تاوتوێی خەسارناسانەی بڕیاری مەحرەمێتی هاوسەرگیری کاتی (مسیار) له ئێران

دابەزاندن PDFی وتار

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوخته

به گوێرەی یاسا و فیقهی ئیسلامی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و کاتی، تاکه شێوازەکانی هاوسەرێتی له ئێرانن. بەشێک له هاوسەرگیریی کاتی له چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی له بەشە نەریتییەکانی کۆمەڵگادا باوه. یاسا له بارەی بڕیاری مەحرەمێتی که ڕێخۆشکەری هاوسەرگیریی پێشوەختەیه و لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەربڵاوی بەتایبەت بۆ کچان هەیه، بێدەنگی هەڵبژاردووه و چاودێری به سەردا ناکات.

ئەو لێکۆڵینەوانەی که هەتا هەنووکه ئەنجام دراوه، زیاتر بۆ داکۆکیکردن له سەر هاوسەرگیریی کاتی بووه و بە شێوەی بەربڵاو ئەم دیارده کۆمەڵایەتییەیان تاوتوێ نەکردووه. لەم توێژینەوەدا بۆ یەکەم جار، بنەمای مێژوویی، ئایینی، یاسایی و کۆمەڵایەتی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی لێک دەدرێتەوه. هەروەها به کەڵک وەرگرتن له ئاراستەی چۆنایەتی و چەندایەتی و به کارهێنانی شێوازی پێش زەمینەدۆزی، ئەم دیارده له سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان له ساڵانی 1395 – 1396 به شێوەی گشتگیر خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه دەریدەخا که ڕابواردن‌خوازی و ئاسانکردنی مەرجەکانی منداڵ‌هاوسەری دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتین که  دەبێتە هۆی بەدناوی بەتایبەت بۆ ئافرەتان و بێچمگرتنی زەینییەتی نەرێنی پیاوان بەرامبەر به هاوسەرگیریی هەمیشەیی. لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوه دیوه ئاشکرا و شاراوەکانی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی به بێ ڕوانگەی لاگرانه و به شێوەی زانستی لێک بدرێتەوه بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی ڕوون و ورد له بارەی ئەم دیارده کۆمەڵایەتییه بێته دی و ڕێکارێکی بنەمایی و واقیع‌بینانه بخرێته بەر دەم بەرپرسانی جێبەجێکار و یاساداڕێژ. هیوادارین به پێی ئەم ڕێگە چارانە، ناوەندی هاوسەرگیریی کاتی له ئێران له سۆنگی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوه ڕێک بخرێتەوه، به جۆرێک مافەکانی ئافرەتان و منداڵانی تێدا پێشێل نەکرێ، بنیاتی بنەماڵه و پێگەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بپارێزێرێت.

وشه کلیلییەکان: هاوسەرگیریی کاتی، سیغە، بڕیاری مەحەرەمێتی، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، ژنان

ئارەزووی سێکسی یەکێک له ئارەزووە سەرەکییەکانی مرۆڤه که دەبێ به دروستی و به دوور له درێغی و توندڕەوی تێر بکرێت. ئەگەر ئەم خواسته به تەواوەتی سەرکوت بکرێ یان تێرکردنی به لاڕێدا ببرێ و تووشی کێشه بێ، ئەوه کەسەکه له حاڵەتی هاوسەنگی و گووران دەترازێ و له ژیانیدا کۆمەڵێ کێشەی بۆ ساز دەکا و دەبێته هۆی نەخۆشی ڕۆحی و دەروونی و تەنانەت جەستەیی. نۆڕمه سێکسییەکان له هەموو کۆمەڵگاکاندا هەن.

ئەم نۆڕمانه هەندێ کارکردی پەیوەندیی سێکسی پشتڕاست و هەندێکی دیکه ڕەت دەکاتەوه. ڕفتاری سێکسی مرۆڤ هەمیشه ماناداره و ئەندامانی کۆمەڵگا له ڕەوتی به کۆمەڵایەتیبوونیاندا فێری ئەم نۆڕمانه دەبن. بەم پێیه ڕفتاره سێکسییه قبووڵکراوەکان له کەلتوورێکدا لەگەڵ ڕفتاره سێکسییه قبووڵکراوەکانی کۆمەڵگایەکی دیکه فەرقی هەیە. و ئەمه ئەوه پیشان دەدا کە مرۆڤ له کەلتووری خۆیدا فێری کاردانەوەی سێکسی دەبێت.

له مێژووی دوو هەزار ساڵەی ڕۆژاوا، پاڕادایمگەلی جۆراوجۆر به سەر کەلتووری سێکسیدا زاڵ بووه. کۆنترینیان گومانی ئایینیی / ئەخلاقییه که له وانەکانی ئایینی مەسیحییەوه سەرچاوەی گرتووه و له بنەڕەتەوه له سەر بناغەی به تاوان‌زانینی دامرکاندنی ئارەزووی سێکسی له دەرەوەی چوارچێوەی باو (هاوسەرگیری) و هەوڵ بۆ ڕەتکردنەوه یان کۆنتڕۆڵی خەستی ئارەزووی سێکسی ڕەگی داکوتاوە. هەتا سەرهەڵدانی سەردەمی ڕۆشنگەری، واته سەدەی هەژدەهەم، بەردەوام گومانی ئایینی – ئەخلاقی به سەر پەیوەندییه سێکسییەکاندا باڵادەست بوو.

بەڵام له سەدەی نۆزدەهەم بەم لاوه، لەگەڵ سەرهەڵدانی سەردەمی مۆدێڕن، عەشقی ئێحساسی وەک بێچمێکی مۆدێڕن و تاکخوازانەی ڕفتاری سێکسی تا دەهات زیاتر دەبوو به بەدیلی سەرچەشنی پێشمۆدێڕن. به پێی ئەم گهۆڕینە، هەندێ له لێکۆڵەران، عەشق له سەردەمی مۆدێڕندا به بەرهەمی سکۆلاری ڕۆژاوا دەزانن (Beck,1995). لەگەڵ ڕەوشە نەریتییەکان، زۆر ڕەوشی لیبرالتر له پەیوەندیی لەگەڵ هۆگرییە سێکسییەکان بەدی هاتن که به شێوەی تایبەت له دەیەی 60ـی زایینی بەهێز بوون. هەندێ له خەڵک بەتایبەت ئەو کەسانەی که له ژێر کاریگەری ئامۆژە مەسیحییەکان له کەلتووری ڕۆژاواییدان، پێیان وایه پەیوەندیی سێکسی له دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری شیاو نییه، ئەگەرچی زۆر کەس باوەڕیان وایه که چێژی سێکسی لایەنی باش و گرنگی ژیانه.

له بەرامبەردا هەندێ داکۆکی لە سەر پەیوەندیی سێکسی له دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری دەکەن و له هەمبەر چالاکییە سێکسییە جیاوازەکان (ڕفتاری سێکسی له دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیریی فەرمی و زک و زا) نەرمی‌نوێنن. له زۆرێک له وڵاتانی ڕۆژاوایی له ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕەوشە سێکسییەکان ئازادتر و کراوەتر بوون. له فیلم و نواندنەکاندا دیمەنگەلێک پیشان دەدرێن که پێشتر قبووڵنەکراو بوو و بابەتەکانی پۆڕنۆگڕافی بۆ زۆربەی گەورەساڵان که خوازیارین زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێت. (گیدنز، 1389)

ئایینه یەکتاپەرستییەکان هەوڵیان داوه ئەم ئارەزووە سرووشتییه بەیاسایی بکەن و به شێوەی جۆراوجۆر، شوێنکەوتووانی خۆیان له ترازان لەم ڕێکارانه قەدەغە دەکرد. لەم نێوانەدا، ئایینی ئیسلام سەرنجێکی تایبەتی پرژاندووەته سەر خستنه ڕووی سەرچەشنی ڕفتارێکی سێکسی، و گرنگییەکی تایبەتی داوه به ڕێگری، چاکسازی و چارەسەری نەشیاو، بە لاڕێداچوون و کێشه سێکسییەکان؛ چوونکه گەشە، پێشکەوتن، بەختەوەری و کەماڵی مرۆڤ، چاکسازی و پەروەردەی نەوه، درێژە دان و پاراستنی ڕەچەڵەک له ڕێگەی دروست، درێژە دان و تۆکمه بوونی سیستەمی بنەماڵه و به دوایدا پاکیی کۆمەڵگا، له پارێزراوی و پاکبوونەوە له جۆرەکانی ئەم بە لاڕێداچوونە و هەروەها نەبوونی ئەم کێشانەدا دەبینێت.

مۆدێلی ئیسلامییانەی پاراستنی ڕفتاری سێکسی له دوو ڕەهەندی پاکداوێنی و خۆپارێزی سێکسی و هاوسەرگیری (تێرکردنی شیاو و ڕەزامەندانەی ئارەزووی سێکسییەکان له ڕێگەی هاوسەربژێری) پێک دێت. ئەم دوو ڕەهەنده، سنوورێکی بەربڵاو له بنەما و بەرنامەکان له ئاراستەی گۆڕانی مرۆیی له کاتی له دایکبوونەوه هەتا دواساتی ژیان (چاودێری، کۆنتڕۆڵ، ڕێنوێنی و پەروەردەی سێکسی، ئامادە کردن و ڕاهێنانی سێکسی له کاتی هاوسەرگیری، ڕاهێنانی سێکسی و شێوازی هاوباخەڵی و چاکسازی و چارەسەری نەشیاوییە سێکسییەکان) له خۆ دەگرێت (نورعلیزاده، 1388). ئایینی ئیسلام، تێرکردنی ئارەزووی سێکسی له سیستەمی بنەماڵە و له سای هاوسەرگیری، وەک بابەتێکی پەسندکراو دێنێته هەژمار و داکۆکی له سەر دەکا و ڕێگه به مرۆڤەکان دەدا که ئارەزووی سێکسی خۆیان له ڕێگەی تێکەڵبوون لەگەڵ هاوسەرەکانی خۆیان تێر بکەن.

به پێی پێناسەی کۆمەڵناسی، هاوسەرگیری کردەوەیەکه که له سەر پەیوەندیی سێکسی پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزی بەرامبەر دادەمەزرێنێت (ساروخانی، 1385). هاوسەرگیری و پێکهێنانی بنەماڵه له حاڵەتێکدا بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی گشتی، کارکردی ئەرێنی هەیه که له کات و له بارودۆخی گونجاودا ئەنجام بدرێ، دەنا لێکەوتە و خەسارەتی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بێ‌ژوماری لێ دەکەوێتەوه.

هاوسەرگیری له ئێران به پێی ئایینی ئیسلام و بەها ئایینییەکانه. به پێی یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرچاوەگرتوو له فیقهە دوو چەشنی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و هاوسەرگیریی کاتی (سیغه یان کاتی)، شەرعی و یاساییه.

له هاوسەرگیریی هەمیشەیی، هەر دوو هاوسەرەکە به بێ سنوورداریی زەمەنی و دیاریکردنی ماوەیەکی دیاریکراو، به پێی ئایینی ئیسلام و یاساکانی ئێران پەیمانی ژن و مێردیی دەبەستن؛ بەڵام له بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی که له گوتاری ئیسلامی و کۆمەڵایەتیدا ڕا و بۆچوونی جیاوازی زۆر له سەره، هاوسەرەکان به پێی ئایینزای شێعه و مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی ئێران پێکەوه پەیمان دەبەستن که ماوەیەک پێکەوه مەحرەم بن و یان پەیوەندیی ژن و مێردییان هەبێت. پاش تێپەڕینی ماوەی دیاریکراو، هاوسەرگیرییەکه خۆ به خۆ هەڵدەوەشێتەوه و پێویست به تەڵاق ناکات.

له ڕوانگەی کارناسانی ئایینییەوە بڕیاری مەحرەمێتی هەمان هاوسەرگیریی کاتییه که له نێوان کچان و کوڕان ئەنجام دەدرێ؛ و دەتوانێ بە هۆکارگەلێکی وەکوو دەرفەتێک بۆ ئاشنابوونی بەر له هاوسەرگیری بێ یان ئەوەی که لەو شوێنانەی که پێکەوەبوونی کچان و کوڕان زۆره، به مەبەستی ڕێگری له کەوتنەوەی گوناح، کۆنتڕۆڵی ڕفتاری سێکسی و کەمکردنەوەی زەخته کۆمەڵایەتییەکان لێکیان مارە دەکەن.

بڕیاری مەحرەمێتی بۆ ئاشنابوون، تا ڕادەیەک هاوشێوەی هەمان کاتی دەزگیراندارییه و له نێو گەنجانی گەورەساڵی ژوور تەمەن 18 ساڵ باوه و دەتوانرێ له لایەن دایک و باوکەکان خۆیان و گەورەکانی خزم و کەس و یان ئەوەی که له لایەن زانایەکی ئایینی لێک مارە بکرێن؛ بە مەبەستی ڕێگری له کەوتنەوەی تاوان له شوێنه گشتییەکان، کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵ له لایەن بنەماڵەکان و به شێوەی نهێنی لێک ماره دەکرێن. بەم کاره، پەیوەندیی کچان و کوڕان له بازنەی بڕیاری مەحرەمێتی لایەنی پەسندکراو دەگرێته خۆی، به بێ ئەوەی ئاسەواری یاسایی دیاریکراوی بۆ هەبێت. شایەنی ئاماژەیه که بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی هیچ جیاوازییەکیان پێکەوه نییه و پەیوەندیی سێکسی له کاتی بڕیاری مەحرەمێتی له ڕوانگەی شەرعی، ڕێگەپێدراوه.

لەم ساڵانەی دواییدا به ئاوڕدانەوه له فاکتەرە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها دۆخی زەختی ئابووریی له ئێران، مەودایەکی زۆر له نێوان باڵقبوونی سێکسی و هاوسەرگیری دروست بووە. بەم شێوه، لەو حاڵەتانەی که هەلی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و بوونی ژن نامومکینه، بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕێگه چارە خراوەتە ڕوو. ڕێگری له گوناهـ و گەندەڵی، تێرکردنی ئارەزووی سێکسییەکان، وەدەستهێنانی زانیاری بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی، دەستخستنی ئاسوودەیی ڕۆحی و هزریی و نەبوونی ئیمکانیاتی پێویست بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی له سەرەکیترین هۆکارەکانی گرتنەبەری ئەم ڕێگە چارەیه. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی له پێگەی جۆراوجۆردا هەوڵی دا داکۆکی و بەرگری له هاوسەرگیریی کاتی بکات. ناوبراو بۆ یەکەم جار له خوتبەی نوێژی هەینی سێیەمی مانگی بەفرانباری ساڵی 1364ـی هەتاوی وەک ڕێکاری ڕێگری له گەندەڵی ئەخلاقی له کۆمەڵگا ئاماژەی به هاوسەرگیریی کاتی کرد و وتی: «حکوومەتێک که داوای پاکداوێنی له گەنجان دەکا، دەبێ هەلی پاکداوێنبوونیش بڕەخسێنێت.» ڕەفسەنجانی وێڕای ئاماژه بەوەی که هەندێ کەس له ڕژێمی ڕابردوودا تووشی تاوان هاتوون، شیاوی ڕێنوومایین، وتی: «ئەگەر ڕێگرییان له سیغە نەکردایه و بیانهێشتبا خەڵکی هەژار، هاوسەرگیریی کاتی بکەن، هیچ کەس تووشی زینا نەدەبوو. کەلتووری کۆمەڵگای پێشوو به لاساییکردنەوەی ڕۆژاواییەکان زینای به ڕێگەپێدراو دەزانی؛ بەڵام هاوسەرگیریی کاتی حەرام کردبوو.» هاشمی ڕەفسنجانی له کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیویەتی (هاشمی بهرمانی، 1392): «… کۆمەڵگای ئێمه وەک حەقیقەتێکی پیرۆز هاوسەرگیریی هەمیشەیی قبووڵ کردووه؛ بەڵام وێنەیەکی ناشیرین و نەخوازراوی له هاوسەرگیریی کاتی هەیه.» من وتم ئافرەتانی بێ‌مێردیش بۆیان هەیه به کاری بێنن و ژیانی یەک ساڵه و دوو ساڵه و پێنج ساڵه و کەمتر یان زیاتر پێک بێنن و ئەگەر ئەمه پەرەی نەسێنێ، کۆمەڵگاکەمان تێک دەشکێت.

سەبارەت به کچانی کەم تەمەنیش ئەم بابەته دەبێ به ڕەزامەندیی باوکیان بێ و هاوسەرگیریی کاتی هەموو مەرجەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی له خۆ گرتووه و دەبێ له نووسینگەکاندا تۆمار بکرێ و دیار و ڕوون بکرێتەوه»

وشەی مۆتێعه، ناوێک بۆ سوود بینین و چێژ بردنه؛ سوودێک که هەمیشەیی نییه و زۆر زوو کۆتایی پێ دێت. مۆتێعه له وشەدا، مارەییەکی تایبەته که به هۆی ئەوەوه پەیوەندیی هاوسەرێتی هەتا ماوەیەکی دیاریکراو و له هەمبەر بڕه مارەییەکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت (حاجی اسماعیلی، 1391). فەقێکانی ئەهلی شێعه به گوێرەی ئایەتی 24 سووڕەتی نیساء بۆ شەرعییەتدان به هاوسەرگیریی کاتی بەڵگەی قوڕئانی دەهێننەوه:  (…فَمَا اسْتَمْتَعْتُم بِهِ مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِیضۀً وَلاَ جُنَاحَ عَلَیْکُمْ فِیمَا تَرَاضیْتُم بِهِ مِن بَعْدِ الْفَرِیضۀِ  … إِنَّ اللَّهَ کَانَ عَلِیمًا حَکِیمًا … و جا لەگەڵ هەر ئافرەتێک هاوسەریتان گرت ئەوه فەڕزه که مارەییەکەیان بدەنێ و هیچ گوناهیش نییه له سەرتان له کەم کردەنەوی ئەو مارەییه کە له سەری ڕێکەوتبوون له دوای دیاریکردنی به ڕاستی خودا هەمیشه و بەردەوام دانا و زانایه  … )  هەروەها بۆ شەرعییەتدان به سیغه پشت به گێڕانەوی ئیمامان و شوێنکەوتووان دەبەستن. له ئیمام سادق (س.خ) دەگێڕنەوه: موستەحەبه که پیاو سیغه بکا و بۆ پیاوەکانی ئێوه، پێم خۆش نییه بمرێ به بێ ئەوەی لانیکەم جارێک سیغەی کردبێت.

ئەوەی له ڕوانگەی ئەهلی سوننەدا هاتووه ئەوەیە که هاوسەرگیریی کاتی له سەرەتاکانی ئیسلام و له حاڵەتە تایبەتەکانی وەکوو جەنگ ڕێگەپێدراو بووه؛ بەڵام پێغەمبەر له سەرەتای ئیسلامدا حەرام و ڕەتی کردۆتەوه. هەندێکی دیکەش بۆ ڕەتکردنەوه و حەرام کردنی پشت به خەلیفەی دووهەم دەبەستن و ئەوه به ڕێگە پێدراو نازانن. کەواته هەڵوەشانەوەی به پێی ئایەت و حەرامکردنی له لایەن پێغمبەر و فەرمانی خەلیفەی دووهەم، بەڵگەکانی ئەهلی سوننەیه بۆ به حەرامکردنی سیغەیه.

له ڕوانگەی یاساییەوە، نیکاح و ئاسەوارەکانی نیکاح جۆرێک ناوەندی یاسایی و کۆمەڵایەتییه. له یاسای وڵاتانی بیانی ناوەندی یاسایی هاوسەرگیریی کاتی بوونی نییه. تەنانەت یاساکانی هەندێ له وڵاتانی ئیسلامی وەکوو مادەی 55ـی یاسای (حقوق العائله البنانی) جەخت لە سەر گەندەڵی سیغە دەکاتەوە. بەڵام یاساداڕێژی ئێرانی لە یاسای مەدەنی و یاسای پشتیوانی له بنەماڵه پەسندکراوی 1391ـی هەتاوی دەکات. به کورتی باس له ناوەندی یاسای نیکاحی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەکات. (ولوجردی، 1371).

بنەماکانی مەتعه بریتییه له مارە کردن (وشەی تایبەت) مارە کردن، شوێن و لایەنەکانی ماره کردن (مێرد و ژن). ماوه و بڕی مارەیی. گرێبەستی مەتعه هاوشێوەی گرێبەستەکانی دیکە لەگەڵ “پێویستکردن و قبووڵکردن”ـه (ایجاب و قبول) که ڕاشکاوانه دەلالەت له سەر خواستی لایەنەکان دەکات. مادەی 1062ـی یاسای مەدەنی ئێران دیاری کردووه “نیکاح ڕوو دەدا به پێویستکردن و قبووڵکردن بەو وشانەی که ڕاشکاوانه دەلالەت له سەر هاوسەرگیریی دەکات.” له سیغه هاوشێوەی نیکاحی هەمیشەیی،  پێویستکردن له لایەن ئافرەته و قبووڵکردن له لایەن پیاوه. له مەتعه ئەگەر ژن موسڵمان بێ، نیکاحی ئەو لەگەڵ پیاوی ناموسڵمان ڕێگه پێدراو نییه. مادەی 1059ـی یاسای مەدەنی ئێران لەم بارەوه دەڵێ: “نیکاحی ئافرەتی موسڵمان لەگەڵ پیاوی ناموسڵمان ڕێگەپێدراو نییه.” ئەم فەرمانه، ڕەهایه و بۆ هەر کام له هەر دوو چەشنی نیکاحی هەمیشەیی و کاتی پێویسته. یەکێک له بناغە سەرەکییەکانی نیکاحی کاتی، ئاماژه به ماوەیه. چوونکه مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی دەڵێ: “نیکاح کاتێک کاتییه که بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەنجام درابێت.” له لایەکی تریشەوه، به گوێرەی مادەی 1076ـی یاسای مەدەنی “ماوەی نیکاحی کاتی دەبێ بە تەواوەتی دیاریکراو بێت.” بەڵام ئەگەر ماوەی نیکاح ڕوون نەبێ، به پێی فتوای ئایەتوڵا خومەینی له (تحریرالوسیله)، هاوسەرگیریی کاتی دەبێته هاوسەرگیریی هەمیشەیی.[3] به پێچەوانەی نیکاحی هەمیشەیی له هاوسەرگیریی کاتی، دیاریکردنی بڕی مارەیی مەرجی بنەڕەتی هاوسەرگیریی کاتییه. به پێی مادەی 11095ـی یاسای مەدەنی له نیکاحی کاتیدا بڕی مارەیی له مارە کردن ڕوون نەبێ، ئەوا دەبێته هۆی هەڵوەشانەوه.

هەروەها به پێی مادەی 1097 ئەگەر دخوول (تێکەڵبوونی سێکسی) ئەنجام نەدرابێ و پیاوەکە له ماوەی نیکاحەکە ببوورێ، دەبێ نیوەی مارەییەکە بدات.

تەمەنی نیکاح بۆ کچ له هاوسەرگیریی کاتیدا هاوشێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، 13 ساڵانه. مادەی 1041ـی یاسایی مەدەنی دەڵێ: “ماره کردنی نیکاحی کچ، بەر له گەیشتن به تەمەنی 13 ساڵانی تەواوی هەتاوی و کوڕ، بەر له گەیشتن به تەمەنی 15 ساڵانی تەواوی هەتاوی، پەیوەسته به ئیزنی سەرپەرشت به مەرجی مەسڵەحەت به پێی لێکدانەوەی دادگای شیاو” (27/9/1379). بەڵام زۆرێک له ناوەنده مافه مرۆییەکان و چالاکڤانانی یاسا و کۆمەڵایەتی به شێوەی جیدی ڕەخنەیان لەم لانیکەمی تەمەنه گرتووه؛ چوونکه دەبێتە هۆی پەرەسەندنی دیاردەی منداڵهاوسەری. به پێی یاسا له نیکاحی کچی پاکیزه چ هاوسەرگیریی کاتی و چ هاوسەرگیریی هەمیشەیی، ئیزنی باوک یان باپیری باوکیی پێویسته.

له ئەگەری ملنەدانی ناپاساوانەی باوک له پێدانی ئیزن، ئاماده نەبوونی باوک له شوێن و نامومکین بوونی ئیزندان، کچ دەتوانێ به ناساندنی پیاوی مەبەست و مەرجەکانی نیکاح، داوای ئیزنی هاوسەرگیری له دادگای مەدەنی تایبەت بکات (مادەکانی 1043 و 1044). له بارەی تەمەنی بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی هیچ چەشنه زانیارییەکی ورد له بەر دەستدا نییه. بەو پێیەی که له ڕێوڕەسمه شاراوە و خێزانییەکاندا به بێ تۆمارکردنی یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی ئەنجام دەدرێ، زۆر حاڵەتی بێ‌ژومار بینراوه کە تەنانەت ژێر تەمەنی سێزدە ساڵانیش هاوسەرگیری کراوه و ئەمه به هۆی لاوازیی یاسایی له تۆمار کردن، چاودێری و دیاریکردنی وردی تەمەن له بێچمه جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییەکانی هاوسەرێتییە.

بڕیاری مەحەرەمێتی له کۆبوونەوه زانستی و زانکۆییەکان له ڕوانگەی یاساییەوە تاوتوێ نەکراوه. چوونکه ئەم چەشنه نەریتی هاوسەرگیرییه و پەیوەندیی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر به تەواوەتی به شێوەی شاراوه و له چوارچێوەی ئایینی ئەنجام دەدرێ و ئەو هاوسەرانەی که له ڕێگەی سیغەی مەحرەمێتی لێک ماره دەکرێن، لەم بابەتە ئاگادارن که له ئەگەری کۆتایی هاتنی ماوەی بڕیاری مەحرەمێتی له هەر چەشنه پابەندێتی و بەرپرسایەتییەک بێبەریین. بڕیاری مەحرەمێتی به مەبەستی وەدەستهێنانی ئاشنایی و ناسینی زیاتری بەر له هاوسەرگیری تا ڕادەیەک پاساودار و عەقڵانییه؛ بەڵام ئەم خاڵە دەبێ ڕەچاو بگیرێ که له ئەگەری نەبوونی لێکتێەگەیشتن، ئەگەر ئەم چەشنه هاوسەرگیرییه به هۆی زەختی بنەماڵه بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی کۆتایی پێ بێ، لەوانەیه له داهاتوودا ببێته هۆی داڕمانی بنەماڵه.

له لایەکی تریشەوه له کاتی بڕیاری مەحرەمێتی، پەیوەندیی سێکسی و دڕانی پەردەی کچێتی لە ئارادایە کە له ئەگەری کۆتایی نەهاتن به هاوسەرگیریی هەمیشەیی دەبێتە هۆی خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و بەو پێیەی که له هیچ کوێ تۆماری یاسایی نەکراوه، ناتوانێ بۆ سەندنەی مافی تەواوی خۆی داپەڕێک ئەنجام بدات. بڕیاری مەحرەمێتی که له نێو منداڵان و مێرمنداڵان به مەبەستی ڕێگری له گوناهـ ئەنجام دەدرێ، لێکەوتەی جیاوازتری لێ دەکەوێتەوه. پەیوەندییەکانی نێوان کچان و کوڕانی مێرمنداڵ که له تەمەنی باڵقبووندان، زیاتری لایەنی سێکسی هەیه. ئەوە له حاڵێکدا کە هیچ چەشنه ئامادەییەکی هزری و ئابوورییان بۆ هاوسەرگیری نییه.

له تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵی پەیوەندیی هاوسەرێتی دەبێته هۆی پەیوەندیی سێکسی و به هۆی زەخته کۆمەڵایەتییەکان، بنەماڵەکان هەڵوەدای به فەرمیکردنی هاوسەرگیری هاوسەرەکانن و له ئەگەری قبووڵکردنی هاوسەرگیریی هەمیشەیی له لایەن پیاو ئەم پەیوەندییه دەبێته هۆی ئاسانبوونی هاوسەرگیریی منداڵان. له زۆربەی حاڵەتەکاندا لێکەوتەگەلی وەکوو وازهێنان له خوێندن، خەسارەتی جەستەیی و سێکسی بەتایبەت بۆ کچان، خەسارەتی ڕۆحی و له کۆتاییدا منداڵ‌بێوەیی لێ دەکەوێتەوه.

بەڵام له ئەگەری کۆتایی هاتنی بڕیاری مەحرەمێتی و ڕێکنەکەوتنی پیاو بۆ گۆڕینی هاوسەرگیری کاتی بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی، دەرکەوتەی جیدیتر دروست دەکا و منداڵ یان مێرمنداڵی کچ تووشی زیانی قەرەبوونەکراوی ڕۆحی دەبێت. لێکدانەوەی ڕەخنەیی هەندێ له ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەو تابۆیانەن که زۆر کەس له بەر چەند هۆکاری جیاواز خۆ لە قەرەی نادەن، بەڵام کاتێک هەندێ له داب و نەریتەکان به هۆی پێویستیی زەمەنی و شوێنی دەبێتە هۆی خەسارەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ تاک و کۆمەڵگا، دەبێ پێداچوونەوەیان پێدا بکرێ و له ڕوانگەی یاساوه چاودێری بکرێن.

وێنەی 2. کاره مەیدانییەکان له لایەن تیمی لێکۆڵینەوەیی بۆ کۆ کردنەوەی داتاکانی توێژینەوه له مەشهەد

 

شێوازی توێژینەوه

ئەم توێژینەوه له چوارچێوەی ڕوانگەی شرۆڤەخوازی و ئاراستەی شێوازناسی چۆنایەتی به کەڵک وەرگرتن له شێوازی تیۆریی پێش زەمینەیی (GT) له سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوه به سوود وەرگرتن له تەکنیکی دیمانەی نیوه پێکهاتوو و قووڵ کۆ کراوەتەوه. به هۆی هەستیاریی کەلتووریی و ئایینیی بابەتی لێکۆڵینەوه و دژواریی دەستگەیشتن به نموونەکان، شێوازی نموونەگیری ئامانجدار به کار هێنرا. دڵنیابوونی تیۆریک پاش ئەنجام دانی 100 لێدوان وەدەست هات و بۆ متمانەی زێدەتر، دیمانەی زیاتر ئەنجام درا. پاش ئەنجامدانی دیمانه لەگەڵ 216 کەس، له دڵنیابوونی تیۆری گشتگیری توێژینەوه ڕازی بووین. هەڵبەت لێرەدا چاودێری و ڕێنوێنی پسپۆڕانی شێوازی چۆنایەتیشمان به کار هێنا. له کۆی 216 کەس توێژینەوه له سەر کراو، 35 له سەد پیاو و 65 له سەد ئافرەت بوون. هەروەها به مەبەستی دەوڵەمەندتر کردنی توێژینەوه، کارناسانی ئایینی و فەقێکان، کارناسانی یاسایی و پارێزەران و نووسینگەی تۆمار کردنی هاوسەرگیری و تڵاقیشمان دواند.

ئەنجامه مەیدانییەکان

له کاتی دیمانه لەگەڵ زانایانی ئایینی، بەتایبەت له حەرەمی ڕەزەوی ڕێککەوتن له سەر ئەوه بوو که بڕیاری مەحرەمێتی هەمان مەتعەیه که ئامانجەکەی لێک تێگەیشتنی کەسەکان و ئاشنا بوونی زیاتر لەگەڵ یەکتره.

کەواته بڕیاری مەحرەمێتی جۆرێک مەتعه یان هاوسەرگیریی کاتییه که به ئامانجی بوونە هاوسەرگیریی هەمیشەیی ئەنجام دەدرێت؛ بەڵام ئەم ڕفتاره ئایینییه به ڕەچاو گرتنی ڕەهەنده یاساییەکانی دەتوانێ ببێته ڕفتارێکی مەترسیدار و زیانبەخش. له بڕیاری مەحرەمێتی ئەگەر پەیوەندیی سێکسی و دڕانی پەردەی کچێتی ڕوو بدا و پیاو ئامادەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی نەبێ، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی بڕیاری مەحرەمێتی، ژن له سۆنگی کۆمەڵایەتی، یاسایی و دەروونییەوه زیانی پێ دەگا و لەو ڕوەووەی که ئەم ڕفتاره له سۆنگەی شەرعییەوه ڕێگە پێدراوه، له ڕووی یاساییەوه ناتوانرێ به دواداچوونی بۆ بکرێت. له وەها دۆخێکدا کچان خەسارهەڵگرترن.

زانای ئایینی پیاو له حەرەمی ڕەزەوی:

ئێمه شتێکمان به ناوی بڕیاری مەحرەمێتی نییه، هەر مارەکردنی کاتییه که دەتوانی ماوەکەی ببەخشی و بیکەی به مارە کردنی هەمیشەیی. دەتوانم بڵێم نزیکەی 90 له سەدی ئەو کەسانەی که هاوسەرگیری دەکەن، هاوسەرگیریی کاتییان هەیه.

جۆرێکی دیکەی ڕفتاری نەریتانە که له شێوازی ژیانی هەندێ له بنەماڵە ئایینییەکاندا بوونی هەیه، لێک مارەبڕینی کچان و کوڕانی مێرمنداڵه. بنەماڵە نەریتییەکان پێیان خۆشه به مەبەستی کۆنتڕۆڵی ڕفتاری سێکسی و هەروەها بۆ ئاسان بوونی هاتوچۆی بنەماڵەیی و ڕێگری له زەخته کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ڕوانینی سەرکۆنانەی دەوروبەرییەکان به بوونی مێرمنداڵان له شوێنە گشتییەکان، کچ یان کوڕە مێرمنداڵەکەیان له ڕێگەی بڕیاری مەحرەمێتییەوه لەگەڵ کچ یان کوڕێک مەحرەم دەکەن. لەو بنەماڵانەی که سیستەمی قبووڵکردنی کۆمەڵایەتیی داخراویان هەیه و تاکه ڕێگەی ڕێگری له ئاریشە و کێشە سێکسییەکان له “لێک مارەبڕینی” ڕۆڵەکانیان دەزانن، زۆر جار بڕیاری لێک مارەکردنی منداڵەکان له لایەن دایک و باوک دەدرێ و ئەویش له تەمەنی کەمدایه. هەڵبەت هەندێ جار منداڵان و مێرمنداڵان که قازانجی ئەم کاره له تێرکردنی ئاسوودەتری ئارەزووه سێکسییەکانیان دەزانن ڕيزامەندی بۆ ئەم کارە پیشان دەدەن؛ بەڵام له هەندێ له حاڵەتەکاندا بەرهەڵستی منداڵەکانی لێ دەکەوێتەوه. ئەم ڕفتاره نەریتییه (بڕیاری مەحرەمێتی) له کۆتاییدا دەبێته هۆی هاوسەرگیریی منداڵەکان.

مێرمنداڵی تەمەن 16 ساڵان، دانیشتووی تاران: له قۆناغی بڕیاری مەحرەمێتی:

بنەماڵه خۆیان پێشنیاریان دا. من خۆم پێم خۆش بوو شوو بکەم. ئێستا دواتر دەرس دەخوێنم بەڵام کوڕەم خۆش دەوێت.

ژن، تەمەن 22 ساڵان، دانیشتووی مەشهەد:

له تەمەنی 12 ساڵاندا له هاوسەرەکەی ماره کراوه: باشه مرۆڤ لەم تەمەنەدا چی دەزانێ؟! ڕۆژێکیان له قوتابخانەوه هاتمەوه بۆ ماڵەوه وتیان دەبێ شوو بکەیت. چیتر نەگەڕامەوه بۆ قوتابخانه. من دەڵێم کەمێک چاو و دڵ کراوه بیت. ئەگینا زمانی پیاو درێژه. هەتا منداڵی هەر چییەکی وت  دەبێ گوێڕایەڵی بیت.

کاتێ کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵ له ژێر ناوی بڕیاری مەحرەمێتی لێک ماره دەکرێن، ماوەیەک به هۆی پەیوەندیی سێکسی یان به هۆی “به ناوی یەکترکردن / نێوکبڕین” کچ و کوڕ لەگەڵ کەسانی نزیکیان به شێوەی هەمیشەیی هاوسەرگیریی دەکەن. کەواته بڕیاری مەحرەمێتی، له چوارچێوەیەکی شەرعیدا هاوسەرگیریی منداڵان ئاسان دەکاتەوه. منداڵان و مێرمنداڵان لەم تەمەنەدا، له ڕووی هزریی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە باڵق نین و دەبێ له لایەن بنەماڵەکان کۆنتڕۆڵ و ئیداره بکرێن که ئەم بارودۆخه دەبێته هۆی ناکۆکی و شەڕ و هەندێ گرفت و ئاریشەی خێزانی. بێدەسەڵاتی له بەڕێوەبردنی ماڵ و ژیانی بنەماڵەیی و کێشه تایبەتەکانی ژیانی ژن و مێردی، تاکه ئاسەوارەکانی بڕیاری مەحرەمێتی له تەمەنی کەمدا نین. دووگیانبوونی نەخوازراو و خەسارەتی جەستەیی و وازهێنان له خوێندن له زەقترین دەرکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی پێشوەختەیه که له دیمانەکاندا ڕاشکاوانه بەدی دەکرێت.

دەبێ سەرنجی ئەوه بدەین که ئەم لێکەوتە ئاماژه پێکراوانه ئەگەر بڕیاری مەحرەمێتی به هاوسەرگیری کۆتایی پێ دێ ئەوە دواتر داوێنی هەر دوو لایەنی بڕیاری مەحەرمێتییەکه (کچ و کوڕ) دەگرێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری مەحرەمێتی به هاوسەرگیریی هەمیشەیی کۆتایی پێ نەیەت، خەسارەتی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی خراپتری لێ دەکەوێتەوه. سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیی کچ لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر (به سێکسی و ناسێکسییەوە) له کاتی بڕیاری مەحرەمێتی له چوارچێوەی نەریتی و ئایینییه، بنەماڵەکان پێیان خۆش نییه هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکرێ که پێشتر مەحرەمکراوی کەسێکی دیکه بووه، بەتایبەت ئەگەر کچە پاکیزەیی خۆی له دەست دابێت. ئەمانه له حاڵێکدایه که یاسای مەدەنی وڵاتی ئێمه لە ئاست بڕیاری مەحرەمێتی و جیاوازییەکەی لەگەڵ مەتعه یان هاوسەرگیریی کاتی بێدەنگی هەڵبژاردووه و هەر هەموو بابەته یاساییەکانی بۆ وێنە تەمەنی هاوسەرگیری، میراتگری، نەفەقه و هەڵوەشانەوەی هاوشێوەی هاوسەرگیریی کاتی ڕەچاو کردووە.

به ئاوڕدانەوه له ئاسەوار و لێکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی بۆ منداڵان ئەم بابەته دەبێ له ناوەندی سیاسەتداڕێژەرانی بەربڵاوی وڵات دابنرێت. بەو پێیەی که به گوێرەی یاسا بڕیاری مەحرەمێتی جۆرێک هاوسەرگیریی کاتییه، له درێژەدا له پاڵ بڕیاری مەحرەمێتی، هاوسەرگیریی کاتی و هۆکار و لێکەوتەکانیش لێک دەدرێنەوه.

به پێی ئەنجامەکانی توێژینەوه، فاکتەرە ئابووریی، دەروونی و سێکسییەکان له هۆکاره سەرەکی و زەمینەییەکانی هاوسەرگیریی کاتین.

هەڵبەت ئەم هۆکارانه له نێو ژنان و پیاواندا جیاوازه. زۆرترین هۆکاری هۆگریی پیاوان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، ئارەزووە سێکسییەکانه. ئارەزووە سێکسییەکان به 61 له سەد، خواسته سۆزدارییەکان به 1/31 له سەد و خواسته مادییەکان به 9/8 له سەد، یەکەمایەتی یەکەم هەتا سێیەمی خواستەکانی کۆمەڵگای ئاماری پیاوانه. بەڵام لە گرنگترین هۆکارەکانی ناچاربوونی ئافرەتان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، خواستی ئابووریی به 50 له سەد و خواستی سۆزداریی و سێکسی به 35 و 15 له سەد له هۆکارەکانی دووهەم و سێیەمی ملکەجێتی ژنان بۆ هاوسەرگیریی کاتییه.

به ئاوڕدانەوه له ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، خواستی سۆزداری و ئابووریی له نێو ژنان و ئارەزووی سێکسی له نێو پیاوان گرنگترین هۆکاری ڕووکردنه هاوسەرگیریی کاتییه. هەروەها ئەزموونی هەست بە بێکەسی و ناشادمانی له نێو ئافرەتان و ئەزموونی هاوسەرگیریی ناسەرکەوتوو له ڕابردوو، ناڕەزایەتی له هاوسەر و نەبوونی لێکتێگەیشتن له دیکەی فاکتەرەکانی هاوسەرگیریی کاتیی پیاوانه.

له هۆکاره کاریگەرەکانی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی دەتوانین ئاماژه بکەین به فاکتەرە ئایینی، بنەماڵەییەکان و هەروەها ڕوانگەی کۆمەڵگا. ڕوانگەی بنەماڵه بەرامبەر بە هاوسەرگیریی کاتی بەستەگی به پێکهاتەی بنەماڵەوه هەیه. له بنەماڵه خاوەن ڕوانگه نەریتییەکان، هاوسەرگیریی کاتی وەک فاکتەرێکی شەرعی قبووڵ دەکرێ و مێرمنداڵان له تەمەنی کەمدا به شێوەی نهێنی لێک ماره دەکرێن.

هەروەها به پێی دیمانەکانی لێکۆڵینەوه دەرکەوت کە لەو بنەماڵانەی که پێشینەی هاوسەرگیریی کاتییان نەبووه، ئەو پیاوانەی که ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان هەیه، ڕووبەڕووی ڕوانگەی نەرێنی بنەماڵەکان و لێکەوتەگەلی وەکوو “دەرکردن له ماڵ” بوونەتەوه. بەڵام لەو بنەماڵانەی که پێشینەی هاوسەرگیریی کاتییان بووه، هۆکاری ڕووکردنی دیمانه لەگەڵ کراوان بۆ هاوسەرگیریی کاتی، بوونی پێشینەی ئەم کارە له بنەماڵەدا بووه.

پیاو، تەمەن 26 ساڵان، خاوەن هاوسەرێکی هەمیشەیی و ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتیی بێ‌ژومار:

“باوکم دوو ژنی بوو. مامەکانیشم سمێڵیان دەبزوێت. به گشتی له نێو بنەماڵەدا ئەم [نەریت]ـه هەیه. وا نەبوو که من یەکەم کەس بم. هەروەها براکەشم ژنێکی هەر له سەر ئەم سیغه و بەزمانه تەڵاق دا.”

پیاو. 29 ساڵان، دانیشتووی تاران. خاوەن پێشینەی سیغەی کورتخایەنی پەیتا پەیتا. سەبارەت به هەڵسووکەوتی بنەماڵەکەی پاش ئاگادار بوون له هاوسەرگیریی کاتی دەڵێ: 

“ئیتر پاش ئەوەی زانیان، باوکم له ماڵەوه دەریکردم. ئێستا لێرەم. به گشتی دۆخەکە باش نییه. بەڵام له ئێستادا کێ باشه کە بچی لەگەڵی بیت. ئێستا لەم سووپەرمارکێته بژێوی ژیانم دابین دەکەم. باشه.”

پێشینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی له بنەماڵەدا یەکێک له فاکتەرە سەرەکییەکانی بەردەوام بوونیەتی. له هەندێ له بنەماڵەکاندا که دینداریش نین، ئەگەر ئەم ڕفتاره له نێو ئەندامانی بنەماڵەدا بەدی بکرێ، وەک نۆڕمێکی قبووڵکراو له نێو ئەندامانی دیکەی بنەماڵەدا دووپات دەبێتەوه. به پێی تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی، ئەندامانی بنەماڵه له ڕێگەی فێربوون و قبووڵکردنی سەرچەشن ئەم چەشنه پەیوەندییە هاوسەرێتییه (هاوسەرگیری کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی)، به بێ سەرنج خستنه سەر ئاسەوار و لێکەوتەکانی، وەک ڕێکارێک بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیان هاوسەرگیریی کاتی به لۆژیکی و شیاو دەزانن.

لەو دیمانانەی که ئەنجام درا بوو، 81/38 له سەدی دیمانه لەگەڵکراوان له بنەماڵەی خۆیاندا پێشینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتییان بووه. لەم توێژینەوەدا خۆشڕابوێری و ئاسانبوونی منداڵهاوسەری وەک دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ناسێنرا. وەک ڕوون بۆوە، پیاوانی دەوڵەمەند و خوداپێداو بۆ ژیانی هاوتەریب و به هۆی هەمەچەنشخوازی و خۆشڕابوێری و تێرکردنی ئارەزووی سێکسی هاوسەرگیریی کاتییان ئەنجام دەدا. هەروەها له بنەماڵه نەریتی و ئایینییەکاندا به مەبەستی ڕێک و پێک کردنی ڕفتاری سێکسی ڕۆڵەکانیان، بڕیاری مەحرەمێتی بۆ کچان و کوڕانی مێرمنداڵ و منداڵ وەک ڕێکارێکی شەرعی و یاسایی دەستنیشان دەکرێت. جیا لەمانه به پێی بەڵگه مەیدانییەکان و هەروەها دیمانەکان ڕوون بۆوە کە هەندێ له گەنجان که هەندێ جار تەنانەت سەربەخۆیی مادیشیان نییه، به مەبەستی ڕزگار بوون له کێشه یاساییەکانی پەیوەندیی کچ و کوڕی نامەحرەم له شوێنه گشتییەکانی کۆمەڵگای ئێران، سادەتربوونی دابینکردنی شوێنی ڕێزێرڤی هۆتێل، و … سیغه به کار دەبەن، له حاڵێکدا باوەڕیان پێی نییه و پێویستییەکانی وەکوو ڕاگرتنی عەدە (45 ڕۆژ) ڕەچاو ناکەن.

 ئەنجامه چەندایەتییەکانی توێژینەوه ئەوه دەخاته ڕوو که 84/36 له سەدی وڵامدەران ژێر تەمەنی 18 ساڵان، 15/38 له سەدی ئەوان له مەودای  تەمەنی 18 بۆ 30 ساڵان، 68/36 له سەدیان له مەودای تەمەنی 31 بۆ 49 ساڵان و 31/1 له سەدی ئەم کەسانه له تەمەنی ژوور 50 ساڵان هاوسەرگیریی کاتییان به ئەزموون کردووه. ئەم ئامارانه پیشان دەدەن کە ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەم بڕیاره مەحرەمێتییانه و هاوسەرگیریی کاتی ژێر تەمەنی 18 ساڵان ئەنجام دراوه و هەلی بۆ منداڵهاوسەری ئاسان کردووه. به پێی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی ماره کردنی کچ بەر له گەیشتن به تەمەنی 13 ساڵی تەواو (هەتا 9 ساڵانیش دەکرێ) و کوڕ بەر له گەیشتن به تەمەنی 15 ساڵانی تەواوی هەتاوی پەیوەسته به مەرجی ڕەچاوکراوی لێکدانەوەی دادگای شیاو. بەڵام له زۆربەی حاڵەتەکاندا، بڕیاری مەحرەمێتی که هەمان هاوسەرگیریی کاتییه و له ڕەهەندی شەرعی و یاساییەوه هیچ جیاوازییەکیان پێکەوه نییه، تەنانەت ژێر تەمەنی یاسایی ئەنجام دەدرێت.

به پێی شیکاریی وردی دیمانەکان، کردەوەی ستراتیژی له هاوسەرگیریی کاتیدا سوودبینین له پەیوەندیی نایەکسانی ئابووریی، یاسایی و کۆمەڵایەتی به پێی پاساوی یاسایی و شرعییەکەیەتی. ناوەڕۆکی یاسا فەرمییەکان له ئێران به پێی یاسا شەرعی و ئایینییەکان و فیقهی ئەهلی شێعەی دوازدە ئیمامییه. به پێی مادەی 1075ـی یاسای مەدەنی هاوسەرگیریی کاتی له یاساکانی ئێراندا به فەرمی ناسراوه. ماوەی مەتعه به شێوەی کاتی و دیاریکراوه (مادەی 1076ـی یاسای مەدەنی). هەروەها له پرسی میرات، یاساداڕێژ میرات به مافی ژنی هەمیشەیی دەزانێ و بۆ ژنی مەتعه میرات ڕەچاو ناکات (مادەی 940ـی یاسای مەدەنی).

به پێی مادەی 1113 ژنی مەتعه مافی نەفەقەی نییه و له هەڵوەشانەوەی نیکاحی مەتعه بە کۆتاییهاتنی ماوە یان بەخشینی ماوه له لایەن پیاو و یان مردن و هەڵوەشانەوه، نیکاح کۆتایی پێ دێت. واته هاوشێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی تەڵاق بوونی نییه (مادەی 1139ـی یاسای مەدەنی). هەر هەموو ئەم حاڵەتە یاساییانه مافەکانی ئافرەت لەم چەشنه پەیوەندییه ڕەچاو ناکات. له میرات و له هەڵوەشانەوەی نیکاح، ژن هیچ مافێکی نییه و پەیوەندییەکی نایەکسانانەی یاسایی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی له نێوانیاندا ساز دەبێ که به قازانجی پیاوە و فەوتێنەری مافەکانی ژنانه. لەم نێوەندەدا، ماڵپەڕ و کەناڵه تێلگرامییەکان وەک ڕێگەیەک بۆ قازانج دەستخستن و ئابووریی، چێژ، بازاڕی ئابووریی دروستبووی به هۆی ژنانی سیغەیی که هەڵوەدای وەدەستهێنانی داهاتن هۆتێلەکان و گەشته مسافرەتییەکان، به کار دەبەن.

“پیاوێکی تەمەن 30 ساڵان دانیشتووی مەشهەد، هاوسەر به جێهێشتوو:

من نزیکەی یەک دوو مانگ لەمەوبەر یەکێک له هاوڕێکانم پێی ناساندم هاتمه ناو ئەم ماڵپەڕە تەنیا هاتم و ئیشم نەدەکرد. نەدەچوومه ناو ماڵپەڕ جارێکیان هاتم بینیم 7 ، 8 نامه و سەردان. سەیرم کرد، هێدی هێدی سەرقاڵ بووم. هاتمه ناوی و دەستم پێکرد.”

دابەش بوونی نایەکسانانەی باڵادەستی له پرسی ئابووریی و یاسا، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانێکی وەکوو داڕێند ڕۆف پاساوداره. ئابووریی ئێران پیاوانەیه. کەواته ژنانی خاوەن دۆخی تایبەت، بۆ دابینکردنی خواسته ئابوورییەکانی خۆیان، سیغه دەستنیشان دەکەن. له لایەکی تریشەوه له پێکهاتەی یاساییدا، به تەواوەتی باڵادەستیی پیاوانه بەدی دەکرێت.

لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ڕەهەندی جیاواز له خۆ دەگرێت. به پێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، ناو و ناتۆره، گومانداربوون به هاوسەرگیریی هەمیشەیی، داڕمانی بنەماڵەکان، توندوتیژی دژ بە ژنان و … لێکەوتەکانی ئەم چەشنه هاوسەرگیرییەن. کاتێک که منداڵان له سەرەتاکانی تەمەندا لێک ماره دەکرێن، تەناتەت سەرەڕای بوونی ئامادەیی زەینیی منداڵ، ئاسەواری تایبەتی وەکوو منداڵخستنەوەی پێشوەخته یان وازهێنان له خوێندن بەرۆکیان دەگرێت.

پیاو. 30 ساڵه. دانیشتووی تاران. خاوەن ئەزموونی پەیتا پەیتای سیغەی چەند مانگه:

“به گشتی دژی هاوسەرگیریی هەمیشەییم و ئاماده نیم ئیتر هاوسەرگیریی هەمیشەییم هەبێت. من پەیمان لەگەڵ کەس نابەستم و لای خۆشیان ئەوه دەڵێم. هەهەهه (پێدەکەنێ) هیچ حەزم لێی نییه.”

مێرمنداڵی 16 ساڵان. دانیشتووی تاران. خەریکی بڕیاری مەحرەمێتییه:

“بنەماڵه خۆیان پێشنیاریان دا. خۆم حەزم لێ بوو هاوسەرگیری بکەم. دواتر درێژه به خوێندن دەدەم. بەڵام حەزم له کوڕەیه.”

هاوسەرگیری کاتی له عوڕفی کۆمەڵایەتی و کەلتووری گشتیدا هیچ پێگەیەکی نییه و ئەو کەسانەی که ئەنجامی دەدەن، کەسانێکی فرەڕەنگخواز و هەوەسبازن که بنیاتی بنەماڵه تێک دەڕووخێنن و نازناوی بێڕەوشیتان لێ دەدرێت. به پێی تیۆری ناو و ناتۆرەی ئێرڤین گافمەن دەتوانین بڵێین هەموو کەس به نیازە له کۆمەڵگادا وێنەیەکی دڵخواز له خۆیان پیشان بدا، تەنانەت له حاڵەتێکدا که بەرکەوتووی توندوتیژی و ئازارن، پێیان خۆش نییه به دواداچوونی یاسایی بکەن بۆ ئەوەی له کۆمەڵگادا ناو و ناتۆرەیان لێ نەدرێت. هەروەها کاتێک هاوسەرگیریی کاتی به بێ تۆمارکردنی یاسایی و به ئاسانی ئەنجام دەدرێ و له چاو هاوسەرگیریی هەمیشەیی تێچوویەکی کەمتری دەوێ، ڕێژەی خواست بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی کەم دەبێتەوە.

بە پێی شیکارییه وردەکانی دیمانه و کۆدینگ کردنی وتەزا و چەمکەکان، مۆدێلێکی شیکاریی له هۆکارەکان، دیاردەی تەوەری، کردەوەی ستراتیژی و لێکەوتەی هاوسەرگیریی کاتی وەدەست هات که بەم شێوەیه:

 

کۆبەندیی و پێشنیارەکان

هاوسەرگیری ناوەندێکی کۆمەڵایەتییه که تێیدا ژن و پیاو له ڕێگەی گرێبەستێکی یاسایی، ئایینی و ئەخلاقی وەک ژن و مێرد پێکەوه دەژین. هاوسەرگیری له ڕێگەی دابین کردنی بەستێنێک بۆ تێرکردنی خواسته سۆزداریی، ئابووریی و دەروونییەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا دەورێکی گرنگی له کاردکردی کۆمەڵگادا هەیه. هاوسەرگیری و شێوازی هاوسەربژێری هەمیشه پەیوەست به بەها و نۆڕمه کۆمەڵایەتییەکانه. وەک وترا له وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوسەرگیری، پەیوەست به فیقهی شێعەی ئیمامییەیه و فیقهیش بنەمای ماده یاساییەکانه. به پێی بنەما یاسایی و فیقهییەکان له ئێران، دوو جۆری هاوسەرگیریی هەمیشەیی و کاتی (بڕیاری مەحرەمێتی) به فەرمی دەناسرێ که له سۆنگەی فیقهی و یاساییەوه شەرعییەتی هەیه.

کەسانێکی وەکوو مورتەزا موتەهەری بۆ ڕێگری له ڕەبەنایەتی گەنجان یان پێشگری له کۆمۆنیستی سێکسی، پێشنیاری مەتعه دەدات. هەروەها کەسانێکی وەکوو ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، مستەفا پوورمحەمەدی، قەڕائەتی و دیکەی سیاسەتداڕێژەرانی ئایینی و حکومەتی له میدیا و تریبۆنه فەرمی و نافەرمییەکانەوه وەک ڕێگە چارەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی پاکداوێنی کۆمەڵگا پێداگرییان له سەر پێویستیی هاوسەرگیریی کاتی کردووه. له بەرامبەردا، هەندێ له فەقێکان بۆ وێنە ئایەتوڵا سانعی مەتعه تەنیا گرێ دەداتەوه به بارودۆخی جەنگ له سەرەتاکانی ئیسلام و له کۆمەڵگای ئەوڕۆییدا وەک یەکێک له فاکتەرەکانی داڕمانی بنەماڵه پێناسەی دەکەن. هەروەها چالاکڤانانی مافەکانی ژنان هاوسەرگیریی کاتی به فاکتەری بەرهەمهێنانەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزێتی له دژی ژنان، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، سست بوونی بنیاتی بنەماڵه و پەرەسەندنی فرەهاوسەری و نەخۆشیی نزیکی و تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی دەزانن و له دژی دەوەستنەوه.

بڕیاری مەحرەمێتی که له ڕوانگەی ئایینی و یاساییەوه لەگەڵ هاوسەرگیریی کاتی به یەکسان دادەنرێ، له نێو کچان و کوڕانی منداڵ و مێرمنداڵی له بنەماڵه نەریتخواز و ئایینییەکان ڕوو دەدا بۆ ئەوەی بنەماڵەکان لەم ڕێگەوه، ڕفتاری سێکسی ڕۆڵەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن. هەروەها هەندێ له گەنجان له بنەماڵه نەریتیی و ئایینییەکان به مەبەستی ئاشنابوونی زێدەتری بەر له هاوسەرگیری، بڕیاری مەحرەمێتی بۆ خۆیان به شەرعی و شیاو دەزانن. تۆمار کردنی هاوسەرگیریی کاتی یان بڕیاری مەحرەمێتی، له ئەگەری دووگیانی یان مەرجی گرێدراو بە مارەکردنه که مادەی 21ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵه پەسندکراوی 1391ـی هەتاوی پێداگری له سەر کردووه. سەرەڕای جیاوازیی ناوەڕۆکی له بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی، هیچ چەشنه یاسایەک بۆ بڕیاری مەحرەمێتی بوونی نییه.

کارکردی ئەرێنی بڕیاری مەحرەمێتی بۆ گەورەساڵانی ژوور 18 ساڵ ئاشنایی پتری بەر له هاوسەرگیرییه؛ بەڵام هەندێ له کارکرده نەرێنییەکانی وەکوو زەختی کۆمەڵایەتی له سەر کچ یان کوڕ بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ هەمان کەس دەتوانێ له داهاتوودا ببێتە هۆی داڕمانی بنەماڵه. له لایەکی تریشەوه ئەگەر پەیوەندیی سێکسی له ئارادا بێ، لێکەوتەی نەرێنی بڕیاری مەحرەمێتی بۆ ژن زیاتر دەبێ و بەو پێیەی که ئەم هاوسەرگیرییه له هیچ کوێ تۆماری یاسایی و سیستەمی نەبووه و ماره بڕین به پێی عوڕف و ڕێوڕەسمی نەریتی ئەنجام دراوه، پیاو هیچ چەشنه بەرپرسایەتی و پابەندییەکی بەرامبەر بەم دۆخه نییه.

هەروەها ئەگەر بڕیاری مەحرەمێتی له تافی منداڵی و مێرمنداڵی بێ، به هۆی هەلومەرجی تایبەتیی تەمەنی باڵقبوونەوە، ئەگەری پەیوەندیی سێکسی لە ئارادایە که له زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبێته هۆی هاوسەرگیری و منداڵهاوسەری. له گرینگترین ئاسەوارەکانی ئەم چەشنه هاوسەرگیرییانه دەتوانین ئاژە بکەین بە وازهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان له خوێندن، دووگیانبوونی نەخوازراو و پێشوەخته، نەخۆشی دەروونی و جەستەیی و منداڵ‌بێوەیی. بەم پێیه، نووسەر به پێی هەلومەرجی کەلتووریی، ئایینی و یاسایی کۆمەڵگا، ڕێکارگەلێک دەخاته ڕوو که زیانەکانی ئەم چەشنه هاوسەرگیرییانه و بڕیاری مەحرەمێتی کەم دەکاتەوه.

1) یاسادانان بۆ زیادکردنی تەمەنی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی بۆ تەمەنی 15 ساڵان

مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی له مەڕ تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی دەڵێ: «نیکاحی کچان بەر له گەیشتن به تەمەنی 13 ساڵی تەواوی هەتاوی (له نۆ ساڵان) و کوڕان بەر له تەمەنی 15 ساڵی تەواوی هەتاوی بەستراوەتەوە به ئیزنی سەرپەرشت به مەرجی ڕەچاو کردنی بەرژەوەندی به پێی لێکدانەوەی دادگای شیاو. ئەم یاسایه هاوسەرگیریی کاتیش دەگرێتەوه. بەڵام بڕیاری مەحرەمێتی له تەمەنی کەمتر لەو تەمەنەی که باس کرا له یاساشدا ئەنجام دەدرێت؛ چوونکه له چوارچێوەی ئایینی و بە نهێنی و به بێ تۆمارکردنی فەرمی ئەنجام دەدرێت. بەو پێیەی کە هەوڵی چالاکڤانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پێناو چاکسازی له یاسای هاوسەرگیری بۆ تەمەنی 15 ساڵان بۆ کچانه، پێشنیار دەکرێ یاسای تەمەنی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی بۆ تەمەنی 15 ساڵان بەرز بکەنەوه.»

2) تۆمارکردنی فەرمی و یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی له نووسینگەکانی تەڵاق و هاوسەرگیری

له ئێستادا مادەی 645 یاسای سزای ئیسلامی، تۆمارنەکرانی نیکاحی هەمیشەیی، بۆ ژن و مێرد وەک تاوان له قەڵەم دەدات. هەوەها به پێی مادەی 21ـی یاسای پشتیوانیی بنەماڵه پەسندکراوی 1391، له ئەگەری دووگیانی و ڕێککەوتنی لایەنەکان، هاوسەرگیری تۆمار دەکرێت. ئەمه له حاڵێکدایه که بۆ بڕیاری مەحرەمێتی، هیچ یاسایەک دانەبەزێنراوه. واته ئەگەر هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی که ناوەڕۆکەکەیان جیاوازە، به یەکسان بزانین هاوسەرگیریی منداڵان و مێرمنداڵان تەنیا له حاڵەتی دووگیان‌بوونیاندا تۆمار دەکرێت! نووسەر به بێ ڕوانگەی لاگرانه و تەنیا به ئاراستەی زانستی و خەڵک‌ناسی بابەتەکانی لێک داوەتەوه، لەو بڕوایەدایه که تۆمارکردنی یاسایی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی دەبێته هۆی دەستپێگەیشتن به خزمەتگوزارییە یاساییە سەرەتاییەکان و پاراستنی زێدەتری مافی لایەنەکان لەم پەیوەندییه هاوسەرێتییەدا؛ چوونکه تۆمارنەبوونی دەبێته هۆی ئەوەی زۆرێک له مافەکانی هەر دوو هاوسەرەکان بەتایبەت ژنان پێشێل بکرێت. خوتبەی ماره بڕینی کاتی یان بڕیاری مەحرەمێتی به جۆرێکه که به شێوەی نهێنیش ئەنجام دەدرێ، کەواته پێشنیار دەکرێ له نووسینگەکاندا تۆمار بکرێ و لانیکەم به بەشداریی دوو شایەت ماره بکرێن و پیاو نەتوانێ ژنێ زیاتر سیغە بکا بۆ ئەوەی له سۆنگەی یاساییەوه بتوانرێ به دواداچوون لێکەوتەکانی بکرێت.

3) بە ناچاریکردن و بێبەرامبەربوونی خوێندن

له بڕیاری مەحرەمێتی که بنەماڵه نەریتی و ئایینییەکان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجام دەدەن، مەرجی نەبوونی پەیوەندیی سێکسی یەکێک له بنەما قبووڵکراوەکانه. ئەگەرچی له ڕوانگەی شەرعییەوە هیچ پێگەیەکی نییه و لەگەڵ یەکەم ساتەوەختی مارە کردن، پەیوەندیی سێکسی ڕێگەپێدراوه. ئەو مێرمنداڵ و منداڵانەی که لێک ماره دەکرێن له ئەگەری دووگیانبوون و پەیوەندیی سێکسی پاش کەمێک مارەی هەمیشەیی دەکرێن. له گرنگترین لێکەوتەکانی بڕیاری مەحرەمێتی، بێ‌هۆگریی بۆ خوێندن و وازهێنان له خوێندنه. ناوەنده یاساییەکان و پەروەرده لە ڕێگەی بە ناچاریکردنی خوێندن هەتا تەمەنی 18 ساڵان و قۆناغی دیپڵۆم و له هەمان کاتدا بەو ڕاهێنانەی که له قوتابخانەکاندا به قوتابیان و بنەماڵەکانیان دەدرێ دەتوانن کاتی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی بخەنه دواوه.

4) ڕاوێژەری یاسایی و تەندروستی له بڕیاری مەحرەمێتی / هاوسەرگیریی کاتی

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه ئەوه دەردەخەن که زانیاریی یاسایی ئەو کەسانەی که ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان بووه، زۆر کەمه و  ئەم بابەته ژنان تووشی کێشەگەلی وەکوو به جێهێشتنی ژن بەر له کۆتایی هاتنی ماوەی سیغه به بێ بەخشینی ماوه دەکات. بەڵام ئەگەر هاوسەرگیریی کاتی له نوسینگەکاندا تۆمار بکرێ، ڕاوێژکاری یاساییش پێشکەش بکرێ ئەوە لایەنەکان له هاوسەرگیریی کاتیدا به تەواوەتی له مافەکانی خۆیان ئاگادار دەبن و بواری پێشێلکردنی مافی تاکەکان سنوردارتر دەبێتەوه. خاڵێکی دیکه ئەوەیه که هاوسەرگیریی کاتی مەرجێکی وەکوو ڕاگرتنی عەدەی هەیه. واته ژن دەبێ چاوەڕێ بێ بۆ ئەوەی ماوەی عەدەکەی کۆتایی پێ بێ (که زیاتر 45 ڕۆژه) و پاش ئەوه ببێته سیغەکراوی پیاوێکی دیکه.

بەڵام له ئێستادا شایەدی جۆرەکانی هاوسەرگیریی کاتین که پیاوانی دەوڵەمەند و خوداپێداو، ژنانی خوازیاری سیغە به بێ ڕەچاوکردنی عەده، بۆ چەندین جار سیغە دەکەن و ئەم نەریته بووەته جۆرێک سەرچاوەی داهات بۆ ژنان و ڕابواردن بۆ پیاوه هەوەسبازەکان. لێرەدا دووگیانبوونی نەخوازراو، له باربردنی کۆرپەلە، نەخۆشیی نزیکی بەدی دێ که ئەوەش به هۆی ناوشیاری سەبارەت به پرسە تەندروستییه سێکسییەکانه. کەواته ئەو هاوسەرانەی که هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی ئەنجام دەدەن دەبێ سەردانی ناوەندەکانی تەندروستی بکەن و له تێبینیەکانی پێشگری و تەندروستیی سێکسی به ئاگا بن و بۆ ئەو ژن و پیاوانەی که پێشینەی هاوسەرگیریی کاتییان هەیه کارتی تەندروستی دەربکرێت.

5) مەرجدار و سنووردارکردنی یاسای سیغە / هاوسەرگیریی کاتی

به گوێرەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه به گشتی هاوسەرگیریی کاتی وەک ڕيگە چارەیەک بۆ تێرکردنی فرەڕەنگی‌خوازی پیاوان و ڕێگەی به کارهێنانی کاڵائاسایانەی ژنان بووه؛ ئەو پیاوانەی که خێزاندارن و بۆ تێرکردنی فرەڕەنگیخوازی خۆیان ڕوو دەکەنه هاوسەرگیریی کاتی پێشنیاریان پێ دەکرێ کە هاوسەرگیریی کاتیش پەیوەست بکرێتەوه به ڕەزامەندیی هاوسەرەکان و پیاو (هاوسەردار و سەڵت) بۆی نەبێ له یەک کاتدا پتر له ئافرەتێک سیغە بکات. ئەم مەرجدارکردنی یاسایه ڕێگری له کەڵکاوەژوویی شەرعی لەم یاسایه دەکات.

له لایەکی تریشەوه هاوسەرگیرییه کاتییەکان له ڕووی زەمەنییەوه بۆ سەر کورت‌ماوە، ناوەندماوه و درێژماوە دابەش دەبێت. پێشنیاری دەکرێ کاتی هاوسەرگیریی کاتی به شێوەی یاسایی، مامناوەندماوه ڕەچاو بکرێ و ئەگەر داوا کرا درێژ بکرێتەوه. چوونکه له حاڵەتی کورتخایەندا جۆرێک تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی و بێڕەوشتییە و له حاڵەتی درێژماوەدا له ئەگەری نەبوونی لێک‌تێگەیشتن، بۆ ژنان بە هۆی ئەوەی مافی هەڵوەشاندنەوەیان نییه، ئازاربەخشه.

6) یاساداڕێژی له بواری نەفەقه و مافی هەڵوەشانەوه به قازانجی ژنان له هاوسەرگیریی کاتیدا

بەو پێیەی که لە هاوسەرگیریی کاتیدا جۆرێک نایەکسانیی یاسایی بەدی دەکرێ و ژنان له هاوسەرگیریی کاتی له چاو هاوسەرگیریی هەمیشەیی ڕووبەڕووی نایەکسانی زێدەتر دەبنەوه، پێشنیار دەکرێ کۆمەڵێ یاسا ئاماده و ڕێک بخرێ بۆ ئەوەی ئافرەتان له هاوسەرگیریی کاتیدا له مافی نەفەقه سوودمەند بن؛ چوونکه ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه دەریدەخا که زۆرێک لە ژنان به مەبەستی دابین کردنی خواسته مادییەکان مل به هاوسەرگیریی کاتی دەدەن؛ له حاڵێکدا که یاسا، نەفەقه له هاوسەرگیریی کاتیدا به مافی ژنان نازانێت.

هەروەها له ئەگەری زەخت و تەنگانه مافی هەڵوەشانەوەش دەبێ وەکوو هاوسەرگیریی هەمیشەیی بدرێ به ئافرەتان بۆ ئەوەی لەو حاڵەتانەی که ژنان ڕووبەڕووی زیان یان توندوتیژی دەبنەوه و درێژەدان به ژیان لەگەڵ هاوسەرەکەیان به نامومکین دەزانن بتوانن به شێوەی  تاکلایەنانه هاوسەرگیریی کاتی هەڵبووەشێنێتەوه.

7) باشتر کردنی بارودۆخی ئابووریی، هەلی کار و کارخولقێنی        

له شیکاریی دیمانەکان، حاڵەتی بێژومار لەو ژن و پیاوانەی که ئەزموونی هاوسەرگیریی کاتییان هەبوو، هۆکاری ملدان به هاوسەرگیریی کاتیان بە نەبوونی کار و بارودۆخی لاوازی ئابووریی دەزانی. بەدەر لەوه، له پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێرانی ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان کەمتره و ئەم دۆخه، هەژاری و بارودۆخی خراپی ئابووریی ژنان تۆختر دەکات. کەواته پێشنیار دەکرێ ڕێکخراوەگەلی وەکوو وەزارەتی کار و هەرەوەرزی، شارەوانییەکان، وەزارەتی پیشه و کانزا و … به دابینکردنی هەلی کار و له ڕێگەی کارخولقێنییەوە هەلی کار بڕەخسێنن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئابووریی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی دابین ببێ و له لایەکی دیکەشەوه ڕێژەی بەشداری ئابووریی ژنان بەتایبەت ژنانی خۆسەرپەرشت زیاد بکرێ بۆ ئەوەی لە ملدان بۆ هاوسەرگیریی کاتی به هۆی هەژاری ئابووریی و بێکاری پاشگەز ببنەوه.

8) دەوری زانایانی ئایینی وەک هۆکاری گۆڕینی بێچمی هاوسەرگیریی کاتی له ئێران

زانایانی ئایینی وەک یەکێک له گرنگترین فاکتەرەکانی گۆڕینی کۆمەڵایەتی له ئێران دەتوانن به دەرکردنی فتوایەکی شەرعی و شرۆڤەی فەلسەفەی ڕاستەقینەی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی، خەسارەتەکانی ئەم چەشنه پەیوەندییه کەم بکەنەوه. هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی به مەبەستی ڕێگری له لەشفرۆشی و بێ‌ئەخلاقی ئاماده کراوه؛ بەڵام له کۆمەڵگای ئەوڕۆیی به هۆکارگەلی جیاواز وەکوو بێدەنگی یاسا، هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی که به شێوەی نهێنی ئەنجام دەدرێ دەبێتە هۆی له دایکبوونی منداڵی نەخوازراو، له باربردنی کۆرپەلە به شێوەی نایاسایی و ناتەندروست، تەشەنەسەندنی لەشفرۆشی، ئاسانکاری بۆ منداڵهاوسەری، سستکردنی بنیاتی بنەماڵه و … .

کەواته بێچم و ڕەواڵەتی هاوسەرگیریی کاتی له ناوەڕۆک و ئامانجەکەی دوور کەوتۆتەوه. بەو پێیە فتوای شەرعی زانایانی ئایینی له سەر بنەمای تۆمارکردنی فەرمی هەر هەموو هاوسەرگیرییه کاتییەکان له نووسینگە یاساییەکانی تۆمار کردنی هاوسەرگیری و تەڵاق گرنگترین فاکتەرە بۆ هەرچی زیاتر کەمکردنەوەی لێکەوته نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی.

9) بەستێنسازی کەلتووریی و کۆمەڵایەتی له ڕێگەی میدیا گشتییەکان و ئێن‌جی‌ئۆکان

وشیارکردنەوه و ڕاهێنان یەکێک له کاریگەرترین فاکتەرەکان له بواری ڕێگری له خەسارە کۆمەڵایەتییەکانه. میدیا گشتییەکانی وەکوو میدیای نیشتمانی، هەواڵدەرییەکان، گۆڤارەکان و بەتایبەت تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان له ڕێگەی پیشاندانەوەی خەسارەتەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی بێ تۆمارکردنی یاسایی و هەروەها زیانیاری بەخشین سەبارەت بە مەرجە یاساییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەتوانن لێکەوتەی نەرێنی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی کەم بکەنەوه.

هەروەها ئێن جی ئۆگەلی وەکوو ئەنجومەنەکانی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان و ژنان دەتوانن له بواری ئاگادارکردنەوه و ڕاهێنانی بنەماڵەکان دەورێکی بەرچاویان هەبێ که هەڵبەت  ئەمه پێویستی به هاوکاری ناوەنده دەوڵەتییەکانه. له لایەکی تریشەوه لەم ساڵانەی دواییدا سینەماکاران و سلێبریتییەکانیش له کاروباری کۆمەڵایەتی دەورێکی بەرچاویان هەبووه و لە حاڵەتگەلێکی وەکوو ئازاراندنی سێکسی منداڵان و ژینگه توانیویانه له ڕێگەی فیلمسازی، لاپەڕەی ئەنتەرنێتی (ئینستاگرام و توویتەر) له بواری ئاگادارکردنەوه و زانیاریبەخشین داپەڕی کاریگەریان هەبێت. لەم بوارەدا، هونەرمەندان به بەرهەمی هونەری و چالاکییه کۆمەڵایەتییەکان به بابەتێتی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی له ئێن جی ئۆکان و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن له کەمکردنەوەی هەندێ له لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری مەحرەمێتی دەورێکی تۆختریان هەبێت.

سەبارەت به نووسەر:

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی  و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

 توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:   www.kameelahmady.com

سەرچاوه کان:

  1. گیدنز، آنتونی (1389). جامعه‌شناسی، ترجمۀ حسن چاوشیان، تهران: نشر نی.
  2. نورعلیزاده میانجی، مسعود (1388). مدل اسلامی مصون‌سازی رفتار جنسی با تأکید بر پیشگیری و درمان انحراف‌ها و مشکلات جنسی، فصلنامۀ علمی تخصصی اسلام و روان‌شناسی، سال سوم، شمارۀ 5، ص 142-107.
  3. ساروخانی، باقر (1385). مقدمه‌ای بر جامعه‌شناسی خانواده، تهران: نشر سروش
  4. هاشمی بهرمانی، عماد (1392). اعتدال و پیروزی (هاشمی رفسنجانی کارنامه و خاطرات 1369). تهران: دفتر نشر معارف انقلاب.
  5. حاجی اسماعیلی، محمدرضا (1391). ازدواج موقت و پیامدهای آن، فصلنامۀ فقه مدنی، شماره 6، ص 87-65
  6. ولوجردی، محمد (1371). ازدواج موقت از دیدگاه حقوقی، اجتماعی و اهل سنت، تهران: سارمان تبلیغات کشور.
  7. Beck, G. (1995). The Normal Chaos of Love. London: Polity Press
ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن