ژیاننامە

کامیل ئەحمەدی، دەرچووی بواری مرۆڤناسیی (خەڵکناسیی) کۆمەڵایەتییە کە لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتەگەلی وەکوو فەرهەنگی خۆجێیی، دابونەریتە زیانبەخشەکان، مافەکانی منداڵان، ڕەگەزێتی و مافی کەمینەکان ئەنجام دەدا و چۆنیەتیی لیکۆڵینەوەکانی زیاتر بە شێوەی مەیدانی و گروپییە؛ ناوبراو ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی (۱۹۷۲) لە بنەماڵەیەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان له شاری فرەفەرهەنگی نەغەدە لەدایک بووە. کامیل ئەحمەدی لە ماوەی پێنج ساڵ خوێندنی سەرەتایی لە کوردستان؛ سێ سیستەمی پەروەردەی پاشایەتی، سیستەمی پەروەردەی کوردی و سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی تاقی کردۆتەوە.

دەربەدەری و ژیانی ماڵ بەکۆڵ و ڕاوەدوونانی بەردەوام بەشێکی تایبەتی سەرەتای ژیان و سەردەمی منداڵی کامیل ئەحمەدین و تا ئەو کاتەی دەگاتە تەمەنی لاوی کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر لە زێدەکەی و ناوچەکانی دەوروبەر دێنە ئاراوە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ژیانێکی پڕ لە کەند و لەند و هەوراز و نشێوی زۆر دەکەوێتە ژیانییەوە. کۆمەڵێک تایبەتمەندی و زنجیرە ڕووداوە نائاساییەکانی ئەو سەردەمە بریتین لە: ژیان و گەشەکردن لە ناوچەی سیاسی و ئاڵۆزی نەغەدە کە خاڵی دەسپێکی زۆر شەڕ و پێکدادانی خوێناوی بووە، تێپەڕاندنی ژیان لە ئاقارێکی فرەکەلتوور و فرەئایینزا، شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979ی زایینی، شەڕی ناو شاری نەغەدە و کوشتوبڕی ناوخۆیی کوردستان، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، کێشەوگرفتی تایبەت بە ناوچەکانی سەرسنوور، بوردومانی بەردەوام و ئاوارەبوون و ماڵ بەکۆڵبوونی بەردەوام بەمەبەستی دۆزینەوەی شوێنێکی هێمن بۆ ژیان، داخرانی ناوبەناوی قوتابخانەکان. بەشێکی زۆری سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی کامیل ئەحمەدی لە وەها هەلومەرجێکدا تێدەپەڕێ و لە هەڕەتی لاویشدا جارێک دەستبەسەر و بەند دەکرێت. هەرواز و نشێو بەردەوام دەبێ و لە ناوەڕاستەکانی ژیانیدا جارێکی دیکە دەستبەسەر دەکرێ و بەتاوانی کۆمەڵێک توێژینەوە لەسەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان دەکەوێتە بەندیخانەی ئێڤین؛ دواجار ناچار دەبێ بۆ جارێکی دیکە وڵات بەجێ بهێڵێ.

کامیل ئەحمەدی (یەکەم کەس لای ڕاست)/ وێنەی بنەماڵەیی

کامیل ئەحمەدی/ سەردەمی سەرەتایی

کامیل ئەحمەدی قۆناغی پێش زانکۆ، سەرووی دیپڵۆم HND لە بواری دیزاین، بەکالۆریۆس له بواری بڵاوکردنەوە و چاپکردن لە زانکۆی هونەری لەندەن/ قوتابخانەی پەیوەندییەکان (UAL)، ماستەر لە بواری مرۆڤناسیی (خەڵکناسیی) کۆمەڵایەتی، ئێتنۆگرافیای وێنەیی لە زانکۆی کێنت کانتربێری (UOK) بەریتانیا وەرگرتووە. بابەتی تێزی زانکۆیی ناوبراو بریتی بووە لە “میدیا وەک سەرچاوەیەک بۆ وتووێژ سەبارەت بە شوناس لە ناو لاوانی مەهاباد”. هەروەها ناوبراو خولە پسپۆڕییەکانی شێوازی توێژینەوە و کەلتوور لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەتواناسازی لە ناوەند و زانکۆکانی دیکەی بەریتانیا تەواو کردووە، کامیل ئەحمەدی حەزی لە وێنەگری و تەماشاکردنی فیلم و خوێندنەوەی ئازاد و سەفەرکردنە. خۆشەویستی بۆ سەفەر و گەشتکردنی بوویەرخوازانە هەر لە منداڵییەوە لە دڵ و دەروونیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە هەتا ئەوەی کە بەسەرهاتی یەکێک لەو گەشتانە بووە هۆی مانەوەی لە ئەوروپا و وەرگرتنی ناسنامەی بەریتانی.

کامیل احمدی / مراسم فارغ ‌التحصیلی / لندن

کامیل ئەحمەدی/ ئاهەنگی دەرچوون لە زانکۆی لەندەن

توێژینەوە مرۆڤناسانە (خەڵکناسانە) کامیل ئەحمەدی و هاوکارەکانی بریتین لە نۆ کتێب و ژمارەیەک وتار و سێ کورتەفیلمی دۆکۆمێنتاری بە ڕوانگەی ئێتنۆگرافانە کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئامادە کراون. بەشێک لە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی کامیل ئەحمەدی کە لەسەر تەوەری گرنگیدان بە یەکسانی و نەهێشتنی هەڵاواردن و ئاشتی ئەنجام دراوە و بە زمانەکانی فارسی، کوردی، تورکی، فەڕەنسی و ئینگلیزی بڵاو کراونەتەوە ئەمانەن: هەندێ توێژینەوە سەبارەت بە مرۆڤناسی (خەڵکناسی)، ئێتنۆگڕافی و گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، فرەفەرهەنگی و مۆدێرنیتە لە ئێران – ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ناوچەکانی دیکەی جیهان، خەتەنەکردنی ژنان/ کچان یان شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان (FGM/C)، خەتەنەی کوڕان/ پیاوان یان شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی پیاوان (MGM/C)، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان یان “منداڵ‌هاوسەری (ECM)”، هاوسەرگیریی کاتی یان مسیار/ سیغەی مەحرەمێتیی منداڵان، هاوسەرگیریی سپی (هاوماڵی)، هاوڕەگەزخوازی و ناهاوسانی (LGBTQ+)، شوناس، ئێتنیک یان نەتەوە بە جەختکردنەوە لە سەر ئاشتی، زبڵگەڕیی منداڵان لە تاران و جۆرەکانی کاری منداڵان، مۆنۆگرافی/ئێتنۆگرافی و لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسانە (خەڵکناسانە) سەبارەت بە گۆڕینی شوناسی کوردانی ئێزدی لە سەدەی ڕابردوودا (هەر چوار پارچەی کوردستان واتە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەرێمی کوردستان، کوردستانی باکوور، کوردستانی ڕۆژاوا)، قەتڵی نامووسی (ئەورووپا، عێراق و ئێران)، خۆسووتاندن و خۆکوشتن (ئەفریقا، تورکیا و ئێران)، ڕەگەزێتی، منداڵان و بەتواناکردنیان، تابۆی زینا لەگەڵ مەحارم (منداڵ‌ئازاریی سێکسی)؛ بەشێک لە نووسین و بەڕێوەبردن و هەماهەنگیی پڕۆژە زانستییەکانی ئەون.

اقدام پژوهی برای کتاب مردم شناسی و توریسم در شرق ترکیه 2007

دەسپێشخەری و بەڕێوەبردنی پرۆژەیەک لەسەر کتێبی مرۆڤناسیی (خەڵکناسیی) و گەشتیاری لە باکووری کوردستان

توێژینەوەی مەیدانی لەسەر توێژینەوەی هاوسەرگیریی منداڵان لە پارێزگای خووزستان- ساڵی 1396ی هەتاوی (۲۰۱۶)

کارمیدانی پژوهش مردم شناسی / دیاربکر ترکیه 2008

توێژینەوەی مرۆڤناسیی وێنەیی/ دیاربەکر (باکووری کوردستان) ۲۰۰۶

هەندێک لە چالاکییەکانی کە ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەن بریتین لە: توندوتیژیی ڕەمزی دژ بە پیاوان، ئێتنۆگرافیای دیمانە وەدەستهاتووەکانی مەیدانیی توێژینەوە و ژیاننامەی کەسیی خۆی کە بەم زووانە بڵاو دەکرێنەوە. ناوبراو جگە لە ئەزموونە توێژینەوەییەکانی، دەرفەتی بەدەستهێنانی پێشینیەی پەروەردەیی لە بواری مرۆڤناسیی (خەڵکناسیی) کۆمەڵایەتی، تەکنیکەکانی بڵاوکردنەوە، شێوازەکانی توێژینەوە، ستراتیژی و تاکتیکی هەیە.

ئەحمەدی و هاوکارەکانی بە ڕەچاوکردنی پێوەرە زانستییەکان و بە بێ لاگیری هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی مرۆڤناسانە (خەڵکناسانە)، ئێتنۆگرافی و وێنە و لێکۆڵینەوەکانیان؛ سووچێک لە ڕاستییە شاراوەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بناسن و ئەنجامەکان بخەنە بەردەست بەردەنگەکان و دەنگی کەمینە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپە بەرگەزندەکان و ناوەندە سڕێنراو و دوورخراوەکانی کۆمەڵگا بن. ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی هاوسەرگیریی منداڵان کە لەلایەن ئەو و هاوکارەکانی ئەنجام درا، بوو بە بنەمای پێشکەشکردن و پاشکۆی زانستیی پلانی زیادکردنی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ منداڵان و هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی مادەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی لە مەجلسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران کە ئەمە شەپۆلێکی هۆشیاریی گشتی و داخوازێتیی جیددیی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵان بە دوای خۆیدا هێنا و دواتر ئەوە بووە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی ئەمنی و سیاسی بۆ ئەم توێژەرە کە لە ئەنجامدا بووە هۆی دەستبەسەرکرانی لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و بەندکران و لێپرسینەوەی لە زیندانی ئێڤین، مەحکوومبوون و سزادانی بە ١٠ ساڵ زیندان لەلایەن دادوەر سەڵەواتی. هەر بۆیە گیانی لەسەر دەستی دانا بە چشکردن لە مەترسییەکانی ڕێگا ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی (۲۰۱۹) ناچار بوو وڵاتی ئێران بە جێ بهێڵێت.

کاری مەیدانی سەبارەت بە توێژینەوەی منداڵ‌هاوسەری لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ناوچەی موکران ١٣٩٦ی هەتاوی (۲۰۱۶)

توێژینەوەی قەتڵە نامووسییەکان ساڵی ٢٠١٥

ناوبراو شانبەشانی مرۆڤناسە (خەڵکناسە) مۆدێڕنەکان لەگەڵ ئەنجامدانی “توێژینەوە پێوەندیدارەکان” (Engaged Research) پێی وایە کە وێڕای توێژینەوە لەمەڕ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و نەریتە زیانبەخشەکان، دەبێ ڕێکاری گونجاو لەگەڵ بارودۆخی کات و دەفرایەتی جێبەجێکردن لە کۆمەڵگەی ئامانجدا بخاتە ڕوو و بە جەختکردنەوە لە سەر بەستێنسازیی فەرهەنگی دەبێ تێگەیشتنێکی درووستتر لە دابونەریت و گرنگیی فەرهەنگ بخاتە ڕوو و لە هەمان کاتدا دەنگی ڕاستەوخۆی گرووپی ئامانج و لایەنگر و نەیارانی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانە بێت. لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتە بڤە و تابۆکان کە یان بە هۆی بەربەستی ئەمنی، یان هەستیاریی ئایینی یان کۆمەڵایەتی ڕێگە نادرێ کە لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێ یان بە هۆی هۆگرنەبوونی هەندێک توێژەر زۆر جار بە شاراوەیی ماونەتەوە، هاندەرێکی بەهێزی کامیل ئەحمەدییە بۆ ئەوەی بە داهێنان و دۆزینەوەی چینە شاراوەکانی کۆمەڵگا ئەو بابەتانە تاوتوێ بکا و هەر ئەم پێداگرییە وای کرد کە هەندێک جار بەرژەوەندیی ئەو کەسانە بکەوێتە مەترسییەوە کە پەیوەستن بە دەسەڵات و سامانەوە یان هەڵوەدای ترەند و یەکەمایەتیی ڕێکخراوە جیهانییەکانن. و بەم شێوەیە کە لەپاڵ لایەنگران؛ نەیارانێکی سەرسەخت و بەهێزیش دەردەکەون کە ڕێگری لەم کارە دەکەن.

لە مەیدانی توێژینەوە و لۆبیگەری/ باشووری خۆرهەڵاتی ئێران

خەڵاتی ئەدەبییات و زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی “جۆرج واشینگتۆن”- ساڵی ۲۰۱۸

کامیل ئەحمەدی توێژەرێکی سەربەخۆ و ئازادە کە بە پێی ئەرک و پابەندبوونی پیشەیی و زانستیی خۆی، بە جیددییەت و گەشبینی و تامەزرۆیی بۆ فێربوون درێژە بە کاری خۆ دەدا و تێدەکۆشێ لە هەموو حاڵەتێکدا پەیامەکەی لەسەر بنەمای گوتاری لێکنزیکبوونەوە، کارلێکی بەرهەمدار، چاکژیانەوە و پێشکەوتن و ئاشتیی بەردەوام بێت.

دانلود رزومه بصورت PDF