لە سنوورەوە هەتا سنوور

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران

چاپخانەی فارسی: چاپخانەی مێهری

From Border to Border Comprehensive research on identity and ethnicity in Iran

  لینکی کورت کراوی بەرگی کوردی توێژینەوه   ئینگلیزی توێژینەوه لینکی بەرگی   لینکی بەرگی PDF فارسی توێژینەوه

  لینکی بەرگی ته واوی PDF فارسی توێژینەوه

 

زۆرێک لە خاوەن تیۆرییەکان پێشیبینییان دەکرد کە پاش ساڵانی جەنگی جیهانیی دووهەم و لە دوای گرتنەبەری بەرناوەی کەلان و یەکدەستی پێکهاتەیی لە سەر ئاستی نەتەوە و سەردەمی بە جیهانیبوون و هەروەها لەگەڵ گەشەی شارنشینی و خوێندەواری، ئاسانتربوونی هاتووچۆ بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکان و پانتای میدیایی کە بۆتە هۆی بچووکتربوونی قەڵەمڕەوی کاتی و شوێنی، هۆگرییە ئێتنیکایەتییەکان لاواز دەبنەوە و گەنجی خوێندکاری ئەوڕۆیی ئەوەندە دەروەستی ئەم بابەتە نابێ؛ بەڵام ڕەوتی سەربەخۆیی لە کۆمارییەکانی سۆڤییەتی پێشوو و کۆلۆنیاڵەکانی بریتانیا و درێژەی ڕەوتی شوناسخوازی ئێتنیکی لە ناو دڵی ئوڕووپا و وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو بریتانیا (سکۆتلەند، ئیرلەندی باکووری، وێڵز)، ئیسپانیا (کاتالۆنیا، باسک)، ئیتالیا (باکوور و باشووری ئیتالیا و ڤێنتۆ لە ڤێنیز)، پۆڵندا (سیلسیای خواروو)، سوویسڕا (ژۆرا)، بەلژیکا (فلاندێری باکووری)، فەڕەنسە (بریتانی)، قوبرس (بەشی تورک نشینی باکووری قوبرس) و دەیان حاڵەتی تر کە گوزارشتە لەوەی کە بە پێچەوانەی هەموو ڕوانگەکان لە دنیای مۆدێڕندا هۆگریی ئێتنیکی زیندووە. ئەم حاڵەتانە پیشان دەدا کە ڕەوتی شوناس‌دۆزیی ئێتنیکی نابێ تەنیا لە جیهانی سێیەم و وڵاتانی پێشنەکەوتوو قەتیس بکەینەوه.

لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو، هۆگریی ئێتنیکی لە ناو ئێتنیکە ئێرانییەکانیشدا بە زۆری و کەمیی جۆراوجۆرەوە بەدی کراوه؛ بەڵام هەندێ لە ئێتنیکەکان لە ئێران خۆیان لە پێگەی نەتەوەیەکی سەربەخۆ دەزانن. لە ساڵانی سەرەتایی حکوومەتی محەمەدڕەزا شا لە ئازەربایجان تاقمی دیموکڕات توانی نزیکەی ساڵێک سەربەخۆیی ڕابگەیێنێ و ئیدارەی هەندێ لە ناوچەکانی ئازەربایجانی بگرێتە دەست. لە هەمان کات و لە کوردستانیشدا حیزبی دیموکڕاتی کوردستان توانی کۆنتڕۆڵی هەندێ لە شارە کوردنشینەکان بگرێتە دەست. لە ساڵانی پاش شۆڕشیش زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان گیرۆدەی جەنگگەلێک هاوپەیوەست بە شوناسخوازی ئێتنیکی بوون. ناوچە بەلووچ نشینەکانیش لە سەردەمی ڕەزاشا و محەمەدڕەزاشادا شایەدی ڕووداوگەلێک لەم بوارەدا بوون کە بە داپەڕی بەرەنگارانەی حکومەتی ناوەندی پاش کەمێک سڕ کرا. لە ناو عەرەب زمانەکانیشدا هۆگریی شوناسخوازانەی ئێتنیکی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا هەمیشە بوونی هەبووە و وەک دوایین چالاکیان لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بە چالاکییەکانی گروپی ئەلئەهوازییە بکەین. هەستی نایەکسانیی سیاسی، ئابووریی، کەلتووری، زمانی، ئایینزایی و … لە ناو ئێتنیکەکان لە کاتی بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ دیکەی گرووپە ئێتنیکییەکان و بەتایبەت فارس زمانەکان دەتوانێ هۆکاری سەرەکی و ڕەگی بناغەی ئەم ناڕەزایەتییانە بێت. لە بواری سیاسیدا ئێتنیکەکانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ لەو باوەڕەدان کە لە پێکهاتەی وڵاتدا پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە و لە پۆستە سەرەکییەکانی وەزارەتخانه، پارێزگایی، باڵوێزخانە و … لە گرووپە ئێتنیکییەکانی ئەوان بەرپرسی تێدا نییه. لە بواری ئابووریشدا ئەم باوەڕە هەیە کە بەشی سەرەکی ئیمکانیاتی وڵات لە پارێزگا ناوەندنشینەکاندا چڕ بۆتەوە و ناوچەگەلێکی وەکوو ئازەربایجانیش ئەگەرچی ئەوڕۆ خاوەن ئیمکانیاته، زیاتر بەرهەمی تێکۆشانی خەڵکەکە خۆیان و یان پیشە کارخانەییە چێکراوەکانی سەردەمی بەر لە شۆڕشه. لە بەشی کەلتووری، ئێتنیکە توێژینەوە لە سەر کراوەکان باوەڕیان وایە کە سنووردارییەک لە دژی مێهرەجان و کۆڕبەندە ناوچەییەکان، ڕێوڕەسم و داب و نەریتیی خۆجێیی ئەوان هەیە و میدیا نیشتمانی و خۆجێییەکان بە شێوەی ئەوتۆ کلتووری ئەوان پیشان نادا و لە خزمەت کلتووری خۆماڵیدا نین. سەبارەت بە زمانی دایکی، سەرەڕای تەمەنی چل ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی، منداڵانی گرووپە ئێتنیکییەکان هێشتا ناچارن بە زمانی دووهەم لە قوتابخانەکانی وڵاتدا بخوێنن و لە درێژەی قۆناغی خوێندن، مادەیەکی دەرسی بۆ پەروەردەی فەرمی بە زمانی زکماکی بوونی نییه.

گرووپە ئێتنیکییە بەلووچ و هەروەها بەشێک لە کوردەکان، لە سۆنگەی ئایینزاییەوە هۆگری ئایینزایەکی جیاواز لە ئایینزای فەرمی وڵاتن و لەو بۆچوونەدان کە ڕوانینی ئایدۆلۆژییانەی بەرپرسان وای کردووە کە لەم بوارەدا ستەمیان لێ بکرێت.

ئەم بابەتانەی کە باس کرا تەنیا پیشاندەری بەشێک لە داخوازیی گرووپە ئێتنیکییەکان لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە ساڵانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە. داخوازیگەلێک کە هەمیشە ڕووبەڕووی ڕوانینی ئەمنییەتی بۆتەوە و بە تێکدەری یەکپارچەیی و سازانی نیشتمانی زانراوە و بە شێوەی بەرەنگارانە، زەبر و تونداژۆیانە ڕفتاریان لەگەڵ کراوه. کە ئەمە بۆتە هۆی ڕفتاری تونداژۆیانەی نێوان ناوەند و گرووپە ئێتنیکییەکان کە پاش ماوەیەک و لەگەڵ لاوازکردنی گرووپە ئێتنیکییەکان، بێدەنگییەکی نەخوازراو باڵی بە سەر خەڵکەکەیدا کێشاوه.

ئەم توێژینەوە کە کارە لێکۆڵینەوەکەی بە ڕێژەی زیاتر لە سەر کەسانی چینی پسپۆڕ و بلیمەتی ئەم گرووپانە و بە ڕێژەیەکی کەمتر کەسانی ئاسایی و خەڵکی کووچە و کۆڵان و بازاڕ دەستی پێکرد، لە پلەی یەکەمدا بە نیازی وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیە کە ئێتنیکەکان چ تێگەیشتنێکیان لە خۆیان و لە شوناسەکانی دیکە هەیە کە لەگەڵ ئەوان دووفاقی‌سازی دەکا و لە پێکهاتەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵگای ئەوڕۆیی ئێران خۆیان لە کوێدا دەبیننەوە و بۆچوونیان سەبارەت بە یەکیەتی، بەشداریی سیاسی، زمانی دایکی و ناوەند – پەراوێز چییه. بێگومان دەربڕینی ئەم بابەتانە لە ڕێگەی شێوازە زانستییەکان و بە ئەنجامدانی دیمانەی پەیتا پەیتا لەگەڵ بلیمەتەکان و هەروەها لە سەر ئاستی کەسانی ئاسایی، وێڕای پیشاندانی داخوازییە هەنووکەییەکانی هەر کام لە گرووپە ئێتنیکییە توێژینەوە لە سەرکراوەکان بە شێوەی ئاشتییانه، دەتوانێ هاریکاریی بڕیاردەرانی دەوڵەتی بۆ چارەسەری ئاشتییانەیان بکا و هەروەها هاوکاریی تەبایی و یەکپارچەیی نیشتمانی دەکات.

ئەم کتێبە بە لێکۆڵینەوە لە سەر پێنج گرووپی ئێتنیکی تورک، کورد، بەلووچ، عەرەب و فارس (ناوچە فارس نشینەکان) ئەنجام دراوە و لە ئێستادا لە نۆرەی چاپدایه. هەروەها نموونەی کورتکراوە و وتارە هاوپەیوەندەکانی لە لاپەڕەی وتارەکانی ماڵپەڕ ئێستا بەدی دەکرێت.

 

بڵاوکەرەوەی فارسی، کوردی و ئینگلیزی: چاپەمەنیی آوای بوف، دانیمارک 2022 

گووگل بووک:

دابەزاندن/خوێندنەوەی فایلی فارسیی کتێب لە گووگل بووک

 

وتارە پەیوەندیدارەکان:

پوختەی لە سنوورەوە هەتا سنوور

تاوتوێی ئاشتییانەی چالنجی شوناسی ئێتنیکی له ئێران

داخوازییه ئێتنیکییەکان له سەر ڕەوتی دادپەروەری و گەشە