ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە

Another look at east and southeast Turkey


زمانی کتێب: ئینگلیزی، تورکی و کوردیی کورمانجی

چاپخانە: GABB

ساڵی چاپ: 2009

Another look at east of Turkey

ئەم بەرهەمە بە ڕوانگەیەکی ئیتنۆگرافیکەوە باکووری کوردستانی تاوتوێ کردووە و ساڵی 2009 بە سێ زمانی ئینگلیزی، تورکی و کوردی (زاراوەی کورمانجی) لە ئەستەمبوڵ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. بەرهەمی ئاماژەپێکراو بەڕواڵەت ڕێنمایەکی گەشت و سەفەرە بۆ باکووری کوردستان بەڵام کەڵک و کارکردی لە ڕێنمایەکی گەشت و سەفەر زیاترە و هەوڵی داوە پاش بیرهێنانەنەوەی مێژووی کۆن و پڕشکۆ و شەوکەتی کوردستانی باکوور، وێنا و ڕوانگەی ئێستا لەسەر ئەو ناوچەیە کە بریتییە لە “دواکەوتن و شەڕی چەکداریی بەردەوام” بگۆڕێ و بۆ ئاراستەیەکی ئەرێنی ببات.

“ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا” وەک کتێبێکی گەشتیاری، هەڵگری زانیاریی مرۆڤناسانەیە و کۆمەڵێک زانیاریی نوێ و دانسقەی لەسەر جێژنەکان، دابونەریتەکان، ئەفسانەکان، ئایینەکان، زمان، پۆشەن و جلوبەرگ، خواردن و خۆراک، جوانکاریی بیناکان و نژیاروانی (Architecture) و هەروەها ناوچە کەونارا و ئاسەوارە کۆنەکان دەخاتە بەردەستی بەردەنگ و هەوڵ دەدا شوێن و ناوچە نەناسراوەکانی باکووری کوردستان بناسێنێ کە لەمێژەوە شەڕی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا هەبووە. بەشێکی بەرچاوی ئاپوورەی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە پێش ساڵی 1920ی زایینی ئەرمەنییەکان بوون بەڵام پاش هێرشی حکومەتی عوسمانی و هاوکاری هەندێ لە عەشیرەتە کوردەکان زۆرینەیان بەناچار ماڵ و حاڵی خۆیانیان جێهێشت و چیدی بۆ هەتاهەتایە هەلی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخسا. ئەو ڕووداوە کۆمەڵێک ئەنجامی وەک گۆڕینی ناوی گوندەکان، ڕووخاندنی کەنیسەکان و ناوەند و بنکەی ئەرمەنییەکانی لێکەوتۆتەوە. لە زۆر شوێندا ناوەکان لە ئەرمەنییە گۆڕاون بۆ کوردی و تەنانەت دواتر لە کوردیشەوە بۆ تورکی گۆڕدراون و زاڵبوونی دروشمی ناسیۆنالیستیی تورکیا واتە “یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا” لەو ناوچەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو هەستی پێدەکرێ. ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە کە تەنانەت وەک کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئەرمەنییەکان ئاماژەی بۆ دەکرێ، لەم کتێبەدا توێژینەوەی لەسەر کراوە.

بۆ ماوەی سی ساڵ تا ئەوڕۆ ناوچەی ئاماژەپێکراو شەڕی قورسی تێدا بووە و کوردەکان و حکومەتی ناوەندی پێکەوە ناکۆکی و شەڕیان هەبووە و سەردەمێکیش ئەو شەڕە تا ڕادەیەکی بەرچاو پەرەی سەند؛ واتە نەوەدەکان کە خەسارێکی زۆر کەوتە سەر بنکە کەلتووری و مێژووییەکان و کۆمەڵگا مرۆییەکان. نەبوونی گەشەی ئابووری و هەڵاواردنی سیستەماتیک بۆتە هۆی ئەوەیکە باکووری کوردستان وەک بێبەشترین ناوچەی ئەو وڵاتە ماونەتەوە ئەگەرچی لەم دواییانەدا باشتربوونی دۆخی ژیان و دابەزینی ئاستی شەڕ و ناکۆکییەکان و نیمچەئاشتییەک کاریگەریی باش و ئەرێنی هەبووە بەڵام کوردستانی باکوور هێشتا چاوەڕێی کرانەوەی سیاسی و گەشەی ئابوورییە.

میدیاکان

مرۆڤ‌ناسی و کەلتوور: ناساندنی کتێبی “ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە”

گۆڤاری ڤیستا: : ناساندنی کتێبی “ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە”