بەرخۆدان ژیانە

خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی


وەشانخانەی ئاڤای بووف: ٢٠٢٥ شابەک: 978-87-94295-84-0

  ئەم کتێبە خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی، توێژەر و خەڵکناسە، کە لە ئاکامی سێ ساڵ پێداچوونەوە و شیکردنەوەی یادەوەرییە کۆن و تازەکانیدا نووسراوه، تاکوو بە ڕوانگەیەکی خەڵکناسانە و زمانێکی پاراو و هاودڵانە ئەزموونی ژیاوی خۆی بۆ بەردەنگ و خوێنەرانی خۆی باس بکات.

بەرخۆدان ژیانە

ڤیدیۆی ڕوونمایی کتێبی «بەرخۆدان ژیانە»

بەرخۆدان ژیانە؛ خۆژیاننامەی کامیل ئەحمەدی

«بەرخۆدان ژیانە» گێڕانەوەی ژیانی کامیل ئەحمەدییە؛ منداڵی لە کوردستان، شۆڕش و شەڕ، سەفەر و کۆچ، گەڕانەوە بۆ ئێران، توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، زیندان و جێهێشتنی وڵات لە یەک ڕەوتی گێڕانەوەدا پێکەوە دەبەستێتەوە.

کتێبەکە خۆژیاننامە و بیرەوەریی ڕەخنەییە. ئەزموون، یادەوەری و هەڵسەنگاندنەکانی لە ڕوانگەی نووسەرەوە باس کراون و دەبێت لە تەنیشت بەڵگە و سەرچاوەکانی پەیوەندیدار بخوێندرێنەوە.

پێداگری لەسەر وردەکارییەکان، ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، بڕیاری دادپەروەرانە و ئاراستەی خەڵکناسانە سەبارەت بە ڕووداو و مرۆڤ و ڕەوتەکان، چوارچێوێکە کە نووسەر لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا هەوڵی داوە پێیانەوە پابەند بێت. لەم ڕووەوە، ئەم خۆژیاننامە دەچێته ڕیزی گێڕانەوە و بیرەوەریی ڕەخنەیی.

بەرخۆدان ژیانە

منداڵی، شەڕ و هەستی پەیوەستبوون

تێکەڵکردنی بەسەرهاتی کەسی و تایبەتی لەگەڵ ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکان و خستنە ڕووی گێڕانەوەیەکی ڕەخنەگرانه لەو بەسەرهاتانه، بایەخێکی فرەڕەهەندی بە ناوەڕۆک و بیرەوەرییەکانی ئەم کتێبە بەخشیوە. هاوکاتبوونی تافی منداڵیی نووسەر لەگەڵ ڕووداوەکانی دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران له ساڵی ١٩٧٩ و شەڕی ئێران و عێراق و لێکەوتەکانی لە یەکێک لە ناوچە هەرەهەستیار و پڕ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە شاری نەغەدە و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، یەکێک له خاڵه جێی سرنجەکانی ئەم ژیاننامەیەیە. ئەم بەشه له ڕوانگەیەکی جیاواز و نوێوه هەوڵی داوە کە مێژووی ڕووداوەکانی ئەو قۆناغه بەتایبەت چالاکی و پەیوەندیی حیزبه کوردستانییەکان و ڕووداوه زۆر گرنگ و کاریگەرەکانی شەڕی ناوخۆی نەغەده و لێکەوته ڕووخێنەرەکانی پیشان بدا و بە گشتی کورتەمێژوویێکی بەڵگەمەند له سەر مێژووی سیاسیی ناوچەی موکریان له هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمی زایینی (دەیەی 1360-1370ی هەتاوی) بخاتە ڕوو.

گۆڕانی وردە وردەی کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی و کۆمەڵگای ئێران بە گشتی، لە ڕاگوزەری کایه و پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و نەریتییەکان و هەروەها ئەزموونکردنی فۆرمەکانی نوێی ژیانی شاری و تێڕامانێکی ڕەخنەگرانە بۆ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەو کاریگەری و ڕۆڵەی کە لە بیچمگرتنی کەسایەتیی تاکەکاندا بوویانە، لەو تایبەتمەندییە ناوازانەن که لەم کتێبەدا دەبینرێ و زۆرێک لە ژن و پیاوانی ئەم خاکە لەگەڵ ئەم چیرۆکە ئاشنان.

سەفەر و کۆچ و گەشتکردن و ژیانی نووسەر لە ناو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، سەرباری هەموو سەختی و دەرفەتەکانی، ئەزموونێکی دیکەیه کە چیرۆکی شیاوی بیستن و ئامۆژەی بەسوود پێشکەش بە خوێنەران دەکات. تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک جار وا دەزانرێ کە نووسەر نیازی وایە جۆش و خرۆشی گەشتکردن و ئەزموونکردنی جیهانە نوێکان بە هەموو مەترسییە ئەگەرییەکانیەوە له خوێنەردا ببزوێنێت.

بەرگی کتێبی «بەرخۆدان ژیانە»

گەڕانەوە، کاری مەیدانی و ژیانی گشتی

کامیل ئەحمەدی بەهۆی بواری خوێندن و پێشینەی توێژەرییەوه، زیاتر وەک خەڵکناسێکی کۆمەڵایەتی ناسراوە و هیچ چالاکییەکی سیاسیی فەرمی و پیشەیی نەبووە، بەڵام لەبەر ئەو ئەزموونە سیاسییانەی که لە ئەنجامی ئاشنایەتیی نزیک لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوە جیاوازەکان و هەروەها ئەزموونی کارکردن و ژیانی لە پارچەکانی کوردستاندا هەیبووە، وای کردووه که تێبینی، گێڕانەوە، ڕەخنە، پێشنیار و تێڕوانینە شیکارانەکانی بۆ پرسی کورد، گرنگییەکی تایبەتی هەبێت. تەنانەت هەندێک لە بیرەوەرییەکانیشی لەم بوارانەدا بە سەرچاوە دادەنرێت.

گەڕانەوە بۆ ئێران وەک خەڵکناسێکی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی چەندین لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر کەمینەکان و گرووپە خەسارهەڵگر و بێبەشەکان، کە بەشێکی زۆریان ڕەگیان لە ئەزموونی کەسی و بنەماڵەیی نووسەردا هەیه و لە نێویاندا دەتوانین ئاماژه به ئەزموونی ئازاری سێکسی لە جوگرافیای ژیاویدا بکەین، خاڵێکی گرنگی دیکەی ژیانیەتی.

بەشەکانی دواتر گێڕانەوەی نووسەر لە دەستگیرکردن، زیندان، ئەزموونە دادوەرییەکان، مشتومڕە گشتییەکان و جێهێشتنی ئێران دەخەنە ڕوو. ئەم ناساندنە حوکمێکی سەربەخۆ لەسەر بانگەشە مشتومڕلێکراوەکان نادات؛ ڕوانگە و وەڵامی نووسەر لە چوارچێوەی خۆژیاننامەکەدا دەناسێنێت.

زنجیرە ڕووداوەکانی دواپەردەی ئەم بیرەوەرییە، لە ئەنجامدا کارێکی وای کرد کە کامیل ئەحمەدی جارێکی دیکە ناچار ببێ زێد و ژیانی خۆی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی سەیر بەجێ بهێڵێت. لە شەوێکی سارد و زستانیدا، لە ڕێگای کوێستانی قەندیلەوە، بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ بەریتانیا، ڕێگای هەرێمی کوردستانی گرتە بەر. گەشتێک کە هێشتا له ناو ئەم کتێبەدا دڵەڕاوکێ و ترسەکانی هەستی پێ دەکرێت.

بەسەرکردنەوەی حەقایەتەکانی ژیان لە کڵاوڕۆچنەی زمانی پاراوی کوردییەوە، تایبەتمەندییەکی درەوشاوەی ئەم بەرهەمە بوو کە بە قوڵایی هەستێکی تەژی لە جوانی و خۆشەویستی بە گیانی کامیل بەخشی و هاوکات حەسرەتی هەموو ئەو بێبەشیی فێربوونی زمانی دایکییەی هێناوه بیری کە سەردەمانێک بەرەی خۆی و ئەمڕۆش کۆرەکەی و بەشێک لە نەوەکانی داهاتووی گرتۆتەوە.

وەشان و پێکهاتەی کتێب

ناساندنی سەرەتاییی ئەم لاپەڕەیە، بە شێوەی خوارەوە، باس لە حەوت وەرز و نزیکەی ١٢٠٠ لاپەڕە دەکات؛ ئەمە وەسفی ئەو دەقەیە، نە شناسنامەی یەکسان بۆ هەموو وەشانەکان:

“بەرخۆدان ژیانە” بەرهەمێکی هەزار و دوسه د لاپەڕەییە و لە ۷ وەرز پێک هاتووە، کە لە هەر وەرزێکیدا قۆناغێک لە ژیانی نووسەر هەڵدەدرێتەوه و بەسەرهات و یادەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی ئەو قۆناغەی دەگێڕێتەوە. سەردێڕی وەرزەکانی ئەم ژیاننامە پڕ له بەسەرهات و سەرنجڕاکێشە بریتین لە: خەباتی بێ‌وچان بۆ ژیان، ساڵانی ئینقلاب و جەنگ و ئاوارەیی، کەشتیی ئاڵۆزی مێرمنداڵی، ئێرە ئەورووپایە، گەڕانەوە (بۆ ئێران)، ئێره زیندانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە مەزلەمەی قازیی سەڵەواتی تا ماڵاواییەکی جەرگبڕ.

لە تۆماری بەستەرکراوی Google Playدا، وەشانی کوردی ١٣٨٥ لاپەڕە و وەشانی ئینگلیزیی تەممووزی ٢٠٢٦، ١٦٤٢ لاپەڕە تۆمار کراون. ئەمانە ژمارەی تۆمارکراوی وەشانە ئەلیکترۆنییەکانن، نە ژمارەی پشکنراوی لاپەڕەکانی فایلە PDFەکان. جیاوازیی پێکهاتە و لاپەڕەکان پێویستی بە بەراوردی شناسنامە و ناوەڕۆکی هەر وەشانێک هەیە.

ناساندنە نوێکانی فارسی و ئینگلیزی هەشت بەش باس دەکەن: خەبات بۆ ژیان؛ شۆڕش و شەڕ و ئاوارەیی؛ مێرمنداڵی؛ ژیان لە ئەورووپا؛ گەڕانەوە؛ زیندان؛ ئەزموونە دادوەری و مشتومڕەکان؛ و ماڵاواییی سەخت. ناونیشانی وردی بەشەکان لە ناوەڕۆکی وەشانی هەڵبژێردراودا بپشکنە.

ژمارەی لاپەڕە و دابەشکردنی بەشەکان لە وەشان و زمانە جیاوازەکاندا یەکسان نییە. لینکەکانی PDFی فارسی، کوردی و ئینگلیزی لە سەرەوە هەن؛ بۆ ئاماژەدان بە سەرچاوە، شناسنامە و ژمارەی لاپەڕەی هەمان فایل بەکار بهێنە.

پرسیارە باوەکان

ئایا ئەمە توێژینەوەیەکی ڕاپرسییە؟

نەخێر؛ خۆژیاننامە و بیرەوەریی ڕەخنەیییە و دەبێت لە توێژینەوە مەیدانییە سەربەخۆکانی نووسەر جیا بکرێتەوە.

بۆچی یەک ژمارەی لاپەڕە بۆ هەموو وەشانەکان نەهاتووە؟

چونکە زمان و فۆرمات و شناسنامەی وەشانەکان جیاوازن.

چۆن دەست بە خوێندنەوە بکەم؟

لە لینکەکانی سەرەوە زمان و وەشانی دڵخوازت هەڵبژێرە و ناوەڕۆکی هەمان فایل بپشکنە.