توندوتیژی دژ به پیاوان

توندوتیژی دژ به پیاوان

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە یەکێک لە ڕەهەندە کەمتر لێکۆڵراوەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان؛ واتە ئەزموون، ئازار، لاوازی و گرفتەکانی پیاوان و کوڕان لە پەیوەندی بە توندوتیژی، نایەکسانی و زیانە کۆمەڵایەتییەکاندا. کتێبەکە بە ڕوانگەیەکی شیکاری و ڕێکخراو، کلیشە و باوەڕە باوەکان سەبارەت بە پیاوێتی و ڕۆڵە ڕەگەزییەکان دەخاتە ژێر پرسیار و هەوڵ دەدات تێگەیشتنێکی فرەڕەهەندتر لە پێگە و ئەزموونی پیاوان لە کۆمەڵگادا پێشکەش بکات..

لە زۆرێک لە گێڕانەوە باوەکاندا، پیاوان بە شێوەیەکی سەرەکی وەک خاوەنی دەسەڵات یان ئەنجامدەری توندوتیژی پیشان دەدرێن. بەڵام ڕاستیی کۆمەڵایەتی زۆر ئاڵۆزترە لەوەی بتوانرێت بە وێنەیەکی یەک‌ڕەهەندی باس بکرێت. پیاوان و کوڕانیش دەتوانن لە ژێر کاریگەری پێکهاتە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکان، هەروەها چاوەڕوانییەکانی پەیوەست بە «پیاوبوون»، تووشی جۆرە جیاوازەکانی فشار، توندوتیژی، بێبەشبوون و ئازار ببن؛ ئەزموونگەلێک کە هەندێک جار کەمتر دەبینرێن، دەبیسترێن یان بە فەرمی دان بە بوونیاندا دەنرێت..

باسکردنی ئەم کێشانە بە مانای نکۆڵیکردن، کەمکردنەوە یان بچووک نیشاندانی دیاردەی جدی و ئاڵۆزی توندوتیژی دژ بە ژنان نییە؛ هەروەها ئامانجی کتێبەکە دانانی کێشەکانی ژنان و پیاوان بەرامبەر یەکتر نییە. بە پێچەوانەوە، بنەمای ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی گشتگیرتر لە توندوتیژی و نایەکسانی، پێویستە بۆ ئەزموون و ئازارەکانی هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی بینران، بیستران و لێکۆڵینەوە بڕەخسێندرێت..

لەو ڕوانگەیەوە، کتێبەکە بانگهێشتێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە دابەشکردنی سادەی ژنان و پیاوان و لە بەرامبەر یەکتر دانانی ئازارەکانیان؛ هەروەها هەنگاوێکە بەرەو تێگەیشتنێکی فراوانتر و گشتگیرتر لە بابەتی ڕەگەز. ناسین و تێگەیشتن لە ئازار و لاوازییەکانی پیاوان و کوڕان، لە تەنیشت ناسینی جیاکاری و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان، دەتوانێت بەشێکی دیکەی ئەو وێنە ئاڵۆزەی توندوتیژی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی ڕوون بکاتەوە..

لە کۆتاییدا، ئامانجی ئەم کتێبە بەشدارییە لە دروستکردنی گفتوگۆیەکی زانستی و کۆمەڵایەتی و هەنگاونان بەرەو «دادپەروەریی ڕەگەزی»ی ڕاستەقینە و گشتگیر؛ دادپەروەرییەک کە تێیدا ئاسایش، کەرامەت و ژیانێکی دوور لە توندوتیژی، تایبەت بە هیچ ڕەگەز یان گرووپێک نەبێت، بەڵکو مافێکی بنەڕەتی بۆ هەموو مرۆڤێک بێت.

گەڕان

وتارە زانسیتییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان

ناساندنێکی کورت

کامیل ئەحمەدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و ئێتنۆگرافیای وێنەیی لە زانکۆی کێنت لە وڵاتی ئینگلتەرا، و هەروەها خولە پسپپۆڕییەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و شێوازی توێژینەوەی لە زانکۆکانی تری بەریتانیا وەرگرتووە و بە توێژەری بواری نەریتە زیانبەخشەکان ناسراوە . ئەحمەدی سەرپەرشتیار و سەرنووسەری کتێب و کۆمەڵە وتارە توێژینەوەییەکان بە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و ئینگلیزییە. ناوبرا و لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی “نامووس / شانازیی ڕاستەقینە”ـی لە ڕێکخراوی IKWRO لە زانکۆی یاسای لەندەن بە دەست هێناوە و لە ساڵی ٢٠١٨شدا خەڵاتی “ئەدەب و زانستە مرۆییەکان”ـی زانکۆی جۆرج واشینگتۆن بۆ کۆمەڵە بەرهەمەکانی بەشی ئەدەب و زانستە مرۆییەکان بەخشرایە کامیل ئەحمەدی. بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: سازگاری و خۆڕاگری لە مەهاباد، ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان)، بە ناوی نەریت، ماڵێک لەسەر ئاو، زایەڵەی بێدەنگی، تاڵانی منداڵی و….

پرسیارە باوەکان

• هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵ‌هاوسەری چییە؟ بە پێی پێناسەی سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) هاوسەرگیریی منداڵان جۆرێک لە هاوسەرگیریی فەرمی یان نافەرمییە کە کەسێک پێش لە گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵان هاوسەرگیری دەکات. دەستەواژەی “منداڵ‌هاوسەری” ئەو کچۆڵانە دەگرێتەوە کە بە ناچارییەک کە بەرهەمی نەریتە نەتەوەییەکان یان کێشە ئابوورییەکانی خانەوادەیە، شوو بە پیاوی گەورەساڵ دەکەن، هەرچەندە ژمارەی ئەو کچانە کەم نییە وا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کوڕانەدا دەکەن کە چەند ساڵێک لەوان گەورەترن.

• تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە ئێران و کوردستان؟ ئایینی ئیسلامی مەرجێکی دیاریکراوی بۆ تەمەنی هاوسەرگیری لە بەرچاو نەگرتووە، بەڵام تەمەنی باڵقبوونی شەرعی بۆ کوڕان بە پانزە ساڵی مانگی و بۆ کچان نۆ ساڵی مانگی دەزانێ و پێی وایە باڵقبوون، لایەنەکان بۆ هاوسەرگیری ئامادە دەکات. بە پێی مادەی 1041 یاسای مەدەنی، “هاوسەرگیری بۆ کچ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی 13 ساڵی هەتاوی و بۆ کوڕ پێش لە گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵی هەتاوی، بەستراوەتەوە بە مۆڵەتی سەرپەرشتیار بە مەرجی پابەندبوون بە مەسڵەحەتی دادگای کارامە”. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بینراوە کە کچان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا هاوسەرگیرییان کردووە.

• لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی منداڵان چین؟ هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا کاریگەریی خراپی لە سەر گەشەی دەروونیی منداڵان بەتایبەت کچان هەیە. زۆربەى منداڵ‌هاوسەرەکان ئاخێزگەی ئابوورىی کۆمەڵایەتىیان لاوازە و لە ڕاستیدا پەیوەندیی هاوسەرگیری جۆرە مامەڵەیەکی ئابووری لە نێوان خانەوادەکانە بۆ ئەوەی نانەخۆرەیەک لە بنەماڵە کەم بکەنەوە و هەمیش بە پێدانی شیربایی بە ماڵی باوکی کچە، لانیکەمی پێداویستییە مادییەکانیان مسۆگەر بکەن. هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدا لێکەوتەگەلی وەکوو ئەمانەی خوارەوە بە دوای خۆیدا دێنێ: مانەوە و وازهێنان لە خوێندن، کورت‌بوونەوەی سەردەمی منداڵی، هەڵگرتنی بەرپرسایەتیی هاوسەرێتی لە تەمەنی بچووک بە کەمترین ئەزموونەوە، تێوەگلان بە کێشمەکێشی ڕۆژانە و لە ئەنجامدا نەبوونی پێگەیشتنی سۆزداری و نەزانینی هەڵسوکەوت، خۆتێهەڵقورتانی کەسانی دەوروبەر، نەبوونی ئەزموون بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی دایکایەتی، ئەگەری بەئەزموون‌کردنی توندوتیژیی سێکسی، دووگیانبوونی پێشوەختە، مردن لە کاتی منداڵبووندا بە هۆی گەشەنەکردنی بایۆلۆژییەوە، نائومێدی و بێ‌هیوایی بە هۆی دەستێوەردانی دیتران لە ناو کاروباری ژیان، پەشیمان‌بوونی لایەنەکان لە هاوسەرگیری پاش یەکترناسین و ئاگاداربوون لە خوو و خدەی یەکتر، منداڵ‌بێوەیی و … .

• ڕێکارەکانی ڕێگری‌کردن لە هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵ‌هاوسەری چین؟  بەرزکردنەوەی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵ، هەموارکردنەوەی یاساکانی سیغەی مەحرەمێتی (هاوسەرگیریی کاتی)، بەستێن‌سازیی و ڕۆشنبیریی فەرهەنگی و پەروەردەیی، تۆمارکردنی وردی هاوسەرگیرییەکان، پێداگریی حکومەت و هەماهەنگیی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی منداڵ‌هاوسەری، خوێندنی ناچاری و بێبەرامبەر بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان، هەڵکشاندنی ئاستی ئاگاداری لە لێکەوتە و زیانەکانی منداڵهاوسەری لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی گشتی و تەکنەلۆژیای پەیوەندییەوە، پاڵپشتی دادوەری و یاسایی لە لایەن دەزگای دادەوە بۆ قەدەغەکردنی منداڵ‌هاوسەری و دیاریکردنی سزای قورس بۆ ئەو کەسانەی کە هۆکاری منداڵهاوسەرین و لە کۆتاییدا بەکارهێنانی زانایانی ئایینی وەک دەستڕۆیشتووترین بانگەشەکاران بۆ گۆڕینی دیاردەی منداڵهاوسەری.