هاوسەرگیریی منداڵان

نووسەری کتێبی زایەڵەی بێدەنگی “توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی منداڵان له ئێران” له کاتی کارکردن له سەر بابەتی خەتەنەی ئافرەتان بابەتی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و ئاماری زۆری ئەم دیارده خەسارەتبەخشەی له ئێران لێ ئاشکرا بوو. لەو کۆمەڵگایانەی وا خەتەنەی ژنانی تێدا باوه هاوسەرگیریی منداڵانیش بوونی هەیه. هەر بۆیه نووسەر توێژینەوەیەکی دوو ساڵەی سەبارەت به هاوسەرگیریی منداڵان دەست پێکرد که له ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەر هەوت پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان و سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان و ئیسفەهانی له سەر بنەمای ئاماری فەرمی وڵات تاوتوێ کرد و ئەنجامه وەدەستهاتووەکانی ئەم توێژینەوەی به هەر دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاو کردەوه.
بە باوەڕی زۆرێک لە کارناسان، منداڵ‌هاوسەری یان هاوسەرگیریی پێشوەختە کاریگەری لە سەر ژیانی منداڵان دادەنێ و بە لێکەوتەی خەسارەتبەخشی تەندروستی ئاڵۆزتری دەکا و کاریگەری لە هەر ئاستێک لە پێشکەوتن، گەشە و بەرزیی تاکایەتی دادەنێت. لە هەندێ لە وڵاتانی ڕوو لە پێشکەوتن، هاوسەرگیریی پێشوەختە وەک ئامرازێکی ئابووری سەیر دەکرێ کە دەتوانێ بارودۆخی ئابووری بنەماڵە باشتر بکا، دەتوانێ پەیوەندییەکانی بنەماڵە پتەو بکا و دەستەبەریی پاکیزەیی کچان بەر لە هاوسەرگیری بێ بۆ ئەوەی ئارەزووە سێکسییەکانیان کۆنتڕۆڵ بکا و نەهێڵێ کچان بگەنە تەمەنێک کە وەک هاوسەر ڕاکێشەرێتی سێکسییان کەم ببێتەوە (المو، 1386). لە لایەکی دیکەشەوە کێشە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە دووگیانێتی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مەرگی کچانی نێوان تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵانە (سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان، 1391). جیا لەم کێشانه، هەندێ لەم کێشانه لەوانەیه کچان ڕووبەڕووی نەخۆشیی نزیکیی وەکوو ئایدز بکاتەوه.
بە پشتبەستن بە پێکهاتەی ئایینیی زاڵ بە سەر وڵاتی ئێران، باڵقبوون و دەستێپکردنی یەکەم سووڕی مانگانە له کچان وەک دەستپێکی تێپەڕین لە تافی منداڵییەوە بۆ هەڕەتی گەورەساڵی ڕەچاو دەکرێت. گەیشتن بەم سەرەتا فیزیایی و بایۆلۆژیکییە بە واتای شیاوبوونی کەسەکە بۆ هاوسەرگیرییە بە بێ ئەوەی گوێ بە تەمەنی ڕاستەقینە و تواناکانی ئەو بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی هاوسەرێتیی ئەو کچه بدرێت. ئەگەرچی هاوسەرگیریی پێشوەختە هەر دوو لایەنی هاوسەرگیرییەکه واته کچان و کوڕانی منداڵ دەگرێتەوە، بەڵام ڕاستیی تاڵی کۆمەڵگا ئەوە دەردەخا کە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی دیاردەی منداڵ‌هاوسەری بۆ سەر کچۆڵەکان جیدیتر و مەترسیدارتره.
بێ‌گومان سەرمایەگوزاریی کۆمەڵایەتی لە سەر کچان، پەرەپێدانی سەرمایە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان و دەستەبەریی دەستپێڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و تەندروستی هێمایەکی ڕوون لە یەکسانی ڕەگەزێتییە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بەهێزترەکان.

وێنەیەک له کاری مەیدانی زایەڵەی مەیدانی له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

وێنەیەک له کاری مەیدانی زایەڵەی مەیدانی له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

ئەگەرچی بە هۆی نەبوونی توێژینەوەی سەربەخۆ و بایەخدار سەبارەت به منداڵ‌هاوسەری له ئێران، زانیاری کەم لەم بارەوه هەیه، بەڵام به گێڕانەوە له ڕاوێژکاری جێگری یاسایی دەزگای داد ئاماری فەرمی و دەوڵەتی دەرخەری ئەوەیه که ساڵانه 500 بۆ 600 هەزار منداڵ له ئێران هاوسەرگیری دەکەن و ئەو ئاماری هی ئەو هاوسەرگیرییانەیه وا به شێوەی فەرمی تۆمار دەکرێن و ئەو کەسانه ناگرێتەوه که له دەرەوەی پرۆسەی فەرمی هاوسەرگیری دەکەن، ئێستا 14 هەزار منداڵ‌بێوەمان له وڵاتدا هەیه و به پێی بەراوردی ڕێکخراوی نەتەوەکان 17 له سەدی کۆی هاوسەرگیرییەکانی ئێران هی ژێر تەمەنی 18 ساڵانه. هەڵبەت دەبێ ئەوەشمان لە بەر چاو بێ که له ئێراندا هەندێ لەو پیاوانەی که زیاتر له هاوسەرێکیان هەیه هاوسەرگیریی خۆیان و هاوسەرگیرییەکانی تەمەنی کەم تۆمار ناکەن و یان به شێوەی نایاسایی به شاراوەیی دەیهێڵنەوه.

چارتی باوبوونی هاوسەرگیریی پێشوەخته له پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی

ئەم لێکۆڵینەوه گشتگیره بۆ یەکەمین جار هەوڵی شیکاری و تاوتوێی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی منداڵان به پێداگریی له سەر فاکتەرە کۆمەڵایەتی – کلتوورییەکان دەدا که ئەو نایەکسانییه قووڵ و بنچینەدارانە پیشان دەدا که بۆته هۆی بەردەوامیەتی دیاردەی منداڵ‌هاوسەری له ئێران. هۆکاری زانستیی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوه لە پێناو ڕوونکردنەوەی بەڵگه و باوبوونی ئەم کردەوه زیانبەخشه له ئێران و هەروەها یارمەتیدانی بڕیاردەرانی دەوڵەتیی له فوکووسکردنیان له سەر پشتیوانیی دەستبەجێ له مافه مرۆییەکانی منداڵانه.

وێنەیەکی پیاوماقووڵانی ئێتنیکی له بەلووچستان

وێنەیەکی پیاوماقووڵانی ئێتنیکی له بەلووچستان

ئەم کتێبه که هەوڵ و کۆششێک بۆ پیشاندان و خستنه ڕووی قووڵاییەکانی پرسی منداڵ‌هاوسەری له ئێران بوو، له لایەن چالاکڤانانی مەدەنی، سیاسەتداڕێژەرانی دەوڵەتی و هەندێ له نوێنەرانی پەڕلەمان خرایه بەر تیشکی سەرنج و بوو به زەمینەی خستنه ڕووی پڕۆژە یاسای زیادکردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریی منداڵان واته چاکسازی له مادەی 1041 یاسای مەدەنی. ئەم پڕۆژە یاسایە ئەگەرچی له ناو پەڕلەمان به خێرایی و به زۆرینەی دەنگ پەسند کرا بەڵام له کومیسیۆنی یاسایی و دادی پەڕلەمان به کۆی دەنگ ڕەت کراوه. ئەنجامەکانی توێژینەوەی هاوسەرگیریی منداڵان و داخوازێتی کۆمەڵگای مەدەنی و داواکاری له پەڕلەمان بۆ چاکسازیی یاسا بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی له وشیاریی گشتی له کۆمەڵگا، به جۆرێک که بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ بوو به هۆی داخوازێتیی جیدیی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵان، داخوازییەک که هەتا ئێستاش بەردەوامه.

چارتی هاوسەرگیریی منداڵان به بەراورد لەگەڵ کۆی هاوسەرگیری له ماوەی ده ساڵی ڕابردوودا

به ئاوڕدانەوە له ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان به بەراورد لەگەڵ هاوسەرگیریی گشتی له دەیەی ڕابردوو هیچکات له 35 له سەد کەمتر نەبووه.

ئەم کتێبە بۆ سەر چوار بەش دابەش کراوه. بەشی یەکەم پێشەکییەکە لە سەر هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوە و باوبوونە جیهانییەکەی. بەدەر لەوە هەر لەم بەشەدا کورتە پێشەکییەک تەرخان کراوە لە سەر بابەتی باوبوونی هاوسەرگیریی منداڵان لە مێژووی ئێران و بنچینە مێژووییە پەیوەستەکانی.

بەشی دووهەم عەقڵانییەتی شاراوە لە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و یاسا و سیاسەتە زاڵەکان وەک ئامرازی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بۆ سنووردار‌کردنی باوبوونی منداڵ‌هاوسەری شی دەکاتەوه.

بەشی سێیەم بەتایبەتی بە دەرخستنی ڕاستییە هەست پێنەکراو و نەبیستراوی گێڕانەوە و زانیاری نوێکان کە لە لایەن دەوڵەتەوە نەبینراو و نەبیستراوه، ئەم دیاردە پیشان دەداتەوه. ئەم بەشەی ڕاپۆڕتەکە ڕوانینێکی تایبەتی بۆ سەر هۆکارەکانی هەڵکشانی ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری لە هەندێ لە ناوچەکانی ئێران هەیە. هۆکارە کاریگەر و بگۆڕە پەیوەستەکانی ئەم توێژینەوە لە ڕێگەی کێشانەوەی مۆدێلێکی شیکاریی گشتگیر خراونەتە بەر باس و لێکۆڵینەوه.

بەشی چوارەم و کۆتایی تەرخانی کراوە بە دەستکەوت و خستنە ڕووی کۆمەڵێ ڕێکار بۆ داهاتوو. ئەم بەشە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و ڕێگەی دەرباز بوون لە کێشەی هاوسەرگیریی پێشوەختە شی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بۆ سیاسەتمەداران، بەرناوەداڕێژەران و بەرگریکاران ڕێنوێن و هاندەرێک بێ کە لە کێشمەکێشی نەهێشتنی و ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێگە چەوتەدان. هەروەها ئەم بەرهەمە دەڕوانێتە ئەو کێشانەی وا هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ناچاری دەکا، بۆ وێنە پەیوەندیی نێوان منداڵ‌هاوسەری، خەتەنەی مێینە و فرەژنی.

دیمانه وێنەییەکان:


https://www.manototv.com/episode/2684

خویندنه وی زیاتر خویندنه وی که متر
ئەرشیڤ اخبار قدیم