پوختەی لە سنوورەوە هەتا سنوور

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

وتەیەک لەگەڵ خوێنەر

ئەم بەرهەمە کورتە و پوختەی توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی (ethnicity) لە سەر تەوەری ئاشتییە کە لە سەر ئاستی سێزدە پارێزگای ئێران بە ڕوانینێکی خەڵک‌ناسانە ئەنجام دراوە و بەرگە تەواوەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا دەخرێتە بەر دیدەی هۆگران. من هەمیشە هۆگری خوێندنەوەی شوناس و ئێتنیکایەتی بووم و ئەم هۆگرییە زیاتر بە هۆی کوردبوونمەوە بووه. زۆرێک لە ڕوانگه، وتە و بیستراوە ئێتنیکییەکان و بیرەوەرییەکانی جەنگ بەشێک لە ئەزموونە ژیاوەکانی من لە تافی منداڵیدا پێک دێنێت. من لە ناوچەیەکی نە زۆر دوور لە شارە سنوورییەکان و نزیک لە وڵاتی عێراق و بە مەودایەکی کەم لە سنووری تورکیا ژیاوم و گەورە بووم و ڕەنگە باشتر و ڕوونتر لە شوناس و ئێتنیکایەتی تێگەشتبێتم. هۆکارێکی تری هۆگربوونم بە توێژینەوە سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی لێکۆڵینەوە و کارە توێژینەوەییەکانم لە وڵاتانی دیکە و زیاتر لە وڵاتی ئێران و کۆمەڵگە گوندی و بێبەشەکانی؛ ئەم توێژینەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ منی گرێ دەداوە بەو ئێتنیکانەی وا لە ناوچە بەشخوراو و بێبەش لە پێشکەوتن دەژین و ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و پەیوەندییە بووە هۆی ئەوەی ڕەهەند و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێتنیکەکان بناسم.

هۆکاری سێیەمی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی ئەوە بوو کە ئەم ئێتنیکانە یەکتر و هەروەها ئەو لاوازی و کەمایەسییانە بناسن کە لە دێرزەمانەوە لە سیاسەتە ناوەندتەوەرەکانەوە بوونی هەبووە و دەبێتە هۆی دابەشبوونی نادادپەروەرانەی سامان و دەسەڵات لە ناوچە جۆراوجۆرەکان و بابەتی گرینگ و داخراوی ناوەند – دەوروبەر. هۆکارێکی گرنگی دیکە دەور و گرنگیی ئاشتی لە جوگرافیا و مێژووی ئێران بەتایبەت لە قۆناغی هەستیاری  ئێستایە کە هانی دام توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی بە تەوەرایەتی ئاشتی ئەنجام بدەم. ئەم توێژینەوە کە کارە توێژینەوەییەکەی زیاتر لە سەر کەسانی چینی پسپۆڕ و بلیمەتی ئەم گرووپانە و بە ڕێژەیەکی کەمتر لە سەر گرووپی کەسانی ئاسایی و خەڵکی کووچە و بازاڕ دەستی پێکرد، لە پلەی یەکەمدا خولیای وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بوو کە ئێتنیکەکان چە تێگەیشتنێکیان لە خۆیان و لە شووناسەکانی ئەویتری کە لەگەڵیان دووفاقیسازی دەکا، هەیە و لە پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵگای ئەوڕۆی ئێراندا خۆیان لە کوێدا دەبیننەوە و ڕا و بۆچوونیان سەبارەت بە یەکگرتوویی، بەشداریی سیاسی، زمانی زکماکی و ناوەند – دەوروبەر چییه.

دیاردەی بە ئێتنیکی‌بوون و بێچمگرتنی شوناسەکان و وردەکەلتوورەکانی نزمتر لە شوناسی نەتەوەیی لە سەردەمی هاوچەرخدا گرنگییەکی دووقاتی هەیە و فاکتەرگەلی وەکوو دابەشکردنی وڵاتەکان بە پێی حکوومەتی نەتەوەیی، نایەکسانی و بێبەشییەکان، ئایدۆلۆژیاکان، و کلۆنیاڵ دەورێکی گرنگیان لە بە ئێتنیکی‌بوونی کۆمەڵگاکاندا بووه. زۆرێک لە خاوەن‌بیرە جیهانییەکان پێشبینییان دەکرد کە پاش ساڵانی جەنگی جیهانیی دووهەم و لە دوای درێژەدان بە بەرناوە کەڵانەکان و لێکچوواندنی پێکهاتەیی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و سەردەمی جیهانگیری و هەروەها لەگەڵ گەشەی شارنشینی و خوێندن، ئاسانبوونی هاتوچۆ بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکان و پانتای ڕاگەیاندن کە بۆتە هۆی بچووکتربوونەوەی قەڵەمڕەوی زمانی و شوێنی، هۆگرییە ئێتنیکییەکان لاواز دەبن و گەنجی خوێندەواری ئەوڕۆیی ئەوەندە گیرۆدەی ئەم بابەتە نابێ، بەڵام ڕەوتی سەربەخۆیی‌ لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەت و لە کۆلۆنیاڵەکانی بریتانیا و درێژەی پرۆسەی شوناس‌خوازیی ئێتنیکی لە ناو دڵی ئەوڕووپا و وڵاتانی پێشکەوتوو و دەیان حاڵەتی دیکە گوزارشتە لەوەی کە سەرەڕای ئەم ڕوانگانه، لە دنیادا ئەم هۆگرییە ئێتنیکییانە هێشتا زیندوون. ئەم حاڵەتانە پیشان دەدەن ڕەوتی شوناس‌دۆزیی ئێتنیکی نابێ تایبەت بە جیهانی سێیەم و وڵاتانی پێشنەکەوتوو بزانین.

گرنگیی بابەتی ئێتنیکەکان بۆ ئێران کە وڵاتێکە بە فرەڕەنگیی ئێتنیکی زۆرەوه، لە چاو وڵاتانی دیکه، سەد قاتە و لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا، هۆگریی ئێتنیکی لە ناو ئێتنیکە ئێرانییەکاندا بە توندی و لاوازییەکی جیاوازەوە بوونی بووه. ئەگەرچی هەندێ لە ئێتنیکەکان لە ئێراندا خۆیان لە پێگەی نەتەوەیەکی سەربەخۆ دەزانن. شایەنی ئاماژەیە بەر لە دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران، جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئێتنیکەکان هەر وا ئاسان نەبوو، چوونکە سەرۆک ئێتنیک و هۆزەکان لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتدا بەشدار بوون و دەوڵەت و ئێتنیکە ئێرانییەکان بە یەکتر وابەستە بوون و ڕژیمێکی یەکگرتوویان پێک دەهێنا کە ناوی شوناسی ئێرانی بوو. دەوڵەت بۆ ئامادەکردنی سوپا و وەرگرتنی باج و دەستەبەریی ئاسایشی سنوورەکان پشتی بە گرووپە ئێتنیکییەکان دەبەست و گرووپە ئێتنیکییەکانیش لە دەسەڵاتدا بەشدار بوون و لێی سوودمەند دەبوون و ئەگەر هاوسەنگیی ئەم دووانە تێکچووبا، دیسان ئەم هاوسەنگییە ساز دەبووەوه.

ئەم بارودۆخه، بەتایبەت لە سەدەی ڕابردوودا و لە بڕگە مێژووییەکانی وەکوو شۆڕشی مەشرووته، جەنگی جیهانیی یەکەم و دووهەم، دەرکرانی ڕەزاشا و هاتنە سەر کاری پەهلەویی دووهەم و هەروەها سەرکەوتنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەندێ لە ناوچە پەراوێزەکانی ئێران دەرکەوت، بەڵام بە دەسەڵاتدۆزیی هێزە ناوەندییەکان دەتوانین بڵێین کە تەمەنی ئەم ڕێکخراوە سیاسی – ئیدارییە خۆجێییە خۆبەڕێوەبەرانە کورت بوو.

تاوتوێی پێشینەی مێژوویی ئێتنیکەکان لە ئێران پیشان دەدا کە گرووپە ئێتنیکییەکان لە یاسا جیاکارییەکان بەتایبەت لە بواری زمان. ئایین و مافە مەدەنییەکانیان بێزار بوون. لە شۆڕشی مەشرووته، مافی ئەم گرووپانە ڕەچاو نەکرا و لە سەردەمی پەهلەویش چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژناوه، گۆڤار و کتێبی زمانە ئێتنیکییەکان بە توندی قەدەغە دەکرا. لە ئێستادا دەتوانین هۆکاری سەرەکی و ڕیشەیی ئەم ناڕەزایەتییانە ببەینەوە بۆ هەستی نایەکسانییە سیاسی، ئابووری، کەلتووری، زمانی، ئایینییەکان و … ـی ئێتنیکەکان و لە کاتی هەڵسەنگاندنی خۆیان گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکە و بەتایبەت فارس‌زمانەکان. لە بواری سیاسیدا، کورد، تورک، عەرەب و بەلووچەکان لەو باوەڕەدان کە لە پێکهاتەی سیاسیی وڵات پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە و لە پۆستە سەرەکییە پلە باڵاکانی وڵات، هیچ بەرپرسێک سەر بە گرووپی ئێتنیکیی ئەوانی تێدا نییه.

لە بواری ئابووری، ناوچە پەراوێزەکان ئێمکانیاتی پێویستیان نییە و  ئەم باوەڕە هەیە کە بەشی سەرەکیی ئیمکانیاتی وڵات لە ناوچە ناوەندنشینەکاندا چڕ بۆتەوه. لە بەشی کەلتووری، ئێتنیکە توێژینەوە لە سەرکراوەکان لەو بۆچوونەدان کە لە بەڕێوەبردنی مێهرەجان و کۆڕبەندە ناوچەییەکان، ڕێوڕەسم و داب و نەریتە خۆجێییەکانیان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و میدیا نیشتمانی و خۆجێییەکان بە شێوەی ئەوتۆ کەلتووری ئەوان پیشان نادا و لە خزمەت کەلتووری خۆماڵیدا نین و لە بەشی پەروەردە و ڕاهێنان، هیچ کتێبێکی وانەیی بە زمانی دایکی بوونی نییە و منداڵانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و هتد ناچارن بە زمانی دووهەم لە قوتابخانەکانی وڵاتدا بخوێنن. لە ڕووی ئایینزاییەوە زۆربەی بەلووچەکان و هەروەها بەشێک لە کوردەکان، هۆگری ئایینزایەکی جیاواز لە ئایینزای فەرمیی وڵاتن و لەو بۆچوونەدان کە ڕوانینی ئایدۆلۆژییانەی بەرپرسان وای کردووە کە لە ڕەهەندە سیاسی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە ستەمیان لێ بکرێت.

ئەم بابەتانەی کە باس کرا تەنیا پیشاندەری بەشێک لە داخوازیی گرووپە ئێتنیکییەکان لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە ساڵانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە. داخوازیگەلێک کە هەمیشە ڕووبەڕووی ڕوانینی ئەمنییەتی بۆتەوە و بە تێکدەری یەکپارچەیی و سازانی نیشتمانی زانراوە و ئەم داخوازییانە بە شێوەی بەرەنگارانە، زەبر و تونداژۆیانە بەرپەرچی دراوەتەوە. لە ئەنجامدا ئەمە بۆتە هۆی ڕفتاری تونداژۆیانەی نێوان ناوەند و گرووپە ئێتنیکییەکان کە زەبرێکی قەرەبوونەکراوی لە یەکێتی و یەکپارچەیی نەتەوەیی داوە.

بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ئێتنیکایەتی و نەتەوایەتی وەک یەکێک لە جۆرەکانی شوناسی کۆمەڵایەتیی مۆدێڕن دێنە هەژمار و لە لایەکی دیکەشەوە لە سەدەی نۆزدەهەم، ئێتنیک بەو گرووپی کەسانە دەوترا کە لە دەرەوەی پۆلیسی سەرمایەداریدا دەژین و لە سەدەی بیستەمدا ئەم چەمکە بۆ ئەو گرووپی خەڵکانە بە کار دەهێنرا کە زمان و وڵات و مێژووی هاوبەشیان هەبوو کە یەکەم لە ژێر وشەی نەتەوە پێناسە دەکران و دووهەم لانیکەم زمان یان تەنانەت قەڵەمڕەوێکی  جیایان لە نەتەوە هەبوو و لە دژایەتی و ڕکابەری لەگەڵ نەتەوە هەستان بە دروستکردنی مێژووی خۆیان، لێکچوواندنی فرەڕەنگیی زمانیی خۆیان و دیاریکردنی قەڵەمڕەوی خۆیان و لە لایەکی دیکەشەوە نەتەوایەتی دەرخەری شوناسێکە کە درێژە و پێشینەی مێژوویەکە کە گوزارشت لە کۆمەڵێ ئینتما و ئەرکی کۆمەڵێ خەڵکە کە سەر بە شوێنێکی جوگرافیایی تایبەتن، خەڵکانێک کە پێکەوە بڕیار دەدەن، کار دەکەن و دەگەنە ئەنجامێک، کەواتە لە ئێستادا، سەبارەت بەم بابەتە لە ناو حیزبە سیاسییەکان، ئەکتیڤەکان و چالاکڤانانی مەدەنیدا دوو ڕوانگە و شیکاریی جیاواز بەدی دەکرێت.

هەروەها بە پێی ئەو ئاڵۆزییانەی کە هەڵگری بە کارهێنانی شوناسی ئێتنیکی و شوناسی نەتەوەییە و ئاگاداربوون لەوەی کە لە ناو هەندێ لە کەمینەکانی دانیشتووی وڵاتی ئێران، پێداگرییەکی زۆر لە سەر بە کارهێنانی وشەی “نەتەوه” لە بری “ئێتنیک” دەکرێ، ئەم لێکۆڵینەوە لە بە کارهێنانی وشەی “ئێتنیک” مەبەستی نزمکردنەوەی مانا و چەمک نییە و بەو پێیەی کە ئەم لێکۆڵینەوە ڕۆحی زانست ڕەچاو دەکا و بە نیاز نییە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەدا بەها تاکایەتییەکانی خۆی ئاوێتە بکا، نووسەر بە تاوتوێی ئەم ڕوانگانە لە بەشی تیۆریی توێژینەوه، بە ئاستێک لە ناسینی پێویست و ورد گەیشتووە و وێڕای ڕێز بۆ هەر دوو ڕوانگە باوەکە، ئەم توێژینەوە لە سەر ڕوانگەیەکی خەڵکناسانە و ئێتنۆگڕافانە بێچمی گرتووە و توێژەر لە هەموو بەشەکانی ئەم توێژینەوەدا، کەڵکی لە هەر دوو وشەی ئێتنیک و نەتەوە گرتووە و ڕوانگەی بێ‌لایەنانەی خۆی پاراستووە و بە دوور لە دەمارگرژی پرسی شوناس و ئێتنیکایەتی تاوتوێ کردووه.

وەک ئاماژەی پێدرا، ئەم توێژینەوە هەڵوەدای وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیه:

– ئێتنیکەکان چ تێگەیشتنێکیان لە خۆیان و لە شوناسەکانی دیکە هەیە کە لەگەڵیان دووفاقیسازی دەکات؟

– لە پێکهاتەی سیاسی، ئابووری، و کۆمەڵگای ئێستای ئێراندا خۆیان لە کوێدا دەبیننەوه؟

– بۆچوونیان سەبارەت بە یەکگرتوویی، بەشداریی سیاسی، زمانی دایکی و ناوەند – پەراوێز چییه؟

– ئایا پانتای هزری و کردەیی بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی زێدەتر لە ناو ئێتنیکەکاندا بوونی هەیه؟

و بۆچییەتی ئەم بابەتانەی لێکداوەتەوە و بۆ گەیشتن بە وڵام، شێوازی زانستی و ئەنجامدانی دیمانەی لەگەڵ کەسانی هەڵکەوتە و بلیمەت و لە سەر ئاستی جەماوەری و خەڵکانی ئاسایی بۆ ئەم توێژینەوە بە کار هێنا کە ئەنجامە وەدەستهاتووەکان وێڕای پیشاندانی داخوازییە هەنووکەییەکانی هەر کام لە گرووپە ئێتنیکییە توێژینەوە لە سەر کراوەکان دەتوانێ بە شێوازێکی ئاشتییانە لە پێناو چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان هاوکاریی بڕیاردەران بکا و هەروەها یارمەتی تەبایی و یەکپارچەیی نیشتمانی و نەتەوەیی بدات.

پێویستە ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە و لە ماوەی قۆناغەکانی توێژینەوەدا پشتیوانیان لێکردم،

دەستخۆشی خۆم ئاراستە بکەم. سپاسی ئەندامانی بنەماڵەکەم دەکەم کە هیچکات پشتیوانی خۆیان لە من درێغ نەکرد و لە هەموو قۆناغە دژوارەکانی ئەم کارەدا لەگەڵم بوون و هەروەها سەری ڕێز نەوی دەکەم بۆ ئەو دۆست و هاوڕێ نزیکانەی کە لەم پرۆسە توێژینەوەییەدا هانیان دام. سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کۆ بوونەوە و گێڕانەوەکانی ئەم کارەیان کۆ کردەوە و ئینجا شرۆڤەیان کرد بۆ ئەوەی ڕاپۆڕتێکی گشتگیر وەدەست بهێنرێت. سپاسی تایبەتیم هەیە بۆ یاریدەدەران و هاوکارەکانم خاتوو ڕۆزا هیممەتی و بەڕێز محەمەد (جەماڵ) حسێنی کە لە قۆناغەکانی توێژینەوەدا لەگەڵم بوون و لە کۆکردنەوەی بابەت و سەرچاوە و شیکارییەکاندا یارمەتییان دام. خاتوو ساناز تەبەری بۆ پێداچوونەوەی بابەتەکان و زیادکردنی هەندێ گێڕانەوە سپاسی دەکەم. زۆر کەس و ناوەند بۆ تەواوکردنی ئەم توێژینەوە هاوکارییان نواند. ئەم توێژینەوە بەتایبەت بەشە مەیدانییەکەی، تەنیا بە سەفەرە وەدۆزینەوکان، ڕاهێنانی مەیدانی، پشتیوانی و هاریکاریی ئەوان هاتە دی. لەم بوارەدا، سپاسی هەر کام لەم بەڕێزانە دەکەم: ڕۆزا هیممەتی، ساناز تەبەری، دکتۆر هاوڕێ سورخابی، کوردستان شاهمرادی، مۆحسین مەعڕووفی و دکتۆر موسلیم نازمی بۆ ڕاوێژ و چاودێری بە سەر ڕەوتی شیکارییەکاندا.

دەستی ماندووبوونی بەڕێز سەید محەمەد (جەماڵ) حسێنی و بەڕێز موحسین مەعڕووفی دەگووشم بۆ ئەوەی شیکاریی چەندایەتییەکانی توێژینەوەیان ئەنجام دا و بۆ هەڵێنجاندنی داتا مەیدانییەکان و ڕێکوپێک کردنی خشتە و چارتەکان هاوکارییان نواند. سپاسی خاتوو مەرزییە نکووکار دەکەم کە ئەرکی پێداهەڵچوونەوە و وردوبەینییان بەتایبەت لە پێداچوونەوەی ناوەڕۆکیی ئەم بەرهەمەیان گرتە ئەستۆ. سپاسی تایبەتیم هەیە بۆ بەڕێز دکتۆر حەسەن ڕەشیدی کە بە دەقی کۆتایی کتێبەکدا چوونەوە و بە ڕاوێژ و هۆشداریی سەبارەت بە ڕاستکردنەوە پێویستەکان بوونە هۆی ئەوەی ئەم بەرهەمە یەکدەستتر و وردتر بێت. سپاسی خاتوو شەفەق ڕەحمانی دەکەم کە ئەرکی پێداهەڵچوونەوەی ئەدەبیاتی تیۆریی دەقەکەیان گرتە ئەستۆ. دەستخۆشی و سپاسێکی یەکجار زۆرم بۆ پڕۆفیسۆر عەباس وەلی هەیە کە سەبارەت بە دەق و سەرچەشنی سەرەتایی ئەم کتێبە تەگبیر و ڕاوێژم لەگەڵ کرد.

خۆم بە قەرزداری پشتیوانی، میوانگری، ڕا و بۆچوونە هزرمەندانە و پێشنیارەکانی دۆستان و هاوکارانم لە سێزدە پارێزگا و شارەکانی تاران، ئیسفەهان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، زەنجان، ئەردەبێل، کوردستان، کرماشان، ئیلام، خوزستان، بووشێر، سیمنان و سیستان و بەلووچستان دەزانم؛ چاوی ئەو خۆشەویستانە ماچ دەکەم کە بۆ وەرگرتنی دیمانە بووم بە میوانیان و زۆر کەسی دیکە کە لە هاوئاهەنگی و پەیوەندییە مەیدانییەکاندا هاوکارییان کردم بۆ ئەوەی قۆناغەکانی ئەم توێژینەوە ئاسان ببێتەوە کە بە هۆی ئەوەی ژمارەیان زۆرە ناتوانم ناویان بێنم و هەروەها دەستخۆشیم هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە نەیانویست لەم بەرهەمەدا ناویان بهێنرێت. هەروەها سەری ڕێز نەوی دەکەم بۆ زانایانی ئایینی، ناوەندە ئایینییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کە لەم لێکۆڵینەوەدا هاوکارییان نواند. بەتایبەتی پێزانینی خۆم ئاراستەی کەسانی دیمانە لەگەڵکراو و بنەماڵەکانیان، بۆ وێنە کەسانی بەرپرس لە ئیدارە و ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و زانکۆ جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری وڵات، زانکۆی ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور (کە زانکۆی ئەلزەهرا یەکیانه) و زانکۆی تەورێز دەکەم، چوونکە بۆ تەواوکردنی ئەم بەرهەمە ئێمەیان لە زانست و زانیاریەکانیان بێبەش نەکرد.

پێشوتار

لە تایبەتمەندییەکانی دنیای نوێ، ڕزگاربوونی مرۆڤ لە کۆت و بەندە سنووردارەکانی نەریتە کە بە پێی ئەوه، لە جیاتی ئەوەی مرۆڤەکان دەروەست و پابەند بە قبووڵکردنی گریمانەکان، بەهاکان، بنەما و نۆڕمە نەریتییەکانی باب و باپیرانیان بن، خۆیان بە شێوەی سەربەخۆ ئەمانە پێناسە و سەر لەنوێ پێناسە دەکەنەوه. چەمکی شوناس و ئەوەی کە تاکەکان لە کام گرووپدا بن، یەکێک لەو چەمکانەیە کە لە دنیای ئەوڕۆدا تاکەکان بە شێوەی سەربەخۆ دەیانهەوێ وەدەستی بێنن. هەڵبەت زۆرێک لە خاوەن تیۆرییەکان پێش‌بینییان دەکرد کە پاش ساڵانی جەنگی جیهانیی دووهەم و لە دوای گرتنەبەری بەرناوەی کەلان و یەکدەستی پێکهاتەیی لە سەر ئاستی نەتەوەکان و سەردەمی جیهانگیری و هەروەها لەگەڵ گەشەی شارنشینی و خوێندەواری، ئاسانتربوونی هاتووچۆ بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکان و پانتای میدیایی کە بۆتە هۆی بچووکتربوونی قەڵەمڕەوی کاتی و شوێنی، هۆگرییە ئێتنیکییەکان لاواز دەبنەوە و گەنجی خوێندکاری ئەوڕۆیی ئەوەندە دەروەستی ئەم بابەتە نابێ؛ بەڵام ڕەوتی سەربەخۆیی لە کۆمارییەکانی سۆڤییەتی پێشوو و کۆلۆنیاڵەکانی بریتانیا و بەردەوامبوونی ڕەوتی شوناسخوازیی ئێتنیکی لە ناو دڵی ئورووپا و وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو بریتانیا (سکۆتلەند، ئیرلەندی باکووری، وێڵز)، ئیسپانیا (کاتالۆنیا، باسک)، ئیتالیا (باکوور و باشووری ئیتالیا و ڤێنتۆ لە ڤێنیز)، پۆڵندا (سیلسیای خواروو)، سوویسڕا (ژۆرا)، بەلژیکا (فلاندێری باکووری)، فەڕەنسە (بریتانی)، قوبرس (بەشی تورک‌نشینی باکووری قوبرس) و دەیان حاڵەتی تر کە گوزارشتە لەوەی کە بە پێچەوانەی هەموو ڕوانگەکان لە دنیای مۆدێڕندا هۆگریی ئێتنیکی زیندووە.

لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا، هۆگریی ئێتنیکی لە ناو ئێتنیکە ئێرانییەکانیشدا بە زۆری و کەمیی جۆراوجۆرەوە خۆی پیشان داوه؛ لە ساڵە سەرەتاییەکانی حکوومەتی محەمەدڕەزا شا لە ئازەربایجان تاقمی دیموکڕات توانی نزیکەی ساڵێک سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ و ئیدارەی هەندێ لە ناوچەکانی ئازەربایجان بگرێتە دەست. لە هەمان کات و لە کوردستانیشدا حیزبی دیموکڕاتی کوردستان توانی کۆنتڕۆڵی هەندێ لە شارە کوردنشینەکان بگرێتە دەست. لە ساڵانی پاش شۆڕشی کۆماری ئیسلامیش زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان گیرۆدەی جەنگگەلێک هاوپەیوەست بە شوناسخوازیی ئێتنیکی بوون. ناوچە بەلووچ‌نشینەکانیش لە سەردەمی ڕەزاشا و محەمەدڕەزاشادا شایەدی ڕووداوگەلێک لەم بوارەدا بوون کە پاش ماوەیەک بە داپەڕی بەرەنگارانەی حکوومەتی ناوەندی سەرکوت کرا. لە ناو عەرەب زمانەکانیشدا هۆگریی شوناسخوازانەی ئێتنیکی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا هەمیشە بوونی هەبووە و وەک دوایین چالاکیان لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بە چالاکییەکانی گرووپی ئەلئەهوازییە بکەین و ئەمە پیشاندەری ناڕەزایەتی لە چەشنی ئێتنیکییە کە هۆکاری سەرەکی و بناغەی ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانین لە هەستی نایەکسانییە سیاسی، ئابووری، کەلتووری، زمانی، ئایینزایی و فاکتەرەکانی دیکە بزانین کە لە ناو ئێتنیکەکاندا بەدی دەکرێ، بە جۆرێک کە لە کاتی بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ دیکەی گرووپە ئێتنیکییەکان و بەتایبەت فارس زمانەکان گەیشتووەتە ئەو پەڕی خۆی. لە بواری سیاسیدا ئێتنیکەکانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ لەو باوەڕەدان کە لە پێکهاتەی وڵاتدا پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە و لە پۆستە سەرەکییەکانی وەزارەتخانه، پارێزگاری، باڵوێزخانە و دیکەی بەرپرسان و دەسەڵاتداران کەسێکی تێدا نییە کە سەر بە گرووپی ئێتنیکیی ئەوان بێت. لە بواری ئابووریشدا ئەم باوەڕە هەیە کە بەشی سەرەکیی ئیمکانیاتی وڵات لە پارێزگا ناوەندنشینەکاندا چڕ بۆتەوە و ناوچەگەلێکی وەکوو ئازەربایجانیش ئەگەر ئەوڕۆ خاوەن ئیمکانیاته، ئەوە زیاتر بەرهەمی تێکۆشانی خەڵکەکە خۆیانە و یان پیشە کارخانەییە چێکراوەکان هی سەردەمی بەر لە شۆڕشی ئیسلامییه.

لە بەشی کەلتووریدا ئێتنیکە توێژینەوە لە سەر کراوەکان باوەڕیان وایە کە سنووردارییەک لە دژی مێهرەجان و کۆڕبەندە ناوچەییەکان، جەژن و داب و نەریتی خۆجێیی ئەوان هەیە و میدیا نیشتمانی و خۆجێییەکان بە شێوەی ئەوتۆ کەلتووری ئەوان پیشان نادەن و لە خزمەت کەلتووری خۆماڵیدا نین. سەبارەت بە زمانی دایکی، سەرەڕای تەمەنی چل ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی، منداڵانی گرووپە ئێتنیکییەکان هێشتا ناچارن بە زمانی دووهەم لە قوتابخانەکانی وڵاتدا بخوێنن و بە گشتی مادەیەکی دەرسی بۆ پەروەردەی فەرمی بە زمانی زکماکی بوونی نییه. گرووپی ئێتنیکیی بەلووچ و هەروەها بەشێک لە کوردەکان، لە سۆنگەی ئایینزاییەوە سەر بە ئایینزایەکی جیاواز لە ئایینزای فەرمیی وڵاتن و لەو بۆچوونەدان کە ڕوانینی ئایدۆلۆژییانەی بەرپرسان وای کردووە کە لەم بوارەدا ستەمیان لێ بکرێت. نەبوونی مەزگەوتی تایبەت بە ئەهلی سوننە لە شاری تاران یان پێنەدانی پۆستی باڵای بەڕێوەبەری بە شوێنکەوتووانی ئەم ئایینزایە لە خواستە گرنگەکانی ئەم ئێتنیکەیە کە سەرەڕای ئەوەی بەڵێنێکی زۆر دراوه، بەڵام هەتا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردن.

ئەم بابەتانەی کە باس کرا تەنیا پیشاندەری بەشێک لە داخوازیی گرووپە ئێتنیکییەکان لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە ساڵانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە. داخوازیگەلێک کە هەمیشە ڕووبەڕووی ڕوانینی ئەمنییەتی بۆتەوە و بە تێکدەری یەکپارچەیی و تەبایی و سازانی نیشتمانی زانراوە و بە شێوەی بەرەنگارانە و تونداژۆیانە بەرپەرچیان دراوەتەوە و لە کۆتاییدا بۆتە هۆی ڕفتاری تونداژۆیانەی نێوان ناوەند و گرووپە ئێتنیکییەکان کە پاش ماوەیەک و لەگەڵ لاوازکردنی گرووپە ئێتنیکییەکان، بێدەنگییەکی نەخوازراو باڵی بە سەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا کێشاوه. لەم سەردەمەدا بۆ وەدیهێنانی داخوازییە ئێتنیکییەکان و گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە پێناو ڕێگری لە بێچمگرتنەوەی داپەڕی توندوتیژانە هیچ چەشنە داپەڕێکی کردەیی ئەنجام نادرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆششی دەسەڵات هەمیشە دەبێ لەم پێناوەدا بێ تا وێڕای قبووڵکردنی فرەڕەنگیی فەرهەنگی و کەلتووری گوێ بۆ خواستی ئێتنیکە جۆراوجۆرەکان ڕابگرێ کە زۆریان لە چوارچێوەی یاساشدان، ڕێگری لە دروستبوونی ڕفتاری تونداژۆیانە بگرێ و لە دەرچەی ئاشتی و پانتای گفتوگۆ و دانوستان، بە چالاککردنەوەی حیزب و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان (NGO) و ئاسانکردنی پانتایەکی لەبار بۆ بلیمەتە ئێتنیکیەکان، ئەم بابەت و کێشانە چارەسەر بکات. ئەنجامی پشتگوێخستنی جیاوازییە کەلتوورییەکان و گرتنە بەری سیاسەتی لێکچوواندن و ئەنجامدانی داپەڕی ڕادیکاڵانە هەم لە لایەن ناوەند و هەم لە لایەن ئێتنیکەکانەوە لەوانەیە لە بری ئەوەی دادپەروەری و یەکسانی کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە پاش ماوەیەک لە سووچێکی دیکەوە ڕفتارێکی تونداژۆیانە سەر هەڵبدا و ئەم پرۆسە هەمیشە بەردەوام بێت.

هەر بەم پێیه، لەم توێژینەوەدا هەوڵ درا کە وێڕای لێکدانەوەی بابەتی شوناسخوازی لە ناو پێنج ئێتنیکی فارس (یان فارس‌زمان)، تورک، بەلووچ و عەرەب، داخوازی و خواستەکانی گرووپە جۆراوجۆرە ئێتنیکییەکان تاوتوێ بکرێ کە ئەمە دەتوانێ هۆکارێ بێ بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامدا ببێتە هۆی گەیشتن بە ئاشتیی بەردەوام لە کۆمەڵگا و ڕزگاربوون لە کێشمەکێش، جەنگ و ئاژاوه. بێگومان ئاماژە بەم بابەتانە لە ڕێگەی شێوازە زانستییەکان و بە ئەنجامدانی دیمانەی پەیتا پەیتا لەگەڵ بلیمەتەکان و هەروەها لە سەر ئاستی جەاموەری، وێڕای پیشاندانی داخوازییە هەنووکەییەکانی هەر کام لە گرووپە ئێتنیکییە توێژینەوە لە سەرکراوەکان دەتوانێ بە شێوەی ئاشتییانە هاریکاریی بڕیاردەرانی دەوڵەتی بۆ چارەسەری ئاشتییانەیان بێ و هەروەها هاوکاریی تەبایی و یەکپارچەیی نیشتمانی بکات.

پێشەکی

شوناس وتەزایەکی جەوهەری و نەگۆڕ نییه، بەڵکوو چەمکێکی مەلەوەرە و هەر شوناسێک بەرهەمی گوتارێکی تایبەتە و بەم پێیە شوناس شتێکی نەگۆڕ نییە و دەتوانین وەکوو پرۆسەیەک سەیری بکەین و ڕەواڵەتی مێژوویی و لە حاڵی گۆڕانی پێ ببەخشین. دیاردەی ئێتنیکایەتی – ئێتنیک‎خوازی و بێچمگرتنی شوناسەکان لە سەردەمی هاوچەرخدا گرنگییەگی دووقاتیان هەیە و فاکتەرگەلی وەکوو دابەشکردنی وڵات بە پێی دەوڵەتی نەتەوەیی، نایەکسانی و بەشخوراوییەکان، ئایدۆلۆژیا و سیاسەتە پاشمۆدێڕنەکان ڕۆڵێکی گرینگیان لە ئێتنیکخوازیی کۆمەڵگای مرۆیی بووه. شوناسی ئێتنیکی لە چەشنی شوناسی کۆمەڵایەتییه و کۆمەڵێکی تایبەتی لە فاکتەرە ئۆبژەیی، زەینی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژیکی و نەفسانییەکانە کە لە گرووپ و جڤاکێکی مرۆییدا خۆی دەنوێنێ و لە دیکەی گرووپەکانی جیا دەکاتەوه.

لە ڕابردوو و ئێستادا، فرەیی و فرەڕەنگیی شوناسی ڕاستییەک بووە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا بوونی هەیه. لە سەردەمی هاوچەرخدا سەرەڕای بوونی پرۆسەی نوێکردنەوە و دامەزراندنی ڕێکخراوە مۆدێڕنەکان، ئەم فرەڕەنگییە شوناسییە نەک هەر کاڵ نەبۆتەوه، بەڵکوو بۆتە بابەتێکی مشتومڕبزوێن سەبارەت بە جیاوازییە شوناسییەکان و هەمەڕەنگتر پیشان دراوەتەوه. ئێران زێدی ئێتنتیکە هەمەجۆرەکانە و وڵاتێکی فرەئێتنیکە و لەم وڵاتەدا بابەتی یەکگرتن یان لێکبڵاویی ئێتنیکی لە پەیوەندیی لەگەڵ یەکدەستیی کۆمەڵایەتی و تەبایی کۆمەڵایەتییەکەی جێی تێڕامانه. سیاسەتە ئێتنیکی و شوناسییەکان لە درێژایی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێراندا هەمیشە بوونیان هەبووە و لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی، سیاسەتە ئێتنیکییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە پێچەوانەی ناساندنی فرەڕەنگیی ئێتنیکی لە یاسای بنەڕەتیدا، بە پێی هەلومەرجی زەمەن بووە و لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا واتا شوناسییەکانیان پیشان نەدراوەتەوە.

حکوومەتەکانی ئێران لە درێژایی مێژووی سیاسیدا بەردەوام هەڵوەدای لێکچوواندنی ئێتنیکەکان بوون؛ واتە ڕوانگەی دەسەڵاتداران زیاتر تواندنەوەی شوناسە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی شوناسێکی یەکگرتوو و لە ژێر چەتری ئێتنیکی فارس بووه. بۆ وێنە تەنانەت پەسندکردنی سیاسەتە کەلانەکانی پەیوەست بە ئێتنیکە ئێرانییەکان لە ساڵی 1378 (حق پناه، 1382)، نەیتوانی لە هەمبەر ئێتنیکەکان ئاراستەیەکی دیاریکراو بگرێتە بەر و لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا درێژە بە سەپاندنی سەلیقە جۆراوجۆرەکان درا کە ئەم ئاراستە شوناسخوازییانە هەندێ جار بۆتە هۆی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی (لە ڕابردوودا) و هەندێ جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی پەیتا پەیتای ئێتنیکەکانی (لەم ساڵانەی کۆتاییدا) لێ کەوتۆتەوه.

لەم توێژینەوەدا بە لێکدانەوەی پێشینەی تیۆریی باسەکانی شوناس و ئێتنیکایەتی، ناسینێکی بەڵگەدار لەم چەمکانە دەخرێتە ڕوو و بە پێی بەڵگەی مەیدانی و ئەنجامی دیمانە لەگەڵ کەسانی بلیمەتی کەمینە ئێتنیکییەکان، ڕا و بۆچوونی ئەوان سەبارەت بە چەمکەکانی شوناس و ئێتنیکایەتی شی دەکرێتەوه. هەروەها باس لە سەر داخوازییەکانی ئەم گرووپە دەکرێ کە زیاتر لە ئاراستەی وەدیهاتنی دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتییە و قسە لە سەر ئەو دەکرێ کە لە پێناو وەدیهێنانی ئەم داخوازییانە دەوڵەتەکان دەتوانن چ ڕۆڵ و دەورێکیان ببێت. هەروەها لەم توێژینەوەدا ئاماژە و سەرنج بەو داپەڕانە دەدرێ کە لە پێناوی چارەسەری نایەکسانییە ئابووری، سیاسی، کەلتووری، زمانی و دیکەی بابەتەکان ئەنجام دراوە و دەتوانن یارمەتی سازدانی یەکێتی، تەبایی و یەکپارچەیی نیشتمانی و گەیشتن بە ئاشتیی بەردەوام بدەن، بە جۆرێک کە پشتگوێخستنی ئەم داخوازییانە دەتوانێ هەر هەموو ئێتنیکەکان و بە گشتی وڵات تووشی قەیران و داڕمان بکات.

ئامانج و گرنگیی توێژینەوه

کۆمەڵگای ئێران لە دێرزەمانەوە لەگەڵ ژیانی فرەئێتنیکی و فرەشوناسی ڕاهاتووە. هەر بەو پێیە هەر چەشنە ڕوونکردنەوەیەکی گشتییانە سەبارەت بە کۆمەڵگا فرەئێتنیکەکان بە بێ گرنگیدان و لێکدانەوەی فاکتەری ئێتنیکایەتی ناتەواو و نووقسانه. بە پێی گرنگیی ڕوو لە هەڵکشان و بەردەوامی کۆمەڵگە ئێتنیکییەکان لە پێکهێنان و پتەوکردنی یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی، تاوتوێکردنی زانستییانەی ئێتنیکەکان پتر لە جاران سەرنجڕاکێش بووە، بەتایبەت لە ئێستادا کە دیموکڕاتیزە بوونیان گەشەی وشیارییە شوناسییەکان و ئیمکانی نواندنەوەیانی لێ کەوتۆتەوە. هەر لەم بوارەدا، زۆرێک لە خاوەن بۆچوونەکان لەو باوەڕەدان کە هاوپەیوەندی و شوناسی نەتەوەیی ڕەگی لە کۆمەڵگە ئێتنیکییەکان و هەستی زۆر کۆنی ئێتنیک وەک نەتەوەخوازیی سەرەتاییەکانە. هاوپەیوەندیی ئێتنیکی و یەکپارچەبوونی شوناسەکان لە کۆمەڵگە فرەئێتنیک و فرەکەلتوورەکاندا دەتوانێ ئاشتی لێ بکەوێتەوە و کەلێنە ئێتنیکییەکان پڕ بکاتەوە و پانتای هزری و کردەیی بۆ سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری ئێتنیکەکان بەدی بێنێ، هەڵبەت ئەگەر زەمینەی بڕیار و ئیرادەی گشتی بۆ هەڵبکەوێت. بابەت و پرسی سەرەکی لێرەدا چۆنیەتی و بۆچییەتی شوناسی گشتیی ئێتنیکەکان لە وڵاتی ئێرانه. شوناسی گشتی یان کۆمەڵایەتی هێمای ئەو مەڵبەندە و قەڵەمڕەوێک لە ژیانی کۆمەڵایەتییە کە تاک بە ڕاناوی ئاماژەی «ئێمه» خۆی دەروەست و پێبەستراو و قەرزدار بەو دەزانێ و لە ئاستی ئەو هەست بە پابەندی و ئەرک دەکات.

لە زانستە مرۆییەکاندا دەوڵەت چوار بنەمای سەرەکی هەیه:

1) وڵات یان سنوور کە قەڵەمڕەوی جوگرافیایی دەوڵەتێک پێناسە دەکا؛

2) حەشیمەت یان خەڵک کە بە واتای کەسانێک دێ کە سەر بە دەوڵەتێکن؛

3) دەسەڵات واتە لە سۆنگەی ناوخۆییەوه، نابێ دەسەڵاتێکی ڕکابەر یان هاوئاستی دەوڵەت بوونی هەبێ و لە سۆنگەی دەرەکییەوه، وڵات دەبێ لە دەسەڵات و سەروەریی هەر دەوڵەتێکی دیکە ئازاد بێت؛

4) و حکوومەت کە ئاماژە بە ڕێکخراوە سیاسی و ئیدارییەکانی وڵات و چۆنیەتی و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتێک یان یەکەی سیاسی دەکات.

بە پێی ئەم پێناسه، نەبوونی هەر کام لەم چوار ئێلێمانە کارامەیی دەوڵەت لە ناو دەبات. وەک دەبینین، لە ناو ئەم ئێلێمانانەدا، دوو ئێلێمانی یەکەم، واتە وڵات و حەشیمەت، پتر لە هەمووان لە ژێر کاریگەریی بابەتی ئێتنکایەتی و شوناسی ئێتنیکیدان. دەوڵەتەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش، کە گرنگترین ئەرکی ئەوانه، زیاتر لە هەمووان پێویستە لە شوناسی نیشتمانی و شوناسە ئێتنیکییەکان، تۆڕی پەیوەندیی ئەندامانی ئێتنیکێک لەگەڵ یەکتر و دیکەی ئێتنیکەکان بە کەلتووری فەرمی و زاڵ و لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی تێگەیشتنێکی گشتگیریان هەبێت. زەروورەتی بوونی تێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لە مەڕ ڕوانگەی ئێتنیکەکان سەبارەت بە خۆیان و ئەو شوناسانەی کە لەگەڵیان دووفاقیسازی دەکەن، بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران، چالاکڤانانی بواری شوناس و کەلتوور و هەموو ئەو کەسانەی کە هۆگری ئاشتی و تەبایی نێوان خەڵکی ئەم وڵاتەن ئاشکرا و ڕوونه.

شێوازی لێکۆڵینەوه

ئەم توێژینەوە لە گۆشەنیگای شرۆڤەخوازی و شێوازناسیی چۆنایەتی بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی تیۆریی زەمینەیی ئەنجام دراوه. لە هەنگاوی یەکەمدا، بە ئاراستەیەکی خەڵکناسانە لەگەڵ بلیمەتەکان و لە هەنگاوی دووهەمدا، لەگەڵ کەسانی ئاسایی ئێتنیکەکانی ئێران (بە شێوەی دیاریکراو تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ و فارس) دیمانەی ساز کرد و لە پرۆسەیەکی هاوتەریب و هاوکاتدا تاوتوێی کردووه. بە پێی شوناسی چۆنایەتیی توێژینەوه، شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار بوو و شێوازی دڵنیابوونی تیۆریکی داتاکان پاش ئەنجامدانی سەد دیمانە وەدەست هات و بۆ متمانەی زیاتر، دیمانەی زیاتر لەگەڵ دووسەد و پازدە کەس ئەنجام درا بۆ ئەوەی توێژینەوە لە هەمەگیریدا جێی باوەڕ بێت. هەڵبەت لەم پێناوەدا، سوودمان لە چاودێری و ڕێنوێنی کەسانی پسپۆڕی شێوازی چۆنایەتی وەرگرت. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوە بە کەڵک وەرگرتن لە دیمانەی قووڵ و نیوەپێکهاتوو کۆ کراوەتەوه. دیمانە و داتا کۆکراوەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ڕەزمزدانانی تیۆری (کراوه، تەوەری و هەڵبژاردنی) لە سێ قۆناغی شیکاری و شرۆڤە کران و بە مەبەستی کۆکردنەوەی داتاکان، لە پێشدا بۆ گەیشتن بە چەمک و وتەزا گرنگەکانی بەشداربووان، شێوازی دیمانەی وتووێژی نافەرمی بە کار هێنرا.

لە قۆناغە دووهەمدا، بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی تیۆریی زەمینەیی، بە مەبەستی نموونەگیریی تیۆری بە دواداچوون بۆ وتەزا و چەمکە وەدەستهاتووەکانی پرۆسەی دیمانه کرا. و پاش ئەم قۆناغە کە هێڵی گشتیی دیمانەکان لە ڕێگەی چەمک و وتەزاکان بێچمیان گرت، پرسیارەکانی دیمانە بە کەڵک وەرگرتن لە دیمانەی نیوەپێکهاتوو ستانداڕد کران و ئەم پرۆسە هەتا دڵنیابوونی تیۆریک بەردەوام بوو. لە درێژەدا بە جێبەجێکردنی ڕەزمزدانانی کراوه، هاوکات بە کۆکردنەوەی داتاکان، چەمک و ژێروتەزا و وتەزا سەرەکییەکان وەدەست هات. پێدانی ڕەمزدانانی تەوەری، ژێروتەزاکان بە یەکتر و بە وتەزا سەرەکییەکان پەیوەست دەبوون و جۆری وتەزاکان لە ڕووی هۆکارێتی و پرۆسەیی و لێکەوتەیی دیاری کران و لە کۆتاییدا، پاش ڕەمزدانانی بژاردەیی ئەنجامی تیۆریی لێکۆڵینەوە وەدەست هات.

ئەدەبیاتی توێژینەوه

شوناس و ئێتنیک (پێناسە و چەمکەکان)

شوناسی ئێتنیکی یەکێک لە فاکتەرە بێچمبەخشەکانی شوناسی کەلتووریی کۆمەڵگاکانه. شوناسی ئێتنیکی لە سەر بنیاتی ئێلێمانە کەلتوورییەکانی وەکوو زمان، ئایین، داب و نەریت، پۆشاک و پێشینەی مێژوویی پێناسە دەکەن کە بە هۆی ئەوەوە تاکەکان بە هەموو یان هەندێ لایەنی شوناسییەوە پەیوەستی گرووپێک دەبن. دی. ڕیسمەن لە ساڵی 1953ـی زایینی، زاراوەی ئێتنیکایەتی لە کۆمەڵناسیدا بەدی هێنا، بەڵام لە دەیەکانی 1960 و 1970ـی زایینی بە شێوەی بەربڵاو بە کار هێنرا (Glazer and Moynihan, 1975). لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بە باوەڕی توێژەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان هۆگری و شوناسی نەتەوەیی، ئێتنیکی و زمانی جۆرێک کۆنەپەرستی و نەشیاویی مێژووییە کە لە هەمبەر کۆمۆنیزم، کۆڵی داوە و لە ناو چووە یان تێکەڵی چوارچێوەی ناوەندە لیبراڵ دیموکڕاتەکان دەبێ و دەتوێتەوه. ئێتنیک بە پاشماوەی قۆناغە سەرەتاییەکانی گهۆڕینی کۆمەڵگای مرۆیی دەهاتە هەژمار کە درەنگ یان زوو لە ناو دەچێ )گل‌محمدی، 1386) و وادەزانرا لەگەڵ پەرەسەندنی سیستەمی سەرمایەداری، دامەزرانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان، هەڵکشانی ئاستی پەیوەندیی و زانیارییەکان، گەشەی شارنشینی، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و پەروەردە و پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیبوون، شوناسخوازییە ئێتنیکییەکان دەڕواتە ناو ئەرشیڤی مێژوو.

ئەم ئیدعایە بە خستنە ڕووی تیۆرییەکانی پەیوەست بە جیهانگیری و بێچمگرتنی گوندی جیهانی، لە ڕووی تیۆرییەوە پاڵپشتییەکی بەهێز کرا. وا گومان دەکرا کە پرۆسەی جیهانگیری، بەتایبەت جیهانیبوونی کەلتوور، دەبێتە هۆی سەقامگیری و باڵادەستیی فەرهەنگ و کەلتوورێک بە سەر هەر هەموو گەردووندا و کەلتوورە خۆجێییەکان و شێوازی ژیانی وردەکەلتوورە ئێتنیکییەکان و تەنانەت زمانیشیان فەرامۆش دەکرێن )توحیدفام، 1382).

گرووپێکی تر باوەڕیان وایە کە جیهانگیری نە تەنیا نەبۆتە هۆی سڕینەوەی ئێتنیکەکان، بەڵکوو بەو ئامرازەی کە پێیان دەدا، گەشەی خۆوشیاریی ئێتنیکی دەستەبەر دەکا و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بزاڤە ئێتنیکییەکان. شوناسی نەتەوەیی چەمکێکی زۆر کلیلی و لە حاڵی گهۆڕینە کە بەتایبەت لە وڵاتانێکی وەکوو ئێران، لە بێچمدانی ڕفتار و هەڵوێستگرتنی سیاسیی خەڵک و دەسەڵاتداران و لە ڕێگەی ئەوەوە سەرتاسەری وڵات دەورێکی سەرەکی هەیه.

بەشێک لە هەوراز و نشێوەکانی مێژووی ئێران بەرهەمی فرەڕەنگی ئێتنیکی بووه. کێشمەکێشە سیاسی و تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لەگەڵ ئێتنیکی دەسەڵاتدار و ئێتنیک / نەتەوەکانی دیکه، بێچمگرتنی ڕوانگە ناسیۆنالیستییەکان سەبارەت بە کەلتووری ئێتنیکی، و … لەو لێکەوتانەیە کە دەرەنجامی ئەم فرەڕەنگییە شوناسییەیە و هاوکات کاریگەری لە سەر شوناسە ئێتنیکی / نەتەوەییەکان داناوه.

تێگەیشتنی فریدریک بارس لە جیاوازیی کەلتووری شیاوی سەرنجه. ناوبراو ئێتنیکایەتی لە دەرەوە بۆ ناوەوە پێناسە دەکا و بەم شێوە شرۆڤەی دەکا: خاوەندارێتی هەندێ تایبەتمەندیی کەلتووری نابێتە هۆی جیاوازبوونی گرووپی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دیکەی گرووپەکانە کە جیاوازی مومکین، ئاشکرا و لە سۆنگەی کۆمەڵایەتییەوە ماناداری دەکات. بەم پێیە ئێتنیک لە پەیوەندی لەگەڵ ئەویترییەکی جیاواز پێناسە دەکرێت. بە باوەڕی باڕس، چەقی بنەڕەتیی لێکۆڵینەوە دەروەستبوونی هەندێ تایبەتمەندیی مادی / کەلتووری بە گرووپێکی تایبەت نییە بەڵکوو ئەوە سنووری ئێتنیکایەتییە کە گرووپ دەناسێنێ و لێکنەچوون و جیاوازی تەنیا لە پەیوەندیی لەگەڵ دیتران دروست دەبێ، گەشە دەکا و بەردەوام دەبێت. جیاوازیی کەلتووری خۆی لە خۆیدا بەدیهێنەری جڤاکە ئێتنیکییەکان نییه؛ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دیترانە کە دەبێتە هۆی پێناسەی وتەزابەندیی “ئێمه” لە هەمبەر “ئەوان”. شوناسە گرووپییەکان هەمیشە دەبێ لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو شتەی کە نین، واتە لە پەیوەندیی لەگەڵ کەسانێک کە ئەندامی گرووپ نین پێناسە بکرێن (Eriksen,1993).

هەروەها، هیچ چەمکێک هێندەی شوناس واتای زۆری نییه. شوێنپێی ئەم چەمکە دەتوانین لە وتووێژی ڕۆژانە تا دەگاتە باسە زانستی و زانکۆییەکان بەدی بکەین. بوونی چەمکی هاوواتا یان نزیک و پەیوەندیداری زۆر بۆ شوناس وەکوو منی بکەری، منی بەرکاری، ئێمه، تێگەیشتنی ئێمە لە خۆ، خۆنواندنەوه، خۆوشیاری، خۆگومانی، ئێگۆ، سووپەرئێگۆ و کەسایەتیش لێرەوە سەرچاوە دەگرێت (دوران و محسنی، 1382، ل 81).

بە پێچەوانەی ڕا و بۆچوونی دەروونناسان، دەروونناسانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسان دەیانهەوێ پێداگری لە سەر ئەم ڕاستییە بکەن کە هەستی شوناسی تاکایەتی بە هۆی دیالێکتیکی نێوان تاک و کۆمەڵگا بێچم دەگرێت. ئەوان سەرەڕای ئەوەی قبووڵیان کردووە کە شوناس لە ڕوانگە و هەستی تاکەکاندا خۆی دەنوێنێ، بەڵام بەستێنی بێچمگرتنی لە ژیانی گشتیدایه. شوناسی کۆمەڵایەتیی دەرکەوتوو لە کەسایەتیدا لە دەرەوەی دنیای کۆمەڵایەتیی دیکەی تاکەکان واتای نییه. تاکەکان ناوازە و بگۆڕن، بەڵام کەسایەتی بە تەواوەتی بە شێوەی کۆمەڵایەتی و لە ڕێگەی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی پرۆسەی جیهانگیری و بە کۆمەڵایەتیبوون دروست دەبێت (گل‌محمدی، 1381، ل 222 و 223).

شوناسی ئێتنیکی یەکێک لە جۆرەکانی شوناسی گشتییە کە بە کۆمەڵە پڕەنسیپ و تایبەتمەندیگەلێک دەوترێ کە ئێتنیکێک لە دیکەی ئێتنیکەکان جیا دەکاتەوە و لە ناو ئەندامەکانیدا هەستی دەروستبوون بە یەکتر دروست دەکا و ئەوان سەر بە ئێتنیکێکی تایبەت وێنا دەکات. ئەم چەشنە شوناسە گشتییە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە هەڵگری فرەڕەنگیی ئێتنیکی و کەلتووریین، گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەچێتە پاڵ شوناسەکانی دیکه، وەکوو شوناسی خۆجێیی، ناوچەیی، نەتەوەیی، کەلتووری و هتد و لەگەڵ چەمکگەلی وەکوو “گرووپی ئێتنیکی” و “ئێتنیکایەتی” تێهەڵکێشی یەک دەبن.

بەرهەمی پەیوەندیدار بە توێژینەوە ئێتنیکییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نە تەنیا بە هۆی پێناسەی ئێتنیکی و پێوەرە لێکدژە دیاریکەرەوەکانی شوناسی گرووپە ئێتنیکییەکان تووشی کێشە دەبێ، بەڵکوو تایبەتمەندییە میژووییەکانی جڤاکە ئێتنیکی و هۆزییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەت بە هەند وەرناگرێت. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە لەم توێژینەوانەدا، هۆز و گرووپە ئێتنیکییەکان یەک چەمکیان هەیە و تایبەتمەندیی گرووپە هۆزییەکان دەخرێتە پاڵ کۆمەڵگا هۆزییەکان. بەم شێوه، گرووپە زمانی و ئایینییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (کە پێشتر لە سەر بنەمای سیستەمی هۆزی بوون) وەک گرووپی جیاوازی ئێتنیکی سەیر دەکرێن کە بۆ بوونە نەتەوە بەردەوام لەگەڵ دەوڵەت لە کێشمەکێشدان. وەک بەستام تەیبی دەڵێ، وشەگەلی هۆز و گرووپی ئێتنیکی ناتوانین لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی پەیوەست بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک دوو وشەی هاوواتا بە کار ببەین. بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە خولیای پرسەکانی خۆرهەڵاتی ناڤینن وەک ئامرازێکی شیکاری بۆ پیشاندانی دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتانەی کە کۆمەڵگایەکی نەتەوەییان نییە (یەکپارچه) چەمکی ئێتنیکیان بە کار بردووە. لە توێژینەوەکانی پەیوەست بە ئێتنیکە ئێرانییەکانیش گرنگیدان بەم خاڵە واتە جیاوازیی چەمکیی نێوان گرووپی ئێتنیکی و هۆزی گرنگه.

 دابەزاندن PDFی وتار