خەتەنەی ژنان / خەتەنەی ئافرەتان

ئێمە پێشنیارتان پێ دەدەین ئەم جوڵەگڕافییەی سەرەوە کە سەبارەت بە خەتەنەی ئافرەتان ببینن. ئینجا بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ئامارەکانی خەتەنەی ژنان لە ئێران و کوردستان دەتوانن ئەم دەقە و دیکەی وتارەکانی ئەم لاپەڕە بخوێننەوە.

خەتەنە‌کردنی ژنان ئاماژە بۆ بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنان (Female Genital Mutilation or Cutting) یان نوقسان‌کردن و شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان دەکات.خەتەنە‌کردنی ژنان ڕێوڕەسمێکی زۆر کۆنە کە سەرەڕای پێشێل‌کردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی مافە سێکسییەکانی ژنان، هەتا هەنووکەش باوە.

خەتەنە‌کردنی ژنان و کچان لە ئەدەبیاتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەکێک لە نموونەکانی توندوتیژی دژی ژنانە، کە بە هۆی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی کچان لە هەڕەتی منداڵیدا لێکەوتە نەخوازراوەکانی بۆ هەمیشە لە ژیانیاندا دەمێنێتەوە.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەنجامدانی خەتەنەی ئافرەتان، کەم‌کردنەوەی ئارەزووی سێکسیی ژنانە و لە هەندێک لە ناوچەکانیشدا ئەم کارە بە هۆکاری جۆراوجۆری وەکوو پەیڕەو‌کردنی نەریتە هەڵەکان و بە پێی فەرهەنگ و عورف و بە پاساوی ئایینی و ئایینزایی ئەنجام دەدرێت. 

هەڵبەت ئەم بابەتە لە هیچ کام لە ئایینەکاندا ڕاستەوخۆ باس نەکراوە و ناتوانین ئەنجامدانی خەتەنەی ژنان گرێ بدەینەوە بە ئایینێکی دیاریکراوەوە.

زۆرترین ئاماری خەتەنە‌ی ژنان و کچان لە جیهاندا هی کیشوەری ئەفریقایە و لەناو جولەکەکانی ئەسیوپیا و ئێریتریا و موسڵمانانی نەیجیریا و سۆماڵ و سودان و کۆمەڵێک لە مەسیحییەکاندا باوە و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان (باشوور) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری ئێراندا ژنان خەتەنە دەکرێن.

ختنه زنان در ایران
FGM/C practiced in Part of Iraqi Kurdistan. Photo: Rutters

لە هەندێک دەڤەر و شوێنی جیهاندا ئەم کارە وەک قۆناغی گواستنەوە لە تافی منداڵییەوە بۆ ژنبوون لێی دەڕوانرێت. لە هەندێک ناوچەی دیکەدا لە چوارچێوەی پزیشکیی کۆن یان باوەڕی جەماوەریدا ئەنجام دەدرێت؛ واتە لەو ناوچانەدا پێیان وایە خوێنی ڕەش یان خوێنی پیس لە ناو لەشی کچاندایە و ئەم کارەش ​​دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم خوێنە لە لەشیان دەربچێت.

بەڵام مەبەست و ئاخێزگەی سەرەکیی خەتەنە کەم‌کردنەوە یان کۆنترۆڵ‌کردنی ئارەزووی سێکسیی کچان بەر لە هاوسەرگیرییە. لە زۆربەی ناوچە دوورەدەست و لادێکاندا کە بە دەست هەژاریی ئابووری و فەرهەنگییەوە دەناڵێنن، بۆ ئەوەی ئارەزووی سێکسیی کچان کەم بکەنەوە و نەهێڵن ئەم کچانە لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری سێکس بکەن لە دوای گەیشتنیان بە تەمەنی باڵقبوون خەتەنەیان دەکەن و ڕەنگە بە هۆی ئەم دەمارگرژییەوە بێ کە کچۆڵەکان ناچار دەکەن کە مل بە هاوسەرگیریی پێشوەختە بدەن.

زیاتر ببینە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

پرسیارە باوەکان

  • خەتەنەکردنی ئافرەتان لە کام ناوچەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت؟ 
  • خەسارەت و زیانە لاوەکییەکانی خەتەنە‌ی ژنان/کچان چین؟ زیانە لاوەکییە باوەکانی خەتەنە لە یەکەم ڕۆژەکانی خەتەنە‌کردنی کچان بریتییە لە: ئێش و ئازارێکی زۆر، خوێنبەربوون، هەو‌کردنی شانەکانی زێ، تا، هەو‌کردن، کێشەی میز‌کردن، کێشەی دەروونی، ترس لە مردن. لێکەوتە درێژخایەنەکانی خەتەنە‌کردنی ژنان و کچان بریتییە لە: کێشەی میز‌کردن (میز‌کردنی بەئازار و هەو‌کردنی پەیتا پەیتای بۆریی میز)، کێشەکانی زێ (دەردانی زێ، خوران، واژینووسی باکتریایی، و هەو‌کردنە درێژخایەنەکانی دیکە)، کێشەی سوڕی مانگانە (ئازاری سوڕی مانگانە و سەختیی دەراندنی خوێنی سوڕی مانگانە)، شانەی پەڵە و کیلۆیید، کێشەی سێکسی (ئازار لە کاتی جووتبوون، کەمبوونەوەی ڕەزامەندیی سێکسی)، زیادبوونی مەترسی و لێکەوتەکانی زاوزێ (سەختیی منداڵبوون، خوێنبەربوونی زۆر، نەشتەرگەریی سزارییەن)، زیادبوونی ڕێژەی مردنی کۆرپە.
  • ڕێژەی خەتەنە‌کردنی ژنان و کچان لە جیهاندا چەندەیە؟ ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە نزیکەی ١٣٠ ملیۆن ژن و کچ لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە قوربانیی یەکێک لە چوار جۆرەکەی شێوازی خەتەنە‌کردن و ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن کچ بەم ڕێژە زیاد دەبێت. ئەم دیاردە لە ئێستادا لە سەر ئاستی بیست و نۆ وڵاتی جیهاندا باوە و زیاتر لە ناوچەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و باکووری ئەفریقا و هەندێ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئاسیادا بوونی هەیە. ئەم کارە لە ناو هەندێک لە گروپە کۆچبەرەکانی دانیشتووی ئەورووپا و ئەمریکای باکووری و ئوسترالیاشدا ئەنجام دەدرێت.