نەتەوە داگیرکراوەکان

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

من هەمیشه به نیاز بووم سەردانی ئیسڕائیل و فەڵەستین بکەم و لە نهێنی پشت کێشمەکێشەکانی ئەم ناوچه بزانم. کوردەکان بۆ بزووتنەوەکانی خۆیان ئیلهامیان له کێشمەکێشەکانی فەڵەستینییەکان وەرگرتووه که هەندێ جار و به شێوەی ناوە ناوە له دەق، ڕامان و شێعرەکانماندا خۆی دەنوێنێت. هاوکات ئیسڕائیلییەکانیش هەندێ جار له ئیدعای مێژووییان سەبارەت بە نیشتمانەکەیان هاوسۆزییان

لەگەڵ کوردەکان کردووه. لەو دەرفەتە خوێندکارییەی که وەک کورد، خوێندکار و هەروەها هاووڵاتییەکی هۆگر و جیهانیی تێگەیشتم که کاتی ئەوه هاتووه بۆ ئەوەی له گەرماوگەرمی کێشمەکێشەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی ئەم وڵاته بکەم و بووم به هاوکاری گرووپێک له خوێندکارانی زانکۆ بۆ سەردانی زانکۆی ڕامەڵا، ئەو زانکۆیەی که سەبارەت به گەڵاڵەیەک له مەڕ گرنگایەتی خۆراک له ئێتنۆگڕافی نەتەوەکان دەسته خوشکی زانکۆکەمانە.

کاتی هاتنم بۆ فڕۆکەخانەی شاری تەلاڤیڤ، کەمێک هەستم بە بێتاقەتی کرد چوونکه  کۆمەڵێ بەسەرهاتم سەبارەت به ڕەوتی پشکنین له کاتی هاتنە ژوورەوە بیستبوو و بەشێک له من چاوەڕێی هەندێ کێشە و گرفتی دەکرد، بەتایبەت ئەوەی که من هاووڵاتییەکی بریتانیایی، له دایکبووی کوردستانی ئێرانم و زۆر سەفەرم کردووه.

کاتێک بۆ وەرگرتنی کارتی چوونه ژوورەوه ناچار کرام فۆڕمێکی دوور و درێژ پڕ بکەمەوە و زانیارییەکی چڕ و پڕ سەبارەت به هەموو شتێک، له باوک و باپیر و ناویان و ڕێکەوتی له دایکبوونی هەموو خوشک و براکانمەوە بگره تا دەگاته ئەدرەسی ئەلیکتڕۆنی بخەمە ڕوو، کە زۆری پەشۆکاندم. کاتێک که من و هاوسەفەرەکانم گەیشتینه بەشی ئیداریی کۆنتڕۆڵی پاسپۆڕت، هەموومان بەرەو سووچێکی هۆڵی فڕینەکانی هاتنه ژوورەوه ڕێنوێنی کراین و فەرمانبەرێکی ئێسک قورس پێی وتین دەبێ کەمێک بووەستن. ئەم فەرمانبەرە له درێژەی ماوەی پرۆسەی ماندووهێنەری پشکنین و کۆنتڕڵ به جێی نەهێشتین.

جوولەکە و عەرەبە خۆجێییەکان له تەلاڤیڤ

پێیان وتین هۆکاری ئەم چاوەڕوانییه دوور و درێژه ئەنجامدانی هەندێ پشکنین و کۆنتڕۆڵی بانگهێشتناوەی زانکۆیی ئێمه بووه و هەروەها چاوەڕێی کەسێک بوون که بڕیار وابوو وتووێژمان لەگەڵ بکات. کاتی وتوووێژ، سەبارەت به ژیانی تایبەتی، بریتانیا و پێشینەی بنەماڵەییم له کوردستان پرسیارم لێ کرا. ئەوان هەروەها سەبارەت به هۆکاری سەفەرەکانم بۆ میسر، سووریا، مەراکیش، ئەندۆنسیا و هەموو ئەو وڵاتانەی که سەردانم کردبوون پرسیاریان لێ کردم. من لەم وڵاتەدا سووکایەتیهێنەرترین سەفەری توێژینەوەییم خۆمم به ئەزموون کرد.

سەرەڕای ئەوەی من له دایکبووی وڵات و ناوچەیەک بووم که له چەقی ناکۆکییە جیهانییەکاندا بوو ئەم هەسته زۆر ناخۆش بوو. هەروەها هەموو پرسیارەکانمان له بارەی بۆچییەتی و هۆکاری هەموو ئەم بەسەرهاتە تەنیا به وشەی ئاسایش وڵام دەدراوه. له کۆتاییدا، ئەم پرۆسه چڕەی پرسیار و وڵامه، وەڕەزی کردم و ناچار بووم که حەڕەشەی به دواداچوونی یاساییان لێ بکەم.

له کۆتاییدا هەر هەموومان له یەکەمین قۆناغەکانی هاتنمان بۆ ناو وڵاتێکی ئیسڕائیلی به بێ هیچ داوای لێبووردنێک و له لایەن فڕۆکەخانەیەکی چۆڵەوه پێشوازیمان لێ کرا ئەوه له کاتێکدا بوو که جانتا و ساکەکانمان هێشتا له سەر ڕاگوێزەری کپ و دوورخراوه کەڵەکە ببوو. تابلۆی گەورەی “بەخێر بێن بۆ ئیسڕائیل” که له ژووری درگای هاتنه ژوورەوه هەڵواسرا بوو کە به لامانەوه تا ڕادەیەک تەوساوی بوو. یەکەمین هەستی من ئەوه بوو که خۆم له شارێکی پاک و خاوێن دەبینمەوه بەڵام هاتنی ئێمه هاوکات بوو لەگەڵ پشووی شووباتی جوولەکەکان که پیشانی دەدا که پاس بۆ چوونە شەقانە دوورەدەستەکانی تێلاڤیڤ نییە. به لای منەوه پشوویەکی ئاینی لەم چەشنه که تێیدا ئەنجامدانی هەموو کارێک تەنانەت شۆفێریش قەدەغە بێ زۆر سەیر بوو و منی ناچار کرد کە سەبارەت به قووڵایی ئەم بڕوادارییه لەم وڵاتە نوێیەدا قووڵ ببمەوە.

پاش پشوو و حەسانەوەی دوای فڕینی پاشنیوەڕۆ بە مەبەستی خواردنی نانی نیوەڕۆ بۆ ڕیستوڕانتێک دەگەڕاین. له کۆتاییدا هەر چۆنێک بوو توانیمان ڕێستۆڕانتێک بدۆزینەوه که له ڕۆژی شەممەدا کراوە بێ و هەڵبەت بە هۆی ئەفسەرە چەکدارەکان کە له بەر درگای هاتنه ژوورەوەی ڕیستۆڕانت بوون و هەندێ جار جانتاکانیان دەپشکنی، پەشۆکام. لەوێدا من خەستیی سەربازیی له ئیسڕائیلم بۆ دەرکەوت. بینینی هاوتەریبایەتی له نێوان ڕووداوەکانی هاڵۆکۆست و ئۆپەراسیۆنی ئەنفال له هەرێمی کوردستان بۆ من زۆر سەیر بوو و من هەڵوەدا بووم بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکەی ئەم وڵاته بدۆزمەوه.

بۆ ڕۆژی دوایی سەردانی مۆزەخانەی دیاسپۆڕای (کۆمەڵگە دوور له نیشتمانەکان)ـی جوولەکەکانمان کرد. بەردەرگانەی تاریک و خەمۆک‌هێنەری مۆزەخانه پڕ بوو له دروشمگەلێک که بابەتی به قوربانی کردنی مێژوویی جوولەکەکانی دەخسته مێشکی دیدەنکاران. ئەوان هیچ کەلێنێکیان بۆ هەستی قووڵی کارەساتی هاڵۆکۆست و بێبەزەییەک که بووه هۆی گیان له دەستدانی ملیۆنان جوولەکه نەهێشتبووەوه.

دەقێک سەبارەت به مۆزەخانەی دیاسپۆرای جوولەکەکان له تەلاڤیڤ

 

ئینجا بۆ سەفەرێکی 40 خولەکی بۆ ئوورشەلیم خۆمم ئاماده کرد و له وێزگەیەکی پاسی قەرەباڵغ بۆ تاکسییەکی هاوبەش یان شرۆت گەڕاین. یەکەم تێگەیشتنی من بەم شێوه بوو که ئەم شاره به هۆی ئاینیی بوونییەوه زوو دەنووێت. بۆم دەرکەوت که زۆربەی فرۆشیارەکان بازاڕی کۆنی شار عەرەبە فەڵەستینییەکان بوون. هەندێ جاریش جوولەکەی ئۆرتۆدۆکسی دەبینران که له شەقامه باریک و تاریکەکانی بازاڕە کۆنەکاندا جلی نەریتیی ڕەشیان له بەر دەکرد. ئەزموونی سەرەتایی ئێمه له شار ئەزموونێکی پۆلیسیی بوو وێڕای هەڵسووکەوت لەگەڵ بەرپرسە چەکدارەکانی ئاسایش که زۆر جار ڕایاندەگرتین و ئێمەیان سەبارەت به کاری خۆیان دەدواند یان له بارەی کێشمەکێشی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل پرسیاریان لێ دەکردین.

کاتێک بۆ دواندنی سەربازه ئیسڕائیلییەکان لێیان نزیک دەبووینەوه، نیگای تووڕه و پڕ له بێزاریی فەڵەستینییەکانم بۆ دەردەکەوت. هاوکات که وێنەم دەگرت سەبارەت به بارودۆخی گشتی ئیسڕائیل و فەڵەستین ڕا و بۆچوونیانم دەپرسی. دوو کەس له سەربازه گەنجەکان تەنیا تامەزرۆی گفتوگۆکردن لەگەڵ بیانییەکان بوون و له بەرامبەردا هۆگری باسی سیاسی نەبوون. ئەفسەرە فەرماندەرەکەیان (که به وتەی ئەو دایک و باوکی له شاری بەمبەیی له هیندوستانەوە بەرەو ئیسڕائیل کۆچیان کردووه) ئاماژەی بەوە کرد کە به هۆکاری ئەمنییەتی و ئاسایشیی میلیتاریزەیەکی زۆر لە ناوچەکەدا بوونی هەیە که ئەوە ڕاست منی وەبیر پرسیار و ڕستەکانی ئەفسەری پۆلیس له کاتی لێدوان له فڕۆکەخانه خستەوه.

ئەفسەرە چەکدارە پۆلیسەکان ڕوو له دیواری پیرۆز

یەکەمین وەستانمان له ڕۆژی دواییدا گەڕەکی جوولەکەکان له بەشی کۆنی شار بوو که وەک یەکێک له سێ بەشی سەرەکی دەهاته هەژمار. لەو ڕووەوەی که هاوسەفەرەکانم پێشینەی مەسیحیان هەبوو و من له وڵاتێکی ئیسلامی گەوره ببووم، هەمووان له سەر ئەوه ڕێک کەوتین که به بێ ورووژاندن ئیش بکەین و به بێ ڕەچاوکردنی پەیوەندییه تایبەتییەکانمان گەڕەکەکان دەستنیشان بکەین. دیواری بەناوبانگی نودبه هەمیشه به لامەوه سەرنجڕاکێش بوو و زۆر چاوەڕێی بینینی بووم. جوولەکەکان بە گرتنە دەستی تەوڕات بەرامبەر بە دیواری نودبە وەستابوون و لە کاتی نزا و پاڕانەوه سەریان دەلەقێنن.

پاش ئەوەی له ڕێگەدا یاریامکەم کڕی و تێدەکۆشام که له سەر قژه تازه کورتکراوەکەمی دابنێم، من بە هەڵسوکەوتی دۆستانه و هێژایانەی زیارەتکاره جولەکەکان که به زمانی عیبری لەگەڵم ئاخافتنیان دەکرد و پێیان وا بوو من جوولەکەیەکی ڕاستەقینەم سەرسام بووم. کاتێک بەرەو دیوارێک دەچووم که پاش چەندین سەده تاکە پاژەی بە جێماوی پەرستگەی سەرەکی بوو دیوارێکی ڕووتم بەدی کرد که ببووه شوێنی شینبوونی ڕووەکی بژاریی. من به وێنه گرتن و هاتوچۆ کردن له ناو زیارەتکارانی گەنج و پیر توێژینەوەکەی خۆمم دەست پێ کرد.

جوولەکە ئۆرتۆدۆکسییەکان که ڕۆژانه بۆ نوێژ و پاڕانەوه سەردانی ئورشەلیم دەکەن.

گرووپێکی گەوره له هێزه ئاسایشییه چەکدارەکان به ڕێبەرایەتی خاخامێک به دەنگی بەرز دەگریان و دۆعایان دەکرد. له نزیک دیوارێک هەوڵم دا جوولەکەیەکی ئۆرتۆدۆکسی ڕدێن درێژ بدوێنم. به ئینگلیزییە تەق و لەقەکەی تێی گەیاندم که کوڕەکەی نەخۆشه و له تێچووی دەرمان له ئیسڕائیل ناڕازییه. پێی وتم ڕۆژانه نزیکەی 1 بۆ 1.5 کاتژمێر تەرخانی هاتووچۆکردنی ئورشەلیم دەکا بۆ ئەوەی بە مەبەستی دۆعا و پاڕانەوه خۆی به دیوارەکە بگەیێنێت.

پاش ئەوه چاوپێکەوتنم لەگەڵ دوو گەنجی جوولەکەی یامووک‌ بەسەر کرد که خەریک بوون ئاواتەکانیان له سەر پەڕە کاغەزێک دەنووسی. ئەوان وتیان پاش دۆعا و نزا دەتوانن کاغەزەکانیان بخەنه پاڵ ئاواتەکانی دیکه بەو هیوای له لایەن خوداوە بەدی بێت. هاوڕێکەیان پێی وتم خاخامی گەوره مانگی جارێک هەموو کاغەزەکان کۆ دەکاتەوه و له ژێر سێبەری دیواردا دەیانسووتێنێت. ئینجا دووکەڵەکه دەچێ بۆ ئاسمان و بۆ لای خودا و ئەو کاته هەموو ئاواتەکان بەدی دێن. کاتێک که ئەوان زانیان من کوردێکی له دایکبووی ئێرانم زیاتر هۆگرییان پیشان دا و دەیانویست بزانن که ئایا ئێران هێشتا وەک تۆمۆری خۆرهەڵاتی نێوەراست سەیری ئیسڕائیل دەکات. لەم ڕێگەوه ئەوان زۆر زیرەکانه له پرسیارەکانی من کە له بارەی گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین بوو لایان دا و له بەرامبەردا بیر و بۆچوونی خۆمیان لەم بارەوه دەویست.

ئینجا له پیاوێکی جوولەکەی تورک نزیک بوومەوه که خەریکی نزا و دۆعا بوو و به زمانی تورکی دەستم کرد به دواندنی. کاتێک زانیم که ناوبراو سەبارەت به پرسی کوردەکان زۆر زانیاری هەیه زۆر پەشۆکام. سەبارەت به کێشمەکێشی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین پرسیارم لێ کرد و ئەو باوەڕی به دانووستان و ڕێگە چارەیەک له سەر بنەمای دروستبوونی دوو وڵات بوو. له بارەی پرسی کورد و تورکەکان له تورکیاش هەمان بۆچوونی هەبوو. ناوبراو هەروەها یارمەتییەکی زۆری دام و له بارەی چۆنیەتی و کاتی نوێژ و دۆعا وەک کەسێکی جوولەکە وردەکاری و هەروەها کەلوپەلی پێویستی پێدام. به پەرژینێکی ئاسنی شوێنی نوێژیان له پاڵ دیوار بۆ ژنان و پیاوان جیا کردبووەوه. سەرەڕای ئەمه، بەردەوام دەنگی دۆعا و پاڕانەوەی ژنان دەبیسترا و نگابانەکان کاتی هاتن به زیارەتکاره ئافرەتەکانیان دەوت که چۆن خۆیان به جلوبەرگی گونجاو دابپۆشن. پاشان سەردانی چوار کەنیسەی سێفاردییەکانی ئەو ناوچەمان کرد که له ئۆرشەلیمدا له هەمووان کۆنترە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوه بۆ سەردەمی پەرستەگەی دووهەم.

گەنجێکی مەسیحی خەریکی دۆعاکردن له سەر گۆڕی مەسیح له کلیسای گۆڕی پیرۆز

پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژه له ژێر تینی سووتێنەری خۆر و له ڕێگەی تێپەڕگە باریکەکانی سووق بەرەو گەڕەکی مەسیحییەکان و کلیسای گۆڕی پیرۆز درێژەمان به ڕێگەکەمان دا. به جەسارەتەوه دەتوانین بڵێین ئەم ڕێگه پڕگەشتیارترین و هەروەها ڕێکوپێکترین گەڕەکی شاری کۆن بوو. به وتەی هەندێ کەس کلیسای گۆڕی کۆن دوایین شوێنی پشوووی مەسیح بووه. گۆڕی مەسیح له لایەن قەشەیەکی عەرەب زمان دەپارێزرا و نگابانێکی هەبوو که ڕێگەی به دیدەنکاران نەدەدا که کاتێکی زیاتر له کاتی دیاریکراوی خۆیان نوێژ بکەن یان مۆم هەڵبگیرسێنن و هەروەها به جلوبەرگی نەشیاو و یان دانەپۆشینی دەست و لاق بێ‌ڕێزی بکەن. ئەم گۆڕه بچووک و تاریک بوو و به ڕووناکایی مۆم ڕوون بوو و ناوەوەی شوێنەکە به عوود بۆنخۆشە. دیزاینەکەشی له چاو دیزاینی کلیسای دەوروبەری زۆر سادەیه. پاش ئەوه به نیاز بووین سەردانی کلیسای یووحەنای مەعمەدان بکەین که وەک دەڵێن کۆنترین کلیسای ئوورشەلیمه و له کاتی شەڕی خاچپەرستەکان له لایەن شووالییەکانەوه به کار دەهێنرا. بەڵام به داخەوه کلیسا داخراو و چۆلکراو بوو و تەنیا بەشی دەرەوەی کە بێچمێکی گومبەزیی و گەچکاریکراوی له ڕێگەیەکی ئاسانەوە له سووق دەبینرا که زۆر بچووک و تا ڕادەیەک ون بوو.

بە مەبەستی پاشەکەوتکردنی وێنەکانم له لاپەڕەیەکی چڕ و هەروەها ئاگاداربوون له هەواڵی ڕۆژی جیهان چوومه کافی نێتێک له سووق که له لایەن گەنجێکی فەڵەستینییەوه بەڕێوه دەبرا و لەو کاتەدا زۆر به گەرم و گوڕی چاک و خۆشی لەگەڵ کچه جوولەکەیەکی بڕازیلی دەکرد. له کاتێکدا که خەریکی کۆپیکردنی لاپەڕەکانم بوو پێکەوه قسەمان کرد و من سەبارەت به ئاسۆی ئاشتی له ئوورشەلیم ڕا و بۆچوونی ئەوم پرسی.

ناوبراو پێی وا بوو هەتا ئەو کاتەی ژیان لەباره و ئیسڕائیلییەکانیش له ئوورشەلیمی ڕۆژهەڵاتی بچنه دەرەوه، ئەگەری دانوستان هەیه. بەڵام لەوەی که ئەم بابەتە له کاتی ژیانی ئەودا ڕوو بدا دڵنیا نەبوو. ناوبراو وتی: «ئەگەر له من بپرسی، هەموو مەزهەبییەکان به هەر ئاین و ئاینزایەکەوه لەم ناوچەدا شێتن و هۆکاری دروستبوونی هەموو ئەم کێشانەن.» کاتێک که گەڕامەوه بۆ شوێنی مانەوەی خۆم، لەگەڵ ژن و مێردێک به جیدی وتووێژمان کرد. ئەوان ماوەیەکی زیاتر له ده ڕۆژی سەفەرەکەی ئێمه خەریکی سەفەرکردن بۆ فەڵەستین و ئیسڕاییل بوون.

پیاوه فەڕەنسییەکه وتی: «سەیر که، من خەڵکی فەڕەنسەم و لەم شتانه تێناگەم. لەم چەشنه بێزارییه قووڵەی کە له لایەن هەر دوو لاوە دەبینرێت. له کۆتاییدا بڕیارم دا که تەنیا فێر بم و ئەزموون بکەم. هەوڵ مەده سەرەندەری بابەتەکە بکەی، ئەگینا مێشکت دەتەقێت.» من به پێی لێکچوونەکانی نێوان ئەم پرسه و گرژی کوردەکان وڵامم داوه: «من به هۆی پێش زەمینەی خۆمەوه دەتوانم لەم هەستی بێزارییه تێ بگەم. چوونکه منیش ئەم چەشنه بێزارییه کوێرکوێرانەی تۆم به ئەزموون کردووه، ڕاست ئەو کاتەی که پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵ ئەو دنیایە هەبوو که ئەم بێزارییەی تێدا له دایک بووه.»

بۆ بەیانی ڕۆژی دوایی چووینه دوایین شوێنه سەرنجڕاکێشەکانی شار واته گەڕەکه موسڵمان نشینەکان. مەسجدلئەقسا و قوبەتولسەخرا له ئاینی ئیسلامدا پیرۆزترین ناوچەکانن.

کاتی نوێژی نیوەڕۆ له مەسجدلئەقسا و قوبەتولسەخرا که ژنان لە پاڵ پیاوان نوێژ و دۆعا دەکەن.

ئەم دوو بینایه ڕاست له ژوور دیواری باشووریدان و له ڕێگەی ڕێڕەوێکی دوور و درێژ که له سەرەوەی نوێژینگەی جوولەکەکان تێپەڕ دەبێ، شیاوی دەستپێڕاگەیشتنه و خەڵک بەر له هاتنه ژوورەوە به شێوەیەکی زۆر سەختگیرانه به ئامێری ئاسن‌دۆز پشکنینی جەستەیی دەکرێن. پاش هاتنه ناو گۆڕەپانی سەرەکی، جوانی گومبەزە زێڕینەکە زۆر سەرنجڕاکێشه. سەرەڕای ئەوەی ئەو شوێنه وەبیرهێنەرەوەی بیرەوەرییەکانی منداڵیم بوو ئەو کاتەی که گەنجانی فەڵەستینی له خۆپیشاندانەکاندا بەردیان هەوا دەدا و هەندێ جار به فیشەکی سەربازه ئیسڕائیلییەکان وڵامیان دەدراوه. خۆپیشاندانێک که به دژایەتیکردنی ئاریەل شاڕۆن بۆ چوونە ناو مەسجدلئەقسا زیاتر بووەوه و هۆکارە سەرەکییەکەشی دەست پێکردنی ئینتفازەی نوێ بوو. من هەموو ئەم دیمەنانەم له تافی منداڵی و مێرمنداڵیدا له هەواڵەکاندا بینیبوو. بڕیارم دا بچمه ناو مزگەوتەکە بەڵام نگابانەکە پێی وتم که مزگەوت تەنیا بۆ نوێژکەران کراوەیه و بڕوای بەوە نەدەکرد که من کەسێکی موسڵمانم. داوای کارتی ناسناوەی کرد و ئینجا بۆ تاوتوێ کردنی زێدەتر منی نارده لای گەورەکەی که ئەویش بۆ دڵنیابوون له من داوای لێ کردم کۆمەڵێ له ئایەتەکانی قوڕئان بخوێنمەوه. پاش کەمێک بێدەنگی هەوڵم دا ئەو چەند دێڕەی که له بیر مابوو بیخوێنمەوە.

بەڵام له ئەنجامدا کاتی خوێندنەوە کەمێک زمانم گیرا و کەوتمه پته پت که له ناکاو ئەفسەری پەیوەندیدار ڕازی بوو و ڕێگەی پێدام بچمه ژوورەوه. سەرەڕای ئەمه به تەواوەتی ڕازی نەبوو و منی لەگەڵ پارێزەرێک که له درێژەی ئەو ماوەدا لەگەڵم بوو بەرەو ناوەوه ڕێنوێنی کرد. ئەوان بڕوایان به من نەدەکرد و وتیان به هۆی ترس له بۆمبڕێژی یان هێرش، هاتن بۆ جوولەکە و مەسیحی قەدەغەیه. بەڵام بەشێکی له مزگەوتەکەی پێ نیشان دام که کرابووە ئامانجی تەقەمەنییەکان (وەکوو پەنجەرەیەکی شکاو) و به وتەی ئەوان نوێژکەران به گازی فرمێسکڕێژی سوپای ئیسڕائیل هێرش کراوەتە سەریان. کەمێک هەست بەوە کرد که کۆی شوێنەکە ئابلۆقه دراوه چوونکه هەموو خاڵەکانی هاتنه ژوورەوه پڕ بوو له ئەفسەری چەکداری ئیسڕائیلی. لەگەڵ ئەوەی دەهاتینه دەرەوه، ئەم ئەفسەرانه خەریکی پشکنینی بەڵگەی ناسناوەی ژن و مێردێکی گەنج بوون بۆ ئەوەی له موسڵمانبوونی ڕاستەقینەیان دڵنیا ببنەوه.

هاتنه ژوورەوه و چوونه دەرەوەی مزگەوت له لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیسڕاییل کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژه سەردانی شاعیر و  ڕووناکبیرێکی ئیسڕاییلی به ناوی گابرییەلمان کرد که هەڵبەت من پێشتر به هۆی یەکێک له دراوسێکانم له لەندەن له ڕێگەی ئیمەیلەوه لەگەڵی ئاشنا ببووم. ئەو به تەواوەتی ڕەخنەی له دەوڵەتی ئیسڕاییل دەگرت و پێی وا بوو زۆر کەسیش لەگەڵی هاوڕان. و ئەوەی که گروپێکی بچووک بەڵام دەسەڵاتدار له میلیشیا کۆنسێرڤاتیەڤەکانی وەک ئارییەل شارۆن کۆی کێشمەکێشەکان و ڕەوتی ئاشتییان  قۆرخ کردووه. ئینجا ئاماژەی بەوه کرد که ڕووداوگەلی وەک جیابوونەوەی ئەم دواییەی غەزە به بێ ئەم چەشنه سیاسەتە دیکتاتۆرییانه هەرگیز مومکین نەدەبوو. چوونکه کۆمەڵگای نێگەران و نالەباری ئیسڕاییل له کۆنسێرڤاتیڤی خۆیدا بۆ متمانه دەگەڕێت. گابرییەل هەروەها پێی وایه که ڕاپەڕاندنی وەها داپەڕێک له لایەن دەوڵەتێکی لیبرالتر بێگومان وڵات بەرەو جەنگی سارد پەلکێش دەکات.

بۆ ڕۆژی دوایی شوێنی نیشتەجێ بوونمان بەرەو ڕامەڵا به جێهێشت بۆ ئەوەی یەکەم ئەزموونی ڕاستەقینەی خۆم له ژیانی فەڵەستینیی له لێواری ڕۆژاوایی وەدەست بێنم. له درێژەی ڕێگەدا له پاسدا، له هەر دوو لا دیواری کۆنکرێتی مەزن بەدی دەکرا که به کۆمەڵێ گرافیت به زمانەکانی عیبری، ئینگلیزی، عەرەبی، ئیسپانیایی و دیکەی زمانەکان بابەتی لە سەر هەڵکۆڵرا بوو که هەندێکیان بۆ پشتیوان له حیماس و نەهزەی فەڵەستین بوو و له لایەن جانتا کۆڵییه گەڕۆکە ئاشتیخوازەکانەوه نووسرا بوون. سنووری دیوارەکان و بازگەی پشکنین بشێوییەکی ڕاستەقینه بوو؛ قەرەباڵغ، پیس و پۆخڵ و پڕ له تاکسی و پاسگەلێک که بەردەوام له شوێنه جۆراوجۆرەکانی لێواری ڕۆژاوایی مسافریان بەرەو ئیسڕائیل و به پێچەوانه دەگواستەوه. یەکێک له هاوسەفەرەکانم ئەم شوێنەی به هەسارەیەکی بشێو و شپرزەی یەکێک له فیلمەکانی جەنگی ئەستێرەکان یان به واتایەکی دیکه تەواو جیاواز لەم جیهانه شووبهاند.

کالێندیا یەکێک له دوور و درێژترین بازگە پشکنینەکانه بۆ کۆنتڕۆڵی ئەو کەسانەی کە دەچن بۆ لێواری ڕۆژاوایی و تەنیا بۆ ئەو ئیسڕائیلیانه کراوەیه که مۆڵەتی سەفەریان هەیه.

ئەم بازگە که ناسراو به کالێندیایە یەکێک له دوور و درێژترین بازگەکانی پشکنین بۆ کۆنتڕۆڵی ڕۆژانەی ئەو کەسانەیه وا بەرەو لێواری ڕۆژاوایی دەچن. هەر لەبەر ئەوەش، خێرا له وشەی ئەو مسافرانەی کە بەرەو فەڵەستین دەچن (تەنانەت ئەوانەی که به شێوەی کورت خایەن سەفەر دەکەن) بەدناو دەبێت. ئەو کۆمەڵە کەسانەی که نیازی تێپەڕینیان لەم شوێنه هەیه دەبێ له توونێلێکی دوور و درێژ تێپەڕ ببن که له هەر دوو لاوه به پەرژینی ئاسنی هاوشێوەی شیشی بەندیخانه دەوره دراوه. هەلومەرجی تێپەڕین له ئاراستەی پێچەوانه بەرەو ئیسڕائیل زیاتر هاوشێوەی بارودۆخی گەوڕی ئاژەڵه که تێیدا کەسانی شانسدار که مۆڵەتی تێپەڕینیان هەیه پاش تێپەڕین له دەروازه ئاسنییەکانی دەکەونه بەر پشکنینی ئەمنی دوور و درێژ و چڕ. له لایەکی تریشەوه کۆی ئەم پرۆسه دووپات دەبێتەوه؛ شوێنێکی پڕ له تاکسی که هاوشێوەی باهوو به دوای مشتەریدا دەگەڕان. جیاوازی سەرنجڕاکێشی هەر دوو لا لێرەدایه که له لێواری ڕۆژاوایی نەبوونی سەرنجڕاکێشی هێزە ئاسایشییەکان تەنانەت له لایەن بەرپرسانی فەڵەستینییەوه به تەواوەتی هەستی پێ دەکرا. لەم لاوه دیواری تاوەرێکی چاودێریی دەبینرا که پڕ بوو له دەڵانی ڕەنگ؛ شانۆیەکی هەمەڕەنگ له ناڕەزایەتی حەشیمەتێک که بۆ دەربڕینی خۆیان ئامرازێکی کەمیان له بەر دەست بوو.

دیواری لێواری ڕۆژاوایی که به وتەی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان نایاساییه.

ڕامەڵا شارێکی قەرەباڵغ و پڕهەرا و هۆریا و پڕحەشیمەتترین شاری فەڵەستینه. بوونی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین که به کڵاشینکۆفی کۆن چەکدار کراون له شەقامەکانی ئەم شارەدا بەتایبەت لای ئێواران زۆر دەبینرێت. بۆ دواندنی هەندێ لەو پۆلیسانه وەستاوین که هۆگرییان پیشان دەدا، ئەگەرچی تەنیا یەکێکیان دەیتوانی به ئینگلیزی لەق و تەق قسه بکات. کاتێک له مەڕ بوونی هێزه ئیسڕائیلییەکان له لێواری ڕۆژاوایی پرسیارم لێ کرد، ڕوونی کردەوه که له ئێستادا بەشی هەرە زۆری ئاسایشی ڕامەڵا له لایەن هێزه ئاسایشییەکانی فەڵەستین دابین دەکرێت. بەڵام وتەکەی خۆی مەرجدار کرد و وتی: «هەندێ جار شەوانه دێن و چەند کەس قۆڵبەست دەکەن و ئێمه دەنگ ناکەین. ئەمه ئاشتییه.» ئینجا شانی هەڵتەکاند و کۆتایی به قسەکەی هێنا.

لەگەڵ ئەوەی له شەقامەکاندا دەڕۆشتین پیاوێکمان بینی که جلێکی نەریتیی عەرەبی و عەگال بەسەر کە هاوشێوەی عەرەفات بوو. ناوبراو زۆر پێداگرانه دەیویست ماڵی خۆیمان پێ نیشان بدا و ئیدعای دەکرد به هۆی چالاکی سیاسی خۆی و باوکی له لایەن هێزه ئیسڕائیلییەکانەوه ماڵکەکەیان وێران و داگیر کراوه. ناوبراو پێی وتین ماڵەکەی 300 مەتر له شوێنی ئێمەوە دوور بووە که هەڵبەت لەوه زیاتر بوو. دەویست خۆی بۆ هەڵبژاردنە خۆجێییەکان بەربژێر بکا و ئیدعای ئەوەی دەکرد که وەک مامۆستای خانەنەشینکراو هەموو قوتابی و هاوکارەکانی پشتیوانی لێ دەکەن. لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بە زبڵی ڕژاوی سەر شەقام دەکرد، وتی کاتێک نەتەوەیەک له بارودۆخی بێ‌هیوایی و بێدەسەڵاتی ژیان به سەر دەبا چیتر گرنگی به ژینگەی دەوروبەری، ژیانی خۆی و یان تەنانەت هەندێ جار بارودۆخی جەستەیی خۆی نادات.

وێنەکانی سەدام حسێن و ئوسامه بن لادەن له یەکێک له شەقامەکانی ڕامەڵا که چاوەڕێی مشتەری بوون

ناوبراو بیر و باوەڕێکی دەمارگرژانەی بەرامبەر به ئافرەتان هەبوو و پێی وا بوو که ئەوان بوونەوەرانێکی گەمژەن که تەنیا بیر له ئارایشت دەکەنەوه. هەروەها به هیچ چەشنێک باوەڕی به ئەگەری ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل نەبوو و به گشتی هیچ هۆگریی و متمانەیەکی به ئیسڕائیلییەکان نەبوو. ئینجا درێژەی پێدا و وتی به ڕای ئەو سەدام حسێن کەسێک باش بوو و له کۆمەڵگەیەکی دووبەرەکییانەی وەکوو وڵاتی عێراق تاکه ڕێگەی حکوومەت ئەوه بووە. کاتێک ویستم به چالنجی بکشێم و له بارەی ئەو توند و تیژییانە قسه بکەم که سەدام دژ به کوردەکانی عێراق و هاووڵاتیانی عێراقی له هەڵەبجه یان ئەنفال ئەنجامی دا، زۆر ساده منی ڕەت کردەوه و وتی: «ئەو بووشه گەمژەش له عێراق زۆر کەسی کوشت و هەروەها ئەوەی که هەموو کەس له هەنگوین ناچن.» هاوسەرەکەی زۆر هۆگری دیدار و دواندنمان نەبوو و ئێمه پاش خواردنەوەی کووپێک قاوەی ڕەشی عەرەبی ماڵاوییمان کرد و بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئاواتی سەرکەوتنمان بۆ خواست. بۆ بەیانی زوو بەر له به جێهێشتنی هۆتێل بۆ یەکەم سەردانی خۆم له زانکۆ، هاوڕێیەکی نوێمان به تەلەفۆن بانگهێشتی کردین بۆ ئەوەی له سەفەر بۆ نابلۆس لەگەڵی بین. بەڵام من بانگهێشتی ئەوم ڕەت کردەوه و وتم له لایەن زانکۆوه بەرناوەی دیکەمان بۆ ئاماده کراوه.

مەزاری یاسر عەرەفات که به باوەڕی زۆر کەس کۆسپی سەرەکی بەردەم ئاشتی بوو له ناوچەیەکدا که له کاتی ژیانیدا لەوێ گەمارۆ درا بوو

ئینجا بەرەو مەزاری یاسر عەرەفات وەڕێ کەوتین؛ مەزارێکی خاوێن و چێکراو له بەردی مەڕمەڕی نوێ و بریقەدار و شووشەیی که تەواو لەگەڵ ئەو شوێنە کۆنه و ڕزیوەی دەوروبەری له پاڕادۆکسدا بوو. مەزار له لایەن دوو کەس له هێزەکانی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەپارێزرا که لەگەڵ هاتنمان گاڕدێکی تا ڕادەیەک فەرمیتریان گرته خۆیان. له درێژەی بینینی مەزار چاومان به تەنیا گرووپێکی گەشتیاری بیانی (گرووپێکی ژاپۆنی) کەوت که له لێواری ڕۆژاواییدا بوون. مەزارەکە خۆی له شوێنێکدا چێ کرا بوو که یاسر عەرەفات (کە به باوەڕی زۆر کەس ڕێگری سەرەکی بەردەم ئاشتی بوو) له کاتی ژیانیدا پتر له ساڵێک لەوێ گەمارۆ درا بوو. سەرەرای هەر وێنەیەک که یاسر عەرەفات له دەرەوەی فەڵەستین هەیبوو، خۆڕاگری فەڵەستینییەکانی بەو وێنه بەناوبانگەی که مێزەری فەڵەستینی له سەره تەیار دەکرد. لەم بارەوه وتووێژێکی دوور و درێژم لەگەڵ یەکێک له ئەندامانی پلە باڵای هێزه خۆبەڕێوەبەرییە فەڵەستینییەکان کرد که له هێزی دەریاوانی نەیجەرییاش کاری کرد بوو. ئەو پێی وا بوو ئەگەرچی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین سەرەڕای بوونی سەرچاوەیەکی سنووردار ڕێگەیەکی دور و درێژی گرتۆته بەر، بەڵام پاشەکشێی تەواوی ئیسڕائیلییەکان له لێواره ڕۆژاواییەکان دەتوانێ بۆ میلیشیاکانی حیزبوڵا و حیماس و هێزه خۆبەڕێوەبەرەکان هەم ئاشتی و هەمیش بەڕێوەبەریی پێویست و کورتخایەن به دیاری بێنێت.

پشتیوانانی سەرۆک کۆماری فەڵەستین ئەبوو مازان له فێستیڤاڵی ئازادی غەزە

پاش ئەوه بەرەو شاری هێبروون سەفەرمان کرد که بە شوێنی جەنگه خوێناوییەکانی نێوان دانیشتووانی فەڵەستینی و ئیسڕائیلی ئەوێ بەناوبانگ بوو. ئێمه سەردانی شاری کۆنی هێبروونمان کرد که وەک زێدی ئیبراهیم کە یەکێک له کەسایەتییه گرنگەکانی ئاینی جوولەکە، مەسیحییەت و ئیسلام و ڕێزلێگیراوی 700 جوولەکەی دانیشتووی ئەو ناوچەیه و له لایەن ئیسڕائیلییەکانەوه کۆنتڕۆڵ دەکرێت. کاتی چوونه ژوورەوه به خەستی پشکنین کراین و له ڕێگەی کەشەوییەکەوە کارتی ناسناوەمان دا به ئەفسەرێک که نەماندەبینی. پاش چوونه ناو شار خۆمان له ناو کۆمەڵێ شەقامی چۆڵ و بێدەنگ بینی کە ئەفسەرانی چەکدار له هەموو گۆشه و کەنارێک بەدی دەکران. لێرەدا ڕووبەڕووی ئەو پەڕی پووچی ڕژیمی ئیسڕائیل بووینەوه؛ له خەڵکانێک سەرسام بووین که ئەزموونێکی تاڵی وەکوو هۆڵۆکۆستیان تێپەڕاندبوو و ئێستاش هەڵگەڕاونەتەوه و بارودۆخەکەیان بۆ دیتران هاوشێوەی بارودۆخی گێتۆی جەنگی جیهانی دووهەمی کردبوو.

لەگەڵ چوونه ژورەوه ڕیزێک سەربازی چەکدار و ئامادە له درێژایی شەقامدا له هاتووچۆدا بوون و ڕێک چەند مەتر ئەولاتر دوو کوڕی منداڵ به بێ گوێدانه توند و تیژییەکانی ئەم دواییه لەو دەوروبەرانەدا خەریکی یاریکردن بوون. ئینجا بەرەو تاکه شوێنی گەشتیاری هێبروون واته مەزاری ئیبراهیم و سارا وەڕێ کەوتین ئەو شوێنەی که پاش کۆمەڵکوژ کردنی 29 موسڵمانی نوێژکەر له لایەن سەربازێک له ساڵی 1995 بۆ سەر مزگەوتێک و کەنیسەیەک دابەش کرا بوو.

بۆ دووباره چوونه ژوورەوە دەبا به ئاسن‌دۆزێک پشکنینی جەستەیی کراباین که هەڵبەت ئەم جارەیان پرسیاری سەبارەت به ئاینیشی پێوه زیاد کرابوو که هەموومان نابه دڵانه خۆمان وەک شوێنکەوتووی تا ڕادەیەک بێ‌لایەنی مەسیحی له قەڵەم دەدا. گەشتی ناو مزگەوتەکە له بەرامبەر بڕه پارەیەکی کەم له لایەن کەسێکی گەورەساڵی فەڵەستینی ئەنجام درا زۆر سیاسی بوو. زیاتر سەرنجی دەخسته سەر شوێنی فیشەکی ناو دیوارەکان و به تەواوەتی له سۆنگەی مێژوویی به دوور بوو. پاش ئەوه من ماوەیەکم تەرخان دواندنی سەربازێکی ئیسڕائیلی کرد که هەستی خۆی زۆر به ئاسوودەیی دەردەبڕی.

شاری هێبروون که له لایەن سوپای ئیسڕائیل له دیکەی ناوچەکانی هێرون جیا کراوەتەوه

ئەو سەربازه پێی وتم پاراستنی وڵات ئەرکی سەر شانیەتی و ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین ناوومکینه و ئەویش پێشوازی له وەها شتێک ناکات. ئەو وتی بەش به حاڵی خۆی له هەموو فەڵەستینییەکان بێزاره و متمانەی به هیچیان نییه. شەش کەس له هاوڕێ نزیکەکانی کوژرا بوون. «ئەمه بۆ هەمووان ڕووی داوه. ئەگەر پرسیار له ڕۆڵەیەکی فەڵەستینی وەکوو من بکەن ئەویش هەر ئەوه دەڵێ. ڕەنگه ئەویش شەش کەس له هاوڕێکانی کوژرابێت. هەر هەموومان خوازیاری تۆڵەین.» ئەو هەروەها پێشنیاری پێداین که ئەگەر بمانهەوێ بۆ بەیانی به زیندوویەتی له خەو هەستین له هێبروون بەتایبەتی شەو له هیچ هۆتێلێکی عەرەبی نەمێنینەوه.

له کاتی تێپەڕین له بازگەیەکی پشکنینی قورسی دیکه نزیک له درگای مزگەوت دوو گەنجمان بینی که دەستەکانیان له پێشەوەی خۆیان هەڵپێکا بوو و وەک هێمای شەرم سەریان دانەواندبوو و ڕوو له دیوار وەستا بوون؛ ڕێک هاوشێوەی تەمبێکردنی منداڵان له ڕابردوودا بوو. سەربازەکانیش به شێوەی ئاسایی تفەنگەکانیان له سەر پشتی ئەم دوو کەسە دانا بوو. کاتی تێپەڕین لەو شەقامه چۆڵانەی که پێشتر قەرەباڵغ و پڕهاتووچۆ بوو دیدار و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەندامێکی گرووپی پێکهاتوو له شەش دەوڵەتی ئورووپایی کرد. ئەوان وتیان وەها دیمەنگەلێک باوه و ئیدعا دەکەن که ئەمه لەم ناوچه داگیرکراوەدا ڕێگەیەکه بۆ دروستکردنی هەستی سەختگیری له سەربازانی ئیسڕائیلی بەرامبەر به هاووڵاتیانی فەڵەستینی.

له گەڕانەوەدا لەگەڵ پیاوێکی فەڵەستینی ئاشنا بووم که ئێمەی بۆ خواردنەوەی قاوه بانگهێشتی ماڵەکەی خۆی کرد. به باوەڕی ئەو، ئەو بارودۆخەی که ئێمه له شاری هێبروون بەدیمان کرد تا ڕادەیەک باش بوو. ئەو له درێژەدا وتی هەر بارودۆخەکه له ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا له درێژەی ئینتفازه و هەروەها هێرشەکانی هەر دوو لا وەها خراپ ببوو که ئەو و بنەماڵەکەی بۆ ماوەی 5 ڕۆژی بەردەوام به هۆی ترسەوه له ماڵ نەهاتنه دەر. پاش تێپەڕین له بازگەی پشکنین و دەروازەکان، لە کۆتاییەکانی شەودا بەشی ئیسڕائیلیی شاری هێبروونمان به جێ هێشت و بەر لەوەی بۆ بەیانی ئەو ڕۆژه به زیندوویەتی له خەو ڕاپەڕین و هێبروون بەرەو ئاریحا به جێ بێڵین له یەکێک له هۆتێلەکان شەومان به سەر برد.

وتی بەش به حاڵی خۆی له هەموو فەڵەستینییەکان بێزاره و متمانەی به هیچیان نییه. شەش کەس له هاوڕێ نزیکەکانم کوژرا بوون. ئەمه بۆ هەمووان ڕووی داوه. ئەگەر پرسیار له هەر ڕۆڵەیەکی فەڵەستینی وەکوو من بکەن ئەویش هەر ئەوه دەڵێت

پاش گەڕانەوه بۆ ئوورشەلیم من لەگەڵ دووکاندارێکی کوردی جوولەکه ئاشنا بووم که به وتەی خۆی به ڕەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو. جەلیل زمانی کوردی نەدەزانی بەڵام به زمانی عەرەبییەکی لەق و تەق یەکترمان دواند. ئەو دەیوت له ئیسڕائیل زۆر کوردی جوولەکە دەژین و هەموویان له ئێران یان هەرێمی کوردستانەوه هاتوون. زۆر وریا بوو که تێکەڵ به باسی سیاسی نەبێ و زۆر هۆگری پرسیار سەبارەت به کورد نەبوو.

له درێژەی ماوەی مانەوەمان بەسەرهاتی هاوشێوەی زۆرمان له خەڵک بیست؛ بۆ وێنه له هۆتێلێکی سەیر و سەمەری وەک ئاریحا که شەوێکمان لەوێ بەسەر برد لەگەڵ خاوەن هۆتێلەکە ئاشنا بووین و گفتوگۆمان کرد. ناوبراو دەیگێڕاوه که 300 سەربازی ئیسڕائیلی لەو باغەدا پاش شەش کاتژمێر خۆڕاگری و گەمارۆدانی هۆتێل، هاوڕێکەی ئەویان کوشت. چوونکه به گوێرەی کۆمەڵێ ڕاپۆڕت ئەو و هاوڕێ چەکدارەکەی که هەر دووکیان لایەنگری ئەلئەقسا بوون خەریکی پیلانگێڕی ناو هۆتێلەکە بوون. ئینجا شوێنی برینی 4 فیشەکی له سەر جەستەی خۆی به ئێمه پیشان دا. بۆ ڕۆژی دوایی بۆ بەشداریکردن له خۆپیشاندانێک کە له لایەن سەرۆک کۆماری فەڵەستین ئەبوو مازەن (که پاش جیابوونەوەی غەزە به مەحموود عەباس دەناسرێت) له شاری ڕامەڵا له پاڵ مەزاری یاسر عەرەفات بەڕێوه دەچوو دیسان له دەروازەکانی ناسراو به کالیدایا تێپەڕین. هەندێ له دیپلۆماتکاره بیانییەکان و ڕێبەرانی ئاینیش لەم کۆبوونەوەدا که زیاتر له ئاهەنگ دەچوو و هەڵبەت به باشیش بەڕێوه نەچووبوو ئاماده بوون.

سەرۆک کۆمار عەباس خەریکی وتاردان له ڕێوڕەسمی ڕامەڵایه؛ بڕیاره لێواری ڕۆژاوایی و ئورشەلیم ئازاد ببن

 

هەتا کاتی وەڕێکەوتنم چیتر سەبارەت بە بارودۆخ و وردەکارییەکانی کێشمەکێشی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین دڵنیا نەبووم، بابەتێک که ڕەنگه یەکێک له ئامانجەکانی من لەم سەفەرە بوو. سەرەڕای ئەمه به وەبیرهێنانەوەی ئەو سووکایەتییانەی کە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوه بەرامبەر به ئێمه لە کاتی هاتن بۆ وڵات و هەروەها چوونه دەرەوه (جانتاکانی ئێمەیان پاش فڕین ڕاگرت و دوای سێ ڕۆژ بۆیان ناردینەوه) ڕووی دا، ڕەنگه بتوانم بەشێک لەو تووڕەیی و سووکایەتییەی که هەموو ڕۆژێ فەڵەستنییەکان به ئەزموونی دەکەن تێبگەم. هاوکات تێدەکۆشام بۆ ئەوەی لە هەستی جوولەکە سڤیلەکان بەتایبەت ترس له کوژرانیان به هۆی تەنیا ئیسڕائیلی‌بوونیانەوه تێبگەم؛ هەروەها هەستی دەوڵەتەکەیان که به وتەی گابرییەل (شاعیری جوولەکە) له لایەن دەنگی مەرجداری تاقمێکی بچووک له میلیشیای کۆنسێرڤاتیڤ و پشتیوانکراوی سوپا داگیر کرابوون.

بێگومان دەتوانین هەر ئەم بابەته به جۆرێک له جۆرەکان سەبارەت به  حیماس و حیزبوڵا بۆ لایەنی فەڵەستینیی دووپات بکەینەوه. پاش گەڕانەوه ئەم بابەتەم لەگەڵ یەکێک له ئاشنا ئینگلیزی (جوولەکه)ـکەم باس کرد که دەیوت هەرگیز بۆ سەردانی ئیسڕائیل هەستی به ئاسوودەیی نەکردووه و ناکات. من هێشتا لەو ئەزموونانەی که لەم سەفەرە هەمبوو و گێڕانەوەیان پەشۆکا بووم و ئەوانەم لەگەڵ ئەزموونەکانی ڕابردووی کاتی سەفەرم بۆ دیکەی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی نێوەراست هەڵدەسەنگاند. له سەر پێشنیاری ئەو هەوڵم دا ئەو تووڕەییەی که تازه به ئەزموون کردبوو و هەستم پێکردبوو به مەبەستی پیشاندانی ژیانی کەسانی دانیشتووی ئەو ناوچه و هەلومەرجی ڕاستەقینەی ئەوێ وەک وتار و یادداشتی سەفەر بینووسم. سەرەڕای ئەوەی هیچ دەقێک ناتوانێ ئەو دادپەروەرییەی که من لەوێ بینیومه و ئەزموونم کردووه ڕەچاو بکا و هەروەها هەستی سەرسووڕمانم لەوەی که ئەم ڕووداوانه به بێ هیچ هاوارێکی گەیێنەرتر له لایەن جیهانیانەوه هەر وا به پتەوی دەمێنێتەوه.  Kameelahmady.com ©  مانگی خەزەڵوەری 1384ـی هەتاوی

 

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

 توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:   www.kameelahmady.com

 

دابەزاندن PDFی وتار