زایەڵەی بێدەنگی

Presentation1

 دابەزاندن PDFی وتار

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران

نووسەر: کامیل ئەحمەدی

پوختە

دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان لەو چەشنە هاوسەرگیرییانەیە کە لانیکەم یەکێک لە لایەنەکان تەمەنی کەمتر لە 18 ساڵ بێت. ئەم دیاردە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بوونی هەیە و هەوڵی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ڕێگری و کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان دەستی پێکردووه. ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە لە ئێرانیش لە لایەن نۆڕمە نەریتی و کەلتوورییەکانەوە داکۆکی لە سەر کراوە، سەرەڕای داخوازیی پەیتا پەیتای کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی لە لایەن دەوڵەتەوە سڕ کراوە و هەنگاوێکی کاریگەر لە دژی نەهاوێژراوه. ئامانجی ئەم توێژینەوە لێکدانەوەی ڕێژەی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران و شیکاریی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی وردی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە بوو. شێوازی توێژینەوه، چۆنایەتی و لە سەر ئاستی کەلان و بە شێوەی مەیدانی بوو. تەکنیکەکانی لێکۆڵینەوە بریتی بوو لە بینین و دیمانە و ئامرازی لێکۆڵینەوە پرسیارنامە و شێوازی شیکاریی داتاکان و شرۆڤەی هەڵێنجاندن. ئەنجامەکان پیشانی داوە کە هەوت پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان و ئیسفەهان لەم ساڵانەی دوایدا زیاترین ڕێژەی منداڵ‌هاوسەرییان لە خۆ گرتووە. سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری ڕووی لە کەمبوونەوەیه، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێژەی تەڵاقی منداڵان ڕووی لە هەڵکشانه. هەروەها ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ئەوە پیشان دەدا کە گرنگترین فاکتەری کاریگەر لە سەر بەردەوامبوونی منداڵ‌هاوسەری بریتییە لە هەژاری، ئاستی خوێندەواری نزم و نەخوێندەواری، پشتیوانی یاسایی، زەختە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی پیاوسالارانە و باوەڕە نەریتی و ئایینییەکانه. هاوسەرگیریی پێشوەختە بە هەر دوو ڕەگەزەکە دەوترێ بەڵام حەقیقەتی کۆمەڵگا دەلالەت لە سەر ئەوە دەکا کە ئەم دیاردە بۆ کچان مەترسیدارتر و خەساربەخشتره. ئاسەوارەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە بریتییە لە هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق، منداڵ‌بێوەیی، زۆربوونی ڕێژەی منداڵانی بێ‌سەرپەرشت و بەدسەرپەرشت، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان، بەردەوامبوونی پرۆسەی هەژاری و داوێنپیسی، هەڵکشانی نەخۆشییە جەستەیی و سێکسی و ڕۆحییەکانی کچان. لە کۆتاییدا بە مەبەستی ڕێگری و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە ڕێگەچارەگەلی وەکوو زیادکردنی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵ، بەستێن‌سازی کەلتووری و پەروەردەیی، تۆمارکردنی وردی هاوسەرگیرییەکان، جیدی‌بوونی دەوڵەت و هاوئاهەنگییەکانی ڕێکخراوەکانی دەروەست بە بەرەنگاربوونەوەی منداڵ‌هاوسەری، خوێندنی ناچاری و بێبەرامبەر بەتایبەت لە ناوچە گەشەنەکردووەکان، هەڵکشاندنی ئاگاداربوون لە لێکەوتە و زیانەکانی منداڵ‌هاوسەری لە ڕێگەی میدیای گشتی و تەکنەلۆژیای نوێ، پشتیوانی یاسایی لە لایەن دەزگای داد بۆ بە نایاسایی‌کردنی منداڵ‌هاوسەری و دیاری‌کردنی سزای قورس بۆ ئەنجامدەرانی منداڵ‌هاوسەری و لە کۆتاییدا بە کارهێنانی کەسایەتییە ئایینی و ئایینزاییەکان وەک گرنگترین فاکتەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بۆ ئەوەی بەرەنگاری هاوسەرگیریی منداڵان ببینەوە.

وشە کلیلییەکان: هاوسەرگیریی پێشوەختە، توندوتیژی دژی ژنان، تەڵاق، هەژاری، خوێندەواری، پیاوسالاری، پێشگیری.

پێشەکی

دیاردەی هاوسەرگیریی و پێکهێنانی بنەماڵە لە ڕووداوە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ژیانی مرۆڤە و لە درێژایی مێژوودا زەروورەتی کۆمەڵگای مرۆیی بووه. بەو پێیە جیا لە ئایین و ئایینزاکان، لە لایەن زانستگەلێکی وەکوو مێژوو، کۆمەڵناسی، خەڵک‌ناسی، ماف، ئابووری، دەروونناسی، پەروەردە و ڕاهێنان، فەلسەفە و … سەرنجی پێ دراوە (محمد پور و تقوی، 1931). پێویستیی و زەروورەتی سازدانی پەیوەندییە مرۆییەکان یەکێک لە پێویستییە سۆزدارییە مرۆییەکانه. هاوسەرگیری دۆستانەترین جۆری پەیوەندی لە وڵامی هەموو خواستەکان (بە مادی و مەعنەوییەکانه) و وەک یەکێک لە قۆناغەکانی تەکاموول و گوورینی مرۆڤ دێتە هەژمار. هاوسەرگیری پەیمانێکی پیرۆزە کە لە ناو هەموو ئێتنیک و نەتەوەکان و لە هەموو زەمەن و شوێنەکاندا بوونی هەبووه. پەیوەندییەکی دێرین کە تێیدا ژن و پیاو ژیانێکی هاوبەش دەست پێ دەکەن و پەیمان بە یەکتر دەدەن کە یار و خەمخۆری یەکتر بن، یەکتر بەختەوەر بکەن، سۆز و خۆشەویستی بۆ یەکتر دەرببڕن و بە هاوسەرگیری کۆتایی بە تەنهاییان بێنن. هاوسەرگیری پرۆسەیەکە کە لە هەلومەرج و ڕێوڕەسمی یاسایی، شەرعی و عوڕفی بەڕێوە دەچێ و شەرع، یاساکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان ئەم کردەوەی ئەوانیان قبووڵە (سیار و همکاران، 1931). هاوسەرگیری لە حاڵەتێکدا بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتیی گشتی، کارکردی ئەرێنی هەیە کە لە کاتی گونجاو و لەگەڵ کەسێکی شیاو بکرێ؛ واتە ئەگەر هاوسەرەکان لە تەمەنی گونجاودا نەبن و بۆ پێکهێنانی ژیان لە ڕووی هزرییەوە باڵق نەبن، بێگومان توانای هەڵبژاردنی کەسێکی شیاویان نابێ و ئەنجامەکەشی هەم خەسارەتی تاکایەتییە کە تووشی کەسەکە خۆی دەبێ و هەم ئاسەواری کۆمەڵایەتییە کە بە هۆی ئەم هاوسەرگیرییەوە بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێ و لە نەخۆشی جەستەیی و دەروونی و ناڕەزایەتی لە ژیانی ژن و مێردییەوە بگرە تا دەگاتە ڕێژەی کەمی بەشداری کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵایەتیبوونی ناتەواو لە بنەماڵە کە ئەمە خۆی ئاسەواری تاکایەتی و کۆمەڵایەتیی زۆری لێ دەکەوێتەوە. تەمەنی هاوسەرگیری یەکێک لە پێوەرە گرنگەکانی هەڵسەنگاندنی ئاستی تەندروستی و تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی تاکەکانی کۆمەڵگایە (مرادی و صفاریان، 1391). لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە ئاسوودەیی و ئاسایش لە کۆمەڵگایەکدا، بەرهەمی هاوسەرگیریی شیاو و لە کاتی خۆی و ژینگەی ئارامبەخشی بنەماڵەیه. بەو پێیەی کە هاوسەرگیری هۆکاری دروستبوونی بنەماڵەیه، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان یان منداڵ‌هاوسەری دەرکەوتن و بێچمگرتنی بنەماڵەی نوێ و هەروەها کەسەکە خۆی تووشی کێشە دەکات (فخرایی و ابراهیمی، 1931). منداڵ‌هاوسەری پەیوندییەکی ماناداری لەگەڵ خەتەنەی ژنان یان هەمان شێواندن و نووقسان‌کردنی کۆئەندامی سێکسی ژنان هەیە کە لە حاڵەتەکانی ئاشکرای پێشێل‌کردنی مافەکانی ژنانە (ئەحمەدی، 1394). نووسەر لە لێکۆڵینەوەی پێشووی خۆی، کە لە مەڕ خەتەنەی ژنان و کچان بووە پەی بەم کێشە کۆمەڵایەتییە بردووە و دەڵێ، ئەو کچانەی کە خەتەنە دەکرێن و ئەندامی سێکسییان بەتایبەت میتکە (کلیتۆریس) دەبڕدرێ، زووتر هاوسەرگیری دەکەن و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی منداڵ‌هاوسەری. ئەم منداڵانە ڕۆڵی دایکایەتی و هاوسەرێتیان پێ دەدرێ، کەچی هێشتا خۆیان منداڵن و ناتوانن لە نۆڕمەکانی پەیوەست بە ڕۆڵە نوێکەیان تێبگەن. ئایدیای لێکۆڵینەوەی منداڵ‌هاوسەری و لێکدانەوەی لە ناو دڵی توێزینەوەی خەتەنەی کچاندا بێچمی گرتووه.

بە باوەڕی زۆرێک لە کارناسان، منداڵ‌هاوسەری یان هاوسەرگیریی پێشوەختە کاریگەری لە سەر ژیانی منداڵان دادەنێ و بە لێکەوتەی خەسارەتبەخشی تەندروستی ئاڵۆزتری دەکا و کاریگەری لە هەر ئاستێک لە پێشکەوتن، گەشە و بەرزیی تاکایەتی دادەنێت. لە هەندێ لە وڵاتانی ڕوو لە پێشکەوتن، هاوسەرگیریی پێشوەختە وەک ئامرازێکی ئابووری سەیر دەکرێ کە دەتوانێ بارودۆخی ئابووری بنەماڵە باشتر بکا، دەتوانێ پەیوەندییەکانی بنەماڵە پتەو بکا و دەستەبەریی پاکیزەیی کچان بەر لە هاوسەرگیری بێ بۆ ئەوەی ئارەزووە سێکسییەکانیان کۆنتڕۆڵ بکا و نەهێڵێ کچان بگەنە تەمەنێک کە وەک هاوسەر ڕاکێشەرێتی سێکسییان کەم ببێتەوە (المو، 1386). لە لایەکی دیکەشەوە کێشە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە دووگیانێتی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مەرگی کچانی نێوان تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵانە (سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان، 1391).

هاوسەرگیریی پێشوەختە یا منداڵ‌هاوسەری، بە هەر چەشنە هاوسەرگیرییەک دەوترێ کە لە خوار تەمەنی 18 ساڵان بێت (یوونیسێف، 1380). بە گوێرەی ناوەڕۆکی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، منداڵ بە کەسێک دەوترێ کە تەمەنی نێوان ڕێکەوتی لە دایکبوونەوە هەتا 18 ساڵان بێت. بەڵام لە هەندێ لە وڵاتاندا ئەم تەمەنە بە هۆی یاسا تایبەتەکانی ئەم وڵاتە بگۆڕه. سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەر چەشنە هاوسەرگیرییەکی ژێر تەمەن 18 ساڵ بەر لەوەی کچ لە سۆنگەی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەی قبووڵ‌کردنی ئەرکەکانی ژن و مێردی و منداڵداری بێ، دەڵێ هاوسەرگیریی منداڵان. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تافی منداڵی هەتا تەمەنی 15 ساڵان پێناسە کردووه. هەر بەم پێیە لە حاڵەتێکدا کە منداڵ لە خوار ئەم تەمەنەدایه، ئەوە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ڕووی داوه؛ هاوسەرگیرییەک کە لە لایەن باوک یان باپیرییەوە سەری گرتووە و تێیدا سەرنج بە لانیکەمی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەدراوه. (ئەحمەدی، 1395).

ئەم بابەتە لە نۆڕمە نەریتی و باوەکانەوە هەڵقوڵاوە و لە هەر دوو ناوچەی شار و گونددا باوه. منداڵ‌هاوسەری بە درێژایی مێژوو دیاردەیەکی تازە دەرکەوتوو نییە و هەر ئێستاش سەرنجی گشتی، بۆ وێنە بنەماڵەکان و هەروەها توێژەران، گرووپەکانی بەرگری لە مافەکانی منداڵ، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و زۆرێک لە سیستەمە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوه. بێ‌گومان سەرمایەگوزاریی کۆمەڵایەتی لە سەر کچان، پەرە پێدانی سەرمایە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان و دەستەبەریی دەستپێڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و تەندروستی هێمایەکی ڕوون لە یەکسانی ڕەگەزێتییە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بەهێزترەکان. بە پێی لێکۆڵینەوە ئەنجام‌دراوەکان، خوێندن زیاتر وەک فاکتەرێک بۆ ڕێگری لە هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕەچاو دەکرێت (یونیسێف، 1383). ژنانی خوێندەوار تەندروستترن و لە بوارەکانی بازاڕدا چالاکترن، داهاتێکی زێدەتر دەست دەخەن، خاوەن منداڵی کەمترن و لە چاو ئەو ژنانەی کە نەخوێندەوارن یان ئاستی خوێندنیان نزمتره، خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و تەندروستیی شیاوتر بۆ ڕۆڵەکانی خۆیان دابین دەکەن (كلاگمن و همكاران، 1393).

دیاردەی منداڵ‌هاوسەری بابەتێکی جیهانییه؛ بەڵام ئامار و ڕێژەکانی، هەم لە ناو سنوورەکانی وڵاتێکدا و هەمیش لە ناو کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا، بگۆڕه. سەرەڕای ئەمە لە سۆنگەی ئامارە ڕێژەییەکانەوه، زیاترین ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری لە ناوچە گوندییەکانی ئەفریقای باکووری و باشووری ئاسیا بەدی دەکرێت (یوونیسێف، 1392). پشتیوانی و سەرنجی جیهانی بۆ ئەم دیارده، ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە بە شێوەی گشتی ڕووی لە دابەزین کردووه، ئەگەرچی ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵان هێشتا لە خوار تەمەنی یاسایی کۆمەڵگای خۆیان هاوسەرگیری دەکەن. نموونەیەکی ڕوون و زەقی ئەم دیارده، کۆمەڵگای ئێرانه. لە ڕووانگەی سێکسی و مافەکانی مرۆڤەوە کردەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لێکەوتەی دیاری سەرکوتی سێکسی و ئاکاری ڕووخێنەری نەریتییە کە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی نایەکسانییە ڕەگەزێتییەکان و سەرکووتی زێدەتر. لە جیهانی ڕوو لە پێشکەوتن، پرسی ئاڵۆزی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەتی گەنجان ڕووی لە هەڵکشانە و بۆ هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتە دەتوانین ئاماژە بکەین بە هەڵکشانی ئاستی هەژاری، نەبوونی زانست و خوێندن و ملکەجێتیکردن بۆ زەروورەتەکانی کەلتووری پیاوسالارانە و ئەو باوەڕانەی کە بە هەڵە پێی وایە ناچار‌کردنی کچان بە هاوسەرگیریی نەخوازراو و پێشوەخته، هۆکاری پشتیوانی و پاراستنی ئەوانە. بەداخەوە سەرەڕای بوونی لێکەوتەی جەستەیی و هەڵاواردن لە دژی کچانی کەم‌تەمەن، هەنگاو کەم بۆ کۆتایی‌هێنان بە کردەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران هاوێژراوه. بە پشتبەستن بە پێکهاتەی ئایینیی زاڵ بە سەر وڵاتی ئێران، باڵقبوون و دەستێپکردنی یەکەم سووڕی مانگانە وەک دەستپێکی تێپەڕین لە تافی منداڵییەوە بۆ هەڕەتی گەورەساڵی ڕەچاو دەکرێت. گەیشتن بەم سەرەتا فیزیایی و بایۆلۆژیکییە بە واتای شیاوبوونی کەسەکە بۆ هاوسەرگیرییە بە بێ ئەوەی گوێ بە تەمەنی ڕاستەقینەی بدرێت. ئەگەرچی هاوسەرگیریی پێشوەختە هەر دوو کچان و کوڕانی منداڵ دەگرێتەوە، بەڵام ڕاستیی تاڵی کۆمەڵگا، ئەوە دەردەخا کە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی دیاردەی منداڵ‌هاوسەری بۆ سەر کچۆڵەکان جیدیتر و مەترسیدارتره. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بایەخداری ئەوتۆی تایبەت بە منداڵ‌هاوسەری لە ئێران، زانیاری لەم بارەوە کەمه. ئاماری فەرمی و دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران گوزارشتە لەوەی کە ساڵانە بە دەیان هەزار کچ و کوڕی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن. ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەم منداڵانە لە حەقیقەتدا زۆر زیاتر لەم ئامارانەیه. هەندێک لە بنەماڵەکان لە ئێران هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا تۆمار ناکەن و بە شێوەی نافەرمی تۆماری دەکەن. لە ئێران بە پێی ئامار لە ساڵی 1385ـی هەتاوی هەتا نیوەی یەکەمی ساڵی 1394ـی هەتاوی ڕێژەی 890 هەزار کچی ژێر تەمەن 18 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە کە لەم نێوەندەدا کچانێکیش هەبوون کە لە کاتی هاوسەرگیرییاندا تەمەنیان ژێر 10 ساڵان بوو.

هەروەها لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 1395ـی هەتاوی 29 هەزار و 710 کچی خوار تەمەن 18 ساڵان هاوسەرگیرییان کردووه. ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە لە ناو بنەماڵە ئێرانییەکاندا لە ئەنجامی هەژاری و هۆگریی دایک و باوک بۆ کۆنتڕۆڵی پەیوەندیی سێکسیی کچەکانیان بووە (ئەحمەدی، 1395). بەم پێیە ئامانج لەم توێژینەوە لێکدانەوەی منداڵ‌هاوسەری لە سەر ئاستی هەر هەوت پارێزگای ئێران بە پێداگرییە کردنە سەر فاکتەرە زاڵە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکانه؛ فاکتەرگەلێک کە ڕەنگدانەوەی نایەکسانیی قووڵی ڕەگەزێتییە کە دەبێتە هۆی بەردەوامیەتی ئەم دیاردە. گرنگیی ئەم توێژینەوە بە هۆی ڕوونکردنەوەی بەڵگە و پەرەسەندنی منداڵ‌هاوسەری، ئەم ڕفتارە خەسارەتبەخشە لە ئێران و یارمەتیدانی بڕیاردەرانی دەوڵەتی لە فوکووس‌کردنیان لە سەر پشتیوانیی داهاتوو لە مافە مرۆییەکانی کچانه. ڕێز و گرنگیدان بە مافەکانی منداڵ پێویستی بە ڕێگری و بنەبڕ‌کردنی منداڵ‌هاوسەری و پشتیوانیی چالاکانە لەو کچانەیە کە هەر ئێستا هاوسەرگیرییان کردووه. ئەمە تاکە ڕێگەیەکە کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەتوانرێ ڕێگری لە تراژێدیای مرۆیی هاوسەرگیریی پێشوەختە بکرێت.

ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوە

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان لێکۆڵینەوەی سەرنجڕاکێش ئەنجام دراوە کە هەوڵیان داوە لەم دیاردە تێبگەن و بەرەنگاری ببنەوە و هەندێ لە فاکتەرە کاریگەرەکانی و هەروەها لێکەوتەکانی شی بکەنەوە (کلاگمەن و هاوکاران، 1393). دیاردەی منداڵ‌هاوسەری لە ناو دڵی ئەو لێکۆڵینەوانەدا ئەنجام دراوە کە سەبارەت بە پێشێل‌کردنی مافەکانی ئافرەتانە وەکوو لێکۆڵینەوەی پێشووی نووسەر، لە لایەن کۆمەڵناسان و خەڵک‌ناسان و توێژەرانەوە سەرنجی پێ دراوه. توێژینەوەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە نۆڕمە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بۆ وێنە نۆڕمەکانی پەیوەست بە ئایین، کاریگەری لە سەر ئەو تەمەنە دادەنێ کە چاوەڕوانیی هاوسەرگیری لە کچان دەکرێت. هەروەها، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاستی خوێندەواری و پێشزەمینەی کۆمەڵایەتی کاریگەری لە سەر ئەگەری هاوسەرگیریی پێشوەختەی کچێک دادەنن. سەبارەت بەو داڕشتەی کە کچان بۆ خۆیان بڕیاری هاوسەرگیری بدەن، زانیاری لە بەر دەستدا نییه. زۆر توێژەر تێکۆشاون کە چالاکانە ئیش لە سەر پرسی هاوسەرە کەم‌تەمەنەکان بکەن، سەرەڕای ئەمە وەک یوونیسێف لە ڕاپۆڕتی “هاوسەرگیریی پێشوەختە، هاوسەرە منداڵەکان

لە ساڵی 1380ـی هەتاوی خستییە ڕوو، بە هۆی ئاڵۆزێتی ئەم پرسه، هێشتا هاوسەرگیریی منداڵان وەک کێشەیەکی گشتگیر بەردەوامە (یوونیسێف، 1380). ڕاگەیەنراوی بانکی جیهانیی مەودای تەمەنی نێوان هاوژینەکانی بە خاڵی هاوبەشی هەموو حاڵەتەکانی منداڵ‌هاوسەری لە قەڵەم دا. ئەم مەودا تەمەنە کاریگەریی ژن بە سەر مێرد لە ژن زەوت دەکا و پێکهاتەی دەسەڵات لە ماڵەوە بێچم دەدا کە ئەمەش توندوتیژیی خێزانی لێ دەکەوێتەوە (بانکی جیهانی، 1393). ڕاپۆڕتی یوونیسێفیش گوتاری توندوتیژیی ناو ماڵ پشتڕاست دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە بارودۆخی نالەباری ناو ماڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کچان لە دەست مێردەکانیان ڕا بکەن. ئەمە وەک کارێکی زۆر قێزەون لێی دەروانرێ و لە باشووری ئاسیا، بەتایبەت لە وڵاتانی موسڵمان نشین، وەک تاوانێکی گەورە دێتە هەژمار. زۆرێک لەم کچانە کاتێک کە هەوڵ دەدەن لەم هاوسەرگیرییە نەخوازراو و زۆرەملێتییە ڕا بکەن، دەکەونە بەر توندوتیژی ئابڕووتەوەرانه، چوونکە بە بۆچوونی خەڵک ئابڕوو و گەورەیی بنەماڵەی خۆیانیان بەزاندووه. بنەماڵەکان لە ناو کەلتوورە تایبەتەکانی خۆیاندا ئەم چەشنە ڕفتارە ناشیرینانە بە نواندنی هەڵسووکەوتی خراپ لە دژی کچەکانیان و لە کۆتاییدا بە «قەتڵی نامووسی» وڵام دەدەنەوە (یوونیسێف، ١٣٨٠). قەتڵی نامووسی لە بەنگلادش، میسر، ئۆردۆن، لوبنان، پاکستان، تورکیە و دیکەی ناوچەکاندا ڕوو دەدات (یوونیسێف، ١٣٧٩). سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ساڵی ١٣٩٢ لە ڕاپۆڕتێکدا لە ژێر ناوی «زۆر زوو هاوسەرگیری‌کردن: کۆتایی هاوسەرگیریی منداڵان» لە مەڕ منداڵ‌هاوسەری ئەنجامی هاوشێوەی وەدەست هێنا (سندووقی حەشیمەتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، ١٣٩١). ئەم ڕاپۆڕتە سەرنج دەخاتە سەر ئاوێتەیەک لە هۆکار و ئاسەواری هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان و خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکان و ئەم جیاوازییانە پیشان دەداتەوە و ناسازگاریی بارودۆخی ئابووری و جوگرافیاییە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو. پێشینەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، زیاتر برەوی ئەم دیاردەی لە کۆمەڵگا موسڵمان‌نشینەکان و باشووری ئاسیا کردووەتە ئامانج، بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە داب و نەریتەکانی هاوسەرگیریی نادادپەروەرانه، توندوتیژیی ناو ماڵ و دیکەی شێوازەکانی توندوتیژی بە پێی ڕەگەزێتی لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا زۆرە. ئەم توندوتیژییە لەوانەیە لە سۆنگەی پێوەر و ڕادەوە بگۆڕ بێ بەڵام جۆر و شوناسەکە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا یەکسانه. لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا، ئەم توندوتیژییە لە مۆسیقا، گاڵتە کردن بە ژنان، ئازاردانی سێکسی و زەختی کۆمەڵایەتیدا خۆی دەنوێنێت. لە وڵاتانی ڕوو لە پێشکەوتن داب و نەریتی توندوتیژی وەک شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان و هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بە ناوی داب و نەریت و پاکانە کردن بۆ ئاکاری قێزەون و نامرۆڤانە جێبەجێ دەکرێت. «نەریت» دوژمنی دێرینی پێگە و ئاسایشی ژنانە و هەوڵ بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پیاو و ملکەج‌کردنی ژنانی دەدات. توندوتیژی دژ بە ژنان مەسەلەیەکی جیهانییە کە لە سەر ئاستی هەر هەموو ناوچە و وڵات و کۆمەڵگە و کەلتوورەکاندا بە ڕادەی جۆراوجۆرەوە بەدی دەکرێ و سەرەڕای هەموو ئێتنیک و نەتەوە و چین و داهات بە بێ جیاوازی کاریگەری لە سەر هەموو ژنان دادەنێت.

زۆر لێکۆڵینەوە ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوه. وەک مایەر (١٣٧٤) ڕوونی دەکاتەوە کە بەها نێونەتەوەییەکانی پەسندکراوی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە سەر مافەکانی مرۆڤ، دژی هەموو ئەم داب و نەریتە پڕ لە جیاکارییانەن کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لە دەزگای داد (بۆ وێنە ڕۆژاوا) جێگیر بوون. بە باوەڕی کاملا سارۆپ، توندوتیژی لە سەر بنەمای ڕەگەزێتی بەشێکە لە پرسە جیهانییەکان کە پەیوەستە بە پەیوەندیی نەریتیی زنجیرە پلەکانی دەسەڵاتی نێوان پیاوان – ژنان و دایک و باوک – ڕۆڵەکانیان و لە زۆربەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم پەیوەندییە هەیە دەتوانێ ڕوو بدات (خانووم، ١٣٨٧). کاملا سارۆپ، ڕۆژنامەوانی نیپاڵی، باس لە ئاسەواری زیانبەخشی ئەزموونی کچێکی مێرمنداڵ لە هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکات. بە ڕای ناوبراو، کەم‌خوێندەواری، دووگیانبوونی پێشوەخته، کێشەی تەندروستی، پەیوەندیی سێکسیی ناچاری، قبووڵنەکردنی ئازادی و گەشەی تاکایەتی، تەڵاقی پێشوەختە و دەرکراوی، زیاتر بەرۆکی کچان دەگرێ چوونکە ئەوان هێشتا منداڵ و خەسارهەڵگر و کۆڵدەرن (سارۆپ، ١٣٨٨). هاوسەرگیری لە تەمەنی سەرتر نەک هەر بۆ هاوسەران خۆیان، بەڵکوو بۆ نەوەکانی داهاتووش بەسوودە چوونکە بە جۆرێک داهاتوویەکی لەبارتر و تەندروستتر بۆ بنەماڵە دەستەبەر دەکات. درەنگتر هاوسەرگیری‌کردن ئازادی زیاتر بە تاک دەدا و بواری دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ هاوسەرگیری (کە لە هەموو زیانەکانی منداڵ‌هاوسەری دەیپارێزێ) دابین دەکات. ڕاپۆڕتی یوونیسێف هاوسەرگیری لە تەمەنی سەرتر بە ئاستی بەرزی خوێندەوارییەوه، وەک بەتوانایی، پشت بە خۆبەستوویی و چوونە ناو بەستێنی هێزی کاری فەرمی پەیوەندیدار ڕاگەیاند (یوونیسێف، ١٣٩٠). بانکی جیهانیش ڕوونی دەکاتەوە کە درەنگتر هاوسەرگیری‌کردن و سوودمەندبوون لە هەموو ئەم ئیمتیازانە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی زیاتر و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە سەر ئاستی هەموو کۆمەڵگەکان (بانکی جیهانی، ١٣٩٥).

ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵان و گەنجان لە وڵاتی ئێران خوار تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن. سەبارەت بە دیاردەی منداڵ‌هاوسەری لە ئێران زانیارییەک ئەوتۆمان لە بەر دەستدا نییه. بەو پێیەی کە زۆرێک لە حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی منداڵان تۆمار ناکرێت، دیاریکردنی چەندایەتی برەوی ئەو دیاردە لە وڵاتی ئێراندا زۆر چەتوونه. ئەوەی دۆخەکە ناجۆرتر دەکا ئەوەیە کە لە ناوچە گوندییەکاندا هەندێ جار ڕێکەوتی لە دایکبوونیش تۆماری ناکرێ و ئەمە دیاریکردنی تەمەنی دروستی کەسەکە لە کاتی هاوسەرگیریدا ناموومکین دەکات. بەم حاڵەوە شکی تێدا نییە کە نەریتی منداڵ‌هاوسەری لە ئێراندا لە سەر ئاستی هەر ٣١ پارێزگاکەدا بوونی هەیه. گرنگە ئەوەمان لە بیر بێ کە هاوسەرگیریی پێشوەختە دیاردەیەکی تەنیا ژنانە نییە بەڵکوو هاوسەرگیریی کوڕانی منداڵیش لەو کۆمەڵگایانەدا دەگرێتەوە وا هاوسەرگیریی پێشوەختە لە سۆنگەی کۆمەڵایەتییەوە پەسندکراو و باوه. ئامارە فەرمی و دەوڵەتییەکان (ساڵنامەی ئاماری تۆمارکردنی ناو،١٣٩٣) دەرخەری ئەوەن کە پتر لە ٧/٧ لە سەدی کچان لە شاری تاران و ٤٠ لە سەد لە سیستان و بەلووچستان بەر لە تەمەنی ١٨ ساڵان شوویان کردووه. ڕێژەی هاوسەرگیریی مێرمنداڵان لە ناوچە شاری و گوندییەکان بە ڕێز 7/13 لە سەد و 19.6 لە سەدە (مەتڵەبی و هاوکاران، ١٣٩٢). بە گوێرەی دوا سەرژمێری وڵاتی ئێران لە ساڵی ١٣٩٤، زیاترین ڕێژەی هاوسەرگیریی تۆمارکراو، هی ژنانی ١٥ بۆ ١٩ ساڵان بوو. هەروەها دواداتاکان سەبارەت بە فرەیی هاوسەرگیری لە ساڵی ١٣٩٤ ئەوەی پیشانی دا کە کۆی هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ 287 هەزار و حەفتا و حەوت (٢٨٧.٠٧٧) حاڵەت بووه، (254 هەزار و 490 کچ و 32 هەزار و 587 کوڕ). بەم حاڵەوە هیچ ڕێژەیەکی ورد بۆ ئەم دیاردە لە بەر دەستدا نییه، چوونکە لە زۆرێک لە ناوچەکان ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری لە ناو بنەماڵەدا ئەنجام دەدرێ و بە شێوەی فەرمی تۆمار ناکرێت. لانیکەم 48 هەزار و 580 (48580) کچی تەمەن ١٠ بۆ ١٤ ساڵ لە ساڵی ١٣٩٠ هاوسەرگیرییان کردووە کە لە ناویاندا 48 هەزار و ٥٦٧ (٤٨.٥٦٧) کەسیان هەتا بەر لە تەمەنی ١٥ ساڵان لانیکەم جارێک منداڵیان بووه. نزیکەی 40 هەزار و ٦٣٥ (٤٠.٦٣٥) حاڵەتی هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵیش نێوان مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٠ هەتا ڕەشەمەی ١٣٩١ تۆمار کرا کە تێیدا پتر لە ٨ هەزار حاڵەتیان مێرد زیاتر لە ١٠ ساڵ لە ژنە کەم‌تەمەنەکەی گەورەتر بوو، بەدەر لەمه، لە ساڵی ١٣٩١، لانیکەم هەزار و ٥٣٧ حاڵەتی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی ١٠ ساڵان تۆمار کراوە کە لە بەرامبەر ئاماری هاوسەرگیری ئەم گرووپە تەمەنییە لە ساڵی ڕابردودا (٧٧١٦ حاڵەت) هەڵکشانێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوه. ڕێژەی تەڵاقی تۆمارکراوی کچانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ، بە شێوەی بەردەوام لە ساڵی ١٣٩١ بە دواوە ڕووی لە هەڵکشان کردووه. وڵامی دەوڵەت بۆ ئەم کێشە ئەوە بوو کە یاسای هاوسەرگیریی زۆرەملێی قەدەغە کرد. لەگەڵ ئەوەی لە هاوسەرگیریی منداڵاندا بە کێشەی دەروونی و جەستەیی بێژومار کچۆڵەکان دەبنە قوربانی، ژیانی کوڕە کەم‌تەمەنییەکانیش هەر بەم شێوە لە بەر دەم مەترسیدایه. سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی ئەم چەشنە ئاریشە و کێشانە بۆ کوڕان فرەیی و ڕێژەی کەمتره، چوونکە هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ ئەوان لایەنی چەوسێنەرانە یان زیانی جەستەیی کەمتری لە چاو کچان هەیه، لە کۆتاییدا ئەم دیاردە بۆ هەر دوو ڕەگەزەکە جێی قبووڵکردن نییه. کوڕان پاش هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، چانسی خوێندن لە ئاستی بەرزتر لە کیس دەدەن کە نەک تەنیا لە فێربوونی بابەت و وانە ئاکادیمییەکان بێبەشیان دەکا، بەڵکوو چوونە ئەو شوێنەیان لێ زەوت دەکا کە دەیانتوانی گرنگیی ڕێزنان لە مافەکانی کچان فێر بن. هەندێ ناچارن واز لە خوێندن بێنن بۆ ئەوەی بتوانن تێچووی ئاهەنگی هاوسەرگیری، پشتیوانی لە دایک و باوک، دابین‌کردنی هاوسەر و منداڵەکانیان وەدەست بێنن. زۆریان بە هۆی چاوەڕوانی بنەماڵە و زەختی ئابووری ناچار بە هاوسەرگیری لە تافی منداڵیدا دەکرێن. بەدەر لەمانه، نکۆڵیکردن لە تافی منداڵی و مێرمنداڵی، بازدان بۆ تافی گەورەساڵی لە تەمەنی کەم، ناچاربوون بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکانی بنەماڵه، لە گرنگترین بەربەستەکانی بەر دەم کوڕانه. ئەوان لە بری تێپەڕاندنی قۆناغە نۆڕماڵەکانی هەڕەتی منداڵی، لە ناکاو دەچنە ژێر باری بەرپرسایەتی خێزان، باوکایەتی و پەیوەندیی سێکسی. داتاکان سەبارەت بە ڕێژەی ئەو کوڕانەی کە کارتێکراوی هاوسەرگیریی منداڵانن، کەمە و ئەمە بۆ خستنە ڕووی ئەنجامی پڕبایەخ و هەلومەرجی منداڵ‌هاوسەری ئیشەکەمان ئەستەم دەکات. بەو حاڵەوە زانیارییەکان پشتڕاستکەرەوەی ئەم ڕاستییەن کە ئەگەریی ئەوەی کە کوڕانی ناوچەیەک لە چاو کچانی هەمان ناوچە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵان هاوسەرگیری بکەن، کەمه. لە ساڵی ١٣٩٣، کۆی 23 هەزار و ٥٨٧ کوڕ هاوسەرگیرییان کرد و هەزار و ٣٧٢ حاڵەتی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵان تەڵاقیان وەرگرتووه. ڕێژەی منداڵ‌دایکەکان لە چاو منداڵ‌باوکەکان ٥٠٦ قات بەرز بۆتەوە کە دەریدەخا کچان لە مەودای تەمەنی ١٠ بۆ ١٨ ساڵان (واتە ٨٥ لە سەدی حەشیمەت) شوویان کردووە بە پیاوی تەمەن ١٨ ساڵە یان گەورەتر. تەنیا ١٥ لە سەدیان شوویان بە پیاوی هاوتەمەنی خۆیان کردووه. پرسی تەڵاقیش دەروەست بە منداڵ‌هاوسەرییه. ڕێژەی تەڵاق لە ئێران لەم گرووپە تەمەنییەدا (١٠ بۆ ١٨ ساڵ) بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو هەڵکشانی بە خۆوە بینیوه. بە پێی دوائامارەکانی حەشیمەتناسی 21 هەزار و ١٤٩ کچ و کوڕی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە ساڵی ١٣٩٣ لێک جیا بوونەتەوە (ئەحمەدی، 1395).

زۆرێک لە ناوەندەکان داد، لانیکەمی تەمەن بۆ هاسەرگیری دیاری دەکەن، واتە تاک دەبێ بگاتە تەمەنێکی تایبەت (تەمەنی ١٨ ساڵ) بۆ ئەوەی لە ڕوی یاساییەوە مۆڵەتی هاوسەرگیری پێ بدرێت. تەمەنێک کە تێیدا تاک لە سۆنگەی یاساییەوە دەتوانێ هاوسەرگیری بکا، لەگەڵ تەمەنی ڕەزامەندی فەرقی هەیە. لەو دەزگا دادانەی وا تەمەنی شیاوی هاوسەرگیری لە تەمەنی ڕەزامەندی بۆ هاوسەرگیری کەمتره، یاساکان لەو حاڵەتەدا کە یەکێک لە هاوسەرەکان تەمەنی ژێر تەمەنی ڕەزامەندییە بە هەند وەرناگرێ و یاسای تەمەنی هاوسەرگیری لە یاسای تەمەنی ڕەزامەندی بە سەرتر دادەنرێت. دیکەی سیستەمە دادەکانی دیکەش جۆرەکانی پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەی هاوسەرگیری بە بێ ڕەچاو‌کردنی تەمەن ڕەت دەکەنەوە و قەدەغەی دەکەن.

لە کاتی قەیرانە مرۆییەکانی وەک کارەساتی سرووشتی یان جەنگ، ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بەرز دەبێتەوه. هاوسەرگیریی پێشوەختە ستراتیژی مانەوەی ئابوورییە کە بە واتای بە دیل گرتن و دابین‌کردنی خۆراک و پۆشاک و خوێندنی کەسێکی کەمتره. ئەو بنەماڵانەی وا لە دۆخی نالەباردان، هاوسەرگیریی منداڵان بە تاکە ڕێکاری بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، کێشمەکێش و توندوتیژی دەزانن. شایەنی ئاماژەیە کە هاوسەرگیریی منداڵان لە ٨ وڵات کە بارودۆخێکی ناجیگیریان هەیە زۆره. ئەم ڕاستییه، پیشاندەری پەیوەندی و هاوئاهەنگیی دەروونیی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەگەڵ هەژاری و کێشمەکێش و توند و تیژییە (لێمۆن، ١٣٩٣)، هەوراز و نشێوی کۆمەڵایەتی وەک توندوتیژیی ناوچەیی، شەڕ و دژایەتی، هاوسەرگیریی منداڵان دەگوازێتەوە بۆ ئاستێکی دیکه، تەمەنی منداڵ ناگرنگ و بێ مانا دەبێت. سەرباری ئەوەی تەمەنی دروستی هاوسەرگیری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازه، بەڵام لە ڕۆژاوا ئەوە تەمەنە کە ڕێگر و سنووردارکەرەوەی پەیوەندیی سێکسییە و لانیکەمی یاسایی تەمەن بۆ ڕەزامەندیی پەیوەندیی سێکسی دێتە هەژمار. پاش گەیشتن بەم لانیکەمی تەمەنە یاساییه، پەیوەندیی سێکسی ڕێگە پێدراوه.

بە پێچەوانەی کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان کە تێیدا تەمەن بەرگێڕەوەی پەیوەندییە سێکسییەکانه، لە کۆمەڵگا ئیسلامی و عەرەبییەکاندا، لە حاڵەتێکدا تاکەکان پێکەوە هاوسەرگیری دەکەن کە هیچ سنوورێک بوونی نییه. هەر بۆیە لە وڵاتانی ئیسلامیدا لە سۆنگەی یاسایی و کەلتوورییەوە تێکەڵبوونی سێکسی قبووڵ کراوه، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بە نایاسایی و نائەخلاقی پێناسە کراوە (ئەلحەکەم و مەک لالین، ١٣٩٥).

لە ئێران بەر لە شۆڕش بە پێی بڕگەی 23ـی یاسای پشتیوانی لە بنەماڵە (ساڵی 1353ـی هەتاوی) تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان بەر لە گەیشتن بە 18 ساڵ و بۆ کوڕان بەر لە تەمەنی 20 ساڵان قەدەغە بوو. پاش شۆڕش ئەم تەمەنە لە ئێران گۆڕانی بە سەر هات. لە دەوڵەتی کاتیدا گۆڕانکارییە سەرەتاییەکەی بێچمی گرت و مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی بوو بە بەدیلی ئەم ماده. بە پێی مادەی 1041ـی یاسای مەدەنی ئێران تەمەنی 13 ساڵ بۆ کچان و بۆ کوڕان تەمەنی 15 ساڵ ڕاگەیەنرا. سەرەڕای ئەمە ڕێگە بە کچان درا کە خوار تەمەنی ١٣ ساڵان و کوڕان خوار تەمەنی ١٥ ساڵان بە مەرجی ڕەزامەندیی باوک یان ئیزنی دادگا هاوسەرگیری بکەن. بەدەر لەوە ئەگەر سەرپەرشتی منداڵ (باپیر یان نەنک) وەها داواکارییەکی هەبێ و دادگا بەم ئەنجامە بگا کە بە ڕادەی پێویست باڵق بووە کە دەتوانێ هاوسەرگیری بکا، منداڵ دەتوانێ تەنانەت لە تەمەنی خوارتریش هاوسەرگیری بکات. بە پێی مادەی چاککراوی ١٠٤١ لە ساڵانی ١٣٦٠ و ١٣٦٩ـی هەتاوی، پەیوەندیی ژن و مێردی بەر لە گەیشتن بە گەورەساڵی قەدەغەیه. مادەی ١٠٤١ـی یاسای مەدەنی لە ساڵی ١٣١٣ـی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە وڵاتی ئێران بە پێی یاسای بنەڕەتی و ڕەواداریی یاسایی، لە نێوان کچێکی ژێر تەمەنی ١٥ ساڵ و کوڕێکی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ هیچ هاوسەرگیرییەک نابێ ڕوو بدات، مەگەر ئەوەی کە هەلومەرجێکی تایبەتی بێتە ئاراوە کە تێیدا بایەخی هاوسەرگیری لە لایەن دادخوازێکی گشتی ڕابگەیێندرێت. ئەم جیاوازییە ئەو حاڵەتانەی نەدەگرتەوە وا کچ ژێر تەمەنی ١٥ ساڵان و کوڕ خوار تەمەنی ١٨ ساڵان بوو. واتە ئەوان نەیاندەتوانی بە هیچ چەشنێک هاوسەرگیری بکەن. یاسایەکی نوێ لە ساڵی ١٣٦١ـی هەتاوی جێبەجێ کرا کە بە پێی ئەو تەمەنی هاوسەرگیری یان تەمەنی باڵقبوون بۆ کچان ٩ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵ ڕەچاو کرا کە بە پێی ئەو هەر چەشنە داپەڕێک بۆ هاوسەرگیری کەمتر لەم تەمەنە سەرەتاییە نایاسایی بوو. دواترین گۆڕانکاری لە یاسای مەدەنی لە ساڵی ١٣٨١ـی هەتاوی پەسند کرا کە بە گوێرەی ئەو ڕەواداریی هاوسەرگیری لە نێوان کچان و کوڕانی خوار تەمەنی پێناسە کراوی باڵقبوون (١٣ و ١٥) بە ڕەزامەندیی دادوەرێکی چاکخواز وەک مەرج قبووڵ کرا[13] (ئەحمەدی، 1395).

یەکێک لە فاکتەرە گرنگ و کاریگەرەکانی منداڵ‌هاوسەری ئایینه. زۆرێک لە ئایینەکان دەستیان لە دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیریدا هەیه. ئایین بە دەسەڵاتە زاڵەکەیەوە بۆ کۆنتڕۆڵی بەهاکان و بێچمدان بە کەلتوور فاکتەرێکی کاریگەر و بەرچاوە بۆ ئەو خەڵکانەی کە بۆ بڕیارە سەرەکییەکانیان وەک سەرچەشن پشت بە ئایین دەبەستن. لە هەندێ لە کۆمەڵگاکاندا، خواستە بنەڕەتییەکانی خەڵک و ڕێگەکانی گەیشتن بەم خواستانە لە ڕێگەی یاسا و وانە ئایینییەکانەوە دیاری کراوه. ئەم بنەما و وانە ئایینییانە زۆر جار مافی تاکەکەسی و سەربەخۆیی تاک بە هەند وەرناگرن. دەسەڵاتی ئایین وەها کاری کردووەتە سەر دەوری دایک و باوک کە بۆتە خاوەندارێتی منداڵان لە لایەن دایک و باوکیانەوه. لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا کە بە پێی قەزاوەتی ئیمامییەیه، بە تەمەنی نێوان منداڵی و گەورەساڵی دەوترێ مێرمنداڵی (عبادی، ١٣٦٩). دادوەرانی سەرەتایی ئیمامییە لەو باوەڕەدا بوون کە هاوسەرگیری بۆ کچێک پێویستە و ناتوانرێ بەر لە باڵقبوون ئەم کارە بکرێ. سەرباری ئەمەش هەندێ لە دادوەرەکانی دواتر پێیان وایە ئەگەر چاوپۆشی لە هۆگری و خواستی کچی ناباڵق بکرێ، ئەوە ئەو هاوسەرگیرییە هەڵوەشاوەیه. سەرەڕای ئەمە کۆمەڵێکی کەم لە دەوڵەتەکان بۆ نموونە عەرەبستانی سعوودی، یەمەن و ئێران هێشتاش بە پێی شەریعەت ئیش دەکەن کە بە گوێرەی ئەوە کەسێک کە گەیشتووەتە تەمەنی باڵقبوون، ئەوە باڵق و عاقڵە (ئەحمەدی، 1395).

لە کۆبەندی ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوە بە کورتی دەتوانین بڵێین زۆر لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی پیشانی داوە کە هاوسەرگیری لە ژێر تەمەنی یاسایی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بوونی هەیە و پەیوەست بە سیستەمی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو کۆمەڵگایەیه. سەرەڕای ئەمە ئەم چەشنە هاوسەرگیرییە لە وڵاتانی ئەفریقایی و باشووری ڕۆژاوای ئاسیا زیاتر باوه. هەندێ بیر و باوەڕی ئایینی کە هاوسەرگیریی منداڵان بە ڕێگەپێدراو دەزانێ کاتێ کە دەبێتە یاسای فەرمی وڵاتێک ئەوە درێژ بەم بابەتە دەدات. لەو شەڕ و پێکدادانەی کە لە سەر ئاستی ئێتنیکی و هۆزی هەتا ئاستی نیشتمانییە هاوسەرگیری وەک ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لە بارودۆخ سەیر دەکرێ و تەنیا شتێک کە ڕەچاو ناکرێ تەمەنی باڵقبوون و باڵقبوونی زەینی منداڵانه. ئاستی خوێندەواری نزم و وازهێنان لە خوێندن لەو فاکتەرانەیە کە خۆی نە تەنیا هۆکاری هاوسەرگیریی منداڵانە بەڵکوو دەبێتە هۆی وازهێنان لە خوێندن لە لایەن منداڵانەوه. بنەماڵەی تێکشکاو و شپرزە یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان. پرسی ئابووری و هەژاری هەمیشە لەو فاکتەرە گرنگانە بووە کە وەک ئاڵوگۆڕێکی ئابووری سەیری هاوسەرگیری کردووه. هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێ لە بنەماڵەکان کچۆڵەکانی خۆیان لە تەمەنی کەمدا بدەن بە پیاوانێک کە زۆر جار بەساڵاچوون. بەم پێیە دەتوانین بڵێین منداڵ‌هاوسەری کارتێکراوی نۆڕمی کەلتووری، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و فاکتەرە ئابوورییەکانه.

شێوازی لێکۆڵینەوه

شێوازناسیی بەکارهێنراو لەم توێژینەوەدا شێوازی چۆنایەتی لە سەر پێوەری کەلان بوو. کۆمەڵگای ئاماری، قەبارەی نموونه، شێوازی نموونەگیری، ڕێژەی دیمانە دیاریکراوەکان بۆ هەر بەش و ناوچەیەک، تەنانەت کاتی تەرخانکراو بۆ هەر پارێزگایەکی تایبەت ڕەنگدانەوەی باوبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لەو ناوچە بووه.

پرسیارنامەی بەکارهاتوو لە هەر ناوچەیەک نموونەیەکی بەخۆجێیی‌کراو و خۆماڵی لە پرسیارنامە ئەندازەیی حەشیمەتی و تەندروستی بوو، بەڵام زۆربەی بەشەکانی بەدی هێنا بوو. پارێزگاکان بە شیکاریی داتا حەشیمەتناسییەکان سەبارەت بە ئامارەکانی هاوسەرگیری لە ماوەی دەیەی ڕابردوو دەستنیشان کران. پێڕستە بەکارهێنراوەکان لەم توێژینەوە بە هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایانە ئەنجام درا کە زیاترین ئاماری منداڵ‌هاوسەریان لە خۆ گرتبوو‌ و لە درێژەی ئەم چەند ساڵە پتر لە دیکەی پارێزگاکان دووپات ببوونەوه. بەم پێیە حەوت پارێزگا دەستنیشان کران: پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان و ئیسفەهان.

بەربڵاویی ناوچە ڕووماڵکراوەکانی ئەم توێژینەوە و تێبینی دارایی و کاتی، نموونەگیری هێشوویی پێویست کرد. بە بەکارهێنانی نموونەگیری هێشوویی، چەند شاری هەڵکەوتوو لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای هەر پارێزگایەک بۆ ڕووماڵی یەکەمین هێشوو دەستنیشان کران. چەند گوند لە هەر شارێک بۆ کەوتنە ناو هێشووی دووهەم دەستنیشان کران. گوتنە پێکهاتووەکانی پرسیارنامە بە بابەتەکانی ژێرەوە هێنرا بوون: پێش‌زەمینەی وڵامدەر، هاوسەرگیری، بڕیاری هاوسەرگیری، زک‌وزای ژنان، بە باوکبوونی پیاوان، ڕوانگەی ڕەگەزێتی، ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پەیامی پێشگیرانەی هاوسەرگیریی منداڵان، توندوتیژیی سێکسیی ژنان، توندوتیژیی خێزانی منداڵان. فوکووسی پرسیارنامە لە سەر پەرەسەندن و هۆکارەکانی هاوسەرگیریی منداڵان لە ناوچە ڕووماڵکراوەکان بوو. ئەم پرسیارنامه، تەنیا لە دیمانە لەگەڵ کەسانی خۆجێیی بە کار هێنرا. توێژینەوە هەروەها بریتی بوو لە دیمانە لەگەڵ بەرپرسان، کەسایەتییە حوکمی و ئایینی و ڕێبەرانی ئایینی.

ئەنجامەکانی توێژینەوه

لەم بەشەدا ئەنجامی ئەندازەگرتنەکان بە شێوەی پارێزگایی لێک دەدرێتەوە و ڕیزبەندیی پارێزگاکان بە پێی زیاترین فرەیی هاوسەرگیریی منداڵ‌هاوسەری لەواندا دەکەن.

1. پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی

خۆراسانی ڕەزەوی و ناوەندەکەی واتە شاری مەشهەدی پیرۆز پێتەختی مەعنەوی ئێران بۆ وێنە پارێزگا گرنگە ئایینییەکان لە ئێرانه. ئەم پارێزگایە ئاوێتەیەکە لە زۆرینەی شێعە و کەمینەی سوننە و کەسانی ئایین‌پەروەر لایەنگری لە هاوسەرگیریی منداڵان دەکەن. بەم پێیە بیر و باوەڕی ئایینی لە هاوسەرگیریی منداڵان دەورێکی گرنگی هەیه. لەم پارێزگایەدا منداڵ‌هاوسەری هەڵقوڵاوی ڕوانگەی پیاوسالارانەیه. خاوەندارێتی ئاو و زەوی فاکتەرێکی گرنگن کە لە پێناو دەستپێڕاگەیشتنیان هاوسەرگیریی منداڵان ڕووی دەدات. هاوسەرگیرییەکان زیاتر لایەنی بنەماڵەیی و تایفییان هەیە و بە پێی ئەوە پەیوەندیی بنەماڵەیی و هۆزایەتی پتەو دەبێت. بڕی مارەیی ئەگەر لە چەشنی خزمایەتی بێ کەمتر لە پێچەوانەکەیەتی بەڵام لە تەمەنی هاوسەرگیرییه فاکتەرێکی گرنگە. هەرچی تەمەنی کچان کەمتر بێ، بڕی مارەییش زیاتره.

لێکدانەوەی بەراوردی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە دەیەکانی ڕابردوو لەم پارێزگایەدا پیشاندەری ئەوەیە کە پشکی هاوسەرگیریی منداڵان و کۆی هاوسەرگیری ساڵانه، هەمیشە پتر لە 35 لە سەده. هاوسەرگیریی منداڵان لەم ناوچە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ڕووی لە دابەزینە بەڵام ڕێژەی تەڵاقی منداڵان ڕووی لە هەڵکشانه. هەروەها مامناوەندی هاوسەرگیریی و تەڵاقی منداڵانی کچ زیاتر لە هی کوڕانه.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی ژمارە 1. ڕێژەی هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە دەیەی ڕابردوو

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی 2. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە دەیەی ڕابردوو

شیکاریی وردی هەر دوو چارتەکەی سەرەوە پیشاندەری ئەوەیە کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان کاریگەریی قووڵتری لە سەر کچان هەیە تا کوڕان. گرنگترین فاکتەرە کاریگەرییەکانی ئەم ناوچە لە سەر هاوسەرگیریی منداڵان ڕوانگەی پیاوسالارانە و ملکەجکردنی ژنان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی ئارەزووی سێکسییانە. هەروەها هەژاری، کەم‌خوێندەواری، کاری کەلتووری و نائاسایشی، منداڵ‌هاوسەری زیاتر و بەهێزتر دەکا چوونکە کچان هێندەی کوڕان گرنگ نین و وەک بارگرانییەک بۆ سەر بنەماڵە سەیر دەکرێن. ڕێژەیەکی زۆر لە هاوسەرگیرییەکانی تەمەنی کەم بە تەڵاق لە تەمەنی کەم کۆتاییان پێ هاتووه. ئەو کچانەی وا لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن زیاتر لە بەر دەم ئەگەری تەڵاق لە تەمەنی کەمدان. منداڵ‌بووکەکان هەمیشە بێدەسەڵات و وابەستە بە مێردەکانیانن. ساڵانە ڕێژەی تەڵاق لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمە زیاتر کچان ڕووبەڕووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوه؛ کێشە و گرفتێک کە ئەو وەک منداڵێکی بێوە یان منداڵێکی تەڵاقدراو ناتوانێ دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم بکات. ئەو بەرپرسایەتییانەی کە کچێک بۆ بوونە «هاوسەر»، ئینجا «دایک» و ئینجا «بێوەژن» لە کۆڵی ناوه، کارەساتباره. ئەگەر ئەم کچانە مێردەکانیان بەجێیان بێڵن، بمرن یان تەڵاقیان بدەن، لە هەمبەر هەژاریی بەردەوام خەسارهەڵگرترن. بە پێی ئەوەی کچان لە هاوسەرگیریی پێشوەختە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە مێردەکانیان منداڵترن، زووتر دەبنە بێوەژن و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژیانیاندا تووشی کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی دەبنەوه. هەروەها لە بەر ئەوەی هاوسەرگیریی منداڵان گرێبەستی یەکیەتی ناو بنەماڵەیه، هەڵوەشانەوەی – واتە تەڵاق – لەوانەیە بۆ بنەماڵەکان و بۆ کچان لێکەوتەی جیدی بە دواوە بێت. تەنانەت ئەو کچانەشی کە دەتوانن تەڵاق لە مێردە کەڵکاوەژووکەر و بەدڕەوشتەکەیان وەربگرن لە مەترسیدان چوونکە توانای دەستخستنی داهات، خوێندن و پشتیوانیی داراییان زۆر کەمه.

ئەنجامی ئەندازەکان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوەی ئەوە پیشان دەدا کە زۆرینەی وڵامدەران تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 35 ساڵە بوو. لەم مەودا تەمەنییەدا 82 لە سەدی ژنان و 18 لە سەدی پیاوان حەشیمەتی ولامدەرانیان پێک هێنابوو کە بە شێوازی نموونەگیریی هەڵکەوتی دەستنیشان کرابوون. 2/52 لە سەدیان ئێستا هاوسەرگیرییان کردبوو و 5/42 لە سەدیان سەڵت و 5 لە سەدیان تەڵاقدراو بوون. وڵامدەران پانتایەکی بەربڵاویان لە نەتەوەکانیان پێک دەهێنا؛ واتە فارس (55 لە سەد)، تورک (35 لە سەد)، کورد (5 لە سەد) و ئەڤغانییەکان (5 لە سەد) بوون. لە خۆراسانی ڕەزەوی وازهێنان لە خوێندن گرنگترین فاکتەرێکە کە کاریگەر لە سەر هاسەرگیری دادەنێت. ئەنجامی نەرێنی دەروەست بە هاوسەرگیریی منداڵان و وازهێنان لە قوتابخانە کاریگەریی ڕووخێنەری دۆمینەیی نە تەنیا بۆ منداڵ‌بووکەکان بەڵکوو بۆ منداڵەکانی و بە گشتی بۆ سەر کۆی کۆمەڵگا هەیه. باوبوونی منداڵ‌هاوسەری پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕێژەی زۆری حەشیمەت، منداڵی هەتیوی زیاتر و تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکان هەیە (فیڵد و ئەمبرۆس ١٣٨7). لەم ناوچانەدا دایک و باوکەکان بەتایبەت باوک بڕیار بۆ هاوسەرگیریی منداڵ دەدا و منداڵ لەم بڕیاردانەدا هیچ دەورێکی نییه. لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی 4/52 لە سەدی بڕیارەکانی هاوسەرگیری لە لایەن دایک و باوک یان ئەندامانی بنەماڵە جگە لە کەسەکە خۆی دەدرێت. لە کاتێکدا کە ئاهەنگی هاوسەرگیری بەڕێوە دەچوو 9/42 لە سەدی کەسەکان ڕازی بە هاوسەرگیری نەبوون.

ئەنجامەکان پیشان دەدا کە 27 لە سەدی قوربانیانی هاوسەرگیریی پێشوەختە هێشتاش خەریکی خوێندنن و هاوسەرگیری هۆکاری سەرەکی وازهێنان لە خوێندنی 45 لە سەدی کەسەکان بوو بۆ ئەوەی بتوانن خەریکی کاری کابانێتی و منداڵداری بن. زۆرینەی وڵامدەران تەنیا خوێندنی سەرەتاییان بوو و تەنیا 10 سەدیان چانسی ئەوەیان هەبوو کە هەتا پۆلی دوازدەهەم (کۆتایی ئامادەیی) درێژە بە خوێندنیان بدەن. 1/57 لە سەدی ژنان بەر لە هاوسەرگیری دەچوونە قوتابخانە و 1/74 لە سەدیان بەڵێنی درێژەدان بە خوێندنی پاش هاوسەرگیرییان پێ درابوو بەڵام جێبەجێ نەبوو. هاوسەرگیریی منداڵان زیاترین کاریگەریی لە سەر تەندروستیی سێکسی و زک‌وزای کچۆڵەکان دادەنێت. جەستەی کچۆڵەکان لە ڕووی فیزیاییەوە بۆ منداڵ‌خستنەوە و زاوزێ گونجاو نییە و کچ هێندەی پێویست باڵق نییە و لەبەر ئەمەش هەم تەندروستیی دایک و هەمیش تەندروستیی منداڵ دەکەوێتە بەر مەترسی. ٩٧ لە سەدی نموونە ڕووماڵکراوەکان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی جارێک زاوزێیان کردووە. ئەو کچانەی کە بەر لە 15 ساڵان منداڵیان خستبۆوە هەتا 88 لە سەد مەترسی دڕانی کاتی زاوزێیان هەبوو کە لە هەمبەر هەوکردندا خەسارهەڵگریانی دەکرد. ئازار و هەوکردنێک کە لە درێژەی ژیاندا لەگەڵیانه. زانست سەبارەت بە برینی هەڵدڕانی زاوزێ لە نێو ژناندا کەم بوو. تەنانەت کاتێ بە مانای خۆجێیی ڕوونکردنەوەوی زێدەتریان پێ دەدرا زۆرینەی ژنان تەنانەت ئەو ژنانەی وا پتر لە 15 تەقەڵی کاتی زاوزێیان هەبوو، نەیاندەزانی کە لە ڕاستیدا بڕینی دڕانی زاوزێیان بە ئەزموون کردووە.

بە گشتی ئەنجامەکان پیشان دەدا 60 لە سەدی وڵامدەران پێیان وا بوو کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دەبێ بووەستێنرێ و 5/32 لە سەد پێیان وا بوو کە ئەمە پەیوەستە بە تایبەتمەندیی جەستەیی و باوەڕی کەسەکه. هیچ کام لە وڵامدەران زانیارییان سەبارەت بە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری نەبوو. کاتی وڵامدانەوە بەم پرسیارانە وایاندەزانی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی ژوور 18 ساڵانه. زۆرینەی کەسەکان پێیان وا بوو تەمەنی 15 ساڵان بۆ هاوسەرگیریی کچان و 20 ساڵان بۆ هاوسەرگیری کوڕان زووە و پێیان وا بوو تەمەنی باش بۆ هاوسەرگیریی منداڵەکانیان 20 ساڵانه. 6 لە سەدی ژنان ڕایانگەیاند کە بە نابەدڵی و پێچەوانەی خواستی خۆیان پیاوێک دەستی لێ داون و 9 لە سەد پەیوەندیی سێکسیی ناچارییان بە ئەزموون کردبوو. 2/21 لە سەدی ژنانی مێرددار وتیان ناچار بوون لەگەڵ مێردەکانیان پەیوەندیی سێکسی ساز بکەن و ڕێژەیەکی کەمیان توانیبوویان سەبارەت بە ناهۆگریی بۆ پەیوەندیی سێکسی قسە بکەن چوونکە لەو باوەڕەدا بوون بە شێوەی حاشاهەڵنەگر تێکەڵبوونی سێکسی بەشێکە لە ئەرکی ژن و مێردی. باوترین کاردانەوەی بنەڕەتی تێکەڵبوونی سێکسی بریتی بوو لە قەڵسی (9/42 لە سەد)، بێزاری (6/28 لە سەد) و تووڕەیی (6/28 لە سەد).

چارتی ٦: ڕێژەی هاودەنگی لەگەڵ ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی

٢. پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە پارێزگا گرنگەکانی وڵاته کە زۆرینە شێعەن و تورک بە زمانی ئازەری باڵادەستە. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات سێیەمین پلەی لە هاوسەرگیریی منداڵانی 15 بۆ 19 ساڵ و پێنجەمین پلەی هەیە لە هاوسەرگیریی کوڕانی تەمەن ١٥ بۆ ١٩ ساڵ، یەکەمین پلەی لە هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی تەمەن ١٠ بۆ ١٤ ساڵانی لە خۆ گرتووه. ئەوەی لە بەڵگەکاندا بەدی کرا باسی کارکردیی ئابووریی هاوسەرگیریی منداڵان بە مەبەستی باشتر‌کردنی ژیان و بژێوی بنەماڵە بووه. هەروەها زەختی کۆمەڵایەتی و ئەوەی کە هاوسەرگیری یەکێک لە فاکتەرەکانی قبووڵ‌کردنی کۆمەڵایەتییە لە فاکتەرە کاریگەرەکانی سەر هاوسەرگیریی منداڵان لەم پارێزگایەیه. زۆرینەی هاوسەرگیرییەکان لە لایەن بنەماڵە و لە ناو سیستەمی خزمایەتی ئەنجام درابوو و خواستی منداڵەکە خۆی بە هەند وەرنەگیرابوو.

لەم دەیەی ڕابردوودا منداڵ‌هاوسەری هیچ کات کەمتر لە 30 لە سەدی کۆی هاوسەرگیرییەکان لە هەموو تەمەنەکاندا نەبووه. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا هاوسەرگیریی منداڵان لە سۆنگەی ڕێژە و فرەییەوە ئامارێکی زۆری لە خۆ گرتووە کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە داکشان کردووه. ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری منداڵ‌بووکەکان و منداڵ‌زاواکان درێژەدان بە ژیانی هاوبەش بە ناموومکین دەزانن و هەر لەو تەمەنەدا تەڵاق وەردەگرن.

Presentation1

چارتی 3. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە دەیەی ڕابردوو

Presentation1

چارتی ژمارە .4 ڕێژەی هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە دەیەی ڕابردوو

قەبارەی نموونە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی هەڵکەوت بۆ سەر 6/64 لە سەد ژنان و 4/35 لە سەد پیاوان دابەش کرا. مەودای تەمەنی وڵامدەران لە نێوان 22 بۆ 28 ساڵە بوو. گرنگترین هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندن لە حەشیمەتی نموونە کە زیاترین فرەییشی لە خۆ گرتبوو، هاوسەرگیری بوو. واتە خوێندەواریی کەم فاکتەرێکە کە لەم ناوچەدا لەگەڵ منداڵ‌هاوسەری لە پەیوەندیدایه. دەوری ژنانە بە کاری ناو ماڵ و مێردداری و منداڵداری سنووردار بۆتەوه. ڕەوتێک کە بە شێوەی گشتی لە هەموو ناوچە ڕووماڵکراوەکاندا بەدی کرا ئەوە بوو کە کچان سەبارەت بە لەشی خۆیان کەمترین ئاستی زانستیان هەبوو. 4/77 لە سەدیان هیچ چەشنە زانیارییەکیان لە سەر تەندروستیی سێکسی و نەخۆشی ژنانە و ڕێگە چارەی چارەسەری ئەم کێشانەیان نەبوو. 48 لە سەدی ئەم ئافرەتانە هەرگیز کێشەی “دڕان یان برینی زاوزێ”ـیان نەبیستبوو. لە حاڵێکدا 4/19 لە سەدیان لە ڕاستیدا بە ئەزموونیان کردبوو. زۆرینەی وڵامدەران سەبارەت بە بەرنامەی تەندروستی و ڕاهێنانی زاوزێ زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبوو و زانیارییەکانیان لە ڕێگەی بنەماڵەوە پێ گەیشتبوو. لە ناو حەشیمەتی نموونە 8/18 لە سەد و 7/41 لە سەدی وڵامدەران بە ڕیز لە 18 و 15 ساڵان مارە کرا بوون.

پەسندکراوبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ژێر کاریگەریی ڕوانگە ڕەگەزێتییە زۆر کۆنسێرڤاتیڤانەدایه؛ لە لایەک ڕێگری لە چالاکی سێکسی لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری دەکا و لە لایەکی تریشەوە ژنان و کچان و بنەماڵەکانیان بە پەرسی هەر چەشنە لادان و گۆڕان لەم نۆڕمە دەزانێت. لە وەها دۆخێکدا کچێکی سەڵت وەک حەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر پێگە و ئابڕووی بنەماڵەکەی سەیر دەکرێت.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی 6 ڕێژەی لایەنگری لە ڕوانگەی ڕەگەزێتی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

یان ئەوەی کە بە هۆی ئەوەی لە پەیوەندییەکی سۆزدارییدایە و وێدەچێ بەر لە هاوسەرگیری تووشی توندوتیژی و ئازاری سێکسی ببێتەوە کە هەر دووکیان بە یەک ڕادە پێگە و ئابڕوی بنەماڵە ناشیرین دەکەن. دایک و باوکەکان ناچارن لەگەڵ باڵقبوونی کچەکانیان بیاندەن بە شوو چوونکە بوونی ژن یان کچ لە سۆنگەی سێکسی چالاک بەڵام سەڵت حەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگایەکی پیاوسالار کە پێداگری لە سەر باڵادەستیی ڕەهای پیاو و کۆنتڕۆڵی تەواوی ئارەزووە سێکسییە ژنانەکان دەکات. وڵامدەران بەردەوام ڕایاندەگەیاند کە کچێک کە ئیتر پاکیزە نییە لە “بازاڕ”ی هاوسەرگیریدا بایەخی خۆی لە دەست داوە و بە زووترین کات نرخی دادەبەزێت. لێکدانەوەی ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لەم پارێزگایە هۆگرییەکی زۆری بۆ کۆنتڕۆڵی پاکیزەیی ژنان پیشان داوە (بە شێوەی لە سەدا سەد). ڕێژەیەکی زۆر کەمی کەسەکان باوەڕیان وا بوو کە لێدانی ئافرەت لە ئەگەری خۆتێهەڵقورتان و دەمەقڕێ قبووڵکراو و ژیرانەیه، چوونکە ئەم ڕفتارەی ئافرەت لادان و بەزاندنی “مافەکانی” مێردەکەیانه.

3 – پارێزگای خووزستان

پارێزگای خووزستان سێیەمین پارێزگای ئامانج لەم توێژینەوە بوو. ئێتنیکی جۆراوجۆر لەم بەشەدا ژیان دەکەن، لە عەرەبەوە بگرە تا دەگاتە لوڕ، بەختیاری و فارس. زۆرینەی وڵامدەران شێعە بوون و بە زمانی فارسی، عەرەبی یان لوڕی ئاخافتنیان دەکرد. ناوچەی گەرمیانی ئەم دەڤەرە هۆکاری باڵقبوونی پێشوەختەی کچان و کوڕانه؛ واتە منداڵان بە پێچەوانەی تەمەنی بایۆلۆجیکیان لەوانەیە وەک گەورەساڵ ببینرێن کە ئامادەی هاوسەرگیرییه. لە ناو دڵی ئەم بابەتە هاوسەرگیریی منداڵان ڕیشەی لە نایەکسانیی ڕەگەزی و ئەم باوەڕەدایە کە ژنان و کچان لە کوڕان و پیاوان کەمتر و پەستترن. قەدەرگەرێتی (دێتێرمینیست)ـی جوگرافیایی هۆکاری زۆرێک لە داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی منداڵانه. بە هۆی ڕەوشی نالەباری کەش و هەوا و پلەی بەرزی گەرما لە درێژەی ڕۆژدا، چالاکیگەلی وەک کشتوکاڵ و باخەوانی ناموومکینه. هەر لەبەر ئەوە کاتی ئیشی بنەماڵە بەیانان زوو و پاش نیوەڕوانه، واتە ئەو کاتانەی کە پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێت. ئەمە پێویستی بە کرێکاری زیاتر بۆ ئیشی دەستی لە ناو بنەماڵەیە کە بزوێنەر و هاندەری پێویستبوونی منداڵ‌هاوسەری و هاوسەرگیریی منداڵانه. ملکەج‌کردنی ژنان لە لایەن پیاوان زۆر هەستپێکراو بوو.

داتاکانی لێکۆڵینەوە دەرخەری ئەوەن کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە پارێزگای خووزستان، پیشاندەری دابەزینی ساڵانەی هێورانەیە. ڕێژەی گشتی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی منداڵان 30 بۆ 40 لە سەدی کۆی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگای لە خۆ گرتووه. هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەن 18 ساڵان زۆر زیاتر لە ڕێژەی هاوسەرگیریی کوڕان هەر لەم تەمەنەدایه. بەڵام هاوشێوەی دیکەی پارێزگاکان، ڕەوتی منداڵ‌هاوسەری لە خووزستانیش ڕووی لە دابەزینه. وەک چارتەکان پیشانی دەدەن بە پێچەوانەی هاوسەرگیریی پێشوەختە کە ڕووی لە دابەزینه، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری منداڵان لە تەمەنی خوار تەمەنی 18 ساڵان تەڵاق وەردەگرن و وەک منداڵ‌بێوە دێنە هەژمار. لێرەشدا، دیسان ئەم پرسە ژنان لە پیاوان زیاتر دەکاتە قوربانی. ژمارەی کچانی خەسارهەڵگر و تەڵاقدراوی ژێر تەمەنی 18 ساڵان زیاتر لە کوڕانی تەڵاقدراوه.

Presentation1

چارتی 5. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگا

Presentation1

چارتی ژمارە 6. ڕێژەی هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگا

قەبارەی نموونە لە پارێزگای خووزستان بە شێوەی ڕێکەوت 8/87 لە سەدی ژنان و 2/12 لە سەدی پیاوانی لە خۆ دەگرت. مەودای تەمەنیان بە گشتی 16 بۆ 25 ساڵ بوو (8/98 لە سەد). 1/95 لە سەد هاوسەردار و 9/4 لە سەد سەڵت بوون. کۆی 98 لە سەدی هاوسەرگیرییەکان لە کوێ تۆمار نەکرابوو. لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا کچان شوویان بە پیاوانێک کردبوو کە زۆر لە خۆیان بەتەمەنتر بوون. بەڵگەکانمان ئەوە پیشان دەدا کە پتر لە نیوەی ژنان مێردەکانیان لانیکەم 10 ساڵ لە خۆیان گەورەتر بوون. گرنگترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن لەم ناوچە هاوسەرگیری بوو (9/43 لە سەد). بەڵگەکان لە سەر ئەم بنەمایەیە کە ئەو کچانەی وا زوور شوو دەکەن وازیان لە خوێندنی فەرمی دێنن و دووگیان دەبن. ئیشی زۆربەی وڵامدەرەکان ئیشی ناو ماڵ و منداڵخستنەوە و منداڵداری بوو (3/68). کاتێک شان و وەجی بنەماڵە بە تەنیا دەخرێتە ئەستۆی کچێک ئەوە بە واتای لێسەندنەوەی شان و پێگەی ئەو کچەیە و لە ڕاستیدا کاریگەریی لە سەر ئابڕووی بنەماڵە دادەنێت. پاکیزەیی بەر لە هاوسەرگیری بۆ 5/80 لە سەدی تاکەکان لە گرنگترین بابەتەکان بوو. هەلی کار و پەیوەندییەکەی لەگەڵ دەورە ڕەگەزییەکان و دووگیانبوون ئەوە دەردەخا کە ڕێژەیەکی زۆر کەمیان باوەڕیان وا بوو کە هەلی کاری یەکسان دەبێ بە هەر دوو ڕەگەزەکە بدرێ بۆ ئەوەی بتوانن کارێکی گونجاو وەدەست بێنن. 78 لە سەدی وڵامدەران باوەڕیان وا بوو کە کوڕانی مافی خۆیان هاوبەشی ژیانی خۆیان دەستنیشان بکەن، لە حاڵێکدا 5/76 لە سەدیان باوەڕیان وا بوو کە کچانیش دەبێ مافی هەڵبژاردنیان هەبێت. سەبارەت بە توانای بڕیاردان، شیکارییەکی سەرنجڕاکێش دەخرێتە ڕوو. بە گوێرەی ئەو وڵامانەی کە لە خەڵکی خووزستان وەدەست هات، 5/58 لە سەدی مێردەکان مافی قۆرخکراوی بڕیارەکانیان سەبارەت بە پرسە گەورەکانی ماڵ و بنەماڵە هەیە و تەنیا 5/14 لە سەدی ژنان لە بەشی بڕیاری ناو ماڵدا بەشدارییان دەکرد. بەم حاڵەوه، لە هەموو بڕیارە بچووک و سنوردارەکانی ناو ماڵ ژنان لە چاو مێردەکانیان دەورێکی زێدەتریان هەبوو کە بە ڕیز 6/36 لە سەد و 7/31 لە سەد وەدەست هات.

ژنانی هاوسەرداری کەم‌تەمەن لە چاو مێردەکانیان دەسەڵاتێکی کەمتریان هەبوو، هەر بۆیە لە هەمبەر دەستدرێژیی سێکسی زۆر خەسارهەڵگرن و لە بەر دەم مەترسی زۆری کەڵکاوەژوویی سێکسیدان. زۆرێک لە کچە ئازەبەکان تووشی پەیوەندیی سێکسی دەبن کە لە مافە سەرەتاییە مرۆییەکانیان بێبەشیان دەکات. ئەو کچانەی کە لە بەر لە تەمەنی 18 ساڵان هاوسەرگیری دەکەن زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە کە یەکەم ئەزموونی سێکسییان لە ڕووی ناچارییەوە بێت. لەگەڵ ئەوەی کچێک دەبێتە هاوسەر زۆر زوو ناچار بەوە دەکرێ کە بچێتە ناو ژیانی سێکسیی گەورەساڵان. لە وەها ئاراستەیەکدا منداڵبووکێک کەمتر دەستی بە خوێندن دەگا و لە سۆنگەی جەستەیی، دەروونی و سۆزدارییەوە ئامادەیی پێویستی نییه، سەبارەت بە لەشی خۆی هیچ زانستێکی نییە و توانای بە دواداچوونی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریی تەندروستی و لەشساغی (ئەگەر ببێت) نییه. هەروەها داتا وەدەستهاتووەکان پیشاندەری ئەوەیە کە زیاترین توندوتیژیی خێزانی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بریتییە لە قیژاندن بە سەر ئافرەت (75 لە سەد) و کەمترین ڕێژە هی بە جێهێشتنی ماڵە (25 لە سەد).

Presentation1

چارتی 9. ڕێژەی لایەنگی لە ڕوانگەی ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای خووزستان

4. پارێزگای سیستان و بەلووچستان

ئەم پارێزگایە بە ناوچەیەکی بیابانی و وشکەوە یەکێک لە هەژارترین و بەشخوراوترین ناوچەکانی ئێرانه. سیستەمی ئایدۆلۆژیای زاڵ مەزهەبی سوننەیە بەڵام لە بەشەکانی باکووری ئەم پارێزگایە کەمینەیەکی شێعە مەزهەبیش دەژین. ئامارەکانی دەروەست بە هاوسەرگیرییە ئەنجام‌دراوەکان ئەوە دەردەخا کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە گرووپی تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵان لە پلەی پێنجەمدایه.

جەنگ و پێکدادان لە ناوچەکە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی مێژووی ئەم ناوچەیه. ئەم پارێزگایە بە هۆی نەبوونی سیستەمی خوێندنی شیاو و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و ئیمکانیاتی ژێرخانی، لێکچوون و یەکدەستی تێدا بەدی دەکرێ، واتە لە نێوان شار و گونددا جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێت. شێوازی باوی ژیان لەم سیستەمەدا فئۆدالی و هۆزایەتی و لە سەر خزمایەتی چڕ بۆتەوە و ئەم حەشیمەتە لە سیستەمێکی هۆزی و تایفیدا ژیان بە سەر دەبەن ڕەزامەندی سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان تەنیا لە ژێر کاریگەریی کەلتووردا نییه. هەر بۆیە شێوازی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان نە تەنیا لە سەر پرۆسەی خوێندنی کچان بەڵکوو کاریگەرییەکی زۆریشی لە سەر خۆشگوزەرانی فیزیۆلۆجی ئەوان هەیه. کەمیی وشیاریی، هەژاری، هەڵاواردنی بەربڵاوی ڕەگەزی لە سەر کچان لەو هۆکارە سەرەکییانەیە کە دایک و باوکەکان ناچار دەکا بەر لە تەمەنی ١٨ ساڵان هاوسەرگیری بە کچ و کوڕەکانیان بکەن. ڕێژەی منداڵ‌خستنەوە لەم پارێزگایەدا ٥.٦٤ لە سەده، بەڵام ١٢ لە سەدی مەرگی دایکان لە سەر ئاستی کۆی گشتی وڵات پێک دێنن. لەم پارێزگایەدا منداڵ‌هاوسەری ئەوەندە زۆرە کە بە جۆرێ بۆتە نۆڕم. لەو داب و نەریتانەی کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی منداڵ‌هاوسەری لەم پارێزگایەدا نەریتی نێوکبڕینە کە زۆربەی وڵامدەران یان خۆیان یان دەوروبەرییەکانیان بە ئەزموونیان کردبوو.

داتاکان پیشان دەدەن کە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە هیچ ساڵێکدا کەمتر لە 40 لە سەد نەبووه. چارت هەڵکشانی منداڵ‌هاوسەری لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە سووڕانەوەیەک بەرەو خوارەوە لە ساڵی 1389ـی هەتاوی هەتا 1393ـی هەتاوی پیشان دەدات. ئەم هەڵکشانە هێدییانە و داکشانە لە ناکاوە بۆ هەر دوو ڕەگەزەکە لە ساڵی 1390ـی هەتاوی بەم لاوە دروسته. ڕێژەی تەڵاق لە سەر ئاستی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە چاو پارێزگاکانی دیکه، فرەیی و دووپاتبوونەوەیەکی کەمتری هەیه. بەستێنی ئایینی و هەژارییەکانی پارێزگا لەگەڵ شێوازی ژیانی هۆزایەتی بۆتە هۆی نزمبوونی ڕێژەی تەڵاق لەم ناوچەدا. ئەم ڕێژە لە ساڵانی دواییدا بەرزبونەوەی بە خۆوە بینیوه.

Presentation1

چارتی 7. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان

Presentation1

چارتی ژمارە 8. ڕێژەی هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان

لە ناو وڵامدەراندا، ٦٧.٣ لە سەد ژن و ٣٢.٧ لە سەدی پیاو، زیاتر لە مەودای تەمەنی ٢٦ بۆ ٣٢ بوون و زۆربەیان وتیان کاتی دەزگیرانی تەمەنیان خوار تەمەنی 18 ساڵان بوو. ڕێژەی قبووڵکرانی هاوسەرگیریی منداڵان 71 لە سەد بووە و پاش هاوسەرگیریی جێبەجێکراو لە پلەی دووهەمدا بوو. گرنگترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن هاوسەرگیری بوو. 5/37 لە سەدی وڵامدەرانی ئافرەت بەر لە هاوسەرگیری‌کردن نەدەچوونە قوتابخانە و 75 لە سەدیان بەڵێنیان پێ درا بوو کە پاش هاوسەرگیری دەرسیان پێ دەخوێنن. زانستی ژنان لە بارەی کێشە گشتییە تەندروستییەکانی زاوزێ و نەخۆشی ژنانە بە شێوەی زۆر بەرچاو لە ئاستێکی نزمدا بوو. داتاکانی لێکۆڵینەوە پیشانی داوە کە 3/27 لە سەد تووشی برینی زاوزێ هاتبوون. بە گشتی 51 لە سەدی وڵامدەران پێیان وا بوو کە منداڵ‌هاوسەری دەبێ بنەبڕ بکرێ، لە حاڵێکدا 7/36 لە سەدیان خوازیاری بەردەوامبوونی بوون. هەر هەموو وڵامدەران (100 لە سەدیان) زانیاریان لە سەر تەمەنی یاسایی نەبوو. 5/26 لە سەدی ئەم کەسانە تەمەنی 15 ساڵانیان بۆ هاوسەرگیری بە کەم دەزانی و بۆ کوڕان بە وتەی 8/26 لە سەدیان ئەم تەمەنە 17 بۆ 20 ساڵان بوو. زیاترین فرەیی توندوتیژی دژ بە ژنان لەم ناوچە بریتی بوو لە قیژاندن (3/83 لە سەد) و بە جێهێشتنی ماڵ (6/68 لە سەد). ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لەم پارێزگایە بریتی بوو لە پاکیزەبوونی کچان بەر لە هاوسەرگیری و ئەوەی کە کوڕان بۆیان هەیە هاوسەری خۆیان هەڵبژێرن.

Presentation1

چارتی 12. ڕێژەی لایەنگری لە ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان

5. ئازەربایجانی ڕۆژاوا

بە پێچەوانەی ناوی ئەم پارێزگایە کە هێمای باڵادەستیی ئازەرییەکانه، حەشیمەتی ئەم ناوچە زۆرینە کوردن کە نیشتەجێی شارە کوردنشینەکانن. خەڵکی شارە کوردەکان زۆرینەی سوننە مەزهەبن لە حاڵێکدا لە شارە تورک‌نشینەکاندا ئەهلی شێعە زۆرینەیه. پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا پلەی حەوتەمی لە هاوسەرگیریی کچان لە گرووپی تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵ و پێنجەمین پلەی لە گرووپی تەمەنی ١٥ بۆ ١٩ ساڵان لە خۆ گرتووه. ئەم پارێزگایە پلەی پێنجەم و چوارەمی لە هاوسەرگیریی کۆی کچان و کوڕان لە گرووپی تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵ و ١٥ بۆ ١٩ـی لە خۆ گرتووه. نۆڕمەکانی ئەم ناوچە بە هۆی داڕشتەی جۆراوجۆری کەلتووری و ئێتنیکی جیاواز بوو. یەکێک لە جۆرەکانی هاوسەرگیری کە لە هەندێ لە ناوچەکانی ئەم پارێزگایە بە شێوەی نۆڕمی لێ هاتبوو، هاوسەرگیری بە شێوەی هەڵگیران و ڕەدووکەوتن بوو. زەختی کۆمەڵایەتی بۆ هاوسەرگیریی پێشوەختە سەرەکیترین هۆکارێک بوو کە نەیدەهێشت دایک و باوکەکان ڕێگە بدەن منداڵە کەم‌تەمەنەکانیان بە سەڵتی بمێننەوه. وەک زۆر جار دەبینرا، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە هەندێ لە کۆمەڵگاکانی ئێران نەریتێکی بەردەوام و پێشینەدار دەمێنێتەوە کە بە هەژاری، نزم‌بوونی ئاستی خوێندەواری، دەرفەتە ئابورییەکان و هەروەها ئەو داب و نەریتە کۆمەڵایەتییانەی کە مافەکانی ژنان و کچان سنووردار دەکاتەوە و سەربەخۆیی بڕیاری تایبەتیان لێ دەستێنێتەوه، بەهێز دەبوو. هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ناو پێکهاتەی نزم‌بوونی کچان لە کۆمەڵگا گەشەی کردووە و لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، نیگەرانییە کۆمەڵایەتییەکان و زەختەکانی کۆمەڵگای خۆجێیی قاکتەری بزوێنەر و بەهێزکەرەوەی منداڵ‌هاوسەری بوون. خوێندنی کچان بە هۆی هەژاری و باوەڕ بەوەی کە خوێندن و چوونە قوتابخانەی کچان دەبێتە هۆی بەشداریی ژنان و پاکیزەییان لە دەست دەچێ لە لایەن پیاوانەوە بۆ کچان قەدەغە کراوه و کچان لە خوێندن بێبەش دەبن. سەیر لەوەدایە ئەو دایکانەی کە خۆیان پاشماوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانن، بەوەی کە ئیزن نادەن کچەکانیان بخوێنن و هەروەها هەڵبژاردنەکانی دیکە ئەم میراتە بۆ کچەکانیان دەگوازنەوه. هۆکاری سەرەکی باو ئەوەیە کە ژنان لە ڕەوتی بڕیارداندا سڕێنراونەتەوه، کە ئەمە کاریگەری لە سەر ژیانی خۆیان، تەندروستیی سێکسی و خۆشگوزەرانیان داناوه. ئەوان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە پێگەی ژن لە ناو چوارچێوەی دیوارەکانی ماڵێکدا پێناسە دەکات. زۆرێک لە ژنان لایەنگری هاوسەرگیریی منداڵانن، چوونکە بژاردەیەکی تریان بۆ نییه. منداڵ‌هاوسەری تاکە شتێکە کە دەیزانن.

بەراوردی ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵان لە چاو کۆی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگا لە پێوەرێکی ١٠ ساڵدا هەمیشە 30 بۆ 40 لە سەده. ئەنجامەکانی شیکاریی داتاکان ئەوە پیشان دەدا کە هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، بە جیاوازییە قووڵەکەی لە نێوان کچان و کوڕان لە مەودای دە ساڵەدا ڕووی لە کەم بوونەوەیه. ڕێژەی ئەو کچانەی وا خوار تەمەنی ١٨ ساڵان شوویان کردووە لە ڕێژەی کوڕان زیاتره. بەڵام بە پێی چارتی ژێرەوە دەتوانین بڵێین ڕەوتی هاوسەرگیریی منداڵان ئەگەرچی بە ئاستەم ڕوی لە دابەزینه، هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق لە هەر دوو ڕەگەزەکە بەتایبەت لە ناو کچان ڕووی لە هەڵکشانه.

Presentation1

چارتی 13. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

چارتی ژمارە 12. ڕێژەی هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی تەڵاق ئەوە دەگەیێنێ کە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری منداڵان بێوە دەبن. بەتایبەت ئەو کاتەی وا کچۆڵەیەک هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک دەکا کە تەمەنی زۆر لە خۆی زیاتره. لەقەمی کۆمەڵایەتی و حەیا تکانێک کە بەرهەمی تەڵاقه، و ئەو پێگەی وا ژنان لە کۆمەڵگادا هەیانه، زۆرێک لە کچان ناچارن بە تەنیا ژیان بە سەر ببەن و منداڵەکانیان بە بێ پشتیوان پەروەردە بکەن.

تەمەنی وڵامدەران زیاتر لە نێوان ١٩ بۆ ٢٥ ساڵان بوو کە تێیدا ٧٠ لە سەد ژن و ٣٠ لە سەد پیاو بوون. ٦٢.٥ لە سەدی وڵامدەران خەریکی ئیشی ناو ماڵ و منداڵداری بوون و ١٠.٤ لە سەدیان ئیشی ئازادیان هەبوو. هیچ کام لە وڵامدەران لە کاتی توێژینەوەدا خەریکی خوێندن نەبوون و هۆی سەرەکی وازهێنان لە خوێندنیان، نەبوونی قوتابخانە لە نزیک گوندەکەیان بوو. لەم پارێزگایەدا دووری لە قوتابخانە و نەبوونی ئیمکانیاتی خوێندن هۆکاری وازهێنان لە خوێندن بوو. بێ‌هۆگری و هاوسەرگیری لە یەکەمایەتییەکانی دیکەدان. 8/61 لە ئافرەتان لانیکەم جارێک زاوزێیان بە ئەزموون کردبوو. پرسی پەروەردەیی و تەندروستی لە لایەن بنەماڵە و هەندێ لە کەناڵە سەتەلایتییەکان وەرگیرا بوو. مامناوەندی تەمەنی ئەم دایکانە 17 ساڵان بوو. زۆرینەی هاوسەرگیرییەکان جێبەجێکراو بوو و کەسەکە خۆی تیدا بەشدار نەبوو (2/79). بۆ ژنان مامناوەندی تەمەنی دەزگیرانداری 15 ساڵان (1/27 لە سەد)، 13 و 14 ساڵان، (بۆ هەر دوو 5/12 لە سەد) بوو. زۆربەیان شوویان بە پیاوانێک کردبوو کە لانیکەم 10 ساڵ لە خۆیان گەورەتر بوون. 7/16 لە سەدیان پێیان وا بوو کە 15 ساڵ بۆ هاوسەرگیریی کچان و 20 ساڵان بۆ هاوسەرگیریی کوڕان زۆر زووە و زۆریان پێیان وا بوو کە تەمەنی ئایدیال بۆ هاوسەرگیریی منداڵەکانیان 20 ساڵانە (25 لە سەد).

شیکاریی و شرۆڤەی ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان بە سەرنج خستنە سەر ژنان و ڕۆڵیان لە بڕیاردانەکاندا پیشاندەری جیاوازییەکی زۆر بوو. ڕەگی خەسارهەڵگریی ژنان دەچێتەوە سەر تافی مێرمنداڵی. سەرکەوتنی کەمی خوێندن بە دەرهاویشتە درێژماوەکانی لە بواری هەلی کار بە هاوسەرگیریی پێشوەختە گرێ دراوە. پاراستنی ئابڕووی بنەماڵە لە ڕێگەی بە شوودانی پێشوەختەی پاکیزەکان لە سەر تەوەری نەریتیی منداڵ‌هاوسەرییە و ئەنجامەکانمان ئەوە پیشان دەدا کە لەم پارێزگایەدا پاکیزەبوون لە هاوسەرگیریدا لە بابەتە هەرە گرنگەکانه. دەتوانین ئەم ڕوانگە لە وێنەکەی ژێرەوە بەدی بکەین کە ٨٥.٤ لە سەدی کەسەکان باوەڕیان بە پاکیزەیی بەر لە هاوسەرگیری بوو. وڵامدەران زۆر هۆگری مافی هەڵبژاردنی هاوسەریان بۆ کچان نەبوون (تەنیا ٧ لە سەد) لە حاڵێکدا 75 لە سەدیان ئەم مافەیان بە هی کوڕان دەزانی. ڕۆڵە ڕەگەزێتییە پێ‌سپێردراوەکان ئاشکرا و دیار بوو. بەو پێیەی هاوسەرگیریی پێشوەختە پێگەی ژن لە ماڵدا پێناسە دەکا و توانای بڕیاردانی سنووردار دەکاتەوه، ژنان وەک بەرپرسی ئیشی ناو ماڵ سەیر دەکرێن. ٨١.٣ لە سەدی ئەم کەسانە بڕوایان وا بوو کە ئیشی ناو ماڵ و چاودێریی منداڵان تەنیا و تەنیا ئەرکی ژنه. زیاترین فرەیی توندوتیژی لە دژی ژنان لەم پارێزگایە هی بەدڕفتاری لەگەڵ ژنان و قیژاندن بە سەران ئەوان بوون.

چارتی ٣ – ٤٨ لایەنگری لە ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا

6- پارێزگای هورمزگان

حەشیمەتی پێکهێنەری ئەم پارێزگایە ئێتنیکەکانی فارس، عەرەب و بەلووچن. دراوسێتی ئەم پارێزگایە لەگەڵ قەتەر، دووبەی، عوممان و یەمەن کاریگەریی کەلتووری و ئابووریی لە سەر ئەم پارێزگایە داناوه. بەشە باشوورییەکانی پارێزگا و دووڕگەکانی زۆرینە موسڵمانی سوننە مەزهەب و بەشە باکوورییەکانی شێعەن. پارێزگای هورمزگان پلەی سێیەمی لە هاوسەرگیری لە گرووپی تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵ هەیە و یەکێک لە بێبەشترین پارێزگاکانی وڵاتی ئێرانە کە ئامارێکی زۆری مەرگی دایکانی لە خۆ گرتووە. باوەڕێکی باو لە پارێزگای هورمزگان هاوشێوەی دیکەی ناوچە ئوستوواییەکان هەیە کە ئەویش ئەمەیە کە گەرما و پلەی گەرما گەشە و باڵقبوونی کەسەکان خێراتر دەکاتەوه. هەر بەم پێیە کچان خێراتر گەشە دەکەن و لە ڕووی جەستەییەوە هێندەی پێویست باڵق دەبن کە لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری بکەن. پاساوی ئیسلامیی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان ئەوەیە کە دەبێ کەسەکە هەرچی زووترە لەم دۆخەدا هاوسەرگیری بکات.

شیکاریی داتا کۆکراوەکان پیشان دەدا کە هاوسەرگیریی منداڵان هەرگیز کەمتر لە 30 لە سەدی کۆی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگای هورمزگان نییه. بە گوێرەی چارتەکان و یەکسان لەگەڵ داتا وەدەستهاتووەکانی دیکەی پارێزگاکان، ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە پارێزگای هورمزگانیش ڕەوتی ڕوو لە داکشانه. بەڵام جیاوازییە ڕەگەزییەکان هێشتا زۆرە و زیاترین ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری لە ناو کچان دایه. لە بەرامبەردا ڕێژەی تەڵاق لەم پارێزگایە ڕووی لە هەڵکشانه. کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بوونەتە ژنانی تەڵاقدراو و ئەم ڕەوتە ساڵ لە دوای ساڵ ڕووی لە بەرز بوونەوەیه.

Presentation1

چارتی 16. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگا

Presentation1

چارتی ژمارە 15. ڕێژەی هاوسەرگیری ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگا

وڵامدەران زیاتر لە سنووری تەمەنی نێوان ٢٦ بۆ ٢٩ ساڵ بوون کە لەم نێوەندەدا ٨٢.٤ لە سەدیان ژن و ١٧.٦ لە سەدیان پیاو بوون. بە شێوەی مامناوەند تەمەنی کەسەکان لە کاتی دەزگیرانداریدا 18 ساڵان (6/21) و 19 ساڵ (6/19 لە سەد) بوو. زۆربەی ژنان شوویان بە پیاوانێک کردبوو کە لە خۆیان گەورەتر بوون (9/42 لە سەد) و زۆرینەی پیاوان (6/55 لە سەد) هاوسەرگیرییان لەگەڵ ئافرەتانێک کردبوو کە هاوتەمەنی خۆیان بوو. 2/22 لە سەدی ژنان بەر لە هاوسەرگیری دەچوونە قوتابخانە و 44 لە سەدیان بەڵێنیان پێ درا بوو کە پاش هاوسەرگیری بتوانن درێژە بە خوێندنیان بدەن. ئەنجامەکان پیشان دەدا گرنگترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن لەم پارێزگایە هاوسەرگیری بوو. 81 لە سەدی ژنان لانیکەم جارێک زاوزێیان کردبوو و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پاش زاوزێ زیاتر لە لایەن ئەندامانی گەورەتری بنەماڵە چاودێری کرابوون (1/45 لە سەد). زۆربەی وڵامدەران (3/37 لە سەد) لەو باوەڕەدا بوون کە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا قازانجێکی ئەوتۆی نییه. لە حاڵێکدا ١٩.٦ لە سەدی وڵامدەران ئەم بابەتەیان بە هۆکاری پتەوکەرەوەی پەیوەندییە بنەماڵەییەکان دەزانی. زیاترین فرەیی توندوتیژیی خێزانی دژ بە ژنان لەم پارێزگایەدا بریتییە لە تێکەڵبوونی سێکسی ناچاری و بە جێهێشتنی ماڵ (60 لە سەد).

Presentation1

چارتی ٣ – ٥٩ لایەنگری لە ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای هورمزگان

شیکاریی ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگا پیشاندەری ئەوەیە کە پتر لە ٨٠ لە سەدی وڵامدەران لە پارێزگای هورمزگان باوەڕیان وا بوو کە پاکیزەبوونی بەر لە هاوسەرگیری بۆ کچان پێویسته. ١٦ لە سەد ڕایانگەیاند کە لێدانی ژنیش پێویست و زەروورییه. ئەندازەگرتنەکان ئەوەیان دەرخست کە ٧٠.٦ لە سەدی کەسەکان هەڵبژاردنی هاوژینیان بۆ کوڕان قبووڵ بوو و پشتیوانیان لەو ئایدیایە دەکرد کە کچانیش بتوانن هاوبەشی ژیان و کاتی هاوسەرگیریی خۆیان دەستنیشان بکەن (٦٢.٧ لە سەد).

7. پارێزگای ئیسفەهان

زۆربەی خەڵک باوەڕە نەریتییەکانی خۆیان پاراستووە و لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگادا ئەم پابەندێتییە بەدی دەکرێت. بە گوێرەی داتا کۆکراوەکان ڕێژەی منداڵ‌هاوسەری بە شێوەی ساڵانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ لە سەدی ڕێژەی کۆی هاوسەرگیری بووه. ئەنجامەکان پەرەسەندنی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ماوەی دەیەی ڕابردوو پیشان دەدا. وەک دەبینرێ ڕێژەی جیاوازی بە پێی ڕەگەزێتی، بەو واتا دێ کە منداڵ‌هاوسەری کچان لە هی کوڕان زیاتره. لێکدانەوەکان دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە ماوەی دە ساڵدا پیشان دەدات. لە بەرامبەردا ڕێژەی تەڵاقیش لە پڕەسپێکتیڤی دەیەی ڕابردوودا کێشراوەتەوه. دیارە ڕێژەی تەڵاق ساڵانە گۆڕانی بە سەردا دێ بەڵام نە لە ڕەوتێکی نەگۆڕداودا.

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی 19. ڕێژەی تەڵاقی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای ئیسفەهان

C:\Users\Osmani Repairs\Desktop\Presentation1.png

چارتی ژمارە 18. ڕێژەی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی 18 ساڵان لە پارێزگای ئیسفەهان

زۆربەی وڵامدەرانی ئیسفەهانی لە سنووری تەمەنیی نێوان ٢٥ بۆ ٢٦ ساڵ بوون کە لەم نێوەندەدا ٨٤.١ لە سەدیان ژن و ١٥.٩ لە سەدیان پیاو بوون کە ٩٧.٧ لە سەدیان هاوسەردار بوون. ئەنجامەکان ئەوە پیشان دەدەن کە لە کاتی توێژینەوە تەنیا ٢.٣ لە سەدی وڵامدەران خەریکی خوێندن بوون و لە زۆربەی نموونەکاندا هۆکاری وازهێنان لە قوتابخانە هاوسەرگیریی پێشوەختە بوو. زۆرینەی وڵامدەران خەریکی ئیشی ناو ماڵ و چاودێری منداڵەکان (٥٤.٥ لە سەد) و ئیشی ئازاد (٢٥ لە سەد) بوون. زۆربەی وڵامدەران هەتا قوتابخانەی سەرەتایی درێژەیان بە خوێندن دابوو و تەنیا ١٣.٦ لە سەدیان دەرفەتی ئەوەیان بۆ هەڵکەوتبوو کە هەتا پۆلی هەشتەم بچنە قوتابخانه. ٥١.٤ لە سەدی ژنان لانیکەم جارێک زاوزێیان کرد بوو. وڵامدەران زیاتر لە ڕێگەی دواندنی ئەندامانی گەورەتری بنەماڵە وەکوو دایک و خوشک (١٨.٢ لە سەد) و ڕاوێژکارانی بنەماڵە .(٤٧.٧ لە سەد) زانیارییان سەبارەت بە پرسە سێکسییەکانی وەدەست هێنابوو. زۆربەی وڵامدەران (٣٦.٤ لە سەد) لەو باوەڕەدا بوون کە قازانجێکی ئەوتۆ لە هاوسەرگیریی پێشوەختەدا نییە و سەیر لەوەدایە هێشتاش ١٨.٢ لە سەدیان بۆچوونیان وایە کە ئەم بابەتە دەتوانێ ببێتە هۆی توندوتۆڵ بوونی پەیوەندییە بنەماڵەییەکان. توندوتیژیی خێزانی پیاوان لە دنیادا زۆر باوه، پارێزگای ئیسفەهانیش لەم حاڵەتە بەدەر نییه. پەیوەندیی زیاترین فرەیی توندوتیژیی خێزانی دژ بە ژنان لە ئیسفەهان بە 72 لە سەد هی سێکسیی ناچاری بوو. سەبارەت بە ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان گرنگترین بابەت بریتی بوو لە پاکیزەبوونی ئافرەت بەر لە هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی هاوسەر لە لایەن کوڕان بوو.

C:\Users\PCRAM.IR\Desktop\Presentation1.jpg

چارتی 20. لایەنگری لە ڕوانگە ڕەگەزێتییەکان لە پارێزگای ئیسفەهان

باس و کۆبەندیی

هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان دیاردەیەکی جیهانی و ناسراوە کە لەم ساڵانەی دواییدا وشیاری و ناسینی ئاسەوارە ڕووخێنەرەکانی بۆتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵێکی زۆری توێژەران و ڕێبەرانی جیهانی. دژایەتیی نێودەوڵەتی و ئیدانه‌کردنی هاوسەرگیریی منداڵان ڕوون و لاگیرییەکی ڕاشکاوتری گرتووەتە خۆی. بەم حاڵەوه، ئەوەی لە ناو باس و مشتومڕەکانی هاوسەرگیریی منداڵاندا بە نەوتراوەیی ماوەتەوه، بێدەنگییەکی گوێ کەڕکەر لە مەڕ ڕووداو و باوبوونی ئەم نەریتە لە وڵاتی ئێرانه. لە کۆمەڵگای ئێراندا سەرەڕای ئەو داپەڕ و ڕێبازانەی کە لەم بوارەدا ئەنجام دراوه، هێشتاش زۆریان نەناسراون و زۆریان بە کپی ماونەتەوه. هۆکارەکانی منداڵ‌هاوسەری زۆرن. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە پیشان دەدا کە هۆکاری بنەڕەتی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە کۆمەڵگای نەریتخوازی ئێران درێژەی جیهانبینی پیاوسالارانەیه. ئەمە هەر ئەو هۆکارەیە کە لە درێژەی چەندین نەوەدا منداڵ‌هاوسەری لە کەلتووری ئێراندا بەجێهێشتووه. هەژاری یەکێکی تر لە فاکتەرە کاریگەرەکانه. کاتێک هەژاری فاکتەری دیاریکەرەوەی دەرکردنی بڕیاری بنەماڵەییە، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان وەک ڕێگە چارەیەکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی پێداویستی دارایی بنەماڵە لە قەڵەم دەدرێت. هەژاری دێت و دەتوانێ وەک وزەیەکی زۆر بەهێز دایک و باوکەکان ناچار بکا کە بە هاوسەرگیریی پێشوەختە پەناگەیەک بۆ منداڵەکانیان بدۆزنەوه. هەست بە کەمیی ئاسایش بزوێنەری منداڵ‌هاوسەرییه. هاوسەرگیریی پێشوەختە پارێزەر و وڵامی هەستی نائارامی بە هۆی جەنگ و تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکانە. وەک لە ئەنجامی توێژینەوەکاندا دەرکەوت، لەو شوێنانەی کە شەڕی ناوخۆیی، جەنگ یان کێشمەکێشی تێدا بوو، هاوسەرگیریی منداڵان وەک دەروازەیەک بۆ ژیانێکی ئارامتر بۆ منداڵ ڕەچاو دەکرا. توێژبەندیی کۆمەڵایەتی خۆی بێچم بە هاوسەرگیریی منداڵان دەدات. دەسەڵاتی هێزە کۆمەڵایەتییەکان کە بە قووڵی لە ناو بیر و باوەڕ و داب و نەریتی ڕابردوواندا بنجی داکوتاوە تێدەکۆشێ بە سەر یاسا فەرمییە ڕەوادارەکاندا زاڵ بێت. وەک چۆن وەها یاساگەلێک زیاتر لە جاران دەسەپێنرێن. کاتێک لە نێوان نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان و شرۆڤە ئایینییەکاندا ناکۆکی بەدی دەکرێ، ئەوە دووهەمە کە لەگەڵ یەکەم خۆی دەگوونجێنێت. سەبارەت بە هاوسەرگیری، لەقەمی کۆمەڵایەتیی لەدەستچوونی ئابڕوو لە کۆمەڵگا و ترس لە دوورخرانەوە بە هۆی پابەندنەبوون بە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارەکانی باوبوونی منداڵ‌هاوسەرییه. داب و نەریتی نەشیاو و باو و نۆڕمە جێندەری و کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمەڵگەکانی ئێراندا بەدی دەکرێ، هاوکاریی مانەوەی نەریتی منداڵ‌هاوسەری دەکات. لە کۆمەڵگای نەریتخواز کە تێیدا لەدەستدانی پەردەی کچێتی هێشتا تابۆیه، بۆ ڕێگری لە گۆڕینی ئەم تابۆیانە داب و نەریتی پەیوەست بە هاوسەرگیری و دەزگیرانداری بێچم دەگرێت. لە وڵاتی ئێران کچان لە ڕێگەی نۆڕمە پاکیزەیی و پاکداوێنییەکانەوە بە کۆمەڵایەتی دەبن. پاراستنی ئەوەی شتەی وەک شانازیی کچان دەناسرێ زەختێکی زۆر دەکاتە سەر بەرپرسایەتی دایک و باوک بۆ بەرگری لە بارودۆخی بنەماڵە و هۆز. هاوسەرگیریی کچانی کەم‌تەمەن وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی چالاکیی سێکسیی هەڵە یان ڕێنوێنیان پێناسە دەکرێت. لەم بارودۆخەدا بوونی کچێکی کەم‌تەمەن لە ماڵەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوەی پێشتر بە تابۆ ناسراوه، چوونکە کچان لەوانەیە بچنە ناو پەیوەندیی سێکسیی بەر لە هاوسەرگیری. ئەم ترسە بەهێزە مافی سەرەتایی بۆ خوێندن و ئەو مافە سەرەتاییانەی کە چ کاتێک و لەگەڵ کێ هاوسەرگیری بکەن، لە کچان زەوت دەکات. هاوسەرگیریی پێشوەختە و وازهێنان لە خوێندن دوو ڕووداوی جووتن کە خاڵی کۆتاییهێنەری هەلی پێشکەوتن لە ژیانی کچۆڵەکانن. وازهێنان لە خوێندن ڕووداوێکە کە هاوکات و دەروەست لەگەڵ هاوسەرگیریی منداڵان ڕوو دەدا. لە بنەماڵەیەکی نەدار و هەژار، بایەخی درێژەدان بە خوێندنی کچان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چاوەڕوانیی باشتربوونی ئیش و دەرفەتی وەدەستهێنانی داهات.

ئاستە نزمەکانی ڕاهێنان یان خوێندەواری و سنوورداربوونی سەربەخۆیی ئابووری، ئاستی خەسارهەڵگریی کچان بەرز دەکاتەوه. ئاوات و خۆزگەکانی کچۆڵەیەک لە بواری ڕاهێنان و لێهاتوویی لەوانەیە بە هۆی ڕۆڵی ڕەگەزێتیی پێشتردیاریکراو کە دەڵێ ژن سنووردار کراوەتەوە بە چوار دیواری ناو ماڵێک، دیاری بکرێت. سەرمایەگوزاری لە سەر خوێندنی کچان لەگەڵ ئابووریی بنەماڵەی هەژار ناکۆکە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکان دەریدەخا کە کاریگەریی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، ئاسایش، پێشکەوتن و تەندروستیی سۆزداری منداڵان دەخاتە مەترسییەوه. هاوسەرگیریی پێشوەختە فەرمان بە کۆتاییهاتنی لە ناکاوی تافی منداڵی دەدا و بەوەی گەشەی فیزیۆلۆژیکی و جەستەیی پێویست بۆ ئامادە بوونی زەین و جەستە و بیریان بۆ بوونە هاوسەرانێکی باڵق، دایک و باوکانێکی وشیار و بە گشتی شارۆمەندانێکی ئەکتیڤ بکەن لە منداڵان زەوت دەکا، بێبەزەییانە بەرەو دنیای گەورەیی پاڵیان پێوە دەنێت. هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمی منداڵی لەگەڵ گەشەی سرووشتی ناکۆکه. ئەم کچە کەم‌تەمەنانە نە منداڵن و نە گەوره. چوونکە وەک بەتەمەنێک دەردەکەون بەڵام هێشتا لە ڕووی توانای بڕیاردان و سەربەخۆیی دەروونی کەمایەسییان هەیه.

هاوسەرگیریی منداڵان شوناسیان دەڕووشێنێ و بە هەڵە ناویان دەنێ بەتەمەن. ژیانی ئەوان بە بێ دنیای پیاوان کەم‌وکۆڕی هەیه، دنیایەک کە ئەوان نە کچۆڵەن و نە ژنن. بە دانانی منداڵان لە ڕۆڵی بەتەمەنەکان، منداڵ‌هاوسەری لە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو کۆمەڵێ گۆڕانکاری دەسەپێنێ: دووگیانبوونی پەیتاپەیتا، سنوورداربوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دەرفەتخوازیی ماڵی لە نەوەی نوێ، پێداگری کردن لە سەر گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی، تەڵاق و بێوەبوونی پێشوەختە و کەوتنەداوی بەجێماوەکان لە ناو یاسا و ڕۆڵی هەڵوەشاوە و کۆنه، هەڵاواردن و ستەم بە پێی ڕەگەزێتی دزەی کردووەتە ناو بازنەی بیرکردنەوەی گشتی و بۆ نەوەکانی داهاتووش دەگوازرێتەوه. زکپڕیی نەخوازراو کچان بەرەو ئاستێکی بەرزی ئیسترێسی جەستەیی و دەروونی پەلکێش دەکا، چوونکە لەش و زەینیان بۆ دووگیانبوون ئامادە نییه. هاوسەرگیریی منداڵان دەروازەیەکە بۆ زک و زای پڕمەترسی و بێ ژومار. زەختێکی زۆر دەخرێتە سەر کچان بۆ ئەوەی توانای دووگیانبوون و زک‌وزا بە خزم و کەس، مێرد و کۆمەڵگا بسەلمێنن تەنانەت بەر لەوەی ئەو ئافرەتە توانای تەواو‌کردنی گەشەی سێکسی و جەستەیی خۆی هەبێ و تەنانەت بەرلەوەی باڵقبوونی عەقڵی، دەروونناسی و سۆزداریی پێویست بۆ دووگیانبوون و قبووڵ‌کردنی بەرپرسایەتی ژیانێکی نوێ لەودا بێچم بگرێت. دووگیانبوونی پەیتاپەیتا و پێشوەختە دەتوانێ برینی هەمیشەیی لێ بکەوێتەوە و تەندروستی و ژیانی دایک و منداڵ لاواز بکات. ئەم لێکۆڵینەوە بە پێی ئەنجامی ئەندازە گرتنەکان، کۆمەڵێ پێشنیار و ڕێکار دەخاتە ڕوو. زۆرێک لەم پێشنیارانە بەرنامەی ڕێگری لە هاوسەرگیریی منداڵان بەهێز دەکەن و پێداگری لە ئەوە دەکەن کە ڕوانگەی گشتگیریی چەند لایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی هاوسەرگیریی منداڵان مەرجی پێویستی گرتنە بەری سیاسەتەدانانەکانە. تەمەنی یاسایی پێناسەکراو بۆ خوێندنی ناچاری دەبێ هاوئاراستەی تەمەنی لانیکەمی پێناسەکراو بۆ هاوسەرگیری بێت. یاسا سەبارەت بە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری کە لە ئێستادا ١٣ ساڵ بۆ کچان و ١٥ ساڵ بۆ کوڕانه، پێویستی بە هەڵکشان بۆ تەمەنی ١٨ ساڵانه. تۆمار‌کردنی فەرمیی هەموو ڕێکەوتی لەدایکبوونەکان و هاوسەرگیرییەکان بۆ لە ناوبردنی نەریتی هاوسەرگیری لە منداڵیدا ناچارییە. تۆمار‌کردنی ناسنامە هەنگاوێکی کلیلی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵانە چوونکە بەڵگە بۆ دیاری‌کردنی دروستی تەمەنی بووکه. تۆمار‌کردنی دروستی هاوسەرگیری تەنیا ئەو کاتە مومکینە کە لە سەر بنەمای تۆمار‌کردنی کاتمەند و دروستی ڕێکەوتی لەدایکبوونەکان بێت. دەوری دەوڵەت زۆر بەرچاوه. دەوڵەت دەبێ بوون و شوناسی هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بە فەرمی بناسێ و بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان بەرنامەی بەردەوامی هەبێت.

حکومەت لە دابین‌کردنی سەرچاوەی دارایی پێویست لە ڕێگەی وەزارەتخانەکان بۆ ڕاهاتن لەگەڵ ئەم دیاردە مێژووییه، دەبێ بەڕێوەبەرایەتییەکی سیاسیی بەهێز بۆ ئەم پرسە پیشان بدات. بەم شێوە دەبێ سیستەمێکی پەروەردەی ناچاری و بێبەرامبەر لە سەرتاسەری وڵات دابنرێت. زیاترین کاریگەرییەک کە لە ڕاهێنانی کچان وەدەست دێ ئەوەیە کە دەتوانن لە کۆمەڵگادا پەرە بەم بیرکردنەوە بدەن کە کچان هێشتا منداڵانی قوتابخانەن. ڕێکارێکی دیکە بریتییە لە ڕاهێنانی گشتی سەبارەت بە هاوسەرگیریی منداڵان و هەڵکشاندنی ئاستی خوێندەواری و ئاگاداریی گشتی. کەم‌خوێندەواری هەم هۆکار و هەم هۆداری منداڵ‌هاوسەرییه. هەڵکشانی ئاستی وشیاری کاتێ دێتە دی کە دەسەڵاتی تەکنەلۆژیا بخرێتە گەڕ. لە پێناو بردنە سەرەوەی ئاستی ئاگاداری لە مافەکانی کچان و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی لە منداڵیدا پێویستە کەڵک‌ لە کەمپەینەکانی میدیا و دیگەی شێوازە داهێنراوەکانی وەکوو تەلەڤیزیۆن، ڕادیۆ و مۆبایل و میدیا دیجیتاڵییەکان بگیرێت. سیستەمی یاسایی بۆ ڕێگری لە هاوسەرگیریی منداڵان زۆر پێویسته. زیاد‌کردنی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵان و پشتیوانیی یاسایی بۆ ئەم مەبەستە گرنگییەکی زۆری هەیه.

دەبێ دەزگای داد بۆ سزادانی ئەو کەسانەی وا دەست دەدەنە کاری منداڵ‌هاوسەری و ئەو دایک و باوکانەی کە ڕۆڵەکانیان ناچار بە هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکەن، هەوڵێکی جیدیتر بدات. پیاوان هۆکاری گۆڕانن و ئەوان بڕیار دەدەن. کردنە ئامانجی باوکان، دایکان، برایان و مێردەکان لە دەستێوەردانە بنەبڕ‌کردنەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوان بتوانن لە بارودۆخی سێکسی و ئیمتیازەکانی پشتیوانی و بایەخدان بە ژنان و کچان تێگەیشتنێکی دروستیان هەبێت. ڕێبەرانی ئایینی فاکتەری سەرەکی گۆڕانن. ئەوان کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سەر باوڕی گشتی هەیە و بەو متمانەی وا لە ناو کۆمەڵگادا وەدەستیان هێناوه، دەتوانن پەسەندکراویی کەلتووری وەدواخستنی هاوسەرگیریی بچەسپێنن. بە ئاوڕدانەوە لە کاریگەریی ئایین بە سەر منداڵ‌هاوسەری، ڕاهێنانی گشتگیر و ڕاوێژی ڕێبەرانی ئایینی بە مەبەستی پیشاندان و ڕەنگدانەوەی پەیامی پێشگرانەیه.

سەبارەت به نووسەر

کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:

ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)

– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛

زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛

ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛

ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛

– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛

– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛

-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.

توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com

 

سەرچاوە کان:

محمدپور،ع. تقوی، ن (1934). عوامل اجتماعی بالا رفتن سن ازدواج، فصلنامە مطالعات اجتماعی، سال پنجم، شمارە بیستم، صص 39 – 53.

سیار، ث. راهب، غ. اقلیما، م (1931). مقایسە كاركرد خانوادە در ازدواج های سنتی و مدرن در زنان متاهل شهر تهران، فصلنامە علمی – پژوهشی رفاە اجتماعی، سال دوازدهم، شمارە چهل و هفت، صص 295 – 281

ئەحمەدی، کامیل (1395). بە ناوی نەریت: توێژینەوەی گشتگیر سەبارەت خەتەنەی ژنان لە ئێران، تاران: چاپخانەی شیرازه.

صفوی، ح. مینایی، م (1394). تجربە زیستە دختران نوجوان در نقش همسر، فصلنامە پژوهش زنان، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات – فرهنگی، سال ششم، شمارە اول، صص 106 – 87

المو، ب (1386). ازدواج زودهنگام در اتیوپی: علل و عواقب سلامتی. مركز بین المللی تحقیق برای زنان.

صتدوق جمعیت سازمان ملل (1391). ازدواج زود هنگام: پایان كودک همسری، نیویورک: صندوق جمعیت سازمان ملل.

یونیسف (1383)، آموزش. بڕوانە: (ڕێکەوتی دەست پێ گەیشتن 10/10/1395)

یونیسف (1380) ازدواج زودهنگام: کودک همسران. بڕوانە ڕێکەوتی دەست پێ گەیشتن (7/10/1395).

کلاگمن. جی ، هانمر. اس ، تویگ. اس ، حسن. جی، مک کلیری سیلز و سانتاماریا. جی (1393). صدا و آژانس: توانمندسازی زنان و دختران برای موفقیت عموم. واشنگتن دی سی.

یونیسف (1392)، بیانیە مشترک در خصوص پایان خشونت علیە زنان و دختران. بڕوانە:

ئەحمەدی. ک (1395) زایەڵەی بێدەنگی: (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان لە ئێران تاران: چاپخانەی شیرازە

خانوم، ان(1387)، ازدواج اجباری، تجانس خاناودگی و درگیری اجتماع: یادگیری ملّی از طریق مطالعە موردی لوتون، برابری در تنوع.

ساروپ، کامالا (1386)، ازدواج کودکان اثرات مخربی بر زنان دارد. اخبار نیوزبلید. بڕوانە (ڕێکەوتی دەست ڕاگەیشتن: 9/10/1395)

یونیسف (1390)، نوجوانی سن فرصت ها. نیویورک: سری گزارشات وضعیت کودکان جهان. بڕوانە:(ڕێکەوتی دەست ڕاگەیشتن: 9/10/1395).

بانک جهانی (1395)، گروە بانک جهانی و واقعیات آموزشی دختران نوجوان. بڕوانە (ڕێکەوتی دەست پێ گەیشتن 9/10/1395).

سالنامە آماری ثبت احوال (1393) بڕوانە

مطلبی، حسین و رسولی، احمد و حامدی بهتاش، حمیدرضا و دستجردی، علی و کاظمی، بهناز (1392)، عوامل موثر بر ازدواج زودهنگام و اجباری در ایران. مجلە علمی سلامت عمومی، دورە 1، شمارە 5، صص 227 – 229.

مقدم،والنتین (1383)، مردسالاری در گذار: زنان و خانوادە در حال تغییردر خاورمیانه، مجلە مطالعات تطبیقی خانواده، صص 137 – 162

لمون، گایلە زماخ (1393)،شرایط ناپایدار، زندگی‌های شکننده. بڕوانە: (ڕێکەوتی دەست ڕاگەیشتن: 9/10/1395).

الحکم، حسین و مک لالین، کِنِت (1395)، ازدواج‌های مورد بحث: ازدواج و وصلت کودکان در عربستان سعودی. مجلە ازدواج و خانواده. بڕوانە

عبادی، شیرین (1369)، توجە بە حقوق کودکان در ایران، نشر روشنگران.

احمدی، كامیل (1395). گزارشی از طنین سکوت: پیمای ملی در باب كودک همسری در ایران، دستیابی در سایت : (ڕێکەوتی دەست ڕاگەیشتن، 1/1/96)

ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن