وتارێک سەبارەت به هاوسەرگیریی سپی و ئامارەکانی پەیوەست بەو

کەسێکی خەڵک‌ناس و توێژەر به پشتبەستن به توێژینەوەیەک له مەڕ “هاوسەرگیریی سپی” کە له سەر ۲۱۳ هاوسەر و به شێوەی کاری مەیدانی ئەنجام دراوه وتی: “ماوه”ـی هاوسەرگیریی سپی له ئێران یەک بۆ سێ ساڵه، ناوبراو وتارێکی له مەڕ هاوسەرگیریی سپی نووسیوه که دەتوانن بیخوێننەوه.

۴۵ ئەو کەسانەی که لەم توێژینەوەدا لێکۆڵینەوەیان له سەر کراوه تەمەنیان له نێوان 25 بۆ ۳۰ ساڵان بوو.

هەروەها 62 له سەدیان خاوەن بڕوانامەی “تێکنیسییەن و بکالۆریۆس بوون و ۲۳ له سەدیان له قۆناغی ماستەر و دکتۆرادا دەیانخوێند؛ ئەمه له حاڵێکدایه که گرینگترین “شێوازی ئاشنایەتی” که له لایەن ئەم کەسانەوه ئاماژەی پێ کرا بریتی بووە لە گروپی هاوڕێیەتی و خوێندکاری، هاوکاریەتی لە شوێنی کار و هەروەها تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان.

کامیل ئەحمەدی” خەڵک‌ناس، توێژەر و نووسەر به پشتبەستن بە ئامارەکانی ئەو توێژینەوەی کە سەبارەت بە “ژیان لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری لە ئێران” ئەنجامی داوە، وێڕای جەخت‌کردنە سەر ئەوەی کە هاوسەرگیریی سپی ڕەگ ​​و ڕیشەی لە ڕۆژاوا و ئەوروپایە و ئەم دیاردە لە ئێران لەگەڵ مانا ڕۆژاواییەکەی جیاوازە، بە خستنە ڕووی ئامارەکانی سەرەوە، ئەم داتا ئامارییانەی تاوتوێ کردووە.

ئەو کە لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجومەنی پاڵپشتی لە مافەکانی منداڵان قسەی دەکرد، لە سەرەتای قسەکردنیدا وێڕای ئاماژە بەوەی کە پێکەوەژیان لە دوای شۆڕشی سێکسی لە ڕۆژاوا هاتە ئاراوە و بە ناوەندێتیی ئەوروپا پیرۆزیی پەیوەندیی سێکسی لە ناو برد، وتی: لە ساڵی ٢٠١٠، وڵاتانی نەرویژ، فەڕەنسا، سووید و ئیسپانیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەن کە ئەم شێوازە ژیانەیان گرتە بەر.

ئەم شێوازە ژیانە لەم وڵاتانەدا ئەوەندە پەرەی سەندووە کە هاوشێوەی هاوسەرگیری فەرمی یاسای بۆ دانراوە.

ئەم مرۆڤناسە وێڕای ئاماژە بەوەی کە وڵاتانی دراوسێی ئێران وەکوو تورکیا یەکێک لە نموونە ڕوونەکانی ئەم شێوازە ژیانەیە، وتی: دوای سەرباری ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردوویەتی و ئەو جیاکردنەوە ڕەگەزییەی کە لە ٧٥ لە سەدی نوستنگەی زانکۆکانی ئەم وڵاتەدا ئەنجامی داوە، بەڵام هیچ سزایەک بۆ شێوازی ژیانی هاوماڵی و هاوسەرگیریی سپی بوونی نییە و ڕێژەیەکی یەکجار زۆری هاوسەرگیریی سپی بەتایبەت لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە بەدی دەکەین. لە میسر و شارەکانی ئەسکەندەرییە و قاهیرەی ئەم وڵاتەش، سەرەڕای دیاری‌کردنی سزای دوو ساڵ زیندان بۆ ئەم شێوازی ژیانە، بەڵام دەبینین ئەم شێوازی ژیانە ڕووی پەرەسەندنە.

ئاماری پێکەوەژیان لە بەیروت و ڕۆژاوای لوبنان و تەنانەت تونسیش تا دێ ڕوو لە زیادبوون دەکات.

نووسەری ئەم توێژینەوە وێڕای ئاماژە بەوەی کە سروشتی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ  ناوچەکانی دیکەی جیهان جیاوازە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ئێران بە هۆی ئەو ئاستەنگ و سنووردارکردنانەی کە هەن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم شێوازی ژیان هیچ ئامارێکی فەرمی و جێی متمانە بوونی نییە؛ بەڵام گۆڕانی نۆڕم و بەهاکان کاریگەرییان لە سەر زیادکردنی ڕێژەی پێکەوەژیان داناوە.

کامیل ئەحمەدی بە ئاماژەدان بەوەی کە “سیغەی مەحرەمێتی” یان “هاوسەرگیریی کاتی” نزیکترین مۆدێل لە شێوازی هاوسەرگیریی سپییە کە لە ڕووی شەرعییەوە ڕەوادارە، وتی: خاڵە هاوشێوەکانی ئەم دوو شێوازی ژیانە  بریتین لە کاتی‌بوون، بوونی پەیوەندیی سێکسی و لێکەوتەی یاسایی کەم و ‌تێچووی کەمی ئەم دوو شێوازی هاوسەرگیرییە لە ڕووی بڕەمارەیی و جیاز؛

بەڵام ئەم دوو شێوازی هاوسەرگیرییە لە ڕەهەندی یاسایی و شەرعییەوە لێک جیاوازن؛ بە جۆرێک کە ئەگەر لە هاوسەرگیریی سپیدا منداڵێک لەدایک بێ، ئەوا ئەو دۆخە لەگەڵ هی سیغە فەرقی هەیە.

وتارێک دەربارەی هاوسەرگیریی سپی

ئەحمەدی وێڕای ڕۆشنایی‌خستنە سەر توێژینەوەی ئەنجام‌دراو لەمەڕ هاوسەرگیریی سپی لە ئێران، ڕوونی کردەوە: ئەم توێژینەوە لە سەر ئاستی هەر سێ کەڵەشاری تاران، مەشهەد و ئەسفەهان بە قەبارەی نمونەیی ٢١٣ هاوسەر و بە شێوەی مەیدانی ئەنجام دراوە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە ڕوویان لەم شێوازە ژیانە کردبوو، یان کۆچبەری کاری یان خوێندکاری زانکۆ بوون کە ژیانی خوێندکارییان هەبوو.

ئەم توێژەرە لە درێژەدا لەگەڵ ئاماژەدان بە لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی سپی وتیشی: کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزییەکان، ئازادیی هەڵبژاردنی جەستە و پەیوەندیی سێکسی، ناهۆگریی بۆ هاوسەرگیریی فەرمی، تاراندنی کۆمەڵایەتی و ترس لە لێپێچینەوەی یاسایی ئەو دەرەنجامانە بوون کە لە لایەن کەسانی بەرتوێژینەوە ئاماژەیان پێ کرا.

گرینگترین هۆکارێک کە ئەم کەسانە سەبارەت بە ڕووکردنە ئەم هاوسەرگیرییە باسیان کرد بریتی بوو لە بێ‌باوەریی بە هاوسەرگیریی فەرمی، ئازادی هەڵبژاردن و مافی جەستە، نەبوونی ئاسایشی کار و داهاتی پێویست و یەکترناسینی باشتر و نەبوونی متمانە.

ئەم مرۆڤناسە وێڕای ئاماژە بەوەی کە بە پێی توێژینەوە ئەنجام‌دراوەکان تەمەنی هاوسەرگیریی سپی لە ئێران لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵە، جەتیشی کردەوە: ٤٥ لە سەدی ئەو کەسانەی لەم توێژینەوەدا لێکۆڵینەوەیان لە سەر کرا تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵدا بوو.

62 لە سەدیان خاوەن بڕوانامەی تێکنیسییەن و بەکالۆریۆس بوون، 23 لە سەدیان لە قۆناغی ماستەر و دکتۆرادا دەیانخوێند. گرینگترین ڕێگای ناسینی یەکتر کە ئەم کەسانە باسیان کرد، گروپی هاوڕێیەتی و خوێندکاری و هاوکاری لە شوێنی کار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو.

هه‌روه‌ها ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی کە 39 لە سەدی ئه‌و كه‌سانه‌ی کە توێژینەوەیان لە سەر دەکرا ڕایانگه‌یاندبوو‌ كه‌ بڕوایان به‌ ئایین نییه، درێژەی پێدا و وتی: 57 لە سەدیان بڕوایان بە ئایین كه‌م و ته‌نها 2.9 لە سەدیان باوه‌ڕیان به‌ ئایین هه‌بوو‌. هەروەها ٥٢ لە سەدیان کە زیاتر لە ٤٠ لە سەدیان ئافرەت بوون، بەهیوا بوون کە لە داهاتوودا هاوسەرگیرییە سپییەکەیان بە هاوسەرگیریی فەرمی کۆتایی پێ بێت؛

ئەمە لە کاتێکدایە کە ٤٧ لە سەد کە زۆربەیان پیاو بوون، بەنیاز نەبوون لە داهاتوودا هاوسەرگیرییەکی فەرمی بکەن. 88 لە سەدی ئەو کەسانە پرسی پەردەی کچێنییان (پاکیزەیی) بە لاوە گرینگ نەبوو و تەنها 11 لە سەدیان باوەڕیان بەم بابەتە هەبوو.

کامیل ئەحمەدی لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بەو فشار و زەختە دەروونییانەی کە بە هۆی شاردنەوەی ئەو پەیوەندییەوە دروست دەبێ و هەروەها نایاسایی‌بوونی ئەم شێوازە ژیانە کە لەو لێکەوتانە بوون کە کەسانی بەرتوێژینەوە باسیان دەکرد، وتی:

کاڵبوونەوەی کلیشە ڕەگەزییەکان، پێشوازیکردن لە هاوسەرگیریی سپی لە لایەن لە گەنجانی چینی مامناوەند، نەبوونی بەدواداچوونی یاسایی لە ئەگەری ڕوودانی توندوتیژی، لەدایکبوونی منداڵانی بێ‌ناسنامە، یەک‌سەرپەرشتی و لەباربردنی کۆرپەلە، تەسک‌‌بوونەوەی بازنەی هەڵبژاردنی کەسەکان بۆ هاوسەرگیری و کەم‌بوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و باری دەروونی بە هۆی لەدەست‌دانی پاکیزەیی بۆ ژنان لە دەرەنجامەکانی دیکەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیە.

ئەم توێژەرە وێڕای ئاماژەدان بە هەندێک لەو پێشنیارانەی کە لەم لێکۆڵینەوەدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و کەمکردنەوەی کێشەکانی هاوسەرگیریی سپی هاتووە، جەختی کردەوە:

بەشێک لەو پێشنیارانەی کە خراوەتە ڕوو بریتییە لە: دەستنیشانکردنی کۆمەڵگا، ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی هاوسەرگیریی سپی  لە سەر بنەمای توێژینەوەی ئەکادیمی و پسپۆڕی، قبووڵکردنی بوونی هاوسەرگیریی سپی و نکۆڵی نەکردن لە ڕەوتە ڕوو لە زیادبووەکەی، ڕێوشوێنی یاسایی و داکۆکی لێکردن، بناغەسازیی فەرهەنگی، وشیارکردنەوە و پەروەردەی گشتی و تایبەتی، کارخولقێنی، دامەزراندن و وەدی‌هێنانی هەلومەرجی ئابووری لە لایەن حکومەت و کەرتی تایبەتەوە، پشتگیریی دامەزراوە دەوڵەتی و ئەنجومەنەکان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە تەندروستی و پەروەردەییەکان لە پێناو ڕێگریکردن لە دەرەنجامی خەسارەتە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان.

ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن