هاوسەرگیریی سپی

ئێمە پێشنیارتان پێ دەدەین ئەم جوڵەگڕافییەی سەرەوە کە سەبارەت بە هاوسەرگیریی سپییە ببینن. ئینجا بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ئامارەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران و کوردستان دەتوانن ئەم دەقە و دیکەی وتارەکانی ئەم لاپەڕە بخوێننەوە.

هاوسەرگیری سپی یەکێک لە جۆرەکانی پێکەوەژیانی هاوسەرەکانە کە گرێبەستی ئایینی یان یاسایی لە نێوانیاندا نییە و بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کێشەکان و دابین‌کردنی پێداویستییەکانی جیهانی مۆدێرن سەری هەڵدا و هەروەها جۆرێک لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتییە کە بە فەرمی تۆمار ناکرێت.لە هاوسەرگیریی سپیدا، زانیاریی پەیوەست بە ڕێککەوتنی لایەنەکان لە هیچ نووسینگەیەکی تۆمارکردنی بەڵگە یاساییەکان تۆمار ناکرێت. پرسی هاوسەرگیریی سپی لە جیهاندا پرسێکی نوێ نییە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، لە شارە گەورەکانی ئێراندا ڕووی لە پەرەسەندنە.

زیاتر ببینە

گەڕان

وتارە زانسیتییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان

ناساندنێکی کورت

کامیل ئەحمەدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و ئێتنۆگرافیای وێنەیی لە زانکۆی کێنت لە وڵاتی ئینگلتەرا، و هەروەها خولە پسپپۆڕییەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و شێوازی توێژینەوەی لە زانکۆکانی تری بەریتانیا وەرگرتووە و بە توێژەری بواری نەریتە زیانبەخشەکان ناسراوە . ئەحمەدی سەرپەرشتیار و سەرنووسەری کتێب و کۆمەڵە وتارە توێژینەوەییەکان بە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و ئینگلیزییە. ناوبرا و لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی “نامووس / شانازیی ڕاستەقینە”ـی لە ڕێکخراوی IKWRO لە زانکۆی یاسای لەندەن بە دەست هێناوە و لە ساڵی ٢٠١٨شدا خەڵاتی “ئەدەب و زانستە مرۆییەکان”ـی زانکۆی جۆرج واشینگتۆن بۆ کۆمەڵە بەرهەمەکانی بەشی ئەدەب و زانستە مرۆییەکان بەخشرایە کامیل ئەحمەدی. بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: سازگاری و خۆڕاگری لە مەهاباد، ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان)، بە ناوی نەریت، ماڵێک لەسەر ئاو، زایەڵەی بێدەنگی، تاڵانی منداڵی و….

پرسیارە باوەکان

  • هاوسەرگیریی سپی (یان هاوماڵی) چییە؟ هاوسەرگیریی سپی جۆرێکی دیکەی هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزانە کە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کێشەکانی جیهانی مۆدێرندا هاتە ناو ڕیزی جۆرە جیاوازەکانی هاوسەرگیری. لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا لایەنەکان (کچ/ژن و کوڕ/پیاو) بە بێ تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەیان و تەنها بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان هەر دووکیان پێکەوە دەژین. لۆژیکی و عەقڵییەتی مۆدێڕنیتە زۆر درەنگتر لە بەرهەمەکانی واتە تەکنەلۆژیا و پیشەسازی هاتە ناو جیهانی سێیەم و جیهانی ئیسلام. ئەگەرچی عەقڵییەتی مۆدێڕنیتە دواتر لە قاڵبی زانست و هونەر و ئەدەبیات و مافی مرۆڤ و … وەک شەپۆلێک ڕووی لە وڵاتانی دواکەوتووتر کرد، بەڵام ئەم وڵاتانە بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی زیاتر باوەشیان بۆ بەرهەم و تەکنەلۆژیاکانی مۆدێڕنیتە گرتەوە و لۆژیک و عەقڵییەتی مۆدێڕنیتەیان کپ کرد و هەندێ جار بگرە تەکفیریشیان کرد. گەیشتنی وڵاتانی ڕۆژاوایی بە مۆدێڕنیتە بە کۆمەڵێ قۆناغ و پرۆسەدا تێپەڕیوە کە هێشتا وڵاتانی دواکەوتوو لە یەکەم قۆناغیشدا نین. لەم وڵاتانەدا هێشتا خانەوادە دامەزراوەیەکی پیرۆزە بەڵام نەک هەر خانەوادەیەک بەڵکوو ئەو خانەوادانەی کە لە فیلتەری نەریت و ئایین و پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایەوە دەرچووبن، بۆیە هاوسەرگیریی سپی و ژیانی هاوسەرێتی بە بێ مارەکردن و هاوسەرگیری پێ تابۆیە و زۆر کەس وەک بەڕەڵایی سێکسی سەیری دەکەن، یاساکانی هیندیک له وڵاتان هەڵقوڵاوی ئەو پێکهاتەن کە نموونەکەی وڵاتی تورکیایە کە سەرەڕای ئیدعای دیمۆکڕاسی و پیشکەوتووبوون، بە فەرمانی ئەردۆغان نووستنگە دووڕەگەزییەکانی داخرا یان خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی هاوسەرگیریی سپی ڕەشترین جۆری هاوسەرگیرییە. ئەمە دەریخست کە هێشتا لە جیهاندا بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناڤین دا کە سەڵتی، تەڵاق، بێوەمێردی یان بێوەژنی بڤەیە، ئاساییە کە داڕێژەرانی سیاسەت و یاسا هاوتەریب لەگەڵ ئایین و نەریت هاوسەرگیریی سپی قەدەغە بکەن، بەڵام نەوەی نوێ بە هۆی خوێندەوارییەوە لەگەڵ عەقڵییەتی مۆدێڕنیتە ئاشنا بووە کە مۆدێڕنیتە سەری ڕێزی بۆ هیچ پیرۆزییەک دانەنەواندووە و دژی نەریت و ئایین و بەهاکان ڕاست بووەتەوە. یەکێک لەو نەریتانەی کە مۆدێڕنیتە پیرۆزێتی لێ سڕیوەتەوە بنیاتی بنەماڵە و هاوسەرگیریی فەرمی و هەمیشەییە. هەروەها گەنجان و لە سەروویانەوە گەنجە خوێندکارەکان لە کەڵانشار و پێتەختی وڵاتاندا بە هۆی شوێنی کار و درێژەدان بە خوێندن و تێچووی قورسی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەوە ڕوویان لە هاوسەرگیریی سپی کرد. بە باوەڕی زۆرێک لە کۆمەڵناسەکان و تەنانەت هەندێ لە ڕۆشنبیرانی ئایینی دەبێ سەر لە نوێ خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ بنیاتی خانوادە و پاکیزەیی کچان و دابەشکردنی ئەرکەکان بکرێ و دەبێ قبووڵی بکەین کە ڕێژەی تەڵاق ڕوو لە زیاندبوونە و مەرج نییە ژن و مێرد بە هەر نرخێک هەتا هەتایە لەگەڵ یەکتر بژین و دەبێ یاسا ئاقاری خۆی لە ئایین و نەریت جیا بکاتەوە و ئەم دیاردە قبووڵ بکا و مادەی یاسایی بۆ دابنێت.
  • سوودەکانی هاوسەرگیریی سپی چین؟ دابین‌کردنی پێداویستییە ئابوورییەکان، دەربازبوون لە زەخت و گوشاری کێشەکانی خانوبەرە، تێرکردنی ئارەزووە سێکسی و سۆزداری و بایۆلۆژییەکان، باشترناسینی یەکتر، توانای پچڕانی ئاسانی پەیوەندییەکە لە ئەگەری هەڵبژاردنی هەڵە، هاوکاری‌کردن و ئاسانکاری بۆ هەڵبژاردنی دروست بۆ هاوسەرگیریی هەمیشەیی، بەئەزموون‌کردنی جۆرێک لە پێکەوەژیانی بەر لە هاوسەرگیریی هەمیشەیی.
  •  زیانەکانی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین چین؟ نەبوونی ئاسایشی دەروونی بۆ هاوسەرەکان، نهێنی‌بوونی پەیوەندییەکە لە چاوی خێزان و کۆمەڵگا، ترس لە ئاشکرابوونی پەیوەندییەکە، ئەگەری ڕوودانی توندوتیژی و نەبوونی پشتیوانیی یاسایی بە هۆی ترس لە لێکەوتەکانی بە تاوانبارناسران و تۆمەتبارکران بە زینا، نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی، زیانگەیاندن بە داهاتووی ئەو کچانەی کە ئەم هاوسەرگیرییەیان ئەنجام داوە وەکوو لەدەستدانی پەردەی کچێنی و لێکەوتەکانی، دووگیانیی نەخوازراو، کەمبوونەوەی هەستی بەرپرسیارێتی، نەبوونی نەفەقە بۆ ژن، وەرنەگرتنی پشک و میراتی لایەنەکان لە یەکتر لە ئەگەری مردنی یەکێک لە لایەنەکان، کێشەی سەرپەرشتیاری و ناسنامەی ئەو مندالانەی کە لە ئەنجامی ئەم چەشنە هاوسەرگیرییەدا لەدایک دەبن و … .
  •  سزای هاوسەرگیریی سپی بە گوێرەی یاسای ئێران چییە؟ بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران (بە پێی مادەی ٢٢١ی یاسای سزادانی ئیسلامی)، هاوسەرگیریی سپی فەرمی نییە و وەک پەیوەندییەکی ناشەرعی لێی دەڕوانرێ و وەک زینا شیاوی سزادانە. هەروەها ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان یان هەر دووکیان هاوسەریان هەبێ و بەم چەشنە پەیوەندییەوە تێوەگلابن ئەوە لە ژێر ناوی زینای موحەسنە تووشی سزای قورسی بەردباران‌کردن دەبنەوە.