ژێر جلی شار شیکاری دیاردەی هاوسەرگیری سپی له کەڵان شارەکانی یٔێران

شیکاریی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی لە کەلانشارەکانی ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

ژیانی هاوبەش بە بێ هاوسەرگیریی فەرمی و یاسایی، وەک پەیوەندیی هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو، کە پەرەسەندنەکەی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە کەلانشارەکاندا ڕووی لە زیادبوونە، بە پێی بنەمای نۆڕمە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان دیاردەیەکی نایاسایی و ناشەرعییه. بە ئاوڕدانەوە لە ئاڵۆزیی بابەتەکە و هەستیارییەکەی لە ئێران، لەم بوارەدا ئامارێکی سەرنجڕاکێش لە ئارادا نییه. هەر لەبەر ئەوەی بە مەبەستی ناسینی وردی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە و هۆکار و لێکەوتەکانی، ئەم توێژینەوە هەر سێ شاری گەورەی ئێران، واتە تاران و مەشهەد و ئیسفەهانی تاوتوێ کردووه.

ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەخوازی و شێوازناسیی چۆنایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی زەمینەیی ئەنجام دراوه. بە هۆی هەستیاریی کەلتووریی بابەتی توێژینەوە و دژواری دەستڕاگەیشتن بە نموونەکان شێوازی ناهەڵکەوت و تەکنیکی دیمانەی قووڵ و پێکهاتوو بە کار هێنرا. دڵنیابوونی تیۆریکی داتاکان پاش ئەنجام دانی 100 دیمانە وەدەست هات و بۆ متمانەی زیاتر، 203 دیمانە ئەنجام درا.

بە گوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوه، هەلومەرجی ئابووری، چوارچێوەی فەرمی و یاسایی، هەلومەرجی بنەماڵەیی، کاڵبوونەوەی چاودێری، ژیان لە کۆچ، ئەزموونی پەیوەندی و جیهانبینی تاکایەتی لە فاکتەرە سەرەکییەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی بوون. دیاردەی تەوەریی و کردەوەی ستراتیژی لەم چەشنە ژیانە نوێیە لە کەلانشارەکان بە هۆی گۆڕانکاریی نۆڕمی و بەهایی و فرەیی و ناسەقامگیری لە پەیوەندییەکان بوو کە لێکەوتەی وەکوو کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان و ئازادی هەڵبژاردن، بێ‌هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس لە بە دواداچوونی بە دواوە بووه.

وشە کلیلییەکان: شۆڕشی سێکسی، مۆدێڕنیته، هاوسەرگیریی سپی، گەنجان، کەلانشارەکان

1.پێشەکی

سەرچەشنی ڕفتاری سێکسیی تەندروست لە زۆربەی کەلتوورەکاندا لە بێچمی هاوسەرگیریدا خۆی نواندووه. بەو پێیەی کە بەها و نۆڕمە سێکسییەکان لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەن و ئەم نۆڕمانە داکۆکی لە هەندێ کارکردی پەیوەندیی سێکسی دەکەن و هەندێکی دیکە ڕەتی دەکەنەوە. ڕفتاری سێکسیی مرۆڤ هەمیشە مانادارە و ئەندامانی کۆمەڵگا لە ڕەوتی بە کۆمەڵایەتیبوونیاندا فێری ئەم نۆڕمانە دەبن. هەر لەبەر ئەوەش ڕفتارە سێکسییە قبووڵکراوەکان لە هەر کەلتوورێکدا لەگەڵ ڕفتارە سێکسییە قبووڵکراوەکانی کەلتوورێکی دیکە جیاوازه. و ئەمە ئەوە پیشان دەدا کە مرۆڤ لە کەلتووری خۆیدا فێری کاردانەوەی سێکسی دەبێت.

لە درێژایی مێژوودا، ئایینە یەکتاپەرستییەکان هەوڵیان داوە ئەم هۆگرییە سرووشتییە بە یاسایی بکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر، شوێنکەوتووانی خۆیان لە بێ‌ڕەوشتی و ترازان لە ڕیساکانی خۆیان قەدەغە دەکرد. لەم نێوانەدا، ئایینی ئیسلام سەرنجێکی تایبەتی پرژاندووەتە سەر خستنە ڕووی سەرچەشنی ڕفتارێکی سێکسیی پارێزراو؛ و گرنگییەکی تایبەتی بە ڕێگری، چاکسازی و چارەسەری نانۆڕمییەکان، بە لاڕێداچوون و کێشە سێکسییەکان داوە؛ چوونکە گەشە، پێشکەوتن، بەختەوەری، گوورین و کەماڵی مرۆڤ، چاکسازی و پەروەردەی نەوه، درێژە پێدان و پاراستنی ڕەچەڵەک لە ڕێگەی شیاو و دروست، بەردەوامێتی و تۆکمەبوونی سیستەمی بنەماڵە و بە دوایدا پاکیی کۆمەڵگا، لە پارێزراوی و پاکبوونەوە لە جۆرەکانی ئەم بە لاڕێداچوونە و نەبوونی ئەم کێشانەدا دەبینێت.

مۆدێلی ئیسلامی پاراستنی ڕفتاری سێکسی لە دوو ڕەهەندی پاکداوێنی (خۆپارێزی سێکسی) و هاوسەرگیری (تێرکردنی شیاو و ڕەزامەندانەی ئارەزووە سێکسییەکان لە ڕێگەی هاوسەربژێری) پێک دێت. ئەم دوو ڕەهەنده، پانتایەکی بەربڵاو لە بنەما و بەرناوەکان لە قۆناغەکانی گهۆڕینی مرۆیی لە کاتی لە دایکبوونەوە هەتا دواساتی ژیان (چاودێری، کۆنتڕۆڵ، ڕێنوێنی و پەروەردەی سێکسی، ئامادەکردن و ڕاهێنانی سێکسی لە کاتی هاوسەرگیری، ڕاهێنانی سێکسی و شێوازی هاوباخەڵی و چاکسازی و چارەسەری ناپەسندە سێکسییەکان) لە خۆ دەگرێت (نورعلیزاده، 1388).

وێنەی 1. نومایەک لە هاوسەرگیریی ئیسلامی و ئاهەنگی هاوسەرگیریی ژن و مێردێکی موسڵمان

هەروەها لە مێژووی دوو هەزار ساڵەی ڕۆژاوا، پاڕادایمگەلی جۆراوجۆر بە سەر کەلتووری سێکسیدا زاڵ بووه. کۆنترینیان وێنای ئایینیی ئەخلاقییە کە لە وانەکانی ئایینی مەسیحییەوە سەرچاوەی گرتووە و لە بنەڕەتەوە لە سەر بناغەی بە تاوان‌زانینی دامرکاندنی ئارەزووی سێکسی لە دەرەوەی چوارچێوەی باو (هاوسەرگیری) و هەوڵ بۆ ڕەتکردنەوە یان کۆنتڕۆڵی زۆری ئارەزووی سێکسییە. بەڵام لە ئێستادا، لەگەڵ ڕەوشە نەریتییەکان، زۆر ڕەوشی لیبرالتر لە هەمبەر هۆگرییە سێکسییەکاندا بەدی هاتووە کە بە شێوەی تایبەت لە دەیەی 60ـی زایینی بەهێز بوون. هەندێ لە خەڵک بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە ژێر کاریگەریی وانە مەسیحییەکان لە کەلتووری ڕۆژاواییدان، پێیان وایە پەیوەندیی سێکسیی بەر لە هاوسەرگیری شیاو نییه، ئەگەرچی زۆر کەس باوەڕیان وایە کە چێژی سێکسی لایەنی دڵخواز و گرنگی ژیانه. لە بەرامبەردا هەندێ داکۆکی لە سەر پەیوەندیی سێکسیی بەر لە هاوسەرگیری دەکەن و یان خۆیان بە کاری دێنن و لە ئاست چالاکییە سێکسییە جیاوازەکان، ڕەوشی نەرمی‌نوێنیان (ڕفتاری سێکسی لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیریی فەرمی و زک‌وزا) هەیه. لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕەوشە سێکسییەکان ئازادتر و کراوەتر بوون. لە فیلم و نواندنەکاندا دیمەنگەلێک پیشان دەدرێن کە پێشتر بە تەواوەتی جێی قبووڵکردن نەبوو و بابەتە پۆڕنۆگڕافییەکان بۆ زۆربەی گەورەساڵان کە خوازیارین زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێت. (گیدنز، 1389: 186 – 185)

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا بنیاتی بنەماڵە لە جیهاندا گۆڕانێکی بەربڵاوی بە خۆوە بینیوه. ئەو گهۆڕین و گۆڕانکارییانەی کە دەبێ لە شۆڕشی سێکسیی کۆتاییەکانی سەدەی 1960 لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی بۆ بنچینەکانی بگەڕێین. (Carr,2011)، شۆڕشێک کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواییدا دەبووە هۆی گۆڕان لە گوتاری سێکسی و گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕوانگەکان، ئەخلاق و ڕفتاری سێکسی. یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی شۆڕشی سێکسی لە ڕۆژاوا، پەرەسەندنی پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری لەم وڵاتانەدا بووە (Regnerus and Uecker,2011). پەیوەندیگەلێک کە تا دەهات دیکەی ناوچەکانی جیهانیشی دەگرتەوه.

ئەم شۆڕشە سێکسییە بە ئوستووره‌سڕینەوە لە پەیوەندیی سێکسی، ئەوی کرد بە پرسێکی ئاسایی کە زۆر بە ئاسانی لە قۆناغی بەر لە هاوسەرگیری وەدەست دێت. لەم سەردەمەدا، تێرکردنی ئارەزووی سێکسی لە وابەستەبوون بە هاوسەرگیری جیا بووەوه. بەڵام پەرەسەندنی پەیوەندیی سێکسی بەر لە هاوسەرگیری، زەمینەی بۆ گۆڕانکارییە دیاریکەرەوەکانی دواتر ڕەخساند و لەم نێوەندەدا نە تەنیا تەمەنی هاوسەرگیری تا دەهات زیاد دەبوو بەڵکوو زەمینە کۆمەڵایەتییە پێویستەکانیشی بۆ دەرکەوتنی سەرچەشنگەلی وەکوو هاوسەرگیریی سپی یان هاوماڵێتی (پێکەوە ژیان بە بێ هاوسەرگیریی فەرمی لەگەڵ پەیوەندیی سێکسی) دابین کرد. گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا لایەنێکی ڕادیکاڵتریان لە خۆ گرت.

لە سەرەتاکانی شۆڕشی سێکسی، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئورووپا و ئەمریکا تا دەهات زیاتر دەبوو، زۆر کەس بەردەوام هاوسەرگیرییان دەکرد؛ بەڵام بە کەمێک دواکەوتنەوه. بەڵام ئەمە کۆتایی هەموو شتێک نەبوو و شۆڕشی سێکسی بە پەرەسەندنی سەرچەشنە هاوماڵییەکان، ئەم جارەیان زەربەیەکی زۆر توندی نە تەنیا لە ئوستوورەی پەیوەندییە سێکسییەکان وەشاند بەڵکوو زەربەی لە خودی هاوسەرگیریش دا. سەرهەڵدانی سەرچەشنگەلێک لە پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر کە نە تەنیا پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری هەتا ئاستی سۆزداری پەرە پێدا، بەڵکوو بۆ سەر ئاستی ژیانی هاوبەشی بێ هاوسەرگیریی نێوانیان بەرزی کردەوە و بوو بە سەرچەشنێک لە پەیوەندی کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لایەنگریان زیاتر دەبێت (Bumpass and Lu ,2000).

لەم نێوەندەدا، جیا لە پرسە ئابوورییەکان، گۆڕانکارییە بەهاییەکانیش لە بێچمگرتنی ئەم پەیوەندییانەدا دەوریان بینیوە. یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی هاوماڵی، لاوازکردنی بنەما فەلسەفییەکانی هاوسەرگیری لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بوو. ئەوڕۆکە بە بۆچوونی گەنجانی ئەم وڵاتانه، دوو چەمکی پابەندێتی بە ژیان لەگەڵ یەکتر و پابەندێتی بە هاوسەرگیری لەگەڵ یەکتر لێک جیاوازن. لە حاڵێکدا لە دەیەی 1960، لە هەموو وڵاتاندا هاوماڵی شتێکی دەگمەن و کەم بوو، بەڵام ئێستا لە سەرتاسەری ئورووپا و ئەمریکا بەتایبەت لە ناو گەنجانی نەوەی نوێتر بە شێوەی بەرچاو خەریکە قبووڵ دەکرێ و ڕووی لە زیاد بوونە (Mills, 2000; Thornton et al., 2007).

چارتی 1. ڕێژەی فرەیی ئەو هاوژینانەی خاوەن پەیوەندیی هاوماڵی بوون بە پێی تەمەن لە ئورووپا (2010)

بەڵام لە ئێستادا هاوماڵی نە تەنیا لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵکوو تەنانەت لە وڵاتانی پێشنەکەوتووش لە گشتگیربووندایه. لە ئەمریکای لاتین هەواڵ دەدەن کە هاوماڵی لە وڵاتانی ئەم ناوچانەی جیهانیش لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا پەرەسەندنی بەرچاوی بە خۆوە بینیوه؛ بۆ وێنە لە بڕازیل لە ساڵی 1970 تەنیا 7 لە سەدی گەنجان پەیوەندیی هاوماڵییان بووە بەڵام لە ساڵی 2000 ئەم ڕێژە گەیشتووەتە نزیکەی 40 لە سەد. لەم نێوەندەدا، هاوماڵی و گۆڕانکارییەکانی سەرچەشنی بنەماڵه، ئەگەرچی درەنگ بەڵام گەیشتووەتە کیشوەری ئاسیاش. پرۆسەی بەجیهانی‌بوون، پەرەسەندنی سەرمایەداری و برەودانی کەلتووریی بەهاکانی ناوچەکانی دیکە هاوماڵیشی هێناوەتە ئاسیا. ئیواسا (Iwasawa, 2005) و تێسۆیا (Tsuya, 2006) لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە سەر ژنانی 20 بۆ 34 ساڵە لە ژاپۆن گەیشتنە ئەم ئەنجامەی کە نزیکەی 20 لە سەدی وڵامدەران هەر ئێستا پەیوەندیی هاوماڵییان هەیه.

لە یاسای تورکیە بۆ هاوژینە هاوماڵەکان سزا دیاری نەکراوه. بەڵام ئەردۆغان پاش گەیشتنە دەسەڵات نزیکەی 75 لە سەدی نووستنگە هاوبەشە خوێندکارییەکانی داخست یان جیایانی کردەوە کە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی ڕخنەگرانی ناوخۆیی وەکوو سکۆلار و فیمینیستەکانی لێ کەوتەوە و لە دەرەوەی وڵات لە لایەن یەکیەتی ئورووپا بە دەستێوەردان لە سنووری تایبەتی کەسانی گەورەساڵ تۆمەتبار کرا. سەرەڕای ئەمه، لە تورکیەش ئەم چەشنە پەیوەندییە بە هۆی نەبوونی قەدەغەی یاسایی باوه؛ بەڵام بە هۆی قێزەونییە کۆمەڵایەتییەکەی بەتایبەت لە ناوچە نەریتی و ئایینییەکان، شاراوەیە و کەمتر باسی دەکرێت. بەڵام لە بەشە مۆدێڕن و سکۆلارەکاندا سنووردار نییه. لە وڵاتی میسر لە ئەگەری بینینی وەها پەیوەندییەک 2 ساڵ زیندان بۆ ئافرەتان دیاری کراوە بەڵام سیستەم بە جۆرێ بۆ ئەم پرسە کۆڵی داوه. بە دەسەڵادارێتی ئایینە ئیبراهیمییەکانی وەکوو ئیسلام، مەسیحییەت و جەهوودییەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ژیانی هاوبەش بە بێ هاوسەرگیری گوناحه. بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی، لە وڵاتانێکی وەکوو توونس و لوبنان لە بەشی شارنشین و مۆدێڕنی بەیرووت، لە ناو گەنجاندا ئەم چەشنە ژیانە باوه.

شۆڕشی سێکسی و پەرەسەندنی بۆ ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، لە پێشدا بە گۆڕینی ڕوانگەی سەبارەت بە پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری، لە ڕووی چەندایەتییەوە هەلی بۆ پەرەسەندنی لە ناو گەنجاندا ڕەخساند و لە قۆناغی دواتردا لەگەڵ هەڵکشانی ڕێژەی ئەم چەشنە پەیوەندییانە زەمینەکانی بێچمگرتنی هاوماڵیی لە چەندین وڵاتدا خۆش کردووه.

وێنەی 2. وێنەیەک لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1962 لە بواری یەکسانیی ڕەگەزێتی لە ئەمریکا

وڵاتی ئێرانیش لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییانەی کە لە جیهاندا ڕووی داوە پارێزراو نەبووه، بە جۆرێک کە لە بنەماڵە ئێرانییەکان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە کەوتنە ناو پرۆسەی بەنوێکردنەوە لە بەستێنە جیاجیاکان و بۆ وێنە پەیوەندییەکانی نێوان دوو ڕەگەز، لە پرۆسەی کێشمەکێشی کەلتووریی سەرچەشنە نەریتی و مۆدێڕنەکاندا، چوونەتە ناو قۆناغی گواستنەوە و وێڕای پاراستنی هەندێ لە توخمە نەریتییەکانی خۆیان، هەندێ تایبەتمەندیی کۆمەڵگای نوێیان وەرگرتووە (کوثری و عسگری، 7930). گۆڕانکارییە بەهاییەکان لە ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا کاریگەری لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و لێکەوتەی بێ‌ژوماری بۆ کۆمەڵگا هەبووه. هاتن و پەرەسەندنی ڕاگەیاندنەکان بەتایبەت ئەنتەرنێت لە ئێران شێوازی ژیانە جۆراوجۆرەکانی بەدی هێناوە و بێچمی بە بەها و نۆڕمی جۆراوجۆر داوه. لەم نێوەندەدا بە ئاڵۆزبوونی پرسە ئابوورییەکان، هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری و هەروەها هاتنی بەها جیهانییەکان لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندییەوە، هێدی هێدی ڕفتاری نوێ لە ناو گەنجانی ئێرانیدا بێچمی گرت کە گرنگترینیان پەرەسەندنی پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیرییه. ئەگەرچی پەیوەندییەکانی بەر لە هاوسەرگیری لە ئێران بە ئەنگێزەی جۆراوجۆر و لە چوارچێوەی سەرچەشنی جیاواز ڕوو دەدا، لەم نێوەندەدا یەکێک لە ڕادیکاڵیترین بێچمەکانی پەیوەندی بەر لە هاوسەرگیری، دەرکەوتنی سەرچەشنی “هاوماڵی یان هاوسەرگیریی سپی”ـیە کە کەسەکان بە بێ هاوسەرگیریی فەرمی و شەرعی پێکەوە ژیان بە سەر دەبەن و پەیوەندیی سێکسییان هەیە (آزاد ارامکی و همکاران، 7937).

بەڵام لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاوسەرگیریی سپی دیاردەیەکی ناشەرعی و تاوانکارانەیه. لە ڕوونکردنەوەی یاسایی هاوسەرگیریی سپی، دەقە یاساییەکان بە گوێرەی فیقهی ئیسلامی بۆ پەیوەندییە ناشەرعییەکان ئامادە و جێبەجێ دەبێت. لە هاوسەرگیرییەکدا کە ژن و پیاوێک بە شێوەی ئەنقەست بە بێ هیچ چەشنە دەروەستییەکی شەرعی و تۆمارکردنی یاسایی ملکەجی ئەم پەیوەندییە دەبن، ئەم چەشنە پەیوەندییە نە بە شەرعی، نە بە عوڕفی و نە بە یاسایی دێتە هەژمار و لە بنەڕەتەوە ناتوانین ئەم بنیاتە بە هاوسەرگیری بزانین و ئەمە پەیوەندییەکی ناشەرعییە کە یاسا هیچ پشتیوانییەک لەو هاوسەرگیرییە و منداڵی لێ بەرهەمهاتووی ناکات. یاسای مەدەنی هاوسەرگیری بۆ سەر دوو دەستەی هەمیشەیی و کاتی (قۆناغی، سیغە) دابەش دەکا و ئاسەواری جیاواز بۆ ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە لە قەڵەم دەدەن. هاوسەرگیریی کاتی یان سیغە لە لایەن کەسانێک کە هاوسەرگیریی سپییان هەڵبژاردووە بە هۆی ئەوەی وەک جۆرێک کردەوەی ئایینی و نەریتییە کە دژی ئازادییە تاکایەتییەکانە و مافەکانی ئافرەت پێشێل دەکا، پێشوازی لێ ناکرێت. شوناسی هاوسەرگیریی کاتی زیاتر لە لایەن ژنانی زیانبەرکەوتوو و بێسەرپەرشت کە کێشەی مادی و سۆزدارییان هەیە و ئەو پیاوانەی کە بە مەبەستی چێژبردنی سێکسی زیاتر دەست دەدەنە سیغه لەگەڵ هاوسەرگیریی سپی کە وەرگیراوی مۆدێڕنیتەی ڕۆژاوایه، ناکۆکه. لە سیستەمی یاسایی و فیقهی ئێمە هاوسەرگیریی سپی نە تەنیا لە ڕووی یاساییەوە شەرعییەت و ڕەوای نییە بەڵکوو لە ئەگەری دەستکەوتوویی سزایی لێ دەکەوێتەوه. مادەی 645 یاسای سزای ئیسلامی دەڵێ: سزای پیاوێک کە بە بێ تۆمارکردن هاوسەرگیری بکا، سزای زیندانی هەتا یەک ساڵی بۆ ڕچاو کراوە. گەڵاڵەی پشتیوانی لە بنەماڵە ئەم سزایەی کردووە بە سزای نەختی (20 بۆ 100 ملوێن ڕیاڵ). ئەم بڕە سزا زۆرە دەتوانێ تایبەتمەندیی بەرگێڕەوەش لە خۆ بگرێ؛ بەڵام بێگومان سزای زیندان لە سزای نەختی زیاترە و بە ڕاشکراوی دەقەکانی مادەی 645ـی یاسای سزای ئیسلامی، تۆمارنەکرانی هاوسەرگیری بۆ ئافرەت تاوان نییه.

بە پێی مادەی 20ـی یاسای نوێی پشتیوانی لە بنەماڵە پەسندکراوی 1/12/91، تۆمارکردنی نیکاحی هەمیشەیی ناچارییە بەڵام یاسادانەر تۆماری نیکاحی کاتی بە ناچاری نازانێت. بە پێی مادەی 21ـی ئەم یاسایه، تۆمارکردنی نیکاحی کاتی تەنیا لە حاڵەتگەلی وەکوو دووگیانبوونی ژن، ڕێککەوتنی لایەنەکان و ئاماژە بە مەرج لە کاتی مارە بڕین پێویسته. لە بەشی هەژدەهەمی یاسای سزای ئیسلامی سەبارەت بە باسی تاوانی دژی داوێنپاکی و ئەخلاقی گشتی، لە مادەی 637 هاتووه: “هەر کات ژن و پیاوێک کە لە نێوانیاندا پەیوەندیی ژن و مێردی لە ئارادا نەبێ، پەیوەندیی ناشەرعی یان کردەوەیەکی داوێنپیسانەی جگە لە زینا ماچ کردن یان هاوجێی”ـیان لێ بووەشێتەوه، 99 قەمچی سزا دەدرێن و ئەگەر کردەوە بە زۆرەملی و نابەدڵانە بێ تەنیا زۆردار سزا دەدرێت.”

هەروەها لە مادەی 225ـی یاسای سزای ئیسلامی پەسندکراوی 1/2/1392 هاتووه: “حەدی زینا بۆ زیناکاری ژندار و مێرددار ڕەجمه. لە ئەگەری نەڕەخساوبوونی جێبەجێکردنی ڕەجم لە سەر پێشنیاری دادگای فەرماندەری فەرمانی لێبڕاوە و ڕەزامەندیی سەرۆکی دەزگای داد ئەگەر تاوان بە بەڵگەی ڕوون سەلمێنرا بێ، ئەوە دەبێتە هۆی لە سێدارەدانی پیاوی زیناکاری ژندار و ژنی زیناکاری مێرددار و بەدەر لەم حاڵەتە سزا بۆ هەر کامیان سەد قەمچییه.” و ئەمە لە مادەی 230 هەمان یاسا هاتووه: “حەدی زینا لەو حاڵەتانەی کە تاوانبار بێ‌ژن بێ، سەد قەمچییه.” بە گوێرەی مادەی 884ـی بە پێێ یاسای مەدەنی، منداڵی زۆڵ لە باوک و دایک و خزمان هیچ بە میرات نابا؛ بەڵام ئەگەر ڕێز و حورمەتی ئەو پەیوەندییەی کە منداڵەکەی لێ بەرهەم هاتووە بە نیسبەتی یەک لە لایەنەکان (باوک و دایک) بسەلمێندرێ و بە نیسبەتی ئەوی دیکەیان گومانی زینا و دوورەپەرێزی لە سەر بێت، منداڵ تەنیا لە لایەکیان و لە خزمانی ئەو لایەنەیان میرات دەبا و بە پێچەوانەوە.

وەک ئاشکرایە لە ڕوانگەی یاساییەوه، ژن و مێردێک کە بە بێ هاوسەرگیریی یاسایی (هاوسەرگیریی هەمیشەیی یان هاوسەرگیریی کاتی) پێکەوە ژیان دەکەن بە هۆی تۆمارنەکردنی یاسایی، پەیوەندییەکە ناشەرعانە و زینایە و بە دواداچوونی یاسایی و سزای بە دواوەیە و ئەگەر منداڵیان ببێ لە بەش بێبەش دەبێت. یەکێک لەو حاڵەتانەی کە وەک پێکەوە بوون سەیر دەکرێ، پرسی نیکاحی معاتاتییه. نیکاحی معاتاتی هاوسەرگیرییەکە کە بە مەبەستی پێکهێنانی بنەماڵە و مافی چێژبردن و پەیوەندیی سێکسی لە نێوان ژن و مێرد ساز دەبێت؛ بەڵام پێویستی و قبووڵکردنی بێژەیی نییە و لەوانەیە هەر دوو لە سەر بڕی مارەیی، نەفەقە و دیکەی مافەکانی نێوان لایەنەکان ڕێک بکەون. بە گوێرەی مادەی 193ـی یاسای مەدەنی، “لەو حاڵەتانەی کە یاسا جیاکاری کردبێ” معاتات دروسته. بۆ وێنە یەکێک لە حاڵەتە ئاوارتەکان مارە بڕینه. لە مادەی 1062 ئەم یاسایە هاتووه: “نیکاح جێبەجێ دەبێ بە پێویستی و قبووڵکردن بەو بێژانەی کە ڕاشکاوانە دەلالەت لە سەر نیازی هاوسەرگیری دەکات.” واتە دەبێ لە سۆنگەی یاساییەوە بڕیاری مارە بڕین بووترێ و پێویستی و قبووڵکردن دەبێ بێژەیی بێ مەگەر لە حاڵەتی لاوازی لە وتندا.

نەدانی مۆڵەتی نیکاحی معاتاتی بە باوەڕی زۆرینەی فەقێکانی شێعە وەکوو موحەقیق بوحرانی، مورتەزا ئەنساری، ڕووحوڵا خومەینی و مەکارم شیرازی لە لایەن زانایانی شێعە و ئەهلی سوننە کۆدەنگی لە سەر کراوه. ئایینزاکانی شافێعی، مالکی، حەنبەلی و حەنەفی هەر هەموویان بڕیاری پێویستکردن و قبووڵکردن لە مەرجەکانی مارە بڕینی نیکاح دەزانن. لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ لە فەقێکانی وەکوو سادقی تارانی تیۆریی دروستیی نیکاحی معاتاتییان هێنایە ئاراوە، بۆ وێنه: “مارەیی یان گرێبەستی هاوسەرگیری بە هەر زمانێک بێ دروستە و ئەگەریش بە بێ بێژە تایبەتەکەی کە “انکحت” یان “مارەم کرد” بێ، ئەگەر ڕەوتێک لە نێوان ژن و پیاو ئەنجام بدرێ، چ بە نووسین یان وتن یان ئاماژە یان بە هەر چەشنێکی دیکە کە بە ڕوونی دەلالەت لە سەر ئەنجامدانی هاوسەرگیری بکا، تەواوه، ئەگەر دانانی پێڵاو لە سەر پێڵاو یان بە یەکتر فەرمووکردنی شیرینی یان هەر ئاماژە و کردەوەیەکی دیکە ئەنجام بدرێ کە لە عوڕفیاندا هێمای ئەنجامدانی هاوسەرگیرییه، هەموو ئەمانە تەواوە و ئیتر پێویست بە مارەکردنی چ بە عەرەبی و چ بە زمانێکی دیکە ناکات.

زیاتر ئەوەیە کە ڕوون بێ ماجەرای دۆستبازی و زینا لە ئارادا نییه، بەڵکوو ئامانج سێکس و پێکهێنانی ژیانی نوێیه، چ هەمیشەییەکەی و چ کاتییەکەی (سیدی و نظری، 1390). فەقێ بەناوبانگەکان بێژەیی‌بوونی پێویست و قبووڵ بە مەرجی مارە بڕینی نیکاح دەزانن و پێیان وایە نیکاحی متاعاتی هەڵوەشاوەیە، بەڵکوو لەم بارەوە ئیدعای کۆدەنگی کراوه. یاسای مەدەنیش جەخت لە سەر بێژەیی‌بوونی پێویستی و قبووڵ لە مارە بڕینی نیکاح دەکاتەوه. خوالێخۆشبوو ئایەتوڵا بەهجەت لە وڵامی پرسیارێک لە مەڕ نیکاحی معاتاتی دەڵێ: “معاتات بۆ نیکاح نییه”. ئایەتوڵا مەکارم شیرازیش لەم بارەوە وتوویەتی: “شتێکمان بە ناوی هاوسەرگیریی معاتاتی نییە و وەها هاوسەرگیرییەک پووچەڵه” و ئایەتوڵا خامنەیش لەم بارەوە وتوویانه: “ڕەوا نییه” (مجموعە آرای فقهی در امور حقوقی: 1382، ب 1، 71).

لە بینراوە ئێتنۆگڕافییەکان و ڕاپۆڕتە هەواڵی و ڕۆژناوەوانییەکان ڕاشکاوانە لە کەلانشارەکاندا هاوماڵی و ژیانی هاوبەشی ئەو هاوژینانەی کە هاوسەرگیریی فەرمییان نییە هەستپێکراو و شیاوی تێگەیشتنه. لەو ئاپاڕتمانانەی کە دراوسێکان یەکتر ناناسن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە نووسینگەکانی خانوبەرە لە فەرمی‌بوونی پەیوەندیی هاوژینەکان ناکۆڵنەوە، ئەو هاوژینانەی کە بە دوور لە چاودێریی بنەماڵە لە بێ‌ناویی کەلانشارەکان و بە هۆی گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژیانێکی شەرعی و فەرمی یاساییان نییە و یان بە هۆی باوەڕی نوێخوازانە و یەکسانی و ئاسان‌بوونی پەیوەندیی سێکسی هاوسەرگیریی سپی دەکەن. بەڵام لەم نێوەندەدا بەرپرسانی وڵات و دەسەڵاتداران لە بەشە جیاجیاکانی سیستەم ڕا و بۆچوونی جیاوازیان بۆ ئەم دیاردە هەیه.

مەحموود گوڵزاری، جێگری کاروباری گەنجانی وەزارەتی وەرزش و لاوان لە ساڵی 1393ـی هەتاوی، لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی فارسی وتوویەتی کە لە کۆمەڵگای ئێراندا هاوسەرگیریی سپی بوونی نییه. ناوبراو هاوسەرگیریی سپی بە دیاردەیەکی ڕۆژاوایی لە قەڵەم دا و وتی لەوانەیە هەندێ لە گەنجان بە لاساییکردنەوە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەم کارەیان کردبێ، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە پشتڕاست نەکراوەتەوه؛ ڕۆژناوەی (جهان صنعت) لە ڕێکەوتی 25 گەلاوێژی ساڵی 93ـی هەتاوی لە ڕاپۆڕتێکدا لە “هەڵکشانی هاوماڵیی سەڵتە ناوۆکان” و “ژیانی سپی” لە تاران هەواڵی دا و وەک “پێویستییەکی ئابووریی کاتی بۆ بژێوی ژیان” پێناسەی کردبوو.

سیاوەش شەهریوەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و کەلتووریی پارێزگاری تاران لە خەرمانانی ساڵی 1393ـی هەتاوی وێڕای ڕەخنە گرتن لە “گەورە نواندن”ـی “هاوسەرگیریی سپی” وتبووی لەم بارەوە ئامارێک لە بەردەستدا نییه. ناوبراو هەروەها هەواڵی لە کۆتاییدا‌بوونی گەڵاڵەی “بەرزبوونەوەی بنەماڵەی سەقامگیر” بۆ بەرەنگاربوونەوەی “هاوسەرگیریی سپی” دا و وتبووی ئەم گەڵاڵە بە پێی سیاسەتە حەشیمەتییە ڕاگەیەنراوەکان لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کراوه. ئەوە لە حاڵێکدایە کە مورتەزا میرباقری، قائیم مەقامی پێشووی وەزیری ناوخۆ لە کاروباری کۆمەڵایەتی و کەلتووری، ئاماژەی بە گۆڕانی شێوازی ژیان و عوڕفیبوونی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە کردبوو. مورتەزا میرباقری وتبووی: “پەیوەندیی تۆمارنەکراو و بێ‌بنەمای ژن و مێرد لە کۆنەوە بەم شێوە بووه، سەرەڕای ئەوەی هێشتا لە وڵاتدا هەمەگیر نەبووە بەڵام لە ئێستادا ئەم بابەتە بێچمێکی عوڕفی لە خۆ گرتووه.”

بە هۆی ناوەڕۆکی نائایینی و تابۆبوونی بابەتی هاوسەرگیریی سپی، “نکۆڵی” تاکە ڕێکارێک بووە کە هەتا هەنووکە لە لایەن بەرپرسانەوە دەبینرێ و لێکدانەوەی ئەم دیاردە هەتا ئەوڕۆکە لە سەر ئاستی کۆمەڵە وتار و کاری زانکۆیی وردەکار بووه. ناسینی گشتگیری ئەم دیاردە هەتا ئەوڕۆ ئەنجام نەدراوە و لە سەر ئەم بنەمایە ئەم توێژینەوە سووچە ئاشکرا و شاراوەکانی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە و لێکەوتەکانی شی دەکاتەوە.

2.شێوازی توێژینەوه

ئەم توێژینەوە بە شێوەی ئەندازەیی و لە چوارچێوەی ڕوانگەیەکی شرۆڤەخوازانە و ئاراستەی شێوازناسیی چۆنایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی تیۆریی زەمینەیی (GT) لە سەر ئاستی سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوە بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنیکی دیمانەی نیوەپێکهاتوو و قووڵ کۆکراوەتەوه. شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار و لە سەر بنەمای دڵنیابوونی تیۆریک پاش ئەنجامدانی 100 دیمانە وەدەست هات. بە مەبەستی متمانەی زێدەتری توێژینەوەیی و تیۆری و داتا سەرچاوەییەکان 103 دیمانەی دیکە ئەنجام درا و بە گشتی 203 دیمانەی قووڵ شرۆڤە کرا. ئەم دیمانانه، لە سەر ئاستی هەر سێ شاری تاران (86 دیمانه)، مەشهەد (64 دیمانه) و ئیسفەهان (53 دیمانه) کە بە پێی ڕەگەزێتی بریتییە لە 116 دیمانە لەگەڵ ئافرەتان و 87 دیمانە لەگەڵ پیاوان.

3.ئەنجامەکانی مەیدانییەکان

لەم بەشەدا بە ئاوڕدانەوە لە تیۆری گڕاندد تیۆری دیاردەی هاوسەرگیریی سپی لە سەر بنەمای فاکتەرە زەمینەییەکان (ئەزموونی پەیوەندی و جیهانبینی تاکایەتی)، هەلومەرجی ژینگەیی (هەلومەرجی ئابووری، چوارچێوەی فەرمی و یاسایی، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان)، فاکتەرە دەستێوەردەرەکان (بارودۆخی بنەماڵەیی، کاڵبوونەوەی چاودێری، ژیان لە کۆچ)، دیاردەی تەوەری (گۆڕانکاری نۆڕمی و بەهایی)، کردەوەی ستراتیژی (فرەیی و ناسەقامگیری) و لێکەوتەکان (کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان و ئازادی هەڵبژاردن، بێ‌هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس لە بە دواداچوون) شرۆڤە و  ڕوون دەبێتەوه.

لێکۆڵینەوەکان ئەوە پیشان دەدا کە زەمینەکانی ئاشنابوون بۆ ئەو کەسانەی کە ئەزموونی هاوماڵیان هەبوو، زیاتر لە زانکۆ و یان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپی دۆستان بێچمی گرتووە.

“خانم ئەرسەلانی، 28 ساڵە لە تاران”  

ئێمە هەر دووکمان لە تەورێز خوێندکاری زانکۆ بووین و بە هۆی ئەوەی لە تەورێز للەو ئەنجومەنی ژنانە و لەو ئەنجومەنانەی کە لە بواری فیمینیزم چالاکیان دەکرد تێیاندا ئەندام بووین، هەر لەو ئەنجومەنانەدا پێکەوە ئاشنا بووین و هەتا سێ ساڵ من و ئەو تەنیا لە دۆستایەتییەکی سادەدا پێکەوە بووین بەڵام پاش تێپەڕینی دوو سێ ساڵ بە هۆی ئەوەی ئەو ماڵی بە کرێ گرت و بە بیانووی پرسە جۆراوجۆرەکان، لە ماڵیاندا کۆ دەبووینەوە …”

“پیاو، 46 ساڵە لە تاران

من بە ئۆتۆمبێل لە کۆلێژ دەهاتمە دەرەوه، لە پارکینگی کۆلێژ وەستا بوو، سوارم کرد. ئاشنایەتیمان لەوێوە دەستی پێکرد، ویستم بچمە ماڵیان سواری بکەم و پێکەوە قسەمان کرد، ئەم ئاشنایەتییە وای کرد کە لەگەڵم بێت.”

بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت پەیوەندیی تایبەتی لە نێوان دوو ڕەگەزی بەرامبەر لە ژینگەی زانکۆ دەتوانین ئاماژە بکەین بە تیۆریی پێکهاتەی کەڵانی پیتەر بلاڤ. گریمانە بناغەییەکانی تیۆریی پێکهاتەیی بڵاڤ لە سەر ئەم بنەمایەیە کە ئەگەری پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکان گرێدراوە بە دەرفەتی ئەوان بۆ پەیوەندیی سازکردن لەگەڵ یەکتر، و نزیکایەتیان لە پانتایەکی فرەڕەهەند کە ئەگەری پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوه. هەروەها هەرچی نایەکسانی زێدەتر بێ (هەرچی ڕێژەی کوڕان کەمتر و کچان زێدەتر بێ یان بە پێچەوانەوه) ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەندامان لەگەڵ گرووپە جیاوازەکانیش زیاتر دەبێت.

کەواتە بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە زانکۆ و بەتایبەت پۆلەکانی خوێندن، بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کچان و کوڕان شوێنێکی جێگیرە و ئەم هاوپێکەوەبوونە جێگیرە دەرفەتی پەیوەندی نێوان جێندەرەکان بەرز دەکاتەوە، لەگەڵ هەڵکشانی دەرفەتی پەیوەندی، نە تەنیا ئەگەری دۆستایەتی و پەیوەندییان زیاتر دەبێ، بەڵکوو ناهاوچەشنیی ڕەگەزێتی لە پێکهاتەی حەشیمەتیی پۆلەکانی خوێندن کاریگەری لە سەر بێچمگرتنی وەها دۆستایەتی و پەیوەندییەک دادەنێت. لە لایەکی تریشەوه، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو فەیس بووک و ئینستاگرام و دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زەمینە بۆ ئاسانتر و زیاتربوونی پەیوەندی نێوان تاکەکان لەگەڵ یەکتر خۆش دەکەن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سۆنگەی بە گشتێتیان لە ناو بەکارهێنەران و پانتای بەربڵاوی جوگرافیایی لە ناو سنوورە نیشتمانییەکاندا، بە بوونە پەیوەندییەکی نهێنی و تایبەتی و نەبوونی هەر چەشنە کۆنتڕۆڵێک لە لایەن دەسەڵاتدارانەوه، بوونەتە ئامرازێکی بێبەدیل لە بەستێنی پەیوەندییەکاندا.

هەروەها ئەو گەنجانەی کە لە شارە دوورەکانەوە دێنە کەلانشارەکان خاوەن بڕواناوەی زانکۆیین و بە هۆی کۆچی کاریی و خوێندن لە کەلانشارەکان نیشتەجێ بوون. هاوکاری لە کۆمپانیا تایبەتەکان کە زیاتر خاوەن ئەو گەنجە خوێندکارانەن کە بە هۆکارە ئابووری و کەلتوورییەکان نەیانتوانیوە هاوسەرگیری بکەن بە هۆی هاریکاری و دەستڕاگەیشتن بە یەکتر زەمینە بۆ ئاشنابوون خۆش دەکا و بە مەبەستی ئاسانبوونی پەیوەندیی سێکسی و بۆشاییە سۆزداری و مادییەکان هەلومەرجی هاوسەرگیریی سپی دابین دەکات. ئەوەی لە دیمانەکاندا دەرکەوت ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییە کورتخایەنە و یان لانیکەم مامناوەندماوەیە و لە مەودایەکی نێوان 1 بۆ 3 ساڵە درێژە دەخانێنێت.

چارتی 2. فرەیی پانتای تەمەنی وڵامدەران کە خاوەن ئەزموونی هاوماڵی بوون

لە پەیوەندیی هاوماڵیدا هەر دوو لا بە پێی پەیوەندییەکانی خۆیان لە سەرەتا یان لە درێژەی پەیوەندییدا کۆمەڵێ گرێبەست دیاری دەکەن. یەکێک لەو گرێبەستانەی کە بە شێوەی ئاشکرا لە هاوماڵی قسەی لە سەر دەکرێ پەیوەندیی سێکس و تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی هەر دوو لایه. پەیوەندیی سێکسی زۆر جار لێکەوتەی وەکوو دووگیانبوونی نەخوازراو یان نەخۆشی نزیکی وەکوو HIV، سووزەنەک … لێ دەکەوێتەوه. دیمانە ئەنجامدراوەکان ئەوە دەردەخا کە زۆرینەی هاوژینەکان لە کاتی پەیوەندیی سێکسی کەرەسەی پێشگیرییان بە ڕەچاوکردنی تێبینییە تەندروستییەکان بە کار دەهێنا. زانستی سێکسیی بەشداربووان بە هۆی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری و سەرچاوەی ئەنتەرنێتی بە چەشنێک بوو کە باشتر لە لێکەوتەکانی پەیوەندیی سێکسی نەپارێزراو ئاگادار بوون. پەیوەندیی سێکسی بە بێ هاوسەرگیریی فەرمی و یاسایی بۆ کچان دڕانی پەردەی کچێتییە (نەمانی پاکیزەیی) لێ دەبێتەوە. بە پێی بیر و باوەڕی ئایینی و بەها عوڕفییەکان، کچان نابێ بەر لە هاوسەرگیری لە ڕێگەی پەیوەندیی سێکسییەوە پەردەی کچێتییان لە دەست بدەن دەنا پاکداوێنی و پاکیزەیی کچان دەچێتە ژێر پرسیار. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەریدەخا هاوژینەکان پەردەی کچێتی وەک بابەتێکی تایبەتی و ناگرنگ دەزانن. بەڵام ئەم پرسە ئەگەرچی لە ڕەواڵەتدا بە ناگرنگ دەزانرێ بەڵام لە هاوسەرگیریی فەرمیدا گرنگە. هەر بەم پێیە چاککردنەوەی پەردەی کچێتی لە لایەن هەندێ لە ژنانەوە بۆ داپۆشینی ئەم پرسە ئەنجام دەدرێت.

چارتی 3. فرەیی ڕێژەی گرنگیی پەردەی کچێتی لە لایەن وڵامدەرانەوه

وێنای دووگیانبوونی نەخوازراو لەم چەشنە پەیوەندییانە بە دور نازانرێت. وڵامدەران بە پێچەوانەی هەبوونی پەیوەندیی پارێزراو وتیان کە ئەگەر دووگیان بن لە باری دەبەن. بە گشتی کۆرتاژی کۆرپەلە لە یاسای ئێراندا کارێکی ناشەرعی و نایاساییه. تەنیا لە حاڵەتێکدا کۆرتاژ ڕێگەپێدراوە کە یاسا بە پێی مادەی یەکی کۆرتاژدەرمانی لە ساڵی 1384 دیاری کردووه:

کۆرتاژدەرمانی بە لێکدانەوەی لێبڕاوەی سێ پزیشکی پسپۆڕ و داکۆکی پزیشکی یاسایی لە سەر بنەمای نەخۆش بوونی کۆرپەلە کە بە هۆی بیرکۆڵی یان کەئەندام بوون دەبێتە هۆی ترسی دایک و یان نەخۆشی دایک کە حەڕەشە لە ژیانی دایک بکا، بەر لە ڕۆح چوونە ناو لەشی (چوار مانگ) بە ڕەزامەندیی ژن ڕێگە پێدراوە و هیچ سزا و بەرپرسایەتییەک لە ئەستۆی پزیشکی ئەنجامدەر نییه. لە ئەگەری جێبەجێبوونی ناوەڕۆکی ئەم یاسایە سەرپێچیکاران بە پێی سزای دیاریکراو لە یاساکانی سزا ئیسلامییەکان حوکم دەدرێن.

خانم، 31 ساڵان، لە تاران

کۆرتاژ دەکەم، هاوسەرگیریی فەرمیشم بایە لە بارم دەبرد چوونکە ئێستا لە دۆخێکدا نیم کە منداڵ بخەمەوه.”

خانم، 27 ساڵان لە تاران

چوونکە دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەم پشتیوانیم لێ دەکەن، پێموا بە هاوکاری ئەوان جێبەجێ دەبێ، ئاگاداریان دەکەمەوە ئەگەر بە هاوسەرگیری کۆتایی پێ بێ ئەوە پرسێکی دیکەیە و ئەگەریش نا ئەوە لە باری دەبەین.”

دووگیانبوونی بە بێ هاوسەرگیری و نایاسایی جۆرێک بەڵگەیە لە سەر زینا و پەیوەندیی ناشەرعی کە بە پێی مادەی 637ـی یاسای سزا ئیسلامییەکان سزای بە دواوەیه. کەواتە کۆرتاژ بە شێوەی نایاسایی و ژێرزەوینی ئەنجام دەدرێ کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە هەڵکشان کردووه. زۆربەی فەقێیانی شێعە لەو باوەڕەدان کە لەباربردنی کۆرپەلە پاش ڕۆح چوونە ناو لەش حەرامه، چ بۆ دایک مەترسیدار بێ، یان کێشەی ڕۆحی و دەروونی ساز بکا و … یان مەترسی لە سەر نەبێ یان کۆرپەلە لە مەترسیدا بێت. بەڵام کۆرتاژی بەر لە گیان چوونە لەش ئەگەر بۆ دایک یان کۆرپەلە مەترسی گیانی هەبێ ڕێگە پێدراوە و ئەمە دووگیانبوونی بە هۆی زیناش دەگرێتەوه. بەڵام بە هۆی ئەوەی کەسەکان درەنگ بە دووگیان‌بوونیان دەزانن و یان لە ڕێکەوتی دروستی دووگیانی و یاساکانی پەیوەست بە کۆرتاژ ئاگادار نین بە شێوەی ژێرزەوینی کۆرتاژ دەکەن کە زیاتر ناتەندروستە و ژانێکی زۆری لەگەڵە کە مەترسی گیانی و لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی بۆ ئافرەتان لە هەر دوو ڕەهەندی جەستەیی و ڕۆحی لێ دەکەوێتەوه.

هەروەها ڕێژەیەکی کەمیان منداڵەکانیان بە دنیا دێنن و زۆریان فڕێیان دەدەن و یان لە لایەن دەڵاڵەکان دەیانفرۆشن. ئەو منداڵانەی کە لە دایک دەبن ئەگەر لە لایەن هاوژینی هاوماڵ ڕابگیرێن کە کەمتر شتی وا ڕوو دەدا لە هەلومەرجێکی گونجاودا گەشە ناکەن و نەبوونی هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی گونجاو دەبێتە هۆی ئەوەی لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن کە ئەمە خۆی بەردەوام بوونی پرۆسەی هەژاری و داوێنپیسی، خەسارەتی ڕۆحی و جەستەیی بۆ منداڵ دروست دەکات.

لە کۆمەڵگای مۆدێڕن داپەڕ و بڕیاردان بە پێی جۆرێ کردەوەی عەقڵانی ئەنجام دەدرێت. لە ئێستادا پرۆسەی بڕیاردانی تاکەکان، بەتایبەت گەنجترەکان، هەژماریتر بووه. لە ڕابردوودا تاک لە لایەن بنەماڵەی بەربڵاو و دەورووبەرییەکانی پشتیوانی لێ دەکرا و بۆ هاوسەرگیری نیگەرانییەکی ئەوتۆی نەبوو بەڵام ئێستا بە کەمتربوونی هاندان و پشتیوانیی گشتی بۆ هاوسەرگیری، ڕوانینی ئابووریی عەقڵانی سێبەری خستۆتە سەر زەینییەتی گەنجان. لە ڕوانگەی گەنجانی ئەوڕۆیی چوونە ناو ژیانی هاوبەش، تێچوو و کێشە و گرفتاری هەیه. هەروەها هەلەکانی کاریش سنوردارتر بۆتەوه، بەتایبەت بۆ گەنجە زانکۆیی و خوێندەوارەکان کە دەست بۆ هەر ئیشێک نابەن. لە پاڵ هەموو ئەمانه، گرانی، هەڵاوسان و چەند قاتبوونی نرخی خانوبەره، تەندروستی، دەرمان و مادەی خۆراکی، کە پێداویستییەکانی ژیانن، فاکتەری کاریگەرن. کەواتە لە وەها پانتایەکدا، گەنج بە عەقڵە ژمێریارەکەی بە پێی هەڵبژاردە عەقڵانییەکەی بیر لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی ناکاتەوه.

“پیاو، 32 ساڵه، تاران

هۆکارەکەی (ئەنجامدانی هاوسەرگیریی سپی) کە وتم: کێشەی ئابووری و سێکسییە. بە هۆی ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی باشدا نەبووین نەمانتوانی بە شێوەی دایمە و بۆ هەمیشە هاوسەرگیریی بکەین.”

بە پێچەوانەی فاکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە هاوسەرگیریی فەرمی، کاتێک کە کەسەکان ئەم هاوسەرگیرییە دەکەن تەنانەت ئەگەر خوێندنەوەیەکی نوێشیان لە هاوسەرگیری ببێ کە بە هۆی لێکدژی بەهاکان لەگەڵ نەوەی پێشوو و دایک و باوکیان بە پێی نۆڕمە یاسایی و ئایینییەکان لە ئێران، ئەم پەیوەندییانە لە دایک و خزم و کەسی نزیک دەشاردرێتەوه.

پیاو، 27 ساڵه، خوێندکاری ماستەر، کورد

ئەگەر بنەماڵە بەمە بزانن لە سەدا سەد تووشی حەڕەشەیەکی گەورە دەبین: یەک: ئەگەری تاراندن یان ئەگەری کوشتن لە ئارادایه. دوو: پرسی دەوڵەت کە لە کۆمەڵگای ئێران سزای بەردباران کردنی لەگەڵە. سێ: ئەگەر کۆمەڵگا بزانێ کە هاوسەرگیریی سپیت کردووە، دەست دەکەن بە ناو و ناتۆرە نان و ئەوەندە سووکایەتی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە کە لەوانەیە لێدان و ئازاری فیزیایی و تەنانەت پساندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ بێت.”

بنیاتی بنەماڵە وەک یەکێک لە میکانیزمە بنەڕەتییەکانی بە کۆمەڵایەتیبوون و گواستنەوەی بەها و ڕوانگەکانی کۆمەڵگا بۆ نەوەی نوێ و گەنج بەردەوام داکۆکی لە سەر دەکرێت. لەم بوارەدا، بنەماڵە وەک هۆکاری گرێدەری نەوە جیاوازەکان بە یەکتر ناسێنراوه. بەڵام هاوکاتبوونی گەشەی کەلتووری ڕۆژاوا و بە جیهانیبوون لە ئێران لە بەستێنە کەلتوورییەکانی وەکوو زانکۆ، نەوەی نوێی ئەوڕۆ لە دەیەکانی ڕابردوو جیا کردۆتەوه. بە ئاوڕدانەوە لە سیستەمی بە کۆمەڵایەتی کردن و پانتای بنەماڵە شێوازی دەربڕینی بیر و باوەڕ و کردەوەکانی گەنجانی جیاوازه. ئەو گەنجانەی کە بنەماڵەگەلێکیان هەیە کە پانتایان بۆ گەنجان کراوەتر کردووە و مافی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانێکی سەرەڕا جیاواز لە هی دایک و باوکیان بە ڕۆڵەکانی خۆیان داوە ، لە پەیوەندیی ڕۆڵەکانیان ئاگادارن. لە پرسی پەیوەندیی دۆستایەتی کچ – کوڕ و هەروەها پەیوەندیی هاوماڵی ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوه. بە پێی ڕێژە و ماوە و جۆری پەیوەندیی تاکەکان لەگەڵ بنەماڵه، ناسیاوەکان و دۆستان ڕادەی زانیاری و ئاگاداری لە ژیانی تایبەتی بگۆڕه.

چارتی 4. فرەیی ڕێژەی ئاشنایی بنەماڵە و ناسیاوان لە پەیوەندی

بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە و ئەوەی چارتی 10 پیشانی دەدا 27/15 لە سەدی وڵامدەران وتیان هەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە واتە دایک و باوکیان لە پەیوەندیی هاوماڵی ئەوان ئاگادار بوون. 61/25 لە سەدی وڵامدەران برا و خوشک و 3/13 لە سەدی وڵامدەران ئاشنا و ناسیاوان، 35/48 لە سەدی وڵامدەران هاوڕێیان لە پەیوەندییە هاوماڵییەکانی ئەوان ئاگادار بوون و 34/10 لە سەدی وڵامدەران وتیان کەس ئاگادار نەبوو.

ئاگاداری لەم پەیوەندییانە زیاتر لە ناو گرووپی هاوڕێیان کە شێوازی ژیانی هاوشێوەیان هەیه، بەدی دەکرێ کە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوه. هەروەها بەشێکی هەرە زۆری ئەم چەشنە پەیوەندییانە بە هۆی ناعوڕفی‌بوون و ناپەسندییەوە بە تەواوەتی لە هەمووان دەشاردرێتەوه. ئەو کەسانەی کە لە داهاتوودا نیازی هاوسەرگیرییان هەیە و دەیانهەوێ ئەم بابەتە بە تەواوەتی پەناوەکی بێت.

هەروەها لە ناو دیمانەی کەسەکاندا کەم کەس بوو کە بنەماڵەکانیان لە پەیوەندیی ئەوان ئاگادار بن. ئەم لێکدژییە بەهاییە زۆر جار لە دایک و باوک دەشاردرێتەوە و بە هۆی ئەوەی لە کەلانشارەکاندا دایک و باوک چاودێرییان بە سەر ڕۆڵەکانی خۆیاندا نییه، ئەم نهێنیکارییە ئاسانتر لە شارە بچووکترەکانه. هەندێ لە وڵامدەران تەنانەت دەیانوت کە دایک و باوکیان دەزانن بەڵام خۆیان لە نەزانین دەدەن. بەڵام هەندێ لە بنەماڵەکان بە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە گرێ دەدرێتەوە بە ناوووس هەندێ جار لە ئەگەری زانینی دایک و باوک هەندێ ڕووداوی وەکوو قەتڵی ناوووسی دروست دەبێت. بە شێوەی گشتی ئەم چەشنە پەیوەندییانە دەشاردرێنەوە و ئەو کەسانەی کە دێنە ناو ئەم پەیوەندییانە بە هۆی ترس لە تاراندنی کۆمەڵایەتی، ناتۆرە لێدان، و سزای یاسایی وایان پێ باشترە هاوماڵێتی خۆیان بشارنەوه.

لە ناو لێکۆڵینەوە و شیکارییە مەیدانییەکاندا فاکتەرێکی بنەڕەتی لە هەموو دیمانەکاندا بە ڕوونی دەرکەوتبوو و ئەوەش گۆڕانی نۆڕم و بەهاکان لە شێوازی ژیانی ئەو کەسانە بوو کە ئەزموونی ژیانی هاوبەشی بێ هاوسەرگیرییان بوو. ڕەوتە نوێخوازە چالاکەکان لە ژینگەی زانکۆ بەستێنێکی بۆ ئەکتیڤان دابین کردووە بۆ ئەوەی کەسەکان بە پێی گۆڕانکارییە نوێخوازییەکانی زانکۆ داڕشتەی ژیانی خۆیان دابڕێژن. پەیوەندیی کەسەکان ئاستی نەرمی‌نوێنی لە هەمبەر بەها ئەخلاقییە فرەڕەنگەکان زۆر دەکا و بێچم بە سەرچەشنی نوێی ڕفتاری سێکسی دەدات. بەهاکان، وەک بناغەییترین توخمە کەلتوورییەکان، کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنی شێواز، کەرەسە و ئامانج بۆ نۆڕم و کردەوەکان دادەنێت. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە ئەوە پیشان دەدا کە ئەو کەسانەی کە پێکەوەبوونیان وەک ستایلی ژیانی خۆیان دەستنیشان کردبوو نەیاندەتوانی لەگەڵ نۆڕمگەلی وەکوو ئایین و کردەوە ئایینییەکان، تابۆ کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو پاکداوێنی و پەردەی کچێتی پەیوەندیی ساز بکەن و نە پەیوەندیی سێکسی بە بێ هاوسەرگیری و ڕێسا ئایینییەکانیان بە هەڵە و ناشەرعی دەزانی و نە پەردەی کچێتیان پێ هێمای پاکداوێنی بوو.

لە لایەکی تریشەوە شێوازی ڕوانینی دەوری ژنان و پیاوان تووشی گهۆڕینێکی بنەڕەتی بۆتەوە و لە بەها نوێکاندا، ژنی باش ژنێک نییە کە هاوسەرگیریی شەرعی کردبێ و لە ماڵ بۆ منداڵ و هاوسەری بنەماڵە کە لە دەرەوە کار دەکا، بارودۆخێکی گونجاو ساز بکا، بەڵکوو پێناسەیەکی نوێیان لە ژن و پیاو و نۆڕمەکانی پەیوەست بە ژنان و پیاوان بۆ خۆیان خستە ڕوو کە لەگەڵ نۆڕمی کەلتووریی و ئایینیی کۆمەڵگا لە دەیەکانی ڕابردوو جیاواز بوو. کچان و کوڕانی گەنج کە زیاتر هی دەیەکانی 60 و 70ـی هەتاوی بوون خوازیاری کۆچی کاری و خوێندکاری بۆ شارە گەورەتر، پەیوەندی بە دوور لە سنووردارێتی شەرعی، یەکسانی لە پێگەی کاری و دارایی بوون.

“خانم، 27 ساڵە لە تاران

لە تەمەنی ئێمەدا ئەم شێوازی ژیانەیان قبووڵە کۆمەڵگا بۆ من شوێنێکە کە شوناسی من ئازادتره، لە شارە بچووکەکاندا قبووڵکراو نییە بەڵام لە تاران زۆرێک لە هاوڕێکانم ئاوا دەژین.”

“پیاو، 26 ساڵە لە تاران

بە ڕای من وەڵا نازانم سەبارەت بە پەردەی کچێتی چی بڵێم، پێموایە سنوودارێتییە بۆ کچان و نابێ ئەم شتە ڕوو بدا واتە بە جۆرێک سنوردارییەکە کە ئیسلام لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ کچانی داناوە و ڕوانگەیەکی تایبەتم نییە و باوەڕیشم پێی نییه.”

کاتێ پێکەوەبوون وەک شێوازێکی ژیانی سرووشتی دەخرێتە ڕوو و بۆ گەنجانی ئەوڕۆیی پەردەی کچێتی تەنیا ئاستەنگە و نەوەی نوێ باوەڕیان پێی نییه، دەتوانین زۆر بە باشی لە گۆڕانی نۆڕم و بەهاکان تێبگەین، ئەو گۆڕانکارییانەی کە پاساو بۆ سەرچەشنە ڕفتارییەکانی نەوەی نوێ دێنێتەوە و ئەم گۆڕانکارییانە لە تەنیا بەکارهێنانی ئامرازەکانی جیهانی مۆدێڕن سەرتر چووە. لۆژیکێکی نوێ کە نە تەنیا ئەم ڕفتارە نوێیانە بە نەشیاو نازانێ، بەڵکوو لە بنەڕەتەوە هەر چەشنە نۆڕمێکی زاڵیش بە چالنج دەکێشێ و داکۆکی لە سەر ئیرادەی ئازادی سووژە لە هەڵبژاردنی بەها ڕفتارییەکانی دەکات. ئەوەی پێوەری کردەوەکانی تاکە لە سەر تەوەری جیهانبینی سووژەیه. کەواتە بەها کۆمەڵایەتییەکان لە سیستەمی هزریی تاکەکان تاوتوێ دەکرێ و پێناسەیەکی نوێ لە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ڕوو کە لە ئەگەری دژایەتی لەگەڵ بەها زاڵەکان بە شێوەی پەناوەکی ئەنجام دەدرێت. بەم پێیە کردەوەی ستراتیژی لەم هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و یاساییه، سازکردنی پەیوەندیی بێژوومار و پەیتاپەیتا سەرەڕای کاتیبوونەکەی.

لە ئەندێشەی هەندێ لە نوێخوازان بەتایبەت ژنانی فیمینیزم ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کلیشە ڕەگەزێتییەکان لە فاکتەرە سەرەکییەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپییه. لە کەلتووری ئێمەدا ژن دەبێ کابانێتی بکا و پیاو لە دەرەوە کار بکا، پیاو نابێ بگری، ژن ئێحساسییە و ناتوانێ بە باشی قەزاوەت بکا، ژن ترسنۆکه، خورافەیی و دڵناسکە و پیاو شێلگیر، زاڵ و تووڕەیه، نموونەگەلێکن لە پێڕستی دوور و درێژی کلیشە ڕەگەزێتییەکان لە تایبەتمەندییە کەسێتییەکانی پیاوان و ژنانن. ئەوەی لە لێکدانەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان لە کۆمەڵگادا جێی سەرنجە ئەو کلیشە زۆر جار نەرێنییەکانی سەبارەت بە ئافرەتان و پەرەسەندن و قبووڵکردنی کلیشە زۆر جار ئەرێنییەکانی سەبارەت بە پیاوانەیە کە ئەم کلیشانە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی پێشداوەری و هەڵاواردنە ڕەگەزێتییەکان.

“خانم، 28 ساڵان لە تاران

ئێستا ئەگەر چاوێک لە ڕابردووانی خۆمان بخشێنین کۆمەڵێکیان هیچکات سۆز و پەیوەندیی تەندروستیان نەبینیوە ڕەنگە هەر واش لای یەکتر بووبێتن. بەڵام ئەم لە لای یەکتر بوونەیان تەنیا لە بەر هەندێ داب و نەریتە کە تەڵاق و دیکەی پرسەکانیان بە لاوە شوورەیی بووە و لە ناو ئەم پەیوەندییانەدا تۆ ئەگەر لە هاوسەرەکەت ناڕازی بی، زۆر ڕاحەت لێی جیا دەبیتەوه.”

هاوسەرگیریی سپی وەک یەکێک لە سەرچەشنە پەیوەندییە ناباوەکانی کۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و بە هۆی ناباوبوونییەوە لە لایەن کۆمەڵگا وەک جۆرێ داوێنپیسی و گەندەڵی سێکسی سەیر کراوه. ڕوانگەی گشتی کۆمەڵگا جیا لە هەندێ لە حاڵەتی ئاوارتە بەرامبەر بە هاوماڵی ڕوانگەیەکی تێکەڵ بە سەرکۆنەیە و هەوڵی کەسەکان بۆ نەدرکاندنی پشتڕاستکەرەوەی ئەم ئیدعایەیە کە هاوسەرگیریی سپی وەبیرهێنەرەوەی داوێنپیسە کە تاکەکان دەبێ سڵی لێ بکەن. لەقەمی کۆمەڵایەتی ڕوانینی نەرێنی لە خۆ دەگرێ کە کۆمەڵگا بە سەر تاکیدا دەسەپێنێت و تاک لە ئەنجامی ئەوە هەست بە تارێنراوی و خراپبوون دەکات. کەواتە ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیریی سپی بە ئەزموون دەکەن باجی نانۆڕمییەکەی دەدەن. ئەم باجە دەتوانێ لە چوارچێوەی ترس لە بە دوادچوونی یاسایی و نائاسایشی، تارێنراوی و هەروەها نەمانی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بێت.

“پیاو، 26 ساڵان لە تاران

حەزم نەدەکرد کەس بزانێت. بە جۆرێک ئەوەم بە پەیوەندییەکی تایبەتی خۆم دەزانی و هەستم نەدەکرد کە کەس لەم پەیوەندییە ئاگادار بێ بەتایبەت بنەماڵه؛ پێموایە ئەمە دەبێتە هۆی تاراندنمان. بنەماڵەکەمان بزانن لەگەڵ کەسێک لە پەیوەندیدام بێگومان بێتاقەت دەبن و تێدەکۆشم هەرگیز کەس بەمە نەزانێ، چوونکە ئەم بابەتە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە کێشە ئەوە نییە کە شوورەیی بێ یان نا.”

هەست بە نەپارێزراوی لە ژیانێکی دوو کەسی و ئەگەری هەر کات ڕووخانی دەتوانێ تاک لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوبەڕووی کێشەی جیدی بکاتەوه. ئەگەرچی پانتای شاریی لەگەڵ ئەم جۆرە پەیوەندییە گونجاوە و بوونی بینای هەرزان بە میتراژی کەم زەمینە بۆ ژیانی دوو کەسی دابین دەکا، ئاشکرایە کە ئەم پارێزراوییە زۆر شکێنەرە و هەر کات لەوانەیە لە لایەن کەسێکەوە بڕووشێت. بەشێک لە نەپارێزراوییە هی بە دواداچوونی یاسایی و ترسی کەسەکان لە ئاشکرابوونی یاساییەتی و بەشێکی دیکە هی هەوڵی لایەنەکان بۆ شاردنەوەی ئەم بابەتە لە بنەماڵەکانیانه. لە لایەکی دیکەوه، لە ئەگەری دووگیانبوونیش هیچ چەشنە پشتیوانییەک لەم منداڵە ساوایە ناکرێت. منداڵی بەرهەمهاتووی هاوسەرگیریی سپی یان بە شێوەی ڕێگەپێنەدراو و ناتەندروستانە لە بار دەبرێ یان ئەگەر لە دایک بێ ئەسپاردەی ناوەندەکانی بێهزیستی دەکرێ و یان تەنانەت لە سەرە ڕێکاندا فڕێ دەدرێت. کەواتە نەبوونی پشتیوانی یاسایی و ڕاونران لە لایەن بنەماڵە (دیترانی گرنگ) و دەرکەوتنی خەسارەتی ڕۆحی و جەستەیی لە لێکەوتەکانی ئەم پەیوەندییانەیه. ئەوەی دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم شێوە پەیوەندییە سەرەڕای ئەو کێشانەی وا بەرۆکی ژیانی ئەم کەسانە دەگرێ، وەدەستهێنانی چێژی ئەم شێوە ژیانە بۆ سووژەیه.

4.کۆبەندی و خستنە ڕووی پێشنیارەکان

ئەنجامەکان ئەوە پیشان دەدا کە گۆڕانکاری ئابووری، هاتنی سەرمایەداری و دەرکەوتنی نائاسایشی کاری، لیبرالیزمی ئەخلاقی و دووبارەئەندێشی نەریت، هاتنی توخمی نوێساز و بێناویی شاری، لە ناوچوونی چەمک و کارکردی گەڕەک، گۆڕانکاری لە پێکهێنانی بنەماڵە و دەرکەوتنی پەیوەندیی کاتی، لە گرنگترین هۆکارەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێرانە و گۆڕانکاری نۆڕمی و بەهایی لە گرنگترین بنەماکانی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییەیە کە ڕووبەڕووی لێکەوتەگەلی وەکوو کلیشە ڕەگەزێتییەکان و ئازادی هەڵبژاردن، ناهۆگری بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس لە بە دواداچوون لێ دەبێتەوه. بە هۆی هەستیاریی ئایینی و کەلتووریی لە ئێران بۆ ناسینی باشتری ئەم دیاردە و سیاسەتدانان بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم چەشنە شێوازی ژیانە بە هۆی نۆڕمە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان لە ئێران ڕێکارەکانی ژێرەوە پێشنیار دەکرێت:

1-4. ناسینی هەمەگیری ڕەهەند، هۆکار و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی ئایینی و پسپۆڕی

گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی چالاک و ئەکتیڤ پێویستی بە ناسینی خەسارەتەکان، گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان، لێکدانەوەی ڕێکارەکان و دەرکردنی بڕیاری کارناسانە و کاریگەره. تەرخانکردنی بودجەی لێکۆڵینەوەیی، سەرنجدانی زیاتری مامۆستایان و ڕاوێژکارانی زانکۆیی و خوێندکارانی بواری زانستە ڕفتارییەکان لە چوارچێوەی تێز و وتار، نووسینی کتێب لە لایەن نووسەران و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە ناسینی ورد و هەمە لایەنەی هاوسەرگیریی سپی و خەسارناسی ئەم دیاردە و خستنە ڕووی پێشنیاری گونجاو بە پێی شوناسی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لە درێژەی زەمەندا دەتوانێ بۆ ناسینی وردی ئەم دیاردە ڕێکارێکی شیاو بێت. مەخابن زانکۆ لە کۆمەڵگا جیا بووەتەوە کە ئەو شوناسە زانستییەی چۆتە ژێر پرسیار. بابەتی دووپاتە و تێزی پارەیی و پێشنیارییەکان ناتوانن لە ناسینی خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان دەوریان هەبێ و بە پێداچوونە بە سیاسەتە زانکۆییەکان، بەتایبەت لە بواری توێژینەوه، دەتوانین ڕێگری لە بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی لاواز و بێ کارکرد و بەکار نەهاتوو لە کتێبخانەکان بکەین.

2-4. قبووڵ کردنی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی و ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی لە ئێران لە لایەن دەوڵەتەوە

بە هۆی شوناسی نائایینی و تابۆبوونی بابەتی هاوسەرگیریی سپی، “نکۆڵی” تاکە ڕێگە چارەیەکە کە هەتا ئەوڕۆ لە لایەن بەرپرسانەوە بینراوه. بەڵام ئەم وێنا هەڵە هەیە کە بە ددان‌نان بە بوونی، ئەم دیارده زیاتر پەرە دەستێنێ، بەڵکوو بە جەسارەتەوە دەتوانین بڵێین لە ئەگەری قبووڵکردنی ئەم بابەتە و دەستپێکردنی کاری خەسارناسی و کارناسانەی سووچە ئاشکرا و شاراوەکانی هاوسەرگیریی سپی، دەتوانین ڕێگری لە خەسارەتە ئەگەرییەکانی بۆ سەر بنەماڵە و کۆمەڵگا بگرین.

3-4. بیرکردنەوە لە ئامادەکاری یاسایی و پشتیوانی

کەلتوورسازی و زانیاریگەیاندن لە پاش قبووڵکردن و خەسارناسی و خستنە  ڕووی ڕێکاری کردەیی هەنگاوی دواییه. زۆرێک لە کەسەکان لە دیمانەکاندا وتیان داب و نەریت و کەلتووری هاوسەرگیری لە ئێران (مارەیی قورس، شیربایی و ئاهەنگی هاوسەرگیریی گران، جیاز، ماڵی سەربەخۆ، کلیشە ڕەگەزێتییەکان و بەردەستگیربوون و سنووردار کردنی مافە تاکایەتییەکانی ژنان لە یاساکاندا بە ناوەڕۆکی مەرجەکانی گرێدراو بە مارەیی وەکوو مەرجی خوێندن، مەرجی کار کردن، مەرجی بریکاری ژن بۆ دەرکردنی مۆڵەتی دەرچوون لە وڵات، مەرجی دابەش کردنی دارایی نێوان ژن و مێرد پاش جیا بوونەوه، سەرپەرشتی منداڵەکان پاش تەڵاق، مافی هەڵبژاردنی خانوبەره، مافی تەڵاق و …) دەبێتە هۆی بێ‌هۆگریی بەرامبەر بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی و هۆگریی بۆ ڕوو کردنە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە. لە بەشی بەستێنسازی کەلتووری، پەرەدان و بانگەشەکردن بۆ کەلتووری هاوسەرگیریی ئاسان لە ڕێگەی میدیا گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە نادەوڵەتییەکان دەتوانێ ڕێکارێکی گونجاو بۆ ڕازیکردنی بنەماڵەکان لە سەختگیری نەکردن و ئاسانکردنی هاوسەرگیریی گەنجان بێت. ناوەندە دەوڵەتی و جێبەجێکارەکان بە بانگەشە و دابینکردنی هەلی هاوسەرگیریی ئاسان دەتوانن لەم بوارەدا دەورێکی کاریگەریان هەبێت.

4.پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی سپی بە پێداگری کردن لە سەر پشتیوانی دەزگای داد لە ژنان و منداڵان

لە کۆمەڵگای ئێران بە هۆی ناشەرعیبوون و بە پێداگریکردن لە سەر مادەی 10ـی یاسای بنەڕەتی لە سەر ئاسان‌بوونی هاوسەرگیریی ئەخلاقی و ئیسلامی، هاوسەرگیریی سپی بە تاوان‌ زانراوە. هەر بۆیە ئەو هاوسەرانەی کە هاوسەرگیریی سپییان دەستنیشان کردووه، لە ژێر ناوی پەیوەندیی ناشەرعی و تۆمارنەکردنی هاوسەرگیری، سزای زیندان و قەمچی و سزای نەختی چاوەڕێیان دەکات. – ئەگەرچی ئەم سزایە ناچێتە بواری جێبەجێ کردن و دەسەڵات بە جۆرێ تابشتی دێنێت – مافی نەفەقه، میرات، سەرپەرشتی منداڵان و … بۆ ئەم هاوسەرانە پێناسە نەکراوە و لەم نێوانەدا ئەگەر منداڵێک لە دایک بێ، بە گوێرەی مادەی 884ـی یاسای مەدەنی وەک منداڵی زینا دێتە هەژمار و لە میرات بێبەشە. پێویستە لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ بکرێت. لە هیچ بەشێکی قوڕئان ئاماژە بەم بەشە نەکراوە و تەنیا ژنان و پیاوانی زیناکار سەرکۆنە و لە هەندێ لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون.

لە یاسای ئێراندا منداڵی زینا بۆی هەیە ناسناوە وەربگرێ و ئەو کاتەی کە ناسناوە وەدەست دێنێ وەک هاووڵاتییەک لە قەڵەم دەدرێ و لە مافەکانی هاووڵاتی سوودمەند دەبێت. لە لایەکی تریشەوە لە بڕگەی بیستەمی یاسای بنەڕەتی، هەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە بە شێوەی یەکسان لە پشتیوانیی یاسا سوودمەندن و لە هەموو مافە مرۆیی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی ئیسلام سوودمەندن. منداڵی لەدایکبووی پەیوەندیی سێکسیی ناشەرعیش دەبێ وەکوو هاووڵاتییەکی ئێرانی لە پشتیوانیی یاسایی و ماف وەکوو نەفەقە و مافی میرات سوودمەند بێت. لە لایەکی تریشەوە ئێران ئەندامی کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵە و لەم ماوەدا گەڵاڵەی پشتیوانیی لە منداڵانی لە پەڕلەمان پەسند کردووە و بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک دەبێ مافەکانی منداڵان ڕەچاو بکات. کەواتە بێبەشبوونی منداڵی زینا دژی یاسای بنەڕەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێ بە شێوەی بنەڕەتی پێداچوونەوە بەم بوارەشدا بکرێتەوە.

5-4. کارخولقێنی، کار و ئاسانکاری بارودۆخی ئابووری لە لایەن دەوڵەت و کەرتی تایبەتەوە

ئەو ئاپۆرە زۆرە گەنجە سەڵتانەی کە بە نیازی کار بەرەو گەورە شارەکان کۆچ دەکەن بۆ ئەوەی لە کەرتە ناپسپۆڕی و ناهاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندنیاندا ئیشێک دەست بخەن، لەوانەن کە ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی سپی. لەم بوارەدا ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و کەرتی تایبەت دەبێ بە هاوکاری یەکتر ئاسایشی کار دروست بکەن. پێداچوونەوە بە سیاسەتە هەڵەکانی ناوەندگەرێتی، کارخولقێنی و دامەزراندنی هەلی کاری هاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندن لەو شارانەی کە شوێنی نیشتەجێ‌بوونیانە دەتوانێ لەم بوارەدا فاکتەرێکی گرنگ بێت. هەروەها سیستەمی بانکی بە پێدانی قەرزی خانوبەره، زۆرکردنی قەرزی هاوسەرگیری، قەرزی ڕاگرتنی منداڵ بە شێوەی قەرزولحەسەنە و قیستی درێژماوە دەتوانێ لەم بوارەدا دەورێکی کاریگەر بگێڕێت. چالاکڤانانی کەرتی تایبەت بە هاوکاری دەوڵەت دەتوانن لە شارەکاندا بە دروستکردنی یەکەی بەرهەم‌هێنان و پشتیوانی لە کاری گەنجان بەشێک لە بێکاری گەنجان چارەسەر بکەن.

خێرخوازان لە شارە جیاوازەکان دەبێ سەرنجێکی زێدەتر بپرژێننە سەر باسی کارخولقێنی و بە هاوکاری دەوڵەت و چالاکڤانانی ئابووری لقی سێیەمی ئەم بەرە پێک بێنن و لە بواری کارخولقێنی دەورێکی تۆخ و بەرچاویان هەبێت. کەواتە کارخولقێنی لە شوێنی ژیانی گەنجان و پشتیوانی ئابووری وەکوو خانوبەره، تێچووی منداڵ و … دەتوانێ بەشێک لە پەرۆشییە ئابوورییەکانی گەنجان بڕەوێنێتەوه.

6-4. پشتیوانی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و ئەنجومەنەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پێدانی ڕاوێژی تەندروستی و پەروەردەیی و ڕێگری لە لێکەوتە و زیانە تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکان

تووشبووانی نەخۆشییەکانی وەکوو ئایدز و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر سەرەڕای بە تاوانزانین و بە دواداچوونی یاسایی،  لە ڕێگەی هەندێ لە ڕێکخراوەکانی وەکوو بێهزیستی (چاکژیانەوە)، شارەوانی و ئەنجومەنە خۆبەخشە نادەوڵەتییەکان و کەمپەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر پشتیوانیان لێ دەکرێت. هەتا هەنووکە بە ڕاهێنانی تەندروستی و ڕاوێژکاریی ئەم ڕێکخراوانە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ دابەزاندنی ڕێژەی خەسارەت و لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوێژراوه. ئەم شێوازی ژیانە لە لایەن هەندێ لە گەنجانی وڵاتەوە پێشوازی لێ کراوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندندایه. هەندێ نەخۆشی نزیکی وەکوو ئایدز، دووگیانبوونی نەخوازراو و توندوتیژی دژی ئافرەتان لەم پەیوەندییانەدا بەدی دەکرێن کە بە هۆی شوناسی سزایی پەیوەندییە هاوماڵییەکان جەسارەتی بە دواداچوونی یاساییان نییه. لە لایەکی تریشەوە بە هۆی قبووڵنەکرانی ئەم چەشنە پەیوەندییانە لە لایەن بنەماڵەکانەوە، هاوسەرە هاوماڵەکان دەتارێنرێن کە ئەمە خەسارەتی دەروونناسی لێ دەکەوێتەوه.

بە ئاوڕدانەوە لە ئەزموونگەلی وەکوو ئایدز و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر، بۆ ڕێگری لە لەبارچوونی کۆرپەلە، تووشبوون بە نەخۆشی نزیکی و هەندێ خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی و توندوتیژی، ژنان دەتوانن لە ڕێگەی ناوەندگەلی وەکوو بێهزیستی و تەندروستی و چارەسەر، شارەوانی و ئەنجومەنە یاساییەکانی پشتیوانی لە ژنان بە بێ ترس لە ترس لە بەدوداچوونی یاسایی پشتیوانیی ڕاوێژکاری و تەندروستی وەربگرن، بە جۆرێک کە کەسەکان لە بە دواداچوونی یاسایی بۆ پەیوەندییەکانی سێکسییەکانی خۆیان نەترسن.

 

سەبارەت به نووسەر:

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «ناوووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

 توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

 

سەرچاوه کان:

  1. ارمکی، تقی، شریفی، ساعی، محمد حسین، صالبی، سحر(1391). هم­خانگی، پیدایش شکل­های جدید خانوادە در تهران، فصلناوە جامعه­پژوهی فرهنگی، سال سوم، شمارە اول، صص 77-43.
  2. گیدنز، آنتونی(1389). جامعە شناسی، ترجمە دکتر حسن چاوشیان، تهران: نشر نی.
  3. معاونت آموزش و تحقیقات قوە قضاییه(1382). مجموعە آرای فقهی در امور حقوقی، نکاح، جلد اول، نشر قضا، تهران
  4. نورعلیزادە میانجی، مسعود (1388). مدل اسلامی مصون‌سازی رفتار جنسی با تأکید بر پیشگیری و درمان انحراف‌ها و مشکلات جنسی»، فصلناوۀ علمی تخصصی اسلام و روان‌شناسی، سال سوم، شمارۀ 5، ص 142-107.
  5. Bumpass, L. and H. H. Lu (2000). ‘Trends in Cohabitation and Implications for Children’s Family Contexts in the United States’, Population Studies, Vol. 54, No. 1.
  6. Carr, D. (2011). ‘Premarital Sex in America: How Young Americans Meet, Mate, and Think about Marriage by Mark Regnerus and Jeremy Uecker’, American Journal of Sociology, Vol. 117, No. 3
  7. Iwasawa, M. (2005). Cohabitation in Japan, Mainichi Shimbun (ed.), in Family Attitudes in an Era of Very Low Fertility: Report on the 1st Survey of Population, Family, and Generations, Population Problems Research Council (in Japanese)
  8. Mills, M. (2000). The Transformation of Partnerships, Canada, The Netherlands, and the Russian Federation in the Age of Modernity, Amsterdam: Thela Thesis Population Studies
  9. Tsuya, N. O. (2006). ‘Patterns and Covariates of Partnership Formation in Japan’, Journal of Population Problems, Vol. 62, No. 1.