هاوسەرگیریی منداڵان یان منداڵهاوسەری
پێشنیارتیان پێ دەکەین کە مووشنگڕافیی سەرەوە کە سەبارەت بە و بابته یه ببینن، ئینجا بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لە ئێران و کوردستان دەتوانن ئەم دەقە و دیکەی وتارەکانی ئەم لاپەڕە بخوێننەوە.
بە هۆی ئەو پێکهاتە ئایینییەی زاڵەی کە باڵی بە سەر ئێران و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی لە خۆرهەڵاتی ناڤین و کوردستاندا کێشاوە، تەمەنی باڵقبوون و دەستپێکی یەکەمین سوڕی مانگانە لە کچاندا وەک سەرەتای گواستنەوە لە تافی منداڵییەوە بۆ هەڕەتی گەورەساڵی سەیر دەکرێت. گەیشتن بەم ئاستە فیزیکی و بایۆلۆژییە بەو مانا دێ کە ئەو کەسە بۆ هاوسەرگیری شیاوە.
هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵهاوسەر چییە؟
هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵهاوسەری بە هاوسەرگیرییەک دەوترێ کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسێک پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی ١٨ ساڵان، لە ژێر زەختی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری خۆی دەچێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و ژیانی هاوبەش دەست پێ دەکات.ئەم زۆرەملێیەتییە زیاتر کچان دەگرێتەوە و دەیاندەن بە پیاوانی گەورەساڵ، کە ئەمە خۆی بەرهەمی نەریتی فەرهەنگی – نەتەوەیی یان کێشەی ئابووری و بژێویی خێزانەکانە.لەو کۆمەڵگایانەی کە خەتەنەکردنی ژنانی تێدا باوە، هاوسەرگیریی منداڵیش بەدی دەکرێ، هەر بۆیە کامیل ئەحمەدی و هاوکارانی لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵەی لە سەر هاوسەرگیریی منداڵان دەست پێ کرد. کە لەم ماوە دووساڵەدا بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمیی وڵاتی ئێران بەدواداچوون و توێژینەوەی لە سەر حەوت پارێزگای ئێران واتە خوراسان ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان، و ئیسفەهان ئەنجام دا و ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەی بە هەر سێ زمانی فارسی و ئینگلیزی و کوردی چاپ کرد.بە بۆچوونی زۆرێک لە پسپۆڕان، هاوسەرگیریی منداڵان کاریگەری لە سەر ژیانی منداڵان دادەنێ و بە لێکەوتە زیانبەخشەکانی تەندروستیی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە و لە هەموو ئاستێکی گەشەکردندا، کاریگەری لە سەر گەشەی تاک دادەنێت.
لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی منداڵان
لە هەندێک وڵاتی لە حاڵی پێشکەوتندا، هاوسەرگیریی منداڵان وەک ئامرازێکی ئابووری دادەنرێ کە دەتوانێ باردۆخی خراپی ئابووریی خێزانەکە باشتر بکا، دەتوانێ پەیوەندیی خێزانی توندوتۆڵتر و پاکیزەیی کچان بەر لە شووکردن دەستەبەر بکا کە ئەمەش ئارەزووی سێکسییان کۆنترۆڵ دەکا و ناهێڵێ کچان بگەنە ئەو تەمەنەی کە ئیتر لە ڕووی سێکسییەوە وەک هاوسەرێک سەرنجڕاکێش نەبن.لە لایەکی دیکەوە کێشە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە دووگیانی و زکپڕی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی کچانی تەمەن ١۵ بۆ ١٩ ساڵە.جگە لەوەش، ئەم جۆرە کێشانە ئەگەری ئەوەیان هەیە کە کچان بەرەوڕووی نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەییەکان بۆ وێنە ئایدز بکەنەوە.
ئاماری هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران
هەرچەندە لە کوردستاندا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و باوەڕپێکراو سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان بوونی نییە، بەڵام لە ئێرانیشدا لەم بوارەدا زانیاریی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە وتەی ڕاوێژکاری جێگری یاسایی دەزگای داد، ئاماری فەرمی و حکومیی ئێران گوزارشت لەوە دەکا کە ساڵانە لە نێوان 500 بۆ 600 هەزار منداڵ لە ئێران هاوسەرگیری دەکەن.و ئەم ئامارە تەنها هی ئەو هاوسەرگیرییانەیە کە بە فەرمی تۆمار کراون و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی پرۆسەی فەرمی هاوسەرگیری دەکەن.ئێمە لە ئێستادا ١۴ هەزار منداڵبێوەمان لە ئێراندا هەیە و بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ١٧ لەسەدی هاوسەرگیرییەکانی ئێران هی کەسانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵانە.هەڵبەت دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ کە لە ئێران و کوردستاندا هەندێک پیاو کە زیاتر لە یەک ژنیان هەیە بە فەرمی هاوسەرگیریی دووەمیان یان هاوسەرگیری لەگەڵ ژنە کەمتەمەنەکانیان تۆمار ناکەن و ژیانی هاوسەرگیرییان بە نهێنی یان بە تۆمارنەکراوی دەهێڵنەوە.
چالاکییە مەدەنییە ئەنجامدراوەکان
هۆکاری زانستی بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینه ئەوە بوو کە پەرەسەندنی ئەم کارە زیانبەخشە لە ئێراندا ڕوون بکرێتەوە و ببێتە کۆمەک و هاوکاری بۆ بڕیاردەرە حکوومییەکان بۆ ئەوەی لە سەر پشتیوانیی خێرا لە مافە مرۆییەکانی منداڵان پێداگری بنوێنن.کتێبی “زایەڵەی بێدەنگی” هەوڵێک بوو بۆ ئاشکراکردن و وروژاندنی پرسی هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران و کوردستان کە سەرنجی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسەتدانەرانی حکومەت و بەشێک لە پەرلەمانتارانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران بە لای خۆی ڕاکێشا و بوو بە بنەمای خستنە ڕووی پلانی زیادکردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ منداڵان، واتە هەموارکردنەوەی مادەی ١٠۴١ی یاسای مەدەنیی ئێران.هەڵبەت ئەم گەڵاڵە لە کۆبوونەوەی فەرمیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران به مەرجی بەپەلە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، بەڵام له کۆمسیۆنی یاسایی و دادی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران به کۆی دەنگ ڕەت کراوە.ئەنجامەکانی توێژینەوەی هاوسەرگیریی منداڵان لەگەڵ داخوازیی کۆمەڵگەی مەدەنی و داواکاریی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، شەپۆلێکی وشیاریی گشتی لە ناو کۆمەڵگادا دروست کرد، بە جۆرێک کە لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ، داخوازیی جیدی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵانی لێکەوتەوە، داخوازییەک کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان بە نیسبەتی کۆی هاوسەرگیرییەکان لە ئێرانبەپێی لێکۆڵینەوەکان، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا هیچکات هاوسەرگیریی منداڵان لە 35 لەسەد کەمتر نەبووە.
کتێبی زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەگیریی منداڵان)
منداڵهاوسەری یان هاوسەرگیریی منداڵ لە کوردستان
بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر چەشنە هاوسەرگیرییەک (بۆ هەر دوو ڕەگەزەکە) کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵان ڕوو بدا و ئەو کەسە توانای لە ئەستۆگرتنی ئەرکەکانی هاوسەرێتی نەبێ ئەوا هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵهاوسەری ڕووی داوە.منداڵهاوسەری یان هاوسەرگیریی منداڵان مێژوویەکی یەکجار کۆنی هەیە و لەبەر ئەوەی یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی هاوسەرگیری سێکس بووە کەواتە ناتوانین لە جوگرافیا و مێژوودا ئاخێزگە و کاتی دەستپێکی بۆ بدۆزینەوە.منداڵهاوسەری پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرهەنگ و ئابووریی خەڵک هەیە. کوردیش وەکوو نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی لەم حاڵەتە بەدەر نییە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی کچانی خوێندەوار یکجار زۆر بووە کە ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێژەی منداڵهاوسەری کەم کردبۆوە بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە هۆی گەمارۆکانەوە دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران ڕووی لە خراپی کرد و زەمینەی بۆ منداڵهاوسەری خۆش کرد و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لەم حاڵەتە بەدەر نەبوو ئەگەرچی لە چاو ناوچە مەحافزەکارەکانی دیکەی ئێران ڕێژەی منداڵهاوسەرییەکەی کەمترە. بەڵام لە ناوچە باکورییەکانی پارێزگای ورمێ کە لە ژێر کاریگەریی تورکدان منداڵهاوسەری لەوێ ڕێژەکەی زیاترە.منداڵهاوسەری لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و کچان لەوێ خەریکی خوێندنن بەڵام لە ناوچەی گەرمیان کە منداڵ بەتایبەت کچ لەوێ زووتر پێدەگا و هەروەها لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی عەرەبدان، و دەڤەری بادینان (کە کرمانجن) دیاردەی منداڵهاوسەری زیاتر بەدی دەکرێت. لەناو کوردانی ئێزدیشدا دیاردەی منداڵهاوسەی زۆرە.لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان منداڵهاوسەری زیاتر نەریت و فەرهەنگە چونکە لە تورکیا تورکەکان وەک بەهایەک بۆ ژن لە منداڵهاوسەری دەڕوانن و کوردانی باکووریش لە ژێر هەژموونی تورکەکان ئەم نەریتەیان درێژە پێ داوە ئەگەرچی لە یاسای تورکیا کچ خوار ١٨ ساڵ بۆی نییە شوو بکا بەڵام لە دێهات و ناوچە دوورەدەستەکاندا کچ خوار ١٨ ساڵ شوو دەکا هەڵبەت بە هاتنە سەر کاری ئیسلامیستەکان لە تورکیا ڕەنگە لە داهاتوودا لانیکەمی تەمەنی شووکردن بۆ کچان بۆ خوار ١٨ ساڵ کەم بکرێتەوە. ڕۆژاوای کوردستانیش کە لە ژێر هەژموونی عەرەبدان و سیاسەتی حکومەتی ئەسەد لە ئاراستەی نەخوێندەوار هێشتنەوەی کوردانی ئەو پارچەی کوردستان بووە، منداڵهاوسەری شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە. جیا لەوانە لە ناو کرمانجایەتیدا واتە لە ناو کوردانی باکوور و ڕۆژاوا و کرمانجەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕێژەی دیاردەی منداڵهاسەری زۆرە.منداڵهاوسەری لە ناو هەموو نەتەوەیەکدا هەیە و کوردیش هەیەتی بەڵام لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە لە تورک یان عەرەب نزیکن.
گەڕان
وتارە زانسیتییەکان
بابەتە پەیوەندیدارەکان
پادکه ستی بڕی مارەیی دیاریکراو
مووشن گرافیی زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەگیریی منداڵان)
پوختەی کتێبی زایەڵەی بێدەنگی؛ توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران
پۆدکاستی بەختی ڕەش بە جلی سپییەوە
Changing the Attitude of Young People Towards Marriage with a Focus on Law and Environmental Conditions such as Religion
ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵان – توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە جۆر، هۆکار و لێکەوتەکانی کاری منداڵان
Attitudes of Present Generation Towards Marriage with a Socio-cultural Focus
دیمانە لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ڕووداو (بە کوردی) لە کتێبخانەی نیشتمانی لە تاران و لە پەراوێزی ڕوونوێنی لە کتێبی بە ناوی نەریت سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە کوردستانی ئێران
خەڵاتی نامووس
خەڵاتی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکان
Feminization of Poverty -The Cause and Consequence of Early Childhood Marriages in Iran
ناساندنێکی کورت
کامیل ئەحمەدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و ئێتنۆگرافیای وێنەیی لە زانکۆی کێنت لە وڵاتی ئینگلتەرا، و هەروەها خولە پسپپۆڕییەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و شێوازی توێژینەوەی لە زانکۆکانی تری بەریتانیا وەرگرتووە و بە توێژەری بواری نەریتە زیانبەخشەکان ناسراوە . ئەحمەدی سەرپەرشتیار و سەرنووسەری کتێب و کۆمەڵە وتارە توێژینەوەییەکان بە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و ئینگلیزییە. ناوبرا و لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی “نامووس / شانازیی ڕاستەقینە”ـی لە ڕێکخراوی IKWRO لە زانکۆی یاسای لەندەن بە دەست هێناوە و لە ساڵی ٢٠١٨شدا خەڵاتی “ئەدەب و زانستە مرۆییەکان”ـی زانکۆی جۆرج واشینگتۆن بۆ کۆمەڵە بەرهەمەکانی بەشی ئەدەب و زانستە مرۆییەکان بەخشرایە کامیل ئەحمەدی. بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: سازگاری و خۆڕاگری لە مەهاباد، ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان)، بە ناوی نەریت، ماڵێک لەسەر ئاو، زایەڵەی بێدەنگی، تاڵانی منداڵی و….
وتارە زانسیتییەکان
بابەتە پەیوەندیدارەکان
پرسیارە باوەکان
• هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵهاوسەری چییە؟ بە پێی پێناسەی سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) هاوسەرگیریی منداڵان جۆرێک لە هاوسەرگیریی فەرمی یان نافەرمییە کە کەسێک پێش لە گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵان هاوسەرگیری دەکات. دەستەواژەی “منداڵهاوسەری” ئەو کچۆڵانە دەگرێتەوە کە بە ناچارییەک کە بەرهەمی نەریتە نەتەوەییەکان یان کێشە ئابوورییەکانی خانەوادەیە، شوو بە پیاوی گەورەساڵ دەکەن، هەرچەندە ژمارەی ئەو کچانە کەم نییە وا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کوڕانەدا دەکەن کە چەند ساڵێک لەوان گەورەترن.
• تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە ئێران و کوردستان؟ ئایینی ئیسلامی مەرجێکی دیاریکراوی بۆ تەمەنی هاوسەرگیری لە بەرچاو نەگرتووە، بەڵام تەمەنی باڵقبوونی شەرعی بۆ کوڕان بە پانزە ساڵی مانگی و بۆ کچان نۆ ساڵی مانگی دەزانێ و پێی وایە باڵقبوون، لایەنەکان بۆ هاوسەرگیری ئامادە دەکات. بە پێی مادەی 1041 یاسای مەدەنی، “هاوسەرگیری بۆ کچ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵی هەتاوی و بۆ کوڕ پێش لە گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵی هەتاوی، بەستراوەتەوە بە مۆڵەتی سەرپەرشتیار بە مەرجی پابەندبوون بە مەسڵەحەتی دادگای کارامە”. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بینراوە کە کچان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا هاوسەرگیرییان کردووە.
• لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی منداڵان چین؟ هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا کاریگەریی خراپی لە سەر گەشەی دەروونیی منداڵان بەتایبەت کچان هەیە. زۆربەى منداڵهاوسەرەکان ئاخێزگەی ئابوورىی کۆمەڵایەتىیان لاوازە و لە ڕاستیدا پەیوەندیی هاوسەرگیری جۆرە مامەڵەیەکی ئابووری لە نێوان خانەوادەکانە بۆ ئەوەی نانەخۆرەیەک لە بنەماڵە کەم بکەنەوە و هەمیش بە پێدانی شیربایی بە ماڵی باوکی کچە، لانیکەمی پێداویستییە مادییەکانیان مسۆگەر بکەن. هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدا لێکەوتەگەلی وەکوو ئەمانەی خوارەوە بە دوای خۆیدا دێنێ: مانەوە و وازهێنان لە خوێندن، کورتبوونەوەی سەردەمی منداڵی، هەڵگرتنی بەرپرسایەتیی هاوسەرێتی لە تەمەنی بچووک بە کەمترین ئەزموونەوە، تێوەگلان بە کێشمەکێشی ڕۆژانە و لە ئەنجامدا نەبوونی پێگەیشتنی سۆزداری و نەزانینی هەڵسوکەوت، خۆتێهەڵقورتانی کەسانی دەوروبەر، نەبوونی ئەزموون بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی دایکایەتی، ئەگەری بەئەزموونکردنی توندوتیژیی سێکسی، دووگیانبوونی پێشوەختە، مردن لە کاتی منداڵبووندا بە هۆی گەشەنەکردنی بایۆلۆژییەوە، نائومێدی و بێهیوایی بە هۆی دەستێوەردانی دیتران لە ناو کاروباری ژیان، پەشیمانبوونی لایەنەکان لە هاوسەرگیری پاش یەکترناسین و ئاگاداربوون لە خوو و خدەی یەکتر، منداڵبێوەیی و … .
• ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵهاوسەری چین؟ بەرزکردنەوەی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵ، هەموارکردنەوەی یاساکانی سیغەی مەحرەمێتی (هاوسەرگیریی کاتی)، بەستێنسازیی و ڕۆشنبیریی فەرهەنگی و پەروەردەیی، تۆمارکردنی وردی هاوسەرگیرییەکان، پێداگریی حکومەت و هەماهەنگیی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی منداڵهاوسەری، خوێندنی ناچاری و بێبەرامبەر بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان، هەڵکشاندنی ئاستی ئاگاداری لە لێکەوتە و زیانەکانی منداڵهاوسەری لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی گشتی و تەکنەلۆژیای پەیوەندییەوە، پاڵپشتی دادوەری و یاسایی لە لایەن دەزگای دادەوە بۆ قەدەغەکردنی منداڵهاوسەری و دیاریکردنی سزای قورس بۆ ئەو کەسانەی کە هۆکاری منداڵهاوسەرین و لە کۆتاییدا بەکارهێنانی زانایانی ئایینی وەک دەستڕۆیشتووترین بانگەشەکاران بۆ گۆڕینی دیاردەی منداڵهاوسەری.
هاوسەرگیریی منداڵان کێشەیەکی جیهانییە و تەنیا لە کوردستاندا سنووردار نابێتەوە. دەبێ قسەی لە سەر بکەین و دەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژدانە ئەم دیاردە ئیش بکەین. دەبێ مافەکانی منداڵان و داهاتوویان بپارێزین.
منداڵان دەبێ منداڵانە بژین و هاوسەرگیریی پێشوەختە ئەم مافەیان لێ زەوت دەکات. باشترین شت بۆ منداڵ ئەوەیە کە بخوێنن و ببنە کەسانێکی لێهاتوو.