به ناوی نەریت

توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران و ڕاپۆرتێکی ناوخۆیی له‌سەر خه‌ته‌نه‌ی ژنان / شێواندنی کۆئه‌ندامی زاوزێی ژنان – کچان له ئێران له‌گه‌ڵ پێشه‌کییەک سه‌باره‌ت به خه‌ته‌نه‌ی منداڵان / شێواندنی زاوزێی کوڕان – پیاوان له ئێران


ساڵی بڵاوبوونەوه: 1394ـی هەتاوی

وەشانخانەی وەشانی فارسی: وەشانخانەی شیرازە؛ وەشانخانەی ئاوای بووف

وەشانخانەی وەشانی ئینگلیزی: Un Cut Voice, UK 2015

ناوەندنی بڵاوکردنەوەی وەشانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی: وەشانخانەی ئاوای بووف، دانمارک

به ناوی نەریت

خەتەنەی ژنان نەریتێکی کۆنە که سەرەڕای پێشێلکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی مافه سێکسییەکانی ژنان، له ئێستاشدا بوونی هەیه. دیاردەیەک که کۆمەڵێک وەک چەمکی “شێواندن و سەقەتکردنی کۆئەندامی زایەندیی ژنان”ی ئاماژەی پێدەدەن و بۆ “خەتەنەی ژنان” ئەمه به دروستتر دەزانن که له ڕووی نەریتییەوه شەرعییەتی هەیه. هەندێ باوەڕ، نۆڕم، ڕوانگه و سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکان هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم نەریتەن. پێشتر، سەبارەت به پەرەسەندنی خەتەنە له ئێران کۆمەڵێ توێژینەوه و لێکۆڵینەوە کراون کە ئەڵبەت هەموویان سنووردار بوونە و گشتگیربوونیان تێدا بەدی ناکرێ. ئەم توێژینەوه بەربڵاوه پاش تاوتوێکردن، شیکاریی و شرۆڤەی کردەوەی خەتەنەی ژنان و کچان له ئێران دەریخستووە که ئەم کردەوه له سەر ئاستی هەر چوار پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و هورمزگان باوه هەروەها به مەبەستی دابینکردنی داتای توێژینەوەیی و ورد لەمەڕ خەتەنەی ژنان و کچان له ئێران، هەوڵی داوە ژێرخانی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی ژنان و کچان له ئێراندا دانێت و ئەم بابەتە له بەرنامەی کاری نێودەوڵەتیدا بگونجێنێت.

ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوه له دوو ڕووەوە گرنگن: یەکەم ئەوەی که بۆ توێژینەوه و لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو له ئێران که زۆر پێویستن، ژێرخانێک دابین دەکات و هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و ئاگاداری له بەردەوامبوونی کردەوەی خەتەنەی ژنان له ئێراندا کاریگەره. هەروەها له پێوەرێکی بەربڵاوتردا، ئەم لێکۆڵینەوه ئەم باوەڕە دێرینەی هەڵوەشاندۆتەوە که باوبوونی ئەم کردەوەی تەنیا له ئەفریقادا ماوە و بەڵگەی تەواو ئاماده دەکات که چیتر نەتوانرێ نکۆڵی له باوبوونی خەتەنەی ژنان و کچان بکرێ، چوونکه خەتەنەی ژنان و کچان وێڕای ئەفریقا، له خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ له ناوچەکانی ئاسیا و هەندێ له پارێزگاکانی ئێرانیشدا باوە. دیاره ئەم ڕاستییه هاریکاری کۆمەڵگای ئێران و کۆمیتەکانی بەرگریکاری مافەکانی منداڵان و ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ قازانجبەران و کاربەدەستەکانی ئەم کردەوه له ئێران بکەونە وتووێژ و وێڕای به فەرمی ناساندنی ئەنجامدانی ئەم کردەوه، بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی هەوڵ بدرێت.

پێشنیاره ئاراستهکراوەکانی ئەم توێژینەوه کە به هەر دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاو بۆتەوه، دەتوانێ بۆ کۆمەڵگا خۆجێییەکان سوودبەخش بێ و لەهەمان کاتدا بۆ یەکەم جار هەلی دەستگەیشتن به داتای متمانەپێکراو و بەڕۆژ  سەبارەت بە بەردەوامبوونی خەتەنەی ژنان له ئێران بۆ دەوڵەت و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و کەسانی دیکە دابین دەکات. هەروەها ئەوەیکه ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوه، له کۆمەڵگه جیهانییەکانی وەکوو ڕێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان و یوونیسێف، پرسی خەتەنەی ژنان له ئێرانی وەک بابەتێکی گرنگ خستە ڕوو، تەنانەت بووه هۆی ئەوەی له لایەن ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکانەوە هەندێ پێشنیار بخرێتە بەردەم ئێران که ئەم بابەته بخاته ژێر تیشکی لێکدانەوه.

نووسەر که بۆ خۆشی سەر به ئێتنیک و ناوچەیەکه که خەتەنەی ژنانی تێدا باوه له کاتی خوێندن و له سەروبەندی هەندێ کاری خێرخوازی له ئەفریقا ڕووبەڕووی پرسی خەتەنەی ژنان بۆتەوە، هەر ئەم بابەته بوو به ئەنگێزەی سەرەکی نووسەر بۆ ئەوەی پاش کۆتایی هاتنی خوێندن و گەڕانەوه بۆ ئێران توێژینەوەیەک له سەر خەتەنەی ژنان دەست پێ بکات. توێژینەوەیەک که چەندین ساڵی خایاند تا گەیشتە ئەنجام.

نووسەر دوو ساڵ پاش بڵاوبوونەوەی یەکەمین توێژینەوەی خۆی لهمەڕ خەتەنەی ژنان گەڕایەوه بۆ ئەو ناوچانەی که تیمە لێکۆڵینەوەییەکەی تێیدا توێژینەوەیان ئەنجام دابوو و ئەم جارەیان له پاڵ لێکۆڵینەوه، سەبارەت به خەتەنەی ژنان ڕوونکردنەوە و ڕاهێنانی ڕاستەوخۆی ئەنجام داوە. ناوبراو دەیویست کاریگەریی ڕاهێنان له سەر کەمکردنەوەی ئاماری خەتەنەی ژنان له ناوچه تاوتوێکراوەکان هەڵبسەنگێنێت. ڕاپۆڕتێکی نوێ که له ساڵی 1395ـی هەتاویدا بڵاو بۆوە، پیشاندەری دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی ئاماری خەتەنەی ژنان لەو ناوچانه بوو که به شێوەی پایلۆت ڕاهێنرا بوون.

ئەم ڕاپۆڕته له ژێر ناوی “گومانی ڕوو لە گۆڕانی خەتەنە / شێواندنی کۆئەندامی زایەندیی ژنان” وەک گرێدراوی کتێبی به ناوی نەریت بڵاو بۆتەوه.

کامیل ئەحمەدی هەر لەم بوارەدا فیلمێکی دیکۆمێنتاری له ژێر ناوی “به ناوی نەریت” ئاماده کردووە که له دەرەوەی وڵاتی ئێران چەندین جار له تەلەفیزۆنە جۆراوجۆرەکان و له مێهرەجانه جیاجیاکاندا بڵاو بۆتەوه.

وەک هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی خەتەنەی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا دەتوانین ئاماژە بدەین بە گۆڕانی ڕوانگەی کۆمەڵگا، بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری سەبارەت بە زیانه جەستەیی، سێکسی و دەروونییەکانی خەتەنەی ژنان، کۆچی گوندنشینان بەرەو شارەکان، مردنی خەتەنەچییەکان و ناهۆگریی نەوەی نوێ بۆ درێژەدان بەم کاره و هەروەها کاریگەریی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکان.

In the name of tradtion

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دیمانه وێنەییەکان

دیمانه لەگەڵ کەناڵی ڕووداو (به کوردی) له کتێبخانەی نیشتمانیی ئێران له تاران و له پەراوێزی ڕوونوێنی له کتێبی به ناوی نەریت سەبارەت به خەتەنەی ژنان له کوردستانی ئێران

وتووێژ لەگەڵ بەرنامەی به عبارت دیگر بی بی سی فارسی

ڕوانینێک بۆ فیلمی “به ناوی نەریت” له ئاپاڕات، بی بی سی فارسی

زیاتر ببینە

میدیاکان

خبرآنلاین: خەتەنەی ژنان و کچان له ژێر سەقفی ناوشیاری / ژنان خۆیان تاوانباری نووقسانکردنی کۆئەندامی سێکسی ژنانند

ەنگی ئەمریکا: نووقسان کردنی کۆئەندامی سێکسی کچان و ژنان له ئێران

دوویچه وله: ڕێژەی قوربانیانی شێواندنی کۆئەندامی زایەندیی ژنان زیاتر له مەزەندەکانهر

ادیو فردا: دابەزینی ئاماری خەتەنەی ژنان و بەرپرسایەتی دوڵەت

زیاتر ببینە