باو بوونی خەتەنەی کچان لە ئێران
نووسەر: کامیل ئەحمەدی
پوخته
ئەم لێکۆڵینەوە خەتەنەی کچان لە ئێران تاوتوێ و شرۆڤە دەکات. ئەم لێکۆڵینەوە لە ساڵی 2005 دەستی پێکرد و لە ساڵی 2015 کۆتایی پێ هات. ئامانج لەم توێژینەوە دابینکردنی داتای ورد و گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران و لەم ڕێگەوە دابینکردنی مادەی بەرنامەیەکی هەمەلایەنە بۆ بنەبڕکردنی خەتەنەی کچان لە ئێرانە و ئەوەی کە ئەم بزاڤە دەبێتە هۆی ئەوەی خەتەنەی کچان لە ئێران لە بەرنامەی کاری جیهانیشدا بگونجێنرێت. بە هۆی هەستیاریی بابەتەکە ئاراستەی شێوازناسیی ئەم توێژینەوە بە شێوەی هاوبەشانە بوو. بەشی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوە لە کۆتایی ساڵی 2014 کۆتایی پێهات. کۆکردنەوەی زانیاری هەمەگیر و ورد سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران پێویستی بە هەزاران کیلۆمەتر سەفەر و دیمانە لەگەڵ پتر لە 3 هەزار ژن و هەزار پیاو لە چین و توێژە جیاوازەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بوو، بۆ وێنە دیمانە لەگەڵ کەسانی دەستدار، ڕێبەرانی کۆمەڵگا، زانایانی ئایینی و ڕێبەرانی ئایینی. ئەنجامەکان پیشان دەدەن کە خەتەنەی کچان لە هەندێ لە ناوچەکانی ئێراندا زیاتر برەوی هەیه، بەتایبەت لە گوندەکانی هەر چوار پارێزگای باکووری ڕۆژاوایی، ڕۆژاوا و باشووری ئێران واتە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و هورمزگان (لە گوندەکانی سەر بە دووڕگەکانی قیشم لە پارێزگای هورمزگان ڕێژەی باوبوونی ئەم کردەوە 60 لە سەده). سەرەڕای ئەمانە لە سەر ئاستی بەشە باکوورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە خەڵکەکەی تورکی ئازەری و کوردی کرمانجن، خەتەنە بەدی نەکرا و نە لە بەشە باشوورییەکانی کرماشان و هەروەها لە بەشە باکورییەکانی پارێزگای هورمزگان زۆر لەوە کەمتر بوو.
ئەم لێکۆڵینەوە و کورتە فیلمە دێکۆمێنتارییە کە هاوکات لەگەڵ ئەوە کەوتە دەستی هۆگران ئێستا لە سەر ئاستی جیهانیدا بە فەرمی ناسراوه. گۆڤاری ڕوویتێر و ڕۆژنامەی گاڕدییەن و بیبیسی لە ڕێکەوتی 4ـی جوونی 2015 لە ڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکانی خۆیانەوە ناساندیان و کەناڵی بیبیسیفیلمیش بڵاوی کردەوه. پاش کەمێک لە ڕێکەوتی 19ـی جوون ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ژنێڤ لە ژێر ناوی نەهێشتنی خەتەنەی کچان بە بەشداری کامیل ئەحمەدی خرایە بەر باس. ڕۆیتێریش سەبارەت بەم لێکۆڵینەوە شرۆڤەیەکی بڵاو کردەوە و بە یەکێک لەو دەگەمەنە کارە ئەنجام دراوانە ناوزەدی کرد کە لەم بوارەدا لە مێژووی ئێراندا ئەنجام دراوه.
وشە کلیلییەکان: خەتەنەی کچان، ئێران، ئیسلام، کەلتوور
پێشەکی
خەتەنەی کچان (کە لە زمانی فارسیی ئێستادا بە وشەگەلی وەکوو بڕین، قرتاندن کۆئەندامی زاوزێی ژنانیش ئاماژەی پێ دەکرێ) لە سەر ئاستی جیهان بابەتێکی باسبزوێنە و زۆرێک لە گرووپەکان بنەبڕکردنی بە ئامانجی لێبڕاوەی خۆیان دەزانن، لە چالاکڤانانی مافەکانی ژنان، چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکڤانانی کۆمەڵایەتییەوە بگرە تا دەگاتە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو یوونیسێف و هەڵبەت هەندێ لە حکوومەتە بەرپرسەکان. ئەم کردەوە بە گشتی بریتییە لە نەهێشتنی بەشێک یان کۆی بەشە دەرەکییەکانی کۆئەندامی زاوزێی کچان. لە زمانی ئینگلیزی لە سەرەتادا بە بەراوردکردن لەگەڵ دێڕی male circumcision (خەتەنەی پیاوان) وشەی male circumcision (خەتەنەی ئافرەتان) بوو بە باو. بەڵام لە ئێستادا بە هۆی کۆششی چالاکڤانانی فیمینیست دێڕگەلی female genital mutilation و female genital cutting برەوی پەیدا کردووە و بە کورتی پێی دەڵێن (FGC) یان (FGM). جۆری زۆر و توندی خەتەنەی کچان لێکەوتەی زۆر جیدی بۆ سەر تەندروستیی کچان لێ دەکەوێتەوه، قوربانیانی ئەم کردەوە تووشی خەسارەتی جەستەیی و دەرونیی زۆر دەبنەوە و لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا بە هۆی خوێنڕێژی و یان هەوکردنی زۆرەوە گیانی خۆیان لە دەست دەدەن. لە درێژماوەدا ئەو ژنانەی کە خەتەنە کراون لە ژیانی سێکسیدا تووشی ئاسەواری نەخوازراو دەبنەوه.
داتاکانی ئەم دواییەی یوونیسێف دەرخەری ئەوەیە کە لە ئێستادا نزیکەی 130 ملیۆن ژن و کچ لە سەر ئاستی جیهاندا دەژین کە قوربانی یەکێک لە شێوازەکانی خەتەنەن (UNICEF 2014). لێکۆڵینەوەکانی دیکە دەریدەخەن کە 92 ملیۆن کەس لە کچانی خەتەنەکراو ژوور تەمەنی دە ساڵانن و زۆربەیان لە کیشوەری ئەفریقا دەژین. بە پێی ڕاپۆڕتی فەرمیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە ئێستادا لە سەر ئاستی 29 وڵات کە زۆربەیان کەوتوونەتە بەشی ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و باکووری ئەفریقا و هەروەها لە هەندێ ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا ئەم کردەوە برەوی هەیە. هەروەها خەتەنەی کچان لە ناو هەندێ لە گرووپە پەنابەرەکانی دانیشتووی ئورووپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیاش ئەنجام دەدرێت. (EndFGM 2012, UNICEF 2013) بە گوێرەی هەواڵەکان لە هەندێ لەم وڵاتانە پتر لە 80 لە سەدی کچان خەتەنە دەکەن (UNICEF 2014). تەمەنی ئەو کچانەی کە خەتەنە دەکرێن لە کەلتوورێکەوە بۆ کەلتوورێکی دیکە جیاوازه، بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین زۆرینەی کچان لە نێوان 4 بۆ 12 ساڵان خەتەنە دەکرێن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە هەندێ لە کەلتوورەکاندا کچان هەر لە ساواییەوە خەتەنە دەکرێن و لە هەندێ کەلتووری دیکەشدا ڕاست بەر لە کاتی هاوسەرگیری.
خەتەنەی کچان نەرێتێکی کۆنە کە هەندێ لایەنی بنەڕەتی مافە سێکسییەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات. بەردەوامەتی ئەم نەریتە لە کۆمەڵگادا وابەستە بە هەندێ بیر و باوەڕ، نۆڕم، ڕوانگە و سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکانه. سەرەڕای ئەوەی لە ئێراندا سەبارەت بە خەتەنەی کچان کۆمەڵێ داتا لە بەر دەستە بەڵام ئەم داتایانە زۆر سنووردارن. ئەم توێژینەوە بۆ یەکەم جار سەبارەت بە برەوی خەتەنەی کچان لە سەرتاسەری ئێران لێکدانەوەیەکی گشتگیری ئەنجام داوە و بە گوێرەی ئەنجامەکان سەرنجی خۆی لە سەر چوار پارێزگای وڵات چڕ کردۆتەوە کە ئاشکرا بوو لەواندا کچان خەتەنە دەکرێن، واتە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرماشان و هورمزگان و دەورووبەرییەکانیان.
ئامانجەکانی توێژینەوه
ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوە ئەوەیە کە ئەنجام و پێشنیارەکانی خۆی بۆ کۆمەڵگا گێرۆدەکان بخاتە ڕوو و سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران زانیاریی متمانەپێکراوی بەڕۆژ بدەنە دەست دەوڵەت و تاکەکان و دیکەی ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان.
ئامانجەکانی ئەم توێژینەوە دوو ئامانجی گەوەرتریش بەدی دێنن. یەکەم ئەوەی کە ئەم ئەنجامانە بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوی داهاتوو لە ئێران کە زۆر پێویستیشە دابین دەکا و دووهەم ئەوەی کە هاوکاریی سازدان و هەڵکشانی ئاستی وشیاری سەبارەت بە ڕوودانی خەتەنەی کچان لە ئێران دەکا بۆ ئەوەی بەم شێوە سەرنجی دەوڵەتی ئێران بۆ پابەندیی و بەرپرسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی ڕابکێشێت.
هەروەها لە پێوەرێکی بەربڵاوتردا، ئەم توێژینەوە ئەم باوەڕە کۆنە ڕەت دەکاتەوە کە ئەم دیاردە تەنیا لە کیشوەری ئەفریقا باوە و بەڵگەی تەواو ئامادە دەکا کە ناتوانرێ چیتر نکۆڵی لە بوونی خەتەنە لە ئێران بکرێت. خستنە ڕووی ئەم داتایانه، یارمەتی کۆمەڵگای ئێران و کومیتەکانی چالاکڤانانی مافەکانی منداڵان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دەدا کە بەرەنگاری خەتەنەی کچان ببنەوە و لەگەڵ کەسانی دەستداری ئەم کردەوە دانووستان بکەن.
ئەم توێژینەوە هەڵدەستێ بە ناساندنی خەتەنەی کچان و ئەو پاساوی باوی ئەو کۆمەڵگایانەی کە خەتەنەی کچانی تێدا ئەنجام دەدرێت. بەدەر لە ئاشکراکردنی حەقیقەتی سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران، ئەم توێژینەوە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە سەبارەت بە ڕەگە مێژووییەکانی ئەم نەریتە و باوبوونی لە ناوچەکە و لە جیهان و ڕەوتی ڕوو لە دابەزینی ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان و باوەڕ و هۆکارە شاراوەکانی ئەو دیوی ئەم کردەوە باس دەکا و هەروەها ئاماژە بە هەندێ لەو داپەڕ و بەرنامانە دەکا کە هەتا ئێستا لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەم کردەوە لە ناوچە دیاریکراوەکانی ئێران ئەنجام دراوه. ئەم ڕاپۆڕتە هەروەها چاوێک بە خەباتە مێژووییەکانی دژ بە خەتەنەی کچان و یاساداڕشتنی دژ بەم کردەوە و دەوری زانایانی ئایینی و بەرپرسایەتییەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت و لە هەموو گرینگتر ڕوانگەی پیاوان بۆ ئەم پرسە دەخشێنێت.
ئاخێزگەی مێژوویی و باوبوونی خەتەنەی کچان لە جیهان
لە زۆربەی کەلتوورەکاندا قسەکردن لە سەر پرسە ڕەگەزییەکان دەچێتە ڕیزی نهێنییەکان یان بە واتایەک تابۆکانەوە و هەر بەو هۆیەوە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ورد سەبارەت بە ڕیشە مێژووییەکانی خەتەنەی کچان ئەستەمه. سەرچاوەی مێژوویی ورد بۆ خەتەنەی کچان نادیارە؛ سەرباری هەموو ئەمانه، مێژووناسان و خەڵکناسان توێژینەوەیەکی بێژوماریان سەبارەت بەم بابەتە ئەنجام داوه. بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە ئەم کردەوە پێشینەی 2 هەزار ساڵەی هەیە؛ زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بە میسر دەکەن و بە شێوەی دیاریکراو دەورووبەری ڕووباری بە ناوەندی پەرەسەندنی ئەم کردەوە بۆ دیکەی ناوچەکان لە قەڵەم دەدەن (اسلک، 1988). هەندێ لە لێکۆڵەران ئەوە بە کردەوەیەکی “فیرعەونی”
دەزانن و بەم شێوە ڕیشەکانی دەبەنەوە سەر سەدەی 5 بەر لە زایین لە میسر. خەڵکناسان ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ تەگبیری ئەفریقییەکانی کۆتاییەکانی چاخی بەردین بۆ ئەوەی کچە عازەبەکان لە هەمبەر دەستڕێژی بپارێزرێن (Lightfoot-Klein, 1983). هەندێ لە لێکۆڵینەوەکان گرێی دەدەنەوە بە سەرەتاکانی سەدەی هەڤدەهەم لە سۆماڵی کە بە مەبەستی گرانتر فرۆشتنی ئافرەتە کۆیلەکان ئەوانیان خەتەنە دەکرد. تاقمێکی دیکەش ئەنگێزەی ئەم کارەی میسرییەکان بە ڕێگری لە دووگیانبوونی ژنانی کۆیلە دەزانن (Lightfoot-Klein, 1983). شارستانییەتە سەرەتاییەکانی ڕۆما و عەرەب خەتەنەی کچانیان گرێ دەداوە بە پەردەی کچێتی و پاکداوێنییەوه؛ لە ڕۆمای کۆندا ئافرەتە کۆیلەکانیان خەتەنە دەکرد بۆ ئەوەی بەم شێوە کردەوەی سێکسییان سەرکووت بکەن و نرخیان گران بکەن (Tankwala 2014). باش دەزانین کە لە درێژایی مێژوودا خەتەنەی کچان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا باو بووە و تەنیا لە ئەفریقا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا سنووردار نەکراوەتەوه. ئەم کردەوە لە ناو دانیشتووانی خۆجێیی ئوستڕالیا، خەڵکی فینیقییه، هاییتی، ئێسیۆپی، هەندێ لە گەلانی ئامازۆن و هەندێ ناوچەی هیندستان، پاکستان، مالێزی، ئەندۆنسیا و هەروەها فیلیپین باو بووه. لە سەدەی نۆزدەهەم، لە ئورووپا و ئەمریکاش ئەم کردەوە ئەنجام دەدرا؛ بە پێی توێژینەوەکان، هەندێ لە پزیشکان بە مەبەستی چارەسەر یان بۆ ڕێگری لە خۆڕەحەتکردن و هاوڕەگەزخوازیی ژنان و تەنانەت بۆ ڕێگری لە نەخۆشی دەروونی وەک هیستری کلیتۆدێرمییان (Brown, 1866) ئەنجام دەدا. لە ڕاستیدا هەتا دەیەی 1970 لە ئەمریکا خەتەنەی کچان بەردەوام بوو.
خەتەنەکردنی کچان بەر لە ئایینی ئیسلام برەوی بووه، سەرباری ئەمانە زۆرێک لەو کۆمەڵگایانەی کە ئێستا ئەم کردەوە ئەنجام دەدەن موسڵمانن و هەر بۆیە زۆر جار ئایینی ئیسلام بە هۆکاری ئەوە دەزانن (Bob 2011). سەرەڕای ئەمه، هەموو ئیسلامتوێژەران لایەنگری ئەم ڕوانگە نین و هەندێکیان ڕەپاڵدانی ئەم کردەوە بە ئیسلام ئیدانە دەکەن. جیا لە موسڵمانان، ئەم کردەوە لە ناو مەسیحیان، جوولەکەکان، ئاژەڵباوەڕان یان ئانیمیستەکان و لە ناو هەندێ لە ئایینە خۆجێییەکانی دیکەشدا باوە (Bob 2011, Nyangweso 2014) بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ئێریتره، ئێسیۆپی، مەسیحییانی قیبتی و کاسۆلیکەکان. لە هەندێ گرووپی جوولەکەی وەکوو بەتا ئیسڕاییل و فلاشاـش خەتەنەی کچان باوە (Favali and Pateman 2003).
وەک وتمان بە پێی ڕاپۆڕتی فەرمیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە ئێستادا لە سەر ئاستی 29 وڵات خەتەنەی کچان باوه، ئەم وڵاتانە کەوتوونەتە ئەفریقا، ئاسیا و خۆرهەڵاتی نێوەراست و ئەمریکای باکووری و ئوسترالیا و ئورووپا (UNICEF 2013). هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە کە پشتڕاستکەرەوەی باوبوونی ئەم کردەوە لە هەندێ بەشی باشووری ئەفریقا یان لە وڵاتانی عەرەب زمانی باکووری ئەفریقا بێت (Toubia, 1995). بە هۆی کۆچکردنی ڕوو لە زیادبووی خەڵکی ئەو وڵاتانەی وا کچان خەتەنە دەکەن بۆ وڵاتانی دیکه، خەتەنەی کچان بۆ هەندێ لە بەشەکانی جیهانیش گوازراوەتەوه؛ بۆ وێنە ئوستڕالیا، کانادا، نیووزلەند، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەندێ وڵاتی ئورووپایی (Boyle and Preves, 2000). ڕێژەیەکی سنووردارتری خەتەنەی کچان لە وڵاتانێکی وەکوو ئەندۆنسیا، مالێزی، پاکستان، هیندستان، ئێراق و وەک ئەم توێژینەوە پیشانی دەدا لە ئێرانیش هەیە (Isiaka and Yusuff, 2013). لە وڵاتی ئێراق خەتەنەی کچان لە ناو کوردانی ئەهلی سوننه، هەندێ کۆمەڵگەی عەرەب و تورکەمەن باوه. توێژینەوەیەک کە هەندێ گرووپی نادەوڵەتی ئەنجامیان داوە دەرخەری ئەوەن کە بڕەوی خەتەنەی کچان لە ناو کوردەکانی ئێراقدا پتر لە 60 لە سەدە (Ghareeb and Dougherty, 2004, 226). لێکۆڵینەوەکانی دواتر کە بە هۆی دامەزراندنی کەمپەینی خۆجێی و ناوچەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان لەم ناوچەدا ساز کرا، ڕێژەی باوبوونی ئەم کارە لەوە کەمتر دەزانێت. بە پێی ڕاپۆڕتێک کە حکومەتی فیدڕالی هەرێمی کوردستان، یوونیسێف و گرووپە ناودەوڵەتییە خۆجێییەکان دەریانخستووە ڕێژەی خەتەنەی کچان لەم ناوچەدا بەوپەڕی خێراییەوە لە دابەزیندایه.
دەستڕاگەیشتن بە زانیاری متمانەپێکراو سەبارەت بە باوبوونی خەتەنەی کچان تا دێت زیاتر دەبێت. بەرنامەی دی. ئێچ، ئێس زانیاریی نیشتمانیی 6 وڵات لە مەڕ خەتەنەی کچانی کۆ کردووەتەوه: کۆماری ئەفریقای ناوەندی، ڕۆخی عاج، میسر، ئێریتره، مالی و سوودان. لەم وڵاتانەدا ڕێژەی خەتەنەی ئەو کچانەی وا دەگەنە تەمەنی باڵقبوون 43 لە سەد بۆ 97 لە سەد ڕاگەیەندراوه. زانیارییە کۆکراوەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕێژەی خەتەنە لە ناو گرووپە ئێتنیکە جۆراوجۆرەکاندا جیاوازه. سەرەڕای ئەمە هەتا ئەم کۆتاییانە هیچ ئامارێک سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەم کردەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دیکە لە بەر دەستدا نەبوو. ئێستا ئێرانیش لە پێڕستی ئەو وڵاتانەدایە وا کچان خەتەنە دەکەن.
پێشینەی لێکۆڵینەوه
ئەم وتارە بە گوێرەی توێژینەوەیەک نووسراوە کە وەک ئاماژەمان پێداوە بوونی خەتەنەی کچانی لە ئێران تاوتوێ کردووە و دەوری فاکتەرە دەستدارەکانی لەم پرسەدا لێک داوەتەوه. توێژینەوەی ئاماژەپێکراو بەرهەمی کۆششی کامیل ئەحمەدییە کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دایک بووە و پەروەردە بووە بەڵام لە تەمەنی گەنجێتیدا بە مەبەستی خوێندن ڕوو دەکاتە وڵاتی ئینگلتەرا. پاش گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئێران بۆی دەرکەوت کە نەریتی خەتەنەی کچان لە ئێراندا هەیە و بنەماڵەی نزیکی ئەویش ئەم نەریتەیان بە سەردا سەپاوه.
بەر لە گەڕانەوە بۆ ئێران، ئەحمەدی ماوەی چەند ساڵ لە هەندێ لە ڕێکخراوە نادەوڵەتییە مرۆڤدۆستەکاندا چالاکی نواندووە و لەم ڕێگەوە لەگەڵ پرۆژە و داپەڕە جۆراوجۆرەکانی یوونیسێف و ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان لە وڵاتانێکی وەکوو سۆمالی، کنیا و سوودان ئاشنا بووه. ئەو کات هێشتا ئێران لە پێڕستی ئەو وڵاتانەدا نەبوو کە کچانی تێدا خەتەنە دەکرێت. لە ساڵی 2005 ناوبراو توێژینەوەیەکی مەیدانی لە سەر ئاستی هەندێ لە ناوچەکانی دەورووبەر دەست پێ کرد و وێڕای کۆکردنەوەی داتا، فیلمێکی دێکۆمێنتاریشی کە هەڵگری هەندێ وێنە و دیمانە بوو ساز کرد.
ئاهەنگی مارە بڕین. باشووری ئێران
وێنە: ش. تەلندە
یەکەمین و هەڵبەت تاکە دێکۆمێنتارییەک کە هەتا ئەوڕۆ سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران ساز کراوە (و ئێستاش شیاوی دەستپێڕاگەیشتنه) فیلمێکە لە ژێر ناوی (بە ناوی نەریت) کە هەڵگری وێنە و ئەو دیمانانەیە کە لە کاتی توێژینەوەی مەیدانی لە گوند و ناوچە کوردنشینەکانی سەر بە شاری مەهاباد، هەندێ گوند و دێی دەورووبەری پارێزگای کوردستان و هەورامان (ناوچەیەک کە دەکەوێتە نێوان کرماشان و کوردستان) و بەشگەلێک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران وەک دووڕگەگەلی قیشم، هورمز و کیش فیلمی لێ هەڵگیراوە (Ahmady 2006). ئەم دێکۆمێنتارییە جیا لە دوواندنی ژنان و خەتەنەچییە خۆجێییەکان (بیبییەکان)، بیر و باوەڕی پیاوان، کاربەدەستانی بەشی تەندروستی و پزیشکی و هەروەها زانایانی ئایینی ئەو ناوچانەشی کۆ کردۆتەوه.
بە گوێرەی ئەنجامەکانی دێکۆمێنتاری، لەم فیلمەدا دەرکەوت کە بۆ لێکدانەوەی سیستماتیکانەی خەتەنەی کچان لە ئێران پێویست بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، بەتایبەت ئەو ناوچە جوگرافییانەی کە ئەم کردەوە تێیدا برەوی زێدەتره. بەم پێیە پرۆژەیەکی زانستی – لێکۆڵینەوەیی بەربڵاوی ناوخۆیی دەستی پێکرد. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم چەشنە توێژینەوە گشتگیرانە پێویستمان بە سەرچاوەی خۆجێیی بوو. بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەیەکی فێرکاری ڕەچاو کرا بۆ گرووپێک لە خوێندکاران (ژن و پیاو)ی تامەزرۆ کە پێیان خۆش بوو لەم بەرنامەدا بەشداری بکەن و زۆرینەی دیمانە مەیدانییەکان بە شێوەی چاو بە چاو ئەنجام بدەن. بۆ کۆ کردنەوەی داتاکان پرسیارنامەی یەکسان لەگەڵ ستانداڕدی یوونیسێف بە کار هێنرا.
بەڵگە کۆکراوەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و فیلمی دێکۆمێنتاری گوزارشت بوون لەوەی کە لەوە ناچێ ناوچە شارییەکان کچان خەتەنە بکەن. کەواتە تیشکی سەرنجەکان گوزراوە بۆ ناوچە گوندییەکان. لە پێشدا لە ناو ناوچە جوگرافیاییە پێشتر دەستنیشان کراوەکان لە باکوور، ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و باشوور بە شێوەی هەڵکەوت چەند گوند هەڵبژێردران. سەرەڕای ئەمه، لەگەڵ ئەوەی پرۆژە دەچووە پێش، گوند بە گوند بەرنامەی فێرکاری و تاقیکاری بەربڵاوتر بێچمی دەگرت و بە ئەنجام دەگەیشت. گرووپە لێکۆڵینەوەییەکان بۆ داتادۆزی و نموونەهەڵگری لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی هەر پارێزگایەک لە گوندێکەوە دەچوونە گوندێکی دیکە و بەم شێوە پایان گەیشتە باشووری ئێران، واتە پارێزگای هورمزگان کە ڕێژەی پەرەسەندنی خەتەنەکردنی کچان لەوێ پتر لە سێ پارێزگاکەی دیکەیه.
دەستێوەردان لە هەورامانی کرماشان، وێنە لە @kameelahmady.com
لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوە کەڵک لە خەریته، ڕێنوێنەرانی خۆجێیی، زانایانی ئایینی و پەیوەندییە تایبەتەکان وەرگیرا. ئەم لێکۆڵینەوە لە ماوەی 10 ساڵ و بە هەوڵی گرووپێکی بچووک بەڵام بە جۆش و خرۆش ئەنجام درا. بەو پێیەی ئەم توێژینەوە بەرنامەیەکی تەواووەخت نەبوو لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا دەچووە پێش و کاری داتادۆزیی سەرەتایی، کاری مەیدانی و ڕاهێنانی نێوان ساڵانی 1384 هەتا 1394 لە گەڕدا بوو. ئەم توێژینەوە ئاراستە و قۆناغە و ستراتیژ و شێوازی جۆراوجۆری لە خۆ گرتبوو، بۆ وێنە بە هۆی هەستیاریی و زمانی تایبەتی هەر شوێنێک ناچار بووین بۆ ڕاهێنانی یاریدەدەران نامیلکەی گونجاو لەگەڵ هەمان شوێن ئامادە و بڵاو بکەینەوە.
بۆ زەقکردنەوە و پیشاندانی خەسارەتەکانی خەتەنە بۆ سەر جەستە و دەروونی ژنان خولی وشیارکردنەوە بەڕێوە چوو کە ئاراستەی جۆراوجۆر بە کار هێنرا و زیاتر ژنانی گەنج هەڵسووڕێنەری بوون. هەستیارکردنی پیاوان بە بابەتەکەش بەشێک لەم ئاراستانە بوو. گرووپ لە مزگەوت، ماڵان و هەروەها زۆرێک لە شوێنە گشتییەکان کۆمەڵێ لە پیاوانیان دواند بۆ ئەوەی ئاستی سەرکەوتنی خۆیان تاقی بکەنەوه. دانیشتنی جۆراوجۆر لەگەڵ ڕێبەرانی کۆمەڵایەتی و لەویش گرینگتر لەگەڵ زانایانی ئایینی و ژنان و هەروەها لەگەڵ شێخی ئەو شوێنە ساز کرا بۆ ئەوەی دەنگ و پشتیوانیی ئەوان بۆ ڕێگری و بایکۆت کردنی خەتەنەی کچان وەدەست بهێنرێ و ڕازی بکرێن کە لەم بارەوە فتوای خۆجێیی دەربکەن. پاش هەر قۆناغێکی کاری مەیدانی و ڕاهێنانی چاو بە چاو و کۆبوونەوە بە مەبەستی وەدەستهێنانی پشتیوانی، بۆ ساڵی دوایی بە مەبەستی بەراوردکردنی ئاستی سەرکەوتن و کاریگەربوونی گەڵاڵە تاقیکارییەکان یەک یان دوو جار سەردانی ئەو گوندانە کرایەوه.
شێوازی لێکۆڵینەوه
لە سەرەتای 1990 بە مۆدێلی جیای دی. ئێچ. ئێس داتا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە سەر ئاستی هەموو جیهان کۆ کرانەوه. ئەم مۆدێلە بنکەیەکی زانیاری زۆر دەوڵەمەندی بێچم دا کە بە هۆی ئەوەوە دەتوانین هەموو وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی ئەفریقا پێکەوە هەڵبسەنگێنین. بەو پێیەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، یوونیسێف یان ڕێکخراوە نێودەڵەتییەکانی دیکە هێشتا باوبوونی خەتەنەی کچانیان لە ئێران بە فەرمی نەناساندووه، بڕیار درا کە ئەم یەکەمین بەرنامەی گشتگیری کۆکردنەوەی داتایانە لە سەر ئاستی وڵات کەڵک لە مۆدێلێکی هاوشێوەی مۆدێلی دی. ئێچ. ئێس وەربگیرێت. شێوازێک کە لەم توێژینەوەدا دەستنیشان کرا، بە گوێرەی تایبەتمەندیی بابەتەکە شێوازێکی هاوبەشانە بوو. شێوازی هاوبەشانە بە شێوەی تایبەت بۆچوونی ژنان و کچان خۆیان واتە کۆمەڵگای ئامانجی ئەم پرۆسە وەردەگرێ، بە جۆرێک کە لە کۆتاییدا داتاکانی توێژینەوە ڕەنگدانەوەیەک بێ لە ڕوانگەی ڕاستەقینە و بێ مەبەستی ژنان خۆیان. هەتا ئەو جێی کرا زمانی لێدوانەکان سادە و دۆستانە بوو بۆ ئەوەی ناڕوونی و خراپ تێگەیشتنێک لە نێوان توێژەر و دیمانە لەگەڵکراوەکەی لە ئارادا نەبێت. وەک پێشتریش وترا ئەم توێژینەوە دە ساڵی خایاند کەواتە شێوازی ئەم توێژینەوە لە درێژەی خۆیدا گۆڕانی زۆری بە خۆوە بینیوە و ستراتیژی نوێی لە خۆ گرتووه.
لەم کارەدا، بۆ کۆکردنەوەی داتاکان پرسیارنامەگەلێکی نزیک لە ستانداڕدی جیهانی “دی.ئێچ.ئێس” و “ئێم.ئای.سی.ئێس” یوونیسێف بە کار هێنرا. پەیوەندیی باش و بەکارهێنانی تۆڕە پەیوەندییەکان ئەم هەلەی ڕەخساند کە ئەم داپەڕانە ببێتە هۆی ئەوەی پشتیوانیی کەسانی خۆجێیی، هەندێ لە ڕێبەرانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆ ڕابکێشێ و لە ناو کەسانی خۆجێییش کەسانێک بۆ هاریکاری دەستنیشان کران. ئامانج ئەوە بوو کە دڵنیا بین پێویستییە ئەخلاقییەکان و نهێنیبوونی زانیارییەکان ڕەچاو دەکرێت. وەک چۆن خاتوو مێی دەڵێ کۆمەڵە پڕەنسیپی ئەخلاقی: “دەبێ لە کاتی توێژینەوەدا ڕەچاو بکرێن. ئەم پڕەنسیپانە پێویستن، کەواتە بە دوور لە هەلومەرجی تایبەتی توێژینەوە دەبێ پێیان وەفادار بین. ئەم بنەمایانە بەرپرسایەتییەکانی توێژەر لە هەمبەر ئەو خەڵکەی کە سەبارەت بەوان توێژینەوە ئەنجام دەدرێ وەبیر دێنێتەوه.» خاتوو مێی لە درێژەدا دەڵێ بەشداربووان دەبێ بە خواستی خۆیان بڵێن کە ئایا سەبارەت بە بابەتی توێژینەوە زانست و زانیارییان هەیە یان نا (May, 2011).
هەر بۆیە داوامان لە بەشداربووانی ئاگادار کرد کە ئایا حەزیان لێیە سەبارەت بەم بابەتە بدوێن یان نا و بەر لە توێژینەوە ئەوان لە شێوازی بەکارهێنانی زانیارییەکان و ئەوەی کە ئەم زانیارییانە چ کەڵکێکیان هەیه، ئاگادار کرانەوه. لە هەندێ لە حاڵەتەکاندا لێدوانەکان بە شێوەی تەلەفۆنی ئەنجام دەدرا و کەسانی دیمانە لەگەڵکراو دەستەبەری ئەوەیان پێ دەدرا کە پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان ڕەچاو دەگیرێت. بە گشتی 4 هەزار دیمانە لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هورمزگان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و کوردستان ئەنجام درا. بە واتایەک لە هەر پارێزگایەک هەزار دیمانە لەگەڵ 750 ژن و 250 پیاو ئەنجام درا و بۆ یەکەم جار لە ئێران، لەم توێژینەوەدا بڕیار بوو کە ڕا و بۆچوونی پیاوانیش تۆمار بکرێ بۆ ئەوەی لە خەتەنەکردنی کچاندا ڕۆڵیان لە بەر چاو بگیرێت.
ئەنجامەکانی توێژینەوه
لە ئێران خەتەنەی کچان دیاردەیەکی نوێ نییه، سەرەڕای ئەمە دەستپێڕانەگەیشتوویی زانیاریی لەم بارەوە بە شێوەی کردەیی خەتەنەی کچانی نەبینراو دەکرد. بەدەر لەوه، دەوڵەتی ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە دان بە بوونی خەتەنەی کچان لە ئێراندا بنێ و خەڵکی ئاساییش لەم بارەوە بێدەنگییان هەڵبژاردبوو چوونکە ئەم مەسەلە لە نهێنییەکانە یان بە واتایەک تابۆیه. ئەم توێژینەوە لێکۆڵینەوەکانی ڕابردووش کە ئەوانیش زیاتر لە چوارچێوەی تێزی ماستەر و زیاتر لە لایەن کچانی خوێندکاری ناخۆجێیی ئەنجام درا لە بەر چاو گرتووه. داتاکانی ئەم لێکۆڵینەوە بە ڕوونی ئەوە پیشان دەدا کە زیاترین ڕێژەی خەتەنەی کچان لە پارێزگای هورمزگان ئەنجام دەدرێ، ئەگەرچی لە هەندێ لە پارێزگاکانی دیکەی باکوری ڕۆژاوایی و ڕۆژاوای ئێرانیش باوه. بە گوێرەی ئەم لێکۆڵینەوە خەتەنەی کچان زیاتر لە ناو ئەهلی سوننەی ئایینزای شافێعی باوه. زۆرینەی حەشیمەتی پارێزگا ڕۆژاواییەکان لە ئەهلی سوننەی ئایینزای شافێعی پێک هاتووە و پارێزگای باشووری هورمزگای و دووڕگەکانی هەڵگری ڕێژەیەکی زۆری کۆمەڵگای شافێعی مەزهەبن. بە پێی ئەوەی کە گرووپی ئێتنیکی و ئایینیی جۆراوجۆر لە سەر ئاستی ئەم چوار پارێزگایەدا بڵاو بوونەتەوه، کێشانەوەی خەریتەیەکی ورد بۆ پیشاندانی ناوچەکانی هەڵگری خەتەنەی کچان و ڕێژەی پەرەسەندنی لەم ناوچانەدا، کارێکی دژوارە.
باوبوونی خەتەنەی کچان لە ئێراندا لێکبڵاو و نایەکدەستە و لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا جیاوازیی بەرچاوی هەیه، هەندێ جار ئەم جیاوازییە تەنانەت لە دوو گوندی دراوسێشدا زۆره.
بەشی هەرەزۆری ئەم توێژینەوە لە کۆتایی ساڵی 2014 کۆتایی پێ هات؛ دەیەیەک توێژینەوە سەبارەت بە بابەتی خەتەنەی کچان لە ئێران دەسکەوتی زۆری لێ کەوتەوه. ڕێژەی ڕاستەقینەی خەتەنەی کچان ئێستا دەتوانین لە ڕووی ڕێژەی منداڵانی ساوا و کچۆڵەکان کە خەتەنەکراون دیاری بکەین. هێمایەکی باشە کە ڕێژەی خەتەنە لە ناو کچان و ژنانی 15 بۆ 29 ساڵان لە چاو ژنانی 30 بۆ 49 ساڵ نزیکەی 30 لە سەد کەمترە و وا دەردەکەوێ لە ناو کچانی خوار تەمەنی 10 ساڵان کەمتر لە 8 لە سەده. ئەم خاڵانە بەم ئەنجامەمان دەگەیەنێ کە ڕێژەی خەتەنەی کچان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو بە شێوەی یەکدەست دابەزیوه. دیمانە لەگەڵ ژنان و پیاوانی 15 بۆ 49 ساڵان پیشان دەدا 38 لە سەدیان هێشتا بە ناوی ئایین، نەریت و کەلتوورەوە پشتیوانی لەم کردەوە دەکەن. ئەم ڕێژە بە ڕوونی پیشان دەدا کە بە شێوەی بەپەلە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و بەرنامەی وشیارکردنەوەی گشتی بۆ گۆڕانی ئەم ڕوانگانە پێویسته.
ڕێژەی ژنانی وتووێژ لەگەڵکراو
ئەگەرچی دەردەکەوێ کچانی نەوەی نوێ کەمتر پشتیوانی لە خەتەنە دەکەن و لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ئەم کردەوە ساڵ لە دوای ساڵ کەم بووەتەوه، ئەستەمە بتوانین بڵێین کە بە شێوەی گشتی خەتەنەی کچان لە ئێراندا بە خێرایی ڕووی لە دابەزینه. چەند فاکتەری گرینگ هۆکاری ئەم دابەزینەن کە بریتیین لە ئاشنابوون لەگەڵ دنیای مۆدێڕن، دەستپێڕاگەیشتنی باشتر بە پەروەردە و ڕاهێنان، هۆگرنەبوون بە ئایین لە لایەن گەنجەکانەوه؛ دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە ڕاگەیاندنەکان، جارجار بە هۆی تەکنەلۆژیای نوێ؛ و هەروەها کۆچکردن لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان (ڕێژەیەکی زۆر لە گوندنشینان لە شارەکانی نزیک گوندەکەی خۆیان ماڵی دووهەمیان هەیه). هەروەها هەندێجار خەتەنەچییە بەتەمەنەکان چیتر ناتوانن بە نیازی خەتەنەکردنی کچان سەفەری دەڤەرەکانی دەورووبەر بکەن و هەروەها نەوەی نوێش نەبوونەتە جێگرەوەیان.
لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەدا تەکنیکی توێژینەوەی هەمەجۆر بە کار هێنراوە (لە لێدوانەکاندا هەم سوود لە پرسیاری کراوە بینراوە و هەمیش لە پرسیاری داخراو). داتاکانیش بە هۆی ئاوێتەیەک لە شێوازە چەندیی و چۆنییەکان وەدەست هاتوون، چوونکە هەر کام لەم شێوازانە بە تەنها نەیاندەتوانی وێنەیەکی ورد لە بارودۆخە ڕاستەقینەکان بخەنە ڕوو. هەروەها لە هەوڵ بۆ بەراوردکردنی کاریگەریی دەستێوەردانێکی سادە بە مەبەستی باشتر کردن، دەرکەوت کە ئەم کارە کۆمەڵێ ڕەوتی ئاڵۆز لە خۆ دەگرێ کە بە یەک شێواز شیاوی ئەندازەگرتن نییه. شێوازە ئاوێتەییەکان لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی داتای ئاشکرا و شاراوەی وەدەستهاتوو لە شێوازی چۆنایەتی و هەروەها زانیاری ئاماریی وەدەستهاتوو لە شێوازە چەندایەتییەکان شیکارییەکی گشتگیر لە مەسەلەکە دەخاتە ڕوو (Bamberger, 2000).
گرووپ بۆ زانینی ئەوەی کە ئاخۆ لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش خەتەنەی کچان باوه، لە میانەی چالاکییە داتادۆزی و مەیدانییەکان بۆ بەڵگەگەلێک دەگەڕان کە پیشاندەری بوونی خەتەنەی کچان لە پارێزگاکانی دیکە بێ، واتە لە پارێزگاکانی دیکەی وەکوو ئیلام، لوڕستان، چوار مەحاڵ بەختیاری، کەهگیولە و بوویەر ئەحمەد، خووزستان، بووشێر، سیستان و بەلووچستان، گولستان، خۆراسانی باکووری، باشووری و ڕەزەوی، گێڵان و هەندێ ناوچەی ناوەندی ئێران وەکوو یەزد، سیمنان و فارس. توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە سەرباری بوونی حەشیمەتی سوننە مەزهەب لەم پارێزگایانه، لای ئەوان دیاردەی خەتەنەی کچان بەدی نەکرا.
ئەم توێژینەوە هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە لە سیستان و بەلووچستانیش کە بەشێکی زۆری حەشیمەتەکەی موسڵمانانی سوننە مەزهەبی حەنەفین (مەکتەبی حەنەفی یەکێک لە چوار ئایینزای فیقهی سوننەیە کە زیاترین شوێنکەوتەی لە خۆ گرتووه) پێک دێنن، ئاسەوارێک لە خەتەنەی کچان بوونی نییە و هەر بەم شێوە لە ناو کوردانی دوورخراوی خۆراسان و تورکەمەنە حەنەفییەکانی گولستان، یان لە ناو حەشیمەتی بچووکی تورکە شافێعی مەزهەبەکان لە ئەردەبیل و ئازەربایجانیش هیچ ئاسەوارێک لە سەر بوونی خەتەنەی کچان بەدی نەکرا. سەیر لەوەدایە لە دەڤەرە سوننە نشینەکانی ناوچەی لارستان لە پارێزگای فارس لە سنووری هورمزگانیش دیاردەی خەتەنەی کچان نەبینرا. دەبێ ئەوەش زیاد بکرێ کە هەندێ ناوچەی سوننەنشین لە پارێزگای هورمزگان وەکوو بەستەک و زۆر گوندی دیکە هەن، کە خەتەنەکردنی کچان لەوێ کەمە و ئەمە گەیەنەری ئەوەیە کە خەتەنەکردنی کچان لەم ناوچە لە چاو ناوچە باشووریترەکان و لە دووڕگەکانی ئەم پارێزگایەدا کەمتر باوه.
لە پارێزگای خووزستان و بووشێر نە لە ناو لوڕە شیعە مەزهەبەکان و نە لە ناو عەڕەبە ئەهلی سوننەکان هیچ حاڵەتێک لە خەتەنەی کچان بەدی نەکرا. ئەگەرچی لە ناوچە باشوورییەکانی خووزستان هەندێ بەڵگە سەبارەت بە بوونی خەتەنە لە ناو ژنانی بەتەمەن بینرا. لە پارێزگاکانی لوڕستان و چوار مەحاڵی بەختیاریش دیاردەی خەتەنە بەدی نەکرا. خەتەنەی ژنان لە ناو گرووپی ژنانی 50 ساڵە یان سەرتر لە ناو کوردانی شێعەی ئیلام و تەنیا لە سەر ئاستی چەند گوندی شاری مێهران لە نزیک پارێزگای کرماشان بینرا. توێژینەوەکەمان دەرخەری ئەوەیە کە لە ئێستادا کچانی کەمتەمەنی خەتەنەکراو لەم ناوچەدا بوونیان نییە و وێدەچێ نەریتی خەتەنەکردنی کچان لە ناو بەشی هەرە مەزنی گرووپی کوردە شێعەکان، هەم لە ئیلام و هەم لە کرماشان هەڵوەشابێتەوە.
ڕەوتی ڕوو لە دابەزینی خەتەنەی کچان لە ئێران
لە هەندێ لە ناوچەکاندا نەریتی خەتەنەی کچان زۆر دەبینرێ و لە هەندێ ناوچە (تەنانەت لە ناو گوندە دراوسێکانیشدا) وا نییه. ڕێژەی خەتەنەی کچان لە درێژەی دوو یان سێ نەوەی پێشتر دابەزینی بە خۆوە بینیوه. تێپەڕی کات و ژیانی مۆدێڕن، مردنی خەتەنەچییەکان و نەبوونی جێگرەوە بۆیان، هۆگرنەبوونی کچانی نەوەی گەنجتر بۆ خەتەنە کران، پەروەردە و ڕاهێنان، کاریگەریی ڕاگەیاندنەکان و هەروەها پشتیوانیی هەندێ لە زانایانی ئایینی ناوچەکە لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەم دابەزینەیه. لە ماوەی دەیەیەک توێژینەوه، هەم لەبەر ئەو هۆکارانەی کە ئێستا ڕۆشناییمان خستە سەری و هەمیش بە هۆی ڕاهێنان و کەمپەینە وشیارکردنەوەکانی ئەم پرۆژه، ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی خەتەنەی کچان کەم دەبێتەوه.
چارتی ژێرەوە ڕەوتی ڕوو لە دابەزینی خەتەنەکردنی کچان لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگاکانی هورمزگان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و کوردستان پیشان دەدات.
وەک پێشتریش وترا، ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان لە سەر ئاستی جیهان ڕووی لە دابەزینه؛ ئەم پرسە ڕەوتە شاراوەکانی ئێرانیش دەگرێتەوه. بۆیە پێیان دەڵێین ڕەوتی شاراوە چوونکە دنیا سەبارەت بەو پارێزگایانەی ئێران وا خەتەنەی کچانی تێدا ئەنجام دەدرێ هیچ زانیارییەکی نییه. لە ئێرانیش لە ناو دانیشتووانی ئەو پارێزگایانەی وا کچانی تێدا خەتەنە ناکرێ، کەم کەس لە ڕوودانی ئەم کردەوە لە ناوەوەی وڵات ئاگاداره. ئەم چارتە گۆڕانی بە خێراییەکی کەم لە ماوەی شەش ساڵ پیشان دەدا کە دەستپێکەکەی ساڵی 1388 لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایه. لە درێژەی ساڵی 1389 کاریگەریی شەپۆلی گۆڕانکاری لە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشانیش بینرا و دەتوانین دابەزینی ڕێژەی ئەنجامدانی ئەم کارە بەدی بکەین. لە پارێزگای هورمزگان، ئەو شوێنەی خەتەنەی کچان لەوێ لە ڕادەبەدەر باوه، تەنانەت هەتا کۆتایی ساڵی 1393 ڕێژەی ئەنجامدانی ئەم کردەوە لە هەندێ لە گوندەکان پتر لە 60 لە سەد بوو. لە حاڵێکدا هەر لەو قۆناغەدا ڕێژەی پەرەسەندنی ئەم کارە لە هەندێ لە گوندەکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا 21 لە سەد، کرماشان 18 لە سەد و کوردستان 16 لە سەد بوو. لەم چارتەدا ڕاشکاوانە دەردەکەوێ کە پرۆسەی گۆڕانکاری دەستی پێکردووە و ئەو ناوچانەی وا کچان خەتەنە دەکەن، کاردانەوەیان بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان پیشان داوە و گۆڕانکارییەکانیان قبووڵ کردووه.
لاوازی و هەستیاریی یاساکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران
بەو پێیەی کە کردەوەی خەتەنەی کچان پێشینەیەکی چەندین سەدەی هەیە و بە قووڵی لە کەلتوور و نۆڕمەکانی کۆمەڵگادا بنجی داکوتاوە پەسندکردنی کۆمەڵە یاسایەک کە خەتەنەی کچان بە تاوان بزانێ یان تەنانەت زیادکردنی مادەگەلێک بە یاسای سزا بۆ ڕێگری لەم کارە کارێکە کە جێبەجێ بوونی چەتوونه. بەو پێیەی کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست خەتەنەی کچان بابەتێکە کە دەچێتە ڕیزی نهێنییەکانەوە یان بە واتایەکی دیکە تابۆیە و بە شێوەی فەرمی دانی پێدا نانرێت، پەسندکردن و جێبەجێکردنی یاسا لە دژی شتێک کە بوونی بە فەرمی ناناسرێت، جێی باس نییه. بەو حاڵەشەوە هەندێ لە دەوڵەتەکان لە دژی خەتەنەی کچان هەندێ داپەڕیان ئەنجام داوه. بۆ وێنە ئێراقی فیدڕالی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان، یاسایەکی دەرکردووە کە بەتایبەتی هی هەرێمی کوردستانه؛ بەڵام هێشتا بە تەواوەتی نەچووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوه. لە میسریش ڕێژەی خەتەنەی کچان یەگجار زۆرە و لە دژی بکەرانی ئەم کارە داپەڕێکی ئەتۆ ئەنجام نەدراوه. بەو حاڵەشەوه، بزووتنەوەی ناسراو بە «بەهاری عەرەبی» دەرفەتی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە خەتەنەی کچان زیاتر بخرێتە بەر دیدەی گشتی. لە ئێران بە هۆی نەبوونی پاڵپشتیی دەوڵەتی و نەبوونی گرووپی نادەوڵەتی سیستماتیک خەبات لە دژی خەتەنەی کچان لەویش دژوارتره. ئێران هەتا هەنووکە ئامادە نەبووە کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردنی دژ بە ژنان واژۆ بکات. لە خولی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی، پارلەمان وەک پشتیوانیکردن لەم کۆنوانسیۆنە پرۆژە یاسایەکی پەسند کرد، بەڵام شۆڕای نگابان بە هۆی یەکنەگرتنی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام ڕەتی کردەوه.
لە یاسای ئێراندا بە شێوەی ڕاشکاو باسی خەتەنەی کچان نەهاتووە کەواتە دەتوانین بڵێین مافەکانی ئێران لە دژی خەتەنەکران پشتیوانی لە ژنان ناکات. بەوەشەوه، ئێران کۆمەڵێ یاسای هەیە کە وێدەچێ بە پێی ئەوان بتوانرێ بە شێوەی یاسایی بە دواداچوون بۆ کەمئەندامکردنی لەش بکرێ و سزای بۆ دیاری بکرێت. لێرەدا دەتوانین بۆ وێنە باس لە جاڕنامەکانی ماف و بەرپرسایەتییەکان ژنان بکەین کە مافی ژیان، یەکپارچەیی لەش، پشتیوانی لە ژنان لە هەمبەر قوربانی بوون، مافی تەندروستیی زەینی و جەستەیی و پشتیوانی لە ژنان لە هەمبەر توندوتیژییە خێزانییەکان لە خۆ دەگرێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆربەی ئەم یاسایانە بە شێوەی کەرتی و پەرتی جێبەجێ دەکرێن، ئەستەمە حاڵەتێک بدۆزینەوە کە سکاڵای قوربانیانی خەتەنە لە دادگادا بە ئەنجامێک گەیشتبێت. ئەمە ئەوە دەردەخا کە خەتەنەی کچان لە ماڵان لە لایەن ماما و خەتەنەچییەکان ئەنجام دەدرێ و پزیشکان و پسپۆڕان ئەنجامی نادەن (Alawi and Schwartz 2015). نەبوونی زانیاریی سەبارەت بە خەتەنەی کچان لە ئێران و نکۆڵی لێکرانی لە لایەن دەوڵەتەوە کاری بۆ ڕاکێشاندنی سەرنجی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پێڕاگەیشتن بەم پرسە ئەستەم کردووه.
ئێران هەندێ یاسای گشتی سەبارەت بە ڕێگری لە بڕینی ئەندامانی لەش لە یاسای سزای خۆیدا گونجاندووه. بە گوێرەی مادەکانی 479 و 663ـی یاسای سزا ئیسلامییەکانی کاتێک کۆئەندامی زاوزێی ژنان دەقرتێنرێ بۆیان هەیە داوای قیساس بکەن (ARC 2013, Kelly and Breslin 2010). کەسی ئەندامقرتاو هەروەها دەتوانێ پشت بە یاسای گشتیی پشتیوانی لە کەمئەندامان پەسندکراوی ساڵی 1383 و هەروەها کۆنوانسیۆنی جیهانیی مافەکانی کەمئەندامان کە لە ساڵی 1386 واژۆ کرا ببەستێت (CRC). هەروەها، ئێران کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵیشی واژۆ کردووە (CRC). بڕگەی دووی یاسای دووی ئەم کۆنواسیۆنانە دەڵێ “وڵاتانی لایەنگری کۆنوانسیۆن دەبێ هەموو داپەڕە پێویستەکان بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانیی لە منداڵ لە هەمبەر هەموو بێچمەکانی هەڵاواردن و تەمبێ بە پێی پێگه، چالاکی، دەربڕینی بیر و باوەڕ و یان بیر و باوەڕی دایک و باوک، سەرپەرشتی یاسایی و یان ئەندامانی بنەماڵەی منداڵ ئەنجام بدەن”. هەر بەم شێوه، مادەی 24 ئەم کۆنوانسیۆنە جەخت لە سەر تەندروستیی منداڵان دەکاتەوه، تەندروستییەک کە خەتەنەی کچان پێشێلی دەکات.
فاکتەرە دەستێوەردەرە سەرەکییەکان
کردەوەی خەتەنەی کچان لە ڕاستیدا بۆ کۆنتڕۆڵی وەفاداریی ژنان بێچمی گرت، بەتایبەت ئەو کاتەی کە پیاوان ناچارن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ماڵەوە دوور بن. بە باوەڕی سەلام وودوال ئەم پرسە پەیوەستە بە پەسندبوونی کۆمەڵایەتیی ژنان لە کۆبوونەوە و کۆمەڵگاکانیان. سەرەڕای ئەوەی زۆر جار ئەوە دەوڵەتەکان خۆیانن کە مافی هاووڵاتیان پێشێل دەکەن، بەدیهێنانی زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤ بە بێ پشتیوانیی دەوڵەتەکان نامومکینه. سەرەڕای ئەمه، هەر وەک ئەوەی باوبوونی خەتەنەی کچان لە ئێران و میسر پیشان دەدا، تەنانەت ئەو کاتەی وا دەوڵەت تێدەکۆشێ بۆ ئەم مەبەستە کارێک بکا، زۆر جار نۆڕم و کەلتوورە پیاوسالارییەکان دەبنە سەرکەوتووی یارییەکه، بەتایبەت کاتێ باس لە مافەکانی ژنان و منداڵان دەکرێت. بە پێچەوانەی داپەڕەکانی دەوڵەت بۆ ڕێگری لە خەتەنەی کچان و سەرباری زۆرێک لە فتواکان کە پیشاندەری قەدەغەبوونی ئەم کردەوە لە ئایینی ئیسلامه، خەتەنە کردنی کچان هێشتا هەر باوە (Abiad 2008). سیستەم و پێکهاتەی سیاسیش بارتەقای پیاوسالاری بەرپرسی ئەم کارەن. خەتەنەی کچان بە بێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی پیاوان ئەنجام دەدرێت. سەرەڕای ئەمە لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدەن هەندێ لە پیاوان لە ناوچە کوردنشینەکان و باشووری ئێران لە خەتەنەی کچان ئاگادارن.
ڕەنگە “ناپەیوەندی”ـی پیاوان بەم کردەوە دیکەی “پرسەکانی ژنان”ـیش بگرێتەوه. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە پیاوان سەبارەت بە لەشساغی و تەندروستی و دووگیانبوونی ژنان زانیارییان نییە؛ لە زۆرێک لە کۆمەڵگا توێژینەوە لە سەرکراوەکانی ئێمە ئەم پرسە وەک بابەتی ژنانە یان نهێنییانە سەیر دەکرا و پیاوان هیچ دەستێوەردانێکیان نەبوو (Momoh 2005). بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە وتادانی ئایینیی زانایانی ئایینی و پێشنوێژەکان کە باس لە سوودەکانی خەتەنەی کچان دەکەن و پێشنیار بۆ ئەنجامدانی دەدەن، کاریگەری لە سەر پیاوان دابنێت. ڕوانگەی هەندێ لە ژنان کە خۆیان قوربانی خەتەنەن، سەرنجڕاکێشه. بە ڕای ئەوان ئەو ئافرەتانەی کە خەتەنە نەکراون “ئافرەتی تەواو” نین. ئەوان خەتەنەکردنی کچان بە پێویست دەزانن کە دەبێ ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی ڕێز و پێگە بۆ ئافرەتان بە دیاری بێنێ و پاکداوێنی و ئابڕوویان بپارێزێت (Kelly and Breslin 2010).
ئەم ژنانە لە پرسی خەتەنەی کچان ناکۆڵنەوه، چوونکە بە نەریتێکی دێرینی دەزانن. خاڵی سەرەکی لێرەدایە کە خەتەنەی کچان لە تەمەنی زۆر کەمدا ئەنجام دەدرێ و قوربانیان تەمەنیان زۆر لەوە کەمترە کە لەم بارەوە بۆچوونیان دەرببڕن. هەتا ئەو کاتەی ژنان، کچەکانی خۆیان ئەسپاردەی تیغی خەتەنە دەکەن و ئەم کارە بۆ هاوسەرگیری بە پێویست لە قەڵەم دەدەن نەریتی خەتەنە هەمیشە برەوی دەبێت. سەرەڕای ئەوەی خەتەنەی کچان کارێکە کە لە بواری ژناندا ڕوو دەدا، بەڵام ناتوانین لەم نێوەندەدا دەوری پیاو بە هەند وەرنەگرین. هەندێ لە پیاوان لە پشت دەمامکی ئایین خۆیان حەشار داوە و هەر چەشنە هەوڵێک لە پێناو کۆتاییهێنان بە خەتەنەی کچان بە پیلانی ڕۆژاوا بۆ پەرەپێدانی داوێنپیسی و بەڕەڵایی ژنانی دەزانن.
جیا لەمه، خەتەنە لەوانەیە بۆریچەی منداڵاندان تەنگ بکاتەوە و چێژێکی زیاتری سێکسی بە پیاوان ببەخشێت؛ لە زۆربەی کۆمەڵگا مەحافزەکارەکاندا کە ئەم کردەوەی تێدا باوە پیاوان ئامادە نین لەگەڵ ئەو کچانە هاوسەرگیری بکەن کە خەتەنە نەکراون. هەندێ لە پیاوانی ئێرانی لەو ناوچانەی وا ئەم کردەوەی تێدا ئەنجام دەدرێ باوەڕیان وایە کە خەتەنەی کچان ئارەزووی سێکسیی کچان کۆنتڕۆڵ دەکا و دەڵێن کۆمەڵگاکەیان لە چاو کۆمەڵگا شێعەکانی فارس یان تورک زۆر پاکترە و گرفتی ئەخلاقییان کەمتره. گومانی زۆبەی پیاوانی سوننە مەزهەبی ئەو ناوچانەی کە توێژینەوەیان لە سەر ئەنجام درا ئەوە بوو کە ئەگەر ژنەکانیان خەتەنە نەکەن ناتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەو ڕفتارانەی کە هاوشێوەی ڕفتاری ژنانی شێعە یان ژنانی فیلم و بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکانە کە لە سەر بناغەی پەیوەندیی سێکسیین.
مامۆستای ئایینی دژبەری خەتەنەی کچان. گوندی گامبرۆن لە هورمزگان وێنە له
لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوەدا هەندێ لە پیاوان ئەم بابەتەیان لای ئێمە باس دەکرد کە لە ناوچەکانی دیکەی ئێران پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ ژنانی خەتەنە نەکراو بووه. ئەوان پێیان وایە سەرەڕای ئەوەی ڕەواڵەتی ئەندامی زاوزێی ژنانی خەتەنەکراو زۆر نەرمتر، بچووکتر و بۆ پیاوان چێژبەخشترە بەڵام سەرباری ئەمەش ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە ژنانی خەتەنەنەکراو بەر لە سێکس باشتر دەتوانن مێردەکانیان بورووژێنن. کۆمەڵێکی کەم لەو پیاوانەی وا وتووێژمان لەگەڵ کردن هیچ زانیارییەکیان لە سەر نەریتی خەتەنە نەبوو یان نەیاندەزانی کە هاوسەرەکانیان خەتەنە کراون یان نا. سەیر لەوەدایە کە کاتێک لە مەڕ مەترسییەکانی خەتەنەی کچان و کاریگەرییە نەرێنییەکەی لە سەر چێژی سێکسی قسەیان لەگەڵ کرا (بۆ وێنە ژنانی خەتەنە کراو لە هاوجێیەتی لەگەڵ مێردەکانیان چێژ نابینن چوونکە بەشێک لە میتکە یان هەر هەمووی میتکەکەیان بڕدراوە و لەبەر ئەمەش بە تەواوەتی ناورووژێن) زۆرێک لە پیاوان دانیان پێدا نا کە ئەم پرسەیان بۆ دەرکەوتووە و دەیانوت ژنەکانیان «تامەزرۆیی سێکسی»ـیان نەبووە یان گەرم نەبوون و «نەیاندەتوانی چێژ بە مێردەکانیان ببەخشن». هەندێ لە پیاوان دانیان بەوە دادەنا کە بۆ تێرکردنی ئارەزووی سێکسیی خۆیان هاوبەشی سێکسیی دیکەیان هەڵبژاردووە و یان ئافرەتێکی گەنجتریان لە خۆیان مارە کردووه. بەو زانیارییە نوێیانەی وا سەبارەت بە خەتەنەی کچان پێیان درا، کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێ کرا ئێستا بۆتان دەرکەوت کە خەتەنەی کچان تامەزرۆی سێکسییان کەم دەکاتەوە و بەم شێوە پەیوەندیی سێکسی بۆ پیاوانیش ناچێژبەخش دەکا، ئایا هێشتا ئامادەن کچەکانتان خەتەنە بکەن و ئایا قبووڵی ئەوە دەکەن کچەکانیشتان ئەم ئازارە بچێژن و تەنانەت ڕەنگە هاوشێوەی ژنەکانی خۆتان ببنە قوربانی ناپاکیی مێردەکانی خۆیان؟ هیچ وڵامێکیان پێ نەدەدراوە و ڕوویان وەردەگێڕا.
ڕێگەی داهاتوو: پێشنیارەکان
ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخا کە دەوڵەت لە خەباتی دژ بە خەتەنەی کچان ڕۆڵی سەرەکی هەیە. ئەوەی کە دەوڵەتی ئێران خەتەنەکردنی کچان بە نموونەیەک لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بزانێ، وا دەکا کە کۆمەڵانی خەڵک نەک تەنیا وەک کارێکی زیانبەخش سەیری بکەن و لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەتی بکەنەوه، بەڵکوو لە ڕووی یاساییەوە بە تاوان لە قەڵەمی بدەن. ئەگەر دەوڵەت دان بە بوونی خەتەنەی کچاندا بنێ هەنگاوی دوایی بریتییە لە بەرنامەیەکی کاریی کاریگەر. دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان دەبێ ئاراستەیەکی مافتەوەر بگرێتە بەر. داپەڕی پێویست لەم ڕێگەدا سازدانی وتووێژ و گفتگۆی سیاسی بۆ هاوئاهەنگ کردنی هەر چەشنە بەرنامەیەکی کردەیی لەگەڵ پەیماننامە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤه. باشتر وایە دەوڵەت بە ئەسپاردنی هەندێ بەرپرسایەتی و دەسەڵاتی چاودێری بە ڕێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان هەلی هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە خەتەنەی کچان بڕەخسێنێت. هەروەها هاوکاری کردن لەگەڵ دیکەی ئەو وڵاتانەی وا خەتەنەی کچانی تێدا باوە بەڵام ڕووی لە دابەزینە بۆ ئەم مەبەستە هاوکاری دەوڵەت دەکات.
دەوڵەت دەبێ هەوڵ بدا بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە کە بە مەبەستی پشتیوانی لە کچان و بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە خەتەنەی کچان، پێوەرەکانی خەبات لە دژی ئەم کردەوە لە بەرنامەی ڕاهێنان و پەروەردەی گشتی و تەندروستی و لەشساغیی نیشتمانیدا بگوونجێنێت. هەروەها پێویستە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا کە مافە بنیاتییەکانی ژنان و منداڵان خۆ دەگرێ واژۆ بکا، پەیماننامەگەلی وەک کۆنوانسیۆنی لابردنی هەموو بێچمەکانی هەڵاواردن لە دژی ژنان، کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان؛ پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە سیاسی و هاووڵاتییەکان؛ پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە کەلتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان؛ جاڕنامەی بەنجۆل و دیکەی کۆنواسیۆنە ئورووپایی و ئەمریکییەکان (Rahman and Toubia, 2000).
واژۆی ئەم پەیماننامە یەکەم هەنگاوە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، هەنگاوی دوایی دەتوانێ پێداچوونەوەیەک بێ بە یاسای نیشتمانی بۆ هاوئاراستەکردنی ئەم یاسایە لەگەڵ ئەم پەیماننامانه. دەبێ سەبارەت بە خەتەنەی کچان هەندێ یاسای نوێ جێبەجێ بکرێ و بۆ دابەزاندنیان بە مەبەستی پاراستنی یاسا بناغەییەکان هەندێ یاسا دەبێ پەسند بکرێت. هاوڕێ بوونی داپەڕەکانی دەوڵەت لەگەڵ چالاکییە جڤاکییەکان دەتوانێ دەستەبەریی کۆتاییهێنان بە خەتەنەی کچان لە ئێران بێت؛ پشتیوانیی بەرپرسانی دەوڵەتی لە هەوڵە ناوچەییەکان هەوێنی دڵگەرمی چالاکڤانان بۆ درێژەدان بەم ڕێبازەیه.
دەوڵەت دەبێ سەرنجێکی تایبەتی بپرژێنێتە سەر هەر چوار پارێزگای هورمزگان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و کوردستان. بۆ ئەم چوار پارێزگایە دەبێ بەرنامەی کردەیی تایبەت ڕەچاو بکا کە هاوکاریی پێویستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی پارێزگاییشی تێدا ڕەچاو کرا بێت.
وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و ڕاهێنان و ناوەند و ڕێکخراوە بەرپرسەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی وڵات بۆ وێنە ڕێکخراوی چاکژیانەوە (بێهزیستی) دەبێ بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی وا دەستیان بە شار ناگا یان کەمتر دەستیان پێ دەگا، سەرچاوەی تایبەت ئامادە بکەن. واتە چالاکیی خزمەتگوزاریی تەندروستی زیاتر قەتیس بکرێتەوە بە چارەسەری ئەو ژن و کچانەی کە خەتەنە دەکرێن؛ دانانی پیشەی بەدیل بۆ خەتەنەچییەکان لەگەڵ ڕاهێنانیان؛ و وشیارکردنەوەی خەڵک لە زیانەکانی ئەم کردەوە. بەرپرسانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی دەبێ بە هاوکاریی گرووپە گەڕۆکەکان لە ناو گرووپەکانی ئەنجامدەری خەتەنەی کچان دانیشتنی فێرکاری و دانیشتنی چاو بە چاو بەڕێوە ببەن و بۆ هەمووان بۆ وێنە زانایانی ئایینی کەمپەینی وشیارکردنەوە ساز بکەن. بەشی ڕاهێنان دەبێ بە مەبەستی سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ منداڵان دەستی بە باغچەی ساوایان و قۆتابخانەکان بگا بۆ ئەوەی زانیاریی پەیوەست بە تەندروستی و لەشساغییان پێ بدا و هەروەها کچانی خەتەنەکراو و دایک و باوکیان بناسێت.
پشتیوانیی دەوڵەت لەم پێناوەدا زەروورییە بەڵام جێبەجێکردنی یاساکان لە ناوچە کوردنشینەکان و باشووری وڵات کە لەوێ زانایانی ئایینی و پیاوان و ژنانی دەستڕۆیشتوو دەتوانن بە ناوی ئایین و کەلتوورەوە دەوری بزوێنەر ببینن، بووێرییەکی زۆری دەوێت. ڕێبەرانی ئایینی لە بەردەوامیەتی خەتەنەی کچان لە فاکتەرە هەرەکاریگەرەکانن. کەواتە دەبێ ڕازی بکرێن کە خەتەنەی کچان بایکۆت بکەن و بەم شێوە لە بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان هاوکاری کۆمەڵگاکەیان بکەن. دەستێوەردانە تاقیکارییەکان بۆ ڕێبەرانی ئایینی بەستێنێک دروست دەکا بۆ ئەوەی لە دژی ئەم نەریتانە قسە بکەن. ئەم چەشنە دەستێوەردانانە دەبێ درێژەیان هەبێ بۆ ئەوەی زانایانی ئایینی لە ڕێگەی دانووستانەوە ناچار بکرێن کە بە ڕاشکاو و ئەرخایەنانە بڵێن کە لە ئاییندا خەتەنەی کچان هیچ بناغە و بنەمایەکی نییه. ئەم کارە دەتوانێ لە چوارچێوەی کەمپەینێکی فەرمی ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی داپەڕەکان بە دروستی جێبەجێ بکرێن و بە فەرمی بناسرێن.
پتانسییەلسازیی گرووپە گەیێنەرەکانی خزمەتگوزاریی تەندروستیش زۆر گرینگن، بە جۆرێک کە ئەم گرووپانە بتوانن دەستیان بەو ژنانە بگا وا خۆیان دەستپێشخەریان نەکردووە و بە هۆی خەتەنەوە دەناڵێنن.
پرسەکانی پەیوەست بە خەتەنە بۆ ژنان تێکەڵ بە شەرم و خەجاڵەتییە و هەر لەبەر ئەمەش پێیان خۆشە بابەتەکە بشارنەوە. هەر بۆیە پزیشکانیش ناتوانن کێشەکەیان لێکی بدەنەوە و چارەسەری بکەن. هەر بۆیە پێویستمان بە کادرێکی ڕاهینراو لە پسپۆڕانی تەندروستی و لەشساغییە کە بتوانن کێشەکان بناسنەوە و چارەسەری بکەن. لە دەستێوەردانە تاقیکارییەکانمان، ئەم کارە لە لایەن گرووپی خزمەتگوزارییە تەندروستییە گەڕۆکەکان ئەنجامی دەدرا. ئەم چەشنە دەستێوەردانانە پێویستی بە دووپاتکردنەوە و سەرمایەگوزاری گونجاوه. دەوڵەت هەروەها دەبێ هەلومەرجەکە وەها دابین بکا کە سیاسەتەکانی تەندروستی و لەشساغی کۆئەندامی زاوزێ ژنانی قوربانی خەتەنەش بگرێتەوه.
ژنان و کچانی خەتەنەکراو لە چاو کەسانی خەتەنەنەکراو زیاتر لە بەردەم کێشەی دەروونیدان؛ ڕێژەی ئەم کێشە دەروونییانە وابەستە بە چەندین هۆکارە بۆ وێنە ڕادە و ڕێژەی برینی ئەندامی زاوزێ، بواری کەلتووری و لەو چەشنه. پێویستە لایەنە دەروونی و زیانبەخشەکانی خەتەنەی کچانیش تاوتوێ بکرێت. ناسینەوەی خەتەنەی کچان وەک پێشێلکارییەکی مافەکانی ژنان و منداڵان لە لایەن دەوڵەت و دیکەی بەرپرسانی فەرمی، یارمەتییەکی گەورە بۆ لێکۆڵینەوە لەم پرسانە دەدات. دەبێ بۆ پسپۆڕانی کاروباری پزیشکی، ڕاوێژکاران و یاریدەدەرانی گەنجان بەرنامەی ڕاهێنان ئامادە بکرێ بۆ ئەوەی گرینگی و جیدیبوونی مەسەلەکەیان بۆ دەربکەوێ و بتوانن بە شێوازێکی ورد و بە بێ هیچ پێشداوەرییەک لە لێکەوتە دەروونییەکانی خەتەنەی کچان بکۆڵنەوه.
ماوەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەندێ لە زیانەکانی سەر ژنان و کچانی خەتەنەکراو نەشتەرگەری خۆشکردنەوە بەدی هاتووه. لەم نەشتەرگەرییەدا شوێنی برینەکە دەکەنەوە و شانەی نوێ بە عەسەبی شانەی پێشوو دەلکێنن (Foldès, Cuzin, and Andro 2012). پێشنیار دەکرێ دەوڵەت لە ڕێگەی داپەڕی گونجاوەوە ئەم شێوە چارەسەرە لە ئێراندا بناسێنێ و بە کاری بێنێت. ئەم شێوازە دەبێ وەبەر بیمەی دەرمانیی دەوڵەتی بکەوێ بۆ ئەوەی قوربانیانی هەژار و نەداریش بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.
ڕاگەیاندنە خۆجێییە هاودڵەکانیش دەتوانن بە شێوەی گشتی چیرۆکی خەتەنەی کچان بگۆڕن. لە دەستێوەردانە تاقیکارییەکانیشدا ڕاگەیاندنەکان وەک ئامرازێکی گرینگ بۆ خەباتی دژ بە خەتەنەی کچان بە کار هێنران. گرینگیدانی ڕاگەیاندنەکان بە خەباتی خۆجێیی دژ بە خەتەنەی کچان زۆر قازانجداره، بۆ وێنە تۆڕە ئەنتەرنێتییەکان دەتوانن سەبارەت بە ئاسەوار و لێکەوتەکانی ئەم کارە گفتوگۆ لەگەڵ زانایانی ئایینی یان پسپۆڕانی پزیشکی بکەن.
پاش ئامادەکاری بەستێن پێویستمان بە کادرێکی ڕاهێنراوی گەنجانی خۆجێییە بۆ ئەوەی بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشدارییەکی کاریگەریان بۆ ئەم بابەتە هەبێت. ڕاگەیاندنە چاپەمەنییە نەریتییەکان دەبێ بۆ گرینگیدان بە پرسی خەتەنەی کچان هان بدرێن؛ لەم پێناوەدا دەوڵەت دەتوانێ پانتایەکی لەبار و گونجاو بۆ نووسەران دابین بکا بۆ ئەوەی بە بێنیگەرانی لە لێکەوتەکانی لەم بارەوە بدوێن. بۆ کۆتاییهێنان بە خەتەنەی کچان زۆر زەروورییه کە میدیاکان بە شێوەی گونجاو بابەتەکە ڕووماڵ بکەن. دەبێ لە ناو ڕاگەیاندنەکانیشدا پتانسییەلسازی بکرێ بۆ ئەوەی ئەو دڵنیاییە دروست بێ کە نووسەران لە نووسینی بابەتەکانیاندا لە سەر پرسە کەلتوورییەکان هەستیارن.
هەتا هەنووکە ئێران بۆ بەدواداچوونی پرسی خەتەنەی کچان بەرنامەیەکی توێژینەوەیی نیشتمانیی گشتگیری نەبووە. بۆ بێچمدان و ئاسانکاری بۆ دەستێوەردانی چالاکڤانانی ئەم مەیدانە پێویستمان بە سەرمایەگوزارییەکی نوێیه. ئەو لێکۆڵینەوانەی وا سەرمایەگوزارییان لە سەر کراوە دەبێ ئاسۆیەک بگرنە بەر کە پرسەکانی هاوپەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و ڕەگەزێتی تێدا ڕەچاو کرا بێت. بۆ زەقکردنەوەی ئەم پرسە، ئامادەکردنی ڕاپۆڕتێکی نیشتمانی سەبارەت بە خەتەنەی کچان کە بە هاوکاری ئۆڕگانە بەرپرسەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و چاودێرییە پزیشکییەکان ئەنجام درا بێ، ئامرازێکی کاریگەرە.
بەدەر لە گرینگایەتی یاسا و یاسادانان لەم بارەوه، پێشنیاری ئەم لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە بۆ ئەو ناوچانەی کە خەتەنەی کچانی تێدا باوە ئاراستەیەکی هاوبەشانە بگیرێتە بەر. بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژن و کچانەی وا خەتەنە کراون، پێویستە لە دەستێوەردانی چالاکڤانەکاندا هەستیارییە کەلتوورییەکان لە بەر چاو بگیرێ و هەر لە بەر ئەمەش، هاوکاری لەگەڵ دانیشتووانی ئەم کۆمەڵگایانە بەشێکی گرینگ لە هەوڵدان بۆ ڕێگری لە خەتەنەی کچانه. هاوکاری وەرگرتن لە کەسانی دەستڕۆیشتوو و ڕێبەرانی کۆمەڵگا، کە تەنانەت پیاوانیش دەگرێتەوە و پشتیوانی لە چالاکییە ناوکۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی گۆڕینی نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام گۆڕانکاری هەمیشەیی لێ دەکەوێتەوە (de Souza and communication, 2007; Shrestha et al., 2014.). بەدەر لەمانە بۆ ڕێگری لە نەریتێک کە هەم قوربانیانی سەرەکی و هەم تاوانبارەکان ژنان خۆیانن، بەشداریی چالاکڤانانی ژنی گەنج زۆر گرینگه.
دەبێ ئاستی پتانسییەلی ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان (NGO) و ڕێکخراوە پشتبەستوو بە کۆمەڵگا خۆجێییەکان (CBO) هەڵبکشێ بۆ ئەوەی ئەم گرووپانە بتوانن وەک فاکتەری گۆڕان بە شێوەی کاریگەر دەوری خۆیان ببینن. بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی خۆجێیی دەبێ بوودجەی نێودەوڵەتی تەرخان بکرێ و دەوڵەتیش دەبێ بۆ دانوستان لەگەڵ ئاژانسەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێشخەری بکات. هەروەها لقەکانیUNICEF وUNFPA جێگیرکراو لە ئێران، بۆ ئاگاداربوونەوە لە هەموو لایەنەکانی خەتەنەی کچان دەتوانن هاریکاری ڕێکخراوە خۆجێییەکان بکەن. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زانست و پسپۆڕیی پێویستیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچان هەیه، چوونکە بۆ نەهێشتنی ئەم کردەوە لە زۆربەی وڵاتانی ئەنجامدەری خەتەنەی کچان چالاکه. گرینگیی ئەمە لەوەدایە کە ئەم ڕێکخراوانە خۆجێیین و لە ناویاندا چالاکی دەکەن، کەواتە ئەوان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەبێ لەگەڵ گرووپێکی بەئەزموون و لێهاتوو ئیش بکەن.
ئەوەی تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە ئێراندا ئەستەم دەکا ئەوەیە کە خەتەنەکردنی کچان لە کۆمەڵگا سوننە مەزهەبەکاندا باوه. زۆر جار لە نێوان دەوڵەت و ناوچە سوننەنشینەکان متمانەیەکی ئەوتۆ بوونی نییه. ڕاپۆڕت و ئەنجامەکانی هەموو چالاکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان یان ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان، لەگەڵ پێشنیارەکانیان، ڕاستەوخۆ ڕادەستی دەوڵەت دەکرێن. کەواتە دەوری دەوڵەت لەم پرسانەدا زۆر دیاریکەرەوەیه. نەبوونی هاوکاری و متمانە کۆسپی بەر دەم پێکهاتنی کەمپەینێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەی کچانه. چالاکڤانانی ئەم ناوچانە و بەرپرسانی دەوڵەتی ئەرکی سەر شانیانە کە ئەم جیاوازییانە ڕوون بکەنەوە و هاوکاریی یەکتر بکەن. دەوڵەت دەبێ هەڵوەدای ڕێکارگەلێ بێ بۆ ئەوەی متمانە و خاترجەمیی کۆمەڵگا سوننەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ و بەم شێوه، ئەوانیش داپەڕەکانی دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە خەتەنەی کچان بەرز بنرخێنن.
دەوڵەتی ئێران ڕێژەیەکی زۆری پەیماننامە و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی واژۆ کردووە و ئەمە لە ئاست ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پابەندێتی و بەرپرسایەتیگەلێک بۆ خەڵکی ئێران بەدی دێنێت. هۆکاری نکۆڵیکردن لە بوونی خەتەنەی کچان لە وڵاتی ئێران لە لایەن دەوڵەتەوە ڕەنگە ئەمە بێ کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان و چاودێرەکانی مافەکانی مرۆڤ لەم بوارەدا ئیدانە نەکرێت. ئەم توێژینەوە کێشەی قەیراناوی خەتەنەی کچان زەق دەکاتەوە و داوا لە دەوڵەت دەکا کە دان بە بوونی خەتەنەی کچان لە ئێراندا بنێت. ئەم پرۆسە ئێستا بە خستنە ڕووی ئەم لێکۆڵینەوە لە دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە جوونی 2015 لە ژنێڤ دەستی پێکردووە.
سەبارەت به نووسەر
کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:
– ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛ Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)
– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Frankfurt و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛
– زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017 ؛
– ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛
– ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛
– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 1398ـی هەتاوی ڕوونوێنی کرا؛
– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری مندالان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.
توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت: www.kameelahmady.com
سەرچاوه کان :
Treaty obligations: a comparative study: BIICL.
Ahmady, Kameel. 2006. “FGM in Iran.”.
Alawi, Irfan, and Stephen Schwartz. 2015. “Title.” APril 18.
ARC, AUstralian Red Cross. 2013. “Iran COI Compilation.” Accessed April 8.
Bamberger, Michael. 2000. Integrating quantitative and qualitative research in development projects: World Bank Publications.
Bob, Clifford. 2011. The international struggle for new human rights: University of Pennsylvania Press.
Boyle, Elizabeth Heger. 2005. Female genital cutting: Cultural conflict in the global community: JHU Press.
Brown, Isaac Baker. 1866. On the curability of certain forms of insanity, epilepsy, catalepsy, and hysteria in females: Robert Hardwicke.
de Souza, R.T., and Purdue University. Communication. 2007. NGOs and Empowerment: Creating Communicative Spaces in the Realm of HIV/AIDS in India: Purdue University.
EndFGM. 2012. campaign, End FGM European campaign run by Amnesty International. Retrieved.
Favali, L., and R. Pateman. 2003. Blood, Land, and Sex: Legal and Political Pluralism in Eritrea: Indiana University Press.
Foldès, Pierre, Béatrice Cuzin, and Armelle Andro. 2012. “Reconstructive surgery after female genital mutilation: a prospective cohort study.” The Lancet 380 (9837):134-141.
Ghareeb, Edmund A, and Beth Dougherty. 2004. Historical dictionary of Iraq: Scarecrow Press.
Guiora, A. 2013. Freedom from Religion: Rights and National Security: Oxford University Press, USA.
Harris-Short, S. 2013. Aboriginal Child Welfare, Self-Government and the Rights of Indigenous Children: Protecting the Vulnerable Under International Law: Ashgate Publishing Limited.
Isiaka, B Tajudeen, and S Olabisi Yusuff. 2013. “Perception of Women on Female Genital Mutilations and implications for health communications in Lagos State, Nigeria.” American Academic & Scholarly Research Journal 5 (1):8.
Kelly, S., and J. Breslin. 2010. Women’s Rights in the Middle East and North Africa: Progress Amid Resistance: Rowman & Littlefield Publishers.
Lightfoot-Klein, Hanny. 1983. “Pharaonic circumcision of females in the Sudan.” Medicine and law 2 (4):353.
May, Tim. 2011. Social research: Issues, methods and process: McGraw-Hill Education (UK).
Momoh, C. 2005. Female Genital Mutilation: Radcliffe Pub.
Nyangweso, M. 2014. Female Genital Cutting in Industrialized Countries: Mutilation or Cultural Tradition?: ABC-CLIO.
Rahman, Anika, and Nahid Toubia. 2000. Female genital mutilation: A practical guide to worldwide laws & policies: Zed Books.
Shrestha, K.K., H.R. Ojha, P. McManus, A. Rubbo, and K.K. Dhote. 2014. Inclusive Urbanization: Rethinking Policy, Practice and Research in the Age of Climate Change: Taylor & Francis.
Slack, Alison T. 1988. “Female circumcision: A critical appraisal.” Human Rights Quarterly:437-486.
Tankwala, S. 2014. ARAB SPRING WOMEN’S NIGHTMARE: LULU Press.
Toubia, Nahid. 1995. “Female genital mutilation: a call for global action.”
UNICEF. 2013. “Female Genital Mutilation/Cutting: A statistical overview and exploration of the dynamics of change.” New York: UNICEF.
UNICEF. 2014. “Female Genital Mutilation & Cutting.” Last Modified Feb 2015 Accessed April 6.