کامیل ئەحمەدی نووسەر و توێژەری کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا

نووسەر و توێژەرێکی کورد کە هاوکات هاووڵاتیی ئێران و به‌ریتانیایە، لەلایەن هێزە ئەمنییه‌کانى حکوومەتی ئێران لە ماڵی خۆی لە (تاران)ى پایته‌ختى ئێران ده‌ستگیر کرا.

ماڵپه‌ڕى (هه‌نگاو) بۆ مافه‌کانى مرۆڤ بڵاوى کرده‌وه‌، کامیل ئەحمەدی، نووسەر و توێژه‌رى کورد، لەلایەن هێزە ئەمنییه‌کانی حکوومەتی ئێرانەوە لە تاران دەستگیر کراوه‌ و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووه‌ته‌وه‌.

شەفیق ڕەحمانی، هاوسه‌رى کامیل ئەحمەدی لە هه‌ژمارى تایبه‌تیی خۆى، له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیی (ئینستاگرام)، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕای گەیاندووە: “دادگاى ئه‌منیی به‌ندینخانه‌ى ئه‌وین بۆ ماوەی یەک مانگ بڕیاری دەستگیرکردنى کامیل ئەحمەدی دەرکردووە و هیچ زانیارییەکمان لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنه‌که‌ى پێ نەدراوە”.

کامیل ئەحمەدی، توێژەرێکه‌ کورده‌ و خەڵکی شارى (نه‌غه‌ده‌)ى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌، هاوکات هاووڵاتیی به‌ریتانیایە کە ئێستا لە چوارچێوەی چالاکیی مرۆڤناسی و بواری کۆمەڵایەتی و بوارەکانی پەیوەندیدار بە فەرهەنگی ناوچەیی، کۆچبەری، منداڵان و ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات و لە بواری ڕاگەیاندنیشدا ئەزموونی زۆری هەیە.

ئه‌و توێژه‌ره‌ ساڵی 2017 توانی خەڵاتی (IKWRO) به‌ده‌ست بهێنێت، که‌ هەر ساڵە بە یەکێک لە توێژەر و نووسەرانی بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدرێت.

کامیل ئەحمەدی ساڵی رابردوو بەهۆی لێکۆڵینەوە و چالاکییە پەروەردەییەکانی لە بواری منداڵان و کەمینەکان، خەڵاتی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی ڕێکخراوی جیهانیی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن پێ بەخشرا.

منبع: بزووتنه‌وه‌ی کۆماریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان