کاردا کۆمەڵایەتییەکانی خەتەنەی کوڕان / پیاوان لە جیهان و ئێراندا

لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵناسانە سەبارەت بە خەتەنە لە ڕوانگەی فەرهەنگی و ئایینییەوە

کامیل ئەحمەدی

 پوختە

توێژەران سەرچاوەی جوگرافیی خەتەنە دەگەڕێننەوە بۆ دەورووبەری ڕووباری نیل لە میسری کۆن و پێیان وایە پێشینەی خەتەنە زیاتر لە دوو هەزار ساڵە. جگە لە بیروباوەڕی ئایینی کە وەک فاکتەری سەرەکی لە بڵاوبوونەوەی خەتەنەدا ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی دەگێڕێ، نابێ تایبەتمەندییە جوگرافی و ناوچەییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چەسپاندن و بڵاوکردنەوەی ئەم پرسەدا پشتگوێ بخەین. لە دەق و بەڵگەناوە و بەرهەمە دێرینەکانی ئێراندا هیچ ئاسەوارێکمان نییە کە ژن و پیاو خەتەنە کرابێتن، بۆیە لەم بەڵگانەدا ڕوون دەبێتەوە کە پێش هاتنی ئیسلام لە ئێراندا خەتەنە بوونی نەبووە و ئەم نەریتە لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ ئێران پەرەی سەندووە.

لە کۆمەڵگە نەریتخوازەکاندا بە مەبەستی کەم‌کردنەوەی دڵەڕاوکێی منداڵ بۆ چوونە ناو قۆناغی گەورەساڵی خەتەنە‌کردنی ئەندامێکی تایبەتیی لەشی منداڵ بە ڕێوڕەسمێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێ بەڵام لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا هەر تاکێکی خوار تەمەن ۱٨ ساڵ بە منداڵ لە قەڵەم دەدرێ و هەر چەشنە  گۆڕانکاری لە سەر ئەندامی لەشی ئەو منداڵە بە بێ دەستێوەردان و ئیزنی منداڵەکە خۆی و بە بەڕێوەبردنی ئاهەنگی خەتەنەکردن نە تەنیا پێشێل‌کرانی مافەکانی منداڵە بەڵکوو پەیامی دژەپەروەردەییشی هەیە.

خەتەنەکردنی کوڕان وەک پرسێکی پەیوەندیدار بە منداڵان و مافەکانی منداڵان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەرهەنگ و نەریتە کۆمەڵایەتییە زیانبەخشەکانەوە هەیە کە بە هۆکاری جۆراوجۆری ئایینی و کەم‌ڕۆشنبیرییەوە دەچێتە ناو ڕیزی کارە زیانبەخشەکانەوە، هەر بۆیە لە لایەن بوارە زانستی و توێژینەوەییەکانەوە گرنگییەکی کەمی پێدراوە. ئەم بابەتە بە ئاراستەیەکی چاکسازانە و زانیاری‌بەخشی هەوڵی داوە بەستەرە مێژوویی، نەریتی، ئایینی و تەندروستییەکانی خەتەنەی کوڕان / پیاوەکان شی بکاتەوە و بیناسێ بۆ ئەوەی بە پیشاندانی ڕەهەندە زۆرەکانی ئەم دیاردە بە چڕبوونەوە لە سەر مافەکانی منداڵ، ئاگادارمان بکاتەوە و نەوەی ئێستا و داهاتوو لە لێکەوتەکانی ئەم نەریتە وشیار بکاتەوە بۆ ئەوەی سەرمایە مرۆییەکان و داهاتووسازانی کۆمەڵگا هەر وا بە ئاسانی نەکەونە ناو داوی پێچەڵاوپێچی نەریتە وشکە فەرهەنگییەکان و پڕوپاگەندەی ساختەکارانەی مافیای ئابووری و هەژموونیی ئایین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جگە لە توێژینەوەی دۆکیۆمێنتاری و کتێبخانەیی و کەڵک‌وەرگرتن لە توێژینەوەی مەیدانی بە شێوازی چۆنایەتی بە پشتبەستن بە دیمانەی ئامانجدار لەگەڵ ژمارەیەک لە ئێرانییانی خەتەنەکراو کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێراندا دەژین و هەروەها بە دیمانەکردن لەگەڵ هەندێک لە کەسانی پسپۆڕ و خاوەن‌ڕایانی زانستی ئەزموونی بەشداربووان هەڵسەنگێندرا.

دەرەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە لە هەر دوو ئایینی ئیسلام و یه‌هوودیدا خەتەنەکردن پێگەیەکی فەرز و شەرعی لە ناو پەیڕەوانیدا هەیە. هەروەها لە ڕووی مێژووییەوە خەتەنەکردنی پیاو لەگەڵ کاری ئایینی و شوناسی نەتەوەییدا لە پەیوەندی‌دا بووە. جگە لە گوشارە ئایینییەکان کە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی خەتەنەوە هەیە، هۆکاری دیکەش هاندەری بەردەوامبوونی ئەم کارەن، وەکوو: کاردا تەندروستی و پزیشکی و جوانی‌ناسییەکان، کاردا کۆمەڵایەتییەکان و کاردا ئابوورییەکان.

وشەی کلیلییەکان: خەتەنەکردنی کوڕان / پیاوان، کاردای کۆمەڵایەتی، فەرهەنگ و ئایین، ئاراستەی کۆمەڵناسی، ئێران و جیهان.

 

1.پێشه‌کی

لە دەنگۆی گشتیدا خەتەنەکردنی پیاو بە کارێکی ئایینی دادەنرێ  کە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی هەر دوو ئایینی سامی، واتە ئایینی جوولەکە و ئیسلامدا هەیە، بەڵام هەندێک پاساوی تەندروستی وای کردووە کە پانتای خەتەنە سنوورە ئایینییەکان تێپەڕێنێ و هەندێک کۆمەڵگەی سکۆلاریش بگرێتەوە. هەندێک لە ئامارەکان دەریدەخەن کە لە نزیکەی ٩٠ وڵاتی جیهاندا لانیکەم ٣٠ لە سەدی کوڕان خەتەنە دەکرێن (موریس و هاوکاران، 2016)، کە زۆربەیان موسڵمان یان جوولەکەش نین. هەر چەندە ئەم ئامارانە گرینگیی ئەم کارە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا نیشان دەدەن، بەڵام ئەوە بە مانای دروستی یان بەسوودبوونی خەتەنە نییە. خەتەنە‌کردنی کوڕان، سەرەڕای بڵاوبوونەوە بەرفراوانەکەی، لێکەوتەی زۆرە کە دەتوانین ئاماژە بە پشت‌گوێ‌خستنی مافەکانی منداڵ، ئاسەواری خراپی دەروونی و کۆمەڵێ لێکەوتەی پزیشکیی خەتەنە بکەین.

ئامانجی سه‌ره‌کیی ئەم وتارە ناسینی زانستییانە پرسی خەتەنەی کوڕان و هاوکاریی بۆ ئامادەکردنی بەرناوە و سیاسەتی کاریگەر بۆ کەم‌کردنەوە و ڕەواندنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی خەتەنە لە ناو کۆمەڵگایە. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ کاردا فه‌رهه‌نگی و ئایینییەکانی دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردنی کوڕان لە سەر ئاستی جیهان و ئێراندا لە ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وە شی ده‌کرێته‌وه‌ بۆ ئەوەی بە زانینی ڕیشەی مێژوویی و سنووری جوگرافیی خەتەنە، ئاراستەی ئایینه‌کان و کارداکان و هۆکاره‌کانی بەردەوامیی خەتەنە و بەڕاپۆرتکردنی ئەزموونی بەشداربووان، هەنگاوێک بەرەو کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی خەتەنە بە قازانجی مافەکانی منداڵان و مافە مەدەنی و تاکەکەسییەکانی سەرمایە مرۆییە کۆمەڵایەتییەکان بهاوێژرێت.

 

2- داڕشتنی پرسیار

پرسی پەیوەندیدار بە منداڵان و ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشەیان لێ دەکا، لە گرینگترین بابەتە توێژینەوەییەکانی کۆمەڵناسان و مرۆڤناسان و دەروونناسان و یاساناسانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانە، منداڵان سەرمایەی کۆمەڵایەتین کە ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگا مرۆییەکان گرێدراوه بە ژیانی تەندروست و ئاسایی و دادپەروەرانەیانەوە و بەو پێیەی کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی جیهان بە ئێرانیشەوە لە منداڵان پێکهاتوون، گرینگیدان بە خۆشگوزەرانی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە هێماکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و مەدەنی و یاسایی دادەنرێت. بەداخەوە بە گەڕان لە ناو بەڵگەناوە مێژووییەکان، هەندێ بەڵگە دۆزراونەتەوە کە هەندێک نەریتی زیانبەخش دژی منداڵان پشتڕاست دەکەنەوە، ئەو نەریتانە پەرەپێدەری توندوتیژی و ئەشکەنجەدان و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی ئەم گرووپە تەمەنییانەن و دژی ڕۆحی ئازادی مرۆیی و پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و یەکپارچەیی جەستەیی مرۆڤەکانە.

خەتەنە و ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە لە هەڕەتی هەستیاری منداڵیدا یەکێک لەو نەریتانەیە. منداڵ وەک مرۆڤێک کە هێز و ئیرادەی بڕیاردان و دژایەتی‌کردنی گەورەساڵەکانی نییە؛ لەبەرامبەر ئەم جۆرە ڕەفتارانەدا ناسکە و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە دەستێوەردانانە بۆ هەمیشە لە مێشک و دەروونیدا دەمێنێتەوە و لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونیدا دەبێتە ڕێخۆشکەری چەندین قەیران و لە بەرامبەر چەندین مەترسی و خەسارەتدا بێ‌‌دەرەتان و لاوازی دەکات.

دیاردەی خەتەنە وەک نەشتەرگەرییەکی سیمبۆلی و دێرین لە بیروباوەڕی خەڵک لە درێژەی ژیانییانەوە سەرچاوەی گرتووە و گێڕه‌وه‌ری بەشێک لە فەرهەنگ و مێژووی ئەو خەڵکانەیە کە پێشتر لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا ژیاون. لە بینین و بەڵگەناوە مێژووییەکاندا دەردەکەوێ  کە هەر چەندە دیاردەی خەتەنە ڕەگ و ڕیشەی لە میسری کۆن و میزۆپۆتامیادا هەیە، بەڵام بە درێژایی مێژوو تەنیا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا سنووردار نەبووە و پەلی بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان و خۆرهەڵاتی ناڤینیش هاویشتووە. لێکەوتە شاراوەکانی خەتەنە پرسێکە کە سەرەڕای گرینگییە زۆرەکەی کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە.

هەر بۆیە تاوتوێی ئەم دیاردە تێگەیشتنێکی دروست‌ترمان لە سەر زەخت و گوشاری داب‌ونەریت و گرینگیی ڕێوڕەسم و ڕۆڵی فەرهەنگ و ڕێسا ئایینییەکان پێ نیشان دەدا و ئەنجامەکانی دەتوانێ دەنگی ڕاستەوخۆی گرووپی ئامانج، لایەنگران و نەیارانی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییانە بێت. ئامانجی ئەم وتارە ڕەت‌کردنەوە یان پشتڕاست‌کردنەوەی خەتەنە نییە، بەڵکوو بە نیازە لە پاڵ لێکدانەوەی کۆمەڵناسانەی وتەزایەک کە تابۆ و ناڕه‌وا بووە و کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە هەندێ ڕێکاری کردەیی بخاتە ڕوو کە لەگەڵ مافەکانی منداڵاندا و دۆخی ئێستای کۆمەڵگادا بگونجێ و بە جەخت‌کردنە سەر بەستێن‌سازیی فەرهەنگی شیاوی جێبەجێ‌کردن بێت. هەر بۆیە بە نیازە بە بناغەیەکی کۆمەڵناسانەوە لە سەر چەندین کاردای ئایینی و فەرهەنگیی دیاردەی خەتەنە بە درێژایی مێژووی ئێران و جیهان چڕ ببێتەوە، تا لەم ڕێگەوە بە نیشاندانی لێکەوتە زۆرەکانی خەتەنە، بەستێنی زانیاری‌بەخشی، وشیاری و ڕۆشنگەری لە سەر ئاستی ورد و کەڵێن (مایکرۆ و ماکڕۆ) ئامادە بکات. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە:

خەتەنەی پیاو چ کارداگەلێکی لێ دەکەوێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە و لقەکانی لە ڕێگەی توێژینەوەی مەیدانی بە شێوازی چۆنایەتی بە پشتبەستن بە دیمانەی ئامانجدار لەگەڵ ژمارەیەک لە ئێرانییانی خەتەنەکراو کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێراندا دەژین و هەروەها بە دیمانەکردن لەگەڵ هەندێک لە کەسانی پسپۆڕ و خاوەن‌ڕایانی زانستی و هەروەها بە پشبەستن بە بەڵگە و ژێدەری کتێبخانەیی دەدرێتەوە.

ئامارە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ٩٠ وڵاتی جیهان خەتەنە لە سەر لانیکەم ٣٠ لە سەدی کوڕان ئەنجام دەدەن. لە ئێران پابەندبوون بە فەرمانە ئایینییەکان و نۆرمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، یەکەم و گرینگترین ئەنگێزە و هۆکاری بەردەوامیی خەتەنە بووە. بە هۆی هاتنی ئیسلام بۆ ئێران و خێرایی فراوانبوونەکەی، پەرەسەندنی ئەم ئایینە و تێکەڵبوونی کۆمەڵگای ئێران بە بنەما و بیر و باوەڕی ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر بوو. هەر بۆیە ئاشنابوون بەم دیاردە و ئەشێ و ناشێکانی لە ئایینی ئیسلامدا تێگەیشتن لە هەندێک ڕووداوی مێژوویی ئاسان دەکات.

3- پرسیارەکانی توێژینەوە

لەم توێژینەوەدا ئەم پرسیارانە تاوتوێ دەکرێن:

 1- ڕیشە کۆمەڵایەتی – فەرهەنگییەکانی خەتەنەی کوڕان / پیاو لە ئێران و جیهان چین؟

2- ڕیشە ئایینییەکانی خەتەنەی کوڕان / پیاوان لە ئێران و جیهان چییە؟

3- ئەزموونی بینراوی بەشداربووانی ئەم توێژینەوە چ ڕەهەندگەلێکی لە خۆ گرتووە؟

4- بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی خەتەنەی کوڕان / پیاوان ده‌توانین پێشنیاری چ ڕێکارگەلێکی کردەیی بدەین؟

4- ڕیشە کۆمەڵایەتی – فەرهەنگی و مێژووییەکانی خەتەنەی پیاو لە جیهان و ئێراندا

نزیکەی پازدە هەزار ساڵە خەتەنە بوونی هەیە. ئەم نەشتەرگەرییە یەکێک لە کۆنترین نەشتەرگەرییەکانە کە لە سەر  منداڵان ئەنجام دەدرێت. توێژەران ئەم نەشتەرگەرییەیان لە تەرمە مۆمیاکراوەکان کە هی میسرییە کۆنەکانە سەلماندووە. لە کتێبە ئایینییەکانی پەیڕەوانی هەر دوو ئایینی ئیسلام و ئایینی یەهوودی ئاماژە و پێشنیار بۆ ئەم بابەتە کراوە. هه‌روه‌ها ئه‌م کارە ساڵانێکی زۆرە لە ناو هه‌ندێک لە ڕه‌ش‌پێسته‌ ئه‌فریقییەکان و هۆزه‌کانی ئۆسترالیا و هه‌ندێ هۆزی دیکه‌دا (به‌بێ گیرۆده‌یی ئایینی) باو بووە و هەتا ئێستا لە ناوچە جیاوازه‌کانی جیهان به‌رده‌وامه‌.

هاوتای ئینگلیزیی خەتەنە لە وشەی لاتینی Circumcidere وەرگیراوە کە بە واتای بڕین لە دەوری شتێک دێت. لە ڕووی ماناییەوە خەتەنە وشەیەکی عەرەبییە و ئاماژە بە بڕینی پێست یان غەلافی ئەندامی زاوزێی ژن یان پیاو دەکات. خەتەنە وشەیەکی عەرەبییە لە ڕیشەی “خ-ت-ن” و بە واتای بڕین و قرتاندن دێ، بەڵام دەکرێ پەیوەندی بە “ختم”ـەوە هەبێ چونکە پیتی “م” لە زمانە سامییەکاندا دەبێتە پیتی “ن”، کە زمانی عەرەبی یەکێک لە ژێرلقەکانی زمانە سامییەکانە. خەتم واتە دانانی نیشانەی ناساندن لە سەر عەبد عەباق (کۆیلەیەکی هەڵهاتوو)، ئیبن قەیوومی جوزییە لە کتێبی “تحفە المعود باحکام المولود”دا بە ئاماژە بەم خاڵە، خەتەنە‌ وەک نیشانەیەک لە بەندایەتی و کۆیلایەتیی پیاو لە ئاست خودا دەزانێت.( سعیدی، ٢٠١٠: ٧٠).

لە فەرهەنگۆکی موعین و عەمیددا یەکێک لە واتاکانی وشەی “ختم” مۆرکردنە، و “خەتەنە” ڕەگ و ڕیشەی دەچێتەوە سەر “ختن” و بە واتای بڕین یان بڕینی غەلاف/غۆڵفە/قڵێف (پێستی پۆشەنی نووکی ئەندامی زاوزێی پیاو)، هەر لەبەر ئەوە بە پیاوی خەتەنەنەکراو دەڵێن ئاغلاف (داپۆشراو) /ئەقلەف/ئەغەرال/ئەرغال. بە پێی فەرهەنگۆکی دێهخۆدا، پیاوێک یان ژنێک کە کۆئەندامی زاوزێی خەتەنە نەکرابێ پێی دەوترێ خەتەنەنەکراو. چەمکی وردی خەتەنە‌ی پیاو لە سەر بنەمای فەرموودە و دەقە فیقهییەکان بریتییە لە لابردنی هەموو یان بەشێکی ئەو پێستەی کە نووکی ئەندامی زاوزێی پیاو دادەپۆشێ، خەتەنە‌کردنی ژنان بریتییە لە بڕینی بەشێک لە پێستی ئەندامی زاوزێی ژن لە سەرووی ئەو شوێنەی کە میز لێی دەردەچێت. )جاحز، بی تا؛ مه‌جلسی، 1362ی هەتاوی)

لە زمانی عەرەبیدا “خەتەنە” لە ڕیشەی “خەتەن” مانای دیکەشی هەیە، لەوانە کەسانێک کە لە لایەن ژنەوە خزمایەتییان لەگەڵ مێرد هەیە وەکوو: خەسوو (دایکی ژن)، خەزوور (باوکی ژن)، ژن‌برا، زاوا (مێردی کچ) و زاوا (مێردی خوشک) [3]. هەروەها لە زاراوەی گشتیدا “خەتەنەکردن” ئاماژە بۆ هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو دەکا، بەڵام لە زمانی عەرەبیدا بڕین و قرتاندنی تەواو یان بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی پیاو پێی دەوترێ خەتەنە و بڕینی تەواو یان بەشێک لە کلیتۆریسی ژن (میتکە) پێی دەوترێ “خافز” (خفض). خەفز واتە کەمکردنەوە. خێتانە واتە خەتەنەچی، ئەو کەسەی کاری خەتەنەکردن ئەنجام دەدات. “خێتان” بە واتای شوێنی خەتەنەی نێر و مێیە، “خوتوونە” بە واتای هاوسەرگیری دێت. هەروەها فارس‌زمان و تورکەکانیش “خاتوون” [4] بۆ ژنانی شەرەفمەند و وجاغ‌زادە بە کار دەهێنن (پارسا و یووسف په‌ناه، 1391ی هەتاوی: 43). هەندێ جار وشەی “سونەت” یان وشەگەلی وەکوو “طهور” (پاکی) کە لە چاوگەی “ط – ه – ر” دێن، لە بری وشەی خەتەنەکردن یان خەتان بە کار دێ تا ئەو ڕادەی کە یەکێک لە ماناکانی خەتەنەکردن “پاکی” بووە. هەروەها “خەتەنەکردن” لە ئایینی ئیسلام و هەندێک دەقی ئایینیدا وەک شتێکی سروشتی ئاماژەی پێ کراوە کە واتای پاک‌وخاوێنی دەدات. بۆ نموونە ئەبووحورەیرە بەم شێوە قسەی پێغەمبەری ئیسلام دەگێڕێتەوە:

“پێنج ڕەفتار بەشێک لە سروشتن: خەتەنەکردن، تاشینی تووکی خوار ناوک، بڕینی نینۆکەکان، هەڵکەندنی مووی بن‌باغەڵ و کورت‌کردنەوەی سمێڵ” (ئه‌لقه‌شیری نه‌یشابووری، ١۴١٢).

لە تەوراتدا خەتەنە نەکراوەکان بە کەسانێک ناسراون کە لە ڕووی ئاینییەوە پاک نین.

گەڕان بە دوای شوێنی خەتەنە لە جیهاندا چ بۆ ژن و چ بۆ پیاو، بەرەو میسری کۆن دنەمان دەدا بەڵام خەتەنە لە درێژایی مێژوو، تەنیا لە میسر سنووردار نەبووە و لە پارچەکانی دیکەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی کراوە. توێژەران بە گشتی سەرچاوەی جوگرافیی خەتەنەی مێینە دەبەنەوە بۆ دەوروبەری ڕووباری نیل لە میسری کۆن و سەردەمی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر. پێدەچێ ئەم داب‌ونەریتە لە ناوەندە ئاماژەپێکراوەکەوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەری بڵاو بووبێتەوە. مێژوونووسان ئیده‌عای ئەوە دەکەن کە خەتەنەکردنی کچان لە سەردەمی فیرعەونەکاندا ئەنجام دراوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێ ڕەگ ​​و ڕیشەی خەتەنە لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین لە میسر سۆراغی بگرین. هەروەها بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە لەم ناوچەدا نەریتی خەتەنەکردنی پیاوان سەری هەڵداوە کە بە دۆزینەوەی مۆمیا و هەندێک نووسراوە لە سەر کێلی گۆڕەکان پشتڕاست کراوەتەوە و هەروەها دەریدەخا کە خەتەنە‌کردنی ژن و پیاو بەر لە هاتنی مووسا لە نیوەی سێیەمی هەزارەی پێش زایین باو بووە، وەکوو چۆن ئەم کارە بە “پاکیی فیرعەونی”یش ناوزەد کراوە (فرۆید، ١٣۴٨ی هەتاوی). ئەوەندەی ئێمە دەزانین هیچ کام لە هۆزەکانی‌تری ڕۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە ئەم داب‌ونەریتەیان پەیڕەو نەکردووە. هێرۆدۆت لە دەوروبەری ساڵی ۴۵٠ی پێش زایین سەردانی میسری کردووە و لە ڕاپۆرتی سەفەرەکەیدا بابەتێک کە بۆ پیشاندانی تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی میسر گونجاوە و لەگەڵ هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئایینی جوولەکایەتی لە قۆناغەکانی دواتردا لێکچوونی هەیە دەخاتە ڕوو و ئەو دەڵێ:

 “ئەوان لە هەموو ڕوویەکەوە لەوانی دیکە خواپەرست‌ترن و بە هۆی هەندێک خووەوە لەوان سەرترن. وەک چۆن خەتەنە دەکەن و بە هۆی پاک‌وخاوێنییەوە، یەکەم کەس بوون کە برەویان بەم کارە دا. جگە لەوەش لە بەراز بێزارن.” (فرۆید، ١٣۴٨ی هەتاوی).

دەوترێت کۆڵمان ئەسکەندەرانی دەگێڕێتەوە:

“پیتاگۆڕاس کە دەچێتە میسر، بە ناچاری خەتەنەیان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانێ لە گەورەکانەوە فێری نهێنییە ئایینییەکان بێ، کەسێکیش دەبوو بە زانای ئایینی کە خەتەنە کرابایە”. (دانش په‌ژۆ، ١٣٢۵ی هەتاوی).

یەکێک لەو گریمانانەی کە سەبارەت بە چۆنیەتیی تەشەنەسەندنی خەتەنە و پەرەپێدانی لە ناوچە جوگرافییەکانی دیکەدا دەخرێتە ڕوو ئەوەیە کە لە ڕێگەی شەڕ و داگیر‌کردنی شارستانییەتە دێرینەکان و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی باڵادەست و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا ئەو کاریگەرییانەی کە کۆمەڵگەی بندەست بە سەر سەرکەوتووانی جەنگدا سەپاندوویانە، ئەم دیاردە پەرەی سەندووە. میسر وەک خاڵی وێک‌کەوتنی هەر سێ کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا، هەمیشە بابەتی ناکۆکیی نێوان داگیرکەرە گەورەکان بووە. دەگێڕنەوە کە لە ساڵی ۵٢۵ی پێش زایین کامبۆجیای کوڕی کۆرش بە هەڵمەت‌بردندە سەر مەمفیسی پێتەختی وڵاتی میسر ئەم وڵاتەی بە ئیمپراتۆریەتی هەخامەنیەکانەوە لکاندووە، پاشان بڕیاری دا لە نێوان میسر و ئێران یەکێتی ساز بکا، هەر بۆیە بە پێی داب‌ونەریت و ڕێوڕەسمی ئەم وڵاتە تاجی لە سەر ناوە.

دوای کامبۆجیا داریۆشی یەکەمی جێنشینی و پاشان زەرخەس (خەشایارشا) لە فراوان‌کردنی حکوومەتی هەخامەنی بەردەوام بوون و داریۆش بە لاسایی‌کردنەوە لە کۆرش، ڕێگەی بە میسرییەکان دا کە لە ژیانی تایبەتی و ئایینییاندا بە ئازادی بژین. هەژموونیی ئێران بە سەر وڵاتی میسردا ماوەی ٢٠٣ ساڵ بەردەوام بووە، بەڵگە شوێنەوارناسی و هەڵکۆڵینەکان باس لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پەیوەندیی مرۆیی نێوان هەر دوو شارستانییەتی ئێران و میسر لە سەردەمی هەخامەنیەکاندا دەکەن ، ئەگەر ئەمە نەبوایە، دەسەڵاتیان تا ئەم ڕادە بەردەوام نەدەبوو. هەر دوو وڵاتی ئێران و میسر لە ماوەی دوو سەدە پەیوەندی، نه‌ک هه‌ر لە ڕووی فه‌رهه‌نگی و زمانییەوە هاوبه‌شییەکی زۆری لە نێوان شارستانییه‌ته‌کانی ئێران و میسردا دروست کرد‌، به‌ڵکوو ئێرانییەکان زانستی پزیشکی کە لە میسری کۆندا زۆر پێشکه‌وتوو بوو‌ە، لە میسریه‌کانه‌وە فێر بوون (نه‌سیری، 1385ی هەتاوی). بە پێی ڕوواڵەت و گێڕانەوەکانی مێژوو، کۆنترین بەڵگەناوەی پزیشکی هی بەردەنووسێکە کە لە سەر خشت و بە هێڵی بزماری هەڵکەندراوە و لە دۆڵەکانی میزۆپۆتامیا (دوواوان) دۆزراوەتەوە و بە ڕای شوێنەوارناسەکان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش لەدایک‌بوونی مەسیح، (ئه‌سلانی، 1397ی هەتاوی).

جوگرافیای بڵاوبوونەوە و باوەڕداربوون بە ئەنجامدانی خەتەنە لە ناو گەلان و ئایینە باوەکاندا ڕاپۆرت لەوەیه کە خەتەنە لە بنەڕەتەوە کردەوەیەکی ئایینییە. بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن هەندێ سەرچاوەی وەکوو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەخۆشیی ئایدز (٢٠٠٨) بڵاو کراونەتەوە، تەنیا نزیکەی ٣٠ لە سەدی سەرجەم خەتەنەکردنەکان لە جیهاندا نائایینی بوون. هەروەها ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە نزیکەی ٧٠ لە سەدی هەموو ئەو خەتەنەکردنانەی کە لە جیهاندا ئەنجام دراون لە ناو پەیڕەوانی ئیسلام و ئایینی جوولەکەدا ڕوویان داوە. خەتەنە‌کردنی پیاو لە ئایینە نائیبراهیمییەکاندا کارێکی نەناسراو و لە هەندێک حاڵەتدا پێچەوانەی بنەماکانیانە.

بۆ نموونە لە کتێبە پیرۆزەکانی هیندۆسیدا باس لە خەتەنە نەکراوە و پێدەچێ هەر دوو ئایینی هیندۆسی و بوودا هەڵوێستێکی بێ‌لایەنیان سەبارەت بە خەتەنە هەبێت. ئایینی هیندۆسی دژی خەتەنەیەکە کە هیچ پاساوێکی پزیشکی نەبێ، چونکە بە پێی ئامۆژەکانی ئەم ئایینە جەستە لە لایەن خودای گەورەوە دروست کراوە و کەس مافی ئەوەی نییە بە بێ ئیزنی ئەو کەسەی کە ئەم جەستەی پێی دراوە بیگۆڕێت. هەندێک لە گرووپە هیندۆسییەکانی خەتەنە ڕاستەوخۆ بە دژی سروشت و خیلقەتی خودا دەزانن. هەروەها سیکەکان کۆرپەکانیان خەتەنە ناکەن چونکە ئایینی سیکەکان خەتەنە‌کردنی نێر و مێ بە ناچاری نازانن و ڕەخنە لەم کارە دەگرن.

وێنه‌ی(١) خەتەنەکردن لە جیهاندا بە پێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی

خەتەنە لە جیهان

چارتی (1)ی خەتەنە لە سەر ئاستی جیهاندا بە پێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی

هەروەها مەسیحییەتیش دژی خەتەنەیە. بۆ وێنە بە پێی نەریتی پۆڵۆسی پیرۆز “لە ئایینی مەسیحدا خەتەنەکران و خەتەنەنەکران هیچ جیاوازییەک دروست ناکات” (غه‌لاتییان ۵: ۶). لە فەرمانێکدا کە لە ساڵی ١۴۴٢ی زایینی لە لایەن پاپا لە کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیک دەرچوو، باس لەوە کراوە کە خەتەنە‌کردنی پیاو پێویست نییە، بۆیە بە توندی فەرمانی بە هەموو مەسیحییەکان داوە “نە پێش مەعمودیەت یان دوای مەعمودیەت خەتەنە نەکەن” (پاپا یوگینیۆسی چوارەم، ١۴۴٢ی زایینی). لە ناو ئایین‌زا جیاوازەکانی مەسیحیدا، تەنیا مەسیحییە قیبتییەکان لە میسر و مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکان لە ئەسیوپیا کە دوو لق لە کۆنترین فۆرمەکانی مەسیحییەتن کە ماونەتەوە (تیرنی، ٢٠٠٣) و زۆرێک لە تایبەتمەندیەکانی مەسیحییەتی سەرەتاییان پاراستووە، هێشتا پابەند بە ئەنجامدانی خەتەنەن (سەرژژمێریی حەشیمەتی و تەندروستی، ٢٠٠۶ی زایینی).

هەندێک لە کڵێیسا مەسیحییەکان لە ئەفریقای باشووری دژایەتی خەتەنە دەکەن و بە کارێکی بت‌پەرستانەی دەزانن (ڕین تێلجارد ئارسی، 2003)، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە، لەوانەش کڵێسای نۆمیا Noumea لە وڵاتی کینیا، خەتەنە بە مەرجی ئەندامێتیی لە کڵێسا دەزانن. (ماتسۆن سی ئێل و هاوکاران، 2005). هەروەها بەشداربووانی وتووێژی گرووپیی چڕ لە مالاوی و زامبیا هەمان بیر و باوەڕیان هەیە کە مەسیحییەکان دەبێ خەتەنە بکرێن، چونکە عیسا خەتەنە کراوە و کتێبی پیرۆز فێری ئەم کارەیان دەکات (لۆکۆبۆ ئێم، 2007؛ ئێن گالاند ئارسی و هاوکاران، 2007).

لە دەق و بەڵگەناوە و بەرهەمە دێرینەکانی ئێراندا هیچ ئاسەوارێکمان نییە کە ژن و پیاو خەتەنە کرابێتن. لە ئاڤێستا و دەقە پەهلەوییەکانی دیکەی ئێرانی کۆندا هیچ باسێک لە سەر خەتەنە و هیچ کردارێکی دیکەی وەکوو شێواندن یان بڕینی کۆئەندامی زاوزێ نەکراوە. بۆیە لەم بەڵگانەدا ڕوون دەبێتەوە کە پێش هاتنی ئیسلام لە ئێراندا خەتەنە بوونی نەبووە و نەریتی خەتەنەکردنی ژن و خەتەنەکردنی پیاو لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ ئێران پەرەی سەندووە. تەنانەت لە هەندێ سەرچاوەی مێژووییدا باس لەوە کراوە کە لە سەرەتای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ئێران، بەشێک لە ئێرانییەکان کە موسڵمان بوون خەتەنەیان نەکردووە. بۆ وێنە ئەفشین، ژەنەڕاڵی ئێرانی لە کۆشکی مەئموون و ئەلموعتەسیم خەتەنە نەکرا بووە. ئەحمەدی کوڕی ئەبی دەواد باسی لەوە کردووە کە ئەفشین بە هۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی خەتەنە لە سەر تەندروستی، خۆی خەتەنە نەکردووە (تەوحیدی، ١٩۶۴).

بە پێی ئەو ئەنجامانەی کە لە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانەوە بەدەست هاتوون، جگە لە دوو ئاوارتەی سەرەکی، واتە ئایینەکانی ئیسلام و جوولەکە، ئایین فاکتەری سەرەکیی دیاری‌کردنی خەتەنە‌کردنی پیاوان نییە و پێ دەچێ زۆرێک لە ئایینەکان، لەوانەش ئایینی هیندۆسی و بوودا، پێگەیەکی بێ‌لایەنه و یان دژبەریان بەرامبەر بە خەتەنە هەبێ، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە نزیکەی 100 لە سەدی پیاوانی موسڵمان و جوولەکە بە خەتەنە پابەندن و نزیکەی 70 لە سەدی هەموو پیاوە خەتەنەکراوەکان لە جیهاندا سەر بە کۆمەڵگەی موسڵمانن و تەنیا 30 لە سەدی خەتەنەکراون ناووسڵمان یان ناجوولەکەن.

جوولەکە لایەنگرەکانی خەتەنە پێیان وایە هیچ بەدیلێک بۆ ئەم کارە نییە و خەتەنە لە ئایینەکەیاندا وەک کارێکی فەرهەنگی – ئایینی دادەنرێت. هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەم نەریتە دێرینە زۆرن کە گرینگترینیان ئەمانەن.

  • نیشانەیەکی جەستەیی گرینگ بۆ پەیمانی پیاوەکان لەگەڵ خودایە.
  • پەیمانی گۆشت وەک پەیمانی دڵ وایە. شوێنی خەتەنە وەکوو بەشی ناپێویستی میوە وایە، وەک چیلکەیەک کە بە سێوەوە بەستراوەتەوە کە لە قۆناغێکی زەمەنیدا گرینگ بووە، بەڵام دواجار بەشێک لەو میوە نییە.
  • خودا خاوەنی جەستەیە و ئەویش فەرمانی خەتەنە‌کردنی داوە.
  • جۆرە وەفادارییەکی قووڵ بۆ باب و باپیرانی مرۆڤە.
  • داپەڕێکی مێژووییە کە پیاوە خەتەنەکراوەکان بە باب و باپیران و هاوتەمەنەکانیانەوە دەبەستێتەوە.
  • نیشانەیەکی فەرهەنگی و فیزیکییە کە بە سیمبۆل دادەنرێت.
  • هەستی گیرۆده‌یی دروست دەکات.

جگە لەو حاڵەتە ئاماژە‌پێکراوانه‌ی پشتیوانیی لە خەتەنە، پێویستە ئەوەش بزانین کە جوولەکەکان لە سەر جێبەجێ‌کردنی کاروبارەکانیان زۆر پێداگرن و لەوانەیە ئەمەش وای کردبێ کە دژایەتی چاکسازە (مووهێل) جوولەکەکان بکەن. بەتایبەت سەبارەت بە خەتەنەکردن پێویستە خەتەنەکەر کەسێکی جوولەکە بێ و بە پێی هەندێک لێکۆڵینەوە لە ئیسرائیل، خەتەنەی نەریتی کاری سەرەکیی مووهێلە جوولەکەکانە (یگان، ٢٠٠۶: ۴۴٢). بێ‌گومان، بەوەی کە  خەتەنە بە ناپێویست و واجب سەیر نەکرێ، ڕەنگە کاریگەری لە سەر بارودۆخی ئابووریی ئەوان دابنێ و بیانخاتە ژێر گوشارەوە.

هەروەها ڕەخنەگرانی خەتەنە پێیان وایە بە پێی دەقی ڕوونی تەورات گۆڕین یان دەستکاری‌کردنی جەستەی مرۆڤ قەدەغەیە، هەر بۆیە پێویستە بە گومانەوە سەیری خەتەنە بکرێت. هەر بەم پێیە، ئەم ئیده‌عایە کە خەتەنەکردن بریتییە لە بڕین و دیاری‌کردنی ئەندامی زاوزێ، دژی ئەم نەریتە مێژووییەیە و هی بەها و یاساکانی جوولەکە نییە.

لە ناو ئایینە ئیبراهیمییەکاندا مەسیحییەکان یەکێکن لەو چەند گرووپە کەمانەی کە لە ناویاندا خەتەنە زۆر برەوی نییە، هەروەها لە لێکدانەوەی ژمارەی هەمان ئەو مەسیحیانەی کە وەفادار بە خەتەنەن، پێویستە خاڵێک لە بەرچاو بگیرێ و ئەویش ئامانجی ئەوان لە خەتەنەکردنە کە زۆر جار نەک لە بەر بیر و باوەڕی ئایینی بەڵکوو بۆ مەبەستی تەندروستی خەتەنە ئەنجام دەدەن.

بە بڕوای مەسیحییەکان کتێبی “پەیمانی نوێ” گرێبەستێک لە نێوان ئافرێنەر و مرۆڤە و دەست‌پێکەری سەردەمێکی نوێی پەیوەندیی نێوان ئافرێنەر و ئافرێنراوەکانە. بە پێی ئه‌م ڕێککه‌وتنە خوای گه‌ورە ئه‌و شەریعەتەی کە لە ڕێگه‌ی مووساوە بە مرۆڤی دابوو له‌ کۆڵ مووسای کردەوە و باوه‌ڕ بە مه‌سیحی کردە مه‌رجێک بۆ لێخۆشبوونی گوناحه‌کانی مرۆڤ و ڕزگاربوونی. بۆ ئه‌وه‌ی په‌یمانی نوێی خودا له‌گه‌ڵ به‌نده‌کانیدا بڵاو بکاته‌وه پێویست بوو بانگەشە بۆ ئایینەکە بکرێ و جوولەکە و ناجوولەکەکان ببنە مەسیحی. لەگەڵ چوونی کەسانی نوێ بۆ ناو ئایینی مەسیحییەت لە نێوان ئەو کەسانەی کە ببوونە مەسیحی و خەتەنە کرابوون و دیکەی شوێنکەوتووانی نوێی  مەسیحی کە ناجوولەکە و خەتەنەنەکراو بوون، لە سەر ئەوەی کە “ئایا خەتەنە مەرجی مەسیحی‌بوونە یان نا؟” ناکۆکی ساز بوو.

وەک لە ئینجیلی نوێی تۆماسدا نووسراوە، مەسیح لە وەڵامی ئەو فێرخوازانه‌ی کە لە مەڕ سوودی خەتەنە پرسیاریان لێ کرد، وتوویەتی خەتەنە‌کردنی ڕاستەقینە کە سوودی تێدایە خەتەنە‌کردنی ڕۆحە. زۆربەی زانایانی ئایینی مەسیحی لێکدانەوەیەکی سیمبۆلییان بۆ خەتەنەکردن کردووە. جەستی نیۆس شەهید پێی وایە مەسیح هێنەری پەیمانێکی نوێیە و بە پێی ئەم پەیمانە نوێیە دەبێ خەتەنەکردنێکی نوێ دابهێنرێ کە هەمان خەتەنە‌کردنی دڵە، وەک لە تەورات، دوویەتی (تثنیە) ١٠:١۶دا فەرمان بە خەتەنەکردنی دڵ دراوە.

لە ئێستادا جگە لە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەی وەک جوولەکە ڕێژەیەکی بەرچاوی پیاوانی خەتەنەکراو لە سەر ئاستی جیهان موسڵمانن، بە جۆرێک کە ئامارەکان دەریدەخەن کە لە وڵاتانێکی وەکوو ئێران کە ئایینی فەرمیی وڵات ئایینی ئیسلامە، پتر لە ٩٩ لە سەدی پیاوانی موسڵمان خەتەنەکراون (موریس و هاوکاران، 2016).

فراوانیی حەشیمەتی پەیڕەوانی ئیسلام لە سەر ئاستی جیهاندا، لە لایەک و چڕبوونەوەی بەشی سەرەکیی داتاکانی ئەم توێژینەوە لە سەر پرسی خەتەنەکردن لە وڵاتی ئێران، لە لایەکی دیکەوە، وای کردووە کە ئەم بابەتە لە ئیسلامدا لە چاو ئایینەکانی دیکە شرۆڤە و وردەکاریی زیاتری لە سەر بکرێ بەتایبەت لە قورئان کە کتێبی پیرۆزی موسڵمانانە هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بە خەتەنە نەکراوە، بەڵام سەرەڕای ئەو ناڕوونییەی کە سەبارەت بە خەتەنە لە ئایینی ئیسلامدا هەیە بە هۆی نەبوونی فەرمانێکی ڕاستەوخۆ لە قورئانەوە، موسڵمانان لە سەر ئەنجامدانی خەتەنە پێداگرن و پشکی خەتەنە لە ناویانیاندا زۆرە، بە جۆرێک کە بە پێی بەراوردەکان نزیکەی 69 لە سەدی پیاوانی خەتەنەکراوی جیهان، پیاوە موسڵمانەکانن (موریس و هاوکاران، 20).

لە لێکدانەوەی فەرموودە و گێڕانەوەکان و هەروەها ئەو فتوایانەی کە لە لایەن ڕێبەرانەوە دەدرێ وا دەردەکەوێ کە شوێنکەوتووانی شیعە و سوننەی ئیسلام، بە ئاماژەدان بە هەر دوو ئایەتی ١٢٣ی سوورەتی نەهل و ئایەتی ١۶١ی سوورەتی ئەنعام، پەیڕەوکردنی نەریتەکانی ئیبراهیم کە خەتەنەش لە خۆ دەگرێ بە پێویست دەزانن بەڵام وا دیارە فەرمانە ئایینییە ئیسلامییەکانی سەبارەت بە خەتەنە بە گێڕانەوەی فەرموودە و حوکمە فیقهییەکان دروست بووبێ، کە ئەوانەش ڕەگ و ڕیشەیان دەچێتەوە سەر شێوازی ژیان و نەریتە باوەکانی جوولەکەکانی مەدینە لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامدا. بۆ باشتر تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە پێگەی شوێنی و کاتیی پێغەمبەر لە سەرەتای ئیسلامدا شی بکرێتەوە؛ ئەو بارودۆخەی کە جێبەجێ‌کردنی یاسا ئایینییەکان بە پێی ئەوان بیچم دەگرێت.

یاسا ئیسلامییەکان لەو سەردەمەدا لە دوو جۆری “دامەزراندنی – پێکهاتەیی” و “واژۆیی – پشتڕاست‌کردنەوە” پێک هاتبوون. یاسا دامەزراوەییەکان ئەو یاسایانەن کە پێغەمبەری ئیسلام لە سەر بنەمای فەرمانەکانی قورئان دایمەزراندوون و پێویستە جێبەجێ بکرێن. بەڵام لە بەرامبەردا یاسا واژۆییەکان ئەوانەن کە پێش پێغەمبەریش هەبوون و پێغەمبەر دوای ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری پەسەندی کردوون. دەتوانین بڵێین هەموو یاساکانی ئیسلام، تەنانەت نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زۆر یاسای سزادانی پەیوەندیدار بە ژنان لە نەریتی پێش ئیسلام و عەرەبەکانی حیجازدا بوونیان هەبووە. ئیسلام لەم حاڵەتانەدا هەندێ گۆڕانکاری و دەستێوەردانی ئەنجام داوە، هەندێکی ڕەت کردەوە و هەندێکی دیکەی بە تەواوی یان بە هەموارکردن و ڕوونکاری پەسەند کردووە. (یووسفی ئه‌شکووری، 1397ی هەتاوی) و خەتەنەکردنیش لە یاسا واژۆییەکانی ئیسلامە.

 

1-5-  خەتەنەکردن لە مێژوو و فەرهەنگی ئێراندا

هەروەها بەدەر لە بیر و باوەڕە ئایینییەکانی ئیسلام کە وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە بڵاوبوونەوەی خەتەنە لە ئێراندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێ، نابێ لەم بابەتەدا تایبەتمەندییە جوگرافی و ناوچەیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ بخرێن. ئێران دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە درێژایی مێژوو هەمیشە پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ میسردا کە ئاخێزگەی سەرەکیی خەتەنەیە هەبووە. بۆیە ئەم سێ هۆکارە، واتە ناوچەی جوگرافی، پەیوەندی لەگەڵ میسر و ئایینی ئیسلام وای کردووە کە نەریتی خەتەنە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی ئێراندا پەرە بستێنێ، بە جۆرێک بە پێی دوایین خەمڵاندنەکان (مووریس و هاوکاران، 2016)، 99.7 لە سەدی پیاوانی ئێرانی خەتەنە کراون. جگە لەوەش، پرسی خەتەنە لە ئێران لە گشتێتیی خۆیدا لەگەڵ خەتەنە‌ی کچان و ژنان باس کراوە و بە بێ لە بەر چاوگرتنی پرسی خەتەنە‌کردنی ژنان فامکردن و لێی تێگەیشتنی دژوارە.

مرۆڤ بە لێکۆڵینەوە لە کتێبە مێژووییەکان گرینگیی خەتەنە‌ی پیاوی لە فەرهەنگی ئێرانیدا بۆ دەردەکەوێ، کە خەتەنە وەک فاکتەرێکی گرینگ بۆ کردنی پیاو بە پیاوێکی موسڵمانی تەواو دادەنرێت. هەر لە بەر ئەم هۆکارەش گرینگیی خەتەنە‌کردنی پیاوێکی موسڵمان و بە پێی گێڕانەوەیەک پیاوێکی موسڵمانی ئێرانی لە هاوسەرگیریی ئێرانییەکاندا حاشاهەڵنەگرە. بە ئاوڕدانەوە لە ڕاپرسییەکان بۆمان دەردەکەوێ کە هەر چەندە هاوسەرگیریی ژنێکی موسڵمان لەگەڵ پیاوێکی موسڵمانی خەتەنەنەکراو جێی متمانەی هەمووانە و لە لایەن هەموو ئایینزا ئیسلامییەکانەوە پەسەند کراوە، بەڵام ژنان و بنەماڵە موسڵمانە ئێرانییەکان جەخت لە سەر خەتەنەکراوبوونی مێردەکانیان دەکەنەوە.

لە کتێبی (گوشه‌هایی از تاریخ اجتماعی ئێران: پشت‌پرده‌های حرم‌سرا) “گۆشەیەک لە مێژووی کۆمەڵایەتیی ئێران: ئەودیو ئەندەروون” سەبارەت بە خەتەنەکردنی یەکێک لە هەرزەکارانی کۆشک نووسراوە:

“ئەمڕۆ خەتەنە‌کردنی عەزیزولسوڵتان (مەلیجاکی دووهەم)ـه و وردەکارییەکانی بەم شێوەن. ئەم کوڕە تەمەنی ١٧-١٨ ساڵە. بە هۆی ئەوەی شا ڕەحمی پێ کردووە، قه‌ت خەتەنە نەکراوە، هەر کاتێک دایک و باوکی گلەیی و گازندەی ئەوەیان بوو کە دەبێ کوڕەکەمان ببێتە موسڵمان و ئەگەر خەتەنە نەکرێ لە بەرەی حەنیف لە قەڵەم نادرێ، دەیانفەرموو ئیمپراتۆری ڕووسیا، کە خەتەنە نەکراوە، ئایا پاشای دەوڵەتی ڕووسیا نییە؟! هەتا ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر عەزیزولسوڵتان داوایەکی بۆ پاشا نووسیبوو کە ئەگەر من زاوای ئێوەم بۆچی ئەختەردەولەی کچتم پێ نادەی؟ بڕیار درا کە لە مانگی ڕەبیعول‌ئەوەڵدا زەماوند بکەن. خاتوو سوغرا، دایکی کچەکە، پەیامێکی ناردبوو کە ئەگەر بە نیازی ببیتە زاوای من، دەبێ سەرەتا خۆت خەتەنە بکەیت. خۆشەویستیی بۆ دەسەڵات و خۆشویستنی کچەکه عەزیزولسوڵتانی ناچار کرد کە ملکەچی نەریتی خەتەنە بێت”. (ئازاد، ١٣۵٧).

لە کتێبی مێژووی کۆمەڵایەتیی پەیوەندییە سێکسییەکان لە ئێران (فلور، ٢٠١٠ی زایینی)دا هاتووە:

“م ڕیشار کە لە ساڵی ١٨۴٨ی زایینی هاتە ئێران بۆ ئەوەی لە دارەلفنوون وانەی فەڕەنسی بڵێتەوە، ڕێگایەکی ئاسان‌تری گرتەبەر. لە جیاتی هاوسەرگیریی کاتی، کارەکەرێکی کوردی کڕییەوە و جلی کوڕانەی بۆ لەبەر کرد. بە هەمووانی دەگوت نۆکەرەکەی “کوڕە”، بەڵام شەوانە بە دوور لە چاوی کەسانی دیکە، کچەکە دەچووە باوه‌شی. کاتێک یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئەم پەیوەندییەی لەقاو دا، ئەو وتی کچە ژنی ئەو نۆکەرەیە، بەڵام دوای ماوەیەک دانی بە پەیوەندییەکەدا ناو. کاتێک ڕیشار زانی کە کچەکە دووگیان بووە، دەچێتە ناو ئارامگەی شا عەبدولعەزیم باست دادەنیشێت. دوای ماوەیەک خۆی خەتەنە دەکا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە بۆتە موسڵمان و ڕایدەگەیەنێ کە ئەو ژنە گەنجە هاوسەرەکەیەتی.”

بە پێی ئەو گێڕانەوە مێژووییانەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە چەندە گرینگە ئێرانییەکان لە کاتی هاوسەرگیریدا خەتەنە کرابێتن و دەتوانین بڵێین هەر چەندە لە ڕوانگەی شەریعەتەوە لە هاوسەرگیریدا هیچ کێشەیەک پێش نەهاتووە، بەڵام بۆ ئەوەی پیاوانی ئێرانی بە موسڵمان دابنرێن خەتەنەکردن لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا مەرجێکی بنەڕەتییە. ئەم گرینگییە تەنانەت لە شێوازی هەڵسوکەوتی ژنە لەشفرۆشە ئێرانییەکان لەگەڵ پیاوە خەتەنەنەکراوەکاندا بەدی دەکرێ، لە سەردەمی پەهلەویدا وا دەگێڕنەوە:

“ئافرەتە دەمارگرژە موسڵمانەکان لەگەڵ پیاوانی خەتەنەنەکراودا نەدەخەوتن، بەڵام هەندێکیان هەبوون داوای نرخی دووقاتیان دەکرد بۆ ئەوەی نیوەی بدەن بە مەلا بۆ ئەوەی ببێتە کەفارەتی گوناحەکانیان. بەڵام سۆزانییەکی ئیتاڵی هەبوو کە هەمیشە لە کاتی سەرجێی لەگەڵ مشتەرییەکدا پەیکەری مەریەمی پاکیزەی بەرەو دیوارەکە دەسوڕاندەوە؛ ئایا ئەمە مانایە دەگەیێنێ کە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات ئەوەندە لە یەکتر دوورن؟!” (فلور، ٢٠١٠).

وەک گوترا، پابەندبوون بە فەرمانە ئایینییەکان و نۆرمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان یەکەمین و گرینگترین پاڵنه‌ر و هۆکاری بەردەوامیی خەتەنە لە ئێران بووە. بە هۆی هاتنی ئیسلام بۆ ئێران و خێرایی پەرەسەندنی ئەم ئایینە و تێکەڵبوونی کۆمەڵگای ئێران بە بنەما و بیر و باوەڕی ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر بوو. هەر بۆیە ئاشنابوون بەم دیاردە و ئەشێ و ناشێکانی لە ئایینی ئیسلامدا تێگەیشتن لە هەندێک ڕووداوی مێژوویی ئاسان دەکات.

بە پێی چوارچێوەی تیۆریی ئەم توێژینەوە، نەریتی خەتەنە هەندێ ئەرکی ئایینی، فەرهەنگی، ئابووری، یاسایی، مێژوویی، پزیشکی و تەندروستی لە خۆ دەگرێ، هەر بۆیە لێکدانەوەی دیاردەی خەتەنە لە پرۆسەی مێژووی ئێراندا لە ڕووی تێکەڵبوونی پێکهاتەیی و دامەزراوەییەوە گرینگە. لە ڕوونکردنەوەی کاردا کۆمەڵایەتییەکانی خەتەنە، قبوڵ‌کردنی ئایینی و نەتەوەیی، شوناس‌بەخشین بە ڕەگەزی پیاوان و باوک‌سالاری و بەرژەوەندیی پیاوان جێی باسە و لە کاردا ئابوورییەکانیشدا خەتەنە وەک پیشە و پسپۆڕییەک بە هۆکاری بازرگانییەوە بەردەوام دەبێت. تێکەڵبوونی شوناسە فەرهەنگی و شوناسە ئایینییەکان لە کۆمەڵگای ئێران، تاوتوێی هەندێک وتەزای مرۆڤ‌ناسی ئاڵۆز کردووە. بەو پێیەی کە نزیکی لە کەلتوورە جیاوازەکان و لە ئەنجامدا بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی و کەلتووری کاریگەریی حاشاهەڵنەگری هەم لە سەر کاردکرد و هەم لە سەر لێکدانەوەی شوناس و ئاکارە ئایینییەکان دادەنێن، ئەمە سەختیی ڕوونکردنەوە و شیکاری دووقات دەکات.

یەکێک لەو بابەتانەی کە بۆ لێکدانەوەی ڕۆڵی خەتەنە لە ژیانی ئێرانییەکاندا دەتوانێ یارمەتیدەر بێ، “ئابووریی شوناس”ـه. بە بڕوای هەندێک لە ئابووریناسان، ئابووری زانستی هەڵبژاردنە و یەکێک لەو پرسانەی کە کاریگەری لە سەر هەڵبژاردن یان پەسەندکردنەکانمان دادەنێ؛، ئەو بیر و باوەڕانەن کە لە دەروونماندا چەسپاون. بۆ وێنە خواردنی گۆشتی بەراز لە ئیسلامدا حەرامە، هەر بۆیە موسڵمانەکان بە شێوەی دەروونی خۆ لە کڕینی گۆشتی بەراز نادەن. هەروەها جۆرج ئاکەرلاف، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ساڵی ٢٠٠١ و ڕەچەڵ کرانتۆن، ئابووریناسانێک کە لە پێشەنگەکانی ئابووریی شوناسن، پێیان وایە کە پێ‌باشی و پەسەندکردنەکان لە نۆرمەکانەوە وەرگیراون کە ئێمە سەبارەت بەوەی کە دەبێ مرۆڤەکان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکەن وەک یاسایەکی کۆمەڵایەتی پێناسەیان دەکەین. ئەم یاسایانە هەندێک جار ڕوون و هەندێک جار ئاماژەیی بەدەروونی دەبن و زۆر جاریش بە قووڵی ڕێزیان لێ گیراوە و ئەو “پێ‌باشی” و “پەسەندکردنانه‌ی” کە لەم نۆرمانەوە وەرگیراون بە نۆرە بابەتی ململانێن  (ئاکرلاف، 1395ی هەتاوی).

پێداگری لە سەر پێویستیی ئەنجامدانی ڕێوڕەسم و پەیڕەو‌کردنی سەرچەشنە ئایینییەکان هێزێکی زۆری هەیە تا ئەو ڕادەی کە هەندێک کەس بەم باوەڕە دەگەیێنێ کە هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نییە جگە لە پەیڕەو‌کردنی ڕێبازی ڕابردووانی خۆیان، تەنانەت ئەگەر ناچار بن ئەو ئازار و ڕەنجەی بچێژن کە بە هۆی ئەم سەرچەشنانەوە دروست دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە زانست و زانیاریی خەڵکی گشتی لە سەر ڕیشەی خەتەنە و هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی تەواو نین و ڕەنگە ئەگەر لەم بوارەدا هۆشیاری و ڕوونکاری بکرێ زۆر دایک و باوک هەبن کە بیانهەوێ ڕێگایەکی جگە لە ڕێگای ڕابردووانی خۆیان بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن، بەڵام لە لە نەبوونی داتای زانیاریی تەواو و زانیاری‌بەخشدا، ئەم ڕێکارە بە درێژایی مێژوو وەک میراتێک لە نەوەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەیەکی دیکە و ئەو باوکانەی کە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئازار و ڕەنجی بە هۆی خەتەنەکردنیان بەئەزموون کردووە نەک هەر هیچ وێنایەکیان سەبارەت بە دژایەتی‌کردنی نەریتەکان نییە، بەڵکوو تەنانەت توانا و ئامانجی خۆڕاگریی دژ بەم نەریتەش لە بڕیارەکەیاندا نابینرێ و تەنیا هەوڵ دەدەن بە دڵنیاکردنی منداڵەکانیان بە هەر شێوەیەک بێ بتوانن برینەکانیان ساڕێژ بکەنەوە.

ئەوەی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا گرینگە ئەوەیە کە زانیاریی سەبارەت بە خەتەنە بە شێوەی یەکلایەنە بە تەواوەتی لە ئاراستەی پەسەند‌کردنی خەتەنە و ئەنجامە ئەرێنییەکانی خەتەنەیە و گەڕانی ئازادانەی زانیارییەکان بە شێوەیەک کە خەڵکی گشتی، هاوکات لەگەڵ ئاگاداربوون لە خاڵە ئەرێنییەکانی خەتەنە لەبارەی ئەگەری لێکەوتە و زیانەکانی ئەم کردەوە زانیاری وەدەست بێنن لە ئارادا نییە و ئاشکرایە کە بەرپرسانی حکومی و دامەزراوە زانستییەکان لە ئێران دەبێ ئەنجامی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە جیهانییەکان بە خەڵک ڕابگەیێنن. وەکوو چۆن کە دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوە دەریانخستووە، لە ڕوانگەی پزیشکییەوە، دوو بۆچوونی جیاواز و ناکۆک سەبارەت بە خەتەنە بوونی هەیە و ئەمە مافی خەڵکە کە جگە لە خاڵە ئەرێنییەکانی خەتەنە وەکوو خۆپاراستن و به‌رگری لە هەندێ نەخۆشیی هەوکردنی، لەمەڕ خاڵە نەرێنییەکانی خەتەنە وەکوو دەرەنجامە دەروونییەکان و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسیش زانیاری وەدەست بێنن.

بەداخەوە ئەو کەمە لێکۆڵینەوانەش کە له ڕوانگەی زانستی پزیشکییەوه خەتەنەیان لێک داوەتەوه؛ زۆربەی ئەم توێژینەوانه له ئاراستەی ئەنجامه ئەرێنییەکانی ئەم کاره و پتەوکردنی شەرعییەتی خەتەنە بووه و ئەمه له حاڵێکدایه که ڕوانگه و ئاراستەی کۆمەڵگەی ئەوڕۆیی له ئاست خەتەنە هەمەجۆره. ئەم کاره که به ڕێژە و فرەیی زۆرەوه له کۆمەڵگه موسڵمان و جوولەکەکاندا بەردەوامه له هەندێ له ناوچەکانی جیهاندا باو نییه بەڵام نەبوونی زانیاریی گشتگیر و ڕیکلامی یەک‌لایەنە له ئێران بۆته هۆی ئەوەی خەڵک کەمتر بیر له بۆچیەتیی ئەم کاره بکەنەوه چونکه ئەم وێنایه هەیه که ئەم کاره له هەموو جیهاندا ئەنجام دەدرێت. نەبوونی زانیاریی پێویست و گشتگیر لەمەڕ خەتەنە، باڵادەستیی کەلتوور، نەریت و ئایین له هۆکاره گرینگەکانی بەردەوامیی خەتەنە له هەندێ کۆمەڵگاکانی وەکوو ئێرانه. بەڵام له پاڵ هەموو ئەمانه نابێ دەوری زەخته کۆمەڵایەتییەکان له سەر بەردەوامبوونی ئەم کاره به هەند وەرنەگرین؛ له کۆمەڵگایەکدا که خەتەنەنەکران به واتای له ئایین‌دەرکران دێ و شوورەییه و کوڕانی خەتەنەنەکراو گاڵتەیان پێدەکرێ، دایک و باوکەکان تەنانەت ئەگەر بیریان له بۆچیەتیی ئەم بابەتە کردبێتەوه، دیسان لەوانەیه بۆ ڕاکردن لەم زەخته کۆمەڵایەتییه منداڵەکەیان خەتەنە بکەن بەتایبەت ئەوەی که زانیاریی گشتگیر و تەواو لەمەڕ زیان و ئەنجامەکانی خەتەنەشیان نەبێ و به شێوەی یەکلایەنە ڕووبەڕووی شەپۆلێک له ڕیکلامی پزیشکی و دەرمانی دەبنەوه که داکۆکی له سەر خەتەنە دەکات.

بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ قازانجی زۆری بازرگانیی خەتەنە له پیشەسازیی پزیشکیدا وای کردووه خەسارەت و دەرهاویشته ئەگەرییەکانی خەتەنە له لایەن هەندێ له پزیشکانەوه چاوپۆشی لێ بکرێت. بەتایبەت ئەوەی که یاسا و ڕێسا دەوڵەتییەکانی ئێران له ئاراستەی داکۆکی‌کردن له خەتەنەیه و مۆڵەتی پێویستیش دەردەکرێ و مۆری قبووڵ‌کردنی ڕێکخراوه دەوڵەتییەکان له سەر ئەم کاره له نۆرینگه پڕجیازەکانەوه بگره تا دەگاته ئەو کەرەستانەی که ڕۆژ له دوای ڕۆژ پێشکەوتووتر دەبن، بەدی دەکرێت. ئێستا ئەو پسپۆڕانەی که له نۆرینگه ڕازاوه و جوانەکاندا منداڵان خەتەنە دەکەن بوونەتە جێگرەوەی خەتەنەچییە کۆنەکان. ئەم کاره له چوارچێوەی نەخۆشخانەکاندا له کاتی لەدایکبوون بەدەروونی کراوه و تێچووی خەتەنەی کوڕان له سەر پسوولەی لەدایکبوون تۆمار دەکرێ و دیاره نه تەنیا سوودی بەلاشی ئەنجامدانی خەتەنە دەبێته هۆی چاوپۆشیی کۆمەڵگەی پزیشکان له خەسارەتە ئەگرییەکانی خەتەنە بەڵکوو دەتوانێ به لایەنگریی ڕەوادارییە ئایینی، فەرهەنگی و نەریتی و ڕێکاره یاساییەکان پەرە به ئامانجه بازرگانییەکانی خەتەنە و بەرگریی هەمەلایەنە و بانگەشە و برەودانی خەتەنە بدات.

بەڵام ئەوەی گرینگه و نابێ پێشێل بکرێ ڕێزگرتن له مافەکانی منداڵان و حەقی ئەو منداڵانه له سەر لەش و تەندروستییانه و دەستبردن بۆ تایبەتیترین ئەندامی لەشی منداڵێک وەک کارێک که دژی مافەکانی منداڵانه ئایا دەتوانێ پاساوی هەبێ و ئایا ئێمه ئەم مافەمان هەیه دەست له تایبەتیترین ئەندامی منداڵێک بدەین و بیشێوێنین و ئەگەر له تافی گەورەساڵیدا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارەی منداڵ ببینەوه که به فەرمانی کێ تایبەتیترین ئەندامی لەشیمان قرتاندووه؛ چ وڵامێکمان دەبێت؟ بە ئاوڕدانەوە لە پرسی حەقداربوون له سەر لەش و مافەکانی منداڵ و ئەوەی که ئایا ئێمه وەک دایک و باوک، ئەو مافەمان هەیه که به ناوی نەریت یان به هۆی زەختی کۆمەڵایەتی یان فەرمانی ئایینییەوە تایبەتیترین ئەندامی لەشی منداڵەکەمان بقرتێنین یان باشتر وایه منداڵەکە بۆ ئەم کاره سەرپشک بکەین که پاش گەیشتن به تافی پێگه‌یشتوویی و تەمەنی 18 ساڵان خۆی بڕیار بدات؟

ئەوەی ڕەهەنده جیاوازەکانی پرسی خەتەنەی کوڕان گرینگتر دەکا، ئەو کەسانەن که ئەم کارەیان له سەر ئەنجام دەدرێ چونکه چ کوڕان و چ کچان، له تافی ساوایەتی و منداڵیدا خەتەنە دەکرێن. به واتایەکی دیکه ئەوان له تەمەنێکدا خەتەنە دەکرێن که نه تەنیا توانای بڕیاردانیان نییه بەڵکوو هیچ تێگەیشتنێکیشیان لەم کاره نییه و هەر ئەمه بۆته هۆی ڕخنەگیرانی زۆر. نابێ ئەوەمان له بیر بچێ که چەمکی منداڵی له کۆمەڵگا جیاوازەکاندا پێناسەی جۆراوجۆری هەیه، پێناسەگەلێک که سەرەڕای بوونی لێکدژی خاڵێکی هاوبەشیان هەیه و ئەویش نەبوونی پێگەیشتوویی له ڕەهەنده جیاوازەکانی تافی منداڵی و ئاشنانەبوونی منداڵ به مافەکانیەتی و ڕەنگه هەر ئەمەش وای کردبێ که مرۆڤ له درێژایی مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیدا وەک کەسانێکی ناتەواو و شیاوی چاودێری و له ئەنجامدا بێبەش له مافه کۆمەڵایەتییەکان سەیری مرۆڤی بێبەری له کەماڵی عەقڵی و زەینی (وەکوو منداڵ و شێت)ـیان کردووه. به جۆرێک که ئەم بابەته بۆ وێنه هەستی خاوەنداری له ئاست منداڵ و ئەوەی که منداڵ له هەر حاڵەتێکدا هی دایک و باوکی خۆیەتی له هۆکاره سەرەکییەکانی کەمتەرخەمی و خەمساردیی له ئاست مافەکانی منداڵان سەیر دەکرێت.

ئەم کەمتەرخەمی و خەمساردییه دەتوانێ لایەنێکی بەربڵاوی ئەو ڕووداوانه بگرێتەوه که به سەر منداڵاندا دەسەپێنرێ که له خراپترین حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی منداڵان و هەندێ جار خەتەنەی کچان قەدەغەن و به تاوان دانراون. نابێ ئەوەشمان له بیر بچێ که خەسارەتە جەستەیی و ڕۆحییەکان که لەوانەیه به هۆی کەمتەرخەمی و خەمساردیی دایک و باوک یان کۆمەڵگا به سەر منداڵدا بسەپێنرێ تەنیا بەرۆکی منداڵان ناگرێتەوە و له درێژماوەدا دەتوانێ گرووپ و ناوەندگەلی وەکوو هاوڕێیان، بنەماڵه، قوتابخانه و … که تاک دەبێته ئەندامیان بخاته ژێر کاریگەریی خۆی و لێکەوتەی نەرێنیی زۆری لێ بکەوێتەوه.

ڕەگ و ڕیشەی قووڵی خەتەنە لە مێژوو و ئاییندا، سەرەڕای ئەوەی لە قورئاندا هاتووە کە ئێمە مرۆڤمان بەبێ کەم‌وکوڕی دروست کردووە، باڵادەستیی فەرهەنگ و نەریت، بازرگانیی خەتەنە لە پیشەسازی و مافیای پزیشکی، ئاهەنگی خەتەنەکاران و ئەو داهاتەی کە لە ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە دێتە ئاراوە، پێداگریی ئایینی و بۆشاییە یاساییەکان لەو حاڵەتانەن کە وەک بەربەستێک بۆ هەر گۆڕانکاری و چاکسازییەک بوونیان هەیە.

5-2- به‌ستێنه فەرهەنگییەکانی بەردەوامیی خەتەنە بە پێی داتاکانی مەیدانی توێژینەوە

لێکدانەوەی هۆکارەکانی بەردەوامبوونی خەتەنە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان ئەوە دەردەخا کە لە ناو هەندێک گرووپی نەتەوەییدا نەریتە خۆماڵییەکان، لە هەندێک ناوچەی جوگرافی فەرمانە ئاینییەکان و لە هەندێک وڵاتیشدا پێشنیارە پزیشکییەکان و لە زۆر حاڵەتدا، تێکەڵبوونی هەر سێ بژێرەکە لە هۆکارە کاریگەرەکانی بەردەوامی و فراوانبوونی خەتەنە هەتا ئەمڕۆن. ئەم حاڵەتانە زاڵبوونی گوتارە پزیشکی و نەریتی و ئایینییەکان لە سەر دیاردەی خەتەنە و بە ئۆبژێکتیزە‌کردنی ئەم دیاردە لە ڕێگەی هەر کام لەم گوتارانە پیشان دەدەن، کە هەڵبەت پێدەچێ لە هەندێ سەردەمی زەمەنیدا زاڵبوونی ئەم گوتارانە تێکەڵاو و هاوکات بوون. شەرعییەتدان بە خەتەنە و پەیوەندیی خەتەنە لەگەڵ پێکهاتە و میکانیزمەکانی دەسەڵات لە ڕێگەی ئەم گوتارانەوە شیاوی خوێندنەوە و تێڕامانە. بۆیە لێکدانەوەی ئەم بابەتە لە ڕوانگەی مێژوویی و یاسایی و مرۆڤ‌ناسی و کۆمەڵناسییەوە پێویستە.

5-2-1-  به‌ستێنه نەتەوەیی؛ نەریتی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان

وەک لە خشتەی ئاماری خەتەنە‌ی پیاوان لە ناوچە جیاوازەکان و هەروەها خەریتەی بڵاوبوونەوەی خەتەنە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیشان دەدا، فرەیی ئەنجامدانی خەتەنە و درێژەپێدانی لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا کە داڕشتەی ڕەسەنیان هەیە و نەریت و فەرمانە ئایینییەکان بە جدی پەیڕەو دەکرێن زیاترە و ئەمەش زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقادا باوە. هەر چەندە وڵاتانێکی وەکوو ئەمریکا لە ناو ئەو وڵاتانەدان کە ڕێژەی خەتەنەکردنیان زۆرە، بەڵام هۆکارەکانی لایەنگری خەتەنەکردن لەم وڵاتەشدا گرینگە، چونکە نەک لە سەر بنەمای بیر و باوەڕ، بەڵکوو بە هۆی هەندێک ڕاپۆرتی پزیشکییەوە پێشوازی لێ کراوە و پشتگوێ خراوە. ئەم بابەتە بارتەقای پێویستیی ئاراستەیەکی تایبەت بوونی ئاراستەیەکی گشتی بۆ دیاردەی خەتەنە دەسەلمێنێت؛

بە جۆرێک کە لە تاوتوێ‌کردنی دیاردەی خەتەنە، هەم بیچم‌گرتنی گشتیی خەتەنە لە جیهان و کۆمەڵگا جیاوازەکان تاوتوێ و شرۆڤە بکرێن کە هاوبەشییەکانی نێوان کۆمەڵگاکان لە ڕوانگە و کردەوەدا بەرامبەر بەم دیاردە دەردەخا هەم پێویستە بیچم‌گرتنە تایبەتییەکەی چاودێری بکرێ و پرۆسەی پێکهاتن، گۆڕانکاری و پەرەسەندنی ئەم ڕەوتە لە پرۆسەی گۆڕان و وەرچەرخانی هەر کۆمەڵگایەکدا بە شێوەی تایبەت هەڵسەنگێندرێت. سەبارەت بە باوبوونی خەتەنە لەو کۆمەڵگایانەی کە نەریت و نۆرمەکان گرینگییەکی زۆریان هەیە، دکتۆر مێهدی فەیزی، ئابووریناس و وەرگێڕی کتێبی “ئابووریی شوناس” دەڵێ:

هەندێک جار ئێوە ڕووبەڕووی کۆمەڵگایەک دەبنەوە کە وەک کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە گشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتی، بە هۆکاری مێژوویی زۆر بەربڵاو تووشی فرەچەشنی و پۆلێن‌بەندیی کۆمەڵایەتی هاتوون بۆ نموونە نەتەوەکان؛ تۆ ئەم ڕێژەی چڕە نەتەوەییەی کە لە ئەڤغانستان و ئێران یان لە ناو هەندێک هۆزی ئەفریقیدا دەیبینی لە زۆر وڵاتی‌تردا نایبینیت. بۆیە دەبێ ئەوە قبوڵ بکەین کە لە هەندێ کۆمەڵگادا ئەم جۆراوجۆری و جیاوازییە زیاترە. هەر گرووپێک شوناسێکی هەیە و وا دیارە ئەم پارچەپارچەبوونی شوناسە، ئەم پارچەپارچەبوونی شوناس یان ململانێی شوناسە کاتێک گرینگ دەبێ کە هەمووان هەوڵ بدەن شوناسەکەیان زیاتر زەق بکەنەوە.

ئاماری پیاوانی خەتەنەکراو لە سەر ئاستی وڵاتە جیاوازەکانی جیهان دەریدەخا کە نەریت لە هەندێ کۆمەڵگەی فرەشوناسدا زۆر گرینگە، لە هەندێکی دیکەشدا وا نییە کە مرۆڤەکان نووقمی داب‌ونەریتە کۆنەکان بن بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە وڵاتی کەنەدا بکەین کە سەرەڕای بەرفراوانیی شوناسی، تەنیا 31.9 لە سەدی پیاوانی ئەم وڵاتە خەتەنە کراون. شیکاریی دکتۆر مێهدی فەیزی لەم پێوەندییەدا جەخت لە سەر جیاوازیی نێوان کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییەکان دەکاتەوە و دەڵێ:

ئه‌وه‌ی لە ڕۆژهه‌ڵاتدا بەدی دەکرێ مێژوویی و زەمەن‌دار و گووراوە و ئه‌وه‌ی لە ڕۆژاوادا هه‌یە تازە و نوێیە و ئه‌م دووانە به‌راورد ناکرێن. جیاوازییان یەکجار زۆرە. لە ڕۆژاوا جۆرە توێکڵێکی فرە‌کەلتووری (multi-culturality) هەیە، بەڵام تەنیا توێکڵە، کاتێک بە ناویدا شۆڕ دەبیتەوە دەبینی زۆر هاوشێوەن، بەڵام لە ڕۆژهەڵات بەم شێوە نییە. بۆ نموونە لە کۆمەڵگای کەنەدا، تۆ شوناسی ڕەگەزی بە هەند وەرناگری، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتدا شوناسی ڕەگەزی زۆر گرینگە یان گرینگی بە شوناسی نەتەوەیی نادەن بەڵام ئەم بابەتە لە ڕۆژهەڵاتدا زۆر جدییە. لەوانەیە وەها ئیده‌عا بکەن بەڵام لە کۆتاییدا، ئەگەر بتەوێ لەو کۆمەڵگایەدا سەرکەوتوو بی، دەبێ تێکەڵیان بیت integrate. تێکەڵبوون واتە دەبێ لەو کۆمەڵگا و کەلتوورە باڵادەستەدا جێگیر بی، بۆیە دەبێ هەموو جیاوازییەکانتان وەلا بنێن. ته‌نانه‌ت لەوێ ئەم خاڵە گرینگە کە مەرجی مانەوە لە ڕۆژاوا له‌بیرکردنی فاکتەرە شوناسییەکانە و لە ڕۆژهەڵاتیشدا تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە و دەبێ فاکتەرە شوناسییەکان زۆر بە هەند وەربگیری و تۆخی بکەیتەوە.

دکتۆر مێهدی فەیزی ئەندامی لێژنەی ئابووریی زانکۆی فێردەوسیی مەشهەد ئاماژە بەو زەخت و گوشارانە دەکا کە ئەگەر پەیڕەوی لێ نەکرێن لە شێوەی شەرمەزاریدا بە سەر خەڵک دەسەپێنرێت. ئەم شەرمەزارییە لە ڕێگەی جیاکاریی کۆمەڵایەتی و پۆلێنبەندیی دووانەیی کۆمەڵگا دروست دەبێ و لە ڕاستیدا هەستێکی سازکراو و بنیات‌نراوی کۆمەڵگایە. لە مەڕ خەتەنە ئەم جیاکارییە کۆمەڵایەتییە لە ڕێگەی دابەش‌کردنی دووانەیی خەتەنەکراوەکان و خەتەنەنەکراوەکان دەسەپێنرێت. خەتەنەنەکراوەکان دەتارێنرێن و بە نۆرمەکانی هەمان ئەو کۆمەڵگا پەراوێز دەخرێن. لێرەدا تیۆریی تاراندنی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵایەتی دوو تیۆریی ڕوونکەرەوەن. ئەو دەڵێ:

“ئەگەر کەسێک بیهەوێ ڕێوڕەسمێکی کۆمەڵایەتی یان ڕێوڕەسمێکی نەریتی یان یاسایەکی ئایینی کە پەیوەندی بەو جڤاکەوە هەبێ کە دەیخەنە پاڵ کەسانی دیکە ئەنجام نەدا، ئەوا تووشی گوشارێکی کۆمەڵایەتی دەبێت. لەم ڕووەوە کە ئەو کەسە ڕێزی لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان نەگرتووە، بەم حاڵەتانە دەڵێین شەرم و شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی دەستی بە سەردا دەگرێت. بەو شێوە خۆی دەردەخات. لە حاڵەتێکدا دواتر دەروونناسییەکەی بەرەو ئاقارێک دەچێ کە بڕی تێچووی دەروونی کەم بکاتەوە (Psychological cost)، بە واتایەکی دیکە ڕێژەی بەکارهێنانەکەی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو بڕە تێچووە کەم بکاتەوە، لەگەڵ جەماوەر هاوئاهەنگ دەبێ بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو کارە باشە یان خراپە.”

ئەو لە درێژەدا و سەبارەت بەوەی کە کام گرووپ لە ناو کۆمەڵگادا مل بەم ڕێوڕەسم و نەریتانە دەدا، دەشڵێ:

“بە گشتی، مل‌دان بە ڕێوڕەسم و نەریتەکان زیاتر لە ناو کەمینەکان ڕوو دەدا، چونکە کەسێک کە ئەندامی کەمینەیە ترسی لە تارێنران و دوورخستنەوە هەیە. بۆیە پێویستە زۆر زیاتر دەبێ ملکەجی ئەم ڕێوڕەسمانە بێ و ئەگەر ملکەجی ئەم ڕێوڕەسمانە نەبێ، لە ڕاستیدا زۆر کەمتر قبووڵ دەکرێت. جا ئیتر ئەم کەمینە دەتوانێ ئێتنیک بێ، ڕەنگی پێست بێ، ڕەگەز بێ یان هەر شتێکی دیکە بێت.”

خەتەنە له زۆر حاڵه‌تدا وەها تێهەڵکێشی ئایدۆلۆژیا و بیر و باوەڕی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە نەریتییەکان بووە کە زۆربەی ئەندامانی ناو ئەو جڤاکە وەک شتێکی سروشتی لێی دەڕوانن. لە باوەڕی ئەواندا خەتەنە پێویستیی بابەتێکی وەکوو پیاوبوونە و هیچ کەس بە بێ خەتەنەکردن ناتوانێ ببێتە پیاو. لێرەدا خەتەنە بە هێمای پیاوبوون و پیاوەتی دادەنرێ و کردەی خەتەنە کە بابەتێکی کۆمەڵایەتی و دروست‌کراوی کۆمەڵگایە وەک شتێکی سروشتی فام دەکرێت. پێدەچێ لەم بواره‌دا تیۆرییەکانی کۆمەڵناسی ڕەگەزی (کە ژێرلقی کۆمەڵناسییە) ڕوونکەرەوە بێت. یەکێک لەو پیاوانەی لەم توێژینەوەدا بەشدار بوو پیاوێکی تەمەن ۶۵ ساڵە و خاوەنی بڕواناوەی دیپلۆم بوو و لە کەنەدا دەژی، لەم بارەوە وتی:

“لە من وا بوو کە پێویستە هەموو کەسێک خەتەنە بکرێ، واتە ئەوە کارێک بوو کە پێویست بوو هەموو کەسێک بیکا، کەمێک لەبەر ئەوەی ئێمە ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەین، واتە جاران گوێمان لێ دەبوو، بۆ وێنە، جا تۆ خەتەنە کراوی یان نا، بۆ نموونە ئەگەر تۆ لە خەتەنەنەکراوان بی ئەوە مانای ئەوەیە کە لە ڕاستیدا نەبوویەتە پیاو، یان جۆرە کەسایەتییەک بوو، ئەو شتە هێمای گەورەبوونی پیاو بوو واتە لە زەیندا بەهایەکی دەورووژاند. سەرەڕای ئەوەی کە دەمانزانی کە بڕینە و ئازارێکی زۆری هەیە و بەو پێستە زیادەی کە هەیەتی قبووڵکراو نییە، واتە هی کۆرپەلە بەم شێوە بوو. ئێمەش کە لەو تەمەنەدا بووین و بۆ نموونە ئەگەر بیاندیبایە یان چووزانم شتێکیان دەکرد ئێمە وەک دەڵێن هێشتا نەببووینە پیاو پێمان خۆش بوو کە بێینە ناو ئەم جەرگەوە بەڵام ئیتر پێشینەیەکمان هەبوو، دەمانزانی کە ئەوە شتێکە کە دەبێ ئەنجام بدرێت.”

هاوئاهەنگی لەگەڵ جەماوەر و بێ‌ئابڕوو نه‌بوون یەکێک لە گرینگترین کاردا و هۆکارەکانە کە پیاوان لە کۆمەڵگاگەلێکی وەکوو ئێران بە ئەنجامدانی خەتەنە بە دوایدا دەگەڕێن. بابه‌تی بێ‌ئابڕوویی کە لە ناو دڵی نەریت و نۆرمەکانی ناو کۆمەڵگاوە هەڵدەقوڵێ، لە هەندێ کۆمەڵگای وەکوو ئێران کە تایبەتمەندیی کۆمەڵگایەکی ئاپۆرەیی هەیە، هەمیشە پرسێکی گرینگ بووە کە بواری بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان  و ئەو کارلێکانەی کە دەرهاویشتەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانن بەرتەسک و سنووردار کردووە. وا دیارە لێرەدا تیۆریی ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتی و تیۆریی کۆمەڵگەی ئاپۆرەیی و تیۆریی هاوئاهەنگیی کۆمەڵایەتی ڕوونکەرەوە بن.

لێدوانەکانی پیاوێکی تەمەن ۶۵ ساڵی ئێرانی دانیشتووی شاری تۆرێنتۆ لەم ڕووەوە بەم شێوە بوو:

“مەبەستم ئەوەیە ئەمە بۆچوونی من نەبووە، واتە ئێستاش هەر ئەو بۆچوونەم هەیە. واتە خەتەنەمان پێ خراپ نەبوو تەنانەت لە ڕوانگەی تەندروستیشەوە خەتەنە باشتر بوو و ئەوە شتێکی زۆر باش بوو، دەتوانین بڵێین کە لە داڕشتەی کۆمەڵگاکەماندا ئەگەر کەسێک خەتەنە نەکرایە شتێکی تەواو نائاسایی بوو، چونکە دواتر دەکەوتە بەر کونجکۆڵی و پرسیارەوە، واتە لەبەر ئەوەی ئاسایی بێ و چۆن بڵێم، ڕەنگە وشەی تابلۆ‌بوون زۆر بە باشی ئەم حاڵەتە پیشان نەدا ئیتر چووزانم پێمان شتێکی بێ‌زیان بوو کە دەبا بکرایەت.”

هەموو ئەم نیشانانە باس لە دەسەڵاتی بێ‌بەدیلی نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن کە بە هۆیانەوە زۆر کەس بە بێ ئەوەی هۆکارێکی ڕوون و دیاریکراو بۆ کردارەکانیان بدۆزنەوە، ملکەجی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەبن و شوێنپێی ڕابردووان هەڵدەگرنەوە. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەم بابەتە دەتوانین ئەو وڵامانەی کە بۆ پرسیارناوە گشتییەکانی ئەم توێژینەوە درانەوە تاوتوێ بکرێت؛ زۆربەی ئەوانەی وەڵامی ئەم پرسیارناوەیەیان داوەتەوە لە ڕوونکردنەوەی هۆکاری خەتەنە‌کردنی خۆیان یان منداڵەکانیاندا باسیان لە نۆرم و داب‌ونەریتی کۆمەڵایەتی کردووە: ژنێکی تەمەن ٣۵ ساڵ خەڵکی جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان دەڵێ:

“دوو کوڕم هەیە و هەر دووکیانم پێش تەمەنی دوو مانگان خەتەنە کردووە، زۆربەی خزم و کەس و کارەکەم هەر لەم تەمەنەدا کوڕەکانیان خەتەنە دەکەن. سەبارەت بەوەی بۆچی خەتەنەم کردن؛ ئەوەی ڕاستی بێ ئەوە نەبوو کە دابنیشم و بیری لێ بکەمەوە و دواتر بچم خەتەنەیان بکەم، ئەم پرسە لە شەرع و عورفی کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەندە قبووڵکراو و ئاساییە کە کەس بیر لە بۆچیەتییەکەی ناکاتەوە، وەک ئەوە وایە لە کەسێک بپرسیت بۆ بە کەوچک نان دەخۆیت؟ بە هۆی ئەو پشتگیرییەی کە شەریعەت و داب‌ونەریت هەتا ئێستا لە خەتەنەی کردووە و بە هۆی ئەو خاڵە ئەرێنییانەی کە دەڵێن لە ڕووی تەندروستییەوە باشە، ئەم بابەتە لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەواو ئاسایی و قبووڵکراوە”.

دەسەڵاتی ڕەسم و یاسا و فەرهەنگ و داب‌ونەریت لە شێوازی ژیانی مرۆڤەکان و ئەو بڕیارانەی کە دەیدەن ئەوەندە بەهێزە کە لە حاڵەتەکانی وەکوو خەتەنە‌کردنی پیاواندا هەندێک کەس بە بێ ئەوەی کە بیر لە بۆچیەتیی خەتەنە بکەنەوە، لاسایی ڕابردووانی خۆیان دەکەنەوە. سەرپێچی‌کردن لە نۆرمەکانی کۆمەڵگا و نەریت جۆرێک لادان لەو پێوەرانەیە کە دۆخی ئاسایی لە کۆمەڵگادا دیاری دەکەن و پێدەچێ “خەتەنەکران”یش یەکێک لە نموونەکانی باری ئاسایی لە باوەڕی کۆمەڵگاگەلێکی وەکوو کۆمەڵگای ئێران بێ، بە جۆرێک کە پیاوێکی تەمەن ۴٣ ساڵەی دانیشتووی تاران لە وەڵامی پرسیارناوەی ئەم توێژینەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا کوڕەکەی خەتەنە کردووە دەڵێ:

“بێ هیچ هۆکارێک خەتەنەم کرد، بەڵام زیاتر لەبەر ئەوەی لەم کۆمەڵگایەدا هەموو کەسێک دەبێ ڕۆژێک ئەم کارە بکات.”

لە ڕاستیدا نەریتەکان جگە لەوەی کە خەڵک پابەند بە جێبەجێ‌کردنی یاساکان دەکەن، ڕێگەی ورووژاندنی هەر چەشنە پرسیارێک لەبارەی ئەم یاسایانەوە قەپات دەکەن. نەریتەکان لە ڕێگەی ئاسایی‌نواندنی ئەو دیاردانەی کە بابەتی کۆمەڵایەتین و کۆمەڵگا و هەلومەرجەکانی دروستی دەکەن و لێرەدا خەتەنە یەکێک لەو دیاردانەیە، ڕێگای پرسیارکردن و ڕەخنەگرتنی زەینە چالاکەکان دادەخەن و هیچ پێویستییەک بۆ ئازادی و دەسەڵات و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە بارەی ئەم دیاردانە ناهێڵێت. بۆ ئەوەی باشتر لەم پرسە تێبگەین، وەڵامی پیاوێکی تەمەن ۶۵ ساڵەی خەڵکی تۆربەت جام سەبارەت بە هۆکاری خەتەنە‌کردنی منداڵەکەی شایەنی تێڕامانە:

“ئەمە کارێکی ئاسایی بوو کە دەبوو بە پێی ڕۆتین ئەنجام بدرێت.”

 بەڵام ئایا لاسایی‌کردنەوە و شوێنکەوتنی باوباپیران و ڕابردووان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە یان پێویست نییە؟ وێدەچێ بە پێداگریی لە سەر پێگەیشتن و خۆبەڕێوەبەریی جیهانی ئەوڕۆ هەموو تاکەکان دەبێ بە لۆژیک و عەقڵانییەت ئاقاری ژیانی خۆیان هەڵببژێرن. شارام ئیقباڵ‌زادە، وەرگێڕ و ڕەخنەگر و نووسەری ئەدەبی منداڵان لەم بواره‌دا دەڵێ:

“لە ڕەوتێکی گشتیدا، ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە لێکچوونێکی زۆریان هەیە، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژاوا زۆر زووتر گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، بۆ وێنە بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەرفراوانەی کە بە هۆی سەرمایەدارییەوە بووە، سەرمایەداری دەبێتە دیاردەیەکی جیهانی، واتە لە سەر ئاستی نیشتمانییەوە بە ناچاری تێپەڕ دەبێ چونکە دەبێ بەرهەمهینانی زیادە و کاڵاکانی خۆی هەناردە بکا، دەبێ مادە خاوەکانی دابین بکا، هەر بۆیە پەیوەندییەکان زۆر بەرفراوان دەبن. ئەم پەرەسەندنە تەنیا لە ئاستی ئابووریدا نییە، بەڵکوو لە سەر ئاستی فەرهەنگ و سیاسەتیشدا ڕوو دەدات. لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، کە هێشتا چڕبوونەوەی سەرمایە و دەسەڵاتی قۆرخکاری لە نێوان باڵە سیاسییەکاندا پێک نەهاتووە، پێویستیی سووڕانەوەی ئازادانەی سەرمایە دەبێتە هۆی ئازادیی سیاسی و فەرهەنگی و پیرۆزێتی‌سڕینەوە لە هەندێ لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و تەنانەت ڕێگری‌کردن لە دەستێوەردانی کڵێسا لە پرسە فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیاییەکان و بە هاتنی ئازادیی ئەندێشە زۆرێک لە کلیشە ڕەگەزی و نیمچە پیرۆزەکان بە چه‌لێنج دەکێشرێن و دەخرێنە ژێر پرسیارەوە.

دەسەڵاتدارانی ئایینی و دامەزراوە ئایینی و سیاسییەکان و سەرکردە نەتەوەیی و هۆزی و ئایینی و ڕێوڕەسمییەکان، کە دەسەڵاتی کۆدکردنەوە و لێکدانەوەی مەحرەمییەکان و تابۆ سێکسییەکانیان هەیە، لە ئەنجامدا لە درێژەی پرۆسەیەکی مێژووییدا، هەم دەسەڵاتی کۆدکردنەوە و لێکدانەوەی ئەم نیمچە پیرۆز و مەحرەمانە کە بوونەتە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی، بە دەست هێناوە و هەم هەڤیازی و خاڵگەلێکی تایبەتیان بۆ خۆیان داناوە و جیا لە ناوە ناوەیان، بوونەتە چین یان کاستێکی بەهێز، واتە ئەوان بوونەتە چینێکی باڵادەست، بەشێک لە چینی دەسەڵاتدار، کە دوو کۆڵەکەی  هەیە، یەکیان دەسەڵاتی سیاسییە و ئەوی دیکەیان دەسەڵاتی ژێدەریی ئایینییە. ئەوان ڕێگە بە هیچ جۆرە لێکدانەوە و کۆدکردنەوە نادەن، چونکە دواجار ئەگەر دەسەڵاتیان تێک بشکێ و متمانە و دەسەڵاتی مەعنەوییان لەدەست بچێ، دەسەڵات و هەژموونیی سیاسییان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و ئەمەش دەتوانێ قەیرانیان بۆ دروست بکات.”

شێخایەتی و پیرسالاریش بەشێک لە لۆژیکی ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بە خەتەنەیە. لە کۆمەڵگای نەریتیدا پیر و بەساڵاچووان هەیمەنە و دەسەڵاتی باڵایان لە ناو ئەندامانی کۆمەڵگادا هەیە. یەکێک لە بەشداربووانی ئەم توێژینەوە ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵانە و لە شاری شاهین‌شاری سەر بە پارێزگای ئەسفەهان دەژی. لە بەشێکی قسەکانیدا ناوبراو سەبارەت بە بۆچیەتیی ڕازی‌بوونی بە خەتەنە‌کردنی کوڕەکەی وتی:

“بە پێی بۆچوونی گەورەکان ئەم کارەمان کردووە.”

لەم ڕووەوە پێویستە دان بەوەدا بنێین کە دووبارە پێناسەکردنەوە و ڕەپاڵ‌خستنی چەمکگەلێکی وەکوو پیاوەتی و بوێری بۆ ئەو کوڕانەی کە خەتەنە کراون و شێوازی مامەڵە‌کردنی کۆمەڵگەی مەبەست لەگەڵ کەسانی خەتەنەنەکراودا توانیویەتی عەقڵیەتێکی ئەرێنی بەرامبەر بە خەتەنە‌کردنی پیاوان دروست بکات. ئەم دووبەرەکییەی کۆمەڵگا کە دەگەڕێتەوە سەر خەتەنەکراو و خەتەنەنه‌کراو و پێشتریش باسی کرا، خۆی فاکتەرێک بۆ تاراندنی کۆمەڵایەتیی کەسانی خەتەنەنەکراوە و ئەمە لە ئەنجامدا کەسەکان بە ئامانجی بەدەستهێنانی داکۆکیی کۆمەڵایەتی، ملکەچی خەتەنە دەبن. بە واتایەکی دیکە ئەم جۆرە ڕەفتارانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە لە درێژخایەندا، لە هەندێک کۆمەڵگادا خەتەنە ببێتە نەریت و بەهایەکی بەرز و پابەندبوون بە نەریتەکان ستایش بکرێ و بەم شێوە منداڵان بە تامەزرۆیی و هۆگرییەوە ئەم کارە قبوڵ بکەن. پیاوێکی ئێرانی تەمەن ۶۵ ساڵ و دانیشتووی شاری شاندیزی سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی بڕیاری داوە کارێکی لەو شێوە بە سەر منداڵەکانیدا بسەپێنێ، وتی؛

“ئیتر وەک نوێژکردن وایە، چونکە باوکمان نوێژی دەکرد، ئێمەش لەو تەمەنەدا نوێژمان دەکرد.”

ئاشکرایە کە ئەو ژینگە و جوگرافیایەی کە مرۆڤەکان تێیدا دەژین، کاریگەری لە سەر هەڵبژاردن و دەسەڵاتی مرۆڤەکان کە کوێر و کەڕانە درێژەپێدەری نەریتەکان بن یان بە بیرتیژییەوە نەریتەکان جێبەجێ بکەن کاریگەرە و ئەم بابەتە گرینگە لە گێڕانەوەی هەندێک لە وەڵامدەرەکان کە منداڵەکانیان لە ئێران خەتەنە کردووە بەڵام لە ئێستادا لە وڵاتێکی دیکە دەژین دەبینرێ؛ بۆ نموونە ژنێکی ئێرانی تەمەن ۵۶ ساڵ کە لە شاری تۆرێنتۆ دەژی، سەبارەت بە هۆکاری خەتەنە‌کردنی منداڵەکەی وتی:

“چونکە لە ئێران باو بووە و بە بێ هیچ هۆکارێک ئەم کارەم کرد”.

 هه‌روه‌ها پیاوێکی ئێرانی ته‌مه‌ن 70 ساڵ کە لە شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا ده‌ژیا، وتی لاسایی‌کردنەوەی کوێرانەی داب‌ونه‌ریت وای لێ کردووە کە کوڕه‌که‌ی خه‌ته‌نە بکات. بە واتایەکی دیکە ئەم کەسانە پاش دەرچوون لە ژینگە و کۆمەڵگایەک کە لە سەر نەریتەکان سوورن، ئەم هەلەیان بۆ دەڕەخسێ کە بەر لە ئەنجامدانی کارێک بە ڕوانینێکی ڕوونتر و بیرتیژانەتر سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو کارە بیر بکه‌نەوه‌. لە ڕاستیدا وا دیارە زۆر کەس منداڵەکانیان خەتەنە دەکەن بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگایەدا کە تێیدا دەژین قبوڵ بکرێن، یان با بڵێین هاوڕەنگی جەماوەر بن. ئەم ئەزموونە ژیاوانە دەسەڵاتی کۆمەڵگا لە سەر پێکهاتەی زەینی چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگایەکی داخراو و نەریتخواز و خێڵەکیدا پیشان دەدا، بە جۆرێک کە پەیڕەونە‌کردنی نۆرمەکانی کۆمەڵگا بە ناتەبایی و ناهاوئاهەنگی لە قەڵەم دەدرێ و دەبێتە هۆی تاراندنی کۆمەڵایەتی، هەر بۆیە ئیزنی ڕاپەڕینی چالاک و داهێنەرانە لە تاک زەوت دەکرێ و تاکەکان لە ترسی کوژران و تاراندن ناتوانن ڕه‌فتاری پێچەوانەی نۆرمەکانی کۆمەڵگا و جیاواز لە زۆرینە بگرنە بەر.

لێرەدا ترس لە ئەویتری‌بوون و ناوۆبوون و لێنانی ناوەنیتکەی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی یەکسانبوون و پابەندبوون بە ئەنجامدانی خەتەنە وەک نۆرمێکی باڵادەست لە ناو کۆمەڵگادا. پێدەچێ تیۆریی ناوناتۆرەی کۆمەڵایەتی و تیۆریی تاراندنی کۆمەڵایەتی ئەم دۆخە شی بکاتەوە. کچێکی تەمەن ٣۶ ساڵانی خوێندکاری زانکۆ کە لە ئینگلتەرا دەژی و خەڵکی شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستانە، سەرەڕای ئەوەی بڕوای بە خەتەنە نییە و وەک شێواندنی لەش لێی دەڕوانێ، بەڵام وێرای بە ئاماژەدان بە نۆرمەکانی کۆمەڵگای نەریت‌خواز، باس لە سەختییەکانی پابەندبوون بەم بیر و باوەڕە دەکات. ئەو دەڵێ:

 “بە ڕای من خەتەنەکردن جۆرێک لە شێواندنی کۆئەندامی زاوزێیە و ئەگەر منداڵێکی کوڕم هەبێ بە هیچ چەشنێک خەتەنەی ناکەم، بەڵام ئەوەش دەزانم ئەگەر لە خێزانێکی ئایینی و نەریتیدا بم کە بە هۆی نەریت، ئایین و پرسە تەندروستییەکانەوە خەتەنە ئەنجام دەدەن، بە دڵنیاییەوە لە دژی خۆم و ئەو بڕیارەی کە داومە یان تەنانەت دژی منداڵەکەم هەڵوێست دەگرن و ئەمەش بابەتەکە قورس دەکا، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدەم قەناعەتیان پێ بێنم کە ئەم خەتەنەکردنە شێواندنی کۆئەندامی زاوزێیە.”

لە ئەزموونی هەندێک لە بەشداربوواندا باس لە هەندێک ئاستەنگ کراوە کە پیاوێکی خەتەنەکراو لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. وا دیارە پرسی پاک و خاوێنی و ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی ئایینیدا بە “پاکی” ناو دەبرێ، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ خەتەنە لە عەقڵیەتی ئایینیدا هەبێ و لە هاندانیان بۆ ئەنجامدانی کردەی خەتەنە زۆر کاریگەر بووە. بۆ نموونە پیاوێکی موسڵمانی تەمەن ٣۴ ساڵ، خاوەن بڕواناوەی بەکالۆریۆس، شیعە و دانیشتووی شاری ئەهواز لەم بارەوە دەڵێ:

“باشم لە بیرە لەگەڵ باوکم و ماممدا چووین، بە تیغی ئیسلام برینداریان کردم و بووم بە موسڵمانێکی خاوێن، پێش خەتەنەکردن پێیان دەوتم ناتوانی سەری مریشک ببڕی، چونکە خەتەنە نەکراوی، پیسی. هەڵبەت دوای خەتەنەکردنیش سەری مریشکم نەبڕی، کۆمەڵێ دیارییان پێ دام و خۆشحاڵ بووم. پاش خەتەنەش تەرسەقولی ماکەریان بۆ هێناو و سووتاندنیان بۆ ئەوەی دووکەڵم پێ بدەن بەو تەنوورە سوورەی وا لە پایان کردبووم.”

5-2-2- به‌ستێنه ئایینییەکان

وەک بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن، ڕۆڵی ئایین لە بەردەوامیی کردەوەی خەتەنە یەکلاکەرەوە بووە، بە جۆرێک کە بە درێژایی مێژوو هەمیشە کەسانێک هەبوون و هەن کە ئەم کارە ئەنجام دەدەن، بە بێ ئەوەی جگە لە پەیڕەو‌کردنی فەرمانە ئایینییەکان نەبێ هۆکارێکی دیاریکراو و ڕوونیان بۆ ئەم کارە هەبێت. هەروەها هەندێک لە وەڵامەکانی دایکان و باوکان بۆ پرسیارناوەی گشتیی ئەم توێژینەوە سەبارەت بەوەی بۆچی منداڵەکانیان خەتەنە کردووە ئەم بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە. پیاوێکی تەمەن ۶۵ ساڵ کە خاوەنی بڕواناوەی دیپلۆمە و لە کەنەدا دەژی، لەم بارەوە دەڵێ:

 “ئەوە شتێک بوو کە باو بوو. ئاخر ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئایینیدا بووین، ئەمەش پەیوەندی بە ئایینەوە هەبوو. ئەوسا گوێمان لەو کەسانە دەبوو کە ئایینەکەیان لەگەڵ ئایینی ئێمە جیاوازی بوو، ئێستا باوەڕم پێی نییە، ئەوسا ئێمە وەک شیعەیەک، دەمانزانی کە دەبێ خەتەنە بکرێ و ئەمە جۆرە کەسایەتی‌پێدانێکە، بۆ نموونە دەمانزانی کە مەسیحییەکان ئەمە ناکەن.”

ئەو باوک و دایکانەی کە بۆ پرسیارەکانی پرسیارناوەی ئەم توێژینەوە وەڵامی کورتیان داوەتەوە سەبارەت بە هۆکاری خەتەنە‌کردنی منداڵەکەیان، باسیان لە ڕۆڵی چارەنووس‌سازی ئایین دەکرد و بە ئەرکی سەر شانی خۆیانی دەزانن کە بە بێ هیچ گومانێک فەرمانە ئاینییەکان جێبەجێ بکەن. بۆ نموونە ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ خەڵکی بیرجەند سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی پەیڕەو‌کردنی شەریعەت بە هۆکاری دیاری‌کەرەوەی خەتەنە‌کردنی منداڵەکەی دەزانێت. پیاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی شاری تایبادی سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دەڵێ گوێڕایەڵیی بۆ ئایین و بنەماڵە هۆکاری خەتەنە‌کردنی کوڕەکەی بووە. هه‌روه‌ها ژنێکی ته‌مه‌ن 59 ساڵ خه‌ڵکی کاشمه‌ری سه‌ر بە پارێزگای خوراسانی ڕه‌زه‌ویش ئاینی ئیسلام و ته‌ندروستی بە هۆکاری خەتەنە دەزانێت. بۆ نموونە ژنێکی تەمەن ٣۶ ساڵ خەڵکی تاران دەڵێ:

“من کوڕەکەم خەتەنە کرد و دڵنیام دەبوایە ئەم کارەم بکردایە، چونکە خەتەنەکردن سوننەتی پێغەمبەرە و ئێمە ئەرکی سەر شانمانە کە منداڵەکانمان خەتەنە بکەین. ئەگەر ڕۆژێک کوڕەکەم لێم بپرسێ کە بۆچی خەتەنەت کردم، بەدڵنیاییەوە پێی دەڵێم چونکە تۆ موسڵمانیت و ئەگەر خەتەنە نەکرابای نەتدەتوانی ببیتە زاوا و نوێژەکەت قبوڵ نەدەبوو.”

ئاسایی بوونەوەی خەتەنە بە هۆی کاریگەریی ئایین لە سەر ژیانی مرۆڤ و هاوکات لەگەڵ نەزانیدا، فاکتەرگەلێکن کە دکتۆر عەلیڕەزا کرمانی، کۆمەڵناسی بواری منداڵان، وەک گرینگترین هۆکاری بەردەوامبوونی خەتەنە بە درێژایی مێژوو ئاماژەیان پێ دەکا:

“ئێمە لە ژینگەیەکدا گەورە بووین و ژیاوین کە نەک هەر هیچمان لەبارەی لێکەوتەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی خەتەنە نەبیستووە، بەڵکوو ئەوەندە بانگەشە بۆ کاردا ئەرێنییەکانی خەتەنە دەکرا کە پێمان وا بوو کارێکی سروشتییە و پێویستە ئەنجام بدرێت. ئەگەر بمهەوێ نمرە بە هەر یەکێک لەو هۆکارانەی کە بە درێژایی مێژوو بوونەتە هۆی درێژەپێدان و بەردەوامیی خەتەنە بدەم، پێم وایە ناوشیاری و زاڵبوونی ئایین و ئایینزا لە سەر ژیانی مرۆڤ لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوو و دواجاریش ڕەنگە شتێک بە ناوی بازرگانیی پزیشکی لە سەردەمی هاوچەرخدا دەتوانێ هۆکاری فراوانبوون و بەردەوامبوونی خەتەنە بێت”.

جیا لە ڕا و بۆچوونی تاکەکان سەبارەت بە سێکسی پیاوانی خەتەنەنەکراو و خەتەنەکراو کە لە ئەزموونە تایبەتەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێ، ناتوانین دەسەڵاتی نۆرمە شەرعییەکان و کاریگەرییان لە سەر هەڵبژاردەکانی تاکەکان پشتگوێ بخەین. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ژنانەی کە بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و داب‌ونەریتی کۆمەڵایەتییەوە، دەبێ پیاوێکی خەتەنەکراو بۆ هاوسەرگیری هەڵبژێرن، تەنانەت ئەگەر بزانن ئەو پیاوە توانای سێکس‌کردنی چاکی نییە؛ بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە قسەی ژنێکی تەمەن ٣۵ ساڵانانی خەڵکی جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بکەین:

 “لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەم پیاو هەیە کە گەیشتبێتە تەمەنی گەورەساڵی و خەتەنە نەکرا بێ، بەڵام کۆمەڵگا وەک کەسێکی ئاسایی سەیری پیاوێکی خەتەنەنەکراو ناکات. زۆربەی پیاوان کاتێک منداڵن خەتەنە دەکرێن و خەتەنە بکرێن یان نا، هەڵبژاردەی ئەوان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە ئەوەندە پاساوی ئایینی و داب‌ونەریتی هەیە کە خۆ بە خۆ کاریگەری لە سەر تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ پیاوێکی خەتەنەنەکراو دادەنێت. بۆ ئافرەت بە تایبەت ئەگەر ئەو ئافرەتە پابەند بە شەریعەت و سوننەت بێ زۆر گرینگە مێردەکەی خەتەنە کرابێت. تەنانەت لەوانەیە خەتەنەنەکران بە نوقسانی سەیر بکات”.

جۆزێف، ئەندازیاری میکانیک خەڵکی ئێرلەندە، هەر چەندە خۆی باوەڕی بە خەتەنەکردن نییە، بەڵام ئاگاداری زەخت و گوشاری ئایینی بۆ ئەنجامدانی خەتەنە هەیە. ئەو پێی وایە:

“ئێمە جوولەکەین و خۆ دەزانن چەندە پابەند بە خەتەنە‌کردنی پیاوین. گریمانەیەکی ئایینی هەیە و پێویستە ڕێوڕەسمێکی بۆ وەربگیرێت. بەڵام منێک کە لە ئیسرائیل لەدایک نەبووم و گەورە نەبووم و ئایین‌پەروەریش نیم، بۆچوونێکی جیاوازم لە سەر ئەم بابەتە هەیە. ژنەکەم ئێرلەندییە و جوولەکە نییە و بێدەنگانە بڕیارمان دا دوو کوڕەکەمان خەتەنە نەکەین. هەر کات خێزان و کەس‌وکارمان پرسیار دەکەن دەڵێین خەتەنەمان کردن. من دەزانم لەوانەیە درۆکردن کاریک چاک نەبێ، بەڵام ناتوانن لەم بابەتە تێبگەن و فامی بکەن، ئێمەش دامانناوە کە کات ئەمانە چارەسەر بکات. لە ئێستادا تەنیا موسڵمانان و جوولەکەکانن کە خەتەنە دەکەن و پێداگری لە سەر شێوازەکەی دەکەن. وەک ئەوە وایە جوولەکە و موسڵمانان لە یەک پرسدا یەک بۆچوونیان هەبێت.”

بۆ زۆرێک لە بەشداربووانی ئەم توێژینەوە، بە تایبەت ئەوانەی ئەزموونی ژیانی ڕۆژاوایان هەیە یان خوێندنی باڵایان هەیە، ڕێزگرتن لە نۆرمە ئایینییەکان بە مانای ملکەچبوونی تەواو لە هەمبەر ئەوان نییە. بۆ بوونە منداڵی سەردەمی خۆ، وەک دکتۆر کەرەمی ئاماژەی پێ دەکا، پێویستە لە کۆمەڵگادا بیرۆکەیەک ساز بێ کە ڕەخنەگرتن لە نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕەگ و ڕیشەیان لە نەریت و مێژوودا هەیە، بە واتای دەرچوون لە ئایین و پێشێل‌کردنی بنەماکانی کۆمەڵگا نەبێ ئەوە لە حاڵێکدایە کە نۆرمە نەریتییەکانی وەکوو خەتەنەکردن بە هۆی شەرعییەتی ئایینی و مێژووی خۆیانەوە دەسەڵاتێکی وایان بە دەست هێناوە کە تەنانەت هەندێک جار ڕووبەڕووبوونەوەیان نه‌گونجاوه. لە ڕاستیدا ئەمە بە واتای شەرعییەتدان بە کردەی خەتەنەکردن لە ڕێگەی گوتاری ئایینییەوە یان بە واتایەکی دیکە شەرعیەتدان بەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییانەدا بیچمیان گرتووە و لە ڕێگەی ئەم شەرعیەت‌پێدانەوە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتییان بە دەست هێناوە، بۆ ئەوەی خەتەنە وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی و بابەتێکی سروشتی پیشان بدەن کە پەیڕەونە‌کردنی ئەم خەتەنەیە تابۆ و گوناح و لادان لە فەرمانە ئایینییەکانە. سوێسن ڕەزایی، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری ڕۆژهەڵات‌ناسی لە شاری کۆڵنی پێتەختی ئەڵمانیا، پێی وایە یەکێک لە ڕێگاکانی گۆڕینی هەڵوێستی کۆمەڵگەی موسڵمان و جوولەکە بەرامبەر بە خەتەنە ئەوەیە کە ئاستی وشیاریی پەیڕەوانی ئەو ئایینانە سەبارەت بە کاردا کۆمەڵایەتییەکانی خەتەنە زیاد بکەین:

“دەی ئەگەر بەم شێوە سەیری خەتەنە بکەین ئەوسا دەتوانین لە هەنگاوی داهاتوودا دایک و باوک و کۆمەڵگا ڕازی بکەین کە دەی باشە، تۆ خەتەنە بۆ مەبەستێکی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەی، کەواتە دەتوانن فیزیاکەی نەرمتر بکەنەوە. واتە لە بری ئەوەی بەشێک لە پێستی مرۆڤێک لاببەی، بە شێوەیەکی ڕەمزی بە حاڵ بیڕووشێنە یان لە جیاتی ئەوەی ئەوەندە ئازاری منداڵەکەت بدەی، بە ئاهەنگێک کۆتایی بە باسەکە بێنی و ئاهەنگی چوونە ناو قۆناغێکی نوێی بۆ بگێڕیت. بەڵام ئەمە شتێکە لە پڕێکدا جێبەجێ نابێ، هەنگاو بە هەنگاو بەدەست دێت”.

زەمینە ئایینییەکانی خەتەنە ئەوەندە گرینگن کە هەندێک پێیان وایە ئەم دۆخە وای کردووە زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە گرتنەبەری ئاراستەیەکی کۆنسێرڤاتیڤانە ڕێگری لە ئامادەکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیی دژی خەتەنە دەکەن. بۆ وێنە دکتۆر ڕەزا یەحیایی، پسپۆڕی پزیشکی منداڵان لە کەنەدا، سەبارەت بە هۆکارەکانی دژایەتی‌نە‌کردنی خەتەنە‌کردنی پیاوان و بێدەنگی لە لایەن دامەزراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکانەوە دەڵێ:

“هۆکاری ئەوەی کە بۆچی هیچ هەڵوێستێکی دیاریکراو دژی خەتەنە بوونی نییە زۆر ڕوونە، چونکە سەرلقی زانستی پزیشکی لە ئایینی جوولەکەوە سەرچاوە دەگرێ دەی هەر شتێک کە پەیوەندی بە ئایینی جوولەکەوە هەبێ بە هیچ شێوەیەک دژایەتی ناکرێت. ئەم بابەتە تەنیا لە خەتەنەکردندا سنووردار نابێتەوە و پرسەکانی دیکەش دەگرێتەوە. سەبارەت بە خەتەنە، بەو پێیەی بیر و باوەڕی ئایینی جوولەکەکان ئەوەیە کە منداڵان لە ڕۆژی هەشتەمدا دەبێ خەتەنە بکرێن، هەر کەسێک دژی ئەمە بووەستێتەوە دەبێتە دژەجوولەکە”.

عەبدولڕەحمان محەمەد ڕەسووڵی، لە ڕێبەرانی ئایینزای سوننە، لە وتارەکەیدا وەک فەرمانێکی ئایینی بۆ تەواوبوونی جەستەی مرۆڤ جەخت لە سەر خەتەنە دەکاتەوە.

“ئەگەر ئەنجام‌نەدانی خەتەنە چێژی سێکسی زیاتر دەکا، ئەوا دەبا ئەو ناووسڵمانانەی کە خەتەنە نەکراون لە چاو  موسڵمانان زیاتر چێژ لە سێکسەکەیان وەربگرن، لە کاتێکدا هیچ کام لە موسڵمانان بە هۆی خەتەنەکردنەوە هەستیان بە کەمیی چێژی سێکسی نەکردووە. ته‌نانه‌ت فەقێیانی شەرع وتوویانە: خەتەنەکردن هێزی سێکسی زیاد دەکات. جگە لەوەش دەبێتە هۆی زۆربوونی پاک‌وخاوێنی و پاکیی مرۆڤ و لە ئەنجامدا لە هەمبەر نەخۆشییەکاندا دەیانپارێزێ و خودای گەورە لە ئایەتی ٢٢٢ی سوورەتی بەقەرەدا دەفەرمووێ: بێگومان خودا تەوبەکار و پاکی خۆش دەوێت.” [11]

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەم خاڵە دەکا کە:

 “هەموو پێغەمبەران یان بە خەتەنەکراوی لەدایک بوون، یان دواتر خەتەنە کران و ئەمە یاسایەکی خوداییە کە هەرچی کەماڵی تێدا بێ، خودا بۆ پێغەمبەرەکانی دەوێ؛ و بێگومان نوقسان‌کردنی سێکسی لە پیاودا بە نوقسانییەکی ناخۆش دادەنرێ کە بێ‌شک کاریگەری لە سەر هیچ پێغەمبەرێک دانانێ چونکە پێغەمبەرانی خودا لە هەر چەشنە عەیبێکی جەستەیی و دەروونی بەدوور بوون. لە هەموو فەرزێکی ئیلاهیدا بەرژەوەندی و حیکمەتێک هەیە سەرباری ئەوەی ئێمە لێی ئاگاداریش نەبین؛ بۆیە ڕای زانایانی شەرع ڕاستە و بۆچوونی دژ بەوان ڕەت دەکرێتەوە.”

ئەم قسانە وێڕای پیشاندانی ڕەگ و ڕیشە ئایینییەکانی خەتەنە، شەرعیەتی کۆمەڵایەتیشی پێ دەبەخشێت. بەو پێیەی ئایین و نەریتەکان مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە، گۆڕینیان تەنانەت ئەگەر لایەنە زیانبەخشەکانیشیان بسەلمێنرێ، کاتێکی زۆری دەوێت. خەتەنەش بە ھۆی تەمەنی ھەزاران ساڵە و ئەو شەرعییەتەی کە لە ئایینەوە وەریگرتووە، پرسێکە کە دەبێ ھەموو دیوەکانی ڕەچاو بکرێت. ئاشکرایە گۆڕینی ڕوانگەی خەڵکانێک کە پرسێکی وەکوو خەتەنەیان وەک بەشێکی جیانەکراوەی نەریت و ئایین قبوڵ کردووە هەر وا ئاسان نییە و لە پڕێکدا نایەتە دی بەڵام ڕوونکردنەوە و وشیاری و پەروەردەی گشتی و مەدەنی دەتوانێ کلیلی ئەم ڕێگایە بێت.

3-2-5- جوانی و مۆد

لە ئەمریکا و ناوچەکانی دیکەی جیهان بە تایبەت ئێران کەسانێک هەن کە بە هۆکاری پزیشکی و تەندروستی منداڵەکانیان خەتەنە دەکەن. باوبوونی خەتەنە بە هۆکاری نائایینی و لەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێ مۆدێرن و پێشکەوتوو بووەتە هۆی ئەوەی زۆر کەس بە بێ گوێدانە دەرەنجامە ئەرێنی یان نەرێنییەکانی خەتەنە بە لاسایی‌کردنەوە لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو ئەمریکا منداڵە نێرەکانیان خەتەنە بکەن. وا دیارە بڵاوبوونەوەی خەتەنە لە سەەر ئاستی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا پتانسێلی بوونە مۆدێکی کۆمەڵایەتی زیاد کردووە. ئەمەش دوای خەتەنە لە لێدوانی بەشێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکەدا دیار بوو کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە بۆچوونی شارۆمەندانی ئێرانی کە لە وەڵامی پرسیارناوەی گشتیی ئەم توێژینەوە بکەین کە سەبارەت بە بۆچیەتیی خەتەنەکردنی منداڵەکانیان بوو. لێرەدا خەتەنە وەک مۆدێکی کۆمەڵایەتی کارتێکراوی ئاراستەی کۆمەڵگایەکە کە لە پاڵ ئاراستەی پزیشکیی باڵادەست، شەرعێتی بە خەتەنەکردن لە وڵاتانی پێشکەوتووتر دەدات. ژنێکی ئێرانی تەمەن ٣۴ ساڵان کە لە تورکیا دەژی هەر لەم بارەوە وتی:

“من حەقم بە سەر ئەمەوە نییە کە دەڵێن فەرمانێکی ئایینییە یان لە مێژه‌وه باو بووە و ئەمانە، بەڵام بیستوومە لە ڕووی پزیشکییەوە سەلمێنراوە کە خەتەنەکردن تەندروستیی کوڕان دەستەبەر دەکا، ئێستا لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکایی خەریکن پشتڕاستی دەکەنەوە کە خەتەنەکردن زۆر باشە ئەگەر خراپ بایە لە ئەمریکا منداڵانیان خەتەنە نەدەکرد.”

جگە لە مۆدبوونی خەتەنە، هەندێک لە باوەڕدارانی خەتەنە پێیان وایە ئەم کارە ئەندامی زاوزێی پیاو جوانتر دەکا و ئەم باوەڕە لە ڕای گشتیدا بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی پەسەند‌کردنی خەتەنە لە ناو جەماوەری خەڵکدا، لە بەر ئەوەی لە دونیای ئەمڕۆدا، جوانی و مۆد تێهەڵکێشی یەک کراون و لێک جیا ناکرێنەوە، خەتەنە لەگەڵ ئەوەی وەک مۆدێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێ، وەک جوان‌کردنی ئەندامی زاوزێ پەرەی بە خەتەنە داوە و بەم شێوە لە لایەن چالاکڤانانی کۆمەڵایەتییەوە پەسەند کراوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە قسەی دوو ژنی بەشداربوو لەم بارەوە بکەین:

“خەتەنە ئەندامی زاوزێی پیاو جوانتر دەکا و ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییە هەوکردنییەکان دەکات “. (ژنێکی تەمەن ٣۵ ساڵ خەڵکی پارێزگای کرماشان)

“لە ڕووی جوانی و تەندروستیی ئەندامی زاوزێیان چاکترە و بە گشتی سێکسیان باشترە”. (ژنێکی ئێرانی تەمەن ٣۶ ساڵ، خوێندکار لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا)

زانستی پزیشکی هەوڵ دەدا کە لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی کردەی خەتەنە و ئەوەی کە لێکەوتەکانی شیاوی چارەسەرن، متمانەی زەینی گشتی بورووژێنێ و بەهێزی بکا بۆ ئەوەی بتوانێ لە قۆناغەکانی داهاتووی بانگەشەدا، لە ڕێگەی ئەم شەرعییەتدانە بە بیانووی پزیشکی، بە کاریگەریی کۆمەڵایەتیی زیاتر چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە وەک کردەوەیەکی سروشتی و پێویست کە سازکراوی کۆمەڵگا نییە هان بدات. هەر چەندە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن کەسانێکەوە بڵاو دەکرێنەوە کە خاوەن بڕواناوەی زانستین و ئەم ڕاپۆرتە پزیشکییانە لە دەرچەی دیاریکراوی وەکوو هەندێ وتاری زانستی و توێژینەوەیی لە کۆمەڵگادا بڵاو دەکرێنەوە بەڵام ئەم ڕاپۆرتانە بە شێوەیەکی سەرەکی دەبنە سەرچاوەی ئەو بانگەشانەی کە هەوڵ دەدا ئامانجە بازرگانییەکانی ناوەندەکانی وەکوو کلینیکە پسپۆڕییەکانی خەتەنە‌ بشارێتەوە.

ئەم ناوەندانە هەوڵ دەدەن بە بەکارهێنانی ڕاپۆرت و زاراوەی زانستیی وەکوو “ناوەندی پسپۆڕیی خەتەنە، خەتەنە‌کردنی بێ‌ئازار، کلینیکی پسپۆڕیی خەتەنە، کلینیکی خەتەنە‌کردنی ساوایان لە تاران، خەتەنە‌کردنی منداڵان، تێچووی خەتەنە لە کلینیک” خەڵک ڕازی بکەن بۆ ئەوەی منداڵە نێرەکانیان خەتەنە‌ بکەن. ئەم دەستەواژە بانگەشەییانە کە بە گەڕان بە دوای وشەی “خەتەنە” لە گووگڵدا بە دەست دەهێنرێن، جگە لەوەی ئاماژە بە داهات‌داربوونی ئەم کارە دەکەن، باس لەو ڕکابەرییە توندە دەکەن کە لەم بوارەدا بوونی هەیە. لە ناو لاپەڕە تایبەتەکانی پزیشکان و ئەو نۆرینگانەی کە باس کرا هەندێ بابەت لە مەڕ خاڵە ئەرێنییەکانی خەتەنە وەکوو به‌رگری‌کردن لە تووشبوون بە ئایدز و شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ هەیە بەڵام سەبارەت بە زیان و لێکەوتە خراپەکان زانیاری بڵاو ناکرێتەوە یان کەمتر باسیان لێ دەکرێت. ئەمەش پێوەندیی پزیشکی لەگەڵ مافیای ئابووریی بانگەشە و گوتارە زاڵەکانی سەر پیشەسازیی فەرهەنگی / ئایینییەکان نیشان دەدا و ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گوتاری پزیشکی لە ژێر کاریگەریی پێکهاتە ئایدیۆلۆژییەکانی دەسەڵاتە و بە هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ ئەوان کارداکانی ڕێک دەخات.

6- پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جەستەی خۆی لە ئایینی ئیسلامدا

یەکێک لەو بابەتانەی کە دەتوانێ ئاسانکاری بۆ پشکنینی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و جەستەی لە ئیسلامدا بکەن، زیاتر ئاشنابوون لەگەڵ “قواعد تسلط و لاضرر”ـه؛ کەواتە بابەتی خەتەنەش لەم ڕوانگەوە کە لە ڕیزی فەرمانە واژۆییەکانی ئیسلامە، دەتوانین لەم ڕووەوە لێکی بدەینەوە و پێداچوونەوەی پێدا بکەین.

لە فیقهدا، هەندێ یاسا و ڕێسا هەن کە بە ڕوونی جەخت لە سەر کۆنترۆڵی مرۆڤ بە سەر سامان و گیان و ژیان، ئەندامانی لەش و موڵک و ئاکارەکانیدا دەکات (سه‌فایی، سوهه‌یلا؛ مه‌حموود عه‌باسی و مسته‌فا موحه‌قیق داماد، 1393ی هەتاوی). بە پێی ئەم یاسایە مرۆڤەکان بە سەر موڵک و ماڵی خۆیاندا زاڵن، بە جۆرێک کە یەکەم: لە کۆنتڕۆڵی موڵک و ماڵی خۆیاندا ئازادن، دووەم: کەس مافی ئەوەی نییە کۆنترۆڵی ئەوان بە سەر موڵک و ماڵی خۆیاندا سنووردار بکات. بەڵام هەندێک پێیان وایە حوکمڕانیی پاشایەتی تەنیا لە موڵکی مرۆڤدا نییە، بەڵکوو بە هۆی یەکەمایەتی و چەمکی ڕێککەوتنەوە، بە سەر ماف و خودی ئەویشدا سەپاوە، واتە کاتێک دەست‌گرتن بە سەر موڵک و ماڵی مرۆڤ تەنیا بە ڕەزامەندیی خاوەنەکەی دەلوێ، دەست‌گرتن بە سەر مافەکان و نەفسی ئەو کەسە لە سەر بنەمای مۆڵەت و ڕەزامەندیی ئەو لە ڕێگەی یەکەمەوەیە. زۆر بورهان لە پێناو حوکمی زاڵبوون ڕوون کراوەتەوە کە هەندێکیان لە درێژەدا تاوتوێ دەکرێن: یەکێک لە بەناوبانگترین بورهانەکانی ئەم یاسایە هەمان یاسای عەقڵانییە “الناس مسلّطون علی أموالهم و انفسهم” و هەندێکیشیان بە “الناس مسلطون علی انفسهم” لێکیان داوە.

لە ناو ئەو ئایەتانەی دیکەدا کە ئاماژە بە حوکمی باڵادەستی دەکەن، ئایەتی شەشەمی سورەتی ئەحزابە: “پێغەمبەر نزیکترە لە باوەڕداران بە خۆیان”. [12] هەر چەندە ئەم ئایەتە دەیسەلمێنێ کە پێغەمبەر یەکەم کەسە کە باڵادەستیی ئیمانداراندا، بەڵام بێ‌گومان ئاماژە بەوە دەکا ئیمانداران باڵادەستی خۆیانن، هەر چەندە باڵادەستیی پێغەمبەر لە سەرووی هەمووانە (سه‌فایی و هاوکاران، 1391ی هەتاوی). پێغەمبەری ئیسلام لە فەرموودەی غەدیردا بە پشتبەستن بەم ئایەتە وەک پێشەکییەک بۆ داڕشتنی فەرمانڕەوایی عەلی و بە گریمانە‌کردنی ئەوەی کە خەڵک باڵادەستی ڕۆحی خۆیانن، حوکمڕانییەکەی بە سەر ڕۆحی خەڵکدا تەواو و توند دەزانێت. لە ناو ئەو ئایەتانەی‌تردا کە دەتوانن حوکمی زاڵبوون پشتڕاست بکەنەوە، ئایەتی ٢٠٧ی سوورەتی بەقەرەیە: “لە ناو خەڵکدا کەسێک هەیە ژیانی خۆی دەفرۆشێ بۆ ئەوەی بەدوای ڕەزامەندیی خودادا بگەڕێت” [13] فرۆشتنی “ڕۆح” لەم ئایەتەدا – بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خودا – ئاماژە بۆ ئەم بابەتە دەکا کە مرۆڤ سەروەری ڕۆحی خۆیەتی (ده‌رگاهی، 1395ی هەتاوی).

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەم یاسایە ئاراستەی زانایانە. واتە مافی خاوەندارێتی بە سەر موڵک لە لایەن خاوەندار لای هەموو زانایان قبوڵ کراوە و گومانی تێدا نییە کە وەها ئاراستەیەک لە سەردەمی ئیمامانی شیعەشدا بوونی بووە و هۆکاری ڕەتنەکردنەوە و قەدەغەکردنی ئەم کارە ڕاپۆرت لە واژۆکردنی شەریعەت‌زانی پیرۆز سەبارەت بەم ئاراستەیە.

لە یەکەم نیگادا دەتوانین ئەم دەرەنجامە دەست بخەین: مرۆڤ کۆنترۆڵی تەواوی ئەندامانی جەستەی خۆی هەیە، بەڵام ئەم کۆنتڕۆڵە بە جۆرێک سنووردار کراوە و پانتای ئەم دەسەڵاتە هەتا ئەو ڕادەیە کە بنەمای کەرامەتی مرۆیی و بنەمای پاراستنی ژیان و تەنانەت (اصل لاضرر) “بنەمای بێ‌زیان”ـیش پشتگوێ نەخرێت. لەم حاڵەتەدا بنەمای بێ‌زیان زاڵبوون بە سەر خود پیشان دەدا و عەقڵیش شایەتی بۆ دەدات. خودا ڕێگە بە ئیماندار نادا کە خۆی زەلیل و پەست بکات، هەر وەکوو چۆن عەقڵی تەندروست ڕێگە بە شتێکی وا نادا و لە سیستەمی فیقهیی ئیسلامیشدا مرۆڤ بۆی نییە زیان بە خۆی و دیتران بگەیەنێت. لەم چوارچێوەدا ئیمامی شەشەمی شیعەکان دەفەرمووێ: خوا هەموو کاروبارەکانی ئیمانداری بە خۆی سپاردووە، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەی پێ نەداوە کە خۆی پەست و زەلیل بکات. (جوکوریە، ٢٠١٣). و لە کۆتاییدا ئایەتی ١٩۵ی سوورەتی بەقەرە “بە دەستی خۆتان خۆتان لەناو مەبەن” [14] سەبارەت بە لە ناوبردن و فەوتاندنی نەفسە، بەڵام دەکرێ بڵێین لە ناوبردن هەمان بە فیڕۆدان و زیانگەیاندن بە نەفسە (سه‌فایی، 1394ی هەتاوی).

سەبارەت بە بەڵگە پێویسته‌کانی بنەمای بێ‌زیان دەتوانین زۆر ئایەت و گێڕانەوە شرۆڤە بکەین و سنووردار‌بوونی حوکمی خۆکۆنتڕۆڵکردن (زاڵبوون بە سەر خود) تەنیا لە بنەمای بێ‌زیاندا سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو هەندێک بابەتی دیکەش وەکوو ڕێگریکردن لە خۆکوشتن دەگرێتەوە. بە بۆچوونی زانایان و هەم لە ڕوواڵەتی ئەو گێڕانەوانەی  کە ڕاپۆرت لە حەرامکردنی زیان‌گەیاندن بە دیتران یان زیان‌گەیاندن بە خۆ دەکەن، ئەوە دەردەکەوێ کە مەبەست تەنیا زیانێکی بەرچاو نییە، بەڵام ئەگەر ئەم زیانانە گوماناوی بن و تەنانەت کەمتر لە گوماناویش بن، پێویستە لێی دوور بکەوینەوە. مەبەست لە زیان لێرەدا ئەو زیان و زەرەرەیە کە سەرنج‌ڕاکێشە و هی ئەو حاڵەتانەیە کە دژی بەرژەوەندیی مرۆڤ نییە. هەروەها فەقێ بەرتر و دواترەکان لە هەندێک حاڵەتدا باسیان لەم بابەتە کردووە، لەوانە نووسەری کتێبی (جوهرالکلام) کە ڕاشکاوانە دەڵێ:

“هەر شتێک ئەگەری زیانی تێدا بێ حەرامە”. لە هەر حاڵەتێکدا شتێک کە زیانێکی بەرچاوی تێدا بێ قەدەغەیە، جا چ زانستی لە سەر هەبێ یان گومان. دەتوانین ئەم بابەتە گرینگە بۆ کاروباری ئایینی لەوانەش خەتەنە بگشتێنین. پێویستیی ڕەواندنەوەی زیان لە خۆ بە مانا یاساییەکەی حوکمە نەک ماف، واتە شیاوی گۆڕین و هەڵوەشانەوە نییە و کەس دەسەڵاتی ئەوەی نییە زیان بەخۆی بگەیەنێت. زیان‌گەیاندن بۆ مەبەستی عەقڵانی و ئامانجی گرینگتر و هەروەها زیان و زەرەر کە کەم بێ کێشەی نییە و عەقڵ و شەریعەت تابشت‌هێنان لە ئاست ئەو جۆرە زەرەر و خەسارەتانە قەدەغە ناکەن، وەکوو کاتێک کە چارەسەرکردن یان ڕێگریکردن لە نەخۆشییەک کە زیانەکانی زیاتر و قورس‌ترە، بە تابشتهێنان لە هەمبەر زیانی کەمتر سنووردار ببێتەوە. بە واتایەکی تر، پێویستە زیانی گەورەتر بە بەرگەگرتن لە هەمبەر زیانی بچووکتر بڕەوێنینەوە.

بە لە بەر چاوگرتنی ئەم بابەتە و ئەوەی کە هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی دیاریکراو بۆ خەتەنە‌کردنی پیاوان وەرنەگیراوە، پێویستە سەرنجی ئەوەش بدەین کە لە کاروباری پزیشکیدا دەستنیشان‌کردن و دیاری‌کردنی ڕادەی زیان و سنوورەکانی خەتەنە‌کردنی پیاوان لە ئەستۆی کەسانی شارەزا و پسپۆڕی ئەم بوارەیە و ئەرکی فەقێکان لەم ڕووەوە هەڵێنجاندنی حوکمە گشتییەکانی شەرعە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بابەتی حوکمە فیقهییەکانە لە ئەستۆی شارەزایانی بابەتەکەیە (ئاسف ئەلموحسێنی ،1424؛254).

لە درێژەدا و سەبارەت بە پرسی خەتەنە پێویستە ئاماژە بە یاسای عەقڵانیی “اَلناسُ مُسَلَّطونَ عَلی أَموالِهم و أَنفُسِهِم” بکرێت. بە گریمانە‌کردنی زیادبوونی سوودەکانی خەتەنە خاڵێکی دیکە لەم بابەتەدا دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە کە نابێ قه‌ت مرۆڤێک ناچار بکرێ جگە لە حاڵەتی تایبەت و بەپەلە نەبێ (وەکوو زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە یان ترس لە لەدەستدانی گیانی خۆی) بە چارەسەر و دەرمان بکەین کە لەم حاڵەتەدا بنەمای بێ‌زیان وەپێش بنەمای زاڵبوون دەکەوێ و نەخۆشەکە ناچار بە چارەسەر دەکەن. دەربڕینی ئەم دوو جۆرە ئاوارتەیە بەم شێوەیە: یەکەم ئەگەر نەخۆشییەکەی ببێتە هۆی زیان یان لەدەستدانی کەسێکی دیکە، لەم حاڵەتەدا بە ئیزنی سەرپەرشتیاری تایبەت یان سەرپەرشتیاری گشتی ناچار بە چارەسەری دەکەن و حەرامیی زۆرەملێ بە حوکمی نکۆڵی لە زیان و زەرەر و حوکمی نکۆڵی لە تەنگانە و نکۆڵی لە سەختی لە ناو دەچێت. دووهەم: ترسی لەدەستدانی نەخۆش هەیە و ڕوونکردنەوەکەشی ئەوەیە کە لەدەستدانەکە سێ قۆناغی هەیە:

1- هیچ مردن و گومانێک لە پێویستیی چارەسەرکردنی کەسەکە بە زۆرەملێ و ناچاری لەم حاڵەتەدا، لە حاڵەتی ملنەدان نە چارەسەر بوونی نییە.

2. نەخۆشییە گرینگەکانی وەکوو ئایدز و شێرپەنجە و هاوشێوەکانی، یان لەدەستدانی چاو یان بڕینی قاچ و دەست. گومان لەوەدا نییە کە کەسی پێگەیشتوو یاخود سەرپەرشتیارەکەی دەبێ ڕێگری لەو ڕووداوانە بکا و ئەگەر کەسی پێگەیشتوو یان نەخۆشەکە ملی بە چارەسەر نەدا، فەرمانڕەوای شەریعەت بۆی هەیە زۆرداری بگرێتە بەر.

3- زیانی کەم: هیچ هۆکارێک بۆ پێویستیی ملنەدانی کەسی پێگەیشتوو بوونی نییە چ بگا بە کەسێکی دیکە، هەر بۆیە حەرامیی سەرەتایی ناچارکردنی ئەو بۆ ئەنجامدانی چارەسەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەڵبەت لە گریمانەی چارەسەری ناچاریدا، سەرکەوتنی چارەسەر لە بە دەست هێنانی باشترین ئەنجام بە کەمترین زیانی شیاو پێویستە (پێشتر). لەم پێوەندییەدا هەندێک لە فەقێکان وتوویانە:

“چارەسەری زۆرەملێی هیچ کەس دروست نییە بە هۆی کەرامەتی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە ئیرادەکەی و هەروەها بە هۆی حوکمە عەقڵانییە ئاماژە پێکراوەکان کە بە بێ قەدەغەکردن لە لایەن شەریعەتەوە واژۆی لە سەر کراوە و هەروەها بە هۆی ئەوەی دەستگرتن بە سەر لەش و سامانی کەسێک و بە بێ ئیزنی ئەو دەستدرێژییە و ئەوە بە پێی شەریعەت دروست نییە” (نه‌جه‌فی، ١٩٨١).

لە ئیسلامدا بە ڕوونی و ناچاری بانگەشە بۆ خەتەنە نەکراوە و ئەگەریش وەها ناچارییەکی لە ئارادا بووایە دەبا بە لە‌ بەر‌چاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی دنیای ئەوڕۆی ماف و ئازادییەکانی تاک، ئەم دیاردە لە سەردەمی هەنووکەدا هەڵوەشابایه‌وە یان بە ئیرادەی تاکەکان خۆیان بسپێردرابایە. بەڵام بەداخەوە ئەم پرسە بەهێز و پێزە لە لایەن دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانەوە درێژەی پێ دراوە و چەندین برینی لە سەر جەستە و دەروون منداڵان لە پاش خۆی بە جێ هێشتووە. دەڵێن هەر نەریتێکی ڕەسەن کە نەتوانێ لە ڕێگەی وتووێژی فەرهەنگەکانەوە خۆی لەگەڵ ڕەوتە یەکگرتووە فەرهەنگییەکان بگوونجێنێ و تێهەڵکێشیان بێ، پێویستە وەک نەریتێکی کۆن یان لەباوکەوتوو فڕێ بدرێ و ئایا کاتی پەراوێزخستن و ڕەتکردنەوەی خەتەنە نەهاتووە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە موجتەهیدەکان و زانایانی ئایینی لە سەر بنەمای خواست بۆ سازگاربوونی یاساکانی ئایین لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم، خوێندنەوە و لێکدانەوەی نوێ و مرۆڤدۆستانە و ناتوندوتیژانەی یاسا و ڕێوڕەسمەکان و فەرمان و ڕێگرییەکانی ئایین بدەن بە ئیمانداران؟

7- ئاراستە کۆمەڵناسییەکان سەبارەت بە مافی جەستە

بابەتی جەستە بابەتێکە کە لە ئەندێشەکانی پێش‌مۆدێرندا بە شێوەی جۆراوجۆر باسی لێوە کراوە، بە تایبەت لە بابەتە ئایینی و تیۆلۆژیاییە مەسیحییەکاندا. لەم ئەندێشانەدا زۆر جار “جەستە” وەک توخمێکی نەرێنی دەبینرێ کە توانای گوناح‌کردن و لادانی هەیە و وەک بەربەستێک لە بەردەم بەرزبوونەوەی ڕۆحدا سەیر دەکرێت. لە بیرۆکەی پۆستمۆدێرنیستیدا، بەڕێوەبردنی جەستە، تاکایەتی، مافی خاوەندارێتی بە سەر جەستە و کۆتایی‌هێنانی خۆخوازراوانە بە ژیانی جەستە وەک بابەتە بنەڕەتییەکان لە قەڵەم دەدرێن. باسی خاوەندارێتیی مرۆڤ بە سەر  جەستەی خۆی هەمیشە پەیوەست بە چه‌لێنجە ئەخلاقی و ئایینی و فەرهنگییە و پزیشکییەکان بووە. لە ناو ئەو ڕوانگانەی کە لە زانستی کۆمەڵناسیی جەستەدا هەن وا دیارە ئاراستەی فیزیایی و پێکهاتەخوازی و ئاراستە تێکەڵاوەکان گونجاوترین ئاراستەی تیۆری بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵناسانەی دیاردەیەکی پەیوەست بە بایۆلۆژی وەکوو خەتەنە بن. لە درێژەدا کورتەڕاپۆرتێک سەبارەت بە هەندێ لە ئاراستەکان دەخرێتە ڕوو.

کۆمەڵناسیی جەستە بوارێکە کە لە نیوەی دووهەمی ساڵی ١٩٨٠ەوە بە جدی لە لایەن میشێل فۆکۆ و دواتر لە لایەن برایان تۆرنەرەوە پێشنیار کرا. مەبەست لەم بوارە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی جەستە لە سەر کۆمەڵگا و کاریگەرییەکانی کۆمەڵگا لە سەر جەستەیە. ماری دۆگلاس جەستە بە دەقێکی فەرهەنگی دەزانێ کە وێڕای پیشاندانەوەی بەها فەرهەنگییەکان و پیشە و دڵەڕاوکێکانی فەرهەنگێکی تایبەت، دەرکەوتنێکی ئۆبژەیی پێ دەبەخشێت. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن جەستە لە فەرهەنگێکی دیاریکراودا دەنوێندرێتەوە و چۆن دەبێتە شوێنێک بۆ شێوازە ڕەفتارییەکان و کردارە نیشاندەرەکانی کۆمەڵگا. دۆگلاس پێی وایە جەستەی کۆمەڵایەتی شێوازی تێگەیشتن لە جەستەی فیزیایی سنووردار دەکاتەوە و ئەوەی لە ڕێگەی کارلێکی پەیکەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ جەستەی فیزیکیدا بەدەست دێ لە جەستەدا وەک میدیایەکی سنووردار دەردەکەوێت.

بە وتەی ئەو، جەستەی سروشتیمان لە لایەن یاساکانی کۆمەڵگاوە سنووردار دەکرێ و بیچم دەگرێت (فه‌رزانە، 1387ی هەتاوی). لە سەرەتادا بوونی مرۆڤ دەرکەوتنێکی فیزیکی هەیە. بەشە جیاوازەکانی جەستە بەهای فەرهەنگیی یەکسانیان نییە و نۆرمە فەرهەنگی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان هەر یەکەیان بەشە جیاوازەکانی جەستە دەکەنە بەستێنی ئامانجی خۆیان، بۆ نموونە ڕووخسار و دەموچاو لە هەموو بەشێکی دیکە زیاتر لە ڕوانگەی نۆرمە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانەوە شوێنی چڕبوونەوەی بەهاکانە، هەست‌کردن بە ناسناوەی کەسێک زیاتر لە ڕووخساریدا دەردەکەوێت. یان کۆئەندامی زاوزێ ناوەندی فووکوسی بەها و نۆرمە ئایینی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکانە (موحسێنی، ١٣٧۶ی هەتاوی) کە لە ناویاندا خەتەنە وەک بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێ خاڵی ململانێی زۆرێک لە دامەزراوەکانە و مرۆڤی پابەند بە نۆرمەکان لە چەقی ململانێ و بڕیارەکانە.

مرۆڤناسانێکی وەکوو ئیڤلین ڕەید و مارگرەیت هاوڕای مید میشێل فۆکۆن و پێیان وایە جەستەی مرۆڤ تەنیا وتەزایەکی زیندەوەرناسی و یان پزیشکی نییە، بەڵکوو کاتێک لە ناو بەستێنی پەیوەندی و ژیانی بەکۆمەڵدایە و دێتە ناو گۆڕەپانی کۆمەڵگا لە ڕووی ڕەهەندە ئابووری، ئایینی، هونەری، سیاسی، یاسایی، سەربازی، فەرهەنگی، چینایەتی، ڕەگەز و هتد هەڵدەسەنگێندرێ، بۆ وێنە لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیدا جیاکاریی ڕەگەزی، نژادی و چینایەتی، لە ڕوانگەی سیاسی و یاساییەوە بەستێنی ناڕەزایەتی، ئەشکەنجە، لە سێدارەدان… ، لە ڕوانگەی هونەری بەستێنی ماکیاژ و نەخش و نیگار و ڕازاندنەوە ڕێوڕەسمییەکان، لە ڕوانگەی پزیشکییەوە لە بەستێنی پشکنین و نەشتەرگەریی جوانکاریی پێویست یان ناپێویست، لە ڕوانگەی سەربازییەوە لە بەستێنی شه‌ڕ و هێزی  شەڕەنگێزی و خۆبەخت‌کردن، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە کەوتنە بەر کار و بێگاری، لە ڕوانگەی ئایینییەوە، مەیدانی بەندایەتی و شەهیدبوون و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینی و فەرمان بۆ کاری چاک و … لە ڕوانگەی فەرهەنگییەوە هێما و نیشانەی داب‌ونەریت و بیر و باوەڕ و شێوازی ژیان و هتدە.

سەرەڕای ئەو ڕاستییە تیۆرییانەی سەرەوە، بە لە بەر چاوگرتنی ڕۆڵی بنەڕەتیی هۆشیاری و زمان، وەک بژێرە فیزیکییەکانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، شیکاریی مارکس بۆ ملکەچبوونی جەستەی چینی کرێکار بۆ مەکینە، لە پرۆسەی فراوان‌کردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە سەرمایەداری و چۆنێتیی عەقڵانی‌سازیی جەستە لە سیستەمی بیرۆکراسی، دەتوانین ئەوەی لە شیکارییەکانی ماکس وێبێردا هاتووە بە یەکێک لە نموونەکانی گرینگیدانی ناڕاستەوخۆ بە جەستە لە تیۆریزە‌کردنی کلاسیکی کۆمەڵناسی لە قەڵەم بدەین. هاوکات لەگەڵ ئەو چه‌لێنجانەی کە لە لایەن زانستی کۆمەڵناسییەوە بەرەو ڕووی بیرۆکەی “جیاکردنەوەی سروشت و کۆمەڵگا” دەبێتەوە، تیۆریسییەنە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکەوە جەستەیان لە پێوەندی لەگەڵ “چالاکڤانی مرۆیی” و لە لایەکی دیکەشەوە، لە پێوەندی لەگەڵ “ڕێکارە کۆمەڵناسییەکان” چەمک‌سازی کردووە (فاتحی و ئه‌خلاسی، 1389ی هەتاوی).

دوای سەدەی نۆزدەهەم و پەیوەندیی نێوان ڕژیمی خواردن و زانستی خۆراک، عەقڵانی‌سازیی جەستە بە زانستی مرۆڤەوە گرێ درا. لە عەقڵانی‌سازیی بە شێوەی مۆدێرن‌دا، جەستە وەک دیاردەیەکی “قوڵی ڕەگەزی” لە قەڵەم دەدرێ کە پێویستە بە پێی کارامەیی سیستەمی کۆمەڵایەتی نوێ ڕێک بخرێت. سیستەمی دیوانسالار (بیرۆکراسی) یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی کۆنترۆڵ‌کردنی جەستە، بە مەبەستی دیاری‌کردنی چۆنایەتی یان چەندایەتیی کارکردن لە سەر جەستە، بە بێ گوێدانە پێداویستییە جەستەییەکانی کارمەندانن. ڕێکخراوە بیرۆکراسییەکان، جەستەی ژنان زیاتر لە جەستەی پیاوان کۆنتڕۆڵ دەکەن؛ چونکە داوا لە ژنان دەکرێ کە خۆیان بە بەڕێوەبردنی سووڕی مانگانە و دووگیانی و لەزک‌وێستان بیانشارنەوە. سیستەمە جیهانییەکان لە کۆتایی مۆدێرنیتەدا، تاکەکان لە دەرەوەی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەوان دەخەنە بەردەم مەترسییە تەکنەلۆژی و ژینگەییە ڕۆژ لە ڕۆژ زیادەکان و هه‌لی”جیهانی‌بوونی جەستە” دەڕەخسێنن (‌Turner,1987: 123).

پێکهاتەخوازیی کۆمەڵایەتیی جەستە، ئەو مانا کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە کە لە لایەن کۆمەڵگاوە سنووردار کراون و داهێنراون. خاڵی هاوبەشی دیارییە پێکهاتەگەراکان بریتییە لە دژایەتیکردنی شیکردنەوەی جەستە وەک دیاردەیەکی زیندەوەرناسی. بە بڕوای گافمەن، بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان “شانۆیەکی سروشتی” دابین دەکەن کە تێیدا نمایشە فیزیکییەکان نمایش دەکرێن و لێک دەدرێنەوە. گافمەن بە خستنە ڕووی زاراوەی “خۆدەرخستن” و تاوتوێی کارلێکی دوولایەنەی کۆمەڵایەتی بە پێی “پشت شانۆ”، “سەر شانۆ”، “پانتای تایبەت” و “پانتای گشتی” کە هاوخشت لەگەڵ ئەوان لە “جەستایەتی” دەکۆڵێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، بکەرە فیزیکییەکان هەوڵ دەدەن بە پەنابردن بەر شێوازەکانی نیشانەکردنی کۆمەڵایەتی، سەرنجی دیتران بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن. ئەم بکەرە فیزیکییانە نوێنەری “بەرجەستەکراو”ی پێگە و کەرامەتن کە لە لایەن ڕاپەڕێنەرانی دیکەوە لێک دەدرێنەوە (Turner, 1987: 123). بە بڕوای فۆکۆ، “پەیوەندییەکانی دەسەڵات” جۆرە لکانێکی بێ‌مەودایان لەگەڵ جەستە هەیە، بە جۆرێک کە جەستە هەمیشە لەبەر دەم “سەرمایەدانان”، “دیاری‌کردن” و “ڕاهێنان”دایە و بۆ “ڕاپەڕاندنی ئەرک”، “بەشداری‌کردن لە ڕێوڕەسمەکان” و “پیشاندانەوەی هەموو جۆرە نیشانەیەک” لە ژێر گوشاردایە. هه‌روه‌ها “ستراتیژەکانی خود” ئاماژە به‌و شێوازانە ده‌کا کە تاکەکان له‌ ڕێگه‌ی ئەوەوە بۆ گه‌یشتن بە هه‌ستی ڕه‌زامه‌ندی کار له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیان ده‌که‌ن و تاکەکان لە ژێر کاریگه‌ریی گوتارە زاڵە کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فەرهەنگییە‌کان جه‌سته‌ی خۆیان دەخەنە ژێر کاریگەریی ئەوان. ئەو “خۆ”یانەی کە سازکراوی کۆمەڵگان “بەجەستەکراو” و “بەرجەستەکراو”ن کە لە ڕێگەی شێوازەکانی پۆلێن‌بەندی، بەڕێوەبردنی جەستە و تەکووزکردنی جەستە بەدەست دەهێنرێن. تایبەتمەندییە فیزیکییەکانی جەستە هێزی چه‌نه‌بازی بە تاکەکان دەبەخشن و خەڵک بۆ وەبەرهێنان بەکاری دەهێنن (زۆکایی، 1386: 124).

جەستە لە ڕەوتی “دەسەڵات”دا لە شێوەی گوتاردا بەرهەم دەهێنرێتەوە و بەدەروونی دەبێت. “زانست – هێز” پرۆسەیەک بنیات دەنێ کە لە ڕێگەی ئەوەوە جەستە خۆی وەک “ئۆبژەیەک” دەناسێتەوە. “خۆچاودێری‌کردن” پرۆسەیەکە کە تێیدا “سووژەکان” وەک ئەندامانێکی چالاک و ئاگادار، لەگەڵ هەندێ چەمکی وەکوو “تەندروستیی گشتی” مل بە تاقیکردنەوە پزیشکییەکان دەدەن. لەم حاڵەتەدا سنووری نێوان چەمکی تایبەت و گشتی کاڵ دەبێتەوە. تەندروستیی مرۆڤ پرسێکی تاکەکەسی نییە بەڵکوو پرسێکی کۆمەڵایەتییە کە زۆرێک لە دامەزراوەکان دەبێ چاودێری بکەن. مرۆڤەکان وەک هاوڵاتییەکی مەدەنی یان گوێڕایەڵ، نەک هەر بەرەنگاری ئەو چاودێرییانە نابنەوە، بەڵکوو بە ئاگادارییەوە ملکەچییان دەبن. فۆکۆ ئامانجی ئەم هەوڵانە بە “چاودێری‌کردنی جەستە” دەزانێت. (netelton,1998:78).

ماری دۆگلاس جەستە بە دەقێکی فەرهەنگی دەزانێ کە ڕەنگدانەوەی بەها فەرهەنگییەکان و پیشە و تێکچوونەکانی فەرهەنگێکی دیاریکراو، دەرکەوتنێکی ئۆبژەیی پێ دەبەخشێت. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن جەستە لە فەرهەنگێکی دیاریکراودا دەنوێندرێتەوە و چۆن دەبێتە شوێنێک بۆ شێوازە ڕەفتاری و کردارە نیشاندەرەکانی کۆمەڵگا. دۆگلاس پێی وایە جەستەی کۆمەڵایەتی شێوازی تێگەیشتن لە جەستەی فیزیکی سنووردار دەکا و ئەوەی لە‌نێوان کارلێکی جەستەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ جەستەی فیزیکی بە دەست دێ لە جەستەدا وەک میدیایەکی سنووردار دەردەکەوێت. بە ڕای ئەو، جەستەی سروشتیمان بە ڕێساکانی کۆمەڵگا سنووردار دەبێ و بیچم دەگرێت. (فه‌رزانە، ١٣٨٧ی هەتاوی) ناوبراو جەخت لە سەر چۆنیەتیی “پەیوەست‌بوونی دامەزراوەکان بە پێکهاتە شووبهێنراو بە جەستەکان دەکاتەوە و کاردا کۆمەڵایەتییەکانی دامەزراوەکان لە پەیوەندی لەگەڵ “بەڕێوەبردنی ئەخلاقیی جەستە” و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەزانێت. سەرەڕای خاڵە هاوبەشە جەستەییەکانی مرۆڤەکان، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و هێما پشتبەستوو بە جەستەکان، کە بۆ دەربڕینی ئەزموونە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بە کار دەهێنرێن، لێک جیاوازن.

دۆگلاس جەستە بە هێمای کۆمەڵگا دەزانێت. ناوبراو وێڕای ئەوەی باس لەوە دەکا کە جەستە بەردەست‌ترین وێنەی سیستەمی کۆمەڵایەتییە، پێداگری لە سەر بوونی لێکچوونەکانی نێوان بیرۆکە باوەکانی سەبارەت بە جەستە و بیر و باوەڕە باوەکان سەبارەت بە کۆمەڵگا دەکات. گرووپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا هەندێ ئاراستە سەبارەت بە جەستە قبوڵ دەکەن کە لەگەڵ پێگە کۆمەڵایەتییەکەیاندا یەک دەگرێتەوە. (فاتحی، ئه‌بولقاسم، ئه‌خلاسی، ئیبراهیم، 1389) کەواتە “هەموو مرۆڤێک دوو جەستەی لە دۆخێکی سیمبۆلیدا هەیە؛ جەستەی تاکەکەسی (جەستەیی و دەروونی) کە لە کاتی لەدایکبووندا دروست دەبێ و ئەو جەستە کۆمەڵایەتییەی کە لە کاتی ژیان و گەشەکردندا لە ناو کۆمەڵگا و فەرهەنگێکی تایبەتدا سەر هەڵدەدات” (هلمه‌ن، 2007). کەواتە وێنای جەستە لە دەرەوەی کۆمەڵگادا بوونی نییە و بەو پێیەی بنەمای مەعریفە و ناسیاریی مرۆڤ لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگۆڕێ؛ وێنای جەستەش لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگۆڕێت.

8- ئاراستەی یاسایی بۆ وتەزای مافی جەستە

ئاراستەی یاسایی ئاراستەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە کە دوای بڵاوکردنەوەی کۆنوانسیۆنەکانی وەک جاڕناوەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەت کۆنوانسیۆنی جیهانیی مافەکانی منداڵان هەلی گفتوگۆکردن سەبارەت بەو  دابین دەبێت. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم جۆرە کۆنوانسیۆنانەدایە کە بیرۆکەگەلێکی وەکوو “مافی جەستە” مانادار دەبن و خۆیان دەبنە پێوەرگەلێک بۆ لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەی یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتان و لێرەدایە کە پەیوەندیی نێوان ئەندامە سێکسییەکان و شوناسی ئایینی [15]، چەمکی مافی جەستە دەشێوێنێت. لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئەخلاق و مافی منداڵانەوە، لە بنەڕەتەوە بڕینی بەشێک لە جەستەی منداڵ دژی مافی منداڵە و ئەگەر خەتەنە کارێکی پێویست بێ، ئەوا پێویستە تاک لە هەڕەتی گەورەساڵیدا بڕیاری لە سەر بدا و دایک و باوک مافی ئەوەیان نییە کە بڕیارێکی لەو شێوە بدەن و وەها گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە جەستەیدا بکەن. لەم بەشەدا پێگەی مافی جەستە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆنوانسیۆن نێودەوڵەتییە پێوەندیدارەکاندا تاوتوێ دەکرێت.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، داب‌ونەریتێک کە بە پێی تەورات پەیمانی نێوان ئیبراهیم و خوداکەی بووە، وای کردووە نزیکەی یەک چوارەم یان سێیەکی پیاوانی ئەمڕۆی جیهان بەشێک لە ئەندامی زاوزێیان لە دەست بدەن، بە بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن یان لەم بڕیارەدا کەمترین بەشدارییان هەبێت. ئایا ئەم خەتەنە‌کردنە بە شێواندنی جەستە و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان نازانرێت؟

هەموو مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە سەر جەستەی خۆیان بدەن. لەوەتەی بە دەستهێنانی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لە بواری تیۆرییەوە هاتۆتە ناو سیاسەتی حکوومەت و یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە، وردە وردە چەمکی زاڵبوون و خاوەندارێتی بە سەر جەستە هاتە ناو ئەدەبیاتی یاساییشەوە. لە تێگەیشتنی نەریتانە لە مافی کۆنترۆڵی ڕەهای مرۆڤ بە سەر یەکپارچەیی جەستەیی خۆیدا گونجاو نەبوو چونکە جەستەی مرۆڤ بە موڵک و ماڵی نازانرێت. بەڵام بەو پێیەی کە مافی خاوەندارێتی بە سەر جەستە لەگەڵ خاوەندارێتی بە سەر کەلوپەل جیاوازی هەیە، پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جەستەی خۆی هاوشێوەی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ موڵکەکەیدا نییە؛ کەواتە پێویست ناکا بەدوای موڵکێکی ئۆبژەییدا بگەڕێین بۆ ئەوەی پەیوەندیی خاوەندارێتی نێوان جەستەی مرۆڤ لەگەڵ خودی مرۆڤ شیاوی پێناسەکردن بێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەکرێ بڵێین مرۆڤ بە بێ جەستەی پێناسە ناکرێ و جەستەی مرۆڤ و بڕیارەکانی مرۆڤ لە بارەی جەستەی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە؛ مافی ئازادیی تاکیش بە بێ کۆنترۆڵی مرۆڤ بە سەر جەستەی خۆیدا فام ناکرێت.

کەواتە مافی خاوەندارێتی بە سەر جەستە وەک مافی ئازادی و ئاسایشی تاکەکەسی لێک دەدرێتەوە. بە قبوڵ‌کردنی ئەم بنەما حاشاهەڵنەگرە کە مرۆڤ خاوەن مافی ئازادی و ئاسایشی تاکەکەسییە، ئەم مافە وا دەکا کە مرۆڤ لە لایەکەوە لە کۆیلایەتی و جیاکاریی نادادپەروەرانە و ئەشکەنجە و سزای ناورۆڤانە پارێزراو بێ و لە لایەکی دیکەشەوە توانای ئەوەی پێ دەبەخشێ کە کۆنترۆڵی تەواوی بە سەر چارەنووسی خۆیدا هەبێت. بە بێ کۆنترۆڵی مرۆڤ بە سەر یەکپارچەیی جەستەیی و دەروونیی خۆی، مافی ئازادی و ئاسایشی تاکەکەسیی ئەو مسۆگەر نابێت (ره‌ییسی، 1396ی هەتاوی).

یەکێک لە ناوەندە بەنرخەکانی دنیای نوێ زاڵبوون بە سەر دڵەڕاوکێی شکاندنی ئەو تابۆیانەیە کە بە ناوی ئیمامان و پێغەمبەرانەوە خراوەتە میشکی ئیماندارانەوە لە پێناو گەیشتن بە مافەکان. هەندێک لە باوەڕداران توانای ئەوەیان نییە بزانن کە ئایا لێرەدا مافی منداڵەکە ڕەچاو دەکرێ یان نا؟ چونکە وا گریمانە دەکەن کە ماف ئەنجامی ڕاست و نادروست و پێویستی ڕه‌وا و پێویسته و بەو بڕوایە دەگەن کە خەتەنە‌کردنی منداڵ لە بەرژەوەندیی منداڵە، چونکە ماف و مافەکانی منداڵ ئەمە دەخوازێت. دەڵێێ ئایین‌پەروەرەکان بە مانایەکی سەربەخۆ کەمتر بیر لە ماف دەکەنەوە. ئەم جۆرە ڕەفتارانە پێشێل‌کردنی ڕاشکاوی مافەکانی منداڵانە. کون‌کردنی گوێی کچان یان هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی ناپێویست لە سەر جەستە و دەروونی منداڵ پێشێل‌کردنی مافە سەرەتاییەکانیانە کە ڕەنگە بە بێ مەبەست داهاتوویان بگۆڕێ و هەلی هەڵبژاردەی جیاوازیان لێ زەوت بکات. لە ئایینەکاندا شوێنێکی تایبەت بۆ ماف و شوناسی تاکەکەسیی منداڵان کە لە پرۆسەی گەشەکردندا بەدەست دەهێنرێ؛ دیاری نەکراوە. بە گوێرەی مافی جەستە، مرۆڤە دیندارەکان مافی خۆیانە خۆیان خەتەنە‌ بکەن چونکە بە پێی بیر و باوەڕەکەیان خەتەنە نەریتێکە کە لە ڕووی ئاینییەوە بە پێویستی دەزانن، بەڵام تەنیا بۆ خۆیان کە گەورەساڵن نە بۆ منداڵەکانیان.

ئێستا پرسی سەرەکی “منداڵان”ن و پێویستە لانیکەم لە سەر ئاستی جاڕناوەی جیهانیی مافی مرۆڤدا دان بە مافەکانیاندا بنرێ و هەموو بیر و باوەڕ و داوەرییەکان لەم مافانەدا تەسک بکرێتەوە و قبووڵی ئەوەی بکرێ کە منداڵان بەر لەوەی بگەنە تەمەنی پێگه‌یشتن نابێ بە هۆی دەمارگرژیی ئێتنیکی و ئایینی، بە ئازاری ئایین داخ بکرێن یان شوناسێکی ئایینیی دیاریکراویان بۆ دیاری بکرێت (که‌ره‌می، 1397ی هەتاوی). هەروەها بەو پێیەی کە خەتەنەکردن کردەوەیەکی نەگەڕاوەیە و منداڵ قه‌ت ناتوانێ لە تەمەنی پێگه‌یشتندا بە نەشتەرگەری هەستەوەرە پچڕاوەکان بگەڕێنێتەوە، دەتوانین بە دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ بەرەنگاری خەتەنە ببینەوە و بە هەوڵدان بۆ نایاسایی‌کردنی خەتەنەی منداڵان، نەهێڵین منداڵ هەتا گەیشتن بە تەمەنی پێگه‌ێشتوویی و دەسەڵاتی هەڵبژاردن و بڕیاردان خەتەنە بکرێت. بێگومان بە هۆی هەژموونیی ئایین و نەریتەوە گەیشتن بەم قۆناغە چه‌لێنج‌بزوێن و وەخت‌گر دەبێت.

1-8- مافی ته‌ندروستی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچ ئاماژەیەک بە کردەوەی خەتەنە‌ی کوڕان و لە بنەڕەتدا یاسایی یان نایاسایی‌بوونی نەکراوە و ناتوانین لە چوارچێوەی یاسادا تاوتوێی بکەین و خوازیاری هەموار‌کردنی بین. بەڵام مادەی (٢۶٩)ی یاسای سزادانی ئیسلامی کە لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە لایەن دەستەی دادوەری و کاروباری یاسایی په‌ڕله‌مانی شۆڕای ئیسلامی پەسەند کراوە، هاتووە: بڕینی ئەندامێک یان بریندار‌کردنی بە ئەنقەست قیساسی لێ دەکەوێتەوە و بە پێی دۆسیەکە، ئەو کەسەی کە تاوانەکە لە دژی ئەنجام دراوە دەتوانێ لە سەر ئیزنی وەلی ئەمر داوای قیساسی تاوانبار بکات. بەڵام بەو پێیەی کە خەتەنە کارێکی شەرعییە و لە فیقهەوە وەرگیراوە، زۆرێک خەتەنە بۆ کوڕان بە پێویست دەزانن و وەک یەکێک لە مەرجەکانی ئیسلام و موسڵمانان لێی دەڕوانن، هەروەها هەندێک لە فەقێکان بە کارێکی پێویستی ڕه‌وا (مستحب)ی دەزانن کە ئەنجامدانی لە ئەنجام‌نەدانی باشترە. هەڵبەت سەبارەت بە خەتەنە‌کردنی کچان، زۆربەی یاساناسان لەو باوەڕەدان کە ئەم کارە باشە.

بەم پێیە و بە لە بەر چاوگرتنی ئەوەی کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ڕەگ و ڕیشەی شەرعییان هەیە و لە سەر بنەمای ئەم یاسایانە، باوک و باپیری باوکی ئەوەندە کۆنترۆڵی ژیان و ماڵ و سامانی منداڵانیان هەیە کە تەنانەت لە حاڵەتی کوشتنی منداڵدا، ئەو سزایەی کە لە یاسا تاوانکارییەکاندا بۆ کوشتن دیاری کراوە کە قیساسە، لێ‌خۆشبوونیان بۆ دەردەکرێ، چۆن دەتوانین سەبارەت بە خەتەنەکردن و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی بۆ منداڵەکەی باس لە تاوانکاربوونی باوک بکەین؟ باوک لە ڕووی یاساییەوە دەبێ ڕێوڕەسمی موسڵمانانێتی جێبەجێ‌ بکا و لە کاتی خۆیدا کوڕەکانی خەتەنە‌ بکات (په‌راکه‌ند، 2018).

بە لە بەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئێران چووەتە ڕیزی کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە ئەم وڵاتە مافی تەندروستی بە فەرمی ناسیوە و جگە لەوەش لە یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکاندا چەندین بابەت سەبارەت بە تەندروستی و داپەڕی باشتر‌کردن بۆ خەڵک بوونی هەیە. بە پێی پێداگری لە سەر مافی تەندروستی لە دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، بەڵگەناوەی ڕوانگەی ٢٠ ساڵە، بەشی حەوتەمی پلانی چوارەمی گەشەپێدان، یاساکانی پێوەندیدار بە بیمە و مادەکانی ٣٢ هەتا ٣۵ی یاسای پێنجەمی بەرناوەی گەشەپێدان، لەم بەشەدا پێگەی مافی تەندروستی لە دەستووری بنەڕەتیی ئێران و بابەتە پەیوەستەکان تاوتوێ دەکرێن.

– بڕگەی دوازدەهەمی مادەی سێهەم: “حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئاماژەپێکراوەکانی یاسای دووهەم، هەر هەموو تواناکانی خۆی بۆ ئەم کارە وەگەڕ بخات. لە یەکێک لە بابەتە ئاماژەپێکراوەکانی بڕگەی دوازدەهەمدا هاتووە: “بناغەدانانی ئابووریی دروست و دادپەروەرانە بە پێی یاسای ئیسلامی بە مەبەستی دروست‌کردنی خۆشگوزەرانی و نەهێشتنی هەژاری و نەهێشتنی هەر جۆرە بێبەشییەک لە بوارەکانی خۆراک، خانووبەرە، کار و تەندروستی، و گشتاندنی بیمە.

_ بڕگەی دووی یاسای بیست و یەکەم: “حکوومەت دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە بە ڕەچاوکردنی پێوەرە ئیسلامییەکان مافەکانی ژنان ڕەچاو بکا و هەموو کاروبارەکان ئەنجام بدات”. نموونەی ئەم مافی تەندروستییە بریتییە لە “پشتیوانی‌کردنی دایکان، بە تایبەت لە کاتی دووگیانی و سەرپەرشتی‌کردنی منداڵ و پشتگیری‌کردنی منداڵانی هەتیو”.

– مادەی بیست و نۆیەم: بەهرەمەندبوون لە دابین‌کردنی کۆمەڵایەتی لە ڕووی خانەنشینی، بێکاری، پیری، لاکەوتەیی، بێ‌سەرپەرشتی، مانەوە لە سەر ڕێگا، ڕووداو و پێشهات، پێویستی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و چارەسەر و چاودێرییە پزیشکییەکان بە شێوەی بیمە، هتد، مافێکی گشتییە. بە پێی یاساکان، حکوومەت لە شوێنی داهاتی گشتی و ئەو داهاتانەی لە بەشداریی خەڵک بەدەستی دەهێنێ، دەبێ خزمەتگوزاری و پاڵپشتیی دارایی پێشکەش بە یەک بە یەکی تاکەکانی کۆمەڵگا بکات.

_ بڕگەی یەکەمی مادەی چل و سێیەم: “بۆ دابین‌کردنی سەربەخۆیی ئابووریی کۆمەڵگا و بنبڕکردنی هەژاری و بێبەشی و دابین‌کردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ لە ڕەوتی گەشەکردن، وێڕای پاراستنی ئازادییەکەی، ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ئەم پێوەرانەی ژێرەوە دادەمەزرێت” کە لە بڕگەی یەکەمدا نووسراوە: “دابین‌کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان: خانووبەرە، خۆراک، جلوبەرگ، تەندروستی، چارەسەر، پەروەردە و ئاسانکاریی پێویست بۆ پێکهێنانی بنه‌ماڵه بۆ هەمووان”.

بە پێی جەختکردنە سەر ئەو مافە تەندروستییانەی کە باسمان کرد، پێدەچێ ئێران یاساگەلێکی هەبێ کە لە سەر بنەمای ئەوانە دەتوانرێ بڕینی جەستە بە شێوەی یاسایی بەدواداچوونی بۆ بکرێ و سزای یاسایی بدرێت. بەڵام سەبارەت بە حاڵەتی خەتەنەی پیاو کە بەو پێیەی وەک یەکێک لە پێداویستییە ئایینی و فەرهەنگییەکان دادەنرێ، نەک هەر بە تاوان ناناسرێ بەڵکوو پشتگیریشی دەکرێت.

لە یاسای سزادا، مادەی یاسایی‌بوونی تاوان و سزاکان و بەگشتی مادەکانی ٣۶، ٣٧، ١۶۶، ١۶٧، ١۶٩ی دەستووری بنەڕەتیی ئێران و مادەکانی ٢ و ١١ی یاسای سزادانی ئیسلامی، دادگاکان ناچار دەکا کە یاسا بکەنە بنەمای ڕێوشوێن و دەر‌کردنی بڕیارەکان؛ کەواتە دەسەڵاتی یاسا و دادوەری ناتوانێ [وەک یاسای ڕێکاری مەدەنی] لە سەر بنەمای عورف کردنی کارێک یان نەکردنی کارێک بە تاوان لە قەڵەم بدەن یان بە پێی داب‌ونەریت سزا بۆ تاوانێک ببڕنەوە. بە واتایەکی دیکە ئەگەر ئەو کێشانەی کە لە پرۆسەی خەتەنەکردندا دەخرێنە ڕوو لە پرۆسەی خەتەنە و یان خەسارەتە کورت‌خایەن و درێژخایەنەکانی خەتەنە بە تاوان نەناسرێن، یاسادانەر بۆی نییە بەدواداچوون و بڕیار لە سەر ئەو بابەتە بدا؛ بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێتەوە کە بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ جێبەجێ بکرێ و کاریگەر بێ دەبێ توانای سکاڵاکردنیان هەبێ، واتە خاوەن مافەکان ئەگەر حکوومەت یان ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکەن بتوانن بچنە دادگا و سکاڵا تۆمار بکەن و داوای قەرەبوو و غەرامەت بکەن.

بە پێی ئەوەی ئێران لە ساڵی 1976 چووەتە ڕیزی پەیمانناوەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، ئێران دەبێ بە بەکارهێنانی هەموو ئاسانکارییەکان و بە بێ هیچ جیاوازییەک مافەکانی ئەم پەیمانناوە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگاکەی دابین بکات.

ئایا خەتەنە‌کردنی منداڵان لە لایەن دایک و باوکەوە یاساییە، یان دەکرێ کەسێک لە تەمەنی گەورەساڵیدا سکاڵا لە سەر دایک و باوکی تۆمار بکا و داوای دییە بکات؟

لە مادەی 158ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە: “جگە لەو حاڵەتانەی لە مادەکانی پێشوودا ئاماژەیان پێکراوە، ئەنجامدانی ڕەفتارێک کە بە پێی یاسا بە تاوان دادەنرێ لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا سزا نادرێت” کە لە درێژەدا و لە بڕگەی جـ‌دا نووسراوە: “هەر چەشنە نەشتەرگەرییەکی یاسایی یان نەشتەرگەری پزیشکیی ڕەوادار  کە بە ڕەزامەندیی کەسەکە یان دایک و باوکی یان سەرپەرشتیارەکانی یان نوێنەرە یاساییەکانی و بە ڕەچاوگرتنی ستانداردە تەکنیکی و زانستی و سیستمە حکومییەکان ئەنجام دەدرێ، لە حاڵەتە بەپەلەکاندا پێویست بە وەرگرتنی ڕەزامەندی ناکات.”

بە پشتبەستن بە مادەی ١۵٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، دەتوانین بڵێین خەتەنەچییە نەریت‌خوازەکان کە هەندێکیان لە ناوچە دوور و دەستنەکەوتووەکاندا بە بێ ئەوەی سوود لە ستانداردە تەکنیکی و زانستییەکان و سیستەمی حکوومی وەربگرن کار دەکەن، ئەم ئاوارتە نایانگرێتەوە و وەبەر سزا دەکەون.

سەبارەت بەو سزایەی کە ئاماژەی پێکراوە، کە پەیوەندی بە بواری ئایینەوە هەیە، جگە لە مادەی ۶۶٢ کە لە لایەن پسپۆڕانی یاساییەوە ئاماژەی پێکرا بوو، مادەی ۶۶٣ لە یاسای سزادانی ئیسلامیش باس لە هەمان پرس دەکات:

مادەی ۶۶٢- بڕین و لەناوبردنی ئەندامی زاوزێی پیاو هەتا شوێنی خەتەنەکراو و یان زیاتر، وەبەر دییەی تەواو دەکەوێ و ئەگەر کەمتر لە شوێنی خەتەنەکراو بێ بە بەراورد لەگەڵ شوێنی خەتەنەکراو مەزەندە دەکرێ و وەبەر هەمان دییە دەکەوێت.

تێبینیی 1- لەم حوکمەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەندامەکانی جەستەی منداڵ، گەنج، پیر، نەزۆک و ئەو کەسەی کە خاوەن گونی تەندروست یان نوقسان یان بێ‌گونە، بوونی نییە.

تێبینیی ٢- ئەگەر بە لێدانێک هەتا شوێنی خەتەنەکراو لە ناو بچێ و دواتر ئەنجامدەر یان کەسێکی دیکە ئەو بەشەی کە ماوەتەوە یان بەشێکی تری ئەندامی زاوزێ لە ناو ببا ئەوا بە بەراورد لەگەڵ شوێنی خەتەنەکردنەکە پارەی تەواوی بۆ دیاری دەکرێ و لە ئەندازەی زیاتردا بەهاکەی نەگۆڕە.

تێبینیی 3- ئەگەر کەسێک بەشێک لە شوێنی خەتەنەکراو و بەشەکەی تری شوێنی خەتەنەکراوەکە لە لایەن کەسێکی ترەوە ببڕدرێ، هەر کامیان بە پێێ ئەو ڕووبەرەی کە خەتەنەیان کردووە دەستەبەرن و ئەگەر کەسێکیش بەشێک لە شوێنی خەتەنەکردنەکە ببڕی و کەسێکی دیکە ئەو بەشەی کە لە خەتەنەکردنەکە ماوەتەوە بە تەواوی یان بەشێک لە ئەندامی زاوزێ ببڕێ، بە بەراورد بە تاوانی یەکەم، دییە بە قەت ئەو ڕووبەرەی کە لە خەتەنەدا قرتاوە و بەراورد بە تاوانی دووەم، دییە و بڕی زیادەی بڕینی ئەندامی زاوزێ نەگۆڕە.

– مادەی ۶۶٣- بڕینی ئەندامی زاوزێی ئیفلیج یەک لە سەر سێی دییەی تەواو و ئیفلیج‌کردنی ئەندامێکی تەندروست دوو لە سەر سێی دییەی تەواوە، بەڵام لە حاڵەتی بڕینی ئەندامی زاوزێدا یەک لە سەر سێی دییەی تەواو نەگۆڕە.

تێبینی – بڕینی بەشێک لە ئەندامی ئیفلیج بە بەراورد لەگەڵ تەواوی ئەندامی زاوزێ، جا ئەو بەشەی بڕاوە شوێنی خەتەنە بێ یان نا.

هەر کارێک کە تێربوونی سێکسی تێک بدا، بە ڕوونی دژی جەوهەری ئیسلامە. بە پێی کتێبی الفقه المنهجی علی مذهب الامام شافعی کە کتێبێکە لە بواری فیقهی ئیسلامی:

“ئەوەی کە ژن و پیاو توانای سێکسیان هەبێ و چێژی لێ وەربگرن دیارییەکە کە خودا بەخشیویەتی. ئەم توانایە یەکێک لە بەهێزترین غەریزەکان لە ئاژەڵەکاندایە. بە پێی یاسا ئیسلامییەکان، توانای چێژوەرگرتن لە سێکس یەکێک لە ئامانجە گرینگەکانە؛ بۆیە ئەم توانایە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی هەموو مرۆڤەکانە” (ئه‌لخن، ١۴١٣ ک.م).

هەر بۆیە هیچ بە دوور نییە کە ئەم بابەتە گرینگە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە بەرچاو گیرا بێ، بۆ وێنە لە بابەتی هاوسەرگیری و تەڵاقدا، لە بەشی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری لە بڕگەی سێیەمی مادەی ١١٢٢، قرتێنراوبوونی ئەندامی زاوزێی پیاو تا ڕادەیەک کە نەتوانێ سێکس بکا هاوسەرگیرییەکە بۆ ئافرەت هەڵدەوەشێنێتەوە.

بە پێی مادەی ۶۴٧، دییەی شکاندنی بڕبڕەی پشت شی کراوەتەوە کە لە بڕگەی (ب)دا بەم شێوە نووسراوە: “شکاندنی بڕبڕەی پشت، کە بێ کەموکوڕی چارەسەر بکرێ بەڵام ببێتە هۆی لەدەستدانی یەکێک لە سوودەکانی، وەکوو ئەوەی قوربانییەکە نەتوانێ بە ڕێگاوە بڕوا یان دابنیشێ یان توانای سێکسی یان کۆنترۆڵی میز‌کردنی لە دەست بدا، ئەوە دییەی تەواوی دەکەوێت.”

– مادەی ٧٠۶- لە ناوبردنی هێزی ڕەحەت‌بوون یان زاوزێی پیاو یان دووگیانیی ژن یان لەناوبردنی چێژی جووتبوونی سێکسیی ژن یان پیاو وەبەر دییە دەکەوێت.

– مادەی ٧٠٧- لەناوبردنی تەواوی توانای سێکس‌کردن وەبەر دییەی تەواو دەکەوێت.

 ئەگەر خەتەنە بە پێی ستانداردە تەکنیکی و زانستی و سیستمە حکوومییەکان ئەنجام درابێ بەڵام برینی لێ کەوتۆتەوە، بە پێی مادەی ۴٩۵ یاسای سزادانی ئیسلامی:

“هەر کاتێک پزیشک لەو چارەسەرەی کە ئەنجامی دەدا ببێتە هۆی زیان یان خەسارەتی جەستەیی، ئەوە دەبێ دییە بدا مەگەر ئەوەی کارەکەی بە پێی ڕێسا پزیشکی و ستانداردە تەکنیکییەکان بێ، یان ئەوەی پێش چارەسەرکردن لێ‌خۆش‌بوونی بۆ دەرکرابێ و هیچ هەڵەیەکیشی لێ نەوەشابێتەوە و ئەگەر وەرگرتنی لێ‌خۆشبوون لە نەخۆش بە هۆی پێنەگەیشتوویی یان شێتی‌بوونی ئەو منداڵە بایەخی نەبێ یان وەرگرتنی لێخۆش‌بوون لەو کەسە بە هۆی بێهۆش‌کردن و هاوشێوەکانی گونجاو نەبێ، لێ‌خۆش‌بوون لە سەرپەرشتیاری نەخۆشەکە وەردەگیرێت.”

خاڵی گرینگی نێوان تێبینیی یەکەم ئەم مادەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکا کە لە نەبوونی کەمتەرخەمی یان هەڵەی پزیشک لە زانست و کردەوەدا هیچ دەستەبەرییەک نایگرێتەوە تەنانەت ئەگەر لێ‌خۆشبوونیشی وەرنەگرتبێت.

8-2- کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵ

سەرنج‌دانی بە مافەکانی منداڵان بەو پێیەی گرووپێکی خەسارهەڵگرن، توانای بەرگریکردن لە خۆیان و فامکردنی هەندێک چالاکی و دەربڕینی ڕەزامەندیی ئاگادارانەیان نییە یەکجار گرینگە. نابێ ئەوە لە بیر بکرێ کە بەهرەمەندبوونی منداڵ لە مافی تەندروستی هەم کاریگەری لە سەر بەهرەمەندبوون لە مافەکانی دیکە دادەنێ و هەم کارتێکراویشیەتی. ئەگەر کەسێک لە منداڵیدا وەبەر دەستدرێژیی و گێچەڵی جەستەیی بکەوێ و زیان بە تەندروستیی جەستەی بگا لەوانەیە بۆ ماوەیەک لە خوێندن و مافی خوێندن بێبەش بێ، بە هەمان شێوە ئەگەر دیکەی مافەکانی منداڵ وەکوو ڕزگاربوون لە توندوتیژی ڕەچاو نەکرێ، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر مافی تەندروستیی منداڵەکە دادەنێت. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە ڕووداوەکانی ئەم برینە جەستەیی و دەروونییانە تەنیا لە منداڵدا سنووردار نابێتەوە و دەتوانێت کاریگەری لە سەر کۆمەڵگای دەوروبەریش دابنێ، لەوانە ڕاکردن لە ماڵەوە، بەشداریکردن لە تاوانی سێکسی، توندوتیژی دژی منداڵان و هاوسەرەکان و …ئاماژه بکەین.

بەداخەوە کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە یەکێک لە گرینگترین بەڵگەناوە داکۆکیکارەکانی بواری مافەکانی منداڵانە، توندوتیژی پێناسە ناکا و تەنیا لە مادەی ٩دا نموونەکانی هاتووە، بەڵام بە گشتی یەکێک لە وشە سەرەکییە گرینگەکانی پێناسەی توندوتیژی، سەپاندنی زەبرە بابەتێک کە لەم لێکۆڵینەوەدا بە هۆی ئەو یادەوەرییانەی کە لە لایەن ئەو کەسانەی کە دیمانەمان لەگەڵ کردن ئەوە بووە کە لە لایەن کەسانی دیکەوە بە دوایان کەوتوون و یان قاچیان گرتوون بۆ ئەوەی خەتەنەیان بکەن. هەروەها لە مادەی ۵٨ی یاسای منداڵانی ساڵی ٢٠٠۴ لە ئینگلتەرا شرۆڤەیەکی سەرنجڕاکێشی ڕادەی سزای ڕێگەپێدراو دەخاتە ڕوو، کە دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی‌تر بۆ ئەو زیانانەی کە گەورەساڵەکان بە سەر منداڵان و بە تایبەت پرسی خەتەنەکردن دەیسەپێنن سوودی لێ ببینین. بە پێی ئەم مادە یاساییە، هەر زیانێک کە لە لایەن دایک و باوک یان کەسێک وەک سەرپەرشتیار بە منداڵ بگەیێنرێ و زەختەکەی لە سووربوونەوەی پێست زیاتر بێ و یان زیانەکانی زیاتر لە برینداربوونی کەم‌خایەن و سەخت بێ وەک تەمبێ‌کردنێکی ڕێگەپێنەدراو لە قەڵەم دەدرێت.

بە پێی بڕگەی سێیەمی مادەی ٢۴ی ئەم کۆنوانسیۆنە، ئەو وڵاتانەی کە لایەنگری ئەم کۆنوانسیۆنەن لە پێناو نەهێشتنی شێوازە چارەسەرییە نەریتی و خورافاتییەکان سەبارەت بە تەندروستیی منداڵان هەموو داپەڕێکی پێویست و گونجاو دەگرنەبەر. مادەی ٣٩ی ئەم کۆنوانسیۆنە جەخت لە سەر ئەم بابەتە گرینگە دەکاتەوە کە ئەو وڵاتانەی کە لایەنگری کۆنوانسیۆنەکەن هەموو داپەڕ و ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ خێرا‌کردنی چاکبوونەوەی جەستەیی و دەروونی و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتیی ئەو منداڵانەیان  گرتۆتە بەر کە بوونەتە قوربانیی پشتگوێخران، چەوساندنەوە، کەڵکاوەژۆیی، ئەشکەنجە یان دیکەی ئاکارە تونداژۆ و ناورۆڤانە و ڕیسواکەر یان شەڕ و نائارامییەکان. ئەم پرۆسەی چاکبوونەوە و پەیوەستبوون بە کۆمەڵگایە دەبێ لە ژینگەیەکدا ئەنجام بدرێ کە تەندروستی و بڕوابەخۆبوون و کەرامەتی منداڵی لێ بکەوێتەوە.

بە پێی پڕۆژە یاسا پەسەندکراوەکانی سەرەوە، ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە دەبێ چ سیاسەتێک لە دژی خەتەنەکردن بگیرێتە بەر؟ خاڵی گرینگی سەبارەت بە خەتەنە ئەوەیە کە بە بێ‌گوێدانە سوود یان لێکەوتەکانی ئەنجامدانی ئەم کارە، چەندین لێکۆڵینەوە زیانی جەستەیی و دەروونیی ئەم کارە دێرینەیان سەلماندووە، بەڵام ڕوون نییە کە بەرامبەر بەو کارە دەبێ چ ئاقارێک بگیرێتە بەر. ئایا بە پشتڕاست‌کردنەوەی پزیشکان لە سەر ئەوەی کە سوودەکانی خەتەنە لە لێکەوتەکانی زیاترە دەکرێ چاوپۆشی لە زیانە جەستەیی و دەروونییەکانی خەتەنە بکەین و وەک توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵانی کوڕ لێی نەڕوانین؟

خاڵێک کە نابێ لەم ڕووەوە پشتگوێی بخەین چەمکی تافی منداڵی لە سەر بنەمای پێناسە و بەڵگەناوە نێودەوڵەتییەکانە؛ مادەی یەکی کۆنوانسیۆنی جیهانیی مافەکانی منداڵ، هەر کەسێک کە تەمەنی خوار ١٨ ساڵان بە بێ‌گوێدانە ئەوەی لە کوێ دەژی، و سەر بە چ ئایین و نژاد و نەتەوەیەکە بە منداڵ لە قەڵەم دەدرێ و حکوومەتە واژۆکەرەکانی کۆنوانسیۆنەکانی مافەکانی مرۆڤ بەوە پابەند بوون کە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵان دەستەبەر بکەن و بەرەنگاری هەموو ئەو خەسارەتانە ببنەوە کە بە سەر منداڵاندا دەسەپێ، بە پێی ئەم ڕێککەوتنە و هەروەها بەڵگەناوەکانی‌تری مافەکانی مرۆڤ، نموونەی توندوتیژیی دژی منداڵان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا وەک یەکن و چالاکڤانانی مافی منداڵانیش وەک یەکێک لەم نموونانە ئاماژەیان بە خەتەنە کردووە.

یاسای مافەکانی مرۆڤ لەم چەشنە حاڵەتانەدا، ئەم بڕگە یاساییانەی خوارەوە دەخاتە ڕوو (گاتارد، 2003: 76):

مادەی 3: قەدەغە‌کردنی ئەشکەنجە: نابێ هیچ مرۆڤێک ئەشکەنجە، تەمبێ و سووکایەتی پێ بکرێت.

مادەی 8: مافی ڕێزگرتن لە ژیانی تاکەکەسی و یاسایی: هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە ڕێز لە ژیانی تایبەتی و خێزانی و پەیوەندییەکانی بگیرێت. نابێ لە لایەن دام‌ودەزگا حکوومییەکانەوە هیچ دەستێوەردانێک هەبێ مەگەر بە پێی بارودۆخی تایبەت … لە پێناو پاراستنی تەندروستی و ئەخلاق و پاراستنی ماف یان ئازادیی کەسانی تر.

مادەی 9: ئازادیی ئەندێشە، وشیاری و ئایین: هەموو مرۆڤەکان مافی ئازادیی ئەندێشە، وشیاری و ئایینیان هەیە، ئەم مافە بریتییە لە ئازادیی گۆڕینی ئایین یان بیر و باوەڕی مرۆڤ و ئازادبوون لە پاراستنی ئایین یان بیر و باوەڕی خۆی، ئەنجامدانی کاروباری بەندایەتی، وانەبێژی، ڕاهێنان و ڕەچاوگرتن چ بە تەنیا یان لە ناو کۆمەڵگادا لەگەڵ کەسانی دیکە، چ لە سەر ئاستی گشتی یان لە خەڵوەت.

سەبارەت بە مادەی سێیەم وای دانێن کە خەتەنەکردنەکە ئازاری لەگەڵدا بێ (ئازارێک کە بە هۆی بەکارنەهێنانی دەرمانی سڕکەرەوە و گونجاو بێ) و لەوەش گرینگتر منداڵەکە داوای نەکردووە یان نەیویستووە خەتەنە بکرێ  چونکە منداڵەکە کۆرپەلە بووە. سەبارەت بە مادەی هەشتەم کە داکۆکی لە مافی ژیانی تاکەکەسی دەکا؛ بە واتایەکی سادەتر، بە بێ ڕەزامەندیی منداڵەکە خۆی، خەتەنە کراوە کە ئێشی پێ دەگەیێنێ و قازانجی کورتخایەنی ئاشکرای نییە بە شێوەی پەنگراو ئازادییان پێشێل دەکات. بە دوای ئەمەدا پاراستنی ژیانی خێزانیش بە شێوەی دیاری‌کراو بە قبووڵ‌کردن یان ڕەت‌کردنەوەی منداڵ لە لایەن کۆمەڵگەیەکی ئایینی یان نژادیی تایبەت مەرجدار کراوە. کاردای هاوشێوەش لە وەسفی مادەی نۆیەم لە بەر چاو بگرن کە خەتەنەکردن ڕەنگە مەرجێکی پێشوەختە بۆ ئەندامێتی لە هەندێک کۆمەڵگەکان (وەکوو موسڵمان و جوولەکە) بێ کە بە سەر منداڵدا دەسەپێنرێ … ڕەنگە منداڵەکە ئەندامێتیی خۆی لە کۆمەڵگەیەکی ئایینی یان نژادی قبووڵ نەکات.

پێدەچێ هەر چەشنە پەیمانێکی هەڵە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ڕووی داوە. نە تەنیا نۆرمەکانی ناو کۆمەڵگایەکی تایبەت بەڵکوو پێویستیی قبووڵ‌کردنی کەسێک لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا کاریگەری لە سەر خێزان دادەنێت.

بە پێی مادەی پێنجەمی جاڕناوەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ: هیچ کەسێک نابێ بخرێتە بەر ئەشکەنجە یان سزا یاخود هەڵسوکەوتێک کە دڕندانە یان ناورۆڤانە و دژی شان و شکۆی مرۆیی یان هێرشبەرانە بێت.

مادەی حەوتەمی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کەس نابێ تووشی ئازار و ئەشکەنجە یان مامەڵەیەکی دڕندانە و ناورۆڤانە ببێتەوە. بەتایبەت ئەوەی کە تاقیکردنەوەی پزیشکی یان زانستی لە سەر کەسێک بە بێ ڕەزامەندیی ئازادانەی خۆی قەدەغەیە.

هەندێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەو پێیەی کە خەتەنە لە بنەڕەتدا سەرەڕای بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کۆنترۆڵ‌کردنی ئێش وەکوو قەپات‌کردنی دەمارەکانی کۆئەندامی زاوزێ و کرێمی سڕکردن کارێکی ئازاربەخشە، کەواتە جۆرێک ئەشکەنجەدانە. لە ڕوانگەی ئەم تاقمە ڕەخنەگرانەوە، بەو پێیەی کە کۆرپەکان چینێکی خەسارەت‌هەڵگرن و توانای دەربڕینی دەرد و ئازاریان نییە، خەتەنە وەک جۆرێک لە ئەشکەنجە سەیر دەکرێ، وەک هەر نەشتەرگەرییەک کە بە ئەنقەست دەرد یان ئازاری قورسی جەستەیی یان دەروونی، بە سەر کەسێکدا سەپێنرابێ یان بە هۆی هۆی جیاکارییەوە جێبەجێ کرابێت (ساردی، ٢٠١١).

لە ساڵی ١٩٩٧ ئەنجومەنی ئەوروپا لە داڕشتنی کۆنوانسیۆنێکدا سەرکەوتوو بوو کە پەیوەندیی بە ژیانی پزیشکەوە هەیە؛ ئەم کۆنوانسیۆنە لە تاوتوێ‌کردنی ئەو ڕێسایانەی کە پەیوەندییان بە ڕەزامەندیی نەخۆش بۆ چاودێریی تەندروستی، داکۆکی لە ژیانی تایبەتی، مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، کاریگەریی بۆماوەیی بە سەر مرۆڤ، هەڵاواردن، داکۆکی لەو کەسانەی کە بەشداری توێژینەوە زانستییەکانن، لابردنی ئەندام و شانە بایۆلۆژییەکان و بەخشینی ئەندامی جەستەی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت.

یەکەم پرۆتۆکۆڵی زیادکراو بە کۆنوانسیۆن لە سەر بنەمای قەدەغە‌کردنی “هەر چەشنە دەستێوەردانێک کە هەوڵی دروست‌کردنی مرۆڤێک بدا کە لە ڕووی ژنێتیکییەوە هاوشێوەی مرۆڤێکی دیکە بێ، جا چ زیندوو بێ یان مردوو” بێت. بە لە بەر چاوگرتنی ئەوەی کە خەتەنە لە قورئاندا باسی نەکراوە و تەنیا وەک نەریتێک لە پێغەمبەر یان پەیمانێک لە نێوان ئیبراهیم و خودا ئاماژەی پێ کراوە، هەر چەندە خەتەنە بە گۆڕانکارییەکی بۆماوەیی نازانرێ، بەڵام جۆرێک لە پەیڕەو‌کردنی نەریت یان ڕێبازی ئەو پێغەمبەر و ئیمامانەیە کە ئەمڕۆکە لە ژیاندا نەماون بەتایبەت کە ئەم شوێن‌کەوتن و نیشانەکردنە زیاتر ئەو کاتە ڕوو دەدا کە خەڵک توانای دەربڕینی بۆچوون و ڕەزامەندیی خۆیانیان نییە.

بە پێی مادەی ١٨ی جاڕناوەی جیهانیی مافی مرۆڤ:

“هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کەڵک لە ئازادیی بیر و باوەڕ و ویژدان و ئایین وەربگرێ، ئەم مافە ئازادیی گۆڕینی ئایین یان بۆچوون و هەروەها ئازادیی دەربڕینی بۆچوون و ئیمان و هەروەها وانە ئایینییەکان و جێبەجێ‌کردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیش دەگرێتەوە. هەموو کەسێک دەتوانێ بە تەنیا یان بە کۆمەڵ بە شێوەی تایبەت یان گشتی ئەم مافەی هەبێت”.

ئەگەر جوولەکەکان پێیان وا بێ کە خەتەنە‌کردنی پیاوان پەیوەندیی بە ناسناوەی جوولەکەوە هەیە (خەتەنەکردن نیشانەی پەیمانی پیاوێکی جوولەکە لەگەڵ خودایە و دەیکاتە جوولەکە)، کەواتە دەبێ مافی خەتەنە‌کردنی کۆرپەی جوولەکە، کە خۆی لە خۆیدا پێشێل‌کردنی مافی ئازادیی ئایین و جێبەجێ‌کردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانە، قەدەغە بکرێت. بە واتایەکی دیکە خەتەنەکردن وەک نیشانەیەکی ئایینی – ئایین‌زایی لە هەڕەتێکدا کە منداڵ هیچ دەسەڵاتێکی نییە، زیاتر هەوڵی سەپاندنی ئایین یان بیر و باوەڕێکی تایبەت دەدەن تا قبووڵ‌کردنی ئەو ئایین و بیر و باوەڕانە. بەو پێیەی کە منداڵان توانای دەربڕینی ڕەزامەندیی ئاگادارانەیان بۆ کردەوەکانی وەکوو خەتەنە نییە پێگەی ئەوان وەک کەسانێکی خەسارەت‌هەڵگر وا دەخوازێ دژایەتیی ئەم کردەوە بکرێت.

هەندێک کەس کاردای دایک و باوک لە بڕیاردان لە سەر خەتەنە‌کردنی منداڵەکەیان بە پێشێل‌کردنی مافی منداڵ لە سەر جەستەی خۆی زانیوە. لە وەڵامی ئەم ڕەخنەدا، بۆچوونێک هەیە لە سەر ئەوەی کە ئەگەر بمانهەوێ خەتەنەکردن بە پێشێل‌کردنی مافی منداڵ بە سەر جەستەی خۆی بزانین، لە مافی دایک و باوک بۆ سەرپەرشتی‌کردنی منداڵەکانیان کێشەیەکی بنەڕەتی دروست دەبێت. بە قبوڵ‌کردنی ئەو بۆچوونە کە خەتەنەکردن پێشێل‌کردنی مافی منداڵ بە سەر جەستەیە، ئێمە لە ڕاستیدا ڕێگای بڕیاردانی دایک و باوک بۆ هەر چەشنە نەشتەرگەرییەکی  منداڵان قەپات دەکەین. تەنانەت ئەم بابەتە دەتوانێ بۆ بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە منداڵەکە وەک پەروەردە تەشەنە بستێنێت. لەوانەیە منداڵەکە دوای گەیشتن بە تەمەنی پێگه‌یشتن دژ بە دایک و باوکی ناڕەزایەتی دەرببڕێ، بۆچی منتان نارد بۆ قوتابخانە؟ من لەگەڵ ئەمەدا نەبووم. لە کاتێکدا ئەو لەو تەمەنەدا توانای بڕیاردانی لەم بوارەدا نەبووە؛

بۆیە دەکرێ بڵێین گشتاندنی مافی منداڵ بە سەر جەستە سەبارەت بە بابەتی خەتەنە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانێ دەسەڵاتی گشتیی دایک و باوک بە سەر منداڵەکانیان زەوت بکات. لەم حاڵەتەدا سەرەتاییترین پێداویستییەکانی منداڵ واتە تەندروستیشی دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ڕێز لە مافی منداڵ بە سەر جەستەی خۆی بگیرێ، دەتوانین ئەم کارە لە تەمەنێکدا ئەنجام بدەین کە ئەو منداڵە گەیشتبێتە ئاستێکی لە عەقڵانییەت کە خۆشی بتوانێ بەشداری لە بڕیارەکەدا بکات. دەتوانین ئەم کارە بە شێوەی یاسایی ئەنجام بدەین بەڵام بە یاسایی ‌کردنی ئەم مۆدێلە دەتوانێ لابەری زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی دایک و باوک بە سەر منداڵەکانیان، بە کوڕ و کچەوە بێت. ده‌سه‌ڵاتی دایک و باوک به ‌سه‌ر منداڵاندا، هەڵبەت وه‌ک لە په‌یمانناوه‌کانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنی مافی منداڵ قبووڵ کراوه‌، شتێکە کە ئه‌گه‌ر بخرێتە ژێر پرسیار، لە پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌توانێ زیان بە خودی منداڵه‌کان بگه‌یه‌نێت (سادق زاده میلانی، 1397ی هەتاوی).

سیاسەتی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی جەخت لە سەر بەکارهێنانی خەتەنە وەک چارەسەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ئایدز هەتا ساڵی ٢٠٣٠ دەکاتەوە و هەروەها بە پێی یاسای پێویستیی کوتانی ڤاکسەنی دژەزکەڕەقە بۆ ژنان پێش هاوسەرگیری کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٧ پەسەند کرا:

“بۆ ڕێگری لە مردنی منداڵان بە هۆی زکەڕەقە، پێویستە ئافرەتان پێش هاوسەرگیری لەو ناوچانەی کە وەزارەتی تەندروستی و چارەسەر و پەروەردەی پزیشکی ڕایانگەیاندووە بۆ نەخۆشیی زکەڕەقە ڤاکسەن لە خۆیان بدەن. نووسینگەکانی هاوسەرگیری پێویستە پێش هاوسەرگیری مۆڵەتی دروستی کوتانی دژە زکەڕەقە لە ژنەکە وەربگرن و دوای تۆمارکردن، بە ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی مۆڵەتەکە هاوسەرگیرییەکەی بۆ تۆمار بکەن.”

مافی نەخۆشی بە پێی جۆری نەخۆشییەکە، ڕادەی پەتاکە، ئاستی تەندروستیی شوێنی نیشتەجێبوونەکە، تێچووی چارەسەرکردن و ئەو لێکەوتانەی کە لەوانەیە لێی بکەوێتەوە سنووردار دەبێت. لە ئەنجامدا، لەوانەیە بە پێی کارداکانی خەتەنە لە ڕێگری‌کردن لە ڕوودانی هەندێک نەخۆشی بەتایبەت پەتاگەڵێکی وەکوو ئایدز لە ناوچە کەم گەشەسەندووەکانی وەکوو ئەفریقا ڕێگەیەکی جیاواز بگیرێتە بەر ئەگەرچی بۆ ئەم پەتایانە دەرمانیش هەن کە لە هەندێک ناوچەدا بە پێی بڵاوبوونەوەی هەندێک نەخۆشی لەوانەیە ئەم دەوا و دەرمانانە زیاد بکات.

9.کۆمەڵێک لە دەسکەوتەکانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی

بە پێی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە [16] (١۴٠٠ی هەتاوی) کە بە شێوازی چۆنایەتی و بە پێی دیمانەی ئامانجدار لە ناو ژمارەیەک لە ئێرانییە خەتەنەکراوەکان کە لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵاتی ئێراندا دەژین، ئەنجام دراوە، نزیکەی ۶٠ لە سەدی ئەو کەسانەی توێژینەوەیان لە سەر کراوە لە تەمەنی ۵ ساڵ یان کەمتردا خەتەنە کرا بوون. چارتی خوارەوە دابەش‌کردنی فرەیی ئەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوەیان لە سەر کراوە بە پێی تەمەنی خەتەنەکردن نیشان دەدات.

 

چارتی (2) تەمەنی پیاوانی ئێرانی لە کاتی خەتەنەکردن لە ناو کۆمەڵگەی توێژینەوە لە ساڵی ١۴٠٠ی هەتاوی

بە پێی دەرەنجامەکانی وەڵامی تاکەکان بۆ پرسیاری “لە کوێ خەتەنە کراون؟” دەردەکەوێ کە 36 لە سەدیان لە نەخۆشخانە، 24 لە سەدیان لە ماڵەوە، 20 لە سەدیان لە نۆرینگەی تایبەتی پزیشک، 8 لە سەدیان لە کلینیکەکان، 4 لە سەدیان لە بنکەی تەندروستی، نزیکەی 8 لە سەدیان لە شوێنە ناڕوونەکان خەتەنە کرابوون.

چارتی ژمارە (3) تەمەنی خەتەنە‌کردنی کەسانی بەرتوێژینەوەی ساڵی ١۴٠٠ی هەتاوی

تەمەنی خەتەنە‌کردنی منداڵانی کوڕ بە پێی دەرەنجامەکانی توێژینەوە بەم چەشنە بوو: نزیکەی 50 لە سەدی هەموو ئەو کەسانەی کە منداڵەکانیان خەتەنە کردبوو، لە تەمەنی شەش مانگ یان کەمتردا ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ منداڵەکانیان ئەنجام دابوو.

چارتی (4) فرەیی خەتەنە‌کردنی پیاو بە پێی ئایین لە ناو کۆمەڵگەی بەرتوێژینەوەی ساڵی ١۴٠٠ی هەتاوی

 

چارتی (5) فرەیی خەتەنە‌کردنی پیاوان بە پێی ئایین لە ناو کۆمەڵگەی بەرلێکۆڵینەوەی ساڵی 1400ی هەتاوی

 

لەم توێژینەوەدا پرسیار لە کەسانی بەرتوێژینەوە کرا کە “ئایا لەگەڵ خەتەنەکردندایت؟”. بە پێی ئەنجامەکان نزیکەی 80 لە سەدی بەشداربووان لایەنگری خەتەنە بوون.

 

چارتی ژمارە (6) ڕێژەی کەسانی لایەنگر و دژبەری خەتەنە‌کردنی پیاو لە ناو کۆمەڵگەی بەرتوێژینەوە لە ساڵی ١۴٠٠

بە پێی ئەو ئەنجامانەی کە لەم توێژینەوەدا بەدەست هاتوون، تەنیا 50 لە سەدی بەشداربووان ڕایانگەیاندبوو کە منداڵەکانیان خەتەنە کردووە و نزیکەی نیوەیان ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ منداڵەکانیان ئەنجام نەدابوو. بەڵام نزیکەی 55 لە سەدی هەمان ئەو کەسانە، کاتێک پرسیاریان لێکرا کە ئایا بەنیازی منداڵەکەت خەتەنە بکەی؟ وەڵامەکەیان بەڵێ بوو و نزیکەی 45 لە سەدیان وەڵامی نەخێریان دابووەوە.

 

چارتی (7) فرەیی خەتەنەنە‌کردنی کەسانی دەوروبەر لە ناو کۆمەڵگەی بەر توێژینەوە لە ساڵی 1400ی هەتاوی

لە ناو هەموو دیمانە لەگەڵ‌کراوانی ئەم توێژینەوە، تەنیا یەک کەس ڕایگەیاندووە کە کەسێک دەناسێ کە خەتەنە نەکراوە.

10- ده‌ره‌نجام

خەتەنە وەک یەکێک لە کۆنترین نەشتەرگەرییەکانی جیهان، نەریتێکە کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ میسری کۆن و لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینە ئیبراهیمییەکان هاتە ناو ئایینەوە. پەیڕەوانی ئایینی جوولەکە ئەم کارەیان بە نیشانەی چوونە ناو ئایینی جوولەکە دەزانی و شوێنکەوتووانی ئایینی ئیسلامیش سەرەڕای ئەوەی لە قورئاندا هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ خەتەنە نییە، بە پشتبەستن بە نەریت و فەرموودە، بە پەیڕەو‌کردنی نموونەی ئایینی جوولەکە درێژەیان بەم نەریتە داوە. بەڵام خاڵی گرینگ و سەرنج‌ڕاکێش ئەوەیە کە هەندێک لە شوێنکەوتووانی ئایینی جوولەکە خەتەنەکردن بە پێویست نازانن و زۆربەی ڕێبەرانی ئایینیی ئیسلامیش خەتەنە بە ئەرکێکی تایبەتی تاک دەزانن نەک دایک و باوکی. جیا لەوە لە ڕاپرسییە ئەنجام‌دراوەکانیشدا باش دەزانین کە زۆرێک لە ڕێبەران جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە دەتوانرێ خەتەنە هەتا تەمەنی پێگه‌یشتن و بەگشتی هەتا کۆتایی ژیانی کەسێک ئەنجام بدرێت.

پشتبەستن بەم جۆرە پرسە گرینگانە و ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکە ئایین‌پەروەرەکان کە پێویستیان بە خەتەنە‌کردنی منداڵەکەیان نییە و دەتوانن منداڵەکەیان سەرپشک بکەن کە لە تافی گەورەساڵیدا خۆیان بڕیار بدەن، دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە  ڕەچاو‌کردنی بنەما ئاینییەکان بێ و بەفەرمی‌ناسینی ماف ئازادی و هەڵبژاردنی ئایین بۆ ئەو منداڵە لە قەڵەم دەدرێت. کۆئەندامی زاوزێی جەستەی منداڵ هی ئەو منداڵەیە و خەتەنە‌‌‌کردنی منداڵ بە بێ هەڵبژاردن و دەسەڵاتی ئەو، پێچەوانەی مادەی ١۶ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵە کە وڵاتانی جیهان بە ئێرانیشەوە بەڵێنیان داوە پابەندی بن. پشتبەستن بە بەڵگەناوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو کۆنوانسیۆنی جیهانیی مافەکانی منداڵ و بەکارهێنانی ئەو توانایانەی کە لە یاسا ناوخۆییەکانی وەک یاسای پاڵپشتیی منداڵان و مێرمنداڵاندا هەیە، دەتوانین بەربەستە نەریتی و ئایینییەکانی بەردەم ئەم کارە لا ببەین یان هەمواری بکەینەوە و سنووری توندوتیژیی به‌رامبه‌ر بە منداڵان و زیان‌پێگه‌یاندنیان لە ڕه‌هه‌ندێکی فراوانتردا بخەنە بەر تیشکی سەرنج.

جیا لەو کاردا ئایینییانەی کە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی خەتەنەوە هەیە هۆکاری دیکەش هەن کە درێژە بە مانەوەی ئەم نەشتەرگەرییە دەدەن، وەکوو: کاردای تەندروستی و پزیشکی و جوانی‌ناسیی خەتەنە، کاردا کۆمەڵایەتی و کاردا ئابوورییەکان. لە بواری کاردا تەندروستی و پزیشکییەکانی خەتەنە ڕۆڵی ئەم کارەیان لە پارێزراو‌ی لە هەمبەر نەخۆشیگەلێکی وەکوو ئایدز، شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ و هەو‌‌کردنی میزدا تاوتوێ کردووە. لە ڕوونکردنەوە کاردا کۆمەڵایەتیەکاندا دەتوانین ئاماژە بە قبوڵکرانی ئایینی و نەتەوەیی، شوناس‌بەخشی جێندەری بە پیاوان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پیاوان بکەین و لە ڕوون‌کردنەوەی ئاراستە ئابوورییەکانی خەتەنەدا دەتوانین خەتەنە وەک پیشە و هەروەها هۆکارە بازرگانییەکانی بەردەوام‌بوونی خەتەنە و مافیای پزیشکیی سوودمەند لە حاڵەتەکانی وەکوو پەرەسەندنی نەشتەرگەریی جوانکاری لە سەر کۆئەندامی زاوزێ لە قەڵەم بدەین.

هەر چەشنە گۆڕان و چاکسازیی یاساکانی ئێران بە ئامانجی کەم‌کردنەوەی ئەم خەسارەتانە، هەنگاوێکی ڕوو لە پێشە. سەرباری ئەوەی یاسا بە تەنیا ناتوانێ کاریگەر بێ بەڵام لەبەر سروشتە فەرهەنگ‌سازەکەی دەتوانێ لە درێژماوەدا کاریگەریی دڵخوازی هەبێ و کۆمەڵگا بخاتە سەر ڕێچکەیەکی مرۆڤانەترەوە.

وەک دەرەنجامەکانی توێژینەوە ئاماژەی پێ دەکەن، ئەنجامدانی خەتەنە لەو کۆمەڵگایانەدا بەردەوامە کە هەم نەریتەکان دەسەڵاتی بێ‌بەدیلیان هەیە و هەم ئایین بە سەریاندا زاڵە، ئەو بەستێنەی کە ئایین و نەریت بۆ سوودمەندانی خەتەنە دابینی دەکا وای کردووە وشیاریی گشتی لەو بارەوە بڵاو نەبێتەوە و دەرەنجام و لێکەوتە لاوەکییەکانی ئاشکرا نەبێت. لە ڕاستیدا هەتا ئێستا ڕەوتی ئازادانەی زانیاری دروست نەبووە و کۆمەڵگا لە مەڕ تەنیا خاڵە ئەرێنییەکانی خەتەنە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ڕیکلامی بەرفراوان بۆتەوە بەڵام زانیاریی کەمتر لە سەر خاڵە نەرێنییەکانی بڵاو دەکرێتەوە. گۆڕین و چاکسازیی لە ڕوانگە لە کۆمەڵگایەکی ئاوادا کە دەنگی لایەنگرانی خەتەنە و سودمەندەکانی زۆر لە نەیارانی خەتەنە بەرزترە، زۆر ئەستەم و درێژخایەنە. لەم ئاراستەدا دەور و پشکی چالاکڤانان، ئێن‌جی‌ئۆکان و کۆمەڵگەی مەدەنی گرینگییەکی زۆری هەیە. ئەوان هەوڵ بۆ تێکشکاندنی ئەو تابۆیانە دەدەن کە مافەکانی منداڵانی کردۆتە ئامانج، داخوازییەکانیان لە دامەزراوە بەرپرسەکان، دەسەڵاتداران و یاسادانەران دەتوانێ ببێتە هۆی پەسەند‌‌‌کردنی یاسای داکۆکیکارانە بۆ مافەکانی منداڵ و هەروەها سووڕانەوەی ئازادانەی زانیارییەکان لە ناو کۆمەڵگادا.

11- میکانیزمی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی زیانەکانی خەتەنە‌ی پیاوان

1- ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌کردنی مێینه‌ ده‌توانین بۆ کوڕانیش بە کار بێنین و ڕێکخراوە مه‌ده‌نییه‌کان و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و چالاکڤانانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانن لە پاڵ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌کردنی کچان خه‌ته‌نه‌کردنی کوڕانیش ڕوون بکەنەوە و فەکووس بخەنە سەری. هەنگاوی یەکەم دەتوانێ شەشەمی مانگی شوباتی (فێبریوێری) هەموو ساڵێک بێ کە بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە‌ی ژنان ناوزەد کراوە و چالاکڤانانی مەدەنی و مافەکانی ژنان دەتوانن ئەم ڕۆژە بۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە‌ بگۆڕن و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا بەرەنگاری هەر جۆرە خەتەنە‌کردنی کوڕان و کچان ببنەوە یان کەمپەین و هەڵمەتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کارە دەست پێ بکەن.

2- وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ک ده‌زگای فه‌رمیی ته‌ندروستی و دەرمان لە ئێران هاوشێوەی وڵاتانی دیکە دەبێ هەتا ئەو کاتەی کە لە لایەن دامه‌زراوە نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ئێران سه‌باره‌ت بە قه‌ده‌غه‌کردن یان قەدەغەنە‌کردنی ئەم کارە هەڵوێستێک نەگیراوە لە پەیڕەوناوە و ڕێنماییەکانی پەیوەست بە خەتەنە ڕوانگە جیاوازەکان بە لایەنگر و نەیارەوە لە بەرچاو بگرێت. ئەو شکۆ و مەزنایەتییەی کە وەزارەتی تەندروستی بە شێوەی فەرمی بەم کارەی داوە و ئەو مۆڵەتانەی کە بۆ دامەزراندنی ناوەند و کلینیکەکانی دەیدا پیشان دەدا کە هیچ بڵاوکردنەوەی ئازادانەی زانیاری لە ئارادا نییە. پێویستە سیاسەتی وەزارەتخانەیی بەو ئاراستەدا بڕوا کە خەڵک دەستڕاگەیشتنێکی تەواو و گشتگیریان بە زانیاریی پزیشکیی دروست و ڕاستگۆیانە هەبێ و لە سەر بنەمای ئەم زانیارییە گشتگیرە بڕیارێک لە بارەی خەتەنە‌کردنی منداڵەکانیان بدەن. هەروەها کۆمیسیۆنی تەندروستی و پزیشکیی په‌ڕله‌مانی شۆڕای ئیسلامی دەتوانێ لە وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوونی بۆ ئەم داواکارییە بکات.

3- ڕێکخراوی چاکژیانەوە (بێهزیستی) وەک سەرپەرشتیاری سەرەکیی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان لە ئێران دەبێ بە ڕەچاگرتنی ستانداردە تەندروستییە جیهانییەکان کە هەڵگری تەندروستیی دەروونی و جەستەیین، جگە لە پێشکەش‌کردنی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و تەندروستی بۆ دایک و باوک، پێویستە لە ڕێگەی بەرگری لە مافەکانی منداڵان بچێتە ناو بابەتەکەوە و بە پێی بۆچوونی پسپۆڕان و شارەزایان ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی زیان و لێکەوتەکانی خەتەنە بخەنە ڕوو. دەتوانین بڵاوکردنەوەی زانیاریی نوێ و گشتگیر سەبارەت بە خەتەنە و مافەکانی منداڵان و هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی گشتی وەک ئەرکەکانی ئەم دامەزراوە پێناسە بکەین.

4- ئەنجومەنە زانستی و ئاکادیمییه‌کان دەبێ گرینگی به‌م بابه‌تە بده‌ن و لە دیوی جیاوازه‌وە شرۆڤە و تاوتوێی بکه‌ن، به‌و پێیه‌ی کە ئەنجامە توێژینه‌وه‌کان لە به‌ڵگە زانستی و توێژینه‌وەییە‌کان وه‌رگیراوه‌، یاسادانه‌ران و ده‌سەڵا‌تداران ده‌توانن وه‌ک پەیڕەوناوەی کارگێڕی بیقۆزنەوە. بەڕێوەبردنی سیمینار و کۆنفرانسی زانستی و کۆکردنه‌وه‌ی وتار و لێکۆڵینه‌وە و تێز له‌ سه‌ر بابه‌تی خه‌ته‌نه‌ لە ڕوانگه‌ی پزیشکی و ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و یاساییه‌وە له‌و داپەڕ و ڕێکارانه‌ن کە ده‌توانرێ بگیرێته‌به‌ر و کۆمه‌ڵگا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زانستییانە بۆ ئه‌م بابه‌تە بە دوور لە هه‌ر چەشنە دەمارگرژییەک ئامادە بکات.

5- چالاکڤانانی کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکڤانانی مافەکانی منداڵان دەبێ بایه‌خێکی تایبه‌ت بە ڕۆڵی کاریگه‌ری خۆیان لە ئاگادارکردنه‌وە و ڕۆشنبیرکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی گشتی بده‌ن و بە زانینی ئەوەی کە هه‌ندێک جار یاساکان ئه‌گه‌ر ڕێگر بوون، لە دوای کۆمه‌ڵگان‌، پێویستە بێنە پێشه‌وە و به دەر‌هێنانی ئەم بابەتە لە کون و قوژبنەکان، بوار بۆ وتووێژ لە سەر ئەم بابەتە خۆش بکەن.

سەبارەت بە نووسەر

کامیل ئەحمەدی، توێژەر و مرۆڤناس، پسپۆڕی شێوازەکانی توێژینەوە و خاوەن بڕواناوەی ماستەری خەڵک‌ناسیی کۆمەڵایەتی، زانکۆی کێنت – ئینگلتەرا هه یه و براوەی خەڵاتی «ناوووس» لە زانکۆی یاسای لەندەن لە بنیاتی ماف (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی»ـی بنیاتی جیهانیی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵانه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی لەژێر ئەم ناوانە چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب‌و‌نەریتی مێزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران) کە لە لایەن Uncut Voices Press-Oxford و چاپخانەی شیرازە چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران) لە Nova Science Publisher, Inc., New York 2017  بڵاو بۆتەوە؛

ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە/ هاوسەرگیریی کاتی لە ئێران) کە دەقە فارسییەکەی لە لایەن چاپخانەی شیرازە بڵاو بۆتەوە و چاپخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کردووە؛

ماڵێک بە درگای ئاواڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە ئێران)؛

– توێژینەوەیەکی دیکە بە ناوی تاڵانی منداڵی کە لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان ئەنجام درا کە بابەتی زبڵگەڕیی منداڵانی لە تاران تاوتوێ کردووە و لە ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسیی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان لە ئێران) کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

– توێژینەوەیەکی ناوبراو لەژێر ناوی لە سنوورەوە هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران) کە 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە کە هەندێ وتاریشی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوە و چاپ کراوە و لەم ماوەی دواییدا لە لایەن چاپخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان  که لە لەندەن چاپ کرا.

 توێژینەوەکان لە ماڵپەڕی خۆی دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com/kurdi

Social functions of male/boy circumcision in the world and Iran

Sociological exploration of circumcision from a cultural and religious point of view

Kameel Ahmady

Abstract

Researchers consider the geographical origin of circumcision to be around the Nile River in ancient Egypt and its time more than two thousand years ago. In addition to religious beliefs, which, as the main factor, plays an essential role in the prevalence of circumcision, geographical and regional characteristics and international relations should not be ignored in the stabilization and expansion of this issue. In the texts, documents and ancient works of Iran, there is a sign that women and men are circumcised; Does not exist. Therefore, it is clear from the available evidence that before the advent of Islam, circumcision was not performed in Iran and this tradition became popular with the arrival of Islam in Iran. In traditional societies, performing an operation on a private part of a child’s body is performed along with a special ritual to enter the adult stage, but in contemporary society, every person under the age of 18 is considered a child, and any change in his body without the involvement and permission of the child is not only a violation of rights. It is a child, but it is also anti-educational in nature. Male circumcision, as an issue related to children and children’s rights, is directly related to harmful social culture and traditions, which for various religious and cultural reasons is considered less harmful, therefore it has received little attention from scientific and research fields. This article tried to analyze and understand the historical, traditional, religious and health contexts of circumcision of boys/men with a corrective and awareness-raising approach in order to enlighten the present and future generations by showing the many dimensions of this phenomenon focusing on the rights of the child. This action should inform so that human capitals and future makers of the society do not get caught in the maze of blind cultural traditions and false propaganda of the economic mafia and the hegemony of religion. For this purpose, apart from documentary and library studies and using field research with a qualitative approach to evaluate the experiences of participants based on targeted interviews among a number of circumcised Iranians living inside and outside the country, as well as interviews with some experts and scientific experts. paid . The result of this is that in Islam and Judaism, circumcision has found an obligatory and shari’a position among its followers. Historically, male circumcision has also been associated with religious practices and ethnic identity. Apart from the religious pressures associated with performing circumcision, there are other reasons that encourage the continuation of this practice, such as: health and medical and aesthetic functions, social functions and economic functions.

Keywords: male/boy circumcision, social function, culture and religion, sociological approach, Iran and the world

سەرچاوەکان

  1. آزاد،حسن،(1377)، گوشه‌هایی از تاریخ اجتماعی ئێران: پشت پرده‌های حرمسرا،ناشر: انزلی.
  2. اکرلاف، جرج؛ کرانتون، راشل (1395)، اقتصاد هویت، ترجمه مهدی فیضی، انتشارات نگاه معاصر.
  3. اصلانی، سیاوش(1397)، حق بر سلامت: تاثیر موازین بین المللی در حق بر سلامت به عنوان یکی از مصادیق حقوق بشر در حقوق عمومی ئێران، انتشارات آیدین.
  4. ئەحمەدی، کامیل و هاوکاران (۲۰۲۲). تیغی نەریت بە ناوی ئایین. توێژینەوەیەکی دیاردەناسانە سەبارەت بە خەتەنەی کوڕان یان پیاوان لە ئێران. چاپەمەنیی ئاڤای بووف، دانیمارک.
  5. ئەحمەدی ، کامیل (1394 هەتاوی)، بە ناو نەریت: توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ئێران، چاپخانەی شیرازە.
  6. ئەحمەدی، کامیل (1394 هەتاوی)، توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان و کچان لە ئێران، چاپخانەی شیرازە.
  7. اربابی، امیرهوشنگ (1379)، ختنه نوزادان با پلاستی بل، مزایا و عوارض آن: بررسی هفت ساله در زایشگاه شهید اکبر آبادی تهران، مجله دانشگاه علوم پزشکی ئێران، سال هفتم، شماره 21.
  8. اسلامی، رضا؛ آجلی لاهیجی، مهشید، (1394)، چالش‌های توسعه اجتماعی در نظام بین‌المللی حقوق بشر، با تاکید بر حق بر آموزش، حق بر بهداشت و رفع فقر، فصلناوه تحقیقات حقوقی، شماره 74.
  9. بیتس، دانیل،(1385)،انسان شناسی فرهنگی،ترجمه محسن ثلاثی،تهران:انتشارات علمی.
  10. پارسا فرزاد ، ریبوار، یوسف پناه. 1391. بررسی حکم ختنه در فقه مذاهب اربعه اهل سنت. وزارت علوم، تحقیقات و فناوری دانشگاه کردستان .دانشکده ادوبەیات و علوم انسانی
  11. پراکند، مهناز، (2018) تسلط شرعی پدر مانع تقویت قوانین ضد ختنه در ئێران، مجله حقوق ما.
  12. توحیدی، ابوحیان، (1964)،البصائر و الذخائر،دمشق.
  13. دانش پژوه، محمد تقی. (1325)،مجله جلوه آبان و آذر . شماره 15 و 16.
  14. درگاهی، مهدی(1395)، واکاوی محدوده و قلمرو”قاعده سلطنت” نسبت به سلطه انسان بر اعضای بدن، فصلناوه علمی پژوهشی فقه و اصول، سال 48، شماره پیاپی 105، صفحه 64-45.
  15. ذکائی، محمدسعید، (1387) ،جامعه شناسی جوانان ئێران، تهران، انتشارات آگه.
  16. رید، ائولین،(1363)،انسان در عصر توحش، ترجمه محمود عنایت، تهران:هاشمی.

. 16روح الامین، محمود،(1364)، انسان‌شناسی، تهران: زمان.

. 17رئیسی، حسین،(1396)، بدن من حق من: درآمدی بر حق مالکیت بر بدن، ماهناوه خط صلح.

. 18سعیدی، محمد حسن، (1390)، رسم ختان، نشریه ناوه انسان شناسی، پیاپی 13، 57-70.

. 19صفایی، سهیلا و عباسی، محمود و محقق داماد، مصطفی،(1393)،بررسی اصل احترام به خودمختاری در منابع فقهی،چهارمین همایش ملی اخلاق و آداب زندگی، زنجان،

. 20طباطبایی، سید محمد حسین (1386)، ترجمه تفسیر المیزان (جلد پنجم)، ترجمه حجه الاسلام والمسلمین سید محمد باقر موسوی همدانی، دفتر انتشارات اسلامی.

. 21فاتحی، ابوالقاسم، اخلاصی، ابراهیم، (1389)، “گفتمان جامعه شناسی بدن ” ، فصلناوه معرفت فرهنگی اجتماعی، سال اول، شماره دو،

. 22فروید، زیگموند، (1348)، موسی و یکتاپرستی،ترجمه قاسم خاتمی،نشر جامی.

. 23فرزانه،حمیده،(1387)،زنان و فرهنگ بدن: زمینه های انتخاب جراحی های زیبایی در زنان تهرانی، مطالعات فرهنگی و ارتباطات، شماره 4 سال یازدهم، ص45-61.

. 24فلور،ویلم(2010)،تاریخ اجتماعی روابط سکسی در ئێران،ترجمه محسن مینو خرد، نشر اینترنتی.

. 25قشیرى نیشابورى، ابوالحسین، مسلم بن حجاج بن مسلم ،(1412)،صحیح مسلم،قاهره: دار الحدیث.

. 26کاظمی، سیمین،(1398) بدن آرمانی، مردانگی و جامعه میسرفی، سخنرانی در انجمن جامعه شناسی ئێران.

. 27کرمی، اکبر،(1397)،ختنه فریضه مذهبی یا نقض حقوق کودک ، مصاحبه با رادیو فردا.

. 28گیدنز، آنتونی،(1376)، جامعه شناسی،ترجمه منوچهر صبوری، تهران:نشر نی.

. 29مورگان، هنری،(1371) جامعه باستان، ترجمه محسن ثلاثی، تهران:پژوهشگاه.

. 30مجلسی، محمد باقر بن محمد تقی ، (1362)،حِلیهالمتقین، تهران: بی تا.

. 31محسنی، منوچهر، (1385) ، جامعه شناسی بدن،تهران: طهوری.

. 32نجفی ، محمدحسن . (1386 )، جواهر الکلام، ج31 ،چاپ پنجم، ناشر اسلامیه.

. 33یوسفی اشکوری، حسن،(1397) ختنه پسران و حقوق کودک مجله حقوق ما:، شماره ۷۸.

. 34قرآن

. 35تورات

. 36اعلامیه جهانی حقوق بشر

. 37سازمان بهداشت جهانی

. 38مراسم ختنه، موجود در: ڕێکەوتی دەستڕاگەیشتن۳۰/۳/۱۳۹۹

https://www.bbc.co.uk/religion/religions/judaism/jewish

39.BBC

40.Lukobo M, Bailey RC. Acceptability of male circumcision for prevention of HIV infection in Zambia. AIDS Care, 2007, 19(4):471–477.

41.Mattson CL et al. Acceptability of male circumcision and predictors of circumcision preference among men and women in Nyanza Province, Kenya. AIDS Care, 2005, 17(2):182–194.

42.Goldman, Ronald,(2016), Circumcision: The Hidden Trauma, Jewish Circumcision.

 دابەزاندن PDFی وتار