لەسەر ئەو بابەتە مووشنگڕافیی سەرەوە ببینن؛ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و تەواوتر دەق و وتارەکانی دیکەی ئەم مالپەڕە بخوێننەوە.
منداڵانی کار بەگشتی بەرهەمی پێکهاتەی ئابووری – کۆمەڵایەتیی ناکارامە و نادادپەروەرانەی ناو کۆمەڵگایەکن.
ئەم منداڵانە لە ژێر کاریگەریی هەژاریی ئابووریی خێزان، بەدسەرپەرشتی یان بێسەرپەرشتی وەکوو ئالوودەبوونی دایک و باوک بە مادە هۆشبەرەکان، نەخۆشی یان کەمئەندامیی دایک و باوک، زیندان، مردن یان لێکجیابوونەوەی دایک و باوک و کێشەی دیکەی خێزانی، ئەم منداڵانە ناچار دەکرێن کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان و مانەوەی خۆیان و سەرپەرشتیارەکانیان کاری قورس و پڕمشەقەت بکەن.
منداڵانی کار بە چوونی پێشوەختە بۆ ناو بەستێنە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن خانەوادە، تاقم یان گروپە سیستماتیکەکان دەچەوسێنرێنەوە و تووشی هەموو جۆرەکانی زێراندن و کەڵکاوەژۆیی دەبنەوە و ئەو توندوتیژی و دەستدرێژییانە بەئەزموون دەکەن کە کاریگەری لە سەر داهاتوویان دادەنێت.
بەم شێوە ئەو منداڵانەی کە وەک سامان و سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەبێ بنیاتنەری داهاتووی کۆمەڵگاکەیان بن، بە هۆی ناکارامەیی بەرپرسان و سیاسەتی هەڵەی ئابووری و نەبوونی پشتیوانیی پێویست تووشی هەموو جۆرە خەسارەتێکی دەروونی و جەستەیی و سێکسی دەبنەوە.
دوو بژێرەی گرینگ سەبارەت بە کاری منداڵان بریتییە لە: یەکەم جۆری کار، و پاشان لانیکەمی تەمەنی گونجاو بۆ ئەو کارە.
جۆری کارەکە بەو مانا دێ کە منداڵ سەرقاڵی چالاکییەکە کە پرۆسەی گەشە سروشتییەکەی تێک دەدا و تەمەنی گونجاو بۆ کار واتە منداڵ کارێک دەکا کە بە پێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە و بە زیانبەخش لە قەڵەم دەدرێت.
منداڵێک کە یەکێک لەم دوو بژێرە دەیگرێتەوە پێی دەوترێ منداڵی کار و کاری منداڵیش لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا پرسێکی ڕێکخراوە کە هۆکار و ڕەگ و ڕیشەی ئاڵۆزی هەیە کە لە ناوچە و فەرهەنگە جیاوازەکاندا کردوویەتی بە پرسێکی جیهانی.