C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Capture.JPG

یٔاراستە پزیشکی – تەندروستییەکانی بەردەوام‌بوونی خەتەنەی کوڕان _ پیاوان

(کاردا ئابوورییەکانی بەردەوامیی خەتەنە‌‌ی کوڕان / پیاوان)

کامیل ئەحمەدی

پوختە

لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهاندا، هەندێ دامەزراوەی بەرپرسی وەکوو وەزارەتی تەندروستی و کۆمەڵگەی پزیشکان دەبێ زانیاریی تەواو و نوێ سەبارەت بە خەتەنە‌ لە جیهاندا بڵاو بکەنەوە و لە شێوازی بانگەشە و پەرەپێدانی یەکلایەنەی خەتەنە بێنە دەرەوە و ئەو ڕوانگە جیهانی و ڕەخنە جیاوازانەی کە لە سەر خەتەنە هەیە بیخەنە بەر دەم ڕای گشتی. دیاری‌‌کردنی پرۆتۆکۆڵی بابەتی و ڕێنمایی گشتگیر بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە نەشتەرگەرییەک لە سەر منداڵان، لەوانە خەتەنە، بە لە بەر چاوگرتنی هەموو لایەنە یاسایی و تەندروستییەکان ناچارییە بە جۆرێک کە مافی منداڵەکەش لە کاتی ئەنجامدانی هەر چەشنە نەشتەرگەرییەکدا لە بەر چاو بگیرێت. بە بەراورد لەگەڵ ئێران، لە ماوه‌ی ده‌یه‌ی ڕابردوودا لە سه‌ر ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا بۆ وشیار‌کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک هه‌وڵێکی زۆر دراوه‌ و ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئەنجامدەرانی خەتەنە بە توندی دژایەتیی خەتەنە دەکەن، لە ئەنجامدا نەریتی خەتەنە لە زۆرێک لە وڵاتان بەرەو کاڵ‌بوونەوە دەچێت. فاکتەرێکی کاریگەر لەم پرۆسەدا کراوە‌بوونی ئەم کۆمەڵگایانە لە باس‌‌‌کردنی خەتەنە و ئازادییان لە سەر ئاستی بەربڵاوی میدیایی  و چاپ‌‌کردنی بابەت و میدیا ئەلیکتڕۆنییەکانە.

هەر بۆیە ئەم وتارە بە ئامانجی ڕوون‌کردنەوە و زانیاری‌بەخشین لە بواری خەتەنەی کوڕان هەوڵی دا ئاراستە زانستییەکانی بواری تەندرستی و پزیشکی بە زاڵ‌بوونی بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بناسێنێت. ئاراستە تەندروستی و پزیشکییەکانی خەتەنە ڕۆڵی ئەم کارەیان لە پارێزراو‌ی لە هەمبەر نەخۆشیگەلێکی وەکوو ئایدز، شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ و هەو‌‌کردنی میزدا تاوتوێ کردووە. لە ڕوون‌کردنەوەی ئاراستە ئابوورییەکانی خەتەنەدا، خەتەنە وەک پیشە و هەروەها هۆکارە بازرگانییەکانی بەردەوام‌بوونی خەتەنە لە حاڵەتەکانی وەکوو پەرەسەندنی نەشتەرگەریی جوانکاری و ئەو مۆدە باوانەی کە لە میدیاکاندا ڕیکلامی بۆ دەکرێ، تاوتوێ کراوە و لە کۆتاییدا بەشێک لە باسەکە بۆ لێکدانەوەی کاردا نەرێنییەکان و زیانە دەروونییەکان کە هۆکارەکەی خەتەنەیە تەرخان کرا.

شێوازی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە، بەکارهێنانی خوێندنەوەی بەڵگەناوەیی و کتێبخانەیی و کەڵک‌وەرگرتن لە توێژینەوەی مەیدانی بە ئاراستەی چۆنایەتی بوو کە لەم ڕێگەوە ئەزموونی بەشداربووان بە پێی دیمانەی ئامانجدار لە ناو ژمارەیەک لە ئێرانیانی خەتەنەکراوی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی ئێران هەڵسەنگێندران و هەروەها دیمانە لەگەڵ هەندێک لە پسپۆڕان و شارەزایانی زانستیدا ئەنجام درا.

وشەی کلیلییەکان: خەتەنە‌‌کردنی کوڕان / پیاوان، ئاراستە پزیشکییەکان، مافیای ئابووری، تەندروستی

1.پێشه‌کی

لێکدانەوەی هۆکارەکانی بەردەوام‌بوونی خەتەنە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان ئەوە دەردەخا کە لە ناو هەندێک گرووپی نەتەوەییدا نەریتە خۆماڵییەکان، لە هەندێک ناوچەی جوگرافی فەرمانە ئاینییەکان و لە هەندێک وڵاتیشدا پێشنیارە پزیشکییەکان و لە زۆر حاڵەتدا تێکەڵ‌بوونی هەر سێ بژێرەکە لە هۆکارە کاریگەرەکانی بەردەوامی و فراوان‌بوونی خەتەنە هەتا ئەمڕۆن. ئەم حاڵەتانە زاڵ‌بوونی گوتارە پزیشکی و نەریتی و ئایینییەکان لە سەر دیاردەی خەتەنە و بە ئۆبژه‌یی‌‌‌‌کردنی ئەم دیاردە لە ڕێگەی هەر کام لەم گوتارانە پیشان دەدەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئەم گوتارانەوە زەمینەکانی شەرعیەتبەخشین بە خەتەنە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ پێکهاتە و میکانیزمەکانی دەسەڵات تاوتوێ بکات. شێوازی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە، بەکارهێنانی خوێندنەوەی بەڵگەناوەیی و کتێبخانەیی و کەڵک‌وەرگرتن لە توێژینەوەی مەیدانی بە ئاراستەی چۆنایەتی بوو کە لەم ڕێگەوە ئەزموونی بەشداربووان بە پێی دیمانەی ئامانجدار لە ناو ژمارەیەک لە ئێرانیانی خەتەنەکراوی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی ئێران هەڵسەنگێندران و هەروەها دیمانە لەگەڵ هەندێک لە پسپۆڕان و شارەزایانی زانستی سەبارەت بەم پرسیارە دەبێ: تا چەندە بەردەوام‌بوون و پەرەسەندنی خەتەنە کاریگەری لە سەر وتەزا کۆمەڵایەتی، نەریتی، ناسناوەیی، ئایینی و چینایەتییەکان لەگەل پشتڕاست‌‌کردنەوەی دامەزراوە پزیشکی و تەندروستییەکان دادەنێت؟

  1. داڕشتنی کێشە

سەرباری ئەوەی کە دەتوانین خەتەنە‌‌کردنی کوڕان وەک دیاردەیەکی ئایینی پێناسە بکەین کە زۆر جار ڕەگ و ڕیشەی لە بیر و باوەڕی هەر دوو ئایینی سامی واتە ئایینی جوولەکە و ئیسلامدا هەیە، بەڵام هەندێک پاساوی تەندروستی وای کردووە کە دیاردەی خەتەنە سنوورە ئایینییەکان تێپەڕێنێ و هەندێک کۆمەڵگەی دیکەش بگرێتەوە. هەندێک لە ئامارەکان دەریدەخەن کە لە نزیکەی ٩٠ وڵاتی جیهان لانیکەم ٣٠ لە سەدی کوڕان خەتەنە دەکرێن (موریس و هاوکاران، 2016)، کە زۆربەیان موسڵمان یان جوولەکە نین. هەر چەندە ئەم ئامارانە گرینگیی خەتەنە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا نیشان دەدەن، بەڵام ئەوە بە واتای دروست‌‌بوون یان بەسوود‌بوونی خەتەنە نییە. خەتەنە‌‌کردنی کوڕان سەرەڕای پەرەسەندنە بەربڵاوەکەی نەیارێکی زۆری هەیە، لە ناویاندا دەتوانین ئاماژە بە پشتگوێخستنی مافی منداڵان و کاریگەرییە خراپە دەروونییەکان و بەشێک لە لێکەوتە پزیشکییەکانی ئەم کارە بکەین.

لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهاندا، هەندێ دامەزراوەی بەرپرسی وەکوو وەزارەتی تەندروستی و کۆمەڵگەی پزیشکان دەبێ زانیاریی تەواو و بەڕۆژی دنیا سەبارەت بە خەتەنە‌کردن لە جیهاندا بڵاو بکەنەوە و لە شێوازی بانگەشە و بەرەوپێش‌بردنی یەکلایەنە بێنە دەرەوە و ئەو ڕوانگە جیهانی و ڕەخنە جیاوازانەی کە لە سەر خەتەنە هەیە بیخەنە بەر دەم ڕای گشتی. دیاری‌‌کردنی پرۆتۆکۆڵە بابەتییەکان و ڕێکاری گشتگیر بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە نەشتەرگەرییەک لە سەر منداڵان، لەوانە خەتەنە، بە لە بەر چاوگرتنی هەموو لایەنە یاسایی و تەندروستییەکان ناچارییە بە جۆرێک کە مافی منداڵەکەش لە کاتی ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەرییەکدا لە بەر چاو بگیرێت. بەداخەوە وا دیارە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە بە تەواوی لە کارناوەی ڕێکخراوە ئاماژە پێکراوەکانی ئێران دەرچووە و تەنیا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی لەم چەشنە دەتوانین تا ڕادەیەک ئەم جۆرە بۆشاییانە پڕ بکەینەوە.

توێژینەوەی که‌م لە ڕوانگەی زانستی پزیشکییەوە خەتەنەیان لێک داوەتەوە کە زۆربەی ئەم توێژینەوانه له ئاراستەی ئەنجامه ئەرێنییەکانی ئەم کاره و پتەو‌‌کردنی شەرعییەتی خەتەنە بووه و ئەمه له حاڵێکدایه که ڕوانگه و ئاراستەی کۆمەڵگەی ئەوڕۆیی له ئاست خەتەنە هەمەجۆره. ئەم کاره که به ڕێژە و فرەیی زۆرەوه له کۆمەڵگه موسڵمان و جوولەکەکاندا بەردەوامه له هەندێ له ناوچەکانی جیهاندا باو نییه بەڵام نە‌بوونی زانیاریی گشتگیر و ڕیکلامی یەک‌لایەنە له ئێراندا بۆته هۆی ئەوەی خەڵک کەمتر بیر له بۆچیەتیی ئەم کاره بکەنەوه چونکه ئەم وێنایه هەیه که ئەم کاره له هەموو جیهاندا ئەنجام دەدرێت.

نە‌بوونی زانیاریی پێویست و گشتگیر لەمەڕ خەتەنە، باڵادەستیی فەرهەنگ و کەلتوور، نەریت و ئایین له هۆکاره گرینگەکانی بەردەوامیی خەتەنە له هەندێ لە کۆمەڵگاکانی وەکوو ئێرانن. بەڵام له پاڵ هەموو ئەمانه نابێ دەوری زەخته کۆمەڵایەتییەکان له سەر بەردەوام‌بوونی ئەم کاره به هەند وەرنەگرین؛ له کۆمەڵگایەکدا که خەتەنەنەکران به واتای له ئایین‌دەرکران دێ و شوورەییه و کوڕانی خەتەنەنەکراو گاڵتەیان پێدەکرێ، دایک و باوکەکان تەنانەت ئەگەر بیریان له بۆچیەتیی ئەم بابەتەش کردبێتەوه، دیسان لەوانەیه بۆ ڕا‌کردن لەم زەخته کۆمەڵایەتییه منداڵەکەیان خەتەنە بکەن بەتایبەت ئەوەی که زانیاریی گشتگیر و تەواو لەمەڕ زیان و ئەنجامەکانی خەتەنەشیان نەبێ و به شێوەی یەکلایەنە ڕووبەڕووی شەپۆلێک له ڕیکلامی پزیشکی و دەرمانی دەبنەوه که داکۆکی له سەر خەتەنە دەکات.

قازانجی زۆری بازرگانیی خەتەنە له پیشەسازیی پزیشکیدا وای کردووه خەسارەت و دەرهاویشته ئەگەرییەکانی خەتەنە له لایەن هەندێ له پزیشکانەوه چاوپۆشی لێ بکرێت. بەتایبەت ئەوەی که یاسا و ڕێسا دەوڵەتییەکانی ئێران داکۆکی‌‌ له خەتەنە دەکەن و مۆڵەتی پێویستیش بۆ خەتەنە دەردەکرێت. مۆری قبووڵ‌‌‌کردنی ڕێکخراوه دەوڵەتییەکان له سەر ئەم کاره له نۆرینگه پڕجیازەکانەوه بگره تا دەگاته ئەو کەرەستانەی که ڕۆژ له دوای ڕۆژ پێشکەوتووتر دەبن، بەدی دەکرێت. ئێستا ئەو پسپۆڕانەی که له نۆرینگه ڕازاوه و جوانەکاندا منداڵان خەتەنە دەکەن ‌بوونەتە جێگرەوەی خەتەنەچییە کۆنەکان. ئەم کاره له چوارچێوەی نەخۆشخانەکاندا له کاتی لەدایک‌بوون بەدەروونی کراوه و تێچووی خەتەنەی کوڕان له سەر پسوولەی لەدایک‌بوون تۆمار دەکرێ و دیاره نه تەنیا سوودی بەلاشی ئەنجامدانی خەتەنە دەبێته هۆی چاوپۆشیی کۆمەڵگەی پزیشکان له خەسارەتە ئەگەرییەکانی خەتەنە بەڵکوو دەتوانێ به بەرگریی هەمەلایەنە لە خەتەنە بانگەشەی بۆ بکا و پەرەی پێ بدات. لە درێژەدا ڕەوادارییە ئایینی، فەرهەنگی و نەریتی و ڕێکاره یاساییەکان بوار بۆ بەرەوپێش‌چوونی ئامانجە بازرگانییەکانی خەتەنە خۆش دەکات.

ڕەگ و ڕیشەی قووڵی خەتەنە لە مێژوو و ئاییندا، سەرەڕای ئەوەی لە قورئاندا هاتووە کە ئێمە مرۆڤمان بەبێ کەم‌وکوڕی دروست کردووە، باڵادەستیی فەرهەنگ و نەریت، بازرگانیی خەتەنە لە پیشەسازی و مافیای پزیشکی، ئاهەنگی خەتەنەکران و ئەو داهاتەی کە لە ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە دێتە ئاراوە، پێداگریی ئایینی و بۆشاییە یاساییەکان لەو حاڵەتانەن کە بەربەستی بەردەم گۆڕانکاری و چاکسازیین. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم حاڵەتانە، ئەوەی گرینگە و نابێ هێرش بکرێتە سەری ڕێزگرتن لە مافی منداڵان و مافیان بۆ جەستە و تەندروستی و دەستدان لە تایبەتترین بەشی جەستەی منداڵ کردارێکە کە دژی مافی منداڵانە و بە هیچ کلۆنجێ پاساوی نییە.

بە بەراورد لەگەڵ ئێران، لە ماوه‌ی ده‌یه‌ی ڕابردوودا لە سه‌ر ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا بۆ وشیار‌کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک هه‌وڵێکی زۆر دراوه‌. ژمارەیەکی زۆری ئەنجامدەرانی خەتەنە بە توندی دژایەتیی خەتەنە دەکەن، لە ئەنجامدا نەریتی خەتەنە لە زۆرێک لە وڵاتان بەرەو کاڵ‌بوونەوە دەچێت. فاکتەرێکی کاریگەر لەم پرۆسەدا کراوە‌بوونی ئەم کۆمەڵگایانە لە باس‌‌‌کردنی خەتەنە و ئازادییان لە سەر ئاستی بەربڵاوی میدیایی و چاپ‌‌کردنی بابەت و میدیا ئەلیکتڕۆنییەکان بووە کە بووەتە هۆی کەم‌بوونەوەی ڕێژەی ئەم کارە لە سەر ئاستی هەموو ناوچە ڕووماڵکراوەکان. بەڵام گۆڕانکاریی سەرەکی لە ناو ئەم کۆمەڵگایانەدا بە دەستێوەردانەکانی حکوومەت و پشتیوانیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە هاوکاری لەگەڵ ئەم دەزگایانە ڕووی داوە. هەر بۆیە پێویستە لە کۆمەڵگای ئێرانیشدا لێکۆڵینەوەی مەیدانی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی لایەنە زاڵەکانی گوتارە پزیشکی، نەریتی و ئایینییەکان کە بە سەر دیاردەی خەتەنە باڵادەستن و هەروەها پەیوەندیی خەتەنە بە پێکهاتە و میکانیزمەکانی دەسەڵات لە ڕێگەی ئەم گوتارانەوە شی بکرێتەوە و ئەو ڕێکارانەی کە پەیوەندییان بە خەتەنەوە هەیە لە پێناو گەڕاندنەوەی مافی منداڵان و مافی جەستە دەستنیشان بکرێن و بخرێنە ڕوو.

 

3 پرسیارە توێژینەوەییەکان

1- گرینگ‌ترین کاردا و هۆکارە پزیشکییەکانی بەردەوامیی خەتەنە‌‌‌کردنی کوڕان / پیاوان چین؟

2- چالاکڤانی زانستی پزیشکی و تەندروستی بۆ دیاردەی خەتەنە‌‌کردنی کوڕان / پیاوان چ ئاقارێکیان گرتۆتە بەر؟

3- ڕەهەند و تایبەتمەندیی ئەزموونی بەشداربووانی ئەم توێژینەوە چین؟

4- بۆ کەم‌کردنەوەی زیانە جەستەیی و دەروونی و لایەنە کێشەدارەکانی خەتەنەی  کوڕان / پیاوان دەتوانین چ پێشنیارێک بدەین؟

  1. هۆکارەکانی بەردەوامیی خەتەنە‌‌کردنی کوڕان / پیاوان بە هۆی کاردا پزیشکییەکانەوە

خەتەنە‌کردن دیاردەیەکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ و بە شێوەی وردتر دەتوانین ئیده‌عای ئەوە بکەین کە ئەم دیاردە لەگەڵ سەرهەڵدان و دامەزراندنی ئایینی جوولەکە بوو بە بەشێکی پێکهاتەیی لە بیر و باوەڕی جوولەکەکاندا، هەروەها دەتوانین بەڵگە بێنینەوە کە پێشتریش خەتەنە لە ناو میسرییەکانی سەردەمی فیرعەونەکاندا باو بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆر ڕەخنە لە سەری گیراوە و ئەوەی سەرنجڕاکێش‌ترە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی پانتای ئەم ڕەخنانە لە سەردەمی مۆدێرندا زۆر فراوان‌تر بووە، بەڵام هێشتاش بە سەدان ملیۆن کەس باوەڕیان پێیەتی یان هەوڵی ئەنجامدانی دەدەن. لە درێژەدا گرینگ‌ترین کاردا پزیشکییەکانی خەتەنە کە سوودە ئابوورییەکانیش دەستەبەر دەکا، تاوتوێ دەکرێت.

 

4-1 پارێزراوی و ڕێگری لە ئایدز

توێژینەوەکانی ناوەندی ڕێگری و چارەسەر‌‌کردنی نەخۆشییەکان دانی بەوەدا ناوە کە خەتەنە‌‌کردنی منداڵی ساوا لە ئەمریکا جیا لە دیکەی سوودە دەرمانییەکانی بۆ بەرەنگار‌بوونەوەی ئایدز زۆر چاکە. ئەم ناوەندە ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵی ساوای کوڕیان هەیە دەبێ بتوانن منداڵە کۆرپەکانیان خەتەنە بکەن. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە تەنانەت ئەگەر کەسانی خەتەنەنەکراو لە ئەمریکا خەتەنە بکرێن، ڕێژەی کەم‌بوونەوەی تووش‌‌بوون بە نەخۆشیی ئایدز لەم وڵاتەدا لە هی ئەفریقا کەمترە، چونکە بەشێکی بەرچاوی تووش‌‌بوون بە نەخۆشیی ئایدز لە ناو پیاوە هاوڕەگەزخوازەکانی ئەم وڵاتەدا ڕوو دەدات (AAP, 2012).

کاردای خەتەنە‌‌کردنی پیاوان بۆ کەم‌‌کردنەوەی ئەگەری تووش‌بوون بە ئایدز (ئێچ‌ئای‌ڤی) لە پەیوەندییە سێکسییەکانی پیاوانی خەتەنەکراو لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر نموونەی هەیە، بەڵام پێدەچێ ڕۆڵی پارێزەر‌بوونی خەتەنە لە پەیوەندییە سێکسییەکانی نێوان پیاوانی هاوڕەگەزبازدا کەمتر بێ و هەتا ئێستا لە ناو هاوڕەگەزبازاندا ئەم کەم‌بوونەوە بەدی نەکراوە. زۆربەی توێژینەوە ئەنجامدراوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە مەڕ پەیوەندیی نێوان خەتەنە‌‌کردنی پیاوان و نەخۆشیی ئایدز لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا ئەنجام دراون کە ئەم وڵاتانە خۆیان کەرتی تەندروستییان لە ئاستێکی نزمدایە. لە ئەنجامدا دەبێ سەرنج بەم خاڵە گرینگە بدرێ کە لە بڕیارەکانی پەیوەست بە خەتەنە، بەتایبەت بە ئامانجی کەم‌کردنەوەی ئەگەری تووش‌بوون بە ئایدز، دەبێ گرینگی بە ئاستی کەرتی تەندروستیی کۆمەڵگەی مەبەست و ئەگەری تووش‌بوون بە ئایدز لە کۆمەڵگەی بەرسەرنج بدرێت. (هەمان).

خانەکانی لانگەرهانس کۆمەڵێک خانەی چالاکی بەرگریین کە لە پێست و هەندێک ڕووی پەردەی لینجی‌دا دەبینرێن، لەوانە پێستی پێشەوە و زێ (واژەن)؛ پێستی پێشەوە، جگە لە کاردا پارێزەر – میکانیکییەکان، کاردای پارێزەری – بەرگریشی هەیە (لانگلی، تی‌تی‌دژ، 2016). توێژینەوەیەک لە سەر نموونە شانە مرۆییەکان دەریخستووە کە ئەم خانانە پرۆتینێک بە ناوی لانگرین دروست دەکەن کە شوێنەکە لە بوونی ڤایرۆس و گواستنەوەیان لە خانەوە بۆ شوێنێکی دیکە خاوێن دەکاتەوە. لە حاڵێکدا هەندێک لە توێژەران ڕایانگەیاندووە کە ‌بوونی خانەکانی لانگەرهانس لە پێستی پێشەوە ڕێگە بۆ تووش‌بوون بە هەوکردنی ئێچ ئای ڤی  خۆش دەکا و بەم پاساوەوە کە ڕێگری لە تووش‌بوون بە نەخۆشیی ئایدز دەکا بەرگرییان لە خەتەنە کردووە (هەمان). سەرچاوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستێکی لێبڕاوەیان دژ بە خەتەنەی ژنان هەیە، بۆ خەتەنەی پیاوان هیچ ئاراستەیەکی دیاری‌کراویان نەبوو و تەنیا لەو باوەڕەدان کە پێش لە ڕوودانی خەتەنە، دەبێ کەسەکە و یان بەرپرسە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری دەرەنجامەکانی بن و دواتر سەبارەت بە جێبەجێ‌‌کردنی بڕیار بدەن. ڕەنگە هەر ئەمە، واتە هە‌بوونی سیاسەتێکی بێ‌لایەن لە دژی ئەم نەریتە دێرین و کۆنە و تەنیا ئاماژەکردن بە لایەنە ئەرێنییەکانی خەتەنە، بووبێتە هۆی بەردەوامی و مانەوەی ئەم کارە، هەر چەندە ناتوانین پشکی هەندێک لە خاڵە پەسەند‌کراوە پزیشکییەکان لەم بوارەدا پشتگوێ بخەین.

4-2. ڕێگریی لە تووشبوونی پیاوان بە شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە لە ئەمریکا ئەنجام دراون دانی بەوەدا ناوە کە خەتەنە ئەگەری توش‌بوونی پیاو بە شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. هەندێکیان لەوە تێپەڕیون و شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێیان بە تاکە شێرپەنجەیەکی مرۆڤ زانیوە کە دەتوانین ڕێگری لێ بکەین. خەتەنە‌کردن لە هەڕەتی کۆرپەیی و مەمکەخۆریدا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێگری لە شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی کوڕان دەکات. ئەو فاکتەرەی کە هۆکاری سەرهەڵدانی شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی کوڕانە ڤایرۆسی پاپیلۆما جۆری ١۶ و ١٨یە کە ‌بوونیان لە پری‌پووس (پێستی پێشەوەی کۆئەندامی زاوزێ)ی کوڕانی خەتەنەنەکراو لە هی کوڕە خەتەنەکراوەکان زۆر زیاترە (ئه‌ربابی، 1379).

بەڵام سەبارەت بە دەرکەوتنی شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی پیاو پێویستە سەرنج بخەینە سەر چەند خاڵ: ئەگەری سەرهەڵدانی ئەم جۆرە تایبەتەی شێرپەنجە چەندە؟ ئایا خەتەنە‌ تاکە ڕێگای ڕێگری لە سەرهەڵدانی شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی پیاوە؟ هەندێک لە توێژینەوەکان ئەگەری ڕوودانی شێرپەنجەی باسکراو و ڕادەی خەتەنە‌‌ی پێویست و بە پێی گێڕانەوەیەک، بەراورد‌‌ی ئابووریی ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە. “کریستییەن جێلیس” (1978)، پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ (کاردیۆلۆژیست)، پێی وایە ڕێژەی مردنی ساڵانە بە هۆی کێشەکانی خەتەنەوە لە ڕێژەی مەرگی بە هۆی شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ زیاترە. ئەنجومەنی نەخۆشییەکانی منداڵان لە وڵاتی ئەمریکاش، بە لێکدانەوەی کەم‌بوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی ئەم جۆرە شێرپەنجە لە سەر ئاستی هەر دوو وڵاتی ئەمریکا و دانیمارک، وەک دوو وڵات کە ڕێژەی خەتەنە‌‌کردن تێیاندا بە ڕیز زۆر و کەمە، پێیان وایە ئەم کەم‌بوونەوەی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی پیاو بە بەکارهێنانی خەتەنە‌کردن ڕوون ناکرێتەوە، بەڵکوو هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی گەشە‌کردن، وەکوو کاریگەریی خووە تەندروستییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کەم‌کردنەوەی ڕێژەی ڕوودانی ئەم جۆرە شێرپەنجەدا هەبووە (دارابی، ٢٠١٧).

4-3. خۆپاراستن لە هەو‌‌کردنی میز

هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میزیەکێکی دیکە لەو نەخۆشیانەیە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ خەتەنە‌‌کردنی پیاودا گرینگییەکی زۆری پێ دراوە. ئەم جۆرە هەو‌کردنە یەکێک لە هەو‌کردنە باوەکانی منداڵانە کە بە هۆی هەستیاریی گورچیلە لە تافی ساوایی و هەستیاربوونی بە هەو‌کردن دەبێتە هۆی تێکچوونی گورچیلە و بەرزبوونەوەی زەختی خوێن و سەپتیسیمیا بە هۆی هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میز، ئۆسکاری گورچیلە، لە کارکەوتنی درێژخایەنی گورچیلە. سەبارەت بە چۆنیەتیی کاریگەریی خەتەنە‌ لە سەر کەم‌کردنەوەی ئەگەری هەو‌‌کردنی میز دەبێ بڵێین بەو پێیەی کە ناوەوەی شوێنی خەتەنە‌کراوەکە گەرم و شێدارە، دەبێتە هۆی بەرگری و بڵاو‌بوونەوەی مادە پاتۆژێنەکان، پرۆسەیەک کە بە هۆی نزم‌بوونی ئاستی کەرتی تەندروستی خێراتر دەبێت (ئیسماعیلی و ئه‌حمه‌دنیا، 1384یهەتاوی).

هەندێک لە توێژینەوەکان جۆرێک لە خەتەنە‌‌کردنیان بە هۆکاری کاریگەری هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میز ناساندووە. لە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکاندا دان بەوەدا نراوە کە ئەگەری هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میز لە وڵاتی ئیسرائیل بە هۆی ئەو خەتەنە‌کردنانەی کە لە لایەن مۆهێلە نەریت‌خوازەکانەوە ئەنجام دەدرێ لەو خەتەنە‌کردنانەی کە لە لایەن پزیشکانی نەشتەرگەرییەوە ئەنجام دەدرێن زیاترە. خاڵێکی‌تر کە سەرنجمان سەبارەت بەم جۆرە هەو‌کردنە کە بە هۆی خەتەنە‌کردنەوەیە ڕادەکێشێ، بابەتێک کە زۆر باسی لێ نەکراوە، هەندێک توێژینەوەی سەرنج‌ڕاکێشە کە ڕوانگەیەکی جیاوازیان لە مەڕ پەیوەندیی نێوان خەتەنە‌کردن و هەو‌‌کردنی میز خستۆتە ڕوو.

منداڵان لە چاو گەورەساڵان وەڵامی فیزیۆلۆژییان بەرامبەر بە ئێش و ئازار زۆر توندترە. خەتەنە‌‌کردنی پیاوانیش ئازارێکی توند، ئەزموونێکی ناخۆش و خەسارەت‌بەخش و تاقەت‌پڕووکێن بە سەر منداڵی خەتەنەکراودا دەسەپێنێت. جگە لەوەش خەتەنە‌کردن دەتوانێ سەرچەشنی خەوتنی منداڵەکە تێک بدا و ببێتە هۆی جیا‌بوونەوەی منداڵەکە لە جیهانی دەوروبەری، لەوانەش تێکچوونی خواردنی مەمکی دایک.

هەندێ تێبینی لە سەر ئەو کۆرپانە تۆمار کراون کە دوای خەتەنە‌کردن نەیانتوانیوە مەمکی دایکیان بمژن. ئەمەش کاتێک گرینگ دەبێ کە بۆمان دەردەکەوێ کە بەکتریاکانی ئێشێریچیاکلی کە لە پیساییدا هەن باوترین هۆکاری ئێتیۆلۆژیک تووشبوون بە هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میزی بێ‌زیان لە ناو منداڵان و ساوایانە. شیری مرۆڤ ئۆلیگۆساکاریدی تێدایە کە لە ڕێگەی میزەوە لە لەشی کۆرپەدا دەردەچێ و حاڵەتی نووسانی ئێشێریچیاکلی بە شانەکانی کۆئەندامی میز لە ناو دەبات. ئەم کاردا پارێزەرەییەی شیری دایک لە لایەن زانایانی ئیتاڵی و توێژەرانی سوییدییەوە پشتڕاست کراوەتەوە. بە هەر حاڵ شیرپێدان نەک تەنیا بۆ کوڕان، بەڵکوو بۆ کچانیش کە ئەگەری تووش‌بوونیان بە هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میز چوار هێندە زیاتر لە هی کوڕانە، ئەگەری تووش‌بوون بە هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میز کەم دەکاتەوە. لە ئەنجامدا، هەندێک کەس ڕایانگەیاندووە کە خەتەنە‌ بە بەراورد لەگەڵ خواردنی مەمکی دایک بۆ ڕێگریی‌ لە هەو‌‌کردنی کۆئەندامی میز چارەسەرێکی نەگونجاو نییە (2002 ،NOCIRC).

4-4.کاریگەریی خەتەنە لە سەر کارکردی سێکسی

سەرەڕای بوونی چەندین تیۆریی پزیشکی سەبارەت بە زیانە ئەگەرییەکانی خەتەنە‌، هەندێک لە ڕێبەرانی ئایینی  هەر چەشنە لێکەوتەی نەرێنی وەکوو کەم‌بوونەوەی چێژی سێکسی دوای ئەنجامدانی خەتەنە ڕەت دەکەنەوە. بۆ نموونە عەبدولڕەحمان محەمەد ڕەسووڵی، لە ڕێبەرانی ئایین‌زای سوننە دەڵێ:

“ئەوەی کە پیاوان بە هۆی خەتەنە‌کردنەوە چێژ لە سێکس‌کردن نابەن، درۆیە و گریمانەیەکی ساختە و بگرە تەواو پێچەوانەیە، چونکە خەتەنە‌کردن دەبێتە هۆی زیاد‌بوونی چێژی سێکسی نەک کەمبوونەوەی چێژ. چونکە ئەو پێستەی کە سەری کۆئەندامی زاوزێی پیاو دادەپۆشێ، لە کاتی جووت‌بوونی سێکسیدا ناهێڵێ سەری کۆئەندامی زاوزێی پیاو لەگەڵ بەشی ناوەوەی کۆئەندامی زاوزێی ژن بەرکەوتنی تەواوی هەبێ و ئەمەش وا دەکا کە پیاوەکە چێژی تەواو لە سێکسەکەی نەبات. چونکە لە کۆئەندامی زاوزێی پیاودا ئەوە سەری کۆئەندامی زاوزێیە کە هەست بە چێژی پەیوەندیی سێکسی دەکا و لێی تێدەگا نەک پێچەوانەکەی، کەواتە کاتێک سەری کۆئەندامی زاوزێی پیاو بەم پێستە دادەپۆشرێ ئاشکرایە کە چێژی سێکسیی تەواو دروست نابێت.”

ژنێکی ئێرانیی تەمەن 36 ساڵ کە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا خوێندکارە و لەگەڵ پیاوی خەتەنەنەکراو و پیاوی خەتەنەکراودا سێکسی کردووە، وێڕای ئاماژە بە جیاوازیی کارکردە سێکسییەکانی نێوان ئەم دوو حاڵەتە دەڵێ ئەگەر کوڕی هەبێ ئەوا خەتەنە‌‌ی دەکا، چونکە بە پێی ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی، بۆی دەرکەوتووە سێکس لەگەڵ پیاوە خەتەنەکراوەکاندا زۆر باشترە:

“من کوڕم نییە، بەڵام ئەگەر بمبێ بەدڵنیاییەوە خەتەنەی دەکەم، نەک لەبەر ئەوەی نەریتە یان فەرمانێکی ئایینییە یان تەنانەت لەبەر ئەو هۆکارە پزیشکییانەی کە باسی دەکرێت. من بە هۆی ئەزموونی خۆمەوە کوڕەکەم خەتەنە دەکەم، لە کۆمەڵگەیەکی موسڵمان لەدایک بووم و ئێستا لە ئەورووپا دەژیم و ئەزموونی سێکس‌کردنم لەگەڵ پیاوانی خەتەنەکراو و پیاوانی خەتەنەنەکراودا هەیە. من بە پێی ئەزموونی خۆم ئەم جیاوازییانەم بینیوە. پیاوانی خەتەنەنەکراو زۆر هەستیارترن، ناتوانی دەست لە کۆئەندامی زاوزێیان بدەی یان ساک لێ بدەی، زوو تێر دەبن، کۆئەندامی زاوزێیان بۆنی دێ، بچووکترە و تیرەیەکی بچووکتری هەیە و هەروەها زووش ماندوو دەبن، بە باشی سێکس ناکەن کاتێکیش دەگەنە قۆناغی ئۆرگازم، شلەی ئۆرگازم لەو توێکڵەدا کۆ دەبێتەوە و بۆگەن دەبێ، بەڵام پیاوانی خەتەنەکراو هەستیارییان کەمترە.”

 

هەر لەم بارەوە پیاوێک کە لە تەمەنی گەورەساڵیدا خۆی خەتەنە کردووە پێی وایە:

خەتەنە سێکس‌کردن بۆ هاوبەشە سێکسییەکەت باشتر و چێژبەخش‌تر دەکات.

لێکدانەوەی کاریگەریی خەتەنە‌ لە سەر کارکردی سێکسیی پیاوان لە ڕێگەی ئەزموونی تاکەکەسیی ئەو ژنانەی کە سێکسیان لەگەڵ کردوون، دەریدەخا کە کۆمەڵێک ژن کارکردی سێکسیی پیاوانی خەتەنەنەکراویان بە باش زانیوە و هەندێکیشیان بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەیان هەبوو. ژنێک لەربارەی مێردەکەی کە خەتەنە نەکراوبوو وتوویەتی:

ئەندامی سێکسیی مێردەکەم پێستێکی شۆڕ و ئەستووری هەبوو کە لە کاتی ڕەپ‌بووندا بە شێوەیەکی ئاسایی و ئۆتۆماتیکی درێژ نەدەبۆوە و ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی کەمتر بورووژێم. لە ئەنجامدا دوای چەند مانگ گفتوگۆ کە لەو ماوەدا قه‌ت تێر نەدەبووم، توانیم قەناعەتی پێ بکەم کە خۆی خەتەنە بکات. من و هاوسەرەکەم زۆر بە ئەنجامەکان دڵخۆشین. نەشتەرگەرییەکی قورس بوو و ئێستا هیچ خاڵی فرێنولومێکی نییە، بەڵام سێکسی ئێمە لە چاو جاران باشترە.

ئەوەی ڕاستی بێ لە کاتی جووت‌بووندا، لۆچی دوولۆی پێستی پێشەوە بۆ هەڵخولاندن دەوری پاڵگە دەبینێت.  کاتێک ئەندامی سێکسیی پیاو دەخزێتە ناو زێی ژن، لێک‌خشانی کۆئەندامی زاوزێی پیاو لەگەڵ دیواری زێی ژن، پێستی کۆئەندامی زاوزێ تا ڕادەیەک ڕادەگرێ و بەم شێوە ڕێگە بە کۆئەندامی زاوزێی پیاو دەدا کە لە کاتی سێکس‌کردندا لە ناو غەلافە پێستییەکەیدا پاش و پێشەوە بکا؛ لە بری ئەوەی ڕاستەوخۆ لە ناو زێدا پاش و پێش بکا و لە دیواری زێ بدرێت. ئەم خول‌خواردن و لێک‌نەکەوتنە، بۆ هەر دوو ڕەگەزەکە سێکس‌کردن ئاسان‌تر و خۆش‌تر دەکات. هەروەها ئەم جۆرە جووڵەی پێست لە کۆئەندامی زاوزێی پیاوی خەتەنەنەکراودا لە کاتی سێکس‌کردنی بەر لە تێخزاندن، خۆڕەحەت‌کردن و چرکەساتی تێخزاندنی ئەندامی سێکسی ڕۆڵی ئاسان‌کەرەوە دەگێڕێت. پسپۆڕێک بەم شێوە ئەم حاڵەتەی دوایی شی دەکاتەوە:

لە پیاوە خەتەنەکراوەکاندا دەتوانین تێخزاندن بە گوشاردانی پێ بۆ ناو گۆرەوی بەراورد بکەین کە تەنیا سەرەوەی کراوەتەوە، کەچی لە پیاوانی خەتەنەنەکراودا، تێخزاندن لە گوشاردانی پێ بۆ ناو گۆرەوییەک دەچێ کە پێشتر گنج بووە و کۆ کراوەتەوە.

ئەوەی کە کۆئەندامی زاوزێی خەتەنەکراو یان خەتەنەنەکراو کامیان لە کاتی جووت‌بووندا چێژی سێکسییان زیاترە پەیوەست بە هۆکاری دیکەی جگە لە خەتەنە‌کردنە، بۆ وێنە لەشی ژن کە لە پرۆسەی سێکسدا بە بەشێکی گرینگی سێکس دادەنرێت. جگە لەوەش لە وەڵامی کەسانی دیمانە لەگەڵ‌کراودا سەبارەت بە ئەزموونی هەر دوو جۆری کۆئەندامی زاوزێی پیاوی خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو ئەنجامی جیاواز بەدی دەکەین کە هەردووکیان ئاماژەیان بە کاریگەریی خۆشی خەتەنە لە سەر سێکس و پەیوەندیی سێکسی کردووە و هەم ئاماژەیان بە کاریگەرییە پێچەوانەکەی کردووە. وا دیارە لێرەدا تیۆرییە ژێرلقەکانی کۆمەڵناسیی سێکس و کۆمەڵناسیی جێندەری پێکەوە شیکەرەوەن.

دەرەنجامە مەیدانییەکانی توێژینەوە دەریدەخا کە هەوڵ دەدرێ لە ڕێگەی بواری تەندروستییەوە شەرعییەت بە خەتەنە‌ بدرێت. بە جۆرێک کە لە هەر دوو ڕەگەزەکەدا، کوڕان / کچان، ئاماژە بەو نەخۆشییانە دەکا کە لە جیهانی مۆدێرندا سەبارەت بەو ڕەگەزە زۆرتر ‌بوون و ترسی کۆمەڵایەتییان لێکەوتۆتەوە. بۆ نموونە باس لەوە دەکرێ کە لە ئافره‌تاندا خەتەنە ڕێگری لە نەخۆشیگەلێکی وەکوو شێرپەنجەی ملی منداڵدان و نەخۆشییە نزیکییەکان و لە پیاوانیشدا ڕێگری لە نەخۆشیگەلێکی وەکوو شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی پیاو کە زۆر باوە دەکات. هەڵبەت بە کەمێک تێڕامانەوە دەتوانین بەکارهێنان و کەڵکاوەژۆیی لە ناوی “بواری تەندروستی” و تەشەنەدان بە “ترسی کۆمەڵایەتی” لە پێناوی قبووڵ‌کردن و ڕەوادارکردنی خەتەنە وەک کارێکی کۆمەڵایەتی بە ئاراستەیەکی جێندەری بەدی بکەین. زانستی پزیشکی هەوڵ دەدا کە لە ڕێگەی شرۆڤەی خەتەنە و ئەوەی کە دەرەنجامەکانی چارەسەر دەکرێ، متمانەی زەینی گشتی بورووژێنێ و بەهێزی بکا بۆ ئەوەی کە لە قۆناغەکانی داهاتووی ڕیکلامی بە هۆی ئەم شەرعییەت‌پێدانەوە بە پاساوی پزیشکی، بە کاریگەریی کۆمەڵایەتیی زیاترەوە بتوانێ چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی بۆ ئەنجامدانی خەتەنە وەک کردەوەیەکی سروشتی و پێویست و نەک وەک بنیاتێکی کۆمەڵایەتی هان بدات.

  1. ئاراستەی دەروون‌ناسانە سەبارەت بە خەتەنە

زانستی دەروونناسی بە هۆی ئەو ئاراستە ئەزموونی و کلینیکییەکەی کە بۆ بابەتە لێکۆڵینەوە لە سەرکراوەکان هەیەتی، لە چاو زانستی کۆمەڵناسی لە لێکدانەوەی دیاردەیەکی وەکوو خەتەنە ئەنجامی زێدەتری وەدەست هێناوە. زیان و لێکەوتە ڕۆحی و دەروونییەکانی خەتەنە‌ بابەتێکە کە زۆرێک لە توێژەرانی جیهان لێکۆڵینەوەیان لە سەر کردووە کە لە ناویاندا دەتوانین ئاماژە بە توێژینەوەی شاین و هاوکارانی لە ساڵی 2003 بکەین. ئەم توێژەرانە لە وتارێکدا لێکەوتە دەروونییەکانی خەتەنە‌یان تاوتوێ کردووە. بە بڕوای ئەم توێژەرانە، خەتەنە‌‌کردنی کوڕان لە وڵاتی تورکیا بۆ بەدیهێنانی شوناسی پیاوانە پێویستە. بە پێچەوانەی ئەو کۆمەڵگا ڕۆژاواییانەی کە کوڕان لە تەمەنی کۆرپەییدا خەتەنە دەکرێن، لە تورکیا ئەم کارە لە تەمەنێکی گەورەتردا ڕوو دەدا و ئەمەش دەتوانێ کاریگەریی دەروونی لێ بکەوێتەوە. تەنانەت خەتەنەچی دەتوانێ پزیشکی نەشتەرگەری یان خەتەنەچییەکی نەریتی بێ کە بە هۆی کارکردی خۆیانەوە کاریگەریی لە سەر تەندروستیی منداڵەکە دابنێن. بە پێی ئەم توێژینەوە هەتا ئێستاش نەریتەکان لە جێبەجێ‌‌کردنی خەتەنە‌ و کەسی خەتەنەچی و هۆکارەکانی ڕوودانی خەتەنە ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە، بەڵام تێپەڕ‌ینی زەمەن و ئاستی خوێندەواری کاریگەرییەکی ماناداری لە سەر خەتەنە و ئاراستە نەریتییانەی کە بە سەر خەتەنەدا زاڵن‌ نەبووە. (شاین، ٢٠٠٣).

یەکەم پرشنگی ڕەهەندە دەروونناسییەکانی خەتەنە لە تیۆریی گرێی ئۆدیپی فرۆیددا بەدی دەکرێت. بە بڕوای فرۆید، کوڕان لە قۆناغی قەزیب‌دا سەرنجیان بۆ لای ئەندامی زاوزێیان ڕادەکێشرێ و گرێی لە پیاوەتی‌کەوتن کە بە بڕوای فرۆید خەتەنە‌کردن فۆرمێکی بچووک‌کراوەیەتی، ترسێکی تۆقێنەر بە سەریاندا دەسەپێنێت. هەروەها توێژینەوەکانیش ئەم گرینگییەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە لە ناویاندا دەتوانین ئاماژە بە توێژینەوەکانی کۆدێک و هاوکارانی بکەین کە لە توێژینەوەیەکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا بۆیان دەرکەوتووە کە منداڵانی خەتەنەکراوی تەمەنی کەمتر لە حەوت ساڵدا پێیان خۆش بوو کە لە هەڕەتی گەورەساڵیدا خەتەنە بکرێن. هەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەنجامدانی خەتەنە لە تەمەنی بچووکدا لە ڕوانگەی منداڵانەوە بە کردەوەیەکی توندواژۆیانە و وەک لە پیاوەتی‌خستن سەیر کراوە.

لەم توێژینەوەدا نزیکەی 26 لە سەدی منداڵان لە قۆناغی قەزیبیدا خەتەنە کراون کە نزیکەی 10.4 لە سەد و 9.1 لە سەدیان پێیان وابوو بە ڕیز کۆئەندامی زاوزێی پیاوەتییان بچووکتر دەبێ یان لا دەبرێ کە دەتوانین ئەم ترسە گرێ بدەینەوە بە گرێی لە پیاوەتی‌کەوتن . لەوەش گرینگتر وەحشەت و نیگەرانی لە کاتی خەتەنە و ئازاری دوای خەتەنە‌ لەم تاقمە منداڵانەدا کە لە ماوەی قەزیبی یان ئۆدیپی خەتەنە کرابوون، زیاتر لە گرووپە تەمەنییەکانی دیکە بوو. لە ئەنجامدا نەک هەر لەم لێکۆڵینەوەدا، بەڵکوو لە هەندێ لێکۆڵینەوەی دیکەشدا پێشنیار کراوە کە نابێ لەم قۆناغە زەمەنییەدا منداڵان خەتەنە بکرێن، مەگەر لە بەر هۆکاری پزیشکی (خوداته‌همینه، 1390ی هەتاوی، ل ۵٧).

5-1. خەتەنە‌ و مەترسیی دروست‌بوونی تڕاما لە ساوایاندا

توێژینەوە ئەناتۆمی، عەسەبی – کیمیایی، فیزیۆلۆژی و ڕەفتارییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کاردانەوەی منداڵانی ساوا بەرامبەر بە ئازار هاوشێوەی کەسانی گەورەساڵانە، بەڵام زیاتر لەوانەیه. ئەو کۆرپانەی کە بە بێ سڕکردن خەتەنە دەکرێن نەک هەر تووشی ئازارێکی ترسناک دەبن، بەڵکوو ئەگەری خنکان و کێشەی هەناسەدانیان زیاتر دەبێ و ئەم پرسەش لە هەندێک حاڵەتدا گەشکەی لێ کەوتۆتەوە. توێژینەوە پزیشکییەکان دەریدەخەن کە زیاد‌بوونی بەرچاوی لێدانی دڵ و بەررزبوونەوەی ڕێژەی هۆرمۆنی سترێس لە خوێندا یەکێک لە کاریگەرییەکانی خەتەنە‌کردنە؛ هەروەها زیاد‌بوونی لێدانی دڵ هەتا ۵۵ لێدان لە خولەکێکدا تۆمار کراوە کە ١.۵ قاتی حاڵەتی ئاساییە. دوای ئەنجامدانی خەتەنە‌ ڕێژەی کۆرتیزۆڵی خوێن سێ بۆ چوار قاتی بەر لە خەتەنە بەرز دەبێتەوە.

خەتەنە‌کردن یەکێک لە نەشتەرگەرییە هەرە ئازاربەخشەکانە کە لە سەر کۆرپەکان ئەنجام دەدرێت. توێژەران ڕایانگەیاندووە کە تەنانەت گەورەساڵانیش بەرگەی ئەم ئاستی ئێش و ئازارە ناگرن. هەندێک لە کۆرپەکان لە کاتی خەتەنە‌کردندا ناگرین، چونکە بە هۆی ئازارە توندەکانی ئەم کارە تووشی شۆک دەبن. “بە پێی پێناسە کلینیکییەکان و ڕاپۆرتی توێژەران، تەنانەت کاتێک دەرمانی بێهۆشکەر (دەرزیی سڕکردن باشترین بژاردەیە کە تاقی کراوەتەوە) لەکاتی خەتەنە‌کردندا بەکار دەهێنرێ ئەوە زیانێکی دەروونی (تراما) لە سەر منداڵان بەجێ دەهێڵێت”. دەرمانی بێهۆشکەر تەنیا هەندێک جۆری ئازار کەم دەکاتەوە و کاریگەرییەکانیان لێکدژە و هەروەها بەر لە هاتنی ئازاری دوای خەتەنە کاریگەرییەکانیان کەم دەبێتەوە. قه‌ت بێهۆش‌‌کردنی گشتی وەک ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ کۆرپە پێشنیار نەکراوە.” (سیمبێر و هاوکارانی، 1393ی هەتاوی : 8).

هەندێک کەس ئیده‌عای ئەوە دەکەن کە منداڵان ئازاریان لە بیر نییە، بەڵام ئەمڕۆ دەرکەوتووە کە ئەم ڕووداوەیان لە بیرە و بەرامبەر بەو ئازارانەی لە ژیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە زیاتر هەستیار دەبن. لە توێژینەوەکانی دیکەشدا  گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کردارە ئازاربەخشەکان لە هەڕەتی کۆرپەییدا، کاتێک دەروون خەریکی هەندێک گۆڕانکاریی تایبەتی شوێنی دەبێ، باری دەروونیی منداڵان تێک دەدات.

5-2. خەتەنە‌کردن و خەسارەتە دەروونییە درێژخایەنەکان

بەو پێیەی کە ئەم ڕووداوە لە سەردەمی منداڵیی مرۆڤەکاندا ڕوو دەدا، یادەوەریی پەیوەندیدار بە خەتەنە‌ لە ناوشیارگەی مرۆڤەکاندا جێگیر دەبێ و هەر بۆیە پەیوەندیی نێوان هەستەکانی ئێستا و خەتەنە‌ ڕوون نییە. ڕەنگە لێکەوتەکانی خەسارەتە دەروونییەکانی خەتەنە درێژخایەن بن یان بە قووڵی لە ناخی مرۆڤدا چەسپا بن و ئەمەش وا دەکا کە جیا‌کردنەوەیان لە پڕەنسیپە کەسێتییەکان یان ئەو لێکەوتانەی کە هی ڕووداوەکانی دیکەن دژوار بێت. جگە لەمانەش لەو شوێنانەی کە خەتەنە‌ باوە، لێکەوتەکانیشی باوە و بە ئاسایی دادەنرێت. کاردانەوەی سۆزداری و توندوتیژیی بێ‌سنوور لە کاریگەرییە درێژخایەن و باوەکانی خەتەنەن کە بە توێژینەوەکان پشتڕاست کراونەتەوە. بەگشتی ئەو کەسانەی کە تووشی توندوتیژی ‌بوون کێشەی توندوتیژییان هەیە و ئەم توندوتیژییانەیان لە ناخیاندا چەسپاندووە یان دژ بە دیتران بە کاری دەهێننەوە.

ڕەنگە لێکەوتەکانی ئەم توندوتیژی و خەسارەتە دەروونییانە کە بە هۆی خەتەنە‌کردنەوەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کەسانەی کە لە منداڵیدا خەتەنە کراون لەگەڵ کەس‌وکاری خۆیان بۆ وێنە هاوسەرەکانیان ببینرێت. هەڵسەنگاندنی ئاماری خەتەنە لە وڵاتە جیاوازەکان و کاریگەریی خەتەنە لە سەر تەشەنەسەندنی هەڵسوکەوتی نادروستی پیاوان بەرامبەر بە ژنان، کە بریتییە لە توندوتیژیی خێزانی، ڕەفتاری سەرکوتکەرانە، گۆشەگیرکردن، کوشتن، دەستدرێژیی سێکسی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ گونجاوه. دە وڵات لە کۆی خراپترین وڵاتانی جیهان بۆ ژنان بریتین لە ئەڤغانستان، کۆماری دیمۆکراتیکی کۆنگۆ، عێراق، نیپاڵ، سوودان، گواتیمالا، مالی، پاکستان، سعودییە و سۆماڵ. لە کۆی هەشت وڵات لەو وڵاتانە ڕێژەی خەتەنە‌‌کردنی پیاوان لە سەرووی ٨٠ لە سەد بووە و دوو وڵاتەکەی دیکەش ڕێژەی خەتەنە‌‌کردنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٨٠ لە سەدە.

  1. کاردای ئابووری – کۆمەڵایەتیی خەتەنە

هەر چەندە خەتەنە‌ لە گشتێتیی خۆیدا هێشتا سروشتێکی ئایینی هەیە بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئیده‌عا دەکەن کە خەتەنە کاردا و سوودی پزیشکی هەیە. داتای پێویست بۆ بە بەڵگەناوە‌‌کردنی کاردای ئابووریی خەتەنە زۆر و بەرفراوان نین بەڵام هەندێک داتای خەڵک‌ناسی لە سەدەکانی ڕابردوودا و بازرگانییەک بە ناوی بازرگانیی خەتەنە لە بواری پزیشکیی مۆدێرن و پیشەسازیی دروست‌‌کردنی ئامێر و ئامرازی جوانکاری و نەشتەرگەریی جوانکاریدا باس لەوە دەکا کە ڕەنگە بەشێک لە هۆکارەکانی سەقامگیری و بەردەوامیی خەتەنە‌ بە هۆی ڕەگ و ڕیشەی کاردای ئابووریی ئەم دیاردە بێت.

وەک لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە ئاهەنگی خەتەنە‌ زۆر گرینگ بووە و هەندێک جار بەرپرسانی باڵای سەربازی و ناوخۆییش بۆ ئەم ئاهەنگە بانگهێشت دەکران. شان و شکۆی ئەم چەشنە ئاهەنگی خەتەنەکردنانە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەبووە، یەکێک لەوانە فاکتەری ئابوورییە؛ پاشاکان دەیانتوانی چەند ڕۆژ ئاهەنگ بگێڕن و هەڵپەڕن و نان بە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بدەن و هەندێک جاریش پاشا و میرەکان جگە لە منداڵەکانی خۆیان لە سەر گیرفانی خۆیان منداڵانی دیکەی شارەکەیان خەتەنە دەکرد. هەندێ جار ئاهەنگی خەتەنە جیا لە ڕێوڕەسمە سیمبۆلییەکەی، بۆ بوونە پیاو و چوونە ناو کۆمەڵگەی ئایینییەکەی، کاردای سیاسیشی هەبووە.

لە ڕابردوودا ئەم کارە لە لایەن خەتەنەچییە نەریتییەکانەوە ئەنجام دەدرا. ئەم کەسانە لە بەرامبەر ئەو کارەی کە ئەنجامییان دەدا حەقدەستیان لە دایک و باوکی منداڵەکە وەردەگرت و لە ڕاستیدا خەتەنەچێتی وەک پیشەیەک سەیر کراوە کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە بژێویی ژیانی خۆی دابین دەکرد. ئەم کەسانە کە زۆربەیان خەڵکی هەمان ناوچە ‌بوون، لە باوک و باوباپیرانیانەوە فێری ئەم پیشە ببوون و بە ڕاکێشانی مشتەرییە خۆجێییەکان بژێویی ژیانیان دابین دەکرد. لە جیهانی ئەمڕۆشدا هەر چەندە پزیشکانی دەرچووی زانکۆ جێگەی خەتەنەچییە نەریتییەکانیان گرتۆتەوە بەڵام پێدەچێ بە لە بەر چاوگرتنی بڵاو‌بوونەوەی 100 لە سەدی خەتەنە‌ لە ناو موسڵماناندا، لایەنی ئابووری و سووڕانی دارایی زۆری ئەم کارە بۆ پزیشکان دەتوانێ یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی بەردەوامیی خەتەنە لە سەردەمی هاوچەرخ بێت.

لە کۆمەڵگای ئەمریکادا بڵاو‌بوونەوەی پاساوە پزیشکییەکان بووەتە هۆی بڵاو‌بوونەوەی بەرفراوانی خەتەنە‌ و لە کۆمەڵگایەکی دیکەدا واتە هیند، ئەم پاساوانە لە سەر ئاستی بەربڵاودا چوونەتە ناو مشتومڕی گشتییەوە و وا دیارە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، کۆمەڵگەی هیندۆسەکانیش پێشوازی لە خەتەنە بکەن. بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا تەنیا ئەمریکایە کە ئەنجامدانی خەتەنە‌ لەم وڵاتەدا بە هۆکاری نائایینی و لە سەر بنەمای هۆکاری پزیشکی دەزانێ؛ بە پێی خەمڵاندنەکان نزیکەی ۶٠ لە سەدی خەتەنە‌‌ی کوڕە ساواکان لەم وڵاتەدا بە هۆکاری نائایینییە. ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە خەتەنە‌ بنیاتێکی کۆمەڵایەتییە نەک سروشتی. چونکە لە کۆمەڵگا نەریتی و کەم گەشەسەندووەکاندا حەقیقەتی خەتەنە‌ لە لایەن گوتاری نەریتی و ئایینی بنیات دەنرێ و ئەم گوتارە بە سەریدا زاڵە، لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووترەکاندا گوتاری پزیشکی بەرپرسیاری بنیاتنانی ئەم ڕاستییە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەیە.

جگە لەوەی کە ئەمە جیاوازیی گوتارە باڵادەستەکان سەبارەت بەم ڕاستییە لە کۆمەڵگاکاندا نیشان دەدا، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە خەتەنە‌ دیاردەیەکی سازکراو و بنیات‌نراوی کۆمەڵایەتی / فەرهەنگییە. هەر چەندە پشکی پێشنیار و هۆکارە پزیشکییەکان لە ئاماری خەتەنە‌‌کردنی پیاواندا بە بەراورد لەگەڵ نەریت و بیر و باوەڕە ئایینییەکان زۆر کەمترە، بەڵام ناتوانین فرەیی ئەو کەسانە پشتگوێ بخەین کە بە هۆکاری تەندروستی و پزیشکی ئەم کارە دەکەن. کەسانێک کە پەیڕەوکردنی فەرمانە ئایینییەکان بە پێویست نازانن. ژنێکی ئێرانی تەمەن ۶٢ ساڵ خەڵکی شاری تۆرێنتۆ:

“هەر لەبەر ئەو بابەتەی کە پزیشکەکان دەیانگوت لە ڕوانگەی تەندروستیەوە پارێزراوتر دەبێ، ئەگەر نا من هیچ لایەنی ئایینی بە لامەوە گرینگ نەبوو چونکە ئەوسا ئایین‌پەروەر نەبووم.”

بیر و باوەڕێکی چەسپاوی هەڵقوڵاو لە ئایین و فەرهەنگ سەبارەت بە ئەنجامە ئەرێنییەکانی خەتەنە هەندێک کەس و گرووپی کۆمەڵایەتی دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی کە وێڕای قبووڵ‌‌کردنی زیانە ئەگەرییەکانی خەتەنە و قبووڵ‌کردنی لێکەوتە خراپەکانی ئەم کارە، بە پشتبەستن بە ئامۆژگاری و هۆکاری پزیشکی ئەم کارە ئەنجام دەدەن. ژنێکی ئێرانی تەمەن 44 ساڵانی خەڵکی وانی تورکیا دەڵێ:

ئەگەر مناڵێکم هەبایە، بە پێی ئەو زانیارییانەی کە هەمە ڕەنگە ئەوەم بکردایە چونکە ئەوەم بیستووە … هەڵبەت نازانم، بە پێی زانیارییەکانی خۆم خەتەنە چاکە، لە ڕووی تەندروستییەوە چاکە، لەبەر ئەمانە خەتەنەم دەکرد نەک لەبەر ئایین و ئەمانە وەک ئەوەی وتم باوەڕم بە هیچ ئایینێک نییە. بەڵام ئەوەی بیستوومە باشە و ڕێگری لە زۆر نەخۆشی دەکا، جا چ سێکسی بێ و چ ڕێگری لە هەندێ لە شێرپەنجەکان دەکا، نازانم تا چەندە ڕاستە یان نا، تەنیا ئەوانە نەبێ کە خۆم بیستوومە.”

بێگومان بڵاو‌کردنەوەی ڕاپۆرتی زانستی سەبارەت بە سوودە پزیشکییەکانی خەتەنە‌ لە قبوڵ‌‌کردنی زیاتری خەتەنە لە ناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا پشکی بەرچاوی هەیە و لانیکەم توانیویەتی نەیارانی سەرسەختی خەتەنە تووشی شک و گومان بکات. ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئەو وشیارکردنەوە و زانیارییانەی کە پێشکەش دەکرێن، هەندێک کەس هەستاون بە لێکدانەوەی ئەم بابەتە و بە نیازن زانیاریی متمانەپێکراو لەبارەی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خەتەنە‌ وەدەست بێنن. ژنێکی تەمەن ۴٩ ساڵ خەڵکی تاران:

“ئاخری نەمانزانی خەتەنە‌ باشە یان خراپە، دەڵێین خەتەنە‌ باش نییە، هەندێک کەس دەڵێن نا دەبێ خەتەنە بکرێ لە ڕووی پزیشکییەوە سەلمێنراوە، بۆیە دەڵێین، دەی باشە، خەتەنە‌کردن شتێکی باشە. جارێکی‌تر کۆمەڵێ دێن هێرش دەکەنە سەرت. من بە ڕاستی نازانم ئەمە باشە یان خراپ، تەنیا دەزانم کە دەڵێن ڕێگری لە نەخۆشیگەلێکی وەکوو ئایدز دەکا، هەر بۆیەش دڵخۆشم کە سێ کوڕەکەم خەتەنە کرد”.

ڕەوتی ڕوو لە زیادبووی ڕاپۆرتە ئەرێنییەکان سەبارەت بە خەتەنە‌ و کاریگەرییەکانی خەتەنە لە سەر ڕێگری لە هەندێک نەخۆشی وەکوو شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ وای کردووە هەندێک لە خانمان بە مەبەستی ڕێگری‌کردن لە شێرپەنجەی زۆر باوی مەمک بە سەرچەشن‌گریی لە کاریگەریی خەتەنە‌ لە ڕێگری‌کردن لە شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ لە پیاواندا مەمکەکانیان ببڕن. سەرەڕای ئەمەش هەندێک بە ئاماژەدان بە لایەنە ناپزیشکییەکان ڕەخنەیان لەم بیرۆکە گرتووە و دژی لایەنگرانی ئەم بیرۆکە هەڵوێست دەگرن. بە واتایەکی دیکە، لایەنگرانی خەتەنە بۆ شەرعییەتدان بە خەتەنە‌ لە پاڵ پرسی پزیشکی، ئاراستەی بە پێی تەندروستی بە کار دەهێنن.

سەبارەت بەوەی کە دەوترێ پێستی شوێنی خەتەنە ئەندامێکی زیادەیە کە لابردنی هاوکاریی تەندروستیی مرۆڤ دەکا، دکتۆر ئەکبەر کەرەمی وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەم باسە مشتومڕبزوێنە، دەڵێ:

“سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمە پێستێکی زیادەیە، ئەوە باسێکە. کێ وتی؟ کام زانستی پزیشکی یان کام کتێبی بایەخدار دەڵێ ئەمە پێستێکی زیادەیە؟ زانستی پزیشکی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ شتی وا بڵێ و هەتا ئێستا نەیوتووە و تەنانەت لە مەڕ حاڵەتی ئاپاندیست کە ئێمە پێمان وایە زیادەیە، هەندێ کاردای هەیە. ناتوانین بڵێین زیادەیە. بەڵام تەنانەت لە سۆنگەی گوورانیشەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە لە داهاتوودا تیۆرییەک هەبێ کە بڵێ ئەمە زیادەیە و لە ڕەوتی گووراندا ناوێنێ، من ئەمە قبوڵ دەکەم، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێ کە منداڵان بخەوێنین بۆ نموونە لە ڕابردوودا بە بێ ئەوەی سڕیان بکەن یان ڕێنماییە تەندروستییەکان بپارێزن ئەو جۆرە ئازارانە بە سەریاندا بسەپێنین. دوو لە سەر سێی پیاوانی جیهان خەتەنە نەکراون و دان بە خەتەنە‌دا نانێن و هیچ گرینگی و خاڵێکی ئەرێنی لە خەتەنەدا شک نابەن. ناکرێ ئاوا مامەڵە لەگەڵ بابەتەکاندا بکەین. دەبێ قبووڵی بکەین کە ئەمە پرسێکی مشتومڕبزوێنە و ناتوانین بە زەبر و زەخت خاڵی ئەرێنی بۆ بدۆزینەوە.”

  1. بازرگانیی جوانکاری و مۆد

لە ئەمریکا و ناوچەکانی دیکەی جیهان بە تایبەت ئێران کەسانێک هەن کە بە هۆکاری پزیشکی و تەندروستی منداڵەکانیان خەتەنە دەکەن. باوبوونی خەتەنە بە هۆکاری نائایینی و لەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێ مۆدێرن و پێشکەوتوو بووەتە هۆی ئەوەی زۆر کەس بە بێ گوێدانە دەرەنجامە ئەرێنی یان نەرێنییەکانی خەتەنە بە لاسایی‌کردنەوە لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو ئەمریکا منداڵە نێرەکانیان خەتەنە بکەن. وا دیارە بڵاو‌بوونەوەی خەتەنە‌ لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا دەفرایەتیی بوونە مۆدێکی کۆمەڵایەتی زیاد کردووە. ئەمەش دوای خەتەنە لە لێدوانی بەشێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکەدا بینرا کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە بۆچوونی شارۆمەندانی ئێرانی لە وەڵامی پرسیارناوەی گشتیی ئەم توێژینەوە بکەین کە سەبارەت بە بۆچیەتیی خەتەنەکردنی منداڵەکانیان بوو. لێرەدا خەتەنە وەک مۆدێکی کۆمەڵایەتی کارتێکراوی ئاراستەی کۆمەڵگایەکە کە لە پاڵ ئاراستەی پزیشکیی باڵادەست، شەرعێتی بە خەتەنەکردن لە وڵاتانی پێشکەوتووتر دەدات. ژنێکی ئێرانی تەمەن ٣۴ ساڵان کە لە تورکیا دەژی هەر لەم بارەوە وتی:

“من کارم بە سەر ئەمەوە نییە کە دەڵێن فەرمانێکی ئایینییە یان لە مێژه‌وه باو بووە و ئەمانە، بەڵام بیستوومە لە ڕووی پزیشکییەوە سەلمێنراوە کە خەتەنەکردن تەندروستیی کوڕان دەستەبەر دەکا، ئێستا لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکایی خەریکن پشتڕاستی دەکەنەوە کە خەتەنەکردن زۆر باشە ئەگەر خراپ بایە لە ئەمریکا منداڵانیان خەتەنە نەدەکرد.”

جگە لە مۆدبوونی خەتەنە، هەندێک لە باوەڕدارانی خەتەنە پێیان وایە ئەم کارە ئەندامی زاوزێی پیاو جوانتر دەکا و ئەم باوەڕە لە ڕای گشتیدا بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی پەسەند‌کردنی خەتەنە لە ناو جەماوەری خەڵکدا، لە بەر ئەوەی لە دونیای ئەمڕۆدا جوانی و مۆد تێهەڵکێشی یەک کراون و لێک جیا ناکرێنەوە، خەتەنە لەگەڵ ئەوەی وەک مۆدێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێ، وەک جوان‌کردنی ئەندامی زاوزێ پەرەی بە خەتەنە داوە و بەم شێوە لە لایەن چالاکڤانانی کۆمەڵایەتییەوە پەسەند کراوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە قسەی دوو ژنی بەشداربوو لەم بارەوە بکەین:

“خەتەنە ئەندامی زاوزێی پیاو جوانتر دەکا و ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییە هەوکردنییەکان دەکات “. (ژنێکی تەمەن ٣۵ ساڵ خەڵکی پارێزگای کرماشان)

“لە ڕووی جوانی و تەندروستییەوە ئەندامی زاوزێیان چاکترە و بە گشتی سێکسیان باشترە”. (ژنێکی ئێرانی تەمەن ٣۶ ساڵ، خوێندکار لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا)

  1. 8. هەندێک داپەڕی پێشنیارکراوی کاریگەر

هەندێک لەو داپەڕانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی لە بواری تەندروستی و پزیشکیدا دەتوانن بۆ کەم‌کردنەوە و نەهێشتنی خەتەنە‌‌کردنی منداڵانی نێر بیگرنە بەر بەم شێوەیە:

  1. بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆری پەروەردەیی و بەکارهێنانی توانای میدیای گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەروەردەی گشتی و وشیارکردنەوەی دایک و باوکان و بەرپرسان؛
  2. دەرخستن و تیشک خستنە سەر زیانەکانی خەتەنە‌ بە خستنە ڕووی بەڵگە و لێکەوتەی ئۆبژەییەکانی خەتەنە لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا؛
  3. قۆستنەوەی هێزی کاریگەری بەرهەمە دراماتیکەکان بۆ ڕۆشنگەری و هاندانی سینەماکاران و شانۆکاران بۆ ئەوەی بەرهەمی پەیوەست بەم بابەتە دروست بکەن؛
  4. هاوکاری‌کردنی خەڵک و گرووپە ژێدەرە کۆمەڵایەتییەکان و سوودوەرگرتن لە بنکە کۆمەڵایەتییەکانیان لە پێناو پەروەردەی گشتی؛
  5. وەڕێخستنی هەڵمەتی کۆمەڵایەتی بۆ بەرەنگار‌بوونەوەی خەسارەتە ئەگەرییەکانی سەر منداڵان و نموونەکانی؛
  6. داوا‌کردن لە حکوومەتەکان بۆ هەموار‌کردنەوەی یاساکان یان دەر‌‌کردنی یاسای پاراستنی منداڵان؛
  7. بەکارهێنانی توانای زانکۆکان، مامۆستایانی زانکۆ و پزیشکان و کۆ‌کردنەوەی تاک و گرووپەکانی ناو کۆمەڵگەی پزیشکی و دەروونناسی بەتایبەت دەروونناسانی بواری تەندروستیی خێزان و سێکس‌تراپەکان بۆ گفتوگۆ و دیمانەی مەیدانی لەگەڵ ئەم گرووپە بۆ وەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر و هاندانیان بۆ تەرکیزکردن و تاوتوێی ئاسەوار و لێکەوتەکانی خەتەنە لە ناو پانتای ژیانی هاوسەرێتی و پەیوەندیی سێکسی و خستنە ڕووی لێکەوتەکانی خەتەنە‌ لە زمانی خۆیانەوە لە ناو میدیا گشتیدا؛
  8. دامەزراندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و مەجازی و تەرخان‌‌کردنی هەندێ پەیج بۆ خەتەنە‌ و لێکەوتەکانی؛

9- لە کۆمه‌ڵگاگەلێکی وه‌کوو ئێران کە بە کۆمه‌ڵگا‌یه‌کی ئایینی داده‌نرێن، لە ڕێگه‌ی پەیوەندی و گفتوگۆی هاوبه‌شی نێوان پسپۆڕانی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و حەوزەی عیلمییە ده‌توانین ئەوان بۆ بینینی ڕەهەندە به‌رفراوان و جۆراوجۆره‌کانی خه‌ته‌نه‌‌ بە ئاراستەیەکی ڕه‌خنەکارانەوە دنە بدەین. ڕەنگە بتوانین لە ڕێگەی گۆڕینی تێڕوانینیان بۆ منداڵ و هەڕەتی منداڵی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە سەبارەت بە خەتەنە هەندێک چاکسازی دروست بکەین کە ڕەنگە ئەمە لە فتواکان و دیکەی پانتاکانی گوتاری ئایینیی باڵادەست بە سەر کۆمەڵگا ڕەنگ بداتەوە.

  1. ئاشنا‌بوون بە خەتەنە‌ و ڕەهەندەکانی و ئاراستە لایەنگر یان دژبەرەکانی خەتەنە لە ناو سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی وڵاتی ئێران وەک یەکێک لە دامەزراوە کۆمەڵگاگرە گرینگەکان کە بەرپرسی پەروەردە‌‌کردنی زەینی تاکەکانی کۆمەڵگا وەک چالاکڤانانی کۆمەڵایەتییە، بەو ئامانجەی کە لە درێژەی پرۆسەی کۆمەڵگاگریدا بیر لەم بابەتە گرینگە بکرێتەوە و شیکاریی دروست سەبارەت بە خەتەنە وا بکا کە لە داهاتوودا نیگایەکی نوێ و ڕەخنەگرانە بەم کەسانە کە دایک و باوک و داهاتووسازن ببەخشێ، بە شێوەیەک کە ئەم نیگایە بتوانێ ڕەخنە لەم ئاراستە ئایینییە باڵادەستە بگرێ و دژی هێزەکە بووەستێتەوە؛
  2. بە بەکارهێنانی توانای خۆجێیی و گرووپە ناحکوومییەکان و بەدواداچوون بۆ خەتەنە لە لایەن دامەزراوە فەرمی و حکوومییەکانەوە دەتوانین لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خەتەنە‌ لێک بدەینەوە‌‌ و ئاراستەی ڕەخنەگرانە لە بارەی خەتەنە بەهێز بکەین. بەو پێیەی کە لە پرۆسەی شی‌کردنەوەدا بە پێی وتەی کەسانی بەردیمانە دان بەوەدا نرا کە خەتەنە‌کردن سازکراوێکی کۆمەڵایەتییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێویستە زەینییەتی کۆمەڵایەتی و توانای چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی بە گرینگ سەیر بکرێت.
  3. لە ڕێگەی ڕاهێنانی ڕاهێنەرانی باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان و گواستنەوەی وانەکان لە ڕێگەی ئەوانەوە بۆ منداڵان دەتوانین تێگەیشتنی یاسایی و مافی جەستەی منداڵان بەرەو پێشەوە ببەین. هه‌روه‌ها پەرەپێدانی وشیاری و ڕۆشنگەری لە ناو یاساناسان و پارێزه‌ران سەبارەت بە زیانه‌کانی خه‌ته‌نه‌‌ لە ڕوانگه‌ی پزیشکی و ته‌ندروستییه‌وە بۆ ئەوەی لە بواری هه‌موار‌‌کردنی یاساکاندا پەیوەندی لەگەڵ یاسادانه‌ران ساز بکەن؛
  4. بۆ ئەوەی ڕاوێژ‌ بە دایک و باوکان بدرێ و زەرەر و زیانەکانی ئەنجامدانی خەتەنە‌ بخرێتە ڕوو پێویستە ناوەندی ڕاوێژکاری یان بنکەی زانیاری لە نەخۆشخانەکان و نۆرینگەکانی تایبەت بە خەتەنە بکرێتەوە؛
  5. بە بەشداریی دامەزراوە پزیشکی و ئاینی و یاسایی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و هتد پەرە بە توێژینەوەی گرووپیی مەیدانی لەم بوارەدا بدرێت.
  6. ئەنجامی قسە‌کردن

هەر چەندە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن کەسانێکەوە بڵاو دەکرێنەوە کە خاوەن بڕواناوەی زانستین و ئەم ڕاپۆرتە پزیشکییانە لە دەرچەی دیاریکراوی وەکوو هەندێ وتاری زانستی و توێژینەوەیی لە ناو کۆمەڵگادا بڵاو دەکرێنەوە بەڵام ئەم ڕاپۆرتانە بە شێوەیەکی سەرەکی دەبنە سەرچاوەی ئەو بانگەشانەی کە هەوڵ دەدا ئامانجی بازرگانیی ناوەندەکانی وەکوو کلینیکە پسپۆڕییەکانی خەتەنە‌ بشارێتەوە. ئەم ناوەندانە هەوڵ دەدەن بە بەکارهێنانی زاراوەی زانستیی وەکوو “ناوەندی پسپۆڕیی خەتەنە، خەتەنە‌کردنی بێ‌ئازار، کلینیکی پسپۆڕیی خەتەنە، کلینیکی خەتەنە‌کردنی ساوایان، خەتەنە‌کردنی منداڵان، تێچووی خەتەنە لە کلینیک” خەڵک ڕازی بکەن بۆ ئەوەی منداڵە نێرەکانیان لەم ناوەندانەدا خەتەنە‌ بکەن. ئەم دەستەواژە بانگەشەییانە کە بە گەڕان بە دوای وشەی “خەتەنە” لە گوگڵدا بە دەست دەهێنرێن، جگە لەوەی ئاماژە بە داهات‌داربوونی ئەم کارە دەکەن، باس لەو ڕکابەرییە توندە دەکەن کە لەم بوارەدا بوونی هەیە. زۆربەی کلینیکە پسپۆڕییەکانی خەتەنە لە ماڵپەڕ و ناو لاپەڕە تایبەتەکانی خۆیان بەتایبەت ئینستاگرام هەندێ بابەت لە مەڕ خاڵە ئەرێنییەکانی خەتەنە بابەت دادەنێن و هەوڵ دەدەن ئەو باوەڕە بخەنە ناو مێشکی خەڵکەوە کە لە ناوەندی پسپۆڕیی ئەواندا بە باشترین شێواز و بەڕۆژترین جیاز و دەزگا منداڵان خەتەنە دەکەن، لە ناو لاپەڕە تایبەتەکانی پزیشکان و ئەو نۆرینگانەی کە باس کرا هەندێ بابەت لە مەڕ خاڵە ئەرێنییەکانی خەتەنە وەکوو پێشگری‌کردن لە تووشبوون بە ئایدز و شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ بوونی هەیە بەڵام سەبارەت بە زیان و لێکەوتە خراپەکان زانیاری بڵاو ناکرێتەوە یان کەمتر باسیان لێ دەکرێت. ئەمەش پێوەندیی کەرتی پزیشکی لەگەڵ مافیای ئابووریی بانگەشە و گوتارە زاڵەکانی سەر پیشەسازیی فەرهەنگی / ئایینییەکان نیشان دەدا و ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گوتاری پزیشکی لە ژێر کاریگەریی پێکهاتە ئایدیۆلۆژییەکانی دەسەڵاتە و بە هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ ئەوان کارداکانی ڕێک دەخات. بە واتایەک لە کاردای نۆرینگە چالاکەکانی بواری خەتەنە نموونەی پەیوەندیی زانست لەگەڵ دەسەڵات بەدی دەکەین.

بانگەشەیەکی بەرفراوان سەبارەت بە ئەنجامە ئەرێنییەکانی خەتەنە‌ لە ڕووی تەندروستی و پزیشکییەوە لە زۆر شوێنی جیهاندا وای کردووە کە ڕێگەی ئاگادار‌کردنەوە لە لێکەوتە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی خەتەنە قەپات بێ و ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەتەنە‌کردن تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی کەسی خەتەنەکراو. ئەزموونی بەشداربووانی ئەم توێژینەوە تەنیا لە سوودەکانی ئەم کارەدا سنووردار نابێتەوە و لە زۆر حاڵەتدا بەشداربووان باسیان لەو زیانانە کردووە کە بە هۆی خەتەنەی خۆیان یان منداڵەکانیان بووە. کەم‌کردنەوەی چێژی سێکسی، خەسارەتە جەستەییەکان، منداڵ‌ئازاری و توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان، خەسارەتە دەروونییەکان، تراما دەروونییەکان، پێشێل‌‌کردنی مافی منداڵان لەو خەسارەتانەن کە لە دیمانە لەگەڵ بەشداربووانی توێژینەوەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.

وا دیارە لە دنیای مۆدێرنی ئابووریی سەرمایەداریدا ڕوانگەی ئامرازانە بۆ منداڵان لە پانتای میدیاییدا زۆر تۆخە و بەشێکی گرینگی ئەم ڕوانگە، زەینییەتی دایک و باوکە کە گرووپێکی گرینگی بەردەنگەکانن، بەڵام ئاراستەی پشتبەستوو بە ڕێزگرتن لە مافی منداڵەکان بۆ جەستەی خۆیان کەمترە. دەسەڵاتی گوتاری ئایینی کە ئاماژە بە شەرعی‌بوونی خەتەنە‌ دەکا، لە پاڵ شەرعییەتدان بەم گوتارە لە ڕێگەی هەر دوو گوتاری پزیشکی و یاساییەوە، لە ڕێگەی ئەو ڕێسایانەی کە ڕێکی دەخەن، بووەتە هۆی ئەوەی دایک و باوک، ئەنجامدانی خەتەنە کە بە پێی ڕێککەوتنناوە نێودەوڵەتییەکان بە جۆرێک لە دەستکاری‌‌کردنی جەستە و پێشێل‌‌کردنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێ، بە تاوانبار نەزانرێن. لە ڕاستیدا لەم بابەتەدا دایک و باوک وەک گەورەساڵانێک کە خاوەنی جەستەی منداڵەکانیانن و پێویستە چاکەی منداڵەکانیان وەک ‌بوونەوەرانێکی نەزان و بێ‌دەرەتان دیاری بکەن و بە هۆی ئەوەی یاسای شەرع شەرعییەتیان پێ دەبەخشێ بە خاوەن دەسەڵات و شیاو دادەنرێن. هەر بۆیە دژایەتی‌کردنی خەتەنە لە ڕێگەی بە ئاسایی‌پیشاندانی ئەم کارە وای کردووە کە خەتەنە بۆ دایک و باوک ببێتە بابەتێکی سەلیقەیی و دەڵێی ڕوانینێکی پرسدارانە بۆ ئەم بابەتە دروست نەبووە. بژاردەی دایک و باوک لەم بابەتە گرینگەدا لە کۆمەڵگای ئێراندا بە توندی لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگ و ئەخلاقدایە کە فەرهەنگ و ئەخلاق خۆیان سازکراوی گوتاری ئایینیی باڵادەست بە سەر کۆمەلگان، واتە خەتەنە‌کردن کارێکی ڕەوا و سروشتییە.

سەبارەت بە نووسەر

کامیل ئەحمەدی، توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوە و خاوەن بڕواناوەی ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا هه یه و براوەی خەڵاتی «ناوووس» لە زانکۆی یاسای لەندەن لە بنیاتی ماف (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی»ـی بنیاتی جیهانیی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵانه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی لەژێر ئەم ناوانە چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب‌و‌نەریتی مێزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران) کە لە لایەن Uncut Voices Press-Oxford و چاپخانەی شیرازە چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  بڵاو بۆتەوە؛

ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە/ هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران) کە دەقە فارسییەکەی لە لایەن چاپخانەی شیرازە بڵاو بۆتەوە و چاپخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کردووە؛

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران)؛

– توێژینەوەیەکی دیکە بە ناوی تاڵانی منداڵی کە لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان ئەنجام درا کە بابەتی زبڵگەڕیی منداڵانی لە تاران تاوتوێ کردووە و لە ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسیی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران) کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

– توێژینەوەیەکی ناوبراو لەژێر ناوی لە سنوورەوە هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران) کە 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان  که لە لەندەن چاپ کرا.

 توێژینەوەکان لە ماڵپەڕی خۆی دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com/kurdi

سەرچاوە

ئەحمەدی ، کامیل (1394ی هەتاوی)، بە ناو نەریت: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران، چاپخانەی شیرازە و چاپەمەنیی ئاڤای بووف.

ئەحمەدی ، کامیل (1396ی هەتاوی)، گوومانی ڕوو له گۆڕانی خەتەنە / شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان لە ئێران (ڕاپۆرتی ناوخۆی ئێران سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران). دانیمارک: چاپەمەنیی ئاڤای بووف، فایلی ئەلیکتڕۆنیکی.

اربابی، امیرهوشنگ (1379). ختنۀ نوزادان با پلاستیبِل، مزایا و عوارض آن: بررسی هفت‌ساله در زایشگاه شهید اکبر آبادی تهران. مجله عبوم پزشکی رازی (دانشگاه علوم پزشکی ئێران)، 7 (21)، ص 165‑170.

اسماعیلی، محمد و احمدنیا،حسن (1384). بررسی تأثیر ختنه درپیشگیری از عفونت ادراری در پسران کمتر از 6 سال. مجله دانشکده پزشکی دانشگاه علوم پزشکی مشهد، 48 (90)، ص 417‑424.

اکرلاف، جرج و کرانتون، راشل (1395). اقتصاد هویت. ترجمۀ مهدی فیضی. تهران: نگاه معاصر.

تقی‌زاده،‏‏ هانیه (1398). مشکلات ارتباطی شامل چه مواردی می‌شود. دانشگاه علوم پزشکی و خدمات بهداشتی درمانی تبریز، کد 155.

خاکرند، شکراله و کریمی، زینب. (1398).مقالۀ مروری: نقش دلاک‏‏ها و سلمانی‏‏ها در عرصه بهداشت و خدمات درمانی دوره قاجار. مجله تاریخ پرشکی، 39، ص 74‑87.

خداتهمینه، فرج؛ ئێرانی‌فر، الناز؛ جوانبخت، مریم؛ عباسی، محمود و بکایی، مهشید (1390). بررسی پیامدهای اخلاقی، ابعاد حقوقی و راهکارهای ریشه کنی ختنۀ زنان. اخلاق پزشکی، 5 (18)، ص 55‑71.

رایگان، نیلوفر؛ شعیری، محمدرضا و اصغری مقدم، محمدعلی (1385، آبان). بررسی اثربخشی درمان شناختی رفتاری مبتنی بر الگوی هشت‌مرحله‌ای کش بر تصویر بدنی منفی دختران دانشجو. مجله دانشور رفتار، 19، ص 11‑22.

سانسون (1346). سفرناوه سانسون: وضع کشور شاهنشاهی ئێران در زمان شاه سلیمان صفوی. ترجمۀ تقی تفضلی. تهران: ابن‌سینا.

سیمبر، معصومه؛ عبدی، فاطمه؛ ظاهری، فرزانه؛ مختاری، پوران؛ دادخواه تهرانی، تهمینه و شاهوی، روناک (1393)، پیامدهای ختنه در زنان، مروری بر مطالعات موجود، مجله حکیم سید اسماعیل جرجانی، 2 (1)، صفحات ۱-۱۰ .

فروید، زیگموند (1348). موسی و یکتاپرستی. ترجمۀ قاسم خاتمی. تهران: جامی.

لانگلی، گیلیان و تی‌تی‌دژ، رایکا (1395). نگاهی به آناتومی ‏‏‏پیش‌پوست و جنبه‏‏های کارکردی، تکوینی، و بهداشتی آن. قم: مؤسسه فرهنگی و اطلاع‌رسانی تبیان.

موسوی، سید ابوالفضل؛ پورحسین، رضا؛ زارع مقدم، علی؛ موسویان حجازی، سید احمد و گمناو، اعظم (1395). تصویر بدن در ڕوانگه‏‏ها و مکاتب روان‌شناسی. مجله رویش روان‌شناسی، 5 (2)، شمارۀ پیاپی 15، ص 209‑266.

NOCIRC,2002

Psychology Today (2015), Circumcision’s Psychological Damage, Find it:

https://www.psychologytoday.com/gb/blog/moral-landscapes/201501/circumcision-s-psychological-damage

(Date of access: 07/11/2020)

Goldman, Ronald (2016). Circumcision: The Hidden Trauma, Jewish Circumcision.

Markus, H. (1977). Self schemata and processing in formation about the self. Journal of personality social psychology, 35 (2), pp. 63‑78.

Morris, B. J.; Wamai, R.G.; Henebeng, E. B. & et al. (2016). Estimation of country-specific and global prevalence of male circumcision. Popul Health Metrics, 14 (4). https://doi.org/10.1186/s12963-016-0073-5.

Sahin F.; Beyazova U. & Aktürk A. (2003). Attitudes and practices regarding circumcision in Turkey. Child Care Health Dev., 29 (4), pp. 275‑280.

Medical approaches to the continuation of male circumcision

(Economic functions of continuing the practice of male circumcision)

 

Kameel Ahmady

Abstract

In most of the societies of the world, the responsible institutions such as the Ministry of Health and the medical community are obliged to publish the complete and up-to-date information about circumcision in the world, and it has gone out of the mode of one-sided promotion and promotion of this work and different world views and criticisms that have been made on this practice. to be available to the public. In this way, it is mandatory to determine thematic protocols and comprehensive guidelines for performing any operation on children, including circumcision, taking into account all legal and health aspects, so that the rights of the child are also taken into account when performing any operation. Compared to Iran, considerable efforts have been made at the global and regional levels to raise awareness among people during the last decade, and now a large number of perpetrators of circumcision have risen to oppose it, as a result, the tradition of circumcision is practiced in many countries. has been decreasing.

An effective factor in this process has been the openness of these communities in the discussion of circumcision and their freedom in the media, print materials and electronic media. Therefore, with the aim of enlightening and creating awareness in the field of male circumcision, this article tried to understand the scientific approaches in the field of health and medicine dominated by commercial and economic interests. The health and medical functions of circumcision have addressed the role of this practice in preventing cases such as AIDS, penile cancer, and urinary infections. In explaining the economic functions of circumcision as a job, as well as the commercial reasons for the continuation of circumcision in cases such as the prevalence of cosmetic surgery and popular media advertising fashions, and finally, a part of the discussion was devoted to examining the negative functions and psychological damages affected by circumcision. . The research method used in this study was the use of documentary and library studies and the use of field research with a qualitative approach, which was used to evaluate the experiences of the participants based on targeted interviews among a number of circumcised Iranians living inside and outside of country and also interviews with some experts and scientific experts were discussed.

 دابەزاندن PDFی وتار