لەسەر ئەو بابەتە مووشنگڕافیی سەرەوە ببینن؛ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و تەواوتر دەق و وتارەکانی دیکەی ئەم مالپەڕە بخوێننەوە.
هاوسەرگیریی منداڵ یان منداڵهاوسەری بە هاوسەرگیرییەک دەوترێ کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسێک پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی ١٨ ساڵان، لە ژێر زەختی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری خۆی دەچێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و ژیانی هاوبەش دەست پێ دەکات.ئەم زۆرەملێیەتییە زیاتر کچان دەگرێتەوە و دەیاندەن بە پیاوانی گەورەساڵ، کە ئەمە خۆی بەرهەمی نەریتی فەرهەنگی – نەتەوەیی یان کێشەی ئابووری و بژێویی خێزانەکانە.لەو کۆمەڵگایانەی کە خەتەنەکردنی ژنانی تێدا باوە، هاوسەرگیریی منداڵیش بەدی دەکرێ، هەر بۆیە کامیل ئەحمەدی و هاوکارانی لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵەی لە سەر هاوسەرگیریی منداڵان دەست پێ کرد. کە لەم ماوەدووساڵەدا بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمیی وڵاتی ئێران بەدواداچوون و توێژینەوەی لە سەر حەوت پارێزگای ئێران واتە خوراسان ڕەزەوی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوزستان، سیستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هورمزگان، و ئیسفەهان ئەنجام دا و ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەی بە هەر سێ زمانی فارسی و ئینگلیزی و کوردی چاپ کرد.بە بۆچوونی زۆرێک لە پسپۆڕان، هاوسەرگیریی منداڵان کاریگەری لە سەر ژیانی منداڵان دادەنێ و بە لێکەوتە زیانبەخشەکانی تەندروستیی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە و لە هەموو ئاستێکی گەشەکردندا، کاریگەری لە سەر گەشەی تاک دادەنێت.