لە سنوورەوە هەتا سنوور
توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران

A title
Image Box text
توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە شوناس و ئێتنیکایەتی لە ئێران
Image Box text
لە فەرهەنگی کۆمەڵناسانەدا، شوناس واتە تێگەیشتن و گریمانەی تاک کە لەسەر کێیەتی و چییەتی خۆی بەرامبەر بە تاک و گروپەکانی دیکە پێک دێت و لەڕێگای کارلێک و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە پرۆسەی پێگەیشتنی کۆمەڵایەتیدا گەشە دەکات و ئەمەش بۆتە هۆی جۆراوجۆربوونی گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای مرۆیی لە درێژەی مێژووی مرۆڤایەتیدا و ئەوڕۆ ئەتنیک، نەتەوە و جۆرە گەورە و گچکەکانی کۆمەڵگا کەلتوورییەکان لە جیهاندا دەبینین.
لە سنوورەوە هەتا سنوور توێژینەوەیەکی گشتگیرە لەسەر شوناس و ئەتنیسیتە لەسەر تەوەری ئاشتی کە لە سێزدە پارێزگای ئێراندا و بە ڕوانگەیەکی مرۆڤناسانەوە ئەنجام دراوە و بەهاوکاری گروپێکی مەیدانیی کارامە و لێزان شیکردنەوە و شرۆڤەی بۆ کراوە و هەوڵ دراوە سەرەڕای تاوتوێکردن و کۆڵینەوەی بابەتی شوناسخوازی لەنێو پێنج گرووپی ئەتنیکیی فارس (یان فارس زمان)، تورک، کورد، بەلووچ و عەرەب (کە ئەڵبەت بەشێک لەم ئەتنیکانە خۆیان وەک نەتەوە پێناسە دەکەن) داواکارییەکانی گرووپە جۆراوجۆرە ئەتنیکییەکان، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و توێژەر لە هەموو بەشەکانی بەرهەمەکەدا هەردوو گێڕانەوەی ئەتنیک و نەتەوەی دەکار هێناوە و ڕوانگەی بێ لایەنانەی خۆی پاراستووە و بەدوور لە دەمارگرژی، هەوڵی داوە وەڵامی پرسیارەکانی توێژینەوەکە بداتەوە کە بریتین لە: تێگەیشتنی ئەتنیکەکان لە خۆیان و غەیرسازی بەو تێگەیشتنە، جێگەوپێگەی ئەتنیکەکان لە پێکهاتەی سیاسی و ئابووری، و ڕوانگەیان لەسەر یەکڕیزی، بەشداریی سیاسی، زمانی دایکی، ناوەند-پەراوێز و ئەوەیکە ئایا ئاقاری ئۆبژەکتیڤ و سۆبژەکتیڤی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی زیاتر لەنێو ئەتنیکەکاندا بوونی هەیە یان نا؟ توێژەر بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارانە شێوازە زانستییەکانی دەکار هێناوە و کەڵکی لە وتووێژی جۆراوجۆر لەگەڵ تاقمی بلیمەت و ئێلیت و خەڵکی ئاسایی وەرگرتووە.
لەئەنجامدا توێژینەوەی بەردەست، بەپێی ئەنجام و زانیارییە کۆکراوەکان، دوو داهاتووی سەرەکی بۆ ئێران وێنا کردووە: سەقامگیری کۆمەڵایەتی؛ و لەناوچوون و ڕووخانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام بێت، سەرمایەی کۆمەڵایەتی کە لەلایەنی جۆراوجۆرەوە قەڵشی بردووە و لاواز بۆتەوە، لە کۆتاییدا دەگاتە ڕووخانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کەلتووری و ئایینی، بەڵام داهاتووی دووهەم ئەنجامی دەبێتە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئەم سیناریۆ و داهاتووە دەتوانین وەک داهاتووی گونجاو ئاماژەی پێ بدەین کە ئەڵبەت پێدەچێت وەک خەیاڵ بمێنێتەوە و وەک خەونێکی بەدینەهاتوو بمێنێتەوە. ئەگەری بەدیهاتنی داهاتووی دووهەم دەگەڕێتەوە بۆ چاکسازی و ڕیفۆرمی بنەڕەتی (ڕیفۆرمی بنەمایی لە ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگا و ڕیفۆرمی بنەمایی لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، پەروەردە و تەندروستی) بڕیاری دروست و گونجاو لەلایەن دەسەڵات و ئەتنیکە جۆراوجۆرەکانی نیشتەجێی وڵات و ئەگەر ئەم داهاتووە ببێتە واقیع، “ئێران دەبێتە وڵاتێکی فرەئەتنیک و فرەئایین و ئەم جۆراوجۆربوونەیش دەبێتە سەرچاوە و ئاخێزگەی یەکڕیزیی نەتەوەیی. بڕیارە سیاسی و کەلتوورییەکان بۆ پەرەسەندنی پێوەندییەکانی نێوان ئەتنیکەکان بە تەوەری ئاشتییەوە لەنێوان گەل و دەسەڵاتدا دێنە ئاراوە و سیستەمی سیاسی لەگەڵ قبووڵکردنی هاوشانبوونی شوناسی ئەتنیکی و شوناسی نەتەوەیی، سیستەمی کۆمەڵایەتی پلەوپایەیی و پۆلێنبەندیی شارومەندان لە سیاسەتگوزارییە ناوخۆییەکان ڕەت دەکاتەوە و ئیرادە و خواستی نەتەوەیی بۆ لەناوبردن و چارەسەرکردنی کەلێن و هەڵاواردنەکان پێک دێت.
ئەم بەرهەمە بریتییە لە توێژینەوە لەسەر پێنج ئەتنیکی تورک، کورد، بەلووچ، عەرەب و فارس (ناوچە فارس زمانەکان) و لەلایەن وەشانخانەی مێهری، ساڵی 2021 لە لەندەن چاپ کراوە. وەشانی تەواوی کتێبەکە و هەروەها وەشانی پوختە و کورتکراو و وتارە پێوەندیدارەکانی لەم لاپەڕەیەدا و هەروەها لەنێو وتارەکانی ماڵپەڕەکەدا بەردەستن.
کەواتە لەڕوانگەی تاقمی بلیمەت و ئێلیتەوە، ئەتنیکە ئێرانییەکان بەهۆی ئایین و ئایینزاوە هەڵاواردنیان لەسەر دەکرێ و کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە نێوان ئایینزاکان. ئەڵبەت لەڕوانگەی خەڵکی ئاساییشەوە ئەم هەڵاواردنە (سەتا 60.3) پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ئەنجام و زانیارییە دەستکەوتووەکان، سەتا 85.9ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت و سەتا 63.9 خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکی یاساییە. هەروەها سەتا 14.1ی تاقمی بلیمەت و سەتا 15.7ی خەڵکی ئاسایی نەیاری شەرعییەتی پەروەردە بە زمانی دایکین.
گرووپە ئەتنیکییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەڵاواردنیان بەرامبەر دەکرێ و ئەم هەڵاواردنە لە بەشی پۆست و کورسییەکانی وڵاتدا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوتری هەیە، سەتا 84.4ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت و سەتا 85.5ی خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەوە باوەڕە بوون هەڵاواردن و نابەرامبەری سیاسییان بەرامبەر ئەتنیکەکانی ئێران بوونی هەیە.
نەبوونی هەلی کار بۆ ئەتنیکەکان لایەنێکی نایەکسانی ئابوورییە کە یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەتنیکەکانە. بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان، سەتا 89.8ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت و سەتا 81.9ی خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە هەلی کار بەشێوەی دادپەروەرانە لەنێو ئەتنیکەکاندا دابەش نەکراوە و تەنیا سەتا 10.2ی تاقمی بلیمەت و سەتا 8.4ی خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە بواری هەلی کاردا دەرفەتی دادپەروەرانە و یەکسان دراوەتە ئەتنیکەکان.
هەستکردن بە نایەکسانیی ئابووری لەنێو ئەتنیکەکانی ئێراندا یەک لە لایەن باسکراوەکانی ئەم توێژینەوە پێک دێنێت و بەپێی زانیاری و ئەنجامەکان سەتا 90.6ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت لەسەر ئەو باوەڕەن کە نایەکسانیی ئابووری لە ئارادایە و سەتا 88ی خەڵکی ئاساییش هەمان ڕوانگەیان هەیە و ئەمەش سەلمێنەر و پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە زۆرینەی هەردوو گرووپەکە دان بە هەبوونی کەلێن و هەڵاواردنی ئابووریی بەرچاو لە ئێراندا دەکەن.
لایەن و بابەتێکی دیکەی ئەم توێژینەوە بریتییە لە ڕێژەی هەستکردن بە هەڵاواردن لەمەڕ مافەکانی شارومەندی-ئەتنیکی کە بەپێی زانیاری و ئەنجامەکانی توێژینەوە، سەتا 73.4ی تاقمی بلیمەت و ئێلیت لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە مافەکانی شارومەندی بەشێوەی یەکسان و دادپەروەرانە دابەش نەکراون. چونکە زۆرینەی خەڵکی ئاسایی تێگەیشتنێکی ڕوون و تەواویان لەسەر مافی شارومەندی نەبوو لەکاتی شرۆڤەکردنی ئەم چەمکەدا دەرکەوت کە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی لەو چەمکە لەگەڵ واتا و مەبەستی تەواو و ڕاستەقینەی مافی شارومەندی لێک دوورن، بۆیە زانیاری و داتاکانی ئەم بەشە سڕاونەتەوە.
Image Box text
Image Box text
Image Box text
Image Box text