هاوسەرگیریی سپی

پەیوەندییەکانی نێوان ژن و مێرد و پەیوەندییەکانیان له ئێران به پێی نۆڕمه ئاینی و عوڕفییەکان پێناسه کراون و پەیوەندیی هاوسەرێتی ئەگەر له چوارچێوەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و هاوسەرگیریی کاتیدا نەبێ، به ناشەرعی و تاوان دێته هەژمار. سەرەڕای ئەمه لەم ساڵانەی دواییدا، گۆڕانکارییە بەدیهاتووەکانی کۆمەڵگای ئێران به هۆی هەلومەرجی نالەباری ئابووری وەکوو مەندیی ئابووری و بێکاری له لایەکەوه، دەرکەوتنی مۆدێڕنیته و گۆڕانی بەها – نۆڕم له لایەکی ترەوه وای کردووه که گەنجان ژیانی هاوبەش به بێ هاوسەرگیری یان هەمان هاوسەرگیریی سپی وەک ڕێکارێکی لۆژیکی بۆ دابینکردنی خواسته تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە قەڵەم بدەن که بەرپرسایەتیی یاسایی و کۆمەڵایەتی و باری قورسی خەرجه ئابوورییەکانی هاوسەرگیریی فەرمی نییە. دیاردەی هاوسەگیریی سپی زیاتر له ناو گەنجانی خوێندەوار و زانکۆییدا باوه، کەسانێک که به هۆکاری کار و خوێندن بەرەو کەڵانشارەکان کۆچیان کردووه. بەرپرسان به هۆی هەستیارییه ئایینی و کەلتوورییەکان هەتا ئەوڕۆ به وردی ئەم دیارده کۆمەڵایەتییەیان تاوتوێ نەکردووه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوه به کەڵکوەرگرتن له تەکنیکی دیمانەی قووڵ (تیۆری داتابنیات یان گڕەنددتیۆری GT) کۆ کراوەتەوه. گۆڕینی شێواز و ڕوانگەی گەنجان بەرامبەر بە ژیان و هاوسەرگیری، مافی ئازادیی هەڵبژاردن و مافی جەسته، کێشه و ئاستەنگەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی بۆ ژنان، تەنگژە ئابوورییەکان، نەبوونی پیشەی گونجاو و ئایین‌بێزی وەک سەرەکیترین هۆکارەکانی پەرەسەندن، دەرکەوتن و بەردەوامبوونی هاوسەرگیریی سپی یان پێکەوەبوون لەم توێژینەوەدا خراونەتە ڕوو،

چارتی گرنگترین هۆکارەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران

توێژینەوەی ماڵێک به درگای ئاواڵاوه سەبارەت به هاوسەرگیریی سپی بۆ یەکەم جار به شێوەی گشتگیر پاش لێکدانەوەی بنەما کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی هاوسەرگیریی سپی، فاکتەرە کاریگەرەکانی و ئەنجامەکانی سەرهەڵدانی تاوتوێ کردووه و له کۆتاییدا هەندێ ڕێکاری خستۆته ڕوو بۆ ئەوەی له پێناو کەمکردنەوەی لێکەوته نەرێنییەکانی ئەم دیارده کۆمەڵایەتییه کاریگەر بێ و هەروەها ئاستی وشیاریی گشتی لەم بارەوه بەرز بکاتەوه.

هاوسەرگیری سپی

هاوسەرگیری سپی 2

وێنەیەک له کاری مەیدانیی پڕۆژەی توێژینەوەیی ماڵێک به درگای ئاواڵاوه له مەشهەد

ئەنجامەکانی توێژینەوه پیشانی دا که هەلومەرجی ژینگەیی (ئابووری، چوارچێوەی فەرمی و یاسایی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی)؛ فاکتەرە دەستێوەردەرەکان (هەلومەرجی بنەماڵەیی، کاڵبوونەوەی چاودێری، ژیان لە کۆچ)؛ فاکتەرە زەمینەییەکان (ئەزموونی پەیوەندی و جیهانبینیی تاکایەتی) لە فاکتەرە سەرەکییەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی بوون. دیاردەی تەوەریی لەم توێژینەوە گۆڕانکاری له بەها و نۆڕمەکانی شێوازی ژیانی نەوەی گەنج بوو. کردەوەی ستراتیژی لەم توێژینەوه بێژوماری و ناسەقامگیری له پەیوەندییەکان بوو و لێکەوتەکانی ئەم چەشنه پەیوەندییانه بریتییه له کاڵبوونەوەی کلێشه ڕەگەزێتییەکان و ئازادیی هەڵبژاردن، بێ‌هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس له بەدواداچوون.
وڵاتی ئێرانیش لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییانەی کە لە جیهاندا ڕووی داوە پارێزراو نەبووه، بە جۆرێک کە لە بنەماڵە ئێرانییەکانیشدا له پرۆسەی بەنوێکردنەوە لە بەستێنە جیاجیاکان و بۆ وێنە پەیوەندییەکانی نێوان دوو ڕەگەز، لە پرۆسەی کێشمەکێشی کەلتووریی سەرچەشنە نەریتی و مۆدێڕنەکاندا، چوونەتە ناو قۆناغی گواستنەوە و وێڕای پاراستنی هەندێ لە توخمە نەریتییەکانی خۆیان، هەندێ تایبەتمەندیی کۆمەڵگای نوێیان وەرگرتووە. گۆڕانکارییە بەهاییەکان لە ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا کاریگەری لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و لێکەوتەی بێ‌ژوماری بۆ کۆمەڵگا هەبووه. لەم ساڵانەی دواییدا، ژیانی هاوبەشی پەناوەکی به بێ هاوسەرگیری به دوور له چاوی یاسا له وڵاتی ئێران له شارە گەورەکاندا پەرەی سەندووە. هاوسەرگیریی سپی له ئێران به ژیانی هاوبەشی دوو هاوژین دەوترێ که هیچ چەشنه گرێبەستی شەرعی و یاسایی له نێوانیاندا نییه. به پێی ئاماره نافەرمییەکان، هاوسەرگیریی سپی له شاره گەورەکانی ئێران ڕووی له پەرەسەندنه؛ بەڵام شووناسی شاراوەی ئەم چەشنه ژیانه هاوبەشە دەستڕاگەیشتن به ئاماری سەبارەت بەم کێشەی ئەستەم کردووه.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه دەریدەخا که زۆربەی ئەو ژنانەی که دەچنه ناو ئەم چەشنه پەیوەندییانەوه له درێژماوەدا پێیان خۆشه هاوسەرگیرییەکی فەرمییان هەبێت؛ واته هاوسەرگیریی سپییان به هۆکارێک بۆ ئاسانبوونی هاوسەرگیریی فەرمی و درگایەک بەرەو ڕووی ئاشنایی بەر له هاوسەرگیریی فەرمی دەزانی و له ئێستادا به هۆی دەستەبەرنەبوونی هەلومەرجی ئابووری – کۆمەڵایەتی و یاسایی ملیان به هاوسەرگیریی سپی داوه. ئەوه له حاڵێکدایه که پیاوان کەمتر هۆگری هاوسەرگیریی فەرمیین یان ئەوەی که ئاماده نەبوون هاوسەرگیری لەگەڵ هاوماڵەکەیان بکەن. سازکردنی پەیوەندیی سێکسی و دڕانی پەردەی کچێتی به هۆی گرنگیی ئەم بابەته له عوڕف و بیر و باوەڕە ئایینییەکان دەبێته هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن لەگەڵ هەموو چینێ هاوسەرگیری بکەن یان تووشی کێشه بن (و له هەندێ حاڵەتدا ناچار دەبن پەرده کچێتییەکەیان چاک بکەنەوه) و بازنەی هەڵبژاردنیان تەنگتر و سنوردارتر ببێ و باری کەلتووری و ئایینیی پاکیزەیی وا دەکا که پەیوەندییه هاوماڵییەکان بەردەوام بێ و ڕێژەی هاوسەرگیریی فەرمی بۆ تاکەکان بەتایبەت ژنان کەم ببێتەوه.
له پەیوەندییه هاوماڵییەکاندا به کرێگرتن یان ڕەهنی ماڵ یەکێک لەو پرسانەیه که له لایەن هەر دوو لایەنەکە ڕێککەوتنی له سەر دەکرێ که خەرجەکان به هاوبەشی له ئەستۆ بگرن. به هۆی مەندیی بازاڕی خانوبەره، گرفته ئابوورییەکان و بوونی خانوبەرەی هەرزان وەکوو خانووی مێهر لەم بوارەدا، نووسینگەکانی خانوبەره و خاوەن ماڵەکان لەم بوارەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووه و سەرەڕای ئاگاداربوون له نائاسایی و ناشەرعێتی پەیوەندییەکانی هاوماڵی وەک کرێ یان ڕەهن ماڵ به هاوژینەکان دەدەن. له لایەکی تریشەوه، بوونی ئاپاڕتمان‌نشینی به هۆی سنوورداربوونی پەیوەندییه هاوماڵییەکان و نەناسراوبوونی کەسەکان له یەکەی بینایەکی نیشتەجێبوون به پێچەوانەی ئەو گەڕەکخوازییەی کە لە ڕابردوودا باڵادەست بوو، جۆرێک بێ‌ناوی بەدی دێنێ که پەیوەندییه فەرمی و نافەرمییەکانی هاوژینەکان بۆ دانیشتووانی بیناکە نه گرنگه و نه پێیان دەزانرێت.
ئەم کتێبە هاوشێوەی دیکەی کاره توێژینەوەیی و لێکۆڵینەوەییەکانی ئەم دواییەی کامیل ئەحمەدی کە به شێوەی زنجیرەئاسا پێکەوه لکێنراون، درێژە و به جۆرێک پەیوەست به توێژینەوەی پێشوو لە سەر بابەتی هاوسەرگیریی هەمیشەیی و بڕیاری مەحرەمێتییه. ئەم توێژینەوه له ژێر ناوی “توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیریی سپی له ئێران” بڵاو بۆتەوه که بۆ یەکەم جار له ئێران لایەنه ئاشکرا و شاراوەکانی ئەم دیارده له سەر ئاستی کەڵانی وڵات به پێداگری له سەر کەڵانشارەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەهان به کۆمەڵگای ئاماریی بەربڵاو و بەڕۆژ تاوتوێ دەکات. فایلی کورتکراوەی ئەم لێکۆڵینەوه لەم لاپەڕە و هەروەها لاپەڕەی وتارەکانی ماڵپەڕی نووسەر دەست دەکەوێت.

دیمانەی وێنەیی:

خویندنه وی زیاتر خویندنه وی که متر
ئەرشیڤ اخبار قدیم