تاڵانی منداڵی

توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناسین، ڕێگری و کۆنتڕۆڵی دیاردەی زبڵگەڕیی منداڵان له تاران

چاپخانەی: ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵان

ساڵی چاپ: 1398

  لینکی بەرگی PDF فارسی توێژینەوه 

منداڵان لەو کەمینانەن که هەمیشه پێویستیان به چاودێرییه و له ئەگەری زیانبەرکەوتنی ئەم گرووپه، چارەسەری زیانەکان ئاڵۆز و ئەستەمه و له درێژماوەدا کۆمەڵگا گیرۆده دەکات. له ناو خەسارەتەکانی پەیوەست بە منداڵان، زبڵگەڕی وەک زیانبەخشترین و پیسترین جۆری کاری منداڵان و دژی کەرامەتی مرۆیی ناسێنراوه.

بەکارهێنانەوەی زبڵ له وڵاتی ئێمەدا پیشەیەکی پڕداهاتە، بەڵام بە داخەوە چەندین فاکتەر بۆ وێنه جیانەبوونەوەی زبڵ له سەرەتا، نەبوونی ئیمکانیات و میکانیزمی ستانداڕدی کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی زبڵ و هەروەها لاوازیی پەروەرده وای کردووه که لەم پیشەسازییەدا مرۆڤ وەک ئامرازی کۆکردنەوه و جیاکردنەوەی زبڵ به کار بهێنرێت. به هۆی ئەوەی پیشەسازیی زبڵ فەرمی نییە، یاسای کار و دیکەی ستانداڕدە باوەکانی پیشه جۆراوجۆرەکان لەم پیشەسازییەدا ڕەچاو ناکرێت. هەر بۆیه، کرێکارانی ئەم بەشە له ئیمتیازی پیشەیی وەکوو بیمه بێبەشن و له ماوەیەکی دوور و درێژی کاری و ژینگەیەکی له ڕادە بەدەر پیس کارێکی زۆر مەترسیدار و خەسارەتبەخش ئەنجام دەدەن. ئەم هۆکارانه و هۆکارەکانی دیکه وای کردووه که زیاتر کۆچبەران و منداڵان هێزی مرۆیی کرێکار لە پیشەسازیی زبڵگەڕی بن.

منداڵی زبڵگەڕ له تارماییەک دەچێ که به هۆی جل‌وبەرگ و بە دەموچاوی پیسی چەوسێنراو نابینرێت. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه پیشانی دا که داهاتی زۆری چوارسەد ملیاڕدی پاشماوەی وشک له ساڵدا دەچێته گیرفانی شارەوانییەکان و پەیمانکاران. ئەم بابەتە ئەو کاته دڵتەزێنتر دەبێ که بزانین هەر زبڵگەڕێک له ڕۆژدا سەد و پەنجا کیلۆ زبڵ کۆ دەکاتەوه بەڵام پشک و داهاتی لەم بازرگانییه تەنیا هەژده له سەده و منداڵانی زبڵگەڕ تەنیا له شەش له سەدی ئەم بازرگانییە بەش و داهاتیان هەیه. زۆربەیان له هەراتی وڵاتی ئەڤغانستان به شێوەی نایاسایی بەرەو ئێران کۆچ دەکەن، بەڵام تەنگژه ئابوورییەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵه و منداڵانی ئێرانیش بێنه ناو پرۆسەی زبڵگەڕی.

نەبوونی توێژینەوەی گشتگیر و ئامانجدار له بواری دیاردەی باوی زبڵگەڕی، نەناسراوبوونی ئەم کێشه و سیگناڵی مەترسی هەڵکشانی ڕێژەی منداڵانی زبڵگەڕ بوو به ئەنگێزەیەکی سەرەکی بۆ دەستێپکردنی لێکۆڵینەوەیەک کە ئامانجەکەی ناساندنی دیاردەی زبڵگەڕی، تاوتوێی فاکتەرە بەستێنسازەکان و کەمبوونەوەی خەسارەتەکانی بۆ سەر منداڵانی زبڵگەڕە. ئەم لێکۆڵینەوه له ژێر ناوی “تاڵانی منداڵی” به سەرپەرشتی کامیل ئەحمەدی و به هاوکاری، پشتیوانیی دارایی و پێشنیاری “ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵان” له ساڵی 1398 بڵاو بۆوه بۆ ئەوەی دیوه شاراوه و ئاشکراکانی دیاردەی زبڵگەڕیی منداڵان له سەر ئاستی 22 گەڕەکی تاران بۆ یەکەم جار تاوتوێ بکا و لێکۆڵینەوەی له سەر ئەنجام بدا. بەو هیوایەی ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەی لێکۆڵینەوە له لایەن ڕێکخراوه دەوڵەتییەکانی وەکوو شارەوانییەکان، ئێن‌جی‌ئۆکان و بەرگریکارانی مافەکانی منداڵ ئاوڕی لێ بدرێتەوه.

توێژینەویەکی گشتگیر له سەر جۆرەکانی کاری منداڵان له ئێران