لەسەر ئەو بابەتە مووشنگڕافیی سەرەوە ببینن؛ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و تەواوتر دەق و وتارەکانی دیکەی ئەم مالپەڕە بخوێننەوە.
لە دەق و بەڵگەنامە و بەرهەمە دێرینەکانی ئێراندا هیچ ئاسەوارێکمان نییە کە گوزارشت لە خەتەنەکردنی ژن و پیاو بکا و لە بەڵگە بەردەستەکانیشدا وا دەردەکەوێ کە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام خەتەنە لە ئێران ئەنجام نەدراوە و نەریتی خەتەنەکردنی ژنان و پیاوان لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ئێران برەوی سەندووە.
بە پێی فەرموودە و دەقە فیقهییەکان، خەتەنە واتە لابردنی هەموو یان بەشێکی ئەو پێستەی کە نووکی سیرەت (کڵاوە) دادەپۆشێت.
لە کۆمەڵگا نەریتخوازەکاندا ئەنجامدانی خەتەنە و بڕینی بەشی تایبەتیی جەستەی منداڵ بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ئامانجی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی منداڵ بۆ چوونە ناو قۆناغی گەورەساڵی ئەنجام دەدرا، بەڵام لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا کە هەر تاکێکی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ بە منداڵ دادەنرێ و هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە سەر جەستەی بە بێ تێوەگلان و ئیزنی منداڵەکە خۆی نە تەنها پێشێلکردنی مافەکانی منداڵە، بەڵکوو پەیامی دژە پەروەردەییشی هەیە، ئەم کارە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە.
توێژەران پێیان وایە ئاخێزگەی جوگرافیای خەتەنە دەوروبەری ڕووباری نیل لە میسری کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر.جگە لە بیر و باوەڕە ئیسلامییەکان کە وەک فاکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵی بنەڕەتی لە تەشەنەسەندنی خەتەنە لە ئێراندا هەیە، نابێ تایبەتمەندییە جوگرافی و ناوچەیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ بخرێن.
ئێران دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە درێژایی مێژوو هەمیشە پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ میسر کە ئاخێزگەی سەرەکیی خەتەنەیە، هەبووە. کەواتە هەر سێ فاکتەری ناوچەی جوگرافی، پەیوەندی لەگەڵ میسر و ئایینی ئیسلام بووەتە هۆی ئەوەی کە خەتەنە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو و نەریت و فەرهەنگی ئێراندا بەرهەم بهێنرێتەوە.