شوناس و ئەتنیکایەتی
ئێسنیکایەتی (Ethnicity) یان گرووپی ئێسنیکی ئاماژە بۆ ئەو گرووپە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانە دەکا کە لە بژێرە تەوەرییەکانی وەکوو زمان، ئایین، هۆز، نەتەوە، مێژوو، ڕێوڕەسم، دابونەریت و فەرهەنگدا هاوبەشن و ئەم بژێرانە فاکتەری پەیوەندی و یەکگرتوویی نێوان ئەوانن. لە کۆمەڵگا فرەفەرهەنگەکاندا یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی لە ناو ئێسنیکەکاندا یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی دیموکراسی و گەیشتن بە ئاسایش و ئازادی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژییە. لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا پرسی گرینگی شوناس و ئێسنیک لە ئێران و هۆگریی ئێسنیکی لە ناو ئێسنیکە ئێرانییەکان دا بە هێز و لاوازیی جیاوازەوە بوونی هەبووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە ئێسنیکە ئێرانییەکان خۆیان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ سەیر دەکەن.پرسی ئێسنیکی لە ڕابردوودا و پرسی نەتەوەیی لە سەردەمی ئێستادا یەکێک لە گرینگترین پرسە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییەکانی کۆمەڵگا فرەفەرهەنگەکان بووە. ئەم پرسە بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناڤینی هاوچەرخ و جوگرافیای سیاسیی وڵاتانی فرەئێسنیک هەلی بۆ دەرکەوتنی چالنجی سەربازی و ژیۆپۆلیتیکی ڕەخساندووە.بوونی چەندین توخمی زمانی، ئایینی، فەرهەنگی کە هەر کامیان بە تەنیا دەتوانن ببنە بیانوویەک بۆ نائارامی و ناکۆکی، و لەگەڵ ئەوەشدا داگیرکاریی وڵاتانی کۆلۆنیالیزم بۆ دزەکردن و چوونە ناوچەکانی دیکە کە گڕی شوناسخوازی و نەتەوەخوازی دەگەشێننەوە و هەروەها ئەو حوکمڕانییەی کە لەگەڵ خواستەکانی شارۆمەندانی ئێسنیکەکان یەک ناگرێتەوە و هەروەها ناکارامەیی بەڕێوەبەردنی سیاسیی ئێسنیکەکانی ناوەوەی سنوورە جوگرافییەکان، هەر هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەستێنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی درست نەبێ و ئاگری ناکۆکییە ناوگرووپییەکان خۆشتر بێت . کوردستان وەکوو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە لەگەڵ بیری ناسیۆنالیستی ئاشنا بوو و ئەم ئاشنایەتییە ڕەوتی شوناسخوازی و ناسیۆنالیزمی لێکەوتەوە. ئەم ڕەوتە شوناسخوازی و ناسیۆنالیستییانە زۆر بە توندی سەرکوت کران و ڕێبەرەکانیان دوور خرانەوە یان دەستگیر کران و یا کوژران. دابەشبوونی وڵاتی کوردستان لە نێوان چوار سنووری جیاجیا و جیاوازیی دەزگای سیاسی / ئایدیالۆژیکی دەوڵەتانی زاڵ بە سەر کوردستان بووە هۆی جیاوازیی شێواز و هەڵویستی چالاکانی شوناسخواز لەم چوار پارچەدا. بە جۆرێک کە کوردی هەر پارچەیەک پێناسەیەکی تایبەت و جیاوازی بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی هەبووە بەڵام خاڵە هەرەگرینگ و هاوبەشەکەیان کوردایەتی لە ژێر سێ فاکتەری سەرەکی سەرزەوی، زمان و نەتەوە بووە.ئەم سێ فاکتەرە خاڵی سەرەکی و هاوبەش بۆ لێکنزیکبوونەوەی خەڵک و چالاکانی شوناسخواز بووە ؛ هەر بۆیەش لە بۆنە فەرهەنگییەکان بۆ وێنە جەژنی نەورۆز لە باکوور هێمایەکی کەمتر فەرهەنگی و زیاتر سیاسییە بەڵام لە ڕۆژهەڵات و باشوور هێمایەکی فەرهەنگی و لە ڕۆژاوا هێمایەکی کەمتر سیاسی و زیاتر فەرهەنگییە. کۆتایی شەڕی سارد و ڕووداوەکانی دوای ١١ سێپتێمبەر و لەم دواییانەشدا بەهاری عەرەبی هەلێکی بۆ کورد بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژاوا ڕەخساند تا بابەتی شوناسی کوردی ببێ بە بەشێک لە پرۆگرامی سیاسیی ئەم دەوڵەتە خۆجێیانە.لە باشوور لە دوای ١٩٩١ و لە ڕۆژاوا پاش ٢٠١١ دەزگای سیاسیی کورد بە دامەزراندنی دامودەزگای حکومڕانی وەکوو ئەنجومەنی نوێنەران و دەزگای پەروەردە و میدیای تا ڕادەیەک سەربەخۆ هەوڵی بۆ مسۆگەرکردنی ئەم سێ فاکتەرە سەرەکییە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆکمە داوە بەڵام کێشەی حیزبایەتی، ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەسەڵاتداران، گەندەڵی بێوێنە و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەوە و تیرۆریزمی ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر لەمپەری بەر دەم گەیشتن بەو ئامانجانە بووە. لە ساڵە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتی محەمەد ڕەزاشا، لە ئازەربایجان، تاقمی دیموکرات توانی بۆ ماوەی ساڵێک سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێ و ئیدارەی ناوچەکانی ئازەربایجان بگرێتە دەست.لە هەمان کاتدا و لە کوردستانیشدا پارتی دیموکراتی کوردستان توانی چەندین شاری کوردستان کۆنترۆڵ بکات.لە ساڵەکانی دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی زۆربەی شارە کوردییەکان بە جەنگی شوناسخوازیی ئێسنیکییەوە تێوەگلان. لە سەردەمی ڕەزاشا و محەمەد ڕەزا شادا، شارە بەلووچنشینەکانیش شاهیدی ڕووداوی لەم جۆرە بوون، کە دەسەڵاتی ناوەندی پاش ماوەیەک بە سەرکوتکردن بەرپەرچی دانەوە.لە ناو عەرەبەکانیشدا لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا هەمیشە ڕەوتی شوناسخوازیی ئێسنیکی بوونی هەبووە و دوایین چالاکییەکانی ئەم گروپە ئێسنیکییە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی گرووپی ئەلەحوازییە. هەستکردن بە نایەکسانییە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، زمانی، ئایینی و هتدەکان لە ناو ئێسنیکەکان و بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ ئێسنیکەکانی دیکە بەتایبەت فارسیزمانەکان بووەتە هۆکاری سەرەکی و ڕیشەی بنەڕەتیی ناڕەزایەتیی ئێسنیکی.ئەو بابەتانەی کە لەمەڕ شوناس و ئێسنیکایەتی لە ئێران باس کران تەنیا بەشێکن لە داخوازییەکانی گرووپە ئێسنیکییەکان لە ماوەی سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە ساڵانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران. ئەو داخوازییانەی کە هەمیشە لە ڕوانگەی ئەمنییەوە بەرسڤیان دراوەتەوە و بە تێکدەری یەکڕیزی و هاوسەنگیی نەتەوەیی زانراون و بە تێکهەڵچوون و زەبر و توندوتیژی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لێکدانەوەی پێشینەی مێژوویی ئێسنیکەکان لە ئێران پیشان دەدا کە گرووپە ئێسنیکییەکان لە یاسا جیاکارییەکان بە تایبەت سەبارەت بە زمان و ئایینزا و مافە مەدەنییەکانیان توڕە بوون.لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتەدا (شۆڕشی دەستووری)، مافی ئەم گرووپانە لەبەرچاو نەگیرا و لە سەردەمی پەهلەویشدا، چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بە زمانە ئێسنیکییەکان بە توندی قەدەغە کرا.لە ئێستادا هۆکاری سەرەکی و ڕیشەی بنەڕەتیی ناڕەزایەتیی ئێسنیکی لە ئێران هەستکردن بە نایەکسانییە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، زمانی، ئایینی و …ەکان لە ناو ئێسنیکەکان و هەروەها بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ ئێسنیکەکانی دیکە بەتایبەت فارسیزمانەکانە.لە بواری سیاسیشدا کورد، تورک، عەرەب و بەلووچ پێیان وایە کە ئەوان پێگەیەکی ئەوتۆیان لە هەیکەلی سیاسیی ئێراندا نییە و هیچ بەرپرسێکی نەتەوەییەکەیان لە پۆستە کلیلییەکانی وەزارەت، پارێزگار، باڵیۆزخانە و …ەکان دانەمەزراوە.لە بواری ئابووریدا ناوچە پەراوێزییەکان ئیمکانیاتی پێویستیان نییە و باوەڕێک هەیە کە زۆرینەی ئیمکانیاتەکانی ئێران لە پارێزگا ناوەندییەکاندا چڕ بوونەتەوە.لە بەشی فەرهەنگیشدا، ئەو ئێسنیکانەی کە لێکۆڵینەوەیان لە سەر کرا، پێیان وایە کە لە بەڕێوەبردنی مێهرەجان و کۆڕبەندە ناوچەییەکان زۆر ئاستەنگ خراوەتە بەر دەمیان و میدیا نیشتمانی و ناوچەییەکان وەک پێویست ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکانی ئەم ناوچانە ڕووماڵ ناکەن و پیشانی نادەنەوە و لە خزمەت فەرهەنگی ناوچەیی ئێسنیکی ئەواندا نییە.و لە کەرتی پەروەردەدا هیچ کتێبێکی وانەیی بە زمانی دایکی بوونی نییە و منداڵانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و هتد ناچارن بە زمانی دووهەم لە قوتابخانەکانی ئێراندا بخوێنن. لە ڕووی ئایینزاییەوە زۆربەی بەلووچەکان و بەشێک لە کوردەکان خاوەن ئایینزای سوننەن کە لەگەڵ ئایینزای فەرمیی ئێران جیاوازە و ئەم گروپانە پێیان وایە کە ڕوانگەی ئایینزایی بەرپرسانی حکومەت وای کردووە کە لە ڕەهەندی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ستەمیان لێ بکرێت.ئەوەی باس کرا تەنیا بەشێک بوو لە داخوازییە شوناسی و ئێسنیکییەکانی گروپە ئێسنیکییەکان لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو و بەتایبەت لە ساڵانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی. هەروەها ناڕوونییەیەک لە بەکارهێنانی شوناسی ئێسنیکی و شوناسی نەتەوەییدا هەیە و لە ناو هەندێک لە ئێسنیکەکانی وڵاتی ئێراندا پێداگرییەکی زۆر لە سەر بەکارهێنانی وشەی “نەتەوە” لە بری وشەی “ئێسنیک” دەکرێت. ڕێکارەکانی نەهێشتنی هەڵاواردنی ئێسنیکی چین؟ ئێران وڵاتێکە کە فرەچەشنیی ئێسنیکی و ئایینی و ئایینزایی زۆرە. بەڵام ئەم فرەچەشنییە، لە بری ئەوەی سەرچاوەی یەکڕیزی و تەبایی نەتەوەیی بێ، بۆتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات لە چرکەساتە پێویستە جۆراوجۆرەکاندا پیلان و دووبەرەکی بنێتەوە.بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەڵاواردنە ئێسنیکییەکان دەتوانین ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکەین: بڕیاردانی سیاسی و فەرهەنگی لە پێناو پەرەدان بە پەیوەندیی نێوانئێسنیکی لە سەر تەوەری ئاشتەوایی نەتەوەیی، قبووڵکردنی هاوشانبوونی شوناسی ئێسنیکی لە پاڵ شوناسی نەتەوەیی لە لایەن سیستمی سیاسییەوە، بەهێزکردنی ئیرادەی نیشتمانی لە پێناو نەهێشتنی کەلێن و جیاکاریی کۆمەڵایەتی و ئێسنیکی، پشتیوانیی یەکسان لە ئێسنیکە جیاوازەکان لە هەمبەر یاساکان و هەروەها سوودمەندبوونی دادپەروەرانە لە ماف و ئەرکەکان و یەکسانی لە بەکارهێنانی نیعمەت و سەرمایە ئابوورییەکانی بەرنامەکانی حکومەت، مافی هەڵبژاردن و دیاریکردنی چارەنووس و دروستکردنی سیستمێکی فیدراڵی، دروستکردنی کەشێکی ئارامی پەروەردەیی بۆ خوێندن بە زمانی دایک، دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ناساندنی ئێسنیکەکان و فەرهەنگە هەمەجۆرەکانی ئێران لای گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، سودوەرگرتن لە پتانسێڵە فرەچەشنەکانی فەرهەنگی ئێسنیکەکان لە پێناو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و هتد.فایلی تەواوی کتێبی “لە سنوورەوە تا سنوور” و وتارەکانی پەیوەست بەم کتێبە لەم لاپەڕە لە سەر ماڵپەڕی کامیل ئەحمەدی دەست دەکەوێت.کتێبی سازگاری و خۆڕاگری لە مەهابادکاریگەریی ڕاگەیاندنەکان، جیاوازییە ڕەگەزێتییەکان و خۆڕاگری لە ناو مێرمنداڵان: ئێتنۆگڕافیی وێنەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتفایلی تەواوی ئەم کتێبە کە پەیوەست بە بواری شوناس و ئێسنیکایەتی لە کوردستانە لە سەر ماڵپەڕی کامیل ئەحمەدی دەست دەکەوێت. کورد و فارس بە زیندووکردنەوەی نەورۆز، تیرگان و مێهرەگان، شەوی چلە و لەگەڵ ئەوەش بەرزڕاگرتنی عاشووڕا لە لایەن شێعەکانەوە لێکنزیکبوونێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا دەبینرێ بەڵام پاش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ شوناسی نەتەوەیی کورد و فارس و خاڵە هاوبەشە کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئەم دوو نەتەوە لە بیر کرا و چەمکی عاشووڕا و ناردنی بیری شێعەگەرایی بۆ ناوچەکە بۆ حاکمانی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ بوو بە پاڕادایمێکی سیاسی.تورکیش بەو فیلمانەی کە دروستی دەکا شوناسی خۆی دەسەپێنێ و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە کە نموونەکەی هەناردەکردنی جۆری ئارایشت و جلوبەرگ و ناوی تورکی بۆ ناوچەکەیە.سەبارەت بە شوناسی عەرەب دەبێ بڵێین ئیسلام و شوناسی عەرەبی دوو گوتاری وەها تێهەڵکێشراون کە نازانین کامیان هۆکاری ئەوی دیکەیانە. ئیسلام ڕووی کردبێتە هەر کوێ شوناسی عەرەبی لەگەڵی چووە. عەرەبەکان بە بیانووی بەموسڵمانکردنی ناوچەکە (کوردستان و ئێران نموونە ئاشکراکەیەتی) دەستیان کرد بە پاکتاوکردن و تەکفیری زۆرێک لە شوناس و فەرهەنگەکان. ڕەنگە هەر ئەمەش وای کردبێ کە لە ئێران ئیسلامی شێعە بەهێزتر بێ و لە کوردستان ئایینەکانی ئێزدی و یارسان سەر هەڵبدەنەوە.عەرەب شوناسی نەتەوەیی خۆی لە ئیسلام جیا ناکاتەوە چونکە هەر کات پێویستی پێ بێ لە دژی نەتەوەکانی دوروبەری خۆی بە کاری دەهێنێت. وەکوو چۆن کە سەدام حسێن کە سکۆلاریش بوو بە ناوی سووڕەتی ئەنفالەوە هەزاران کوردی موسڵمانی زیندە بە چاڵکرد و کوشتنی ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە ناکۆکیی نێوان کورد و سەدام زیاتر ململانێیەکی سیاسی بوو.هەموو ئایینێک لە خۆیدا هەڵگری ڕۆحێکی ناسیۆنالیستییە بۆ وێنە سەرەنجام (کتێبی پیرۆزی یارسان) یان جیلوە و مەسحەفا ڕەش (کتێبی پیرۆزی ئێزدییەکان) بە کوردی نووسراوە و ئاڤێستا بە پاڵەوی و تەوڕات بە عیبری و قوڕئان بە عەرەبی نووسراوە و ئایینەکانی دیکەش هەر بەو جۆرە. بەڵام هیچ ئایینێک هێندەی ئایینی ئیسلام پشتیوانی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەک (عەرەب) نەبووە. میشێل ئەفلەق باوکی ڕۆحیی بەعس بە دێڕی “مەحەمەد عەرەب بوو” پیشانی دا کە ئیسلام عەقڵی عەرەبە؛ بە بۆچوونی عەرەبەکان و ڕۆشنبیرەکانیشیان ڕەخنە لە شوناسی عەرەب بەڕهەڵستیی ئیسلامە و دژایەتیکردنی ئیسلام ڕەخنە لە شوناسی عەرەبە.بەلووچەکان و بەشێک لە کوردانی سوننەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سوننەبوونیان کردۆتە شوناسی خۆیان کە بە ڕای شارەزایانی ئەم بوارە، ئەمە ڕێگا بۆ کاڵبوونەوەی ناسیۆنالیزم خۆش دەکات. ئەگەرچی هەندێک لایان وایە کە ناسیۆنالیزم لە کۆتاییدا سەر بۆ فاشیزم دەکێشێ و دەڵێن ئەگەر ئایین بە ناوی ئایینەوە خەریکی سڕینەوەی ئەویترییەکانی خۆیەتی، لە بەرامبەردا ناسیۆنالیزمیش بە ناوی نەتەوەوە لە جێگەی خۆیدا دەتوانێ مەترسیدار بێت.ئێسنیک و شوناسخوازی لە ئێران
شوناسی نەتەوەیی لە کوردستان
بەربەستی ئێسنیکخوازی
هۆکاری ناڕەزایەتیی ئێسنیکی
بنەچەی ئێسنیکە ئێرانییەکان
لێکدانەوەی ئێسنیکە ئێرانییەکان لە ڕوانگەی ئایینی و ئایینزاییەوە
بەکارهێنانی وشەی ئێسنیک و نەتەوە لە ئێراندا
ڕێکارەکانی نەهێشتنی هەڵاواردنی ئێسنیکی لە ئێران
هەندێک لە جیاوازییە شوناسی نەتەوەییەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین و جیهانی عەرەبی چییە؟
گەڕان
وتارە زانسیتییەکان
بابەتە پەیوەندیدارەکان
ناساندنێکی کورت
کامیل ئەحمەدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و ئێتنۆگرافیای وێنەیی لە زانکۆی کێنت لە وڵاتی ئینگلتەرا، و هەروەها خولە پسپپۆڕییەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و شێوازی توێژینەوەی لە زانکۆکانی تری بەریتانیا وەرگرتووە و بە توێژەری بواری نەریتە زیانبەخشەکان ناسراوە . ئەحمەدی سەرپەرشتیار و سەرنووسەری کتێب و کۆمەڵە وتارە توێژینەوەییەکان بە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و ئینگلیزییە. ناوبرا و لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی “نامووس / شانازیی ڕاستەقینە”ـی لە ڕێکخراوی IKWRO لە زانکۆی یاسای لەندەن بە دەست هێناوە و لە ساڵی ٢٠١٨شدا خەڵاتی “ئەدەب و زانستە مرۆییەکان”ـی زانکۆی جۆرج واشینگتۆن بۆ کۆمەڵە بەرهەمەکانی بەشی ئەدەب و زانستە مرۆییەکان بەخشرایە کامیل ئەحمەدی. بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: سازگاری و خۆڕاگری لە مەهاباد، ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان)، بە ناوی نەریت، ماڵێک لەسەر ئاو، زایەڵەی بێدەنگی، تاڵانی منداڵی و….
وتارە زانسیتییەکان
بابەتە پەیوەندیدارەکان
پرسیارە باوەکان
- شوناسی ئێرانی چییە؟ چییەتی و چۆنیەتی و شوناسی هەر کۆمەڵگایەک کۆمەڵێک ناسێنەری مێژوویی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی و هتد دیاری دەکا کە فاکتەری جیاوازبوونی تاک و گروپەکان لە تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە. شوناسی هەر تاکێکی ئێرانی بە گوێرەی پێوەرەکانی ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو و و خۆوێناکاریی تاکایەتی دیاری دەکرێت. مێژووی هاوبەش، زمان و فەرهەنگی هاوبەش، ژینگەی هاوبەش و ئایدیای گشتیی هەر تاکێک لە خۆوێناکارییە ئێرانیبوونەکەی وای کردووە کە شوناسی ئەو لە دیتران جیا ببێتەوە. کەواتە شوناسی ئێرانێتی هەستێکی بەکۆمەڵی هاوبەشە کە خەڵکی ئێران وەریدەگرن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە ئێسنیکەکانی ناو ئێران به هۆی هەڵاواردنی بەربڵاوی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ئایینییەوە خۆیان به نەتەوەی سەربەخۆ لە قەڵەم دەدەن.
- شوناسی نەتەوەیی چییە؟ شوناسی نەتەوەیی هەستکردن بە پەیوەستی و دەروەستیی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی گشتی و ئەو کۆمەڵگایەیە کە تاک بۆتە ئەندامی و هەست بە هەندێ هاوبەشی لە بیروباوەڕ و بەها و نۆرمە فەرهەنگییەکان، زمان، ئایین، دابونەریت، و ئەدەب و جوگرافیا، ئابووری و سیاسەت و هتد لە نێوان خۆی و دیتراندا دەکا کە هەر ئەم هاوبەشییانە هۆکاری یەکدەستیی گشتێتیی کۆمەڵگایە.
- یاسای بنەڕەتی سەبارەت بە زمانی دایکی چی دەڵێت؟ لە مادەی پازدەدا هاتووە: “زمان و ڕێنووسی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامە، نامەنووسین، دەقی فەرمی و کتێبی دەرسی دەبێ بەم زمان و ڕێنووسە بێ، بەڵام بەکارهێنانی زمانە خۆجێیی و ئێسنیکییەکان لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنە گشتییەکان و فێرکردنی وێژە و ئەدەبیاتیان لە قوتابخانەکاندا لە پاڵ زمانی فارسی ڕێگەپێدراوە.” بە هۆی سەپاندنی زمانی فارسی وەک زمانێکی نیشتمانی و ستاندارد لە ئێراندا و بەتایبەت سەپاندنی تونداژۆیانەی ئەم زمانە لە قوتابخانەکاندا، هەندێک لە ئێسنیکەکان کە خۆیان وەک نەتەوە لە قەڵەم دەدەن لەم جیاکاری و هەڵاواردنە زۆر ناڕازین.
- هەڵاواردنی ئێسنیکی لە ئێران؟ شوناسی ئێسنیکی و زیاتربوونی هەڵاواردن و توندوتیژیی لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندی لە دژی بەشێک لە ئێسنیک و کەمایەتییەکان لە ئێران لەو پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگانەیە کە ڕێگری لە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نیشتمانی دەکات. جگە لە لایەنە مادی و ئابوورییەکان ئەم هەڵاواردن و تاراندنی کۆمەڵایەتییە پەرە بە بێبەشییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیش دەدات.
شوناس و ئێتنیک لووتکەی ئەو شاخانەن کە پێمان ئێژن لە کوێوە هاتووین و کێێن!
شوناس و ئێتنیکایەتی شتێک نییە کە لێت بسێنرێتەوە یان وازی لێ بهێنیت. ئێمە وەک کورد دەبێ ئەوانە بە بەشێک لە مێژوو و بنەماڵەی خۆمان بزانین و ئەمە بناغەی سەرەکیی ژیانمانە.
شوناس و ئێتنیکایەتی تاکە شتێکە لەو جیهانەدا کە هی تۆیە. بە بێ شوناس ئێمە پازێلێکی ناتەواوین.