکرێتەوە و لە ئەنجامدا گرووپەکانی پشتیوان‌دۆزیی ناهاوسانان پێک نەهاتووە و هیچ گۆڕانێکی لێ سەوز نابێت. ژێربنەمای ئایینی لە وڵاتی ئێران «سەروو‌پێکهاته»ـی یاسایی و سیاسی دروست کردووە کە بە پێی فیقهی نەریتیی شێعە پێناسە دەکرێت. هەرچی بنەماڵەیەک ئایینی‌تر و دەمارگرژتر بێ، زەختێکی زیاتر دەخرێتە سەر تاک. بە ئاوڕدانەوە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجیکی کەمینە سێکسییەکان، ئایین بۆ کۆنتڕۆڵی سێکسی زەختێکی بەهێزتری هەیه.

زۆر شیکاری لەم گوتارەدا هەیە کە ئایا گەیبوون لە ئایینی ئیسلامدا قبووڵ کراوە یان نا و زۆرێک لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مەعنەوییەت و هۆگریی سێکسیی خۆیان هاوئاراستە بکەن. ئەو کۆمەڵە گەیە موسڵمانانە کە هۆگریی سێکسیی خۆیان وەک کردەوەیەکی نائەخلاقی یان هەڵە چەمکسازی دەکەن هەمیشە هەڵوەدای متمانە بە خۆبوونن. بۆ کەسانی ناهاوسان، دەستپێکی ناسینی هۆگریی سێکسی بە بێ‌هیواییەکی مەعنەوی و ئایینی ئێگزیستانسیال سەرکوت دەبێت. زۆر کەس بێ‌گومانن لەوەی کە هاوڕەگەزخوازتۆقێنی بە هێز و گوڕەوە لە کەلتووری ئێرانییدا دەمێنێتەوه. هەستی بە دەروونیکراوی ئایین کە توخمی بوونی تاکه، چەمکی کۆمەڵایەتی و ئایینی ژنانە و پیاوانە و پەیوەندی لەگەڵ نا‌هاوڕەگەز وەک تەنیا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی قبووڵکراو لە چوارچێوەی ئیسلامی دەبنە هۆی ئەوەی تاک لە دەلاقەی شەرمەزاربوونی هاوڕەگەزخوازی و پێکهاتە ئایینییەکان هەستی سرووشتی خۆی بخاتە بەر قەزاوەت.

لەم پێناوەدا، زۆربەی وڵامدەران پشتیوانی شرۆڤەی ئەخلاق‌تەوەرتری دەقە ئایینییەکانن کە ڕێز لە زۆرینەیی و جیاوازییەکانی خولقێنراوەکانی خودا دەگرن و لە هەمبەر شرۆڤە زاڵەکانی قوڕئان کە بیرمەندان بۆ ئیدانەکردنی هاوڕەگەزخوازی پەنای بۆ دەبەن، خۆڕاگری دەکەن. موسڵمانان پەنا دەبەنە بەر بەسەرهاتی لووت لە قوڕئان (وەکوو بەسەرهاتی لات لە ئینجیل) بۆ ئەوەی بڵێن ئیسلام ئەو پیاوانە ئیدانە دەکا وا هۆگری پیاوانن. زۆر گەیی موسڵمان شرۆڤەی جیاوازییان لێی هەیه: ئەم چیرۆکە توندوتیژی ئیدانە دەکا نە کردەوەیەکی سێکسیی تایبەت.

28 ساڵان، دوو‌ڕەگەزخواز لە تاران

«من هیچ کارێکی وا ناکەم کە کاریگەری لە سەر خودا دابنێم، نە نوێژ دەکەم و نە قوڕئان دەخوێنمەوه. ڕۆژوو ناگرم. سوێند بە خودا دەخۆم و سێکسیی کۆمیم دەکەم.» ‌

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 8. پابەندیی بە ئەخلاق لە ناو ناهاوسانان

چارتی ژمارە 8 پیشاندەری ڕا و بۆچوونی حەشیمەتی ئامانج سەبارەت بە ڕەهەندی ئەخلاقیی هاوڕەگەزخوازییه. 82.8 لە سەد لە تاران، 66 لە سەد لە مەشهەد و 71.5 لە سەدی حەشیمەت لەو بۆچوونەدا بوون کە هاوڕەگەزخوازی دیاردەیەکی ئاسایی و سرووشتییه.

هیچ خواستێک بۆ ئایینێک کە ئەو گرووپە ناهاوسانانە بە فەرمی بناسێ و قبووڵیان بکا کە پێیان خۆشە سکۆلار بن، لەم قۆناغە زەمەنییەدا بەدی ناکرێت. ئەمە وای کردووە کە زۆر کەس لە ژیانی خۆیاندا ڕێگەیەکی نوێ بەرەو هێزی مەتافیزیا و ئایدۆلۆژیای مەعنەویی بەدیل بگرنە بەر بۆ ئەوەی درێژە بە ئایینی باڵادەست و دەسەڵاتداری ئیسلام بدەن. ئەم چەمکانە بریتین لە مرۆڤایەتی، باوەڕمەندبوون بە کەرامەتی مرۆیی وەک ئایینێکی ڕاستەقینە یان هۆگری بۆ عیرفانێکی نوێ کە باوەڕی بە مەلەوەربوونی سێکسی هەبێت.

لزباین، 31 ساڵان، لە مەشهەد

باشم لە بیرە کە لە تافی منداڵیدا لەگەڵ دایک و باوکم دەچووم بۆ مزگەوت؛ بەڵام پاش ئەم پرس و کێشانه، لە قۆناغی یەکەمدا حاڵەتی بەرگریکارانەم بەرامبەر بە خودا هەبوو چوونکە بە ڕاستی لە ژێر گووشاردا بووم. خودا دەیتوانی منیش هاوشێوەی دیکەی کەسانی هاوڕەگەزم بخولقاندایه، دەمتوانی ژیانێکی ئاساییم هەبوایە، هاوسەرگیری کردبا؛ منداڵم بخستایەتەوه؛ دەمتوانی بە ئاسوودەیی بژیم. من هێشتاش هەمان هەستم هەیە. ئەو پرسەی ئێمە ڕووبەڕووی بووینەتەوە هەندێ جار وا دەکا باوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین بەڵام ئەم کێشە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە باوەڕەکانم لە دەست بدەم. پێم خۆشە ڕۆژێ بمرم و تەنیا لە خودا بپرسم بۆچی. کەسانێک هەن کە من لەگەڵیان لە پەیوەندیدام و هەندێکیش وەکوو من هەر ئەم کێشەیان هەیه. من بە ڕاستی ماندوو بووم.

گەی، تەمەن 23 ساڵان، لە ئیسفەهان

دیارە ئێمە تاوانبارین، ئێمە لە وڵاتێکی موسڵماندا دەژین و بێ‌گومان ئێمە موسڵمانین. ئێمە باوەڕمان بە خودا و ڕۆژی قەیامەتە بەڵام ئەم باوەڕە لاوازه. بەڵام من ئیمان و بڕوام هەیه. من نکۆڵی لە خودا ناکەم. سەرەڕای ئەمه، پەیوەندییم هەیه، سێکس دەکەم و هەمیشە هەوڵم داوە ئەم دوو ڕەهەندە لە یەکتر جیا بکەمەوه. بۆ من، دیتر‌ڕەگەزخواز یان هاوڕەگەزخوازبوون هیچ پەیوەندییەکی بە خودا، ئایین و ڕۆژی دواییەوە نییه. من ئەوان پێکەوە گرێ نادەم. من هیچ هەست ناکەم گوناحێکم لێ وەشابێتەوە. باوەڕە ئایینییەکانم لاوازن؛ بەڵام من ئەم بابەتەم بە ئاسوودەیی قبووڵ کردووە و کێشەم نییه.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation٣.png

چارتی ژمارە 9. ئاستی پابەندیی ئایینیی وڵامدەران

چارتی ژمارە 9 پیشاندەری باوبوونی باوەڕە ئایینییەکان لە ناو حەشیمەتی ئامانج لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهانه. بە گوێرەی ئەم چارتە، 14.28 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، 33.3 لە سەدیان لە مەشهەد و 20 لە سەد لە ئیسفەهان باوەڕیان بە چەمکگەلی ئایینی وەکوو خودا و نوێژ و ڕۆژوو هەبوو. ئەم داتایانە پیشان دەدەن کە هاوڕەگەزخوازان لە شاری مەشهەد باوەڕی ئایینیی بەهێزتریان هەیه؛ چوونکە پەروەردە و بە کۆمەڵایەتی‌بوونیان لە سایەی ئایین لەم شارەدا باوتره. ئیسفەهان و تاران مۆدێڕنترن و باوەڕی ئایینی لەواندا کاڵتره.

8. پەیوەندی هاوڕەگەزخوازان و یاسا

ناهاوسانان لە وڵاتی ئێران ئازاریان پێ دەگەیەنرێ و هێرش دەکرێتە سەریان. یاساکان لە دژی ئەوانن. ئەوان لە هەمبەر ئازار، کەڵکاوەژوویی و توندوتیژی بنەماڵە و کۆمەڵگا خەسارهەڵگرن. پەیوەندییەکی ئەبەدی و دانەبڕاو لە نێوان ئایین و نۆڕمە سێکسییەکان لە ئێران و سیستەمی یاساییدا بوونی هەیە کە ئەو کەسانە سزا دەدا کە ئایین و بەها سێکسییەکان ڕەچاو ناکەن. سزا یاساییەکان لە لایەن دەوڵەت، دەزگای داد و کاراکتەرانی نادەوڵەتی وەکوو قوتابخانەکان، کۆمەڵگاکان و بنەماڵەکان دەسەپێنرێن. یاساکانی ئێران لە هەمبەر هەڵاواردن یان ئازاردان بە هۆی هۆگریی سێکسی یان شوناسی ڕەگەزێتیی تایبەت هیچ پشتیوانییەک پێشکەش ناکات. ناهاوسانان لە مافی یاسایی بێبەشن.

لە یاسای سزای ئێران – کە لە بەشی پێشوو بە تێر و تەسەلی باسی لێ کرا – بۆشاییەکی نکۆڵی‌هەڵنەگر لە نێوان پەسندکراوە سزاییەکان و ڕاستییە جێبەجێکراوەکاندا بوونی هەیه. توێژینەوەکانی ئەم دوواییانە پیشانیان دا کە سزای تایبەت بە پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانه، منداڵبازی و لزباینبوون ئاوێتەیەکە لە سزای جەستەیی وەکوو لێدانی قەمچی، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئاکارەکە و بوونی بەڵگە، کەسی هاوڕەگەزخواز بە مەرگ یان بەردبارانکردن سزا دەدرێ، ئەگەرچی ساڵانێکە وەها حوکمێک دەرنەچووە و وێدەچێ دەزگای داد و پۆلیس هەتا ئەو جێگایەی لە ڕێژەیەکی زۆردا کۆ نەبنەوە و بە شاراوەیی بمێننەوه، کۆمەڵگای ناهاوسانان قبووڵ دەکات.

کاتێک سەبارەت بە زانیاریی یاسایی ئەوان پرسیار لە کەمینە سێکسییەکان کرا، زۆریان سەبارەت بە وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی یاساکان سەریان لێ شێوا بوو، ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە هەندێ لە بەشداربووان کەڵکیان لە وشەگەلی وەکوو سێدارە یان بەردباران یان قەمچی وەرگرت. وەک بینرا لە کاتێکدا کە زۆرێک لە کەمینە سێکسییە بەشداربووەکان هەستیان دەکرد کە لە ژێر کۆنتڕۆڵدان، حاڵەتێک لە کەمتەرخەمیش بەدی دەکرا؛ چوونکە لەم ماوەی دواییدا هیچ حاڵەتێکی سێدارە یان بەردباران لە ئارادا نەبووە و زۆریان ئەگەری وەها سزاگەلێکیان زۆر بە کەم دەزانی. دەورەدران لە بازنەیەکی پارێزراو وای کردووە زۆرێک لەم کەسانە لە حاڵەتێکی بەرگرییانەدا بژین و ئەمە بە هەڵە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک وا بزانن لە پانتای نهێنی خۆیان پارێزراون و دەتوانن بە شێوەی نهێنییانە پەیوەندیی سێکسیی خۆیان بپارێزن. سەرەڕای ئەوەی کە لە سەر ئاستی تاکایەتی سەبارەت بە یاساکان نیگەرانی زۆر هەیه، زۆریان خۆیان خزاندووەتە ناو گرووپی بچووکی کۆمەڵایەتییەوە کە تەنیا پێداگری لە سەر شاراوەبوون و ئەندامەتیی نەبینراوی کۆمەڵگا دەکەن. سەیر ئەوەیە سەرەڕای هێشتا ئەوەی ترس لە قۆڵبەستکران لە لایەن پۆلیس و سزای سێدارە لە ئارادایه، ئەم ترسە بە هۆی نیگەرانییان لە بێ‌ئابڕوویی بنەماڵە یان ئاشکرابوونی شوناسی سێکسییانە کە ساڵەهای ساڵ بە وردییەوە شاردرابووەوه.

ئێستا گرووپەکانم (گرووپی ناهاوسانان لە تێلێگرام) دەسڕمەوە و بۆ بەیانی دیسان لە گرووپەکاندا دەگەڕم بۆ ئەوەی شتێکی باشتر بدۆزمەوه، گرووپەکانم دەسڕمەوه، تەلەفوونەکەم دەکووژێنمەوه. پێموا هەتا هەنووکە 20 دانە سیم کارتم کڕیوە و هەموویانم سووتاندووه. بە خۆم دەڵێم وازی لێ بێنه؛ چیتر ئەم کارە مەکە. قوڕئان دەکەمەوه؛ بۆ بەیانی دیسان بە شوێن گرووپەکانمدا دەگەڕم. دیسان بە شوێن یەکێکی باشدا دەگەڕم. پێموا هەتا ئێستا دە باتری مووبایلم گۆڕیوه. من هەر لە سەرەتای ڕۆژەوە هەتا شەو سەرم لە ناو موبایلدایه. دایکم دەڵێ ئەگەر لای خودا بپاڕییەوە ڕەنگە بگەڕیتەوه. ڕەنگە کارێک دەست بخەی، بچیتە سەر کار.

لزباین، 27 ساڵه، لە تاران

بە ئاوڕدانەوە لە پرسەکانی سەرەوه، دەتوانین وێنەیەکی ڕوونترمان لە کاریگەریی یاسا لە سەر ژیانی تاک هەبێت. کۆمەڵێ بەڵگە لە ئارادان لە سەر ئەوەی کە داپەڕەکانی پۆلیس تەنیا لە دژی کۆبوونەوەی کەمینە سێکسییەکان لە شوێنە گشتییەکانی وەکوو پارک و کافەکانی ناوەندی شاره، ئەو شوێنانەی کە سەرنجی پۆلیس بەرەو لای کۆمەڵگەی گەورەتر ڕادەکێشرێت. ئەم پارکانە مەکۆی ناسراوی جڤاکی ناهاوسانەکانه. لە درێژەی لێدوانەکاندا، بەشداربووان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هەڵسووکەوتیان لە دیدار و چاوپێکەوتن لە شوێنە ناسراوەکانی وەکوو پارکە تایبەتەکانی کەلانشارەکانی وەکوو تاران، مەشهەد و ئیسفەهان سنووردار بۆتەوه. ئەم چەشنە وڵامە ئەمنییانە شێوازێکی کلاسیکە بۆ سازدانی پانتایەکی هاوسەنگ و ڕادیکاڵی نەریت‌خواز و کۆنتڕڵی کۆمەڵگە مرۆییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە هۆکاری وەکوو هۆگریی کۆمەڵایەتی یان چاودێری بە سەر هەڵسووکەوتەکان. ئەم وڵامه، وڵامێکە بۆ ئاڵۆزی و تێهەڵکێشراویی نوێ و کۆن لە ڕێگەی تاوتوێکردنی حەڕەشەکانەوە. بەڵام ئامانجی سەرەکی گرتن یان سزادان نییه، بەڵکوو بڵاوە پێکردنی کۆمەڵگە گەورەکان لە شوێنە گشتییە ناسراوەکاندا بە هۆکاری ئاسایشی. بڵاوە پێکردنی گرووپە هاوڕەگەزخوازەکان و ڕێگری لە کۆبوونەوەیان لە شوێنە گشتییەکاندا لە بۆنەگەلی وەکوو ئاهەنگی لەدایکبوون، سەیران، ساڵیادی بۆ وێنە دامەرزاندنی کەناڵی تێلێگرامی و هتد پیشان دەدا کە کۆمەڵگای ئێرانی بۆ شاردنەوەی کەمینە سێکسییەکان هەتا کوێ دەڕوات. ئەم داپەڕانە بۆ ئارامکردنەوەی زۆرینەیەک ئەنجام دەدرێ کە لە هاوڕەگەزخوازی دەترسێ و لێی بێزاره. تیمی لێکۆڵینەوەکەمان شایەتحاڵی حەڕەشەی پۆلیسی ئاسایش بوو. پۆلیس و هێزەکانی گەشتی ئیڕشاد چەندین جار کاری مەیدانیان وەستاندووە و بوونەتە هۆی ئەوەی بەشداربووان خێرا بڵاوەی پێ بکەن بۆ ئەوەی نەناسرێنەوه. شایەنی ئاماژە پێدانە کە شێوازی کار لە شارەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهان جیاواز بوون و تەنانەت ئەم جیاوازییانە لە گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی شارێکیشدا بوونی هەبوو. بەدەر لە کێشەی دابینکردنی ئاسایشی بەشداربووان کە حەزیان لە دیمانە بوو، ئەم شێوازە پۆلیسییەی هێرش و ڕاکردن وای کرد کاری دیمانە بە دەستێوەردانی پۆلیس دژوار بێت.

لە کاتی دیمانه، پیاوێکی گەی لە مەشهەد هەستی خۆی بەم شێوە دەربڕی:

“کۆبوونەوەی کەمینە سێکسییەکان بە گوێرەی داڕشتە و جۆریان خەسارهەڵگریی هەنووکەیی دەورووژێنن. کۆبوونەوە بۆ ئاهەنگی لە دایکبوون یا ساڵیاد ئەگەر کەسانی تڕەنس یان کەسانێکی تێدا بێ کە ئارایشتیان کردووە یان جلوبەرگێکی نائاساییان لە بەره، کاردانەوەی جیاوازی پۆلیسی لێ دەکەوێتەوه. بەتایبەت لە تاران و شوێنەکانی دیکە و بیستوومە ڕووداوی خۆش بۆ هاوڕەگەزخوازان ڕووی داوه. وەکوو میوان یا شتی دیکه. بەڵام لە شاری مەشهەد و هەر دوو شارەکان شوێنی مەزارگەی کەسایەتییە گرنگە ئایینییەکانن و هەر بەو هۆیەش تۆقێنەرن. نازانم بۆچی.”

وەک پێشبینی دەکرێ، ئێمە بۆمان دەرکەوت کە بە هۆی ئەزموونی جەرگبڕی گرتن لە لایەن پۆلیس و هێرش کردنە سەر میوانی یان شوێنە گشتییەکان هەستی متمانە لە کەمینە سێکسییەکاندا لە ناو چووه.

7. توندوتیژی و تەندروستیی دەروونی ناهاوسانان

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 10. ڕێژەی خەمۆکی و خۆکووژی وڵامدەران

چارتی ژمارە 10 پیشاندەری خەمۆکی و خۆکوژیی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهانه. تاران بە 35.7 لە سەد، ئیسفەهان بە 40 لە سەد و مەشهەد بە 50 لە سەدی حاڵەتەکانی خۆکوژی پیشان دەدرێن. ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن کە بە هۆی برەوی بەهای نەریتی و زەخت لە مەشهەد و لە ئەنجامدا ڕێژەی سەرتری توندوتیژی و هەڵاواردن، ئاستی خۆکوژی لە ناو هاوڕەگەزخوازانی ئەم شارە زیاتره. کۆی کێشە درێژخایەنەکان کە زۆربەی کەمینە سێکسییەکان ڕۆژانە بە ئەزموونی دەکەن، وەکوو گاڵتەپێکران لە ماڵ، قوتابخانە و شوێنی ئیش و تەنانەت لە شەقام، مەترسی زۆری قۆڵبەستکردن، چەوسانەوه، ملهووڕی و توندوتیژیی سێکسی، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخێکی نادادپەروەرانه، ناورۆڤانە و تاقەتپڕووکێنی ژیان. زۆریان لە ژێر زەختی سەرکوتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتیدا دەژین. کاتێک وەها هەلومەرجێک بە نەگۆڕاوی دەمێنێتەوه، ڕێگە بۆ خەساری کۆمەڵایەتیی زیاتری وەکوو ئێچ‌ئای‌ڤی، توندوتیژی، کێشەی دەروونی، خەمۆکی و خۆکوژی زیاتر خۆش دەبێت. ئەو کاردانەوە توندوتیژ و بێڕێزییانەی کە لە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکاندا بەدی دەکرێن لە جڤاکی ئەواندا، ئەو شوێنەی کە ڕەگەزێتی دەکەوێتە بەر تیشکی هەڵسەنگاندن و قەزاوەت و بە بێزاری و نفرەتەوە لێی دەڕوانرێ، خۆی دەنوێنێت.

ئەم کاردانەوانە لە شوێنی کاریشدا دەبینرێن کە کەسەکان بەشێکی هەرە زۆری کاتی خۆیان لەوێ بە سەر دەبەن. ئەمە تەنیا تایبەت بە وڵاتی ئێران نییه. لە سەرتاسەری جیهان، ناهاوسانان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی بەربڵاو لە شوێنی کار دەبنەوە و دیسان ئاشکرا دەبێتەوە کە وڵاتی ئێران ئاوارتە نییه. کۆسپ و تەگەرەکانی بەر دەم ناهاوسانان بۆ دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی لەگەڵ توندوتیژی و پرسەکانی پەیوەست بە تەندروستیی دەروون کە ئەم تاقمە لەگەڵ هاوڕەگەزخوازتۆقێنی بە ئەزموونی دەکەن، دەتوانێ ماوەی ئەو ساڵانەی کە ناهاوسانان دەتوانن ئیش بکەن، کەم بکاتەوه.

من وا هەست دەکەم لە کۆتاییدا هەموو ژنێک دەبێ پاڵ بە پیاوێکەوە بدات. تەنانەت لە پەیوەندییەکانی لزباینەکان، ئەو کەسەی کە دەوری بەهێزتر دەگێڕێ، هەمیشە پێویستی بە کەسێکی بەهێزترە بۆ ئەوەی پاڵی پێوە بدات.

تەمەن 18 ساڵان، لزباین لە ئیسفەهان

لە وڵاتی ئێران، کەمینە سێکسییەکان ناتوانن لە هەموو مافە مەدەنی و یاساییەکان سوودمەند بن و ناتوانن لە ڕەوتی پەیوەندییەکی ناتەندروستی تونداژۆدا بەرگری لە خۆیان بکەن. لە ڕاستیدا بە شێوەی بەربڵاو و سیستماتیک، ناهاوسانان لە هەر چەشنە مافی پشتیوانیی یاسایی بێبەشن. لەو ڕووەوەی یاساکان لە وڵاتی ئێران هەر ئێستاش پەیوەندیی ئەوان وەک بەرهەڵستیی ڕەها لە دژی نۆڕمە ئایینییەکان و جۆرێک سەرکێشی سەیر دەکا، کەمینە سێکسییەکان – کە لە ئاشکرابوونی شوناسیان دەتۆقن – پەیوەندییەکی ئاسوودەیان لەگەڵ سیستەمی یاسایی، پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش (ئینتزامی) نییه.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation٢.png

چارتی ژمارە 11. ڕێژەی توندوتیژی و هەڵاواردن لە دژی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 11 ڕێژەی توندوتیژی، هەڵاواردن و سووکایەتی داسەپێنراو بە سەر هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات. بە گوێرەی ئەم چارتە، زیاترین ڕێژەی توندوتیژی و هەڵاواردن لە ئیسفەهان (80 لە سەد) و ئینجا لە ئیسفەهان (66.6 لە سەد) و تاران (7.1 لە سەد) ڕوو دەدات. لە چاو تاران، مەشهەد و ئیسفەهان نەریتی‌خوازتر و ئایینی‌ترن؛ کەواتە لەم شارانەدا هاوڕەگەزخوازی بە لادان و نەشیاو دەزانن و هیچ سەیر نییە کە توندوتیژی لە دژی هاوڕەگەزخوازان لەم شارەدا زۆرە.

8. خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکان و یارمەتییەکانی دیکه

کاتێک کەسێک دەچێ بۆ لای دەرووپزیشک، ئەوە خەسارەتێکی دەروونی لە ئارادایه. کاتێ ناهاوسانێک سەردانی دەروونپزیشک دەکا کە بابەتی پەیوەست بە هۆگریی سێکسیی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوە خولیای چارەسەر یان گۆڕان نییە بەڵکوو تێدەکۆشێ بەرەنگاری هۆگریی سێکسیی خۆی ببێتەوە و هەڵوەدای جۆرێک ئاشتییە. دەروونپزیشکان بە ڕێگە چارەی «نەرێنی» وڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوه. بۆ وێنه، دەروونناسێک پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بە ئامانجی گۆڕینی هۆگریی سێکسیی تاک پێشنیار دەدات. ئەم ڕێگە چارانە لە کۆتاییدا دەبنە هۆی ئەوەی کە بەشداربووان بچنە ناو پەیوەندیی ئاڵۆزترەوە کە ورووژانی سێکسی و خەفەتی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی هەستی لەدەستچوونی شوناس.

سەرەڕای هاودەنگیی گشتی لە سەر ئەم بابەتە کە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەروونی نییه، دەروونپزیشکانی «شارەزا» لە وڵاتی ئێراندا هەن کە هاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشی لە قەڵەم دەدەن و تێدەکۆشن کەسەکە بخەنە ناو چوارچێوەیەکی پێناسەکراوی دەورە ڕەگەزییەکان.

کەمینە سێکسییەکان متمانەیان بە ڕۆڵی ڕاوێژکاران و دەروونپزیشکان نییە و بە نەرێنی لێیان دەڕوانن. خۆپارێزی و مەحافزەکاریی بەردەوام کە هەمیشە لە ژیانی ناهاوساناندا هەیه، تەنانەت لە لای یارمەتیدەرێکی کۆمەڵایەتی یان دەروون‌توێژێکیش بەردەوامه. بێ‌متمانەیی ڕێگە بە کەسەکە نادا کە قەڵغانەکەی فڕێ بدا و گیر و گرفتەکانی بخاتە ڕوو. ئەو ناتوانێ داوای پشتیوانی یان ڕاوێژکاری و پێشنیارێکی بەسوود بکات.

هەندێ کەس کاتێک کە توانای ئابووریی سەردانی ڕاوێژکاری تایبەتیان نییه، دەروونناسانی دەوڵەتی دەستنیشان دەکەن. ئەم کەسانە وەک نەخۆش بە دەروونناسانێک لە ڕێکخراوی بێهزیستی دەناسێنرێن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی بێبەرامبەر سوودمەند بن. لەم خولانەدا، کارناسان ستراتیژ و ڕێگە چارەی سنوورداریان بۆ چارسەری «نەخۆشانی هاوڕەگەزخواز» هەیه. ئەم دەروونناسانە زۆریان کارمەندی دەوڵەتن. کاتێک هاوڕەگەزخوازی لە یاساکانی ئێراندا هیچ شوێنێکی بۆ نییه، ڕاوێژ لەگەڵ دەروونناسێکی دەوڵەتی شیاوی تێگەیشتن نییه. لە ڕاستیدا دەروونناسێک کە تەنانەت قبووڵکردنی هۆگریی سێکسیی خۆی وەک ڕووداوێکی سرووشتی لە لایەنێکی ڕەگەزیدا پێشنیار دەکا، لە بنەڕەتدا لە دژی بنەمایەکی پێناسەکراو لە لایەن خاوەن کارەکەی خۆی واتە دەوڵەت هەڵوێست دەگرێت. ئەمە تەنانەت لەوانەیە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی کاری دەروونناسیشی لێ بکەوتەوه.

گرووپی دووهەم کەسانێک لە بنەماڵە زەنگین و دەوڵەمەندن کە دەتوانن لە باری ماڵییەوە سەردانی دەروونناسیی تایبەت بکەن کە لە ناوەندەکانی شاردا نۆرینگەی تایبەتییان هەیە و هیچ وابەستەییەکیان بە دەوڵەت نییه. ئەم دەروونناسانە تێگەیشتنێکی تا ڕادەیەک باشتریان لە پرسەکانی شوناسی ڕەگەزی هەیە و ڕەنگە کەمتر نیگەرانی ئۆتۆلۆژی و چڕبوونەوە لە سەر چارەسەری هاوڕەگەزخوازی بن؛ کەواتە ئەوان دەتوانن بە هێز و ئازادییەکی زێدەترەوە ڕاوێژ بدەن.

9. کاردانەوە ستراتیژییەکان

لە وڵامی سەرکوت و سنووردارییە بە ئەزموون کراوەکاندا، کەمینە سێکسییەکان هەمیشە بێدەسەڵات و ملکەج بوون و هەندێ جار کاردانەوەی سیستماتیک یا ناسیسماتیکی خوازراو یان نەخوازراو لە خۆیان دەنوێنن؛ زۆربەی کەمینە سێکسییەکان وایان پێ باشترە کە هۆگریی سێکسیی خۆیان بشارنەوه؛ چوونکە بنەماڵه، ئایین و هێزە ئاسایشییەکان سەرچاوەیەکی پشتیوانی لاوازن کە لە ڕاستیدا بوونیان نییه. شاردنەوە یەکەمین میکانیزمی ستراتیژانەی خۆگونجاندنە کە کەمینە سێکسییەکان بۆ خۆڕاگری لە هەمبەر زەخت و گووشار دەیگرنە بەر. ئەنجامی لێدوان لەگەڵ هەندێ لە هاوڕەگەزخواز و دوو‌ڕەگەزخوازان ئەوەی پیشان دا کە هەمووان بە شاردنەوە ڕازی بوون و بە شێوەی بە کۆمەڵ کەڵکیان لەم ستراتیژە وەردەگرت.

هاوسەرگیریی ساختەکاری یەکێک لە سەیرترین و گەورەترین ڕێگەکانی خۆقوتاردان و ڕا کردنه. ناهاوسانان ناچارن بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسێک کە خۆشیان دەوێ، ڕێگەی «داهێنەرانه» بدۆزنەوه. ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە کە بە ملیۆنان پیاوی گەی و ژنی لزباین لە جیهاندا «هاوسەرگیریی ساختەکارانه» وەک ڕێگەیەک بۆ ئارامکردنەوەی ئەندامانی بنەماڵە و کۆمەڵگای گەورەتری خۆیان دەستنیشان دەکەن. هاوسەرگیریی ساختەکارانە باشترین شێوازە بۆ ئەوەی هەمووان ڕازی بن و هەر چەشنە گومانێک سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی بسڕنەوه. گەورەترین ئەنگێزەی هاوسەرگیریی ساختەکارانە ئارامکردنەوەی دایک و باوکه. بەڵام ئەم بابەتەش کێشەی خۆی هەیه: یەکەم زۆریان لە ژێر زەختی بنەماڵەدا مل بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر دادەنەوێنن بەڵام بە شێوەی پەناوەکی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کەسی هاوڕەگەزیان درێژە پێ دەدەن. دووهەم ئەوەی کە ئەوان ڕازی بە هاوسەرگیری دەبن بۆ ئەوەی بتوانن لە بارودۆخێکی براوە – براوە زەخت و گووشاری زۆری بنەماڵە لە ناو ببەن و بەردەوام درێژە بە پەیوەندیی شاراوەیان لەگەڵ کەسی دڵخوازی خۆیان بدەن.

جۆرێکی دیکەی هاوسەرگیری کاتێکە کە کەسێک لەگەڵ دیترڕەگەزخوازێک هاوسەرگیری دەکا نەک لەگەڵ هاوڕەگەزخوازێک و هەمان ئامانج دەگرێتە بەر و ئامانجەکەشی ڕزگار بوون لە زەختی بنەماڵە و کۆمەڵگایه. لە وەها هەلومەرجێکدا، ئەم ڕێگە چارە، ڕێگە چارەیەکی خێرایە بۆ ئەو کەسەی کە لەگەڵ هۆگریی سێکسیی خۆی ڕاهاتووە یان تێدەکۆشێ شوناسی ڕەگەزیی خۆی ئاشکرا بکات. ئەم هاوسەرگیرییە بە شێوەی کاتی گرفتەکە چارەسەر دەکا، لە حاڵێکدا کە کەسەکە لە پشتیوانیی دارایی، سۆزداری و دەروونیی هاوژینە دیتر‌ڕەگەزخوازەکەشی سوودمەند دەبێت. ئەم بابەتە لە دیمانەکردن لەگەڵ بەشداربووان ئاشکرا بوو، ئەو بەشداربووانەی کە سەرەڕای هاوسەرداربوونیان پەیوەندیی خۆیانیان لەگەڵ هاوبەشە هاوڕەگەزخوازەکانیان پاراستبوو.

ڕێگەچارەی دواتر کە لە ڕێگەی ئیشی مەیدانی دەرکەوت هۆگریی بەشداربووان بۆ بە جێهێشتنی وڵات و کۆچ کردن بە هیوای ژیانێکی ئازادتر لە کۆمەڵگایەکی کەمتر سەرکوتکەر بوو بۆ ئەوەی لەوێ بتوانن وەک ناهاوسانێک بە بێ هیچ ترسێک لە بە دواداچوونی یاسایی بە مافە سەرەکییە مرۆییەکان بگەن. ئەوان پرۆسەی کۆچکردن و داخوازی پەنابەرییان دەست پێکردبوو. هەندێ تێدەکۆشاون لە تەمەنی کەمتردا کۆچ بکەن و ئامادەیی بۆ ئەم پرۆسە وەها هەوڵێک بووە کە دەڵێی هەمیشە بەشێک لە ژیانی ئاسایی ئەوان بووه.

جۆرێکی دیکە لە کاردانەوەی ستراتیژی کەمینە سێکسییەکان لە هەمبەر زەختە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری نواندن لە چالاکیی کۆمەڵایەتییه. ئەم کاردانەوانە لە لایەن کەسانێکە کە بە قووڵی باوەڕیان بە هۆگریی سێکسیی خۆیان هەیە و لە بنەماڵەی کراوەتر و پاڵپشتترەوە دێن و ئەگەرچی ئاستی قبووڵکردناین ئەوتۆ نییە، شێلگیر و تونداژۆ نین. ئەم کەسانە چیتر شوناسی خۆیان ناشارنەوه. ئەم گرووپە ئەو خوێندکارە گەنجە زانکۆییانە لە خۆ دەگرێ کە بزوتنەوەیەکی سەربەخۆیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە شوناسی ڕاستەقینەی ژیانی کەمینە سێکسییەکان بە هەمووان پیشان بدەن. لە گرووپە تێلێگرامییەکان بەم بزوتنەوە دەڵێن «ئاساییکردنەوه» کە بریتییە لە کۆمەڵێ چالاکی وەکوو گفتوگۆ لەگەڵ هاوپۆل، دراوسێ و خزم و کەس و کار بۆ گۆڕینی ڕوانگەی ئەوان، هەر چەند بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت.

کاردانەوەی ستراتیژی دیکه، کە ئەویش لە ڕیزی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا جێی دەبێتەوه، پێکهێنانی کۆمەڵەی هاوتەریب بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی هاوڕەگەزخوازدژی و زەختە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانه. ئەندامانی ئەم جڤاکانە کە لە هەڵسەنگاندنی نەرێنی و تاراندن وەڕەز بوون لەگەڵ یەکتر هاودڵییەکی زێدەتریان هەیه؛ چوونکە هەموویان لە ژیانیاندا نیگەرانی تایبەتی هاوبەشیان هەیه. ناهاوسانانی چالاک لەم وردە کەلتوورەدا دەتوانن لە جڤاکی بچووکی نەبینراو، شوێنێک کە کەسێک بۆ کۆمەڵێ لە هاوڕێیان دەبێتە کەسایەتی دایک یان پوور، بژین. لەم کۆڕانەدا، کەسەکان هەستی وابەستەبوونی کۆمەڵایەتی، ئاگاداریی زیاتر لە مافە یاسایی و شارۆمەندییەکان و متمانە بەخۆبوونی زیاتر بۆ پاراستنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی خۆیان بە ئەزموون دەکەن. زۆرێک لەم جڤاکە و کۆمەڵە هاوتەریبانە لە وڵاتی ئێران بە شێوەی ژێرزەوینی ئیش دەکەن. پانتا ئارام و پارێزراوەکەیان زۆر هەستیار و ناسکه.

لە کۆتاییدا داپەڕی ستراتیژانەی دیکە هی ئەو کەسانەیە کە بە پێچەوانەی ئەو پەنابەرانەی کە وڵات بە جێ دێڵن، هەل یان بواری ماڵیی بە جێهێشتنی زێدی خۆیانیان هەیه. کەسانی ناهاوسان زۆر جار بە هۆی خوێندن یان ئیش زێدی خۆیان بە جێ دێڵن. هەندێ جار ئەوان لە شارە گەورەکانی وەکوو تاران هەست بە ئازادییەکی زێدەتر دەکەن. هەندێ بە هۆی ترس لە ئاشکرابوونی شوناسی ڕەگەزییان لای بنەماڵە، بڕیار دەدەن لە شارێکی دیکە نیشتەجێ بن. بە مەبەستی دابینکردنی خەرج و تێچووی قورسی ژیانی سەربەخۆ بە بێ هیچ یارمەتییەکی دەرەکی، هەندێ جار پێکەوە لە شوێنێکدا دەژین بۆ ئەوەی تێچووی ژیان چاودێری بکەن و ڕەنگە لە پشتیوانیی سۆزداریش سوودمەند بن.

ئەنجامی کۆتایی

وشیارکردنەوە و خەبات لە دژی بێزاری ئامانجی سەرەکیی ئەکتیڤانی کۆمەڵایەتیی ئێن‌جی‌ئۆکانه. ڕوونکردنەوە و زانیاریدان سەبارەت بە ناهاوسانی لە کۆمەڵگای ئێران و ئامادەبوونێکی چالاکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تێگەیشتنێکی گشتی باشتر لە ناهاوسانان دەخاتە بەر دست و دەوری سەرەکی لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکان دەبینێت. هەروەها کۆمەڵێ زۆر لەو کێشانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێ درا دەبێ ڕەچاو بکرێن. هەر بەم شێوه، چالنجەکانی ژیان، پرسە کێشەسازەکانی پێناسە و پۆلێنبەندی و زمانی بە کارهاتوو بۆ پێناسەی ناهاوسانان دەبێ سەرنجی پێ بدرێت. بە پێچەوانەی هەر هەموو کێشەکان تەنانەت لە سەختگیرترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناهاوسانان بە شێوەی ژێرزەوینی کۆ دەبنەوە و لە دژی بیر و ڕای گشتی، ئەو نۆڕم و ڕێکخراوە ئایینییانەی کە بەردەوام سووکایەتیان پێ دەکا و ئیزنی گەیشتن بە مافەکانیان پێ نادا درێژە بە گەشەکردنیان دەدەن. ئەوەی ڕوونه، بەتایبەت سەبارەت بەو گرووپانەی کە بەردەوام نێو و ناتۆرەیان لێ دەدرێ، میکانیزمێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتییە کە دەورێکی گرنگی لە تێگەیشتن لە جیاوازیی ئاستە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی جیهان هەیه. ئەم توێژینەوە بەم ئەنجامە دەگا کە قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی پێوەرێکی جیهانیی گرنگە کە زۆر توێژینەوە هەوڵیان داوە لێی تێبگەن. تێگەیشتن لەم دیاردە دەستبەجێ بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستە جیاجیاکانی هەڵاواردنی بە ئەزموونکراوی ناهاوسانان بە کار دێت. توێژینەوەی زیاتر لە بواری قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێژە و کاریگەریی ئەم پێوەرە بەسوود دەبێت.

دوایین وتە ئەوەی کە ئەم توێژینەوە پێویستیی زۆر بۆ هەوڵی تیۆری و شێوازێکی زیاتر بۆ گۆڕانکاری و تێگەیشتن لەم پرسە گرنگە کۆمەڵایەتییە ئاشکرا دەکات. وەک لەم توێژینەوەدا پێداگری لە سەر دەکرێ، ناهاوسانان بەردەوام ڕووبەڕووی ناووناتۆرە و هەڵاواردنی زۆر دەبنەوە کە کاریگەری لە سەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیان دادەنێت. تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەتوانرێ ئەم ناووناتۆر و هەڵاواردنانە کەم بکرێتەوه، توخمێکی گرنگیی باشترکردنی ژیانی ناهاوسانانه.

ئەم توێژینەوە گرنگیی تاوتوێکردنی قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی هاوڕەگەزخوازی و بایەخی ڕوانگەی سەرتاسەری و تیۆری‌تەوەر بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستە جیاجیاکانی هەڵاواردنی بە ئەزموونکراوی هەموو وڵاتان پیشان دەدات. پتر لە 31 لە سەدی حەشیمەتی هەشتا ملیۆنی ئێران تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 29 ساڵانە و ئەم نیوە حەشیمەتە زۆر گەنجە دەرفەتێکە بۆ گۆڕین، چالاکیی نوێی سیاسی و بە شێوەی پەنگراو ڕوانگەیەکی نوێ بەرامبەر بە ڕەگەزێتی. بەرەو پێشبردنی ئەم ڕوانگە نەوەییه، پێویستی بە کۆکردنەوه، گشتاندن و فۆرمالیتەی بەرناوەیەکی پەروەردەیی سەبارەت بە تێکەڵکردنی ناهاوسانان لە هەموو ئاستەکانی ژیانه. هەر چەشنە پێشکەوتنێک لە تاوتوێکردنی خواستە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ناهاوسانان لە ئێران بە هاوکاری ئەم پێوەرانە خێرا دەبێت: پڕکردنەوەی بۆشایی زانیاری، بیرتەسکی و قبووڵکردنی بارودۆخ، لێکدانەوەی داتاکان و کۆکردنەوەی داتای متمانە پێکراو، پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکان، تاقیکردنەوەی ئایدیای نوێ و داهێنەرانە و خستنە ڕووی ڕێکاری خۆجێیی گونجاو لەگەڵ کەلتوور و داب و نەریتی، و بەرناوەڕێژی بە پێی هەڵسەنگاندنی ورد. هەر کات ئەنجامەکانی ئەم چەشنە هەوڵانە بە شێوەی ڕوون و شەفاف بە گشتی بکرێن، ئەو جڤاکە ڕوو لە گەشەی کە لەم بوارەدا ئیش دەکا دەتوانێ پەرە بە بابەتە سەرکەوتووەکان بدا و لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو خۆ بپارێزێت.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

سەرچاوەکان

ئەلف) کتێب و بڵاڤۆکەکان

  • Anthony Appiah and Henry Louis Gates. (2010). Encyclopaedias of Africa, Volume 2 OUP, USA.
  • Chan, Phil C. W. (2005). the lack of sexual orientation anti-discrimination legislation in Hong Kong: breach of international and domestic legal obligations. The International Journal of Human Rights, 9 (1), pp. 69-106
  • Fassinger, Ruth E. (1998). Lesbian, Gay, and Bisexual Identity and Student Development Theory. Working with lesbian, gay, bisexual, and transgender college students: A handbook for faculty and administrators.
  • Gauch, S. (2002). Egypt cracks down on gays, trumping Islamists. Christian Science Monitor.
  • History of Treatment / The Medical Treatment of Homosexuality. (1996). (edited by Cabaj & Stein, American Psychiatric Association.(
  • Huwiler Stronski SM; Remafedi G. (1998). Adolescent homosexuality. Advances in Pediatrics, 45, pp. 107–144. Medline
  • Johnson, B.; Christensen L. (2012). Educational Reseach: Quantitative, Qualitative, and Mixed Approaches. Thousand Oaks, CA: Sage Publications, Inc.
  • Katz, Jonathan Ned. (1995). The Invention of Heterosexuality. New York, NY: Dutton (Penguin Books).
  • Kevin L Ard; Harvey J Makadon. IMPROVING THE HEALTH CARE OF LESBIAN, GAY, BISEXUAL AND TRANSGENDER (LGBT) PEOPLE: Understanding and Eliminating Health Disparities.
  • Lovaas, Karen; Mercilee M. Jenkins. Charting a Path through the ‘Desert of Nothing. Sexualities and Communication in Everyday Life: A Reader, 8 July 2006. Sage Publications Inc. 5 May 2008.
  • Marc Epprecht. (2004). Hungochani: The History of a Dissident Sexuality in Southern Africa. McGill-Queen’s Press – MQUP.
  • Monro, Surya. (2015). Bisexuality: Identities, politics, and theories. Springer.
  • Punch, M. (1998). Politics and ethics in qualitative research. In N. K. Denzin & Y. S. Lincoln (Eds.), The landscape of qualitative research: Theories and issues, pp. 156-184. Thousand Oaks, CA: Sage Publications.
  • Ryan, ruby, Joelle. )2009(.REEL GENDER: EXAMINING THE POLITICS OF TRANS IMAGES IN FILM AND MEDIA. p. 8. Spencer A. Rathus. Childhood: Voyages in Development. Cengage Learning, 2013.
  • Saiz, Ignacio. (2004) Bracketing Sexuality: Human Rights and Sexual Orientation.
  • Strauss, A. L.; & Corbin, J. M. (1998). Basics of qualitative research: Techniques and procedures for developing grounded theory (2nd ed.). Thousand Oaks: Sage Publications.
  • Upchurch, Charles. (2009). Before Wilde: Sex between Men in Britain’s Age of Reform. Berkeley: University of California.
  • Valentine, G.; Skelton, T.; Butler, R. (2002). the vulnerability and marginalisation of lesbian and gay youth: ways forward. Youth and Policy, 75, pp. 4–29.
  • Vexen Crabtree. (2014). The Battle between Monotheism and Homosexuality: Religious Prejudice Versus Equality: Islam.
  • Whitaker, Brian. (2006). Unspeakable Love: Gay and Lesbian Life in the Middle East. Berkeley: University of California.

ب) وێبلاگەکان

*http://www.dailymail.co.uk/news/article-5079049/Marriage-equality-results-Australia-votes-Yes.html#ixzz4zSvWAYwu.

*The Global Divide on Homosexuality Greater Acceptance in More Secular and Affluent Countries, WWW.pewglobal.org.

*2017 edition, State-Sponsored Homophobia report from ILGA, the International Lesbian, Gay, Bisexual, Trans and Intersex Association.

*Ari Ezra Waldman A Legal Analysis of the Supreme Court’s Historic. Towleroad.www.towleroad.com/2015/06/obergefell-v-hodges.

*https://www.voanews.com/a/australia-weeks-away-from-legalizing-gay-marriage/4122352.html.

* Institute of Medicine (IOM) (2011), The Health of Lesbian, Gay, Bisexual, and Transgender People: Lesbian, Gay, Bisexual and Transgender Rights in Iran, www.iglhrc.org/…/files/LGBTRightsInIran_0.pdf.

*OHCHR, LGBT Speeches and statements www.ohchr.org/…/Pages/LGBTSpeechesandstatements.aspx(United Nations Statement on LGBT discrimination – ohchr.org; www.ohchr.org/EN/Issues/Discrimination/Pages/LGBT.aspx.

*PEW Research Center. Gay Marriage around the World. http://www.pewforum.org/2017/08/08/gay-marriage-around-the-world-2013/ Accessed: October 1st, 2017.

* State Sponsored Homophobia 2016: A world survey of sexual orientation laws: criminalisation, protection and recognition (PDF). International Lesbian, Gay, Bisexual, Trans and Intersex Association. 17 May 2016. Retrieved 19 May 2016.

* Straight but Narrow, The Economist www.economist.com/node/21546002.

*UN Human Rights Council, Report of the United Nations High Commissioner for Human Rights on Discriminatory laws and practices and acts of violence against individuals based on their sexual orientation and gender identity, 2011, UN Human Rights Council: Geneva.

* Zimbabwe’s LGBT community: why civil rights and health issues go hand in hand. https://www.news24.com/Africa/Zimbabwe/zimbabwes-lgbt-community-why-civil-rights-and-health-issues-go-hand-in-hand-20180131-2. Accessed: Feb 26th, 2018.

 

 دابەزاندن PDFی وتار