ڕەگەزێتیی سێیەم: شیکاریی گشتگیری مرۆڤناسانەی ژیانی ناهاوسانان لە ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

ڕەگەزێتی یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤە کە بریتییە لە شوناس و ڕۆڵی ڕەگەزیی و ڕەگەزێتی، هۆگرییە سێکسییەکان، شاوەت، چێژ، دۆستایەتی و زک و زا. ڕەگەزێتی لە بیر، خەیاڵپەروەریی، خواست، باوەڕ، ڕوانگه، بەها، ڕفتار، شێواز، دەور و پەیوەندیی تاکەکاندا خۆی دەنوێنێت.

لە حاڵێکدا ڕەگەزێتی دەتوانێ ئەم ڕەهەندانە لە خۆ بگرێت، هەر هەموو ئەوانە هەمیشە بە ئەزموون ناکرێن یان دەرنابڕدرێن. ڕەگەزێتی لە ژێر کاریگەریی پەیوەندیی بایۆلۆجی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووریی، ئەخلاقی، یاسایی، مێژوویی، ئایینی و فاکتەرە مەعنەوییەکاندایه. سەبارەت بە ناهاوسانانی کۆمەڵگای ئێران و ئەوەی کە ئەم کەسانە لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا چۆن سەیری خۆیان دەکەن، توێژینەوەی زۆر کەم ئەنجام دراوه.

زانیارییەکی کەم لە مەڕ ئەزموونی کەسانی ناهاوسانی دانیشتووی ئێران بوونی هەیه. ئەم توێژینەوە بە نیازە ئەم بۆشاییە زانستییە سەبارەت بە بابەتێکی تا ئەم ڕادە گرنگە پڕ بکاتەوه. لەم توێژینەوەدا (شاری قەدەغەکراو) کە توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێرانە و لە ئێستادا بەرگی ئینگلیزییەکەی لە ژێر چاپدایە و بەرگە فارسییەکەشی چاوەڕێی مۆڵەتی چاپه، چالنجە هەڵقووڵاوەکانی گۆڕانکاریی ئەم سەردەمە لە پەیوەندییە ڕەگەزێتییەکان و چۆنیەتی ئەم پەیوەندییانە لە شاری تارانی پێتەخت و هەر دوو کەلانشاری (مەشهەد و ئیسفەهان) تاوتوێ کرا. داتاکانی ئەم لێکۆڵینەوە لە ساڵانی 1395 و 1396ـی هەتاوی کۆ کراوە و بە مەبەستی گەیشتن بە ستانداڕدێکی شیاوی پەسندکران و شێوازی لێکۆڵینەوەی پڕبایەخ پتر لە 400 دیمانە ئەنجام درا. بۆ هەڵبژاردنی کەسەکان شێوازی نموونەگیری تۆپەڵە بەفری بە کار هێنرا.

ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژە توێژینەوەییه بریتییە لە: تێگەیشتن لە هەست و باوەڕی تایبەت بە ناهاوسانان لە ئێران لە ڕێگەی شیکاریی ڕەخنەگرانە لە ڕوانگەی خۆیان و لێکدانەوەی ئەو چالنجانەی کە ئەوان بە هۆی ژیان لە ناو کۆمەڵگایەکی ئایین‌پەروەر، چین‌تەوەر، نەریتخواز و باوکسالار کە ناهاوسانیی وەک شوناسێک ڕەت دەکاتەوه، بە ئەزموونی دەکەن. پرسیاری لێکۆڵینەوە لێرەوە دەست پێدەکات. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم توێژینەوە ئەوەیە کە تەنیا فوکووسی خستۆتە سەر ناهاوسانانی هۆگریی سێکسی، و کەسانی تڕەنسی (کە هەڵگری هەر دوو لایەنی ژنانە و پیاوانەی ڕەگەزێتین و ئەم دوو لایەنە بە شێوەی هاوکات چالاکن) تاوتوێ نەکردووه.

وشە کلیلییەکان: ڕەگەزێتی، ناهاوسانان، ناهاوسانی سێکسی، هاوڕەگەزخوازان، شوناسی ڕەگەزیی، ئێڵ‌جی‌بی‌تی، LGBT

پێشەکی

ڕەگەزێتی، ڕەگەز و هۆگریی سێکسی چەمکگەلێکی مەلەوەر و هەمیشە لە حاڵی گۆڕاندان کە بناغە و گەوهەری پەیوەندییە مرۆییەکان پێناسە دەکەن. ڕەگەز ئاماژە بە جیاوازیی فیزیایی یان فیزیۆلۆجی نێوان لەشی پیاوان، ژنان و کەسانی دووڕەگەز دەکا کە هەم تایبەتمەندیی سەرەتایی ڕەگەزێک (سیستەمی زک و زا) و هەمیش تایبەتمەندیی دووهەم (وەک مەمک و مووی دەموچاو) لە خۆ دەگرێت. بەڵام ڕەگەزێتی بە شێوەی کۆمەڵایەتی بە گوێرەی ئەو تایبەتمەندییانە دیاری دەکرێ کە لە پۆلێنبەندی ڕەگەزییەوە سەرچاوە دەگرن و بەش بە حاڵی خۆیان ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتی یان کەلتوورییانەن کە لەگەڵ ڕەگەزێکی تایبەت دێن. کۆمەڵگای ڕۆژاوایی و زۆر کۆمەڵگای دیکە هەمیشە تەنیا دوو ڕەگەزیان بە فەرمی ناسیوه. بەو پێیەی کە کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئەو جێی پەیوەستە بە ڕەگەزەوه، لە سیستەمێکی دوو جەمسەریدا کار دەکا، دوو هەڵبژاردە زیاتر بەدی ناکرێ: پیاو یان ژن. بیمین و ڕانکین دەڵێن: ڕەگەزێتی لە ڕەگەز جیایە بەڵام گرێدراویەتی: ئەوان ڕەگەزێتی وەک گوزارشتی ڕاستییە بایۆلۆجییەکان لە چاوەڕوانیی کۆمەڵایەتی لە «ژنان» و «پیاوان» ڕەچاو دەکەن.

لە یەکەم چرکەساتی گیرسانی نوتفه، ڕەگەزێتی بە منداڵ دەدرێ و بە جۆرێ بە کۆمەڵایەتی دەبن کە لەگەڵ ڕەۆڵە ڕەگەزێتییە تایبەتەکانیان یەکسان بێت: ڕەنگە ئەمە بە پەتانی پەمەیی لە هەمبەر پەتانی نیلیی منداڵی ساوا دەست پێ بکا و بەو پەڕی خێراییەوە بە هەڵبژاردنی یاری و جۆری یاری کۆتایی پێ بێ کە لە ڕووی کەلتوورییەوە بۆ کچان و کوڕان ڕەچاو دەکرێن. هەر ڕفتارێک لە دەرەوەی ئەم نۆڕمە قبووڵکراو و تایبەتمەندییە پێناسەکراوانە دژی هەر چەشنە سازانێکی کۆمەڵایەتییە و قبووڵ ناکرێت. لە وەها هەلومەرجێکدا پەیوەندیی قووڵی بنچینەداری نێوان یەک ژن و پیاو پیرۆزه. ئەوەی بە کفراوی دادەنرێ بوونی هەر چەشنە پەیوەندیی یان هۆگریی سێکسی لە دەرەوەی بازنەی ئەم نۆڕمە پێشنیارکراوە کۆمەڵایەتییانەیە (پیاوان لەگەڵ ئافرەتان). ئێستا پۆلێنبەندیی ناهاوسانان هەر هەموو ئەم نۆڕم و سیستەمە دووجەمسەرییە بە چالنج دەکێشێت. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو، سەرچەشنی گوتاری پەیوەست بە ڕەگەزێتی و هۆگرییە سێکسییەکان زیاتر بە هۆی هاتنی دێڕگەلی نوێ بۆ ناو پێناسەی هۆگریی سێکسی و دەرکەوتنی تیۆری بان‌نۆڕمیی ڕەگەزیی (Queer Theory) لە دەیەی 90ـی زایینی گۆڕانی بەسەردا هات. ئەم تیۆریی و پێناسانە لە چوارچێوەی توێژینەوەی ژنان و پیاوانی هاوڕەگەزخواز ئامادە کران.

لەم حاڵەتەدا دەوترێ کە ئەگەرچی هۆگریی سێکسی کەسێک لە ژیاندا بێچم دەگرێ بەڵام ئەم هۆگرییە دەتوانێ لە درێژەی ژیانیدا گۆڕانی بە سەر بێت. بەڵام ئەمە نائاسایی نییە و پێی دەوترێ “مەلەوەریەتی”.

ناهاوسان (LGBT) وشەیەکە کە بۆ ئاماژە بە هاوڕەگەزخوازانی ژن، هاوڕەگەزخوازانی پیاو، دوو‌ڕەگەزخوازان و تڕەنسەکان بە کار دەهێنرێت. لەم توێژینەوەدا بە ئاوڕدانەوە لەم بابەتانە هەوڵ دەدرێ وێڕای لێکدانەوەی ئەدەبیاتی تیۆری و ئەزموونیی بابەتی ناهاوسانێتی، گێڕانەوە مێژووییەکان و پرۆسەی گهۆڕینی ئەم بابەتە لە ڕاستی و لە یاسا جیهانی و نیشتمانییەکان و هەروەها ڕوانگەی ئایین لێک بدرێتەوە و لە کۆتاییدا بارودۆخی ناهاوسانانی ئێران تاوتوێ بکرێت.

لە دنیایەکی مۆدێڕندا کە ناهاوسانیی تا دێت زیاتر لە ناو ئاپۆڕەی خەڵکدا پەرە دەسێنێ، بەردەوام ترس و دەمارگرژییەکی زۆر حەڕەشە لە ناهاوسانان دەکات. ئەم چەشنە ترسانە دەبێتە هۆی دەمارگرژییەک کە بە ترسی جۆراوجۆری دیکە و هەڵکشانی دەمارگرژیی ڕەگەزی کۆتایی پێ دێت. ڕۆڵە ڕەگەزێتییە پێناسەکراوەکان هاوڕەگەزخوازتۆقێنی پشتڕاست دەکاتەوە؛ چوونکە زۆرێک لە دیترڕەگەزخوازان لەو بۆچوونەدان کە هاوڕەگەزخوازی شەمزاویی ڕەگەزێتییه. فاکتەرێکی ئەگەریی دیکەی هاوڕەگەزخوازتۆقێنی، ژن‌دژییه، شوێنێک کە بێزاری و وەڕەزیی کۆمەڵگا لە هۆگریی سێکسی پیاوانی گەی، ئەو گەیانە دەکاتە ئامانج وا “وەکوو ئافرەتان هەڵسووکەوت دەکەن” کەواتە ئەو ئیمتیازە پیاوانەیەی کە بە مافی ئەوان دەزانرێ، لە دەست دەدەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هۆگریی سێکسیی لزباینەکان هاوشێوەی داگیرکردنی دەسەڵات و ئیمتیازی پیاوانە سەیر دەکرێت. خوێندنەوەی کالێن، ڕایت و ئەلساندری دەرخەری ئەوەیە کە پیاوی دیتر‌ڕەگەزخواز لە ئافرەتی دیتر‌ڕەگەزخواز، هاوڕەگەزخوازتۆقاوتره.

ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گووتاری هاوڕەگەزخوازی، دەمارگرژتر و هەستیارترن. هەروەها، زۆربەی لێکۆڵەرانی ڕەگەزێتی لەو باوەڕەدان کە بە هۆی گەڕانەوەی کەمتر بۆ ئینجیل سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی، دەمارگرژییە مۆدێڕنەکان هاوڕەگەزخوازتۆقێنییان بنیات ناوە.

سۆلیوان و ڤودارسکی (2002) دەڵێن «گەڕانەوە بۆ ئینجیل سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی بووەتە بناغەی دەمارگرژیی مۆدێڕن بۆ هاوڕەگەزخوازتۆقێنی؛ چوونکە زۆربەی بەرهەڵستکارانی هاوڕەگەزخوازی و ڕفتاری ‌هاوڕەگەزخوازدژانە پشت بەم بەڵگە دەبەستن کە ئینجیل هاوڕەگەزخوازی بە ناپیرۆز یان قەدەغە دەزانێت.»

لە ڕاپۆرتێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ساڵی 2016، بانکی جیهانیی کاریگەریی نەرێنی هاوڕەگەزخواز تۆقێنی و تڕەنستۆقێنی لە سەر کارکردی ئابووریی وڵاتان و هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری تاوتوێ کرد. بە گوێرەی ڕاپۆڕتی بانکی جیهانی بە هۆی نێو و نیتکەنانی بەردەوام و هەڵاواردن، ناهاوسانان حەشیمەتێکن کە زیاتر هەژاری بە ئەزموون دەکەن. لە ڕووەوەی کە ئەم کەسانە لە بواری ڕاهێنان و ئیشکردن وەدوا دەکەون، کۆمەڵگا بە شێوەی گشتی لێهاتوویی و توانای بەرهەمهێنانی ئەوان ڕەچاو ناکات. کەواتە بەرەنگاربوونەوەی ترس لە ناهاوسانان لە کۆمەڵگادا دەتوانێ باشتربوونی باری خۆشگوزەرانی و وەدەستهێنانی سامانی زیاتر بۆ هەمووانی لێ کەوێتەوە.

هەروەها دوو‌ڕەگەزخوازتۆقێنی کاریگەرییەکی ڕووخێنەری لە سەر ژیانی کەسانی دووڕەگەزخواز هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆریان بشاردرێنەوە و بۆ خۆ دوور خستنەوە لە گاڵتەجاڕی و دەرکران «لە شاراوەیی»ـدا بمێننەوه. ئەم مەسەلە دەتوانێ کاریگەری لە سەر چاکژیانەوە و هەستی شوناسی ئەوان دابنێ و زۆر سادە پێگەیاندنی ئاستی متمانە بە خۆبوون و لێبڕاوەیی بۆ دوو‌ڕەگەزخوازان ئەستەم دەکات. یەکێک لە خراپترین لێکەوتەکانی دووڕەگەزخوازتۆقێنی جیاکارییەکە کە کەسی دوو‌ڕەگەزخواز نە تەنیا لە لایەن کۆمەڵگا بەڵکوو لە لایەن هاوڕەگەزخوازانەوە تووشی دەبێت. ڕوانین بە پێی تڕەنس‌تۆقێنی دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی هەڵاواردنی سیستماتیکی وەکوو هەڵاواردن لە پیشە و خانوبەره، توندوتیژی پۆلیس و توندوتیژی بە هۆی بێزاری.

 

ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوه

لایەنی هۆگریی سێکسی بە شێوەی بەربڵاو بۆ سەر سێ بەش دابەش دەبێ: هاوڕەگەزخوازی، دووڕەگەزخوازی و دیتر‌ڕەگەزخوازی. هیچ‌ڕەگەزخوازی جۆری چوارەمە کە سەرنجی پێ نادرێت. ئەوەی کە چۆن لە کەسێکدا هۆگرییەکی تایبەت پەروەردە دەبێ زۆر جێی باسه؛ زۆرێک لە بیرمەندان لەو بۆچوونەدان کە هۆگریی سێکسی لە تەمەنی زۆر کەمدا بێچم دەگرێت. هەندێ لە توێژەران پەیوەندیی نێوان کاریگەرییە ژنێتیکی، هۆرمۆنی، گەشەیی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان لە سەر هۆگریی سێکسی بە کاریگەر دەزانن؛ بەڵام هیچ فاکتەرێک یان هۆکارگەلێکی دیاریکراو نییە کە سەد لە سەد دیاریکەرەوە بێت. ژنانی هاوڕەگەزخواز (لزباین)، پیاوانی هاوڕەگەزخواز (گەی)، دوو‌ڕەگەزخوازی (بایسێکشواڵ) و تڕەنسێتی (تڕەنس جێندەر) (LGBT) مومکینە بە پێی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی واتای جۆراوجۆر لە خۆ بگرێت.

هاوڕەگەزخواز (homosexual) کەسێکە کە لە ڕووی سۆزداریی، فیزیایی و یان سێسکییەوە هۆگری هاوڕەگەزی خۆی بێت. هاوڕەگەزخوازی شوناسێکە کە تاک تێیدا خۆی بە گەی یان لزباین دەزانێت. وشەی گەی (gay)، زیاتر ئاماژە بەو پیاوانە دەکا کە ڕاکێشی پیاوان دەبن. مەبەست لە لزباین (lesbian)، ئەو ژنانەن کە پتانسێلی ڕاکێشانی ڕۆمانسی، شاوەتی و یان سۆزداریی ئافرەتانی دیکەیان هەیه.

دوو‌ڕەگەزخوازی (Bisexual) ئەو ژن و پیاوانەی کە نە تەنیا بۆ کەسانی هاوڕەگەزی خۆیان، بەڵکوو هۆگریی سێکسییان بۆ کەسانی ڕەگەزی بەرامبەریش هەیه. لە حاڵێکدا کە پیاوان لەوانەیە زیاتر گەی یان دیتر‌ڕەگەزخواز بن دوو‌ڕەگەزخوازی لە ناو ئافرەتاندا باوتره.

تڕەنسێتی (Transsexual)، پێناسەیەکی گشتییە بۆ پێناسەی پانتایەکی بەربڵاوی ئەو کەسانەی کە شوناسی ڕەگەزێتی یان ڕۆڵی ڕەگەزێتی ئەوان لەگەڵ ڕەگەزی ڕەپاڵدراویان لەگەڵ کاتی لە دایکبوونیان هاوئاراستە نییه.

هیچ‌ڕەگەزخواز (asexual)، کەسێک کە هیچ هۆگرییەکی سێکسی بۆ کەسی هاوڕەگەز یان ڕەگەزی بەرامبەری خۆی نییه.

دیتر‌ڕەگەزخوازی (Heterosexuality) تایبەتمەندیی کەسێک پێناسە دەکا کە هۆگریی سێکسی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر هەیه. ئێمە سرووشت بە پێشتر بەرناوەڕێژی کراو و لە ژێر کاریگەری بۆماوەیی جیناتی و دیکەی فاکتەرە بایۆلۆجییەکان دەزانین. لە لایەکی تریشەوه، پاش دروستبوونی نوتفە، پەروەردەی کەسەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فاکتەرە دەرەکییەکانی وەکوو ژینگه، ئەزموون و پەروەردە.

لە بواری ڕفتاری مرۆیی، پرسی کۆنی سرووشت لە هەمبەر پەروەردە و کاریگەریی ژینگه، چ ژینگەی بەر لە لەدایکبوون و چ ژینگەی ژیانی تاک یان جیناتەکان لە باسە گرنگەکانی هۆگریی سێکسییه. تیۆرییە جیاوازەکانی هاوڕەگەزخوازی یان لە ئاراستەی جەوهەر‌باوەڕییەوە سەرچاوە دەگرن یان لە شێوازی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی. لەم ماوەی کۆتاییدا ئەنجامێکی دووجەمسەر هاوپەیوەندی پیشان دەدا کە بە پێی ئەو، کەسانێک کە پێیان وایە هاوڕەگەزخوازی تاوانه، لەو باوەڕەدان کە هاوڕەگەزخوازی بژاردەیەکی تاکەکەسییە (تیۆری ژینگەیی) و لە بەرامبەردا، ئەوانەی وا پێیان وایە هاوڕەگەزخوازی ئاسایی (نۆڕماڵ)ـه، باوەڕیان بە تیۆریی هۆکارێتیی بایۆلۆجیک یان جیناتە.

 

فڕۆید یەکێک لە داکۆکیکارانی سەرەکی کاریگەریی فاکتەرە ژینگەییەکان لە سەر هاوڕەگەزخوازی بوو. فڕۆید لە سەروبەندی ژیانی خۆیدا چوار تیۆری لە مەڕ هاوڕەگەزخوازی خستە ڕوو. یەکەمین تیۆرییەکانی ئەو دەیانوت هاوڕەگەزخوازی لە گرێی ئۆدیپەوە سەرچاوەی سەندووه؛ بەو واتایەی کە کوڕی منداڵ پەیوەندییەکی هەوەسانەی ئاسایی لەگەڵ دایکی خۆی ساز دەکا؛ بەڵام دایک سۆزێکی زۆر بە کوڕەکەی دەبەخشێ و لە ئەنجامدا کوڕ بە شێوەیەکی ڕاڕایی ئەندامی زاوزێ خۆی بە لاوە گرنگ دەبێت.

تیۆرییەکی دیکە دەڵێ منداڵ جیاوازیی نێوان خۆی و ئەوی تری نازانێ و وا دەزانێ دایک ئاناتۆمییەکی هاوشێوەی ئەوی هەیه. لە قۆناغی خۆپەسندیی، منداڵ پەی بە جیاوازبوونی خۆی و دایکی دەبا و حەڕەشەی خەساوی دەتوانێ ببێتە سزایەک بۆ هەستی هەوەسبازانەی ئەو منداڵە. کەواتە ئەو بە شێوەیەکی ڕاڕاییانە بیر لە کۆئەندامی زاوزێ خۆی دەکاتەوە. بە گوێرەی تیۆرییەکی دیکه، کاتێک کە منداڵ بۆی دەردەکەوێ کە دایکی کۆئەندامی زاوزێی پیاوانەی نییه، وەحشەت دەکا و خۆشەویستی ئەو بۆ دایکی دەبێتە بێزاری. لەو کاتەوه، ناوبراو ژنێک بە کۆئەندامی زاوزێی پیاوانەوە دەستنیشان دەکا (کوڕێ بە پڕەنسیپی ئافرەتانەوه). تیۆریی چوارەم و دواییەکەی چەشنێکی دیکەی گرێی ئۆدیپ بوو کە دەیکوت کوڕانی هاوڕەگەزخواز عەشقێکی بەتینیان بۆ دایک و ئیرەییەکی لە ڕادە بەدەریان بەرامبەر بە باوک هەیه. ئەم ئیرەیی‌بردنە بە باوک بە شێوەی ئاوات‌خوازیی بۆ مەرگ و خەیاڵ پەروەرییەکی سادیستییانە لە توندوتیژی خۆی دەنوێنێت. لە ئەنجامدا وەک کاردانەوە، منداڵ ئەم هەستانە دەکا بە عەشق بۆ هاوڕەگەز.

لە لایەکی دیکەوە تیۆرییە بایۆلۆجیکییەکان وشەی هۆگریی سێکسی بۆ ئاماژە بەو جینانە بە کار دەبەن کە لە ڕێگەی ستڕۆییدە سێکسییەکانی بەر لە لەدایکبوون هاوکاری گەشە، ڕێکخستن و پێکهاتەی سیستەمی عەسەبی دەکەن. پێکهاتەی کیمیایی و پێکهاتەی مێشک لەم ماوەی دواییدا شرۆڤە کراوە و لە توێکارییەکدا جیاوازییەکانی پیاوانی هاوڕەگەزخواز پیشان دراوه. خوێندنەوەی دەروونپزیشکیی زانکۆی بۆستۆن، ڕیچاڕد پیلاڕد و دەروون‌ناسیی زانکۆی نۆڕستێڕن، جی. مایکل بیلی، سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی و دووانە کوڕە لێکچوو و لێکنەچووەکان پیشانی داوە کە لە دووانە لێکچووەکان ئەگەر یەکیان گەی بێ، چانسی گەی‌بوونی ئەوی تر نزیکەی 50 لە سەده. سەبارەت بە دووانە لێکنەچووەکان ئەم ڕێژە نزیکەی 20 لە سەد بوو. هاوڕەگەزخوازی ڕیشەی بنەماڵەیی هەیە و لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە 8 بۆ 12 لە سەدی برایانی پیاوانی گەیش گەین و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕێژە لە حەشیمەتی گشتیدا 2 بۆ 4 لە سەده.

لە سەر ئاستی جیهانی گرنگییەکی ئەوتۆ بە دوو‌ڕەگەزخوازەکان نەدراوە و لەم بوارەدا کاری زۆر ئەنجام نەدراوه.

کاری توێژینەوەیی ئیلیاسۆن (1997) و هێرک (2002) سەبارەت بە پەیوەندیی دووڕەگەزەخوازەکان پیشان دەدا کە ڕوانگەی سەبارەت بە دووڕەگەزخوازان زۆر جار تێکەڵ بە ڕوانگەی سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازان بووه. هەروەها ئەم بۆچوونە هەیە کە ڕوانگەی ژنانی دیترڕەگەزخواز بەرامبەر بە دووڕەگەزخوازەکان پتر لە پیاوانی دیتر‌ڕەگەزخواز ئەرێنییە و ژنانی دوو‌ڕەگەزخواز سەرتر لە پیاوانی دووڕەگەزخواز لە قەڵەم دەدرێن. چان (2002) لە توێژینەوەی خۆی دا پیشان دەدا کە چۆن بە بەراورد لەگەڵ دیتر‌ڕەگەزخوازان، ناهاوسانان لە هۆنگ کۆنگ ڕووبەڕووی ڕفتاری نایەکسانانە دەبنەوه.

هەر بەم شێوه، ئۆچا تێدەکۆشێ توێژینەوەیەک لە مەڕ پیشەسازیی سێکسی لە وڵاتی تایلەند و ئەم بابەتە ئەنجام بدا کە چۆن ئاراستە و ڕفتاری نوێ لە وڵاتی تایلەند خەریکە دەردەکەوێت. ناهاوسانی لە تایلەند پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زیاتره. سیراج (2012) ئەم خاڵە شرۆڤە دەکا کە چۆن ئایینی ئیسلام دەبێتە هۆی ڕەنج و ئازاری لزباینە موسڵمانەکان.

 

لە ئێراندا توێژینەوەی کەم لە مەڕ ناهاوسانان ئەنجام دراوه. تەنیا کۆمەڵێ کەمی دێکۆمێنت و چەند وتاری ڕۆژناوەیی بوونی هەیه. پڕۆژەی زانیاریی و توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MERIP) زانیاری سەبارەت بە ڕێکخراوی داپەڕی ئاشکرای جیهانی (کە پێشتر پێی دەوترا کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤی گەی و لزباین) بڵاو کردەوه. داپەڕی ئاشکرای جیهانی ئەو سێ کارناسەی کە بواری کاریی هاوبەشیان هەبوو لە مانگی ئاکتەوبەری ساڵی 2015 بۆ وتوێژ لە مەڕ هەندێ پرسی ئایینیی، یاسایی و کۆمەڵایەتی، کە کەسانی ناهاوسانی دانیشتووی وڵاتی ئێران ڕووبەڕووی دەبنەوه، کۆ کردەوه.

پێشتر لە ساڵی 2012 و 2014 دوو خولی کۆ بوونەوە لە دۆسۆلدۆرفی ئاڵمان بەڕێوە چوو کە تێیدا داپەڕی جیهانی ئاشکرای یاساناسان، چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و خوێندکارانی زانکۆی بۆ بەشداری لە کۆڕێک لە مەڕ بارودۆخی ناهاوسانان لە وڵاتی ئێران کۆ کردبۆوه. ڕاپۆڕتەکەی ئەوان لە ژێر ناوی «مافەکانی لزباین، گەی، دوو‌ڕەگەزخوازان و تڕەنسەکان لە ئێران» پوختەیەک لە ئەنجام و دەستکەوتەکانی کۆنفڕانس و ئاراستەی نوێ بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی مافی ناهاوسانانی ئێرانی بوو.

لە ساڵی 2013، ناوەندی دێکۆمێنتسازیی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕاپۆڕتێکی 60 لاپەڕەیی بە ناوی «شوناسی نکۆڵی لێکراو: پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی کۆمەڵگەی ناهاوسانانی ئێران» ئامادە کرد. سەرەڕای ئەوەی چەندین دیمانە لەگەڵ گەی، لزباین و تڕەنسە ئێرانییەکان ئەنجام دران، بە هۆکاری ئەمنی، زۆربەی دیمانە لەگەڵکراوان ئیتر لە ئێراندا نەدەژیان. جیاوازیی ئەم توێژینەوە لەگەڵ ئەوە لێرەدایە کە لە سنووری جوگرافیای ئێراندا ئەنجام دراوە  و بریتییە لە دیمانە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە کاتی توێژینەوە و دیمانەدا لە ئێران دەژیاین.

گێڕانەوەی مێژوویی ناهاوسانان

ناهاوسانی یان هاوڕەگەزخوازی وشەیەکی نوێیە کە ئاماژە بە کۆمەڵگەی لزباین، گەی، دوو‌ڕەگەزخواز و تڕەنسەکان دەکات. ئەگەرچی مێژوو یان ئاخێزگەی ئەم کۆمەڵگەیانە ناڕوونه، ئەوان لە سەردەمانی کۆنەوە هەر هەبوون. لە ڕاستیدا، هەر دوو چەمکی هاوڕەگەزخوازی و دوو‌ڕەگەزخوازی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی هاوچەرخ؛ چوونکە بەر لەو خەڵک پێیان وا بوو کە دەبێ «ئەوەی هەن» لە ڕوانگەی مەیل و تامەزرۆیی سێکسیی خۆیان پێناسەی بکەن. کاتز (1995) دەڵێ «پێکهاتەخوازانی کۆمەڵایەتی دەتوانن زۆر داڕشتەی مێژوویی بدۆزنەوە کە تێیاندا کەسەکان پەیوەندییان لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیان هەبووه؛ بەڵام تەنیا لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم وشە تایبەتەکان ناویان لە سەر پۆلێنبەندییە ڕفتارە سێکسییەکان (بە شێوەی دیاریکراو یان هاوڕەگەزخواز یان دیتر‌ڕەگەزخواز) نا.» هەروەها ئەو پێی وایە کە «ئەم وشانە لە سەردەمی ڕۆژاوای مۆدێڕن یارمەتی دروستبوونی ڕەگەزێتییان بوون.»

لە وڵاتی فارسەکان (ئێرانی ئەوڕۆیی) بە ڕفتاری هاوڕەگەزخوازانە و هۆگریی بۆ هاوڕەگەز لە زۆرێک لە شوێنە گشتییەکان لە دەیر و قوتابخانە زانستە ئایینییەکانەوە بگرە تا دەگاتە مەیخانه، کەمپە سەربازییەکان، گەرماوی گشتی و قاوەخانەکان بە نەرمی نوێنییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. لە سەرەتاکانی سەردەمی سەفەوی (1723-1501)، کاباڕەی پیاوانە (ئەمردخانه) بە شێوەی یاسایی مۆڵتیان پێ درا بوو و باجیان دەدا.

کێشەکانی پەیوەست بە ناهاوسانان هەمیشە لە ڕۆمانەکان، ئەو ڕۆمانانەی وا دەبنە فیلم، کتێبی مێژوویی و توێژینەوەی پەیوەست بە مافە کۆمەڵایەتی و هاووڵاتییەکان، لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەو ئەدەبیاتە سنووردارەی کە سەبارەت بە ناهاوسانانه، بەدی کراوه. ڕۆمانی “دوو کوڕ، کاتی مەلەکردن” بەرهەمی جیمی ئوونیل، “شاری شەو” بەرهەمی جان ڕۆکی، “چای تەنیایی” ڕادکلیۆف هاڵ لە ساڵی 1928 سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازانی ئافرەت، یادداشتی ڕۆژانەی ئێن لیستەر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، ڕۆمانی ڕۆزامۆند لیمەن لە ساڵی 1927 سەبارەت بە دوو‌ڕەگەزخوازان، بەرهەمی جیمز باڵدڤین لە ساڵی 1956 لە ژێر ناوی “ژووری جیڤانی” بە دوو بابەتی هاوڕەگەزخوازی و دوو‌ڕەگەزخوازی، “ڕەنگی بنەوش” بەرهەمی ئالیس واکێر لە دەیەی 30 نموونەگەلێک لەو ڕۆمانە بەناوبانگانەن کە سەبارەت بە ژیانی ناهاوسانانن.

هەروەها لە ساڵی 1934، شانۆی ئەمریکی لیلیان هێڵمەن، “کاتژمێری منداڵان” لەو ڕۆمانانەن کە زۆر فیلمی پەس‌بزوێنی لێ ساز کراوه. لە ئێران شاعیرانێکی وەکوو سەعدی (1291)، حافز (1396) و جامی (1492) کۆمەڵێ شێعریان هۆنیوەتەوە کە پڕە لە هێماکانی هۆگریی سێکسی بۆ هاوڕەگەز.

ڕوانینێکی گشتی بۆ ناهاوسانان و سناریۆ یاساییەکانی ئەوان لە سەر ئاستی جیهان

یاساکانی دژ بە پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕەگەز دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەم و نوێنەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگای ئینگلتەرا دەکا کە پێیان وا بوو هاوڕەگەزخوازی “خراپترین تاوان”ـه.

ئەو کات هاوڕەگەزخوازی کردەوەیەکی قبووڵنەکراو بوو کە تا ڕادەیەک حەڕەشەی لە سەقامگیریی کۆمەڵگای ڤیکتۆریایی دەکرد کە شوناسێک بە ناوی شوناسی هاوڕەگەزخواز لەم سەردەمەدا بوونی نەبوو. لە ساڵی 1952 لە ئینگلتەرا، 670 دۆسیەی بە دواداچوونی یاسایی بۆ کردەوەی نێربازی، 3 هەزار و 87 دۆسیە بۆ هەوڵدان بۆ نێربازی یان پەیوەندیی سێکسی زۆرەملێ و هەزار و 686 دۆسیە بۆ پەیوەندیی سێکسی نێوان پیاوان (تێکەڵبوون) کرا بووەوه.

هەڵبەت ناتوانین بڵێین کە ئەمە بێزارییەکی جیهانی بوو. لە ڕاستیدا، هەندێ کەلتووریش هەبوون کە ڕێزیان لە پەیوەندی و عەشقی نێوان دوو هاوڕەگەز دەگرت. هیندووییزم هاوڕەگەزخوازی بە گوناح و تاوان نازانێت. لە ڕاستیدا ئەنجومەنی هیندووی ئینگلتەرا ڕاگەیەندراوێکی بەم ناوەڕۆکە بڵاو کردەوە کە «هیندوییزم دژی هاوڕەگەزخوازی نییە.»

کتێبی پیرۆزی سیکەکان، گۆڕۆ گڕانت ساحێب، باس لە نەرمی نوێنی، یەکسانی و قبووڵکرانی هەموو کەس جیا لە نەتەوه، ئایین، ڕەگەز یان هۆگریی سێکسی دەکات. ڕێوڕەسمی هاوسەرگیریی سیکەکان لە ڕەگەز و ڕەگەزێتییەکی تایبەتدا تەسک نابێتەوە و لەم ئایینەدا، هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕەگەز مومکینه.

ئەفریقا ڕوانگەیەکی توندوتیژی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ناهاوسانان هەیه. سەرۆک کۆماری پێشووی زیمباوه، مووگابه، لە وتەیەکی ڕاشکاوانەدا لە مەڕ مافی ناهاوسانان وتی گەیەکان لە مرۆڤ کەمترن و شیاوی هیچ مافێکی مرۆیی نین و تەنانەت لە سەگ و بەرازیش خراپترن.

سەرۆک کۆماری گامبیا، یەحیا جەمه، داوای کرد یاسایەک لە دژی هاوڕەگەزخوازان پەسند بکرێ و لە درێژەدا وتی ئەو لە وڵاتەکەیدا هەر گەی یان لزباینێک ببینێ، “ملی دەپەڕێنێت.” سەرۆک کۆماری ئۆگاندا وتی پەیوەندیی گەیەکان دژی ویستی خودایه.

ئەندازەگیری نوێی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پیو کە لە سەر ئاستی 39 وڵات ئەنجام درا، پیشانی دا کە لە وڵاتانی ئەمریکای باکووری، یەکێتی ئورووپا و زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بە گشتی هاوڕەگەزخوازییان قبووڵ کردووە. لە ساڵی 2017، لە چیچان بۆ پاکتاوکردنی گەیەکان بزووتنەوەیەکی دژ بە گەی پێک هێنرا. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ژیانی سەربەستانەی ناهاوسانان لە وڵاتانی بە حەشیمەت زۆرینە موسڵمان، دەگمەنه؛ بەڵام ئەم دیاردە بە شاراوە زۆر باوه. پۆلیسی سووریا بە دەگمەن گەیەکان قۆڵبەست دەکات.  لە وڵاتی ئەڤغانستان، دەوڵەمەندان کوڕانی سەماکەر وەک کوڕانێک کە لەگەڵ پیاوان پەیوەندیی سێکسی ساز دەکەن، دەکڕنەوە (منداڵبازی).

لەم ساڵانەی دواییدا لە سەرتاسەری جیهاندا مدارایەکی زیاتر لەگەڵ ناهاوسانان کرا. لە ساڵی 2002، کۆمەڵێ لە ژنانی فەڵەستینی گرووپی «اصوات» (دەنگەکان)ـیان پێک هێنا کە دواتر گرووپێکی فەڵەستینی دیکە بە ناوی «القوس» چووە پاڵ ئەو گرووپه. هەر دوو گرووپەکە لە وڵاتی ئیسڕائیلن؛ بەڵام لەگەڵ فەڵەستینییەکانیش لە پەیوەندیدان. دەوروبەری ساڵی 2004، گروپێک لە ئەکتیڤانی لوبنانی «حالم»ـیان پێک هێنا کە یەکەمین ڕێکخراوی ناهاوسانان بوو و بە ئاشکرا لە وڵاتێکی عەرەبیدا چالاکییان دەکرد. گۆڤاری ئۆردنیMy Kali ، کە ئامانجەکەی «تاوتوێکردنی بابەتی هاوڕەگەزخوازتۆقێنی و تڕەنس‌تۆقێنی و بەتواناکردنی گەنجان بۆ نەهێشتنی دووجەمسەرییە ڕەگەزێتییە باوەکان لە جیهانی عەرەب»ـه، لە ساڵی 2007 بە شێوەی ڕێکوپێک بڵاو دەبێتەوه. لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا، ڕێژەی قبووڵکردنی هاوڕەگەزخوازی لە کۆمەڵگا لە ساڵی 2007 هەتا هەنووکه، لانیکەم هەتا 10 لە سەد بەرز بوونەوەی بە خۆوە بینیوه.

لە ساڵی 1975 ئوستڕالیای باشووری ڕایگەیاند کە هاوڕەگەزخوازی پیاوان تاوان نییه.

لە ئەنجامدا لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2017، ئوستڕالیا هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانی خستە دەنگدانەوە و زۆرینەی کەسەکان لە بزاڤێکی مێژووییدا دەنگی ئەرێیان پێدا.

هەر بەم شێوه، یاساکانی مافەکانی مرۆڤیش بەردەوام لە کامڵبوون و گوراندان، لە بە فەرمی ناسینی یاسایی لە جاڕناوە و پەیمانناوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە بگرە هەتا ڕەواڵی ناخۆیی دەوڵەتەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی. لە یەکەمین ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە مەڕ مافەکانی کەسانی لزباین، گەی، دوو‌ڕەگەزخواز و تڕەنس لە ساڵی 2011، کوژرانی ناهاوسانان لە سەرتاسەری جیهان، توندوتیژی بە هۆی بێزاری، ئەشکەنجە و بە تاوانزانین و هەڵاواردن لە بواری پیشە، تەندروستی و خوێندن و وردەکارییەکانیان بە هۆی شوناسی ڕەگەزێتی یان هۆگریی سێکسیی ڕاستەقینە یان گریمانەیی ناهاوسانان تاوتوێ کرا. بە پێی ئەم ڕاپۆڕته، هاوڕەگەزخوازدژی و تڕەنس‌تۆقێنی لە سەر ئاستی هەموو ناوچەکانی جیهاندا بوونی هەیه. توندوتیژی سەپێنراو بە سەر ئەم گرووپە بە شێوەی تایبەت لە چاو دیکەی تاوانە دەمارگرژیتەوەرەکان، نگریستر بووە. “نموونەکان ڕادەیەکی زۆری توندوتیژی و دڕندایەتی پیشان دەدەن کە تێهەڵدان، ئەشکەنجه، بڕین، یەختەکردن و پەلاماری سێکسی لە خۆ دەگرن.

لە ساڵی 2003، کۆڕی گشتی لە ڕێگەی پەیمانناوەکانی خۆی لە بواری لە سێدارەدانی سەربەخۆیانه، نایاسایی یان بە کورتی پەیتاپەیتا خوازیاری سەرنج خستنە سەر کوژرانی کەسانێک بە هۆی شوناسی ڕەگەزیی یان هۆگریی سێکسییان بووە. لە ساڵی 2011، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بڕیارناوەی 17/19ـی پەسند کرد کە یەکەمین بڕیارناوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە مەڕ شوناسی ڕەگەزێتی و هۆگریی سێکسی بوو و «نیگەرانییەکی زۆری»ـی بەرامبەر بە توندوتیژی و هەڵاواردن لە دژی ئەو کەسانە ڕاگەیاند کە خاوەن شوناسی ڕەگەزیی و هۆگریی سێکسی بوون. لە ساڵی 2014، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان یەکەمین جاڕناوەی خۆی پەسند کرد کە مافەکانی ناهاوسانانی بە فەرمی دەناساند و بە دوای ئەودا ڕاپۆڕتێکی لە سەر کۆمیسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوەکان بڵاو کردەوە کە پێشێلکردنی مافەکانی ناهاوسانان وەکوو تاوانی سەرچاوە گرتوو لە بێزاری، بە تاوانزانینی هاوڕەگەزخوازی و هەڵاواردنی بە دێکۆمێنت کردبوو.

ئەم مافانە کاتێک زیاتر بە فەرمی ناسران کە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان داوای لە هەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە هێشتا هیچ یاسایەکیان بۆ پشتیوانی لە مافە بنەڕەتییەکانی ناهاوسانان پەسند نەکردبوو، بۆ ئەوەی داپەڕێک ئەنجام بدەن. هەر بەم شێوە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەموو جۆرەکانی پەیمانناوەی لە بواری مافەکانی مرۆڤ، هۆگریی سێکسی و شوناسی ڕەگەزیی پەسند کرد.

لە سەر ئاستی نیشتمانی ئەو یاسایانەی کە کاریگەری لە سەر ناهاوسانان دادەنێ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازه. لە بە فەرمی ناسینی یاسایی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕەگەز یان جۆرەکانی دیکەی پێکەوە ژیان هەتا سزای مەرگ بۆ ڕفتاری سێکسی / ڕۆمانسی لەگەڵ هاوڕەگەز. لە کیشوەری ئەمریکا و ئورووپای ڕۆژاوایی، لە مانگی ماڕسی ساڵی 2017، بیست و دوو وڵات هاوسەرگیریی هاوڕەگەزەکانیان بە فەرمی ناسی و ئەگەر نە هەموو یاساکان، بەڵام لە پێناو هاووڵاتییە ناهاوسانەکانیان ڕێز لە مافە مرۆییەکان دەگرن.

لە ئەفریقادا بە پێی گوێرەی ڕاپۆڕتەکانی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی گەی و لزباین (ILGA) لە ساڵی 2015، 34 وڵات لە کۆی 55 وڵاتێک کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان یان یەکیەتی ئەفریقا یان هەر دووکیان بە فەرمی دەناسرێن، هاوڕەگەزخوازییان قەدەغە کردووه. لە دنیای ئیسلام، لە عەرەبستانی سعوودی، سوودان، یەمەن، مووریتانی سزای نێربازی مەرگه. چواردە وڵاتی بە حەشیمەتی زۆرینە موسڵمان، یاساگەلێک لە خۆ دەگرن کە سزای مەرگ بۆ ڕفتاری هاوڕەگەزخوازانە ڕەچاو دەکەن یان لە سێدارەدانی بە هۆی ئەم تاوانە بە ڕێگە پێدراو دەزانن.

لە ئێرانی ئەوڕۆیی، هاوڕەگەزخوازی تاوانێکە کە سزای سێدارەی لێ دەکەوێتەوه. لە کاتی شۆڕشی 1357 هەتاوییەوە (1979 زایینی) لە ئێران، دەوڵەتی ئێران پتر لە 4 هەزار کەسی بە تاوانی هاوڕەگەزخوازی لە سێدارە داوه.

هەڵبەت دەوڵەتی ئێران ئەم ڕێژەی 4 هەزار لە سێدارە دانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و زانیاری سەبارەت بە ڕێژەی وردی ئەو ناهاوسانانەی کە لە سێدارە دراون، کارێکی هەر وا ئاسان نییه؛ بەڵام ڕەنگە بارودۆخەکە لە ئێراندا ڕووی لە گۆڕان بێ و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە سێدارەدانی بە هۆی نێربازی و هاوڕەگەزخوازی تۆمار نەکراوە و دەتوانین ئەمە بە پیشاندەری نەرمی‌نواندنی ڕژیم لە هەمبەر چینی ناهاوسانان لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە جۆرێ ستراتیژ بۆ نەرووژاندنی سەرنجی جیهانی و بە فەرمی نەکردنی بوونیان لە ناو کۆمەڵگای ئێرانیدا بزانین.

ناهاوسانان لە ئێران؛ پاژە ونبووەکان

لە ئێران کاتێک پرسیار لە ڕەگەزێتیی کەسێک دەکرێ، ئەو ناتوانێ بژاردەی سێیەم ڕەچاو بکات. هەموو کەس یان پیاوە یان ئافرەته. هەر چەشنە مەودایەک لەگەڵ ئەم سیستەمە ڕەگەزییە دووانەیە لە ئێراندا لە ڕیزبەندیی کێشە ڕفتاری و دەروونییەکاندا جێی دەبێتەوه. یاسای سزای ئێران بە هیچ چەشنێک بە موداراوە هەڵسووکەوت لەگەڵ کەسانی ناهاوسان ناکات؛ بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم یاسانە تەنیا لە کتێبی یاسادا بوونیان هەیە و ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە. پۆلیس زیاتر مودارا لەگەڵ ئەم گرووپانە دەکات. پۆلیس هەمیشە هێرش ناکاتە سەر مەکۆ ناسراوەکانی ناهاوسانان و پۆلیسی فەتا زۆر جار ڕێگە بە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەدا کە لە تێلێگرام و فەیسبووک و واتساپ لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدا بن.

تەنانەت کاتێک پۆلیس هێرش دەکاتە سەر مەکۆکانیان، زۆر جار کەسەکان بە وەرگرتنی بارمتە بەڕەڵا دەکات. ئەم ئاراستە نەرمی‌نوێنییە ئافرەتان ناگرێتەوه. ئەوەی زیاتر بەدی دەکرێ ئەوەیە کە تەنانەت لە ناو کەمینە سێکسییەکاندا، لزباینەکان ئەگەر قۆڵبەست بکرێن لە چاو گەی و دوو‌ڕەگەزخوازە پیاوەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و سنووردارێتی کۆمەڵایەتی و سەرکوتی سەخت‌تر دەبنەوه.

ئەم بەڵگە گرنگە لە ڕێگەی دیمانە لەگەڵ کۆمەڵێ ناهاوسان لە شارەکانی مەشهەد، تاران و ئیسفەهان وەدەست هات. ئەوەی زیاتر لە ناو بنەماڵە کۆنسێرڤاتیڤەکاندا بەدی دەکرێ ئەوەیە کە لە قۆناغێکدا ژنان تەنانەت ئەگەر لزباین بن و ئامادە نەبن لەگەڵ پیاوان بن، دیسانیش ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن. ئەمە زیاتر کاتێک ڕوو دەدا کە ژێربنەما باوەکان وەها بەهێزن کە هەڵبژاردە تاکایەتییەکان و کۆنتڕۆڵی کەسەکە لە سەر هەڵبژاردنی ژیانی هاوسەرێتی دەخنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوه. بۆ ئەو کۆمەڵە لزباینانەی کە بە پێچەوانەی خواستی خۆیان ناچار بە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوان دەکرێن، ئەم پرسە زیانێکی فەوتێنەری بۆ سەر تەندروستیی دەروونی، سێکسی و کەسێتییان هەیه. خەسارەتی دیکە بریتییە لە تاراندن لە لایەن بنەماڵە.

فشار و زەخت لە سەر لزباینە موسڵمانەکان بە پێی ئەوەی لە کوێ دەژین، جیاوازه. ئەو لزباینە موسڵمانانەی کە لە ڕۆژاوا دەژین “بۆ درێژەدان بە ڕۆڵە ئاساییە ڕەگەزێتییەکانیان لە ڕێگەی هاوسەرگیری، لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە زەخت دەکرێتە سەریان؛ چوونکە زۆریان بە مانای ڕۆژاوایی وشە بە شێوەی دیاریکراو هاوڕەگەزخواز نەبوون”. ئەوە لە حاڵێکدایە کە تاراندن لە لایەن بنەماڵە بۆ لزباینە موسڵمانەکانی وڵاتانی ئیسلامی لەوەش زیاتره. لە هەندێ حاڵەتدا، لزباینە موسڵمانەکان ناچارن ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی شوناسی خۆیان بە پێی هەلومەرج پاژە پاژە بکەن. “ئەمە بریتییە لە پاژە پاژە کردنی ژیانی خۆیان بۆ سەر ئەو بوارانەی کە کەسەکە تێیاندا وەک گەی یان لزباین ببینرێ و پانتا و شوێنەکانی دیکە کە ئەم بابەتەی تێدا حەشار دەدات.” ئاوێتەی مەرگهێنی هاوڕەگەزخوازدژی و ئاراستەی دژە ناهاوسانان لە ناو زۆرێک لە ناوەندە دیسیپلینییەکان ژیانی بۆ لزباینەکانی ئێران چەتوون کردووه. ئەم سنووردارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە لزباینە ئێرانییەکان ڕوو بکەنە «ژیانی ژێرزەوینی» و بە هۆی ترس لە پۆلیس و بە دواداچوونی یاسایی ژیانێکی شاراوەیان هەبێت. لە ئێران هاوڕەگەزخوازی نهێنییە و دەربڕینی ئەستەمە و کردەوەیەکە کە تەنیا ڕێژەیەکی کەمی تاکەکان تەنانەت لە شارە گەورەکانی وەکوو تاران خۆ لە قەرەی دەدەن.

بە پێچەوانەی هاوڕەگەزخوازان، کەسانی تڕەنس بە یاسای ئاسوودەترەوە لە ئێران ژیان بە سەر دەبەن و دەوڵەت بۆ نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەز پشتیوانی دارییان لێ دەکات. فتوای ساڵی 1367 ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ڕوونی ڕایگەیاند کە نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەز «ڕێگە چارەیەک»ـە بۆ کێشەی شوناسی ڕەگەزێتی. ناوبراو لە ڕێگەی ئەم فتوا ئایینییەوە ئیزنی بە دەوڵەت دا کە چاودێری ئەم نەشتەرگەرییانە بکات. ئەم چەشنە نەشتەرگەرییانە زیاتر بە ناوی GSC  دەناسرێن. بەڵام لە کردەوەدا، زۆریان بە ڕاستی حەزیان لە نەشتەرگەری نییه. بە پێی ڕاپۆڕتی خۆجێیی لە کەمتر لە 4 ساڵ لە ساڵی 2006 هەتا 2010، ڕێژەی هەزار و 360 نەشتەرگەری لە ئێراندا ئەنجام دراوه.

زۆرێک لەم نەشتەرگەرییانە دەبێتە هۆی کێشەگەلی جەستەیی جیدی، خەمۆکی و لە هەندێ حاڵەتدا خۆکوژی.

ڕوانگەی یاسایی ئێران بەرامبەر بە ناهاوسانان

بە پێی یاساکانی ئێران کە لە سەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامن، هاوڕەگەزخوازی نایاساییە و سزای لێدانی  100 قەمچی هەتا سێدارە چاوەڕێی دەکات. لە نەبوونی شایەتحاڵەکانی دیکه، “دانپێدانان” سزای سی و یەک هەتا هەفتا قەمچی سزا دەدرێ؛ ئەو دانپێدانانەی کە “چوار جار دوبارە ببێتەوه” وەک بەڵگەی تاوان کە یان 100 قەمچی یان سێدارەی بۆ ڕەوا کراوە، تەواوه. مادەی 233، نێربازی بریتییە لە تێخزانی کۆئەندامی زاوزێی پیاوان بارتەقای شوێنی خەتەنە بۆ ناو کۆمی مرۆڤێکی نێر (دخوول). مادەی 234، سزای حەدی نێربازی بۆ کەسێک کە دخوول ئەنجام دەدا ئەگەر ئەم کارە بە زۆرداری یان زۆرەملێیەتی ئەنجام درا یان لە هەلومەرجێکدا کە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بێ، دەبێ لە سێدارە بدرێت؛ بەدەر لەم حاڵەتە سەد قەمچی بۆ ڕەچاو کردووە. سزای حەد بۆ بەرکار لە هەر حاڵەتێکدا (چ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بێ و چ نەبێ) سێدارەیه.

ئەگەر بکەر ناووسڵمان بێ و بەرکار موسڵمان، سزای حەد بۆ بکەر سێدارەیه. بە پێی مادەی 235، تەفخیز بریتییە لە دانان کۆئەندامی زاوزێی پیاو لە نێوان ڕان یان قوونی مرۆڤێکی پیاو. مادەی 236 لە پەیوەندیی لەگەڵ تەفخیز، حەدی بکەر و بەرکار سەد قەمچییە و لەم حاڵەتەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژندار و بێ‌ژن و زۆرداری و نازۆرداری نییه. مادەی 237، هاوڕەگەزخوازی مرۆڤی نێر بەدەر لە نێربازی و تەفخیز وەکوو ڕامووسان و دەستلێدانی بە هەوەس، سزای سی و یەک هەتا هەفتا و چوار قەمچی تەمبێی دەرەجە شەشی لێ دەکەوێتەوە. مادەی 238، مووساحەقە بریتییە لەوەی کە ژنێک کۆئەندامی زاوزێی خۆی لە سەر کۆئەندامی زاوزێی هاوڕەگەزی خۆی دابنێت. بە پێی مادەی 239، حەدی مووساحەقە سەد قەمچییه. مادەی 240، لە حەدی مووساحەقه، هیچ جیاوازییەک لە نێوان بکەر و بەرکار و موسڵمان و ناووسڵمان و هاوسەردار (مێرددار و خێزاندار) و سەڵت و زۆرەملێیەتی و نازۆرەملێیەتی نییه.

لەو حاڵەتانەی سەرەوە دەتوانین تێبگەین کە یاساکانی ئێران پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانە بە تاوان دەزانێ و لایەنێک لە سزاکان لە 100 قەمچی بۆ پەیوەندیی سێکسی ڕێککەوتووانە لە نێوان دوو ئافرەت (مادەی 239) هەتا سێدارە بۆ دخوولی سێکسی بە پێی ڕەزامەندیی نێوان هەر دوو پیاو (مادەی 234) دەگرێتەوه.

هەروەها ئەم یاسایە دیکەی ڕفتارەکانی هاوشێوەی نێوان دوو هاوڕەگەز وەکوو لێککەوتن و ماچکردن بە تاوان دەزانێ و نزیکەی 74 قەمچی وەک سزای بۆیان ڕەچاو کردووه. مادەکانی 232 و 233 سزای مەرگیان بۆ «بەرکار»ی پەیوەندییەکی سێکسی ڕەزامەندانەی نێوان دوو پیاو ڕەچاو دەکەن، لە حاڵێکدا یاسا «بکەر» بۆ 100 قەمچی (ئەگەر موسڵمان و سەڵت بێت) سزا دەدات.

شێوازی لێکۆڵینەوه

لەم توێژینەوەدا شێوازی لێکۆڵینەوەی ئاوێتەیی بە کار هێنراوە کە هەموو تەکنیکەکان، چەمک و زمانە چەندایەتی و چۆنایەتییەکان لە توێژینەوەیەکی یەکگرتوودا ڕەچاو کراوه. یەکەم هەنگاو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە بیر و باوەڕ، ئاراسته، باوەڕ، بەها، وەرگرتنەکان، کەسایەتی و سەرچەشنە ڕفتارییەکانی بەشداربووان بوو. هەروەها دیمانەی قووڵی تاکایەتی لەگەڵ ئەم بەشداربووە گرنگانە داتا سەرەکییەکانی دابین کرد. لە ڕاستیدا ئەم لێکۆڵینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەخوازانە و ئاراستەی شێوارناسیی چۆنایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی تیۆریی بەکگڕاندی GT  لە سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی دیمانەی نیوە پێکهاتوو و قووڵ کۆکراوەتەوه.

بە هۆی هەستیاریی کەلتووریی و ئایینیی بابەتی توێژینەوە و ئەستەمیی دەستگەیشتن بە نموونەکان، شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار (تۆپەڵە بەفر) بە کار هێنرا. ئەم توێژینەوە بریتییە لە 400 گێڕانەوەی تایبەتی لە دەمارگرژی و بێچمە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن، ئاوات و ژیانی ڕۆژانەیان کە بەشداربووانی ناهاوسانی هەر سێ گەورەشاری ئێران ئاماژەیان پێدا.

ئەنجامەکانی توێژینەوە

ئەلف) ئەنجامە چەندایەتییەکان

  1. هۆگریی سێکسیی وڵامدەران

 

چارتی ژمارە 1. لێکبڵاوی هۆگریی سێکسیی ناهاوسانان

داتاکانی چارتی ژمارە (1) پیشاندەری بوونی لزباین، گەی و دووڕەگەزخوازەکان لە حەشیمەتە نموونەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهانه. لە شاری تاران ڕێژەکە بەم ڕیزبەندییەیه: لزباینەکان 35 لە سەد، گەیەکان 37.5 لە سەد و دووڕەگەزخوازان 27.5 لە سەد. ئەم ڕێژانە لە شاری مەشهەد بەم شێوەیه: 22.7 لە سەد، گەیەکان 45.5 لە سەد و دوو‌ڕەگەزخوازان 31.9 لە سەد و لە ئیسفەهان بریتییە له: لزباینەکان 20 لە سەد، گەیەکان 55 لە سەد و دوو‌ڕەگەزخوازان 25 لە سەد. ئەم چارتە پیشان دەدا کە لە سەر ئاستی هەر سێ شارەکە ڕێژەی گەیەکان لە لزباین و دوو‌ڕەگەزخوازەکان زیاتره. ڕێژەی 35 لە سەدی لزباینەکان لە تاران پیشاندەری ئاستی ئازادیی ڕێژەیی ئەوان لە مەشهەد و ئیسفەهانه.

  1. تەمەنی وڵامەدران

چارتی ژمارە 2. لێکبڵاویی تەمەنی ناهاوسانان

چارتی ژمارە (2) لێکبڵاویی تەمەنی هاوڕەگەزخوازان لە شاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات. بە پێی ئەم چارتە لە تاران 30 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان ژێر تەمەنی 20 ساڵ و 60 لە سەدیان نێوان 20 بۆ 31 ساڵ و 10 لە سەد ژوور 31 ساڵن. لە شاری مەشهەد 27.4 لە سەد ژێر تەمەنی 20 ساڵ و 54.5 لە سەدیان نێوان 20 بۆ 31 ساڵ و 18.1 لە سەد ژوور 31 ساڵن. لە شاری ئیسفەهان ئەم ڕێژانە بە ڕیز بریتییە لە 30 لە سەد، 50 لە سەد و 7 لە سەدن. ئەنجامەکان دەلالەت لە سەر ئەوە دەکەن کە هاوڕەگەزخوازان لەم حەشیمەتە نموونەیە زیاتر لە گرووپی تەمەنی نێوان 20 بۆ 31 ساڵن. دەتوانین لە گرووپی سی ساڵەکان دابەزینی بەرچاو بەدی بکەین.

3 – بارودۆخی هاوسەردارێتی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 3 دۆخی هاوسەرداریی وڵامدەران ڕوون دەکاتەوه. لە سەدا سەدی حەشیمەتی نموونە سەڵتن

 

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژەیەکی زۆری هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ژنی هاوسەرگیریکردوو لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بوونیان هەیە کە زیاتر بە شێوەی شاراوە درێژە بە ژیانیان دەدەن و بە پێی هەلومەرجی ژینگەیی هاوبەشی سێکسییان هەیه. بە زۆر هۆکار، پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزخواز لەوانەیە لەگەڵ کەسێک لە ڕەگەزی بەرامبەر پەیوەندی ساز بکەن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پێکهێنانی بنەماڵه، بەها نەریتی و زەختە کۆمەڵایەتییەکەیەتی. بە پێی ئەم چارتە، هەر ئەم حەشیمەتە هیچ هۆکارێک بۆ چوونە ناو بازنەی هاوسەرگیری و ژیانی بنەماڵەیی بە شێوەی نەریتی، ئایینی و یاسایی نابینن. سەرەڕای گوێڕایەڵی بۆ داخوازی بنەماڵە و کۆمەڵگا، هەر هاوسەرگیرییەکی بەم شوناسە بە هۆی زەختی سێکسی و شوناسی کردنە سەر هاوبەشی هاوڕەگەزخواز تێک دەدات. تەنیا ڕێژەیەکی زۆر کەم لەم هاوسەرگیرییانە بەردەوام دەبێت.

4-ئاستی خوێندەواری ناهاوسانان

چارتی ژمارە 4: دۆخی خوێندەواریی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 4 ئاستی خوێندەواریی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات. لە تاران 12.5 لە سەد هاوڕەگەزخوازان دیپڵۆمیان نەبوو. 7.5 لە سەدیان پیش دانیشگاهیان تەواو کردبوو (دواناوەندیی)، 30 لە سەد بڕواناوەی بکالۆریۆسیان هەبوو و 7.5 لە سەدیان خاوەن بڕواناوەی باڵا بوون. لە مەشهەد ئەم ڕێژە بە ڕیز 36.5 لە سەد، 9 لە سەد، 36.5 لە سەد و 18 لە سەدە و لە ئیسفەهان 45 لە سەد دیپڵۆمیان نییه. 40 لە سەد خاوەن بڕواناوەی دیپڵۆمن و 15 لە سەد خوێندنی زانکۆیان هەیه. بە گوێرەی چارت، دەتوانین بڵێین کە هۆگریی سێکسیی کەسێک پەیوەندی بە ئاستی خوێندەواری ئەو نەبوو. دەتوانین هاوڕەگەزخوازی لە کەسانی نەخوێندەوار، کەسێک بە ئاستی خوێندەواری کەم و کەسێک بە بڕواناوەی باڵای خوێندەوە بەدی بکەین. چارت پیشان دەدا کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە خاوەن بڕواناوەی دیپڵۆم و بڕواناوەی بکالۆریۆسن، بەتایبەت لە ئیسفەهان، هۆگریی هاوڕەگەزخوازانەیان هەیه.

5-پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری

چارتی ژمارە 5: پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناهاوسانان

 

چارتی ژمارە 5 ئاماژە بە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان دەکات. لە تاران 80 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە چینی مامناوەند و 20 لە سەدیان لە چینی دەوڵەمەنددان. لە مەشهەد ئەم ڕێژە 50 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە چینی مامناوەند و 50 لە سەد لە چینی دەوڵەمەنددان. لە ئیسفەهان ئەم ڕێژە  20 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە پێگەی ئابووریی نزمتر، و 55 لە سەد لە چینی مامناوەند و 25 لە سەد لە چینی بەرزدان. کۆهێن لە کتێبەکەی خۆیدا لە ژێر ناوی «کوڕانی تاوانبار» (1995) دەڵێ: کوڕان بە پێگەی کۆمەڵایەتی ئابووری نزمترەوە ناڕازی و بێ‌هیوان. ئەوان هاوئاراستە لەگەڵ دیترانێک بە پێشینەی ئابووریی هاوشێوە زۆر جار گرووپگەلێک پێک دێنن بۆ ئەوەی پەرە بەو وردە کەلتوورانە بدەن کە دژی نۆڕمی چینە مامناوەند و سەرترەکانه. ڕفتاریان زۆر جار دژی ئەو شتەیە کە کۆمەڵگا وەک ڕفتارێکی شیاو سەیریان دەکات؛ بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی کۆهێن دەیڵێ، ئەنجامی توێژینەوەکان دەریدەخا کە پەیوەندیی سێکسی ئەگەر لە پێناو ڕفتاری گشتیدا نەبێ، لە چوارچێوەی چینی مامناوەند و سەرتردا بەدی دەکرێت.‌

ب) ئەنجامە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوه

لەم بەشەدا ئەو ئەنجامە سەرەکیانە دەهێنرێ وا لە دیمانەی قووڵ لەگەڵ ناهاوسانان وەدەست هاتووە.

  1. درکاندنی شوناس و قبووڵکردنی هۆگریی سێکسی

لەو کاتەدا وا کەسی ناهاوسان پەی بە شوناسی ڕەگەزیی خۆی دەبا هەتا ئەو کاتەی کە دەگاتە قۆناغی قبووڵکردن، لەوانەیە هەوراز و نشێوێکی زۆر بە ئەزموون بکات. زۆریان نەیاندەزانی ڕاست چ کاتێک هەستیان بە هۆگریی سێکسیی خۆیان کردووه. ئەمە بابەتێکە کە لەوانەیە بە هۆی هەستی ئازاربەخشی بەردەوامی جیاوازبوون لەگەڵ دیتران بێت؛ چوونکە ئەوان لە کاتی منداڵییەوە هۆگری هاوڕەگەزی خۆیان بوون. بۆ زۆرێک لەم کەسانە ئەمە دیاردە دیارەی مێرمنداڵی لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییە هۆرمۆنی و فیزیۆلۆجیکی و باڵق بوونە سێکسییەکان بوو. زۆرێک لە کەسەکان کاتێ بەمەیان زانی کە هۆگری هاوڕەگەزی خۆیانن بێدەنگیان هەڵبژارد و لە ڕێگەی نکۆڵی و تەقەلا هەوڵی گۆڕینی هۆگریی سێکسیان خۆیانیان دەدا. زۆریان دەیانزانی کە هێماکانی گەورەساڵێکی دیترڕەگەرخواز و هۆگریی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر لەواندا بوونی نییه.

نەوەی خۆشبینی ناهاوسان کە لەگەڵ تەکنەلۆژیا گەورە بووه، ئێستا نەوەیەکە کە لە دەلاقەی لێنزی دیجیتاڵەوە جیهان بەدی دەکات. ئێستا چ ئەم کرانەوە وەک درگایەک بەرەو ڕووی هۆگریی سێکسی گشتیی ئەوان شی بکرێتەوە یان ببێتە هۆی دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێ لە ڕووناکبیرانی سێکسی لە ناو ناهاوسانانی لایەنگری تەکنەلۆژیا، شیاوی وتووێژ لە سەرکردنه. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە دزە کردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپە جۆراوجۆرە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی ناچاری کاریگەریی هەمیشەیی لە سەر ئەم گرووپانە هەیه. ڕاگەیاندەکان لە ڕێگەی کاناڵی تەلەڤیزیۆنی و ئەنتەرنێت و ئەم ڕاستییە کە خەڵک لە بەکارهێنانی دوایین تەکنەلۆژیای پەیوەندی بەڕۆژن و لە ئاستێکی گونجاودا شارەزای زمانی ئینگلیزین، هەر هەموو ئەمانە لە ئاشکراکردنی شوناسی ڕەگەزیی کەسەکان دەورێکی گرنگ دەگێڕن.

چارتی ژمارە 6. قبووڵ کردنی هۆگریی سێکسیی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 6 ڕێژەی هاوڕەگەزخوازانێک پیشان دەدا کە لە ماوەی باڵقبووندا هەستیان بە هۆگریی سێکسییان کردووە و وەک شوناسی ڕەگەزیی خۆیان قبووڵیان کردووه؛ هەروەها پیشان دەدا کە بنەماڵەکان لە سەر ئاستی هەر سێ شاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان لە هاوڕەگەزخوازی ئاگادار بوون و قبووڵیان کرد. لە شاری تاران 78.6 لە سەد، لە شاری مەشهەد 66.6 لە سەد و لە ئیسفەهان 100 لە سەدی وڵامدەران دانیان پێدا نا کە لە ماوەی باڵقبوونیاندا لە هۆگریی سێکسی خۆیان ئاگادار بوون. لە ڕووی قبووڵکردنی هۆگریی سێکسییان، 92.8 لە سەدی وڵامدەران لە تاران و 100 لە سەدیان لە شاری مەشهەد و ئیسفەهان وتیان هاوڕەگەزخوازییان وەک هۆگریی سێکسیی خۆیان قبووڵ کردووه. بە گوێرەی چارتی سەرەوه، لە تاران 42.9 لە سەد، لە مەشهەد 50 لە سەد و لە ئیسفەهان 40 لە سەدی تاکەکان وتیان بنەماڵەکانیان لە هۆگریی سێکسییان ئاگادار بوون و 14.28 لە سەدیان لە تاران و 16.6 لە سەدیان لە ئیسفەهان شوناسی ڕەگەزیی ڕۆڵەکانی خۆیانیان قبووڵ کردووه.

سازدانی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکەکان لە لایەن زۆربەی وڵامدەران بە ئاریشە و کێشە پێناسە کرا. وەک لە چارتدا دەرکەوت، لە نێوان 40 لە سەد هەتا 50 لە سەدی کەسەکان باسیان لە ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکیان لە هۆگریی سێکسی خۆیان کرد. سەرەڕای ئەمه، ڕێژەی قبووڵکردن تا ڕادەیەک کەم و لە نێوان 14 لە سەد بۆ 16 لە سەد لە شاری تاران و مەشهەد بوو و لە ئیسفەهان ئەم ڕێژە ژێر 2 لە سەد بوو. زۆرینەی بنەماڵە ئێرانییەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆنسێرواتیڤن و ئەستەمە بەم باوەڕە وەفادار بن. ئەوان تەنانەت ئەگەر لە هۆگریی سێکسیی منداڵەکەیان بە ئاگا بن، هەمیشە داوایان لێ دەکەن بەشێک لە شوناسی خۆیان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی بنەماڵە و ئەندامانی کۆمەڵگا نەخەنە بەر باس.

  1. ڕەگەکانی هۆگریی سێکسی

دوو تیۆریی سەرەکی سەبارەت بە هۆکارە سەرەکییەکانی هۆگری بۆ هاوڕەگەز بوونی هەیه؛ یەکیان ئەوەی کە هۆگری بۆ هاوڕەگەز لە بنەڕەتدا لە ژێر کاریگەری فاکتەری جنێتیکی و بایۆلۆجیدایە و هاوڕەگەزخوازی بە زکماکی دەزانێت. بە واتایەکی سادەتر کەسەکان “گەی” لە دایک دەبن. تیۆرییەکی دیکە دەڵێ هۆگریی هاوڕەگەزخوازانە لە بنەڕەتدا لە ئەنجامی کاریگەریی دەروونی و ژینگەی و ئەزموونە سەرەتاییەکان بەدی دێت. لە کۆتاییدا، لەوانەیە چەند فاکتەر هەبن کە بێنە پاڵ یەکتر و ببنە هۆی هاوڕەگەزخوازی.

تەمەن 28 ساڵان، دوو‌ڕەگەزخواز، تاران

دایکم دەگێڕێتەوە کە بە منداڵی حەزم لێ بوو کوڕ بوایەم. تەنانەت بۆ منیش سەیره. پێیانم دەوت بە فەڕشاد بانگم لێ بکەن. جل‌وبەرگم لە بەر نەدەکرد. زۆرێک لە کچان وێنەیەکیان لە ڕۆژی بووکێنی و ئەم چەشنە شتانە هەیه، ئەو کات من وامدەزانی لەگەڵ بووکێک هاوسەرگیری دەکەم. هاوڕێ کچەکانمم خۆش دەویست؛ عاشقی کچی دراوسێکەمان بووم. دواتر شەیدای کچە مامەکەم بووم. چوونکە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان پێت دەڵێن دیتر‌ڕەگەزخوازی ئاساییه، پێم وا بوو دەبێ هەر وا بێت. بیرم دەکردەوە کاری دروست هاوسەرگیری‌کردن لەگەڵ پیاوێکه.

 

  1. پەیوندیی هاوڕەگەزخوازانە چۆن دەست پێدەکات؟

یەکەمین پەیوەندیی سێکسی لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا ڕوو دەدا، سەرەڕای ئەوە لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییشدا بەدی کراوه. وەها پەیوەندییگەلێک پەیوەندیی سێکسیی جیدیتریان لێ دەبێتەوه. لەم تەمەنەدا، کەسەکان هێشتا پاکیی منداڵییان هەر هەیه. ئاگاداربوون لە هۆگریی سێکسی لە تافی باڵقبووندا خۆی دەنوێنێ و ئەمە هەمان ئەو ساتەوەختەیە کە هۆرمۆنەکان چالاکی دەست پێ دەکەن. گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان کە لە دەستپێکی قۆناغی باڵقبووندا دەست پێ دەکەن، دەبنە هۆی هەستی زۆر و هۆگری و ورووژانی سێکسی. ئەگەرچی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تاکەکاندا هەیه، بۆ ناهاوسانانی مێرمنداڵی ئێرانی لێکۆڵینەوە لەم هەستە سێکسییە سرووشتییانە دژی پەیامی وشک و ڕەق و تەقی کۆمەڵگایە کە دەڵێ هۆگری و پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر قەدەغەیە و لە ڕوو شەرعیشەوە حەرامه.

سەبارەت بە چالاکیی پەیوەندی نێوان لزباینەکان دەبێ بڵێین ئێران تا ڕادەیەک وڵاتێکە بە پێکهاتەی وشکی باوکسالاری. هۆگریی سێکسی هاوڕەگەزخوازانە لە ئێران زیاتر لە سەر گوتارێک چڕ بۆتەوە کە هاوڕەگەزخوازان تاوتوێ دەکا و لزباین و دوو‌ڕەگەزخوازەکان کەمتر دەبنە بابەتی گفتوگۆ. ئەندامانی کۆمەڵگەی لزباینەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران نە تەنیا لە کۆمەڵگایەکی وشک و ناسازگازی پیاوسالاردا گەورە بوون، بەڵکوو لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە هۆگریی سێکسیی ئەوان بە بێبایەخ و تاوان دەزانێت. ئەم کەسانە بە ئاوێتەیەک لە هەڵاواردنی یاسایی، ئازاری کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی خێزانی و ئاکاری تونداژۆیانە دەست و پەنجە نەرم دەکەن کە هەم هاووڵاتیان و هەم دەسەڵاتیش لەواندا دەور دەبینێت. لە حاڵێکدا کە لزباینەکان و هاوڕەگەزخوازان ئایدیای هاوبەشی هاوشێوەی وەکوو خەبات لە دژی جیاوازییە بنیاتییەکانی لە ناو داڕشتەی کۆمەڵایەتی ئێران، ئامۆژە سەختە ئایینییەکان و نێو و ناتۆرەگەلێکیان هەیە کە بە شێوەی دیاریکراو هاوڕەگەزخوازی بە تاوانێکی نەبەخشراو دەزانن، پێکهاتەی ئایدۆلۆژیایی بە توندی پیاوسالاری زاڵ بە سەر لزباینەکان دەبێ ڕەچاو بکەین.

لە ناو بەشداربووانی ئەم توێژینەوە لە تاران، زۆربەیان کەسانی خوێندکار یان پیشەدارانی گەنج بوون و هەندێکیان بە ڕەچەڵەک خەڵکی تاران نەبوون. شێوازی ژیانی سەربەخۆی ئەوان بە جۆرێ ئەوانی لە چاوی کونجوکۆڵی بنەماڵە دوور کردۆتەوە و پەرۆشی و زەختی ئابووری پێکەوەبوون بژاردەیەکی باشتری بۆیان چێ کردووه. هەروەها لە کۆمەڵگای نیمچە نەریتی گەنج، زانکۆ پانتایەکی هاوبەشی ئاسایی و شیاوی قبووڵ کردنه. کەواتە لە کاتێکدا کە دوو کەس لە دوو ڕەگەزی بەرامبەر لە ڕووی یاسایی و عوڕفەوە بۆ پێکەوە بوون هان نادرێن، پێکەوە ژیانی دوو پیاو یان دوو ئافرەت بە شاردنەوەی هۆگرییە سێکسییەکانیان، وەک بابەتێکی نەشیاو لێی ناڕوانرێت. هەندێ ئەم هەلەیان لە بەر دەستە کە بە دوور لە چاوی هاوڕێ و خزم و کەس درێژە بە ژیانە هاوتەریبەکان بدەن. دیوە سێکسی و سۆزدارییەکانی کەمینە سێکسییەکان بەشی گرنگی ئەو بۆچوونانە بوو کە کەسەکان ئامادەی ئاشکرا کردنین.

 

لە سەردەمی زانکۆ ئەزموونی زۆر دژوار هاتە پێشەوە کە هەموو ژیانمی گۆڕی. کەسێک لە زانکۆ بوو و ئێمە زۆر هۆگری یەکتر بووین. من هۆگریی خۆمم بۆ ئەو دەربڕی و ئەویش وێدەچوو کێشەی نەبوو. بەڵام ئەو دیتر‌ڕەگەزخواز بوو. بە هەر حاڵ ئێمە دوو ساڵ لە پەیوەندیدا بووین کە ساڵ و نیوێک زۆر بە لامەوە دژوار بوو. پێی وابەستە بووم. ژیانم لە دەست چوو. ستۆدیۆیەکم هەبوو کە تێیدا گۆرانیم دەچڕی. وازم لە هەموو شتێک هێنا. دەستم لە شێعر هۆنینەوە هەڵگرت و دەستم کرد بە خواردنەوەی شەراب، زیاتر لە بەر ئەوەی پەیوەندییەکی هەڵەم دەست پێ کرد بوو.

 

ئەوەی لە هەموو دیمانە کۆ کراوەکاندا گرنگ بوو ئەوە بوو کە لە شیکاریی بارودۆخی کەمینە سێکسییەکان  لە وڵاتی ئێران سەرنجێکی تایبەتی خرایە سەر داڕشتەی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی و شوێنی نیشتەجێبوونی ناهاوسانان. لەم خوێندنەوەدا دەرکەوت کە جۆری ئەزموونە سۆزداریی و سێکسییەکان لە سەر ئاستی هەر سێ شاری مەبەست بەستەگی بە جۆرێک داڕشتەی سێکسیی شارەکەوە هەیە و ئەوەی کە جیاوازییەکان پەیوەستە بە کەلتووری ئاوارتەی باڵادەست لە هەر گەڕەکێکدا. ناهاوسانان لە شاری تاران لە چاو ناهاوسانانی ئیسفەهان و مەشهەد ئازادییەکی زیاتریان بۆ وادەی دیدار لە پارک یان دەستپێڕاگەیشتن بە هەندێ مەکۆ و میوانییەکانی کۆتایی هەفتە (بە ناوی Life) هەیە کە دەتوانن چاویان بە یەکتر بکەوێ یان پێکەوە ژوان دابنێن. ئەگەرچی ئەم شوێنە دەگمەن و تا ڕادەیەک ئارامانە ئیزنی دەربڕینی خێرای سۆزەکانیان پێ دەدا، ترس لە بەرپرسان هەمیشە باڵی بە سەریاندا کێشاوه. ئەوان هەمیشە حەڕەشەی ئەم مەترسییەیان لە سەره.

بە ئاوڕدانەوە لە ناوەڕۆکی تابۆی ئەم بابەتە کە لە ئایدۆلۆژیای ئایینی و بێ‌ئاگایی کۆمەڵگا لە بوونی ناهاوسانان شاردراوەتەوه، شوێن‌دۆزی کەسانی تامەزرۆ بۆ بەشداری لەم توێژینەوە، مەترسیدار بوو. یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکەوتنی ئەم کێشە ئاستی بەرزی بێ‌متمانەیی بوو. ئەم ناوتمانەییە لە لایەکەوە ئەوان لە هەڵبژاردنی هاوبەشی سێکسی وازوازیی دەکا و لە لایەکی تریشەوە بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر ماوەی پەیوەندییان کەم دەکاتەوه. بە ئاوڕدانەوە لە تەمەنی کورتی پەیوەندییەکان، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخست کە دیمانەلەگەڵکراوان باسیان لە ئەستەمبوونی دۆزینەوەی هاوبەش دەکرد. گیر و گرفتی دۆزینەوەی هاوبەشێکی هەمیشەیی باری قورسی سەر شانی گەیە ئێرانییەکان بوو. لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا، ئەوان لەگەڵ دۆستەکانیان پەیوەندییەکیان دەست پێ کردبوو و پاش ماوەیەکی کورتی پەیوەندیی سێکسی، پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ هاتبوو.

چارتی ژمارە 7. پەیوەندیی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 7 پەرەسەندنی پەیوەندییە ئاشکرا، هەمیشەیی یان کاتییەکان لە ناو ناهاوسانان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدا و بە گوێرەی ئەم چارتە، 14.3 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، 50 لە سەدیان لە مەشهەد و 40 لە سەدیان لە ئیسفەهان پەیوەندیی سێکسیی ناڕوونی بێژووماریان هەیه. بەڵام 42.85 لە سەدیان لە تاران، 50 لە سەدیان لە مەشهەد و 40 لە سەدیان لە ئیسفەهانیش پەیوەندیی هەمیشەییان هەبوو. هەروەها 50 لە سەدیان لە تاران، 66.6 لە سەدی ئەوان لە مەشهەد و 80 لە سەدیان پابەندی هەندێ لە بنەماکانی پەیوەندییەکانی خۆیان بوون.

  1. کاریگەریی هاوڕەگەزخوازی لە سەر بنەماڵه

ڕۆڵی بنەماڵە هەمیشە بەستراوەتەوە بە زەختێک کە زانراو یان نەزانراوانە بە سەر هەر کام لە ئەندامانی بنەماڵە بە هۆی ڕۆڵی گریمانەیی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، دەروونی و سیاسی دەوری واجب دەسەپێنێت. هاوڕەگەزخوازی لە ناو بنەماڵەدا کێشەیە؛ چوونکە ژیانی کۆمەڵایەتی زۆر جار لە ناو چوارچێوەی ئەو ئەزموونە کۆمەڵایەتییانەدا دروست دەبێ کە تایبەتمەندیی پیاوانەیان هەیه. هۆگریی سێکسی لە دەرەوەی دووانەی پیاوانە – ژنانە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکی ژنانە – پیاوانەی باوکسالار و سەرکوتکەر تێک دەدات. بۆچوونی کەسەکان لە درێژەی لێکۆڵینەوە پیشاندەری دەرد و ئازارێک بوو کە ئەوان لە کاتی پەی بردن بە هۆگریی جیاوازی خۆیان و بڕیاردان بۆ شاردنەوەی ئەم هۆگرییانەیان تاقییان کردۆتەوه.

بەشداربووان ئاماژەیان بە هەڵسووکەوتەکانی بنەماڵە کرد کە ئازاربەخشترین ئەزموونی ئەوان لە ژیانی خۆیان و چالنجێکی مەزن بوو. کەسانی ناهاوسان ساڵانێکی زۆریان بە هۆی ئەم جەنگە ناهاوسەنگەی شاردنەوەی هۆگریی سێکسییان بە هەدەر دا بوو. لە کۆمەڵگەکان و گرووپە بنەماڵەییەکان، هاوڕەگەزخوازی بە شتێک دەزانرێ کە دەبێتە هۆی شەرمەزاری کەسەکە خۆی و بنەماڵە و لێکەوتەی خراپی بۆ هەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە و هاوڕێیان هەیه. یەکێک لە باوترین لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ئەوەیە کە ئەندامانی مێینە بە هۆی نەبوونی خوازبێنی تامەزرۆ ناتوانن هاوسەرگیری بکەن و ئەندامە نێرینەکانیش لەوانەیە لە سەر کار دەربکرێن و بە گشتی پێگەی کۆمەڵایەتیی بنەماڵە بچێتە ژێر پرسیار.

ئەو بنەماڵانەی کە لە هۆگریی سێکسیی کەسەکە ئاگادارن، بە بێ‌هوودە پەنا دەبەنە بەر هەر چەشنە تاکتیکێک بۆ ئەوەی کەسەکە بگۆڕن و باوەڕێکی زۆریان هەیە کە هۆگریی سێکسی بارودۆخێکی شیاوی گۆڕانە و قۆناغێکی تیژتێپەڕه. ئەم توێژینەوە پیشانی داوە کە زۆربەی دیمانە لەگەڵکراوان ئەم کاردانەوەی بنەماڵەیان تاقی کردۆتەوه؛ ئەوان باوەڕێکی قووڵیان هەیە کە دەتوانن تاک بکەنە ئەو کەسەی کە ئەندامێکی ئاسایی بنەماڵە کە خاوەن هۆگریی سێکسیی بێ‌عەیب. تەنانەت لەو بنەماڵانەی کە نەرمی‌نوێنتر و کراوەترن، ئامادەی پێشوازیکردنی گەرم لە هاوڕەگەزخوازی نین. لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا تاراندنی کتوپڕ، بێبەشبوون لە میرات وەک منداڵ و سەرکۆنەی لێ کەوتووەتەوه. لە حاڵەتەکانی تردا، کەسی هاوڕەگەزخواز – بە پێچەوانەی ڕاکێشبوونی ئاشکرای بۆ کەسی هاوڕەگەز – کۆڵ بۆ پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەگەڵ ڕەگەز بەرامبەر دەدا تەنیا بۆ ئەوەی بنەماڵە و هاوڕێیان لێی ڕازی بن. ڕەنج و ناڕەزایەتی بە هۆی هاوسەرگیریی زۆرەملێ زەبرێکی دیکەیە کە لە شوناسی شکێنەری کەسەکە دەدرێ و توێژێکی دیکە لە زیانی دەروونی بە برینە قووڵەکانیان زیاد دەکات.

 

35 ساڵان، تاران

دەزانی چۆنە پێم خۆش نەبوو و هەر لە بەر ئەوەشە کە بیرم کردەوە لەگەڵ کەسێکی ڕەگەز بەرامبەری خۆم هاوسەرگیری بکەم. پێم وا بوو ئەم هۆگرییانەم کز دەکاتەوه. سەرەتاکان خراپ نەبوو بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە بە ڕاستی ناتوانم.

 

سەبارەت بە کەمینە سێکسییە لزباینەکان، توندیی ئەم کاردانەوانەی بنەماڵە و کۆمەڵگا بۆتە هۆی چەند قاتبوونی پێگەی پێشتر نایەکسانیان، زەختی دەروونی، جەستەیی و سێکسیی ئەوان.

27 ساڵه، مەشهەد

ئەگەر دیسان لە دایک ببمەوە حەزم نەدەکرد هاوڕەگەزخواز بوایەم. ئەوەی پێویست بوو کردم؛ پەیوەندیم لەگەڵ ماڵە پارێزراوەکان گرت بۆ ئەوەی درگام لێ بکەنەوە و ئەوان دەستیان کرد بە وتاردان. پێیان وتم دیارە کچێکی باش نیت. کچی چاک بە با تێهەڵدان نەخۆیت.

 

  1. قۆناغی تاراندن و دەرکران

ئەگەرچی ئاراستە ئەرێنییەکان بۆ پیاوانی گەی و ژنانی لزباین لە ماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوو ڕووی لە هەڵکشان بووه، ئاراستەکان بۆ کەسانی دوو‌ڕەگەزخواز ئەگەر لێکدژ و لێکنەچوو نەبن، تا ڕادەیەک بێ‌کاریگەرن. بە پێچەوانەی باشبوونی دەروونیی وێنەی گەی یان لزباین، دوو‌ڕەگەزخوازی لەگەڵ پەرێشانی زەینی زۆر و ئاڵۆزییه. کەسانی دوو‌ڕەگەزخواز کە لە درێژایی مێژوودا لە بەرەکانی پێشەوەی خەباتی ناهاوسانان بوون، هەمیشە لەم گووتارانەدا پشتگوێ دەخرێن. هەتا ئەو جێی کە لە ڕووی لۆژیکییەوە بە ئاگاین، لە وڵاتی ئێران ئەم توێژینەوە تاکە لێکۆڵینەوەیەک بووە کە سەبارەت بە کۆمەڵگای دوو‌ڕەگەزخوازان وەک گرووپی دیاریکراو ئەنجام دراوه. بە هەر حاڵ، بەدەر لە پێگەی ئەم کەسانە لە لایەنێکی سێکسی ئەوەی خاڵی هاوبەشی هەموویانە، دژایەتی دوژمنکارانە و کاردانەوەی توندوتیژی کۆمەڵگایه. گەورەترین نیگەرانی ئەوان دابڕانی پەنگراوی ئازاربەخش لە بنەماڵە و ئەو کەسانەیە کە خۆشیان دەوێن؛ بەڵام لە ئەگەری دەربڕینی شوناسی ڕەگەزیی خۆیان، قبووڵیان ناکەن. ترس لە ڕیسوابوون، بەدناوی، گاڵتە پێکردن و لە کۆتاییدا دەرکران سێبەر دەخاتە سەر هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەمینە سێکسییەکان. هەروەها کاردانەوەی ئاشکرا بنەماڵە بە هۆی کاریگەریی پێگەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووریی دایک و باوکەکانە (ئاستی خوێندن، دەمارگرژیی کەلتووریی و باوەڕە ئایینییەکان) بەڵام هەموویان کەم تا کورتێک یەکن. ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە تەنانەت ئەو بنەماڵانەشی کە کراوەن بۆ چارەسەر دەگەڕن و زۆر جار کەسەکە ناچار دەکەن کە لە هەوڵێکی سەرشۆڕانەدا بۆ چارەسەر بگەڕێ بۆ ئەوەی شوناسی ڕاستەقینەی خۆی بگۆڕێت.

 

  1. شوناس: ستراتیژی سازگاری

شوناسی «کەمینەی سێکسی» لەگەڵ ئایدۆلۆژیا لێکدژەکان بۆ هەر کەس کە سەر بەم گرووپەیە ئەو شتەیە کە هەموو کەس تێدەکۆشێ ئاسانکاری بۆ بکا، بۆ ئەوەی ئاسایی بکاتەوە و لە چوارچێوەیەکدا بیگونجێنێت. بۆ وڵامدانەوە بە گەڕان بۆ شوناس و شێوازی ژیانێکی تایبەت، هاوڕەگەزخوازان ستراتیژی جیاواز دەگرنە بەر بۆ ئەوەی بۆشایی ناو پەیوەندییەکانیان پڕ بکەنەوە و بتوانن لەگەڵ پاراستنی سەقامگیری زەینی و سێکسی درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن. یەکێک لەم ستراتیژانە هەوڵ بۆ «ئاساییکردنەوه»ـی خۆیه. هەندێ لە نموونەکان بریتین لە نکۆڵیکردن لە هۆگریی سێکسیی خۆیان، ناشتنی بیر و خەیاڵی پەیوەست بە هۆگریی سێکسی، هەوڵ بۆ گۆڕینی شوناسی ڕەگەزی و ناچارکردنی خۆیان بە پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر. زۆرێک لە کەسەکان دێنە ناو پەیوەندیی دیتر‌ڕەگەزخوازانەوە بۆ ئەوەی تەنیا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە شیاوی قبووڵکران بن. ئەم ستراتیژانە لە سەر بنەمای وازهێنان لە پاشماوەکانی شوناسی ڕەگەزییان تەنیا ڕێکارێکی کاتییە و لە کۆتاییدا بێ‌هۆشییەکی خراپە. لەو دیوی ئەم جەسارەته، هۆگریی سێکسیی ڕاستەقینەیان هەر وا دەمێنێتەوه. بەو پێیەی کە کەسانی دوو‌ڕەگەزخواز هەست ناکەن کە سەر بە گرووپی هاوڕەگەزخوازان یان دیتر‌ڕەگەزخوازانن، بە هەڵبژاردنی ناوی گەی سووکنایی بە خۆیان دەبەخشن و بەم شێوە لە چوارچێوەیەکی پێناسەکراودا دەگوونجێنرێن.

 

  1. کاریگەریی ئایین و باوەڕە ئایینییەکان

کاریگەریی مەزنی ئایین لە سەر شوناس و شێوازی ژیانی تاکەکان ئێستاش سەرسامهێنەرە بەڵام بۆ ناهاوسانان لەوەش زیاتره؛ چوونکە باوەڕە ئیسلامییەکان لە بنەڕەتەوە هاوڕەگەزخوازتۆقاون. هەرچی بنەماڵەیەک ئایینی‌تر و دەمارگرژتر بێ، زەختێکی زیاتر دەخرێتە سەر تاک. بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجیکی کەمینە سێکسییەکان، ئایین بۆ کۆنتڕۆڵی سێکسی زەختێکی بەهێزتری هەیه. زۆر شیکاریی لەم گوتارەدا هەیە کە ئایا گەیبوون لە ئایینی ئیسلامدا قبووڵ کراوە یان نا و زۆرێک هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی مەعنەوییەت و هۆگریی سێکسیی خۆیان هاوئاراستە بکەن. جڤاکی گەیە موسڵمانەکان کە هۆگریی سێکسیی خۆیان وەک کردەوەیەکی نائەخلاقی یان هەڵە چەمکسازی دەکەن هەمیشە هەڵوەدای متمانە بە خۆبوونن. بۆ وێنه، ئەم ڕوانگە ڕەچاو بکەن و بە شێوەیەکی بەربڵاویش پەسند کراوە و پێی وایە هاوڕەگەزخوازی گوناحه. ئایینی ئیسلام لە پاڵ ئایینەکانی دیکە پێداگرانە و بە بێ دوودڵی هاوڕەگەزخوازی بە ڕفتارێکی لادەرانە دەزانێت. بۆ کەسانی ناهاوسان، دەستپێکی ناسینی هۆگریی سێکسی بە بێ‌هیواییەکی مەعنەویی و ئایینی ئێگزیستانسیال سەرکوت دەکرێت.

زۆر کەس بێ‌گومانن لەوەی کە هاوڕەگەزخوازتۆقێنی بە هێزەوە لە کەلتووری ئێرانییدا دەمێنێتەوه. هەستی بە دەروونیکراوی ئایین کە ناوکی بوونی تاکه، چەمکی کۆمەڵایەتی و ئایینی ژنانە و پیاوانە و پەیوەندی لەگەڵ نا‌هاوڕەگەز وەک تەنیا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی قبووڵکراو لە چوارچێوەی ئیسلامی دەبنە هۆی ئەوەی تاک لە دەلاقەی ئیدانەبوونی هاوڕەگەزخوازی و پێکهاتە ئایینییەکان هەستی سرووشتی خۆی بخاتە بەر قەزاوەت. دیارە نێو و نیتکە لەگەڵ هاوڕەگەزخوازی لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر ئەو تاقمە موسڵمانانە داناوە کە خۆیان پێ گەیه.

کەسانی ناهاوسان هەمیشە بابەتی شرۆڤە مرۆییەکانن و ئەم شرۆڤانە لەوانەیە بە پێی کات، زەمەن و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی گۆڕانیان بە سەردا بێت. لەم پێناوەدا، زۆربەی وڵامدەران پشتیوانی شرۆڤەی ئەخلاق‌تەوەرتری دەقە ئایینییەکانن کە ڕێز لە زۆرینەیی و جیاوازییەکانی نێوان خولقێنراوەکانی خودا دەگرێ و لە هەمبەر شرۆڤە زاڵەکانی قوڕئان کە بیرمەندان بۆ ئیدانەکردنی هاوڕەگەزخوازی پەنای بۆ دەبەن، خۆڕاگری دەکەن. موسڵمانان پەنا دەبەنە بەر بەسەرهاتی لووت لە قوڕئان (وەکوو بەسەرهاتی لات لە ئینجیل) بۆ ئەوەی بڵێن ئیسلام ئەو پیاوانە ئیدانە دەکا وا هۆگری پیاوانن. زۆر گەی موسڵمان شرۆڤەی جیاوازییان لێی هەیه: ئەم چیرۆکە توندوتیژی ئیدانە دەکا و نە کردەوەیەکی سێکسی تایبەت. کاتێک کەسێک لە پشتیوانی بنەماڵە و دەوروبەرییەکانی بێبەشە و ئایینیش سووکنایی‌بەخش نییە و کەسەکە دەتارێنێ، هیچ سەیر نییە کە کەسەکە باوەڕە ئایینییەکانی لە دەست بدات.

28 ساڵان، دوو‌ڕەگەزخواز لە تاران

«من هیچ کارێکی وا ناکەم کە کاریگەری لە سەر خودا دابنێم، نە نوێژ دەکەم و نە قوڕئان دەخوێنمەوه. ڕۆژوو ناگرم. سوێند بە خودا دەخۆم و پەیوەندییەکانی خۆمم هەیە.» ‌

چارتی ژمارە 8. پابەندبوون بە ئەخلاق لە ناو ناهاوساناندا

 

چارتی ژمارە 8 پیشاندەری ڕا و بۆچوونی حەشیمەتی ئامانج بە بەراورد لەگەڵ ڕەهەندی ئەخلاقیی هاوڕەگەزخوازییه. 82.8 لە سەد لە تاران، 66 لە سەد لە مەشهەد و 71.5 لە سەدی حەشیمەت لەو بۆچوونەدا بوون کە هاوڕەگەزخوازی دیاردەیەکی ئاسایی و سرووشتییه. لەم قۆناغە زەمەنییەدا خواست بۆ ئایینێک بەدی ناکرێت کە گرووپی ناهاوسانان بە فەرمی بناسێ و قبووڵیان بکا کە پێیان خۆشە سکۆلار بن. ئەمە وای کردووە کە زۆر کەس لە ژیانی خۆیاندا ڕێگەیەکی نوێ بەرەو هێزی مەتافیزیا و ئایدۆلۆژیای مەعنەوی بەدیل بگرنە بەر بۆ ئەوەی درێژە بە ئایینی باڵادەست و دەسەڵاتداری ئیسلام بدەن. ئەم چەمکانە بریتین لە مرۆڤایەتی، باوەڕمەند بوون بە کەرامەتی مرۆیی وەک ئایینێکی ڕاستەقینە یان هۆگری بۆ عیرفانێکی نوێ کە باوەڕی بە مەلەوەریی سێکسی هەبێت. ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئەم سەدە دەتوانێ گێڕانەوەیەکی مێژوویی لە ئاوێتەیی، مدارا و پێکەوە ژیان بێ کە لە سەر ئاستی ڕوکەشی و هاشتاگی هاوپەیوەندی زیاتر چووە.

لزباین، 31 ساڵان، لە مەشهەد

باشم لە بیرە کە لە تافی منداڵیدا لەگەڵ دایک و باوکم دەچووم بۆ مزگەوت؛ بەڵام پاش ئەم ئاریشە و کێشانه، لە قۆناغی یەکەمدا حاڵەتی بەرگریکارانەم بەرامبەر بە خودا هەبوو چوونکە بە ڕاستی لە ژێر گووشاردا بووم. خودا دەیتوانی منیش هاوشێوەی دیکەی کەسانی هاوڕەگەزم بخولقاندبوایه، دەمتوانی ژیانێکی ئاساییم هەبوایە، هاوسەرگیری بکەم؛ منداڵم بخستایەتەوه؛ دەمتوانی بە ئاسودەیی بژیم. من هێشتاش هەمان هەستم هەیە. ئەو پرسەی ئێمە ڕووبەڕووی بووینەتەوە هەندێ جار وا دەکا باوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین بەڵام ئەم کێشە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە باوەڕەکانم لە دەست بدەم. پێم خۆشە ڕۆژێ بمرم و تەنیا ئەوە لە خودا بپرسم بۆچی. کەسانێک هەن کە من لەگەڵیان لە پەیوەندیدام و هەندێکیش وەکوو من هەر ئەم کێشەیان هەیه. من بە ڕاستی ماندوو بووم.

 

گەی، تەمەن 23 ساڵان، لە ئیسفەهان

دیارە ئێمە تاوانبارین، ئێمە لە وڵاتێکی موسڵماندا دەژین و بێ‌گومان ئێمە موسڵمانین. ئێمە باوەڕمان بە خودا و ڕۆژی قەیامەتە بەڵام ئەم باوەڕە لاوازه. بەڵام من ئیمان و بڕوام هەیه. من نکۆڵی لە خودا ناکەم. سەرەڕای ئەمه، پەیوەندیم هەیه، سێکس دەکەم و هەمیشە هەوڵم داوە ئەم دوو ڕەهەندە لە یەکتر جیا بکەمەوه. بۆ من، دیتر‌ڕەگەزخواز یان هاوڕەگەزخواز بوون هیچ پەیوەندییەکی بە خودا، ئایین و ڕۆژی دواییەوە نییه. من ئەوان پێکەوە گرێ نادەم. من هەست ناکەم گوناحێکم کردبێت. باوەڕە ئایینییەکانم لاوازن؛ بەڵام من ئەم بابەتەم بە ئاسوودەیی قبوڵ کردووە و کێشەم نییه.

چارتی ژمارە 9. ئاستی باوەڕی ئایینیی وڵامدەران

چارتی ژمارە 9 پیشاندەری باوبوونی باوەڕە ئایینییەکانی ئەم حەشیمەتە لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهانه. بە گوێرەی ئەم چارتە، 14.28 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە تاران، 33.3 لە سەدیان لە مەشهەد و 20 لە سەد لە ئیسفەهان باوەڕیان بە چەمکگەلی ئایینی وەکوو خودا و نوێژ و ڕۆژوو هەبوو. ئەم داتایانە پیشان دەدەن کە هاوڕەگەزخوازان لە شاری مەشهەد باوەڕی ئایینی بەهێزتریان هەیه؛ چوونکە پەروەردە و بە کۆمەڵایەتی بوونیان لە سایەی ئایین لەم شارەدا باوتره. ئیسفەهان و تاران مۆدێڕنترن و باوەڕی ئایینی لەواندا کاڵتره.

  1. پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازان لەگەڵ یاسا

 

پەیوەندییەکی ئەبەدی و دانەبڕاو لە نێوان ئایین و نۆڕمە سێکسییەکان لە ئێران و سیستەمی یاساییدا بوونی هەیە کە ئەو کەسانە سزا دەدا کە ئایین و بەها سێکسییەکان ڕەچاو ناکەن. سزا یاساییەکان لە لایەن دەوڵەت، سیستەمی داد و کاراکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو قوتابخانەکان، کۆمەڵگاکان و بنەماڵەکان دەسەپێنرێت. یاساکانی ئێران لە هەمبەر هەڵاواردن یان ئازاردانی بە هۆی هۆگریی سێکسی یان شوناسی ڕەگەزێتی هیچ پشتیوانییەکی تایبەتی پێشکەش ناکات؛ ئەگەرچی ئەم یاسایانە وەک پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ لێیان دەڕوانرێ، کاردانەوەی دیمانە لەگەڵکراوان پیشان دەدا کە ئەوان هەڵوەشانەوەی وەها سزاگەلێک بە مومکین نازانن. کاتێک سەبارەت بە زانیاریی یاساییان پرسیار لە کەمینە سێکسییەکان کرا، زۆریان سەبارەت بە وردەکاریی جێبەجێکردنی یاساکان سەریان لێ شێوا بوو، ئەگەرچی هەندێ لە بەشداربووان کەڵکیان لە وشەگەلی وەک سێدارە یان بەردباران یان قەمچی وەرگرت. وەک بینرا لە کاتێکدا کە زۆرێک لە کەمینە سێکسییە بەشداربووەکان بە توندی هەستیان دەکرد کە لە ژێر کۆنتڕۆڵدان، حاڵەتێک لە کەمتەرخەمیش بەدی دەکرا؛ چوونکە لەم ماوەی دواییدا هیچ حاڵەتێکی سێدارە یان بەردباران لە ئارادا نەبووە و زۆریان ئەگەری وەها سزاگەلێکیان زۆر بە کەم دەزانی.

تیمی لێکۆڵینەوەکەمان شایەدی حەڕەشەی هەمیشەیی پۆلیسی ئاسایش بوو. پۆلیس و هێزەکانی گەشتی ئیڕشاد چەندین جار کاری مەیدانیان وەستاندووە و بوونەتە هۆی ئەوەی بەشداربووان خێرا بڵاوەی پێ بکەن بۆ ئەوەی نەناسرێنەوه. شایەنی ئاماژە پێدانە کە شێوازەکان لە شارەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهان جیاواز بوون و تەنانەت ئەم جیاوازییانە لە گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی یەک شاریشدا بوونی هەبوو. بەدەر لە کێشەی دابینکردنی ئاسایشی بەشداربووان کە حەزیان لە دیمانە بوو، ئەم شێوازە پۆلیسییەی هێرش و ڕاکردن بووە هۆی ئەوەی کاری دیمانە بە هۆی دەستێوەردانی پۆلیس دژوار ببێت.

لزباین، 27 ساڵه، لە تاران 

ئێستا گرووپەکانم (گرووپی ناهاوسانان لە تێلێگرام ) دەسڕمەوە و بۆ بەیانی دیسان لە گرووپەکاندا دەگەڕم بۆ ئەوەی شتێکی باشتر بدۆزمەوه، گرووپەکانم دەسڕمەوه، تەلەفوونەکەم دەکووژێنمەوه. پێموا هەتا هەنووکە 20 دانە سیم کارتم کڕیوە و هەموویانم سووتاندووه. بە خۆم دەڵێم وازی لێ بێنه؛ چیتر ئەم کارە مەکە. قوڕئان دەکەمەوه؛ بۆ بەیانی دیسان بە شوێن گرووپەکانمدا دەگەڕم. دیسان بە شوێن یەکێکی باشدا دەگەڕم. پێموا هەتا ئێستا دە باتری مووبایلم گۆڕیوه. من هەر لە سەرەتای ڕۆژەوە هەتا شەو سەرم لە ناو موبایلدایه. دایکم دەڵێ ئەگەر لای خودا بپاڕییەوە ڕەنگە بگەڕیتەوه. ڕەنگە کارێک دەست بخەی، بچیتە سەر کار.

  1. لێخشبوونی سەربازی، چانس یان ڕێگەی بەرگری؟

لە ئێران کاتێک پیاوێک دەگاتە تەمەنی یاسایی (18 ساڵ)، دەبێ بچێ بۆ سەربازیی ناچاریی دوو ساڵه. بە کۆتایی هاتنی ئەم خوولە دوو ساڵانەیە کارتێک دەردەکرێت. بە بێ ئەم کارته، پیاوی ئێرانی ناتوانێ بە شێوەی فەرمی کڕین و فرۆشتن بکا، لە چالاکی فەرمی کەرتی گشتی بەشداری بکا، لە لایەن دەوڵەتەوە دابمەزرێ یان پاسپۆڕت وەربگرێت. هەندێ لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئامادە نین ئەو کەسانە دابمەزرێنن کە سەربازییان نەکردووه. هەندێ کەس تێدەکۆشن ڕێ دەرەتانێک بۆ خۆ بوواردن لە خزمەتی ناچاری بدۆزنەوه.

ناهاوسانان بۆ وەرگرتنی کارتی لێخۆشبوون دەبێ سەبارەت بە تڕەنسێتی یان هاوڕەگەزخوازی بەڵگەی خۆیان پێشکەش بکەن. کەسەکە بەر لە دەستپێکردنی ئەم ئەزموونە دوو ساڵەیە دەبێ پشکنینی پزیشکی و هەڵسەنگاندنی دەروونی ئەنجام بدات. هەندێ جار کەسێکی هاوڕەگەزخواز لە مەڕ ڕۆڵ یان دۆخی سێکسی خۆی درۆ دەکا و وا خۆی پیشان دەدا کە هاوبەشی سێکسی مێینەیە یان ئارایشت و پۆشاکێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی لە دادگا براوە بێ و لێخۆشبوونی بۆ دەربکرێت. لە وەها حاڵەتگەلێکدا، هاوڕەگەزخوازی هۆگرییەکی سێکسیی بایۆلۆجیک نییه، بەڵکوو ساختەکاریی دەرەکی شتێکە کە وەک ڕەواڵەتی ژنانە سەیر دەکرێت. بەدەر لە ئارایشت، جل‌وبەرگ و ڕەواڵەت، ئەندازەی کەسەکە هێمایەکی ڕوونی دیاریکەرەوەیه: کەسانی هاوڕەگەزخواز بە لەشی پیاوانەی درشتەوە کەمتر چانسی ئەوەیان هەیە لە دادگادا براوە بن.

زۆر جار و نە هەمیشە پاش هەڵسەنگاندنی دەروونی تاقیکردنەوەیەکی تەواو پڕئیسترێس و تەواو سووکایەتی‌هێنەری کۆم ئەنجام دەدرێت. ئەگەر بینینی پزیشک بەڵگەی پەیوەست بە ڕوودانی دخوولی نێوان دوو هاوڕەگەز پیشان بدا، ئەم بابەتە بە شێوەی فەرمی دەنووسرێ و دەنێردرێ بۆ سوپا. لە هەندێ حاڵەتدا، پشکینی وردتریش ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بڕیاردەران لە دۆخی داواکار دڵنیا بن و ئەم متمانەیە دەست بخەن کە ئیدعای هاوڕەگەزخوازبوون ڕاستە بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بێ بۆ ڕا کردن لە خزمەتی سەربازی.

وەرگرتنی لێخۆشبوونی سەربازی بۆ پیاوانی هاوڕەگەزخواز و دیتر‌ڕەگەزخواز زۆر جیاوازه. بۆ دیترڕەگەزخوازان، لێخۆشبوون واتە پاراستنی دوو ساڵی گەنجێتی، هاوسەرگیری و شانسی خوێندن و دۆزینەوەی هەلی کار. بەڵام، بۆ هاوڕەگەزخوازان ئەگەرچی بۆ ساتەوەختێک بە ئۆقرەیی و ئاسایش دەگەن، خێرا دەبێتە نیگەرانییەک کە بە هۆی ژیان لە ناو کەسانێکە کە لەوانەیە هێرش بکەنە سەریان. لە دوای ئەم ئاسوودەیی و ئۆقرەییە کەم‌خایەنه، هەلی کار دێتە ئاراوە کە بابەتێکی گرنگه. یەکێک لەو ئاسەوارە هەستپێکراوانەی کە کەسانی خولیای هەلی کاری خاوەن کارت هەستی پێ دەکەن، ئەوەیە کە لێخۆشبوونیان ئێستا بۆتە ئاستەنگی بەردەم دۆزینەوەی هەلی کار. ئەم کارتە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە لە بازاڕدا کڕیاری نەبێت. نەخۆشی دەروونی یان کێشەی کەسایەتی هۆکارگەلێکن کە لە سەر کارت دەنووسرێن.

کێشەی کەسایەتی دەستبەجێ وەک وشەی نەرمی‌نوێنتری هاوڕەگەزخواز سەیر دەکرێت. هەندێ جار کارت ژمارەی ئەو یاسایەش کە بە هۆی ئەوەوە لێخۆشبوونی بۆ دەرکراوه، پیشان دەدات. کەواتە لێکدانەوەی هۆکاری لێخۆشبوون زۆر ئاسانه. بە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خاوەن کارەکان بە دامەزراندنی پیاوانی هاوڕەگەزخواز هەست بە ئاسوودەیی ناکەن، وەدەستهێنانی ئیش بۆ گەیە لێخۆشبووەکان زۆر چەتوونه.

 

  1. خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکان و یارمەتییەکانی دیکه

کاتێک کەسێک دەچێ بۆ لای دەرووپزیشک، ئەوە خەسارەتێکی دەروونی لە ئارادایه. کاتێ ناهاوسانێک سەردانی دەروونپزیشک دەکا  بۆ ئەوەی بابەتی پەیوەست بە هۆگریی سێکسیی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوە خولیای چارەسەر یان گۆڕان نییە بەڵکوو تێدەکۆشێ بەرەنگاری هۆگریی سێکسیی خۆی ببێتەوە و هەڵوەدای جۆرێک ئاشتییە. دەروونپزیشکان بە ڕێگە چارەی «نەرێنی» وڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوه. بۆ وێنه، دەروونناسێک پەیوەندی لەگەڵ کەسێک لە ڕەگەزی بەرامبەر بە ئامانجی گۆڕینی هۆگریی سێکسیی تاک پێشنیار دەدات. ئەم ڕێگە چارانە لە کۆتاییدا دەبنە هۆی ئەوەی کە بەشداربووان بچنە ناو پەیوەندیی ئاڵۆزترەوە کە ورووژانی سێکسی و خەفەتی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی هەستی لەدەستچوونی شوناس.

سەرەڕای هاودەنگیی گشتی لە سەر ئەم بابەتە کە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەروونی نییه، دەروونپزیشکانی «لێزان» لە وڵاتی ئێراندا هەن کە هاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشی لە قەڵەم دەدەن و تێدەکۆشن کەسەکە بخەنە ناو چوارچێوەیەکی پێناسەکراوی دەورە ڕەگەزییەکانەوە.

کەمینە سێکسییەکان متمانەیان بە ڕۆڵی ڕاوێژکاران و دەروونپزیشکان نییە و بە نەرێنی لێیان دەڕوانن. خۆپارێزی و مەحافزەکاریی بەردەوام کە هەمیشە لە ژیانی ناهاوساناندا هەیە تەنانەت لە لای یارمەتیدەرێکی کۆمەڵایەتی یان دەروون‌توێژێکیش بەردەوامه. بێ‌متمانەیی ڕێگە بە کەسەکە نادا کە قەڵغانەکەی فڕێ بدا و گیر و گرفتەکانی بخاتە ڕوو. ئەو ناتوانێ داوای پشتیوانی یان ڕاوێژکاری و پێشنیارێکی بەسوود بکات. بابەتی گرنگی دیکە دووانێتی ڕەگەزێتی لەم دیدار و چاو پێکەوتنانەیه. ئەم توێژینەوە پیشانی دا کە لە ناو بەشداربووانی پیاو، داوای هاوکارییەکی شارەزایانە پیشاندەری لاوازی بوو. پیاوان هۆگرییەکی کەمتر بۆ دەربڕینی «لاوازی» پیشان دەدن. لە لایەکی تریشەوه، بەشداربووانی ئافرەت بۆ هاریکاری و وەرگرتنی ڕاوێژکاری تامەزرۆترن. بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە دەروونناسی لە کەلتووری گشتیدا پرسێکی نوێیه، سەردانی دەروونپزیشک هێشتا شوورەییه.

ئەم کەسانە بە دەروونناسانێک لە ڕێکخراوی بێهزیستی وەک نەخۆش دەناسێنرێن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری بێبەرامبەر سوودمەند بن. لەم خولانەدا، کارناسان ستراتیژ و ڕێگەچارەی سنوورداریان بۆ چارسەری «نەخۆشانی هاوڕەگەزخواز» هەیه. ئەم دەروونناسانە زۆریان کارمەندی دەوڵەتن. کاتێک هاوڕەگەزخوازی لە یاساکانی ئێراندا هیچ شوێنێکی بۆ نییه، ڕاوێژ لەگەڵ دەروونناسێکی دەوڵەتی شیاوی تێگەیشتن نییه. لە ڕاستیدا دەروونناسێک کە تەنانەت قبووڵکردنی هۆگریی سێکسیی خۆیان وەک ڕووداوێکی سرووشتی لە لایەنێکی ڕەگەزیدا پێشنیار دەکا، لە بنەڕەتدا لە دژی بنمایەکی پێناسەکراو لە لایەن خاوەن کارەکەی خۆی واتە دەوڵەت هەڵوێست دەگرێت. ئەمە تەنانەت لەوانەیە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی کاری دەروونناسیشی لێ بکەوتەوه.

گرووپی دووهەم کەسانێکی لە بنەماڵە دەوڵەمەند و خوداپێداون کە دەتوانن لە باری داراییەوە سەردانی دەروونناسیی تایبەت بکەن کە لە ناوەندەکانی شاردا نۆرینگەی تایبەتیان هەیە و هیچ وابەستەییەکیان بە دەوڵەت نییه. ئەم دەروونناسانە تێگەیشتنێکی تا ڕادەیەک باشتریان لە پرسەکانی شوناسی ڕەگەزیی هەیە و ڕەنگە کەمتر نیگەرانی ئۆتۆلۆژی و فوکووس خستنە سەر چارەسەری هاوڕەگەزخوازی بن؛ کەواتە ئەوان دەتوانن بە هێز و توانایەکی زێدەترەوە ڕاوێژ بدەن.

 

  1. توندوتیژی و تەندروستیی دەروونی هاوڕەگەزخوازان

ڕێژەی ڕاستەقینەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە ناو لزباینەکان ڕوون نییه؛ بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین لزباینەکان ڕێژەیەکی زۆر لە کێشە دەروونییەکانیان لە خۆ  گرتووه. لێکۆڵینەوە نیشتمانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیشانی داوە کە ڕێژەی کێشەی دڵەڕاوکێ لە ناو لزباینەکان پتر لە ژنانی دیتر‌ڕەگەزخوازه.

لە بەرامبەردا توێژینەوەیەکی دیکە لە وڵاتی هۆلەند ڕێژەیەکی زۆری لە خەمۆکی لە ناو لزباینەکان بە بەراورد لەگەڵ ژنانی دیتر‌ڕەگەزخواز پیشان دا و نە ڕێژەی زیاتری نیگەرانی.

هەر ئەم توێژینەوە پیشان دەدا کە لزباینەکان دوو قاتی دیتران لانیکەم دوو جار لە ژیاندا تووشی کێشەی تەندروستیی دەروونی دەبنەوه. ڕیسکی خەمۆکی و دیکەی کێشە تەندروستیی دەروونییەکانی، وەکوو بیر و خەیاڵی خۆکوژیی، لە ناو ئەو ئافرەتە لزباینانەی کە شوناسی ڕەگەزیی خۆیان ئاشکرا نەکردووه و ئەوانەی کە ئەزموونی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ ملهووڕی و هەڵاواردنیان هەیه، زیاتره.

چارتی ژمارە 10. ڕێژەی خەمۆکی و خۆکوژی وڵامدەران

 

چارتی ژمارە 10 پیشاندەری خەمۆکی و خۆکوژی لە ناو هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهانه. تاران بە 35.7 لە سەد، ئیسفەهان بە 40 لە سەد و مەشهەد بە 50 لە سەدی حاڵەتەکانی خۆکوژیی پیشان دەدرێن. ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن کە بە هۆی بەها نەریتییەکان و زەخت و گووشار لە مەشهەد و لە ئەنجامدا ڕێژەی زۆرتری توندوتیژی و هەڵاواردن، خۆکووژی لە ناو هاوڕەگەزخوازانی ئەم شارەدا زیاتره.

لە کۆتاییدا، کۆی کێشە درێژخایەنەکان کە زۆربەی کەمینە سێکسییەکان ڕۆژانە بە ئەزموونی دەکەن، وەکوو گاڵتە پێکران لە ماڵ، قوتابخانە و شوێنی ئیش و تەنانەت لە شەقام، مەترسی زۆری قۆڵبەستکران، چەوسانەوه، ملهووڕی و توندوتیژی سێکسی، دەبێتە هۆی دۆخێکی نادادپەروەرانه، ناورۆڤانە و نەشیاو بۆ ژیان. زۆریان لە ژێر زەختی سەرکوتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتیدا دەژین. کاتێک وەها هەلومەرجێک بە نەگۆڕاوی دەمێنێتەوه، ڕێگە بۆ خەساری کۆمەڵایەتی زیاتری وەکوو ئێچ ئای ڤی، توندوتیژی، کێشەی دەروونی، خەمۆکی و خۆکوژی زیاتر خۆش دەبێت. ئەو کاردانەوە توندوتیژ و بێ‌ڕێزییانەی کە لە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکاندا بەدی دەکرێن لەو شوێنەی کە ڕەگەزێتی دەکەوێتە بەر تیشکی هەڵسەنگاندن و قەزاوەت و بە بێزاری و نفرەتەوە لێی دەڕوانرێ لە کۆمەڵگای ئەواندا خۆی دەنوێنێت.

ئەم کاردانەوانە لە شوێنی کاریشدا دەبینرێن کە کەسەکان بەشێکی هەرە زۆریان کاتی خۆیان لەوێ بە سەر دەبەن. ئەمە تەنیا تایبەت بە وڵاتی ئێران نییه. لە سەرتاسەری جیهان، ناهاوسانان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی بەربڵاو لە شوێنی کار دەبنەوە و دیسان ئاشکرا دەبێتەوە کە وڵاتی ئێران بەدەر نییه. کۆسپ و تەگەرەکانی بەر دەم ناهاوسانان بۆ گەیشتن بە چاودێری تەندروستی لەگەڵ توندوتیژی و پرسەکانی پەیوەست بە تەندروستیی دەروون کە ئەم تاقمە لەگەڵ هاوڕەگەزخوازتۆقێنی بە ئەزموونی دەکەن، دەتوانێ ماوەی ئەو ساڵانەی کە ناهاوسانان دەتوانن ئیش بکەن، کەم بکاتەوه.

 

تەمەن 18 ساڵان، لزباین

من وا هەست دەکەم لە کۆتاییدا هەموو ژنێک دەبێ پاڵ بە پیاوێکەوە بدات. تەنانەت لە پەیوەندییەکانی  لزباینەکان، ئەو کەسەی کە دەوری بەهێزتر دەگێڕێ، هەمیشە پێویستی بە کەسێکی بەهێزترە بۆ ئەوەی پاڵی پێوە بدات.

لە وڵاتی ئێران، کەمینە سێکسییەکان  ناتوانن لە هەموو مافە مەدەنی و یاساییەکان سوودمەند بن و ناتوانن لە ڕەوتی پەیوەندییەکی ناتەندروستی تونداژۆ بەرگری لە خۆیان بکەن.لە ڕاستیدا بە شێوەی بەربڵاو و سیستماتیک، ناهاوسانان لە هەر چەشنە مافی پشتیوانیی یاسایی بێبەشن. لەو ڕووەوەی یاساکان لە وڵاتی ئێران هەر ئێستاش پەیوەندیی ئەوان وەک بەرهەڵستی ڕەها دژبەری نۆڕمە ئایینییەکان و جۆرێک سەرکێشی سەیر دەکات، کەمینە سێکسییەکان کە لە ئاشکرابوونی شوناسیان دەتۆقن، پەیوەندییەکی ئاسوودەیان لەگەڵ سیستەمی یاسایی، پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش (ئینتزامی) نییه.

چارتی ژمارە 11. ڕێژەی توندوتیژی و هەڵاواردن لە دژی ناهاوسانان

چارتی ژمارە 11 ڕێژەی توندوتیژی، هەڵاواردن و سووکایەتی داسەپێنراو بە سەر هاوڕەگەزخوازان لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان پیشان دەدات. بە گوێرەی ئەم چارتە، زیاترین ڕێژەی توندوتیژی و هەڵاواردن لە ئیسفەهان (80 لە سەد) و ئینجا لە مەشهەد (66.6 لە سەد) و تاران (7.1 لە سەد) ڕوو دەدات. لە چاو تاران، مەشهەد و ئیسفەهان نەریت‌خوازتر و ئایینی‌ترن؛ کەواتە هاوڕەگەزخوازی بە لادان و نەشیاو دەزانن. هیچ سەیر نییە کە ئەم دوو شارە ڕێژەیەکی زۆر لە توندوتیژی لە دژی هاوڕەگەزخوازان پیشان دەدەن.

  1. منداڵبازی

منداڵبازی بە پەیوەندی نێوان پیاوانی بەساڵاچوو لەگەڵ کوڕانی کەمتەمەنتر دەوترێ کە زۆر جار تێکەڵ بە توندوتیژی، ئازاراندن و هەڵخەڵەتاندنه. لێکدانەوەی ئاڵۆزییە قووڵەکانی نێوان پیاوانی بەساڵاچوو و کوڕانی کەم تەمەن گوتاری گشتگیرتر و جیاوازتری لێ دەکەوێتەوه. ئەم پەیوەندییە یەک لایەنە سێکسییە تێهەڵکێشی ئازاراندنی منداڵی، چەوساندنەوەی سێکسی و دەستدرێژییه. کاتێک کوڕێکی کەم تەمەن (وەک هاوبەشی مێینه) هۆگری کەسێکی بەتەمەن دەبێ و لەم پەیوەندییە ئاگادارە، مافی هەڵبژاردن و ئازادی بۆ نییه. کاتێک کەسێکی بە تەمەنتر خواستەکانی لە سەر قوربانی جێبەجێ دەکا، فێری ناکا بەڵکوو لە ئاقاری دڵخوازی خۆیدا ڕێنوێنی دەکات. زۆر حاڵەتی لەو چەشنە کەڵکاوەژوویی سێکسییانە لە سیستەمی پەروەردەی وڵاتدا لەم ساڵانەی دواییدا دەنگ و هەرای نایەوه.

گەی، تەمەن 25 ساڵان، لە ئیسفەهان

من هاوڕەگەزخوازم؛ کەسێکی دڵناسکم، لەگەڵ کەسێک کە بە لامەوە باش و ڕاستگۆ بوو، بوومە دۆست. پاش ماوەیەک داوای لێ کردم لەگەڵی بچمە ماڵەکەی. هەستێکی گەرم و بەتینی پێ نیشان دام و وتی ئێمە دوو کاپڵی ڕاستەقینەن و باشترین هاوژینین. ئەمە زۆری کاریگەری لە سەر داناو. لە کۆتاییدا چووم و بۆم دەرکەوت دوو سێ کەسی دیکەش هەن. ئەوان تا توانیان لێیان دام، دەست و قاچیان بەستمەوە و ئەوەی ویستیان بە سەریان هێناو. ئێستا من خوێنڕێژیم هەیه، لە ناو چووم و زەینم زۆر ئاڵۆزاوه.

لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە یەک لایەنە پرسی زمانیش هەیه. ئەو پیاوانەی کە هاوبەشی سێکسی هاوڕەگەزیان هەیە وەک سووکایەتی پێیان دەوترێ «کوونی» کە پێناسەیەکی بێ‌ڕێزییانەیە و بۆ سووککردنی ئەویتری بە کار دەهێنرێت. باوبوونی ئەم زمانە ئاراستەدارە ڕەگەزێتییە و کاریگەرییەکەی لە سەر تێگەیشتن و قبووڵکردنی کۆمەڵگا لە کلیشە ژنانە و پیاوانەکان، پیاوانی “بکەر” دەخاتە پێگەیەکی ڕێزدارەوه. ئەوان هەر ئەو کەسانەن کە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی پەیوەندیی سێکسییان بۆ دیاریکردنی بنەما و هەلومەرجەکانیان هەیه. ئەم پیاوانە توانای دخوولیان هەیه. بە پێچەوانەوە هاوبەشی مێینە وەک کەسایەتییەکی بێ‌نرخ و بێ بایەخ سەیر دەکرێ و دەوری سێکسی ئەو تێکەڵ بە جنێو و زمانی بێ‌ڕێزییە.

62 ساڵان، تاران

نا پێم خۆش نییه. دوو کەرەسەی سێکسیم لە ماڵەوە هەیه. کەسێک کە لەگەڵی بووم دووانی پێدام بۆ ئەوەی بیانبەمە ماڵەوه. وتم ناوهەوێ. وتی هەڵیگرە و کاتێک هاتم خۆم بە کاری دێنم. زۆر حەزم لێی نییه. ئەم کارە بە پاچە پلاستیکێک ئەنجامدان هیچ چێژێکی نییه.

چارتی ژمارە 12 ڕێژەی کەڵکاوەژوویی لە ناهاوسان لە تافی منداڵی پیشان دەدات. بە پێی چارتی، 7.5 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان لە تاران و 16.6 لە سەدیان لە مەشهەد و 14.8 لە سەد لە ئیسفەهان لە هەڕەتی منداڵیدا دەستدرێژی کراوەتە سەریان.

چارتی ژمارە 12: ڕێژەی کەڵکاوەژوویی لە ناهاوسانان

 

  1. هاوسەرگیری و منداڵی هەڵبژێردراو

وەک چەندین جار لە دیمانەکاندا وترا، پرسی درێژخایەنی دیکە بۆ هاوڕەگەزخوازان و دوو‌ڕەگەزخوازانی ئێرانی ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان ئەوان بە شێوەی یاسایی بە فەرمی ناناسرێت. ئەوان بە بێدەسەڵاتی ڕەهای خۆیان هەوڵ بۆ هاوسەرگیری و بە فەرمیکردنی پەیوەندیی خۆیان دەدەن. ئێران وڵاتی لایەنگری هاوسەرگیریی هاوڕەگەزان نییه. دیارە کاتێک چانس بۆ پەیوەندیی فەرمی لە ئارادا نییه، پەیوەندیی نافەرمییە و لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ڕووکەشی و لە باوکەوتووە کە لە ئەنجامدا زیانی سۆزداریی زیاتری بۆ هاوڕەگەزخوازان لێ دەکەوێتەوه. بە پێی یاساکانی ڕێکخراوی بێهزیستی (چاکژیانەوه)، لە ئێستادا ئەو کەسانەی کە لە ڕووی دەروونی، جەستەیی و ماڵییەوە مەرجەکان دەیانگرێتەوه، دەتوانن بۆ منداڵی هەڵبژێردراو هەوڵ بدەن. کەسانی گەنج و سەڵتیش ئەم یاسایە دەیانگرێتەوه؛ بەڵام لەو ڕووەوەی کە کەمینە سێکسییەکان لە وڵاتی ئێران هیچ چانسێکیان بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسی هاوڕەگەزی خۆیان نییه، بە شێوەی خۆ بە خۆ بۆ داواکردنی منداڵی هەڵبژێردراو وەبەر مەرجەکان ناکەون.

  1. نەبوونی ڕاهێنانی پرسە تەندروستی و سێکسییەکان

هاوبەشی سێکسی زۆر یان پەیوەندیی زۆر دەتوانێ کێشەی تەندروستی لێ بکەوێتەوه. ئەوەی لە ناو بەشداربوواندا بینیمان ئەوە بووە کە پرسی تەندروستی بە لایانەوە نیگەرانییەکی ئەوتۆ نەبوو. بە گوێرەی ڕا و بۆچوونەکانی ئەوان، گرنگیدان بە پرسە تەندروستییەکان لە بە کارهێنانی کاندۆم و حەبی دژە دووگیانی سنووردار دەبووەوه. هەندێ جار کەسەکان بۆ چێکاپ و پشکنینی خوێن سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان دەکرد؛ بەڵام ڕێژەی ئەم حاڵەتانە زۆر نەبوو. گەیەکاندا ترسێکی زۆریان لە ئایدز هەیه. زۆربەیان ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی ئەوانەی وا تووشی ئایدز هاتوون، گەی بوون. هۆشداری پێویسته. لە ڕۆژی جیهانی ئایدز (یەکەمی دیسەمبەری ساڵی 2017)، وەزیری تەندروستیی ئێران، حەسەن هاشمی، ڕایگەیاند کە وڵاتی ئێران ڕووبەڕووی ڕوو لە زیادبووی ئێچ ئای ڤی بۆتەوە.

ناوبراو کە لە کۆنفڕاسێک سەبارەت بە ئاگاداربوون لە ئایدز لە وەزارەتی تەندروستی قسەی دەکرد، وەبیری هێنایەوە کە لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابردوو حاڵەتەکانی ئایدز نۆ قات بووه. ناوبراو هەروەها هۆشداریشی دا کە نەبوونی ڕاهێنانی سێکسی و تابۆی کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە نەخۆشییە نزیکییەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا لەو فاکتەرانەن کە لەم ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونەدا دەوریان هەیه. حاڵەتە نوێکانی ئێچ‌ئای‌ڤی بە هۆی پەیوەندیی سێکسیی ناتەندروست لە چاو ڕەوتی پێشووی تووشبوون واتە لە ڕێگەی دەرزی مادەی هۆشبەرەوە ڕوویان لە هەڵکشانە؛ بەڵام تابۆ کەلتوورییەکانی سەبارەت بە گوتاری پەیوەندیی سێکسی هێشتا بۆ ئەم کارەساتە بێدەنگییان هەڵبژاردووه.

سێکسی کۆمی، سێکسی دەمی و گرنگینەدان بە تێبینییە تەندروستییەکان مەترسی ئەم نەخۆشییە زۆر دەکەن. سەرەڕای ترسێکی زۆر لە ئایدز، ڕێژەی ئاگاداری لە تەندروستیی سێکسی و پرسە پەیوەستەکان لە ناو کەمینە سێکسییەکان  زۆر کەمه. بۆ وێنه، گەیەکان، دووڕەگەزخوازان و دیکەی ئەو پیاوانەی کە لەگەڵ پیاوان پەیوەندیی سێکسییان هەیه، دەبێ بەردەوام بۆ نەخۆشییە نزیکییەکان پشکنینان بۆ بکرێ، جا چ بە هۆی هەستی شەرم یان ترس لە ڕاپۆڕتدان بە بەرپرسان، پیاوانی هاوڕەگەزخواز هەوڵ بۆ چێکاپی بەردەوام و پشکنینی نەخۆشییە نزیکییەکان نادەن. لە بەرامبەردا، لزباینەکان بە تەواوەتی لە بوونی کاندۆم بێ‌ئاگا بوون. هەروەها دەرکەوت کە لە ناو هاوڕەگەزخوازان و دیتر‌ڕەگەزخوازاندا بە کارهێنانی کەرەسەی سێکس باوه.

ئەمە خۆی هۆکارێکی ترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە نزیکییەکان. ئەوەی کە ئایا هاوڕەگەزخوازان لە چاو دیتر‌ڕەگەزخوازان زیاتر کەرەسەی سێکس بە کار دەبەن یان نا، جێی مشتومڕه. لە ناو ژنانی لزباین، بە کارهێنانی کەرەسەی سێکس وەکوو ویبراتۆر یان دیلدۆ باوه.

جیاوازیی لە ڕفتاری سێکسی دەتوانێ هۆکاری بەشێک لەم جیاوازییانە بێت. ئەم کەرەسانە زیاتر بە شێوەی نایاسایی لە بازاڕی ڕەشدا دەکڕدرێن نەک لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو و هەر لە بەر ئەوەش زۆریان ستریل نین. کەرەسە سێکسییەکان لە ڕێگەی خوێنەوە دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی نزیکی.

ڕاهێنانی تەندروستیی سێکسی لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک نموونەیەکی مافەکانی مرۆڤ، بۆ گەشە و پەرەپێدانی یەکسانی پێویسته.

لە وڵاتی ئێران لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕاهێنانی تەندروستیی سێکسی بۆ کەسانی سەڵت سەرکۆنە دەکرێت.

چارتی ژمارە 13 ڕێژەی هاوڕەگەزخوازانێک پیشان دەدا کە لە پەیوەندییە سێکسییەکانی خۆیاندا پەیوەندیی سێکسیی پارێزراو ڕەچاو دەکەن. لە تاران، مەشهەد و ئیسفەهان زۆر کەس ئامادەکاری بۆ پاراستنی خۆیان لە هەمبەر مەترسییە تەندروستییەکان ناگرنە بەر. لە مەشهەد 83.3 لە سەد، لە تاران 71.4 لە سەد و لە ئیسفەهان 60 لە سەدی هاوڕەگەزخوازان ڕێنماییە تەندروستییەکان ڕەچاو ناکەن. ئەم ڕێژە لە حەشیمەتی نموونەی هەر سێ شارەکەدا ژوور 50 لە سەدە کە پیشاندەری ناوشیارییەکی زۆر لە ناو گەی، لزباین و دوو‌ڕەگەزخوازان سەبارەت بەم بابەتەیه.

چارتی ژمارە 13 : ڕێژەی ڕەچاو نەکردنی تێبینییە تەندروستییەکان لە لایەن ناهاوسانانەوه

  1. کاردانەوە ستراتیژییەکان

لە وڵامی سەرکوت و کەمایەسییە تاقی کراوەکاندا، کەمینە سێکسییەکان  هەمیشە بێدەسەڵات و ملکەج بوون و هەندێ جار کاردانەوەی سیستماتیک یا ناسیستماتیکی خوازراو یان نەخوازراو لە خۆیان دەنوێنن؛ زۆربەی کەمینە سێکسییەکان وایان پێ باشترە کە هۆگریی سێکسیی خۆیان بشارنەوه؛ چوونکە بنەماڵه، ئایین و هێزە ئاسایشییەکان سەرچاوەیەکی پشتیوانیی لاوازن کە لە ڕاستیدا بوونیان نییه. شاردنەوە یەکەمین میکانیزمی ستراتیژانەی خۆگونجاندنە کە کەمینە سێکسییەکان بۆ خۆڕاگری لە هەمبەر زەخت و گووشار دەیگرنە بەر. ئەنجامی لێدوان لەگەڵ هەندێ لە هاوڕەگەزخواز و دوو‌ڕەگەزخوازان ئەوەی پیشان دا کە هەمووان بە شاردنەوە ڕازی بوون و بە شێوەی گشتی کەڵکیان لەم ستراتیژە وەردەگرت.

هاوسەرگیریی ساختەکاری یەکێک لە سەیرترین و گەورەترین ڕێگەکانی خۆقوتاردان و ڕا کردنه. ناهاوسانان ناچارن بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ کەسێک کە خۆشیان دەوێ، ڕێگەی «داهێنەرانه» بدۆزنەوه. ڕاستییەکی تاڵە کە بە ملیۆنان پیاوی گەی و ژنی لزباین لە جیهان «هاوسەرگیریی ساختەکارانه» وەک ڕێگەیەک بۆ ئارامکردنەوەی ئەندامانی بنەماڵە و کۆمەڵگای گەورەتری خۆیان دەست نیشان دەکەن. هاوسەرگیریی ساختەکاری باشترین شێوازە بۆ ئەوەی هەمووان ڕازی بن و هەر چەشنە گومانێک لە مەڕ هاوڕەگەزخوازی بسڕنەوه. گەورەترین ئەنگێزەی هاوسەرگیریی ساختەکاری ئارامکردنەوەی دایک و باوکه. بەڵام ئەم بابەتەش کێشەی خۆی هەیه: یەکەم زۆریان لە ژێر زەختی بنەماڵەدا مل بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر دادەنەوێنن بەڵام بە شێوەی پەناوەکی درێژە بە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کەسی هاوڕەگەزی خۆیان دەدەن. دووهەم ئەوەی کە ئەوان ڕازی بە هاوسەرگیری دەبن بۆ ئەوەی بتوانن لە بارودۆخێکی براوە – براوە زەخت و گووشاری زۆری بنەماڵە لە ناو ببەن و بەردەوام درێژە بە پەیوەندیی شاراوەیان لەگەڵ کەسی دڵخوازی خۆیان بدەن.

جۆرێکی دیکەی هاوسەرگیری کاتێکە کە کەسێک لەگەڵ دیترڕەگەزخوازێک هاوسەرگیری دەکا نەک لەگەڵ هاوڕەگەزخوازێک و هەمان ئامانج کە ڕزگاربوون لە زەختی بنەماڵە و کۆمەڵگایه، دەگرنە بەر. لە وەها هەلومەرجێکدا، ئەم ڕێگە چارە، ڕێگە چارەیەکی خێرایە بۆ ئەو کەسەی کە لەگەڵ هۆگریی سێکسی خۆی ڕاهاتووە یان تێدەکۆشێ شوناسی ڕەگەزیی خۆی ئاشکرا بکات. ئەم هاوسەرگیرییە بە شێوەی کاتی گرفتەکە چارەسەر دەکا، لە حاڵێکدا کە کەسەکە لە پشتیوانیی دارایی، سۆزداریی و دەروونی هاوبەشی دیتر‌ڕەگەزخوازی خۆیان سوودمەند دەبێت. ئەم بابەتە لە دیمانەکردن لەگەڵ بەشداربووان ئاشکرا بوو، ئەو بەشداربووانەی کە سەرەڕای هاوسەرداربوون پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هاوبەشە هاوڕەگەزخوازەکانیان پاراستبوو.

ڕێگە چارەی سێیەم کە لە ڕێگەی ئیشی مەیدانی دەرکەوت هۆگریی بەشداربووان بۆ بە جێهێشتنی وڵات و کۆچکردن بە هیوای ژیانێکی ئازادتر لە کۆمەڵگایەکی کەمتر سەرکوتکەر بوو بۆ ئەوەی لەوێ بتوانن وەک ناهاوسانێک بە بێ هیچ ترسێک لە بە دواداچوونی یاسایی بە مافە سەرەکییە مرۆییەکان بگەن. ئەوان پرۆسەی کۆچکردن و داخوازی پەنابەرێتی دەست پێ دەکەن. هەندێ تێکۆشاون لە تەمەنی کەمتردا کۆچ بکەن و ئامادە بوون بۆ ئەم پرۆسە وەها هەوڵێک بووە کە دەڵێی هەمیشە بەشێک لە ژیانی ئاسایی ئەوان بووه.

جۆرێکی دیکە لە کاردانەوەی ستراتیژیی کەمینە سێکسییەکان  لە هەمبەر زەختە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری نواندن لە چالاکی کۆمەڵایەتییه. ئەم کاردانەوانە لە لایەن کەسانێکە کە بە قووڵی باوەڕیان بە هۆگریی سێکسیی خۆیان هەیە و لە بنەماڵەی کراوەتر و پاڵپشتترەوە دێن و ئەگەرچی ڕەنگە بە تەواوەتی ئەمەیان قبووڵ نەکردبێ، بەڵام سەختگیر و تونداژۆ نین. ئەم کەسانە چیتر شوناسی خۆیان ناشارنەوه. ئەم گرووپە ئەو خوێندکارە گەنجە زانکۆییانە لە خۆ دەگرێ کە بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە شوناسی ڕاستەقینەی ژیانی کەمینە سێکسییەکان بە هەمووان پیشان بدەن. لە گرووپە تێلێگرامییەکان بەم بزوتنەوە دەڵێن «ئاساییکردنەوه» کە بریتییە لە کۆمەڵێ چالاکی وەکوو گفتوگۆ لەگەڵ هاوپۆل، دراوسێ و خزم و کەس و کار بۆ گۆڕینی ڕوانگەی ئەوان، هەر چەند بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت.

کاردانەوەی ستراتیژیی دیکە کە ئەویش لە ڕیزی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا جێی دەبێتەوه، پێکهێنانی کۆمەڵەی هاوتەریب بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی هاوڕەگەزخوازدژی و زەختە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانه. ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایانە کە لە قەزاوەت و هەڵسەنگاندنی نەرێنی و تاراندن وەڕەز بوون لەگەڵ یەکتر هاودڵییەکی زێدەتریان هەیه؛ چوونکە هەموویان لە ژیانیاندا نیگەرانیی تایبەتی هاوبەشیان هەیه. ناهاوسانانی چالاک لەم وردە کەلتوورانەدا دەتوانن لە کۆمەڵەی بچووکی نەبینراودا بژین، شوێنێک کە کەسێک بۆ کۆمەڵێ لە هاوڕێیان دەبێتە کەسایەتی دایک یان پوور. لەم کۆڕانەدا، کەسەکان هەستی وابەستە بوونی کۆمەڵایەتی، ئاگاداری زیاتر لە مافە یاسایی و شارۆمەندییەکان و متمانە بە خۆبوونی زیاتر بۆ پاراستنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی خۆیان تاقی دەکەنەوه. زۆرێک لەم کۆمەڵە هاوتەریبانە لە وڵاتی ئێران بە شێوەی ژێرزەوینی ئیش دەکەن. پانتا ئارام و پارێزراوەکەیان زۆر هەستیار و ناسکه.

لە کۆتاییدا داپەڕی ستراتیژانەی دیکە هی ئەو کەسانەیە کە بە پێچەوانەی ئەو پەنابەرانەی کە وڵات بە جێ دێڵن، هەل یان بواری ماڵی بۆ بە جێهێشتنی زێدی خۆیانیان هەیه. کەسانی ناهاوسان زۆر جار بە هۆی خوێندن یان ئیش زێدی خۆیان بە جێ دێڵن. هەندێ جار ئەوان لە شارە گەورەکانی وەکوو تاران هەست بە ئازادییەکی زێدەتر دەکەن. هەندێ بە هۆی ترس لە ئاشکرا بوونی شوناسی ڕەگەزییان لای بنەماڵە، بڕیار دەدەن لە شارێکی دیکە نیشتەجێ بن. بە مەبەستی دابینکردنی خەرجی قورسی ژیانی سەربەخۆ بە بێ هیچ یارمەتییەکی دەرەکی، هەندێ جار پێکەوە لە شوێنێکدا دەژین بۆ ئەوەی خەرجی ژیان چاودێری بکەن و ڕەنگە لە پشتیوانی سۆزداریش سوودمەند بن.

 

ئەنجامی کۆتایی 

وشیارکردنەوە و خەبات لە دژی بێزاری ئامانجی سەرەکی ئەکتیڤانی کۆمەڵایەتیی ئێن‌جی‌ئۆکانه. ڕوونکردنەوە و زانیاریدان لە مەڕ ناهاوسانی لە کۆمەڵگای ئێران و ئامادەبوونێکی چالاکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تێگەیشتنێکی گشتی باشتری لە ناهاوسانان دەخاتە بەر دست و لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکان زۆر دەور دەبینێت. هەروەها کۆمەڵێ زۆر لەو کێشانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێ درا دەبێ ڕەچاو بکرێن. هەر بەم شێوه، چالنجەکانی ژیان، پرسە کێشەسازەکانی پێناسە و پۆلێنبەندی و زمانی بە کارهاتوو بۆ پێناسەی ناهاوسانان دەبێ سەرنجی پێ بدرێت. بە پێچەوانەی هەر هەموو کێشەکان تەنانەت لە سەختگیرترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناهاوسانان بە شێوەی ژێرزەوینی کۆ دەبنەوە و لە دژی بیر و ڕای گشتی، ئەو نۆڕم و ڕێکخراوە ئایینییانەی کە بەردەوام سووکایەتیان پێ دەکا و ئیزنی گەیشتن بە مافەکانیان پێ نادا درێژە بە گەشەکردنیان دەدەن. ئەوەی ڕوونه، بەتایبەت سەبارەت بەو گرووپانەی کە بەردەوام نێو و ناتۆرەیان لێ دەدرێ، میکانیزمێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتییە کە دەورێکی گرنگی لە تێگەیشتن لە جیاوازیی ئاستە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی جیهان هەیه. ئەم توێژینەوە بەم ئەنجامە دەگا کە قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی پێوەرێکی جیهانیی گرنگە کە زۆر توێژینەوە هەوڵیان داوە لێی تێبگەن. تێگەیشتن لەم دیاردە دەستبەجێ بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستە جیاجیاکانی هەڵاواردنی بە ئەزموونکراوی ناهاوسانان بە کار دێت. توێژینەوەی زیاتر لە بواری قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێژە و کاریگەریی  ئەم پێوەرە بەسوود دەبێت.

دوایین وتە ئەوەی کە ئەم توێژینەوە پێویستیی زۆر بۆ هەوڵی تیۆری و شێوازێکی زیاتر بۆ گۆڕانکاری و تێگەیشتن لەم پرسە گرنگە کۆمەڵایەتییە ئاشکرا دەکات. وەک لەم توێژینەوەدا پێداگری لە سەر دەکرێ، ناهاوسانان بەردەوام ڕووبەڕووی ناووناتۆرە و هەڵاواردنی زۆر دەبنەوە کە کاریگەری لە سەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیان دادەنێت. تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەتوانرێ ئەم ناووناتۆر و هەڵاواردنانە کەم بکرێتەوه، توخمێکی گرنگیی باشترکردنی ژیانی ناهاوسانانه. ئەم توێژینەوە گرنگیی تاوتوێکردنی قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی هاوڕەگەزخوازی و بایەخی ڕوانگەی سەرتاسەری و تیۆری‌تەوەر بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستە جیاجیاکانی هەڵاواردنی بە ئەزموونکراوی هەموو وڵاتان پیشان دەدات. پتر لە 31 لە سەدی حەشیمەتی هەشتا ملیۆنی ئێران تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 29 ساڵانە و ئەم نیوە حەشیمەتە زۆر گەنجە دەرفەتێکە بۆ گۆڕین، چالاکیی نوێی سیاسی و بە شێوەی پەنگراو ڕوانگەیەکی نوێ بەرامبەر بە ڕەگەزێتی. بەرەو پێشبردنی ئەم ڕوانگە نەوەییه، پێویستی بە کۆکردنەوه، گشتاندن و فۆرمالیتەی بەرناوەیەکی پەروەردەیی سەبارەت بە تێکەڵکردنی ناهاوسانان لە هەموو ئاستەکانی ژیانه.

هەر چەشنە پێشکەوتنێک لە تاوتوێکردنی خواستە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ناهاوسانان لە ئێران بە هاوکاری ئەم پێوەرانە خێرا دەبێت: پڕکردنەوەی بۆشایی زانیاری، بیرتەسکی و قبووڵکردنی بارودۆخ، لێکدانەوەی داتاکان و کۆکردنەوەی داتای متمانە پێکراو، پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکان، تاقیکردنەوەی ئایدیای نوێ و داهێنەرانە و خستنە ڕووی ڕێکاری خۆجێیی گونجاو لەگەڵ کەلتوور و داب و نەریتی، و بەرناوەڕێژی بە پێی هەڵسەنگاندنی ورد. هەر کات ئەنجامەکانی ئەم چەشنە هەوڵانە بە شێوەی ڕوون و شەفاف بە گشتی بکرێن، ئەو جڤاکە ڕوو لە گەشەی کە لەم بوارەدا ئیش دەکا دەتوانێ پەرە بە بابەتە سەرکەوتووەکان بدا و لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو خۆ بپارێزێت.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

 توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:   www.kameelahmady.com

سەرچاوەکان:

ئەلف) کتێب و بڵاڤۆکەکان

  • Anthony Appiah and Henry Louis Gates (2010), Encyclopaedias of Africa, Volume 2 OUP, USA.
  • Bailey JV, Farquhar C, Owen C: (2003) Sexual behaviour of lesbians and bisexual women. Sex Transm Infect 79:147.
  • Beemyn, Genny, and Susan Rankin. 2011. The Lives of Transgender People. New York: Columbia University Press.
  • Butler, J. (1990). Gender Trouble: Feminism and the Subversion of Identity.
  • Chan, Phil C. W. (2005) ‘the lack of sexual orientation anti-discrimination legislation in Hong Kong: breach of international and domestic legal obligations’, The International Journal of Human Rights, Vol.9, No.1, pp.69-106, [Online], Available: [7 November 2012].HonHH
  • Christopher Brocklebank (2012) Police raid headquarters of LGBT rights group.
  • Cochran, S.D., V.M. Mays, and J.G. Sullivan, Prevalence of mental disorders, psychological distress, and mental health services use among lesbian, gay, and bisexual adults in the United States. Journal of Consulting & Clinical Psychology., 2003. 71(1): p. 53-61
  • Creswell, J. W., & Plano Clark, V. L. (2007). Designing and conducting mixed methods research. Thousand Oaks, CA: Sage Publications
  • Eliason, M. J. (1997). The prevalence and nature of biphobia in heterosexual undergraduate students. Archives of Sexual Behavior.
  • Gall, M. D., Gall, J. P., & Borg, W. R. (2007). Educational research : an introduction (8th ed.). Boston: Pearson/Allyn & Bacon. Page 767
  • History of Treatment/The Medical Treatment of Homosexuality. edited by Cabaj & Stein, American Psychiatric Association, 1996
  • Katz, Jonathan Ned (1995) The Invention of Heterosexuality. New York, NY: Dutton (Penguin Books).
  • Katz-Wise, Sabra L. (2015). “Sexual fluidity in young adult women and men: Associations with sexual orientation and sexual identity development.” Psychology & Sexuality 6.2, 189-208.
  • Kitts, R. Adolescence. Gay adolescents and suicide: understanding the association. Adolescence, 40(159), 621-628. 2005
  • Koh, A.S. and L.K. Ross, Mental health issues: a comparison of lesbian, bisexual and heterosexual women. J Homosex, 2006. 51(1): p. 33-57
  • Lesbian, Gay, Bisexual and Transgender Rights in Iran, iglhrc.org/…/files/LGBTRightsInIran_0.pdf
  • Lovaas, Karen, and Mercilee M. Jenkins. “Charting a Path through the ‘Desert of Nothing.'” Sexualities and Communication in Everyday Life: A Reader. 8 July 2006. Sage Publications Inc. 5 May 2008
  • McLeod, S. A. (2007). Nature Nurture in Psychology – Accesed November 4, 2017
  • Murrey, Melissa (2016). Obergefell.V HHodges and Nonmarriage Inequality.
  • Ryan, ruby, Joelle.REEL GENDER: EXAMINING THE POLITICS OF TRANS IMAGES IN FILM AND MEDIA, 2009.Page 8Spencer A. Rathus. Childhood: Voyages in Development. Cengage Learning, 2013.
  • Sandfort, T.G., et al., Same-sex sexual behavior and psychiatric disorders: findings from the Netherlands Mental Health Survey and Incidence Study (NEMESIS). Archives of General Psychiatry, 2001. 58(1): p. 85-91
  • Siraj, Asifa (2012), ‘ “I don’t want to taint the name of Islam”: the influence of religion on the lives of Muslim lesbians’, Journal of Lesbian Studies, Vol. 16, No.4, pp.449-467, [Online], Available: [1st November, 2012].
  • Strauss, A. L., & Corbin, J. M. (1998). Basics of qualitative research: Techniques and procedures for developing grounded theory (2nd ed.). Thousand Oaks: Sage Publications. Page 12
  • (2010) Comprehensive sexuality education: Advancing human rights, gender equality and improved sexual and reproductive health.
  • Upchurch, Charles (2009). Before Wilde: Sex between Men in Britain’s Age of Reform. Berkeley: University of California, 2009. Print. Page 14 & 49
  • Vexen Crabtree (2014). “The Battle between Monotheism and Homosexuality: Religious Prejudice Versus Equality: Islam”
  • Whitaker, Brian (2006). Unspeakable Love: Gay and Lesbian Life in the Middle East. Berkeley: University of California.

ب) ماڵپەڕەکان

* http://www.wahegurunet.com/gay-sikh

* Uganda considers death sentence for gay sex in bill before parliament”, Guardian, 29 November 2009.

* Straight but Narrow, The Economist www.economist.com/node/21546002

* (The Global Divide on Homosexuality Greater Acceptance in More Secular and Affluent Countries,  WWW ;pewglobal org)

* https://www.voanews.com/a/australia-weeks-away-from-legalizing-gay-marriage/4122352.html

* (http://www.dailymail.co.uk/news/article-5079049/Marriage-equality-results-Australia-votes-Yes.html#ixzz4zSvWAYwu)

* UN Human Rights Council, Report of the United Nations High Commissioner for Human Rights on Discriminatory laws and practices and acts of violence against individuals based on their sexual orientation and gender identity, 2011, UN Human Rights Council: Geneva

* PEW Research Center. Gay Marriage around the World. http://www.pewforum.org/2017/08/08/gay-marriage-around-the-world-2013/ Accessed: October 1st, 2017.

* 2017 edition, State-Sponsored Homophobia report from ILGA, the International Lesbian, Gay, Bisexual, Trans and Intersex Association

* https://fa.wikipedia.org

 

دابەزاندن PDFی وتار