پێویستیی پێداچوونەوه و هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری منداڵان له یاساکانی یٔێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

هاوسەرگیری یەکێک له ناوەندە گرنگه کۆمەڵایەتییەکانه که دەورێکی هەستیاری له هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤدا هەیه. هەبوونی ئامادەییەکی تەواو له ڕووی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ هاوسەرگیری زەروورییە. هەر بۆیه له یاساکانی زۆرێک له وڵاتانی جیهاندا، لانیکەمی تەمەنییان بۆ هاوسەرگیری ڕەچاو کردووە. به گوێرەی ناوەڕۆکی کۆنوانسیۆنەکانی مافەکانی منداڵ و مافەکانی مرۆڤ لانیکەمی تەمەنی پەسندکراو بۆ هاوسەرگیری 18 ساڵانه که له زۆرینەی وڵاتاندا پەسندکراوی جیهانییه.

ئەگەر لانیکەم یەکێک له هاوسەرەکان ژێر ئەم تەمەنە بێ، ئەوە دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەخته یان منداڵ‌هاوسەری ڕووی داوه. وڵاتی ئێران یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵه بەڵام مەرجی لانیکەمی تەمەن ڕەچاو ناکا و به گوێرەی یاسا فەرمییەکانی وڵات، لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریی 13 ساڵ بۆ کچان – به مەسڵەحەتی دادگا ژێر 13 ساڵ – و بۆ کوڕان 15 ساڵه. پەرەسەندنی منداڵ‌هاوسەری له ئێران میراتی  ئەم یاسا ناتەواوەیە. پەرە‌سەندنی تەڵاق و منداڵبێوەیی، خەمۆکی و خۆکوژی، ڕاکردن، لەشفرۆشی، ئالووده بوودن به مادەی هۆشبەر، بەشخوراوییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، به ژنانه بوونی هەژاری و پەرە‌سەندنی سەرپێچی کۆمەڵایەتی له دەرهاویشتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختەیه.

به ئاوڕدانەوه له ئاسەوار و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەخته و به پێی هەلومەرجی ئابووریی و کۆمەڵایەتی وڵات و هەروەها نەبوونی باڵقبوونی هزری و کۆمەڵایەتی منداڵان، هاوسەرگیری لەم تەمەنەدا هەڵەیه. سەرەڕای داخوازی پەیتا پەیتای کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی، گرفتی هاوسەرگیریی پێشوەختە له لایەن دەوڵەتەوه سڕ کراوه و هەنگاوێکی کاریگەر بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی نەهاوێژراوه. پشتیوانی یاسایی له دیاردەی منداڵ‌هاوسەری له گرنگترین هۆکارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە له ئێرانه.

کاتێک نۆڕمه کەلتووریی و نەریتییەکان له پشتیوانی یاسایی و دادیی سوودمەند دەبن، ئەوە زیاتر دەبن و هەر لەبەر ئەوەش بەرەنگاربوونەوەی زۆر ئەستەم دەبێت. کەواته پێویسته پێداچوونەوەیەک به یاسا مەدەنی و یاساییەکانی پەیوەست به هاوسەرگیریی ژێر  تەمەنی 18 ساڵ بکرێتەوه و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکاری گونجاوی یاسایی و کەلتووریی بخرێته ڕوو.

وشه کلیلییەکان:

هاوسەرگیریی پێشوەختە، یاسای مەدەنی، تەمەنی هاوسەرگیری، مافەکانی منداڵ

پێشەکی

هاوسەرگیری له هەموو کۆمەڵگاکاندا گرنگترین عوڕف و نەریتی باوه که به هۆی ئەوەی له دابینکردنی پێکهاته و ژێربنەمای پێکهێنانی بنەماڵه و هەروەها پەرەپێدانی نەوه دەوری سەرەکی دەبینێ، وەک گرنگترین و بنیاتیترین جۆری پەیوەندیی ناسێنراوه (مظاهری و انصاری نژاد، 1388). هاوسەرگیری، گرێبەستێکی پیرۆزه که له ناو هەموو ئێتنیک و نەتەوەکان و له هەموو زەمەن و شوێنەکاندا بوونی هەبووه.

هاوسەرگیری پرۆسەیەکه که له ژێر کاریگەری بارودۆخ و داب و نەریتی یاسایی، شەرعی و عوڕفی بەڕێوه دەچێ و له لایەن شەرع، یاسا و ڕێکخراوه کۆمەڵایەتییەکانەوه پەسند کراوه (سیار و همکاران، 1391). هاوسەرگیری له حاڵەتێکدا بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ئەنجامی ئەرێنی دەبێ که له کاتێکی شیاو و لەگەڵ کەسێکی شیاو ئەنجام بدرێ؛ واته ئەگەر ژن و مێردەکان له تەمەنی گونجاوی هاوسەرگیریدا نەبن و بۆ پێکهێنانی ژیان له ڕووی هزرییەوه باڵق نەبن، بێ‌گومان توانای هەڵبژاردنی کەسێکی شیاویان نابێ و ئەنجامەکەشی خەسارەته تاکایەتییەکانه که بەرۆکی ئەم کەسانه دەگرێ و هەم کاریگەرییه کۆمەڵایەتییەکانی که به هۆی ئەم هاوسەرگیرییەیه کۆمەڵگا گیرۆده دەکا که له نەخۆشی جەستەیی و دەروونییەوه و ناڕەزایەتی له ژیانی ژن و مێردییەوه بگره تا دەگاته ڕێژەی کەمی بەشداری کۆمەڵایەتی و بە کۆمەڵایەتی بوونی ناتەواو له بنەماڵه که هەر ئەمە خۆی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی گرفتی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی زۆر.

بەم پێیه تەمەنی هاوسەرگیری وەک یەکێک له پێوەره گرنگەکان بۆ بەراورد کردنی ئاستی تەندروستی و لەشساغیی جەستەیی و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگایەک له قەڵەم دەدرێت (مرادی و صفاریان، 1391). له ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوه ئارامی و ئاسایش له کۆمەڵگایەکدا، ئەنجامی هاوسەرگیریی تەندروست و له کاتی خۆی و کەشی ئارامبەخشی ناو بنەماڵەیه. لەو ڕووەوەی که هاوسەرگیری هۆکاری دەرکەوتنی بنەماڵەیه بەڵام هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان یان منداڵ‌هاوسەری دەبێته هۆی دەرکەوتنی کێشەگەلێک له سەرهەڵدان و بێچمگرتنی بنەماڵه نوێکان و هەروەها کەسەکه خۆی (ابراهیمی و فخرایی، 1394).

له دایکبوون، هاوسەرگیری و مەرگ سێ ڕووداوی گرنگی ژیانی مرۆڤەکانن. له نێوان ئەم ڕووداوانه تاکه وتەزا هاوسەرگیریی هەڵبژاردەییه. هاوسەرگیری له درێژایی مێژوودا بەشێک له مافی یاسایی تاکەکان بووه کەچی زۆرێک له کچان و کوڕان له پرۆسەی هاوسەرگیریدا له مافی هەڵبژاردن سوودمەند نین و ناچار دەبن که له تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن. ئەگەرچی ئەوان لەوانەیه له ئاهەنگی هاوسەرگیریدا ڕەزامەندیی خۆیان دەرببڕن بەڵام به هۆی تەمەنی کەمەوه به شێوەی کردەیی تێگەیشتنێکی دروستیان له هاوسەرگیری نییه و ڕەزامەندیی ئەوان به هۆی بارودۆخی ژینگەکەیانە (کرد زنگنه، 1390).

له ڕوانگەی زۆرێک له کارناسان، منداڵ‌هاوسەری یان هاوسەرگیریی پێشوەختە کاریگەری لە سەر ژیانی منداڵان دادەنێ و به لێکەوتەگەلی خەساربەخشی تەندروستی ئاڵۆزتری دەکا و هەموو ئاستەکانی پێشکەوتن، گەشە و سەرتری تاکایەتی دەخاته ژێر ڕکێفی خۆیەوه. لە هەندێ له وڵاتانی ڕوو له پێشکەوتن، هاوسەرگیریی پێشوەختە وەک ئامرازێکی ئابووریی سەیر دەکرێ که دەتوانێ بارودۆخی ئابووریی بنەماڵه باشتر بکا، دەتوانێ پەیوەندییە بنەماڵەییەکان پتەو بکا و دەستەبەرییەک بۆ پاکیزەیی کچان بەر له هاوسەرگیری بێ که خواستە سێکسییەکانیان کنتڕۆڵ دەکا و دەتوانێ ڕێگری له گەیشتنی کچان به تەمەنێک بکا که وەک هاوسەر سەرنجڕاکێشی سێکسییان کەم ببێتەوه (المو، 1386).

له لایەکی دیکەشەوه کێشه ئاڵۆزەکانی پەیوەست به دووگیانی و زکپڕی له گرنگترین هۆکارەکانی مەرگی کچان له نێوان تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵانه (سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان، 1391).

هاوسەرگیریی پێشوەختە یان منداڵ‌هاوسەری، به هەر چەشنه هاوسەرگیرییەک دەوترێ که له خوار تەمەنی 18 ساڵان بێت (یوونیسێف، 1380). به گوێرەی ناوەڕۆکی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، منداڵ به کەسێک دەوترێ که تەمەنی نێوان ساتەوەختی لە دایکبوونەوه هەتا 18 ساڵان بێت. بەڵام له هەندێ له وڵاتاندا ئەم تەمەنه به هۆی یاسا تایبەتەکانی ئەم وڵاته بگۆڕه. سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەر چەشنه هاوسەرگیرییەکی ژێر تەمەن 18 ساڵ بەر لەوەی کچ له سۆنگەی جەستەیی و دەروونییەوه ئامادەی قبووڵکردنی ئەرکەکانی ژن و مێردی و منداڵداریی بێ، پێی دەڵێ هاوسەرگیریی منداڵان. بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تافی منداڵی هەتا تەمەنی 15 ساڵانه.

هەر بەم پێیه هاوسەرگیری لە حاڵەتێکدا کە منداڵ له خوار ئەم تەمەنەدایه، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ڕووی داوه؛ هاوسەرگیرییەک که له لایەن باوک یان باپیرەوه سەری گرتبێ و تێیدا سەرنج به لانیکەمی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەدراوه. (ئەحمەدی، 1395).

منداڵ‌هاوسەری له نۆڕمه نەریتی و باوەکانەوه هەڵقوڵاوه و له ناوچه شارییەکان و زیاتر له ناوچه گوندییەکاندا باوه. منداڵ‌هاوسەری به درێژایی مێژوو دیاردەیەکی تازه دەرکەوتوو نییه و هەر ئێستاش سەرنجی گشتی، بۆ وێنە بنەماڵەکان و هەروەها توێژەران، گرووپەکانی بەرگری له مافەکانی منداڵ، ڕێکخراوه نادەوڵەتییەکان و زۆرێک له ڕێکخراوه نێونەتەوەییەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوه.

بێ‌گومان سەرمایەگوزاری کۆمەڵایەتی له سەر کچان، پەرەدان بە سەرمایە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان و دەستەبەری دەستپێڕاگەیشتنیان به خزمەتگوزاری پەروەردەیی و تەندروستی هێمایەکی ڕوونه له یەکسانی ڕەگەزێتی که ئەمە دەبێته هۆی

پێشکەوتنی کۆمەڵگا بەهێزترەکان. به پێی لێکۆڵینەوه ئەنجام دراوەکان، خوێندن زیاتر وەک فاکتەرێک بۆ ڕێگری له هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕەچاو دەکرێت (یونیسێف، 1383). ژنانی خوێندەوار زۆر جار تەندروستترن و له بوارەکانی بازاڕدا چالاکترن، داهاتێکی زێدەتر دەست دەخەن، خاوەن منداڵی کەمترن و له چاو ئەو ژنانەی که نەخوێندەوارن یان ئاستی خوێندنیان نزمتره، خزمەتگوزاری پەروەردەیی و تەندروستیی شیاوتر بۆ ڕۆڵەکانی خۆیان دابین دەکەن (کلاگمن و همکاران، 1393).

دیاردەی منداڵ‌هاوسەری بابەتێکی جیهانییه؛ بەڵام ئامار و ڕێژەکانی، هەم له ناو سنوورەکانی وڵاتێکدا و هەمیش له ناو کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا، بگۆڕه. سەرەڕای ئەمه له سۆنگەی ئاماره ڕێژەییەکانەوه، زیاترین ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری له ناوچه گوندییەکانی ئەفریقای باکووری و باشووری ئاسیا ڕوو دەدات (یوونیسێف، 1392). بە هۆی پشتیوانی و سەرنجی جیهانیی بۆ ئەم دیارده، ئاستی هاوسەرگیریی پێشوەختە به شێوەی گشتی ڕووی له دابەزین کردووه، ئەگەرچی ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵان هێشتا له خوار تەمەنی یاسایی کۆمەڵگای خۆیان هاوسەرگیری دەکەن.

نموونەیەکی ڕوون و زەقی ئەم دیارده، کۆمەڵگای ئێرانه. له ڕووانگەی سێکسی و مافەکانی مرۆڤەوه کردەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لێکەوتەی ئاشکرای سەرکوتی سێکسی و ئاکاری ڕووخێنەری نەریتییه که دەبێته هۆی بەردەوامبوونی نایەکسانییه ڕەگەزێتییەکان و سەرکوتکردنی زێدەتر. له هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی ئاڵۆزی هاوسەرگیریی پێشوەختە له جیهانی ڕوو له پێشکەوتن دەتوانین ئاماژە بکەین بە هەڵکشانی ئاستی هەژاری، نەبوونی زانست و خوێندن و ملکەجی بۆ زەروورەتەکانی کەلتووری پیاوسالارانه و ئەو باوەڕانەی که به هەڵه پێیان وایە ناچارکردنی کچان به هاوسەرگیریی نەخوازراو و پێشوەخته هۆکاری پشتیوانی و پاراستنی ئەوانە.

بەداخەوه به هۆی بوونی لێکەوتەی جەستەیی و هەڵاواردن له دژی ئافرەتانی کەم‌تەمەن، هەندێ هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان به کردەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له ئێران هاوێژراوه. به پشتبەستن به پێکهاتەی ئاینی زاڵ به سەر وڵاتی ئێران، باڵقبوون و دەستێپکردنی یەکەم سووڕی مانگانه وەک دەستپێکی تێپەڕین له تافی منداڵییەوه بۆ هەڕەتی گەورەساڵی ڕەچاو دەکرێت. گەیشتن بەم سەرەتا فیزیایی و بایۆلۆژیکییه به واتای شیاوبوونی کەسەکه بۆ هاوسەرگیرییە به بێ گوێدانه تەمەنی ڕاستەقینەی کچە. ئەگەرچی هاوسەرگیریی پێشوەختە کچان و کوڕانی منداڵ دەگرێتەوە، بەڵام ڕاستیی تاڵی کۆمەڵگا، ئەوه دەردەخا که لێکەوتە و کاریگەرییەکانی دیاردەی منداڵ‌هاوسەری بۆ سەر کچۆڵەکان جیدیتر و مەترسیدارتره. بە داخەوە بە هۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بایەخداری ئەوتۆی تایبەت به منداڵ‌هاوسەری له ئێران، زانیاری لەم بارەوه کەمه. ئاماری فەرمی و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران گوزارشته لەوەی که ساڵانه به دەیان هەزار کچ و کوڕی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له لایەن بنەماڵەکانیانەوه ناچار به هاوسەرگیری دەکرێن.

ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانه له حەقیقەتدا زۆر زیاتر لەم ئامارانەیه. هەندێک له بنەماڵەکان له ئێران هاوسەرگیری له تەمەنی کەمدا تۆمار ناکەن و به شێوەی نافەرمی تۆماری دەکەن. له ئێران به پێی ئامار له ساڵی 1385ـی هەتاوی هەتا نیوەی یەکەمی ساڵی 1394ـی هەتاوی ڕێژەی 890 هەزار کچی ژێر تەمەن 18 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووه که لەم نێوەندەدا کچانێکیش هەبوون که له کاتی هاوسەرگیرییاندا تەمەنیان ژێر تەمەنی 10 ساڵان بوو. هەروەها له 9 مانگی یەکەمی ساڵی 1395ـی هەتاوی 29 هەزار و 710 کچی خوار تەمەن 18 ساڵان هاوسەرگیریان کردووه. ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه له ناو بنەماڵه ئێرانییەکاندا بە هۆی هەژاری و هۆگری دایک و باوک بۆ کۆنتڕۆڵی پەیوەندیی سێکسیی کچەکانیان بووه (ئەحمەدی، 1395).

به هۆی گرنگیی هاوسەرگیری و دەورەکەی له کۆمەڵگا، له یاساکانی زۆرێک له وڵاتانی جیهان لانیکەمی تەمەنی بۆ ڕەچاو کراوه. به گوێرەی پێناسەی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی و کۆنوانسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵ، هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵ وەک هاوسەرگیری منداڵان پێناسه کراوه.

هەر بەم پێیه و به پێی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ و ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی، لەم لێکۆڵینەوەدا له ڕوانگەی یاساکانی ئێران و به پێی ئەنجامە وەدەستهاتووە مەیدانییەکان سەبارەت به ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵان له ئێران هەوڵ دەدەین وڵامی ئەم پرسیاره بدەینەوه که بۆچی پێداچوونەوه و زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی منداڵان له یاساکانی ئێراندا پێویست و گرنگه.

گوتاری یەکەم: هۆکاره کاریگەرەکانی سەر منداڵ‌هاوسەری و ئاسەوارەکانی

له ماوەی دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەی سەرنجڕاکێش له مەڕ هاوسەرگیریی منداڵان ئەنجام دراوه که هەوڵیان داوه لەم دیارده تێبگەن و بەرەنگاری ببنەوه و هەندێ له هۆکاره کاریگەرەکانی و هەروەها لێکەوتەکانی شی بکەنەوه (کلاگمن و همکاران، 1393). دیاردەی منداڵ‌هاوسەری له ناو ئەو لێکۆڵینەوانەی که له مەڕ پێشێلکردنی مافەکانی ژنان ئەنجام دراوه – بۆ وێنەی توێژینەوەی پێشووی نووسەر-  له لایەن کۆمەڵناسان و خەڵک‌ناسان و توێژەرانەوه سەرنجی پێ دراوه. توێژینەوەکان ئەوه دەخەنه ڕوو که نۆڕمه کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بۆ وێنە نۆڕمەکانی پەیوەست به ئاین، کاریگەری له سەر ئەو تەمەنە دادەنێ که چاوەڕوانی هاوسەرگیری له کچان دەکرێت.

هەروەها، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، ئاستی خوێندەواری و زەمینەی کۆمەڵایەتی کاریگەری له سەر ئەگەری هاوسەرگیری پێشوەختەی کچێک دادەنن. سەبارەت بەو داڕشتەی که کچان بۆ خۆیان بڕیاری هاوسەرگیری بدەن، هیچ زانیارییەک له بەر دەستدا نییه.

زۆر توێژەر تێکۆشاون که چالاکانه ئیش له سەر پرسی هاوسەرە کەم‌تەمەنەکان بکەن، سەرەڕای ئەمه وەک یوونیسێف، له ڕاپۆڕتی “هاوسەرگیریی پێشوەختە، هاوسەرە منداڵەکان” له ساڵی 1380ـی هەتاوی خستییه ڕوو، هێشتا هاوسەرگیریی منداڵان وەک کێشەیەکی گشتگیر بەردەوامه (یوونیسێف، 1380). لێکۆڵینەوەکان ئەوه دەردەخەن ئەو باوەڕه ئاینییانەی که هاوسەرگیریی منداڵان به ڕێگەپێدراو دەزانن کاتێک که دەبنه یاسای فەرمی وڵات ئەم پرسه نوێ دەکەنەوە. له شەڕ و تێکهەڵچوونەکاندا له سەر ئاستی ئێتنیکی و عەشیرەییەوە بگرە هەتا نەتەوەیی و نێودەوڵەتی هاوسەرگیری وەک ڕێگەیەک له دەرچوون له بارودۆخ بە زەینی مرۆڤ دەگا و تەنیا شتێک که پشتگوێ دەخرێ تەمەنی یاسایی و باڵقبوونی زەینیی منداڵانه.

ئاستی خوێندەواری نزم و وازهێنان له خوێندن لەو فاکتەرانەن که نه تەنیا هۆکاری هاوسەرگیریی منداڵانن بەڵکوو دەبنه هۆی وازهێنان له خوێندنی منداڵ‌هاوسەران. بنەماڵەی لێکترازاو و بشێو یەکێکی تر لەو فاکتەرانەن که دەبنه هۆی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان. گرفتە ئابوورییەکان و هەژاری هەمیشه لەو فاکتەره هەرەگرنگانە بوون که وەک بازرگانی ئابووریی سەیری هاوسەرگیرییان کردووه.

هەژاری دەبێته هۆی ئەوەی هەندێ له بنەماڵەکان کچەکانی خۆیان له تەمەنی کەمدا بدەن به کەسانێک که زۆر جار له خۆیان بەتەمەنترن. بەم پێیه دەتوانین بڵێین منداڵ‌هاوسەری له ژێر کاریگەری نۆڕمه کەلتوورییەکان، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و فاکتەرە ئابوورییەکاندایه.

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ئاسایش، پێشکەوتن و تەندروستیی سۆزداریی منداڵان دەخاته مەترسییەوه. هاوسەرگیریی پێشوەختە فەرمانی کۆتایی هاتنی کتوپڕ به تافی منداڵی دەدا و بەوەی کە ڕێگری له گەشەی فیزیۆلۆژیی و جەستەیی پێویست بۆ ئامادەیی زەینیی و جەستەیی و هزریی ئەو منداڵانە دەکا و ناهێڵێ ببنە هاوسەرانێکی باڵق، دایک و باوکانێکی ئاگادار و به گشتی هاوڵاتیانێکی ئەکتیڤ، بەو پەڕی بێبەزییەوه بەرەو دنیای گەورەساڵان پاڵیان پێوه دەنێت. هاوسەرگیری له تەمەنی منداڵیدا دژی پرۆسەی سرووشتی ئەم گەشە کردنەیه. ئەم کچه کەم‌تەمنانه نه منداڵن و نه گەوره کچ. چوونکه وەک گەوره کچێک دەنوێنن بەڵام هێشتا له ڕووی توانای بڕیاردان و سەربەخۆیی دەروونییەوە ناتەواون. هاوسەرگیریی منداڵان شوناسی ئەوان دەڕووشێنێ و به هەڵە ناویان دەنێ گەورەساڵ. ژیانی ئەوان به بێ دنیای گەورەکان نووقسانه، دنیایەک که ئەوان چیتر نه کچۆڵەن و نه ژن.

پێدانی ڕۆڵی گەورەساڵ به منداڵان، منداڵ‌هاوسەری له نەوەکانی ئێستا و داهاتوودا کۆمەڵێ گۆڕانکاری لێ دەکەوێتەوە. بۆ وێنه دووگیان بوونی پەیتا پەیتا، سنوورداربوونی دەستگەیشتن به خوێندن، هەڵاواردن و غەدر له سەر بنەمای ڕەگەزێتی کاریگەری له سەر هزری گرووپیی دادەنێ و دەگوازرێتەوه بۆ نەوەی دوایی. دووگیانبوونی نەخوازراو کچان بەرەو ئاستی باڵای ئیسترێسی جەستەیی و ڕۆحی هان دەدا، چوونکه لەش و زەینیان ئامادەی دووگیانبوون نییه. هاوسەرگیریی منداڵان دەروازەیەکه بۆ زاوزێی مەترسیدار و بێ‌ژومار.

کچ بۆ سەڵماندنی توانای دووگیانبوون و زک  و زا به خزم و کەس، هاوسەر و کۆمەڵگا زەختێکی زۆر دەکرێته سەری، تەنانەت بەر لەوەی ئەو کچە لە ڕووی تەواوکردنی گەشەی سێکسی و جەستەییەوە بەتوانا بێ و تەنانەت بەر لەوەی بۆ دووگیانبوون و قبووڵکردنی بەرپرسایەتی ژیانێکی نوێ لە ڕووی عەقڵی، دەروونی و سۆزدارییەوە باڵق بێت. دووگیانبوونی پەیتا پەیتا و پێشوەخته دەتوانێ برینی هەمیشەیی و تێکدەری تەندروستی و مانەوەی دایک و منداڵ لە پاش خۆی بە جێ بێڵێت. (ئەحمەدی، 1395).

له وڵاتانێکی وەکوو ئێران که برەوی ئەم دیارده زۆر بەرچاوه، به هۆکارگەلی جۆراوجۆری کەلتووریی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە کپ کراوه و له لایەن بەرپرسانی دەوڵەتی لێکدانەوەی جیدی له سەر ناکرێت. له گوتاری دواییدا ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵان تاوتوێ دەکەین. ئەنجامه مەیدانییەکان پێشانی داوه که ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان له ئێران ڕووی له دابەزینه بەڵام ڕێژەی ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه زۆر و فرەوانه و له لایەکی دیکەشەوه گرفت و خەسارەتی تەڵاقی منداڵانیش ڕووی له زیادبوونه.

گوتاری دووهەم: ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی و تەڵاقی منداڵان

ئەنجامەکانی توێزینەوەی پێشووی نووسەر له ژێر ناوی زایەڵەی بێدەنگی، (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی پێشوەختە له ئێران) پێشانی داوە کە هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵان له سەر ئاستی هەوت پارێزگا:

١. خۆراسان ڕەزەوی

2. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

3. خووزستان

4. سیستان و بەلووچستان

5. ئازەربایجانی ڕۆژاوا

6. هورمزگان

7. ئیسفەهان

زیاترین فرەیی له خۆ گرتووه. نووسەر له توێژینەوەی زایەڵەی بێدەنگی بۆچییەتی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانی تاوتوێ کردووه. به پێی داتاکانی ئەم توێژینەوه ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیری و تەڵاقی پێشوەختەی منداڵان بەم شێوەی ژێرەوەیه.

1)پارێزگای خۆراسان ڕەزەوی

ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له ماوەی دەیەی ڕابردوو له پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی ئەوه دەردەخا که پشکی هاوسەرگیریی منداڵان له کۆی هاوسەرگیرییەکانی ساڵانه، هەمیشه پتر له 35 له سەد بووه. چارتەکانی ئەوه پێشان دەدەن کە هاوسەرگیریی منداڵان لەم پارێزگایه له ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕووی له کەمبوونەوەیه بەڵام ڕێژەی تەڵاقی منداڵان ڕووی له هەڵکشانه. هەروەها مامناوەندی هاوسەرگیری و تەڵاقی منداڵانی کچ پتر له کوڕانه. له ئێران خۆراسانی ڕەزەوی زیاترین ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانی له خۆ گرتووه.

 

2)ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

له دەیەی ڕابردوو پشکی منداڵ‌هاوسەری له ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هەرگیز کەمتر له 30 له سەد له کۆی هاوسەرگیری له هەموو تەمەنەکاندا نەبووه. له ماوەی دەیەی ڕابردوو هاوسەرگیریی منداڵان له سۆنگەی ڕێژه و فرەوانییەوه ئامارێکی زۆری له خۆ گرتووه که لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی له کەمبوونەوه کردووه.

وەک چارتی 3 و 4دا پێشان دەدا لەگەڵ داکشانی ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری، تەڵاقی منداڵان ڕووی له هەڵکشانه. ساڵانه ڕێژەیەکی زۆری منداڵبووکەکان و منداڵزاواکان درێژەدان به ژیانی هاوبەش به ناوومکین دەزانن و هەر لەو تەمەنە کەمەدا تەڵاق وەردەگرن.

3)خوزستان

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له پارێزگای خووزستان، پێشاندەری کەمبوونەوەی هێورانەی ساڵانەیە. ڕێژەی گشتی باوبوونی هاوسەرگیریی منداڵان هەمیشه له نێوان 30 بۆ 40 له سەدی کۆی گشتی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگا بووه. هاوشێوەی دیکەی پارێزگاکانی دیکه، ڕەوتی منداڵ‌هاوسەری له خووزستانیش ڕووی له داکشانه.

وەک چارتەکان پێشانی دەدەن به پێچەوانەی هاوسەرگیریی پێشوەختە که ڕووی له دابەزینه، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری منداڵان له گرووپه تەمەنییەکانی خوار تەمەنی 18 ساڵان تەڵاق وەردەگرن و وەک منداڵبێوه له قەڵەم دەدرێن. لێرەشدا، دیسان ئەم پرسه ژنان زیاتر له پیاوان دەکاته قوربانی.

4)پارێزگای سیستان و بەلووچستان

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له سیستان و بەلووچستان هیچ ساڵێ له 40 له سەد کەمتر نەبووه. ئەم چارتە هەڵکشانی منداڵ‌هاوسەری له ماوەی دەیەی ڕابردوو وەرچەرخانێکی ڕوو به خوار له ساڵی 1389ـی هەتاوی هەتا ساڵی 1393ـی هەتاوی پێشان دەدات. ئەم هەڵکشانه هێدییانه و دابەزینە کتوپڕە هەر دوو ڕەگەزەکه له ساڵی 1390ـی هەتاوی بەم لاوه دەگرێتەوه. ڕێژەی تەڵاق له پارێزگای سیستان و بەلووچستان به بەراورد لەگەڵ دیکەی پارێزگاکان، فرەیی و دووپاتبوونەوەیەکی کەمتری پێشان داوه.

زەمینە و بەکگڕانده ئاینییەکان و بەشخوراوی پارێزگا و هەروەها شێوازی ژیانی عەشیرەیی بۆته ئەوەی هۆی ئەوەی لەم ناوچەدا ڕێژەی تەڵاق کەمتر پەرە بستێنێت. ئەم ڕێژە لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەی به خۆوه بینیوه.

5)پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی ژێر تەمەنی 18 ساڵان به بەراورد لەگەڵ کۆی گشتی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگا له پێوەرێکی ده ساڵەدا هەمیشه له نێوان 30 بۆ 40 له سەد بووه. ئەنجامی شیکاری داتاکان ئەوه دەردەخا که هاوسەرگیری لە ژێر تەمەنی 18 ساڵان له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، بەو جیاوازییه قووڵەی کە له نێوان کچان و کوڕان له مەودای ئەم ده ساڵەدا هەیەتی ڕووی له کەمبوونەوە کردووە و ژمارەی ئەو کچانەی که لە ژێر تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن زۆر زیاتر له ڕێژەی کوڕانه.

6)پارێزگای هورمزگان

هاوسەرگیریی منداڵان هەرگیز کەمتر له 30 له سەدی کۆی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگای هورمزگان نییه. به گوێرەی چارتەکان و یەکسان لەگەڵ داتا وەدەستهاتووەکانی دیکەی پارێزگاکان، پارێزگای هورمزگانیش ڕەوتی ڕوو له داکشانی ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له خۆ دەگرێت. بەڵام جیاوازییه ڕەگەزییەکان هێشتا زۆره و زیاترین ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری له ناو کچاندایه. له بەرامبەردا  ڕێژەی تەڵاق لەم پارێزگایه ڕووی له هەڵکشانه. کچانی خوار تەمەن 18 ساڵان تەڵاق دراون و ئەم ڕەوته ساڵ لە دوای ساڵ ڕووی له بەرز بوونەوەیه.

7) پارێزگای ئیسفەهان

له پارێزگای ئیسفەهان ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری به شێوەی ساڵانه له نێوان 20 – 40 له سەد له کۆی هاوسەرگیریی گشتی پێک دێنێت. چارتەکان پەرەسەندنی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له ماوەی دەیەی ڕابردوو پێشان دەدەن. وەک دەبینن ڕێژەی جیاوازیی به پێی ڕەگەزێتی بەو مانایەیه که منداڵ‌هاوسەری له ناو کچان پتر له هی کوڕانه. لێکدانەوەکان دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان له مەودایەکی ده ساڵەدا پێشان دەدات. له بەرامبەردا ڕێژەی تەڵاقیش له پڕەسپێکتیڤی دەیەی ڕابردوودا کێشراوەتەوه. دیاره ڕێژەی تەڵاق ساڵانه دەگۆڕێ بەڵام له سەر ڕەوتێکی نەگۆڕدراو.

به گوێرەی چارتەکانی سەرەوه دەتوانین بڵێین ڕەوتی هاوسەرگیریی منداڵان ڕووی له کەمبوونەوەیه بەڵام ئەم بابەته جێی پرسیاره بۆچی هاوسەرگیریی منداڵان له ئێران تا ئەم ڕاده باوه. به پێی بەرزبوونەوەی کەمپەینەکانی زانیاریدان و گەشەسەندنی وشیاریی خەڵک به هۆی له دەستپێڕاگەیشتنی ئاسان به ئەنتەرنێت و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان و بەڕێوەبردنی کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان و مافه مرۆییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی منداڵ‌هاوسەری و زانیاری بەخشین سەبارەت بە خەسارەتەکانی ئەم کێشه کۆمەڵایەتییەکان، بۆچی دەبێ له وڵاتی ئێران باوبوونی منداڵ‌هاوسەری تا ئەم ڕادەیه بێت. ئاماری فەرمی و دەوڵەتی ئێران ئەوه پێشان دەدا که ساڵانه به دەیان هەزار کچ و کوڕی ژێر تەمەنی 18 ساڵان له لایەن بنەماڵەکانیانەوه ناچار به هاوسەرگیری دەکرێن.

ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانه له حەقیقەتدا زۆر زیاتر لەم ئامارانەیه. زۆرێک له بنەماڵەکان له ئێران هاوسەرگیری له تەمەنی کەمدا تۆمار ناکەن و به شێوەی نافەرمی تۆماری دەکەن. له ئێران به پێی ئامارەکان له ساڵی 1385ـی هەتاوی هەتا نیوەی یەکەمی ساڵی 1394ـی هەتاوی ڕێژەی 890 هەزار کچی ژێر تەمەن 18 ساڵ هاوسەرگیریان کردووه که لەم نێوەندەدا کچانێکیش هەبوون که له کاتی هاوسەرگیرییاندا تەمەنیان ژێر تەمەنی 10 ساڵان بووە. هەروەها له 9 مانگی یەکەمی ساڵی 1395ـی هەتاوی 29 هەزار و 710 کچی خوار تەمەن 18 ساڵان هاوسەرگیرییان کردووه. ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه له بنەماڵه ئێرانییەکاندا له ئەنجامی ڕەگداکوتانی هەژاری و خواستی دایک و باوکەکان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی پەیوەندیی سێکسیی کچەکانیان بەدی هاتووه.

ئەنجامەکانی توێژینەوەی ڕابردوو سەبارەت به هاوسەرگیریی پێشوەختە له وڵاتی ئێران ئەوە پێشان دەدا که هەژاریی، ئاستی نەزمی خوێندەواریی و کەم‌خوێندەواریی، پشتیوانی یاسایی، زەخته کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی پیاوسالارانه و باوەڕە نەریتی و ئاینییەکان له هۆکاره سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی منداڵ‌هاوسەری له ئێرانه. لێرەدا بابەتی پشتیوانی یاسایی له منداڵ‌هاوسەری گرنگییەکی تایبەتی هەیه بەتایبەت ئەو کاتەی که له لایەن ئاینێکی فەرمییەوه پشتیوانی لێ دەکرێت.

له گوتاری دوایدا تەمەنی هاوسەرگیری له ماف و یاساکانی ئێراندا تاوتوێ دەکەین و به گوێرەی ئەنجامه مەیدانییەکان و ڕێژەی زیانەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە، پێویستیی پێداچوونەوه به یاساکانی ئێران له مەڕ تەمەنی هاوسەرگیری شی دەکەینەوه.

گوتاری سێیەم: منداڵ‌هاوسەری، میراتی یاسای نووقسانی تەمەنی هاوسەرگیری

ناوەندی هاوسەرگیری یەکێک له کۆنترین ناوەندەکان له کۆمەڵگا جۆراوجۆرە مرۆییەکانه. ئەگەرچی بەیاساکردنی بابەتێکی نوێیه و مێژووەکەی به پێشینەی ئەم ناوەنده ناگاتەوه. له ئێستادا بۆ بەیاسایی کردنی ئەم ناوەنده، دەوڵەتەکان به ڕەچاو کردنی هەلومەرج و بەربەستەکان، هەندێ سنوورداریی بۆ دیاری دەکەن. جاڕناوەی مافەکانی مرۆڤ پەسندکراوی 1984 له مادەی 16 دیاری دەکا که پیاوان و ئافرەتان له هاوسەرگیری و هەڵوەشاندنەوەیدا خاوەن مافی یەکسانن و هاوسەرانی داهاتوو هەر دووکیان دەبێ بۆ هاوسەرگیری ڕەزامەندییەکی تەواو سەربەستانەیان هەبێت. بڕگەی دووهەمی مادەی 23ـی پەیمانناوەی یاسا مەدەنی و سیاسییەکان مافی هاوسەرگیری تایبەت بەو پیاوان و ژنانە دەزانێ که گەیشتوونەتە تەمەنی هاوسەرگیری. تەمەنی هاوسەرگیری له ڕاگەیاندنناوەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ هەمان تەمەنی باڵقبوونه که هەم تەمەنی باڵقبوونی یاسایی و هەمیش تەمەنی باڵقبوونی جەستەیی له خۆ دەگرێت.

به گوێرەی ناوەڕۆکی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان، منداڵ به کەسێک دەوترێ که تەمەنی له نێوان ساتەوەختی له دایکبوونەوه هەتا تەمەنی 18 ساڵاندا بێت. بەڵام له هەندێ له وڵاتان ئەم تەمەنه به پێی یاسا تایبەتەکانی ئەو وڵاته بگۆڕه. سندوقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان  هاوسەرگیریی منداڵان به هەر چەشنه هاوسەرگیرییەک دەوترێت کە خوار تەمەنی 18 ساڵ (بەر لەوەی کچ له سۆنگەی جەستەیی و دەروونییەوه ئامادەیی هەڵگرتنی بەرپرسایەتییه ژن و مێردییەکان و منداڵداری بێت) بێت (ئەحمەدی، 1395). بڕگەی دووهەمی مادەی 16ـی جاڕناوەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن له دژی ژنان پەسندکراوی 1979 دیاری دەکا: “دەزگیرانداری و هاوسەرگیریی منداڵ ئاسەواری یاسایی نییه و دەوڵەتەکان دەبێ لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریی دیاری بکەن و تۆمارکردنی فەرمیی هاوسەرگیری پێویسته”. کۆمەیتەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن له دژی ژنان له شیکارییه گشتیەکەی له ژماره 21ـی خۆیدا له ژێر ناوی “یەکسانی له هاوسەرگیری و پەیوەندییه بنەماڵەییەکان” پێشنیاری ئەوە دەکا کە تەمەنی هاوسەرگیری بۆ پیاوان و ژنان 18 ساڵان بێت. به گوێرەی ئەم پێشنیارناوه گشتییه له جاڕناوەی بەرناوەی کاریی ڤییەنا که له کۆنفڕانسی مافەکانی مرۆڤ له ڤییەنا (1993) پەسند کرا و داوا له دەوڵەتەکان کرا کە چاکسازی له یاسا و ڕێساکان بکەن و نەریت و شێوازی جیاکارییانه و زیانبەخش بۆ کچۆڵەکان هەڵبووەشێننەوه.

بڕگەی 2ـی مادەی 16 و دیکەی مادەکانی گرێدراو بە مافەکانی منداڵ، ڕێگری له پێشنیار و گرنگیدان به هاوسەرگیریی کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ له لایەن دەوڵەتە ئەندامەکان دەکات. له ساڵی 2010 به گوێرەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆی 158 وڵات لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیرییان بۆ 18 ساڵ و زیاتر و 29 وڵات ژێر 18 ساڵیان دیاری کردووه. چوار وڵات (عەرەبستان، مالدیۆ، گامبیا و سوودان) له کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لانیکەمی تەمەنیان دیاری نەکردووه. ئێران له ناو وڵاتانی جیهاندا پاش گینه (12 ساڵ) کەمترین تەمەنی بۆ کچان واته 13 ساڵ پەسند کردووه؛ هەڵبەت هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەن 13 ساڵ و کوڕان کەمتر له 15 ساڵان به فەرمانی سەرپەرشت و به مەرجی بەرژەوەندیی منداڵه و به مۆڵەتی دادگا مومکین دەبێت. لەم بارەوه بارودۆخی ئێران هاوشێوەی ئەو وڵاتانەیه که لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیرییان دیاری نەکردووه!

له ساڵی 1313 یاساداڕێژی  ئێران مادەی 1041 یاسای مەدەنی ئاماده و پەسند کرد که به پێی ئەوه لانیکەمی تەمەنی کچان 15 ساڵان و بۆ کوڕان 18 ساڵانی دیاری کردووه. له مادەی 3 ڕیفۆڕمی یاسای پەیوەست بە هاوسەرگیری پەسندکراوی 1316ـش هاتووه: “هەر کەس کە به پێچەوانەی یاساکانی مادەی 1041 یاسای سزا لەگەڵ کەسێک که هێشتا لە ڕووی یاساییەوە بە تەمەنی هاوسەرگیریی نەگەیشتووه، هاوسەرگیریی بکا، به شەش مانگ هەتا دوو ساڵ زیندان سزا دەدرێت.

له حاڵەتێکدا که ئەگەر کچان نەگەیشتبێتنه تەمەنی 13 ساڵی تەواو، لانیکەم به دوو ساڵ هەتا سێ ساڵ زیندان سزا دەدرێ و بۆ هەر حاڵەتێک لەوانەیه بەدەر له سزای زیندان، سزای نەختیشی به سەردا بسەپێنرێ و ئەگەر به هۆی هاوسەرگیرییەوە ببێتە هۆی نووقسانبوونی یەکێک له ئەندامانی لەش یان نەخۆشیی هەمیشەیی ئافرەتەکە، سزای هاوسەرەکه بریتییە لە 5 بۆ 10 ساڵ زیندان و ئەشکەنجە. مارەبڕ و خوازبێن و دیکەی ئەو کەسانەی که له تاوانەکەدا دەستیان تێدا بووه ئەوانیش به هەمان سزا یان سزاگەلێک که بۆ کەسی دووهەمی تاوان دیاری کراوه، سزا دەدرێن.” به پێی مادەی 23ـی یاسای پشتیوانی له بنەماڵه له ساڵی 1353ـی هەتاوی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان 18 ساڵ و بۆ کوڕان 20 ساڵان بەرز بوویەوه و شایەتیی دادگا له ئەگەری بوونی بەرژەوەندی تەنیا بۆ کچان بۆ 15 ساڵ کەم دەبووەوه له درێژەی مادەدا هاتووه: “ژن یان پیاوێک که به پێچەوانەی یاساکانی ئەم ماده، هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکا که هێشتا به تەمەنی هاوسەرگیری نەگەیشتووه، ئەم کەسه بە پێی سزا دیاریکراوەکانی مادەی 3ـی یاسا پەیوەست به هاوسەرگیری پەسندکراوی 1316 سزا دەدرێت.”

له چاکسازییەکانی ساڵی 1361ـی هەتاوی، یاسای مەدەنی مادەی 1041 له سەر قەدەغەبوونی هاوسەرگیریی منداڵان دژی شەرع لێکدراوەتەوه و به مەرجی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی له لایەن سەرپەرشتی منداڵ، نیکاحی بەر له باڵقبوون ڕێگه پێدراوه. له یاسای نوێدا ئیزنی دادگا پێویست نییە. مادەی 3ـی یاسای پەیوەست به هاوسەرگیری پەسندکراوی 1316ـی هەتاویش بۆ پەسندبوونی مادەی 646 یاسای سزا ئیسلامییەکان پەسندکراوی 1375ـی هەتاوی هەڵوەشێنرایەوه. به پێی ئەم ماده: “هاوسەرگیری بەر له باڵقبوون به بێ ئیزنی سەرپەرشت قەدەغەیه. ئەگەر پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکدا بکا که به تەمەنی باڵقبوون نەگەیشتبێ و به پێچەوانەی یاساکانی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی و تێبینی ئەو هاوسەرگیری بکا، له شەش مانگەوه هەتا دوو ساڵ زیندان حوکم دەدرێت.” بۆ مارەبڕ  و خوازبێن و حاڵەتەکانی کەمئەندام کردن یان مەرگی به هۆی هاوسەرگیری به پێچەوانەی یاساکانی مادەی 1041ـی مادەی مەدەنی دەستەبەری جێبەجێکار پێشبینی نەکراوه. گەڵاڵەی چاکسازی مادەی 1041 یاسای سزادان له ساڵی 1381ـی هەتاوی ڕادەستی پەڕلەمان کرا و له کۆتاییدا به گوێرەی گەڵاڵەی پەسندکراوی کۆڕی لێکدانەوەی بەرژەوەندیی حکومەت له یەکەمی مانگی پووشپەڕی ساڵی 1381ـی هەتاوی ئەم ماده بەم شێوه گۆڕانی به سەردا هات: “مارەبڕینی کچ بەر له گەیشتن به تەمەنی 13 ساڵی تەواوی هەتاویی و کوڕ بەر له گەیشتن به تەمەنی 15 ساڵی تەواوی هەتاویی پەیوەسته به ئیزنی سەرپەرشت به مەرجی مەسڵەحەتی دادگای شیاو”.

وەک وترا له یاساکانی ئێراندا تەمەنی لانیکەمی تەمەن بۆ هاوسەرگیری کچان 9 بۆ 13 ساڵە. لەم تەمەنەدا ئەگەر ئەم منداڵه وەک قوتابی گریمانه بکەین ئەوە ئەو منداڵە له پۆلی سێی سەرەتایی – شەشەمی سەرەتایی له سیستەمی پەروەردەدایه. لەم تەمەنەدا منداڵ یان کچۆڵه دەبێ له پێگەی دایک، و هاوسەر و بووکدا بێت. ئەم لانیکەمی تەمەنییه به هۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئەم سەردەمه که منداڵ له هیچ چەشنه لێهاتوویی ژیان و باڵقیی هزری و دەروونی سوودمەند نییه ناتوانێ ببێته بنەمای تەمەنی هاوسەرگیری.

توندوتیژی خێزانیی، دووگیان بوونی پێشوەخته و مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستیی جەستەیی و ڕۆحیی دایک و منداڵ، ئەرکی دایکایەتی که منداڵ خۆی لەم تەمەنەدا پێویستی به دایکه، پەرە‌سەندنی تەڵاق و منداڵ‌بێوەیی، خەمۆکی، خۆکووژی، ڕاکردن، لەشفرۆشی، ئالووده بوون به مادەی هۆشبەر، بەشخوراوی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، به ژنانه بوونی هەژاری و پەرە‌سەندنی سەرپێچییە کۆمەڵایەتییەکان، هەر هەمووی له ئەنجام و دەرهاویشتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە بەتایبەت کچانە. کەواته ئەم تەمەنە دەبێ گۆڕانی به سەردا بێ و لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ تەمەنی 15 ساڵان زیاد بکرێت. ئەنجامی لێکۆڵینەوه بێ‌ژومارەکان ئەوه دەردەخەن که هاوسەرگیری له تەمەنی کەمدا نه تەنیا ڕێژەی خەسارەته تاکایەتییەکان بەڵکوو کۆمەڵایەتییەکانیش بەرز دەکاتەوه. هۆکارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەخته کەلتووریی و کۆمەڵایەتییه. بەڵام گرنگترین هۆکاری پەرە‌سەندنی ئەم دیاردە، بوونی پشتیوانی یاسایی لە هاوسەرگیریی پێشوەختەیە. هەتا ئەو کاتەی سزای بۆ دیاری نەکرێ و لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری زیاد نەبێ، هەر چەشنە هەوڵێک بۆ ڕێگری لەم خەسارەتانه ‌بێسووده.

له هەندێ له یاساکانی ئێران بۆ وێنە مادەی 1210 یاسای سزا که پەیوەسته به توانای مامەڵەکاران، گەشە و پێگەیشتنی (رشید) کەسەکه تاوتوێ دەکات. لەم مادەدا تەمەنی 18 ساڵان وەک تەمەنێک که کەسەکه له ڕووی هزری و جەستەییەوه باڵقه به شێوەی شاراوه دەناسێنێت. به گوێرەی مادەی 1210ـی یاسای سزا پێگەیشتوو (ڕەشید) به کەسێک دەوترێ که دەسەڵاتی به سەر ماڵ و مافه داراییەکانی خۆی هەبێ واته ئەم دەسەڵات و خواستەی هەبێ که سامانی خۆی بگوازێتەوه و له کردەوەدا ڕەواڵە یاساییەکانی تەمەنی 18 ساڵان وەک تەمەنی گەشە دیاری دەکا ئەم ڕەواڵە له لایەن نووسینگەی بەڵگە فەرمییەکان، بانکەکان و دامەزراوه داراییەکان به کار دەهێنرێت. و ئەم تەمەنە بە بنەمای توانای کەسەکه دەزانن. کەواتە سیستەمی یاسایی ئێران له سەر ئەوەیه که کەسانێک که گەیشتوونەتە تەمەنی 18 ساڵانی تەواوی هەتاوی، وەک ڕەشید (پێگەیشتوو) گریمانه بکرێن و ئاکاره یاساییەکانی ئەوان به شیاو  سەیر بکرێت (شکری، 1387). ڕەواڵی یاسایی گشتی بە شێوەی شاراوه وڵات تەمەنی 18 ساڵانی بۆ بە توانابوون ناساندووە، بەڵام توانای کەسەکه بۆ هاوسەرگیری 13 ساڵان دیاری دەکرێت.

چۆنه کەسێک که عەقڵی بژێوی نییه و له یاسای ئێراندا وەک ناڕەشید و پێنەگەیشتوو دێته هەژمار تەنیا به مەرجی باڵقبوونی جەستەیی دەتوانێ هاوسەرگیری بکات. هاوسەرگیری بەدەر له باڵقبوونی جەستەیی پێویستی به باڵقبوونی هزریی و دەروونیی و بوونی لانیکەمی مەرجه دارایی و کارەکانیش هەیه و کەسەکه توانای و پێگەیشتوویی و عەقڵی بژێوی هەبێ بۆ ئەوەی ژیانی خێزانیی دابین بکات. به پێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات منداڵی 13 ساڵه و 15 ساڵه نە تەنیا ناتوانێ ژیانی بنەماڵەکەی بەڕێوه ببا بەڵکوو به بێ پشتیوانی دایک و باوک ناتوانێ ئەرکەکانی ژیانی تایبەتی خۆشی ڕابپەڕێنێت. دیاره له بارودۆخی ئابووریی ئێستای وڵات، بژێوی و دابینکردنی خواسته داراییەکانی بنەماڵه له توانای منداڵێکی 13 بۆ 15 ساڵه بەدەرە کەواته پێویسته پێداچوونەوەیەکی وردانه به یاساکانی هاوسەرگیریدا بکرێت.

له لایەکی تریشەوه به پێی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵان نایاساییه و ئەو وڵاتانەی که بوونەتە ئەندامی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ دەبێ له سەر بەڵێنی خۆیان پابەند بن. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران له ڕیزی وڵاتانی ئەندامی کۆنوانسیۆنه. نوێنەری هەمیشەیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران له ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له ڕێکەوتی 5ـی سێپتێمبەری ساڵی 1990ـی زایینی هاوڕێکەوت لەگەڵ 14ـی خەرمانانی ساڵی 1369ـی کۆچی هەتاوی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵی واژۆ کرد.

مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیش له ڕەشەمەی ساڵی 1372ـی هەتاوی له مادەیەکی یەکدەستدا پەسندی کرد و جێبەجێ کردنی ئەم کۆنوانسیۆنه له ڕێکەوتی 13ـی جۆلای ساڵی 1994 بۆ ئێران بە پێویست کرا. ئێران له ئاراستەی گەشە و به جیهانی بووندا هەنگاو دەنێ و  بۆ گەیشتن به گەشەی بەردەوام و وەدەستهێنانی پێگەیەکی باشتر له ناو دیکەی وڵاتاندا دەبێ پابەندییه نێودەوڵەتییەکانی بباتە بواری جێبەجێکردنەوە.

به پێچەوانەی ئەوەی ئێران له واژۆکەرانی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵه بەڵام له کردەوەدا جێبەجێی ناکا و ئەمه بۆ ئێران له پێگەی نێودەوڵەتی، هیمای جۆرێک لەقبوون و نەرێنیبوونی کۆمەڵایەتییە. بەم پێیه کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستخستنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی شیاو له سەر ئاستی نێودەوڵەتی به جێبەجێکردنی پەیمانەکانی کۆنوانسیۆنه نێودەوڵەتییەکان وەکوو کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، دەتوانێ له پێناو گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی له سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی گرنگ بهاوێژێت.

باس و کۆبەندیی

ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵان و مێرمنداڵان له ئێران خوار تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. له ئێراندا زانیارییەکی کەم سەبارەت به دیاردەی منداڵ‌هاوسەری له بەر دەسته. بەو پێیەی که زۆرێک له حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی منداڵان تۆمار ناکرێن، دیاریکردنی چەندایەتی پەرەسەندنی ئەم دیارده له ئێران ئەستەمه. ئەوەی دۆخەکە دژوارتر دەکا ئەوەیه که له ناوچه گوندییەکاندا هەندێ جار ڕێکەوتی له دایکبوونیش تۆمار ناکرێ و ئەمە دیاریکردنی تەمەنی دروستی کەسەکه له کاتی هاوسەرگیرییەکەیدا ناوومکین دەکات. گومانی تێدا نییه که نەریتی منداڵ‌هاوسەری له ئێراندا له سەر ئاستی 31 پارێزگاکه باوه. گرنگه کە ئەوە فەرامۆش نەکەین که هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دیاردەیەکی تەنیا ئافرەتانه نییه بەڵکوو هاوسەرگیریی کوڕانی کەم تەمەنیش لەو کۆمەڵگایانە دەگرێتەوه که له سۆنگەی کۆمەڵایەتییەوه هاوسەرگیریی پێشوەختە قبووڵکراو و باوه. لێرەدا سەرنج پرژاندنه سەر لێکدژییەکانی ڕەوتی هاوسەرگیری له ئێران جێی سەرنجه.

ڕەوتی هاوسەرگیری له ئێران پێوەرێکی دووجەمسەرییه. لایەکی ئەم جەمسەرە، حەشیمەتی گەنج و چالاکه که هاوسەرگیری بۆ تافی گەورەساڵی دەخاته دواوه و لە لایەکی تری ئەم جەمسەرە، کوڕان و کچانێکی کەمتەمەن بەدی دەکەین که ئامانج یان قوربانی منداڵ‌هاوسەرین. به گوێرەی ئەنجامی توێژینەوه و مەیدانی ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری له ئێران باوه. نووسەر له توێژینەوەی مەیدانی له سەر ئاستی هەوت پارێزگا: ١. خۆراسانی ڕەزەوی، 2. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، 3. خووزستان، 4. سیستان و بەلووچستان، 5. ئازەربایجانی ڕۆژاوا، 6. هورمزگان و 7. ئیسفەهان کە زیاترین فرەیی هاوسەرگیری و تەڵاقی پێشوەختەیان بووه، ڕایدەگەیێنێ که گرنگترین هۆکارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە له ئێران هەژاری، ئاستی نەزمی خوێندەواریی و کەم‌خوێندەواریی، پشتیوانی یاسایی، زەخته کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی پیاوسالارانه و باوەڕە نەریتیی و ئانیییەکانه.

پشتیوانی یاسایی له هۆکاره سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی منداڵ‌هاوسەری و هاوسەرگیریی پێشوەختە له ئێرانه. ئەو نەوبووکانەی که خۆیان هێشتا منداڵن میراتی یاسا ناتەواو و کۆنەکانن که دەبێ به جیدییەتەوه پێداچوونەوەیان پێدا بکرێتەوه. هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ هەر دوو ڕەگەزەکه به کار دەبرێ بەڵام ڕاستییەکانی کۆمەڵگا دەرخەری ئەوەن که ئەم دیارده زیاتر بۆ کچان خەسارەتبەخشتر و مەترسیدارتره. له دەرهاویشتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەتوانین ئاماژه بکەین به پەرە‌سەندنی تەڵاق، منداڵ‌بێوەیی، پەروەرده بوونی منداڵانی بێ‌سەرپەشت و بەدسەرپەرشت، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان، بەردەوامبوونی پرۆسەی هەژاری و لەشفرۆشی، هەڵکشانی نەخۆشی جەستەیی و سێکسی و ڕۆحی بۆ کچان. له کاتێکدا که یاسا شەرعی و یاساییەکان به دیاریکردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری 13 ساڵ بۆ کچان و 15 ساڵان بۆ کوڕان پشتیوانی له هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکەن، دیکەی فاکتەرە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان تۆختر دەبنەوه و ئەم دیارده و خەسارەته کۆمەڵایەتییە له کۆمەڵگادا درێژەی دەبێ و هەوڵی ڕێکخراوه نادەوڵەتییەکان و کەمپەینەکانی زانیاریبەخشین و کۆمەیتەکانی مافەکانی مرۆڤ بێ ئەنجام دەبێت.

دیاره منداڵان له تەمەنی نێوان 13 – 15 ساڵه به هۆی هەلومەرجی ئابووریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا به پێی دیکەی ماده یاساییەکان بۆ وێنە یاسای 1210ـی یاسای سزا توانا و پێگەیشتوویی (ڕەشید)ـان نییه و له  عەقڵی بژێوی بێبەشن و به پێی ڕەواڵی یاسایی که به شێوەی پەنگراو قبووڵ کراوه تەمەنی 18 ساڵان تەمەنێکه که تاک تایبەتمەندیی گەشە و ڕەشیدبوون وەدەست دێنێت. کەواته به پێی وەها یاساگەلێک دەتوانین بڵێین که یاسای لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریش دەتوانێ گۆڕانی به سەردا بێت. له لایەکی تریشەوه ئێران ئەندامی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵه. سەرەڕای ئەو هرووژم و پەلامارانەی که لەم دواییانەدا ئاراستەی کۆماری ئیسلامی و ئیسلام‌تۆقێنی دەکرێ و له سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕووی له پەرەسەندنه، ئێران به ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی پەیمانەکانی کۆنوانسیۆنه نێودەوڵەتییەکان بۆ وێنە مافەکانی منداڵ دەتوانێ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزتر وەدەست بێنێ و له ئاراستەی گەشەی بەردەوام هەنگاوی کاریگەر بهاوێژێت. بەم پێیه سەرنج خستنه سەر ئاسەواری تاکایەتی و کۆمەڵایەتی هاوسەرگیریی پێشوەختە بەتایبەت بۆ سەر کچان پێشنیار ئەوە دەکرێ کە پێداچوونەوه به یاسا بنەڕەتییەکاندا بکەن و لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری به تایبەت بۆ کچان زیاد بکرێت. هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری و گۆڕینی یاساکان لەم بوارەدا تاکه ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە نییه بەڵام له گرنگترین فاکتەرەکانی پێشگری و بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەیه. ڕێکارگەلی وەکوو زیادکردنی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵان، گۆڕین و چاکسازی یاساکانی سیغه (هاوسەرگیریی کاتی)، بەستێنسازی کەلتووریی و پەروەردەیی، تۆمارکردنی وردی ڕێکەوتی هاوسەرگیرییەکان، جیدیبوونی دەوڵەت و هاوئاهەنگی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوه له دژی منداڵ‌هاوسەری، خوێندنی زۆرەملێ و بێبەرامبەر بەتایبەت له ناوچه بەشخوراوەکان، هەڵکشانی ئاگاداری له لێکەوته و زیانەکانی منداڵ‌هاوسەری له ڕێگەی ڕاگەیاندنه گشتی و تەکنەلۆژییە نوێکان، پشتیوانی یاسایی له ڕێگەی دەزگای داد بۆ به نایاساییکردنی منداڵ‌هاوسەری، دیاریکردنی سزای قورس بۆ ئەنجامدەرانی هاوسەرگیریی پێشوەختە و له کۆتاییدا سوود وەرگرتن لە کەسایەتییه ئایینییەکان کە گرنگترین فاکتەرەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی له ئێران لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی منداڵانن. ئەم هەوڵانەی ڕابردووی فراکسیۆنەکانی ژنانی پەرلەمان بۆ زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی کچان بۆ 15 ساڵ و کوڕان بۆ 18 ساڵ له چوارچێوەی مادەی 1041 سەرەڕای ئەوەی له پەڕلەمان دەنگێکی زۆر وەدەست هێنا، بەڵام له لایەن کۆمیسیۆنی دادی پەڕلەمان ڕەت کرایەوه و سەرەڕای هەوڵ و داخوازیی بێ‌وێنەی نوێنەرانی پەڕلەمان و کۆمەڵگای مەدەنی هەتا هەنووکه خستنه گەڕی ئەم گەڵاڵە و گۆڕینی بۆ یاسا / ڕیفۆڕمی 1041 به هیچ کوێ نەگەیشتووه و ئەمه خۆی له خۆیدا پێشاندەری ئاڵۆزێتی و له یەکەمایەتیدا نەبوونی داخوازییە ڕەگەزێتی‌تەوەرەکان و جیاوازبوونی ڕوانگەی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات بۆ بابەتی منداڵان و تەمەنی منداڵییە.

 

سەبارەت به نووسەر:

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه.

توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:   www.kameelahmady.com

 

سەرچاوە کان:

مظاهری، ع. انصاری نژاد، ف (1388). رابطه سبک های همسر گزینی با کیفیت و پایداری ازدواج، فصلناوه راهبرد فرهنگ، دوره 18، شماره 5، صص 72-55.

سیار، ث. راهب، غ. اقلیما، م(1391). مقایسه کارکرد خانواده در ازدواج های سنتی و مدرن در زنان متاهل شهر تهران، فصلناوه علمی – پژوهشی رفاه اجتماعی، سال دوازدهم، شماره چهل و هفت، صص 295-281.

التجائی، ا، عزیززاده، م(1395). بررسی عوامل اقتصادی و فرهنگی موثر بر سن ازدواج در ئێران، فصلناوه جامعه شناسی فرهنگی، سال هفتم، شماره سوم، صص 19-1.

کرد زنگنه، ر(1390). بررسی میزان و عوامل مؤثر بر ازدواج زودرس در ئێران، فصلناوه توسعه اجتماعی، دوره ششم، شماره اول، صص 157-178.

مرادی، م. صفاریان، م(1391). عوامل اجتماعی و اقتصادی مرتبط با افزایش سن ازدواج جوانان، فصلناوه مطالعات جامعه شناختی جوانان، سال سوم، شماره هفتم، صص 108-81.

ابراهیمی، ح. فخرایی، س(1394). بررسی عوامل اجتماعی مرتبط با ازدواج زودرس در شهرستان نقده، فصلناوه مطالعات جامعه شناسی، سال ششم، شماره بیست و یکم، صص 110-93.

المو، ب(1386). ازدواج زودهنگام در اتیوپی: علل و عواقب سلامتی. مرکز بین المللی تحقیق برای زنان.

صتدوق جمعیت سازمان ملل(1391). ازدواج زود هنگام: پایان کودک همسری، نیویورک: صندوق جمعیت سازمان ملل

یونیسف(1383). آموزش. تاریخ دسترسی(7/10/1395)

یونیسف(1380). ازدواج زود هنگام: کودک همسران  . تاریخ دسترسی(7/10/95)

کلاگمن.جی، هانمر. اسن، تویگ.اس، حسن.جی، مک کلیری سلز و سانتاماریا.جی(1393). صدا و آژانس: توانمند سازی زنان و دختران برای موفقیت عموم. واشنگتن دی سی.

یونیسف(1392). بیانیه مشترک در خصوص پایان خشونت علیه زنان و دختران. تاریخ دسترسی(8/10/95)

ئەحمەدی، ک(1395). طنین سکوت: طنین سکوت: پژوهشی جامع درباب ازدواج زودهنگام کودکان در ئێران، تهران: نشر شیرازه.

ئەحمەدی، ک(1394). بناو سنت: پژوهشی جامع در باب ختنه زنان در ئێران، تهران: نشر شیرازه

شکری، فریده (1387). بررسی حقوقی سن ازدواج و رشد دختران، مطالعات راهبردی زنان (کتاب زنان)، دوره دهم، شماره 40، صص 156-131.

 

دابەزاندن PDFی وتار