زبڵگەڕیی منداڵان

منداڵان لەو کەمینانەن که هەمیشه پێویستیان به چاودێرییه و ئەگەر زیانیان پێ بگا، چارەسەری زیانەکان ئاڵۆز و ئەستەمه و له درێژماوەدا کۆمەڵگا گیرۆده دەکات. له ناو خەسارەتەکانی مەترسیدارەکانی سەر منداڵان، کاری منداڵان، بەتایبەت زبڵگەڕی وەک زیانبەخشترین و پیسترین جۆری کاری منداڵ و دژی کەرامەتی مرۆیی ناسێنراوه.
بەکارهێنانەوەی زبڵ له وڵاتی ئێمەدا پیشەیەکی پڕداهاتە، بەڵام بە داخەوە چەندین فاکتەر بۆ وێنه جیانەبوونەوەی زبڵ له سەرەتا، نەبوونی ئیمکانیات و میکانیزمی ستانداڕدی کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی زبڵ و هەروەها لاوازیی پەروەرده وای کردووه که لەم پیشەسازییەدا مرۆڤ وەک ئامرازی کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی زبڵ به کار بهێنرێت. به هۆی ئەوەی پیشەسازیی زبڵ له ئێران فەرمی نییە، یاسای کار و دیکەی ستانداڕدە باوەکانی پیشه جۆراوجۆرەکان لەم پیشەسازییەدا ڕەچاو ناکرێت. هەر بۆیه، کرێکارانی ئەم بەشە له ئیمتیازی پیشەیی وەکوو بیمه بێبەشن و له ماوەیەکی دوور و درێژی کاری و له ژینگەیەکی له ڕادە بەدەر پیس کارێکی زۆر مەترسیدار و خەسارەتبەخش ئەنجام دەدەن. ئەم هۆکارانه و هۆکارەکانی دیکه وای کردووه که لە پیشەسازیی زبڵگەڕیدا زیاتر کۆچبەران و منداڵان هێزی مرۆیی بن و زبڵگەڕیی منداڵان بەدی بێت.
منداڵی زبڵگەڕ له تارماییەک دەچێ که به هۆی جل‌وبەرگ و بە دەموچاوی پیسی چەوسێنراوە و نابینرێت. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه پیشانی دا که داهاتی زۆری چوارسەد ملیاڕدی پاشماوەی وشک له ساڵدا دەچێته گیرفانی شارەوانییەکان و پەیمانکارانەوە. ئەم بابەتە ئەو کاته دڵتەزێنتر دەبێ که بزانین هەر زبڵگەڕێک له ڕۆژدا سەد و پەنجا کیلۆ زبڵ کۆ دەکاتەوه بەڵام پشک و داهاتی لەم بازرگانییەدا تەنیا هەژده له سەده و منداڵانی زبڵگەڕ تەنیا له شەش له سەدی ئەم بازرگانییە بەش و داهاتیان هەیه. زۆربەیان له هەراتی وڵاتی ئەڤغانستان به شێوەی نایاسایی بەرەو ئێران کۆچ دەکەن، بەڵام تەنگژه ئابوورییەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵه و منداڵانی ئێرانیش بێنه ناو پرۆسەی زبڵگەڕییەوه.

چارتی ئاستی خوێندەواریی زبڵگەڕەکان

لەم نێوەندەدا ڕێکخراوی جیهانیی کار ILO کاری مێرمنداڵانی له پیشەگەلی تایبەتی وەکوو کاری ناوماڵ به ڕەچاوکردنی هەندێ هەلومەرج و ئامادەکاری به فەرمی دەناسێت. هەروەها مادەی 79 یاسای کاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کاری منداڵانی ژوور تەمەن 15 ساڵ به ڕێگەپێدراو دەزانێت. لەوه دەچێ که ئەم دەفرایەتییه یاساییه به ئاوڕدانەوه له بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران و به شێوەی تایبەت به هۆی ئاڵۆزییه دووقاتییەکانی بارودۆخی منداڵانی کاری کۆچبەری دانیشتووی ئێران دەتوانێ و دەبێ زۆر به باشی گرنگی پێ بدرێ، بەدەر لەم حاڵەته قەدەغەکردنی کاری منداڵ و داخستنی کارگەی ئیشکردنی ئەوان به بێ بوونی بەرناوەی دوایی و بەدیلێک بۆ منداڵان بۆ دابینکردنی بژێوییان، ڕێخۆشکەری به ژێرزەمینی‌بوونی ئەم پیشانه دەبێت. کەواته ئەم توێژینەوه نەهێشتنی تەواوی کاری منداڵان له پیشەسازیی زبڵ به ئامانجی کۆتایی خۆی دەزانێ و بەم پێیه ڕێکاری درێژخایەنی خستۆته ڕوو. له لایەکی تریشەوه ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوه و ڕاستییەکانی ژیانی ئەم منداڵانه پیشانی داوه که هەتا گەیشتن به خاڵی نەهێشتنی ئەم دیارده، دەبێ کەڵک له دەفرایەتییە یاساییەکان وەربگرین و بۆ باشترکردنی کوالێتی و چۆنایەتیی ژیانی ئەم منداڵانه دەبێ بیر له ڕێکاری درێژماوه و کورت ماوه بکەینەوه. له ئەنجامدا، له بەشی ڕێکاره پێشنیارییەکان، به هۆی ڕاستییەکان و به ڕەچاوکردنی دەفرایەتییە یاساییەکان، ڕێکارەکان له سێ بەشی درێژماوە، مامناوەندماوه و کورت‌ماوە داڕێژراون. ڕێکارە درێژماوەکان نەهێشتنی تەواوی کاری منداڵیان کردۆته ئامانج، بەڵام به هۆی ئەو ڕاستییانەی که هەیه هەتا کاتی گەیشتن به خاڵی نەهێشتنی کاری منداڵ، پێویسته ڕێکاره مامناوەندماوەکانیش به مەبەستی باشترکردنی کوالێتیی ژیانی منداڵانی کار لە بەر چاو بگیرێت. ئەم ڕێکارانه هەندێ له جۆرەکانی کاری منداڵ له دۆخێکی تایبەتدا به فەرمی دەناسێنن.

چارەنووسی منداڵانی کار پاش دەرچوون له پرۆسەی زبڵگەڕی و مەترسیی چوونیان بۆ پرۆسە شاراوەکان و مەترسیدارتر یەکێک پەرۆشییە سەرەکییەکانی ئێمه لەم پڕۆژەدا بووه. یەکێک له دەستکەوتە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژە وڵامدانەوەی ئەم پەرۆشییانه، واته دۆزینەوه و خستنه ڕووی ئەو ستراتیژانەیه که دەتوانێ ڕێگەچاره یان لانیکەم ئازاربەخش و ساڕێژەرێک بۆ ئەم کێشه گەوره بێت.
لێکدانەوە بەرفراوانه مەیدانییەکانی گرووپی توێژنەوەیی و هەروەها بەراوردکردنی ئەنجامه مەیدانییەکان لەگەڵ تیۆرییه زانستییەکان ئەوە پێشانی داین که کێشەی منداڵی زبڵگەڕ دەبێ له سەرچاوەکەیەوه واته ئەڤغانستانەوە کوێر بکرێتەوه و ئەمه ناووومکینه مەگەر ئەوەی له ڕێگەی میکانیزمی پشتیوانیی ڕێکخراوگەلی وەکوو یوونیسێف، ئێن‌جی‌ئۆکان له وڵاتانی ئەڤغانستان و ئێران، باڵوێزخانەی ئەڤغانستان، ڕێکخراوه دەوڵەتییەکانی وەکوو بێهزیستی (چاکژیانەوه)، وەزارەتی هەرەوەرزی، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و هاوکاریی ئیدارەی گشتیی کاروباری هاووڵاتیان و پەنابەرانی بیانیی وەزارەتی ناوخۆ.
ئەم توێژینەوه له پاڵ خستنه ڕووی ڕێکارەکانی دیکه، پێداگریی له سەر ئەم خاڵەش دەکا که له پلەی یەکەمدا منداڵانی ژێر 15 ساڵ دەبێ به پسوولەی پشتیوانی و دارایی له ئەگەریی بوونی ئاسایش بگێڕێنرێنەوه بۆ وڵاتی خۆیان بۆ ئەوەی وێڕای ئەوەی هەڕەتی منداڵیی خۆیان له ئامێزی ئارام و بێ‌کێشەی بنەماڵەدا تێدەپەڕێنن، بچنه ناو پرۆسەی پەروەرده و ڕاهێنانەوه بۆ ئەوەی لە قۆناغی گەورەساڵیدا توانای پێویست وەدەست بێنن. به پێی ڕاستییەکان ئەم توێژینەوه جیاوازی دەخاته نێوان منداڵانی ژێر 15 ساڵ و کەسانی گەورەتر و لێکیان جیا دەکاتەوه. بۆ منداڵانی کەمتر له 15 ساڵ، هەندێ ڕێکار به مەبەستی گەڕاندنەوه بۆ باوەشی دایک له وڵاتی یەکەم و چوونه ناو پرۆسەی خوێندن و فێربوونیان خراوەتە ڕوو. بەڵام بۆ کەسانی 15‌هەتا 18 ساڵان، به هۆی گرفتی بژێوی و تایبەتمەندییە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگای یەکەم و به کەڵکوەرگرتن لە دەفرایەتییەکانی یاسای کار، پێشنیار دراوه که ئیشەکانیان له هەلومەرجێکی تایبەتدا، وەکوو بوونی سەرپەرشتیاری ئەم کەسانه له ئێران و له بەرامبەر سوودمەندبوون له بیمه و وەرگرتنی هەندێ خزمەتگوزاری و سوودی وەکوو کاری نیمچە شیفت، کاری گونجاو لەگەڵ تەمەن و توانای جەستەیی منداڵان، قەدەغەکردنی کاری شەوانه، نیشتەجێکردن له نیشتنگەی ستاندارد و به ناچاریکردنی خوێندن به فەرمی بناسرێ و ئەم منداڵانه به شێوەی یاسایی بچنه ناو تۆڕی کار و پیشەی یاساییەوه.

پرسێکی زۆر گرنگی دیکه که ئێمه لەم توێژینەوەدا و له کۆتاییەکانی لێکۆڵینەوەدا ڕووبەڕووی بووینەوه و پێم خۆشە لێرەدا بیخەمه ڕوو پرسی گەشەی بەرچاوی زبڵگەڕانی ئێرانییه. له قۆناغه کۆتاییەکانی ئەم پڕۆژەدا و هاوکات لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران، شایەدی هەڵکشانی ڕێژەی ئەو بنەماڵه ئێرانییانه بووین که لەگەڵ منداڵەکانیان زبڵگەڕییان دەکرد که ئەم پرسه سیگناڵێکه بۆ بنەماڵه زبڵگەڕەکان و منداڵانی ئێرانی.
نەبوونی توێژینەوەی گشتگیر و ئامانجدار له بواری دیاردەی باوی زبڵگەڕیی منداڵان، نەناسراوبوونی ئەم کێشه و سیگناڵی مەترسیی هەڵکشانی ڕێژەی منداڵانی زبڵگەڕ بوو به ئەنگێزەیەکی سەرەکی بۆ دەستێپکردنی لێکۆڵینەوەیەک له سەر بابەتی زبڵگەڕیی منداڵان کە ئامانجەکەی ناساندنی دیاردەی زبڵگەڕی، تاوتوێی فاکتەرە بەستێنسازەکان و کەمبوونەوەی خەسارەتەکانی بۆ سەر منداڵانی زبڵگەڕ له سەر داواکاری و پشتیوانی دارایی “ئەنجومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵان” ئەنجام درا کە نووسەرەکەی سەرپەرشتیاریی ئەم توێژینەوەی لە ئەستۆ بوو و لە کۆتاییدا لە ژێر ناوی “تاڵانی منداڵی” توێژینەویەکی گشتگیر سەبارەت به ناسین، ڕێگری و کۆنتڕۆڵی دیاردەی زبڵگەڕیی منداڵان له تاران” له ساڵی 1398 بڵاو بۆوه بۆ ئەوەی دیوه شاراوه و ئاشکراکانی دیاردەی زبڵگەڕیی منداڵان له 22 گەڕەکی شارەوانیی تاران بۆ یەکەم جار تاوتوێ بکا. بەو هیوایەی ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە له لایەن ڕێکخراوه دەوڵەتییەکانی وەکوو شارەوانییەکان، ئێن‌جی‌ئۆکان و بەرگریکارانی مافەکانی منداڵ ئاوڕی لێ بدرێتەوه.

زبڵگەڕیی منداڵان

چارتی تەمەن و کاتژمێری کاریی زبڵگەڕیی منداڵان له شەوڕۆژێکدا

دیمانەی وێنەیی:



خویندنه وی زیاتر خویندنه وی که متر
ئەرشیڤ اخبار قدیم