نووسەر: کامیل ئەحمەدی
پوخته
لە وڵاتی ڕوو لە پێشکەوتنی ئێران لە پاش پرۆسەی بە نوێکردنەوە و مۆدێڕنیتەی ڕۆژاوایی و هەروەها پێکهاتە کۆمەڵایەتی ئابوورییەکەی، سەرچەشنی پەیوەندییەکانی ژن و پیاو و پێکهاتەی بنەماڵە تووشی گۆڕانکاری نوێ بۆتەوه. هاوماڵی یان ژیانی هاوبەش بە بێ هاوسەرگیریی فەرمی کە وەک سەرچەشنی مۆدێڕنی پەیوەندییەکانی ژن و پیاو و بەدیلێک بۆ هاوسەرگیریی فەرمی لە لایەن گەنجانەوە دەستنیشان کراوه، وەک ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە دێتە هەژمار و لە پەراوێز و لێواری شاراوەی کەلانشارەکانی ئێران ڕووی لە پەرەسەندنه. بە هۆی هەستیاریی ئایینی و کەلتووریی ئەم بابەتە و نکۆڵی لێکردنی لە لایەن بەرپرسانەوه، هەتا ئەوڕۆ لێکۆڵینەوەیەکی یەکدەست و گشتگیر لەم بارەوە ئەنجام نەدراوه. هەر بۆیە بە ئاوڕدانەوە لە لێکەوتەکانی ئەم دیاردە ڕوو لە پەرەسەندنه، لە ساڵی 1397 – 1396ـی هەتاوی لێکۆڵینەوەیەکی هەمەگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپی لە سەر ئاستی هەر سێ کەلانشاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان بە پێداگریکردنە سەر شێوازی چۆنایەتی زەمینەدۆزیمان کرد.
ئەنجامەکانی توێژینەوە دەرخەری ئەوەیە کە فاکتەرە ژینگەییەکان (بارودۆخی ئابووری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، چوارچێوەی یاسایی و فەرمی)، فاکتەرە دەستێوەردەرەکان (بارودۆخی بنەماڵەیی، کاڵبوونەوەی چاودێری، ژیان لە کۆچ) و فاکتەرە زەمینەییەکان (ئەزموونی پەیوەندی و جیهانبینیی تاکایەتی) فاکتەری کاریگەریی هاوسەرگیریی سپین. دیاردەی تەوەری لەم توێژینەوه، بەدی هاتنی گۆڕانکاری نۆڕمی و بەهایی لە شێوازی ژیانی تاکەکان و کردەوەی ستراتیژی ئەوان و هەروەها بێژوماری و ناسەقامگیری لە پەیوەندییەکان بوو. هەروەها کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان، ئازادی هەڵبژاردن، بێهۆگری بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی و ترس لە بە دواداچوون وەک گرنگترین لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێراندا ناسێنراون.
وشە کلیلییەکان: بنەماڵه، مۆدێڕنیته، هاوسەرگیریی سپی، کەلانشار
پێشەکی
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ناوەندی بنەماڵە لە جیهان گهۆڕینێکی بەربڵاوی بە خۆوە بینیوه. ڕیشەکانی ئەم گهۆڕینانە دەبێ لە شۆڕشی سێکسی لە کۆتاییەکانی دەیەی 1960ـی زایینی لە وڵاتانی ئەمریکی و ئورووپاییدا بۆی بگەڕین (Carr,2011). ئەم شۆڕشە هێدی هێدی گۆڕان بۆ گوتاری سێکسی و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕوانگەکان و ئەخلاق و ڕفتاری سێکسی لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لێ کەوتەوە. یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی شۆڕشی سێکسی لە ڕۆژاوا، پەرەسەندنی پەیوەندیی سێکسی بەر لە هاوسەرگیری لەم وڵاتانەیە (Regnerus and Uecker,2011).
ئەم شۆڕشە سێکسییە بە ئوستوورهسڕینەوە لە پەیوەندیی سێکسی، ئەوی کرد بە پرسێکی ئاسایی کە زۆر بە ئاسانی لە قۆناغی بەر لە هاوسەرگیری وەدەست دەهات. لەم سەردەمەدا، تێرکردنی ئارەزووی سێکسی لە وابەستە بوون بە هاوسەرگیری جیا بووەوه. بەڵام پەرەسەندنی پەیوەندیی سێکسی بەر لە هاوسەرگیری، زەمینەی بۆ گۆڕانکارییە دیاریکەرەوەکانی دواتر ڕەخساند و لەم نێوەندەدا نە تەنیا تەمەنی هاوسەرگیری تا دەهات زیاد دەبوو بەڵکوو بۆ دەرکەوتنی سەرچەشنگەلی وەکوو هاوماڵێتی زەمینە کۆمەڵایەتییە پێویستەکانیشی دابین کرد. هاوماڵی یان ژیانی هاوبەش لەگەڵ پەیوەندیی سێکسی بە بێ هاوسەرگیریی فەرمی و یاسایی، بەرهەمی شۆڕشی سێکسی دەیەی 60ـی زاینییه.
گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا لایەنێکی ڕادیکاڵتری گرتە خۆی. لە سەرەتاکانی شۆڕشی سێکسی، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئورووپا و ئەمریکا تا دەهات زیاتر دەبوو، زۆر کەس بەردەوام هاوسەرگیرییان دەکرد؛ هەڵبەت بە کەمێک دواکەوتنەوه. بەڵام ئەمە کۆتایی هەموو شتێک نەبوو و شۆڕشی سێکسی بە پەرەسەندنی سەرچەشنە هاوماڵییەکان، ئەم جارەیان زەربەیەکی زۆر توندی نە تەنیا لە ئوستوورەی پەیوەندییە سێکسییەکان وەشاند بەڵکوو زەربەی لە خودی هاوسەرگیریش دا.
دەرکەوتنی سەرچەشنگەلێک سەبارەت بە ڕەگەزی بەرامبەر کە نە تەنیا پەرەی بە پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری بۆ سەر ئاستی سۆزداری دا، بەڵکوو بۆ سەر ئاستی ژیانی هاوبەشی بێ پرۆسەی هاوسەرگیریی نێوانیان بەرزی کردەوە و بوو بە سەرچەشنێک لە پەیوەندیی کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لایەنگریان زیاتر دەبوو (Bumpass and Lu,2000).
لەم نێوەندەدا، جیا لە پرسە ئابوورییەکان، گۆڕانکارییە نۆڕمییەکانیش لە بێچمگرتنی ئەم پەیوەندییانە دەوریان بینیوە. یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی هاوماڵی، لاوازبوونی بنەما فەلسەفییەکانی هاوسەرگیری لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بوو. ئەوڕۆکە بە بۆچوونی گەنجانی ئەم وڵاتانه، دوو چەمکی پابەندێتی بە ژیان لەگەڵ یەکتر و پابەندێتی بە هاوسەرگیری لێک جیاوازن. لە حاڵێکدا لە دەیەی 1960، لە هەموو وڵاتاندا هاوماڵی شتێکی دەگمەن و کەم بوو، بەڵام ئێستا لە سەرتاسەری ئورووپا و ئەمریکا بەتایبەت لە ناو گەنجانی نەوەی نوێتر بە شێوەی بەرچاو خەریکە قبووڵ دەکرێ و ڕووی لە زیاد بوونیشە (Mills, 2000).
بۆ وێنە لە ئەمریکا لە دەیەی 1970 نزیک بە 400 هەزار هاوسەرگیری لە چوارچێوەی سەرچەشنی هاوماڵی ژیانیان بە سەر دەبرد، بەڵام ئەم ئامارە لە دەیەی 1980 گەیشتە ملوێنێک و 500 هەزار هاوسەر (Spanier,1985). ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2010 پتر لە 7 ملیۆن هاوسەر لە ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوماڵی پێکەوە دەژین. هەروەها ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوە پیشان دەدا کە زیاتر لە نیوەی ئەو ئافرەتانەی کە لە ئەمریکا ژیاون، پێشتر لەگەڵ هاوسەری پێشووی خۆیان پەیوەندیی هاوماڵییان بە ئەزموون کردووە (Goodwin et al,2010).
ئەم گۆڕانکارییانە ئەوە دەردەخا کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووداوێکی گرنگ لە ڕۆژاوا ڕووی دا و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و گهۆڕینە کۆمەڵایەتییەکانی پاش ئەو، زۆرێک لە هاوکێشەکانی تێک دا. لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیری لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، تا دەهات تەمەنی هاوسەرگیری لەم وڵاتانەدا زۆر دەبوو. هەروەها لەگەڵ پەرەسەندنی هاوماڵی ڕێژەی هاوسەرگیرییەکانیش کەمبوونەوەیەکی بەرچاویان بە خۆوە بینی؛ چوونکە هاوماڵی وەک ڕکابەرێکی جیدی لە هەمبەر هاوسەرگیری خۆی نواند (Pla and Beaumel, 2010).
سەرەڕای ئەوەی لە ئورووپا هاوماڵی دیاردەیەکی تازە نییە و بەر لە شۆڕشی سێکسی دەیەی 1960ـیش بە هۆکاری جۆراوجۆر لە هەندێ لە وڵاتانی ئورووپاییدا بەدی دەکرا، لەو سەردەمەدا، کردەوەیەکی نایاسایی و هەڵبەت دەگمەن بوو و وەبەر سزا دەکەوت. کایێرنان (2001) لە وتاری خۆیدا پیشانی داوە کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەرکەوتنی هاوماڵی زیاتر کەسانی نەدار و هەژار کە توانای هاوسەرگیرییان نەبوو، دەهاتنە ناو ئەم چەشنە پەیوەندییانەوە و کێشە ئابوورییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی بێچمگرتنی هاوسەرگیریی سپی بوو. کۆمەڵێکی دیکەش بە هۆی گرفتی پاش جیابوونەوە یان مەرگی هاوسەرەکانیان دەهاتنە ناو ئەم پەیوەندییانەوه. بەڵام لە دەیەی 1960 بەم لاوە لە ئورووپا، ئەم جارەیان نە تەنیا کەسانێک بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی تایبەت بەڵکوو گرووپە جیاجیاکانی خەڵکیش ڕوویان کردە ئەم شێوە پەیوەندییانە و تا دەهات هاوماڵی لە ناو زۆربەی چین و گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی سەند (Carmichael, 1995).
لەم نێوەندەدا، پرۆسەی گۆڕانی ڕوانگە سەبارەت بە هاوسەرگیری و پەرەسەندنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی ڕێژەی هاوماڵی بووە هۆی قبووڵکردنی یاسایی ئەم پەیوەندییانە. بۆ وێنە لە ئێستادا لە سەر ئاستی یازدە وڵاتی ئورووپایی وەک پەیوەندییەکی یاسایی پشتیوانی لە هاوماڵی دەکەن و لە وڵاتانی دیکەی ئەم کیشوەرەدا سەرەڕای ئەوەی ئەم پەیوەندییانە بە یاسایی نەبوونەتەوە بەڵام بەرهەڵستی ناکرێن؛ بە جۆرێک کە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایی، کاپڵە هاوماڵەکان هاوتەریب لەگەڵ کاپڵە هاوسەرگیریکردووەکان پێکەوە دەژین و تەنانەت منداڵیشیان دەبێت. بە واتایەکی تر، درێژخایەنبوونی پەیوەندیی هاوماڵی تا دێت پابەندییەکی دوو لایەنە بەدی دێنێ و هەر ئەمەش وا دەکا کەسەکان هەست بە ئامادەیی خستنەوەی منداڵ / منداڵەکان بکەن و پەیوەندییەکە لە چوارچێوەی باوی پەیوەندیی سێکسی و هاوسەرگیری نزیکتر ببێتەوه.
سەرەڕای ئەمه، گۆڕانکارییەکانی بنەماڵە لە سەرتاسەری ئورووپا بە شێوەی یەکدەست ڕووی نەداوه، بەڵکوو لە ماوەی ئەم 50 ساڵەی دواییدا ڕەوتی پەرەسەندنی لە باکووری ئورووپاوەو بەرەو باشوور بووە (Roussel, 1992). پەرەسەندنی هاوماڵی لە ئورووپا کە لە نیوەی دەیەی 1960 دەستی پێکرد، لە قۆناغی یەکەمدا لە باکووری ئەم کیشوەرە و لە سووید ڕووی داوه. (Trost, 1978) و پاش پەسندکراوییەکی کە لەم وڵاتەدا وەدەستی هێنا، لە قۆناغی دووهەمدا زیاتر پەرەی سەند و لە دەیەی 1970 گەیشتە وڵاتانی ناوەندی ئورووپا وەکوو فەڕەنسه، نەمسا، سوویسڕا، ئاڵمان، هۆلەند و ئینگلتەرا. ئینجا لە قۆناغی سێیەمی ژیانی مێژووی خۆی، لە سەرەتاکانی دەیەی 1980 چووە باشووری ئورووپا و وڵاتانێکی وەکوو ئیتالیا، پرتوگاڵ، ئیسپانیان و یۆنان (Loffler, 2009: 16).
پێکەوە بوون لە ڕۆژاوا دیاردەیەکی یاسایی، عوڕفی و دیاریکراوه. هاوژینەکانی ئەم ژیانه، بە شێوەی تەواو ئەدرەسی شوێنی ژیان و ناسنامەی خۆیان بە پۆلیس ڕادەگەیێنن و ئەمانە لە ئیدارەی پۆلیسدا تۆمار دەکرێن بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەرکەوتنی ناکۆکی، منداڵداربوون، جیابوونەوە و حاڵەتی لەو شێوە کێشە دروست نەبێت. لە ڕووی ڕێککەوتنەکانی شێوازی ژیان، هەموو شتێک ڕوون بۆتەوە و هەر کام لە لایەنەکان بە ڕێژەیەکی ڕێککەوتوو، لەم شێوازی ژیانەدا دەور دەبینن. ئەگەر لە سەر دابڕان و لێکجیا بوونەوە ڕێک کەوتن، داهاتی وەدەستهاتوو لە ماوەی ژیانی هاوبەشدا لە نێوان هەر دوو لا دابەش دەبێ و هەر کام لە لایەنەکان پشکی خۆیان وەردەگرنەوە و جیا دەبنەوه. دادوەرانی داد لە ئەگەری زانیاریی پۆلیسی خۆجێیی لەم بابەتە ئیدعای هەر کام لە لایەنەکان وەردەگرێ و ئافرەت بە قەت پیاوەکە مافی هەیه.
لێکۆڵەران هۆکارە پێکهاتەییەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندنی پێکەوە بوونیان لە ڕۆژاوا ڕوون کردۆتەوه. هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەی بنەماڵە لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەم و هەڵکشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تەمەنی هاوسەرگیری بەرز بووەوە و ڕێژەی زکوزا کەمبوونەوەی بە خۆوە بینی و ڕێژەی ژیانە لێکپساوەکان زیاتر بوون. هەروەها ڕێژەی لە دایکبوونی منداڵ لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری لەم سەردەمەدا تا دەهات ڕووی لە زیادبوون دەکرد (Smock,2000). کارناسان لە ڕوونکردنەوەی هۆکارە پێکهاتەیی و سەرەکییەکان کە هەڵکشانی ڕێژەی هاوماڵی لە ڕۆژاوای لێ کەوتۆتەوه، تیشک دەخەنە سەر چەند فاکتەری گرنگ. یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکان، فاکتەری کەلتوورییه.
تاکخوازی و سکۆلاریزم دەچنە ڕیزبەندیی فاکتەرە کەلتوورییەکان (Rindfuss & VandenHeuvel ,1990). تاکخوازی واتە هەر کەس خاوەن خەڵوەت و سنووری تایبەتی فیزیایی، دەروونی و بۆچوونی تایبەتی و دیکەی مافە بنەڕەتییەکانە کە لە هەر بارودۆخێکدا دەبێ ڕێزی لێ بگیرێت. تاکخوازان بانگەشە بۆ سەپاندنی ئامانج و خواستەکانی تاک دەکەن. کەواتە ئەوان بایەخ بە سەربەخۆیی و پشت بە خۆبەستن دەدەن و داکۆکی لێ دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی تاک دەبێ لە پێش حکوومەت یان گرووپێکی کۆمەڵایەتی بێ و لە هەمان کاتدا دژی دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری تایبەتی لە لایەن کۆمەڵگا یان ڕێکخراوەکانی وەکوو دەوڵەتن. هەروەها لە چەمکگەلی کۆمەڵناسی، سکۆلاریزم بە هەر چەشنە بارودۆخێک دەوترێ کە تێیدا، کۆمەڵگا لە بڕیارەکانیدا کەمتر چەمکە ئایینییەکان بە کار دەبا یان ئەم چەمکانە کەمتر دەبنە هۆی دروستبوونی ناکۆکی یان تێکهەڵچوون. لە ساڵانی 1960 بە دواوە ئامانجە تاکایەتییەکان کەوتنە یەکەمایەتییەوە و بەشداری لە ئەڵقەی ئایینی و دەستێوەردانی ئایین لە کاروباری ژیان لە چاو ڕابردوو کەمتر بووەوە. هۆکاری دووهەم، دوو فاکتەری ئابووری و بە پیشەسازیبوون لە ڕۆژاوایه.
لە کەرتی ئابووری، هاتنی ژنان بۆ بازاڕی کار و گۆڕینی ڕوانگە بەرامبەر بە کاری ئافرەتان وای کرد کە هۆگریی بۆ هاوسەرگیری و ژیانی خێزانی کەم ببێتەوە (Cherlin & Furstenberg, 1988).
هاتنی ئافرەتان بۆ بازاڕی کار و کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان و بزووتنەوە یەکسانخوازییەکان بووە هۆی گەشەکردنی هاوماڵی؛ بەڵام گرنگترین فاکتەر لە ڕەوتی هەڵکشانی ڕێژەی هاوماڵی و تابۆسڕینەوە لە هاوماڵی هاوکات لەگەڵ شۆڕشی سێکسی لە ڕۆژاوا ڕووی دا (Bumpass,1990). شۆڕشی سێکسی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوو کە لە مەودای نێوان ساڵانی دەیەی 60 هەتا 80ـی زایینی سیستەمی نەریتیی ڕفتارە سێکسییەکان و پەیوەندیی نێوان تاکەکانی لە ڕۆژاوا بە چالنج کێشا.
زۆرێک لە گۆڕانەکانی نۆڕمە سێکسییەکان لەم سەردەمەدا، ئەوڕۆ بوونەتە ڕەوتێکی باڵادەست و هاوماڵی یەکێک لەوانه.
وڵاتی ئێرانیش لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکان لە جیهاندا پارێزراو نەبووه، بە جۆرێک کە لە بنەماڵە ئێرانییەکان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە کەوتنە ناو پرۆسەی بە نوێبوونەوە لە بەستێنە جیا جیاکان و بۆ وێنە پەیوەندییەکانی نێوان دوو ڕەگەز، لە پرۆسەی کێشمەکێشی کەلتووریی سەرچەشنی نەریتی و مۆدێڕن، چوونەتە ناو قۆناغی گواستنەوە و وێڕای پاراستنی هەندێ لە توخمە نەریتییەکانی خۆیان، هەندێ تایبەتمەندیی کۆمەڵگای نوێیان وەرگرتووە (کوثری و عسگری، 7930). گۆڕانکارییە نۆڕمییەکان لە ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا کاریگەری لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و لێکەوتەی بێژوماری بۆ سەر کۆمەڵگا هەبووه.
هاتن و پەرەسەندنی ڕاگەیاندنەکان بەتایبەت ئەنتەرنێت لە ئێراندا شێوازی ژیانە جۆراوجۆرەکانی بەدی هێناوە و بەها و نۆڕمی جۆراوجۆری بێچم داوه. لەم نێوەندەدا بە ئاڵۆزبوونی پرسە ئابوورییەکان، هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیری و هەروەها هاتنی نۆڕمە جیهانییەکان لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندیی، هێدی هێدی ڕفتاری نوێ لە ناو گەنجانی ئێرانیدا بێچمی گرت کە لە گرنگترینیان پەرەسەندنی پەیوەندییە سێکسییەکانی بەر لە هاوسەرگیرییه.
ئەگەرچی پەیوەندییەکانی بەر لە هاوسەرگیری لە ئێران بە ئەنگێزەی جۆراوجۆر و لە چوارچێوەی سەرچەشنی جیاواز ڕوو دەدا، لەم نێوەندەدا یەکێک لە ڕادیکاڵیترین بێچمەکانی پەیوەندیی بەر لە هاوسەرگیری، دەرکەوتنی سەرچەشنی “هاوماڵی”ـیە (آزاد ارامکی و همکاران، 7937).
بێگومان هاوماڵی بە بێ هاوسەرگیری وەک پەیوەندیی ژن و مێردێتیی تۆمارنەکراو و نافەرمی و ناشەرعی لە کۆمەڵگای ئێران نەبووەتە سەرچەشنێکی بنچینەدار و هەمەگیر و لە ڕاستیدا دیاردەیەکی نوێیە کە بە پێی ڕاپۆڕتە میدیایی و وتووێژە زانستییەکان لە سەر ئاستی ئاکادمیک و پسپۆڕی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەک ڕوو لە پەرەسەندن بەتایبەت لە کەلانشارەکان و ناوچە کۆچبەرگرەکان بەدی دەکرێت. بە ئاوڕدانەوە لە ئاڵۆزێتی بابەتەکە و هەستیارییەکانی ناو وڵات، لەم بوارەدا ئامارێکی سەرنجڕاکێش بوونی نییە و تەنانەت دەتوانین بڵێین سیاسەتمەداران ئەم بابەتەیان سڕ کردووە و بە جۆرێک لە دژی خۆڕاگری دەکەن.
بەڵام بە هۆی هەلومەرجی کەلتووری و ئابووری ئەم قۆناغە مێژووییەی کە تێیداین، شایەدی پەرەسەندنی ئەم چەشنە پەیوەندییانەین. هەتا ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیەکی گشتیر سەبارەت بە ڕەهەند و دیوە جۆراوجۆرەکانی ئەم دیاردە ئەنجام نەدراوە و تەنانەت لەم بوارەدا کتێبێکیش نەنووسراوه. هەر بۆیە لەم توێژینەوەدا بە نیازین بە بێ هەڵسەنگاندنی نۆڕمانە و بە شێوەی گشتگیر ئەم دیاردە لێک بدەینەوە و بۆچییەتی هۆگریی بۆ ئەم دیاردە و لێکەوتەکانی لە سەر بەستێنی کۆمەڵایەتی کەلانشارەکانی ئێران تاوتوێ بکەین.
شێوازی توێژینەوه
ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی ڕوانگەیەکی شرۆڤەخوازانە و ئاراستەی شێوازناسی چۆنایەتی بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی تیۆریی پێش زەمینەیی (GT) لە سەر ئاستی سێ کەلانشاری تاران، ئیسفەهان و مەشهەد ئەنجام دراوه. زانیاری و داتاکانی ئەم توێژینەوە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی دیمانەی نیوەپێکهاتوو و قووڵ کۆکراوەتەوه. بە هۆی هەستیاریی کەلتووریی و ئایینیی بابەتی توێژینەوەکە و دژواری دەستگەیشتن بە نموونەکان، شێوازی نموونەگیریی ئامانجدار بە کار هێنراوه. دڵنیابوونی تیۆریک لە پاش ئەنجامدانی 100 دیمانە وەدەست هات و بۆ متمانەی زێدەتر، دیمانەی زیاتر ئەنجام درا. پاش دیمانەکردن لەگەڵ 203 کەس، بە دڵنیابوونی تیۆری و گشتگیری توژینەوە ڕازی بووین. هەڵبەت لەم ڕێگەدا سوودمان لە چاودێری و ڕێنوێنی پسپۆڕان و شێوازی چۆنایەتی بینی.
بە گوێرەی ڕێژەی حەشیمەت و گەورەیی کەلانشارەکان، لە سەر ئاستی هەر سێ شاری تاران، مەشهەد و ئیسفەهان بە ڕیز 86 دیمانە لە تاران، 64 دیمانە لە مەشهەد، 53 دیمانە لە ئیسفەهان ئەنجام درا کە بە پێی ڕەگەزێتی بریتییە لە 116 دیمانە لەگەڵ ژنان و 87 دیمانە لەگەڵ پیاوان. بەو پێیەی کە زۆربەی پرسیارکەران ئافرەت بوون، ئاستی هاودڵی و متمانە کە لەگەڵ ئافرەتەکاندا ئەنجام دەدرا، زیاتر بوو و بە هۆی هەستیاریی بابەتەکە بۆ ئافرەتان، ئەم لایەنە زیاتر هۆگری قسەکردن لە سەر ئەم بابەتە بوون و پیاوان تێدەکۆشان بیشارنەوه. کەواتە ژمارەی ژنانی دیمانە لەگەڵکراو لەم توێژینەوەدا زیاتر بوو.
هەروەها بە مەبەستی دەوڵەمەندترکردنی توێژینەوە لەگەڵ کارناسانی ئایینی، دەزگای داد، دەروونناسان و ڕاوێژکاران و مامۆستایانی زانکۆی خاوەن ڕا لە پرسە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان وتووێژ و گفتوگۆ کرا و لە بەشە جیاجیاکانی لێکۆڵینەوە کەڵکمان لە ڕوانگەی ئەوان وەرگرت.
ئەنجامەکانی مەیدانییەکان
سەرچەشنی هاوسەرگیری، یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانه. ئەگەر بەڵگەکان پیشاندەری کەمبوونەوەی زۆری ئاماری هاوسەرگیری و هەڵکشانی ئاماری تەڵاق بن، کۆمەڵگا ڕووبەڕووی داڕمانی بنەماڵە و لە کۆتاییدا فرەڕەنگخوازی ڕادیکاڵی دەبێتەوه. مەبەست لە تەمەنی هاوسەرگیری ئەو تەمەنەیە کە تێیدا کەسەکان دەگەنە تەمەنی ژیانی هاوسەرێتی.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کوڕان 29 ساڵ و بۆ کچان 28 ساڵه. ئەم ڕێژە و ژمارانە هەواڵی لەسەرەوەبوونی تەمەنی هاوسەرداری دەدەن. بە پێی داتاکانی ناوەندی ئێران و دیکەی ناوەندە ئاماری و هەواڵگرییەکانی وڵات مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری ساڵ لە دوای ساڵ زۆر دەبێ و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە ڕێژەی سەڵتی زۆر دەبێت.
لە ئێستادا نزیکەی 12 ملوێن گەنجی سەڵت لە وڵاتدا بوونیان هەیە کە لە تەمەنی هاوسەرگیریدان و تەنانەت تەمەنیشیان لەو تەمەنە تێپەڕیوه، بەڵام سەڵتن. لە ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی دواکەوتنی هاوسەرگیری لە ئێران دەتوانین ئاماژە بکەین بە فاکتەرە ئابوورییەکان (مەندیی ئابووری، بێکاری، نەبوونی ئاسایشی کار)، فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان (ئایدیالخوازی و هاتنی ژنان بۆ ناو زانکۆ و بازاڕی کار) و فاکتەرە کەلتوورییەکان (باوەڕی هەڵە سەبارەت بە هاوسەرگیریی فەرمی وەکوو مارەیی زۆر، شیربایی، دارایی سەربەخۆ و …).
ژن، 31 ساڵه، تاران
بارودۆخێکی گونجاومان نەبوو. نەماندەتوانی چاوەڕوانییەکانی بنەماڵەی یەکتر دابین بکەین ئەگینا هاوسەرگیریمان دەکرد. بۆ وێنە ئاهەنگی هاوسەرگیری بە چەند دە ملوێن تمەن، تەڵای فڵان ملوێنی کە بۆم بکڕێت.
پیاو، 32 ساڵه، تاران
هۆکارەکەی (ئەنجامدانی هاوسەرگیریی سپی) کە باسی دەکەم: کێشەی ئابووریی و سێکسییە.
بە هۆی ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی باشدا نەبووین نەمانتوانی بە شێوەی دایمی و بۆ هەمیشە هاوسەرگیری بکەین.
بە پێی زیاترین خۆشگوزەرانی ئابووری لە تیۆری نوێ و هەروەها بە پێی تیۆری زنجیرە خواستەکانی مازلۆ، بەدیلی هاوسەرگیریی فەرمی بۆ ئەو گەنجانەی کە دەرفەتەکانی ئاشنابوونیان لەگەڵ یەکتر لە ڕێگەی گرووپی دۆستان، زانکۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانه، وەک بابەتێکی لۆژیکی و عەقڵانی خۆی دەنوێنێت. ئەو گەنجانەی کە ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی سپی و هاوماڵی هەستیارییەکی کەمتریان بەرامبەر بە بەها ئایینییەکان هەیە و باوەڕە ئایینییەکان بە لایانەوە گرنگییەکی ئەوتۆی نییه.
ڕێژەی ئەم هاوسەرگیرییە لە ناو خوێندکاران زۆر زیاتره. ئەو گەنجانەی کە بە نیازی درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ دەچن بۆ گەورە شارەکان و لەوێ خوێندنیان تەواو دەکەن و هەر لەوێش ڕو دەکەنە کاری کاتی و ئیدارەی تایبەت، ئەم هاوسەرگرییەیان پێ باشتره. ئەم گەنجانە هی کۆتاییەکانی دەیەی 60ـی هەتاوین و زۆریان خوێندنی زانکۆیی هەتا لە ئاستی بکالۆریۆس و ماجستەریان هەیه.
چارتی 1. فرەیی پانتای تەمەنی وڵامدەران
بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە ئەزموونی هاوماڵییان هەیە لە مەودای تەمەنی نێوان 25 – 30 ساڵدان کە لە دەیەی 65 – 75 لە دایک بوون. ئەم گەنجانە بە هۆی گۆڕانکارییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و سەرەدمی مەندیی ئابووریی نەیانتوانیوە لە شوێنی ژیانی خۆیان ئیشێکی گونجاو هاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندنی زانکۆییان بۆ خۆیان دەست بخەن.
کەلانشارەکان بە هۆی هەبوونی هەلی کاری زیاتر لە چاو دیکەی شارەکان، شوێنی ڕاکێشانی کۆچبەرە خوێندەوارەکان و کاریی ئەو گەنجانەن کە هەڵوەدای سەربەخۆیی دارایی و درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆن.
چارتی 2. بارودۆخی کاریی نموونەی توێژینەوە لە سەر کراو
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە پیشانی داوە 3/46 لە سەدی ئەو وڵامدەرانەی کە پەیوەندیی هاوماڵییان هەیە لە کۆمپانیای تایبەت و 5/39 لە سەد لە کەرتی ئازاد کار دەکەن و هاوکات لەگەڵ کارەکانیان، خوێندن و ژیانیان لەگەڵ هاوماڵەکەیان بە ئەزموون کردووه. ئەم چەشنە کەسانە بە پێی ڕێکەوتنی ئابووری، تێچووی ژیانیان لە کەلانشار دابین کردووە و بە رادەی ئەو پشکە زۆرەی کە لە پێشخستنی ئابووریی ئەو پەیوەندییەدا بوویانە دەسەڵاتێکی زێدەتریان هەبوو.
کەسێک کە مووچە و داهاتێکی زێدەتری هەبێ، لەم پەیوەندییەدا هەیمەنە و دەسەڵاتی زیاتره. بە پێی پێکهاتەی ئابووری و پشکی بەشداری ژنان لە بازاڕی کار، ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان لە کۆمپانیا تایبەتەکان داهاتێکی کەمتریان هەیە و هەلی کاری ژنان لە هی پیاوان کەمتره. کەواتە سەرەڕای ئەوەی کە بوونی پەیوەندیی پێکەوەبوون یان هاوسەرگیریی سپی جیا لە کلیشە ڕەگەزێتییەکان و گرێبەستەکانی هاوسەرگیرییە فەرمییەکانە، لەم پەیوەندییەدا جۆرێک پیاوسالاری و باڵادەستی پیاوانە بەدی دەکرێت.
پیاو، 26 ساڵه، تاران
ئەویش فارس بوو و هەڵبەت دانیشتووی تاران نەبوو. بە هۆی هەندێ هۆکار لەبەر کار و خوێندن لە یەکێک لە شارەکانی باشوورەوە هاتبوو بۆ تاران و لە تاران نیشتەجێ ببوو. دیارە بە هۆی ئیشەکەی و قۆناغی خوێندنەکەی خەریکی خوێندنی ماستەر بوو هەر بۆیە جارێ لە تاران گیرساوەتەوە.
کار و خوێندن لە کەلانشارەکان چاودێری دایک و باوک بە سەر منداڵەکان کەم دەکاتەوە. گەنجان لە شارە گەورەکان و لە ئاپارتمانەکان لەگەڵ هاوماڵەکەیان دەژین و بە هۆی بێناوی و ئاپارتماننشینی بەربڵاو لەم شارانە کەسەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەگەڵ هاوماڵی خۆیان بژین.
لە وڵاتی ئێراندا سەرەڕای ئەوەی کە پەیوەندیی سۆزداری و سێکسی بەر لە هاوسەرگیری یان لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری بە پێچەوانەی نۆڕمە نەریتی، ئایینی و کەلتوورییەکانە و تەنانەت لە ڕووی یاساییشەوە قەدەغە کراوه، هەندێ لە بەڵگەکان لەم ساڵانەی دواییدا دەلالەت لە سەر ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی ئەم چەشنە پەیوەندییانە لە ناو گەنجاندا دەکات. ئەم چەشنە پەیوەندییانە زۆر جار لە بنەماڵە دەشاردرێنەوە و ئەگەریش ئاشکرا بێ بنەماڵەکان پێیان باشترە کە وا بنوێنن کە زانیارییان سەبارەت بە هیچ شتێک نییە.
پەیوەندییە هاوماڵییەکان تەواو شاراوەن یان تەنیا دۆستان و هاوڕێیان نزیک بەم پەیوەندییە دەزانن. نۆڕمەکانی نەوەی نوێ کە بە هۆی ئاشنابوون لەگەڵ هێما ڕۆژاوایی و مۆدێڕنیتەکان و نوێخوازی ڕۆژاوایی بێچمی گرتووه. هەندێ لە نەریت و نۆڕمەکانی نەوەی ڕابردوو بە شێوەی شاراوە پشتگوێ دەخات. سەرەڕای ئەمه، بنەماڵەکان هێشتا لەگەڵ ئەم بابەتە ڕانەهاتوون و زۆرینەی وڵامدەران ڕایانگەیاند کە پەیوەندیی نێوان خۆیان لە بنەماڵەکانیان شاردۆتەوه. ڕوانگەی گشتی و کۆمەڵایەتی ئەم چەشنە ژیانە قبووڵ ناکا و ئەمە گرنگترین هۆکاری شاردنەوەی ئەم شێوازی ژیانەیه.
پیاو، 27 ساڵه، خوێندکاری ماستەر، کورد
ئەگەر بنەماڵە بەمە بزانن لە سەدا سەد تووشی حەڕەشەیەکی گەورە دەبین: یەک: ئەگەری تاراندن یان ئەگەری کوشتن لە ئارادایه. دوو: زانین لە لایەن دەوڵەتەوە کە لە کۆمەڵگای ئێران سزای بەردباران کردنی لەگەڵە. سێ: ئەگەر کۆمەڵگا بزانێ کە هاوسەرگیریی سپیت کردووە، دەست دەکەن بە ناو و ناتۆرەنان و ئەوەندە سووکایەتی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە کە لەوانەیە لێدان و ئازاری فیزیایی و تەنانەت پساندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ بێت.
بە هۆی ئەوەی لە چوارچێوە فەرمی و یاسایی و کێشەکانی هاوسەرگیریی فەرمی، کە کەسەکان دەیانتوانی وەک ڕێکارێک هاوسەرگیریی کاتی دەستنیشانی بکەن، هاوسەرگیریی کاتی، هەم سەختگیری و کێشەکانی هاوسەرگیریی هەمیشەیی نییە و هەم یاسا و ئایینی فەرمی وڵات داکۆکی لە سەر دەکاتەوە و لە ئەگەری سەرهەڵدانی کێشە و لێکەوتە نەخوازراوەکانی کەم تا کورتێک پشتیوانی لێ دەکرێت. بەڵام نەوەی گەنجی زانکۆچوو، هاوسەرگیریی کاتی یان سیغە بە جۆرێ فێڵی شەرعی و داوێنپیسی دەزانێ و لەو ڕووەوەی کە ڕوانگەی گشتی لە سەر گریمانەی سێکسی بوونەکەیەتی و ڕیشەی ئایینی هەیە خۆی لە دەپارێزێ و هاوسەرگیریی سپی بە لاوە باشتره. ئەم کەسانە ئایین و ئایینزا لە ژیانی تایبەتی خۆیان دەسڕنەوە و پێیان خۆشە باوەڕە ئایینییەکان کاریگەرییەکی کەمتریان لە سەر ژیانی ئەوان هەبێ و تەنانەت دژی ئایین دەوەستنەوە و ئایین بە هۆکاری پێشێلکردنی هەندێ لە مافە تایبەتییەکانی خۆیان دەزانن.
ژن، 28 ساڵه، تاران:
من ئەوەندە دەروەستی باوەڕە ئایینییەکان نیم؛ بەڵام ئایینی تایبەتی خۆمم هەیە کە ئەخلاق و یەکسانی و دادپەروەرییه. واتە من ئەو ئایینە نەریتییەی کە ناوی ئیسلامە باوەڕم پێی نییه. سەبارەت بە ڕۆژیی دوایی (قیامەت) نازانم هەیە یان نا. یا کەسێک لەو دنیا گەڕابێتەوە نا زۆر باوەڕم پێی نییه.
خێر و بەرژەوەندیی تاکایەتی و مرۆڤباوەڕی لە بری خوداباوەڕی لە هێما مۆدێڕنیتەکانی وڵاتانی لە حاڵی پێشکەوتنە کە لە ڕێگەی میدیای گشتی و سەتەلایت و ئەنتەرنێت و لە لایەکی دیکەشەوە لە زانکۆ بە ئاشنا بوون لەگەڵ ڕێبازەکانی بیری مۆدێڕن، دزەی کردۆتە ناو ژیانی گەنجان و ئەوان بەرەو ئەوە هان دەدا کە بە پێی بەرژەوەندیی تایبەتی و بە بێ هیچ چەشنە سنووردارییەکی ئایینی و ئایینزایی، خێر و چاکەی تایبەتی خۆیان لێک بدەنەوە و هەر چەشنە ئاستەنگێکی ئایینی ببەزێنن. نموونەکانی ئەم دۆخە لە پێناسەکردنی پاکداوێنی و پەردەی کچێتی بەتایبەت بۆ ئافرەتان بەدی دەکەین. پەردەی کچێتی لە کەلتووری ئایینی و عوڕف، پیشاندەری پاکداوێنی و نەبوونی پەیوەندیی سێکسییه.
ئەو کاپڵانەی کە پەردەی کچێتی وەک بابەتێکی تایبەتی و ماف لە سەر لەش دەزانن، ناتوانن تێگەیشتنێکی ئایینییان لە پەردەی کچێتی و نەبوونی پەیوەندیی سێکسی بەر لە هاوسەرگیری هەبێ و ئەوە بە بابەتێکی تایبەتی لە قەڵەم دەدەن.
هاوسەرگیریی سپی لە ئێران هۆکاری فرەچەشنی هەیه. هێماکانی بە نوێکردنەوە و مۆدێڕنیتە لە دژی نەریت دۆخێکی لێکدژی بەدی هێناوە کە وای کردووە هەندێ لە سەرچەشنە کەلتوورییەکانی مۆدێڕنیتە وەکوو هاوماڵی لە پەراوێز و لە شاراوەدا پەرە بستێنێت.
بە پێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە گرنگترین هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی بریتییە لە: بێباوەڕی بە هاوسەرگیریی فەرمی، هەبوونی ماف لە سەر لەش، کێشە ئابوورییەکان و ئاشنایی و بێ متمانەیی.
چارتی 3. گرنگترین هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی لە ئێران
وڵامدەران، بێباوەڕی بە هاوسەرگیریی فەرمی بە 37/41 لە سەدفرەیی، وەک گرنگترین هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوماڵی لە قەڵەم دەدەن. ئازادی زیاتر و ماف لە سەر لەش بە 19/20 لە سەد، نەبوونی ئاسایشی کار بە 74/16 لە سەد ئاشنایی زێدەتر بە 28/14 لە سەد و بێمتمانەیی 38/7 لە سەد بە ڕیز گرنگترین هۆکارەکانی هۆگریی بۆ هاوسەرگیریی سپی لە ئێرانن.
شارەزایان بە گشتی هۆکاری هاوسەرگیرینەکردنی گەنجان و هەڵکشاندنی ڕێژەی سەڵتیی هەمیشەیی زیاتر دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی داهاتی تەواو و کێشە داراییەکان. بەڵام هۆکارەکانی دیکەش کە بەشێکیان ئابوورین گرنگن. هۆکاری بێباوەڕی بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی دەگەڕێتەوە بۆ نەریتی نەشیاوی وەکوو شیربایی و مارەیی قورس. ئەم نەریتانە بە هۆی ئەو کەلتوورە هەڵانەیە کە لە ناو بنەماڵەکاندا باوە کە تەنانەت دژی وانەکانی ئیسلامه. هەروەها یاساکانی تەڵاق و کلیشە ڕەگەزێتییەکان لە هاوسەرگیریی فەرمی لەو هۆکارانەیە کە وای کردووە کەسەکان هاوسەرگیریی سپییان لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی پێ باشتر بێت. ئەوەی گرنگیی دووهەمایەتی هەیە ئازادی و مافی هەڵبژاردن و ماف سەر لەشه.
هەبوونی ماف لە سەر لەش بە بێ سەرنجدانە چەمکە ئایینی و یاساییەکان بۆ کۆمەڵێ کەس لە چوارچێوەی سەرکێشیی مەدەنی وەکوو هاوسەرگیریی سپی خۆی دەنوێنێت. نەبوونی هەلی کار و داهاتی گونجاو بۆ بژێوی ژیان، هاوسەرگیریی سپی لە چوارچێوەی هاوبەشیی ئابوورییانەی دووکەسی بە بێگوێدانە کلیشە ڕەگەزێتییەکان خۆی وەک ڕێکارێکی گونجاو بە گەنجان پیشان دەدات. هاوسەرگیریی سپی و هاوماڵی لە ئێران ڕەنگە بە تەواوەتی هاوشێوەی جۆرە ڕۆژاواییەکەی نەبێت. لە ناو دیمانەکاندا، هەندێ لە وڵامدەران ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لە درێژەی هەفتەدا ڕەنگە دوو بۆ سێ ڕۆژ بە تەواوەتی لەگەڵ هاوبەشە سێکسییەکەیان ڕایانبواردبێت. دەتوانین بڵێین کە ئەم چەشنە پەیوەندییە لە کەلانشارە توێژینەوە لە سەرکراوەکان، زیاتر بە مەبەستی ئاشنایی هاوسەرەکان لەگەڵ یەکتره. قەیرانی متمانە لە جیهانی مۆدێڕن ئێپیدێمییەکە کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی تەنیوه.
بێمتمانەیی و نەبوونی ڕاستگۆیی لە کاتی هاوسەرگیری، جۆرێ ترسی لە ناو تاکەکاندا دروست کردووه. لەگەڵ تۆمارکردنی هاوسەرگیری و ناسینی هاوسەر، ئیتر هیچ کارێ ناکرێ و بەرپرسایەتی یاسایی بەرۆکی کەسەکە دەگرێت. کەواتە بێمتمانەیی وا دەکا پەیوەندییەک بە باشتر بزانرێ کە لە ئەگەری ناپاکی و ناڕاستگۆیی بە بێ هیچ بەرپرسایەتییەکی یاسایی کۆتایی پێ بێت.
کۆبەندی و خستنە ڕووی پێشنیارەکان
دیاردەی تەوەریی هاوسەرگیریی سپی لە ئێراندا کۆمەڵێ گۆڕانکاری نۆڕمی و بەهایی لە شێوازی ژیانی گەنجانی ئێرانییە کە دیادەی هاوماڵی لە ناو دڵی ئەم گۆڕانی بەهاییە دەرکەوتووه. گرنگترین لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران بە گوێرەی ڕاپۆڕتەکان و دیمانەی ورد لەگەڵ ئەو هاوسەرانەی کە پێشینەی هاوماڵییان بووه بریتییە لە کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزێتییەکان، ئازادی هەڵبژاردن و ناهۆگریی بۆ هاوسەرگیریی فەرمی. ئەم فاکتەرانە لە ڕۆژاواش بەدی دەکرێن. لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە ئەمریکا، ئازادی و ئاسوودەیی زیاتری کەسەکان و ناهۆگریی بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی وەک هۆکاری هاوسەرگیریی سپی ناوزەد کراوە (Galena et al,2009). بە پێچەوانەی ڕۆژاوا کە لە ڕووی عوڕفی و یاساییەوە ئەم دیاردە بە یاساییه، لە ئێران ئەم پرسە کپ کراوە و ئاسەواری وەکوو تاراندنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی پشتیوانی و ترس لە بە دواداچوونی دروست کردووه. وەک وترا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە هۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران وەکوو گۆڕانی ئابووری، هاتنی سەرمایەداری و دەرکەوتنی نائاسایشیی کاری، لیبرالیزم و دووبارەئەندێشی نەریت، هاتنی توخمی نوێساز و بێناوی شاری، لەناوچوونی چەمک و کارکردی گەڕەک، گۆڕانکاری لە پێکهێنانی بنەماڵە و دەرکەوتنی پەیوەندیی کاتی، هەڵبژاردنی ژیانی پێکەوەبوون یان هاوسەرگیریی سپی ڕووی لە پەرە سەندنه.
ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە لە چوارچێوەی سنوورێکی تایبەتی ئەنجام دەدرێ و کاربە دەستانی دەزگای داد و ئاسایش هەر وا بە ئاسانی ناتوانن بیاندۆزنەوه. بە ئاوڕدانەوە لە ناوەڕۆکی نهێنییانەی ئەم پەیوەندییه، نکۆڵی لێکردنی لە لایەن بەرپرسان و بە تابۆبوونی ئەم بابەته، ئەم دیاردە لە پەراوێزدا گەشەی کردووە و دەتوانێ لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی بەتایبەت بۆ ئافرەتان لێ بکەوێتەوە و دیسیپلین و تەندروستیی کۆمەڵایەتی لە ڕەهەندی جیاوازدا تووشی خەسارەت بکات. کەواتە بە مەبەستی کەمکردنەوەی لێکەوتە نەخوازراوەکانی دیاردەی هاوسەرگیریی سپی و ڕێکخستنی، ئەم ڕێکارانە پێشنیار دەکرێ:
- 1. قبووڵ کردنی بوونی هاوسەرگیریی سپی و نکۆڵی لێنەکردنی و ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی لە ئێران لە لایەن دەوڵەتەوه
نکۆڵی و قبووڵ نەکردن، یان لە نەناسینی تەواوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی سەرچاوە دەگرێ یان ئەوەی کە بە هۆی ناهۆگریی بۆ ئاوڕدانەوە لەم بابەتەیە. کەواتە بەرپرسان یان بە نکۆڵی لێکردن یان بە شێوەی ئاماژەیی لە هەمبەر دیاردەی هاوسەرگیریی سپی خۆڕاگری دەنوێنن. لە حاڵێکدا ئەم بارودۆخە دەتوانێ ببێتە جۆرێک سۆنامی، و شوناسی بنەماڵە لە ئێران لە ناو ببا و لە ئەنجامی ئەم نکۆڵییانە خەسارەتی بێژوماری دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوه. کەواتە دداننان بە بوونی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە و ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی لە لایەن بەرپرسانەوە لە هەنگاوی یەکەمدا، دەبێتە هۆی ڕێکخستنی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە.
- 2. ناسینی هەمەگیری ڕەهەندەکان، هۆکارەکان، لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی زانکۆیی و پسپۆڕی
گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی چالاک و ئەکتیڤ پێویستی بە ناسینی خەسارەتەکان، گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان، لێکدانەوەی ڕێکارەکان و بڕیاری کارناسانە و کاریگەره. لێکدانەوە گشتگیرەکان لە ناو دڵی توێژینەوەی زانکۆیی و پسپۆڕی وەدەست دێت. مەخابن لە پاڵ نکۆڵیکردنی بەرپرسان، چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی و زانکۆیی و بلیمەتە هزری / کۆمەڵایەتییەکانیش کەمتر ئەم بابەتەیان خستۆتە بەر تیشکی خوێندنەوە و خەسارناسی، بە جۆرێک کە تەنیا چەند نموونە و تێزی کەم کە ڕێژەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێ، لە کۆمەڵگای زانستی ئێراندا بوونی هەیه.
پاش گەڕانێکی زۆر، تەنانەت کتێبێکی گشتگیر و مۆدێڕنمان لە بارەی هاوسەرگیریی سپی لە ماڵپەڕەکانی کتێبی ئێراندا بەدی نەکرد و ئەوەی هەیە نووسراوی شپرزەیە کە ناتوانرێ وەک شیکاریی و ڕوونکردنەوەی ورد لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی هاوسەرگیریی سپی بخرێتە بەر دەست بەرپرسان. تەرخانکردنی بوودجەی لێکۆڵینەوەیی، ئاوڕدانەوەی زیاتری مامۆستایان و ڕاوێژکارانی زانکۆیی و خوێندکارانی بواری زانستی ڕفتاری لە چوارچێوەی تێز و وتار، نووسینی کتێب لە لایەن بەرپرسان و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی لە بارەی ناسینی ورد و هەمە لایەنەی هاوسەرگیریی سپی و خەسارناسی ئەم دیاردە و خستنە ڕووی پێشنیاری گونجاو بە پێی شوناسی کۆمەڵایەتی لە درێژەی زەمەن و شوێن دەتوانێ بۆ ناسینی وردی ئەم دیاردە ڕێکارێکی شیاو بێت. هەڵبەت ئەم بابەتە پێویستی بە هاوکاری دوو لایەنە و جیدی ناوەندی دەزگای داد، وەزارەتی زانست، وەزارەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی، شارەوانییەکان، وەزارەتی تەندروستی، چاکژیانەوە (بێهزیستی) و دیکەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانه.
- 3. بەستێنسازیی کەلتووری، زانیاریگەیاندن و ڕاهێنانی گشتی و پسپۆڕی
هەنگاو دوایی کەلتوورسازی و زانیاری گەیاندنی پاش قبووڵکردن و خەسارناسی و خستنە ڕووی ڕێکاری کردەییه. زۆرێک لە کەسەکان لە دیمانەکاندا وتیان دابو نەریت و کەلتووری هاوسەرگیری لە ئێران (مارەیی قورس، شیربایی و ئاهەنگی هاوسەرگیریی گران، جیاز، ماڵی ژوور شار و جیا، کلیشە ڕەگەزێتییەکان و …) دەبێتە هۆی بێهۆگریی بە هاوسەرگیریی هەمیشەیی و ڕووکردنە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە. لە بەشی بەستێنسازی کەلتووری، پەرە پێدان و بانگەشەکردن بۆ کەلتووری هاوسەرگیریی ئاسان لە ڕێگەی میدیا گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە نادەوڵەتییەکان دەتوانن ڕێکارێکی گونجاو بن بۆ ڕازیکردنی بنەماڵەکان بۆ سەختگیری نەکردن و ئاسانکردنی هاوسەرگیریی گەنجان.
ناوەندە دەوڵەتی و کارگێڕییەکان بە بانگەشە و دابینکردنی هەلی هاوسەرگیریی ئاسان دەتوانن لەم بوارەدا دەورێکی کاریگەریان هەبێت. نموونەی بەرچاو دەتوانێ هاوسەرگیریی خوێندکاری بێت کە هەلی هاوسەرگیریی ئاسان دابین دەکات. لە لایەکی تریشەوە دوبارە بڵاوکردنەوەی ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئاسان و سەرکەوتووی هەندێ لە کەسایەتی و سلێبریتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نادەوڵەتییەکاندا کاریگەرە.
میدیا گشتییەکان بەتایبەت ڕاگەیاندنی نیشتمانی لە سەردەمی جڤاکی تۆڕی دەتوانن لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت. بڵاڤۆکەکان، گۆڤارەکان، ڕۆژنامه، مانگنامه، بەرنامەی وتووێژتەوەر و کارناسانە لە تەلەڤیزیۆن (پسپۆڕی زانستی)، شانۆ، فیلمی زنجیرەیی، فیلمی سینەمایی لە ناساندنی هاوسەرگیریی سپی و ئەو پرس و خەسارەتانەی کە دەتوانێ بەرۆکی کۆمەڵگا ئێران بگرێت، هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسەکان و بنەماڵەکان سەبارەت بە شوناسی ئەم چەشنە پەیوەندییە و لێکەوتەکانی لە ئێرانی هاوچەرخە.
- 4. کارخولقێنی، کار و ئاسانکاری بارودۆخی ئابووری لە لایەن دەوڵەت، کەرتی تایبەت، خێرخوازان
کێشە ئابوورییەکانی وەکوو نەبوونی کار و داهاتی تەواو، نەبوونی ئاسایشی کاری، کۆچی کاری، مەندیی ئابووریی لەو هۆکارانەن کە جەسارەت و بووێری هاوسەرگیریی هەمیشەیی لە گەنجان زەوت دەکا و تەمەنی هاوسەرگیری زیاد دەکات. ئەو گەنجە سەڵتانەی کە بە نیازی کار بەرەو گەورە شارەکان کۆچ دەکەن بۆ دابینکردنی خواستەکانیان وەکوو ئارەزووی سۆزداری و سێکسی، هاوبەشبوون لە ژیانێکی ئاسانتر و بێبەرپرسایەتی بە باشتر دەزانن. کوڕان و کچان بە چوونە سەرەوەی تەمەن و فەوتانی هیوای باشتربوونی بارودۆخی ئابووری و کۆتاییهاتنی هاوسەرگیریی هەمیشەیی ملکەچی هاوسەرگیریی سپی دەبن.
بەشێک لەو کچانەی کە تەمەنیان زۆرە و چانسی هاوسەرگیری بۆ خۆیان بە لەکیسچوو دەزانن، ئەو کچانەی دەرچووی زانکۆن و بۆ هەلی کار بەرەو کەلانشارەکان کۆچیان کردووە لە بێناوی گەورەشارەکان، بۆ دابینکردنی خواستەکانی خۆیان وەکوو ئارەزووی سۆزداری و سێکسی و ئابووریی هاوسەرگیریی سپی وەک ڕێکارێک لە قەڵەم دەدەن. تاقمی مەزنی دەرچووانی زانکۆی بێکار و سەڵت کە ملی ڕێگەی کەلانشارەکان دەگرنە بەر بۆ ئەوەی لە بەشی ناپسپۆڕی و ناهاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندنیان ئیشێک دەست بخەن، لەوانەن کە ڕوو دەکەنە هاوسەرگیریی سپی. لەم بوارەدا ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و کەرتی تایبەت دەبێ بە هاوکاری یەکتر ئاسایشی کار دروست بکەن بۆ ئەوەی بەشێک لە ڕێژەی هاوسەرگیریی سپی کە لە عوڕف و یاسای ئێراندا پێگەی نییه، کەم ببێتەوه.
کارخولقێنی و دامەزراندنی هەلی کاری هاوئاهەنگ لەگەڵ بواری خوێندن لەو شارانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونیانە دەتوانێ لەم بوارەدا هۆکارێکی گرنگ بێت. هەروەها سیستەمی بانکی بە پێدانی قەرزی خانوبەره، قەرزی هاوسەرگیری، قەرزی ڕاگرتنی منداڵ بە شێوەی قەرزولحەسەنە و قیستی درێژماوە دەتوانێ لەم بوارەدا دەورێکی کاریگەر بگێڕێت. چالاکڤانانی کەرتی تایبەت بە هاوکاری دەوڵەت لە شارەکان بە دروستکردنی یەکەی بەرهەمهێنان و پشتیوانی لە کاری گەنجان بەشێک لە بێکاری گەنجان چارەسەر بکەن. خێرخوازان لە شارە جیاوازەکان دەبێ سەرنجێکی زێدەتر بپرژێننە سەر باسی کارخولقێنی و بە هاوکاری دەوڵەت و چالاکڤانانی ئابووری لقی سێیەمی ئەم بەرە پێک بێنن و لە بواری کارخولقێنی دەورێکی تۆخ و بەرچاویان هەبێت. کارخولقێنی لە شوێنی ژیانی گەنجان و پشتیوانی ئابووری وەکوو خانوبەره، تێچووی منداڵ و … دەتوانێ بەشێک لە پەرۆشییە ئابوورییەکانی گەنجان بڕەوێنێتەوە و ئاماری هاوسەرگیریی فەرمی بەرز بکاتەوە و هەڵکشانی هاوماڵی داببەزێنێت.
- 4. پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی سپی بە پێداگری لە سەر پشتیوانیی دەزگای داد لە ژنان و منداڵان
لە کۆمەڵگای ئێران بە هۆی ناشەرعیبوونی هاوسەرگیریی سپی و بە پێداگری کردن لە سەر مادەی 10ـی یاسای بنەڕەتی لە سەر ئاسانبوونی هاوسەرگیریی ئەخلاقی و ئیسلامی، هاوسەرگیریی سپی بە تاوان زانراوە. هەر بۆیە ئەو هاوسەرانەی کە هاوسەرگیریی سپییان دەستنیشان کردووه، لە ژێر ناوی پەیوەندیی ناشەرعی و تۆمار نەکردنی هاوسەرگیری، سزای زیندان و قەمچی و سزای نەختی چاوەڕێیان دەکات. مافی نەفەقه، میرات، سەرپەرشتی منداڵان و … بۆ ئەم هاوسەرانە پێناسە نەکراوە و لەم نێوانەدا ئەگەر منداڵێک لە دایک بێ، بە گوێرەی مادەی 884ـی یاسای مەدەنی وەک منداڵی زینا دێتە هەژمار و لە میرات بێبەشە. کەواتە ئەو منداڵانەی کە لە پەیوەندیی هاوماڵیدا لە دایک دەبن لە میرات بێبەشن. پێویستە لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ بکرێت. لە هیچ بەشێکی قوڕئان ئاماژە بەم بەشە نەکراوە و تەنیا ژنان و پیاوانی زیناکار سەرکۆنە و لە هەندێ لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون.
لە یاسای ئێراندا منداڵی زینا بۆی هەیە ناسنامە وەربگرێ و ئەو کاتەی کە ناسنامە وەدەست دێنێ وەک هاووڵاتییەک لە قەڵەم دەدرێ و لە مافەکانی هاووڵاتی سوودمەند دەبێت. لە لایەکی تریشەوە لە بڕگەی بیستەمی یاسای بنەڕەتی، هەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە بە شێوەی یەکسان لە پشتیوانیی یاسا سوودمەندن و لە هەموو مافە مرۆیی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی ئایینی ئیسلام سوودمەندن. منداڵی لە دایکبوو لە ئەنجامی پەیوەندیی ناشەرعیش دەبێ وەکوو هاووڵاتییەکی ئێرانی لە پشتیوانیی یاسایی وەکوو نەفەقە و مافی میرات سوودمەند بێت.
لە لایەکی دیکەشەوە ئێران ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی منداڵە و دەبێ بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک مافەکانی منداڵان ڕەچاو بکات. کەواتە پێنەدانی مافی میرات بە منداڵی زینا دژی یاسای بنەڕەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێ بە شێوەی بنەڕەتی پێداچوونەوە بەم بوارەشدا بکرێتەوە. لێرەدا دوو بۆشایی لە ئارادایە. لە هاوسەرگیریی سپیدا لە ئەگەری دەرکەوتنی تاوان لە دژی یەکێک لە هاوسەرەکان کە زۆر جار دژی ئافرەتانه، یاسا چ بەرنامەیەکی هەیه؟ ئەگەر ژن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار و توندوتیژی، دزینی دارایی و … ببێتەوە، ئایا دەبێ بە هۆی ترس لە سزای قەمچی سەبارەت بەو توندوتیژییەی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت؟!
هاوسەرگیریی سپی لە بەستێنی سنوورێکی نهێنییانەدا ئەنجام دەدرێت. لە ئەگەری شاردنەوەی لە لایەن کەسەکانەوە ناتوانرێ هۆکاری پتەوی یاساییەکەی ئاشکرا بکرێ و بە دواداچوونی بۆ بکرێت. کەواتە ئەگەر لەم چەشنە پەیوەندییانەدا تاوانێک ڕوو بدا، دەبێ بە چاوپۆشین لە تاوانی پەیوەندیی هاوماڵی بە هۆی سنوورە نهێنییەکەی و دەرنەبڕینی لە لایەن لایەنەکان، سەبارەت بە دەستدرێژی و تاوانی ئەنجام دراویش سزایەکی بۆ دیاری بکرێت. سنووری نهێنی قەڵەمڕەوێک لە ژیانی کەسێکە کە پێی خۆش نییە کەسانی دیکە بە بێ ئیزن و ڕەزامەندیی ئەو بێنە ناو سنوورەکەی یان لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری کەسەکان بێت.
لە مادەکانی 22، 23، 25ـی یاسای بنەڕەتیش هەر چەشنە بەزاندنی سنووری تایبەتی کەسەکەکان قەدەغە کراوه. هەروەها لە مادەی 24ـی یاسای حوکمی دادوەری سزایی پشکنینی ماڵەکان، شوێنەکان، شت و مەکەکان و گرتنی کەسەکان لە تاوانی نەبینراو پەیوەست بە ئیزنی تایبەتی بەرپرسی دەزگای داد دەزانێت. هەروەها لە ڕۆژی بیست و چوارەمی مانگی سەرماوەزی ساڵی 1361ـی هەتاوی، ئیمام خومەینی فەرمانی هەشت مادەیی بۆ دەزگای داد و ناوەندە جێبەجێکار و کارگێڕەکانی وڵات دەرکرد کە ناوی نراوە “جاڕنامەی کەرامەتی مرۆڤ”. لە هەموو ناوەڕۆکەکانی ئەم مادە پێداگری لە سەر ڕێزگرتن لە مافی تاکەکان و ڕەچاوکردنی ڕێسا یاساییەکان لە بەرکەوتن لەگەڵ مافی شەرعی و مەدەنی کراوه. بڕگەی شەشەمی ئەم فەرمانە دەڵێ: “هیچ کەس بۆی نییە بە بێ ئیزنی خاوەنەکانیان بچێتە ناو ماڵ یان دووکان و یان شوێنی کاریان، یان بە ناوی دۆزینەوەی تاوان یان ئەنجامدانی تاوان چاودێری بکا و بیپشکنێت.
و یان بێڕێزی بە کەسێک بکا و ئاکاری نامرۆڤانە – نائیسلامی لێ بووەشێتەوه، یان گوێ لە تەلەفۆن یان شریتی تۆمارکردنی دەنگی کەسێکی دیکە بە ناوی دۆزینەوەی تاوان یان وەدەستهێنانی ناوەندی تاوان بگرێت، و یان بۆ دۆزینەوەی گوناح و تاوانی تەنانەت ئەگەر تاوانێکی گەورەش بێ، ئامێری تۆمارکەر و گوێدێرێک دابنێ و پێوشوێنی نهێنی خەڵک بێ، و گوناحی خەڵک بپشکنێ، یان ئەو نهێنییانەی کە لە کەسێکی دیکەوە پێی گەیشتووە لای کەسێکی دیکە بدرکێنێت. هەر هەموو ئەمانە تاوان [و] گوناحن و هەندێکیان وەکوو پەرە پێدانی داوێنپیسی و گوناهەکان وان و لە تاوانە هەرە گەورەکانن و بکەرانی هەر کام لە بابەتەکانی سەرەوە تاوانبارن و شیاوی سزای شەرعین و تاوانی هەندێکیان دەبنە هۆی حەدی شەرعی.”
کەواتە سیخوڕی و بەزاندنی سنوور لە ڕوانگەی یاساییەوە شیاو نییە و نموونەی بەزاندنی یاسا و بنەماکانی یاسای بنەڕەتییه. بەو پێیەی کە هاوسەرگیریی سپی لە بەستێنی سنووری تایبەتی و نهێنی ڕوو دەدا، شایەتحاڵی نییە و نائاشکرایه، کەواتە بە پێی مادەی سنووری تایبەتی و بڕگەی شەشەمی جاڕنامەی هەشت مادەی مافەکانی هاووڵاتی ناتوانرێ بە دواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت. کەواتە ژنان یان ئەو کەسانەی کە کەڵکاوەژووییان لێ دەکرێ، بە بێ گوێدانە سنووری تایبەتی دەبێ پشتیوانی یاساییان لێ بکرێت.
- پشتیوانی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و ئەنجوومەنەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی پێدانی ڕاوێژکاری تەندروستی و پەروەردەیی و ڕێگری لە لێکەوتە و زیانە تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکان
دیاردەکانی وەکوو ئایدز و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر سەرەڕای بە تاوانزانین و بە دواداچوونی یاسایی، لە ڕێگەی هەندێ لە ڕێکخراوەکانی وەکوو چاکژیانەوە، شارەوانی و ئەنجومەنە خۆبەخشە نادەوڵەتییەکان و کەمپەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر پشتیوانیان لێ دەکرێت. هەتا هەنووکە بە ڕاهێنانی تەندروستی و ڕاوێژکاری ئەم ڕێکخراوانە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ دابەزاندنی خەسارەت و لێکەوتە نەرێنییەکانی هاوێژراوه. بمانهەوێ و نەمانهەوێ ئەم شێوازی ژیانە لە لایەن هەندێ لە گەنجانی وڵاتەوە پێشوازی لێ کراوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندندایه.
هەندێ نەخۆشی نزیکی وەکوو ئایدز، دووگیانبوونی نەخوازراو و توندوتیژی دژی ئافرەتان لەم پەیوەندییانەدا بەدی دەکرێن کە بە هۆی ناوەڕۆکی سزایی پەیوەندییە هاوماڵییەکان جەسارەتی بە دواداچوونی یاساییان نییه. لە لایەکی تریشەوە زیاتر بە هۆی قبووڵنەکرانی ئەم چەشنە پەیوەندییانە لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە، هاوسەرە هاوماڵەکان دەتارێنرێن کە ئەمە خەسارەتی دەروونناسی لێ دەکەوێتەوه. بە هۆی ئەزموونگەلی وەکوو ئایدز و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر، پێویستە لە ڕێگەی ناوەندگەلی وەکوو چاکژیانەوە، شارەوانییەکان، ئەنجومەنی یاساکانی پشتیوانی لە ژنان خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری و تەندروستی پێشکەش بکرێ بۆ ئەوەی ڕێگری لە لەبارچوونی کۆرپەلە، نەخۆشی نزیکی و هەندێ خەسارەتی ڕۆحی و دەروونی و توندوتیژی لە دژی ژنان لە پەیوەندییە هاوماڵییەکان بکرێ؛ بە جۆرێک کە کەسەکان لە بە دواداچوونی یاسایی بۆ پەیوەندییەکانی خۆیان نەترسن.
سەبارەت به نووسەر
کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:
– ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)
– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛
– زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛
– ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛
– ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛
– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛
– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.
توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com
سەرچاوە کان:
- کوثری، مسعود، عسگری، سید احمد (1394). «بازنمایی خانوادۀ ایرانی از منظر روابط جنسیتی و نسلی در آگهیهای تلویزیونی»، فصلنامۀ تحقیقات فرهنگی در ایران، سال 8، شمارە 4، ص 26-1.
- Bumpass, LL (1999). “Whats happening to the family? Interaction between demographic and institutional change”, Demography, pp. 27: 483
- Carmichael, G. A. (1995). “Consensual Partnering in the More Developed Countries”, Journal of the Australien Population Association, Vol. 12, No. 1.
- Carr, D. (2011). “Premarital Sex in America: How Young Americans Meet, Mate, and Think about Marriage by Mark Regnerus and Jeremy Uecker”, American Journal of Sociology, Vol. 117, No. 3.
- Cherlin A, Furstenberg FF (1988). The changing European family: lessons for the American reader, J. Fam. Issues 9:291–7.
- Galena K. Rhoades, Scott M. Stanley, and Howard J. Markman(2009). Couples’ Reasons for Cohabitation: Associations with Individual Well-Being and Relationship Quality, J Fam Issues. 2009 Feb 1; 30(2): 233–258.
- Goodwin, P. Y., W. D. Mosher, and A. Chandra (2010). ‘Marriage and Cohabitation in the United States: A Statistical Portrait Based on Cycle 6 (2002) of the National Survey of Family Growth’, Vital and Health Statistics, Series 23, No. 28
- Loffler, C. (2009). Non-Marital Cohabitation in Italy, der Universität Rostock.
- Mills, M (2000). The Transformation of Partnerships, Canada, The Netherlands, and the Russian Federation in the Age of Modernity, Amsterdam: Thela Thesis Population Studies.
- Regnerus, M. and J. Uecker (2011). Premarital Sex in America: How Young Americans Meet Mate and Think About Marrying, Oxford: Oxford University Press.
- Rindfuss RR, VandenHeuvel A. 1990. Cohabitation: a precursor to marriage or an alternative to being single? Pop. Dev. Rev. 16:703–26
- Roussel, L. (1992). ‘The Family in Western Europe: Divergences and Convergence’, Population, Vol. 47, No. 1.
- Smock, P. J. (2000). Cohabitation in the United States: An appraisal of research themes, findings, and implications. Annual Review of Sociology, 26, 1-20
- Spanier, G. B. (1985). ‘Cohabitation in the 1980s: Recent Changes in the United States’, K. Davis & A. Brossbard-Shechtman (eds.), in Contemporary Marriage, New York: Russell Sage.