“هاوسەرگیری سپی” چییە کە ئێستا لەکوردستان دەکرێت؟

ئا: ئیمان زەندی

 

نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت جۆرێک لەهاوسەرگیریی لەھەرێمی کوردستان بەنهێنی دەکرێت کە بە”ھاوسەرگیریی سپی” ناودەبرێت، ئەم هاوسەرگیرییە زیاتر لەنێوان ئافرەتانی ئێرانی‌و بیانی لەگەڵ پیاوانی کوردو عێراقی ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵناسێک دەڵێت “کوردەکانی دانیشتووی بەغداش کە دوورە هەرێمن ئەنجامی دەدەن”.

 

هاوسه‌رگیری سپی، جۆرە پەیوەندییەکە کچ‌ و کوڕ لەیەکماڵدا دەژین بەبێ هیچ گرێبەستێکی یاسایی و شەرعی، ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا زانیان بەیەکەوە دەگونجێن هاوسەرگیرییە باوەکە دەکەن. ئەو هاوسەرگیرییە بەڕێژەیەکی کەم لەهەرێمی کوردستان لەشارەکانی هەولێرو سلێمانی ئەنجامدەدرێت.

 

هاوسەرگیری سپی لەفەرەنساوە بۆ کوردستان

کامیل ئەحمەدی، کۆمەڵناس‌و توێژەری کۆمەڵایەتی کە هاوکات خاوەنی توێژینەوەیەکی تایبەتە بەهاوسەرگیری سپی، بەناوی (ماڵێک بەدەرگای ئاوەڵاوە) لەئێران‌و کوردستان، لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە وتی “ئەم هاوسەرگیرییەی پێیدەڵێن سپی یان هاوماڵی، تێرمێکی فەڕەنسەوییە پێش ئەو ئازادییە مەدەنیانەی لەئەوروپاو فەڕەنسا هەبوو، خانمان بۆیان نەبوو زەوی‌وزار بەناوی خۆیان بێت، هەڵدەستان بڕوانامەی هاوسەرگیر (سند زەواج)یان دەکرد ئەویش بۆ ئەوەبوو مافی یاسایی بەدەستبهێنن شتێک لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ بکەن”.

وتیشی “بۆچی پێیان دەوت هاوسەرگیری سپی؟ لەبەر ئەو چەرچەفە سپیەی لەسەر نوێن رایاندەخست هیچ کاتێک خوێناوی نەدەبوو پەردەی کچێنی نەدەدڕا، ئەو هاوسەرگیرییە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە”.

ئەحمەدی ئاماژە بەوە دەکات ئەوانەی ئەو هاوسەرگیرییە دەکەن لەکوردستان‌و ئێران بەگشتی تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵاندایە، ئەو وتی “توێژینەوەکەی من کە لەئێران‌و کوردستان کردومە هەروای نیشاندا، ئەو هاوسەرگیرییە ڕێژەیەکی زۆریان گەنجن، چونکە لەهەڕەتی لاوێتیدان‌و دەچنە ناو بازاڕی کارو زانکۆکان دەیانەوێت ئەو ئازادییە شەخسیانە ئەزموون بکەن”.

لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی هاوسەرگیری سپی لەکوردستان، ئەحمەدی وتی “لەکوردستانی باشوور دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس سەریهەڵدا، ئەوەش عەرەبی زۆری هێنایە باشورو لەلایەکی دیکەشەوە سەرمایەگوزاری زۆری بیانی‌و دەرەوەی تێدا روویداو ئاپارتمان‌و شوقە پەیدا بوون، ئەم پەیوەندیە لەگوندو ڤێلاو شوێنی تایبەتی کە هاتوچۆی تێدا کۆنتڕۆلکراوە یان ئەو کەسانەی دەوڵەمەندو پارەدارن‌و دەسەڵاتی ماددی‌و سیاسی ناونیشانێکی کۆمەڵایەتییان هەیە گومانی زیاتریان لەسەرە، ئەوانەشی کە نەسلێکی تیکتۆکی‌و مەجازی دەبینین کە بێترس باسی ئەو جۆرە پەیوەندییە دەکەن”.

وتیشی “بەپێی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی ژن زیاتر تێیدا زەرەرمەندەو لەبەرئوەی دەبنە ژن ئەگەری هەیە شانسی هاوسەرگیرییە باوەکەیان لەدەستبچێت، لەلایەکی دیکەشەوە خێزانەکانیان پێیان بزانن سترێسێکی زۆر دروستدەکات، لەهەمووی دیاریتر لەتوێژینەوەکەم ئەوەیە کە هەر لایەنێکیان خاوەنی شوقەکە بن خێزانەکەیان سەردانیان بکەن دەبێت لایەنێکیان زوو جانتاکەی کۆبکاتەوەو بڕوات خۆی بشارێتەوە”.

لەبارەی ئەوەی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی سپی لەکوردستان، کامیل ئەحمەدی وتی “هاوماڵی لەنێو گەنجانی کوردستانی باکور زیاتر لەشارە گەورەکانی وەکو ئامەدو ئەستەمبوڵ‌و ئیزمیر کە کوردێکی زۆری لێیە دەکرێت، لەباشوریش هەولێرو سلێمانی‌و لەڕۆژهەڵاتیش گومان دەکرێت کرماشان‌و سنە”.

وتیشی “زۆربەی ئەوانەی ئەم هاوسەرگیرییە دەکەن غەیرە کوردن، هەروەها کوردەکانی دانیشتووی بەغداش کە دوورە هەرێمن ئەنجامی دەدەن”.

 

هاوسەرگیری سپی لەناو ئاینەکانی هەرێمی کوردستان رەتدەکرێتەوە

ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئاینیی لەرووی شەرعی ئیسلامەوە سەبارەت بەهاوسەرگیری سپی بۆ ئاوێنە وتی “ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لەڕاستیدا پێی ناوترێت هاوسەرگیری، چونکە هیچ گرێبەستێک لەنێوانیاندا نییە ئەوە هاوسەرگیری سپی نییە، بەڵکو ڕەشە، لەشەرعدا حەرامە وە گێڵفرێندو بۆیفرێندی ئەوروپایەو لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە قبوڵکراو نییە”.

لایخۆشیەوە ئاوات حوسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان لەوەزارەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئاینی بۆ ئاوێنە وتی “ئێمە وەکو ئاینی زەردەشتی هاوسەرگیری لەو شێوەیەمان نییە، تەنیا یەک جۆر هاوسەرگیریمان هەیەو پیاوەکە دەتوانێت یەک ژن بێنێت ئەویش بەمەرجی خۆشەویستی، واتە دەبێت ڕێکەوتن لەنێوان کچ‌و کوڕو دایک‌و باوکی هەبێت‌و هەرلایەک دەبێت سێ شایەت بێنن، لەگەڵ ئامادەبوونی قازی‌و تۆمارکردنی لەدادگا. هەربۆیە هاوسەرگیری سپی‌و بۆیفرێندو گێڵفرێندمان نییە، وەکو خۆم دژی ئەم جۆرە هاوسەرگیریەم”.

لەلایەکی دیکەشەوە خالید جەمال ئالبیر، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی بۆ ئاوێنە وتی “هاوسەرگیری لەئاینی مەسیحیدا پیرۆزی‌و قودسیەتی هەیە، نهێنییەکە لەنهێنییەکانی کەنیسە، واتە شتێکی مەزاجی نییەو یاری پێبکەین، ئێمە وەکو مەسیحیەت کۆمەڵێک نهێنیمان هەیە پێی دەڵێین (ئەسرار کەنیسە)، هاوسەرگیری لەلای ئێمە یەک جار دەکرێت، هەربۆیە هیچ پەیوەندیەک حەڵاڵ نییە لای ئێمە ئەگەر ئەم نهێنیەی تێدا نەبێت، ئەم هاوسەرگیرییە ئەوروپا قبوڵیەتی بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە قبوڵی نییە”.

وتیشی “دەبێت هەوڵ بدەین ئەو هاوسەرگیریە باوە لەدەست نەدەین، ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ کەیسێکی وامان لەلا نەبووە”.

هاوکات پڕۆفیسۆر د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوێنە وتی “ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لەکوردستان ئەوەندەی ئاگاداربین نەبووەتە دیاردە، نزیکەی سەدەیەکە هەیە دوای جەنگی جیهانی دووەم، وەکو کەیس نەمانبووە لەئەو هەشت لقەی کە لەسەرتاسەری کوردستان هەمانبووە، چونکە خەڵک مەوقیفی شەرع دەزانێت، دەزانێت کە بێ نرخەو دانامەزرێت‌و باتڵەو بنەماکانی نیکاحی سەحیحی تێدا نییە، هەتا ئەوەشی کە علمانییە دەزانێت ئەوە چەند مەترسییە، ئێمە هەستمان پێکردوون هەندێک لەڕێکخراوەکان دەیانەوێت ئەو هاوسەرگیرییە ئاسایی بکەنەوە”.

 

هاوسەرگیری سپی لەرووی یاساییەوە، چەند ماددەیەک سزاکەیەتی

ڕێبین سەباح، پارێزەری ڕاوێژکار بە ئاوێنەی وت “هۆکارەکانی هاوسەرگیری سپی لەکوردستان بەهۆی قورسی ئەنجامدانی هاسەرگیرییە باوەکەیە لەگەڵ بەرپرسیاریەتیەکەی، خودی ئەو کەسانەشی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە ئەنجام دەدەن لەناتێگەیشتنیانە لەژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ژنەکەیان، بۆیە پەنا بۆ ژنێکی تر دەبات”.

وتیشی “سەبارەت بەتەمەنیان ناتوانرێ بەدیاریکراوی دیاریبکرێن، بەڵام لەنێوان ٢٥ ساڵی بۆ ٥٥ ساڵیدان. مێژوی سەرهەڵدانیشی کە دادگاکان پێی ئاشنابوون دوایی ساڵی ٢٠١٠ بوو هەرچەندە کێشەکانیشی بەکەمی دەگاتە دادگاکان”.

رێبین ئەوەی روونکردەوە سزا یاساییەکانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەماددەی ٣٧٧ لەیاسایی سزاکانی عێراقی لەتاوانی ناپاکی هاوسەری بۆ پیاوی خێزاندار سزاکەی پێنج بۆ ١٠ ساڵە، ماددەی ٣٩٥ لەتاوانی بەڵێندان بەهاوسەرگیری ئەویش سزاکەی لەشەش مانگ بۆ پێنج ساڵە، بۆ ئەوەی هەردوولا سزاکەیان بەسەردا نەسەپێت لەیەکتری مارە دەکرێن، یاخود لەچوارچێوەی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی بەدڕەوشتی پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە هەر هاوسەرگیرییەک لەدەرەوەی چوارچێوەی یاساو ئاین بێ هاوسەرگیری نییە بەدڕەوشتیە.

ئەم پارێزەرە چیرۆکی قوربانیەکی هاوسەرگیریی سپی لەپارێزگای هەولێر بۆ پەیامنێری ئاوێنە دەگێڕێتەوە، ئەو وتی “لەساڵی ٢٠١٩ بەر لەکەرەنتین، کەیسێک هاتە لام کوڕێک بوو کەیسی براکەی بۆ هێنابووم، لەلایەن ئافرەتێکی ڕۆژهەڵاتییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابوو، پێکەوە ژیابوون بەبێ گرێبەستی هاوسەرگیری منداڵێکیشیان هەبوو، نزیکەی دوو ساڵ‌و نیو لەو پەیوەندییەدا بوون، ئەو کاتە منداڵەکەی سێ مانگ بوو، هەردووکیان لەدیسکۆکانی هەولێر یەکیان ناسیبوو، ئەو ژنە شوقەی بەکرێ گرتبوو، پیاوەکەش کرێکەی بۆ دەدا، ژنەکە داوای کردبوو کە هاوسەرگیری بکەن، پیاوەکەش وتبووی هاوسەرگیری ناکەین، لەسەر ئەو سکاڵایە دادوەر بەپێی ماددەی ٣٩٥ ئەو پیاوەی دەستگیرکرد”.

وتیشی “دادگا ناچاریکرد بیخوازێت تا سێ ساڵیش تەڵاقی نەدات، چونکە لەیاسایی عێراقیدا منداڵ (حەق العام)ە، دواتر لەناو دادگا ئەو ژنەی مارە بڕی‌و دادوەر پیاوەکەی ئازادیکرد”.

 

هاوسەرگیری سپی لەنێوان خانمانی ئێرانی‌و پیاوی عێراقی زیاتر ئەنجامدەدرێت

یەکێک لەوانەی کەلە نزیکەوە ئاگاداری پڕۆسەی ھاوسەرگیریی سپییە لەھەرێمی کوردستان‌و نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، وەکو سەرچاوەیەک بۆ ئاوێنە وتی “نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت ئەم پڕۆسەیە لەھەرێمی کوردستان ھەیە، بەدەگمەن ھەبووە ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییە پەل بکێشێت بۆ ھاوسەرگیریی ھەمیشەیی، زیاتر لەنێوان ئافرەتانی ئێرانی‌و پیاوانی عێراقی یان ئێرانی‌و ھەندێکجار بیانیشەوە ئەنجام دەدرێت”.

ئەو سەرچاوەیە دوو چیرۆک بۆ ئاوێنە دەگێڕێتەوە، ئەو وتی “یەکێکیان کوڕێکی ھاوڕێی خۆمە کە خەڵکی هەولێرە، ھاوڕێی کچێکی ھەبووە کچەکە خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو، بۆیەش بەتەنیا لەشوقەیەکی هەولێر دەژیا، ساڵی ٢٠١٨ ھاوسەرگیری سپییان ئەنجامداو وەک ماڵێکی ئاسایی خواردن و خەوتن و تەنانەت بەشێک لەمیوانەکانی ھەردوولاش دەھاتنە ماڵەکەیان، بەڵام لەساڵی ٢٠٢١ کاتێک کوڕەکە کەوتە داوی خۆشەویستی کچێکی دیکەو بەنیازی ھاوسەرگیریی ھەمیشەیی بوو، ئەوا لەلایەن کچەکەی پێشووتر ھەڕەشەی سکاڵای لێکراو ڕازی نەبوو بەھاوسەرگیرییە تازەکە، لەکۆتاییدا دوای چەند دانیشتنێک، کچەکە داوای بڕێک پارەی کردو بەدوو ھەزار دۆلار سوڵحەکە کراو لەیەکتر جیابوونەوە”.

سەبارەت بەچیرۆکی دووەم ناوبراو وتی “کوڕێک لەھەولێر کاری ئەندازیاری دەکرد، کچێکی خۆشویست کە کچەکە خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام کچەکە بەحەوت ساڵ لەکوڕەکە گەورەتر بوو، ھەر ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ماڵی کوڕەکە ڕازی نەبن بەھاوسەرگیریی ھەمیشەیی، بۆیە بڕیاریاندا ھاوسەرگیریی سپی ئەنجام بدەن‌و بەیەکەوە خانوویەکیان بەکرێگرت‌و کوڕەکە کرێی خانووەکەو سەرجەم خەرجی ماڵەکەی دەکرد، کچەکەش تەواوی مووچەی مانگانەکەی لەجوانکاری خۆی خەرجدەکرد، تا دوای چوار ساڵ، کاتێک کچەکەکە بەمەبەستی جوانکاری ئەندامێکی جەستەی چەند جارێک سەردانی پزیشکێکی جوانکاری دەکاو پەیوەندی لەگەڵ دروست دەکات، ئەم پەیوەندییە بووە ھۆی ئەوەی کە ماڵەکەی بەجێبھێڵێت‌و لەشوێنێکی دیکە بەتەنیا نیشتەجێ بێت، دواتر دەرکەوت لەگەڵ پزیشکەکە ھاوسەرگیریی سپی ئەنجام داوە”.

 

سرچاوه: ئاوێنە

ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵێک شەکرۆکەی (cookie) تێدا بەکار هێنراوە تا ئەزموونێکی جیاوازترتان بۆ سەردان و خوێندنەوە هەبێت. پاش گەڕان بەنێو ماڵپەڕەکەدا  ئێوەش کەڵک وەرگرتنی ئێمە لە شەکرۆکەکان بەسوود دەبینن