کامیل ئەحمەدی / وێنەی بنەماڵەیی

من کامیل ئەحمەدیم کە لە بواری مرۆڤ‌ناسی/خەڵکناسی خوێندوومە، له بارەی بابەتەکانی کەلتووری خۆجێیی، منداڵان و ئافرەتان و مافی کەمینەکان توێژینەوەی گروپی ئەنجام دەدەم و لەم بوارەشدا پێشینەی چالاکی و پڕۆژەتەوەرم هەیه.
له شاری نەغەدە له دایک بووم، شارێک که به هۆی بوونی کورد و تورکەوه دوو کەلتوورییه. ئێمه له ژێر کاریگەری ئەم جوگرافیا دوو کەلتوورییە گەوره بووین، بۆ وێنه کاتێک که من منداڵ بووم خاتوو ئەتڵەسێک دراوسێمان بوو که تورک بوو و هاوسەرەکەی کورد بوو. هەر لەو تافی منداڵییەدا، له یەعقووب و ڕەزا که هاوڕێ و هاوپۆلم بوون، فێری تورکی بووم. له باغچەی ساوایان و قوتابخانه فێری زمانی فارسی بووم.
پاش شۆڕش، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ له ناوچەکانی کوردستان، نەغەدە، زێدەکەم به هۆی هەستیاریی ئێتنکییەوه، خاڵی دەستپێکی تێکهەڵچوونەکان بوو و زۆر پشێو و نائارام بوو و ئێمەی کوردی دانیشتووی شاری نەغەدە ناچار بووین پەنا ببەینه بەر گوند و شارەکانی دەوروبەر، ماوەی دوو ساڵ له گوندەکانی دەوروبەری شاری سنووریی پیرانشار له ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبه کوردییەکان چوومه قوتابخانه، قوتابخانه که نا، ژوورێکی قوڕین له ماڵێکی گوندی. کاتێکیش که پشێوییەکان له ناوچەکەدا کۆتایی پێهات، ئێمه هیچ کات به شێوەی هەمیشەیی نەگەڕاینەوه بۆ نەغەدە، چوونکه هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا هاتبوو له تاڵانی ماڵەکانمانەوه بگره تا دەگاته ئەو دابڕانەی که کەوته نێوان من و کوڕەکانی داده ئەتڵەس. ئەوەنده گەوره نەبووم که هۆکارەکانی ئەمانه بزانم بەڵام به شێوەیەکی دڵهەژێن هەستم پێ دەکرد.

کامیل ئەحمەدی / سەردەمی قوتابخانەی سەرەتایی

کامیل ئەحمەدی / ڕێوڕەسمی وەرگرتنی بڕواناوەی زانکۆ

له ماوەی دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵێ پرۆژەی لێکۆڵینەوەییم له سەر بابەتەکانی منداڵان، ڕەگەزێتی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان به پێداگری له سەر ئێران و هەروەها ناوچەکە ئەنجام دا. لەم پرۆژانەدا بەردەوام تێکۆشاوم ئەو کەمینه کۆمەڵایەتییانە و حەقانەتی کەسەکان و ئەو شوێنانەی که دەیانناسم، له چوارچێوەی توێژینەوەی خەڵک‌ناسانه و به ڕەچاوکردنی ستانداردی زانستی و ئاکادیمی و بێ‌لایەنانه دەنگێک بۆ بیستن و ناسینی گرووپه خەسارهەڵگرەکان و ئەو کۆمەڵگەیە بم کە مەبەستمە؛ چوونکه بڕوام وایه زۆربەی ئەم پرسانه له چاو و تێگەیشتنی گشتیی خەڵک به شاراوەیی ماونەتەوه. کاره توێژینەوەیی و وێنەییەکانم بریتییه له هەشت کتێب و سێ کورته فیلمی دێکۆمێنتاری به ڕوانگەی ئێتنۆگڕافانه که له ئێران و ناوچه جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست ئامادەم کردووه؛ بۆ وێنه توێژینەوەکانم له بارەی خەڵکناسی و ئێتنۆگڕافی ڕۆژهەڵاتی تورکیە، خەتەنەی کچان (FGM/C)، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان یان “منداڵ‌هاوسەری (ECM)”، هاوسەرگیریی کاتی / بڕیاری بێبەری کردن، هاوسەرگیریی سپی، ناهاوسانان ((LGB شووناس و ئێتنیکایەتی به پێداگری له سەر ئاشتی و زبڵگەڕیی منداڵان له تاران ئەنجام دراوه. هەروەها توێژینەوەیەکی خەڵکناسانه له مەڕ گۆڕینی شووناسی ئێزیدییەکان له ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو (کوردستانەکانی عێراق، تورکیە و سووریە)، قەتڵه ناوووسییەکان (ئورووپا، عێراق و ئێران)، خۆسووتاندن و خۆکووژی (ئەفریقا، تورکیە و ئێران)، ڕەگەزێتی، منداڵان و به تواناکردنم ئەنجام داوه.

بەدەر له ئەزموونه لێکۆڵینەوەییەکانم، دەرفەتی ئەوەم بۆ هەڵکەوتووه که پێشینەی فێرکاری له بواری مرۆڤ‌ناسی کۆمەڵایەتی، چاپخانە، شێوازەکانی لێکۆڵینەوه، ستراتیژ و تاکتیک وەدەست‌بێنم. دەسکەوتی خوێندنی پسپۆڕی، ئاکادیمیک و ئەزموونه لێکۆڵینەوەییەکانم هەتا ئێستا بڵاوبوونەوەی چەندین کتێبی لێ کەوتۆتەوه که له خوارەوە دەیخەمە بەر دەست و دیدەی ئێوەی بەڕێز:

کاری مەیدانی توێژینەوەی خەڵک‌ناسی / ئامەدی تورکیە 2008
داپەڕتوێژی بۆ کتێبی خەڵکناسی و تووریزم له ڕۆژهەڵاتی تورکیە 2007
توێژینەوەی مەیدانی سەبارەت به هاوسەرگیری منداڵان له خووزستان ١٣٩۶

یەکەمین کتێبم جۆرێ ڕێنوێنی سەفەر بۆ ڕۆژهەڵاتی تورکیە بوو کە له ژێر ناوی”ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە” و به ڕوانینێکی ئێتنۆگڕافانە بۆ سەر پازدە پارێزگا بەتایبەت ناوچه کوردستانییەکانی تورکیە لە ساڵی 2009 بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی و کوردی کرمانجی لە ئەستەنبوڵ چاپ کراوە.
سەرپەرشتیاری ئەم توێژینەوه له لایەن شارەوانییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە به ناوی “GABB” خرایه ئەستۆی من کە چوار ساڵی خایاند. ئەم کتێبه گەشتیارییه، هەوڵ دەدا کەلتوور، داب و نەریت، خۆراک و شوێنە نەناسراوەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە که زۆر له مێژه گیرۆدەی شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بووه به خوێنەران بناسێنێت. حەشیمەتێکی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچانه که ئەرمەنی بوون کۆچیان پێکراوە و ئەم جێگۆڕکێ زەبەلاحه حەشیمەتییه که تەنانەت پێشی دەڵێن کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، لەم کتێبەدا خرایە بەر تیشکی لێکۆڵینەوه. ڕووداوێک که بووه هۆی گۆڕینی ناوی گوندەکان، ڕووخاندنی کلیسا و ناوەندەکانی پەیوەست به ئەرمەنییەکان. له زۆرێک له حاڵەتەکاندا ناوی گوندەکان له ناوی ئەرمەنییەوه گۆڕدران بۆ ناوی تورکی و تەنانەت دواتر ناوه کوردییەکانیش گۆڕدران بۆ ناوی تورکی به جۆرێک که زۆر به باشی باڵادەستی دروشمی به ناوبانگی ناسیۆنالیستی تورکیە که “یەک نەتەوه، یەک زمان و یەک ئاڵا”ـیه لەم ناوچەدا دەتوانین بەدی بکەین.
ئەم ناوچه له سی ساڵ بەر له ئێستا هەتا هەنووکه شایەتحاڵی زەبوونی و تێکهەڵچوونی توندی ناوخۆیی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی بووه و له قۆناغێکدا که ئەم گرژی و تێکهەڵچوونانه گەیشته ئەو پەڕی خۆی؛ واته دەیەی نەوەدی زایینی زیان و خەسارەتێکی زۆر له ناوەنده کەلتووری، مێژوویی و کۆمەڵگه مرۆییەکان درا. نەبوونی گەشەی ئابووریی و هەڵاواردنی سیستماتیک وای کرد ناوچه کوردنشینەکان وەک بێبەشترین پارێزگاکان له تورکیە بمێننەوە. ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا باشتر بوونی بارودۆخی بژێوی و کەمبوونەوەی تێکهەڵچوونی سەربازی و ئاشتیی سست و لەرزۆک، ئاسەواری ئەرێنی له سەر پەرەسەندن و گەشەی ئەم ناوچانه بەجێهێشت بەڵام کوردستانی تورکیە هەمیشه چاوەڕێی کرانەوەی سیاسییه.

یەکەمین کتێبم جۆرێ ڕێنوێنی سەفەر بۆ ڕۆژهەڵاتی تورکیە بوو کە له ژێر ناوی”ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە” و به ڕوانینێکی ئێتنۆگڕافانە بۆ سەر پازدە پارێزگا بەتایبەت ناوچه کوردستانییەکانی تورکیە لە ساڵی 2009 بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی و کوردی کرمانجی لە ئەستەنبوڵ چاپ کراوە.
سەرپەرشتیاری ئەم توێژینەوه له لایەن شارەوانییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە به ناوی “GABB” خرایه ئەستۆی من کە چوار ساڵی خایاند. ئەم کتێبه گەشتیارییه، هەوڵ دەدا کەلتوور، داب و نەریت، خۆراک و شوێنە نەناسراوەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە که زۆر له مێژه گیرۆدەی شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بووه به خوێنەران بناسێنێت. حەشیمەتێکی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچانه که ئەرمەنی بوون کۆچیان پێکراوە و ئەم جێگۆڕکێ زەبەلاحه حەشیمەتییه که تەنانەت پێشی دەڵێن کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، لەم کتێبەدا خرایە بەر تیشکی لێکۆڵینەوه. ڕووداوێک که بووه هۆی گۆڕینی ناوی گوندەکان، ڕووخاندنی کلیسا و ناوەندەکانی پەیوەست به ئەرمەنییەکان. له زۆرێک له حاڵەتەکاندا ناوی گوندەکان له ناوی ئەرمەنییەوه گۆڕدران بۆ ناوی تورکی و تەنانەت دواتر ناوه کوردییەکانیش گۆڕدران بۆ ناوی تورکی به جۆرێک که زۆر به باشی باڵادەستی دروشمی به ناوبانگی ناسیۆنالیستی تورکیە که “یەک نەتەوه، یەک زمان و یەک ئاڵا”ـیه لەم ناوچەدا دەتوانین بەدی بکەین.
ئەم ناوچه له سی ساڵ بەر له ئێستا هەتا هەنووکه شایەتحاڵی زەبوونی و تێکهەڵچوونی توندی ناوخۆیی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی بووه و له قۆناغێکدا که ئەم گرژی و تێکهەڵچوونانه گەیشته ئەو پەڕی خۆی؛ واته دەیەی نەوەدی زایینی زیان و خەسارەتێکی زۆر له ناوەنده کەلتووری، مێژوویی و کۆمەڵگه مرۆییەکان درا. نەبوونی گەشەی ئابووریی و هەڵاواردنی سیستماتیک وای کرد ناوچه کوردنشینەکان وەک بێبەشترین پارێزگاکان له تورکیە بمێننەوە. ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا باشتر بوونی بارودۆخی بژێوی و کەمبوونەوەی تێکهەڵچوونی سەربازی و ئاشتیی سست و لەرزۆک، ئاسەواری ئەرێنی له سەر پەرەسەندن و گەشەی ئەم ناوچانه بەجێهێشت بەڵام کوردستانی تورکیە هەمیشه چاوەڕێی کرانەوەی سیاسییه.

343434

له قۆناغی خوێندنم له ئینگلتەرا هەندێ جار وا پێش دەهات که بۆ هەندێ کاروباری خێرخوازی بچم بۆ کیشوەری ئەفریقا، لەوێ شایەدی هەندێ لەو پرۆژانە بووم که له لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان و هەندێ ئێن‎جی‎ئۆ به مەبەستی وشیارکردنەوە بۆ ڕێگری له خەتەنەی ژنان ئەنجام دەدرا. ئەم بینراوانه، وەبیرهێنەرەوەی سەردەمی منداڵیم بوون چوونکه ئەنجامدانی ئەم نەریته و دیاردەی خەتەنەی کچان و ژنانم لەو ناوچەی وا خۆم خەڵکی ئەوێ بووم واته کوردستانی ئێران بوونی هەبوو و من له سەردەمی منداڵیدا سەبارەت بەو زۆر شتم بیستبوو. دەتوانم بڵێم ئەگەرچی بیرۆکەی توێژینەوە له سەر پرسی خەتەنەی ژنان له ئەفریقا دروست بوو بەڵام ئاخێزگەیەکی تایبەتی هەبوو که له چوارچێوەی کارێکی زانستی درێژەی پێدرا به جۆرێ که پاش کۆتایی هاتنی خوێندنم و گەڕانەوه بۆ وڵاتی ئێران، له ناوچه کوردنشینەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا ئەم توێژینەوەم دەست پێکرد.
توێژینەوەی خەتەنەی ژنان وەک کتێبی دووهەم، توێژینەوەیەکی گشتگیر له سەر ئاستی وڵات بوو که تێیدا پرسی خەتەنەی کچان، ئەم دیارده خەساربەخشه و هەموو گۆڕانکاری و گەهۆڕینەکانی له ماوەی چەندین ساڵ له پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا (ناوچه کوردنشینەکان)، کوردستان، کرماشان و هورمزگان تاوتوێ کرا و ئەنجامەکانی به هەر دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی چاپ کراوه. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه بووە هۆی ئەوەی پرسی خەتەنەی ژنان له ئێران وەک بابەتێکی گرنگ له کۆمەڵگه جیهانییەکانی وەکوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یوونیسێف بخرێتە ڕوو، تەنانەت بووه هۆی ئەوەی ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان هەندێ پێشنیار به ئێران بدەن که ئەم بابەتە زیاتر تاوتوێ بکات. هەر لەم بوارەدا فیلمێکی دێکۆمێنتاریشم له ژێر ناوی “به ناوی نەریت” که بەرهەمی کاری مەیدانیی خەتەنەی ژنانه ئاماده کرد که له دەرەوەی وڵاتی ئێران چەندین جار له تەلەڤیزیۆنە جۆراوجۆرەکان و له چەندین فێستیڤاڵ بڵاو بۆتەوه. فایلی فارسیی ئەم بەرهەمە له ژێر ناوی “به ناوی نەریت” توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران له ساڵی ۱۳۹۴ له لایەن چاپخانەی شیرازه چاپ کراوه و فایلە ئینگلیزییەکەی له لایەن چاپخانەی «Un Cut Voice, UK 2015» ئینگلتەرا له ژێر ناوی «In The Name of Tradition» چاپ کراوه.

کاتی کارکردن له سەر بابەتی خەتەنەی کچان هەستم به هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و ئاماری زۆری ئەم دیاردە زیانبەخشه له ئێران کرد. هەر بۆیه توێژینەوەیەکی دوو ساڵەم له بارەی هاوسەرگیریی منداڵان ئەنجام دا و حەوت پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجان ڕۆژهەڵات، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان و ئیسفەهان به گوێرەی ئاماره فەرمییەکانی وڵات تاوتوێ کرد. ئەنجامی ئەم توێژینەوه به هەر دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاو بۆتەوه. بەرگی فارسی ئەم بەرهەمه له ژێر ناوی (طنین سکوت) “زایەڵەی بێدەنگی” توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان له ئێران له ساڵی ١٣٩۶ له لایەن چاپخانەی شیرازه و وەرگێڕاوی ئینگلیزییەکەی به ناوی ” An Echo of Silence” له لایەن چاپخانەی “Nova publishing, USA -2017” بڵاو بۆوه.
شایەنی ئاماژەیه ئەم دوو بەرهەمه (زایەڵەی بێدەنگی و به ناوی نەریت) له کتێبخانەی نیشتمانیی ئێران، زانکۆی ئاکسفۆڕدی ئینگلتەرا و بارەگای ئورووپای ڕێکخراوی نەتەوەکان له ژنێڤ ڕوونووێنی کراوه.
له نەبوونی لێکۆڵینەوەی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیرییی منداڵان، ئەم توێژینەوه له لایەن چالاکڤانانی مەدەنی و ئینجا سیاسەتداڕێژەرانی دەوڵەتی و نوێنەرانی پارلەمان خرایه بەر تیشکی سەرنج و بوو به زەمینەی خستنه ڕووی پڕۆژە یاسای زیاد کردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریی منداڵان واته چاکسازی له مادەی 1041ی یاسای مەدەنی. ئەم پرۆژە یاسایە ئەگەرچی له ناو پارلەمان به خێرایی و به زۆرینەی دەنگ پەسند کرا بەڵام له کومیسیۆنی یاسایی و دادی پارلەمان به کۆدەنگی ڕەت کرایەوه. شایەنی ئاماژەیه ئەنجامەکانی توێژینەوەی هاوسەرگیریی منداڵان، سەبارەت به لێکەوتەکانی ئەم بابەتە له کۆمەڵگەدا شەپۆلێکی له وشیاری گشتی دروست کرد به جۆرێک که بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ بوو به هۆی داخوازیی جیددی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ قەدەغە کردنی هاوسەرگیریی منداڵان، داخوازییەک که هەتا هەنووکەش بەردەوامه.

لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی من سەبارەت به هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتییه. ئەنگێزەی سەرەکی من بۆ کارکردن له سەر ئەم بابەتەش ئەو کاته له بەدی هات که لەبارەی هاوسەرگیری منداڵان توێژینەوەم ئەنجام دەدا. لەو کاتەدا که له سەر دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان کارم دەکرد، بۆم دەرکەوت ڕێژەیەکی زۆری منداڵان له چوارچێوەی بڕیاری مەحرەمێتی به بێ دەستێوەردانی یاسادانەر لێک ماره دەکرێن و ئەم بڕیاری مەحرەمێتییه بە هۆی بوونی بۆشاییه یاساییەکان و هەندێ نۆڕمیی کۆمەڵایەتیی ڕێخۆشکەر و ئاسانکەرەوەی هاوسەرگیری پێشوەختەیانه. بەم شێوه دەستم کرد به کارکردن له سەر دیاردەی بڕیاری مەحرەمێتی و هاوسەرگیریی کاتی که جۆرێ سیغەی مەحرەمێتییه و هاوکات دەرکەوتن و پەرەسەندنی شێوازە نوێکانی سیغە (گەورەساڵان)، کێشه یاساییەکانی و کاریگەری و زیانەکانی بۆ سەر تاکەکان و بەتایبەت ژنانم تاوتوێ کرد. ئەنجامی ئەم توێژینەوه له دوو توێی کتێبێک لە ژێر ناوی “ماڵێک له سەر ئاو” توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری مەحرەمێتی له ئێران له ساڵی ١٣٩٧ـی هەتاوی له لایەن چاپخانەی شیرازه چاپ کرا، وێڕای ئەوە فایلی ئینگلیزییەکەشی له ژێر ناوی«House on the water» له لایەن «Mehri Publication, London-UK 2019» چاپ کراوه. ئەم توێژینەوه بۆ یەکەم جار له سەر بابەتی بڕیاری مەحرەمێتی له ئێران توێژینەوه ئەنجام دەدا و هاوسەرگیریی کاتی و شێوازه نوێکان و گۆڕینی ڕوانگه بەرامبەر بەو له کۆمەڵگای شاریی کەلانشارەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهان به ئامارێکی زۆرەوه دەخاته بەر تیشکی لێکدانەوه.

A House on water (Kurdish) (292L) (R) copy
554-1

لێکۆڵینەوەیەکی دیکه له سەر بابەتی “هاوسەرگیریی سپی” لە ژێر چاپدایە که له ڕاستیدا دوور و درێژه و به جۆرێک هاوپەیوەستی توێژینەوەکەی پێشووم واتە بابەتی هاوسەرگیریی کاتی و بڕیاری بێبەری کردنە. ئەم توێژینەوه له ژێر ناوی “توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی سپی له ئێران” بڵاو دەبێتەوه که بۆ یەکەم جار له ئێران لایەنه ئاشکرا و شاراوەکانی ئەم دیارده له سەر ئاستی کەلانی وڵات به پێداگری له سەر کەلان شارەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهان کە هەڵگری کۆمەڵگەی ئاماری بەرز و بەڕۆژن تاوتوێ دەکات. نموونەی کورتکراوەی ئەم لێکۆڵینەوه لە ماڵپەڕەکەمدا دەست دەکەوێت. گۆڕینی شێواز و ڕوانگەی گەنجان بەرامبەر به ژیان و هاوسەرگیری، مافی هەڵبژاردن و مافی جەسته، کێشه و ئاستەنگەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بۆ ژنان، تەنگژە ئابوورییەکان، نەبوونی کار و پیشەی گونجاو و ئاین‌بێزی وەک سەرەکیترین هۆکارەکانی پەرەسەندن، دەرکەوتن و بەردەوام بوونی هاوسەرگیریی سپی یان پێکەوه بوون لەم توێژینەوەدا خراونەتە ڕوو.

له کاتی کاری مەیدانی و تاوتوێی گرووپەکان له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر لێکۆڵینەوەکانی هاوسەرگیریی کاتی و هاوسەرگیریی سپی هەستم کرد هەندێ کەسی هاوڕەگەز، له چوارچێوەی ژیانێکی هاوبەش، پێکەوه دەژین، خاڵی سەرنج‌ڕاکێش و گرینگ ئەوه بوو که به پێچەوانەی وشیاریی ڕێژەیی له بوونی ئەم کەسانه له کۆمەڵگە – به جۆرێک که تەنانەت مەکۆی ئەم کەسانه له شارە گەورەکاندا دیاره و له چاوی گشتی نەشاردراوەتەوه – سەبارەت به هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ژن و دوو‌هاوڕەگەزخوازان کاری توێژینەوەیی و مەیدانی جیددی له ئێران ئەنجام نەدراوه و ئەو توێژینەوانەی که هەن زیاتر بۆ توێژی پەنابەر تەرخان کراون که له دەرەوەی ئێران و زۆر جار به شێوەی دۆسیەی میدیایی و ڕاپۆڕتەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاۆ بونەتەوه، ئەمه بوو که بڕیارم دا بۆ تێگەیشتن و ناسینی زیاتری ئەم بابەته له ناوخۆی ئێران، بۆ یەکەم جار کارێکی توێژینەوەیی ئەنجام بدەم، ئەنجامی ئەم خوێندنەوه و توێژینەوه به فوکووس کردنه سەر شارە گەورەکانی تاران، ئیسفەهان و مەشهەد بە ناوی “چیرۆکی شاری قەدەغە کراو” توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به ناهاوسانان له ئێران له لایەن چاپخانەی فارسی مێهری له لەندەن و بەرگی ئینگلیزییەکەی له ژێر ناوی “Forbidden tale” له لایەن “Mehri Publication, London-UK 2018” بڵاو بۆوه. هەروەها له توێژینەوەی چیرۆکی شاری قەدەغە کراو هەتا ئێستا سێ وتاری ئینگلیزی و دوو وتاری فارسی له گۆڤاره جۆراوجۆرەکان چاپ کراون که نموونەکانی له لاپەڕەی وتارەکانی ماڵپەڕەکەمدا هەیه.
خەتەنەی ژنان، هاوسەرگیریی منداڵان، بڕیاری بێبەری کردن، هاوسەرگیریی سپی و ناهاوسانی پێنج کاری لێکۆڵینەوەیی بوون که له چوارچێوەی کۆمەڵە توێژینەوەکانی هاوپەیوەست بە یەکتر به پێداگری له سەر ژنان، منداڵان و ڕەگەزێتی یەک له دوای یەک ئەنجام دران و به توێژینەوەی سەبارەت بە ناهاوسانی کۆتایی پێهات. له لێکۆڵینەوه و توێژینەوەکانی خەڵک‌ناسی کۆمەڵایەتیدا وا باوه که مەیدانی کاری و کۆمەڵگەی ئامانج توێژەر به دوای خۆیدا ڕادەکێشێ و به بابەتی پەیوەندیداری دیکەی دەناسێنێت. ئەم بابەته کاتێ که توێژینەوه له سەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێ زیاتر خۆی دەنوێنێ چوونکه خەسارەتەکان له دڵی یەکتردان و به شێوەی زنجیرەیی پێکەوه لکاون و ئەگەری زۆره که له کاتی خوێندنەوەی خەسارەتێک، خەسارەتێکی دیکه دەربکەوێت.

کاری مەیدانی سەبارەت به توێژینەوەی منداڵ‌هاوسەری له پارێزگای سیستان و بەلووچستان ناوچەی مەکران ١٣٩۶

10 (1)

سەردانی مەیدانی له توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان له هەڵەبجه – باشووری کوردستان 2010

من هەمیشه هۆگرییەکم بۆ خوێندنەوەی شووناس و ئێتنیکایەتی هەبووه و دەروەست بوونی خۆم به ئێتنیکی کورد زیاتر ئەم هۆگرییەی تۆخ دەکردەوە. زۆرێک له ڕوانگه، وته و بیستراوەی ئێتنیکی و بیرەوەرییەکانی جەنگ بەشێک له ئەزموونه زیندوەکانی منی له منداڵیدا پێک دەهێنا، من له مەودایەکی نه زۆر دوور له شارە سنوورییەکان و نزیک له عێراق و به مەودایەکی کەم له سنووری تورکیە ژیاوم، گەوره بووم و به ئاشکراتر و ڕوونتر له شوناس و ئێتنیکایەتی تێگەیشتبووم.

هۆکارێکی دیکەی هۆگریی من بۆ توێژینەوه لە سەر شوناس و ئێتنیکایەتی دەگەڕێتەوه بۆ پێشینه توێژینەوییەکانم و کارەکانی دیکەی لێکۆڵینەوەییەکانم له وڵاتانی تر و زیاتر له ئێران که له کۆمەڵگەگوندی و بێبەشەکاندا ئەنجامم داوه؛

ئەم توێژینەوانه پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو ئێتنیکانه ساز دەکرد که له ناوچه دواکەوتوو و گەشە نەکردووەکان دەژیان و ئەم ڕووبەڕوبوونەوه و پەیوەندییه دەبووه هۆی ناسینی ڕەهەند و لایەنی جۆراوجۆر سەبارەت به ئێتنیکەکان. هۆکاری سێیەمی خوێندنەوه و لێکۆڵینەوەی سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی، زەروورەتی لای یەکتر ناسراو بوونی ئەم ئێتنیکانه بوو و هەروەها ئەو لاوازی و کەمایەسییانەی که له دێرزەمانەوه له سیاسەتە ناوەندتەوەرەکاندا بوونی هەیه و دەبێته هۆی دابەش نەبوونی دادپەروەرانەی سامان و دەسەڵات له ناوچه جۆراوجۆرەکان و بابەتی گرنگ و داخراوی دەورووبەری ناوەند. هۆکارێکی گرنگی دیکه دەور و گرینگیی ئاشتی له جوگرافیا و مێژووی ئێران بەتایبەت له قۆناغی هەستیاری ئێستایه که هانی دام توێژینەوەی شوناس و ئێتنیکایەتی به تەوەرایەتی ئاشتی ئەنجام بدەم.

ئەم توێژینەوه که کارەکانی لێکۆڵینەوەی به شێوەی سەرەکی له سەر کەسانی چینی پسپۆڕ و بلیمەتی ئەم گرووپانه و به ڕێژەیەکی کەمتر کەسانی ئاسایی و خەڵکی کووچه و کۆڵان و بازاڕ دەستی پێکرد، له پلەی یەکەمدا به نیازی وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیه که ئێتنیکەکان چ تێگەیشتن‌ێکیان له خۆیان و له شوناسەکانی دیکه هەیه که لەگەڵ ئەوان دووفاقی‌سازی دەکا و له ناو پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵگەی ئەوڕۆیی ئێران خۆیان له کوێدا دەبیننەوە و بۆچوونیان سەبارەت به یەکێتی، بەشداری سیاسی، زمانی دایکی و ناوەند – دەورووبەر چییه. ئەم کتێبه له ژێر ناوی “له سنوورەوه هەتا سنوور” توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران به لێکۆڵینەوه له سەر هەر پێنج ئێتنیکی تورک، کورد، بەلووچ، عەرەب و فارس (ناوچه فارس زمانەکان) ئەنجام دراوه و له ئێستادا له نۆرەی چاپدایه. هەروەها بەرگی پوخته و کورتکراوە و وتارەکانی پەیوەست بەو، ئێستا له لاپەڕەی وتارەکانی ماڵپەڕەکەمدا بەدی دەکرێن.

له سەرەتاکانی ساڵی 1398ـی هەتاوی شانازیی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەی هاوبەشم لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵانم پێ بەخشراوه که لەگەڵ تیمێکی گەنج و تێکۆشەر لایەنه ئاشکرا و شاراوەکانی دیاردەی زبڵگەڕیی منداڵان له 22 گەڕەکی تارانم بۆ یەکەم جار خسته بەر تیشکی لێکدانەوه و لێکۆڵینەوه.
منداڵان لەو کەمینانەن که هەمیشه پێویستیان به چاودێرییه و له ئەگەری زیان بەرکەوتنی ئەم گرووپه، چارەسەری زیانەکان ئاڵۆز و ئەستەم دەبێ و له درێژماوەدا کۆمەڵگا گیرۆده دەکات. له ناو خەسارەتەکانی بواری منداڵان، زبڵگەڕی وەک زیانبەخشترین و پیسترین چەشنی کاری منداڵان و دژی کەرامەتی مرۆیی ناسێنراوه.
منداڵی زبڵگەڕ له تارماییەک دەچێ که به جل و بەرگ و دەموچاوی پیس که به هۆی سیستەمی ناکارامەی بەڕێوەبەریی شاری، نابەرپرسایەتی ئێمه بۆ لێکجیاکردنەوەی زبڵەکانمان، دروست‌تر و کەمتر به کارهێنان و بوونی مافیای زبڵ و گەندەڵی و بەرتیل له سیستەمدا دەچەوسێنرێ و نابینرێت.
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه پیشانی دا که داهاتی زۆری چوارسەد ملیاڕدی پاشماوەی وشک له ساڵدا دەچێته گیرفانی شارەوانییەکان و پەیمانکاران. ئەم بابەتە ئەو کاته دڵتەزێنتر دەبێ که بزانین هەر زبڵگەڕێک له ڕۆژدا سەد و پەنجا کیلۆ زبڵ کۆ دەکاتەوه بەڵام پشک و داهاتی لەم بازرگانییه تەنیا هەژده له سەده و منداڵانی زبڵگەڕ تەنیا و تەنیا له شەش له سەدی ئەم بازرگانییە بەش و داهاتیان هەیه. زۆربەیان له هەراتی وڵاتی ئەڤغانستان به شێوەی نایاسایی بەرەو ئێران کۆچ دەکەن، بەڵام تەنگەژه ئابوورییەکان وای کردووه بنەماڵه و منداڵانی ئێرانیش بێنه ناو پرۆسەی زبڵگەڕی.
نەبوونی توێژینەوەی گشتگیر و ئامانجدار له بواری دیاردەی باوی زبڵگەڕی، نەناسراوبوونی ئەم کێشه و سیگناڵی مەترسی هەڵکشانی ڕێژەی منداڵانی زبڵگەڕ بوو به ئەنگێزەی سەرەکی بۆ دەستێپکردنی لێکۆڵینەوەیەک له سەر بابەتی ناسینی دیاردەی زبڵگەڕی، تاوتوێی فاکتەرە بەستێنسازەکان و کەمبوونەوەی خەسارەتەکانی بۆ سەر منداڵانی زبڵگەڕ.
بەو هیوایەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە له لایەن ڕێکخراوه دەوڵەتییەکانی وەکوو شارەوانییەکان، ئێن‎جی‎ئۆکان و بەرگریکارانی مافەکانی منداڵ ئاوڕی لێ بدرێتەوه.
ئەنجامی ئەم توێژینەوه ناوازه له ژێر ناوی “تاڵانی منداڵی” توێژینەویەک سەبارەت به ناسین، ڕێگری و کۆنتڕۆڵی دیاردەی زبڵگەڕیی منداڵان له تاران له لایەن “ئەنجوومەنی پشتیوانیی مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵان» بڵاو بۆتەوە.

ڕاپۆڕتی ساڵی 2018ـی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار پیشان دەدا نزیکەی 218 میلیۆن منداڵی کار له جیهاندا بوونیان هەیه که لە ناویاندا 150 میلیۆن منداڵی قوربانیی کار له هەڕەتی منداڵیدان و نزیکەی 73 میلیۆن کەسیان سەرقاڵی ئیشی مەترسیدار و زیانبەخشن. ئەم ئاماره ئەوه دەردەخا که له کۆی هەر 10 منداڵ له جیهان یەکیان منداڵی کاره. ئەم ئاماره به ڕوونی پیشان دەدا که سەرەڕای ئەوەی ئەو وڵاتانەی که داهاتێکی کەمیان هەیه پێویستیان به سەرنجی تایبەته، بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان تەنیا به فوکووسکردنه سەر وڵاتانی هەژار نالوێت. پرسی هاوبەشی نێوان وڵاتانی هەژار و خاوەن داهاتی مامناوەند و دەوڵەمەند هەمان هەژاریی بنەماڵه و کۆمەڵگایه.

ئەم توێژینەوه له سەر تەوەری بێچمه جۆراوجۆرەکانی کاری منداڵان وەکوو ئیشی سەر شەقام و دەست‌فرۆشی، کار له کارگەی بەرهەمهێنان، کار له کارواش، شاگردیی له دووکان، زبڵگەڕی، کار له کارگه ژێرزەوینییەکان، کاری ناوماڵ، کار له ماڵ، کار له کوورەخانه، و …، به شێوازی تیۆری داتابنیات (GT) ئەنجام دراوه. ئەوەی لەم توێژینەوەدا له چاو توێژینەوە ئەنجامدراوەکانی دیکە له بواری کاری منداڵان تۆخ و پڕڕەنگه له پلەی یەکەم جۆر و کوالێتیی و چۆنایەتیی توێژینەوەیە که وەک شێوازێکی چۆنایەکی و هەڵقووڵاو له دڵ و لە ناو مەیدان دێته هەژمار؛ واته کۆمەڵگای ئامانج، به ڕوانینێکی دیاردەناسانه و چەندلایەنە وتەزای کار، جۆرەکانی کار و مەترسی و ڕێکارەکانیان تاوتوێ کردووه که لەم نێوەندەدا تێگەیشتن و ناسینیان له کار و ئەزموونە دەرووناسییەکان له شوێنی کار سەرنجڕاکێش و گرنگه.

لە توێژینەوە ی شوێن‌پێی چەوساندنەوه له جیهانی منداڵی “توێژینەویەکی گشتگیر له سەر جۆرەکانی کاری منداڵان له ئێران” هۆکاره جۆراوجۆرەکانی کاری منداڵان له هەر کام له پێشه تاوتوێکراو و بگۆڕەکانی ڕەگەزێتی، ئێتنیک و تەمەن به شێوەی جیا له 22 جۆری کاری منداڵ شیکاری و تاوتوێ کراوە. مەترسییەکانی کاری منداڵان یەکێک له بابەتە بەرچاوەکانی ئەم توێژینەوەیه که به پێی جۆری کار و بارودۆخی تەمەن و فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی تر، زەختیی زەرەر و زیانی هەمەجۆری لێ دەکەوێتەوه..

ئەوەی ئەم توێژینەوه له دیکەی توێژینەوه ئەنجامدراوەکانی بواری منداڵانی کار جیا دەکاتەوه، تایبەتمەندیی و جیاوازیی شێوازی چۆنایەتییەکەیەتی که دەیخاته ڕیزی توێژینەوە نوێکانی بواری منداڵییەوه. له لێکۆڵینەوه و دەقە نوێکاندا له بری «لێکۆڵینەوه سەبارەت به منداڵان» (Research about Children) «لێکۆڵینەوه به یان له ڕێگەی منداڵانەوه» (Research with or by Children) به کار هێنراوه و کۆمەڵگای ئامانج واته منداڵان، گێڕەوەرانی ڕاستەوخۆی منداڵیی و ژیانی خۆیانن. له ڕاستیدا کۆمەڵگای ئامانج، خۆی به ڕوانگەیەکی دیاردەناسانه و چەند لایەنه وتەزای کار، جۆرەکان، مەترسییەکان و ڕێکارەکان تاوتوێ دەکات.

لەو ڕووەوەی که توێژینەوەی شوێن‌پێی چەوساندنەوە له جیهانی منداڵی زۆربەی جۆرەکانی کاری له کەلانشاری تاران و دەوروبەر به تێرو تەسەلی شی کردۆتەوه، ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه سەبارەت به منداڵانی کار هەر هەموو وڵاتی ئێران بەتایبەت شارە گەورەکانی دیکه دەگرێتەوه.

ئەم توێژینەوه به شێوەی فایلێکی ئەلیکتڕۆنی له لایەن ئاوای بووف به زه مانی فارسی (کوردی ده ریی دایه) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵ کەوته بەردەستی هۆگرانی و فایله تەواوەکەی له و ماڵپەڕه دا بەدی دەکرێت.

وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان"ـی زانکۆی "جۆرج واشینگتۆن" لە ساڵی 2018

له ساڵانی چالاکیی کاری و توێژینەوەییم ئەم شانازییەم پێ بەخشراوه که بەربژێر و براوەی هەندێ له خەڵاته نێونەتەوەییەکان بم که میدالیای شانازی کۆمیتەی کۆمەڵایەتی ئەفریقایی (IAC) و ئێتنۆگڕافی بەرزترین توێژینەوەی ئێتنۆگڕافی مۆزەخانەی ڕۆژهەڵاتی لەندەن (HMS) لە کۆمیتەی میراتی کەلتووریی لە ساڵی 2006، خەڵاتی باشترین توێژینەوەی ساڵی 2009 ناوەندی بەرهەم و بڵاوکردنەوەی مێزۆپۆتامیای شارەوانییەکانی گاب (GABB) بۆ کتێبی ” ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە”، بە دەستهێنانی میداڵی کارناسی جیهانی – ئۆگاندا/بریتانیا/بێلژیک – (FGM/C) سەبارەت بە مافی پەنابەران لە تاراوگە بۆ وڵاتی دەستپێک، خەڵاتی ناوووس (IKWRO) لە زانکۆی یاسای لەندەن. له ساڵی 2017 بۆ توێژینەوەکانم لە بواری خەسارەتەکان بە پێداگری لە سەر بابەتی ژنان و منداڵان، پێدانی ئەندامەتی تەواو و پۆستی مێزی کارناسی لە کۆمیتەی نێوان ئەفریقایی ((IAC و “خەڵاتی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکانی ڕێکخراوی جیهانیی ئاشتی لە زانکۆی “جۆرج واشینگتۆن” لە ساڵی 2018 بۆ کۆمەڵە بەرهەمەکانم له نموونەکانیەتی.
ئەم خەڵاتە هەموو ساڵێ لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە و ڕاهێنان، زانستە سیاسییەکان، یاسا، پزیشکی و تەندروستی، ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان، چاپەمەنی و هونەر دەدرێ بە توێژەرانی سەرکەوتووی جیهان و خەڵاتی بەشی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان لە ساڵی ١٣٩٧ درا بە من.
به ڕای من کۆمەڵگە و ئێتنۆگڕافی وێنەیی نومایەکی گشتی له دنیایەکه که ئێمه تێیدا دەژین، نومایەک لەو شتانەی که دەیبینین و وەک ئامادەبووانێک له دنیادا ئەزموونی دەکەین. من له ڕێگەی وێنەکان، ڕوونکردنەوه خەڵکناسییەکان، ئێتنۆگڕافی و توێژینەوەکانم هەوڵم داوه به شێوەی ڕاستەوخۆ گۆشەیەک له ڕاستییەکان پێشان بەردەنگەکانی خۆمی بدەم. هەروەها تێکۆشاوم وێنەیەکی ڕاستەقینه له ژیانی ڕۆژانه که زۆر جار له ژینگەکەماندا لێی بێ‌ئاگا دەبین، بۆیان ساز بکەم. پڕەسپێکتیڤە خەڵکناسییەکان که به کەڵک وەرگرتن لەوان تێدەکۆشم کە هەتا ئەو جێی که ئەم ئامرازە دەتوانێ چەندین چاو بەرەو ڕووی دنیا بکاتەوە که بتوانێ شێعر، غەم، ڕاز و نهێنی و شادی پێشان بدات. ئەم کاره ناتوانێ وێنەیەکی تەواو بخاته ڕوو و یان ببێتە بەدیل و جێگرەوەی ئەزموونێکی تەواو مرۆیی بەڵام هەتا ئەو جێیەی دەکرێ هاوکاری دەکا بۆ ئەوەی ڕاستییه بچووک بەڵام فەرامۆش کراوەکان پێشان بدات.

مراسم ترویج و تبادل فرهنگی در دانشگاه لندن سال 2004
ڕێوڕەسمی پەرەدان به ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و ئاڵوگۆڕی کەلتووری له زانکۆی SOAS ساڵی 2004

له خەڵکناسی کۆمەڵایەتی هاوئاراسته لەگەڵ دنیای مۆدێڕن، به پێچەوانەی ئەوەی له خەڵک‌ناسی کلاسیکدا باو بوو، وا باوه که توێژەر وێڕای خوێندنەوەی نەریته خەسارەتبەخشەکان هەندێ ڕێکاریش بخاته ڕوو که پێی دەڵێن توێژینەوەی گیرۆده. ئەم تایبەتمەندییه بەتایبەت له لایەن خەڵک‌ناسانی نەوەی نوێوه گرنگه و منیش له کاره توێژینەوه و لێکۆڵینەوەییەکانمدا هەمیشه له سەر ئەو باوەڕه سوور بووم و تێکۆشاوم تێگەیشتنێکی دروست له داب و نەریت، گرنگیی فەرهەنگ و کەلتوور بخەمه ڕوو و له هەماکاتدا دەنگی بێلایەنی گرووپی ئامانج، لایەنگران و دژبەرانی ئەم دیارده کۆمەڵایەتییانەش بم و هەڵبەت ڕێکاری گونجاو لەگەڵ بارودۆخ و شیاوی جێبەجێ کردنیش به پێداگری له سەر بەستێنسازی کەلتووریی بخەمه ڕوو. لێکۆڵینەوەگەلێک لەم چەشنه که بابەتە تابۆ و هەندێ جار نەبینراوەکان دەخاته بەر تیشکی لێکدانەوه و لەگەڵ داهێنان و دۆزینەوه نوێی کۆمەڵایەتییەکانه و له زۆربەی حاڵەتەکاندا بەرژەوەندی ئەو کەسانەی که دەسەڵات و سامانیان هەیه دەخاته مەترسی و بەم شێوەیه که له پاڵ لایەنگران، هەندێ بەرهەڵستکاری کەلە ڕەق و بەهێزیش دەردەکەون بەڵام چاوەڕوانی ئەوه له دژبەرانی دەستڕۆیشتوو دەکرێ که به ویژدانەوە له پاڵ ڕەخنه و دژبەری هاودڵانه، لایەنه ئەرێنییەکانی ئەم چەشنه لێکۆڵینەوانه که خۆشیان دانی پێدا دەنێن به ئەنقەست پشتگوێ نەخەن.
بێ‌گومان، توێژینەوه له پێشکەوتنی هەمەلایەنه و بەردەوامیی کۆمەڵگەیەکدا دەوری حاشاهەڵنەگری هەیه و به جەسارەتەوه دەتوانین وەک هێز و وزەی بزوێنەری گەشە له هەموو بەستێنه کەلتووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا لێی بڕوانین. بەڵام سەرەڕای گرینگی و پێویستییەکەی که له کەس شاراوه نییه، زۆر بینراوه که توێژەران ڕووبەڕووی بێ‌ڕێزی بوونەتەوە؛ توێژەرانێک که بەپێی ئەرک و پابەندی بە پیشه و زانستی خۆیان به جیدییەت، ئومێد، گەشبینی و ئەشق، سەرەڕای ئەستەمی و دژواری درێژە به ئیشی خۆیان دەدەن و تێدەکۆشن له هەموو حاڵەتێکدا پەیامەکەیان له سەر بنەمای گوتاری یەکگرتوویی، دانووستان، باشتر کردن و پیشکەوتن بێت.

بۆ دەستخستنی بەرگی تەواوی سی ڤی لەگەڵ وردەکاری پێشینەکان له دوو توێی PDF لینکی ژێرەوه کلیک بکەن.